شرۆڤە: ھاوڕێ تۆفیق ھەموو وڵاتێکی دیموکراسی راستەقینە پێویستی بە پەرلەمانێکی ڕاستەقینە ھەیە. چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان لە ڕۆڵی پەرلەمان ناڕازین، لەئێستایا چاڵێک لە نێوان خەڵک و ئەندامانی پەرلەمان کە نوێنەری ھەڵبژێردراوی خەڵکن دروستبوە. ئاشکرایە ھەموو ئەم بیرکردنەوانە بەھۆی خراپی رۆڵی پەرلەمانەوە دروستبون ، خەڵک دەیان یاسای گرنگی پێویستە، بەڵام دەرناچن، بەشێک لەیاسا دەرچوەکانیش کەموکورتی و کێشەیان ھەیە، پەرلەمان ئەبوایە لە پێشەوەی رووداوەکان بوایە، نەک وەکو ئێستا لە دوای رووداوەکانەوە بێ. روونە، ئەم گلەییانە لە پەرلەمان بەشی زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ھۆی خراپی جۆری بیرکردنەوەی سیاسی حیزبەکان . ئاشکرایە کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی راستەقینەی بەھێز ھەیە، بێگومان ژیانی پەرلەمانیش وەکو ھەموو بوارەکانی تری ژیان بەردەوامە لەگەشەکردن و پێشکەوتن ھەروەکو چۆن پیشەسازی ئۆتۆمبێل و تەکنۆلۆژیا زۆر پێشکەوتوون و گۆراون، ئاواش پەرلەمانەکان پێشکەوتوون و گۆڕاون .بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی ئەمرۆ ،تەواو جیاوازە لە ئۆتۆمبێلێکی ساڵی پەنجاکان و زۆر شتی تر .بەھەمان شێوەش داودەزگاکانی دەوڵەتیش بەردەوام لە پێشکەوتن و گۆرانکاریدان لە وڵاتە دیموکراسییە دێرینەکان کە خاوەنی پەرلەمانی دێرین و رەسەنن، ئەوان بەردەوام ھەوڵئەدەن پەرلەمانەکانیان چاکتر و بەھێزتر بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە رێگا گرنگەکان کەگرتیانەبەر چاککردنی (پەرلەمان) بوو لە پێکھاتەو پرۆسەی دەنگدان و قانون دەرکردنی ،ئەمەش بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی بەھێزوچالاکیان ھەبێت وخەڵک ھەستی ھەڵاوێرکردن و بێدادی بۆ دروستنەبێ .بۆ ئەو مەبەستە، چەند کارێکی گرنگیان کرد، یەکێک لەو کارە گرنگانە، لەباتی ئەوەی کە پەرلەمان یەک ئەنجومەن بێ . پەرلەمانانیان کرد بە دوو ئەنجومەن . بێگومان ئەو ولاتانەی کە پەرلەمانیان یەک ئەنجومەنە، وڵاتانی مەرکەزی و تاکڕەون، پەرلەمانی یەک ئەنجومەن لەدونیا بەرەو لەناوچون ئەچێ . سەرەتا پێویستە،باسی لایەنی خراپی پەرلەمانی یەک ئەنجومەنی بکەین لە ھاوشێوەکانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان: یەکەم : قانونە دەرچوەکان لەبەرژەوەندی کوتلەی زۆرینە ئەبن و ھیچ فلتەرێکیش نیە بۆ ئەوەی قانونە دەرچوەکان وردبینی بکا ،یان رایبگرێ، یان تانەی لێ بدا .دیارە لە عێراقدا مافی تانەدان لەو قانونانەی کەپەرلەمان دەریان ئەکا لەبەردەم دادگای فیدراڵی ھەیە ، بەڵام لە کوردستان بەھیچ شێوەیەک مافی تانەلێدان نیە ، چونکە لە بنچینەدا دادگای باڵای ھەرێم نیە کەئەمەیان کێشەیەکی تری گرنگی بونیەویی سیستەمی سیاسی و دادوەری ھەرێمە.بۆیە قانونی پەرلەمانی کوردستان بێ فلتەرە، زۆرینە دەستبەرز ئەکاتەوەو ئیتر ئەبێ بە قانون، کە ئەمەش جەوھەری بێدادییە. دووەم؛ کەمینە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکان بەھۆی ئەم سیستەمە یەک ئەنجومەنیەوە ،بێ نرخ ئەکرێن وھیچ دەورێکیان نامێنێ، تەنانەت وەکو بڵێی ھەر لە پەرلەماندا نین . زۆرینە چی بیەوێ ئەیکا، وەکو ئێستای پەرلەمانی عێراق و کوردستان. سێیەم؛ لە رووی کلتوری سیاسیەوە ئەو سیستەمە گەشە بە پاوانخوازی حیزبی و سیاسی ئەکاو بەو ھۆیەوە خەڵک باوەریان بە پەرلەمان و دەوڵەت نامێنێ. پەرلەمان دوو ئەنجومەنی چیەـ پەرلەمان لەرووی بنەمای گشتیەوە لەسەر بنەمای بەدیھێنانی یەکسانی و چەسپاندی دادپەروەری جوگرافی و لامەرکەزی لەدوو ئەنجومەن پێکدەھێنرێ. بە مانایەکی تر ژمارەی گشتی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر دوو ئەنجومەنا دابەش ئەکرێن ،بۆ نمونە پەرلەمانی ئەمریکی لە دوو ئەنجومەن پێکھاتوە،ئەنجومەنی یەکەمیان ناوی ئەنجومەنی نوێنەرانە کەپێی دەڵێن کۆنگرێس ،ژمارەی نوێنەر بەپێی ژمارەی دانیشتوانە، بەم ھۆیەوە ئەو شارانەی گەورەن، نوێنەریان زۆر ئەبێ و شارە بچوکەکانیش کورسیان کەم ئەبێ .کەواتە لەم حاڵەتەدا پەرلەمان بریاری ئەبێ بە بریاری شارە گەورەکان و بچوکەکانیش پەراوێز ئەخرێن ! ئەی چارەسەر چیە ؟وەڵامەکەی بوونی ئەنجومەنی دووەمە، کەپێی ئەڵێن ئەنجومەنی پیران (سینات) ئەم ئەنجومەنە بە یەکسانی و بەبێ رەچاوکردنی گەورەو بچوکی شارەکان لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی یەکسان بۆ ھەر ولایەتێک، دوو نوێنەریان ھەیە .بەھۆی پەرلەمانی دوو ئەنجومەنەوە لامەرکەزی و دادپەروەری چەسپاوە و بە دەستورو قانون ئەرک و پسپۆری دوو ئەنجومەنەکە دیاریکراوە، بۆ نموونە ،کەئەنجومەنی یەکەم قانونێک دەرئەکات زۆر جار بۆ پەسەندکردنی پێویستی بە متمانەی ئەنجومەنی دووەمە کە پیرانە، ھەندێک جاریش ئەو قانونەی ئەنجومەنی یەکەم دەریکردوە، ئەنجومەنی دووەم رەتیدەکاتەوەو تەنانەت ھەندێک جار دەیگێڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی یەکەم. سەبارەت بە پێشنیاری دوو ئەنجومەنی بۆ پەرلەمانی کوردستان ،بە کورتی و کوردی بەم شێوەیە؛ پەرلەمانی کوردستان بکرێ بە دوو ئەنجومەنی ھەڵبژێردراو ، یەکەمیان (ئەنجومەنی نوێنەران) بێ و ژمارەی کورسییەکانی ١٠١ کورسی بێ و بەپێی ژمارەی دانیشتوان، کورسیەکان بۆ شارەکان دیاری بکرێ، واتە بۆ سەدو یەک نوێنەر کورسیەکانیان دابەشی کۆی دانیشتوانی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم بکرێ. ئەو کاتە بەپێی کەمی و زۆری ژمارەی دانیشتوانی ھەر پارێزگایەک ژمارەی کورسی خۆی بەر ئەکەوێ . ئەنجومەنی دووەمیان (ئەنجومەنی ھەرێم )بێ ،ئەم ئەنجومەنە لە ٤٠ کورسی پێکبھێنرێت و بۆ ھەر چوار پارێزگاکە و بە یەکسانی ،بۆ ھەر پارێزگایەک ١٠ نوێنەریان پێ بدرێ. دەسەلات و پسپۆری ھەردوو ئەنجومەنەکە لە ئێستایا بە قانون و لەداھاتوش بە دەستور رێکبخرێ. سودەکانی ئەم دوو ئەنجومەنییە؛ یەکەم، عەدالەت لە نێوان شارە گەوەرەکان و بچوکەکان دروست ئەبێ ،بۆ نمونە پارێزگای ھەڵەبجە ژمارەی دانیشتوانی کەمەو بچوکە، بۆیە نوێنەریشی کەم ئەبێ لەپەرلەمان ،بەلام بەھۆی پەیرەوکردنی ئەم دوو ئەنجومەنییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر ئەبێ و دادپەروەری تارادەیەکی باش بەدیئەھێنرێ. دووەم، ھەستی جیاکاری نەتەوەیی و ئاینیی و ناوچەکان کاڵ ئەکاتەوەو پراکتیزەی لامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی ئەکا. سێیەم؛ قانون دەرکردن بەیەک قۆناغ نابێ ئەمەش ئەبێتە فلتەرێک ،یان بڵێین جۆرێکە لە وردبینیکردنی قانونەکان، بۆ نمونە ئەنجومەنی یەکەم ،قانونی وەبەرھێنان دەرئەکا، خەڵک پێیان وایە ئەم قانونە زۆرتر لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە وەک لە بەرژەوەندی خەڵک، بۆیە ئەنجومەنی دووەم کە ئەنجومەنی ھەرێمەکانە ،مافی گێرانەوەی قانونەکەی بۆ ئەنجومەنی یەکەم ھەیە و ئەتوانێ پەسەندی نەکا. چوارەم؛ لە پەرلەمانی دوو ئەنجومەنییا ھەندێک لەو قانونانەی رەھەندی نیشتیمانی و نەتەوەییان ھەیە ئەبێ ئەنجومەنی دووەم بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی دەنگ پەسەندی بکا ،ئەمەش ئەبێتە ھۆیەکی گرنگ بۆ ھاوسەنگی ھێز و لەلایەکی ترەوە پاوانکردن و تاکرەوی تارادەیەکی باش کەم ئەکاتەوە. پێنچەم؛ سیستەمی دوو ئەنجومەنی ، ئەبێتە ھۆی پەیڕەوکردنی ڤیتۆی پەرلەمانی ،لەناو پەرلەماندا، ئەنجومەنی ھەرێم ئەبێتە بەبەرستێکی قانونی زۆر باش بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و دادپەروەری، بە تایبەت ئەو قانونانەی کە گرنگن و پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە وەکو قانونی بودجە و ھەڵبژاردن و ھتد. لە کۆتاییا؛ چاککردنی سیستەمی کارکردنی پەرلەمان لەم پێکھاتە یەک ئەنجومەنییەی ئێستاداو گۆرینی بۆ پەرلەمانێکی دوو ئەنجومەنی ، یەکێتیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەپارێزێ و گۆرانێکی باش ئەخاتە ناو ژیانی دەوڵەتداری و سیاسەوە، ئەم مەسەلەیە باسێکی گرنگ و ئاڵۆزە ، ئیرادەی خەڵک و حزبەکانی ئەوێ، بەلام وەرچەرخانێک ئەبێ لە ژیانی پەرلەمانی گەلی کوردستان.
(درەو): لە شەڕی ئەمڕۆی ناو پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوێت یەكێك لە پەرلەمانتارەكان یاریزانی كۆنفۆیەو پشتێنی رەشی لەم بوارەدا هەیە، باسی بەكارهێنانی "خەنجەربۆكس" دەكرێت، (درەو) وردەكاری شەڕەكە بڵاودەكاتەوە. چی رویدا ؟ لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كودستاندا، دوای پێدانی متمانە بە كەمال ئەتروشی وەكو وەزیری سامانە سروشتیییەكان، شەڕ لەنێوان سێ پەرلەمانتاری پارتیو سێ پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ رویدا. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، شەڕەكە لە تەوەری دووەمی دانیشتنی پەرلەماندا رویداوە، واتە دوای پێدانی متمانە بە وەزیری سامانە سروشتییەكانو وەرگرتنی پشوو و دواتر دەستپێكردنەوەی دانیشتنی پەرلەمان. تەوەری دووەمی دانیشتنی پەرلەمان تەرخانكرابوو بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای (فرۆشتنو بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت)، لەم تەوەرەدا كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ پرسیاری لە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كردووە لەبارەی ئەوەی بۆچی كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان رای كردووەو ئامادە نەبووە وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە وەكو ئەوەی پێشترو لە تەوەری یەكەمی بەرنامەی كاردا سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنیداوە. (ئەو تۆمارە دەنگییەی كە كازم فاروق بڵاویكردوەتەوە، پشتڕاستی ئەم چیرۆكە دەكاتەوە). لەو كاتەدا كە كازم فاروق قسە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت، هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كاردانەوە دەدەن، كازم فاروق وەڵامیان دەداتەوەو پێیان دەڵێ:" كەس فڵتە فڵت نەكات"، ئەمە پەرلەمانتارانی پارتی زیاتر توڕە دەكاتو هەڕەشە لە كازم فاروق دەكەن، كازم فاروق وەكو ئامادەكاری بۆ شەڕو روبەڕووبونەوە چەكەتەكەی لەبەریدا دادەكەنێتو دەڵێ:" ئەگەر پیاوی وەرە پێشەوە". دوای قسەكانی كازم فاروق، رزگار عیسا پەرلەمانتاری پارتی كە دەوترێت یاریزانی "كۆنفۆ"یەو پشتێنی رەشی لەم بوارەدا هەیە، پەلاماری كازم فاروق دەداتو بۆكسێكی لێدەدات، پاشان پەلاماری سپیان ئامێدی ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەداتو دەیخاتە سەر زەویو لەقەیەك بە دەموچاویدا دەدات. ئەوەی باسدەكرێت لەم پێكدادانەدا "خەنجەر بۆكس" بەكارهاتووە، بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە فراكسیۆن جیاوازەكان شایەتحاڵبوونو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، چیرۆكێكی ناڕاستەو ئەو برینەی كە لە دەموچاوی سیپان ئامێدیدا دروستبووە، شوێنی ژێری پێڵاوەكانی رزگار عیسای پەرلەمانتاری پارتییە نەك خەنجەربۆكس. ژنەكانیش لەم شەڕەدا بەشداربوون، لە تەرەفی پارتی، پەرلەمانتار (حەسیبە سەعید) پەلاماری (مژدە مەحمود) پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێی داوەو قژی راكێشاوە. مەلا وەیسی پەرلەمانتاری پارتی یەكێك لەوانە بووە كە بەشداربووە لە شەڕەكەداو پاڵپشتی ئەوەی كردووە لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بدرێت. لەم شەڕەدا چەند پەرلەمانتارێك ناوبژیكەر بوون، یەكێك لەوانە (لوقمان وەردی) پەرلەمانتاری یەكێتی بووە. سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەم شەڕەوە لیژنەیەكی پێكهێناوە، ئێستا لیژنەكە تەماشای رووداوەكە دەكەن لە چاوی كامێراكانەوە، وێنەی ژێر پڵاوەكانی رزگار عیسای پەرلەمانتاری پارتیش وەرگیراوە، هەفتەی داهاتوو سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆدەبنەوە بۆ قسەوباسكردن لەبارەی ئەو گرژییانەی كە ماوەیەك لە پەرلەماندا روودەدەن.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ پەیوەندی پارتی لەگەڵ گۆڕانو یەكێتی، فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بە كاندیدی پارتی دەداتو كاندیدەكە خزمایەتی لەگەڵ خێزانی ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە، فراكسیۆنی گۆڕان نیوەی ئەندامەكانی دەنگ نادات، پارتی هۆشداری بە گۆڕان داوە لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانی سبەینێی پەرلەمان مامەڵەی كورسی لەگەڵ گۆڕان دەكات، جگە لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیونەكانو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ یەكلابونەتەوە دەنگ بە كاندیدی پارتی نادەن. لایەنەكانی حكومەت لەبەردەم تاقیكردنەوەكی نوێدا سبەینێ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی دەكات بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، پارتی (كەمال ئەتروشی) بۆ ئەم پۆستە كاندید كردووە، ئەمڕۆ ئەتروشی چووە ناو پەرلەمان، تیمی پەرلەمان پەراوەیان پێكرد تاوەكو سبەینێ شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەو سوێندخواردن بزانێت. حزبە سیاسییەكان لەئێستاوە دوودڵنو چاوەڕی ئەنجامی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان دەكەن، پارتی كێشەی نییەو زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، بەبێ دەنگدانی لایەنەكانی تریش متمانە بە كاندیدەكەی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبەخشێت، بەڵام دەیەوێت ئەم بابەتە بكات بە تاقیكردنەوەیەك بۆ هاوپەیمانەكانی لەناو حكومەت. وەزیر خزمی یەكێتییە ! كەمال ئەتروشی كە راستەوخۆ لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، خزمایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هەیە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، كەمال ئەتروشی خزمایەتی لەگەڵ "گەلاوێژخان"ی هاوسەری ئیبراهیم ئەحمەدو دایكی هێرۆخان هاوسەری كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیدا هەیە، واتە لەدایكەوە بە خزمایەتی دەگاتەوە بە هەریەكە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەوانەی ئاگاداری ئەم خزمایەتییەن پاڵپشتی لەوە دەكەن فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان. لەبەرامبەردا بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا هەندێك دەنگ هەیە كە داوا دەكات یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدات. بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا یەكێتی وەكو هاوبەشێكی پارتی لە حكومەت ناچارە دەنگ بۆ كەمال ئەتروشی بدات، وەك چۆن پێشتر پارتی دەنگی بۆ وەزیرەكانی یەكێتی داوە، بۆیە بڕیاری كۆتایی یەكێتی ئەوەیە سبەینێ فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكەی پارتی ببەخشێت، بەپێچەوانەوە جارێكی تر گرژیو ئاڵۆزی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب دەگەڕێتەوە، واتا كەمال ئەتروشی تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی. سبەینێ پارتی قەبارەی گۆڕان دیاری دەكات بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی (درەو) كەلە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتوون، ئەمڕۆ كاردۆ محەمەد بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو ئومێد خوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بینیوە. بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان بۆ (درەو) ئاشكراكرد، لەو دیدارەدا ئومێد خوشناو بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕانی ئاگاداركردووە لەوەی سبەینێ لە پرۆسەی پێدانی متمانە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان قەبارەی تەواوەتی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكەنو لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان، پارتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی (12) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم كورسییانە ئێستا پەرت بوون، (6) كەسیان لە دەرەوەی پۆلی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەخوێنن، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەم درزەی لەناو فراكسیۆنەكە دروستكرد. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە تائێستا لەبەردەستدایە، پێدەچێت لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەماندا (6) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە پارتی پێشتر متمانەی بە وەزیرەكانی گۆڕان بەخشیوە. ئەگەر پارتی هەڕەشەكەی ئومێد خوشناو بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا لەدوای كۆبونەوەی سبەینێوە دەبێت لەبری 12 كورسی، بە (6) كورسی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بكاتو ئەمەش دواجار كاریگەری لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان دەبێت لەناو حكومەت. پارتیو گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا شەریكن، هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان رەخنەی لە پارتی هەیە كە بەتەواوەتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی جێبەجێ نەكردووە، لەبەرامبەریشدا پارتی رەخنەی لە گۆڕان هەیە بەوەی هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی پەیوەست نین بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان هەردوولاوە. ئۆپۆزسیۆن چی دەكات ؟ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بریتین لە (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەربەخۆكان، حزبی شیوعی). ئەم لایەنانە هیچ یەكێكیان لەناو پەرلەمان متمانەیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نەبەخشیوە كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بەڵام ئێستا هەندێكیان لەبارەی دەنگدان بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دوودڵن. كۆمەڵو یەكگرتوو بە فەرمی رایانگەیاندووە، سبەینێ دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادەن، بەڵام جوڵانەوەی نەوی نوێ دەڵێ:" هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوەو سبەینێ چەند پرسیارێك لە كاندیدەكەی پارتی دەكاتو لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ دەدات یاخود نا". حزبی شیوعی كوردستانیش كە یەك كورسی هەیە لە پەرلەمان دەنگ بە كاندیدی پارتی نادات، محێدین حەسەن كە پەرلەمانتاری شیوعی-یە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادات. پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەیان (4) كەسە، ئەمانە ئەو پەرلەمانتارانەن كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوەو بریتین لە هەریەكە لە (مەم بورهان قانع، شادی نەوزاد، سیروان بابان، دیاری ئەنوەر)، پێشبینی دەكرێت لەم چوار پەرلەمانتارە، لانی كەم (3) پەرلەمانتاریان دەنگ بۆ كاندیدەكەی پارتی نەدەن. ئەگەر پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەنگ نەدەن، بەتێكڕا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە متمانە بە كاندیدی پارتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نادەن ژمارەیان دەگاتە (26) پەرلەمانتار. وەزیر چۆن متمانە وەردەگرێت ؟ بەپێی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان وەزیر بە دەنگی (50+1)ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان متمانە وەردەگرێت، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە كوردستان (111) كەسە، واتا سبەینێ بۆ ئەوەی كەمال ئەتروشی وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان متمانە وەربگرێت، دەبێت (56) پەرلەمانتار دەنگی (بەڵێ)ی بۆ بدەن. فراكسیۆنی پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە، (11) كورسی كۆتاكانیش بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، واتە پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بەتەنیا خۆی لەم خولەی پەرلەماندا (56) دەنگی مسۆگەری هەیەو زۆرینەی پەرلەمانی كۆنترۆڵكردووە. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لانی كەم (80) دەنگی مسۆگەرەو بە ئاسانی متمانە وەردەگرێت، دەنگەكان بەمشێوەیەن: • پارتیو كۆتاكان: (56) دەنگ • یەكێتی: (18) دەنگ، یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان (21) كورسی هەیە، بەڵام چەند ئەندامێكی فراكسیۆنەكە بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە لە گەشتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیان كردووە. • بزوتنەوەی گۆڕان: 12 كورسی هەیە، پێشبینی دەكرێت تەنیا (6) پەرلەمانتار دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن. • لیستی سەردەم: یەك كورسی هەیە كە (باپیر كامەلا)یە دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدات.
(درەو): دوای سێ ساڵ لە داخستی سنورەکان و شەڕی میدیایی قورسی نیوان کەناڵی (جزیرە)و (عەرەبییە)، دواجار قەتەرو سعودیە بڕیاریاندا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوەو سنورەکانیان بەڕووی یەکتردا بکەنەوە، ئەمە دواین هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران. رێککەوتن بە فشاری ئەمریکا ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت ئاشکرایکرد، رێککەوتن کراوە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانیی لەنێوان سعودیەو قەتەردا بکرێتەوە. کردنەوەی دەروازەکان، بەهۆی نێوەندگیری شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباحی میری کوەیتەوە بووە، شێخ نەواف لەبارەی ئیمزاکردنی ئیمزاکردنی بەیاننامەی لوتکەی (عولا) بەتەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەو تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر قسەی کردووە. بەگوێرەی قسەی وەزیری دەرەوەی کوەیت، قەتەرو سعودیە رێککەتوون لەسەر ئەوەی هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. ئەم رێککەوتنە بەر لە چەند کاتژمێرێک دێت لە (٤١)هەمین کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو کە بڕیارە سبەینێ لە شاری (عولا)ی سعودیە دەست بەکارەکانی بکات. کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بڕیاربوو مانگی کانونی یەکەمی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵی نێوەندگیرییەی کە لەنێوان قەتەرو سعودیەدا هەبوو، وادەی کۆبونەوەکە دواخرا، لەڕاستیدا کێشەی نێوان قەتەرو سعودیە لەوە گەورەتر بوو بەنێودەندگیری میری کوەیت چارەسەر ببێت، بەڵام فشاری دواین رۆژەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاری خۆی کرد. لەبارەی کێشەی سعویەو قەتەرەوە سعودیەو هاوپەیمانەکانی لەناوچەی کەنداوی عەرەبی واتا (بەحرەین و ئیماراتی عەرەبی) هەروەها میسر، مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ هەموو پەیوەندییەکی خۆیان لەگەڵ قەتەردا راگرت. سعودیەو هاوپەیمانەکانی ئەوکات قەتەریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پاڵپشتی "گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان" دەکات و سەرباری ئەمەش لە ئێرانەوە نزیکە. بەڵام دواجار فشارەکانی ئەمریکا سعودیەی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر، ئەمریکا دەیەوێت ئێران لەناوچەکەدا بەتەواوەتی پەراوێز بخات، یەکێتی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هوکارێکی باشە بۆ ئەم پەراوێزخستنە. سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر بڕیاریاندا بایکۆتی قەتەر بکەن، هەر چوار وڵاتەکە بواری ئاسمانی و دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر داخست و ئەم بایکۆتە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەڵام سعویە وەکو رێبەری وڵاتانی دژە قەتەر ئیتر دەروازەکانی خۆی کردوەتەوەو پێشبینی دەکرێت رێککەوتنەکە لانی کەم بەحرەین و ئیماراتی عەرەبیشی بۆ زیاد بکرێت. لەوکاتەوە کە لەلایەن سعویەو وڵاتانی تری کەنداوەوە بایکۆت کراوە، قەتەر بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی وڵاتەکە کە ژمارەیان (٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار) کەسە پشتی بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی لە دەرەوە بەستووە بەتایبەتیش تورکیا. چوار وڵاتەکە پێشتر (١٣) مەرجیان دانا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانیان لەگەڵ قەتەر، یەکێک لەو مەرجانە داخستی کەناڵی (جەزیرە) بوو لەلایەن قەتەرەوە، مەرجێکی تر ئەوە بوو قەتەر پەیوەنییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا سنوردار بکات و بنکەی سەربازی تورکیا لە وڵاتەکەی دابخات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی (ئیخوان موسلیمین) رابگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کەمتر بکاتەوە، بەڵام ئەوکات قەتەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو مەرجانەی رەتکردەوە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی سعودیەو میسرو ئیمارات و بەحرەین لە قەتەر، بوونی کەناڵی (جەزیرە)، ئەم کەناڵە کە بارەگاکە لە شاری دەوحەی قەتەرە، لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای رێککەوتنی قەتەر لەگەڵ سعودیە ئیتر کەناڵی جەزیرەش تۆزێک هەواڵەکانی لەبارەی سعودیەوە نەرم بکاتەوە. هەوڵی وڵاتانی کەنداو بۆ ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، هەروەک ئاشتەواییەکە دوای ماوەیەکی کورت دێت لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، ئیسرائیلییەکان چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری کەنداو بەتەواوەتی ئاسایی بکەنەوە لەوانە سعودیەو قەتەر. ئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان قەتەرو سعودیە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی لیبیاو یەمەن و سوریاش دەبێت کە هەردوو وڵات تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتانەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئەم هەفتەیە كۆتایی بە زەمەنی ئاشتی هەورامی دێت، پیاوێك كە زیاتر لە (14) ساڵە جڵەوی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بە ناڕوونی لە جانتاكەیدا هەڵگرتووە. رۆژی چوار شەممە پەرلەمانی كوردستان متمانە بە (كەمال ئەتروشی) دەبەخشێت، لەدوای هەورامی، ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، ئایا ئەمە كۆتایی سەردەمی ئاشتی هەورامییە ؟ ئایا دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر ؟ ئایا مەسرور بارزانی بەتەواوەتی جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانی وەردەگرێتەوە ؟ شوێنگرەوەكەی ئاشتی هەورامی كێیە ؟ كەمال ئەتروشی كە مەسرور بارزانی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندیدی كردووە، سیڤییەكی قورسی خوێندن و كاركردن لە بواری نەوتدا هەیە، سەرباری ئەمە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پاڵپشتی لێدەكات. واتە هەم ئەزمونی لەبواری نەوتدا هەیە، هەم پاڵپشتی سیاسی گەورە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەتروشی بەم پاڵپشتییە گەورەوە دەتوانێت نەوتی هەرێم لە تەنگژەو ناڕوونی دەربهێنێت و بیخاتە سەر رێڕەوێكی دروست كە داهاتەكەی لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت و لەژێر هەژموونی كەسانی دەستڕۆیشتوو دەریبهێنێت ؟ ئەتروشی ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە. چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە: • كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی • ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا • توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)و (كارلتۆن)ی كەنەدی • كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت • كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی • كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی ئەتروشی چی دەگۆڕێت ؟ دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزارەتی نەوت، ئەگەر گۆڕانكاری گەورەش لەو ژێرخانەدا دروست نەكات كە لە (14) ساڵی رابردوودا ئاشتی هەورامی كاری لەسەركردووەو تەنیا خۆی سەری لێدەردەكات، لانی كەم لەم سەرەتاوە مەسرور بارزانی ناچار دەكات چەند گۆڕانكارییەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا بكات. یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەبێت مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەتروشیدا بیكات، هەڵوەشاندنەوەی سێ نوسراوی خۆیەتی كە هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەریكردوون. مەسرور بارزانی رۆژی 15ی تەموز 2019 بەفەرمی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، ئەو رۆژەی دەستبەكاربوو، یەكەمین كارێك كە كردی، دەركرنی فەرمانێك بوو بە ژمارە (4). مەسرور بارزانی بەم فەرمانە (ئاشتی هەورامی) كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، ئەمە یەكەمینجاربوو لە ئەنجومەنی وەزیراندا پۆستێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، چونكە لە هەرێم هیچ یاسایەكی لەبارەی یاریدەدەر بۆ سەرۆك وەزیران بوونی نییە، لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانو پەیڕەوی ناوخۆی حكومەتو تەنانەت لەیاسای نەوتو غازیشدا بەهیچ جۆرێك باسی پۆستێكی لەم شێوەیە نەكراوە. لە فەرمانی ژمارە (4)دا مەسرور بارزانی كۆمەڵێك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی بەخشی وەكو یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، لەوانە: • بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا. • ئامادەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نەوتو غازو داڕشتنی بەرنامەی كۆبونەوەكان. مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خوارد، نەك وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەندێك لەیاساناسان دەڵێن مەسرور بارزانی ناتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتێك بە كەسێكی تر ببەخشێت كە هی خۆی نییە، واتا بە فەرمانی ژمارە (4) مەسرور بارزانی شتێكی بەخشوە كە هی خۆی نەبووە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، دوای فەرمانی ژمارە (4) كە لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربونیدا دەریكردووە، دوو رۆژ دواترو لە رۆژی (17)ی تەموزدا، مەسرور بارزانی بەهەمان ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (4)وە، فەرمانێكی تری بە ژمارە (9) دەركردووەو بەهەمان شێوە، هەمان دەسەڵاتەكانی بەخشوەتەوە بە ئاشتی هەورامی. فەرمانی ژمارە (4)و ژمارە (9) لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراونەتەوە، دیارنییە