ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا هەشت مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینین شایستەی مانگی تشرینی یەکەممە. لە هەمان کاتدا و زۆر لە پێش ئەو بەروارەوە و تا ئێستاش شایستەی فەرمانبەرانی هەڕیم دواش دەکەوێت و لێشی دەبڕدرێت و پێشتریش بۆیان پاشەکەوت دەکرا. لێرەدا بڕی شایستەی ئەوکۆمپانیا نەوتییانە بڵاو دەکەینەوە کە زانیاریمان لەسەری دەست کەوتووە، لە گەڵ نوێ ترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمیان ، لەهەمان کاتیشدا ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کە کۆمپانیاکانی تر کشایستەکانیان ڕانەگەیاندووە بەگریمانەیی ئاستی شایستەکانیان دیاری دەکەین ( تەنها ٣ کۆمپانیان). ١- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور) هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم بریتی بووە لە ٣٢,٨ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٢٤,٧ ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ٨,١ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە. دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. کێڵگەی تاوکی بەرهەمی لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل، بە پێێ ڕاپرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمدا ١١٣ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. شایانی ئاماژە پێکردنە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧ دا وازی لە ٢٠٪ پشکەکانی خۆی هێناوە لە بری قەرزی ئەو دوو کۆمپانیایە کە لای حکومەت هەیان بووە لە پێش ئەو بەروارەوە. ٢- کێڵگەی تەق تەق کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم بریتی بووە لە ٤ ملیۆن دۆلارە، لەم بڕەش ٢٫٢ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە و ئەوەشێ دەمێنێتەوە کە دەکاتە ١,٨ ملیۆن دۆلارپشکی ئاداکس پەترۆلیۆمە . بەرهەم لەم کێڵگەیە بریتییە لە ١١,٢٦٠ بەرمیل. ٣- کێڵگەی شێخان لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ٩,٦ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرگرت، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ٧٫٥ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٢٫١ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل. ٤- کێڵگەی ئەتروش کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٦,١ملیۆن دۆلار . لەم بڕە کۆمپانیای شاماران کە خاوەنی پشکی ٢٧,٦% بڕی ٥،٤٤ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٠,٦٦ ملیۆن دۆلار. ئەوەی دەمێنێتەوەپشکی هەرێمە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦,١ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. ٥- کێڵگەی سەرسەنگ: کۆمپانیای ( ئێچ کەی ئێن)ی ئەمەریکی کە وەبەرهێنان دەکات لە کێڵگەی سەرسەنگدا بۆ نۆ مانگی ئەلەمی ٢٠٢٠ بڕی ٨٥,٢ ملیۆن دۆلاریان وەرهگرتووە ( تەنها پشکی ئێچ کەی ئێن) ئەمە جگە لە وەی لە مانگی تشرینی یەکەم بڕی ٩,٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە ، پشکی ( کەی ئێچ ئێن) لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٦٢% هەروەها کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی پشکی ١٨% ی کێڵگەکەی هەیەو هەرێمیش ٢٠%. بە هەڵسەنگاندنی ئێمە پشکی کۆمپانیای تۆتاڵ لە شایستەکان ٢،٧٦ ملیۆن دۆلار دەبێت، بەمەش کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی سەرسەنگ ١٢،٢٦ ملیۆن دۆلار دەبێیت. ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەش رۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت و بەڕێژەی ٦% زیادی کردووە. ٦- کێڵگەی سەرتە کێڵگەی نەوتی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. بۆ یەکەم جار لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە کەوتە بەرهەم هێنان، بەو هۆیەشەوە لانیکەم بڕی ٥ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەو کێڵگەیە بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد دەبێت. کۆمپانیاکان ڕایان نەگەیاندووە کە بەرهەمی کێڵگەکە چەندە لە ئێستادا بەڵام بەپێی گرێبەستەکان و یاسای نەوت و گازی هەرێم کاتێک بەرهەمی کێڵگەیەک دەگاتە ٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەرهەمی بازرگانی ئەژمار دەکرێت. بۆیە دەبێت بەرهەمی سەرتە لانی کەم ڕۆژانە ٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد بکات. ٧- کێڵگەی هەولێر کۆمپانیای (ئۆرێکس) لەکێڵگەی هەولێر بەرهەم هێنان دەکات، بەشێوەی وەزی کۆمپانیا چالاکییەکان و ئاستی بەرهەم بڵاو دەکاتەوە بەڵام شایستەکانیان لە دووتوێی ڕاپۆرتەکانیاندا ڕادەگەیەنن نەک بەجیا. زۆرترین بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ١٤ هەزار بەرمیل بووە. لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمی بۆ ٤ هەزار بەرمیل کەمی کرد، بەهۆی داخستنی چەند ناوچە و چەندبیرێکەوە وە بەڵام لەچارەکی دووەمدا بەرهەمی زیادی کردووە ،بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە لە مانگی تەموزدا بەرهەمی بەرزبوبێتەوە بۆ١٠ هەزار بەرمیل و لە ئابدا بۆ ١١ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل و لە مانگی تشرینی یاکەمدا بۆ ١٣ هەزار و ٣٠٠ بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە. ٨- کێڵگەی گەرمیان کۆمپانیای گازپرۆم لە گەرمیان وەبەرهێنان، دەکات تەنها زانیاری لەسەر بەرهەمی بڵاو کراوەتەوە نەک شایستەی دارایی، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەر هەمی گەرمیان نزیکەی ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە بەڵام لە ڕاگەیەنراوێکدا لەنیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند کە بەرهەمی ئێستای ٢٤ هەزار بەرمیلە و لە پلانیاندایە ئاستی بەرهەم تا نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بگەیەننە ٣٢ هەزار بەرمیل . بەم پێیە بێت ئێستا ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە بەراورد بە سەرەتای ساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. نەوتی ئەم کێڵگەیە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لەوێوە داخڵی هێڵی بۆری هەرێم دەکرێت. ٩- کێڵگەی خورمەڵە کۆمپانیای کار کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە لە کێڵگەی خورمەڵە کۆمپانیای سەرکارە، تائێستا هیچ زانیارییەک لە سەر جۆری گرێبەست و ئاستی بەرهەم و چالاکییەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان و بەگەورەترین کێڵگەی بەرهەم هێن لە کوردستان ئەژمار دەکرێت بەرهەمی لە نێوان ١٦٠ بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیلێک مەزەندە دەکرێت. شایستەی کۆمپانیای کار بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتر بێت چونکە هاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە لە خورمەڵە و وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی وەکو کۆمپانیاکانی تر زۆرنییە. چەند کێڵگەیەکی تری نەوت و گازیش هێشتا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین و قۆناغی پێش بەرهەم هێناندان. کۆی بەرهەم و شایستەکان لێرەدا دەگەینە ئەودەرەنجامە کۆی بەرهەمی ئەو کۆمپانیاینەی بەرهەمیان ڕاگەیەنراوە جگە لە کۆمپانیای کار ڕۆژانە ٢٧٦ هەزار و ٥٦٠ بەرمیلە گەر کاریش ١٧٠هەزار بێت ئەوا کۆی بەرهەم ٤٤٦ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت بووە. تێکرا نرخی نەوتی برێنت لەمانگی تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٤٠،١٩ سۆلار بەپێی ڕاپۆرتەکان هەرێم بە ١٠ دۆلار لە ژێر ئەو نرخەوە نەوتەکەی دەفرۆشێت. کەواتە گەر بە ٣٠ دۆلار نەوت فرۆشرابێت و بەرهەم بریتی بوبێت لە ٤٤٦ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل ئەوا بەرهەمی هەرێم لەمانگەکەدا ١٣ ملیۆن و ٤٨١ هەزار بەرمیل بووە و بەکۆی داهاتی ٤١٥ ملیۆن و ٢٤٥ هەزار دۆلار. گەر ٧$ بۆ گواستنەوەی هەربەرمیلێک رۆشتبێت ئەوا کرێی گواستنەوە دەکاتە ٩٦،٩ ملیۆن دۆلار کۆی بەرهەمی ئەو پێنج کێڵگە نەوتییەی کە شایستەکانیان ڕاگەیەنراوە ٢٣٤ هەزار و ٢٦٠ بەرمیلە کە دەکاتە نزیکەی ٥٣% ی کۆی بەرهەمی هەرێم . کۆمپانیاکانی نەوت بڕی نزیکەی ٧٤ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی ( خەرجی و قازانج). کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە پێدەچێت گرێبەستی خزمەتگوزاری هەبێت و بەو پێیەی خەرجی سەرمایەی بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر کەمترە بە گریمانەیی ٢٥ ملیۆنمان داناوە دەکرێت کەمتر یان زیاتر بێت. گازپرۆم بەرهەمی لە کێڵگەی گەرمیان کەمترە لە بەرهەمی کێڵگەی شێخان گەر بەهەمان بڕ شایستەی وەرگرتبێت ئەوا بڕی ٩,٦ ملیۆنی بەگریمانەیی وەرگرتووە. کۆمپانیای ئۆرێکس لە کێڵگەی هەولێر کە جۆری نەوتەکەی بەراورد بە کێلگەی تەقتەق قورسترە واتە نرخی فرۆشی نەوتەکەی کەمترە و ئاستی بەرهەمیشی نزیکە لەکێڵگەی تەق تەقەوە گەر بەگریمانەیی بڕی ٣,٤ ملیۆنی بۆ دابنێن ئەوە کۆی شایستەی ئەم سێ کێڵگەیە بەگریمانەیی دەکاتە ٣٨ ملیۆن دۆلار . کەواتە بەنزیک کراوەیی ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم لەمانگی تشرینی دووەمدا دەبێت بریتی بوو بێت لە ٢٠٩ ملیۆن دۆلار. لێرەدا چیی خۆیەتی ببرسین ،دەبێت کەی موچەخۆرانی حکومەتیش بەهەمان شێوەی کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن؟
درەو: یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتوون پەرلەمانی كوردستان تا مانگی ئازاری 2021 كۆنەبێتەوەو بڕیاری كۆتاییش دەدەنە دەست سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لە روداوەكانی ناوپەرلەمانی كوردستان و كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان كراوەو پێیان باش بووە، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە،كۆبونەوەی پەرلەمان رابگیرێت، بڕیاری كۆتاییش دراوەتە دەست سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆبونەوە یان ئەنجامنەدانی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان . بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رایەكی بەهێز هەیە كە لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بە شێوەی زارەكی بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگەیاندووە لە ئێستادا وەزیرەكان نانێرن بۆ پەرلەمان، بۆیە كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان تا 1/3/2021 رادەگیرێت، لەبەر ئەوەی لە 1/1 ەوە تا 1/3 پشووی پەرلەمانە، واتا لە ئێستاوە تا 1/3/2021 كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان رادەگیرێت. هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، وەفدێكی تیمی حكومی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی لامەركەزی لە سلێمانی بوون و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بە جیا كۆبونەوە، وەفدەكەی پارتی كە لە (پشتیوان سادق، ڤالا فەرید، ئومێد سەباح) پێكهاتبوون و تایبەت بوون بە پرسی لامەركەزی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری بەشێكی كۆبونەوەكەی كردووەو رایگەیاندووە: ئێمە وەك یەكێتی تا سەری ساڵ چاوەڕێ دەكەین بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوانمان و دەمانەوێت لامەركەزی بۆ هەموو كوردستان بێت نەك تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی.
(درەو): خاوەن پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دەستبەسەرە، دانیشتوانی پرۆژەكە سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی پابەندی بەڵێنەكانی نەبووە لە دروستكردنی پرۆژەكەدا. بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانیو خراپی مامەڵەكردنەوە، دانیشتوانی پرۆژەی "شاری ئەوین" لە سلێمانی، سكاڵایان لەسەر خاوەنی پرۆژەكەیان تۆماركرد. خاوەنی پرۆژەكە كە ناوی (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد)ە، ئێستا لە بنكەی پۆلیسی "چوارچرا" دەستبەسەرە. پرۆژەی "شاری ئەوین" لە ساڵی 2010 دەستكراوە، ژمارەیەك بەڵگەنامە لەبەردەستی (درەو)دایە، كە دەریدەخات لەگەڵ دروستكردنی ئەم پرۆژەیەدا، كێشەو گرفت لە پرۆژەكەدا هەبووەو بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیو لیژنەی پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی چەندینجار خاوەنی پرۆژەكەیان لە كەموكورتییەكانو ناڕەزایەتی دانیشتوانەكەی ئاگاداركردووەتەوە. بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی كە دیاریكردووە، هەر لەسەرەتاوە پرۆژەی "شاری ئەوین" بەڵێنی بە دانیشتوانی پرۆژەكە داوە ئەم خزمەتگوزاریانە دابین بكات: • جگە لە خانووەكان (قوتابخانەی بنەرەتی، قوتابخانەی ئامادەیی، بنكەی تەندروستی، دایەنگا، باخچەی ساوایان) • جۆرەها باخچەو پارك و شاری یاری • كارەبا بە كێبڵی ژێر زەوی هێڵی سەرەكیو مۆلیدەی ئەهلی • تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ • مۆڵو سوپەرماركێتو هەموو جۆرە بازاڕێك • سیستەمی دابەشكردنی غاز بۆ هەموو ماڵێك • پانی شەقامی لاوەكییەكان لە 12 مەتر كەمتر نیە هەتا 30 مەتر بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، كە لەگەڵ ژمارەیەك دانیشتوانی پرۆژەی "شاری ئەوین" قسەی كردووە: لەو بەڵێنانەی كە وەبەرهێنەر بە دانیشتوانی پرۆژەكەی داوە، نزیكەی رێژەی (95%)ی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە. بە وتەی دانیشتوانی پرۆژەكە: • لە پرۆژەكەدا تائێستا ( قوتابخانەی بنەرەتی، قوتابخانەی ئامادەیی، بنكەی تەندروستی، دایەنگا، باخچەی ساوایان) دروست نەكراوە، دانیشتوانی پرۆژەكە خۆیان دوو خانویان بەكرێگرتووەو مانگانە هەر كەسێكیان لە گیرفانی خۆی بۆ هەر قوتابیەك (10 هەزار) دینار دەدات، تەنانەت لەو كاتەشدا كە دەوام نیە. • بەپێچەوانەی ئەوەی خاوەن پرۆژەكە لەسەرەتاوە بەڵێنیداوە، لە پرۆژەكەدا هیچ پاركو سەوزاییو شاری یاریی تێدا نیە. • تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی پرۆژەكە زۆر خراپەو بە پارەی دانیشتوانی پرۆژەكە دروستكراوە، هەر خاوەن خانویەك (150 دۆلار)ی داوە بۆ راكێشانی ئاو، پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ و زێرابی قڕكە بەناو پرۆژەكەدا دەڕواتو سندوقی بۆ نەكراوە. • بەپێچەوانەی ئەوەی خاوەن پرۆژەكە بەڵێنی داوە، پرۆژەكە هیچ جۆرە مۆڵو سوپەرماركێتو بازاڕێكی تێدا نیە. • سیستەمی دابەشكردنی غاز بۆ هەموو ماڵێك دابین نەكراوە. • خاوەن پرۆژە تەنیا لە دروستكردنی شەقامەدا بەڵێنەكەی خۆی بردوەتەسەر. • سەعاتی كارەبایی بە (38 هەزار) دینارە، بەڵام خاوەنی كۆمپانیاكە (200 دۆلار)ی بۆ هەر خانویەك وەرگرتووە بۆ (600) ماڵ. • مانگانە (25 هەزار) دینار خزمەتگوزاری خۆڵو خاشاك وەردەگرێت، لەكاتێكدا شارەوانی خۆی خۆڵو خاشاك فڕێ دەدات. (درەو) لە بەدواداچونەكانیدا بۆ كەموكوڕییەكانی ئەو پرۆژەیە، چەندین دیكۆمێنتی دەستكەوتووە، كە زۆربەیان نوسراوی ئاگاداركردنەوەو خستنەرووی كەموكوڕییەكانی پرۆژەكەن لەلایەن دامودەزگا فەرمییەكان حكومەتی هەرێمەوە. لە رۆژی 15/7/2014 بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی كردووەو تێیدا رایگەیاندووە، پرۆژەی "شاری ئەوین" چەندین كێشەو كەموكورتی تێدایە، بۆیە لیژنەیەكمان پێكهێناوەو داوا لە بەڕێزتان دەكەین (انزار) هۆشداری ئاڕاستەی وەبەرهێنەرو خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو كەموكوڕیانە. بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە 1/10/2020، نوسراوێكی بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە سەبارەت بە پرۆژەی "شاری ئەوین" باس لە چەندین كەموكوڕیو كەمتەرخەمی دەكات: - جێبەجێنەكردنی بینای بازرگانی ناو پرۆژەكە بەهۆی كەمتەرخەمی وەبەرهێنەرەوە - بونی كێشەی ئاوەڕۆ كە بەناو پرۆژەكەدا دەڕواتو نەكراوە بە سندوقی - وەبەرهێنەر كەمتەرخەمە لە جێبەجێكردنی سەوزاییو مزگەوت لە رۆژی 3/11/2020 لیژنەی پرۆژەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی بۆ كێشەو داواكاری دانیشتوانی ناو پرۆژەی شاری ئەوین كرد: هەتا ئێستا بەشە بازرگانیەكانی ناو پرۆژەكە درووست نەكراوە كە بەپێی گرێبەستەكە ئەركی كۆمپانیای جێبەجێكارە دروستی بكات، بەفەرمی ئاگاداری وەبەرهێنەر كراوەتەوە بەڵام پابەندنەبووە بە جێبەجێكردنیەوە. لەناو پرۆژەكە كۆمپانیای پاسەوانی (سكویریتی) دانراوە دانیشتوانی پرۆژەكە داوا دەكەن كە سكویریتی نەمێنێت، چونكە رێگریان لێدەكەن لەكاتی بردنەژوورەوەی كەلوپەلەكانیان پێویستە لەماوەی یەك مانگدا كۆمپانیای پاسەوانی (سكویریتی) نەمێنێت. بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە كۆمپانیای سكویریتی كە ئەركی پاراستنی پرۆژەكەیە، بەڵام ئەو كۆمپانیایە كرێی خزمەتگوزاریو ئاو و كارەبا كۆدەكاتەوە، نوسراوەكە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بەسەرەوەیە كە نوسیویەتی: ئێوە بۆتان نیە بچنە سەرماڵانو ئێوە ئەركی پاراستنی ئەو ماڵانەتان لە ئەستۆیە ئەگەر وا كاردەكەن نابێ لەوێ بمێنن. بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە هەرلەوێن و بەردەوامە لەكاركردن. لە 30/9/2020 بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) كردووەو رایگەیاندووە: بۆ دواجار ئاگادارت دەكەینەوە كە وەبەرهێنەر ناتوانێت رێگر بێت لە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكاریانەی كە بە رێكاری یاسایی دەكرێنو رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانی وەرگرتووەو بەپێچەوانەوەی روبەروی مامەڵەی یاسایی دەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتی یاساییو كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە 6/10/2020 ئاگاداركردنەوەی ناردووە بۆ خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) لەبەرامبەر وەرگرتنی قیستی موتەراكم لە دانیشتوانی پرۆژەكە، ئاگاداریان كردووەتەوە كە نابێت داوای قیستی موتەراكم یان هەموو قیستەكان بكات لەبەر ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكە تەواو نەكراوە. بە پێی وتەی دانیشتوانی پرۆژەكە قەرزی موتەراكم چەند قیستی تێدا مابێت لەكاتی فرۆشتنو یان گۆڕینی ناوی خاوەنەكەی هەر لایەنێك (500 دۆلار) وەردەگرێت كە نایاساییەو سەرەڕای ئەوە چی پارەی قیستیش مابێت ئەویش وەردەگرێت. لەبەرامبەر ئەو كێشەو گرفت و كەموكوڕییانەدا، ژمارەیەك لە دانیشتوانی "شاری ئەوین" سكاڵایان لەسەر خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمە) تۆماركردو لە ئێستادا خاوەنی پرۆژەكە لە بنكەی پۆلیسی "چوارچرا" دەستبەسەرە.
كهركوك ناو یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، ناوهندی قهزای شنگال بهجێدههڵێت و ژمارهیهك له بارهگاكانی رادهستی هێزه عیراقییهكان دهكات، ئهوهش بهپێی رێككهوتن لهگهڵ سوپا. شهڕڤانانی یهبهشه، له چهند رۆژی رابردودا كشانهوهی هێزهكانیان له بارهگا و بازگهكانی ناوشاری شنگال بهرهو ناوچهكانی دهوروبهری قهزاكه دهستپێكردووه، دوای گهیشتنی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی. ئهو هێزهی پۆلیسی فیدراڵی سهر به وهزارهتی ناوخۆی عیراق، كە ژمارەیان لەسەروی دوو هەزار كەسە، 19ی تشرینی دوهم له كهركوكهوه رهوانهی شنگال كران، تا دۆسیهی ئهمنی ناوهندی قهزاكه وهربگرن. ههڤاڵ تێكۆشهر، له یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه) به (كهركوك ناو)ی وت "ئێستا هیچ هێزێكمان لهناوشاردا نهماوه، بهپێی رێككهوتنی نێوان ئێمه و سوپا له دهرهوهی شار دهمێنینهوه، تا كاتی رێككهوتنی دوهم". له رێككهوتنی دوهمدا هێزهكانی شنگال تاوتوێی چۆنیهتی بهڕێوهبردنی بازگه ئهمنییهكان دهكهن. "لهبهرانبهر جێگیربونی هێزهكانمان له دهرهوهی شار، ژمارهیهك له هێزهكانی یهبهشه له چوارچێوهی حهشدی شهعبیدا دادهمهزرێن". ههڤاڵ تێكۆشهر دهڵێت ئهوان هێزێكی عیراقیین و بهرێكهوتن ههندێك شوێنیان رادهستی سوپای عیراق كردووه. نهینهوا، 2020، بازگهیهكی هێزه ئهمنییهكان له ناوهندی ناحیهی سنونێ له قهزای شنگال فۆتۆ: كهركوك ناو بهپێی بهدواداچونهكانی (كهركوك ناو)، جگه له پۆلیسی فیدراڵی زیاتر له پێنج هێزی چهكداری جیاواز له شنگال ههن له نێویاندا حهشدی شهعبی، یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، پۆلیسی ناوخۆیی، ئاسایش، سوپای عیراق و پێشمهرگهی ئێزیدخان. خودێدا چوكی، بهڕێوهبهری ناحیهی سنونێ له شنگال به (كهركوك ناو)ی وت "ههموو بازگهكان وهك خۆیان ماون، بهڵام له سهرهتای مانگی تازهوه پۆلیسی فیدراڵی ئهمنیهتی ناوشار وهدهگرێت، بۆیه سوپا و هێزهكانی دیكه دهچنه دهرهوهی شار". هێشتا لهناوشار هێزهكانی حهشدی شهعبی، ئاسایشی ئێزیدخان سهر به ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهری و هێزهكانی حهیدهر شهشۆ له بارهگاكانیاندا ماونهتهوه و چاوهڕێدهكرێت ئهوانیش بچنه دهرهوهی شار، بهوتهی خودێدا چوكی. ئهو گۆڕانكارییه دوای نزیكهی مانگێك دێت له رێككهوتنی ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، كه تشرینی یهكهمی 2020 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیدارهیهكی نوێ و رێكخستنهوهی دۆسیهی ئهمنی قهزای شنگال. ئهو رێككهوتنه بهشێك له ئێزیدییهكانی ناو شنگال، به تایبهت لایهنگر و هێزهكانی نزیك له پهكهكه، پێی قایل نین و زیاد له جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕهزاییان ئهنجامداوه. حهسۆ ئیبراهیم، جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهری شنگال–به نزیك له پهكهكه ههژمار دهكرێن- به (كهركوك ناو)ی وت "هیچ شوێنێك رادهستناكهین و ئاسایشی ئێزیدخان له شوێنی خۆیاندا دهمێننهوه، تائێستا باسی دهركردنی ئاسایش نهكراوه، ئهگهر داواشبكرێت پابهند نابین، چونكه كاتێك سوپا له شنگال نهبوو، ئهوان ناوشارهكانیان پاراست". ئاسایشی ئێزیدخان، له دوای كۆنتڕۆڵكردنهوهی شنگال لهژێر دهستی داعش، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوشار و ناحیهكانی شنگال پێكهێنراون و ژمارهیان زیاتر له ههزار چهكدار دهبێت. قهزای شنگال، بهدوری 120كم دهكهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگای هەولێر دۆسیەیەكی یاسایی بە یەكێك لە پاسەوانەكانی خۆی دۆڕاند، لە عێراق هەر پەرلەمانتارێك 16 كەسی بۆ دابینكراوە وەكو ستافو پاسەوانی تایبەت، لە كوردستان پەرلەمانتاران سێ كەسیان بۆ دیاریكراوە، لە عێراق و كوردستانیش بەشێك لە پەرلەمانتاران پاسەوانەكانیان بۆ كاركردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كاری تایبەتی ماڵەوە بەكار دەهێنن. موچەی پاسەوانی پەرلەمانتار لە عێراقو هەرێمی كوردستان چەندە ؟ لەم راپۆرتەدا: ناكۆكی پەرلەمانتارو پاسەوانەكەی سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەفتەیەك لەمەوبەرو بەدیاریكراوی لە رۆژی 24ی مانگی رابردوودا، لە دادگای هەولێر دۆسیەیەكی یاسایی بە یەكێك لە پاسەوانەكانی خۆی دۆڕاند. سەلیم شوشكەیی كە دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لە خولی پێشوودا، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ناوی (14) كەسی وەكو پاسەوانو تیمی تایبەتی خۆی تۆماركردووە. یەكێك لەو كەسانەی كە سەلیم شوشكەیی دوای سەركەوتنی بۆ پەرلەمان كردویەتی بە پاسەوانی خۆی، كەسێك بووە بە ناوی (هیمداد عەزیز قادر)، ئەم كوڕە پێشترو لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، كامێرامانی تایبەتی سەلیم شوشكەیی بووە، شوشكەیی وەكو خۆی وتویەتی: وەكو وەفایەك بۆ یارمەتییەكانی ئەو كوڕە بۆ ئەو لەسەردەمی بانگەشەدا، ناسنامەی هیمدادی بردووە بۆ بەغدادو لە پەرلەمانی عێراق وەكو پاسەوانی خۆی ناوی تۆماركردووە. بەپێی یاسا، موچەی هەر پاسەوانێكی پەرلەمانتارانی عێراق مانگانە بەتێكڕا (915 هەزار) دینارە، ئەم پارەیە (750 هەزار)ی بۆ موچەیەو بڕی (165 هەزار) دیناریشی وەكو دەرماڵەی خواردن بۆ پاسەوان دیاریكراوە. بەگوێرەی نوسراوی دادگا كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سەلیم شوشكەیی لە رۆژی 6/9/2014 بەفەرمی هیمدادی وەكو پاسەوانی تایبەتی خۆی لە پەرلەمانی عێراق دامەزراندووە، بەڵام تاوەكو مانگی یەكی ساڵی 2018 هیچ بڕە موچەیەكی پێنەداوە، سەرباری ئەمەش تاوەكو حەوت مانگی ساڵی 2018 شوشكەیی لەبری (915 هەزار) دینار كە موچەی فەرمی پاسەوانی پەرلەمانتارە، مانگانە تەنیا (600 هەزار) دیناری داوە بە هیمداد، واتە سەلیم شوشكەیی هەر مانگێك بڕی (315 هەزار) دیناری لە هیمداد بڕیوە. لەبارەی دۆسیەكەیەوە، هیمداد بە (درەو)ی وت:" دوای ئەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ بڕی 600 هەزار دیناری مانگانەم لە مامۆستا سەلیم شوشكەیی وەكو پاسەوان وەرگرت، رۆژێك پێی وتم ئیتر تۆ موچەت نەماوەو گرێبەستەكەت هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دواتر زانیم هێشتا ناوم لە لیستی موچەدایەو موچەكەشم وەردەگرێت كە مانگانە بڕی 915 هەزار دینارە، ئیتر چوین بۆ دەستەی دەستپاكی كۆمەڵی ئیسلامیو شكایەتمان كرد". دەستەی دەستپاكی كۆمەڵ لەگەڵ سەلیم شوشكەیی قسە دەكات لەبارەی سكاڵای هیمدادەوە، شوشكەیی رەتیدەكاتەوەو دەڵێ ئەوە بوختانە، ئیتر دوای ئەمە هیمداد كێشەكە لەناو حزب دەردەهێنێتو بەفەرمی لە دادگا سكاڵا لەسەر سەلیم شوشكەیی تۆمار دەكات. هەفتەیەك لەمەوبەر، دادگای بەرایی هەولێر لە بەرژەوەندی هیمدادو لەدژی سەلیم شوشكەیی بڕیاریدا، بڕیارەكە شوشكەیی پابەند دەكات بڕی (2 ملیۆنو 205 هەزار) دینار بۆ پاسەوانەكەی بگەڕێنێتەوە. شوشكەیی لەڕێگەی پارێزەرەكەیەوە لە دادگا وتویەتی: ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە لە هیمدادی پاسەوانی بڕیوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی، گەڕاندویەتیەوە بۆ كۆمەڵی ئیسلامی. كێشەیەكی تریش لە دۆسیەكەدا هەیە، كە ئەویش رۆژی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هیمدادە وەكو پاسەوانی سەلیم شوشكەیی، نوسراوێكی پەرلەمانی عێراق هەیە كە ئاڕاستەی دادگای هەولێر كراوە باسلەوە دەكات گرێبەستی هیمداد وەكو پاسەوانی سەلیم شوشكەیی لە 1/2/2016وە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دواتر سەلیم شوشكەیی لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە نوسراوێكی تری كردووەو وادەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاسەوانەكەی پێش خستووە بۆ رۆژی 1/8/2015، دادگای هەولێر بەگوێرەی دواین نوسراو بڕیاریداوەو گرێبەستی هیمدادی لە 1/8/2015وە وەكو هەڵوەشاوە ئەژماركردووە، ئەگەر ئەم نوسراوە كاری پێنەكرایە، دەبوو سەلیم شوشكەیی بە تێكڕا بڕی زیاتر لە (8 ملیۆن) دینار بۆ ئەو پاسەوانەی بگەڕێنێتەوە. ئەمە تەنیا كێشەی سەلیم شوشكەیی نییە، بەگشتی پەرلەمانتارانی عێراقو كوردستان كێشەی پاسەوانو تیمی تایبەتیی خۆیان هەیە. ئیمتیازی پەرلەمانتاری عێراق بەپێی بڕیاری ژمارە (282) حكومەتی عێراق، موچەی پەرلەمانتار هاوتای موچەی وەزیرە، لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا تا ئەم ساتە موچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری عێراق بەمشێوەیەیە: • هەر پەرلەمانتارێك مانگانە تەنیا وەكو موچەی تایبەتی خۆی بڕی (7 ملیۆنو 400 هەزار) دینار وەردەگرێت. • كۆی گشتی موچەی پەرلەمانتاران كە ژمارەیان (329) پەرلەمانتارە، مانگانە (2 ملیارو 500 ملیۆنو 400 هەزار) دینارە. • جگە لە موچەی خۆیان، پەرلەمانتاران موچەی ستافێكی (16) كەسییان پێدەدرێت، ئەم ستافە دوو بەشە، بەشێك پاسەوانی تایبەتو بەشەكەی تر فەرمانبەرو سكرتێری پەرلەمانتارن، كۆی گشتی موچەی ستافی هەر پەرلەمانتارێك مانگانە (17 ملیۆن) دینارە، دەچێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارەكە. • هەر (329) پەرلەمانتارەكەی عێراق بەتێكڕا (5 هەزار و 264) كەسیان وەكو پاسەوانو ستافی تایبەت هەیە، هەموو مانگێك بەتێكڕا (5 ملیارو 593 ملیۆن) دینار موچە بۆ پاسەوانو ستافی پەرلەمانتاران دەڕوات. • بەكۆكردنەوەی موچەی مانگانەی پەرلەمانتارانی عێراقو پاسەوانەكانیان كە لەبودجەی گشتی بۆیان خەرجدەكرێت، لەمانگێكدا (8 ملیارو 93 ملیۆنو 400 هەزار) دینار خەرجی موچەی پەرلەمانتارانە. • ئەم پارەیە بەشێوەی ساڵانەش دەكاتە (97 ملیارو 120 ملیۆنو 800 هەزار) دینار، موچەی پەرلەمانتارانو پاسەوانەكانیشیان لەماوەی چوارساڵدا كە تەمەنی خولێكی پەرلەمانە، (388 ملیارو 438 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، كە دەكاتە، زیاتر لە (315 ملیۆن) دۆلار، واتە زیاتر (31 هەزارو 500) دەفتەر دۆلاری ئەمریكییان بۆ خەرجدەكرێت. • سەرباری ئەمە، لەگەڵ دەستبەكاربونیاندا، پەرلەمانی عێراق شوقە یان خانوو بۆ پەرلەمانتاران بەكرێ دەگرێت، بەمەرجێك كرێكە لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت، ئەم پارەیەش پەرلەمان دابینی دەكاتو ناكەوێتە سەر موچەی پەرلەمانتارەكەی خۆی. بڕیارە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا دوچاری عێراق بوەتەوە، لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا موچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران بەرێژەی 25% كەمبكرێتەوە. سەرباری ئەمە هێشتا پەرلەمانتارانی عێراق گلەییان هەیە لەوەی موچەو ئیمتیازاتەكانیان بەشیان ناكات، بەوپێیەی حزبەكانیان مانگانە 50%ی كۆی موچەو ئیمتیازەكانیان لێوەردەگرێتو خۆشیان هەر لەسەر ئەو پارەیە یارمەتی خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دەدەن، پەرلەمانتار سەرپشك كراوە چۆن ئەو ستافە (16) كەسییەكەی رێكدەخات، بۆیە زۆرێك لە پەرلەمانتاران كەسوكاری نزیكی خۆیان وەكو پاسەوان تۆماركردووەو مانگانە موچەیەكی دیاریكراویان پێدەدەن بەبێ ئەوەی دەوامیان پێ بكەن، هەندێكی تر لەسەر ئەم پارەیە ستافی میدیایی خۆیان لە پەیجەكانی ناو تۆڕی كۆمەڵایەتی دروستكردووە، هەندێك پارەی (16) كەسەكەیان دابەشكردووە بەسەر زیاتر لە (30) كەسدا بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری چەند كەسێكی زیاتر بكەن، هەندێكیش بەشێكی زۆری پارەی ستاف بۆ خۆیان دەگەڕێننەوەو مانگانە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ ئەوانەی ناسنامەكانیان بەكارهاتووە بۆ وەرگرتنی پارەكە، بڕێكی دیاریكراو پارە بە كەسەكان دەدەن. موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتار لە كوردستان ناوەڕاستی ئەمساڵ، بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكانی بڕی. پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان تێكڕای موچەكەی بە موچەی بنەڕەتیو دەرماڵەوە (8 ملیۆنو 84 هەزار) دینارە، واتە هاوتاو تاڕادەیەكیش زیاترە لە موچەی وەزیر. دوای بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان بەرێژەی 50% بەهۆی قەیرانی داراییەوە، چەند مانگێكە پەرلەمانتاران لە بری (8 ملیۆن) دینار، بڕی (4 ملیۆن) وەردەگرن. هەر بەپێی یاسا، پەرلەمانتاری كوردستان سێ كەسی وەكو هاوەڵ لەگەڵدایە، ئەمانە