درەو: 🔻گرژی و ئاڵۆزییەکانی باشووری عێراق دەگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو ناوچانەی تا ڕادەیەک بارودۆخی سەقامگیربوو. 🔻ناڕەزایەتەکان بەھۆی ھەڵکشانی سامانی بەرپرسان و خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوەیە، ھەروەھا نەدانی موچەی کەرتی گشتی کە بەشێکی پەیوەستە بە ڕێنەکەوتنی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند. رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باس لە خۆپیشاندانەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: خۆپیشاندانەكان بەهۆی هەڵكشانی سامانی بەرپرسان خراپی بەڕێوەبەردن و نەدانی موچەوەیە، ئەوەش بەهۆی رێككنەكەوتی دەسەڵاتدارانی هەرێمە لەگەڵ بەغداد. ڕیگرى دەسەڵاتدارانى کوردى لە کوردستانى عێراق لە بڵاوبوونەوەى ناڕەزایەتییەکان کە بەهۆى پێنەدانى مووچەى کەرتى گشتى و خراپى لە ئیدارەدانى هەرێم گۆڕا بۆ تووند و تیژى لەسەر شەقام. لەکاتێدا خۆپیشاندەران باس لەو کەلێنە گەورەیە ئەکەن کە لە نێوان گوزەرانى خەڵک و سیاسییەکاندایە وە هەڵکشانى سامانى سیاسییەکان و خراپى بەڕێوەبردنى دەسەڵاتدارانى هەرێم ، بەڵام دەسەڵأتدارانى کوردى ئاڵۆزییە کان بە پیلان دائەنێن دژى هەرێمى کوردستان ، بۆیە لە سەرو بەندى ئاڵۆزییەکاندا هێڵەکانى ئینتەرنێت بڕا و رۆژنامەنووسان دەستگیرکران کە رووماڵى رووداوەکانیان دەکرد وە لە شارى سلیمانى هێزە ئەمنییەکان لە رۆژى هەینى غازى فرمێسک رێژیان بەکارهێنا بەرامبەر بەو سەدان خۆپیشاندەرانەى کە داواى مووچەکانیان دەکرد. لەکاتێدا ناردنى ئەو بڕەپارەیە دواکەوتووە کە لەژێر دەسەڵاتى بەغدایا ئەمەش لەئەنجامى قەیرانى ئابوورى و ناکۆکییە سیاسییەکانى بەغدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى کوردستان.
بەیار عومەر عەبدوڵا لە ساڵی (١٩٩٦هەتا ٢٠٠٦) دێگەڵە خەتی جیاکەرەوە بوو؛ سنوری سەوز بریتی بوو لە (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) + کۆیە و سنوری خۆشناوەتی، (٤٨٪)ی دانیشتوانی هەرێمیان پێکدەهێنا. سنوری زەردیش (٥٢٪)ی دانیشتوانی هەرێمی پێکدەهێنا. لەسەر ئەو بنەمایەش بودجە و موچە و دامەزراندن دابەش کرابوو. لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە کە هەردوو ئیدارەکە یەکیان گرتەوە، کۆیە و خۆشناوەتی چونەوە سەر پارێزگای هەولێر. پارێزگای سلێمانی بوو بە (٤٣٪) و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بون بە (٥٧). لە ٢٠٢٠ دا، دەستەی ئاماری هەرێم ڕایگەیاندوە: گوایە لە ساڵی (٢٠١٠ ەوە بەدواوە هەتا ٢٠٢٠) ڕێژەی دانیشتوانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە (٤٣٪)ەوە بۆتە (٣٦٪)ی دانیشتوانی هەرێم. واتە ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (٧٪) کەمیکردوە. لە بەرامبەردا ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر لە (٣٣٪) ەوە بۆتە (٣٧٪). واتە (٤٪) زیادیکردوە. ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک لە (٢٤٪) ەوە بۆتە (٢٧٪). واتە (٣٪) زیادیکردوە. بەپێی ئەم ئامارە تازەیەی دەستەی ئامار کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە و وەزیرەکەی پێشوی پارتی بوە و ئەوەی ئێستای یەکێتیە، ٧٪ یان لە سلێمانی سەندۆتەوە و (٤٪) یان لێداوە بە هەولێر و (٣٪) یان لێداوە بە دهۆک. ئەم دەڤەرە ٤٣٪ ەوە کراوە بە ٣٦٪. واتە ٧٪ کەمکراوەتەوە. واتە ملیۆنەها دۆلار لە بودجەی گشتی و بودجەی پڕۆژەکان و تەنانەت هەزارەها هەلی کار و دامەزراندن لە موستەحەقاتی پارێزگای سلێمانی دەچێت بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە هەولێر و دهۆک خۆپیشاندان ڕونادات. پارەی ئێمە دەچێت بۆ ئەوان. کەواتە ئەوان بۆ خۆپیشاندان بکەن؟! کەمینەیەک دەمێنێتەوە لە هەولێر و دهۆک کە بارودۆخیان خراپە، ئەوانیش لە ترسی پارتی ناوێرن جوڵە بکەن. پارتی ئەم فێڵەی چۆن کردوە؟! مەخمور، ژمارەی دانیشتوانی سەرو ٢٠٠ هەزار کەسە، لە ڕوی ئیداری و بودجەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و هیچ پارەیەکی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ ناچێت، خراوەتە سەر پارێزگای هەولێر. ئەمە کراوە تەنها بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەولێر بە گوێرەی سلێمانی زیادبکەن؛ ڕێژەی (٤٪) لە پارە و بودجە و داهات و دامەزراندنی سلێمانی بچێت بۆ هەولێر، لە کاتێکدا هیچی بۆ مەخمور ناچێت. شێخان و فایدە، ژمارەی دانیشتوانیان سەرو ١٥٠ هەزار کەسە، لە ڕوی ئیداری و بودجەوە سەر بە پارێزگای نەینەوان، بەڵام دیسان دەستەی ئامار لەسەر پارێزگای دهۆک حسابی کردون. ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی دهۆک زیادبکات بەگوێرەی سلێمانی. واتە ڕێژەی (٣٪) لە پارە و بودجە و داهات و دامەرزاندنی سلێمانی بچێت بۆ دهۆک. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاوارەی سوریان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێکردوە و ڕەگەزنامەی عێراقی و کارتی دەنگدانیان بۆ دەرکردون بۆ زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. پارێزگای سلێمانی نزیکەی (٢ ملیۆن و ٤٦٥ هەزار) کەسی تێدا دەژی. ١١٥ هەزاری دەچێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە. هێشتا (٢ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار)ی دەمێنێتەوە. کەچی لێرەشدا دیسان فێڵ لە پارێزگای سلێمانی کراوە و کردویانە بە (٢ ملیۆن و ١٥٠ هەزار). واتە ٢٠٠ هەزار کەسیان لە سلێمانی کەمکردۆتەوە. لەم ڕێیەشەوە پارێزگای سلێمانیان لە گەورەترین پارێزگای هەرێمەوە کردوە بە دووهەم و هەولێریان کردوە بە یەکەم. پارتی لە ڕوی ئامار و ژمارەی دانیشتوانەوە، یاریەکی قێزەون دەکات و یەکێتی و گۆڕانیش نوستون. لەجیاتی هەردوو تیمی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و پەرلەماندا کۆببنەوە و ڕێکبکەون بۆئەوەی ڕێگە بەم فێل و تەڵەکە ئاماریانە نەدەن، هەموو کارێکیان بووە بە کۆمەڵێک جوڵەی سواو و بێتامی پۆپۆلیستی لە ناو پەرلەماندا و موزایەدەکردن بەسەر یەکدا و دابەشکردنی ڕۆڵ؛ کە تیایدا بەشێکیان لە حکومەتدان و ڕۆڵی دەسەڵات دەبینن و پارە بۆ حزب و بنەماڵە پەیدادەکەن، و بەشەکەی تریشیان لە پەرلەمان نزیک هەڵبژاردن ڕۆڵی معارەزە و بەرەی گەل دەبینن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ. بۆ زیاد لە ١٠ ساڵ دەچێت لە جیاتی خزمەت و پرۆژەی ستراتیژی و شەڕکردن لەسەر مافەکانی ئەم دەڤەرەی ئەوانی خستۆتە حکومەت و پەرلەمانەوە، هەموو کارێکی ئەم دوو حزبە بوە بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و تۆمەتبارکردنی یەکتر. خەلکی ئەم دەڤەرەیان هێندە بێمتمانە و بێئومێد و بێزار کردوە، کار گەیشتوەتە ئەوەی کە بارەگای سەرجەم حزبەکان و تەنانەت فەرمانگەی حکومیش بسوتێندرێت، کەچی ئەوان لە جیاتی گەڕان بەدوای چارەسەردا، بە ئێستاشەوە واز لە موزایەدە و یەکتر تۆمەتبارکردن و قسەی بێکردار و بێسود و بێبەرهەم ناهێنن.
راپۆرتی: BBC وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ ماوەیەكە لەناوخۆی ئێراندا خراپبوونی تەندروستی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران مشتومڕی لەسەر دروستبووەو باس لە ئەگەری مردنی كتوپڕو جێگەگرتنەوەی دەكرێت. پرسی ئەو پیاوە تەمەن 81 ساڵانەی كە سەرۆكی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەو پرسە ئەوەی لەدوای مردنی كێ جێگەی دەگرێتەوە جێی بایەخە لە ئێرانو ناوچەكەو جیهاندا. چۆن رابەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟ رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كە خامنەیی دووەمین رابەرە لە ساڵی 1979ەوە لەلایەن 88 پیاوی ئاینییەوە هەڵدەبژێدرێت بەناوی ئەنجومەنی شارەزایان " خوبرەگانی رهبری", ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە هەر هەشت ساڵ جارێك لەلایەن هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەڵدەبژێردرێن, بەڵام دەبێت كاندیداكانی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە رەزامەندییان لەسەر بدرێت, ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش بە شێوەیەكە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن رابەری باڵاوە هەڵدەبژێردرێن. لێرەوە دەردەكەوێت كە رابەری باڵا هەژمون و دەسەڵاتێكی زۆری لە هەردوو ئەنجومەنەكەدا هەیە. لە سێ دەیەی رابردوودا. خامنەیی كاری بۆئەوە كردووە گەرەنتی ئەوە بكات كە كاندیدە موحافیزكارەكان لەو دوو ئەنجومەنەدا هەبن، چونكە ئەوان زیاتر گوێڕایەڵ رێنماییەكانی دەبن لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیداو رابەری باڵا بە هەڵبژاردنی هەتا لە ژیاندا بێت لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە. بە گوێرەی دەستوری ئێران دەبێت رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران پلەی ئاینی ( ئایەتوڵا) بێت، واتە دەبێت كەسایەتییەكە ئاینی دیاربێت, بەڵام كاتێك خودی خامنەیی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا پلەی ئایەتوڵای نەبوو, بۆئەوەشی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت یاساكان دەستكاری كرانو دەشكرێ جارێكی ترو لە هەڵبژاردنی رابەرێكی نوێداو بە گوێرەی كەشی سیاسی دەستكاری یاساكان بكرێت. گرنگی پۆستی رابەری گشتی چییە؟ رابەری باڵا دەسەڵاتی رەهای هەیە لە ئێرانداو قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لە گرنگترین پرسەكانداو سیاسەتو ئاراستەی سیاسی وڵات بەرامبەر جیهانی دەرەوە دیاریدەكات, ئێران بەهێزترین دەوڵەتی شیعەیە لە جیهانداو لە سایەی رابەرێتی خامنەییدا هەوڵیداوە هەژمونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاترو پتەوتر بكات بەوەش مردنی تەنها رەوڕەوەی مێژوو لە ناوچەكەدا ناگۆڕێت بەڵكو سەدای دەگاتە سەرتاسەری جیهان, بۆ نمونە دوژمنایەتی ئێرانو ئەمریكاو ئیسرائیل كە كینەو رقی شەخسی خامنەیی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بۆ چەندین ساڵە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا هێناوەتە ئاراوەو رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی جێگرەوەشی ئەگەری ئەوە زیاتر دەكەن كە رابەری داهاتووش هەمان بیروبۆچونی خامنەیی هەبێ. كێ رابەری داهاتووی ئێرانە؟ بەرژەوەندی رەوتە سیاستە جیاوازەكانی ئێران وادەخوازێت كە رۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنی رابەری داهاتودا. بەڵام هیچ كەسایەتییەكی بەهێز نیە كە بتوانێت وەك " دروستكەری پاشاكان" رەفتار بكاتو ئەو پرسە بەبێ سەرهەڵدانی قەیران یەكلابكاتەوە. خامنەیی وەك رابەری پێشوو ( خومەینی) هەژمونو وەلائی سیاسی كەمە, هەژمونو دەسەڵاتی خۆی لە رێگەی تۆڕێكی پەیەوەندی كەسییەوە بونیاتناوەو ژمارەیەكی زۆر كەسی هەیە لە گرنگترین دەزگای وڵاتدا كە سوپای پاسدارانەو پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە سوپای پاسداران رێگەنەدات هیچ كاندیدێك بگات بە پۆستی رابەری ئەگەر بەلایەوە گونجاو نەبێت. سەرەڕای ئەوەی كە دەنگۆ بوونی لیستێكی نهێنی بۆ كاندیدەكانی رابەر بەربڵاوە. بەڵام كەس نازانرێت كێن ئەوانەی لەو لیستەدانو كەسیش باسی لەوە نەكردووە كە زانیاری لەسەری هەبێت. بە گوێرەی چەند گێڕانەوەیەك دڵخوازترین كاندیدەكانی خامنەیی بۆ جێگرتنەوەی بریتین لە موجتەبای و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەرییو دەنگۆی ئەوەش هەیە كە سادق لاریجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دادوەروو حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێستا ویستی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە. موجەتبا خامنەیی كێیە؟ موجتەبای كوڕیعەلی خامنەیی تەمەن 51 ساڵ لە شاری مەشهەدی ئاینیی لە دایكبووەو هاوشێوەی باوكی پیاوی ئاینییە, بەڵام كەسایەتییەكی كەمێك ئاڵۆزی هەیە. لە كاتی هەڵمەتی سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2009ەوە هاتە ئاراوە تیشكخرایە سەر موجەتباو باوەڕ وایە كە ئەو بەرپرسی سەرەكی ئەو هەڵمەتی سەركوتكردنە بووە. سەرەڕای ئەوەی كە خامنەیی پادشا نیەو ناتوانێت بە ئاسانی دەسەڵاتەكانی بۆ كوڕەكەی بگوازێتەوە. بەڵام موجەتبا دەسەڵاتێكی زۆری لە ناو فەرمانگەكانی باوكیدا هەیە، لەوانەش نوسینگەی رابەر كە سەرپەرشتی دەستە دەستورییەكان دەكاتو ئەگەر پشتیوانی سوپای پاسداران بەدەستبهێنێت ئەوا رۆڵی دەبێ لەوەی لە پرۆسەی یاساییدا تای تەرازووەكە بەلای خۆیدا بخات. ئیبراهیم رەئیسی كێیە؟ رەئیسی تەمەن 60 ساڵانو پیاوی ئاینی لە مەشهەد لە دایكبووەو باوەڕ وایە كە بەهێزترین كاندیدە كە چانسی ئەوەی هەیە جێگەی خامنەیی بگرێتەوە. رەئیسی هەرگیز ئەو دەنگۆیانەی رەتنەكردووەتەوە كە باس لە ویستو ئارەزووی دەكەن ببێتە رابەری باڵای داهاتوو. جموجوڵە زۆرەكانی ئاماژە بەوە دەدەن كە بۆ ئەو رۆڵە ئامادەدەكرێت, چەندین پۆستی لە دەسەڵاتی دادوەریدا بەڕێوەبردووەو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایانیش بووە. تۆماری رەئیسی لە بواری مافەكانی مرۆڤو بە تایبەتی رۆڵی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی زیندانییە سیاسییەكانی ساڵی 1988دا ئاماژە بەوەدەدەن كە پشتیوانی جەماوەریی نیە، هەرچەندە ساڵی 2017 لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا شكستی هێنا، رابەری باڵا كردی بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییو لەو كاتەشەوە كە ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەردەوام لەوەی پێی دەوترێت" جەنگ لە دژی فەساد" ئامادەیی لە بواری راگەیاندندا هەبووەو هاوشێوەی خامنەیی گومانی لە سودو كەڵی رێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەیەو زۆریش لە سوپای پاسدارانەوە نزیكە.
درەو: بیلال وەهاب - پەیمانگای واشنتۆن لەماوەی هەفتەی ڕابردوو، خۆپیشاندان و ئاڵۆزی زیاتر لە ١٢ شار و ناوچەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتەوە، ئاڵۆزییەکان بەهۆی دواكەوتنی مووچەوەیە كە تا ئێستا هەشت خۆپیشاندەر کوژراون بە فیشەکی هێزە ئەمنیەکان کە پاسەوانی بارەگا حیزبی و حکومیەکانن و چەندین خۆپیشاندەری برینداربوون کە لە نێوانیاندا کەسانی ئەمنی هەن. لەبەرامبەر ئەوەدا دەسەڵاتى ناوچەکە بڕیارى دا بە داخستنى میدیاى ئۆپۆزسیۆن ( ان ار تى) وە ئاستەنگى بۆ هێڵەکانى ئینتەرنێتى ناوخۆ درووست بوو . لەهەمان کاتدا هەناردەى نەوتى لە بلۆک ( حقل)ى سەرقەڵا راگیرا کە کۆمپانیاى گازپرۆم کارى تیادا دەکات. بەپێى پێشبینییەکان پانتایى خۆپیشاندان و توندوتیژییەکان فراون دەبن و دەگوازرێنەوە لە ناوچەى ژێردەسەڵاتى (یەکتى نیشتمانى) بۆ ناوچەکانى هەولێر و دهۆکى ژێر دەسەڵاتى ( پارتى دیموکرات) . رەنگە ئەم رووداوانە بارودۆخى نەخوازراوى گەورەتر بەدواى خۆیدا بهێنێت. بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ قەیرانى ئابوورى بدۆزنەوە. لە ساڵى ٢٠١٧ وە چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە هەرێمى کوردستان روویانداوە کە هۆکارى سەرەکى دواکەوتن و پێنەدانى موچەبووە. وە لەئەنجامى ئەم ناڕەزایەتیانە وەڵامێکى تووند هەبووە لە لایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە، کە ٢٠٠ کەس دەستگیر کراوە لە نێوانیاندا (١٠٠ فەرمانبەرى حکومى و ٨ رۆژنامەنووس)ن لە دهۆک . سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان مەسرور بارزانى پێى وایە خۆپیشاندەنەکان پیلانى هەندێ لایەنە دژى هەرێمى کوردستان وە هەندێ بەرپرسى دیکەش پێیان وایە پارتى کرێکاران دەستى لە خحۆپیشاندانەکاندا هەیە. بە هۆى دابەزینى نرخى نەوت و خراپ بەڕێوەبەردنى سیکتەرى ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت موچە و خزمەتگوزاریبەکان بە تەواوى و لەکاتى خۆیدا دابین بکات.
(درەو): لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم لە بەغدادە ئاشكرایكرد، سبەینێ كۆبونەوەی لوتكە دەكرێتو هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران و شاییستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای قەرزدا دەدەین. وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، دوو رۆژە لە بەغدادە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سبەینێ كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد. لەبارەی رەوتی دانوستانەكانی دوو رۆژی رابردووی وەفدی هەرێم لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی وتی:" وەفدی هەرێم هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای كورتهێنانی قەرزدا دەدات" سەرباری (320 ملیار) دیناری مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە پێشتر حكومەتی هەرێمو بەغداد رێككەوتنیان لەسەر كردووە، وەفدی هەرێم چاوی لەوەیە، وەكو شایستەی دارایی خۆی، لەو قەرزە سودمەند بێت كە پەرلەمانی عێراق بەمدواییە یاسای بۆ دەركرد. بەگوێرەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە هەندێك بە یاسای قەرز ناوی دەبەن، حكومەتی مستەفا كازمی بڕی (28 ترلیۆن) دینار قەرز دەكات بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی، ئەم پارەیە بڕی (10 ترلیۆن) دیناری بۆ خەرجی سیادی دەڕواتو (18 ترلیۆن) دیناری بۆ خەرجی بەكاربردنە. لە خەرجی بەكاربردن حكومەتی هەرێم بڕی 12.67%ی بەردەكەوێت، وەفدی هەرێم دەیەوێت لەكۆی ئەو (18 ترلیۆن) دینارە، بڕی نزیكەی (2 ترلیۆن) دینار وەكو شایستەی دارایی خۆی وەربگرێت. زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت چاو لەو (2 ترلیۆن) دینارەی مافی هەرێم بپۆشنو هەرێم قایل بكەن بەوەی تەنیا (320 ملیار)ی موچەی مانگانەی فەرمانبەران وەربگرێت، بەڵام ئێمە سەرباری 320 ملیار دینارەكە، دەمانەوێت موچەی مانگەكانی پێنجو شەشو حەوت وەربگرین كە شایستەی دارایی فەرمانبەرانی هەرێمە، ئەمە جگە لە دوو ترلیۆن دیناری یاسای قەرز". سەرباری ناڕەزایەتییەكانی لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق، حكومەتی هەرێم دواجار لەڕێگەی وەزیری داراییەوە پابەندبوونی خۆی بە یاساكەوە راگەیاند، بەپێی ئەم یاسایە دەبێت هەرێم داهاتی بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، حكومەتی هەرێم چاوی لەوەیە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بەهای ئەو نەوتە لە بەشە بودجەكەی ببڕدرێت، بەڵام لەڕێگەی پابەندبوون بە یاسای قەرزەوە دەیەوێت هاوكات سودمەند ببێت لە بەشێك لەو قەرزەی حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی خۆی كردویەتی. كۆبونەوەی سبەینێ وەفدی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەبێت، رەنگە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش بەشداری تێدا بكات، هەر جۆرە رێككەوتنێك كە لەو كۆبونەوەیەدا بكرێت، دەبێت بە بنەما بۆ رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەند لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا كە بڕیارە بەمزوانە بگاتە پەرلەمانی عێراقو پەسەند بكرێت.
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف لەماوەی هەفتەیەكدا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دژی خراپی دۆخی بژێوی، (8) خۆپیشاندەرو كارمەندی ئەمنی كوژراونو دەیان زیاتر لە (120) كەسی دیكەش برینداربوون، زیاتر لە (150) فەرمانگەو بارەگای حزبی زیانیان پێگەیشتووە، بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە هێزە ئەمنییەكان دەیان كەسیان دەستگیركردووە. موچەو ناڕەزایەتی دوای (20) رۆژ دواكەوتن لە وادەی دیاریكراوی خۆی، رۆژی 3ی ئەم مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو یەكەمین وەزارەت موچەی موچەی مانگی ئۆكتۆبەری بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی دابەشكرد. هاوكات لەگەڵ دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی ئۆكتۆبەر، سەرەتای شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستانو بە دیاریكراویش لەناو شاری سلێمانی دەركەوت. ئەوەی موچەخۆرانی توڕە كرد، تەنیا دواكەوتنی وادەی دابەشكردنی موچەكانیان نەبوو، بەڵكو زیادكردنی رێژەی لێبڕینی موچەكانیان بوو لە 18%وە بۆ 21%، لە پاڵ ئەمەشدا جارێكی تر رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد بەهۆی پەسەندكردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق كێشەی تێكەوتو بۆ مانگی ئۆكتۆبەر بەپێچەوانەی دوو مانگی پێشترەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق (320 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی بۆ حكومەتی هەرێم نەنارد، هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر توڕەكردنی شەقامی هەرێمی كوردستان هەبوو. حكومەتی هەرێم كە حكومەتێكی ئیتیلافی ترۆیكای نێوان پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانە، ماوەی ساڵێكو شەش مانگە دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەهاری ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە توشی قەیرانێكی سەختی دارایی بووەو داهاتەكانی بەشی خەرجییەكانی ناكات. كابینە سێقۆڵییەكە لەمساڵدا تاوەكو ئێستا، بە تێكڕا موچەی (6) مانگ موچەی فەرمانبەرانی نەداوەو ماوەی سێ مانگیش موچەی بە لێبڕینی 18 بۆ 21% بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكردووە. تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان رۆژی 3ی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی ئابوریو نەبوونی موچە، لە "سەرا"ی سلێمانی دەستیپێكرد، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناو بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەكە كردو چەند كەسێكیان لە خۆپیشاندەران دەستگیركرد. هەر ئەو رۆژە لیژنەی باڵای ئارامی سلێمانی كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەرۆكایەتی دەكاتو سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:" هەر كۆبونەوەو گردبونەوەیەك بەبێ رەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامی، رێگەپێدراو نییە". لە یەكەمین رۆژی خۆپیشاندانەكاندا، چەند كاردانەوەیەكی سیاسی رویاندا، بەمشێوەیە: • جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:" لەپێناو كۆتاییهێنان بە حوكمی ئەم دوو بنەماڵەیە پشتیوانی هەموو خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیان دەكەین". • بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەموو هەوڵێكیان لەناو حكومەت بۆ فەراهەمكردنی موچە بووەو پشتگیری داواكارییەكانی هاوڵاتیان دەكەن. • لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كە حزبەكەی دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانییە، لە پەیامێكدا رایگەیاند": هەموو هەوڵەكانم چڕكردوەتەوە بۆ كۆتایهێنانی یەكجاری بە كێشەی موچەخۆرانو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەم كردووە". • فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی راگەیاندو دوای كرد دەستگیركراوان ئازاد بكرێن. • حكومەتی هەرێم راپۆرتی لیژنەی دانوستانكاری خۆی لەگەڵ بەغداد لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكان سەبارەت بە بودجەو نەوت رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد. • فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو پشتیوانی بۆ خۆپیشاندان راگەیاند. • شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبوكی خۆی وێنەی منداڵێكی بڵاوكردەوە كە بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە بێ هۆش كەوتبوو، لەسەر نوسی: كێ ناڕازییە بابێتە سەر شەقام. • وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی چووە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2012ی عێراقدا، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق لە بەغداد رەخنەی لە وەفدەكە گرتو رایگەیاند:" یەكێتیو گۆڕان داوایانكرد وەفدی خاوەن بڕیار بڕواتە بەغداد، بەڵام لە پێكهاتەی وەفدەكەوە دیارە نایانەوێ رێكبكەون". • چەند كاتژمێرێك دوای خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، لە شەوداو لە ناحیەی وارماوای سەربە قەزای شارەزوور، دژی دابەشنەكردنی سوتەمەنی ژمارەیەك كەس رێگەی دەربەندیخان- سلێمانیان داخست. • ئەدهەم بارزانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، بەپێی هەموو لێكدانەوەیەك كوردستان لە بارودۆخێكی یەكجار هەستیاردایە، لەوانەیە زیاتر لەوە بەرگەی بێچارەسەرهێشتنەوەی بابەتەكان نەگرێ". رۆژێك بۆ لێكدانەوەو لێدوان رۆژی چواری ئەم مانگە، واتە رۆژێك دوای خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، تاڕادەیەك بارودۆخ ئارام بوو، خۆپیشاندان نەكرا، بەڵام چەند كاردانەوەیەكی سیاسی رویاندا كە ئەمانە بوون: • جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەمجارە حكومەتی هەرێم نەیەتە پێشەوەو ئامادەی رێككەوتن نەبێت لەگەڵ بەغداد، دەست بۆ بژاردەی دیكە دەبەین كە لەوانەیە بەدڵی هێزە سیاسییەكانی هەرێم نەبێتو لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت. • شیرین فوئاد مەعسوم كچی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقو یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی وتی:" تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی كوردستان تێی كەوتووە، تەنیا لای سەرۆك مەسعود بارزانییە وەك رابەری كورد". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان شیكردنەوەی تایبەتی بۆ شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەكان كردو وتی:" گەرماو سەرما كاریگەری هەیە لەسەر خۆپیشاندانەكان، سلێمانی فێنكو ساردترە، هەولێر گەرمترە، بۆیە خەڵكی هەولێر درەنگتر دێنە سەر شەقام". • كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: لە هەولێریش خۆپیشاندانی مەدەنیانە ئاساییە. • مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی هاتە سەر هێڵی ناڕەزایەتییەكانو لە لێدوانێكدا وتی:" خەڵك هەر چوار پێنج مانگ دەتوانێ بەرگەی بێ موچەیی بگرێت، ئەم حكومەتە ناتوانێ موچە دابین بكات". • هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هەرسێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) ئاگاداری رێككەوتنی پەنجا ساڵەی بواری وزەن لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا، ئەمە لەناو بەرپرسو لایەنگرانی گۆڕاندا هەندێك كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. • ئاراس شێخ جەنگی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیو برای لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك وەكو ئاماژەیەك بۆ وەفدەی حكومەتی هەرێم كە ئاوات شێخ جەناب سەرۆكایەتی دەكرد نوسی:" ئەگەر ناردنی ئەو شاندەی هەرێم بۆ بەغدا راست بێت، ئەوان حكومەتی بنەماڵە نایەوێت لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت، بۆیە چاوەڕوانی وەزعێكی لەمە خراپتر بكەن، گۆڕانو یەكێتی لەم حكومەتدا هیچیان بەدەست نییە، بۆیە دەبێ بارزانیو كوڕەكەی بچنە بەغدا". • شەوی چواری مانگ، خۆپیشاندان لە دەربەندیخان دەستیپێكرد، كۆمەڵێك لە خۆپیشاندەران رێگەی سەرەكی كەلار- دەربەندیخان- سلێمانیان داخست. قسەی گەرمو رۆژێكی سارد رۆژی پێنجی مانگ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسەوباس لەبارەی رێگریكردن لە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی لە هەولێر، لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەرم بوو، هاوكات كەشناسی هەرێم پێشبینی ساردبوونی كەشوهەواو بارینی بەفری كرد. هەمان رۆژ میدیای حزبە بەشدارەكانی حكومەت بەدیاریكراوی پارتیو گۆڕان هەواڵی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغدادیان لەبارەی موچەو بودجەوە راگەیاند، چەند كاتژمێرێك دواتر ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ وەكو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە هەولێرو بەغداد هیچ رێككەوتنێكیان كردبێتو ئاشكرایكرد ئەوەی رویداوە تەنیا تاوتوێكردنی دوو پێشنیاز بوو لەنێوان وەفدی هەرێمو بەغداد، بەشێوەیە: • پێشنیازی یەكەم: رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتو نیوەی داهاتی گومرگەكان كە هەرێم خۆی خەرجی كۆمپانیاكان لەئەستۆ بگرێت • پێشنیازی دووەم: رادەستكردنی (450 هەزار) بەرمیل نەوتو نیوەی داهاتی گومرگەكان بەمەرجێ عێراق خەرجی كۆمپانیان بدات. لەم رۆژەدا خۆپیشاندەرانی كوردستان پەیامێكی پاڵپشتییان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدادو لەلایەن خۆپیشاندەران عێراقەوە پێگەیشت، كاتێك ڤیدیۆی ئاڵای كوردستان لەناو خۆپیشاندەرانی عێراق بڵاوكرایەوە. لەم رۆژەدا چەند روداوێكی تر رویاندا بەمشێوەیە: • وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغداد گەڕانەوەو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبونەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆكتۆبەر لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، كە تا ئێستا نەنێردراوە، ئەمە جیا لە مانگەكانی پێنجو شەشو حەوتی ئەمساڵ كە مافو شایستەیەكی رەوای خەڵكی كوردستانە و حكومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە. • بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەو رایگەیاند، فراكسیۆنی یەكێتی لەبەرەی خەڵكو داخوازییەكانیان دەبنو دەبێت هەموو رێگاو فشارێكی مەدەنیو شارستانی بگرنەبەر بۆ داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیان. • درەنگانێكی شەوی پێنجی مانگ، لە بەغداد بەرهەم ساڵح بە نهێنی لەگەڵ گروپی 15 كۆبوەوە، گروپی 15 ئەو پەرلەمانتارە كوردانەن كە دژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمو دەڵێن حكومەتی هەرێم پابەندی رێككەوتنەكانی نییە لەگەڵ بەغدادو ئەمە هۆكاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانە، پارتی لەم گروپە توڕەو نیگەرانەو بە گروپێكی یاخی لە حزبەكانیان ناویان دەهێنێت. دابەزینی كۆرۆناو بەرزبونەوەی ناڕەزایەتی رۆژی شەشی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار ئاستی توشبوون بە كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بە رێژەی 75% كەمیكرد، بەڵام خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی زیادیكردو گەیشتە قۆناغی سوتاندنی بارەگای