بۆچی سەرۆك وەزیران لەماوەی دوو رۆژدا دوو فەرمانی بەدوو ژمارەی جیاواز، بەڵام بەهەمان ناوەڕۆكەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە. نۆ رۆژ دوای دەستبەكاربوونی، مەسرور بارزانی لە رۆژی 24ی تەموزی 2019دا فەرمانی سێیەمی بە ژمارە (12) بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە، ئەم فەرمانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزیی هەیەو ئاڕاستەی دادگاو كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەم فەرمانەش تائێستا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە. فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی دەتوانرێت وەكو فەرمانێكی نهێنی لە پشت دامەزراوەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێت، فەرمانەكەی كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوت، نهێنی بونەكەی جارێكی تر ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە كە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوەدەچێت. (درەو) دەقی ئەو نوسراوە نهێنییەی لەچەند كۆمپانیایەكی بواری نەوتەوە لە ئەوروپا دەستكەوتووە، بەپێی نوسراوی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی جارێكی تر خۆی خستوەتە شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكانو هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو وەزارەتەی بەخشیوە بەخۆیو دواتر لە خۆیەوە دەسەڵاتەكانی گواستوەتەوە بۆ ئاشتی هەورامی. لە نوسراوی ژمارە (12)دا مەسرور بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بە ئاشتی هەورامی بەخشیوە: • ئاشتی هەورامی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكانەو سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەزیری پێدراوە. • دەسەڵات دراوە بە ئاشتی هەورامی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم بكاتو راوێژو رێنمایی پێشكەش بكات، سەرپشك كراوە دەنگو پێگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەكاربهێنێت. • ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە بۆ ئەوەی رێنماییو فەرمان دەربكات لە بوارەكانی نەوتو غاز، پاڵاوتن، گواستنەوەی سوتەمەنی، گرێبەستەكان، شیكردنەوەی گرێبەستەكان، سیاسەتی غاز. • كۆكردنەوەو وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیاكانی نەوت، ئەوانەی لە بواری نەوتو غازی هەرێمدا كاردەكەن. • ئاشتی هەورامی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات وەك پارەی گرێبەستی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت. • ئاشتی هەورامی كاری دانوستانو ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی سوتەمەنی، بەرهەمە نەوتییەكان، پاڵاوتن، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانو گرێبەستە هاوشێوەكانیان دەكات. • ئاشتی هەورامی بڕیاردەدات لەسەر كێشە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، دانوستانو رێككەوتنو یەكلاكردنەوەی كێشەی گریبەستەكان. • ئاشتی هەورامی ئەم كارانە دەكات، پێشكەشكردنی رێنمایی، ئاڕاستەكردن، بڕیاردان لەسەر پلانی یەكخستنی كێڵگە نەوتییەكان، پەرەپێدانی هاوبەش. • ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی راگرتنو خەرجكردنی پارەی راوێژكارو شارەزایانو راوێژكاری یاساییو وردبینیو ژمێریارو راوێژكارانی تری هەیە بەوشێوەیەی كە خۆی بەشیاوی دەزانێت. • ئاشتی هەورامی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە لە خەرجكردنی پارە بۆ دادوەرانو خەرجی دادگاكانو هەر بڕە پارەیەك كە لیژنەی دادوەرییو دادگاكان داوای دەكەن. بەر لە پێدانی متمانە بە كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت مەسرور بارزانی ئەو سێ نوسراوەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە كە لەدوای دەستبەكاربوونیەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەریكردووە، بەبێ ئەوە دەسەڵاتەكانی كەمال ئەتروشی كەموكورت دەبن. نەوت لەناو جانتادا ! ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد بەناو قەیرانێكی دارایی سەختدا گوزەر دەكات، كابینەی مەسرور بارزانی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕدەكاتەوە. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە 2005ەوە دروستكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە. لە ماوەی (15) ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دروستكراوە، یەك پیاو ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی. مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات و بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشیو كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزەو هەر بەناچاریش لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سێ فەرمانی بۆ دەركردووەو دەسەڵاتی پێداوە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتەواوەتی كۆتایی بەسەردەمی ئاشتی هەورامی دێت ؟ زیاد لە هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی هەورامی بۆ چەند ساڵی داهاتووش قسەی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا هەبێتو لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی كە لەم كابینەیەدا یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری وزە. سەرباری ئەمە، ژمارەیەك دۆسیەی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم هەن كە لە دادگا روبەڕووی ئاشتی هەورامی كراونەتەوە، ئەمە وا دەكات بۆ چەند ساڵی داهاتووش هەورامی قسەی لەبواری نەوتدا هەبێت، لەوانە: • وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم لەدادگای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی فرۆشتووە، لەمەشدا ئاشتی هەورامی ئامانجەكەیە. • سكاڵای یاسایی كۆمپانیا (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەن، ئەم سكاڵایە تایبەتە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو مانگی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی بدۆڕێت، هەرێم (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلاری تر بۆسەر لیستی قەرزە (28 ملیار) دۆلارییەكەی زیاد دەبێت. • ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی خۆیدا هەڵگرتووە، لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبووە، كە پەرلەمانتارانو دامەزراوەكانی تری چاودێری سەردانی بكەنو وردبینی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن، مەسرور بارزانیو كابینەكەی بەردەوام پێویستیان بە جانتاكەی ئاشتی دەبێتو ئەمەش دەرفەتی مانەوەی ئاشتی لە گۆڕەپانەكەدا فەراهەمتر دەكات. • رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیا بە ئاگاداری ئاشتی هەورامی كراوەو ئەمە ئاشتی هەورامی بردوەتە ناو فایلە نهێنییەكانی حكومەتەوەو چانسی مانەوەی بۆ فەراهەم دەكات. نەوت.. لە لەندەنەوە بۆ هەولێر ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن، لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیلو لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات، تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەن لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. ئاشتی هەورامی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەدەكات، جارێكیش بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە كۆبونەوەی حكومەتدا كرد. بەمدواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بینایەكی هەیە لەبەرامبەر ئەنجومەنی وەزیران كە ژمارەیەك بەرپرسو كارمەند كاری تێدا دەكەن، بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی، دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێرو جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانییەوە دەكەوێتە دەستی مەسرور بارزانی.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەمدا دەسەڵاتی تەریقەتە دینییەکان لە کوردستاندا، لە دوای دروستبوونی بۆشاییە سیاسییە گەورەکانەوە، گەشەیکردوە و تەشەنەی سەندوە. کە ئیمارەتە کوردییەکانی سەدەکە یەک بە دوای یەکدا دەڕوخێندرێن، بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات دروستدەبێت، تەریقەتە دینییەکان ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە و لەپاڵ دەسەڵاتی دینییدا بەشێکی زۆری دەسەڵاتی سیاسیش دەگرنەدەست. لە ئاستی ئابوریی و موڵکایەتیشدا عوسمانییەکان بڕێکی گەورەی زەوی و زاری ناوچەکانی ئیمارەتە ڕوخاوەکان، لەسەر شێخەکانی تەریقەت تاپۆدەکەن و بەمەش ئەو نەوە تازەیە لە شێخانی تەریقەت لەیەککاتدا دەبن بە خاوەنی ھەر سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی ناو کۆمەڵگا؛ دەسەڵاتی ئابوریی، دەسەڵاتی دینیی و دەسەڵاتی سیاسیی. شێخی تەریقەت لە یەککاتدا ھەم خاوەن زەوی و زارێکی زۆرە، ھەم ڕابەرێکی دینیی خاوەن نفوزە و ھەم سەرکردەیەکی سیاسیشە. کۆبونەوەی ئەم ھەموو دەسەڵاتە لە دەستی شێخێکی تەریقەتدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نوێ بوو، هەرگیز لە قۆناغەکانی پێشتردا ئەو سێ دەسەڵاتە لە دەستی ھیچ بکەرێکی کۆمەڵایەتییدا کەڵەکە نەبووە. بەڵام ئەم ھێزە گەورەیەی تەریقەت و شێخەکانی زۆر نابات لە چەندان لاوە سنوورداردەکرێت و کەمدەبێتەوە. لەسەرێکەوە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دێتە ناوچەکەوە، بە ھەموو ئۆرگانە بیرۆکراسییەکانی خۆیەوە، سنوور بۆ ڕاپەڕین و دەسەڵاتە ئابوریی و سیاسییەکەی تەریقەت و شێخەکانی دادەنێت و خۆی دەبێت بە بکەری ئابوریی و دەسەڵاتی سیاسیی ژمارە یەک. خوێندنگا و فێرگە و فەرھەنگ و ئەدەبیاتی مۆدێرنیش سنوورێک بۆ سەرمایە مەعریفیی و نفوزە دینییەکانی ئەوان دادەنێت. حیزبی