یەكێكیان شۆفێرو دوانەكەی تر پاسەوانی تایبەتن، موچەی شۆفێرو پاسەوانان ناكەوێتە سەر موچەی پەرلەمانتار، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین دەكرێت. لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق، زۆرێك لە پەرلەمانتاران كەسوكاری نزیكی خۆیان وەكو پاسەوان دامەزراندووە، هەندێكیشیان خەڵكانی شارەزای بواری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە بە پاسەوانو لەبری ئەو پارەیەی مانگانە وەكو پاسەوان پێیان دەدەن، كاری پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەو كەسانە دەكەن، و هەندێكیشیان بۆ كاری تایبەتی ماڵەوە بەكاریان دەهێنن، بۆیە هەندێكجار كێشەو ناكۆكی لەنێوان پەرلەمانتارو پاسەوانەكانیان روودەداتو هاوشێوەی ئەوەی لە سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی رویداوە، كێشەكە دەچێتە دادگاوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، مانگی حەوتی ئەمساڵ كە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی دابەشكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردستان كە ژمارەیان (71) پەرلەمانتار بووە بڕی (ملیۆنێكو 500 هەزار) دینار موچەیان وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی: • 50%ی موچەكەیان كەمكراوەتەوە، واتا لە (8 ملیۆن و 84 هەزار) دینارەوە كراوە بە (4 ملیۆن و 42 هەزار) دینار. • مانگانە بڕی (360 هەزار) دیناریان لێدەبڕێت بۆ كرێو خزمەتگوزاری شوقەی نیشتەجێبوون. • بڕی (2 ملیۆنو 160 هەزار) دینار بۆ قیستی ئۆتۆمبێل دەڕوات، ئەمە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبێلیان بە قیستی پەرلەمان راكێشاوەو مانگانە قیستەكەیان دەدەنەوە. (بەپێی زانیارییەكانی درەو ئۆتۆمبیلەكان بایی نزیكەی 85 هەزار دۆلار بووە، زۆرینەی پەرلەمانتاران ئۆتۆمبێلەكەیان فرۆشتوەتەوە) • ئەوانەی ئۆتۆمبیلیان بەقیست راكێشاوە، كۆی گشتی ئەو موچەیەی وەریان گرتووە (ملیۆنێكو 570 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی بە قیست ئۆتۆمبێلیان رانەكێشاوە بڕی (3 ملیۆنو 700 هەزار) دینار موچەیان وەرگرتووە. • پەرلەمانتارانی خانەنشینكراو بەهەمان شێوە رێژەی 50%ی موچەكەیان لێبڕدراوە، واتە موچەكەیان لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە بووە بە (3 ملیۆنو 250 هەزار) دینار.
ئاراس فەتاح- مەریوان وریا قانع (دووشەممەی هەموو هەفتەیەك تایبەت بۆ درەو دەینوسن) جیهان پڕە لە رووداوی تراژیدیی لەوێنەی جەنگ، ئاوارەبوون، برسێتیی، وێرانكاریی ژینگەیی، كە رۆژانە ویژدانی كەسانێكی زۆر دەهەژێنن، بەڵام زۆرجار تەنها یەكێك لەو ڕووداوانە دەبێت بە شاڕووداو و رەهەندێكی جیهانیی وەردەگرێت. خنكانی ئالان كوردی تەمەن سێ ساڵان لە ساڵی 2015دا و دۆزینەوەی لاشە بچووكەكەی لە كەناری دەریادا، بوو بە سیمبۆڵی تراژیدیای هەڵهاتنی رۆژانەی سەدان هەزار خێزانی مەدەنیی لە دەستی جەنگو برسێتییو نابەرپرسیارێتی حوكمڕانانی ئەم ناوچەیە. دیوێكی گرنگی تری ئەم ڕووداوە گوێپێنەدانو خەمساردیی سیاسەتی نێودەوڵەتیی بوو بەرامبەر بە دیاردەی پەناهەندەییو خنكانی ژمارەیەكی زۆریان لەڕێگای هەڵهاتنەكەیاندا. لەو چركەساتەوەی وێنەی ئەم منداڵە خنكاوە بڵاودەكرێتەوە، ئیتر جەستە بچووكە بێگیانەكەی دەبێت بە سیمبۆڵێك بۆ خنكاندنی ویژدانی مرۆڤایەتیی لە دەریای ناوەڕاستدا. یەكێك لە ڕووداوە تراژیدییەكانی ئەمساڵیش، ساڵی 2020، كە ڕەنگە ماوەیەكی درێژ لە یادەوەریی مرۆڤایەتییدا بمێنێتەوە، ڕووداوی خنكاندنی جۆرج فلۆیدی رەشپێست بوو لەلایەن ئەفسەرێكی پۆلیسی سپییپێستی ئەمریكییەوە. گرنگترین دەركەوتێكی ئەم ڕووداوی مردنە، دیسانەوە لەڕێگای خنكاندنەوە، ووشەی "هەناسە"یە. دوای ئەوەی چوار پۆلیسی شاری میناپۆلیس، جۆرج فلۆید دەستگیردەكەنو تەختی زەوی دەكەن، یەكێكیان بەناوی دێریك شۆڤێن بۆ ماوەی هەشت دەقیقە بەئەژنۆوە فشاردەخاتە سەر ملیو پاش ئەوە توانای هەناسەدانی لەژێر ئەژنۆكانی ئەو پۆلیسەدا سنوورداردەبێت، سەرەنجام دەخنكێت. جۆرج فلۆید بەر لە كوشتنی چەندجارێك هاواردەكاتو دەڵێت: "ناتوانم هەناسەبدەم"، "ناتوانم هەناسەبدەم"، بەڵام ئەفسەرە پۆلیسەكە گوێ بە هاوارو تكاكانی ناداتو بەردەوام دەبێت لە پەستانخستنە سەر ملی تا دەیخنكێنێت. بەدوای ئەو ڕووداوەدا ملیۆنان مرۆڤ دەڕژێنە سەر شەقامەكانو ناڕەزاییدەربڕینێكی هەمەلایەنە، ئەمانە تەنها داوای لێپرسینەوە لە تاوانبارەكان ناكەن، بەڵكو داوای سەرلەنوێ داڕشتنەوەو ڕیفۆرمكردنێكی ڕیشەیی سیستەمی پۆلیس لە ئەمریكادا دەكەن. پاككردنەوەی ئەو سیستەمە لە ڕاسیزمو كۆتاییهێنان بە ڕقبوونەوە لە ڕەشپێستەكانو بەكەمنرخدانانی بەهای ژیانیان، دەبێت بە داخوازییەكی جیهانیی. ڕووداوەكە كە گڕی لە شەقامی ئەمریكیی بەردا، هێزێكی گەورەی بە بزوتنەوەی دژ بە راسیزم بەگشتییو بە بزوتنەوەی "ژیانی ڕەشپێستان گرنگە" بەتایبەتیی بەخشی. بزوتنەوەی "ژیانی ڕەشپێستان گرنگە" بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتییو سیاسیی دژ بە ڕاسیزمە لە ئەمریكا. لە زۆر بەشی تری جیهاندا بە ملیۆنان مرۆڤ ڕژانە سەر شەقامەكانو هەمان دروشمیان بەرزكردەوەو داوای ڕێزدانانیان بۆ ژیانی ڕەشپێستەكانو كۆتاییهێنانیان بە ڕاسیزم، دەكرد. هەروەكو چۆن بڵاوبوونەوەی وێنەی جەستە خنكاوەكەی ئالان كوردیی لەكەناری دەریای ناوەڕاستدا بوو بە مانشێتی میدیا جیهانییو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەهەمان شێوە خنكاندنەكەی جۆرج فلۆید لەڕێگای گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیو لەماوەیەكی كورتدا هەموو جیهان بوو بە بینەرو شایەتی ئەو كوشتنە رەگەزپەرستانەیە. ئەم رووداوەش وایكرد زاراوەی "هەناسە" ببێتە یەكێك لە گرنگترین وشەكانی ساڵی 2020. "هەناسە" وەك هاواركردنێك بۆ ژیانو ڕێزرگرتنی مرۆڤ بەبێ جیاكارییو پاراستنی كەرامەتی. دۆخی زۆرینەی تاكو گروپەكانی هەرێمی كوردستانیش لەژێر زەبری حوكمڕانیی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، لە دۆخی پڕوكانێكی مەترسیداردایە كە بەرجەستەكەری هەردوو ئەو حاڵەتی خنكانو خنكاندنەیە كە باسمانكرد. ئینسانی ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەری نائینسانییدایە: یان ئەوەتا ساڵانە هەزاران كەس وەك خێزانی ئالان كوردیی ئاوارەی هەندەران دەبێت، بۆئەوەی ئەڵتەرناتیڤێكی تر بۆ ئەو ژیانە نائینسانییە بدۆزێتەوە، یاخود وەك دۆخی پێش خنكاندنەكەی جۆرج فلۆید هاوار دەكاتو كەس گوێی لێ ناگرێت. كۆمەڵگای هەرێم لەژێر زەبرو فشاری ڕۆژانەی حوكمڕانەكانیدا لە دۆخی پڕوكانێكی لەسەرخۆ، بەڵام بەردەوامدایە. ئەم پڕوكانە پڕوكانێكی هەمەلایەنە: پڕوكانی ئابوریی، پڕوكانی سیاسیی، پڕوكانی میدیاییو پڕوكانیی كۆمەڵایەتییو تەنانەت ئەخلاقییش. لەئاستی ئابوریدا خەڵكانێكی زۆر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژینو بە بەردەوامیش ژمارەیەكی گەورەتر لەژێر هەڕەشەی دابەزیندان بۆ ژێر ئەو هێڵە. دروستبوونی بەردەوامی ژمارەیەكی گەورە لە كەسانی بێكارو بێسەرچاوەی دارایی، هاوشانە، بە دروستبوونی بەردەوامی ژمارەیەكی كەم لە ملیۆنێرو ملیاردێرو دەوڵەمەندیی فەلەكیی. ئەو ڕێسایەی كایەی ئابوریی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەدەبات، دروستبوونی هەژارییەكی تۆقێنەرە بەرامبەر بە دەوڵەمەندبوونێكی مەترسییدار. ژێرخانی ئەم دوو پرۆسە ترسناكەش دزییو گەندەڵییو مۆنۆپۆڵكردنی كەرتە ئابورییە سەرەكییەكانی وڵاتەكەیە، لەلایەن چەند خێزانو بنەماڵەیەكی سیاسییەوە. لەناو ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییەدا هیچ ئاسۆیەك بۆ دەربازبوون لەم پڕوكانو خنكانە ئابورییە لەئارادا نییە كە ئەمڕۆ هەرێمەكەی تەنیوەتەوە. لە ڕووی سیاسییەوە هەمان پڕوكانو فشاری گەورە لەئارادایە. كایەی سیاسەت لە كوردستاندا كایەیەكی خنكێنراوە لەلایەن سیستەمێكی سوڵتانییەوە بە جۆرێك شتێك بەناوی سیاسەتو خێری گشتییەوە لەو كایەیەدا نەماوە. كایەیەكە جگە لەوەی لەلایەن چەند خێزانێكی سیاسییەوە تەواو مۆنۆپۆڵكراوە، هاوكات بە پەیوەندیی ژێربەژێرو بە كڕینو تەزویرێكی گەورەو هەمەلایەنیش تەنراوە. پڕكراوە لە بكەری ناسیاسییو نابەرپرسیار، كە هەموویان یەك ئامانج دەیانجوڵێنێت: وەدەستخستنی ئاسانی پارەو كەڵەكەكرنێكی نایاساییو نەبەرپرسیارانەی بەردەوامی. بە بۆچوونی ئێمە پڕوكاندنی ئابوریی لە هەرێمدا لە پڕوكاندنی سیاسیی كۆمەڵگاكەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەم پرۆسەی پروكاندنە سەرەتا بە پرۆسەی مۆنۆپۆڵكردنو كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی كایەی سیاسیی لە هەرێمدا پیادەكرا، ئینجا ئەو مۆدێلی مۆنۆپۆڵكردنە سیاسییە گواسترایەوە بۆ ناو كایەی ئابورییو لەوێشدا جێبەجێكرا. ئابوری نەوتی هەرێم، بەستنی نهێنییو تەعەسوفییانەی پەیمانە ئابورییەكان لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییو كۆمپانیا زەبەلاحەكاندا، ئابوریی خاڵە سنوورییەكان، ئابووری قاچاخو بازرگانییە گەورەكان، دابەشكردنی كۆنتراكتەكان، چۆنیەتی وەگەڕخستنی سەرمایە، هەر هەموو ئەمانە لەژێر دەستی چەند كەسێكی ناو بنەماڵە حوكمڕانەكانو بازنەیەكی سیاسیی بچووكی داخراودان. داگیركردنی كایەی سیاسیی هەرێم لەلایەن خێزانە سیاسییەكانەوە بەتاڵكردنەوەی كۆمەڵگای كوردستان بوو لە توانای دەستكاریكردنو داڕشتنەوەی پەیوەندیی و هاوكێشەكانی هێز لەناویدا. پڕوكانی میدیایی دیاردەیەكی تری زۆر تایبەتی ناو دونیای ئێمەیە. بەشی هەرەزۆری میدیا لە هەرێمدا میدیایەكی تەواو كۆنترۆڵو كڕدڕاو و ئاڕاستەكراوە. ڕووبەرێكی تەسك بۆ میدیاو دەنگی ئازاد هەیە، بەڵام ئەم ڕووبەرە هەم هێجگار بچووكە، هەم ڕووبەرێكی تەواو خزێنراوەتە ژێر فشارەوە. گرتنی بەردەوامی ڕۆژنامەنووسە ئازادەكانو چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنیی دەرەوەی دەسەڵاتی دەزگا حیزبییەكان، دیمەنی پڕوكاندنەكە بە ئاسانی بەرجەستەدەكات. ئەركی گرنگی ئەم میدیا ئاڕاستەكراو و كۆنترۆڵكراوەی هەرێم تەنها پڕوپاگەندەكردن نییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەڵكو هەڵگێڕانەوەیەكی هەمەلایەنەی راستییەكانو درۆكردنی بەردەوامە بەو مەبەستەی دۆخێك دروستبكەن كەس نەتوانێت لەناویدا ڕاستیی لە درۆ جیابكاتەوەو لەم ڕێگایەشەوە شتێك بەناوی هیواو ئومێد لە كۆمەڵگاكەدا نەمێنێتەوە. هاوكات ئەم میدیایە یەكێكە لە میلیشیا تایبەتەكانی پێكدادانە سیاسییو سەربازییەكانی ناو هەرێم. بۆیە یەكێك لە وەزیفە سەرەكییەكانی تری بریتییە لە بەرهەمهێنانی ڕقو دڕدۆنگییو تێكشكاندنی هەموو بەهایەكی پێكەوەژیانو قبوڵكردنی یەكتر. ئەم دۆخی پڕوكانە لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە زۆر بەسەختی ئامادەیە، هیچ كاتێك بە ڕادەی ئەمڕۆكە پارچەپارچەبوونی كۆمەڵگا لەو وڵاتەدا ئامادەنەبووەو پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتیی ئینسانەكانیش زەحمەت نەبووە. كۆمەڵگای هەرێم لە دۆخێكی شاقوڵییو ئاسۆیی دابەشبوونو پارچەپارچەبوونی هەمەلایەندایە. لانی هەرەكەمی هیچ ئیجماعێكی كۆمەڵایەتییو دینییو سیاسییو فەرهەنگیی بوونی نییە. هەر یەكێك لە دوو هێزە حوكمڕانەكەش، كە خاوەنی پێشمەرگەو پۆلیسو ئاساییشی تایبەت بەخۆیانن، هەر كاتێك بیانەوێت یان مەترسیی بۆ سەر دەسەڵاتدارێتییەكەیان بەدیبكەن، دەتوانن هەرێمەكە پارچەپارچە بكەن، سنوورەكانی نێوانیان دابخەنو هەموو پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتیی لەنێوان شارو ناوچەكانی هەرێمدا بپچڕێنن. ئەم دۆخەش سایكۆلۆژیایەكی تایبەتی بەسەرخۆدا داخرانو ناوچەگەرێتیی بەرهەمدەهێنێتو لانی هەرەكەمی كۆگیریی كۆمەڵایەتیی دەپڕوكێنێت، هاریكاریی كۆمەڵایەتیی تێكدەشكێنێتو هاوسۆزیی دانیشتوانەكە بۆیەكتر لاوازدەكات. لە هەموو ئەو بوارانەدا دۆخی هەرێم وەك دۆخی هاواری جۆرج فلۆیدە بۆ هەناسەدان لەژێر فشاری گوێنەگرتنی دەسەڵاتداراندا، لە رووە ئینسانییەكەشییەوە وەك دۆخی خێزانەكەی ئالان كوردیی وایە كە بەناچاریی وڵاتەكەی خۆی بەجێدەهێڵێتو ئاوارەی هەندەران دەبێت بۆئەوەی هەناسەی ژیانێكی كەرامەتدار هەڵمژێت. بەڵام لە دەریادا دەخنكێت. ئەگەر زاراوەی سەرەكیی ساڵی 2020 لە ئەمریكادا زاراوەی "هەناسەدان" بێت، ئەوا زاراوەی سەرەكیی ناو دونیای ئێمە لەم چەند ساڵەی دواییدا زاراوەی "پڕوكان"ە. ئەوەی دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەنجامیدەدەن پڕوكاندنی سیستەماتیكی كۆمەڵگای هەرێمە. پڕوكاندنێك كە یان بە مردن كۆتایی دێت یان بە یاخیبوون. پێدەچێت چارەسەرێكی تر لەنێوان ئەو دووانەدا بوونی نەمابێت، یان هێجگار زەحمەتبێت. بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