حزبەكان. رۆژی 6ی ئەم مانگە حكومەت موچەی وەزارەتی پێشمەرگەو لیواكانی پارتیو یەكێتی دابەشكرد، هەمان رۆژ وەفدی پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیاری زێباری گەیشتە سلێمانیو لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان كۆبووەوە، لەم كۆبونەوانە رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی رۆژی 8ی ئەم مانگە كۆبونەوەی سێقۆڵی سێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت. رۆژی شەشی مانگ، خۆپیشاندانێكی ئەوتۆ لە شارەكانی كوردستان روینەدا، بەڵام لە شەوەكەیدا، بەشێوەیەكی كتوپڕ، خۆپیشاندان لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی تەقییەوە، خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای یەكێتیو پارتیان داو سوتاندیان. لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقە بە ئاڕاستەی هێزەكانی پۆلیس كراوەو ئەفسەرێك بە پلەی نەقیب بە فیشەك برینداربووە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان دەستكراوە دەبن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی بە ئەركی خۆی هەڵسن. رۆژێكی خوێناوی رۆژی 7ی ئەم مانگە بۆ خۆپیشاندەران رۆژێكی خوێناوی بوو، لەم رۆژەدا سێ خۆپیشاندەران كوژران. بەرەبەیانی رۆژی 7ی ئەم مانگە هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی هەڵیانكوتایەسەر كەناڵی ئاسمانی (NRT)و پەخشی كەناڵەكەیان داخست، ئەم كەناڵە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنەو بەبەردەوامی لە كەناڵەكەیەوە پەخشی راستەوخۆی خۆپیشاندانەكانی دەكرد. پاش چەند كاتژمێرێك لە داخستنی كەناڵەكە، نوسراوێك بڵاوكرایەوە كە دەریدەخات كەناڵەكە لەسەر فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری راگیراوە بەهۆی ئەوەی "بەشێوەیەكی بەرپرسانە" هەڵسوكەوتی نەكردووە، داخستنی ئەم كەناڵە وەكو لێدان لە ئازادی رادەربڕین لێكدرایەوەو ژمارەیەك رۆژنامەنوسان چونە بەردەم كەناڵەكە بۆ پاڵپشتی لە ئازادی رادەربڕین. هەمان رۆژ، واتە رۆژی حەوتی ئەم مانگە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی لە قەزای سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی تەقییەوە، خۆپیشانندەران لە سەیدسادق حزبەكانی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنیان لەیەكتر جیانەكردەوەو جگە لە بارەگای سێ حزبەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیشیان سوتاند (یەكگرتووی ئیسلامی+ كۆمەڵی ئیسلامی+ حزبی شیوعی)، سەرباری بارەگای حزبەكان، خۆپیشاندەران بارەگای قایمقامیەتو ماڵی قایمقامی شارەكەیان سوتاند، لەم خۆپیشانەدا هیچ خۆپیشاندەرێك نەكوژرا، بەڵام چەند خۆپیشاندەرێك برینداربوون. دیمەنی هێرشی خۆپیشاندەرێكی سەیدسادق بۆسەر كادرێكی پارتی، سەركردەكانی پارتی نیگەرانو توڕە كردو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە جێگەی مشتومڕ. لەم رۆژەدا بوو، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو بۆ یەكەمجار بیرۆكەی "سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە"ی وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەكانی هەرێم پێشنیاز كرد، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەڕووی سیاسییەوە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوەو پابەند نییە بەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەكەی لە كوردستان لەگەڵ پارتیدا هەیەتی. هەر رۆژی 7ی ئەم مانگە، لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان تەقییەوە، خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای لقی پارتییان دا، تەقە كراو گەنجێك بەناوی (ئەدهەم یەحیا) كوژرا، ئەدهەم یەكەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستانە. هەمان رۆژو دوای فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی وەكو رێبەرێكی دەنگە ناڕازییەكان خۆی نمایش كردو لە راگەیەندراوێكدا وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا پیشنیازی ئەوەی كرد حكومەتی هەرێم "تەعدیل"ی وزاری بكاتو خۆی ئامادە بكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. فراكسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئیدانەی تەقەكردنی كرد لە خۆپیشاندەران. دوای پەلاماردانی بارەگای حزبەكان لە سەیدسادقو چەمچەماڵ، ئێوارەی رۆژی 7ی ئەم مانگە بۆ یەكەمینجار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی لەبارەی ناڕەزایەتییەكانەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، حكومەتەكەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراقدا بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. مەسرور بارزانی وتی:" هەرێم هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك دەیانەوێ بژێوی خەڵك بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەكاربهێننو بە بیانووی بەرگریكردن لە مافو داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان، هەوڵی تێكدانو سوتاندنو ئاژاوەنانەوە دەدەن". سەرۆكی حكومەت داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد، رێگە لە ئاژاوەو پشێوی نانەوەو پەنابردنە بەر توندتیژیو تێكدانی شوێنە گشتیو تایبەتیو بارەگاكان بگرنو سەرپێچیكارانیش ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە. نەخشەی خۆپیشاندانەكان لە رۆژی حەوتی مانگدا بەمشێوەیە بوو: • شەوی حەوتی مانگ، خۆپیشاندان پەڕییەوە بۆ قەزای كفری ئیدارەی گەرمیان، خۆپیشاندەران بارەگای یەكێتییان سوتاند، تەقە كراو گەنجێك بەناوی (ئاكۆ سەلمان) لەناو خۆپیشاندەراندا كوژرا، ئەمە دووەمین كەس بوو لەناو خۆپیشاندەراندا كوژرا. • هەمان شەو لە قەزای دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، خۆپیشاندەران مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانیان سوتاند، بەهۆی تەقەكردنەوە لە خۆپیشاندەران گەنجێك بەناوی (سەربەست عوسمان) كوژراو بوو بە سێیەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان. • لە كفری گەنجێكی تر بەناوی (ئاكۆ سلێمان) بەهۆی تەقەوە كوژراو ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان گەیشتە (4) كەس. • هەڵەبجەش پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانو پاسەوانی بارەگاكان رویداو سێ خۆپیشاندەر برینداربوون. • لە هەولێر ئاگر لەناو زیندانی چاكسازی گەوراندا كەوتەوەو هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی گرتوخانەكەیاندا. لەم رۆژەدا عوسمان حاجی مەحمود یەكێك لەسەركردەكانی پێشتری یەكێتیو یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا بێلایەنە، هاتەسەر هێڵی ناڕەزایەتییەكانو لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزنو رایگەیاند، چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەتو شێوازە دەسەڵاتداریە ناكرێت بەردەوام بێت. رۆژی 7ی مانگ كە ئەم رووداوانە رویاندا، حكومەت موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی دارایی خەرجكرد. پلایسو كۆبونەوەی سێقۆڵی نەخشەی رووداوە سیاسییەكان لە رۆژی هەشتی ئەم مانگەدا بەمشێوەیە بوو: • وەكو ئەوەی لەسەری رێككەوتبوون، سێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لەسەر ئاستێكی باڵا لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانو بەسەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبونەوە. رێككەوتن لەسەر ئەوەی وەفدێكی حزبی باڵا دروستبكەنو وەفدەكە بچێتە بەغداد بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقو رزگاركردنی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سێ لایەنەكەی حكومەت پێشنیازیان كرد لەناو ئۆپۆزسیۆن دوو لایەن بەشداربن لە وەفدەكەدا كە ئەوانیش كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی بوون، كۆمەڵو یەكگرتوو ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە وەفدە حزبییەكە نەچووەتە بەغداد. • لە بەغداد لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەڵام چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. • بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی:" ئەوەی لە سلێمانی روویدا پەیوەستە بە خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە"، حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان وەڵامی دایەوەو رایگەیاند:" قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نزیكەی چوار ساڵە دەستیپێكردووەو پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نیە". • ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كردو رایگەیاند، بەفەرمی وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقیان داوەتەوەو هەرێمی كوردستان پابەندە بە ناوەڕۆكی یاسای قەرزەوە، بۆیە ئیتر ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی عێراقدایە. • هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات هەروەها قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند. • حەسەن پلایس یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاندو هەڕەشەی پەلاماردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم بڵاوكرایەوە. • كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند. • ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد بەرپرسانە هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن. • ستیڤن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، راپۆرتی توندوتیژیو قوربانییەكانی سلێمانیو بەكارهێنانی چەك لە ناخەوە هەژاندمی، داوا لە دەسەڵاتی ئەمنی دەكەم رێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرن. • نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە عێراق "یۆنامی" داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كرد ئازادی گردبونەوەو رادەربڕین بپارێزێن. • لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی، بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر هاتوچۆی نێوان شارەكانی سلێمانیو هەڵەیجەو ئیدارەی گەرمیانو راپەڕین راگرت. نەخشەی ناڕەزایەتییەكان لە رۆژی 8ی مانگو شەشەمین رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا بەمشێوەیە بوو: • سێ لایەنی چەپ كە بریتی بوون لە (شیوعی، زەحمەتكێشان، بزوتنەوەی دیموكراسی) داوای مۆڵەتیان كرد بۆ سازدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە هەولێر، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەولێر رێگەیان پێنەدان. • لە قەزای شارەزوور خۆپیشاندەران بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەو ماڵی قایمقامو بارەگای چەند حزبێكیان سوتاند. • لە ناحیەی تەكیە هەمان رووداو دووبارە بووەو خۆپیشاندەران بینای بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، كۆمیتەی یەكێتی، بنكەی ئاسایش، بنكەی پۆلیس، فەوجی بەرگری ناحیە سوتێندرا، بەهۆی تەقەكردنەوە خۆپیشاندەرێك بەناوی (هیوا فوئاد) كوژراو بووە بە چوارەم كوژراوی خۆپیشاندانەكان. • لە قەزای سەیدسادق خۆپیشاندان دەستی پێكردەوەو خۆپیشاندەرێك بەناوی (هەرێم عەلی) كوژراو بوو بە شەشەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان. • لە شەودا خۆپیشاندان لە قەزای پێنجوێن رویداو خۆپیشاندەران بارەگای (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سۆسیالیستو میوانخانەی قایمقامیەتیان سوتاند، لەم روداوانەدا پاسەوانێكی بارەگای پارتی بەناوی (ئاوات تالب) بە فیشەك كوژراو بوو بە شەشەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان. دەستی دەرەكی رۆژی 9ی ئەم مانگە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سەربەخۆكان) بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران لەناو بینای پەرلەمان مانگرتنیان راگەیاند. هەر لەم رۆژەداو لە ئێوارەدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بارودۆخی ناڕەزایەتییەكان قسەی كردو وتی:" خەڵكانێك لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوونو كەسانی سوری لەناو خۆپیشاندانەكاندان. مەسرور بارزانی جارێكی تر بەرپرسیارێتی قەیرانی دارایی هەرێمو موچەی فەرمانبەرانی خستە ئەستۆی حكومەتی بەغدادو رایگەیاند، هیچ بیانویەكمان بۆ حكومەتی عێراق نەهێشتوەتەوە، ئەمساڵ حكومەتی بەغداد تەنیا شەش موچەی بە لێبڕینەوە بۆ هەرێم ناردووە. مەسرور بارزانی پێشنیازی ئەوەی خستەڕوو، بەو داهاتەی كە لەبەردەستی حكومەتدایە موچە مانگانە دابەش بكرێت، بەڵام لەم حاڵەتدا رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر دەبێت، بۆ ئەمەش داوای پاڵپشتی لایەنە سیاسییەكانو پەرلەمانی كرد. لەم رۆژەدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكیان بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران خوێندەوەو داوایان كرد پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكان لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بكات، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان فەرمانی بە لیژنەی مافەكانی مرۆڤ كرد بچنە هەرێمی كوردستانو بەشێوەیەكی مەیدانی لێكۆڵینەوە بكەنو راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە پێشكەشی پەرلەمان بكەن. نەخشەی ناڕەزایەتییەكانی لە رۆژی 9ی مانگدا بەمشێوەیە بوو: • لە چەمچەماڵ خۆپیشاندان دەستی پێكردەوەو خۆپیشاندەران مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانیان سوتاند • لە ناحیەی شیلادزێی سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك هەوڵی خۆپیشاندان درا، هێزە ئەمنییەكان رێگرییان كردو چەند كەسێك دەستگیركران. • لە قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان كرا، پێكدادان رویداو ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرگریو فریاكەوتن بەناوی عەقید (حەمزە محەمە) بەردێك بەر سەری كەوتو گیانی لەدەستداو بوو بە حەوتەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان. • لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، چیتر رێگەنادەن خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەردەوام بێتو لێرە بەدواوە هێزە ئەمنییەكان دەستكراوە دەبن. • یەكەمین خۆپیشاندان دوای فەرمانەكەی لیژنەی ئەمنی لە ناحیەی عەربەتی سەربە پارێزگای سلێمانی رویداو چەند كەسێك برینداربوون. • دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، خۆپیشاندان مافێكی یاسایی هاوڵاتیانەو پشتیوانی لە هەموو چالاكییەكی مەدەنیو یاسایی دەكەن. • لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی بۆ 24 كاتژمێری تر قەدەغەی هاتوچۆی درێژكردەوە. "تەعدا لە كەس قبوڵ ناكەین" هێزە ئەمنییەكانی سەربە پارتی ژمارەیەك گەنجی خوار تەمەن (18) ساڵیان لە ناحیەی قەسرێی دەڤەری باڵەكایەتی دەستگیركرد كە بەنیاز بوون خۆپیشاندان بكەن. هەمان رۆژ مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو داوای دەستگیركردنو دادگایكردنی بكوژی خۆپیشاندەرانی كردو رەخنەی لە ئیئتلافی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) گرت بەوەی بەشێوەیەكی بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكان دەكەن. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەو كادیرەی حزبەكەی بینی كە لە سەیدسادق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی كرایەسەر، بارزانی لەو دیدارەدا وتی:" پارتی تەعدا لە كەس قبوڵ ناكات". دوێنێ شەو جارێكی تر لە قەزای كفری خۆپیشاندان دەستی پێكردەوەو گەنجێك بە ناوی (میران محەمە) كوژراو بوو بە هەشتەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان. كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكان دوێنێ لە سلێمانی ژمارەیەك چالاكی سیاسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی شارو شارۆچكەكانی سنورەكە، وادەی سازدانی خۆپیشاندانێكی نوێیان لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆو دوای نوێژی هەینی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە چووەنە شوێنی مەبەست، هێزە ئەمنییەكان دەستگیریان كردنو بە گازی فرمێسكڕێژ خۆپیشاندانەكەیان بڵاوەپێكرد. زیانە گیانی و مادیەكان: - (8) خۆپیشاندەر و كارمەندی هێزە ئەمنیەكان بە گوللە كوژران. - زیاتر لە (120) كەس بریندار بوون. - زیاتر لە (150) فەرمانگەو بارەگای حزبی سوتان و زیانیان پێگەیشتووە. - زیاتر لە (100) خۆپشاندەر دەستگیر كراون.