سیاسیی مۆدێرنیش دەبێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو تۆڕە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقا کە تەریقەتەکان وەک ژێرخانێکی ڕێکخراوەیی خاوەنی بوون. بەمجۆرە و بەشێوەیەکی گشتیی تەریقەت و شێخەکانی لە سەدەی بیستەمدا دەگۆڕێن بۆ تەنھا بکەرێک لەپاڵ زۆر بکەری تردا، زۆرجار بکەرێکی پلە دوو و پلە سێ کە لەژێر سێبەری بکەرە سیاسییە شاریی و مۆدێرنەکاندا دەژین و کاردەکەن. لە نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمەوە، کاتێک ئیسلامی سیاسیی و ڕێکخراوە دینییەکان لەدایکدەبن و گەشەدەکەن، ھێزی تەریقەتەکان و نفوزی سیاسیی و دینییان سنووردارتر دەبێت و ئەمجارەیان لەناو کایەی دین خۆیدا ڕکابەریان بۆ دروستدەبێت. ئەو بکەرە دینییە سیاسییە تازانەی کە ئیسلامی سیاسیی دروستیاندەکات، کەسانێکن لەناو سیستەمی پەروەردە و فێربوونی مۆدێرنەوە ھاتوون، نەک لەناو مزگەوت و تەکیە و تەریقەتەکانەوە، لە زۆر ئاستیشدا پەیوەندیی نێوان ئەم بکەرە دینییە سیاسییە تازانە و بکەرە سونەتیی و تەقلیدییە دینییەکانی ناو تەریقەتەکان، بە شێخەکانیشەوە، پەیوەندییەکی ڕکابەرانە بووە. لەزۆر کاتدا ئیسلامی سیاسیی ڕەھەندی سیاسیی تەریقەتەکانی تەواو پەراوێزخستوە. ھەموو ئەم گۆڕانانە وا دەکەن دیاردەی لە شێوەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“ بە درێژایی سەدەی بیستەم ھیچ ئەگەرێکی دروستبوونی لەبەردەمدا نەبووبێت، لە باشترین حاڵەتدا بتوانێت وەک کوڕی شێخێکی تەریقەت بچێتە شوێنی باوکی و دەسەڵاتە دینییەکەی، لەناو ئەو کایە پڕ لە ململانێیەی دیندا کە باسمانکرد، درێژەپێبدات و وەک بکەرێکی پەراوێزیی ئامادەبێت. بەڵام ئەو هۆکارانە چین کە ئەم دیاردەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“یەی لەم شێوەیەی ئەمڕۆدا بەرهەمهێنا؟ ئایا دیاردەی نەھرۆ کەسنەزانی پێویستی بە چ جۆرە تێگەیشتنێکە و ئێمە لەبەردەم چ جۆرە دیاردەیەکداین؟ نەھرۆ کەسنەزانی ”شێخ“ێکی گەنجە کە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە شێخایەتی تەقلدییەوە نییە. ئەم ”شێخە“ نوێیە لەناو خوێندن و فێرگە دینییەکانەوە نەھاتوە و بەوەش نەناسراوە خاوەنی ئیجتیھاداتی ئاینیی بێت، یان لەسەر دەستی ئەم یان ئەو زانا و حەوزەی دینیی فێربووبێت، بە پێچەوانەوە ئەو لەناو سیستەمی خوێندنی عەلمانییەوە ھاتوە، زانکۆی خوێندوە و لە بریتانیا دکتۆرای لە مێژوودا ھێناوە. بەم مانایە ئەم پیاوە نە بکەرێکی دینییە و نە لەناو سیستەم و کەلەپور و ئەبستیمی دینییەوە ھاتوە. لەڕووی سیاسییشەوە کەسێکی چالاکبووە، سەردەمانێک سەرۆکی (تحالف الوحدة الوطنية) و ئەمینداری گشتیی (تجمع الوحدة الوطنية العراقي) بووە. لە ھێزێکی وەک یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیشەوە نزیکە. لەم دیدەوە ئەم ”شێخ“ە بەرھەمی سیستەمی عەلمانیی خوێندن و فێربوون و بەرھەمی کایەی سیاسیی کوردیی دونیای دوای ڕاپەڕینە. بە ھیچ مانایەک پەیوەندیی بە چیەتیی و چۆنیەتی ئیشکردنی تەریقەتە دینییە تەقلیدییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمەوە نییە. لە ئێستاشدا ئەم شێخە ھێندەی بەشوێنی پێگەیەکی سیاسییەوەیە، ھێندە بەشوێنی پێگەیەکی دینییەوە نییە. ئەو وەک خۆی دەڵێت ”موشکیلەی میللەتی کوردی گرتۆتە ئەستۆی“ وبە ”تەواسڵ لەگەڵ مەرجەعییەتەکانی تردا بەدوای حەلی موشکیلەی کوردیی“دا دەگەڕێت. بە مانایەکی تر شێخ نەهرۆ نایشارێتەوە کە خواستی سیاسیی گەورەی ھەیە و دەیەوێت سیاسەت بکات. بێگومان ئەو باش دەزانێت بەبێ پێگە دینییەکەی، کە پێگەیەکە لە خێزان و بنەماڵەکەیەوە بۆی ماوەتەوە، ناتوانێت پێگە سیاسییەکەی گەورەتر و بەھێزبکات. لەم ڕووەوە دۆخی ئەم ”شێخ“ ە تازەیە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخی منداڵەکانی بارزانیی و تاڵەبانی و نەوشیرواندا نییە. شێخ نەهرۆش هاوتای نەوە تازەکەی ناو خێزانە سیاسییە تەقلیدییەکانی هەرێم، بە حازریی تەوریسی دەسەڵاتە دینییەکەی باوکی کردووە و ئەو پێگە دینییەش دەخاتە گەڕ، بۆئەوەی بیگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێكی سیاسیی و ئابووریی. ھەر کەسێک ئەو گرتە ڤیدیۆییە کورتە بینیبێت کە ئەم ”شێخە“ ە تازەیە تیایدا قسەدەکات، ھیچ گومانێکی لا نامێنێت کە ئەو خەونی بوون بە ”مەرجەعی سیاسیی“ لە کوردستاندا ھەیە، خەونی ئەوەی ”مەرجەعییەتە دینییەکە“ی بگۆڕێت بۆ ”مەرجەعیەتی سیاسیی“ و لە ”شێخێکی دینیی“ەوە ببێت بە ”شێخێکی سیاسیی“. ئەو بە ئاشکرا لە ڤیدیۆکەدا باس لە کۆتایی تواناکانی دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەرێمدا دەکات و پێیوایە مەسەلەی کورد، بە مەسەلەی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانیشەوە، ”لە دەسەڵاتی سیاسییدا نەماوە“ بەڵکو ”گەشتۆتە دەستی دەسەڵاتی دینیی“. بێگومان مەبەستی لە ”دەسەڵاتی دینیی“ دەسەڵاتی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نییە، بەڵکو مەبەستی دەسەڵاتی تەریقەتەکەی خۆیەتی لە دۆخی گۆڕانییەوە لە دەسەڵاتێکی دینییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی حوکمڕان. ئەم ”شێخە“ تازەیە کە باس لە بنەمای ڕوانینەکانی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی دەکات، باس لەوە ناکات کە دەشێت شتێک ھەبێت ناوی ”ئیرادەی گشتیی“ بێت، کە کۆمەڵگا و نەتەوە و میللەت سەرچاوەی شەرعیەتن، بەڵکو باس لە ڕەوایەتی ”مەرجەعییەتی کەسنەزانیی“دەکات کە گوایە ٢٠٠ ملیۆن شێخ و موریدیی ھەیە لەناو کورد و غەیرە کورددا. واتە مەرجەعییەتی دینیی ئەو کە سەرچاوەی مەرجەعيیەتە سیاسییەکەیەتی مەرجەعییەتێکی ”بان نەتەوەیی“ و ”بان نیشتیمانیی“ە، ئەوەی بە ئینگلیزی پێیدەڵێن ”ترانس ناشناڵ“ Trans national. لەناو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی باڵادەست لە ناوچەکە و لە جیھاندا ئەم ”بان نەتەوەیی“ و ”بان نیشتیمانییبوونەی“ مەرجەعيیەتی کەسنەزانیی، ھێندەی وەک کۆمپنیایەکی فرەپشک دەردەکەوێت و کاردەکات، ناتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسیی دەربکەوێت و کاربکات. ئەوەشی لەپشتی ئەم دیدەوە ئامادەیە لۆژیکی کۆمپانیایەکی فرەپشکی ناو ئابورییەکی مۆنۆپۆڵکراوە. بە بۆچوونی ئەم ”شێخە“ بێت ئەم ٢٠٠ ملیۆن موریدە دەتوانن ھەم سلێمانی لە قەیرانە قووڵەکانی ڕزگاربکەن و بیگۆڕن بۆ ”پایتەختی تەسەوفی عالەمیی“، ھەم موچەی کۆی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش دابینبکەن. بەم چەشنە، وەک خۆشی دەڵێت، ”کۆتایی بەنائومێدیی“ دەھێنێت. ئەگەر ئەم قسانەی نەھرۆ کەسنەزانی بۆ زمانی ئابوریی وەربگێڕین دەکرێت بڵێین، ئەو دەیەوێت لە ”ئابوریی نەوت“ەوە کە ئابورییەکی تەواو قۆرخکراوە و شوێنی بزنسمان و سەرمایەداری نوێی تیانابێتەوە، بگوازێتەوە بۆ ئابوریی ”گەشتیاریی دینیی“، کە ئابورییەکە لە ئێستادا نەک قۆرخکراو نییە، بەڵکو لە ھەرێمی کوردستاندا ھێشتا لە دەستپێکە ھەرە سەرەتاییەکانیدایە. لەباتی کۆمپانیاکانی نەوت و سکیوریتیی، یان پرۆژەی وەک چاڤی لاند و خانوبەرە، کە تاڕادەیەکی زۆر ئەمیش قۆرخکراوە، ئەم ”سێنتەری زیکر“ و ”بازاڕی تەسەوف“ دەکاتەوە و گەشتیارانی لە ھەمو جیھانەوە بۆدەھێنێت. بەم چەشنە شێخ دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانی ئابوریی بھێنێت و ئومێد و خەندە بگەڕێنێتەوە ناو گیرفان و سەر لێوی خەڵکە ھەژارەکەی ھەرێم. مرۆڤ پێویست ناکات پسپۆڕی بواری ئابوریی سیاسیی بێت، بۆئەوەی لە خولیا و خواستەکانی پشتی ئەم پرۆژەی دروستکردنی پایتەختی تەسەوفە تێبگات. نەھرۆ کەسنەزانی کەسێکە دەیەوێت بەھەمان شەقامدا بڕوات کە سیاسەت لە ھەرێمدا پیایدا دەڕوات و وەک یاسا پەیڕەویدەکات؛ یاسای گرێدانی سیاسەت بە بازرگانییەوە، گۆڕینی کەسایەتی سیاسیی بۆ بازرگان و کەڵەکەکردنی سەرمایە لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسییەوە. ئەوەی ئەم ”شێخ“ە بەرەو سیاسەت دەبات، ئەوەی وایلێدەکات تەنھا بە دەسەڵاتی دینیی ڕازینەبێت و دانیشتن لە لوتکەی دەسەڵاتی تەریقەتە دینییەکەیدا بە بەس نەزانێت، چارەسەری ”موشکیلەی کورد“ نییە وەک ئەو دەڵێت، چونکە ”موشکیلەی کورد“ بە کردنی سلێمانی بە پایتەختی تەسەوف، یان بە دانانی ”مەرجەعیەتی کەسنەزانیی“ لە شوێنی ”مەرجەعیەتی سیاسیی خەڵک و کۆمەڵگا“ چارەسەر ناکرێت. ئەوەی ئەم ”شێخە“ گەنجە بەرەو سیاسەت دەبات، جگە لە دروستبوونی ئەو بۆشاییە سیاسییە گەورەیەی ئەمڕۆکە کە لەزۆر ڕووەوە لەو بۆشاییە دەچێت کە لە سەدەی نۆزدەھەمدا دروستبوو، ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە بەبێ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی، دەسەڵاتەکانی تر لە ھەرێمدا پارێزراو نین. بۆئەوەی بتوانیت لەپاڵ ئابوریی نەوتدا، کە قۆرخکراوە، ئابوریی گەشتیاریی دینیی دەستپێبکەیت، دەبێت لانیکەم بەشی ئەوە دەسەڵاتی سیاسییت ھەبێت کە بتوانیت ئەم ئابورییە تازەیە بپارێزێت و مۆنۆپۆڵیبکات. ئابورییەکیش لە سایەی لۆژیکی چۆنیەتی ئیشکردنی سیاسەت و تێکەڵکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابورییدا بەیەکتر کاربکات، جگە لە ئابوریی تاڵانیی و جەردەیی شتێکی دیکە نابێت. ئەم دیاردە نوێیەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“ دوای شکستی هەردوو بکەری سەرەکیی ناو کایەی سیاسیی هەرێم سەرهەڵدەدات، کە یەکەمیان خێزانە سیاسییەکانی ناو حوکمڕانییەکەیە، دووهەمیشیان ئۆپۆزیسیۆنە عەلمانیی و ئیسلامییەکەی هەرێمە کە توانای کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانی ھەرێمی نییە و ناتوانێت فشارێکی بچوکیش لەسەر مۆدێلە سوڵتانییەکەی حوکمڕانیی دروستبکات. ھەموو ئەمانەش لە دۆخی نەمانی متمانەی تەواوی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگاکە بە سەرجەمی ھێزەکان و دروستبوونی بۆشاییەکی سیاسیی گەورەدا. ئەم شێخە دێتە ناو ئەم بۆشاییە سیاسییەوە و خۆی وەک ئەلتەرناتیڤێکی نوێی ناو کایەی سیاسەت نماییشدەکات. شێخ نەهرۆ دەیەوێت وەراسەتە ئایینیەکەی وەک سەرمایەیەکی رەمزیی و مرۆیی بخاتەگەڕ و هاوشێوەی نەوە تازەکەی ناو پارتی و یەکێتی و گۆڕان بچێتە ناو کایەی سیاسەت و لەوێوە ئابوریی گەشتیاریی دینیی و دەسەڵاتی سیاسیی، بەیەکەوە گرێبدات. ئەم شێخە بە موژدەی ئابوورییەکی نوێوە دێتە ناو کایەی سیاسەت، بەڵام تەنها بانگەشەی دروستکردنی موعجیزەی ئابووریی ناکات، بەڵکو بانگەوازی رزگارکردنی ئەم میللەتە دەکات لەم رۆژی حەشرەی تیایدا دەژیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
