كابینەی سێ قۆڵی لە 20 مانگی تەمەنیدا 41%ی موچەكەی نەداوە  

Draw Media

2021-04-06 11:32:40



(درەو):
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەیەكی سێ قۆڵیە لە نێوان ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان) لە (20) مانگی تەمەنیدا تەنیا موچەی (6) مانگی بەبێ لێبڕین بە موچەخۆرانداوەو موچەی (7) مانگی نەداوەو موچەی (7) مانگیشی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە.
لەماوەی ئەو (20) مانگەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا دەبوایە (17 ترلیۆن و 880 ملیار) دیناری موچەی دابەشبكردایە، بەڵام ( 7 ترلیۆن و  417 ملیار) دیناری نەداوەو بڕیوییەتی كە دەكاتە (41%) و (10 ترلیۆن و 463 ملیار) دیناری دابەشكردووە بەرێژەی ( 59%).
 

موچە لە كابینەی سێقۆڵی (پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان)دا: 
•    حكومەتی سێقۆڵی لە 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خواردووە.
•    موچەی مانگی تەموزی 2019 لەلایەن كابینەی هەشتەمەوە بڕیاری لێدراوەو پێش سوێندخواردنی كابینەی نۆیەم دەستبەدابەشكردنی كراوە بۆیە لەسەر كابینەی نۆیەم ئەژمار ناكرێت.
•    ئەم كابینەیە لەماوەی تەمەنی خۆیدا (20) مانگ موچەی دابەشكردووە،
-     موچەی (7) مانگی فەرمانبەرانی نەداوە، كابینەی مەسرور بارزانی بەرپرسیارێتی موچەی ئەم (7) مانگەی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە سەرشانی حكومەتی بەغدادو كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی.
-    موچەی (7) مانگی بەلێبڕینەوە دابەشكردووە.
-    لێبڕینی موچە بۆ ماوەی (6) مانگ بەڕێژەی 21% بووە‌و تەنیا یەك مانگ بە رێژەی 18% بووە.
•    لە تەمەنی خۆیدا كابینەی سێقۆڵی تەنیا (6) موچەی بەبێ لێبڕین‌و پاشەكەوت دابەشكردووە ئەویش مانگەكانی ( 8، 9، 10، 11، 12ی 2019 ەو مانگی یەكی 2020) 
•    لێبڕینی موچە لە كابینەی نۆیەمدا هێشتا وەكو قەرز لەسەر حكومەت ئەژمارنەكراوە، كە لە كابینەی پێشوو وەك پاشەكەوت و قەرز لەسەر شانی حكومەت ئەژماركرا.
•    كابینەی سێ قۆڵی لێبڕینی موچەی ناوناوە "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی".
•    كۆی ئەو پارانەی فەرمانبەران كە بەهۆی لێبڕینی موچەوە كەوتوەتە لای حكومەت كە حەوت مانگە لە تەمەنی كابینەی نۆدا، بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 159 ملیار) دینارە. 
•    خەرجی موچەی فەرمانبەران لە مانگێكدا (894 ملیار) دینارە، خەرجی موچەی مانگێك بە لێبڕینی 21%وە بڕەكەی (727 ملیار) دینارە.
•    كابینەی نۆیەم لە (20) مانگی تەمەنیدا، تەنیا (6) مانگ موچەی بەبێ لێبڕین دابەشكردووە، كە دەكاتە 30%ی كۆی مانگەكانی تەمەنی كابینەكە. 
•    كۆی موچەی (20) مانگ كە دەبوایە كابینەی نۆیەم دابەشی بكردایە ( 17 ترلیۆن و 880 ملیار) دینارە، بەڵام لەو بڕە (6) مانگ موچەی بەبێ لێبڕین دابەشكردووە دەكاتە (5 ترلیۆن و 364 ملیار) و(7) مانگی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە،  كە كۆی بڕی لێبڕینەكە ( ترلیۆنێك و 159 ملیار) دینارە،  (7) مانگیش موچەی نەداوە كە دەكاتە (6ترلیۆن و 258 ملیار) دینار.
•    واتا لەكۆی ( 17 ترلیۆن و 880 ملیار) دینار، ( 7 ترلیۆن و  417 ملیار) دیناری نەداوە كە دەكاتە (41%) و بەڵام (10 ترلیۆن و 463 ملیار) دیناری دابەشكردووە بەرێژەی ( 59%).  
•    كابینەی نۆیەم بڕێكی زۆر قەرزی پاشەكەوتی موچەی لە كابینەی پێشخۆیەوە بە میراتی بۆ بەجێماوە. 
•    كابینەی هەشتەم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تەمەنی خۆیدا كە چوار ساڵ بوو، موچەی تەواوەتی (12) مانگی بە فەرمانبەران نەداوە، موچەی (34) مانگی بە پاشەكەوتەوە دابەشكردووە. 
•    كابینەی پێشوو، لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی بەیاسا كرد بە قەرز لەسەر شانی حكومەت.
•    كۆی ئەو پارانەی فەرمانبەران كە لە كابینەی پێشوودا وەكو قەرز لەسەر حكومەت ئەژماركراوە بڕەكەی (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلارە، كە دەكاتە (13 ترلیۆن) دینار.


•    حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەردەوامە لەسەر لێبڕینی موچە لەگەڵ ئەوەی:
-    نرخی نەوت بەرێژەیەكی زۆر بەرزبووەتەوە واتا لە 30 دۆلارەوە گەیشتووەتە (63) دۆلار.
-    بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە (120) دینارەوە بۆ (147) دینار بەرزبووەتەوە كە داهاتی نەوت بە دۆلار دێتە دەستی حكومەتی هەرێمەوە.
-    هەرێم و بەغداد رێككەوتنیان كردووەو پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 جێگیركراوە.
 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand