درەو: پسپۆڕێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێت دۆخەكە بەرەو ئارام بوونەوە دەچێتو ئەگەر خۆپارێزی بكرێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆرۆنا كەمببێتەوەو دیار نەمێنێت . د. زانا حەمید پسپۆڕی بواری كۆرۆناو سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەیی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بە (درەو)ی راگەیاند: * دۆخی ئێستا لەچاو دوو هەفتەی رابردوو زۆر جیاوازە. * ئەگەر هاوڵاتیان خۆپارێزی بكەن دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت. * لە هەفتەی رابردوودا تێستەكانمان زۆرینەی پۆزەتیڤ بوون، بەڵام لەم هەفتەیەدا پڕ دابەزی بۆ نیوە. * بۆ نمونە یەك (RUN)ی پشكنین كە (94) سەمپڵ لەخۆدەگرێت، بە تێكڕا لە هەفتەی رابردوو (60 بۆ 80) پۆزەتیڤ هەبووە، بەڵام ئێستا لە كۆی (94) پشكنین بە تێكڕا (15 بۆ 35) پۆزەتیڤ هەیە، واتا توشبون بەرێژەی (50%) دابەزیوە. * بەشێكی زۆر لەو ماوەیە توش بوونو بەشێك لەوانەش كە لە نەخۆشخانە بوون، چاكبونەتەوە، ماوەتەوە توشبوی تازە، ئەوانەش ئەگەر خۆپارێزیەكە بەردەوام بێت، رەنگە لە كۆتایی ئەم مانگەو سەرەتای مانگی ئابدا بەتەواوی كۆرۆنا دیارنەمێنێت، بەمەرجێك نەچنەوە سەر ئەو دۆخەی كە پێش جەژن خەڵكی تێدابوو. * جاری یەكەم هەڵكشانێكی زۆر سادەو ساكارو بێزیان بوو، لە هەڵكشانی دووەمدا فشارێكی زۆر بەهێزو زیان زۆر بوو، جیاوازی نێوان ئەم دوو هەڵكشانە یەك شتە، بابەتی پابەندبوونی هاوڵاتیان و دڵنیابوونەوەیە لەو پشكنینانەی كە دەكرێن. * ئەگەر خۆپارێزی نەكرێت ئەوەی تۆشیش نەبووە توش دەبێت، ئەگەر خۆپارێزی بكرێت ڤایرەسەكە قەتیس دەكرێت لەوانەی كە توشبوون دواتر چاكبوونەوە، ڤایرەسەكە لەناویاندا نامێنێت. * یەكەمجار خەڵكی پابەندبوو بەرێژەیەكی زۆرو كەرەنتین هەبوو، بۆیە لەو قۆناغەدا ئەمانتوانی رووماڵی خەڵك بكەین بەبەكارهێنانی گروپكردنی سەمپڵەكان (Sample Pooling). * لەبەر ئەوەی چەند كەسێك بەبێ زانیاری بەبێ باگراوندی زانستی لە زانستی روماڵكردنی پەتاكان قسەیانكرد، گروپكردنی سامپڵەكان تەنیا لەیەك خاڵەتدا بەكاردێت تۆ لە دۆخی بەرگریكردندا بیت وەكو جاری یەكەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، ئێمە سەرچاوەی ڤایرۆسەكەمان نەدەزانی لە دۆخی بەرگریكردندا بوون دەمانویست پۆزەتیڤەكان بدۆزینەوە، شێوازی وەرگرتنی سەمپڵەكان بۆ روماڵكردن، بریتی بوو لە (پێنج، پێنج) ئەگەر ئەو پێنج سەمپڵە نەگەتیڤ بوایە ئەوا وازمان لێدەهێنا چونكە دەمانزانی زۆرینەیان نەگەتیڤە، بەڵام ئەگەر پۆزەتیڤ بوایە دووبارە هەر پێنجیانمان دانە بەدانە تێست دەكردەوە. * ئەو شێوازی گروپینە بۆ ئەو دۆخە زۆر كاریگەری پۆزەتیڤی هەبوو، بۆیە بەشی زۆری ئەوانەی كە توش بوون دەگەڕێتەوە بۆ گوێ پێنەدانی خەڵكی و ئەوانەی كە زانیارییان نەبوو لەسەر ڤایرەسەكەو بەراست و چەپدا قسەیان دەكرد بینیمان لە مانگی شەشدا دۆخەكە چی لێهات. * قۆناغی دووەم لە 15/5ەوە دەست پێدەكات لە ئێستادا دۆخی تاڕادەیەك هێوربوونەوەیە توشبوو ماوە، ژمارەی توشبوو و ژمارەی مردن كەمیكردووە. * ئەمجارەش لە كۆتایی ئەم مانگەدا ئەو دۆخەش كۆنترۆَڵ دەكرێتەوەو دەیكەینە دۆخی ژمارە سفر.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت شەقامی سەد مەتریی سلێمانی.. پرۆژەیەك كە لەماوەی حەوت ساڵدا دوجار مەراسیمی بۆ كراوەو بەردی بناغەی بۆ دانراوە، لە بەردی بناغەی یەكەمدا تێچووی هەر كیلۆمەترێك لە قۆناغی یەكەمی شەقامەكەدا بڕی (14 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بوو، ئێستا خەرجی یەك كیلۆمەتر كەمكراوەتەوە بۆ (12 ملیارو 500 ملیۆن) دینار، بەڵام سەرباری ئەمەش بە پێی قسەی سەرۆكی حكومەت بێت كە لە هەولێر بۆ هەر كیلۆمەترێكی شەقام بڕی (2 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار خەرجكراوە، هێشتا تێچووی دروستكردنی شەقام لە سلێمانی چوار هێندەی هەولێرە، شەقامی سەدمەتری سلێمانی لە حەوت ساڵی رابردوودا یەكێك لەو پرۆژانە بووە كە زۆرترین قسەوباسی لەسەركراوە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر شەقامی 120 مەتری تەواو كراوەو ئێستاش نیوەی كاركردن لە شەقامی 150 مەتری تەواوبووە، كۆتایهاتنی سەدمەترییەكەی سلێمانی بەهەموو پێوەرەكان دەكەوێتە كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمەوە. یەكەمین بەردی بناغە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2011دا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بەڵام دوای دوو ساڵو لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی 2013دا یەكەمین بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمەوە دانرا. بەپێی قسەی (بەهرۆز محەمەد ساڵح) كە ئەوكات پارێزگاری سلێمانی بووە، ساڵی 2013 كوالیتی پرۆژەكە بەمشێوەیە بووە: • پرۆژەی شەقامی 100 مەتری پێكهاتووە لە رێگەیەكی دوو سایدی خێرا. • هەر سایدێك پێكهاتووە لە چوار هێڵی ئۆتۆمبێل، سەرباری هێڵی وەستان. • پرۆژەكە كراوە بە سێ قۆناغەوە، قۆناغی یەكەم درێژییەكەی 33 كیلۆمەترەو 8 یەكتر بڕی تێدایە 60 ئاوبڕی سندوقیو چەندین بڕگەی تەواوكاری لە خۆی دەگرێت. • ئەم قۆناغە لە تاسلوجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بازگەی عەربەتو بەگرنگترین بەشی پرۆژەكە دادەنرێت. • بەشی دووەمی پرۆژەكە لە تاسلوجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ تونێلی پێشرەو. • بەشی سێیەم لە تونێلی پێشڕەوەو بۆ بازگەی عەربەت درێژ دەبێتەوە. • جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامی سەد مەتری ماوەی 36 مانگی تەقویمی بۆ دانراوە. • قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە بە گوژمەی 469 ملیارد دینار جێ بەجێ دەكرێت. • كۆمپانیاكانی (كور)و (ئلیتبای)و (ئینتاشی) توركی پرۆژەكە جێبەجێ دەكەن. • ئەم پرۆژەیە چارەسەرێكی هەمیشەیە بۆ كەمكردنەوەی كێشەی هاتوچۆو رەنگە بۆ 50 ساڵی ئایندە بتوانێت كێشەی هاتوچۆ لە سلێمانیدا كەم بكاتەوە. • ئەو كۆمپانیا توركیانەی كە پرۆژەكە جێبەجێ دەكەن پرۆژەی تریان بەشێوەیەكی سەركەوتوو لە سلێمانی جێ بەجێ كردووە. دووەمین بەردی بناغە دوای نزیكەی (7 ساڵ) ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكرا، ئەمڕۆ جارێكی تر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتە سلێمانیو لە مەراسیمێكدا بۆ جاری دووەم بەردی بناغەی پرۆژەكەی دانایەوە. بەپێی قسەی ساسان عەونی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار، پرۆژەكە ئێستا بەمشێوەیە جێبەجێ دەكرێت: • ئەم پرۆژەیە تاوەكو (20) ساڵی دیكە كێشەی جەنجاڵیی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی چارەسەر دەكات. • پرۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە كە لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە. • لەكاتی تەواوبوونی هەموو پرۆژەكەدا، شەقامەكانی 60 مەتریو 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوەو رووپۆشی رووبەری 472 كیلۆمەتر دووجا دەكات. • درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە. • پرۆژەكە لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو درێژبوەتەوە. • پرۆژەكە لە (100 مەتری)یەوە دەستپێدەكات لە كۆتاییەكەیدا دەبێتە (40 مەتری)ی. • پرۆژەكە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە كە لە 32 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕو شەش ئاوبەری سندوقیی تێدایەو بەپێی ستانداردی جیهانیی دروستدەكرێت. • پرۆژەكە لەسەر بودجەی حكومەت جێبەجێ دەكرێتو تەنیا بۆ قۆناغی یەكەمی بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ تەرخان كراوە. جیاوازی بەردی یەكەمو بەردی دووەم بەردی یەكەمی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی كە ساڵی 2013 دانرا، بودجەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە واتە ئەو رێگایەی كە لە تاسلوجەوە بۆ نزیك بازگەی عەربەت دروستدەكرا (469 ملیار) دینار بوو، بەڵام تێچووی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە بەردی دووەم بناغەدا كەمكراوەتەوە بۆ (400 ملیار) دینار، واتە بڕی (69 ملیار) دیناری لێبڕاوە، بەم پێیە خەرجی هەر كیلۆمەترێك لە شەقامەكە لە (14 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (12 ملیارو 500 ملیۆن) دینار. رۆژی 27ی كانونی دووەمی ئەمساڵ كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لەو كۆبونەوەیەدا بوو كە بڕیاردرا پێداچوونەوە بە گوژمەی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانیدا بكرێت. بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت كە رۆژی 2ی شوباتی ئەمساڵ بڵاوكرایەوە، مەسرور بارزانی وتویەتی:" ناكرێت لە هەولێر بۆ كیلۆمەترێك شەقام (دوو ملیۆنو نیو) دۆلار تەرخان كراوە، بەڵام لە شەقامی سەدمەتری سلێمانیدا بۆ كیلۆمەترێك (9 ملیۆن) دۆلار تەرخان بكرێت". گوژمەی نوێی قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی پرۆژەی سەدمەتری سلێمانی كە درێژەكەی (32 كیلۆمەتر)ە، بۆ هەر كیلۆمەترێك بڕی (10 ملیۆنو 400 هەزار) دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، واتە سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم كۆی گشتی گوژەمەكەی پرۆژەكەی كەمكردوەتەوە، بەڵام بەبەراورد بە قسەكەی مەسرور بارزانی كە پێشتر (9 ملیۆن) دۆلاری بۆ هەر كیلۆمەترێك بەزۆر زانیوە، بڕی پارەكە زیادكراوەو كەمنەكراوەتەوە. پانی شەقامەكە بەپێی ئەوەی ئێستا جێبەجێ دەكرێت لە هەموو قۆناغەكاندا (100) مەتر نییەو بەگوێرەی قسەی وەزیری شارەوانی لە كۆتایی پرۆژەكەدا پانی شەقامەكە دەبێت بە (40 مەتر). لە بەردی یەكەمی بناغەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی كابینەی پێشووی حكومەتەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن، بڕیاربوو سێ كۆمپانیای توركی بەناوەكانی (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام لەبەردی دووەمی بناغەدا پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای (قەیوان) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە، ئێستا هاوشێوەی كابینەی پێشوو، حكومەت توشی قەیرانی دارایی بووە، كۆمپانیای قەیوان بە قەرز پرۆژەكە بۆ حكومەت جێبەجێ دەكات. ئەلەند مەحوی بەرپرسی راگەیاندنی كۆمپانیای قەیوان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمپانیای قەیوان وەكو دەستپێشخەرییەك بڕیاریدا بەبێ وەرگرتنی پارەی پێشەكی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، دەست بەكارەكانی بكات، قەیوان تاوەكو بڕی (100 ملیار) دینار لە پرۆژەكەدا خەرجدەكاتو دوای ئەوە حكومەت مانگانە سولفەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەی بۆ خەرج دەكات. لە بەردی یەكەمی پرۆژەكەدا بڕیار بوو تەنیا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە لە تاسلوجەوە دەستی پێدەكرد بۆ بازگەی سلێمانی- عەربەت، بەماوەی (36) مانگ واتە (سێ ساڵ) تەواو بكرێت، لە بەردی بناغەی دووەمیشدا ئەم كاتە وەكو خۆی ماوەتەوەو گۆڕانكاری تێدا نەكراوە، بەم پێیە بێت قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە كۆتایی تەمەنی ئەم كابینەی حكومەتدا تەواو دەبێتو چارەنوسی قۆناغی دووەمو سێیەمی پرۆژەكە دەكەوێتە سەردەمی كابینەكانی داهاتوو. لەبەردی بناغەی یەكەمدا پرۆژەكە ناوی لێنرابوو "شەقامی سەدمەتری سلێمانی"، بەڵام لە بەردی بناغەی دووەمدا ناوی پرۆژەكە گۆڕدراوە بۆ "شاڕێی بابان"، ئەم ناوە لەسەر پێشنیازی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دانراوەو وەكو ئاماژەیەكە بۆ رۆڵی "میرنشینی بابان".
(درەو): بەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق بەهاوكاری هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەسنوری پارێزگای دیالەو ناوچە سنورییەكان لەگەڵ ئێران دەستپێكرد. فەریق روكن عەبدولئەمیر كامیل شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سەربە سوپای عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: • پرۆسەی كێوماڵكردنەكە زیاتر لە (17 هەزار) كیلۆمەتر چوارگۆشە لەناوچەی هێڵی جیاكەرەوەی نێوان هێزە فیدراڵییەكانو هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە. • ئۆپراسیۆنەكە ناوی لێنراوە "پاڵەوانانی عێراق- قۆناغی چوارەم"و ئامانج لێی، لێدانی چەكدارانی "داعش"و سەپاندنی ئارامیو سەقامگیرییە لە پارێزگای دیالەو خاوێنكردنەوەو پشكنینی هێڵی سنورییە لەگەڵ ئێران لەناوچەكە. • هەڵمەتەكە، ئۆپراسیۆنی تایبەتی چونەناوەوە بۆ ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت كە كەوتونەتە نێوان هێزە فیدراڵییەكانو هێزەكانی پێشمەرگەو چەكدارانی "داعش" ئەو بۆشایەیان قۆستوەتەوەو لەوێوە كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن. • ئەم ئۆپراسیۆنە بەبەشداری هێزەكانی سوپاو پۆلیسی فیدراڵیو حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئاسمانی فڕۆكە عێراقییەكانو فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێكردووە. • هێزەكانی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان (یەكێتی) بەشدارن لە ئۆپراسیۆنەكەداو لەساڵی 2017وە ئەمە یەكەمین ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپای عێراقو هێزەكانی هەرێمی كوردستانە. زیاتر لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەوە ساڵی 2017 دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی سوپای عێراقو حەشدی شەعبی هێرشیان هێنا بۆسەر ئەو ناوچانەی كە لەدوای دەستپێكردنی شەڕی "داعش"ەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كۆنترۆڵیان كردبوو، ئەم رووداوە ناوی لێنرا "رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر" هێزی پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین لەو ناوچانە كشایەوەو لەشوێنی ئەوان هێزەكانی سوپای عێراقو حەشدی شەعبی جێگیربوون. لەوكاتەوە تائێستا ناوچەیەكی بەرفراوانی نێوان سوپای عێراقو هێزی پێشمەرگە بە بەتاڵی ماوەتەوەو هیچ هێزێكی سەربازی تێدا نییە، قوڵایی ئەم ناوچانە لە پارێزگاكانی دیالەو كەركوكو نەینەوا لە هەندێك شوێن دەگەیشتە (10) كیلۆمەتر، چەكدارانی "داعش" ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستەوەو بەمدواییە لەو ناوچانەوە چەند جوڵەیەكی چەكدارییان كرد. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق خۆی راستەوخۆ هاتوەتە ناوچەكەو سەرپەرەشتی ئۆپراسیۆنەكە دەكات، كازمی ئەمڕۆ رێڕەوی سنوری مەندەڵی لەگەڵ ئێران كردەوەو رایگەیاند، هاتنی بۆ سنورەكە پەیامێكە بۆ گەندەڵكاران. كازمی بەمدواییە چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ رێكخستنەوەی دەروازە سنورییەكانو زیادكردنی داهاتە ناوخۆییەكانی عێراق، ئەو بە پلەی یەكەم دەیەوێت دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو دەروازە سنورییەكان ببڕێت. قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق" مانگی شوباتی رابردوو بەڕێوەچوو بۆ لێدانی چەكدارانی "داعش" لەناوچەكانی نێوان پارێزگای كەركوكو سەلاحەدینو دیالە كە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناسراوە. قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنەكە كە ئەمڕۆ دەستیپێكرد، دوای ئەو گفتوگۆیانە دێت كە بەمدواییە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراقو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو بۆ دروستكردنی چەند ناوەندێكی هەماهەنگی هاوبەش لەناوچەكە. ساڵی 2017 عێراق بەهاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر رێكخراوی "داعش" راگەیاند كە لە ساڵی 2014وە دەستی بەسەر روبەری یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرتبوو، بەڵام هێشتا شانە چەكدارەكانی رێكخراوەكە لەناونەچوونو هەندێكجار هێرش ئەنجام دەدەن.
(درەو): شێخ نەهرۆ كەسنەزایی رێبەری نوێی تەریقەتی قادری، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست كاری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریكا كردووەو لەڕێگەی دروێشەكانییەوە چەندین زانیاری دەگمەنی داوە بە ئەمریكا، ئەمریكییەكان ژمارەی نهێنییان لەناو دەزگای هەواڵگری بۆ داناوەو مانگانەش پارەیان پێداوە. نامەكەی شێخ بۆ جۆن بۆڵتن شێخ نەهرۆ كەسنەزانی كە دوێنێ لە شوێنی كۆچكردووی باوكی (شێخ محەمەد كەسنەزانیی) وەكو رێبەری نوێی تەریقەتی قادری بەیعەتی پێدرا، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی كە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بڵاوبوەتەوە، نامەی بۆ جۆن بۆلتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نوسیوە. لەو نامانەدا شێخ نەهرۆ داوای لە بەرپرسانی ئەمریكی كردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو كەسو لایەنانەدا بەهێز بكەن كە دەیانەوێت رژێمی ئێران بروخێنن، باسی لە بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیانو ئەمریكییەكان كردووە لە لاوازكردنی رژێمی ئاخوندی ئێرانو كۆتایهێنان بە هەژمونی. شێخ لە هۆتێلەكەی ترەمپ واشنتۆن پۆست باسی لەوەكردووە، دوای چوار مانگ لە ناردنی ئەو نامانە، شێخ نەهرۆ چوەتە هۆتێلەكەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆنی پایتەخت كە ناوی هۆتێل "ئینتەرنەشناڵ"ە، ماوەی (26) شەو لە نهۆمی هەشتەمی ئەو هۆتێلە ماوەتەوە، رۆژنامەكە وای خەمڵاندووە خەرجی ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە دەیان هەزار دۆلار بوبێت. نوسەرانی راپۆرتەكە باسیان لەوەكردووە، مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەو هۆتێلە گرانبەهایانەدا كەمجار رودەدات، رۆژنامەكە لەو ماوەیەدا لیستی ئەو كەسانەی دەستكەوتووە كە سەردانی هۆتێلەكەیان كردووە، دەڵێ ماوەی مانەوەكەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەهەموو میوانەكانی تر زیاتر بووە. وشنتۆن پۆست نوسیویەتی، شێخ نەهرۆ كە تەمەنی (50) ساڵە، لە كۆشكێكدا لە ئوردن دەژی كە بە زێڕ رازێندراوەتەوەو خزمەتكاری هەیە، بە پەیامنێرەكەیانی لە عەممان راگەیاندووە:" زۆرجار لە هۆتێلی Hay-Adams دەمێنێتەوە، بەڵام بەمدواییە ناوبانگی هۆتێلە نوێییەكەی ترەمپی لە واشنتۆن بیستووەو لەو باوەڕەدا بووە كە شوێنێكی باشە بۆ مانەوە". شێخ نەهرۆ رەتیكردوەتەوە سەردانەكەی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ بەمەبەستی دروستكردنی لۆبی بێتو وتویەتی ئەو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی جونز هۆبكنز سەردانی واشنتۆنی كردووە، بەڵام رۆژنامەكە دەڵێ لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی دیداری كردووە بە ئامانجی بازرگانیو چەندین كۆمپانیا نوێی دروستكردووە. واشنتۆن پۆست وتویەتی:" هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بووە بە شوێنی كۆبونەوەی سیاسەتمەدارانی سەربە پارتی كۆمارییەكانو ئەو كەسانەی كە كاری حكومییان هەیە، بۆ خەڵكانی بیانیو ئەوانەی كە خاوەن هەژموننو دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریكا كاربكەن، بووە بە باشترین وێستگەی مانەوە، خەڵكانی دورخراوەو سەركردە سیاسییە بیانییەكان كە ناتوانن لەرێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە دەستیان بە ئیدارەی ترەمپ بگات بەمەبەستی لۆبیكردن، لە هۆتێلەكەی ترەمپ دەنیشنەوە"، لەم بوارەشدا نمونەی بە لۆبیكردنێكی سعودیە هێناوەتەوە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ئەوەش لەرێگەی بەكرێگرتنی (500) ژور لە هۆتێلەكەی ترەمپ. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات، بەر لە چەند هەفتەیەك لە گەیشتنی شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ، سەرۆك وەزیرانی دورخراوەی تایلەندو هاوسەرەكەی شەوێك ماونەتەوە، چەند هەفتەیەك دواتریش رێپۆرتەرێك كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نێچیریای لە هۆتێلەكە بینیوە كە بۆ مەبەستی لۆبیكردن هاتووە، بەڵام كەس وەكو شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لە هۆتێلەكە نەمایەوە كە رێبەری موسوڵمانە سۆفییەكانەو خۆی دەڵێت بەر لە جەنگی ئەمریكاو عێراق لە ساڵی 2003 وەكو هاواڵدەر خزمەتی بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) كردووە. ئینتیفاز قەنبەر وتەبێژو یاریدەدەری شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی كە بەبەردەوامی لە هۆتێلەكە لەگەڵ شێخ نەهرۆ بووە وتویەتی: لەناو هۆتێلەكە زۆرێك لە باڵیۆزو خەڵكانی گرنگیان بینیوە، بەڵام قسەیان لەگەڵ نەكردوونو تەنیا بینویانن". بەپێی قسەی رۆژنامە ئەمریكییەكە، توانای ترەمپ بۆ سودوەرگرتن لە خەڵكانی بیانی بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكی وڵاتە، رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، رێكخراوی ترەمپ روبەڕووی سكاڵای یاسایی بوەتەوە، ئەندامانی پارتی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس دۆسیەیەكیان بەرزكردوەتەوەو دەڵێن ئەو كارانەی كە حكومەتە بیانییەكان بۆ ترەمپی دەكەن بەندی تایبەت بە وەرگرتنی دیاریو بەخشیش پێشیڵ دەكات كە لە دەستوردا هاتووەو وەرگرتنی پارەی لە حكومەتە بیانییەكان قەدەغەكردووە. ئەو كۆمپانیایەی كە هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بەڕێوەدەبات، رەتیكردوەتەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بداتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لەبەرامبەر ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە چەندێك پارەی داوە یاخود ئایا كەس لە كۆشی سپی ئاگاداركراوە لەوەی شێخ ئەو ماوە زۆرە لە هۆتێلەكە ماوەتەوە. كۆشی سپیو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش بەهەمان شێوە رەتیانكردوەتەوە ئاگاداری سەردانەكەی شێخ نەهرۆ بن بۆ هۆتێلەكەی ترەمپو وتویانە ئاگاداری ئەوە نین هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەنێوان كارمەندەكانیانو شێخ نەهرۆدا كرابێت، بەڵام نەیانتوانیوە رەتی بكەنەوە بەشێوەی نافەرمی كۆبونەوە كرابێت. شێخو ئەجێندا سیاسییەكەی رۆژنامەكە نوسیویەتی: شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی ئەجێندایەتی سیاسی هەیەو بانگەشەی روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان ئەمریكاو ئێران دەكاتو دەڵێ دەیەوێت یارمەتی ئەمریكا بدات بۆ رزگاربوونی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندا، خۆشی وەكو كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی عێراق وێنا دەكات. بەگوێرەی راپۆرتەكەی واشنتۆن پۆست، شێخ نەهرۆ لە ئەمریكا بەمدواییانە ژمارەیەك كۆمپانیای بواری سكیوریتی تایبەتو خزمەتگوزاری بواری بیرەنەوتەكان تۆماركردووەو دەڵێ سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا بازرگانی بكات. شێخ نەهرۆ رۆژی 30 نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو چوەتە هۆتێلەكەی ترەمپ، واتە رۆژێك دوای ئەوەی براكەی كە وەزیری بازرگانی عێراق بوو تۆمەتباركرا بە گەندەڵیو بێ ئامادەبوونی خۆی حوكمی حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو. رۆژنامە ئەمریكییەكە نوسیویەتی خەرجی شەوێك مانەوە لە هۆتێلەكەی ترەمپ لەنێوان (هەزار بۆ 2 هەزار) دۆلاردایە، بەڵام لە هۆتێل Hay-Adams شەوانە نرخ بە (840 بۆ هەزارو 840) دۆلارە. شێخ نەهرۆ وتویەتی لەو ماوەیەی لەواشنتۆن بووە لە دەرەوەی هۆتێلەكە چاوی بە ژمارەیەك شارەزایانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەوتووە یەكێك لەوانە عەقید (عەباس دهۆك) بووە كە بەمدواییە بووە بە راویژكاری سەربازیی لە نوسینگەی خۆرهەڵاتی دوری وەزارەتی دەرەوەو پێشتر پاشكۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە سعودیە. عەقید عەباس دهۆك وتویەتی: شێخ نەهرۆ دەیەوێت لە واشنتۆن باسی عێراق بكاتو گوزارشت حەقیقەتی دەسەڵات لەوێ بكات. شێخ لەگەڵ CIA واشنتۆن پۆست دەڵێ، شێخ نەهرۆو براكانی لەسەردەمی رژێمی سەددامدا دەستگیركراون، بۆیە بەر لە روخانی رژێم لە 2003دا پەنایان بۆ ئەمریكییەكان بردووەو یارمەتی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكایان داوە، بەردەوام چاویان بەو بەرپرسانەی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دەكەوێت كە لە بنكەیەكی بچوك لە كوردستانی عێراق كاردەكەن، لەناو تۆڕە سۆفییەكەیاندا دەیان كەسیان كردووە بە هەواڵدەر كە لەناو دەزگا سەربازیو هەواڵگرییەكانی سەددامدا كاریان كردووە، بەپێی كتێبێك كە (بۆب وودوارد) نوسیویەتی، ئەو زانیارییانەی كە دوو برا كەسنەزانییەكەو تۆڕەكەیان بە هەواڵگری ئەمریكایان داوە "زانیاری زۆر دەگمەنو سەرەنجڕاكێش" بوون، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا ژمارەی نهێنی "ROCKSTARS" بۆ داناون. بەپێی ئەوەی رۆژنامەكە لەزاری شێخ نەهرۆوە بڵاویكردوەتەوە، لەبەرامبەر ئەو كارانەی كە بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریكایان كردووە، ئەمریكا مانگانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری پێداون. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە رۆژنامەی " The Post" بڵاویكردوەتەوە، دوای شەڕی عێراق، شێخ نەهرۆ تۆڕەكەی كردووە بە كۆمپانیایەكی ئەمنی تایبەتو كۆمپانیای پارێزگاریكردن لە دامەزراوە عێراقییەكانو گرێبەستی پاراستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو دامەزراوە نەوتییەكانی بەدەستهێناوە. شێخ نەهرۆ خۆی وەكو كاندیدێكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەخاتەڕوو باسلەوە دەكات سۆفیەكان لە سوننەو شیعە پێكدێنو ئەمە بە ئەلتەرناتیڤێكی ئاشتیانە لەبەرامبەر فراوانخوازی ئێران لەلایەكو توندڕەوی قاعیدە لەلایەكی تر ناودەبات.