(درەو): (10) وەزیری بەرگری لە مێژووی ئەمریكادا كە هێشتا زیندونو لەژیاندا ماون، پێكەوە نامەیەكیان نوسیوەو لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاویانكردوەتەوە. لەنامەكەدا دەڵێن، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆتایی هاتووە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری هەرجۆرە دەستێوەردانێكی سوپا لەكاتێكدا كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە نكولیكردن لە دۆڕاندنی لەبەرامبەر جۆ بایدن. نامەكە ئەم كەسانە ئیمزایان لەسەر كردووە كە پێشتر وەزیری بەرگری بوون: • دیك چینی • جیمس ماتێس • مارك ئیسپر • لیۆن بانێتا • دۆناڵد رامسفێڵد • ولیام كۆهین • چاك هاگل • رۆبەرت جیتس • ولیام بیری • ئاشتۆن كارتەر نامەكەیان هێندە توندە، گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی داوا دەكەن هێز بەكاربهێنرێت دژی هەوڵە "تێكدەر"ەكانی ترەمپ بەر لەوەی كۆنگرێس ئەنجامی دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن پەسەند بكات. وەزیرانی بەرگری لەنامەكەیاندا دەڵێن:" هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، دووبارە دەنگەكان ئەژماركراونەتەوەو پێداچوونەوە كراوە. لەلایەن دادوەرانەوە بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییەكان كراوە، حاكمی ویلایەتەكان ئەنجامەكانیان پەسەندكردووە. دەستەی هەڵبژاردنەكان دەنگی داوە، كاتی گومانكردن لە ئەنجامەكان تێپەڕێوە". نوسینی ئەم نامەیە لەلایەن وەزیرانی بەرگرییەوە لەكاتێكدایە، هەندێك لە ئەندامانی كۆماری لە كۆنگرێس دەیانەوێت پاڵپشتی لە ترەمپ بكەنو پلان بۆ ئەوە دادەنێن تانە لەسەركەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدەن لەكاتی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆنگرێستەوە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا. وەزیرانی بەرگری ئەمریكا لەنامەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەر هەوڵێكی سوپا بۆ دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەمانباتە ناوچەی مەترسیدارو كاری نایاساییو نادەستوریی. هۆشداری دەدەن لەوەی، بەرپرسانی مەدەنی یاخود سەربازی كە ئەم جۆرە هەوڵانە جێبەجێ دەكەن، روبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.
(درەو): دواجار مەسرور بارزانی کۆتایی بە (١٥ ساڵ) دەستڕۆیشتووی ئاشتی هەورامی لەبواری نەوتدا هێنا. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ناوی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، کاندیدەکە ناوی (کەمال ئەتروشی)یەو لەم هەفتەیەدا پەرلەمان لە دانیشتنێکدا متمانەی پێدەبەخشێ. ئەتروشی سیڤییەکی قورسی لەبواری خوێندن و کارکردن لە بواری نەوتدا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بە سیڤییەکەی دەتوانێت نەوتی هەرێم لە تەنگژەو ناڕوونی دەربهێنێت و بیخاتە سەر رێڕەوێکی دروست کە داهاتەکەی لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بێت و لەژێر هەژموونی کەسانی دەستڕۆیشتوو دەریبهێنێت ؟ کەمال ئەتروشی کێیە ؟ 🔹 ساڵی ١٩٥٥ لەدیکبووە 🔹 ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە کۆلیژی زانستەکانی زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. 🔹 دوای تەواوکردنی خوێندن دەستی بەکارکردن کردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا لە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (INOC)و تاوەکو ساڵی ١٩٨٥ لەم بوارە کاری کردووە. 🔹 چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و ساڵی ١٩٨٧ خوێندنی باڵای لەزانکۆی (Université de Bordeaux1)ی فەڕەنسی تەواوکردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە. 🔹 ساڵی ١٩٩١ لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. 🔹 دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ نەوت (IFB) French Petroleum Institute دەستی بەکاری توێژینەوە کردووە. 🔹 شارەزایی زیاتر لە (٣٥ ساڵ)ی لەبواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە. 🔹 لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٩ وەکو توێژەر لە کۆمپانیای (Elf)ی فەڕەنسی کاریکردووە، کە ئەوکات کۆمپانیاکە لە خۆرئاوای ئەفریقاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە. 🔹 دواتر رووی لەکارکردن کردووە وەکو راوێژکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی کەنەدا بۆ پەرەپێدانی ئەو پرۆژانەی کە لە کیشوەری ئەفریقادان، تا ساڵی ٢٠٠٥ ئەم کارەی کردووە. 🔹 لە زانکۆکانی مکگیل (McGill University)و کارلتۆن (Carleton)ی کەنەدی وەکو وانەبێژو راوێژکاری پرۆژەکانی دۆزینەوەو پەرەپێدانی گێڵکەکانی نەوت کاری کردووە، سەرپەرەشتی ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵای کردووە لەبواری جیۆفیزیادا. 🔹 ساڵی ٢٠٠٥ رووی لەکارکردن لەبواری جیۆفیزیای پێشکەوتوتردا کردووە لە کۆمپانیای نەوتی کوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت، راوێژکاری هونەری پرۆسە روپۆشەکان و بیرە نەوتەکان بووەو کارەکەی جێبەجێکردنی تەکنیکی (Microseismic reservoir performance monitoring)و تەکنیکی (Micro-gravity airborn)ی لەخۆگرتووە، کاری لەسەر راهێنان و باشکردنی توانای هونەری کارمەندانی کوەیتی کردووەو بەردەوام بووە لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانی نەوتی کوەیت تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨. 🔹 دواتر رووی لەکارکردن کردووە لە کۆمپانیای پترۆناس (PETRONAS)ی مالیزی و تاوەکو ساڵی ٢٠١٢ کاری بۆ ئەم کۆمپانیایە کردووەو نوێنەری کۆمپانیاکە بووە لە یەکێتی و دیدارە جیهانییەکاندا. 🔹 ساڵی٢٠١٢ کۆمپانیا مالیزییەکەی بەجێهێشتووەو تاوەکو ٢٠١٤ وەکو رێکخەری پرۆژە تەکنیکییەکانی بواری دۆزینەوەو وەبەرهێنان و توێژینەوەی پەرەپێدان کاری کردووە، ئەمە لەپاڵ کارکردنی وەکو راوێژکار بۆ کۆمپانیای دۆزینەوە دەرەکییەکانی نەوتی کوەیت (KUFPEC). 🔹 پاشان لەگەڵ کۆمپانیای (TOTAL)ی فەڕەنسی کاریکردووەو راوێژکاری پێشکەوتووی جیۆلۆجی ئەم کۆمپانیایە. 🔹 ئەندامه لە زۆرێک لە دەستەو رێکخراوە زانستییە جیهانییەکاندا. 🔹 لە زۆرێک لە کۆنگرە زانستییەکانی بواری جیۆلۆجیا، جیۆفیزیاو پیشەسازی نەوتدا لەسەر ئاستی جیهان، پرۆژەی خۆی هەبووە. 🔹 خاوەنی چەندین توێژینەوەیە لەبوارەکەی خۆیدا، لەوانە: 🔸 Optimal Seismic Processing and Seismic Inversion of Low Coverage 2D seismic Data, West of Amara, Southern Iraq. A Seismic Reservoir Characterization study for Mishrif, Rumaila, Zubair and Ratawi formations. 🔸Seismic Imaging of Digenesis: A Tool for Studying Hydrothermal Dolomite Systems. 🔸 Case studies of some Middle East carbonate reservoir characterization technologies. 🔸 Seismic reservoir characterization, analysis and modern approach, Optimization of low coverage 2D seismic data well-driven processing for fine-stratigraphic analysis 🔸 First Microseismic Monitoring Results for a Middle-East Carbonate. 🔸 Analytical Review of Hamrong Geology and Geophysics Data. 🔸 Systematic Evaluation of Kuwaiti Reservoirs to Determine Optimum Candidates for Underbalanced Drilling. 🔸 Microseismic monitoring of a Middle East carbonate reservoir: Minagish sensitivity test results. 🔸 First Microseismic Monitoring Results for a Middle East Carbonate Reservoir: Minagish Oil Field Case Study, Western Kuwait.
(درەو): مەسرور بارزانی، كەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكان كاندید دەكات و ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان بۆ پێدانی متمانە كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە پەرلەمان پشووی زستانەدایە. ئەو سەرچاوەیە کە خۆی داوای کرد ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە وتی:" پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سامانە سروشتییەکان یەکلاکردوەتەوەو دەیەوێت لە پەرلەمان متمانە بۆ کاندیدەکەی وەرگرێت". بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان (دکتۆر کەمال ئەتروشی)یە. (کەمال ئەتروشی) کە لەدوای دوای ئاشتی هەورامییەوە دەبێتە دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەکان لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، راوێژکاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە بۆ کاروباری وزەو مامۆستای زانکۆی ئەمریکییە لە دهۆک و ماوەیەک راوێژکاری کۆمپانیایەکی کوەیتی بواری نەوت بووە. ماوەی ساڵێک و شەش مانگە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستبەکاربووە، هێشتا پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پڕنەکردوەتەوە، یەکێتی وەکو لایەنێکی بەشداری حکومەت بەردەوام رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرێت لەبارەی ئەوەی دۆسیەی نەوتی لەدەستی خۆیدا کۆنترۆڵ کردووەو سامانە سروشتییەکان وەزیری نییەو بەشدار نییە لە وەفدی حکومەتی هەرێم و گفتۆگۆکان لەگەڵ بەغداد، لەکاتێکدا رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەند پەیوەندی بەم وەزارەتەوە هەیە.