(درەو): ئامادەكاری دەكرێت بۆ سەردانی وەفدێكی حزبی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، بانگهێشتی كۆمەڵی ئیسلامی كراو رەتی كردەوە، یەكگرتووش پاش كەمێكی تر دەچێتە كۆبونەوە لەوبارەیەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان كە رۆژی سێ شەممە لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیاردراوە وەفدێك لە سەركردەی حزبەكان پێكبهێنرێتو سەردانی بەغداد بكەن. بڕیارە ئەم وەفدە لە هەریەكە لە پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكرێت وەكو سێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم، بەڵام سێ لایەنەكە دەیانەوێت لە دەرەوەی لایەنەكانی دەسەڵات، لەناو ئۆپۆزسیۆن هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی بانگهێشتی ناو وەفدەكە بكەن. دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردو بەفەرمی كۆمەڵی ئیسلامی بانگهێشت كرد بۆ ناو وەفدەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەمێری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رەتی كردووەتەوە كە بەشداری وەفدەكە بكات. (درەو) زانیویەتی پاش كەمێكی تر مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگاتە لای سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمنیداری یەكگرتوو، بەفەرمی یەكگرتوو بانگهێشت دەكات بۆ ناو وەفدی لایەنەكان، زانیارییەكان لەناو یەكگرتووە باس لەوە دەكەن زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نین ئەمینداری حزبەكەیان بەشدار بێت لەو وەفدەدا. یەكگرتوو و كۆمەڵ دوو هێزی ئۆپۆسیۆنن بانگهێشتكردنیان لەلایەن سێ لایەنەكەی دەسەڵاتەوە بۆناو وەفدی هەرێم بۆ بەغداد، هەنگاوێكە بە ئاراستەی راكێشانیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەشێك لە بارودۆخی ئێستا. ناردنی وەفدی حزبی بۆ بەغداد دوای ئەوەدێت لەماوەی رابردوودا وەفدە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراقو جارێكی تر ئاسەنگ بۆ ناردنی پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوو.
درەو: عێراق ئامادەكاری بۆ واژۆكردنی ڕێكەوتنێكی چەندین ملیار دۆلاری دەكات لەگەڵ كۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)ی چینی، كە بەپێی ئەم. ڕێكەوتنە بەغداد پارەی نەختینەی دەستدەكەوێت وهاوكاری دەبێت لەو تەنگەژە داراییەی كە ئێستا تێیكەوتووە، بەرانبەر پێدانی نەوت بە كۆمپانیای ناوبراو بۆ ماوەیەكی دوور. ئاژانسی بلومبێرگ لەبارەی ڕێكەوتنەكەوە دەڵێت ڕێكەوتنەكە وەك تازەترین نمونەی قەرزێكی چینی دێتە بەرچاو لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی بازرگانی وچەند بانكێكەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدان، بۆ ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت كە بارودۆخیان ئاڵۆزە وەك ئەنگۆلا وفەنزەوێلا وئیكوادۆر، بەرانبەر بە دانەوەی قەرزەكە بە نەوت. ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند كە كۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)ی حكومی چینی بۆ بازرگانی نەوت لەپێشەنگی كۆمپانیا ڕكابەرەكانە بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستێكی فرۆشتنی نەوتی عێراقی بۆ ماوەی پێنج ساڵ. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمپانیای بەبازاڕكردن وفرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستێكی نەوتی ختستۆتەڕوو كە سەرنجی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان وخانە بازرگانیەكان وكۆمپانیا چینی وهیندییەكانی بواری پاڵاوتنی نەوتی ڕاكێشاوە، وكۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)یش گرێبەستێكی باشی پێشكەش بە كۆمپانیای (سۆمۆ) كردووە. حەسەن نەدیم ووتەبێژی حكومەتی عێراقی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە وەزارەتی نەوتی عێراق تاوتوێی گرێبەستی كۆمپانیا بەشداربووەكان دەكات لەم سەفقە نەوتیدا كە پیشەكی پارەكەی دەدرێت. كۆمپانیای براوە سەفقەكە بڕی دوو ملیار وپێنج سەد ملیۆن دۆلار دەداتە كۆمپانیای (سۆمۆ) بەرانبەر بە وەرگرتنی بڕی ٤٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ماوەی نێوان ٢٠٢١/٧/١ تا ٢٠٢٢/٦/٣٠. دابەزینی خواست لەسەر كڕینی نەوت ولەهەمان كاتدا دابەزینی نرخی نەوتەكەش زیانی بە بودجەی عێراق گەیاندووە وحكومەتی عێراقیش بەردەوامە لە هوڵەكانی بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەرانی. سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم سەفقەیە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە. بە پێی مەرجەكانی ناو نوسراوی ئاراستەكراو لەلایەن (سۆمۆ)وە بۆ كۆمپانیاكان لە مانگی ڕابردوودا، براوەی سەفقەكە مانگانە بڕی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەكڕێت، یان نزیكەی ١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا. بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی بلومبێرگ، كۆمپانیای براوەی سەفقەكە پێشەكی پارەی یەك ساڵ كڕینی نەوت دەدات بە نرخی ئێستا، واتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار. گرێبەستەكەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشەكی پارەی یەك ساڵ وەردەگیرێت. بلومبێرگ ئەم. سەفقەیە بە ”دەگمەن” ناودەبات، چونكە لەڕابردوودا هیچ كات عێراق لە هیچ سەفقەیەكدا پێشەكی پارەی وەرنەگرتووە، بەڵام. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە باكوری ئەو ووڵاتەدا سەفقەی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە ساڵانی ڕابردوودا. هەروەها سەفقەكە دەگمەنە چونكە ڕێگە بە كۆمپانیای براوەی سەفقەكە دەدات نەوتی خاوی عێراقی بگوازێتەوە بۆ هەر شوێنێك كە بیەوێت بۆ ماوەی یەك ساڵ، بەشێوەیەكی گشتی نەوتی خاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە مەرجگەلێكی قورس دەفرۆشرێت كە ڕێگە نادەن بە بازەگان وپاڵاوگەكان كە نەوتەكە دوبارە بفرۆشنەوە لە چەند ناوچەیەكی جیاواز. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەم سەفقەیە گرنگیەكی زۆری پێدراوە لەلایەن ناوە گەورە وناسراوەكانی بواری بازرگانی نەوتەوە، هەروەها ماوەی پێشكەش كردنی تەندەرەكان كە كۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوو بوو درێژكراوەتەوە تا كاتی زیاتر بدرێتە ڕكابەرە بەشداربووەكان. سەرجەم ووڵاتانی بەرهەمهێنی سەرەكی نەوت زەرەرمەند بوون لەمساڵدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كە هۆكارەكەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو. بەڵام عێراق كە بە تەواوی پشتی بە نەوت بەستووە بۆ دەسخستنی داهاتی حكومی لە بارودۆخێكی زۆر خراپتردایە بەراورد بە زوربەی ووڵاتانی دیكەی هەناردەكاری نەوت كە ئەندامن لە ڕێكخراوی ووڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك). كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەپێی پێشبینیەكانی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی لەمساڵدا كۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق كەم دەبێتەوە بەڕێژەی ١٢%، واتە ڕێژەی كەم كردنەكەی زیاتر دەبێت لە هەر ئەندامێكی دیكەی ئۆپیك. الحوڕە
درەو: بهرههم ساڵح سهرۆك كۆماری عێراق لهبارهی خۆپیشاندانهكهی سنوری پارێزگای سلێمانی داواكاریهكانی خهڵكی كوردستانهوه پهیامێكی بهپهلهی بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵك دور لهتوندوتیژی مافێکی ڕەوایەو پێویسته حكومهتی ههرێم ههنگاوی خێرا بۆ گێڕانەوەی داھاتی گشتی بۆ خزمهتی هاوڵاتیان بگرێتهبهرو پێویستیشە ڕێز لەئیرادەو خواستی خۆپیشاندەرانو خۆپیشاندانی مهدهنیانه بگیرێ". دهقی پهیامهكهی سهرۆك كۆماری عێراق: ههلومهرجی سهختی ئەمدواییەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەوەی ئێستا لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی ڕودەدات مایەی نیگەرانیمانە. خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵك سهبارهت بەنەبونی موچەو خراپی خزمەتگوزارییەكان، مافێکی ڕەوایە، بۆیە پێویستە لایهنه پهیوهندیدارهکان بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە بێنو چارهسهری ڕیشەیی موچهو بژێوی خهڵک بکهنو ههنگاوی خێرا بۆ گێڕانەوەی داھاتی گشتی بۆ خزمهتی هاوڵاتیان لهڕێگای چاکسازیهکی ڕاستهقینه بگرنهبهر. بۆ ئهو مهبهسته ڕێکەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەپێناو خزمەتی خەڵک بکرێتە کاری ههره سهرهکیو تاڵانیو قاچاخچێتیو زیادهڕهوی بۆ سهر داھاتی گشتیش بەڕێوشوێنی یاسایی دەستبەجێ کۆتایی پێبھێنرێت. لێرهوه دوپاتیدهکهینهوه توندوتیژی چارەسەر نییە، پێویستە ڕێز لەئیرادەو خواستی خۆپیشاندەرانو خۆپیشاندانی مهدهنیانه بگیرێ، هاوکات لایهنه پێکھێنەرەکانی حکومهت کاری جیدیو بهپهله بکهن بۆ چارهسهری بنهڕهتی قهیرانهکانو جێبهجێکردنی خواستی هاوڵاتیان. لهم چوارچێوهیهدا داواکارین ھێزە ئەمنیەکان بهگوێرهی قانونو دور لهتوندوتیژی، پارێزگاری لەخۆپێشاندهران بکهنو ڕێگهش بدرێ دهزگاکانی ڕاگهیاندن ئازادنه کاری خۆیان بکهن. توندوتیژیو تهقهکردن ڕێکاری نادروستن، لەلایەکەوە ناوبانگی ھێزە ئەمنیەکان کە پارێزەری ئارامیو سەرو ماڵو بازاڕو کەسابەتی ھاونیشتیمانیانن لەکەدار دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە ناوبانگی مەدەنیانەی خۆپیشاندەرانیش دەشێوێنێتو لهئهنجامیشدا خواستهکانیشیان بهلاڕێدا دهبرێن، بۆیه وێڕای مافی ڕەوای خهڵک لەخۆپیشاندانو بونی داواکاری ڕهوا، پێویستە ڕەچاوی ئارامی گشتیو پاراستی دامودەزگاکانو ڕێزگرتنی هێزه ئهمنیهکان بکرێت. لهکۆتایدا وێڕای هاوخهمی بۆ خێزانی قوربانیان، داوا لههاوڵاتیانی خۆپیشاندهرو هێزه ئهمنیهکانیش دهکهین دور لهتوندوتیژیو گرژی ڕهفتار بکهنو ڕێگهنهدهن ڕوداوی نهخوازراو ڕوبدات.