ئامادەكردنی: یاسین تەها ڕەنگه ئهو كهسایهتییه ئیسلامیانهی کە هاوشێوەی شێخ عهبدولقادری گهیلانین لە دنیای ئیسلامدا نەگەنە پهنجهكانی یەک دەست، ئەم شێخە عارفە له یهك كاتدا رێبهری یهكێک له گهورهترین تهریقهتهكانی تهسهوف و دهروێشێتییە بەناوی ”قادریی“، لهههمان كاتیشدا جێگه ستایشی سهلهفییه حهنبهلییهكانی ڕكابهر و نهیاری ئهم رێچكهیه و ئەوەندە بەسە کە ئیبن تەیمیەی حەڕانی (1263ز مردووە) ستایش و بەرگریی لێکردووە. بهپێی زۆربهی بۆچوونه مێژووییهكان شێخی گهیلانی له ئێران و دروست له دهوروبهری ڕۆخی دهریای قهزوینهوه دابهزیوهته بهغدای پایتەختی عەباسییەکان كهچی ڕەچهڵهكی ئەو گرێدراوە به ئال و بهیتی پێغەمبەر و جگه لهوهی بووه به ”قوتبی بهغدا“ مورید و شوێنكهوتهكانی سنووری دەستکرد ناناسن و له هیند و پاكستانهوه تا ئهوپهڕی باكوری ئهفهریقا پهرش و بڵاون. ڕەچهڵهكی شێخ عهبدولقادر وهك ههر كهسایهتییهكیتری ناوداری سهده ناوهنجییهكانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی لهسهر ڕەچهڵهك و نیشتمانی عهبدولقادری گهیلانی ههیه، بهڵام سهرجهمیان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە سەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنهوه بۆ سەر ئیمام عهلی کوڕی ئەبوتالیب لهگهڵ جیاوازییان لهسهر ئهوهی ئایا ئهم "سهید" بوونه له رێگهی حهسهنهوهیه یان حوسێن كه كوڕانی فاتمهی كچهی پێغهمبهری ئیسلامن. ڕەنگه بهشێكی زۆری ئهم ناڕونییهش بگهڕێتهوه بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گهیلانی به ڕەچهڵهك و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار و سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی خەتیبی بەغدادی نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە و لەهەندێ کاتیشدا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە. هاوكات لهگهڵ ئهم شهجهره عهرهبییه پێغهمبهرانهی گهیلانیدا كه پاسپۆرتێكی بههێزی پهڕینهوهیه بۆ خۆشەویستبوون له دنیای سۆفیگهریدا، ناوی باپیری چوارهمی گهیلانی له بهشی ههره زۆری سهرچاوهكاندا به ”جهنگی دۆست“ هاتووه. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخی گەیلانی ئاڵۆزییهكی زۆری له نهتهوهی ناوبراودا دروست كردووه، چونكه ئهم ناوه بۆ ئێرانییەکان و بۆ كوردیش ئاشنایه و به مانای دۆستی جهنگ یان كهسی ئازاو چهلهنگ دێت، بهم هۆیهشهوه تا ئێستا به تهواوی یهكلا نهبۆتهوه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر لە نەتەوەی گیلەکە یان عهرهب؟ ههندێكیش باسیان له ئهگهری كوردبوونی كردووه بهپێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆری شوێنكهوته کوردەکانی ئەمە جگە لە ماناو دهلالهتهكانی ناوی ”جهنگی دۆست“، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا. بهپێی گهڕانهوهی باوی مێژویی شێخ عهبدولقادر له دهوروبهری ساڵی 1077 زاینیدا له شارۆچكهی "نیف"ی سهر به گهیلانی ڕۆخی دهریاچهی قهزوین لەباکوری ئێران هاتوەته دنیاوه، بهڵام لهناوەڕاستی ساڵانی نهوهدهكانی سەدەی ڕابردوو یهكێك له نهوهكانی گهیلانی ”جهمالهدین فالح“ توێژینهوهیهكی ئهكادیمی به چاودێری ههندێك شارهزا بڵاو كردەوە بهناوی ”جغرافیە الباز اڵاشهب“ كه خوێندنهوەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جهخت لهوه دهكاتهوه، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی "جیل" یان "گهیلان"ی زیك مهدائینی باشوری بهغدایه، له شهجهرهکەشی کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جهنگی دۆست“ نییه، بەم پێیەش باپیرانی گهیلانی بهر له بوونی عهبدولقادر له ناوچهكانی بن دهستی ئیمارهتی حهسنهوی كوردییهوه هاتونهته گهیلانی نزیك بهغدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر دهکاتە عێراقی و بەوەش گیڕانەوە ئێرانی بوونە باو و بەناوبانگەکەی باپیری ڕەتکردۆتەوە کە سەرجەمیان له ژێر كاریگهریی یهك گێڕانهوهدا به كۆمهڵ لهدایكبوونی شێخ عهبدولقادریان گێڕاوهتهوه بۆ گهیلانی ئێران و بەبێ وردبوونەوە چاویان لەیەکتر کردووە. مناڵی و پێگهشتنی شێخ عهبدولقادر زانیاریی لهسهر قۆناغی مناڵی شێخ عهبدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر كهمه، بهڵام به پێی گێڕانهوهكان هەر به مناڵی باوكی مردووه و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانهكهی خۆی یهك برای ههبووه به ناوی عهبدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئهوهی بگات به ئاوهدانی كهڵكهڵهی سهفهر بۆ ڕووگهی دنیای ئیسلامی ئهوكات كه شاری بهغدایه کەوتۆتە مێشکی، له ههموو ماڵی باوكیشی تهنها 80 دینار پارهیان ههبووه، دایكی كه ناوی فاتمهیه و شێخ زادهیهكی ناوچهی گهیلانه نیو به نیو لهگهڵ عهبدوڵڵا بهشی كردووه لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عهبدولقادری لهگهڵ كارواندا بهڕێكردووه بەرەو عێراق، چونكه دڵنیا بووه لهوهی ڕۆشتنی به دهستی خۆیهتی بهڵام گهڕانهوهی بۆ گهیلان له مهحاڵهوه نزیكتره، دواتریش دڵهخورتێكهی دایكی بهڕاست گهڕاوه و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا بهغدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە. گهیلانییهكان ئهوكات زیاتر سوننه مهزههب بوون و پهیڕەویشیان له مهزههبی حهنبهلی دهكرد، ئهڵبهت ئهمه بهر لهوهی بهر شهپۆلی شیعهگهریی بكهون. عهبدولقادری گهیلانی له تهمهنی 18 ساڵیدا و دروست له ساڵی 1095 ز گەیشتوهته بهغدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا پهیوهندی كردووه به خوێندنگای نیزامییه كه بهناوبانگترین فێرگهی ئیسلامییه له سهردهمی عهباسییهكان، هاوكات لهگهڵ خوێندنهكهیدا سهفهری كردووه بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، له رێگای حهجی یهكهمیدا بوهته هاوهڵی ناوداران و له یهكێك لهو سهفهرانهدا (1115 ز)هاوهڵی شێخ عهدی كوڕی موسافیر بووه كه پایهی سهرهكییه له ئاینی ئێزدی و مهزارهكهی لەلالش ئێستا كهعبه و زیارهتگای ئێزیدییهكانه، له پاش ئهم گهشته عهبدولقادر ستایشی زۆری شێخ عهدی (ئادی) كردووه و باسی لهوه كردووه ئهگهر پێغهمبهرایهتی به تێكۆشان بهدهست بهاتایه ئهوه شێخ عهدی بهدهستی دههێنا، بهڵام مهسهلهكه ههڵبژاردهی خواییه و پهیامی خودا له محهمهددا خهتم كراوه. دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر شێخ عهبدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی به خوێندن و گهشت و گهڕان و خهڵوهت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی كۆ كردۆتهوه و وانهی وهرگرتووه تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووه ”مهجنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، لهسهر كورسی ئیرشاد دانیشتووه و بووه به واعیز و مامۆستا و دواتریش وهك ”قوتبی بهغدا“ و ”بازی ئهشههب“ ناوی دهركردووه. عهبدولقادری گهیلانی له سهردهمی پێنج خهلیفهی عهباسیدا ژیاوه، به چاوی خۆی ململانێكانی دهسهڵات و ههڵپهی خهڵكی بۆ دنیا دیوه، ئهمیش بانگی كردوون بۆ ئهخلاق و گهڕانهوه بۆ بههاكان، بهم جۆرهش سیفهته واعیز و سۆفیگهرییهكهی زاڵ بووه بهسهر شهرعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئهوهی حهنبهلییهكی سهلهفی مهشرهب بووه، بوهته شێخی تهریقهت و سلوك، لهم بارگۆڕانهشدا له ههندێك شێوازی بیركرنهوهی سهلهفییهكان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)، بهڵام لهبهر ئهوهی لادانهكه گهوره و له بوارهكانی عهقیدهدا نییه و زیاتر لە سلووك و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە سهلهفییهكان دهڵێن ” ئەوە به ئاوی دهریای چاكهكانی دهڕوات“، به تایبهت پاش ئهوهی له نوسینهكانیدا كه ئێستا له دوو توێی زیاتر له 20 كتێبدا كۆ كراونهتەوە و چاپکراون پابهندیی تەواوی خۆی به تهوحید و جێگیركردنی سیفاتهوه بۆ خودا ڕاگهیاندووه به پێچهوانهی ئههلی كهلام و موعتهزیله. لای حهنبهلییهكان عهبدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی ههیه و جارجارهش پێی دهڵێن ”شیخ الإسلام“، له ههموو كتێبهكانی تەبەقاتی زانایانی ئهم مهزههبهشدا كه زۆرینهی نوسهرهكانی به عهقیده سهلهفین، عهبدولقادری گهیلانی سهردهسته و پێشەنگه لای حهنبهلییهكان، لهههمان كاتیشدا له ئهدهبیاتی سۆفیدا ”غهوس“ و ”قوتب“ ـه كه تێكهڵ دهبێت لهگهڵ شیرك و زادهی بیدعه ئاینییه حهرامهكانه به پێی میتۆدی خواناسیی سهلهفییهكان، چونكه لەعەقیدەی سەلەفدا تهنها و تەنها خوا فریاد ڕەس و كارههڵسورێنهره و جگه لهو كهسیتر قوتبی زهمانه نییە، ڕەنگە هیچ كهسیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێندهی شێخی گهیلانی كهرامات و خەواریقی نهدرابێته پاڵ به جۆرێك تەنانەت سهرچاوهكانی تەسەوفیش لهبهر زۆری و نامۆیی گێڕانهوهكان به گومان و وریاییهوه ئهو چیرۆكانهیان دهستاودهست پێ كردووه. شێخی گهیلانی كه له 13 شوباتی 1166 ز كۆچی دواییكردووهو ههر له ناوهڕاستی بهغدا ئهسپهردهی خاك كراوهو لهو كاتهوه ئارامگاكهی ڕووگهی زیارهتكهرانه و ناوی "حهزرهی قادری"یه، نهوەكانی ئهم کەسایەتییە ناسراوە 14 كوڕ بوون له نزیكهی 50 كوڕ و كچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی له هیندهوه تا شام و تا باكوری ئهفریقا بڵاوهیان كردووه، تهریقەتهكهشی بهههمان شێوهی نهوهكانی بهناوی ”قادری“ و ”گهیلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە . تەریقەتی قادریی لە کوردستان یهكهم جوگرافیای سهرههڵدانی قادریی بهغدا، پاشان خاكی عێراقه و ئەم تەریقەتەش لهسهر تێكۆشان و جیهادی نهفس بنهڕەته، بهڵام جیاواز له ههندێك له رێبازهكانیتری عیرفان لای عهبدولقادر شهرعزانی و تێگەیشتن لە فیقهه له پێش تهسهوفهوهیه، له پهنا جیهادی ئاشكرادا، جیهادی پهنهانی ههیه كه هی نهفس و شهیتانه، شێخ عهبدولقادر ڕێسایهكی ههبووه كه خۆی دایڕشتبوو ”شهریعهت فێربه ئهوجا پهناگیریی و خەڵوەت بكه“، له پهنا جیهادی نهفسیشدا ههندێك چەمکیتری كردبووه بنهڕەت بۆ تەریقەتەکەی كه بریتین له: تهوهكول به خودا، ڕەوشتی جوان، سوپاسگوزاریی، ئارامگرتن، ڕەزامهندی و له كۆتایشدا ڕاستگۆیی و درۆ نهكردن بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا. ئهگهرچی تان و پۆی تهریقهتی قادری له بهغدا سهری ههڵداوه، بهڵام گومانهكانی كوردبوونی شێخی گەیلانی و زۆریی شوێنكهوتهكانی له كوردستان بۆن و بهرامهیهكی كوردانهی بهم تهریقهته بهخشیوه. بهپێی سهرچاوه مێژوییهكان هاتنی تەریقەتی قادریی بۆ کوردستان یهكهمجار لهلایهن ماڵباتی بهرزنجهوه بووه كه دهگهڕێنهوه سهر سهید عیسا و سهید موسای بهرزنجی و له بنهڕەتدا وهچهی ئیمام موسای كازمن کە یەکێکە لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و نەوەکانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب. سەید عیساو سەید موسا له سەردهمی هێرشی مهغۆلهكاندا له ههمهدانهوه هاتونهته شارهزوور، وەهاش بڵاوە کە ئهم دوو ئیمام زادەیە برهویان به رێبازی قادریی داوه له كوردستان كه دامهزرێنهرهكهی له بنهچهدا ئامۆزایانه، به قسهی محهمهد ئهمین زهكی بهگیش بێت ئهو دوانه له 1455 ز هاتوونهته كوردستان. جگه لهم بۆچوونهش ههندێ له نوسهران لهوانهش شێخی خاڵ و سهفیزاده باسیان لهوه كردووه شێخ سمایلی ولیانی كه له وهچهكانی شێخانی بهرزنجهیه بۆ یهكهمجار قادریی له بهغداوه هێناوهته كوردستان، ئەگەر گریمان ئەمەش ڕاست بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە بەرزنجییەکان پردی یەکەمی پەڕینەوەی قادرین بۆ کوردستان. هاوكات لهگهڵ بهرزنجییهكانیشدا ماڵباتی تاڵهبانیش له پێشهنگانی گواستنهوهی تهریقهتی قادرین بۆ ناو کوردەکانی دەوری کەرکوک، لەناو گێڕانەوە مێژوییەکاندا وەها بڵاوە كه مهلا مهحمودی تاڵهبانی له رێگهی دهروێشێكی کاروانچیی هیندییهوه بهم رێبازه ئاشنا بووه و پاشان له بهغداوه گواستویانهتهوه بۆ ناوچهكانی خۆیان له ئاواییەکانی تاڵەبان و كهركوك، بهم پێیهش كوردهكان له سییهكانی سهدهی ههژدهیهمدا به رێبازی قادریی ئاشنا بوون تا ئهوكاتهی تهریقهتی نهقشبهندی لهسهر دهستی مهولانا خالیدی شارهزووری لەگەڵ ئەم رێبازەدا کەوتۆتە کێبەرکێ و لەگەڵیدا بڵاو بووەتەوە. سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەم بابەتە: https://bit.ly/2Cr8Nrx
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف كابینەی سێقۆڵی (پارتی+یەكێتی+ گۆڕان) تەمەنی گەیشتە ساڵێك، دروشمی "كوردستانێكی بەهێز" ئابورییەكی داڕماو و سەروەرییەكی پێشێلكراوی بەدیهێناوە، یەكێتی لە حكومەت دەسەڵاتەو لە حزب ئۆپزسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەمڕۆ مۆڵەتە یەك ساڵییەكەی بۆ كشانەوە كۆتایی هاتو پەیمانی بۆ مانەوە لەناو حكومەت نوێ كردەوەو پاڵپشتی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند، دیمەنی حكومەتی هەرێم دوای ساڵێك لە سوێندخواردنی لەم راپۆرتەدا. ساڵێك دوای سوێندەكە ! ساڵێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێدەپەڕێت. رۆژی 10ی تەموزی ساڵی رابردوو، كابینەی نۆیەم لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا متمانەی وەرگرت، كابینەكە سێقۆڵییە (پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە پێكیانهێناوە، ئەم كابینەیە لە یەكەم ساڵی تەمەنیدا روبەڕووی قەیرانێكی گەورەی دارایی بووەتەوە، قەیرانەكە سێ رەهەندی هەیە، دوانیان جیهانیو یەكێكیان ناوخۆییە: • بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا • داڕمانی نرخی نەوت • گۆڕینی حكومەت لە عێراق ئەم سێ گۆڕانكارییە كاریگەری گەورەیان لەسەر داهاتەكانی حكومەت بەجێهێشت، دابەزینی نرخی نەوت لە (50) دۆلارەوە بۆ (20) دۆلار، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی نەوتی هەرێمی لە (295 ملیۆن) دۆلاری مانگانەوە كرد بە (30 ملیۆن) دۆلار (لێرەدا مەبەست لە داهاتی نەوت تەنیا ئەو ئەو داهاتەیە كە دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە)، بەڵام بەمدواییە كە نرخی نەوت بۆ سەرو (40) دۆلار بەرزبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بۆ ئەم مانگانە داهاتی نەوت زیادی كردووە. بڵاوبونەوەی كۆرۆناو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكەش، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی ناوخۆی لە (270 ملیار) دیناری مانگانەوە كرد بە (30 ملیار) دینار، بەڵام ئێستا كە كەرەنتینەی تەواوەتی لە هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە، داهاتی ناوخۆ بۆ نزیكەی (100 ملیار) دیناری مانگانە زیادی كردووە. گۆڕینی كابینەی حكومەت لە عێراق كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكرد، ئاڵنگارییەكی تر بوو كە روبەڕووی حكومەتی هەرێم بووەوە، عەبدولمەهدی لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا ناردنی بەشە موچەی هەرێمی كوردستانی راگرت كە مانگانە (453 ملیار) دیناربوو، ئەمە هەڕەشەیەكی گەورەی لەسەر داهاتەكانی حكومەت دروستكرد، كابینەی مستەفا كازمی كە دەستبەكاربوو، لەدوای دەستبەكاربونیەوە بۆ یەك مانگ بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە، ئەمەش بەمەرجی ئەوەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی نەوتو بودجەوە لەگەڵ بەغداد ئیمزا بكات، ئەم رێككەوتنەش تائێستا ئیمزا نەكراوەو چارەنوسی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق بەنادیاری ماوەتەوە. ترۆیكای حكومەت حكومەتی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان بەتەواوەتی لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆكو تەبا نین. یەكەم: پارتی لە حكومەت سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لای پارتییە، لەناو پارتیشدا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پۆستەكە بەڕێوەدەبات، وەكو حزب پارتی توانای راوەستانی لەبەرامبەر مەسرور بارزانی نەبووە، بەهێزیی مەسرور بارزانی كۆتایی بە رۆڵی مەكتەبی سیاسی پارتی هێنا، ئێستا لایەنە بەشدارەكانی حكومەت (یەكێتیو گۆڕان) قسەو ناڕەزایەتییەكانیان لەڕێگەی تیمەكانیانەوە لە حكومەت بە مەسرور بارزانی دەگەیەنن نەك مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی واژۆ كردووە. بەهێزیی مەسرور بارزانی لەڕووی دەسەڵاتەوە لەناو پارتی، تەنیا مەكتەب سیاسی حزبی سڕنەكردووە، بەڵكو كۆتایی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانیش هێناوە كە ئێستا سەرۆكایەتی هەرێمەو پێشتریش ماوەی (17 ساڵ) پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بووە. كابینەی نۆیەم لە (21) وەزارەت پێكدێت، لەم ژمارەیە (8) وەزارەت بە فەرمی لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە تائێستا پارتی پڕنەكردوەتەوە، كەمینە نەتەوەكان لە كابینەكەدا (2) پۆستی وزارییو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش پۆستێكی وزاری وەرگرتووە كە پارتی كاندیدەكانی دیاریكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانو وتەبێژی حكومەتیش هەر لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستەكانی تری ناو حكومەتو وەزارەتەكان. پارتی بەتایبەتیش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، هەموو توانای خۆیان بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت خستوەتەگەڕو چارەنوسی حزبەكەیان بەوەوە بەستوەتەوە، جگە لە چەند دەنگێكی كەم كە لەژێر پەردەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕنو كەسانی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەك لەناو پارتی بەرامبەر بە مەسرور بارزانی بەدی ناكرێت. دووەم: یەكێتی لە حكومەت یەكێتی وەكو لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت ناڕازییە لەئەدای حكومەت، كێشەی سەرەكی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا ئەوكاتە دەستیپێكرد كە پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی یەكێتی جێبەجێ نەكرد. بەڵام بەشێكی ناڕەزایەتییەكەی یەكێتی پەیوەندی بە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیەوە هەیە لەگەڵ پارتیدا، سەرۆكی پارتی تائێستا بەفەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، دوای چەندین هەوڵ هێشتا مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب نەیانتوانیوە پێكەوە كۆببنەوە، یەكێتی وەكو حزب ناڕازییە لە ئەدای كاری حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتی لەناو حكومەت كێشەیان نییە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لەناو حكومەت، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە ناڕەزایەتی هەبوو لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ناڕەزایەتییەكانی چارەسەركرد، ئێستا قوباد تاڵەبانی ئەركی سەرۆكایەتی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد پێ سپێردراوە. بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن پرسی كشانەوەیان لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیان، بەمدواییە كە حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆرانی كرد، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە رێككەوتن، شەفافیەت نەبێ لە خەرجیو داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری موچەبڕین، هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمانو حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێت لەبژاردەكان". تائێستا حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتنی ئیمزا نەكردووە، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بۆ مانگەكانی داهاتوو حكومەت رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ نزیكەی 34% زیاد بكات، ئۆفەرێكی تر تاوتوێ دەكرێت لەبارەی ئەوەی حكومەت رێژەی بڕینی موچە لە 21% زیاتر نەكات، بەڵام دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 وەكو خۆی بمێنێتەوە، بەم دۆخەوە ئایا یەكێتی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت ئەگەرێكی لاوازە، وا دەردەكەوێت یەكێتی كارتی كشانەوە تەنیا بۆ فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتیش كە بەمدواییە یەكێتی چەند پۆستێكی خۆی لە حكومەت پڕكردەوە لەوانە پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ. تیمی یەكێتی لە حكومەت بەشداربوو لە بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران، بۆ مانگەكانی داهاتوو كە حكومەت بەناچاری پەنا بۆ كەمكردنەوەی زیاتری موچە دەبات یاخود دابەشكردنی موچە دوادەخات، یەكێتی جارێكی تر دەكەوێتەوە بەردەم هەمان پرسیار، رەنگە كۆبونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆتایی بهێنێت بە ناكۆكیو ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە ئەدای كاری حكومەت. كێشەی یەكێتی لەوەدا چڕبوەتەوە ئەو تیمەی كە نوێنەرایەتی حزبەكە دەكات لەناو حكومەت بەتەواوەتی دڵخوازی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەم نییە، تیمی یەكێتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان لەناو حكومەت دەستبەكاربوون. هەر لەو ماوەیەدا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەتووە، یەكێتی پرسی لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی هێناوەتە پێشەوە، چارەنوسی ئەم پرسەش پەیوەندیدارە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حزبەكەوە. لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، یەكێتی (6) وەزارەتی هەیە، سەرباری ئەمە ژمارەیەك پۆستی تری بەركەوتووە كە تائێستا ئەو پۆستانەی پڕنەكردوەتەوە لەوانە پۆستەكانی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆكی دەستەی كاروباری مین). سێیەم: گۆڕان لە حكومەت بزوتنەوەی گۆڕان هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان وەكو یەكەم لایەن كارتی بەشداریكردنی لە حكومەتی مەسرور بارزانی مسۆگەر كرد. بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی دوای ئەو روداوانەی بەسەر بزوتنەوەكەدا هات لە كابینەی هەشتەمدا (دەركردنی وەزیرەكانی لە حكومەتو دورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان)، لەناو بنكەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك ناڕەزایەتی دروستكرد، ئەوكات بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان سەركردەكانی گۆڕان رایانگەیاند، بەمەرجی چاكسازیی بەشداری حكومەتیان كردووەو لەماوەی ساڵێكی تەمەنی حكومەتدا بڕیاری كۆتایی دەدەن لەبارەی مانەوەیان لە حكومەت یاخود كشانەوە. ئەمڕۆ مۆڵەتە یەكساڵییەكەی گۆڕان كۆتایی هات، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبدا، بڕیاریدا بە مانەوە لە حكومەتو پاڵپشتی خۆی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند. رۆژی دوو شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا باسی لەوەكرد، روسیاو توركیاو ئێران پلانیان داناوە ئەزمونی هەرێمی كوردستان "كەوڵ" بكەن، هەندێك لەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوەبوون گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، قسەكەی رێكخەریان والێكدایەوە دەیەوێت رێگری لە هەر هەوڵو بڕیارێك بكات بۆ كشانەوە لە حكومەت. بڕیاری مانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەكاتێكدایە ئێستا كابینەكە كێشەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەیەو روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بوەتەوەو چاكسازییەكانیش هێشتا لەئاستی خواستەكانی خەڵكدا نین، بەتایبەتی پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی حكومەت. لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی گۆڕان لەگەڵ مەسرور بارزانی پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە بوو كە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان لەناو حكومەت بەر گۆڕان كەوتبوون، بەمدواییە مەسرور بارزانی چوار پۆستی بریكاری وەزیری بزوتنەوەی گۆڕانی پڕكردەوەو ئەمە هەندێك دڵنەوایی بە سەركردەكانی گۆڕان بەخشی. لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، بزوتنەوەی گۆڕان (4) پۆستی وزاری وەرگرتووە، لەناویاندا پۆستی وەزیری دارایی. هێشتا ژمارەیەك پۆست هەن كە پشكی گۆڕانن لە حكومەتو پڕنەكراونەتەوە، لەوانە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە پۆستێكە پێویستی بەوەیە لەناو پەرلەمانەوە یاسای تایبەتی بۆ دەربكرێت، سەرباری ئەمە هێشتا زیاتر لە (40) پۆستی تر هەن كە بزوتنەوەی گۆڕان داوایان دەكات. حكومەت دوای ساڵێك كابینەی مەسرور بارزانی ساڵێكە دەستبەكاربووە، (4) مانگی ئەم ماوەیە لە قەیرانێكی قوڵی دارایدا بووە، لەو چوار مانگەی كە روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە، حكومەت تەنیا دوو موچەی موچەخۆرانی دابەشكردووە، یەكێك لە موچەكانیش بەبڕینی رێژەی 21%ەوە دابەشكراوە. كابینەی مەسرور بارزانی لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا دروشمی "كوردستانێكی بەهێز"ی هەڵگرت، بەڵام ئێستا كوردستان لەڕووی ئابورییەوە لاوازو لەڕووی سەروەریشەوە لەبەردەم هێرشو لەشكركێشی توركیاو ئێراندایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش لایەنەكان ناكۆكن بەدیاریكراویش (پارتیو یەكێتی) وەكو دوو ناوچەی قەڵەمڕەویی جیاواز. بەڵێنی ئەنجامدانی چاكسازیش جگە لە یاسایەك بەناوی "چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو خانەنشینی پلەباڵاكان"و چوار بڕیاری تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ چاكسازی لە دەروازە سنورییەكانو باجو بەخشینی گومرگی كە تائێستا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە. یاسای چاكسازی لە بنەڕەتەوە بۆ رێكخستنی موچەو خانەنشینیو دەرماڵەكان دانراوە، حكومەت لەسەرەتای ئەم مانگەوە خستیە بواری جێبەجێكردن، بۆ ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا تێیكەوتووە، یاساكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ كابینەی مەسرور بارزانی تاوەكو لەڕێگەیەوە دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات، بەڵام یاساكە بۆ چاكسازی لە بوارەكانی تری وەكو كەرتی نەوتو داهاتەكانی ناوخۆ هیچ شتێكی تێدا نییە. یەكێك لە بەڵێنەكانی تری كابینەی نۆیەم "شەفافیەت" بوو، بەڵام دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، ئەم دروشمەش لەژێر پرسیاری گەورەدایە، پەرلەمان وەكو دامەزراوەی چاودێری ئاگاداری داهاتو خەرجییەكانی حكومەت نییە، كابینەی سیقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) تائێستا یاسای بودجەیان نەناردوەتە پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانو پەرلەمانتاران دەڵێن ئاگاداری فرۆشو داهاتی نەوت نین، میدیاكان زانیارییان لەبارەی داهاتو خەرجییەكانی حكومەت بەشێوەی فەرمی ناكەوێتە بەردەست. سەرباری ئەمانە هێشتا مەسرور بارزانی شانازی بەو هەنگاوانەوە دەكات كە حكومەتەكەی هەڵیگرتوون، ئەو لە وتاری (100 رۆژە)ی دەستبەكاربوونیدا لایەنی درەوشاوەی حكومەتەكەی لەم خاڵانەدا خستەڕوو: • ئێستا حكومەت چالاكترو ئەكتیڤتر بووە • ئێستا حكومەتی هەرێم بەهێزترو سەقامگیرترە • بە دڵنیایی ئێستا حكومەت شەفافترە • كەمكردنەوەی رێژەیەكی بەرچاوی رۆتین • فەرمانبەران باشتر لە جاران دەوام دەكەن • چاوپۆشی لە گەندەڵی هیچ كەس و لایەنێك ناكەین • چەندین فەرمانبەر لەسەر گەندەڵی دراونەتە دادگا • تا كۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ 50% زیاد دەكەین • ئێستا پرۆسەیەكی شەفافمان گرتوەتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سروشتییەكان • بە شێوەیەكی بەردەوام داتاو زانیارییەكانمان خستوەتەڕوو • ئێستا گشت هاوڵاتیانی هەرێم ئەتوانن بزانن داهاتی نەوتو داهاتە ناوخۆییەكان چەندەو لە چی بوارێكدا خەرجدەكرێت مەسرور بارزانی لە چوار مانگی رابردوودا كە بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی حكومەت ئەزمونی قەیرانی دارایی كرد، بەرپرسیارێتی هەموو بارودۆخەكانی خستە ئەستۆی كابینەكانی پێشتری حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای سەرۆكایەتی كردوون، لەسەروو هەموشیانەوە بەرپرسیارێتی خەزێنەی بەتاڵی حكومەتو نەبوونی یەدەگی داراییو قەرزاربوونی حكومەت بەبڕی (27 ملیار) دۆلار.
(درەو): بەپێی ئەوەی لەیاسای چاكسازیدا هاتووە، پەرلەمانتاران بەبێ رەچاوكردنی تەمەنو ساڵی خزمەت، هەمویان موچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام یاساكە وەكو یەكەم هەنگاو دوو رێوشوێنی بۆ موچەی خانەنشینی ئەم توێژە دیاریكردووە بەمشێوەیە: • ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو پەرلەمانتارانەی كە مەرجی یاسایی (تەمەنو ساڵی خزمەت)یان تێدا نییە، بەڕێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە ژمارەیان (77) پەرلەمانتارە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارە خانەنشینەكانی خولەكانی پێشتر. - نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار. • ئەوانەی مەرجیان تێدایە بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن. - نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووەو (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆراو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت تەماتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سوركردووە، هەموان پێشنیاز دەخەنەڕوو بۆ رزگاركردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە قەیرانی بێبازاڕیی، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە دەستی باڵای لە نەوتدا هەیە بڕیاریدا بەشێك لە بەرهەمی جوتیاران بكڕێتەوە، ئەو نەیتوانی بۆ داڕمانی نرخی نەوت كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ داڕمانی نرخی تەماتە كارێكی كرد، وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانەوە وتی تەماتەی ناوخۆ بۆ دۆشاو نابێت، شێخ جەمالی كرپچنەش كە جوتیاری نمونەییە قسەی تری هەیەو پێیوایە هۆكاری بێبازاڕییەكە ئەو بازرگانانەن كە دۆشاوی تەماتە لە دەرەوە هاوردە دەكەن و بەهێزترن لەو كارگانەی لەناوخۆدا دۆشاو دروست دەكەن، تەماتە چۆن لە قەیران رزگار دەكرێت ؟ شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە ئەم رۆژانە باس باسی تەماتەیە، بەرهەمی خۆماڵی زیانی گەورەی بەركەوتووە، جوتیاران رۆژی 6ی ئەم مانگە لە هەولێر خۆپیشاندانیان كرد، لە مەراسیمێكدا كە تاڕادەیەك لە فێستیڤاڵی شەڕە تەماتە دەچوو لە ئیسپانیا، بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵیان فڕێدایە سەر شەقامەكان. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند رۆژێكە پڕبوون لە وێنەی تەماتەو دۆشاوەكەی، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات، تاوەكو لە كێبركێدا لەگەڵ بەروبومی هاوردەكراو لە بازاڕدا نەكەوێت، هەندێك كەسیش بۆ پاڵپشتی لە جوتیاران، كەمپەینی كڕینی تەماتەی خۆماڵییان راگەیاندووە. جوتیارێك لە خۆپیشاندانەكەی هەولێردا وتی:" كیلۆیەك تەماتە بە كەمتر لە (70) دینار دەفرۆشن، سندوقێك تەماتە (10 بۆ 12) كیلۆی تێدایە، لە عەلوە بە (750) دینار لێمان وەردەگرن، هیچمان بۆ نامێنێتەوە، چونكە گواستنەوەی هەر سندوقێك تەماتە نزیكەی (300) دیناری تێدەچێت، بۆ هەر سندوقێك تەماتە لە عەلوە (250) دینار وەردەگیرێ، نرخی سندوقە بەتاڵەكەش (250) دینارە ئیتر چی بۆ جوتیارێك دەمێنێتەوە". لە هەنگاوێكی خێرادا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتی جوتیاران، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە لەبواری نەوتدا دەستی باڵای هەیەو ئێستا وەكو راوێژكاری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری وزە كاردەكات، بڕیاریدا رۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی شەش رۆژ بكڕێتەوەو وەك كاری خێرخوازی لە كەمپو گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، بەڵام ئەمە كێشەكە لە ریشەوە چارەسەرناكات، شێخ باز بۆ داڕمانی نرخی نەوت نەیتوانی كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ تەماتە كارێكی كرد. لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە كۆبوەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سێ ڕێگا هەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جوتیاران: • هاوڵاتیان بەرهەمی خۆماڵی خۆمان بكڕن • دەبێت بازاڕ بۆ بەرهەمی خۆماڵی بدۆزرێتەوە • دەبێت كارگەی لە قوتونان دابمەزرێنین، ئەو بەرهەمانەی ساغ نابنەوەو بازاڕیان بۆ نادۆزرێتەوە، پێویستە كارگەی لە قوتونانی بۆ دابمەزرێت گارگەی دۆشاوی تەماتە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ئێستا هەموان چاویان لەوەیە كارگەی دۆشاوی تەماتە بكرێتەوەو بەروبومی زیادەی جوتیاران لەو كارگانەدا ساغبكرێنەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات. لە هەرێمی كوردستان (3) كارگەی دۆشاوی تەماتە هەیە (هەریر، كۆیە، شارەزوور)، ئەم سێ كارگەیە لەتوانایاندایە رۆژانە لە (500 ) تەن تەماتە بڕی (50) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنن. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور: ئەم كارگەیە لە ساڵی 2016 دامەزراوە، لەسەرەتاوە دۆشاوی لە ئێرانەوە هاوردە دەكردو لە كارگەكەدا لە قوتویان دەنا، بەڵام دواتر كارگەكە خۆی دۆشاوی بەرهەمدەهێنا، پێشتر ئەم كارگەیە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (50 بۆ 60) هەزار قوتوی دۆشاوی تەماتەی هەبوو، بەڵام بەپێی وتەی بەڕێوەبەری كارگەكە ئێستادا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (250) هەزار تەن تەماتەیان هەیەو دەتوانن لەم بڕە (140) هەزار قوتوی (800) گرامی بخەنە بازاڕەوە. ئەم كارگەیە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داخراوە. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ئەم كارگەیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە داخراوە، بڕیارە لە ماوەی مانگێگدا جارێكی تر بكەوێتەوە كارو رۆژی شەممەی داهاتوو دەستبكات بە وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران، كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ساڵی 1979 دروستكراوە، لە توانایدایە رۆژانە لە (150) تەن تەماتە بڕی (25) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنێت. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی كۆیە ئەم كارگەیە لە ساڵی 1996 دروستكراوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرهەمی جوتیارانی ناوچەكەی وەرگرتووە، بەڵام ماوەی (20) ساڵە لەكاركەوتووە. سەرەرای ئەم سێ كارگەیە، كۆگایەكی گەورەی هەڵگرتنی بەروبومی ناوخۆیی لە (گردەبۆر)ی سلێمانی هەیە كە سەربە وەزارەتی كشتوكاڵەو پێكدێت لە (32) كۆگا، هەر كۆگایەكی زیاتر لە (2 هەزار) تەن هەڵدەگرێت، بەكۆی گشتی لەتوانایدایە (70 هەزار) تەن بەرهەمی جوتیاران هەڵگرن. دۆشاوەكەی وەزیرو شێخ جەمالی كرپچنە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەوە رایگەیاند:" ئەو تەماتەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، ئەو تەماتەیە نیە بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت، چونكە لە (10) تەن تەماتە رەنگە تەنێك بۆ تەنونیوێك دۆشاوی لێ بەرهەمبهێنرێت". ئەم قسەیەی وەزیری كشتوكاڵ لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی دروستكرد، پرسیاری دروستكرد لەبارەی ئەوەی ئایا هەر بەراستی تەماتەی كوردستان بۆ دۆشاو دەبێت یاخود نا؟ شێخ جەمالی كرپچنە كە یەكێكە لە جوتیارە نمونەییەكانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" هەموو جۆرە تەماتەیەك بە كەڵكی دۆشاو نایەت، ئەو تەماتەیە بەكەڵكی دۆشاو دێت كە گۆشتنەو كەمێك سورترە". شێخ جەمال دەڵێ:" تەماتەمان هەیە بە (6 بۆ7) كیلۆ، یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، هەندێكی تر لە (12 بۆ 14) كیلۆ تەماتە یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، ئێمە (9) جۆر تەماتەمان نارد بۆ تاقیگەی كشتوكاڵی سلێمانی، ئەوان وتیان (یەك) جۆر تەماتەیان بۆ دۆشاو دەگونجێتو (8) جۆرەكەی تر بۆ دۆشاو ناگونجێت، هەموو جۆرە تەماتەیەك بۆ دۆشاو ناگونجێت تەماتەی دۆشاو جیاوازە". لەبارەی تایبەتمەندی تەماتەی دۆشاوەوە، لوقمان حسێن بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێ:" ئەو تەماتەیەی بۆ دۆشاو بەكاردەهێنرێت دەبێت تۆوەكەی جیاواز بێت لەو تەماتەیەی ئێستا بەرهەم دێت، جوتیارانی خۆمان تۆوی تەماتەیان بۆ خواردن چاندووە نەك بۆ دۆشاو، ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە (7 بۆ 8) كیلۆی پێویستە بۆ یەك كیلۆ دۆشاوی تەماتە. بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر باسی لەوەكرد، لە ئێستاوە دەمانەوێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو تۆوە بدەین بە جوتیاران، بۆ ئەوەی ئەو تەماتەیە بەرهەم بهێنن كە بە كەڵكی دۆشاو دێت، چونكە ئەو تەماتەیەی ئێستا بۆ دۆشاو بەرهەمنەهێنراوە. بەوتەی شێخ جەمالی كرپچنە، بەپێی ستانداردی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت هەموو وڵاتێك (10%)ی بودجە بۆ كشتوكاڵ تەرخان بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان (1.7%) تەرخانكراوە، ئەمە دوو ساڵیشە بودجەی كشتوكاڵ هەر نیە. "كێشەكە ئەوەیە ئەو بازرگانانەی كە دۆشاوی تەماتە لە ئێرانو توركیاوە هاوردەدەكەن زۆر بەهێزترن لە خاوەنی ئەو كارگانەی كە دۆشاوی تەماتە لەناوخۆدا دروست دەكەن، ئەو بازرگانانە دەتوانن دۆشاوی تەماتە بهێننو بەنرخی كەمتر لە كارگەكانی ناوخۆ بخەنە بازاڕەوە، بۆیە دوای مانگێك تاوەكو دوو مانگیك كارگەكە شكستدەهێنێت. هاوردە زیان لە هەناردە دەدات كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی بەتایبەت لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران پێكەوە، ئەوەی زیانی لە بەرهەمی ناوخۆیی داوە هاوردەكردنی بەروبومە لە دەرەوەر رێگریكردنە لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی عێراق بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا. وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی خۆماڵی، رۆژی 10ی حوزەیران تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، باجی لەسەر هەر كیلۆیەك لە تەماتەی هاوردەكراو بەبڕی (600) دینار زیادكرد، بەڵام ئەمەش وەكو پێویست نەیتوانی بەرهەمی ناوخۆیی رزگاربكات لە قەیران. پێداویستی ناوخۆیی تەماتە بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر (190 هەزار) تەن تەماتە هەیە، ئەم بڕەش بەشێكی بەرهەمی ناوخۆییەو بەشەكەی تری بەرهەمی هاوردەكراوە لە دەرەوە، واتا هەر تاكێكی هەرێم ساڵانە بە تێكڕا (34 ) كیلۆ تەماتە دەخوات . هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019دا پێویستی بە (191 هەزارو 545) تەن تەماتە هەبووە، لەو رێژەیە (80 هەزارو 446) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، واتە بەرهەمی ناوخۆیی رێژەی (43.5%)ی كۆی پێداویستی هەرێمی كوردستانی بۆ تەماتە پڕكردوەتەوە، لەبەرامبەردا بڕی (108 هەزارو 099) تەنی تەماتە لەو ساڵەدا لە دەرەوە هاوردەكراوە، واتە تەماتەی هاوردەكراو رێژەی (56.5%)ی پێداویستی هەرێمی پڕكردوەتەوە. بەڵام ئەم رێژانە لە ساڵی 2017دا بە جۆرێكی تر بوون، لەو ساڵەدا بەرهەمی تەماتەی ناوخۆو هاوردەكراو نزیك بوون لە یەكترەوە، لە 2017دا پێویستی ناوخۆیی هەرێم بۆ تەماتە (170 هەزارو 195) تەن بووە، لەم بڕە بەرهەمی ناوخۆیی (83 هەزارو 107) تەن بووە بەرێژەی (49%)، تەماتەی هاوردەكراویش (87 هەزارو 88) تەن بووە بەڕێژەی (51%). ئەمە لە كاتێكدایە بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی لە ساڵی 2009 دا (118 هەزار) تەن بووە. تەماتەو تەندروستی تەماتە (بەئینگلیزی: Tomatoe) میوەیەكی سووری شیاوە بۆ خواردن، لە ڕووەكی سۆلانەم ریكۆپێرسیكەمەوە دەڕوێت. ئەم میوەیە لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریكاوە سەری هەڵداوە، دەوترێت زێدی رەسەنی تەماتە وڵاتی (پیرۆ)یە، یەكەمجار ئیسپانییەكان تەماتەیان گواستوەتەوە بۆ كیشوەری ئەوروپاو لەوێوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوەتەوە، سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سەرەتا تەماتە تەنیا بۆ جوانكاری نێژراوە، خەڵك پێیانوابووە روەكێكی ژەهراوییە، لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تەماتە لەرێگەی بەریتانییەكانەوە هاتوەتە كوردستان. تەماتە چەندین ناوی تریشی هەیە لەوانە (باینجانی سور)، ئەم روەكە بەشێوەی دەستیی دەچێندرێت، كە دەڕوێنرێت سەرەتا گوڵێكی زەرد دەگرێت، بەرەكەی لەسەرەتادا رەنگی سەوزی كاڵە، پاشان مەیلەو زەردەبێتو بەرەو رەنگی پرتەقاڵی دەڕوات، كاتێك پێدەگات رەنگەكەی بەتەواوەتی سور دەبێت، تەمامە تامی مزرە. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن تەماتە دەوڵەمەندە بە كانزا، ڤیتامینو پڕۆتین، بەهۆی بوونی ریشاڵ لەپێكهاتەیدا خواردنی مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشی شەكرەو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە. سوودەكانی تەماتە بۆ تەندروستی : • مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمدەكاتەوە • بەهۆی زۆری ڕێژەی پۆتاسیۆم تێیدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی خۆینبەرەكانو كەمكردنەوەی فشاری خۆین • سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ • بەهۆی بوونی فایبەر دەتوانێت ببێتە هۆی كەمكردنەوەی شەكرەی خۆین • سوودی هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس • سوودی هەیە بۆ تەندروستی چاوەكان • هاوكارە لە پاراستنی پێستو هێشتنەوەی بە تەندروستیی • بەهۆی بوونی فۆلیك ئەسید سوودی هەیە بۆ ئافرەتی دووگیان