(درەو): وەزارەتی داراییو ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، موڵكێكی حكومەت لەسەر شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر دەفرۆشێت. بەگوێرەی هەوڵی تەلەفزیۆنی كوردستان 24ی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، ئەم موڵكە كە حكومەت بەنیازە بیفرۆشێت، شوێنی (یانەی ئاوێزەی خێزانی)یە، كە یانەیەكی شەوانەیەو رووبەرەكەی (7 هەزارو 800 مەتر)ە. رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی ئەم موڵكە دەخاتە زیادكردنی ئاشكراوە. تەلەفزیۆنی كوردستان 24 دەڵێ:" فرۆشتنی ئەم موڵكە بەمەبەستی دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانە".
(درەو): مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لەم هەفتەیەدا وەکو دواجار بەر لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان واتە (٣٢٠ ملیار) دینارەکە بنێرێت، کازمی ئاماژەی ئەرێنی بۆ ناردنی پارەکە لە عامری و مالیکی و حەکیمەوە وەرگرتووە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) کەوتوون، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا (٣٢٠ ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بخاتە سەر ژمارە حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بڕیاری کازمی بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی چەند کەسێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دێت لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکانی عێراق بە دیاریکراویش (هادی عامری) سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح. کازمی دەیەوێت رەزامەندی لایەنە شیعەکان وەرگرێت بۆ ناردنی پارەکە، ئەمە بۆ ئەوەیە خۆی لە توڕەیی ئەو لایەنانە لەناو پەرلەمانی عێراق بپارێزێت، کە بەمدواییە بە کۆدەنگی یاسایەکیان بەناوی یاسای "قەرز" پەسەندکردو لەو یاسایەدا ناردنی هەر بڕە پارەیەکیان لەلایەن حکومەتی کازمییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەستەوە بەوەی، هەرێم بڕێک لە نەوتەکەی رادەستی عێراق بکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدادەوە دەست (درەو) کەوتوون، کازمی وەکو دواجارو بەر لە پەسەندکردنی پرۆژە بودجەی ٢٠٢١، چەند رۆژی داهاتوو ئیمزا لەسەر ناردنی (٣٢٠ ملیار) دینارەکە دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، واتە دوای ئەمجارە بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەپێی ئەو بڕە دەبێت کە لە بودجەی ٢٠٢١دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. بۆ ناردنی (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی هەرێم، کازمی ئاماژەی ئەرێنی لە هەریەکە لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاساو عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە وەرگرتووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی (درەو)، هێشتا موقتەدا سەدرو هاوپەیمانێتییەکەی (سائرون) هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر) ناڕازین پارەکە بنێردرێت. کازمی پێشتر رایگەیاند، بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدوای دەرەچەی "یاسایی و سیاسی"دا دەگەڕێت، رەنگە دەرەچە سیاسییەکەی کەمێک بۆ کرابێتەوە. سەبارەت بە دەرەچە یاساییەکەش، کازمی ئەم چەند رۆژەی دیاریکردووە بۆ ناردنی پارەکە، ئەم رۆژانە پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەی نییەو پەرلەمانتاران لەنوسینگەی پارێزگاکان دەوام دەکەن، بەمەش خۆی لە هەر کاردانەوەیەکی کتوپڕو خێرای پەرلەمان دەپارێزێت، بەڵام سەرباری ئەمە پیشبینی دەکرێت هەندێک لە پەرلەمانتارو لایەنە شیعەکانی عێراق وەکو موزایەدەی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەیاننامە لەدژی کازمی دەربکەن و تۆمەتباری بکەن بەپێشێلکردنی یاسای "قەرز"، ئەمەش بەهانەی ئەوەی یاساکە ناردنی هەر بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان بەستەوەتەوە بەوەی هەرێم بڕێک لە نەوتەکەی رادەستی بەغداد بکات. ئەگەر کازمی پارەکە بنێرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بۆ ئۆپشنەکانی تر نابات و موچەی مانگی (١٠) هاشێوەی مانگەکانی تر بەرێژەی لێبڕینی ١٨٪وە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی بەغداد نەگات، حکومەتی هەرێم بۆ موچە بڕی (٢٨٠ ملیار) دینار کورتهێنانی دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە دەبێت پەنا بۆ قەرزکردن ببات، ئەگەر قەرز نەکات جگە لە بەرزکردنەوەی ئاستی لێبڕینی موچە لە ١٨٪ بۆ نزیکەی ٤٠٪، هیچ ئۆپشنێکی تری لەبەردەمدا نابێت. بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دۆخی دارایی ئێستای حكومەتی هەرێم كلیك لەسەر ئەم راپۆرتەی خوارەوە بكە
درەو: شرۆڤە: د.هەردی مەهدی میکە (تایبەت بە درەو) گەر ڕێڕەوە بازرگانییەکان بۆ سەرمایەداران هەلی پەرەپێدانی داهات بن، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگایەکی بازرگانی دەچێتەوە سەر سیاسەت، جیا لەوەی بۆ هەرێمیێکی هەڕەشەلەسەر هەمیشە جۆرێک لە دیبلۆماسییەتی کولتووریی و لۆبیکردنن، دەکرێت جێکردنەوەی هەرێمیش بێت لە نەخشەی جیۆئیکۆنۆمی و جیۆسیاسییدا، کە دەتوانن لادەری بەڵا و مەترسی بێت. لەم ڕۆژانەدا باس لە کەوتنەسەرپێی کریدۆرێکی(ڕێڕەو/corridor) نیمچەنهێنی نوێی بازرگانیی تورکیا(وان و ئاگری)-ئێران(ورمێ-سنە)-هەرێمی کوردستان(سلێمانی/هەڵەبجە) دەکرێت، کە تیایدا ئێران وەک ترانزێد و تورکیا وەک نێرەر وهەرێم وەک وەرگر دەردەکەون، ئەم کارە بۆ کوردستان و بە تایبەت بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دەتوانێت کریدۆرێکی بووژێنەرەوە بێت و لە ئەگەری پەرەپێدانییەوە دەتوانێت ئەم شارانە هەم لە خنکانی سیاسییان و هەم لە بووژانەوەی ئابوورییان وەک دەرفەت سەیر بکرێت، بەمەرجێک "حکومەتیی" و لە چوارچێوەی شیرازەی گومرگیی هەرێمدا بێت و پتر لە بەر ڕۆشنایی ڕاڤە ئابوورییەکان و دەرچەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی قوفڵبوونی ئابووری هەرێم لێکبدرێتەوە نەک لە نێو ئەجێندای حزبێک یان گرووپێکدا بێت. تا هەنووکە سیاسەتی گشتیی(پۆڵەسی) هەرێم، مەترسیی، ناکۆکی مێژوویی و سیاسیی هێزەکان دیاریی دەکەن نەک نەگۆڕ و بەرژەوەندییە ئایندەیی و شوناسییەکانی. بەو مانایەی ڕوانگەی سیاسەتکردن لە هەرێم بەرژەوەندیی تۆپەڵە حزبێک بەڕێوەی دەبەن، بۆ گۆڕێنی ئەم ستراتیژە کوشندەیە، باشترە بە نیگای ناوچەگەرێتی و حزبییانەوە لە هەر جوڵەیەک نەڕوانرێت، گرنگە حزبەکانی کوردستان لە ململانێی "ملبادان و دەستشکاندنەوە"ەوە بیر لە ستراتیژی "براوە-براوە" بکەنەوە، بە جۆرێک ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکانی بەڕێوەببرێن هەردوولا و هەرێم و هاووڵاتی براوە بن. بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی بازرگانی بۆ هەر شارێکی کوردستان بە تایبەت، شایەنی ڕەخنە نییە، بەڵکو دەبێت ئەرکی سیاسەتکاران بێت(وەک هەرێمی کوردستان و حکومەت)، بەتایبەت بۆ هەرێمێک کە ڕێگا ئاساییەکانی هەمیشە لەمەترسیدان و لە هەر جوڵەیەکی سیاسیی و ئەمنیدا، دڵی هەر شارێکی کوردستان و خەڵکەکەی دێتە مشتییەوە. بۆیە دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێ واتە سازاندنی دەرفەت و کەمکردنەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سەردەستەکان. بەڵام ئایا هەر ڕێگایەک هەلێکی نوێیە؟ لە هەر حاڵەتێکدا بێت ئەم بیرکردنەوەیە گرنگە، پێویستە مەترسی و هەلەکانی بە بۆ ئێستا و ئاییندە لێکبدرێتەوە، چ لە پیادەکردنییدا چ لە وازلێهێنانیدا، دەبێت بیرکردنەوە بێت لە درووستکردنی بەدیل و جێگرەوەی ئاییندەیی ڕێگا باوەکانی نێوان هەرێم و دراوسێکانی، کە هەبوونمان لەم جوگرافیایەدا بە ڕەوا نازانن. تا هەرێم جێ نەمێنێت ڕێڕەوە بازرگانییەکان، تەنها جێگۆڕکێی شمەک و سەرمایە و داهات نییە، بەڵکو کولتوور، ئایدۆلۆژیا و ئاینیش لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ دەگوازنەوە. ڕێڕەوەکان شادەماری زیندوومانەوە و هەمانکات پارێزەر و پێشخەری هەر شار و کیان و وڵاتێکیشن، زۆرجارلە مێژوودا بە لاوازبوونی ڕێڕەوێکی بازرگانی شارێکی مەزنیش لە ڕەونەق کەوتووە و مەرگی سیاسییشی بەدوادا هێناوە، شارانێکی زۆر لە مێژوودا وەک چرای شارستانییەت بوون و بە لاوازبوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکانیان کووژانەوە، شارێکی نیشابووری مەزن کە لەسەر ڕێگای بازرگانی بوون نموونەیەکە لە سەدان، کە بە گۆڕانی ڕەوتی ڕێڕەوەکان، ئەوانیش پێگە زیندووەکەیان لەدەستدا. لە ئاستی جیهانییدا چین چەند ساڵێکە بەدوای زیندووکردنەوەی ڕێگای نوێی ئاوریشمەوەیە، لە ڕێڕەوەکەدا تورکیا، ئێران و وڵاتانی قەوقاز بەشێکن لە چوارچێوە گشتییەکەی و دەیانەوێت ڕۆڵ ببینن، ئێران و تورکیاش بە جیا و پێکەوە چەند ساڵێکە بەدووی دۆزینەوەی ڕێڕەوی تازەی بازرگانیەوەن تا جێنەمێنن، تورکیا زۆر ورد نەخشەی بۆ چنیووە و لە هەر چوارلای وڵاتەکەیەوە دەروازە و ڕێگای نوێی کردووەتەوە و دەیکاتەوە، چ وەک هەناردەکەر چ وەک ترانزێد کارایی خۆی دەنوێنێت، هیچ سەیر نیە گەر بوترێت ڕێگا نوێکان بوون تورکیایان لە وڵاتێکی قەرزارەوە کردە نێو گرووپی G20ەوە. عێراق و هەرێم بەشێکی سەرەکی ئەم ڕێڕەوانەن و نابێت وەک پاسیڤێک لەو چالاکییەی وڵاتانی دی بڕوانرێت. ئێرانیش لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەم خۆی کردووەتە دەروازەی نوێ بۆ چین، وڵاتانی قەوقاز، ڕوسیا و تورکیا، هەم دەشیەوێت عێراق و کوردستان بکاتە کریدۆری بازرگانی و هەناردەکاریی خۆی بەڕووی ئەو جیهانەدا کە ئایدۆلۆژیاکەی دەرگای لەسەری داخستووە. بۆ نموونە یەک لە ڕێگاپێشنیارکراوەکانی ئێران بەترانزێدکردنی هەرێم بە تایبەت سلێمانییە بۆ بەستنەوەی بە شامەوە. لە زۆرینەی ڕێڕەوە مێژوویی و پێشنیارکراوەکاندا سوچێکی کوردستان بوونەتە بەردەبازی تەواوکاریی ڕێڕەوەکان، بۆ نموونە لە ڕێگای ئاریشمی ١٧٠٠ساڵەی دێریندا (کرماشان و جەلەولا)، لە ڕێگای کەنداو-بەغدا-ئەستەنبوڵی عوسمانی (کفری-کەرکوک/هەولێر-تەلەعفەر)، کوردستان دەماری زیندووی ڕێڕەوەکە بووە. لە ڕێڕەوە نوێکانیشدا دیسانەوە جیۆپۆلەتیکی کوردستان پێگەی هەیە و ناکرێت دنیا لەسەر کوردستان و ڕێڕەوەکانی حسێب بکات و کورد خۆی بیریان لێنەکاتەوە. هەموو ڕێیەک دەچێتەوە بانە؟ وتراوە هەموو ڕێیەک دەچێتەوە ڕۆما، ئەی بۆ کوردستان و سلێمانی "هەموو ڕێیەک دەچێتەوە بانە"؟ یانی ئامانج دەپێکن؟ ڕێڕەوەکان زۆرجار شارستانییەتێک لانیکەم کیانێک دەخەنەسەر پێ، وەک دۆزینەوەی ڕێکاگانی: "سەری ئاواتی چاک بۆ ڕۆژئاوا، سوێس بۆ ئینگلیز و عەرەب و هیند، دۆزینەوەکەی ئەمریکای کۆڵۆمبس...تاد" بەڵام بە هەمان ئەندازەش زۆر ڕێگا هەبوون کە سەری جێبەجێکارەکەی دەخۆن، وەک ڕێگای ئاسنی بەرلین-بەغدا، کە ئینگلیزی لە عوسمانی تۆراند، یان ئەو ڕێگایەی کە ڕەزاشا دەیویست لە ئێرانەوە هیتلەر بهێنێتە کەنداو، نەک نەگەیشت کە سەری تاجەکە ڕەزاشی خوارد. هەر ڕێگایەک بۆ کوردستانیش ڕەنگە ڕێگای هات یان نەهاتیش بێت. لە میانەی خوێندنەوەی هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەوە، دۆزینەوەی ئەم ڕێڕەوە سێکوچکەیەی تورکیا/ئێران/هەرێم-ە، دەکرێت ئەم دەرفەت و مەترسیانە لە خۆبگرێت: یەکەم: بۆ یەکێتی و سلێمانی - گەر لە ژووری سیاسەتکردنی یەکێتی نیشتمانییەوە (وەک هێزێکی خاوەن هەژموونی سلێمانی) لە دۆسێکە بڕوانرێت دەکرێت ئاوا ببینرێت: ١. دەربازکردنی سلێمانی و هەژموونی یەکێتی نیشتمانی لە یەک دەرچەیی بۆ بازرگانیی(کە ڕۆڵی هەیە لە قەبارەی دەسەڵاتیشی)، کە وەک دوورگەیەکی وشکی دوو لای دەورەدراو بە ئێران و لایەکیشی هەر پرۆکسی ئێرانییەکانی عێراقن، دەمێنێتەوە دیوە کوردییەکەی کە لە ڕاستیدا، بە هۆی ململانێ سیاسییە-مێژووییە-ئابوورییەکانی زۆنی سەوز و زەردەوە، زۆرجار دەگاتە مریشکە ڕەشە و نزیکیش دەبێتەوە لە جیابوونەوە و شەڕی ناوخۆ. ٢. ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەنکارا و کاڵکردنەوەی ئەو وێنەباوەی لەسەر یەکێتی هەیە کە وابەستەیی سیاسییەتی بە ئێرانەوە و بە کردنەوەی ئەم ڕێگایە، بۆیە جۆرێک لە ڕاگەیاندنی سەرەتای سەرکەوتنی ئەو هەوڵە سیاسییە سێ ساڵەییەی سەرکردایەتیی یەکێتییە، کە ئامانجی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی سەر حزبەکەیەتی بەڕووی تورکیادا بکاتەوە و مانۆڕەکانی تەنها ناوچەیی و عێراقی نەبن. ٣. هەروەها هەوڵدانە بۆ نیمچەهاوسەنگکردنەوەی هەژموونی بازرگانی و سیاسیی یەکێتیی لەگەڵ ڕکەبەرە مێژووییە کوردستانییەکەیدا، چونکە ئەوەی کە پارتی دیموکرات هەمیشە توانیوویەتی ئەگەرەکانی سیاسەتکردنی کراوەتر و یەکلاکەرەوە بێت، ئەو جیۆپۆلەتیکە گرنگەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەو حزبەیە کە پێچەوانەی ناوچەی یەکێتییە و ڕاستەوخۆ بە سێ وڵاتەوە بەستراوەتەوە و کریدۆری بازرگانی لەگەڵدا کردوونەتەوە و لەو ڕێگایەشەوە جوڵە سیاسییەکانی وەک ئەکتەرێکی هەرێمایەتی دەردەخات. ٤. دەتوانێت هەلی ئەوە بداتە سلێمانی، ببێتە ترانزێدێکی بازرگانیی گرنگیش بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و بگرە کەنداویش لە ئەگەری فراوانکردن و کردنەوەی بەسەر وڵاتانی دیکەی باکووری ئێراندا. دووەم: بۆ هەرێم، دەرفەت و مەترسیی بۆ هەرێمی کوردستانیش، جیا لە ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی دەرگە و دەرچەکانی(Input & Output ) و حکومەتیکردنی، بە خوێندنەوەی دۆخی وڵاتانی ناوچەکە کە تێیدا ئێران، تورکیا و عێراق بەردەوام سەرقاڵی دۆزینەوەی کریدۆری نوێی بازرگانی-سیاسیین، پێویستە هەرێم بەو دیدگایەوە بڕوانێت کە لەو ڕێڕەوە نوێیانەی دەهێنرێنە کایەوە لەلایەن وڵاتانێکی وەک تورکیا، ئێران، ئازەربایجان و چینەوە، هەرێمیش وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی پاسیڤ نەبێت و نەچێتە پەراوێزێکەوە کە دوور نییە خنکانی سیاسیی ترسناکی لێبکەوێتەوە لە ئەگەری پەراوێزکەوتنییدا، هەروەها وەک هەلێکی دیکەی بازرگانی سەیر بکرێت و ئەگەری فراوانبوونیشی لەبەرچاو بگیرێت، بۆ نموونە ئەم ڕێگایە دەروازە و ڕێڕەوی دیکە لە خۆ دەگرێت، لەوانە: هەمان ترانزێد دەکرێت فراوان بکرێت و سوودی لێوەربگیرێت و تەنها لە باکوورەوە بۆ باشوور نەبێت و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشی بۆ زیاد بکرێت، بەو مانایە لە "وان-ورمێ-سنە-سلێمانی/هەڵەبجە"دا قەتیس نەمێنێت و هەولێر و تەورێز و لەوێشەوە بیربکرێتەوە لەگەڵ شارەکانی وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا ئاڵوگۆڕی تێدا بەرهەمبهێنرێت و تەنها هاوردەکردنیش نەبێت و هەناردەکردنیش بگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئەم ڕێگایە لەسەر دوو ئاست نابێت فەرامۆش بکرێت، لە نێوخۆدا ئەم ڕێگا نوێیە گەر پابەند نەکرێت بە شیرازەی گومرگیی هەرێمەوە و حکومەتیی نەکرێت ئەوا هەڕەشە و مەترسییەکانی کاریگەر دەبن لەسەر لەتکردنی زیاتری ئیرادە و ئیدارەی هەرێم و لەدایکبوونی قەیرانی نوێتری ئابووریی-سیاسیی و حزبی. - لەسەر ئاستی دەرەوەش پێویستە هەر جۆرێک بێت، بەرژەوەندی وڵاتانی سێیەم و چوارەمی وەک قەقاز و کەنداو لە ڕێگا باوەکانی بازرگانی هەرێمی بەستراوە بە تاران، ئەنکارادا جێ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لە تەنگانەدا تەنها ئێران و تورکیا بڕیاردەری کردنەوە و داخستنی ڕێگاکان نەبن و لۆبی دیکە بەرگری لە ڕێڕەوەکە بکات. چونکە ئەم ڕێگا نوێیە مەترسیەکەی ئەوەیە کە کەمەرەکەی لە نێو ئێراندایە و هەر ساتێک مەبەستی بێت دەیگوشێت یان دایدەخات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێم تاوتوێی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی ئەمساڵی فەرمانبەران دەكات، حكومەتی مستەفا كازمی هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە ئایا (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم دەنێرێت یاخود نا؟ ئەگەر پارەكەی بەغداد نەگات، سێ ئۆپشن لەبەردەم حكومەتی هەرێمدایە، بەهێزترینیان ئەوەیە حكومەت قەرز بكات بۆ ئەوەی ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران 18% زیاتر نەبێت، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. چارەنوسی موچەی مانگی 10 دواین رۆژەكانی مانگی 11یە، هێشتا حكومەتی هەرێم بڕیاری نەداوە لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی ئەمساڵ. موچەی مانگی 9ی ئەمساڵی فەرمانبەران لە رۆژی 17ی مانگی رابردوودا دەست بە دابەشكردنی كرا، یەكەمین وەزارەت كە موچەی وەرگرت تەندروستی بوو، واتا بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ (40) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەكانیادا تێپەڕێوە. بەگشتیو بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێم لە وەزارەتە جیاوازەكان، وادەی دابەشكردنی موچە (30) رۆژ تێپەڕیوە. بۆچی موچە دواكەوت ؟ دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییەوە هەیە لە پەرلەمانی عێراق، كە هەندێك بە یاسای "قەرز" ناوی دەبەن، ئەم یاسایە كە درەنگانی شەوێكی دوو هەفتە لەمەوبەر لە پەرلەمان پەسەندكرا، بەپێچەوانەی رێككەوتنی مانگی ئابی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان ناچاركرد لەبەرامبەر وەرگرتنی بەشە بودجەی خۆی لە داهاتەكانی عێراق، بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات. بەهۆی دەرچوونی ئەم یاسایەوە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، حكومەتی مستەفا كازمی (320 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی بۆ حكومەتی هەرێم نەناردووە، كە بەپێی رێككەوتنی مانگی ئاب، دەبێت تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021 مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت. پێشتر مستەفا كازمی لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە ئاماژەی بەوەكرد ناردنی (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم بەهۆی یاسای قەرزەوە كێشەی بۆ دروست نابێتو بەردەوام دەبێت، بەوپێیەی ئەو پارەیە لە بنەڕەتەوە پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لێدەركراوە، بەڵام ئەمە روینەداو هێشتا كازمی پارەكەی نەناردووە. رۆژی 15ی ئەم مانگە حكومەتی عێراق دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەران كرد، بەگوێرەی لیستی مانگی پێشووی موچە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لیستی موچەی وەزارەتەكانی عێراقدا سێیەم وەزارەت بوو، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەمجارە پارەكەی بۆ هەرێم نەنارد، ئێستا حكومەتی كازمی موچەی مانگی 11 دابەشدەكات، واتا (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم لە لیستی موچەی مانگی (10)ی حكومەتی عێراقدا سڕاوەتەوە. حكومەتی هەرێم هێشتا بە فەرمی وەفدی بۆ دانوستان لەبارەی چارەنوسی (320 ملیار) دینارەكە نەناردووە بۆ بەغداد، بەڵام پەیوەندی لەنێوان بەرپرسانی هەرێمو حكومەتی ناوەند هەیەو هێشتا حكومەتی كازمی وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە. بەگوێرەی ئەوەی باسدەكرێت، كازمی وتویەتی بەدوای دەرەچەیەكی یاساییو سیاسیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. حكومەت چی دەكات بۆ موچە ؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە هەفتەی داهاتووەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ دەكات لەبارەی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانەوە. كۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی حكومەتو چارەنوسی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم، وەڵامی حكومەتی عێراق لەبارەی ناردن یان نەناردنی (320 ملیار) دینارەكە، یەكلای دەكاتەوە. جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند:" چاوەڕێین حكومەتی عێراق 320 ملیار دینارەكە بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت، حكومەتی هەرێم چەند ئۆپشنێك تاوتوێ دەكات". (درەو) زانیویەتی، ئەو داهاتەی كە ئێستا بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە، نزیكەی (370 ملیۆن) دۆلارە، كە بەدینار دەكاتە نزیكەی (450 ملیار) دینار. ئەگەر حكومەتی هەرێم هاوشێوەی مانگی (9)، بەلێبرینی 18%وە موچەی فەرمانبەران دابەشبكات، ئەوا بۆ دابینكردنی موچەی مانگی (10)، پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە (450 ملیار) دینارە، ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد نەیەت، ئەوا حكومەت بۆ موچەی مانگی (10) بڕی (280 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. كورتهێنان چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ هەر بڕیارێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوشێوەی مانگەكانی تر بەكۆدەنگی لەناو ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەكرێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ هیچ یەكێك لەلایەنە بەشداربووەكانی حكومەت نەمێنێتەوە لەبارەی پرسی موچەوە موزایەدە بەسەر یەكتردا بكەن. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە هەفتەی داهاتوودا، ئەنجومەنی وەزیران چەند بژاردەیەك لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی موچە تاوتوێ دەكاتو دەیخاتە دەنگدانەوە. ئەگەر بەغداد (320 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، حكومەت (280 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ دابەشكردنی موچە بە لێبڕینی 18%وە، ئەم كورتهێنانە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ ئەوەی تاوەكو ئێستا هەیەو دەست (درەو) كەوتووە، ئەگەر پارەكەی عێراق نەگات، حكومەت (سێ ئۆپشن) لەبارەی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)وە تاوتوێ دەكات: • ئۆپشنی یەكەم: بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە كە (450 ملیار) دینارە، دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت، كۆی خەرجی موچەی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان مانگانە (894 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستیدایە موچە دابەشبكات، دەبێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 18%وە بۆ 50% بەرزبكاتەوە، ئەم ئۆپشنە ئەستەمەو پێناچێت حكومەت بەهیچ جۆرێك دەستی بۆ ببات. • ئۆپشنی دووەم: حكومەت هەرێم قەرز بكات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە بۆ خەرجی موچە هەیەتی، ئێستا داهاتی بەردەست (450 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بە لێبرینی 18%وە موچە دابەشبكات پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە، واتە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی ئەم مانگە بڕی (280 ملیار) دینار قەرز بكات، ئەمە یەكێكە لە ئۆپشنە بەهێزەكان كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم هاوشێوەی حكومەتى بەغداد بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە، پەنای بۆ ببات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم تەواوی كورتهێنانەكەی بەقەرز پڕ دەكاتەوە یاخود بەشێكی كورتهێنانەكە، بە واتایەكی تر ئایا 18% بەرزدەكاتەوە بۆ رێژەی لە سەرو 39%ەوە كە ئەمە هەنگاوێكە رەنگە كاردانەوەی موچەخۆرانی بەدوایوە بێت. • ئۆپشنی سێیەم: حكومەتی هەرێم هاوشێوەی سەرەتای دەركەوتنی قەیرانی دارایی لەم كابینەیەدا، پەنا بۆ درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە ببات لە (30 رۆژ)ەوە بۆ (60 رۆژ)، ئەمەش لەپێناو كۆكردنەوەی داهاتی دوو مانگ بۆ دابینكردنی موچەی مانگێكی فەرمانبەران، ئەمەش ئۆپشنێكە كە جێبەجێكردنەوەی تاڕادەیەك ئاستەمە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا مانگەكانی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوەو بەبڕیارێك سەرشانی كابینەكەی لە موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو و موچە دواكەوتووەكانی كابینەكەی خۆی، پاككردەوەو لە مانگی (10)دا موچەی مانگی (9)ی دابەشكرد بەهیوای ئەوەی بتوانێت بەهۆی (320 ملیار) دینارەكەی بەغدادەوە مانگانە لەوادەی خۆیدا موچە دابەش بكات.