(درەو): بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت"تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەكراوین لەوەی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست دەكات، بۆیە داوامان لە هەرێمی كوردستان كردووە بڕێك لەو نەوتەی رادەست بكات كە لە ئێستادا رۆژانە (430 هەزار) بەرمیل هەناردەی بەرندەری جەیهانی توركیا دەكات" عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نیشتمانی بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق (واع): • بڕیارە نەوت لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەببرێت، بەدیاریكراویش لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە، ئەمە بۆ هەرێمی كوردستانو حكومەتی ناوەندیش باشترە. • بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لەبەردەم كۆمپانیا جیهانییەكان شكۆ بە عێراق دەبەخشێت، بەوپێیەی تاكە لایەنە كە لەڕێگەیەوە نەوت هەناردە دەكرێت، ئەمە باشتریشە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەوت نەقۆزرێتەوە. • زۆرینەی ئەو گرێبەستانەی كە تەماشاكراون ئاماژە بەوە دەكەن نەوتی هەرێم بە كەمتر لە (6 بۆ 9) دۆلار لە نرخی ئەو نەوتە دەفرۆشرێت كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، ئەمەش زیانە. • داوامان لە هەرێمی كوردستان كردووە بڕێك لە نەوتەكەی رادەستبكات تاوەكو لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێتو سۆمۆ توانای لەخۆگرتنی نەوتی هەرێمی هەیە. • بەگوێرەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەبێت هەرێمی كوردستان (250 هەزار) نەوت یاخود داهاتی ئەو بڕە لە نەوت رادەستی سۆمۆ بكات. • رەشنوسی بودجەی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات (250 هەزار) بەرمیل رادەستبكات یاخود ئەوەی كۆمپانیای سۆمۆ بەهای نەوتی هەناردەكراو بە نرخی خۆی بخەمڵێنێتو وەزارەتی دارایی لێ ئاگادار بكاتەوە. • تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەكراوین لەوەی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست دەكات. • بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگاتە (430 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا. • هیچ زانیارییەكمان نییە لەبارەی ئەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان هەبێت لەڕێگەی بارهەڵگرو رێگەی ترەوە. • گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی هاوبەشیو خزمەتگوزارییە، رێژەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە بەپێی گرێبەستە هاوبەشەكان هەناردە دەكرێت رۆژانە رێژەكەی دەگاتە (150 بۆ 180 هەزار) بەرمیل.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) سێ ساڵ پێش کوژرانی، کتێبێک لەبارەی ژیان و یادگارەکانی جەنگی لەنێو ئێراندا بڵاوکرایەوە لە بەراییەکەیدا ئاوا وەسفی کردبوو: "ڕۆژئاواییەکان ڕوخساری حاجی قاسم ناناسن، لەم ڕووەوە ئەم مناڵەی بیابانیان لا ئاڵۆز و ترسناکە. بۆ کاوبۆیەکانی ئەمریکا، {سولەیمانی} نموونەی فەرماندەیەکی سەربازی یان ژەنراڵ ڕۆمێل یان ئایزنهاوەرە.. بەڵام قاسمی سولەیمانی بە زیرەکی جەنگاوەرییەکەی... لە تەواوی ژەنراڵە سەربازییە ناسراوەکانی سەدەی بیستەم جیاوازترە. بۆیە لە لۆژیکی کاوبۆیەکان هیچ پێناسەیەکی نییە، وەک ئەوەی لە دنیایەکی دیکەوە هاتبێت. ئەو ترسناکییەکی ڕووت و کابووسێکە، پێویستە باتمان و سۆپەرمان و سپایدەرمان بۆ جەنگی بنێرن"(١). لە تۆمارێکی ڤیدیۆییشدا، خودی سولەیمانی لە مانگی ٧ی٢٠١٨دا، هەڕەشەی لە ترەمپی سەرکۆماری ئەمریکا کرد، پێی وت: "ترەمپی قومارباز، من بەتەنهایی بەرامبەرت دەوەستم..."(٢) بەڵام دەرکەوت پرۆسەی کوشتنەکەی بۆ ترەمپ و ئەمریکییەکان هێندەش سەخت نەبوو، نە بە سپایدەرمان و نە ئایزنهاوەر، بەڵکو بە فەرمانی "قوماربازەکە" و بە درۆنێکی بێفرۆکەوان، لە نیوەشەوێکی تێکەڵ بە ئاهەنگەکانی سەرەتای سەری ساڵدا کۆتاییان بە ژیانی ژەنڕاڵە بوغرنجەکەی ئێران و دنیای شیعە هێنا.(٣) بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرۆکسییەکانی، مەرگێکی کوشندە بوو، نەک تەنها لەبەرئەوەی پیاوێکی بێبەدیل و بەهێز و سەرلەشکری سوپای قودس و دەستەڕاستی ڕێبەری کۆمار عەلی خامینەیی لەناوبرا، بەڵکو جۆری کوشتنەکە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەکانیش بۆ سەرکردەکانی ئێران بۆ خۆی شەرمن و قەرزاری بەردەم شەقامی شیعە و ئێرانی کردن. هەر ئەوکات لە لوتکەی شیرازە سیاسییەکەوە تا سەربازێکی ئاسایی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی چەند بەرامبەریان لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد، بەڵام تا ئێستاش تۆڵەکردنەوە لە جوڵە و بۆڵەی سیاسیی زیاتر، لە واقیعدا شتێکی لە برینی کوژرانی سولەیمانی بۆ هەوادارانی ساڕێژ نەکردووە. لەوەش زیاتر چەندین هەنگاوی دیکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نراوە کە ئێرانی لاوازتر کردووە و ئێران نە تۆڵەی سولەیمانی و نە لە پاشەکشەشی وەستاوە: - تەنیا لە ٢٠٢٠دا ئیسرائیل ٥٠ هێرشی کردووەتە سەر سوریا و بنکەکانی ئێرانی لەو وڵاتە بە ئامانج گرتووە و زیانی مرۆیی و ماددی پێگەیاندووە، ئێران لەبەرامبەردا تەنها بێدەنگی هەڵبژاردووە. - هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەیانجار بارەگا و بنکە و سەرباز و جبەخانەکانی ئێران یان پرۆ ئێرانییەکانی لە سوریا و عیراق بە ئامانج گرتووە و وەڵامێکی لەو شێوەیەش نەدرایەوە. (بۆ نموونە لە مانگەکانی ٣،٥و١٠/٢٠٢٠) - ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ڕێی چەند کردەیەکی نهێنی هەواڵگریی-سەربازییەوە، چەند چالاکییەکی چاوەڕێنەکراوی (لەلایەن ئێرانەوە) ئەنجام دا: ڤایرۆسیکردنی کۆمپیتەرەکانی دامودەزگاکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئێران، تەقاندنەوەی پێگەی نەتەنزی ئەتۆمی، دزینی دەیان بەڵگەنامەی نهێنیی بواریی ئەتۆمی ئێران و گواستنەوەیان بۆ ئیسرائیل کە هەر بەم بەڵگانە بوو ئیسرائیل ترەمپی قەناعەت پێهێنا تا لە ڕێککەوتنی ٥+١دا بکشێتەوە، کوشتنی کاریگەرترین زانای ئەتۆمی ئەندامی باڵای سوپای پاسداران لە نێو ئیراندا، لە کردەیەکی نهێنیدا کوشتنی محەمەد میسری کەسی ژمارە دووی ڕێکخراوی قاعیدە لە هاوینی ٢٠٢٠دا لە گەڕەکی پاسدارانی باکووری شاری تاران، کە ئێران پەنای دابوو.(٤) - سەرەڕای ئەوانەش زیادبوونی سزاکانی سەر ئێران و دابەزینی بەهای تمەن بۆ ٢٥٠٠تمان بۆ هەر دۆلارێک لانیکەم و پێکهێنانی حکومەتێکی نائێرانی لە عێراق و سنووردارکردن و بگرە سڕکردنی چەندین گرووپی حەشدی شەعبی هەر لە ساڵی ڕابردوودا، نیشانەیەکی تری نینۆککردنی ئێرانن و سیاسەتیی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا ناچار بووە بە بێدەنگیی کردەیی. شەقامی ئێرانی و سولەیمانی ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانیدا (11/٣/1957-3/١/2020ز) تێدەپەڕێت، هیچ تۆڵەیەکی وا لە بکوژان و هۆکارەکانی نەکراوەتەوە، هەر لەوکاتەوە و لەگەڵ کوژرانیدا، شەقامی ئێرانی بەسەر دوو جەمسەردا بەش بووە: ١. بەشێکیان بەهەواڵەکە دڵخۆش بوون، یان لانیکەم پێیان ناخۆش نەبوو لەوانە: ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە(چونکە بە کەوتنی هێمایەکی پایەداریی و بەهێزی کۆماری ئیسلامییان دەزانی) بەشێکی ڕیفۆرمخوازان(چونکە یادگاریی تاڵ و دوورمەودایان لەگەڵ سلێمانیدا جێهێشت بوو، لەوانە: سولەیمانی یەک لەوانەبوو کە هەڕەشەی لە خاتەمی کرد١٩٩٨ کە زیادەڕەوی نەکات، یەکێک بوو لەوانەی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵی هەبووە، لە سەردەمی ڕۆحانیشدا زۆرینەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانی لەدەستدا بوو و ڕۆڵێکی بۆ جەواد زەریف نەهێشتبووەوە کە وەزیری بەرگری بوو، تەنانەت جارێکیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەبەر دەستوەردانەکانی پێشکەکشکرد)، زۆرینەی چینی خوار و هەژاری ئێرانی(چونکە سولەیمانی ئەڵقەی پەیوەندی سیاسیی و دارایی و سەربازیی ئێران و پرۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی ناو سوپای قودس بوو-حزبوڵای لوبنان-حەماس-میلیشیاکانی عیراق و یەمەن و..