راپۆرت: هیشام هاشمی (درەو): هیشام هاشمی، شرۆڤەكار و چاودێری ئەمنی شارەزا و چاودێری بواری گروپە چەكدارەكان كە ئێوارەی دوێنێ تیرۆكرا بەم دواییە راپۆرتێكی ووردی لەبارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بڵاوكردەوە ( درەو) لەكاتی خۆیدا راپۆرتەكەی وەرگێڕا بۆ زمانی كوردی ئەمڕۆش جارێكی تر بڵاوی دەكاتەوە ناكۆكی وەلائیو مەرجەعی لەناو حەشدی شەعبیدا نوسینی: هشام الهاشمی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت روبەڕووبونەوەكە خۆی دەبینێتەوە لە ناكۆكی قوڵ لەنێوان دوو رەوتدا كە لەڕووی فیقهییەوە لەناو حەشدی شەعبیدا دابەشبوون، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی كۆچكردوو ئەبومەهدی موهەندیس كە پەیڕەوی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەكاتو رەوتی دووەمیش پێكهاتەیەكە لە كۆی ئەو لایەنانەی كە وابەستەن بە "عەتەبات"ەكانو عەلی سیستانی مەرجەعی باڵاوە لە نەجەف. حەشد لەڕووی ئاڵاو ناو و ئەوەی كە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 2018 خراوەتە پاڵ پێكهاتەی شیعە، پێكدێت لە (67) گروپی شیعە، (43) گروپی سوننیو، (9) گروپی سەربە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری وڵات، دەكرێت ئەو گروپە شیعانە لەڕووی پەیڕەویكردنیان لە فیقهی مەزهەبییەوە دابەشبكرێن بۆ (44) گروپی پەیڕەوكار لە خامنەییو، (17) گروپی پەیڕەوكار لە سیستانی، (6) گروپی پەیڕەوكار لە مەرجەعەكانی تری شیعە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق. ژمارەی توانای مرۆیی كۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە (164 هەزار) كارمەندو هێزی شەڕكەرو لۆجستی، یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 دەیپارێزێتو پشت بە پەیكەرێكی رێكخراوەیی دەبەستێت كە چەند فەرمانێكی دیوانیی لە ساڵی 2019دا بۆی داناوە، كە ئەوانیش فەرمانەكانی ژمارە (237)و (328)و (331)ن، ژمارەی توانای مرۆیی سەربە پێكهاتەی شیعە نزیكەی (110 هەزار) كەسە، پێكهاتەی سوننەش نزیكەی (45 هەزار) كەسە، پێكهاتەی كەمینەكانیش نزیكەی 10 هەزار كەسن. توانای مرۆیی حەشدی وەلائی (مەبەست لەوانەیە وەلائیان بۆ رابەری باڵای ئێران هەیە) ژمارەیان (70 هەزار) كەسەو حەشدی مەرجەعیەتەكانی تر لەنێویشیاندا هێزەكانی سەرایای سەلام نزیكەی (50 هەزار) كەسە. پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی ئەو فەرمانە دیوانییانەی كە لە ساڵی 2019 دەرچوون، حەشدی دابەشكردووە بەسەر چەند لیوایەكداو ژمارەی لیواكان (64) لیوایەو دابەشكراون بەسەر (8) میحوەری فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا، بەجۆرێك قەدەغەكراوە ئەو لیوایانە ئاڵاو ناوی گروپەكانی خۆیان بەكاربهیننو لەسەریان فەرزكراوە تەنیا ژمارەی لیواكانیانو ئاڵای فەرمی حەشدی شەعبی بەكاربهێنن. فەرمانی دیوانیی ژمارە (237)ی ساڵی 2019 دەرفەتی كردەوە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی گروپەكانی حەشدی شەعبی بە حزبو قەوارە سیاسیو ئاینییەكانەوە، فەرمانی دیوانیی ژمارە (328)ی ساڵی 2019 وای لە حەشد كرد وەك نوێنەرایەتییەكی هەماهەنگكار بەشدار بێت لەناو فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)ی ساڵی 2019 پەیكەرێكی رێكخراوەییو ئیداری بۆ دانا كە پێكدێت لە: 1- پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا كە (4) پۆستەو بەمشێوەیە دابەشكراوە: (3) پۆستی سیاسی بۆ بەیتی سیاسی شیعەی نزیك لە سەركردایەتی وەلائی كە ئەویش پۆستەكانی "سەرۆكی دەستەو نوسینگەی سەرۆكی دەستەو ئەمین سڕی گشتییە". هەروەها (1) پۆستی سەرۆك ئەركان بۆ سەركردایەتی وەلائی "ئێستا ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی"یەو بە فەرماندەی باڵای جێبەجێكارو ئۆپراسیۆنەكان دادەنرێتو (5) یاریدەدەری ئەركانو (8) میحوەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزەكانی دەستەی حەشدی پێوەبەستراوەتەوە. 2- پۆستی كادیرە مامناوەندییەكانی سەركردایەتی جێبەجێكار؛ كە ئەویش (5) یاریدەدەری سەرۆك ئەركانە، (3) لە یاریدەدەرەكان بە سەرۆكایەتی وەلائییەكانو (2) یاریدەدەر بە سەركردایەتی سەركردە خانەنشینەكانو یاخود راسپێردراوە سەربازیو ئەمنییەكان كە ئەوانیش لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 3- پۆستی كادیرە مامناوەندییە ئیدارییەكانی سەركردایەتی لۆجستی؛ كە ئەویش (10) بەڕێوەبەرایەتییە، (7)یان بۆ ئیدارەی سەربە حەشدی وەلائیو (3)یان بۆ ئەو كەسە مەدەنیانەی كە بە تەزیكییە لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 4- پۆستی كادیری ئیدارە مەیدانییەكان؛ كە ئەویش (50) بەڕێوەبەرایەتیو بەشن كە بەستراونەتەوە بە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدەوە، (32) پۆستی ئەو ئیدارانە سەربە حەشدی وەلائینو، (18)یان لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە هەڵبژێردراون یان دانراون. بەگوێرەی ئەم وردبینییە خێرایە دەكرێت وادابنرێت كە رێژەی 80%ی پەیكەری رێكخراوەییو ئیداری دەستەی حەشدی شەعبی سەركردەو ئیدارییەكانی سەربە مەرجەعیەتی حەشدی وەلائین، لەكاتێكدا حەشدی مەرجەعیەتو حەشدی سوننەو كەمینەكان پۆستی سەركردایەتی باڵا یاخود ناوەندییان نییە لەناو پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشددا. لایەنە ناكۆكەكان ناكۆكی رۆژ لەدوای رۆژ قەبارەی گەورەتر دەبێت لەنێوان "فرقە العباس القتالیە"ی سەربە عەتەبەی عەباسی كە عەلی سیستانی بە مەرجەعی عەقیدەیی خۆی دەزانێت هەروەها دەستەی سەرەكی، بەدیاریكراویش لەگەڵ سەركردایەتی وەلائی حەشددا، شوباتی 2018 بازنەی ناكۆكییەكان تا ئەو رادەیە فراوان بوو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری ئەوكاتی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی زنجیرەیەك بڕیاری توندی دەركرد بۆ فشارخستنەسەر گروپە چەكدارەكانی سەربە عەتەباتەكان لەڕووی داراییو ئیدارییەوە. ناكۆكی لەنێوانیان گەورەتر بوو لە میدیاكانیشدا دەركەوت، بەجۆرێك مانگی ئازاری 2018 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی "العالم الجدید"ی وتبوو:" سەرەتا هەفتەی رابردوو كۆبونەوەیەك كراوەو فەرماندەكانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشداربوون بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو یاسایەی كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردبوو تایبەت بە دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد، لەكاتی گفتوگۆدا ئەبومەهدی داوای لە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباس كردووە كە یەكێك بووە لە ئەندامانی لیژنەی راسپێردراو بە دوبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد بەگوێرەی یاسایەكی حكومی نوێ، پەیوەندی فیرقەكەی لەگەڵ گروپی عەتەبە پیرۆزەكانی سەربە مەرجەعیەتی ئاینی ئەو عەتەباتانەدا بپچڕێنێت، هاوشێوەی ئەو گروپانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ حزبو رەوتە سیاسییەكانیان بڕیوە لەنمونەی عەسائیبی ئەهل حەقو رێكخراوی بەدرو گروپەكانی تر، بەڵام ئەم پێشنیازە زەیدیی توڕە كردووەو بە رەهایی رەتیكردوەتەوە، بەوپێیەی عەتەبە پیرۆزەكان حزب یاخود جوڵانەوەی سیاسی نین كە هەوڵ بۆ دەسەڵاتو بەشداری لە هەڵبژاردندا بدەن، بەڵكو دامەزراوەی سەربە دەوڵەتن، مەرجەكەی ئەبو مەهدی موهەندیسی وەكو هەوڵێك بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەراوێزخستنو دروخستنەوەی لایەنەكانی سەربە مەرجەعیەتی باڵا لەنەجەف ناوبردووە بەبەهانەی ئەوەی بەتەواوەتی ناكۆكن لەگەڵ ئاڕاستەی ئەبو مەهدی موهەندیسدا كە ناگونجێت لەگەڵ خواستەكانی بەغدادو نەجەفدا. توندبوونەوەی كێشەی نێوان گروپی "عەتەباتەكان" لەگەڵ موهەندیسدا دوای ئەوە دەستیپێكرد كە دكتۆر حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی فەوجێكی تەواوەتی فیرقەی عەباس بخرێتەسەر سوپاو لەڕووی رێكخراوەییەوە بەشێوەیەكی فەرمی ببەسرێتەوە بە وەزارەتی بەرگرییەوە، ئەمە شتێك بوو كە چاودێرانو خەڵكی سەربازیی بە "گوڕانكارییەكی ئەرێنی لە كاروانی حەشدی شەعبیو تێكەڵبوونی لەناو ریزی هێزە نیزامییەكان" وەسفیان كرد، بەڵام سەركردە وەلائییەكان لە دەستەی حەشد دوچاری واقوڕمان بوون لەو پەرەسەندنە لەنێوان حكومەتو گروپی سەربە مەرجەعیەتی نەجەف، ئەمە بوو بەهۆی دەستپێكی داڕمانی پەیوەندی لەنێوان گروپی "عەتەبەكان"و گروپە وەلائییەكان. ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستە لە كانونی یەكەمی 2018دا بڕیارێكی فەرمی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی فەرمی فیرقەی عەباس لەگەڵ عەتەبەی عەباسیداو تێكەڵبوونی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەشد لە فوراتی ناوەڕاست بە سەركردایەتی لیوای خانەنشین عەلی حەمدانیو بە فەرمانی راستەوخۆی موهەندیس، ئەمە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی توڕەكرد، هەڵمەتێك لێدوانی دژ بە موهەندیس ئەنجامداو رەخنەی گرت لە لایەنداریكردن بۆ تارانو مەرجەعیەتە ئاینییەكەی كە خۆی دەبینێتەوە لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێراندا. لەوەڵامی هەڵسوكەوتەكانی موهەندیسدا لەگەڵ "فیرقەی عەباس"، ئەحمەد سافی بریكاری مەرجەعیەت لە نەجەف لە وتاری هەینی كەربەلادا وتی:" ئینتیما بۆ فیرقەی جەنگیی عەباس، دەبێت باجی هەبێت، بەشێك لەو باجە ئارامگرتنو سازش نەكردنە لەسەر بنەماو ناسنامەو بەهاكانمان، سەرباری ئەوەی بژاردەكان كراون". ئەمە جەختكردنەوە بوو لەسەر قوڵایی ناكۆكی نێوان هەردوولا. سەباح ئەزیرجاوی، یەكێك لە سەركردەكانی كەتائیبی ئیمام عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێشتریدا، ناكۆكی نێوان گروپی عەتەبە پیرۆزەكان كە مەبەست لێی گروپەكان سەربە نەجەفن لەگەڵ هاوتاكانی لە "حەشدی شەعبی" ئاشكراكرد، كە ئەوەش ناكۆكی ئیداری، لۆجستی، تەنانەت فیكریو عەقیدەیشە. ئاماژەی بەوەكرد" جەنگاوەری عێراقی هەن لەگەڵ رژێم لە سوریا، بەشێكی زۆریان بەمدواییە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانی تر كە ژمارەیان چەند هەزار كەسێكە هێشتا لەوێنو بەراشكاوی نازانین پارە لە كوێوە وەردەگرن". ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی " النجباو "و كەتیبەكانی حزبوڵاو بەدر خۆراسانی، كە چەند ساڵێكە بە یارمەتی دارایی ئێرانو پاڵپشتی رژێمی سوریا لەچەند ناوچەیەكی سوریا دەجەنگنو دارایی حەشدی شەعبی لە عێراق قۆستراوەتەوە لەبەرژەوەندی ئەو گروپانەدا. ئەم گروپە دژبەرانە بەشێوەیەكی مەركەزی بەستراونەتەوە بەحكومەتەوە، بەڵام لەڕووی پێدانی سەرچاوەی داراییو فیكرو ئایدۆلۆژیاوە جیاوازن، گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی چەند گروپێك لەخۆدەگرێتو بەر لە فتواكەی ساڵی 2014ی سیستانی (پێكهێنانی حەشدی شەعبی) دامەزراوە، ئەم گروپە خۆی وادەبینێت كە لە هەموو گروپەكانی تر زیاتر مافی داراییو ئیمتیازاتی هەیە، بەوپێیەی لەدوای ساڵی 2003وە هاوشێوەی بەدرو عەسائیبو كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دژی بوونی ئەمریكا شەڕی كردووە. ئەو، هاوكات نوێنەرایەتی هەژمونی سەربازی ئێران دەكات لەناو عێراقدا. هۆكارەكانی ناكۆكی 1- سەركردایەتی عەتەبەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت ناڵاندویەتی بەدەست گرفتی داراییو لۆجستییەوە، ئەمە كاریگەری كردوەتەسەر ئاستی ئەداو لێوەشاوەیی، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كێشانە تێكچوونی هاوسەنگییە لە دابەشكردنی داهاتی حەشد بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان لیواكانی حەشدی وەلائیو لیواكانی تری حەشددا بەتایبەتیش لیوای عەتەبەكانی مەرجەعیەت، ئەو رێگایەی كە سەركردایەتی باڵای ئۆپراسیۆنەكان لە دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری پێدەدات، وایكردووە لەلایەن لیواكانی حەشدی مەرجەعیەتو حەشدەكانی ترەوە هەست بەبێ ئومێدیو پەراوێزخستن بكرێت. 2- وەرگرتنی بڕیار لەلایەن سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانەوە لە دەستەی حەشد شەفافیەتی تێدا نییە، بەشێوەیەك سەركردایەتی لیواكانی تر ئەوانەی كە بەشدار نین لە فەرماندەیی باڵا، بێبەش دەكات لە دەركردنی بڕیارەكان هەروەك بێبەشیشیان دەكات لەوەی بۆچونی خۆیان بدەن لەبارەی هەندێك لە پرسەكانو پێشنیازی چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانەكان. 3- زانیاری تایبەت بە بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بەكەس نادرێت تاوەكو دوای دەرچوونی بڕیارەكە لەڕێگەی راپۆرتێكەوە كە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆكی پێشووی دەستەكەوە دەردەچێت یاخود سەرۆكی ئەركانی ئێستا دەستەی حەشد، ئەمەش بەس نییەو نابێتە هۆی ئەوەی سەركردەكانی تری لیواكان ئاگاداری ئەو بابەتانە بن كە گفتوگۆیان لەسەر كراوە. نەبوونی یەكسانیی لە بەشداریكردنی سەركردەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت لە بڕیارە چارەنوسسازەكانی دەستەی حەشددا بەتایبەتیش لە بڕیارەكانی رێكخستنی پەیكەرو هەڵبژاردنی ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی پرسیاری دروستدەكات لەبارەی رێزگرتن لەسەر ئەو بەشدارییە، ئەگەر بەشدارییەكی كرداری هەیە ئایا بۆچونێكی پێشنیازكراوی كاریگەر هەیە لە بڕیارەكەدا كە زۆربەی كاتەكان لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە لەلایەن سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە دەردەكرێن كە دەستیانگرتووە بەسەر پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی حەشدی شەعبیدا. لەم حاڵەتەدا هەروەك لە حاڵەتەكانی تریشدا ئەو پەراوێزخستنە توندەی سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت رێگە بەوە نادات كاركردن لەسەر ئەم پەیكەرەدا بەردەوام بێت، بۆیە هەنگاوی ناوە بەرەو چارەسەر بەئاڕاستەی جیابونەوەی تەواوەتی لە دەستەی حەشد، بەجۆرێك لە نیسانی 2020وە لیوای عەتەباتەكان لەڕووی ئیدارییو ئۆپەراسیۆنییەوە پەیوەندی بە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كردووەو لەژێر فەرمانی راستەوخۆی ئەودایە. 4- لیواكانی تر لەوانەی كە وەلائی نین (لایەنداری ئێران ناكەن) پەنجەرەی پەیوەندییان لەگەڵ سەركردەی لیوای عەتەبەكاندا كردوەتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەوانەوە لەوانەشە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی نوێ لەژێر هەمان چەتری یاساییو دارایی دەستەی حەشدی شەعبی، چونكە بەدیاریكراوی سەرایای سەلامو حەشدی سوننی هیچ بەرەوپێشچونێكی راستەقینە نابینن لەو دامەزراوەیەداو دەنگی حەشدە مامناوەندیو بچوكەكان بەشێوەی پێویست نابیسرێت، ئەمەش پێشێلكردنی بنەمای هاوسەنگییە لەناو دەستەی حەشددا. 5- كەسایەتییە ئاینییە مەرجەعییەكان داوایانكردووە ئەو سەركردانەی حەشد كە وەلائی نین رۆڵی ناوەندییان هەبێت لە دووبارە راستكردنەوەی پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی، بەتایبەتیش پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لەڕووی پێكهاتەو شێوازی كاركردنی، بۆئەوەی زیاتر دادپەروەرانەو شەرعی بێت، ئەمەش لەپێناو راستكردنەوەی كەموكورتییەكانی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی لیواو بەڕێوەبەرایەتییە سەرەكییەكان، بەتایبەتیش لەنێوان هەموو لیواكانی دەستەی حەشدو پۆستی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشد. هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە كەسایەتییەكانی مەرجەعیەتی ئاینیی لەنمونەی سەید ئەحمەد سافیو شێخ عەبدولمەهدی كەربەلائی داوایانكردووە دەرفەتی راستەقینە بدرێت بە سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت بۆ ئەوەی چاكسازی ریشەیی بكەن لە پێكهاتەی شێوازی كاری پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد، ئەوەش بە چاككردنی شێوازی نوێنەرایەتیو وای لێبكرێت زیاتر دادپەروەرانەو شەرعی بێت. 6- سەركردایەتی لیوای عەتەبەكانو سەرایا سەلام رەخنەیان هەیە لە بڵاوبونەوەی نوسینگەی ئابوری سەربە حەشدی وەلائیو لە زیاد لە بۆنەیەكدا داوایانكردووە لاببرێنو سزای ئەو لایەنانە بدرێت كە لەپشتی ئەو كارەوەن، ناكرێت بەهانە بۆ بوونی ئەم جۆرە نوسینگانە بهێنرێتەوە لەو ناوچانەی كە بە قوربانیدانی ئەو هێزانە ئازادكراون، نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو نوسینگە ئابورییانە بەبەهانەی ئەوەی لایەنی سیاسینو ناكەونە ژێر چاودێریی دەستەی حەشدی شەعبییەوە، حەشدی وەلائی هەندێك لەو نوسینگە ئابورییانە دەپارێزن. 7- كێشەی سەرەكی لە حەواڵەی موچەی تایبەت بە هێزەكانی حەشدو بەكارهێنانی تواناو سەرچاوەكانی دەستەی حەشدە، لەلایەن هەندێك گروپی وەلائییەوە كە سەربە لیواكانی حەشد نین، هەروەها كێشەی لیوا وەلائییە تێكەڵەكان كە باڵی سیاسی و هەندێك باڵی حكومیو هەندێكی تر لەناو حەشدو یەكێكی تر لە دەرەوەی دەستەی حەشد وابەستەیە بە دەرەوەی سنوری نیشتمانی پرۆژەی میحوەری مقاوەمەتەوە. لەبەر رۆشنایی ئەوەدا، پێویستی هەمواركردنی فەرمانی دیوانیی ژمارە (331) دەردەكەوێت بۆ رێكخستنی پەیكەری دەستەی حەشد، تاوەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ لەرێگەی چاودێریكردنی كاری پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لە دەستەی حەشددا. ئاستەنگەكانی چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد لەڕێگەی رێككنەكەوتن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەبارەی پرسی دوبارە رێكخستنەوە، وێنەكە روونە، رێكنەكەوتن دەبێتە ئاستەنگێكی راستەقینە لەبەردەم هەمواركردنی پەیكەری پێشنیازكراو لە فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)دا. ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ساڵی 2018وە لەژێر چەتری حەشددا كراون، بە لێدوانی رەتكردنەوەی پێشوەختەی سەركردەی عەتەبەكانو سەرایا سەلام دەستیپێكردووە، دادپەروەری لە دابەشكردنی پۆستەكانی پەیكەری حەشددا، بەشدارییەكی گشتگیرتر، هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكان تائێستا بابەتێكی زۆر گرنگو بەبایەخن. لەسەر بنەمای ئەو پێدراوانەی پێشوو، دەتوانین تێبگەین لە داواكارییەكان بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان بەسەر سەركردەكانی حەشددا بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو لەسەر بنەمایەكی ستراتیژی، بەجۆرێك پشكی سەركردە وەلائییەكان گونجاوبێت لەگەڵ قەبارەی توانا مرۆییەكانیان كە نزیكەی 35%ەو ئەو رێژەی 65%ی كە دەمێنێتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەسەر حەشدەكانی تردا، دەكرێت دیارترین ئاستەنگەكان ئەمانە بن: 1- ئیشكالیەتی ئەو حەشدانەی كە پەیوەندی سیاسیو سەربازیی ناوخۆییو دەرەكییان هەیە، رەنگە ببێتەهۆی ئیفلیجكردنی دەستەی حەشد بەهۆكاری زۆربوونی ئەگەرەكانی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ زیادبوونی رێژەی پۆستی سەركردەكانی حەشدی وەلائی، ئەمە دەبێتەهۆی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ بەشێوەیەكی شورەیی بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیانو بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانیان بەتایبەت لەكاتی بوونی دژبەیەكی لەنێوان جەمسەری سەركردایەتی مەرجەعەكانو ناكۆكی تێڕوانین لە پرسە نێودەوڵەتییەكاندا. 2- داماڵینی چەكی گروپەكانو كورتكردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا، لەپاڵ كێشەی پلە سەربازییەكانو تەمەنو بڕوانامەی خوێندنو پلەبەندی سەربازی جەنگییو لۆجستی.. ئەم ئاستەنگە رەنگە هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات بە شانۆی مشتومڕی دورودرێژو قوڵو لە كۆتایدا رێگر بێت لە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی خێرا. 3- لێرە دا دەبێت تەماشای ئەگەری گونجانی ئەم سەركردایەتییانە بكەین لەژێر یاسای (40)ی 2016دا، ئایا سەركردایەتی حەشدی وەلائی ئامادەن بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی كە هەیانە لەگەڵ ئەندامە پێشنیاركراوە نوێیەكان، بەتایبەتیش مافی بڕیاردانو ڤیتۆكردنی بڕیار لەگەڵ ئەو گروپو حەشدانەدا كە پێشتر نەیارو ركابەربوونو لەئێستادا بوون بە هاوڕێ ؟ 4- گفتوگۆی ئێستا پەیوەندیدارە بە پەیوەندی نێوان ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداویو مەیسەم زەیدی، هەریەكێكیان ئەتوانێت ئەوی تر تێپەڕێنێت. وەكو باسمان كرد، لیوا وەلائییەكان لەگەڵ بەلاداخستنی كێشەكەدان بەڵام بەمەرجێك لیوای عەتەبەكان لەڕووی یاساییو داراییەوە ملكەچی دەستەی حەشدی شەعبی بنو هێزەكانیان بخەنەژێر فەرمانی نوسنیگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە لەڕووی ئیداریو داراییەوە. بەواتایەكی تر، سەركردەی عەتەبەكانو مەیسەم زەیدی ناتوانن سەركردایەتی حەشدی وەلائیو ئەبو فدك تێپەڕێنن. سەرباری ئەمەش حەشدی وەلائی پێویستی بە حەشدی مەرجەعیەت هەیە وەكو ئامرازێكی گرنگ بۆ بەهانەی بوونی دەستەی حەشدی شەعبی لەڕووی ئاینییو پەیوندی دروستكردنی دەستەكە بە فتواكەی 13ی حوزەیرانی 2014ی مەرجەعیەتی نەجەف كە بە فتوانی "الدفاع الكفائی" ناوبانگی دەركرد، هەڵسوكەوتی راگەیاندنی حەشدی وەلائی لە شەش ساڵی رابردوودا دەریخست، فتواكەی مەرجەعیەت بەكاردەهێنن بۆ پێدانی شەرعیەتی ئاینیی بە سیاسەتە شەڕخوازانەكانی، بەڵام پرسیاری كۆتایی ئەوەیە ئایا ئەو حەشدەی كە وەلائی نییە دەتوانێت پێویستی خۆی بە حەشدی وەلائی لەڕووی سەركردایەتیو ئۆپەراسیۆنو ئەمنیو هەواڵگریو پیشەییو پەیوەندی سیاسیو هێزی تایبەتو پیشەسازی سەربازییەوە، تێپەڕێنێت؟ پێشنیازەكان: ئەوانەی پێشتر دەریدەخەن پێكهاتەی ئێستای پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی ناگونجێت لەگەڵ سیستمی سیاسی ئێستاو ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەریدا هاتووە، ئەوانەی ئەمڕۆ نەیاری پەیكەری حەشدی شەعبین زۆر زیاترن لەوانەی كە لەسەرەتای دروستكردنیدا لەدژی بوون. سەرباری ئەمە حەشد لەئێستادا روبەڕووی چەندین قەیران بوەتەوە ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی گەورەی خۆرئاواو وڵاتانی عەرەبی عێراق هاندەدەن بۆ ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوەو رۆڵو دەسەڵاتەكانی لەقاڵب بداتو توانا مرۆییەكانی كامبكاتەوە یاخود پێداچوونەوە بكات بە پرۆسەكانی تێكەڵكردنی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان یاخود بیكات بە هێزێكی یەدەگ كە لەكاتی پێویستدا بانگیان بكاتەوەو موچەیەكی خانەنشینی دادپەروەرانەیان پێبدات.. پەیكەری ئێستا حەشدی شەعبی گوزارشت ناكات لەو گۆڕانكارییە دراماتیكیە سیاسیو ئابوریانەی ئێستاو دەبێت حەشدە وەلائییەكانی تر بەهێزبكرێن لە زەمەنێكدا كە قەیرانی جۆراوجۆرو تێكهەڵچوو بەخۆوە دەبینێت لەوانە تیرۆری نێودەوڵەتیو ململانێ ناوخۆییو نێودەوڵەتییەكانو زیادبوونی هەژاریی، هەموو ئەمانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر پێویستی دوبارە داڕشتنەوەی پەیكەری دەستەی حەشد. لە كۆتایدا پێویستە پێوەری دیاریكراو و روون دابنرێت بۆ پۆستەكانی دەستەی حەشدی شەعبیو پەنابردن بۆ بەكارهێنانی یاسایی سەربازی دژ بە كەسێك كە یاخی دەبێت، هەروەها رۆڵی ئاسایشو یاساو پشكنەرایەتی حەشد كارا بكرێت بۆ داخستنی نوسینگە ئابورییەكانو سزادانی سەرپێچیكارانو رێگریكردن لە كاری سیاسیو حزبی، تاوەكو ئەم دەستەیە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەناو جەستەی دەوڵەتی عێراقیدا بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ یاساو دەستوری عێراقدا. هەروەك پێویستە كارەكانی دەستەی حەشد ملكەچ بكرێت بۆ چاودێری داراییو كارگێڕیی لەرێگەی كاراكردنی رۆڵی چاودێری حكومیو پەرلەمانیی بۆ رێگرتن لە دەرچوونی بڕیاری نایاسایی كە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای عێراقی بێت.