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) حیزب لە هەرێمی كوردستاندا ئۆرگانێكی نوێیەو منداڵی سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمەیە. لەمەشدا جیاواز نییە لە ئەزموونی میللەتەكانی تری ناوچەكە. لای ئەوانیش حیزبی سیاسیی دیاردەیەكی تازەی ناو هەمان سەردەمو هەمان قۆناغە لە پرۆسەی دروستبوونی كایەیەكی سیاسیی نوێ. كایەیەك تیایدا هەم بیروبۆچوونی نوێ، هەم چەمكو تیۆریی تازە، هەم شێوازی تازەی جۆشدانو چالاككردنی كۆمەڵگا، هەم زمانێكی تازە بۆ باسكردنی خودو ئەوانیترو هەم شێوازی نوێی ئۆرگانو ڕێكخستنی سیاسیی دێتەكایەوە. حیزب وەك دەزگایەكی نوێ بەرهەمی ئەم تازەبوونەوە هەمەلایەنەو دروستبوونی ئەم كایە تازیەی سیاسەتە لەناوچەكەدا. هەموو ئەمانەش دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییو جێگرتنەوەی بە سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە لە ناوچەكەدا، دێنەكایەوە. دەزگای حیزب لەلایەن نوخبە شارییەكانو ئەو بەشەی چینی ناوەڕاستەوە دروستدەكرێت كە دەرچووی قوتابخانەو فێرگە نادینییە مەدەنییو سەربازییە تازەكانی ئەو سەردەمەن. ئەم نوخبە شارییە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمەوە دەبن بە بكەرێكی مێژوویی نوێو بە دروستكەرو بزوێنەری ئەو كایە سیاسییە تازەیە كە لەدایكدەبێت. چەمكەكانی نەتەوەو گەلو مافی سەربەخۆبوون، مافی مامەڵەكردنی میللەتان وەك یەكو چەمكەكانی پێشكەوتنو ”تەرەقی“و ”تازەبوونەوە“و ”بوون بە بەشێك لە جیهان“ هەر ئەمان بەرهەمیدەهێننو بڵاویدەكەنەوە. حیزب لای ئەم نوخبە نوێیە دەبێتە ئەو ئۆرگانە سیاسییە، كە جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە دەگرێتەئەستۆ. لە پەیوەندیدا بە كوردەوە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ئەم وێناكردنە نوێیەی كورد لەلایەن نوخبەی رۆشنفیكرانەوە، بریتییە لە داهێنانی كورد وەك نەتەوە. ئەم نوخبەیە بڕوای وابوو كە كوردیش وەك گەل، بە هەمانشێوەی گەلانی تری دونیا، خاوەنی خاكو مێژوو و زمانو كولتووری تایبەت بەخۆیەتیو شایانی ئەوەشە خۆی نوێنەرایەتی خۆی بكاتو نەبێتە ژێردەستەی هیچ نەتەوەیەكی تر. بەم چەشنە یەكەم خەسڵەتی حیزبی كوردیی بریتییە لە تازەبوونو شارییبوونو نەتەوەییبوونی. لەم خاڵەشدا جیاوازییەكی ئەوتۆی لەو حیزبە سیاسییانە نییە كە نوخبە شارییەكانی گەلانی تر دروستیدەكەن. شار ئەو شوێنەیەكە حیزب تیایدا لەدایكدەبێتو وێناكردنێكی نوێ بۆ كۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. نەتەوە ئەو چوارچێوە سەرەكییەیە كە حیزب دەخوازێت هەم لەناو خۆیدا دروستیبكاتو هەم لەناو ئەو كۆمەڵگایەشەدا كە نوێنەرایەتی دەكات. هەموو ئەمانەش وەك بەشێك لە پرۆسەی تازەبوونەوەی سیاسییو كۆمەڵایەتییو فەرهەنگیی دەبینێت. ئەو مۆدێلە حیزبییەش كە هەم لە كوردستانو هەم لەناوچەكەدا دەبێت بە مۆدێلی سەرەكیی حیزبو ژیانی حیزبایەتی، مۆدێلە ماركسییە لێنینیەكەیە كە تیایدا حیزب خۆی وەك ”پێشڕەو“ی كۆمەڵگا وێنادەكاتو بەڕێوەبەرانی حیزبەكەش وەك ”پێشڕەو“ی هەموو هێزە كۆمەڵایەتییەكان. یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی حیزبی كوردیی، بە درێژایی چەندان قۆناغی مێژوویی، بریتییە لە یاساغبوونو ژێرزەمینییبوونی. بە دەگمەن نەبێت هیچ پارتێكی سیاسیی كوردیی بەشێك نەبووە لە دیمەنی سیاسیی فەرمیی ئەو وڵاتانەی كورد وەك كەمینەیەك لەناویاندا ژیاوە. یاساغبوونو مامەڵەكردنی وەك كێشەیەكی ئەمنیی بەردەوام ئامادەو باڵادەستبووە. بەپێچەوانەی ئەو دیدەوە كە پێیوایە حیزبی كوردی كۆمەڵێك دروشمو داواكاریی گەورەو ناعەقڵانی بەرزكردۆتەوە كە لە دەرەوەی تواناكانیدا بووە بۆ پیادەكردنیان، یەكێكی تر لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی حیزبە كوردییەكان ”تەنمەویبوون“و ”ئۆتۆنۆمیست“ بوونیان بووە. جگە لە پەكەكە لە قۆناغی یەكەمی گەشەكردنیدا، بە دەگمەن نەبێت پارتێكی سیاسیی كوردیی خاوەن قورسایی سیاسییو چەكدارییو كۆمەڵایەتیی نادۆزینەوە، دروشمی جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی لە كوردستاندا، بەرزكردبێتەوە. دروشمی سەرەكیی زۆرینەی هەرەزۆری حیزبە كوردییەكان هەمیشە دیموكراسیی بۆ ئەو وڵاتەی تیایدابووەو ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە كوردییەكان، بووە. خواستی سەرەكیش لەم دروشمەدا خواستێكی تەنمەوی بووە. لە دوای ڕیفراندۆمە وێرانەكەی بارزانییەوە جۆرێك لە سڕینەوەی یادەوەریی مێژوویی دروستبووەو وایدەردەخات ئەوەتەی كورد هەیە خەریكی پلانی جیابوونەوەو پارچەپارچەكردنی ئەو وڵاتانەیە كە تیایاندا دەژیی. لە ساڵانی نەوەدەوە بەگشتییو لەدوای ڕوخانی دەوڵەتی بەعسو دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی كوردییشەوە بەتایبەتیی، چەندین رێكخراوی سیاسیی نوێ لە كۆمەڵگای كوردییدا لەدایكدەبنو چەندین حیزبو كۆمەڵەو بزوتنەوەی سیاسیی دروستدەبنو چەندینی تریش تێكەڵ بەیەكتر دەبنو هەندێكیشیان دابەشدەبن. لەم دونیا تازەدا ”سەردەمی زێڕین“ی حیزبە كوردییەكان، وەك حیزبی جەماوەریی، دەكەوێتە قەیرانی هەمەجۆرەوەو لەئێستادا كۆتایی پێهاتوە. لەمڕۆدا زۆرینەی كۆمەڵگا تەماشای حیزبەكان نەك تەنها وەك موڵكی خۆی ناكات، بەڵكو وەك ئامرازی بەرهەمهێنانی كارەساتو كێشەو گرفتی گەورەو ستراتیژیی، دەیانبینێت. هاوكات هەریەكێكیش لەو حیزبانە گۆڕاون بۆ موڵكی شەخسیی خێزانێكی سیاسیی دیاریكراو و منداڵەكانیان. پارتی دیموكراتی كوردستان زیاد لە نیو سەدەیە موڵكی بنەماڵەی بارزانییە، یەكێتی نیشتیمانیش لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینەوە لەچەند هەنگاوێكی سیستماتیكدا، دەبێت بە موڵكی بنەماڵەی تاڵەبانییو بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دەبێت بە كرێچییەكی سیاسیی كوڕەكانی كە كۆی موڵكو سامانی حیزبەكەیان لەسەر تاپۆكرا. لەناو هەندێك لە هێزەكانی ئیسلامی سیاسییو تەنانەت تەریقەتە دینییەكانیشدا هەمان دۆخ لەئارادایە. لەم قۆناغەدا هەموو خێزانە سیاسییەكانی هەرێم، حیزبو دەزگاكانی حوكمڕانیی وەك كەرەستەیەك بۆ كەڵەكەكردنی سامانو فراوانكردنی پێگەی تایبەتییو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان تەماشادەكەنو بەكاردەهێنن. ئەم دۆخە وادەكات خەسڵەتێكی سەرەكیی تری حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەخێزانییبوونو بنەماڵەییبوونیان بێت، ئەگەرچی ئەوان خۆیان وەك حیزبی جەماوەریی وێنادەكەن، كە گوایە نوێنەرایەتی هەموو چینو توێژەكانی كۆمەڵگاكەو خواستە نیشتیمانییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات. ئەم پرۆسەی بەخێزانو بنەماڵەكردنەی پارتە سیاسییەكانی كوردستان وادەكات بەشی هەرەزۆری ئەم حیزبانە ببن بە حیزبی ناوچەییو لۆكاڵییو سنووربەندبن لە شارێك یان ناوچەیەكی جوگرافیی دیاریكراودا. هیچ حیزبێكی كوردیی هەمان پێگەو ئامادەگییو هێزی لەشارو شارۆچكە جیاوازەكانی دەورەی زێدی خۆیدا نییە؛ یەكێتیو گۆڕان حیزبی ناوچەی سلێمانییو بڕێك لە گەرمیانن، پارتی حیزبی دهۆكو هەندێك ناوچەی بادینانە، بڕێكی زۆری هێزە ئیسلامییەكانیش حیزبی ناوچەی هەورامانن. حیزبە كوردییەكان ناوكێكی لۆكاڵییان هەیەو چەندە لەزێدەكۆمەڵایەتییو نێوەندە جوگرافییە رێكخراوەییەكەیان دوربكەونەوە، ئەوەندە ژمارەی دونگدەرو هەواداریان كەمدەبێتەوە. ئەم لۆكاڵیبوونەشیان وایانلێدەكات ببنە هەڵگری ئاكارێكی نێگەیتیڤ: ئاكاری وێناكردنی نەتەوە وەك هەوادارانی دانیشتوی ناوچەكەی خۆیانو وێناكردنی نیشتیمانیش وەك زێدە سیاسییەكەی خۆیان. ئەمەش بە كردەوە مانای پارچەپارچەكردنی بەردەوامی كۆمەڵگاو ڕێگەگرتن لە دروستبوونی لانی هەرەكەمی هەر ئیجماعێك، لە ئیجماعی سیاسییەوە بۆ ئیجماعی كۆمەڵایەتییو فەرهەنگیو دینیی، هتد. ئەوەی ئەم كێشەی پارچەپارچەبوونە ناوەكییە قوڵترو بێچارەسەرتر دەكات باڵادەستبوونو بەمۆدێلبوونی تەوریسی سیاسییە. لە هەرێمدا سیستەمی تەوریسی سیاسییو بنجبەستكردنی حوكمی تاكانەی خێزانیی، بووە بە پەتایەكی سیاسییو حیزبە سەرەكییەكانی هەرێمی بەتەواوی نەخۆشخستوە. وەك ووتمان حیزب بووە بە موڵكی شەخسیی خێزانە سیاسییەكانو لەوە كەوتووە وەزیفەی ئۆرگانێكی سیاسیی بگێڕێت كە تیایدا سەركردەی سیاسیی نوێ بەرهەمبهێنێتو بەبێ جیاوازییش شانسی سەركەوتنو پێگەیشتن بە ئەندامەكانی ببەخشێت. حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەمڕۆكەی هەرێم زیاتر لە یانەیەكی سیاسیی داخراوی چەند خێزانو بنەماڵەیەك دەچن، كە تەوریسیی سیاسیی سنوور بۆ خەونو خواستی زۆرینەی سیاسیی ناو خودی ئەو حیزبانە خۆشیان دادەنێت. لەم مۆدێلە سوڵتانییەدا حیزب ئۆرگانێك نییە بۆ سیاسەتكردن بەمانای دەستەبەركردنی چاكەی گشتیی، بەڵكو دەزگایەكە بۆ گۆڕینی منداڵانی خێزانە سیاسییەكان بۆ سەركردەو دەسەڵاتدارو بۆ كەڵەكەكردنی سەرمایەو دەسەڵات بۆیان. چاكەو بەرژەوەندیی تایبەتی خێزانە سیاسییەكان چوەتە شوێنی چاكەی گشتییو بەرژەوەندیی گشتیی كۆمەڵگا. ئەم مۆنۆپۆڵكردنە سیاسییە ناوەكییەی ناو حیزب بووە بە لۆژیكی ئیشكردنی سیاسەتو داڕێژەری هەمان لۆژیكی مۆنۆپۆڵكردن لە دەرەوەی حیزبو لەناو كۆمەڵگادا. بەجۆرێك ئەوەی ئەمڕۆ لەناو سیاسەتی كوردییدا باڵادەستە ”عەقڵەیەتێكی مۆنۆپۆڵخواز“ی پەڕگیرە كە دەیەوێت هەمووشتێكی ئەو كۆمەڵگایە مۆنۆپۆڵبكات، لە مۆنۆپۆڵكردنی ئابورییەوە بۆ مۆنۆپۆڵكردنی میدیاو لەوانیشەوە بۆ مۆنۆپۆڵكردنی كۆمەڵگای مەدەنییو دەزگا جیاوازەكانی سیستەمی حوكمڕانیی، بە تێپەڕین بەناو دروستكردنی هێزی سەربازییو ئەمنیی تایبەتدا كە بتوانێت ئەو جیهانە مۆنۆپۆڵكراوە لە ناوەوەو دەرەوەی حیزبدا بپارێزێتو بەهێزبكات. مۆنۆپۆڵكردنی ئابوریی لەلایەن حیزبەوە دۆخێكی تەواو تازەی لە هەرێمدا دروستكردوەو فۆرمێك لە حیزبایەتی بەرهەمهێناوە كە پێشتر لە كوردستاندا بوونی نەبووە؛ فۆرمی گۆڕینی حیزب بۆ كۆمپانیاو مامەڵەكردنیشی وەك كۆمپانیایەكی شەخسیی. ئەمەش نەك تەنها حیزب دەگۆڕێت بۆ دەوڵەت لەناو دەوڵەتداو ئابوریی لەناو ئابورییدا دروستدەكات، بەڵكو ئەو پرۆسەی پارچەپارچەكردنەی باسمانكرد، فراوانترو هەمەلایەنتر دەكات. هاوكات لە سایەی ئابوریی نەوتو گەندەڵیی سیستماتیكیی لە هەرێمدا، لە سایەی توانای مۆنۆپۆڵكردنو توندوتیژبووندا، حیزب لە هەرێمدا گۆڕدراوە بۆ یەكێك لە ئۆرگانە هەرە گەندەڵەكانی ناو كۆمەڵگا. بەمجۆرە حیزب، ئەو ئۆرگانە سیاسییەی كە لە سەردەمێكدا نوخبە شارییەكان وەك هەڵگری پرۆژەی تازەكردنەوەی كۆمەڵگاو پرۆژەی دروستكردنی نەتەوەو چینی شۆڕشگێڕو نوێنەرایەتیكردنی خواستە سیاسییەكانی گەل دروستیدەكەن، لە سی ساڵی ڕابردووی ئەزموونی هەرێمدا بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ یەكێك لە كۆڵەكە هەرە سەرەكییەكانی دامەزراندنی سیستەمێكی سوڵتانییو ئۆرگانێكی خێزانییو بنەماڵەیی مۆنۆپۆڵخوازی گەندەڵو ستەمگەر، كە ئەركی ژمارە یەكی بەهێزكردنو پاراستنی دەستكەوتو قازانجو باڵادەستیی بنەماڵە سیاسییەكانە. بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