(درەو): عمران خان سەرۆکی وەزیرانی پاکستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر پروژەیاسایەک تایبەت بە روبەڕووبونەوەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان. بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کەسانەی تاوانی دەستدرێژی سێکسییان بۆسەر ژنان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، سزاکەیان بریتییە لە (خەساندن) بەشێوەی کیمیایی. بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی، عیمران خان لە کۆبوەنەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاساکە نیشانداوەو باسی لەوە کردووە ئەو ژنانەی کە لە تاوانی دەستدرێژی سێکسی رزگاریان بووە، دەتوانن بەبێ ترس سکاڵایی یاسایی لەسەر دەستدرێژیکاران تۆمار بکەن و لەمەشدا حکومەت پاڵپشتییان دەکات و دەیانپارێزێت. دوای دەستدرێژیکردن بۆسەر ژنێک لە شاری لاهور، عیمران خان پێشنیازی کرد سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێت کە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنان. بەمدواییەش بەهۆی رفاندنی ژنێک و منداڵە چوار ساڵەکەی لەلایەن سێ پیاوەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە، رایگشتی لە پاکستان لەبارەی پرسی دەستدرێژی سێکسی وروژا. ئەوانەی لە پاکستان تاوانی دەستدرێژییان لەسەر ساغ دەبێتەوە، بەپێی یاسا سزاکەیان (٢٥ ساڵ) زیندانییە یان لە قورسترین حاڵدا سزای لەسێدارەدانە، بەڵام ئەمە ئەگەر کەسی تاوانبار روبەڕووی دادگا بکرێتەوە، پرۆسەی دادگایکردن لەسەر ئەم کەیسانە لەپاکستان زۆر هیواشە.
درەو: ئامادەکردنی: دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە سەركردە سیاسییەكانی ناگۆرنی قەرەباخ جیهانیان توشی شۆك كرد بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەكەیان و كاركردنیان بۆ دامەزراندنی كۆمارێكی سەربەخۆ، نە سەر بە كۆماری ئازەربایجان و نە كۆماری ئەرمینیا ناگۆڕنی قەرەباخ، هەرێمێكە لە ناو خاكی كۆماری ئازەربایجان، كە دەیان ساڵە لەگەڵ كۆماری ئەرمینیا لە ناو ململانێ و ناكۆكییەكی سەختدان لە سەر ئەم هەرێمە، لە كاتێكدا ئەرمینیا پشتگیری لە جیابوونەوەی دەكات، بەڵام ئازەربایجان دەیەوێت بیخاتە سەر خاكی خۆی. ئەم كێشەیە بوە هۆی هەڵگیرسانی شەڕو پێكدانانی سەخت لە نێوانیاندا، بە جۆرێك كە كوشتار و كردەوەی دڕندانە و ئاوارەبوونی دانیشتوانی لێكەوتەوە، بە تایبەتی لە بەرامبەر دانیشتوانی بە ڕەگەز ئازەری لە هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ. قەیرانی ئەم هەرێمە بە یەكێك لە درێژترین ئەو قەیرانانە دادەنرێت، كە لە پاش هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو لە ساڵی (1991)دا بە شێوەیەكی بەهێز تەقیەوە و تاكوو ئێستاش ئاگرەكەی بەردەوامە. دوایین وێستگەی درێژەكێشانی ململانێی ناگۆڕنی قەرەباخ دەستپێكردنەوەی شەڕی سەربازی نێوان (ئەرمینیا و ئازەربایجان)ە، لە مانگی ئەیلولی (2020)، كە چەند دەوڵەتێكی هەرێمی و زلهێزی نێودەوڵەتی تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن و هەر یەكەیان لە گۆشەی ستراتیژ و سیاسەتی دەرەوەی خۆیانەوە بە دوای بەرژەوەندییاندا دەگەڕێن، بە تایبەتیش: ڕووسیا، ئەمریكا، توركیا و ئێران. پێگەی جوگرافیی ناگۆڕنی قەرەباخ هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ كەوتوەتە بەشی خۆرئاوای كۆماری ئازەربایجان و نزیكەی (270) كیلۆمەتر لە (باكۆ)ی پایتەختەوە دوورە. ڕووبەرەكەی (4400) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، كە ڕێژەی (15%)ی كۆی ڕووبەری ئەو وڵاتە پێك دەهێنێت. ناوی هەرێمەكە لە دوو بڕگە پێكهاتوە "ناگۆڕنی"، كە بە زمانی ڕووسی مانای (چیا) دەبەخشێت، هەروەها (قەرەباخ)، كە بە زمانی توركی مانای (ڕەشە باخ) دەبەخشێت، واتا بە واتای (چیای ڕەشەباخ) دێت، بەڵام ئەرمەنەكان ناوی (ئارتساخ)یان لە هەرێمەكە ناوە، كە لە لای ئەرمەنییە كۆنەكان مانای "دارستانی خواوەندی خۆر" دەبەخشێت. "ستیپاناكرت" پایتەختی هەرێمەكەیە و لە سەر لوتكەیەكی شاخاوی هەڵكەوتوە، كە بەرزییەكەی (750) مەترە لە سەر ڕووی دەریاوە. ئەم شارە لە پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی بەڵشەفی لە ئۆكتۆبەری ساڵی (1917)دا لە شوێنی گوندی خان كندی دروستكراوە و دوایی ناوی گۆڕاوە بۆ (ئیستبانا كیرت) وەك ڕێزلێنان لە سەركردەی كۆمۆنیستی بەڵشەفی (ئیستبانا شاهۆمیان)، كە ئێستا پەیكەرەكەی لە گۆڕەپانی سەرەكی شارەكە دانراوە. دانیشتوانی هەرێمەكە كۆی ژمارەی دانیشتوانی ناگۆڕنی قەرەباخ "بەپێی ئەو سەرژمێرییەی كە دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا لە كانوونی دوەمی ساڵی (2016)دا ئەنجامیانداوە گەیشتوەتە زیاتر لە (148000) كەس، هەروەها بە پێی زانیارییەكان ژمارەی ئەرمەنەكان لە كۆی دانیشتوانی هەرێمەكە ڕێژەی (95%)ی پێكهێناوە و ئەو ڕێژەیەی تریش لە ڕەگەز و پێكهاتەكانی ترن. مێژوی قەیرانی ناگۆڕنی قەرەباخ ڕەگ و ڕیشەی قەیران و ململانێكان لە سەر هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی بیستەكانی سەدەی ڕابردوو، كاتێك جۆزێف ستالین لە ساڵی (1923)دا بڕیاریدا ئەم هەرێمە "كە لەو سەردەمەشدا زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنی بوون"، بخرێتە سەر خاكی كۆماری ئازەربایجان و حوكمی ئۆتۆنۆمی پێبدرێت، لە هەمان كاتیشدا بڕیاریدا هەرێمی (ناختشیڤان) كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئازەری بوون لە ناو ئەرمینیادا جیا بكرێتەوە و بە دابڕاوی بمێنێتەوە. مەبەست لەم بڕیارە ئەوە بوو، كە تۆوی ناكۆكی و ململانێ لە نێوان هەر دوو دەوڵەتەكەدا چەكەرە بكات تاكوو حكوومەتی ناوەندی لە مۆسكۆ پێگە و دەسەڵاتی بەردەوامی بە سەر ناوچەكەدا بە بەهێزی بمێنێتەوە. هەوڵی جیابوونەوەی ناگۆرنی قەرەباخ بۆ سەربەخۆیی كاتێك ئەرمەنییەكانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ لە ساڵی (1992)دا جیابوونەوەیان لە كۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند، حكوومەتی باكۆ هێزی سەربازی ڕەوانەی هەرێمەكە كرد بۆ بەدەستهێنانەوەی و خستنییە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. لایخۆیەوە ئەرمینیا پشتیوانی لە ئەرمەنەكانی هەرێمەكە كرد و لە ئەنجامدا شەڕ دەستی پێ كرد، كە كوژرانی زیاتر لە (30) هەزار كەسی لە ئازەری و ئەرمەنەكان لێكەوتەوە. هەر لەو ساڵەدا سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ جیهانیان توشی شۆك كرد بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەكەیان و كاركردنیان بۆ دامەزراندنی كۆمارێكی سەربەخۆ، نە سەر بە كۆماری ئازەربایجان و نە سەر بە كۆماری ئەرمینیا بێت. ئازەربایجان لە دژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەكە وەستایەوە و بە جوداخواز و یاخیبوون دایە قەڵەم، بەڵكوو ناوی شانۆگەرییەكی لێنا گوایا پێشتر لەگەڵ ئەرمینیا لە سەری ڕێككەوتوون. لایخۆیەوە كۆماری ئەرمینیا پشتیوانی خۆی بۆ سەركردە سیاسییە ئەرمەنییەكانی هەرێمەكە دەربڕی و بە پارەو چەك یارمەتیدان، ئەو هەنگاوەش بەلای كۆماری ئازەربایجانەوە راگەیاندنی شەڕ بوو، بەو هۆیەشەوە شەڕ لە نێوانیاندا هەڵگیرساو لە (1992) تا ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ساڵی (1994) بەردەوام بوو. سەرەڕای زیانە گیانییەكانی هەر دوولا، شەڕەكە چەند ڕاستییەكی دیمۆگرافی و جیۆگرافی تازەی بەرجەستە كرد، چونكە ململانێكان بوە هۆی ئاوارەبوون و كۆچكردنێكی زۆر لە هەر دوو، كە بە زیاتر لە (1.2) ملیۆن كەس مەزەندە كراوە، زۆرینەیان لە ئازەرییەكانن، بەم هۆیەشەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمەكە بوون بە ئەرمەنی نەژاد. سەرەڕای سەپاندنی دەسەڵاتی ئەرمەنەكان بە سەر هەرێمەكەدا، توانیان دەستبەسەر (7) ناوچەی سەر سنووری ئازەربایجان بگرن، كە بە (20%)ی كۆی خاكی كۆماری ئازەربایجان مەزەندە دەكرێت، ئەمەش دەروازەیەكی سروشتی بۆ ئەرمەنییەكان دابینكرد لە ڕێڕەوی "لاتچین" لەگەڵ خاكی كۆماری ئەرمینیا. لە كاتێكدا ئازەربایجان داوا دەكات هەرێمەكە بگەڕێنرێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و پێشنیاری پێدانی دەسەڵاتێكی سەربەخۆی فراوان بە ئەرمەنەكان كردوە لە چوارچێوەی حوكمی ئۆتۆنۆمیدا بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانەكە، بەڵام ئەرمینیا پشتگیری لە سەربەخۆبوونی هەرێمەكە و جیابوونەوەی لە ئازەربایجان دەكات و یارمەتی و هاوكاری پێشكەشی دەسەڵاتی جوداییخوازی هەرێمەكە دەكات. لە هەوڵێكدا بۆ وەستاندنی شەڕ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی (1993)دا بڕیاری ژمارە (822)ی دەركرد و تیایدا داوای لە هێزەكانی ئەرمینیا كرد لە هەرێمە داگیركراوەكانی ئازەربایجان بكشێنەوە، بەڵام هێزەكانی ئەرمینیا پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون. شەڕو كوشتار لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەر ناگۆڕنی قەرەباخ لە ساڵی (1994) كۆتایی پێهات، كاتێك ڕێككەوتنێكی ئاگربەست لە نێوانیاندا واژۆ كرا، بەڵام قەیرانی نێوانیان كۆتایی نەهاتوە، بەڵكوو هەر دوو لا هێشتا بە فەڕمی لە دۆخی شەڕدان لەبەر ئەوەی كە هیچ ڕێككەوتنێكی ئاشتیان واژۆ نەكردوە. لە ساڵی (2006)دا ئەرمەنەكانی ئەو هەرێمە جێناكۆكە دەستوورێكیان داڕشت و هەرێمەكەیان وەكوو كۆمارێكی سەربەخۆ و جیابۆوەوە لە ئازەربایجان وێنا كرد و شاری (ستیپانا كریت)یان كردە پایتەختی هەرێمەكەیان. ئەم دەوڵەتە نوێیەی، كە دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و یاساییەكانی بە هاوكاری ئەرمینیا و ڕووسیا بونیاتنرا، ئەوەش بەپێی هاوپەیمانێتییەكی ئەمنی لە نێوان ڕووسیا و ئەرمینیا. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەكوو هەرێمێك لە ناو چوارچێوە و سنوری كۆماری ئازەربایجان دانی بە هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ ناوە. سەرەڕای جیابوونەوەی هەرێمەكە و ڕاگەیاندنی وەكوو كۆمارێكی جیابوەوە لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئەرمینیاوە، بەڵام هیچ دەوڵەتێكی جیهان "تەنانەت ئەرمینیا"ش دانی بە سەربەخۆیی ئەو هەرێمەدا نەناوە. هەندێك دەوڵەتی زلهێز لە پێشیانەوە ئەمریكا و ڕووسیا و فەڕەنسا "كۆمەڵەی مینسك"، كە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگەپێدراون بۆ كاركردن وەكوو دەوڵەتانی نێوەندگیر بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە. گروپی مێنسك چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدا، بەڵام هیچ سەركەوتن و ئەنجامێكی ئەرێنی لێنەكەوتەوە. لە (24)ی حوزەیرانی ساڵی (2011)دا، سەرۆكی ئەرمینیا (سێرگ سەركسیان) و سەرۆكی ئازەربایجان (ئیلهام عەلیێڤ) لە شاری "كازان"ی ڕووسیا بە سەرپەرشتی دیمیتری مێدڤیدیڤ، سەرۆكی ئەو كاتەی ڕووسیا دەستیان بە وتوێژەكانیان كرد بە هیوای كۆتاییهێنان بە قەیرانی نێوانیان و بەدیهێنانی ئاشتی كۆتایی. لە تەمووزی ساڵی (2015)دا، ئازەربایجان ڕایگەیاند، كە هێزە سەربازییەكانی توانیویانە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەر بە سوپای ئەرمینیا بخەنە خوارەوە، لە كاتی ئەنجامدانی چاودێری و زانیاری كۆكردنەوەی لە ئاسمانی ناوچەی (تەرتەر)ی ئازەربایجان لە نزیك هێڵی بەریەككەوتن لە نێوان هەر دوو وڵاتدا. لە مانگەكانی داهاتوودا بەریەككەوتن و پێكدادانەكان زیاتر چڕ بوونەوە، تا ئەو ئاستەی كە پاڵی بە ڕێكخراوی ئاساییش و هاریكاری ئەورووپا نا، كە هەر دوو دەوڵەتەكە تیایدا ئەندامن و سەرپەرشتی گفتوگۆكانی ئاشتی نێوانیان دەكات بە نێوەندگیری "گروپی مێنسك"، تاكوو هۆشداریی بدات لە سەر ئەوەی كە بارودۆخی ناوچەكە لە تەقینەوەدایە و بەرگەی ناگیرێت. تەشەنەكردنی كێشەكان و تێكچوونی بارودۆخەكە گەییشتە ئەوەی لە كانوونی یەكەمی ساڵی (2015)دا، ئازەربایجان بۆ یەكەمجار لە دوای (20) ساڵ تانكەكانی بۆ بەئامانجكردنی پێگەی جوداییخوازەكانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ بەكاربێنێت. دواجاریش لە (27)ی ئەیلوولی ساڵی (2020)دا، سەرلەنوێ زەنگی شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لێیدا و گەڕێكی تری پێكدادان و هەڵكشانی سەربازی لە هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ دەستی پێكردەوە و كوژراو و برینداری زۆری لێكەوتەوە. جوداییخوازە ئەرمەنییەكان دۆخی شەڕ و خۆسازدانی گشتیان لە هەرێمەكەیان ڕاگەیاند، ئەمە لە كاتێكدایە كە چەندین نێوەندگیری و بانگەوازی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی شەڕ دەستی پێ كردوە. ئەرایك ئارتۆنیان سەرۆكی ئیدارەی جوداییخوازی ئەرمەنی لە دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانی هەرێمەكە لە (ستیپانا كریت)ی پایتەخت دۆخی شەڕ و خۆسازدانی گشتی لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ ڕاگەیاند و بڕیار درا باری نائاسایی ڕابگەیەنرێت و هەموو ئەو نێرانە بە سەرباز بكرێن، كە تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵییە و توانای هەڵگرتنی چەك و خزمەتی سەربازییان هەیە. وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە سەرەتا سوپای ئەرمینیا دەستی بە پەلاماردان و دەستدرێژی بەرفراوان كردوە لە ڕێگەی تەقەكردن بە چەكی سوك و قورس لە پێگە مەدەنی و سەربازییەكانی ئازەربایجان. لە دوای جەنگی ساڵـی (1992) لە نێوان هەر دوو لا، پاش ئەوەی سوپای ئەرمینیا دەستی بە سەر ناوچەكەدا گرت، دەستیان كرد بە دەركردنی دانیشتوانە ئازەرییەكەی. زۆرینەی ئەو ئازەرییانەی پێش ڕاگواستن و كۆچپێكردن لە هەرێمەكەدا بوون، موسڵمانی شیعە مەزهەب بوون، لەگەڵ هەندێك كوردی سوننە مەزهەب. هەر چی ئەرمەنییەكانیشە كریستیانن و بە سەر هەر دوو مەزهەبی كاسۆلیك و ئەرتەدۆكسدا دابەشبوون. بە هۆی ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیەت لە (1991)دا بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە لایەن هەر دوو وڵاتەوە لە ساڵی (1992) ڕاگەیەنرا، ئەوەش بە سەرەتای دەستپێكردنی ناكۆكییەكانی