دیداری: گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێوارەی ئەمڕۆ د.هشام هاشمی شارەزای بواری گرووپە تیرۆریستییەکان و شرۆڤەکاری دیاری عێراقی لە شاری بەغدا تیرۆر کراو. بەر لە تیرۆركردنی لە مانگی ئایاری رابردوودا دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری ئاییندە ناسی سازكردووەو هۆكاری جموجوڵی داعشی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان گەڕاندۆتەوە بۆ درز و كەلێنی ئەمنی نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان لەو ناوچانە. پرۆفایلی د. هشام هاشمی هوشام ئەلهاشمی لەدایكبووی 1973ی بەغدایە، پسپۆڕییەكەی كارگێڕی و ئابوورییە، بەڵام لە كۆتایی نەوەدەكانەوە گرنگیدانی بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵە ئیسلامییە چەكدار و ئسوڵی و توندڕەوەكان هەیە و لە سەردەمی سەددام حسێن لەسەر گرنگیدانەكانی، بەند كراوە. لەدوای 2003، كاری دۆكیۆمێنتاریی كردووە لەگەڵ میدیای بیانی و ناوخۆیی سەبارەت بە داعشەوە و گەنجینەیەكی گەورەی لەو بوارەدا پێك هێناوە كە خۆی لە سێ كتێب و نزیكەی 500 وتار و توێژینەوە دەبینێتەوە. كتێبەكان بریتین لە: عالم داعش، تنڤیم داعش من الداخل، نبژە عن تاریخ القاعدە فی العراق، ئێستاش وەك ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی عێراق كار دەكات و ماوەیەكیش ڕاوێژكاری حكومەتی عێراق بووە بۆ كاروباری ئاسایش. دەقی چاوپێكەوتنەكە: ئایندەناسی: نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ جنین بلاسخارت، لە دوا پەیامی خۆیدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، هۆشیاری دا لە چالاكییەكانی ڕێكخراوەكە لە پشتێنەی چواردەوری بەغدا و ڕۆژهەڵاتی دیالە، ئایا داعش تاكە لایەنە كە ئاسایشی ئەو ناوچانە بخاتە مەترسییەوە، یان گرووپی تر هەن؟ بەتایبەت كە بە پێچەوانەی ڕەفتاری پێشووی داعشەوە كە دیل كوشتنە، ئێستا مامەڵەكردن بە ڕفێنراوەكان هەیە بە دەوروبەری 50 هەزار دۆلار؟ هشام هاشمی: ژمارەی داعشەكان لە سێ مانگی یەكەمی 2020، بە دەوروبەری 3500-4000 چەكدار خەمڵێنراوە كە لە 10 كەرتی جیاجیای عێراقدا هەن و تەنها دیالە و بەغدا نییە. ئەم ڕێكخراوە هەڵمەتێكی نوێی ڕیكلامی ڕێك خستووە لەژێر ناوی "العاقبە للمتقین" لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق، كە نوێكردنەوەی بەیعەت لەخۆ دەگرێت و لەمەشدا پشتئەستوورە بەو دەرامەتە مرۆییانەی لە شەڕی داعش تێك شكان، بەم دواییانەش داعش تەكتیكێكی تری گرتۆتە بەر كە ئەكتیڤكردن و وەرگرتنی ئەوانەیە كە هیچ ئاماژەیەكی ئەمنییان لەسەر نییە یان داواكراوی قەزایی نین، ئەمەش لەبەر بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی سەربازی و سیاسی. ئایندەناسی: بژاردەكانی بەردەم داعش چین، بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ڕووكاری ڕووداوەكان؟ هشام هاشمی: داعش لە چەند ڕوویەكەوە كار دەكەن، كە یەكێك لەوانە دۆسیەی ئابووری و ئەوی تر هیی سەربازییە. لە بواری ئابووریدا تۆڕی دارایی ئەم ڕێكخراوە زۆر لێزانن لە خۆدزینەوە لە سیستمە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمانە لە ناوخۆی عێراقدا وەبەرهێنانەكانی خۆیان لە كەرتی گواستنەوە و وزە و بازرگانیی گشتی و كشتوكاڵ و دەرمان و چیمەنتۆ و جگەرە بەڕێوە دەبرێن و بۆ ئەمەش پێویستیان بە كەسانێكە نیشانەی پرسیاریان لەسەر نەبێت یان لە ڕووی ئەمنییەوە داواكراو نەبن، ئەم پڕۆسەیەش بۆ داعش دەستكەوتێكی تازەیە بۆ ئەو شارانەی بڕێك ئارامن لە 2020 و پێشتر بە ڕووی داعشدا كراوە نەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەكردنی داهاتی دارایی داعش و بنەما ئابوورییەكەی و بۆ ماوەیەكی درێژیش پارەكانی داعش دەپارێزێت. لە ڕووی سەربازییەوە، بەیعەتەكان توانای داعش نوێ دەكەنەوە بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، كە تێیدا بتوانێت بەرەی نوێ بكاتەوە كە پێشتر نەیبووە. لەم ڕێگایەوە دەتوانێت كێشە دروست بكات بۆ پلانەكانی داهاتووی هاوكاریی خەڵكی ناوچە نوێیەكان، بەتایبەت گوندنشینەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، بەم پێیەش ئەوەی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبێتەوە، كۆمەڵێك مەفرەزە و خانەی پەیوەستن لە داعش كە پێشتر بەرەنگاری هێزە ئەمنییەكان نەبوونەتەوە. ئایندەناسی: پێگە و ڕۆڵی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان چۆنە؟ بۆچی چاوی ئەم گرووپە زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەیە و لە ئێستادا دۆخی ئەو ناوچانە لە ڕووی ئەمنییەوە چۆنن؟ هشام هاشمی: داعش ئەم ناوچانە بە گرنگترین پێگەی جێگە نفوزی خۆی دەزانێت، هەروەها گرنگترین ناوچەشن بۆ داعش، چونكە كێوماڵ و پشكنین و پاككردنەوەیان شكستی هێناوە بە هۆی هەبوونی دەیان مەفرەزەی داعش لەم ناوچانە جیاواز لە ناوچەكانی تر، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی ئەم ناوچانە پێگەی ئاڕاستەكردنی داعشن بۆ سەرجەم ناوچەكانی تری عێراق. جگە لەوەش هەر بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی عێراق، داعش هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی گوندە زیانلێكەوتووەكانە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵام لە 2020-دا ئەم ڕێكخراوە پلانی خۆی گۆڕی بۆ داڵدەدانی ڕەگەزی نوێ لە گوندی قەراخ شار و شارۆچكەكان و چالاكییەكانی خۆی گواستەوە لە ناوچە بەرزایی و بیابانەكان بۆ شارەدێ و گوندە ستراتیژییەكان، بەتایبەت لە باكووری ڕۆژهەڵاتی دیالە و باشووری كەركووك و باشووری نەینەوا لەگەڵ باشووری سامەڕا و باكووری بەغدا. بەپێی قسەكانی ئاژانسی ئەعماقی سەر بە داعشیش بێت، ئەوە لە 2020دا ئەم ڕێكخراوە دەوروبەری 135 كاری تیرۆریستیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە (لایەنە فەرمییەكانی عێراق گومانیان لە 76%ی ئەو چالاكییانە هەیە و 24%یان پشتڕاست دەكەنەوە). تۆڕەكانی داعش یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش بەزاندنی سنووری خیڵەكیانە و ناوچەگەریانەی ناوچە سوننەكانە بۆ ئاشتكردنەوەیان لەگەڵ خۆیان و گۆڕینی ڕقەكەیان بۆ دۆستایەتیی داعش. ئایندەناسی: چ تەكنیكێكی نوێ لە كاری ئێستای داعش هەیە و ناوچە كوردستانییەكان یان هێزی پێشمەرگە، لەكوێی پلانی نوێی ژیانەوە و گەڕانەوەی داعشدان؟ هشام هاشمی: ئامانجی مەفرەزە نوێیەكانی داعش، بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی عەشایەری و حەشدی ناوچەیی و هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبییە. ئەوان كردەكانی تیرۆركردن بە چەكی قەناسیان ئەكتیڤ كردووە لە خانەقین و جەلەولا و سەعدیە، سەرانە و پارە وەردەگرن لە جووتیارەكان و شوانی مەڕوماڵات و خاوەن پڕۆژە بچووكەكان یان ئەوانەی سەرقاڵی گواستنەوەی نەوتن یان لە پڕۆژەكانی گەیاندن و ئینتەرنێت یان هیڵی كارەبا كار دەكەن. تەكنیكی نوێی ئەم ڕێكخراوە هەندێ شتی تر لەخۆ دەگرێت، وەك دروستكردنی دەستەی تایبەت بۆ هاوەن هاویشتن و ڕۆكێت دژ بە گوندە كوردی و كاكەیی و توركمانییە شیعەكان، بەمەش كاری خۆكوژی كەمتر دەكەنەوە. بۆ بازرگان و خاوەن سەرمایەكانیش، ئۆتۆمبێلی بە بۆمب چێنراو بەكار دەهێنن تا ناچاریان بكەن هاوكاریان بن بە پارە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ ئەوەی شۆی میدیایی دروست بكەن بە ڕفاندنی دیبلۆمات و خەڵكانی ڤی ئای پی، بەپێی دانپێدانانی كۆمەڵێكیان لە 2020 كە دەستگیر كرابوون. ئایندەناسی: لەپاش ڕاگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا، بارودۆخی سنوورەكان چۆنن بەتایبەت ئەوانەی بەری سووریا كە دەرچەی دزەكردنی داعش بوون بەرەو عێراق لە حوزەیرانی 2014؟ هشام هاشمی: لە ناوچەكانی سنوور لەگەڵ سووریا كە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری لێیە، هەوڵی گێڕانەوەی هاوسەنگی دەدرێت. خەڵكی ئەو ناوچانە دەرپەڕێنراون لە جێگەی خۆیان و زۆربەی كات خەریكی ئێشكگرتنن، ئەوانە نە دەتوانن پشوو و ئارامی وەربگرن، نە دەتوانن كاری تایبەتی خۆیان بكەن، چونكە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن و هەر خەریكی ئێشكگرتنن لەسەر سنوور و لە ڕەبیەكان. سنوورەكان كە هێزی فرەڕەگەزی لێیە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، گرنگترین پەناگەن بۆ داعش و ماڵ و موڵكی خەڵكی ئەو ناوچانەیان داگیر كردووە. سنوورەكان پێشینەی مێژووییان هەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە لە عێراق لە ڕۆژگاری زەرقاوی، سەرەتای ئەوە لە دوورگەی ڕاوە بوو، پاشان ئەبو حەمزەی موهاجیرە "ڕوماننە"ی كردە بارەگای خۆی، بەغدادی بەخێرایی بادیەی ڕۆژئاوای هەڵبژارد بۆ ئەو ئەركە كە خۆی لە بنەڕەتدا پێگەی چەندین ڕەگەزی سەربازیی جۆراوجۆر بوو. فراوانیی سنوورەكان و ئاڵۆزیی پێكهاتە جوگرافییەكانیان و جۆراوجۆرێتیی سامانەكانی، ئامانجێكی سەرنجڕاكێشە بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستەكان. خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بیركردنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و سنوورەكانیش هێمایەكی سەرەكین بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژئاوا كە نەخشەی كێشاوە. ئاستەكانی توندوتیژی لە سنوورەكان بەرزن، بە بەراورد بەو گوندانەی كە نزیكن لە شارەكان. سنوورەكان هیچ كات بەرەنگاری پڕۆسەیەكی سەربازیی گشتگیر نەبوون، هاوشێوەی شارەكان بۆ پاككردنەوەیان لە پاشماوەكانی داعش. مەترسییەكانی داعش لە بادیەی ڕۆژئاوای عێراق و باكووری فوڕات و بیابانی ئەنبار هەر بەردەوامە و بەرەو ئاستی ترسناك بەرز دەبێتەوە. ئایندەناسی: زۆر باس لە مەترسیی خێوەتگا و ئۆردووگاكان دەكرێت وەك سەرچاوەیەك و پێگەیەك بۆ ژیانەوەی داعش، ڕۆڵی ئەو جێگایانە چین كە هاوتای گرتووخانەی پێشووی بوكا و ئەبو غرێبن؟ یان ئەوانەی لەوێ تازە گەڕاونەتەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی خۆیان، ئایا جێگەی مەترسی نین؟ هشام هاشمی: ئەو خێزانانەی لەوێ گەڕاونەتەوە، پێیان وایە كۆتایی توندڕەوی دوورە، زۆر جاریش باس لەوە دەكەن گەڕانەوەی داعش نزیكە و ئەم جارەش گەڕانەوەكە بەنهێنی دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی درز و كەلێنی ئەمنیی تیایە، وەك پانتاییەكانی نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان یان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان. جگە لەوەش گوندە سنوورییەكان وەك وتمان هێشتا پەناگەی هێزە چەكدارەكانن، كە بەشی زۆریان تەكفیرین و لە 101 ڕەگەزنامە و وڵاتی جیاجیاوە هاتوون بۆ عێراق و سەربازگە و پەناگەیان دروست كردووە.
(درەو): لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام بەمەرج، عەرەبی سونە رازیەو توركمانیش بە پۆستێكی وزاری رازی كراون. دوێنێ شەو لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەغداد رێككەوتنێك ئیمزا كرا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگالەوە تاوەكو خانەقین دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان. لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەری"ی 2017، هێزی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە، بەڵام بەپێی ئەم رێككەوتنە نوێیە بە چەند مەرجێك جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، كۆبونەوەی دوێنێ شەوی كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار، درێژكراوەی زنجیرەیەك كۆبونەوەی پێشتر بووە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناكۆكەكانو روبەڕوبوونەوەی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە. لەو كۆبونەوانەی كە پێشتر لەوبارەیەوە كراون، لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیو لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە محەمەد تەمیم وەكو نوێنەری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو لە پێكهاتەی توركمانیش ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی بەشداربوونو ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە بوون. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەركردووە، هێزی پێشمەرگە بەم مەرجانە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان: • ئەو هێزانەی كە لە ناوچە جێناكۆكەكان جێگیر دەبن بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاڵای حزبیی هەڵبكەنو دەبێت هێزی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بنو لەژێر كۆنترۆڵی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا بن. • رێگە بە جێگیركردنی هێز لەناو شارەكان نادرێتو دەبێت هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیو سوپای عێراق لە دەرەوەی شارەكان بن، بەرپرسیارێتی ئەمنی ناو شارەكان لەئەستۆی هێزەكانی پۆلیسدا دەبێت. بەگوێرەی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبونەوەی نێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراقدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی كاراكردنی لیژنەی كاری هاوبەشی هەردوولاو چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان، بەتایبەتیش لەگەڵ زیادبوونی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە. جەبار یاوەر ئاشكرایكرد، (4) ناوەندی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ دروستدەكرێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و بەهێزكردنی هەماهەنگی بۆ روبەڕووبونەوەی داعش. (درەو) زانیویەتی، نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان بەدیاریكراویش بەرەی توركمانی كە ناڕازیی بوون لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستێكی وزاریدا قایل بوون بە بڕیاری گەڕانەوەی پێشمەرگە. ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات لەگەڵ ئیمزاكردنی بڕیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، (حەسەن بەیاتی) لەسەر پێكهاتەی توركمان كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت. سەرباری رێككەوتنەكە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەتەواوەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك رەتدەكەینەوە. بەیاننامەكەی بەرەی توركمانی ئاماژە بەوەدەكات، بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (مستەفا كازمی) بڕیارێكی تاكڕەوانەو بە تەوافوق لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی داوە. بەرەی توركمانی دەڵێ:" پارێزگای كەركوك بەپێی دەستور دەكەوێتە دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان، هەرجۆرە ئامادەگییەكی پێشمەرگە تێیدا، بە سەرپێچییەكی روونی دەستور ئەژماردەكرێت". بەرەی توركمانی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بە گەڕانەوەی سەردەمی "تیرۆرو رفاندن" لە پارێزگاكە ناودەباتو داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە، بۆ ئەمەش بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بەبیری مستەفا كازمیدا دەهێنێتەوە كە لە 21/10/2017 دەرچووەو رێگری لە بوونی هەر جۆرە هێزێكی ئەمنی دەكات لە كەركوك جگە لە هێزە فیدراڵییەكان.