(درەو): هۆشیار زێباری: "پارتیو یەكێتیو گۆڕان ئاگاداری رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتن لەگەڵ توركیا" 🔻 "شەنگال لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بارمتەكراوە، كە حزبێكی توركییە نەك عێراقی" 🔻 "پەرلەمانتارانی كورد (ئەوانەی دەرەوەی پارتیو یەكێتی) ستەم لە پارتی دەكەن، ئەوانە گروپێكی یاخینو هیچ پابەندبونێكیان نییە بە حزبەكانیانەوە" هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (ئای تیڤی): 🔹 پرسی لەكارخستنی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار پێشنیاز نەكراوە، ئەم جموجوڵە بەرەی عێراقی دەستیپێكردووە بۆ لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان. 🔹 گۆڕینی سەرۆك كۆمار زۆر سەختترە لە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە پێویستی بە دوو لەسەرسێی دەنگی پەرلەمان هەیە، بۆیە ئەم كارە سەختە. 🔹 تەنانەت لە پرسی لەكارخستنی حەلبوسیشدا ئەو گروپە پاشەكشێیان كردووە. 🔹 گومانم هەیە لەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 6/6/2012دا بەڕێوەبچێت، بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە فەراهەم نەكراوە، لەوانە پرسی دادگای فیدراڵی، دارایی هەڵبژاردن، ئامادەكارییەكانو چاودێری نێودەوڵەتی.. 🔹 هێزی سیاسی نەیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، جگە لەلایەنێكو دوو لایەن كە داوای هەڵبژاردن دەكەن، لەمنی وەرگرن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6/6دا بەڕێوەناچێتو رەنگە دوابخرێت بۆ وادەی ئاسایی هەڵبژاردن لە 2022دا. 🔹 رێككەوتنی شەنگال باشترین رێككەوتنە كە لە عێراقدا كرابێت.. ئەم رێككەوتنە خواستێكی نێودەوڵەتیو عێراقیو خواستی خەڵكی شەنگال بوو. 🔹 ئێستا شەنگال لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بارمتەكراوە، كە حزبێكی توركییە نەك عێراقیو خۆی بەسەر خەڵكی شەنگالدا سەپاندووە، گروپەكانی حەشدی شەعبیش سودمەندبوون لەم بارودۆخە. 🔹 رێككەوتنی شەنگال زامنی ئەوە دەكات حكومەتی فیدراڵی بگەڕێتەوەو كۆنترۆڵی قەزای شەنگال بكاتو هێزێكی خۆجێی پۆلیس دروستبكرێت لە خەڵكی ناوچەكەو پەكەكە بكرێتە دەرەوە. 🔹 پەرلەمانتارانی كورد (ئەوانەی دەرەوەی پارتیو یەكێتی) ستەم لە پارتی دەكەن، ئەوانە گروپێكی یاخینو هیچ پابەندبونێكیان نییە نە بە حزبەكانیانەوە نە بە سەركردەكانیانەوەو بۆ موزایەدەو دەركەوتن لە میدیاكان بەوشێوەیە مامەڵە دەكەن. 🔹 لە هەولێر چەنێك بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین هەبێت هێشتا وەكو ئەو كوشتارە نییە كە لە بەغدادو ناسریەو ناوچەكانی تر هەیە. 🔹 پەیوەندیمان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق باشەو كەسێكی مەقبولەو ئێمە پێش هەموان كاندیدمان كرد بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام مەحكومە بە هەندێك ئیرادەی سیاسی كە لەدەرەوەی توانای خۆیەتی. 🔹 تەشویش هەیە لەسەر مەسەلەی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمو توركیا.. نەوتی هەرێم كە دەفرۆشرێت پارەكەی دەچێت بۆ بانكێكی توركیا، ئەو بانكەش پارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، بەڵام ئەوانیش مافی خۆیان لەو سەرمایەگوزارییە هەڵدەگرن.. بۆ زانیاریت هەموو لایەنە كوردییەكان پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو بەشدارە سەرەكییەكان لە حكومەت ئاگاداری ئەو رێككەوتنەن، هەر كەسێك دەڵێ وەڵا من نازانمو زانیاریم نییەو لە پشتی منەوە كراوە، ئەوە راست نییە. 🔹 ئێمە نەوت بەشێوەی راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل نانێرین، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان كە نەوتی هەرێم دەكڕن بۆ كوێی دەنێرن ئەوە بابەتی ئێمە نییە.
(درەو): بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ لە بەغداد بە نهێنی لەگەڵ گروپی ١٥ کۆبوەوە. گروپی ١٥ ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتین کە بەردەوام رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی پابەند نییە بە رێککەوتنەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق. پارتی دیموکراتی کوردستان توڕەیە لەم گروپەو بەردەوام لە میدیاکانییەوە هێرشی توندیان دەکاتە سەر، تا ئەو ئاستەی زۆرجار بە "ناپاک" ناویان دەبات. رەنگە نیگەرانی پارتی لەم گروپە وایکردبێت، بەرهەم ساڵح بە نهێنی کۆبونەوەیان لەگەڵدا بکات. بەهۆی نهێنی کۆبونەوەکەوە، تا ئەم ساتە (درەو) هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح و نوێنەرانی گروپی ١٥ دەستنەکەوتووە. ئەندامانی گروپی ١٥ بریتین لە: ٭ پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان (یوسف محەمەد- هۆشیار عەبدوڵا- کاوە مەحمود- غالب محەمەد- بەهار مەحمود). ٭ دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی (ئەحمەد حاجی رەشید، سەلیم شوشکەیی) ٭ دوو یەکگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین، جەمال کۆچەر) ٭ دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە (سەرکەوت شەمس، رابون مەعروف). ٭ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (رێبوار كەریم، عەبدولباری مەجید) ٭ دوو پەرلەمانتاری جیابووەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ (یوسرا رەجەب، سڕوە ونس) کۆبونەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ گروپی ١٥ هاوکاتە لەگەڵ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەو نەوتەوە، بەهۆی یاسای قەرزەوە کە بەمدواییە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەم مانگە، تاوەکو ئێستا (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە. لەناو گروپی ١٥وە لە بەغداد هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەستی حکومەتی هەرێم وەربگیرێتەوەو راستەوخۆ لە لایەن حکومەتی بەغدادوە دابەشبکرێت، ئەمەش کراوە بە پرۆژەیەک لەناۆ پەرلەمانی عێراقدا، وا دەردەکەوێت سەرۆک کۆمار پشتیوانی لەم بیرۆکەیە بکات، چونکە تائێستا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
شرۆڤە: د.هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو ) ئەوەی هۆکاری سووککردنی قەبارەی خواست و کاریگەریی هەر جوڵانەوەیەکی ناڕازیی کوردستانە، ئەو هاوپەیمانێتییە ڕانەگەیەنراوەی نێوان دەسەڵات و "ڕادیکاڵە ناڕازی"یەکانن، هەردوولا لەسەر پەراوێز نەک ماهییەتی خۆپیشاندانێک دەکەونە بەرامبەر یەک و لە پشتیشەوە لە گۆڕەپانێکدان، لای ئەمان ئامانجی خۆپیشاندان لە ئەرکە واقیعییەکەیەوە کورتکراوەتەوە دابینکردنی چەند کورسییەکی بۆ حزب، پەرلەمانتارکردنی کەسانێک یان خۆهەڵبژاردنەوەی چەند ڕوخسارێکی فریوودەر. لە کاتێکدا خۆپیشاندەری ناڕازی خاوەنخەون و بێبەشکراوێکی ڕاستینەیە و چاوی لە دنیایەکی باشترە بۆ ئامانجەکانی، لە چوارچێوەی نیشتمانێکی ئارامتر و ئاوەدانتردا کە خۆی دەیسازێنێت. چی وایکردووە، نارەزایەتی فروانە و ئەنجامگیری کەم و کورتمەودایە؟ بۆ ئەم پرسە دەبێت لەسەر دوو ئاست لە جوڵانەوەکان بڕوانین: یەکەم لە ئاستی تێگەیشتنەوە لە هۆکارە جوڵێنەرەکان، دووەم لە ئاستی سیماکانی خۆپیشاندان و سیماشێوێنەکان. تێگەیشتنەوە لە دینەمۆی توڕەیی بە میدیاکان بێت هەژاری لە لوتکەدایە، هەژارانیش زۆرینەن، کەواتە بۆچی ڕۆژانە هاواری هەژاران لە میدیاکانەوە عەرش دەهەژێنێت و فەرشی هیچ دەسەڵاتدارێک ناڕووشێنێت؟ دەوترێت "شۆڕشی هەژاران" هیچ دەسەڵاتێک خۆی لەبەردەمیدا ناگرێت، ئەی خێرە هیچ خۆپیشاندانێک خۆی لەبەردەم ئەم دەسەڵاتەی ئێمەدا ناگرێت؟ گەر سەیری هۆکار و ئەنجامی زۆرێک شۆڕشەکانی مێژوو بکەین، نە هۆکاری سەرەکی برسێتی بووە و نە ئەنجامەکانیشی برسییەکانی تێر کردووە و کردوونیەتە دەسەڵاتدار! گەر هەژار شۆڕشگێڕ بووایە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتی نە ئاراستەکەی وا دەهات و نە گلەییەکیشی لە نوخبەی قۆرخکار و دەسەڵاتدار هەبوو، چونکە هەژار بەردەوام شۆڕشی دەکرد و ڕێگەی بە درووستبوونی چێنێکی وا نەدەدا. لەوەتەی مێژوو هەیە سامان ناعادیلانە دابەشکراوە و ژمارەی هەژاران زۆرینەی جیهانن و ٨٠٪ێکی سامانی جیهان بەدەست کەمینەیەکی دەسەڵاتدار یان سەرمایەدارەوە بووە؟ ئەی کەوابوو بۆ ئەم شۆڕشی هەژارانە هەر بێبەرهەم و دنیای نەگۆڕی؟ ڕاستییەکەی هەژار نانێک و ژیانێکی قانعانەی دەوێت و بەس، نە خۆی ڕێکدەخات و نە هەژاریش بزوتنەوەیەکی بزووتنەوەیەکی سیاسیی یان جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو حاڵەتێکی گوزەرانە. دەوترێت هەژار دینەمۆی شۆڕشە، بەڵام ڕاستییەکەی وانییە، ئەوانەی ناڕازیی ڕێکخراوون کەمتر برسییەکانن و برسییەکانیش کەمتر بەدووی شۆڕشەوەن، لە هەر تەنگانەیەکیشدا دەسەڵات بە نیوەنانێک و کەمێک ئاسایش دایاندەمرکێنێتەوە. یاخییەکان ئەوانەن کە خەونیان هەیە و دڵیان شکێنراوە، یاخییەکان ئەوانەن چاویان لە دنیایەکی باشتر هەیە و "ئێستا" نەک دنیای باشتر نابینن، بەڵکو بەرزەفڕیوی ئامانجیان ڕێک پێچەوانەی واقیعێکی بەرهەمهاتووە، ناتوانن پێشبینی بکەن کە دنیایەک ئەمان دەیانەوێت وا ڕێک پێچەوانەکەی دەبینن، بۆیە خۆیان ڕێک دەخەن تا بەر بەو داشکان و هەرەسە بهێنن. یاخییەکان نەوەیەکن نایانەوێت باج بە نەوەیەک بدەن کە دنیایەکیان بەرهەمهێناوە و ئەمان دەستیان تێیدا نییە! هەژاری لای ئەمان بریتی نییە لەوەی نانی ئێوارەت نەبێت، بەڵکو ئەوەیە دنیایەکی جوانتر و ئارامتر لە جێیەکی دیکە هەیە و ئامانجێکی بەرزەفڕی جوانیش لە دەروونیدا چەکەرەی کردووە، بەڵام واقیع بۆ ئەمانی فەرام ناکات. ئەمەیە پێوەری ئەم نەوەیە و هەقیشییەتی دنیایەکی بوێت کە خۆی بینای دەکات نەک سەپێنراو بێت بەسەریدا. دواجار هەژاری لەبەرامبەر دەوڵەمەندیدایە، هەم بۆیەکەم و هەم بۆ دووەمیش پاساوی لۆژیکی بوونی هەیە و لە زۆر حاڵەتیشدا هەردوولا بە بەشی خۆیان قانعن و خۆشیان بە بەرهەمهێنەری ئەو دونیایە دەزانن، بەڵام ئەوانەی بێبەش دەکرێن لە دنیایەک کە بۆی دەڕۆن و ئەوانەی خەونیان هەیە، بە دنیای واقیعی ڕازیی نین و دەیانەوێت خۆیان بونیادنەری دنیاکەیان بن نەک هی دیکە. گەر نیگایەک بە دەورووبەردا بکرێت، دەبینرێت ساڵانێکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایی سیمایەکی دیار و جوڵانەوەیەکی بەردەوامی ناوچەکەیە، زنجیرەیەکی شەپۆلدارە و لە هەرلایەکەوە دەست پێدەکات، وەک شەپۆلێک سنووربڕ دەگوزەرێت و چەند پایتەختێک دەوروژێنێت، جاری وا هەیە لە لوبنانەوە دەست پێدەکات و لە تاران سەرکوت دەکرێت، هەندێ جاریش لە تونسەوە دەخرۆشێت و لە بەغداد درێژە دەکێشێت. هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ناڕەزایەتیە شەپۆلدارانە و ڕەنگە لە هۆکاردا لە یەک نەچن بەڵام لە ئەنجام و تایبەتمەندی و جۆری جوڵانەوە و شێوەی سەرکووتکردن و پەراوێزخستندا هاوشێوەییان زۆر بێت. بەڵام بۆچی زۆربەیان بە ناکامی سەرکووت دەکرێن یان ڕێبەرانی ناسێنراویان (نەک ڕێبەرانی ڕاستەقینە) دەبنەوە بەشێک لە دەسەڵات یان بەشێکی ئەو مەکینە گەندەڵییەی کە دیسانەوە مەحروومیەت و ناعەدالەتی بەرهەم دەهێنێت؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە؟ واقیعێکی تاڵ هەیە لە شکستناسی جوڵانەوەکاندا، ئەوەیە ئەو نەوەیەی چاوی لە ژیانێکی باشترە (وەک باسکرا)، تانوپۆی هەر جوڵانەوەیەک ڕێکناخەن، بەڵکو لەو نێوەندەدا چەندین گۆڕاوی دیکە هەیە ڕۆڵیان هەیە لە بە ئەنجامگەیاندن یان نەگەیاندنی خەونی ناڕازییان، وەک: چالاکوان و هەڵسوڕێنەران، ئامادەسازیی، ڕێکخراو، کەسایەتیی سیاسیی، دەسەڵات، دەرفەت، سەرکوتکاری و ئاسانکاری دەسەڵات، دواجار لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی، ئەمانە هەموو پێکەوە ڕۆڵ دەگێڕین لە بە ئەنجامگەیاندن یان نەگەیاندنی بزووتنەوەیەکدا. ڕەنگە تیۆرەکەی چارلز تیلی (لە ئامادەسازیەوە تا شۆڕش) کە تیۆرەیەکە لە بواری "کۆمەڵناسی مێژوو"ییدا، ڕاڤەکارێکی باش بێت بۆ دۆخی کوردستان کە بۆچی ئەنجامگیریی خۆپیشاندانەکان بە دڵی ناڕازییە ڕاستەقینەکان نییە؟ تیلی باوەڕی وایە لە هەر بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، کەسانێک هەن هەستی مەحرومیەت و ستەملێکردن (نەک هەژاری) کۆیان دەکاتەوە ئامادە و قوربانیدەرانی راستەقینەی جوڵانەوەکەن. رێکخراو و پێکهاتە سیاسیەکانیش وەک هەلێک لێی دەڕوانن و دەیکەنە قەیرانێکی سیاسی و بەمە ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوە. بەڵام ئەنجام ئەوانەی دەکوژرێن و دەکرێنە زیندان و قوربانیەکەی دەدەن بێبەشەکانن (مەحرومەکان یان ئەوانەی کە باسمان کردن خەونیان هەیە و واقیع لەگەڵیاندا پێک نایەتەوە)، ئەوانەشی دەسکەوتەکەی دەخۆن و گفتوگۆی لەسەر دەکەن سیاسیەکانی پشتەوەن کە بە کوشت دەدەن بەڵام هەرگیز سزای یاخیبونەکەی ناچێژن، ئەوانەن کە دواتر "دێنە ناو بزوتنەوە کۆمەلایەتییەکەوە". ئایا ئەم چوارچێوە بۆ زۆر لە جوڵانەوەکان نایپێکێت؟ ئێستا تەقەکەرەکان و قۆزەرەوەکان لەسەر مێز لەگەڵ حکومەت یان لە پشتی مێز بەناوی ناڕازییەوە لە ئاستی هەرێمایەتیدا بەرژەوەندییان هەڵدەسوڕێنن و مەحرومەکانیش هێشتا لە دووی خەونی وەدینەهاتوویانەوەن. سیماشێوێنەکانی جوڵانەوەکان کێن؟ لە هەر بزوتنەوەیەکی ناڕازییدا ڕێکخەران، سیاسی و گوتارەکەیان، جۆری دەسەڵات و ڕادەی سەرکوتکردن و ئاسانکارییەکانیان، جۆری پەیوەندیی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، سەرکەوتن و شکستی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ناڕازی یەکلادەکەنەوە. لە کوردستان، پەیوەندیی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی (دەمووچاوە موزایەدەچییەکانی خۆپیشاندانەکان و سیاسییەکانی پشت مێزی حزبەکان) پەیوەندیەکی ڕادیکاڵانە نییە و لە یەک گۆڕەپاندان، لە کاتێکدا لە گریمانەی خۆپیشاندانێکی سەرکەوتوودا دەبێت ئۆپۆزسیۆنی خۆتێکەڵکردوو بە خۆپیشاندان، ئیتر پەیوەندی خۆی بە دەسەڵات و فۆرمەکانییەوە بپچڕێنێت تا بگاتە ئەنجامێکی دڵپەسەندی کۆمەڵگە نەک حزبپەسەند، بەڵام لێرە ئامانجی خۆپیشاندەران بە دوو ڕێگە ئینحیرافی کراوە: ١. ڕوخسارە سیاسییەکانی خۆپیشاندان زاڵترن لە ڕێکخەران و ناڕازییانی ڕادیکاڵی ڕاستەقینە، کە ئامانجی یەکەمیان سیاسەتکردنێکی فەرمییە لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتدارییدا، بەڵام ئامانجی دووەم گرووپ کە خۆپیشاندەری ڕاستەقینەیە دنیایەکی باشتر و لانیکەم ڕیفۆرمێکی بەشەکەییە. بۆیە ئاسان ڕوخسارە سیاسییەکە لە ئینحرافێکی کورتدا، سەرجەم داواکارییەکان دەباتەوە گۆڕەپانێک کە یان مێزی حزبەکانە، یان پەرلەمانە کە هەردووکیان یاریگای سازکراوی دەسەڵاتن و دەیانگۆڕێتەوە بەو مەرامە سیاسی و گروپییەکانی، ئەوکات بەرژەوەندییەکی تایبەت هێنایە نێو خۆپیشاندەر و ئێستاش هەمان بەرژەوەندی دەیباتەوە نێو دەسەڵات. بێگوومان دەسەڵات ئەم یارییە (گەرچی ئازاریشی بدات بەڵام بەهێزی دەکات) پێی پەسەندترە تا ڕووخان، بۆیە لە ناخەوە دڵخۆشە بە بوونی گرووپگەلێکی بەرژەوەندیخوازی سیاسیی چەواشەکار لە نێو خۆپیشاندەراندا، چونکە کۆتاییەکەی لای خۆیەتی. ٢. چەواشەکاریی لە ناساندنی ڕووخسارەکانی خۆپیشانداندا: ڕێکخراوی سیاسیی و ڕوخسارە سیاسییەکان، کەسانێک بە هێمای خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەناسێنن، یان لە بنچینەدا لە جوڵانەوەکەدا نەبوون یان پەراوێزی و پاشتر هاتوونەتە نێو جوڵانەوەکە، بە کوورتی خۆپیشاندانەکانیان لە خاوەنەکانیان دزیووە و مامەڵەیان پێوە کردووە. ئەم ئینحرافەش کار دەکاتە سەر خۆپیشاندانی ئاییندە، چونکە نائومێدی درووست دەکات و گەر بتەوێت ناڕەزاییەکی جەماوەری کاریگەر ڕێک بخەیت، خێرا دەوترێت: "خۆپیشاندانەکانی پێشتر فریوودراوین" کە ڕاستییەکەی وانییە و خۆپیشاندەرانی ڕاستەقینە هەنووکەش قوربانیین و دەتوانن بە ئاماری ڕاست و درووست ئەم کردەیە لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئەمڕۆ ئەم راستیە بسەلمێنن، کە ئەوانە ناڕازییانی ڕاستەقینە نەبوون کە جوڵێنەری ڕاستەقینە بوون لە خۆپیشانداندا، بێگوومان دەسەڵاتیش بەمەبەست ئەو ڕوخسارانە دەناسێنێت کە ڕابەری ڕاستەقینە نین و ئەو ڕیوایەتە برەو پێدەدەدات تا سیمای نەیارە ڕاستەقینەکانی کە نەوەی ناڕازیی و جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانن نەک گرووپە ناڕازییە سیاسییەکان بشێوێنێت. بێگومان ئەو کەسانەش کە پاڵەوان نین و بە پاڵەوان کراون هەم ئەو ڕیوایەتە چەواشەکارانەیە ڕەت ناکەنەوە و هەم بەرژەوەندییەکانیشیانی پێ مسۆگەر دەکەن. ڕەنگە هێندە بەس بێت بڕوانرێتە نموونەی جوڵانەوەی ١٧ی شوبات، کە نە سیاسیەکانی نێو "ئەنجومەنی سەرای ئازادی"و نە"پاڵەوانەکان"ی دواتری ١٧ی شوبات و نە پەرلەمانتارە موزایەدەچیەکان کەسیان لەوێنەبوون و پاشتر کە لە خۆپیشاندانەوە بوویە کەرنەڤاڵی نمایش سەکۆکەیان بەرنەدەدا. لەمە گرنگتر ئەوەیە، ڕاستە لە هیچ جوڵانەوەیەکدا ناتوانرێت و ناکرێت ڕێ بگیرێت لە هاتنەنێوی سیاسیی و ڕێکخراوەکانیان بۆ نێو جوڵانەوەکان، بەڵام گرنگە لە نێو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی هەر جوڵانەوەیەکدا، هەر لایەک بە قەبارەی خۆی بناسرێت، گوتار و ئامانج و جوڵێنەرانی راستەقینە جڵەویان لەدەستدا بێت، ئامانجە گشتییەکە نەکرێتە فیدای بەرژەوەندیی گرووپی و لە ناساندنی ڕووخسارەکانیشدا ڕێگە بە ناساندنی دەرەکی نەدرێت. لەبەرئەوە لە هۆکارناسیی ناڕەزایەتی و شۆڕشەکانی دنیای هاوچەرخدا، مەرج نییە دەسەڵات تەنها بە سەرکوتکردن خۆپیشاندانێک لە نێو بەرێت، بەڵکو زۆرجار بە ئاسانکاریی و چاوپۆشی، مامەڵە لەگەڵ سیماشێوێن و "ڕووخسارە ناسێنراو"ەکانی جوڵانەوەکەدا، دەکات و بەمەش هەم نەوەی نارازیی نائومێد دەکات لە هەر ڕیفۆرمێک کە بەرژەوەندیی گرووپەکان بخاتە مەترسییەوە و هەم مەترسی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییە دادخوازەکەش وەردەچەرخێنێت بۆ جوڵانەوەیەکی سیاسیی بەرژەوەندیخواز.
(درەو): گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری دەكرێت لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتیو یەكێتیو گۆڕان دەیانەوێت هەندێك لە وەزیرەكانیان بگۆڕن. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، سێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، تاوتوێی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری دەكەن لە كابینەی حكومەتدا. ئەمەی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت تەنیا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییە لە پۆستی وەزیرەكاندا، واتا بچوكردنەوەی حكومەتو كەمكردنەوەی وەزارەتەكان نییە، كە لە وڵاتان لەكاتی رودانی قەیرانی دارایدا زۆرجار لەپێناو كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەتدا، كابینە بۆ چەند وەزارەتێك بچوك دەكرێتەوە. ئەوەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی گۆڕانكاری لە چەند وەزیرێكی خۆیدا بكات بەمشێوەیە: • ساسان عەونی لە پۆستی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار لاببرێتو لەشوێنی كۆچكردوو فەرسەت سۆفی بكرێت بە پارێزگاری هەولێر. • سامان بەرزنجی لە پۆستی وەزیری تەندروستی لاببرێتو كەسێكی تر لە شوێنەكەی دابنرێت. سەربارەت بە یەكێتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە ئاستی باڵادا گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی چەند كەسێك لە تیمی یەكێتی لە حكومەت بگۆڕدرێن، هێشتا یەكلانەبووەتەوە كێ لە پۆستە وزارەییەكان دوردەخرێتەوە، بەڵام یەكێتی بەنیازە چەند وەزیرێك بگۆڕێت. بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە دوچاری كێشەیەكی سیاسی ناوخۆیی بوەتەوە، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان (6) كەسیان پابەند نین بە سیاسەتی بزوتنەوەكەیانەوە، پێشتر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەفەرمی دابڕانی خۆیان لە سیاسەتی ئێستای سەركردەكانی بزوتنەوەكەیان راگەیاند و پەیوەست نین بە سیاسیەتی گۆڕانەوە. ئەم دۆخە نوێیەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە بەتەواوەتی پارتی نیگەران كردووە، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی لە هەر گۆڕانكارییەكی نوێدا لە حكومەت، پارتی چیتر رێژەی 12%ی پۆستەكان بە بزوتنەوەی گۆڕان ناداتەوە، بەوپێیەی چیتر بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان خاوەنی 12 كورسی نییەو (6) كەسی فراكسیۆنەكەی وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن پێدەچێت لە هەر گۆڕانكارییەكی وزاریدا پێدەچێت پارتی پۆستێكی وزاری لە گۆڕان وەربگرێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت ئەو پۆستەش پۆستی وەزارەتی بازرگانی بێت كە ئێستا (كەمال موسلیم) بەڕێوەی دەبات. گۆڕان چاوی لەوەیە لەم گۆڕانكارییە نوێیانەدا، هەردوو پۆستی وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی رادەست بكاتەوەو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی پێبدرێت. پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی یەكێكە لەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێدا لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتیدا دروستكرا، بەڵام دوای ساڵێكو پێنج مانگ لە پێكهاتنی حكومەت هێشتا گۆڕان ئەم پۆستەی پڕنەكردوەتەوە، بەوپێیەی پۆستەكە پێویستی بەوەیە لە پەرلەمانەوە یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربكرێتو پەرلەمانیش تائێستا ئەم كارەی نەكردووە، (جەلال جەوهەر) ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. گۆڕان هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوو، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بكرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، بەڵام یەكێتیو بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی رازی نەبوون بەوەی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروست بكرێت، بۆیە رەنگە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەهەمان شێوە روبەرووی ناڕەزایەتی یەكێتی ببێتەوە.