نێوان یەریڤان و باكۆ دادەنرێت. تووندترین شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵانی (1992 - 1994)دا ڕوویدا و زیانی گەورەی گیانی و ماددی بەر هەر دوو وڵاتە كەوت. لە ناو جەرگەی ناوچەی قەوقاز لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ناو دەریای قەزوین، ململانێیەكی هەرێمیی بەهێز لە سەر ناوچەیەكی دەوڵەمەند، بەڵام بچووك بەرپا بوە. لەوێ بەرژەوەندییەكان بەناویەكداچوو تێكئاڵاون و بەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەوێ خەریكە پێكدا دەدەن، گۆڕەپانی شەڕەكە، وڵاتە دژ بەیەكەكانی وەك ئەمریكا، ڕووسیا، ئێران، توركیا، ئیسرائیل و یەكێتی ئەورووپا پێكەوە كۆدەكاتەوە، كە هەمویان بایەخ بە گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی ئەو هەرێمە كێشە لە سەرە دەدەن. هەر یەكە لە ئەرمینیا و ئازەربایجان، كاراكتەری سەرەكی شەڕەكەن و هێشتا ئامادەی گەییشتن بە چارەسەری ئاشتیانە نین. سەرەكیترین هۆكارەكانی ململانێكە لە پاش ڕوودانی چەندین شەڕ و ململانێی خوێناوی لە نێوان هێزەكانی هەر دوو لا، ئەوەی ئێستا لە سەر زەوی ڕوو دەدات شەڕێكی دەستەویەخەیە لە نێوان سوپای ئازەربایجان و هێزە جوداییخوازەكانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ و سوپای ئەرمینیا، بەڵام ڕەگوڕیشەی ناكۆكییەكان لە ناو مێژووی هەر دوو وڵاتدا هێجگار قووڵە. ئەوە شەڕێكی جیۆپۆلەتیكی بەهێزە و تەنیا پەیوەست نییە بە ئازەربایجان و ئەرمینیا بە تەنیا، بەڵكوو توركەكان، ڕووسەكان، ئەمریكییەكان، ئێرانییەكان و دەوڵەتانی یەكێتی ئەورووپاش لە شەڕەكەدا بەشدارن. ململانێكە درێژبوونەوەی ڕقوكینەی مێژوویی پڕ لە دژایەتییە لە نێوان ئەرمەنەكان و ئازەرییەكان و توركەكان لە ناوچەكەدا. ڕەوشی ئابووری هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ دانیشتوانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ بە شێوەیەكی سەرەكی سەرقاڵی كشتوكاڵن، لەمەشدا كەڵكیان لە زۆری چەم و ڕووبارەكان و ئاوی باران وەرگرتوە، جگە لەوەی وزەیەكی زۆری كارەبا بەرهەم دەهێنێت. ژمارەیەكی كەمیش لە دانیشتوانی هەرێمەكە گرینگی بە كار و چالاكی ئابووری دەدەن لە سێكتەری گەشەپێدانی سامانی ئاژەڵ و پیشەسازییە سووكەكان. شوانكارەیی و چاندنی دانەوێڵە و لۆكە و تووتن، سەرەكیترین كاری دانیشتوانن، هەر چی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمەكەیە، لەوەڕگەی باشی لێیە و ئەوەش بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ لە پێناو گۆشت و پێستەكەیدا، كارێكی قازانجبەخشە. كارێكی دیكەی بەرچاوی هەرێمەكە باخدارییە بۆ بەرهەمهێنانی شەرابی ترێ. هەرێمەكە كێشەی لە پێكەوە گەیاندن و ڕێگەوباندا هەیە و تەنیا دوو ڕێگەی سەرەكی هەیە، كە بەشە جیاوازەكانی هەرێمەكە لە هەر چوار جەمسەریدا بە یەك دەگەیەنێت. دەسەڵاتێکی جوداییخواز ناگۆڕنی قەرەباخ بەڕێوە دەبات كۆمەك و یارمەتی و هاوكاری لە ئەرمینیا و ڕەوەندی ئەرمەنی لە دەوڵەتانی دەرەوە وەردەگرێت. ویلایەتە یەكگرتوەكان بە كاریگەری گروپەكانی فشاری ئەرمەنییەكان لە ئەمریكا وایكردوە ئەرمینیا لە دوای ئیسرائیل ببێتە دوەم گەورەترین دەوڵەتی سوودمەند لەو كۆمەك و ئەو هاوكارییانەی ئەمریكا و هەندێك لە دەوڵەتانی جیهانی پێشكەشی دەكەن. ئەم دەسەڵاتە هەوڵی ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی دەدات بە مەبەستی گەشەپێدانی بوار و سێكتەری جۆراوجۆر لە هەرێمەكەدا، وەكوو تەلارسازی و كانەكانی دەرهێنانی ئاڵتوون و مس و كەرتی پێوەندییەكان و خزمەتگوزاریی بانكی و هۆتێلەكان، هەروەها گرینگیپێدان بە پیشەسازییە كشتوكاڵییەكانی وەك دروستكردنی خواردنەوە گازییەکان. بە زۆری ئەو وەبەرهێنانە لە ڕێگای ڕووسیا، ئەمریكا، فەڕەنسا، بەلجیكا، سویسرا و ئوستورالیاوە ڕوو لە هەرێمەكە دەكات. جەنگەكە لە ڕووی ئابوورییەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەكان ڕۆڵی گەورەیان لە هەڵگیرسانەوەی گەڕێكی تازەی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەیە. ئازەربایجان هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی ئەرمینیا سوود لە هیچ پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لە ناوچەكە نەبینێت، بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت و گازەوە هەیە بۆ دەوڵەتانی ئەورووپا. ئەو بۆرییانە بە سنووری نێوان ئازەربایجان و جۆرجیادا دەپەڕنەوە بۆ توركیا. هەر چی ئەرمینیایە ئابڵووقەیەكی ئابووری كاریگەری لە سەرە، توركیا و ئازەربایجان سنوورەكانیان بە ڕوویدا داخستوە، بۆیە ئەو سنوورانەی بەدەست یەریڤانەوە ماونەتەوە، سنوورێكی كورتن لە باشووردا لەگەڵ ئێران و لە باكووردا لەگەڵ جۆرجیایە، لەبەر ئەوەیە كە ئەرمینیا و هەرێمی قەرەباخ، ماوەی چەند ساڵێكە لە دۆخێكی ئابووریی خراپدا دەژین، چونكە هیچ دەرچەیەكی دەریاییان نییە و سنوورەكانیان لە سەر داخراوە. كۆماری ئازەربایجان لە ڕووی ئابوورییەوە (90%)ی داهاتی خۆی لە نەوت و گازەوە دابیندەكات، بەڵام ئەرمینیا پشت بە هەناردەكردنی كانزا گرانبەهاكان و كانزاكانی تریش دەبەستێت، لەگەڵ ئامێر و كەرەستەی گەڕان بە دوای ئەڵماسدا. كەرتی پیشەسازی پێكهێنەری سەرەكی بەرهەمی ناوخۆیی ئەرمینیایە، كە دەگاتە (14) ملیار دۆلار. ئەگەرچی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی ئازەربایجان زیاتر لە (47) ملیار دۆلارە، بەڵام داهاتی تاك لە هەر دوو وڵاتدا لێكتر نزیكە كە ساڵانە (4.6) هەزار دۆلارە. هیچ سەرچاوەیەكی سروشتی لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخدا نییە، بۆ ئەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا شەڕی لە سەر بكەن، بەڵام هەرێمەكە بایەخی ستراتیژی بۆ هەر دوو وڵات هەیە. ڕۆڵی ڕووسیا لە ململانێكەدا ڕووسیا لە گۆشەنیگای جیۆپۆلیتیكی و جیۆستراتیژییەوە لە ناوچەی قەوقاز دەڕوانێت، بەڵام یەكێكە لە دەوڵەتە ناوبژیوان و نێوەندكارەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ململانێكە، هەر چەندە لە سەر زەوی پشتیوانی لە ئەرمینیا دەكات تا ئەو ئاستەی گومان لە ڕاستی ڕۆڵی بێلایەنانەی ڕووسیا دەكرێت لە ململانێی ناگۆرنی قەرەباخ، بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕێككەوتنی پێدانی چەك ڕووسیا بە ئەرمینیا لە شەڕی دژ بە ئازەربایجان ئاشكرا بوو. هاوپەیمانێتی نێوان ڕووسیا – ئەرمینیا لە سەر پەرەپێدانی پێوەدییە ئابوورییەكانی نێوانیان و بەهێزكردنی توانای ئابووری ئەرمینیا بونیادنراوە، لە پێش هەمووشییەوە پەرەپێدانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وزە و هاوكاریكردنی لە بواری سەربازی دا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕووسیا بنكەیەكی سەربازیی لە (یەریڤان)ی پایتەختی ئەرمینیا دامەزراندوە. ئێستاش لە ساڵی (2020)دا، كە شەڕ و پێكدادانی قورس لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستی پێكردەوە، دیسانەوە مۆسكۆ بەوپەڕی توانا پشتیوانی ئەرمینیا دەكات، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەكانی تردا هەوڵی نێوەندگیری دەدات. ڕۆڵی ئێران لە ململانێكەدا لە ئێستا و ئایندەدا ئێران و ئەرمینیا پێویستیان بە یەكتری هەیە، ئێران لە ڕێگەی ئەرمینیاوە ڕێڕەوێكی جێگرەوە بۆ گواستنەوە بەرەو ڕووسیا و ئەورووپا دابین دەكات. ئەرمینیاش بە هۆی ئێرانەوە، دەرچەی بۆ داخرانی ڕێگە وشكانییەكان بە هۆی ئازەربایجان و توركیاوە بەدەستخستوە. ئێران پشتگیری ئەرمینیا دەكات بەهۆی ئابوورییەوە بە پلەی یەكەم، چونكە یەریڤان هاوبەشی تارانە لە وزەدا، فرۆشیاری سەرەكی وزەش بە ئەرمینیا، ئێرانە. لاوازكردنی كەمینەی ئازەری لە ناو ئێران بۆ تاران گرینگە، تاكوو ئەو كەمینەیە داوای مافی زیاتر لە حكوومەتی تاران نەكەن. ئێران هاوسنووری هەر دوو كۆماری ئەرمینیا و ئازەربایجانە و لە ناوچەی شەڕەكانیشەوە نزیكە. لە بنەڕەتدا پێویستە ئێران لە ڕووی دیینی و مەزهەبیەوە هاوپەیمانی كۆماری ئازەربایجان بێت، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانی شیعە مەزهەبن، بەڵام بە شێوەیەكی كرداریی هیچ یارمەتی و هاوكارییەكی ئازەربایجان ناكات، بەڵكوو پشتیوانی لە ئەرمینیا دەكات. هەر چەندە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ململانێكەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران وەكوو بێلایەن خۆی پیشان دەدات، بەڵام تاران لایەنگرێكی سەرسەخت و ئاشكرای ئەرمینیایە. بەشێكی سەرەكی ناكۆكییەكانی ئێران و ئازەربایجان، بۆ ئەو فراوانخوازییە دەگەڕێتەوە كە ئێران وەكوو بەشێك لە خاكی خۆی سەیری ئازەربایجان دەكات و پێیوایە ئەو وڵاتە لە بنەڕەتدا بەشێك بووە لە هەرێمی ئازەربایجانی ئێرانی و دەبوایا ئێستا پارێزگایەكی سەر بە ئێران بێت. لە لایەكی ترەوە ئێران ترس و نیگەرانی لە هەمبەر پێوەندی نێوان ئیسرائیل و كۆماری ئازەربایجان هەیە و پێی وایە ئیسرائیل لە ڕێگەی باكۆ-وە دەگاتە سەر سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەی و دەتوانێت زیان بە ئاساییش و بەرژەوەندییەكانی بگەیەنێت. هەر چەندە ئێران دەسەڵاتەكەی شیعەیە، بەڵام هیچ پشتگیریەكی ئازەربایجان ناكات چونكە كەمینەیەكی سوننە دەسەڵاتیان بە سەر دانیشتوانی زۆرینەی شیعە مەزهەبی وڵاتەكەدا سەپاندوە. (75%)ی دانیشتوانی كۆماری ئازەربایجان شیعە مەزهەبن و لایەنگری مەرجەعی شیعەكانی ئێرانن و دەیانەوێت وڵاتەكەیان پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا پتەو بكات. ڕۆڵی توركیا لە ململانێكەدا هەرچی توركیایە لە ژێر كاریگەری هۆكاری مێژوویی، ئایینی، ڕەچەڵەك (ئیتنی) و ئابووری بەردەوام پشتیوانی ئازەربایجان. حكوومەتی ئەنقەرە بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندوە و بە تەواوی لەگەڵ ئازەربایجاندایە وەك دەوترێت بۆ بەدەستهێنانەوەی "خاكە داگیركراوەكەی". لە ئێستادا توركیا و ئازەربایجان بە نیگەرانییەوە لە هاوپەیمانێتی نێوان ئەرمینیا و ئێران دەڕوانن. بەرژەوەندییەكانی توركیا و ئازەربایجان لە بواری وزەدا لە دژی خواستەكانی حكوومەتی تارانە لە ناوچەكەدا. جیا لەوەش ئێران لە زۆر بواردا پێوەندی باشی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، ئەوەش وا دەكات ئێران زیاتر لایەنگیریی ئەرمینیا بكات نەوەك باكۆ. لە ڕاستیدا هاوپەیمانێتی نێوان توركیا - ئازەربایجان لە دوو قاڵبی یاسایی بنەڕەتیدا ڕێكخراوە و درێژەی پێدراوە: 1. ڕێككەوتنی نێوانیان لە سەرەتای نەوەدەكانی ڕابردوو، كە ڕێگەدەدات بە مەشقكردنی سەربازانی سوپای ئازەری و هێزەكانی تری لە دامەزراوە سەربازییەكانی توركیادا. 2. ڕێككەوتنی (هاوبەشی ستراتیژی)یە، كە هەر دوو دەوڵەت بۆ بەرگری لە خۆكردن لە كاتی پێویستدا هاوكاری یەكتری دەكەن، بەوەش دەكرێت هەردووکیان چەك و جبەخانە و كەرەستە سەربازییەكانیان بۆ هاوكاری یەكتری بەكاربهێنن. دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا لەوەش نیگەرانن كە توركیا بە تەواوی دەست لە شەڕەكە وەربدات لە بەرژەوەندی ئازەرییەكاندا، بۆیە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات بە زووترین كات ڕێگری لەو هەنگاوەی توركیا بگیرێت. سەرچاوە ئەمنییەكانی ئەرمینیا ئەوەیان دووپات كردوەتەوە، كە توركیا ژمارەیەكی زۆر شەڕكەری بەكرێگیراوی سووری لە وڵاتەكەیەوە ڕەوانەی ئازەربایجان كردوە، بە مەبەستی پشتگیریكردن لە هێزەكانی ئەو وڵاتە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر ئەنقەرە لە لیبیا كردوویەتی. حكوومەتی یەریڤان هەبوونی نزیكەی (4000) بەكرێگیراوی بە ڕەگەز سووری، لە هێرشەكانی ئازەربایجان بۆ سەر خاكەكەی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاندوە كە (81) ئەندامیان لێ كوژراوە. ڕۆڵی ئیسرائیل ئیسرائیل و كۆماری ئازەربایجان، هاوپەیمانیەتێكی بەهێزیان هەیە. لە كاتێكدا دەسەڵاتی نوێی ئەرمینیا هەوڵی دروستكردنی پێوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئیسرائیل دەدات، بەڵام ناتوانێت هەنگاوی زۆر لەو ڕووەوە بنێت، چونكە ترسی لە كاردانەوەی نەرێنی و توندی ئێران هەیە، لە دەوڵەتێكی دراوسێیە و لە كێشە و پرسە هەرێمییەكاندا ڕۆڵی كاریگەری هەیە. ئیسرائیل یەكێكە لە دیارترین ئەو لایەنانەی چەك دەداتە حكوومەتی باكۆ. لە ساڵی (2011)دا "ویكلیكس" هەندێك بەڵگەنامەی ئەمریكی بڵاو كردەوە، كە دەریدەخەن ئیسرائیل و ئازەربایجان گرێبەستێكی چەندین ملیۆن دۆلارییان بۆ فرۆشتنی چەك بە ئازەربایجان واژۆ كردوە. هەر دوو وڵات پێوەندی ئابووری پتەویان پێكەوە هەیە. ئیسرائیل یەكێكە لە پێنج گەورەترین هاوبەشە ئابوورییەكانی باكۆ، لە كاتێكدا ئازەربایجان یەكێكە لە فرۆشیارە سەرەكییەكانی نەوت بە تەلئەبیب. سەرچاوەكان: https://www.aljazeera.net/news/politics/2020 www.maudoo.com www.wekpidia.com
(درەو): لە (دەڤەری بارزان) ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵ لە توركیاوە بە قاچاغ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: ئەو كارە لە دەرەوەی رێگەپێدانە بەپێی نوسراوێک عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمان کوردستان کە مانگی رابردوو ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووەو کۆپییەکی دەست (درەو) کەوتووە: 🔹 لە دەڤەری بارزان و بەدیاریکراوی لە ناوچەی (خوێرێزکا)ی سەربە ناحیەی شێروانی مەزن لە قەزای مێرگەسور، ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوانەی سەرپەرەشتی رێگاکە دەکەن بۆ دوو سەر ئاژەڵی گەورە بڕی (١٠٠ هەزار) دینارو بۆ ئاژەڵی بچوکیش بڕی (٣٥ هەزار) دینار وەردەگرن. 🔹 لە ناوچەی وەلیدو سحێلا کە بەهەمان شێوە لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، ئاژەڵ لە سوریاوە هاوردەی هەرێم دەکرێت و بۆ دوو سەر ئاژەڵ بڕی (١٠٠ هەزار) دینار وەردەگیرێت. 🔸 لەبارەی ئەم کارانەوە بێگەر تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وتویەتی:" ئەم کارە لە دەرەوەی سیستمی رێگەپێدانەو زیانێکی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە".