(درەو): بندیوارەکان.. ئەوانەی کاریان بۆ حزب دەکردو موچەیان لە حکومەت وەردەگرت لە ساڵی ٢٠١٥وە بە فەرمی خراونەتە ناو چوارچێوەی حکومەت و دابەشکراون بەسەر وەزارەت و دامودەزگاکاندا بەڵام کێشەکەیان هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەشی زۆری ئەمانە کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتێدان دۆسیەو بەراییان نیەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە، بەپێ یاسای چاکسازی پلەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام پارتی بەبەهانەی لافاوەکەی ساڵی ٢٠٠٦ی هەولێر کێشەی بندیوارەکانی خۆی چارەسەرکردووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا لەبارەی بندیوارەکانەوە کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠١٥ لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، رێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان. بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان یەکێک لەو دامەزراوانەی حکومەت بوو کە زۆرترین موچەخۆری "بندیوار"ی لەخۆگرتبوو، بندیوارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کەوتە بەردەم سەرەنجی لیژنەی ئەوکاتی حکومەتی عێراق بۆ وردبینی لە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم. ئاماری دیاریکراو لەبارەی ژمارەی ئەوانەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە دامەزرێندراون لەبەردەستدا نییە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان باسلەوە دەکەن یەکێتی و پارتی (٦ هەزار) کەسیان لەسەر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دامەزراندووەو ئەو کەسانە ساڵانێک بەبێ ئەوەی بەفیعلی فەرمانبەری حکومەت بن، موچەیان لە حکومەت وەرگرتووەو لەبری ئەوە کاریان بۆ حزب کردووە. ژمارەی ئەوانەی کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون بە (٤ هزار کەس) دەخەمڵێندرێت، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لە رێژەکەی سنوری یەکێتی (٥٠٠) کەس لەوانەی دامەزرێندراون سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی و حزبی سوسیالیست بوون، لە سنوری ئیدارەی پارتیش نزیکەی (٢ هەزار) کەس دامەزرێندراون. یاسای چاکسازی و بنیوارەکان لە یاسای چاکسازیدا کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراو سەرەتای ئەم مانگە خرایەبواری جێبەجێکردن هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی دامەزراندنی هەموو ئەو کەسانە هەڵوەشێندرێتەوە کە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان بوون، بەوپێیەی بەرایی دامەزراندنیان نەبووەو فەرمانبەری فیعلی نەبوون، بەڵام یەکێتی قایل نەبوو، بەڵام لە یاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پلەی وەزیفی و بڕوانامەو ساڵانی خزمەتی فەرمانبەراندا بکرێت و ئەوانەی بە ناشایستە پلەیان وەرگرتووە لێیان وەربگیرێتەوە، ئەمە ئێستا ئاڵنگارییەکی ترە کە روبەڕووی تیمی یەکێتی لە حکومەت بووەتەوەو بەپێی زانیارییەکانی (درەو) بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ بەرایی ئەو کەسانە کە زۆربەیان کادری یەکێتین. لافاوەکەی هەولێرو بندیوارەکانی پارتی زۆرێک لەوانەی کە پێشتر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون و دواتر بە فەرمانی وەزارەتی دارایی گواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی تر، ساڵانی زۆری خزمەتیان بۆ ئەژمارکراوەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە لەکاتێکدا هیچ بەراییەکیان نییە کە بیسەلمێنێت بەشێوەیەکی فیعلی دەوامیان کردووە، هەندێکیشیان کێشەی بڕوانامەیان هەیە، ئەگەر لە یاسایی چاکسازیدا دەست بۆ کەیسی ئەم کەسانە ببرێت یەکێتی دوچاری زیان دەبێت، چونکە ئەوانەی لە پشکی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون، کێشەی دۆسیەو بەراییەکانیان چارەسەر نەکراوە، بەڵام پارتی پێشوەختەو لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرلە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان، کێشەی ئەندامانی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان چارەسەرکردووەو بەرایی و ساڵی خزمەتی بۆ دروستکردوون. بەپێی نوسراوێک کە لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٥دا رابەر سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئیمزای لەسەر کردوووە، بەبەهانەی ئەوەی دۆسیەکانیان لە لافاوەکەی ساڵی (٢٠٠٦)ی هەولێردا تیاچووە، دۆسیە بۆ ژمارەیەک لەو کەسانە کراوەتەوە کە لەسەر پشکی پارتی لەسەر فەرمانگەی رێکخراوەکان دامەزراون و موچەیان وەرگرتووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، لەم پارەیە لانی كەم (960 ملیار) دیناری دەكەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت (765 ملیار) دینارە، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواكەوتنی دابەشكردنو كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران توانای كڕینی لاوازكردووە، ئەمەش لەپاڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر سستبونی جوڵەی بازاڕ دروستكردووە. سكاڵای بێبازاڕیی لە هەرێمی كوردستان بازاڕ ئیفلیج بووە، خاوەن دوكانو بازاڕەكان سكاڵایانە لەدەست كەمبوونەوەی توانای كڕین، خواستی كڕین لە هەرێمی كوردستان لەدوولاوە كەوتوەتە ژێر كاریگەری: • ترسی خەڵك لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپارێزی لە سەردانكردنی بازاڕو شوێنە گشتییەكان. • دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتەوە بەسەر موچەخۆراندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكدا بەر لە جەژنی رەمەزان وتی: رێژەی 80%ی كۆی داهاتی حكومەت بۆ موچەی موچەخۆران دەچێت، ئەمە ئێستا كێشەی تێكەوتووە، داهاتەكانی حكومەت بەشی موچە ناكات، دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ دواكەوتووە، سەرباری ئەمە بۆ موچەی مانگی شوبات حكومەت رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەرانی بڕی، ئەم دۆخە جۆرێك ترسی لای موچەخۆران دروستكردووەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین لای ئەو توێژەی كۆمەڵگا دروستكردووە كە بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت رێژەی 20%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێننو موچەكانیان سەرچاوەی بژێوی خێزانەكانیانە. خواست لە بازاڕدا سەرباری مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرێك لە دوكانو بازاڕاڕەكان كراوەن، بەڵام كاتژمێرەكانیان لە چاوەڕوانی هاتنی كڕیاراندا تەواو دەكەنو خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش كۆرۆناوە دەبینن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو): • پێشەنگای كڕینو فرۆشی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی كە بە "مەعرەزەكان" ناسراوە، پێش دەركەوتنی كۆرۆنا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە لەیەك پێشەنگادا نزیكەی (15) گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئیمزاكراوە، بەڵام ئێستا (2 بۆ 3) گرێبەست دەكرێت، واتا بەرێژەی (75%) كڕێنو فرۆش لە بازاڕی ئۆتۆمبیلدا كەمیكردووە. • دوكاندارێك جلوبەرگ كە پێش دەركەوتنی كۆرۆنا رۆژانە بەبەهای (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) دیناری جلوبەرگی فرۆشتووە، ئێستا رێژەكە كەمبوەتەوە بۆ (75 بۆ 100 هەزار) دینار، واتا بە رێژەی (80% بۆ 90%) خواستی كڕین لەسەر جلوبەرگ كەمیكردووە. • چاییچیەك ئەگەر پێش دەركەوتنی كۆرۆنا، رۆژانە (400 بۆ 500) چای فرۆشتبێت، ئێستا رێژەكەی بۆ (40 بۆ 50) چایی كەمبوەتەوە، واتا خواست لەسەر خواردنەوەی چا لە شوێنە گشتییەكان (10) هێندە كەمیكردووە. • لەفەفرۆشێك لە شوێنە گشتییەكان ئەگەر پێشتر (350 بۆ 400) لەفەی فرۆشتبێت، ئێستا نزیكەی (60 بۆ 70) لەفە دەفرۆشێت، واتا شەش بۆ حەوت هێندە خواست لەسەر خواردنی سەر شەقامو دوكانەكان كەمیكردووە. • شۆفێرێكی تاكسی ئەگەر پێشترو بەر لە كۆرۆنا (15 بۆ 10) جار سەرننشینی هەڵگرتبێتو بۆ هەر سەرنیشێنك بڕی (3 هەزار) دیناری وەرگرتبێت، داهاتی رۆژانەی نزیكە (50 بۆ 60 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان (5 بۆ 7) تاكسی دەكاتو داهاتەكەی كەمیكردووە بۆ (15 بۆ 30 هەزار) دینارو لەو رێژەیەش كەمتر، واتا (60%) داهاتەكەی كەمیكردووە. رێكخستنەوەی لیستی خەرجی دۆخی دارایی حكومەتو بڕینی موچەو دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆی، دۆخێكی ئابوری نوێی بەسەر خێزاندا لە هەرێمی كوردستان سەپاندووە، دۆخێك كە نەبوونی متمانە بەسەریدا زاڵەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین دروستكردووە. بەر لە كۆرۆنا ئەگەر خێزانێك داهاتی مانگانەی (ملیۆنێك) دینار بوبێت، لەو داهاتە لە مانگەكەدا بڕی (800 بۆ 900 هەزار) دیناری لە مانگەكەدا خەرجكردووە، واتا رێژەی (80% بۆ 90%)ی داهاتەكەی خەرج كردووە، بەڵام ئێستا سەرباری ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر خواستی كڕین دروستكردووە، خێزانێك كە ئەگەر داهاتی مانگەی ملیۆنێك دیناری موچەی مانگانە بێت، ئێَستا ئەم داهاتە بووە (500 هەزار) دینار، چونكە حكومەت دابەشكردنی موچەی بۆ (60 رۆژ) درێژكردوەتەوە، سەرباری لێبڕینی 21%ی موچە لە هەموو موچەخۆرێك، بەم دۆخەوە ئەگەر خواستی كڕین وەكو پێشتر لە شوێنی خۆیدا بێت، ئەوا كۆی خەرجی ئەو خێزانەی كە داهاتەكەی لە ملیۆنێكەوە بووە بە 500 هەزار دینار، لە مانگێكدا تەنیا (400 هەزار) دینار دەبێت، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر خواست لە بازاڕدا دروستكردووە. قەیرانی دواكەوتنو كەمكردنەوەی موچە وای لە زۆرێك لە خێزانەكان كردووە جارێكی تر لیستی خەرجییەكانیان رێكبخەنەوەو چاو بە لیستی پێداویستی مانگانەیاندا بخشێننەوە. پاشەكەوتی پارەی خێزان لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی دواكەوتنی موچەوە زیانی گەورەی بەركەوت، بەشێكی زۆر لە خێزانەكان ئەو پارەیەی كە پێشتر پاشەكەوتیان كردبوو، لە قەیرانی دواكەوتنی موچەدا خەرجیان كردووە، نەمانی پارەی پاشەكەوتكراو وەكو پاڵپشتی بۆ كەمبونەوەی رێژەی موچە، بەهەمان شێوە كاریگەری لەسەر ئارەزووی كڕین دروستكردووە، موچەخۆر بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەی تێیكەوتووە، كاتێك موچەی مانگانە وەردەگرێت دەیەوێت ئاستی پاشەكەوت زیاد بكاتو رێژەی خەرجییەكانی زیاتر لە كڕینی خۆراكو پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەدا كەمبكاتەوە. هەموو ئەم بارودۆخە كاریگەری لەسەر بازاڕ دروستكردووەو جوڵەی كڕینو فرۆشتنی توشی ئیفلیجی كردووە. حكومەتو دۆخی بازاڕ پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، بڕی (894 ملیار) دینار خەرجی موچە بوو، (150 ملیار) دیناری خەرجی وەزارەتەكان بوو، (150 بۆ 200 ملیار) دیناریشی خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بوو. بەشی زۆری ئەم خەرجیانە پارەكەیان دەچووە ناو بازاڕەكانەوەو تواناو خواستی كڕینی بەهێزكردبوو، ئەگەر پێش كۆرونا ئەو (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری مانگانەی خەرجی حكومەت رێژەی 80%ی چوبێتە بازاڕەوەو تەنیا رێژەی 20%ی چوبێتە پاشەكەوت، مانگانە (960 ملیار) دینار چووەتە بازاڕەكانەوە، بەڵام حكومەت ئێستا كۆی خەرجییەكانی لە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینارەوە بۆ (600 ملیۆن) دۆلاری موچەو (45 ملیۆن) دۆلاری خەرجی وەزارەتەكان كەمكردوەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە (765 ملیار) دینار، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواخستنی دابەشكردنی موچە بۆ (60 رۆژجارێك) رێژەكەی لەوە زیاتریش كەمكردوەتەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دكتۆر كاروان حەمەساڵح پسپۆڕی ئابوری وتی:" بێبازاڕی بەشێكی بۆ رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام پشكی گەورەی بێبازاڕی پەیوەستە بە ناجێگریی بارودۆخی سیاسیو ئابوری هەرێمی كوردستانەوە، كە خەریكە دۆخەكە لە قەیرانەوە سەردەكێشێت بۆ گێژاو". بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە" لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیادتر لە (3 ملیار) دۆلار لە بازاردا كشاوەتەوە، ئەمە دۆخی بازاڕی توشی شكست كردووە". خەرجی تاكو خێزان ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، خەرجی تاكو خێزان لەسەردەمی پێش كۆرۆنا بەبەراورد بە دوای كۆرۆنا زۆر كەمیكردووە. بەپێی قسەی مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە هەرێمی كوردستان (239 هەزار) دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زۆرترین خەرجی تاك لە پارێزگای سلێمانیدا بووە بە بڕی (234 هەزار) دینار. • كەمترین خەرجی لە پارێزگای دهۆك بووە بە بڕی (199 هەزار) دینار بۆ هەر كەسێك. • لە پارێزگای هەولێریش خەرجی تاك لە مانگێكدا (211 هەزار) دینار بووە. سەبارەت بە خەرجی خێزان، بەپێی بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی خێزان بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنو 293) هەزار دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای دهۆك لە خەرجی خێزاندا پێشەنگ بووەو تێكڕای خەرجی مانگانەی خێزان لەو پارێزگایە (ملیۆنو 377 هەزار) دیناربووە. • كەمترین خەرجی خێزانیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە بڕەكەی (ملیۆنو 118 هەزار) دیناربووە. • لە پارێزگای سلێمانیش خەرجی خێزان لە مانگێكدا (ملیۆنو 123) هەزار دینار بووە. بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە رێژەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئاماری فەرمی لەبارەی ئاستی گۆڕانكارییەكان لە خەرجی تاكو خێزان لەبەردەستدا نین، بەڵام كەمبونەوەی داهاتی تاكو خێزانەكان بەرێژەی (50% بۆ 60%)، دەریدەخات ئاستی خەرجی بەرێژەی زیاتر لە (80%) كەمیكردووە. بۆ نمونە، بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئەگەر خەرجی تاك پێش كۆرۆنا بە تێكڕا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار) دینار بوبێت، ئێستا خەرجیەكەی بەڕێژەی (60%) كەمیكردووە، واتا ئێستا تاك مانگانە (94 هەزار) دینار خەرج دەكات، بۆ خەرجی خێزانیش كە لە پارێزگای سلێمانی پێشتر (ملیۆنێك و 123 هەزار) ئێستا رێژەكە زیاتر لە (60%) كەمیكردووە كە دەكاتە (449 هەزار) دینار لە مانگێكدا، ئەم پارەیەش زیاتر بۆ كڕینی پێداویستییە بژێوییەكانی وەكو خۆراك دەڕوات نەك بۆ خەرجییە ناپێویستەكانی وەكو كڕینی كەلوپەلی ناوماڵو ئۆتۆمبیلو موبایلو .. كاتێك داهاتی تاك كەمدەكات، خواستی كڕین كەمدەكات، لەمەشدا (موچەخۆرو كاسب) هەردووكیان پێكەوە زەرەرمەند دەبن، پێدەچێت رێژەی كەمبونەوەی خەرجیەكانی تاكو خێزان زۆر زیاتر بێت لە رێژەی كەمبونەوەی داهاتەكانیان، چونكە موچەخۆران متمانەیان بە دۆخی دارایی خۆیان نییەو نایانەوێت لەم بارودۆخەدا خەرجییەكانیان زیاد بكەنو زیاتر چاویان لە پاشەكەوتكردنە بۆ ئەگەری رودانی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە.
ئامادەكردنی: عەلی حەمە ساڵح لە كۆبونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی؛ كارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە كردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروست بكات و كاری لەسەر بكرێت. ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاكسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەكی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! چەندین ساڵە ڕوبەرێكی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەكانی كوردستان دراوە بە چەند كەسێك، بەناوی وەبەرھێنان، بەھاكەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی كاری تێدا بكرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند كەسێك!! بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەك لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریكراو كاری تێدا نەكرا، وەردەگیرێتەوە. لەسەرتاسەری كوردستان ئەم گرفتە ھەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە ( 6 ملیار) دۆلار بۆ حكومەت كۆبكەینەوە. یەكەم : زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پرۆژەی (یاریگای گۆڵف) لە شوێنێكی نایابی هەولێردا سیمكراوە، بەپێی گوتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار كاردەكەن، بەھای زەویەكە زیاتر لە ( 4 ملیار) دۆلارە. -ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شاری هەولێرە مابێتەوە. شوێنی زەویەكە: لە دوای نەخۆشخانەی نەرۆز لە سەرجادەی ١٠ كیلۆمەتری بەحركە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتكۆنستی تاوەكو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیم كراوە... ئایا لە كوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناكرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت! بۆیە پێویستە حكومەت ئەم زەویە بكات شارێكی ھاوچەرخ و خۆی زەویەكان بفرۆشێت! دووەم: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ( ھەزار ) دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ كەسێك بیكاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیك عەربەت، مەتر مەتری بكات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەك خۆی ماوە حكومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببات و شارێكی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبكات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت... سێیەم: شاری خەونەكان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و (یەك ملیۆن) مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە كەسێك و تاوەكو ئێستا مەتر مەتر، نزیكەی بە بەھای (یەك ملیار) دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حكومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێكی شایستە بەبەھای (یەك ملیار) دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت! چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ زانكۆی ئەمریكی، دە ھێندەی ڕوبەری زانكۆی سلێمانیە، بۆ زانكۆی ئەمریكی ٢٢ دۆنم بەكارنەھێندراوە، ئەوی دیكە تەنیا دیوارێك بە چوارلای پرۆژەكەدا كراوە، بەم زەویە حكومەت دەتوانێت شارێكی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبكات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبكەوێت. بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە كردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆك، لە بری ئەوەی چەندكەسێك بكاتە ملیاردێر، حكومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێكی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەكی جوانیش بداتە شارەكان... ئەگەر حكومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێككەوت و ئەو بڕیارانەی چاكسازی جێبەجێكراو ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بوو، بەدڵنیاییی بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوەو حكومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەكەوێتە دەست و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری كوردستان بەكاربێت.