نوسینی: حسێن جەمۆ - DARAJ جارێكی تر دۆسیەی زیندانیانی سیاسی لە توركیا بووە بابەتی مشتومڕی نێو گۆڕەپانی سیاسی لە تركیا ئەوەش دوای زۆرتربونی داواكارییەكان لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆمار بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و چەند زیندانییەكی تر. لێرەدا ژیاننامەی دیارترین كەسایەتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی كورد لە توركیا دەخەینە ڕوو. لە 10ی تەموزی 1991 شەقامی غازی لە ناوجەرگەی شاری ئامەد خرۆشا دوای ئەوەی هەزاران كەسی توڕەو ناڕازیی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی پارێزەر ویدات ئایدن, ئەو پارێزەرە كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە لە ماڵەكەی خۆیدا ڕفێندرا, پاش دوو رۆژ لاشەكەی لەژێر پردێكدا دۆزرایەوەو هەردوو قاچی لە ئەژنۆیدا لەگەڵ كەللە سەری تێكشكێندرابوون, هەروەها 15 گوللەش جەستیان دابێژابوو, چەند مانگێك لەپێش ئەوە ویدات لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا كە سەرۆكی بوو لە ئامەد بە زمانی كوردی قسەی كردبوو, لەو كاتەشدا قسەكردن بە زمانی كوردی بە یاسایەك قەدەغەكراو بوو كە ناوەڕاستی سیەكانی سەدەی بیستەم دەركرابوو, كاتێك مەستەفا كەمال ئەتاتوركو عیسمەت ئینۆنۆ و هاوڕێكانیان باوەڕیان وابوو كە " كۆمار" كۆتایی مێژووەو " هاوڵاتی توركی" دواهەمین مرۆڤە. ئەوەی ویدات ئایدن كردی, لە چوارچێوەی زنجیرەیەك چالاكی بەرگریكارانە بوو لە رێگەی زمانەوە, تەنها قسەكردن بە زمانی كوردی لەو كاتەدا بەرخۆدان بوو. چونكە گروپە عەسابەكانی سەر بە دەوڵەت كە بە رەسمی خۆیان راندەگەیاندو ئامانجیشیان كوشتنو لەناوبردن بوو بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك, لە واتای ئەوە تێدەگەیشتن كە پارێزەرێك لە ئامەد بە كوردی قسەدەكات, شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئایدن لەو كاتەدا زۆر بەربڵاوبوو ساڵانی دواتریش زۆر زیاترو بەرفراوان بوو, چونكە دەوڵەت پارێزگاری لە بكوژەكان دەكرد, ئەو تاوانانەی كە كەسایەتییە كوردەكانی تێدا دەكرایە ئامانج و كوردەكان لە هەموو شارەكاندا باش بكوژیان دەناسی, دەوڵەت دەیخستە ئەستۆی " بكوژە نادیارەكە". لەو مەراسیمە گەورەیی كە ئەنجامدرا توڕەیی بەشێكی زۆری دانیشتوان تەقیەوە. بە تایبەتی چینی گەنجان, لەو مانگانەدا وێنەو دیمەنەكانی كە لە باشووری كوردستانەوە دەگەیشتنە باكور, رێی خۆشكرد بۆ ئەو توڕەییە گەورەیی كە لە ناشتنی ئایدندا تەقیوە. كاتێك رژێمی بەعس لە عێراق راپەڕینی شیعەو كوردەكانی سەركوت كرد. دانیشتوانی كوردستان لە كۆڕێكی گەورەدا وەك پەنابەر روویان لە توركیاو ئێران كرد, وێنە رۆژنامەوانییەكانی ئەو كارەساتە برینێكی قوڵی كردە ناخی هەموو كوردەكانی ناوچەكەو چەندین سرودو گۆرانی دەربارەی غەمی ئەو دۆخە كارەساتبارە وترانو تێیاندا پاساوی ئەو كارەساتە خرایە ئەستۆی پەرتەوازەی كوردو یەك نەگرتنیان. كارەساتو تراژیدیا بە دوو شێواز رۆڵ دەبینێت یان ئەوەتا خۆبەدەستوەدان قوڵتر دەكاتەوە یان ئەوەتا رزگارت دەكات لە ترس, كۆمەڵێك رووداوی لەوجۆرە بوونەهۆی گڕگرتنی توڕەیی جەماوەر لە ناوجەرگەی شاری ئامەددا و زۆر زیاتریش بوو, كاتێكیش هێزەكانی ئاسایش تەقەیان لە بەشدارانی مەراسیمی بەخاكسپاردنە كرد, هەرچەندە چەندین كەس كوژران یان برینداربوون. بەڵام شەقام بە قەرەباڵغی مایەوەو جەماوەر لە شەقامی غازی و لە بەردەم مزگەوتی گەورەدا بە زمانی كوردی هاواریان دەكردو هوتافیان دەكێشا. سەلاحەدین دەمیرتاش لەو گردبوونەوە نەتەوەییەداو لە پێكدادانە كۆمەڵایەتیو سیاسییەدا لە نێوان گەلو دەوڵەتدا, هۆشیاری سیاسی لەلایی ژمارەیەك لە گەنجو لاو دروست بوو كە ئێستا سەركردایەتی شانۆی سیاسی كورد دەكەن لە توركیا, لە سەروو هەموشیانەوە گەنجێكی توڕە هەبوو, كە ئەویش سەلاحەدین دەمیرتاش بوو كە ئەو كاتە تەمەنی 18 ساڵ بوو, یەكەمین جاریش بوو لە ژیانیدا بەشداری لەو جۆرە ناڕەزاییەتیدا بگات كە ماوەیەكی زۆر كەم بوو خێزانەكەیان لە شارێكی بچوكی وەك ئەلازیغەوە كە لە مێژوودا بە " خەربوت" ناسراوە " هاتبونە شاری ئامەد. لە دەرەوەی ئامەد كوشتن بەلای " بكوژی نەناسراو" ەوە زۆر ئاسانتربوو. چونكە گوێڕایەڵی بۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەت زۆر زیاتر بوو، بە تایبەتی لە ئەلازیغ كە ناوچەیە دانیشتوانەكەی لە كرمانج و زازا پێكدێنو خێزانی دەمیرتاشیش زازا بوونو دایكو باوك لەو خێزانەكەیدا ببونە گوێزەرەوەی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت, ئەوەش قوڵترین ئامانج بوو كە دەستەبژێری قەومیی تورك لەدوای دامەزراندنی كۆمارەوە كاریان بۆ دەكردو هەوڵیاندەدا خێزان بكەنە دەزگایەك بۆ گواستنەوەی پەروەردەی دەوڵەت بۆ منداڵەكانیان, ئەم ئاڵنگارییە لە ساڵانی یەكەمیدا بە تەواوەتی شكستی هێنا, بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری لەناو كوردداو جگە لە زمانی كوردی هیچی تریان نەدەزانی. بەڵام ساڵانی دواترو بەهۆی فراوان بوونی خوێندنو خولەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی لەگەڵ غەرامەیەكی زۆری ئەو جوتیارو كرێكارە هەژارانەی كە بە كوردی قسەدەكەنو كوشتنی ئەو كەسایەتییانەی كە رووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە لە گوندو دەوروبەری شارەكان وایكرد چینێك خێزان خۆیان بەدەستەوە بدەنو پەیامەكانی دەوڵەت بگەیەننە منداڵەكانیان لە نێویشیاندا خێزانی دەمیرتاش كە پەیامەكەیان بریتی بوو لەوەی " ئێمە توركین". لەو گردبوونەوە جەماوەرییەی ئامەددا سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتو خێزانەكەی رزگاری بوو. چووە ریزی گروپی " كەمینەی بەرخۆدانەوە" لەناو زۆرینەیەكی كورددا كە چەندین ساڵ بوو بە توندوتیژترینو رێكخراوترین دەزگای كوشتن تۆقێندرابوو, دەزگایەكی كوشتن كە بەزۆری لە كردەوەكانیدا جۆری بە هەند وەردەگرت نەك بڕ, ئەو دەزگایە ویدات ئایدنی كوشت. دوو ساڵ دواتریش رۆشنبیری دیاری كورد موسا عەنتەری كوشت كە هاوتای كوشتنی 100 كەس بوو لە شەقامدا, بەڵام كاتێكیش كارەكە پێویستی بە كوشتنی بە كۆمەڵە بێت ئەوا گوندە چوڵەكانی كوردستان هەتا ئەمڕۆش شایەتحاڵی ئەو شێوازە لە كردەوەن. كاتێك خێزانەكەی هاتنە ئامەد, دەمیرتاش تەمەتی 17 ساڵ بوو. لێرە لە ئامەد گەورەترین شاری كوردی هەلی بەدەستهێنانی كارو گەشەپێدانی باشتر بوو لە شارە بچوكەكەیان, ئامەد بەردەوام قەرەباڵغتر دەبوو بە هاتنی زیاتری گوندنشینەكانی كە سوپا و رێكخراوی " بكوژی نادیار"فەرمانیان پێدەكردن گوندەكان چۆڵ بكەن لەمیانی قۆناغی شەڕی گوندەكانی نێوان دەوڵەتو پارتی كرێكارانی كوردستان. خێزانەكەی دەمیرتاش دەیانویست دۆخی داراییو داهاتیان باش بكەن كاتێك دەمیرتاش رشتەی بازرگانی دەریایی و كارگێڕی كاری هەڵبژارد بۆ خوێندن لە زانكۆیەكی ئیزمیر, بەڵام بەهۆی كاری سیاسیو تەنگپێهەڵچنینەوە خوێندنەكەی تەواو بكات. چونكە لەو ساڵانەدا ئاسان نەبوو بە ئاشكراو بە ناسنامەی كوردبوونەوە مرۆڤ لە شارەكانی ئەنادۆڵو ئیجە بخوێنێت, لە ناوچە كوردییەكانیشدا دۆخەكە باشتر نەبوو , بەڵام جیاوازی ئەوە هەبوو كە تەنگپێهەڵچنین تەنها لەلایەن پیاوانی ئاسایشەوە بوو. بەڵام لە ناوچەكانی دەرەوەی كۆمەڵگەش بەشێك بوو لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت سزای مەدەنی هەموو ئەو كەسانەیان دەدا كە هەڕەش دەكەن لە " یەكگرتوویی وڵات" بە تێهەڵدانو رق لێبوونو هەتا كوشتنیشی, هەتا ئەمڕۆش رووداوی لەو شێوەیە دووبارە دەبێتەوە, وەك كوشتنی باریش چاكان لە ئەنكەرە لە حوەزیرانی 2020 لەلایەن سێ كەسی مەدەنییەوە كە ناڕازی بوون لە گەڕەكەكەیاندا گوێ لە گۆرانی كوردی بگرێت. دەمیرتاش لە ئیزمیرەوە گەڕایەوە ئامەدو بڕیاریدا پسپۆرییەكەی بگۆڕێتو بۆ تاقیكردنەوەی وەرگرتن لە پارێزەری داواكاری پێشكەشكردو لە زانكۆی ئەنكەرە وەرگیرا. لەكاتی پشووەكانیدا لە ئامەد لە نانەواخانەیەك كاری دەكرد كە خێزانەكەی بە هاوبەشی دایان مەزراندبوو، ئەندامانی خێزان گەورەكە بەڕێوەیان دەبرد. سەلاحەدین بەهۆی ئەوەی خوێندكاری زانكۆ بوو لە نانەوا خانەكەدا بەشی دابەشكردنی نانی پێدرابوو كە ئەوەش باشترین بەشی كار بوو لە نانەواخانەكەدا. رۆژێك لە رۆژان كیژێكی چاو سەوزی جوانی تەمەن 16 ساڵان دێت بەر پەنجەرەی نانەواكە چاوی بە دەكەوێتە بەر چاوانی دەمیرتاشو داوای نانێك دەكات, ئەوە یەكەمین دیداری نێوان سەلاحەدین, میوانە نوێكەی ئامەدو باشاكی هاوسەری دەبێت. ئەو كچەی كە سەر بەخێزانێكە لە دێرینترین بەشی شارەكە كە گەڕەكی سوری ئامەدی مێژوویە نیشتەجێن. باشاك بە پێچەوانەی سەلاحەدینەوە هەموو ژیانی لە شاردا بەسەربردووە, لەكاتی لە دایك بووونیەوەو تا دەرچوونیشی لە زانكۆو خەباتی مافپەروەرانەی وەك پارێزەرێكو خەباتی كۆمەڵایەتی وەك هاوسەری دەمیرتاش لەرووی دەرونیەوە پەیوەتە بە رووداوێكی سەردەمی منداڵی كاتێك هێزەكانی ئاسایشی توركیا هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەیانو بە شێوازێكی زۆر توندوتیژو قێزەون باوكی لەبەردەم منداڵەكانیدا دەستگیردەكەن كە پێكهاتبوو لە چوار كچو كوڕێك. باشاك لە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریدا دەربارەی ژیانی كە سەلاحەدینی هاوسەری یەكەم كەس بوو لە ئەكاونتەكەی لە تویتەر بڵاویكردەوە دەڵێت: ئەو دیمەنەی كە كاریگەری لەسەر هەستو سۆزی هەبووە, دواتر بەرامبەر دوو كچەی دووبارە بوەتەوە كاتێك باوكیان دەمیرتاش دەستگیركرا. دوای تەواوكردنی زانكۆ دەمیرتاشی پارێزەر دەگەڕێتەوە ئامەدو پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤەوە كە سەرۆكەكەی لەو كاتەدا گەنجێك دەبێت دوو ساڵ لەو گەورەترە ئەویش عوسمان بایدەمیرە كە هاوڕێی دێرینی دەمیرتاشە لە بواری سیاسیداو سەرۆكی شارەوانی ئامەد بوو لە 2004- 2012. بایدەمیر لە ژیانی سیاسیدا رێگەی لە بەردەم دەمیرتاشدا واڵاكرد بۆئەوەی لەو بوارەدا پێشبكەوێت, چونكە بوونی چەند سیفاتێك لە دەمیرتاشدا وادەكات خەڵێكی زۆرتر لە دەوری پرۆژەی سیاسی گەورەی " پارتی دیموكراتی گەلان" كۆببێتەوە كە لە دامەزراندنیەوە تا 2014 سەرۆكی بووە. دەمیرتاش نوێنەرایتی یەكگرتوویی دوو بەشی بنكەی كۆمەڵاتیی نەتەوەی كورد دەكات, خۆی سەر بە زازایەو لە نێوجەرگەی كرمانجدایە. دەمیرتاش گۆرانیبێژە, مۆزیسیانەو ساز دەژەنێت, پارێزەرە, شاعیرە, نوسەرە, شێوەكارەو كەسێكی زۆر كۆششكارو بەهێزو ئیرادەیەو برایەكی بەناوی نورەدین دەمیرتاش سەركردەیە لە نێو پارتی كرێكارانی كوردستاندا. لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا كە ئازاری 2019 لەنێو زینداندا لەگەڵیدا كراوە دەمیرتاش سڵاو دەنێرێت بۆ هەموو خەباتگێڕانو پێشبینیشیكرد كە هاوپەیمانی " ئاكەپەو مەهەپە" لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لەلایەن جەماوەرەوە سزا بدرێن. ئەوەش روویداو حزبەكەی ئەردۆغان شارەوانی ئەنكەرەو ئەستەنبوڵی دۆڕاند. دەمیرتاش جەختیكردەوە كە زیندان كاتی زیاتری بۆ خوێندنەوە پێبەخشیوە: بەڵام كە سایەتی نەگۆڕاوەو ئەو قەناعەتو بیروباوەڕەی لە پێناویدا زیندانیكراوەو سزا دراوە نەگۆڕاوەو هەر لە زینداندا دوو كۆمەڵە چیرۆكو رۆمانێكی بڵاوكردوەتەوەو یەكێك لە كۆمەڵە چیرۆكەكانی وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. دەمیرتاش لە زینداندا 16 گۆرانی ئامادەكردووەو هیواخوازە لە زینداندا تۆماریان بكات, تاكە كەس كە گوێی لە گۆرانییەكانی دەبێت هاوڕێی زیندانی عەبدوڵا زەیدانەو هەندێك جاریش هاوسەرەكەی لە تێكستو ئاوازی گۆرانییەكانی ئاگاداردەكاتەوەو ئەو پیاوە هێشتا گۆرانی بۆ هاوسەرەكەی دەچڕێ. daraj