درەو: بڕیارە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك وەك پەرلەمانتار عێراق سوێندی یاسایی بخوات و فەلاح یایچلی قایمقامی بە وەكالەتی كەركوك شوێنی بگرێتەوە، ئەگەر قایمقامی كەركوك ( كامیل ساڵەیی) بگەڕێتەوە كە لە پشكی پارتیەو وازی هێناوە ئەوا تا هەڵبژاردنی یاخود دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك پۆستی پارێزگار لای پارتی دەمێنێتەوە. بە پێی زانیارییەكان راكان جبوری كە لە هەڵبژاردنی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدی ( هاوپەیمانی عەرەبی) بوو لە كەركوك (10 هەزارو 702) دەنگی بەدەستهێنابوو بڕیارە بچێتە پەرلەمان و سوێندی یاسایی بخوات. راستەوخۆ دوای پارێزگار دەسەڵاتەكانی دەگوازرێتەوە بۆ قایمقامی ناوەندی كەركوك كە لە ئێستادا ( فەلاح یایچلی)یە لە پێكهاتەی توركمانەو بە وەكالەت لەو پۆستەدایە چونكە ئەو پۆستە پشكی كوردەو لەناو كوردیشدا لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ( كامیل ساڵەیی) لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گەڕایەوە سەر كارەكەی بەڵام دواتر وازی لە پۆستەكەی هێنا، خۆ ئەگەر بگەڕێتەووە سەر پۆستەكە ئەوا هەتا ئەو كاتەی پارێزگاری نوێ دادەنرێت كامیل ساڵەیی كە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەبێتە پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك. ئەمە لە كاتێكدایە كە بە بڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق (25) بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك رادەستی ئەو حزبە دەكرێتەوەو بڕیارە لەم چەند رۆژەدا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو بارەگایانەی وەربگرێتەوە.
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف یەكێتی رێگەی بازرگانی لەگەڵ توركیا كردوەتەوە، بەوهۆیەوە باشماخ بە شەویشدا ناخەوێت، داهاتی دەروازەكە بە رۆژ بۆ حكومەتە، بەشەویش بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی، رێگەی "VIP" شەوانە پێشوازی لە زیاتر لە (200) بارهەڵگر دەكات كە لە دەروازەی بازرگانەوە دەچێتە ناو خاكی ئێرانەوەو لەوێشەوە دەگاتە ناو سنوری خاكی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم ئاگاداری بازرگانییە نوێیەكەیە، بەڵام بێدەنگە.. بازرگانی یەكێتی لەگەڵ توركیا یەكێتی رێگەی بازرگانی لەگەڵ توركیا كردوەتەوە، لەم رێگەیەوە بەرپرسێكی یەكێتی مانگانە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت. ئەم رێگە بازرگانییەی یەكێتی لەگەڵ توركیا، سەرەتاكەی لە باكوری كوردستانەوە دەستپێدەكاتو بەناو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان (ئێران)دا تێدەپەڕێتو دەگاتە مەرزی "باشماخ" لە هەرێمی كوردستان. هەندێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، (هاوڕێ دارۆ شێخ نوری) كە پسپۆڕی بواری بازرگانییەو لە ئەوروپا بڕوانامەی باڵای بەدەستهێناوە، ئەم رێگەیەی بۆ بازرگانی نێوان یەكێتیو توركیا دۆزیوەتەوەو خۆی بە خاوەنی رێگەكە دەزانێت. (هاوڕێ دارۆ شێخ نوری) ئەندامی لیژنەیەكی سێ كەسییە كە ماوەی سێ مانگە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دروستیان كردووە، لیژنەكە كارەكەی بریتییە لە جەردكردنو كۆكردنەوەی دارایی یەكێتی، كە لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی یەكێتییەوە پەرشو بڵاوبوەتەوەو هاوسەرۆكەكان نازانن لە كوێوە جڵەوی بكەنو جارێكی تر لە دەستی خۆیاندا گرێی بدەنەوە. یەكێتی كێشەی بازرگانی هەیە، چونكە ناوچەكەی تەنیا سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام پارتی لەم بوارەدا دۆخی باشترەو سنوری بە هەریەكە لە توركیاو ئێرانو سوریاشەوە هەیە. خاڵی سەرەكی بازرگانییەكەی یەكێتی لەگەڵ توركیا دەروازەی سنوریی "بازرگان"ە لەنێوان ئێرانو توركیا، ئەم دەروازەیە ئاسانترینو خێراترین رێڕەوی سنوری نێوان توركیاو ئێرانە، هەندێك بە هەرزانترین رێگاش ناوی دەبەن، كە تێچووی كەمە. یەكێتی لەدوای ریفراندۆمەوە بیری لە نزیكبوونەوە لە توركیا كردووەتەوە، بازرگانیش بۆ گەیشتن بە توركیا رێگە نزیكەكەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم رێگە بازرگانییە، چەند هەنگاوێك پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ توركیا بردوەتە پێش. شەوانی باشماخ ماوەی (18) مانگە یەكێتی لەڕێگەی بەندەری "بازرگان"ی نێوان توركیاو ئێرانەوە دەستی بە بازرگانی كردووە لەگەڵ توركیادا، بارەكان كە لە توركیاو ئەوروپاوە دێنە دەروازەی "بازرگان"، بە پارێزگای (ورمێ)ی رۆژهەڵاتی كوردستاندا تێدەپەڕنو دەگەنە مەرزی (باشماخ)، یەكێتی لە مەرزی (باشماخ) رێگەیەكی تایبەتی بۆ ئەم بازرگانییە كردووەتەوە، رێگەكە ناوی لێنراوە "VIP" هەندێكیش پێی دەڵێن "هێڵی ئیدارەی گشتی" لەمەشدا مەبەستیان لە ئیدارەی گشتی یەكێتییە كە دڵی دارایی حزبەكەیە. هەموو ئەو كاڵایانەی كە بە رێگەی "VIP"دا دەڕۆن، لەدوای دەوامی فەرمی گومرگی باشماخو بەشەودا تێدەپەڕن، واتا گومرگ ناكرێنو هیچ داهاتێكیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناگەڕێتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، شەوانە (200 بۆ 250) بار لەڕێگەی " VIP"ی مەرزی باشماخەوە دێنە ناو هەرێمی كوردستان یاخود بەپێچەوانەوە هەناردەی ئێران دەكرێن، واتا مەرزی باشماخ بەشەوانیشدا ناخەوێتو كار دەكات، داهاتی مەرزەكە بە رۆژ بۆ حكومەتو بە شەویش بۆ یەكێتییە. ئەو بارانەی كە بە شەوان بەناو رێگەی " VIP"ی مەرزی باشماخدا تێدەپەڕن، سێ جۆرن: جۆری یەكەم: تەڕە مەبەست لە تەڕە، میوەو سەوزەواتە وەكو (سێو، ترێ، كاوهو، قەڕنابیت.. هتد). ئەم بارانە بەشەوانو لە رێگە " VIP"وە بەبێ گومرگو لەژێر سەرپەرەشتی ئەو كەسەی كە خۆی بە خاوەنو دۆزەرەوەی رێگەكە دەزانێت، تێدەپەڕێن. جۆری دووەم: بارە موتەفەریقەكان ئەم بارانە مەبەست لەو كاڵایانەیە كە بەشێكیان لە بنەڕەتەوە خۆیان هاوردەكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا قەدەغەیە لەنمونەی (جگەر، هێلكە، دووگ، كەلوپەلی كارەبایی، جگەرەی مارلیبۆرۆ). لە سەرەتای كردنەوەی رێگە بازرگانییەكەی نێوان یەكێتیو توركیا لەڕێگەی ئێرانەوە، شەو هەبووە تەنیا لە هێلكەدا (200) بارهەگر لە باشماخەوە هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەمە هێلكە توركییەكەیە كە پێشتر تەنیا لەڕێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردەی هەولێر دەكراو لەوێشەوە رەوانەی سلێمانیو ناوچەكانی تر دەكرا، ئێستا لە سایەی هێڵە نوێیەكەی یەكێتییەوە، لە سلێمانییەوە هێلكە بۆ هەولێر دەنێردرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بازاڕی هەولێر كێشەی هێلكەی توركی نییە، پارتی ئاگاداری رێگە نوێیەكەی یەكێتییە، بۆیە ماوە لەدوای ماوە هێزە ئەمنییەكانی پارتی دەستگیركردنی ئەو بارانەی هێلكە رادەگەیەنن كە لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر دەڕۆن. سەرباری هاوردەكردن، شەوان (مسو فافۆن) لەڕێگەی مەرزەكەوە هەناردەی ئێران دەكرێن. جۆری سێیەم: دەرمانو ئۆتۆمبیلو ئاژەڵ ئەم سێ جۆرە كاڵایە لەوانەن كە شەوان بە رێگە " VIP"دا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن. (درەو) زانیویەتی بۆ هەر بارێكی دەرمان، بڕی (80 بۆ 100) هەزار دۆلار وەردەگرێت. لەبارەی ئۆتۆمبیلیشەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانمان، شەوانە ئۆتۆمبیلی خوارو مۆدێلی رێگەپێدراو، واتا مۆدیلی (2018) هاوردە دەكرێت، لەوانە پاسی گەورەی مۆدێلی (2008) كە لە سلێمانییەوە رەوانەی بەغدادو ناوچەكانی خواروی عێراق دەكرێت، بۆ هەر پاسێك كە بە رێگە " VIP"دا تێدەپەڕێت بڕی (8 هەزار) دۆلار وەردەگیرێت. هەموو ئەو پارانەی كە مانگانە لەرێگەی ئەم هێڵە " VIP"وە دەست خاوەنی رێگەكە دەكەوێت كە دەوترێت لەلایەن یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتییەوە پاڵپشتی دەكرێت، بە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام وەكو هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، لەم پارەیە مانگانە تەنیا (8 بۆ 10 ملیۆن) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ ناو قاسەكەی یەكێتی، ئەمە وایكردووە گومان لە بازرگانییەكە بكەنو باسلەوە بكەن داهاتەكە لەناو هەندێك لە گەورە بەرپرساندا دابەش دەكرێت. حكومەت ئاگادارە ؟ گەورە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، لەوانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئاگاداری جوڵەی بازرگانی رێگەی "VIP"ین لە مەرزی باشماخ، بەڵام بێدەنگن، وەزارەتی دارایی تائێستا نەیتوانیوە جوڵەی بازرگانی شەوان لە مەرزی باشماخ رابگرێت، ئەمە دوو جۆر بۆچوون لەناو ئەو كەسانەدا دروستكردووە كە لە مەرزەكە كاردەكەن، هەندێك دەڵێن حكومەت دەسەڵاتی بەسەر مەرزەكاندا نییەو هێشتا دوو ئیدارەییو هەژموونی حزب زاڵە، هەندێكی تر باسلەوە دەكەن، گەورە بەرپرسانی حكومەتیش لەرێگەی كەسە نزیكەكانیانەوە سودمەندن لە بازرگانی شەوانەی باشماخ، بۆیە بێدەنگن. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت یەكێك لە گلەییەكانی لە یەكێتی ئەوەیە، داهاتی مەرزەكانی بەتەواوەتی بۆ حكومەت ناگەڕێنێتەوە، لەحاڵێكدا ئەو لە سنوری پارتی بەوتەی خۆی، داهاتی ئیبراهیم خەلیلی زیادكردووە، مەسرور بارزانی باسلەوە دەكات چیتر ناتوانێت داهاتی ناوچەی پارتی لەرێگەی حكومەتەوە بنێرێت بۆ سلێمانی لە حاڵێكدا ناوچەی سلێمانی هەموو داهاتەكانی نەگەرێنێتەوە بۆ حكومەت.