رانانی: یاسین تەها - گۆڤاری ئاییندە ناسی لەدوای 2003 و كەوتنی ڕژێمی سەددام، هێزە شیعەكان بە پاڵپشتیی مەرجەعیەتی نەجەف و لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە جڵەوی حومكڕانیی عێراقیان گرتە دەست. چ لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و چ لە سەرەتای حوكمڕانیدا، ئامانج و مەترسیی هاوبەش ئەم هێزانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی گەورەدا كۆ دەكردەوە، بەڵام لە سەروبەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018 بەدواوە، بەنی تەزبیحی یەكڕیزیی سیاسیی شیعەكان بچڕا و بەسەر كۆمەڵێك هێزی ناكۆك و ناتەبادا دابەش و پەرتەوازە بوون، هاوشێوەی هاوتا سوننە و كوردەكانیان. ئەم توێژینەوەیەوە لەسەر ناوەرۆكی ئەو ململانێیانە و ئایندەی پێگە و نفوزی گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە هەڵوێستە دەكات. گۆڕانی نەخشەی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە عێراقی پاش سەددام، گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە بریتی بووە لە: ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، حیزبی دەعوەی ئیسلامی، حیزبی فەزیلە، لەگەڵ ڕەوتی سەدر كە تازە دامەزرابوو([i])، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات هەندێ جیا بوونەوە و دابەشبوونی نوێ لە ڕیزەكانی ئەم هێزانە ڕوویان دا كە ئەم نەخشە سیاسییەی ماڵی شیعەی گۆڕی، ئەمە جگە لە دەركەوتنی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سەر بە "مقاوەمەی ئیسلامی" لە چەشنی عەسایب و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا كە ئێستا سەرقاڵی ململانێن لەگەڵ ئەمەریكا و كۆتایی 2019 كەوتنە بەر هێرشی فڕۆكە ئەمەریكییەكان([ii])، دواتر كوژرانی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی بەدوادا هات. بەر لەم وادەیەش، هەندێ لە هێزە شیعییەكان دووچاری ئینشیقاق و جیابوونەوە بوونەوە، لەوانەش ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە جگە لە ڕێكخراوی بەدر لە ساڵی 2009([iii])، ڕەوتی حیكمەی لێ جیا بوویەوە([iv])، ئەمەش وەهای كرد بۆ هەڵبژاردنی 2018 تەنها قەبارەی 3 كورسی بمێنێتەوە لەناو هاوپەیمانێتیی فەتح، لە كاتێكدا پێشتر لایەنێكی سەرەكیی سیاسەتی شیعەی عێراق بوو([v]). گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە و ئایندەی پێگە و كاریگەرییان ١. حیزبی دەعوەی ئیسلامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی هاوكات لە ساڵڕۆژی یادەوەریی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا (د. خ)، لە ساڵی 1957 لە شوێنی حەوانەوەی مەرجەعی باڵای شیعە؛ ئایەتوڵڵا موحسین ئەلحەكیم، لە شاری كەربەلا و بە لاساییكردنەوەی شێوازی كاری ئیخوان موسلیمین، لەسەر دەستی هەشت كەس ڕاگەیەنراوە كە ناودارترینیان ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە كە ڕژێمی سەددام حسێن لە 9ی نیسانی 1980 لەسێدارەی دا. ئەم حیزبە سەرەتا هەڵگری بیرێكی پان-عێراقی و نێونەتەوەیی ئیسلامی بووە، دەستەی دامەزرێنەرەكەی پیاوانی ئایینی و چالاكی گەنج بوون، لەناو ئەندام و دامەزرێنەرە یەكەمەكانی دەعوەشدا چەند كەسایەتییەكی لوبنانی و بەحرەینی و پاكستانی هەن([vi]). لە ڕووی تەمەنیشەوە، كۆنترین حیزبی سیاسیی شیعەیە لە عێراق و بە دایكی زۆربەی ئەو هێزە مەزهەبییانەی ئێستا دادەنرێت كە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق چالاكن، چونكە سەرجەمیان یان لەم حیزبە جیا بوونەتەوە، یان ئیلهامیان لە شێوازی كاریەوە وەرگرتووە كە ئاوێتەكردنی دین و مەزهەبە لەگەڵ سیاسەت و حوكمڕانیدا([vii]). دامەزراندنی حیزبی دەعوە لەبن عەبای مەرجەعیەتی نەجەفدا، زیاتر لە سەروبەندی گەشەكردنی تەوژمی ماركسیزم (حیزبی شیوعی) و ڕەوتە ناسیۆنالیستییەكان (بەعس) بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی شیوعییەكان كەوتنە جموجووڵ و پەلهاویشتن لە شاری نەجەف كە گڵكۆی ئیمام عەلی لەخۆ دەگرێت و پایتەختی ڕۆحیی تایفەی شیعە و بنكەی سەرەكیی حەوزە مەزهەبییەکانە([viii])، بەڵام ڕێبەرانی ئەم حیزبە ئامانجێكی دوور مەودایان بۆ داناوە و تیۆریستەكانی هەوڵ دەدەن بیخەنە خانەی وەڵامدەرەوەی تەحەدا هەنووكەییەكانی ئەوكات و ئێستای دنیای شیعەگەری و ئیسلامەتییەوە([ix]). حیزبی دەعوە خاوەن باڵێكی سەربازی بوو، كە لە زیاتر لە 2500 چەكدار پێك دەهات و تا 2004 كە بوونە بەشێك لە هێزە عێراقییەكان، بە "هێزەكانی شەهید سەدر" دەناسران([x]). بە هۆی كاریگەری و مەترسیی ئەم حیزبەشەوە، مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس لە سەرەتای هەشتاكان بە بڕیاری 461، سزای لەسێدارەدانی دەستبەجێی بڕییەوە بۆ هەر كەسێك كە ئینتیمای بۆ دەعوە بەسەردا ساغ ببێتەوە([xi]). لە ڕووی مەرجەعیەتی ئایینییشەوە، محەمەد باقر سەدر كە ئایەتوڵڵا بوو، ڕابەری ڕۆحی و مەرجەعیەتی تەقلیدی بووە، دواتر كە لە سێدارەدا شوێنكەوتەی ئیجتیهادی محەمەد حسێن فەزلوڵای لوبنان بوون([xii])، بەڵام لە ئێستادا سەرباری ئەوەی ناوبەناو پێشوازی لە هەڵوێست و فەتواكانی سیستانی دەكەن و لەسەر فەتوای ئەویش مالیكییان گۆڕی بە عەبادی لە 2014([xiii])، بەڵام بەڕوونی ئاشكرا نییە كە پەیڕەوكەری قوتابخانەی ئەو بن و وا دەردەكەوێ ئەندامان لە تەقلیددا سەرپشك كرابن([xiv]). لێكەوتەی ناكۆكی و دەستەگەرییەكانی ناو حیزبی دەعوە حیزبی دەعوە لە مێژووی كارى خۆیدا، بە هۆی ناكۆكیی قووڵەوە پەنای بۆ كاری بەكۆمەڵ و دەستەجەمعی بردووە، هەر بە هۆی ئەم ناكۆكییانەشەوە زیاتر لە 10 جار دووچاری جیابوونەوە و ئینشیقاق و باڵباڵێن بووەتەوە و لە هەندێ قۆناغدا پێنج باڵ و كۆمەڵی جیا بە ناوی حیزبی دەعوەوە كاریان كردووە، هەر لەبەر ئەمەش تا دوای 2003 نەیتوانی ئەمیندار هەڵبژێرێت و تەنها وتەبێژی هەبووە([xv]). نوورى ماليكى يەكەم كەسە كە بە ئەمینداری گشتیی حیزب هەڵبژێردرابێت، لە كاتێكدا پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیرانیشی بەدەستەوە بوو (2007)، ئەمەش بوو بە هۆی جیابوونەوەی ئیبراهیم جەعفەری و ڕاگەیاندنی باڵی ئیسڵاح، چونكە جگە لە سەرۆكایەتیی وەزیران، لەلایەن مالیكییەوە لە سەرۆكایەتیی حیزبیش بێبەش كرا([xvi]). لە 2014دا، عەبادی بە پاڵپشتیی هەندێ لە سەركردەكانی حیزب و لەبەر ڕۆشنایی فەتوای سیستانی بۆ گۆڕانكاری، كودەتایەكی سپیی كرد بەسەر مالیكیدا و ناكۆكییەكانیان درێژەی كێشا تا لە 2018 بۆ هەڵبژاردن؛ حیزبی دەعوەی بەسەر دوو باڵی جیاوازدا دابەش كرد، هەر ئەمەش وەهای كرد پاش 12 ساڵ لە سەرۆكایەتیكردنی وەزیران، ئەم پێگە گرنگە لەدەستی حیزبی دەعوە دەربچێت و سپێردرا بە عادل عەبدولمەهدی([xvii]). بە هۆی ئەم زیانە گەورەیەشەوە، ئەم حیزبە لە كێشە و قەیرانی بەردەوامدا دەژی. هەر بە هۆی ئەو ناكۆكییە ناوخۆییانەشەوە، لەنێوان دوو هەڵبژاردندا (2014 و 2018) ڕێژەی دەنگدەرانی لە 1 ملیۆن و 300 هەزار دەنگەوە دابەزی بۆ 400 هەزار دەنگ كە دەكاتە كەمكردن بە ڕێژەی 65%([xviii])، ئەمەش حیزبی دەعوەی لە دەوروبەری 20 كورسیی هەڵبژاردن بێبەش كرد لەچاو هەڵبژاردنی 2014([xix]). لە ساڵی 2019، حيزبى دەعوە گۆنگرەیەكی گشتیی لە شاری كەربەلا گرێ دا، لەوێدا دیسانەوە مالیكی وەك ئەمینداری گشتی متمانەی وەرگرتەوە، بەم هۆیەوە كێشە و پەرتەوازەییەكانی ناو حیزب سەریان هەڵدایەوە. كۆنگرەكە كادرە باڵاكانی حیزبی دەعوەی بەسەر ناڕازییەكان و باڵی مالیكیدا دابەش كرد، لەم نێوانەشدا باڵی نێوانگر سەریان هەڵدا، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لە خزان و پاشەكشەی زیاتری حیزب([xx])، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كەلێنی نێوان جەمسەرەكانی ئەم حیزبە زیاتر فراوان دەبن. ٢. ڕەوتی سەدر، دژیەكی و قەیرانی شوناس یەكێك لە جەماوەریترین ڕەوتە سیاسییەكانی شیعە كە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە كەسایەتیی موقتەدا سەدر و بنەماڵەی محەمەد سادق سەدرەوە، كە بنەماڵەیەكی دێرینی ئایینی شیعەن و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ "جبل عامل"ی باشووری لوبنان و لە 1779 ئاوارەی عێراق كراون([xxi]). ڕابەری ئەم ڕەوتە؛ موقتەدا سەدر (45 ساڵ) كە كوڕە بچووكی ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدرە، خۆی بە سەركردەیەكی نیشتمانیی عێراقی و لە هەمان كاتدا ڕێبەرێكی ئایینیی عێراقییش دەزانێت و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە لەناو هەژارەكانی شیعە([xxii])، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك بە كەسێكی عاتفی و ڕاڕا و هەڵچووی كەم ئەزموون لە كاری سیاسی دەیدەنە قەڵەم و بەوەش تۆمەتباری دەكەن هەر ڕۆژە جۆرە بڕیار و ڕاسپاردە و ڕێنماییەك بۆ لایەنگرانی دەردەكات([xxiii]). پاشخانی سەدری باوك (دووەم) ڕەوتی سەدر تا سەرلەبەیانیی 9ی نیسانی 2003 كە سەددام حوسێن ڕووخا، لە هیچ لێدوان یان پۆلێنێكی سیاسی و هۆكارێكی ڕاگەیاندن ناوی نەبووە. مەبەستیش لەم ڕەوتە، هەوادارانی محەمەد سادق سەدرە كە لە 1999 لەگەڵ مستەفا و موئەمەلی كوڕیدا لە نەجەف تیرۆر كران، بەڵام ڕەوتەكە جگە لە ئەو، وێنەی محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حیزبی دەعوەش دادەنێن كە ئامۆزای ڕێبەرەكەیانە([xxiv]). محەمەد سادق سەدر لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا، وەك ڕێبەرێكی شیعەی جەماوەری كەوتە جموجووڵ و پاش چەندین ساڵ لە ڕاوەستان بە پاساوی ئەوەی واجب نییە، لە ساڵی 1997 ئەنجامدانی خوتبە و نوێژی جومعەی زیندوو كردەوە([xxv]). دەوترێت ئامانج لەم ڕێگەپێدانەی، قوتكردنەوەی ڕكابەر بوو بۆ گوتاری ویلایەتی فەقییهی ئێرانی لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە، بەو پێیەی سەدر لە بنەماڵەیەكی عەرەبی و خاوەن تێڕوانینێكی جیایە و پاڵپشتیی لە "الولایة العامة المقیدة" دەكرد([xxvi]). موقتەدا سەدر خۆی ئەمە بە تۆمەتی شیعەی تاراوگە دەزانێت، كە لە دەرەوە نەیاندەتوانی بەرگەی ئەوە بگرن كە سەدر لە ناوخۆوە بەرەنگاری ڕژێم دەبێتەوە یان "خەڵكانی دڵپیس و خراپەكار بوون"([xxvii]). لە بارەی هۆكاری كاركردنی سەدریشەوە لە سایەی سەددام، موقتەدا پاساو بە كاری ئیمام ڕەزا لە سایەی حوكمڕانیی عەباسی دەهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەشێك لەوان، بەتوندی بەرپەرچی هەر چەشنە نزیكایەتییەكی باوكی و ڕژێمی بەعسیش دەداتەوە و تیرۆرەكەشی بە كاری ئەوان دادەنێت و بەگژ ڕیوایەتی بەعسدا دەچێتەوە كە ئێرانی پێ تۆمەتبار كرد([xxviii]). ململانێی سەدر و مەرجەعیەتی نەجەف باوكی موقتەدا كە بە "سەدری دووەم" ناسراوە، هاوكات لەگەڵ ڕكابەریكردنی نموونەی ئێرانی و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕكابەری تەقلیدیی مەرجەعیەتی نەجەف و خودی ئایەتوڵڵا سیستانی بوو، كە پاش مردنی خوئی و سەبزواری لە سەرەتای نەوەدەكان لەسەر تەختی مەرجەعیەت چوارمشقی دانیشتبوو([xxix]). سیستانی پەیوەندیی ساردوسڕ بووە لەگەڵ محەمەد سەدر و جارێك كە سەردانی كردووە بۆ ئاشتەوایی، ئامادە نەبووە تەوقەی لەگەڵ بكات و تەنانەت تەماشای ناوچاویشی بكات([xxx]). سەدر خۆی بە شیاوتر دەزانی لە سیستانی بۆ مەرجەعیەت و ئەمەشی بەئاشكرا گەیاندە حەوزە و سەركردە ئایینییەكانی نەجەف لەدوای مەرگی خوئی، بەڵام هیچی سەوز نەكرد([xxxi]). سەدرییەكان بە مەرجەعیەتی خۆیان دەڵێن "الناطقة"، كە هاوتای مەرجەعیەتی تەقلیدیی نەجەفە. ئەم مەرجەعیەتی شەعبییە ڕەخنەگرەش لە دەمی خۆیدا ڕكابەر و نەیاری زۆری هەبووە([xxxii])، یەكێك لەوانەش بنەماڵەی حەكیم بوون لە نەجەف، كە تا سەردەمی باقر حەكیمیش دانیان بە مەرجەعیەتی محەمەد سەدردا نەناوە و بە ساویلكە و پیاوی ڕژێمی بەعسیان دەزانی([xxxiii]). سەدری باوك هەوڵی دەدا چینایەتیی ئایینی و مەزهەبی تێك بشكێنێت، لە شوێنە پەراوێزخراو و هەژارنشینەكاندا كار و چالاكیی دەكرد و جەماوەری كۆ دەكردەوە و ئەمەش بە میرات بۆ موقتەدا مایەوە([xxxiv])، هەر ئەمەش گرەوی گەورەی سەدرە بۆ پێشكەوتن بەسەر مەرجەعیەتی تەقلیدی و بنەماڵە ئەریستۆكراتەكانی شیعە، بەتایبەت ئەوانەی گەشتوونەتە وڵاتانی تاراوگە كە دیارترینیان بنەماڵەی ئایەتوڵڵا ئەبولقاسمی خوئییە كە دوژمنایەتی و ڕقی زۆریان لەگەڵ سەدر هەیە و باوكیشیان لەگەڵ باوكیدا هەیبوو، تا كار گەیشت بەوەی ناوی موقتەدا تێكەڵ بە دۆسیەی كوشتنی عەبدولمەجید خوئی ببێت لە 9ی نیسانی 2003 لەناو سەحنی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتریش لە 20ی ئابی 2003 لە دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف فەرمانی گرتنی بۆ سەدر دەركرد([xxxv])، بەڵام جێبەجێ نەكرا و وەك كارتی گوشار بە دەست عەلاوی و مالیكی و نەیارانیەوە مایەوە تا كەیسەكە بە هۆی كۆنبوونەوە فەرامۆش كرا. وێستگە گرنگەكانی شەڕ و بەریەككەوتنەكانی سەدر لەگەڵ هێزەكانی تر موقتەدا سەدر سەرەتای كاروانی سیاسیی خۆی بە شەڕكردنی ئەمەریكییەكان دەست پێ كرد، سوپای مەهدیی دامەزراند و خەڵكانێكی زۆری زەرەرمەندی سەددام و دۆخی دوای سەددامیشی لێی كۆ بوونەوە. سەدر لە قۆناغی یەكەمدا پشتیوانیی سوننەكانی بەدەست هێنا، بەڵام دواتر سوپاكەی خزایە ناو شەڕی تایفی و پەیوەندیی لەگەڵ سوننەكاندا هەڵگەڕایەوە بۆ دوژمنایەتی([xxxvi]). شەڕی سەدرییەكان تەنها لەگەڵ ئەمەریكییەكان و سوننەكان نەبوو، بەڵكە لە 2008 كەوتنە بەر ڕقی نووری مالیكیی سەرۆكوەزیران لە چوارچێوەی پڕۆسەی "صولة الفرسان" و سەرباری بانگەوازەكانی موقتەدا بۆ كۆتاییهێنان بە پڕۆسەكە، گوزری گەورە بەر چەكدارەكانی سەدر كەوت([xxxvii]). ئەم گرژی و ناكۆكییەش تا ئێستا لەنێوان مالیكی و سەدر وەك دوو قوتبی شیعی و ڕەوتی سەدر و حیزبی دەعوە وەك دوو هێزی شیعیی كاریگەر بەردەوامن، ئەو هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەشی كە كراون بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان؛ شكستیان هێناوە([xxxviii])، پێشبینییش ناكرێت لە ئایندەی نزیكدا بەستەڵەكی نێوانیان بتوێتەوە. پێیەك لە پڕۆسەی سیاسی و پێیەكی تر لە كاری چەكداری سەدر لە ڕێگای ژمارەیەك وەزیرەوە بەشداریی لە حكومەتە جیاجیاكانی عێراق كردووە، لە خولەكانی پەرلەمان فراكسیۆنێكی 30-40 كورسیی هەبووە([xxxix]) و لە 2018 بووە یەكەم هێزی براوەی هەڵبژاردن لە ڕێگەی سائیروونەوە كە 54 كورسیی هەیە([xl]). جگە لەم هێزە نەرمانەش، سەدر خاوەن میلیشیای "سرایا السلام"ە كە لە ڕێگای ئەبو یاسری "یاریدەدەری جیهادی" سەدرەوە پەیوەستن بە موقتەداوە و سنووری چالاكییان لەناو خاكی عێراقدایە، بەتایبەت كەرتی سامەڕا كە مەزاری حەسەنی عەسكەری و سەردابی ئیمام مەهدی لەخۆ دەگرێت كە بەشێكن لە پیرۆزییەكانی شیعە([xli]). جگە لەم شارەش، یەكە و گرووپە تایبەتەكانی ئەم میلیشیایە لە 12 پارێزگای عێراقیدا بەشداریی نمایشی سەربازیی تایبەتیان كردووە و ئەركەكانی خۆشیان بە بەرگری لە پیرۆزییەكانی شیعە دیاری كردووە([xlii])، بەڵام سەدر لە دیدارێكی ئەم دواییەدا نایشارێتەوە كە زۆر بیر لە چالاككردنەوەی سوپای مەهدی دەكاتەوە و هەڕەشەی ئەوەشی كرد "ئەگەر سوننەكان بگەڕێنەوە بۆ كاری تیرۆریستی، ئەوە ئەوانیش حازرن بۆ پەرچەكردار و پڕۆژەی سوپای مەهدی حازرە([xliii]) كە ئەمەش میكانیزمێكی سەدرە بۆ خۆسەلماندن و پەنابردنە بۆ بژاردەی چەك، لە كاتێكدا ئەو خۆی بە قوتابخانەیەكی دینی و ڕەوتێكی سیاسی و جەماوەری دەناسێنێت. سەدر، پۆپۆلیزم و جەماوەریبوون ڕوتی سەدر؛ جەماوەریترین تەوژمی شیعەیە، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەست هێناوە، لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی([xliv])، لە 2014 گەشتووەتە 36 كورسی و لە 2018 لە ڕێگای هاوپەیمانێتیی سائیروون كورسییەكانی گەیاندە 54 و بە پلەی یەكەم هات لەناو هەموو لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی گشتی([xlv])، بەڵام زۆر جار ڕەخنەی ئەوە گیراوە لەم ڕەوتە بەوەی لەبریی ئەوەی جەماوەری بێت، خەریكی پۆپۆلیزمە و لەبریی ئەوەی ئەو جەماوەرەكەی ئاڕاستە بكات، جەماوەرەكەی ئەو ئاڕاستە دەكەن. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ڕەوتی سەدر خاوەن شوناسێكی سیاسیی دیاریكراو و كۆنكرێتی نییە و لە یەك كاتدا ئایین و سیاسەت و كۆمەڵایەتیی تێكەڵاو كردووە و هەمیشە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە([xlvi]). جگە لەوەش كێشەیەكی تری ڕەوتی سەدر، ڕاڕایی و بڕیار گۆڕینی ڕێبەرەكەیەتی (موقتەدا) كە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابروودا چەندین جار بەشداریی سیاسیی خۆی هەڵپەساردووە و دواتر پەشیمان بووەتەوە و لە چەندین وێستگەی گرنگیشدا بە هەمان شێوە بۆچوونە شلۆق و ناجێگیرەكانی جەماوەر و ڕەوتەكەی؛ دووچاری شپرزەیی و پەرتەوازەیی كردووەتەوە([xlvii]). سەرباری ئەم پۆپۆلیزمەش، دەكرێت بەگشتی ئەو پێودانگ و بنەمایانەی كە سەدر و ڕەوتەكەی ئاڕاستە دەكەن، بە چەند شتێك دیاری بكرێت، لەوانەش: هەڵوێستە مێژوییەكانی محەمەد سەدری باوك دەربارەی ڕەتكردنەوەی ویلایەتی فەقییهی ڕەها و دژایەتیكردنی ئەمەریكا، پابەندییە سیاسییەكانی ڕەوتەكە وەك لایەنێكی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی، هەوڵی قۆرخكردی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی لە خۆپیشاندانەكان و خۆپیشاندان وەك لایەنێكی یاخی و شۆڕشگێڕ و چاكەخواز، هەوڵی خۆنمایشكردن وەك پارێزەری مەزهەبی شیعە و دۆستی سوننە و كراوەش بە ڕووی ئەم تایفەیە لە هەمان كاتدا([xlviii]). پێگەی سەدر لە هاوكێشەی سیاسیی شیعیدا لەسەر ئاستە مەزهەبی و ئایینییەكە، سەدر قوتابخانەیەكە هاوتەریب لەگەڵ مەرجەعیەتی تەقلیدیی نەجەف، بەڵام جیاواز لە سەردەمی سەدری باوك، موقتەدا دژایەتیی خۆی بۆ سیستانی و حەوزە ئاشكرا ناكات. نەك هەر ئەوە، بەڵكە لە هەندێ فەتوا و بانگەوازەكانیدا داوای پابەندبوون بە فەتوا و بۆچوونەكانی مەرجەعیەت دەكات([xlix])، ئەمەش دەشێت لە لایەك تەقییه (التقیة) و خۆپارێزی بێت و لە لاكەی تر ملدانی ڕواڵەتی بێت بۆ ئەو كاریگەری و هەژموونە گەورەیەی مەرجەعیەت لە سەردەمی سیستانی هەیەتی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر خۆی بەبێ ئەوەی مەرجەع و ئایەتوڵڵا بێت، فەتوا دەردەكات و لایەنگرەكانی بەگشتی تەقلیدی سیستانی ناكەن و لە هەندێك كاروباردا دەگەڕێنەوە سەر مەرجەعەكانی تر، بەتایبەت حائیری شیرازی و ئیسحاق فەیاز، ئەمە جگە لەوەی ڕەوتی سەدر خۆی قوتابخانەیەكی ئایینی و مەزهەبیی سەر بە مەرجەعیەتی گۆیا (الناطقة)یە([l]). جەماوەر بۆ سەدر، دەوڵەت بۆ حیزبی دەعوە لە بارەی كاریگەریی سیاسییشەوە، سەدرییەكان خاوەن پێگەیەكی گەورەی پەرلەمانین، ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە دانانی جەعفەری بە سەرۆكوەزیران بەرامبەر عادل عەبدولمەهدی (2005)، هەر ئەوان ویلایەتی دووەمی مالیكییان یەكلایی كردەوە سەرباری دوژمنایەتیی زۆر (2010)، پاڵپشت و یارمەتیدەر بوون بۆ ویلایەتی عەبادی كە بەسەر مالیكیدا هەڵگەڕایەوە (2014)، لە دانانی عادل عەبدولمەهدیدا لایەنی سەرەكی بوون (2018) و بۆ ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوییش بە هەمان شێوە ڕۆڵیان هەبوو، هەر چەندە سەر نەكەوت لە ئەركەكەیدا([li])، تەنانەت سەدر شانازی بەوەوە دەكات هیچ سەرۆكوەزیرانێك لە عێراقی پاش 2003 بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دانەنراوە([lii]). بەڵام ئەم ڕەوتە كێشەی ئەوەی هەیە ئەم كاریگەری و پێگە پەرلەمانییەی شۆڕ نەبۆتەوە بۆ قووڵایی دەوڵەت كە لەلایەن حیزبی دەعوەوە بەشی زۆری كۆنترۆڵ كراوە، بە جۆرێك زۆرترین جەماوەر و كورسیی پەرلەمانی و هەژموونی سیاسیی هیی سەدرە و زۆرترین پۆست و پێگەی حكوومیی هەستیار و پلە تایبەتیش هیی حیزبی دەعوە([liii]). 3. ڕەوتی حیكمەی حەكیم و جێهێشتنی میراتی ئەنجوومەنی ئیسلامی ڕەوتی حیكمە یەكێكە لە باڵە جیابووەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و لەلایەن سەركردەی گەنجی شیعە؛ عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. عەممار حەكیم كوڕی عەبدولعەزیز حەكیمی سەرۆكی پێشووی كۆچكردووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و كوڕەزای مەرجەعی باڵای كۆچكردووی شیعە؛ سەیید موحسین ئەلحەكیمە و لە 1971 لە شاری نەجەف لەدایك بووە، دایكیشی لە بنەماڵەی سەدرە([liv]). قسە و باسی زۆر هەن لەسەر هۆكاری جیابوونەوەی حەكیم لەو ئەنجوومەنی ئیسلامییەی كە مامی و باوكی سەرۆكایەتییان كردووە و لە 2009 بە میرات سەرۆكایەتییەكەی وەرگرت، بەڵام حەكیم زۆر نەچووەتە وردەكاری، لە كاتێكدا ڕكابەرەكانی لە ئەنجوومەنی باڵا هۆكارەكەیان گێڕایەوە بۆ تاكڕەویی ناوبراو و نەبوونی مەرجی فەقاهەت، بەو پێیەی خوێندنی حەوزەی تەواو نەكردووە لەگەڵ دامەزراندنی ڕێكخستنی تایبەت بە خۆی لەناو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی([lv]). شوناسی حیكمە و بەریەككەوتن لەگەڵ ئێران بە هۆی جیابوونەوەیەوە لە ئەنجوومەنی باڵا، پەیوەندیی نێوان حەكیم و ئێران كێشەی تێ كەوت، لە كاتێكدا باوكی (عەبدولعەزیز حەكیم) و مامی (محەمەد باقر حەكیم) لە نزیكترین هاوپەیمانەكانی تاران بوون، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بانگەشەی عەمار حەكیم بۆ "ڕەوتی مەدەنی" و گرنگیدانی بە گەنجان و ژنان و ڕیكلامكردن بۆ خۆی وەك سەركردەیەكی عەرەب بۆ شیعەی عێراق، كە ئەوەش درووشم و بانگەشەی چەندین ساڵەی سەرەكیی موقتەدا سەدری ڕكابەریەتی([lvi]) و مایەی بێزارییە بۆ ئێران. لە وتاری دامەزراندنەكەیدا (24ی تەممووزی 2017)، عەممار حەكیم ڕەوتی حیكمەی بە "تەوژمێكی سیاسیی نوێ" ناساند، كە زادەی خەم و ژانی خەڵكی عێراقە([lvii]) لە یەكەم ئەزموونی هەڵبژاردندا لەپاش جیابوونەوە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی. ڕەوتی حیكمە 20 كورسیی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا([lviii])، ئەمەش تا ڕادەیەك دەشێت بە سەركەوتن بۆ ڕیسكی عەمار حەكیم لەقەڵەم بدرێت كە دەستبەرداری ناو و ناوبانگی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو، پاش شەڕێكی میدیایی و ملشكاندنی یەكتری بە هۆی ناكۆكی لەسەر میراتی بنەماڵەی حەكیم و دابەشكردنەوەی پێگە و بارەگاكانیان([lix]). بەڵام ئەم 20 كورسییەی حەكیم كە بەبێ هاوپەیمانێتی بەدەستی هێنا، نەبووە هۆی ئەوەی كە ببێتە یەكێك لە ئاڕاستەكەرەكانی پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی هاوپەیمانێتییەكان و زیاتر وەهای كرد وەك هێلكەی قەپان دەربكەوێت لە هاوكێشە شیعییەكان بۆ زۆركردنی ژمارەی لایەك بەسەر لاكەی تردا([lx]). كێشەی بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونی حیكمە لەپاش حەوت مانگ لە پێكهێنانی حكومەت، ڕەوتی حیكمە خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی ڕاگەیاند، بەهیوای ئەوەی ببنە گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، لە كاتێكدا تا دەهات ناڕەزایەتی لە كابینەی عەبدولمەهدی پەرەی دەسەند([lxi]). ڕەوتی حیكمە هەر بەم ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنە نەوەستان و هەوڵیان دا زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی حكومەتی عەبدولمەهدی ڕێك بخەن، ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتیی زۆری باڵە ئێرانییەكانی شیعەی بەدوای خۆیدا هێنا و حەكیمیان بە تێكدەر و شوێنكەوتەی نەیاران دایە قەڵەم([lxii]). لە دەرەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانیش، ئەمە زیاتر لە هەنگاوەكانی موقتەدا سەدر دەچوو كە ساڵانێكی زۆرە كۆنترۆڵی شەقامی شیعە و گوتاری ئۆپۆزسیۆنی كردبوو بۆ خۆی. بەڵام بە پێچەوانەی گوتاری میدیایی سەدرەوە، ڕەخنەی ئەوە لە گوتاری حەكیم و حیكمە گیراوە كە بنەماكانی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی بۆ دژایەتیی هاوپشكی تایفی و بنەما خراپەكانی پڕۆسەی سیاسی نییە و هۆكارەكانی ناڕەزایەتییەكانی ڕوون نین([lxiii])، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەكیم وەك سەدر ناتوانێت سواری شەپۆل ببێت و وەك ڕەوتێكی سیاسیی شیعەش خۆیان ڕۆڵە و لە باوكانی دامەزرێنەری سیستمی (2003)ن، كاتێك لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوون. ئەوەشی جێگەی سەیر بوو، پاش چەند مانگێك لە ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنبوون، عەممار حەكیم لە بارەگاكەی خۆی لە جادریە میوانداریی كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییە سەرەكییە شیعە و سوننە و كوردەكانی كرد بۆ ڕزگاركردنی حكومەتی عەبدولمەهدی، كە دووچاری گوشار و ناڕەزایەتیی زۆری خۆپیشاندەران هاتبوو([lxiv])، ئەمەش پرسیاری زۆری لەسەر جۆری ئۆپۆزسیۆنبوونی ڕەوتی حیكمە دروست كرد. 4. حیزبی فەزیله، ڕووكارە سیاسییەكەی یەعقوبی فەزیلە كە باڵی سیاسیی گرووپێكی ئایینییە بە ناوی "الفضلاء"، یەكێك بوو لەو حیزبە شیعانەی بە خێراییەكی زۆر لەدوای 2003 دەركەوت([lxv]). ئەم حیزبە بانگەشەی ئەوە دەكات بیرۆكەی دامەزراندنەكەی پێش 2003 و لە بارودۆخی پاش تیرۆركردنی محەمەد سادق سەدر گەڵاڵە بووە، بەتایبەت كە محەمەد سەدر "وەسێتی كردبوو لەپاش خۆی كاروبارەكان بچنە لای محەمەد یەعقوبیی خوێندكارەكەی"، كە ئێستا مەرجەعی ئایینی و ڕۆحیی فەزیلەیە([lxvi]). بەم پێیەش ئەم حیزبە لە بندەستی سەدری دووەمەوە هاتۆتە دەر، بە هەمان شێوەی ڕەوتی سەدر و عەسایبی قەیس خەزعەلی. یەعقوبی لەدایكبووی 1960ی بەغدایە و دەرچووی ئەندازەی شارستانییە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان متمانەی محەمەد سادق سەدری بەدەست هێناوە و ئەمیش پشتیوانی ئەو بووە لە ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سەدری دووەم و لەگەڵیدا بووە تا تیرۆركردنی لە شوباتی 1999 و هەر ئەمیش نوێژی لەسەر تەرمەكەی كردووە([lxvii]). لە دامەزراندنی ئەم حیزبەدا، یەعقوبی پشتی بە پلەی ئیجتیهادی خۆی بەستووە كە خۆی دەڵێت لە ڕێگەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری ئێرانییەوە بەدەستی هێناوە([lxviii]). حیزبی فەزیلە لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە ویلایەتی فەقییهـ هەیە، بەڵام پێیان وایە لە ئێستادا ڕێگریی زۆر هەیە بۆ گەشتن بەم قۆناغە، بۆیە لەبریی ئەوە پەنابردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ باشە بۆ دیاریكردنی گرووپێك كە وڵات بەڕێوە ببەن كە شەرعیەتی خەڵكیان هەبێت([lxix])، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش فەزیلە لە هەڵبژاردنی 2005دا بەشدار بوون و حیزبەكە 15 كورسیی بەدەست هێنا لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆی 132 كورسی كە بەر هاوپەیمانێتیی شیعەكان كەوت. پێگەی سەرەكیی ئەم حیزبەش، زیاتر لە پارێزگای بەسڕە و پارێزگاكانی باشوور بوو([lxx]). فەزیلە بە پێداگرییان لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی نەوت لە 2006 ناویان دەركرد([lxxi])، لەگەڵ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی یاسای جەعفەری بۆ باری كەسێتی لەلایەن وەزارەتی دادەوە كە پشكی ئەوان بوو لە 2010-2014، ئەم یاسایە ڕێگەی بە هاوسەرگیریی منداڵان دەدا و بووە هۆی ناڕەزایەتیی زۆری ژنانی چالاك و مەدەنی([lxxii]). بە هۆی ئەوەی بەم دواییانە هێزە چەكدارەكانی شیعە دەنگیان بڵند بوو، كاریگەریی فەزیلە لەچاو جاران كەمتر هەستی پێ دەكرێت، جگە لەوەش لە چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەك ناكۆكیی ناو حیزبەكە لەسەر بەشكردنی دەستكەوت و ئیمتیازات دزەی كرد بۆ میدیاكان كە سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی پەیكەری فەزیلەی بەدوادا هات كە 7 كورسیى لە 329 كورسیى پەرلەمانی عێراقدا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نەسری عەبادی([lxxiii]). سیناریۆ بەردەستەكانی ئایندەی هێزە سیاسییەكانی شیعە حیزبی دەعوە بەپێی ئاماژە بەردەستەكان و بە خوێندنەوەی دۆخی گشتیی عێراق، پێگەی حیزبی دەعوە بەرەو داكشانی زیاتر دەڕوات لەوەی پێشتر باس كرا لە دابەزینی دەنگدەر و ژمارەی كورسییەكان لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، لەوانەش: لاوازبوونی پەیكەر و دامەزراوەیی حیزب، تاكڕەویی ئەمیندارەكەی و گرنگیدانی بە زاوا و ئامۆزاكانی، زاڵبوونی "بەرژەوەندیخوازی" بەسەر بیروباوەڕ و لایەنە مەعنەوییەكانی جاران وەك حیزبێكی "جیهادی"، كاڵبوونەوەی پاشخانە مێژوویی و فیكرییەكان وەك گەورەترین و كۆنترین و هەمەچەشنترین حیزبی شیعەی عێراق، ئەمە جگە لە بارودۆخی پاش ڕاپەڕینی تشرینی 2019 لە بەغدا و پارێزگا شیعییەكان كە ئیسلامی سیاسیی كردووەتە ئامانجی خۆی، لەم میانەیەشدا حیزبی دەعوە تۆمەتبارە بە شكستهێنان لە كاری بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە كاتێكدا جاران وەك فریادڕەس تەماشا دەكرا([lxxiv]). جگە لەمەش حیزبی دەعوە لە ئێستادا لە ئیسلامیی ڕادیكاڵییەوە گۆڕاوە بۆ ئیسلامیی مفتەخۆر (الریعي)([lxxv])، هەروەها كەوتووەتە سەردەمێكیشەوە کە ژیان لەسەر سەروەرییەكانی ڕابردوو بەس نییە بۆ پێشەنگبوون و ئەمەش بەڕوونی لە گوتاری ڕاپەڕینی تشرینی 2019دا دیارە، کە ئەمەش هاوكات لەگەڵ داتەپینی پێگە جەماوەرییەكەی حیزبی دەعوە. بەڵام ئەم حیزبە بە كەڵكوەرگرتن لە ساڵانی حوكمڕانیی جەعفەری و مالیكی و عەبادی (2005-2018) و بە هۆی ئەزموونی سیاسیی خۆیانەوە بەتەواوی چوونەتە جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردن و زۆر جار بە "دەوڵەتە قووڵەكە" ناویان دەبرێت، لە كاتێكدا خۆیان هەمیشە ڕەتی دەكەنەوە([lxxvi]). ڕەوتی سەدر لەپاش كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەگەڵ دەستپێكی 2020، بۆشاییەكی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیی شیعەی عێراق دروست بوو كە لە سەرەتادا حیزبوڵڵای لوبنان فەرمانی وەرگرت لە ئێران بۆ پڕكردنەوەی([lxxvii]). هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر كۆمەڵێك هەنگاوی نا، كە ئەوەی لێ خوێنرایەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی گۆڕەپانی شیعەی عێراق بێت، لەوانەش: ڕێكخستنی خۆپیشاندان دژی بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرین و قسەكردنی سەدر لە سیستمێكی سیاسیی هاوشێوەی باوكایەتی لە سایەی ڕێبەرایەتیی خۆیدا([lxxviii])، جگە لەوەش هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەكەن سەدر لەلایەن ئێرانەوە گفتی پێ درابێت كە سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوو بۆ ڕەوتەكەی ئەو بێت([lxxix])، لە پەنا ئەمانەشدا سەدر وەك هێزێكی ئایینیی گەورە؛ ئامادەییەكی بەهێزی هەیە بۆ پڕكردنەوەی زۆرترین پانتایی لە حەوزە لە حاڵەتی مەرگی ئایەتوڵڵا سیستانیدا كە ئێستا تەمەنی لە 90 ساڵدایە. هێزە سیاسییەكانی شیعە و دەرەوەی شیعەش دركیان بەم هەڵكشان و ئەگەرانەی ئایندەی خەونەكانی سەدر كردووە، بۆیە بەشێكیان پڕۆژەی متمانەدانیان بە حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی شكست پێ هێنا([lxxx]) كە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی سەدری هەبوو، بەتایبەت پاش ئەوەی موقتەدا سەدر هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر دەنگی تەواو بەدەست نەهێنێت، ئەوە گەمارۆی ناوچەی سەوز بدات و یاخیبوون و خۆپیشاندان بەرپا بكات([lxxxi]). ڕەوتەكەی عەممار حەكیم ئەو ئەنجامە مامناوەندەی حەكیم لەپاش دروستكردنی ڕەوتەكەیەوە بەدەستی هێناوە، قەناعەتێكی وەهای دروست كردووە كە هەندێك بڵێن پێگە و نفوزە سیاسییەكەی حەكیم هاوتای ئامادەییە میدیاییەكەی نییە([lxxxii])، ئەمە جگە لەوەی هاوتای باكگراوەندە مێژوییەكەشی نییە وەك ڕۆڵە سیاسییەكەی بنەماڵەی حەكیمی تەباتەبایی. بەڵام بە هەڵوەستەكردن لەسەر گوتار و بەیاننامەكانی حیكمە، گرەوی ئەم ڕەوتە لەسەر ڕێبازی میانڕەوانە و كرانەوەیە بە ڕووی گەنجان و ژنان و ئەو نەوە نوێیەی شیعەیە كە سەری هەڵداوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی حەكیم خۆی بەشێكە لە سیستمی حوكمڕان، قورسە موفاجەئەی گەورە دروست بكات، بەتایبەت لە دۆخێكدا كە سەدر كۆنترۆڵی شەقامی ناڕازیی كردووە لە چەند ڕێگایەكی جۆراوجۆرەوە. حیزبی فەزیلە هەر چەندە فەزیلە خۆی بە حیزبێكی بان تایفی و تەكنۆكرات دەناسێنێت كە كار بۆ سەربەخۆیی و یەكێتیی عێراق دەكات([lxxxiii])، بەڵام زیاتر وەك واجیهەیەكی سیاسی و دارایی مەرجەعیەتی یەعقوبی و ماكینەیەكی ڕیكلامی سیاسی بۆ ئەم مەرجەعیەتە دەردەكەوێت كە ئاسۆی فراوانبوونی لە دنیای جەنجاڵی ململانێی مەرجەعەكاندا زۆر فراوان نییە، ڕەنگە بۆ داهاتووش هەروەك ئەم ژمارە سنووردارە لە هاوكێشەی شیعیدا بمێنێتەوە كە زیاتر چەك و پارە و دین و پۆپۆلیزم ئاڕاستەی دەكات لە ئێستادا، نەك گوتاری مەزهەبییانەی دەستەبژێرانەی لە چەشنی گوتاری فەزیلە. ئەنجام لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، كۆمەڵێك هێزی سیاسیی شیعە كە باكگراوەندی چەكداری یان بنەماڵەیی و كاریزماتیكی سەركردەكان یان مێژوویی و ڕێكخستنیان هەبوو، جڵەوی نوێنەرایەتیی ئەم پێكهاتەیە و لەگەڵیشیدا حوكمڕانیی عێراقیان گرتە دەست لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترا "ماڵی شیعە"، بەڵام لەگەڵ ڕەوینەوەی مەترسییەكان لەسەر ئەم پێكهاتەیە، ناكۆكی و پەرتەوازیی و پێشهاتی تری ئەمنی و جەماوەریی وەك دەركەوتنی داعش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەكان، ئەم نەخشە سیاسییەی گۆڕی لە بەرژەوەندیی هەندێ هێزی نوێ و ڕایەڵەكانی هاوپەیمانێتی و یەكدەنگیی جارانی شیعەی بچڕاند. هێزە كۆنەكانی شیعە هەندێكیان لە پاشەكشە و هەندێكی تریان لە دابەشبووندان و هەندێك لەوانەشیان كە دێرین و تۆكمە بوون، خۆریان بەرەو ئاوابوون دەڕوات و ئەو كاریگەرییە عەقایدی و گوتاری مەزڵومیەتەی هەیانبوو بە هۆی دەسەڵاتەوە، تا دێت بەرەو كاڵبوونەوەی زیاتر دەڕوات. سەرچاوە و پەراوێزەكان ([i]) مكي، لقاء، "خارطة القوى السياسية في العراق"، https://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/9e115e70-fedb-466b-8ca7-2f14163fcc51 ، (متاح: 9/3/2019). ([ii]) الحرة(29/11/2019)، "الجيش الأميركي يقصف 5 مواقع لكتائب حزب الله بالعراق وسوريا"، https://www.alhurra.com/a/%D9%82%D8%AA%D9%84%D9%89- , (متاح: 5/3/2020). ([iii]) براثا(5/5/2009)، "العامري: منظمة بدر مستقلة ولن تحتاج الى الانشقاق عن المجلس الاعلى"، http://burathanews.com/arabic/news/65140، (متاح: 5/3/2020). ([iv]) الشمري، براء(30/6/2017)، "انشقاقات التحالف الحاكم تفتح الصراع على قصور صدام حسين في الجادرية"، https://www.alaraby.co.uk/politics/2017/7/31/%D8%A7%D9%86%D8%B4%D9%82%D8%A7%D9%8، (متاح: 8/3/2020. ([v]) Smyth, Phillip, (11/6/2018), Iranian Militias in Iraq's Parliament: Political Outcomes and U.S. Response washingtoninstitute, link: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/iranian-militias-in-iraqs-parliament-political-outcomes-and-u.s.-response,(accessed:11\3\2020) ([vi]) الخيون، رشيد(2011)، 100 عام من الإسلام السياسي بالعراق، مركز المسبار للدراسات والبحوث، دبي، الكتاب 1، ص171-181. ([vii]) مروان أحمد سلمان (9/2017)، "نماذج من حركات وأحزاب الإسلام السياسي في العراق"، مجلة الآداب، جامعة بغداد، ملحق العدد 122، ص 335-358. ([viii]) الخرسان، صلاح(2004)، الإمام السيد محمد باقر الصدر في ذاكرة العراق، مؤسسة البلاغ، بيروت، ص16. ([ix]) علي المؤمن(6/3/2019)، "تحولات حزب الدعوة ومستقبله"، https://www.sotaliraq.com/2019/03/06/%D8%AA%D8%AD%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D8%AD%D8%B2%D8%A8-, (متاح: 10/3/2020). ([x]) رمزي، خلود (1/6/2002)، "حزب الدعوة ورحلة الإنقسامات"، https://www.niqash.org/ar/articles/politics/2225/ (متاح: 19/3/2020) ([xi]) الوقائع العراقية(21/4/1980) ، بغداد، العدد 2769، ص617. ([xii]) علي المؤمن، "تحولات حزب الدعوة و مستقبله"، مصدر سابق. ([xiii]) وكالة نون (18/8/2014)، "كيف ولماذا تنحى السيد نوري المالكي؟"، http://non14.net/53400، (متاح: 10/3/2020). ([xiv]) چاوپێكەوتنی نووسەر لەگەڵ عەلی ئەلمەدەن(10/3/2020). عەلی ئەلمەدەن شارەزا و دەرچووی حەوزەی نەجەفه. ([xv]) طالب عزيز(2019)، خريف الدعوة، القاهرة: دار بدائل، صص 70-74؛ میدل إیست أون لاین (18/6/ 2018): "حزب الدعوة في المعارضة والسلطة.. الانشقاقات مستمرة"، https://middle-east-online.com/%D8%AD%D8%B2%D8%A8-،(متاح:11/3/2020) ؛ خلود رمزي: حزب الدعوة، مصدر سابق. ([xvi]) طالب عزيز، خریف الدعوة، مصدر سابق، صص 70-74. ([xvii]) الطائی، صادق(28/10/2019)، "شيعة العراق.. مسيرة حزب الدعوة من المعارضة إلى الحكم"، https://arabi21.com/story/1218588/%D8%B4%D9%8A%D8%B9%D8%A9- ، (متاح: 12/3/2020). ([xviii]) المؤمن، علي (24/5/2018)، "على هامش نتائج الانتخابات البرلمانية العراقية"، https://afaq.tv/articles/view/details?id=1641 ، (متاح: 12/3/2020). ([xix]) نعمة، وائل (21/5/2008)، "حزب الدعوة يتراجع 20 مقعداً"، https://www.sotaliraq.com/2018/05/21/%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B9%D9%88%D8%A9-(متاح: 12/3/2020). ([xx]) عدنان أبو زيد(7/8/2019)، "الإنشقاق يهدد حزب الدعوة الإسلامية بعد إعادة اختيار المالكي أمينا عاما له، المونيتور"، https://www.al-monitor.com/pulse/ar/originals/2019/08/iraq-shiite-dawa-party-nouri-maliki.html#ixzz6GX124jy0، (متاح: 12/3/2020). ([xxi]) الخرسان، الإمام السيد، مصدر سابق، ص16. ([xxii]) بي بي سي عربي (5/10/2019): مقتدى الصدر: رجل الدين الشيعي وصاحب الكلمة المسموعة، موقع بي بي سي https://www.bbc.com/arabic/middleeast-49944790 (متاح: 5/3/2020). ([xxiii]) أمير عبد العزيز، نور أيوب: صحيفة الأخبار اللبنانية، العدد، 3835، ص15. ([xxiv]) سلمان، حركات وأحزاب، مصدر سابق، ص340. ([xxv]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، 356. ([xxvi]) الكبیسي، يحيى (30/1/2020): التيار الصدري: محاولة للفهم، صحيفة القدس العربي، https://www.alquds.co.uk/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D9%8A-%D9%85%D8%AD%D8%A7%D9%88%D9%84%D8%A9-%D9%84%D9%84%D9%81%D9%87%D9%85/ (7/3/2020)؛ الخيون، 100 عام، مصدر سابق، 361. ([xxvii]) الصدر، مقتدی محمد (2018): المرجعیة الناطقة، الشهيد السعيد السيد محمد صادق الصدر انموذجاً، هيئة تراث الشهيد الصدر، النجف، ص 15-16. ([xxviii]) نفس المصدر ([xxix]) الطائي، صادق (15/12/2016)، صراع المرجعيات الدينية في النجف؛ التيار الصدري نموذجا، الحوار المتمدن، العدد 5372، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=541427&r=0 (متاح: 5/3/2020). ([xxx]) یوتیوب(13/6/2009)، "مادار بين السيد الصدر والسيد السيستاني"، https://www.youtube.com/watch?v=DD1EwyDDtYw&t=213s، (متاح: 12/3/2020). ([xxxi]) الخیون: 100 عام، مصدر سابق، ص364. ([xxxii]) الصدر، مقتدی السید محمد، المرجعیة، مصدر سابق، صص 15-20. ([xxxiii]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، صص 372-373. ([xxxiv]) الكبیسی، التیار الصدري، مصدر سابق ([xxxv])الجزيرة نت(2020)، "مقتل الخوئي خلافات في مرجعية الشيعة أم تصفية سياسية"، https://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2004/10/3/%D9%85%D9%82%D8%AA%D9%84-، (متاح: 2/3/2020) ؛ سامی جواد كاظم(25/5/2008)، "ضغينة مرجع بغداد قتلت الخوئي"، http://burathanews.com/arabic/articles/42255، (متاح: 3/3/2020). ([xxxvi]) سلمان، مصدر سابق، ص340. ([xxxvii]) الجزیرة(27/3/2008)، "مقتدى الصدر يدعو لوقف صولة الفرسان والائتلاف يؤيدها"، https://www.aljazeera.net/news/arabic/2008/3/27/%D9%85%D9%82%D8%AA%D8%AF%D9%89-, (متاح: 10/3/2020). ([xxxviii]) صوت العراق (10/2/2020)، "العامري يتبنى وساطة للصلح بين الصدر والمالكي لترميم البيت الشيعي"،https://www.sotaliraq.com/2020/02/10/ -، (متاح: 5/3/2020). ([xxxix]) سلمان، حركات وأحزاب، مصدر سابق، ص341. ([xl]) الحرة (19/5/2018)، "الانتخابات العراقية.. كتلة 'سائرون' تتصدر النتائج النهائية"، https://www.alhurra.com/a/iraq-election-final-results/437171.html(متاح: 3/3/2020). ([xli]) الصدر، مقتدی السید محمد(2018): بیان حول هیكلة سرایا السلام، المكتب الخاص، http://jawabna.com/index.php/permalink/10888.html ( تاح: 4/3/2020). ([xlii]) المصدر نفسه ؛ سي ان ان بالعربي (22/6/2014)، "سرايا السلام... مليشيات مقتدى الصدر الجديدة"، https://arabic.cnn.com/middleeast/2014/06/22/sadr-peace-unit (متاح: 5/3/2020). ([xliii]) یوتیوب(24/2/2020): لقاء السيد مقتدى الصدر وحوار صريح، https://www.youtube.com/watch?v=vZdGNgta8GI (متاح: 2/3/2020). ([xliv]) السوداني، مناف محمد(2011)، الانتخابات والأحزاب السياسية، التفسير المكاني للانتخابات 2005-2010 البرلمانية في العراق انموذجاً، دار الكتب والوثائق، بغداد، 68-69. ([xlv]) سی ان ان العربیة، مصدر سابق؛ بی ب سی العربیه(19/5/2018): تحالف الصدر يفوز بالانتخابات البرلمانية في العراق، موقع بي بي سي عربي، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-44178665 (تاريخ الزيارة: 4/3/2020). ([xlvi]) حارث حسن(28/3/2008)، "التيار الصدري: بين الشعبية والشعبوية"، مجلة الحوار المتمدن الإلكترونية، العدد 2234، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=129588&r=0 (متاح: 25/2/2020). ([xlvii]) حارث حسن(16/2/2020)، "العراق:موقف الصَّدر من الحراك الاحتجاجي وترشيح علاوي"، مركز الإمارات للسیاسات، https://epc.ae/ar/brief/iraq-sadrs-position-on-the-protest-movement-and-the-nomination-of-allawi (متاح: 7/2/2020). ([xlviii]) الكبيسي: التيار الصدري، مصدر سابق. ([xlix]) جوابنا(2020)، البيانات، )//jawabna.com/index.php/index.html?search_option متاح: 1/3/2020). ([l]) الصدر(2018). بحث حول التقليد، النجف: المكتب الخاص للشهيد الصدر، صص 10-20. ([li]) الكبیسی، التيار الصدري، مصدر سابق؛ حارث حسن، موقف الصدر، مصدر سابق ([lii]) الصدر، لقاء الشرقیة، مصدر سابق. ([liii]) العنبر، أیاد(2018)، الزعامات الشیعیة فی العراق: صراع السلط و النفوذ،<://www.alhurra.com/a/%D8%A7%D9%84%D8%B2%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A7%D8%-(متاح: 26/2/2020). ([liv]) الحكیم(2020)، "السیرة الذاتیة للسید عمار الحكیم، الموقع الشخصي"، https://ammaralhakeem.com/ar/page/1 (متاح: 5/3/2020). ([lv]) یقین(31/7/2017)، "صولاغ يكشف اسباب تمزق المجلس الاعلى وخروج الحكيم منه"، https://yaqein.net/politics/50372 (متاح: 4/3/2020). ([lvi]) أيوب، نور(18/7/2019)، "تظاهرات لـ«الحكمة» غداً في بغداد والمحافظات: ألعب أو أخرّب الملعب؟"،https://al-akhbar.com/Iraq/273684 (متاح: 29/2/2020). ([lvii]) السومریة نیوز(24/7/2017)، "الحكيم يعلن تأسيس تيار الحكمة الوطني"، ://www.alsumaria.tv/news/210878/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%8A%D9%85(متاح: 3/3/2020). ([lviii]) بغداد الیوم (2018)، استمارة النتائج الأولیة للانتخابات العامة 2018 المفوضیة العلیا المستقلة للانتخابات فی العراق، https://baghdadtoday.news/ar/news/44637/%D8%A8%D8%BA%D8%AF%D8%A7%D8%AF- (متاح: 18/2/2020). ([lix]) الشمري، انشقاقات التحالف، مصدر سابق. ([lx]) العنبر، الزعامات الشیعیة، مصدر سابق. ([lxi]) إیلاف(17/6/2019)، تيار الحكمة العراقي يعلن تحوّله إلى المعارضة السياسية، موقع إیلاف، https://elaph.com/Web/News/2019/06/1254252.html (متاح: 20/2/2020). ([lxii]) أیوب، تظاهرات الحكمة، مصدر سابق. ([lxiii]) مشرق عباس(20/6/2019)، "معارضة "الحكمة".. تكتيك أم خطوة استراتيجية؟"، https://www.alhurra.com/a/%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9- (متاح:27/2/2020). ([lxiv]) اندبندنت (2019): اتفاق تاریخي لإنقاذ حكومة عبدالمهدي، إصلاحات سريعة أم إلتفاف على مطالب المتظاهرين العراقيين، https://www.independentarabia.com/node/72836/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85 متاح:29/2/2020) ([lxv]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، ص445. ([lxvi]) الفضيلة(2020): الهوية التعريفية لحزب الفضيلة الإسلامى، http://www.alfadhela.net.iq/?aa=about_us&menu=2&skin=3&p=Web-Menus، (متاح: 13/3/2020). ([lxvii]) اليعقوبي، موقع سماحة المرجع الديني الشيخ محمد اليعقوبي، (18/6/2016): السيرة الذاتية، الموقع الرسمي، لينكى: https://yaqoobi.com/arabic/6/5038.html، (متاح: 13/3/2020). ([lxviii]) نفس المصدر ([lxix]) حزب الفضيلة الإسلامي، الهوية التعريفية، مصدر سابق. ([lxx]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، 465. ([lxxi]) الماجدی، عبدالرحمن (13/5/2006): وزارة النفط تؤخر تشكيل الحكومة العراقية، موقع إیلاف، https://elaph.com/Web/Politics/2006/5/148112.html (تاريخ الزيارة: 3/3/2020) ([lxxii]) مصطفى حبيب (31/1/2013)، قانونان للشيعية يثيران اعتراضات كثيرة، موقع نقاش، https://www.niqash.org/ar/articles/society/3318/، (تاريخ الزيارة: 13/3/2020). ([lxxiii]) الشمري، براء (29/3/2019)، خلافات تهدد بتفكك أحد أبرز الأحزاب السياسية العراقية، موقع العربي الجديد، https://www.alaraby.co.uk/politics/2019/3/29/%D8%AE%D9%84%D8%A7%D9%81%D8%A7%D8%AA-,، (تاريخ الزيارة: 13/3/2020). ([lxxiv]) طالب عزيز، خريف الدعوة، مصدر سابق، 14-15. (75) Harith hasa (25/ 4/ 2019), "From Radical to Rentier Islamism: The Case of Iraq’s Dawa Party, Carnegie", https://carnegie-mec.org/2019/04/16/from-radical-to-rentier-islamism-case-of-iraq-s-dawa-party-pub-78887,(accwssed:5\3\2020). ([lxxvi]) موازین نیوز (17/10/2019)، المالكی: نرفض اسقاط الحكومة بالعنف و حزب البعث هو الدولة العميقة وليس حزب الدعوة، https://www.mawazin.net/Details.aspx?jimare=68864 (متاح 16/3/2020). ([lxxvii]) رویترز (11/2/2020): حزب الله اللبناني يتولى توجيه الجماعات المسلحة العراقية بعد مقتل سليماني، وكالة رويترز، https://ara.reuters.com/article/idARAKBN2052K2 (تاريخ الزيارة: 12/3/2020). ([lxxviii]) الصدر: لقاء الشرقية، مصدر سابق. ([lxxix]) صحیفة العرب، (26/1/2020)، ايران تلعب ورقة مقدى الصدر لتخريب الحراك الشيعي، العدد 1598، ص1. ([lxxx]) الجزيرة (4/3/2020)، "تشكيل الحكومة العراقية.. هؤلاء أفشلوا حكومة علاوي"، https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/4/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 (متاح: 13/3/2020). ([lxxxi]) الصدر، مقتدى السيد محمد(22/2/2020)، تغريدة على الصفحة الرسمية بتويتر،https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1231153720236208130/photo/1 (متاح: 13/3/2020). ([lxxxii]) العنبر، الزعامات الشيعية، مصدر سابق. ([lxxxiii]) حزب الفضيلة الإسلامي، الهوية التعريفية، مصدر سابق.