تاد، لەوەدا کە ئەمانە سەرلەبەر نمەکی سولەیمانییان کردبوو، خەڵکی ئێران پێیان وایە پارەیەکی زۆری وڵات لە بژێویان دەگیرێتەوە و دەبرێتە دەرەوە و لەمانەدا خەرج دەکرێت و دۆخی ئابوورییش بەهۆی ئەوانەوە خراپە -بۆیە لە دروشمەکانیشدا دەیانووت: "نە عێراق و نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران"، وەک ئاماژەیەک کە ئەوانە بەسەر ئێرانەوە دەژین و ئێرانییەکان خۆیان برسییانە). ڕاستیشیان کرد ئاخر لە دوا لێدوانی مەحمود زەهاری یەک لە دامەزرێنەرانی حەماسی فەلەستینی و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەلەستین، نەیشاردەوە و وتی: "یەکەمین دیدارم لەگەڵ قاسم سولەیمانی ساڵی ٢٠٠٦ بوو، بۆ چەن وڵات سەفەرم کرد و دواوێستگەم لەگەڵ سولەیمانی بوو، دیدارێکی ئەرێنیمان ئەنجام دا و داواکاری خۆمانم پێووت، وتم سەرەکیترین کێشەمان پێدانی مووچەی فەرمانبەرانمانە، ئەوکات گەمارۆ درابوون، سولەیمانی دەستبەجێ وەڵامی داینەوە و ڕۆژی دواتر کاتی گەڕانەوەمان لە فرۆکەخانەدا ٢٢ملیۆن دۆلاری لە نۆ جانتای سەفەرکانماندا جێ کردووبوویەوە (نۆ کەس بوون)، ڕێککەوتنمان لەسەر زیاتر بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی نەماندەتوانی ٤٠ کیلۆ زیاتر ببەین چونکە لە فرۆکەدا ڕێپێدراو نییە."(٥) حەسەن نەسروڵاش پێشتر (٢٠١٦) نەیشاردەوە کە نان و ئاو و مووچەی حزبوڵا و مووشەکەکانی سەرجەم لە ئێرانەوە دێت.(٦) ئێرانییەکان ئەم لێدوانە و دەیانی دیکەش لە بەرپرسانی عێراقی و لوبنانی و یەمەنی دەبیستن و سەرلەبەریشیان ئەڵقەی پەیوەندییان قاسم سولەیمانی بوو. ٢. هەوادارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و شیعە و پرۆئێرانییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێش، لەوانە بوون کە نەک پێیان ناخۆش بوو، بەڵکو بە گورزێکی کوشندە و کاریگەرییان زانی، هیچیان گریان و هەڕەشە و کاردانەوەکانیان بۆ نەشاردرایەوە. ئەم هەوادارانە سولەیمانییان وەک دەستەڕاست، مالیکی ئەشتەری زەمانە، هاوڕیی هەرەباشی ڕێبەر، پایەی هێز و هەژموونی ئیران لەدەرەوە و ئەفسانەی سەربازیی ئێرانیان دەزانی. ئێستا ئێرانییەکانی لایەنگیری شۆڕش، لە واقیعدا پێچەوانەکەی دەبیننەوە، نەک تەنها سولەیمانی بەڵکو کۆی هەڕەشەی سەرکردەکانیان هێشتا نەک نەیانتوانیووە تۆڵە بستێننەوە بەڵکو بەدواشیدا وەک باسکرا چەندین ڕووداوی هاوشێوە و پەلاماری دیکە هاتووە. لە ساڵیادی کوژرانیدا، کە یادێکی فراوانی لە ناوەوە و دەرەوە بۆ کرایەوە، سەرەکیترین پرسیاری جەماوەر و میدیاکان لە بەرپرسان ئەوەبوو، بۆچی تۆڵەی سولەیمانی نەکرایەوە، لە مەراسیمی یادکردنەوەکەشدا بەرپرسانی ئێرانی هەریەکە و جۆرێک تۆڵەنەکردنەوەکەی ئاراستە دەکرد یان دووبارەی دەکردەوە: ڕۆحانی وەک هەمیشە بە وەڵامە گشتییەکانی وتی ئەوان دەستی سولەیمانییان بڕی، ئێمە پێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبڕین!(٧) سەردار سەلامی سەرلەشکری سوپای پاسدارانیش ئاراستەی تۆڵەکردنەوەکەی گۆڕی و وتی: دوو جۆر تۆڵە هەیە یەکێکیان لەبری خوێنی سولەیمانی کە بکەرانی کردەکە تۆڵەکە وەردەگرن، دووەمیش تۆڵەی ستراتیژییە کە بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەرەسپێهێنانی ئیسرائیل(٨). ئیسماعیل قائانیش شوێنگرەوەی سولەیمانی و سەرکردەی سوپای قودس بە جۆرێکی دیکە هەڕەشەی کرد و وتی ڕەنگە لە ناوخۆی ئەمریکادا وەڵامی تۆڵەکردنەوەکە بدرێتەوە(٩)... سەرلەبەری ئەم هەڕەشانە دەری دەخات کە جۆری هەڕەشە و شوێن و وردیی جێبەجێکردنەکەی لاستیکییە و هاوڕا نین، حکومەتی ڕۆحانی دەیەوێت تۆڵەکردنەوە دیبلۆماسیانە بێت و لە نێو سوپاش هەندێکی دەیەوێت کردەی سەربازی بەرامبەر ئەمریکا بێت و هەندێکیشی دەیەوێت لە هاوپەیمان و هاوکارانی ئەمریکا تۆڵەبکرێتەوە. بەڵام بەگشتی لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە تۆڵەکردنەوەی ڕاستەوخۆ دوورنییە جەنگێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە نەک خوێنی سولەیمانی بەڵکو کۆی کۆمارەکە دەخاتە مەترسییەوە و بۆیە ڕەنگە لەم قۆناغەدا ستراتیژی مروونەتی حەسەنی بەکاربهێنن تا بەرەنگاربوونەوەی حوسەینی. هەرسکردنی ئەمەش بۆ ئێرانییەکان ئاسان نییە و پێیانوایە دواکەوتنی تۆڵەکردنەوەکەی سولەیمانی لە تۆڵەوە بۆ بۆڵە سەر دەکێشێت. پەراوێز و سەرچاوە: . قاسم سلیمانی،١٣٩٥: حاج قاسم(جستاری در خاطرات حاج قاسم سلیمانی)، بە کوشش: علی اکبری مزدآبادی، انتشارات یا زهرا، تهران. ص٦. ٢ . https://www.youtube.com/watch?v=6GBhfpeFZY4 ٣. https://www.bbc.com/persian/iran-50979264 ٤ . https://www.radiofarda.com/a/israel-us-s-covert-ops-against-iran-as-iran-s-allies-on-high-alert-in-trump-s-final-weeks-in-office-/30963164.html ٥ . https://www.youtube.com/watch?v=EGV20S91TsI ٦ . https://www.youtube.com/watch?v=VFwODFdZ6Dw ٧ . http://bit.ly/3pIJh4x ٨ . http://bit.ly/2MgM8TN ٩ . http://bit.ly/2LbCLnV
(درەو): "حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆلاری چاپی كۆن كە پێی دەوترێت دۆلاری سەوز دەباتە بازاڕەكانی بەغدادو بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی دەیفرۆشێت بۆ ئەوەی دیناری عێراقیی كۆبكاتەوە" ئەمە قسەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە. محەمەد ساحب دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ملیۆنان دۆلاری ناڕوون لە بازاڕی كڕینو فرۆشتنی دراودا لە بەغداد هەیە. دەراجی بەشێوەی مەیدانی سەردانی بازاڕەكانی فرۆشتنی دراوی بیانی كردووە لە بەغداد، بەتایبەتیش بۆرسەی (كیفاح)و (حارسیە)و بۆرسەكانی تر، وەكو خۆی دەڵێ، بۆی دەركەوتووە رۆژانە (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی دەخرێنە بازاڕەكانەوە لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئاڵوگۆڕی دراوەوە. ئەم ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسلەوەدەكات، ئەو دۆلارانەی كە خراونەتە بازاڕەكانەوە پێیان دەوترێت "دۆلاری سەوز"، مەبەست لەمە ئەو (100 دۆلارییانە)یە كە چاپی كۆنن، ئەمە لەكاتێكدایە بانكی ناوەندی چاپە نوێیەكەی (100 دۆلار)یی دەفرۆشێت كە پێی دەڵێن "دۆلاری شین"، واتە ئەو دۆلارە سەوزانە سەرچاوەكەیان بانكی ناوەندی نییە. لەبارەی چاپە كۆنەكەی (100 دۆلار)یی لە بازاڕەكاندا، دەراجی ئاماژە بەوەدەكات، ئەم پارانە رێگەیەكی نایاساییو لە ئۆتۆمبیلی تایبەتدا دەگەنە هەرێمی كوردستانو سەرچاوەی ئەم پارانە پرۆسەی فرۆشتنو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە، كە لەڕێگەی بانكێكەوە لە دوبەی حەواڵەی بانكی (جی پی مۆرگن)ی ئەمریكی دەكرێتو پاشان دەچێت بۆ بانكێكی تر لە توركیا كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەو پارانە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكات. دەراجی دەڵێ:" هەرێمی كوردستان ئەو دۆلارانە لە بازاڕەكانی بەغداد دەفرۆشێت بەمەبەستی راكێشانی دیناری عێراقیی، چونكە سود لەو دینارانە دەبینێت، ئەو لایەنانەی كە دۆلارەكانی هەرێم دەفرۆشن، بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی عێراق دۆلارەكان دەفرۆشن، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەهای بازاڕی ناوخۆیی دەبێت". داوا لە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان دەكات، چاودێری ئەم پرۆسەی "مەترسیدارە" بكەن كە بەوتەی ئەو كاریگەری لەسەر ئابوری نیشتیمانیی عێراق دەبێت.
درەو : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وعێراق هۆشداری توند دەدەنە بە ئێران وئەو میلیشیایانەی كە پشتیوانیان لێدەكات، وهەڕەشەی وەڵامدانەوەی خێرا دەكەن بۆ هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر دیبلۆماتكاران و هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا. ڕۆژنامەی ”وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویكردووەتەوە ئەم هۆشداریەی واشنتۆن و بەغداد هاوكاتە لەگەڵ لەگەڵ نزیكبونەوەی یەكەمین ساڵیادی كوشتنی جەنەراڵ قاسمی سڵێمانی، بەلێدانێكی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی. لەمبارەیەوە فەرماندەی سەربازیی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، فرانك ماكێنزی، ڕایگەیاند : ”هیچ كەس ناتوانێت لە تواناكانمان بۆ بەرگری كردن لە هێزەكانمان، یان لە مامەڵەكردنمان بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك كەم بكاتەوە”. پاش بە ئامانج گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بەژمارەیەك موشەك، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شاندێكی ڕەوانەی تاران كرد، بەپێی ووتەی ڕۆژنامەكە كە لە وەریگرتووە لە پەرلەمانتاری عێراق، عامر ئەلفایز. شاندەكەی عێراق پەیامێكی ئاگادارییان گەیاندە تاران كە ئەمریكا بەرپرسیارێتی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر بەرژەوەندیەكانی، دەخاتە ئەستۆی تاران. لەم ڕۆژانەی دواییدا داواكاری ئەنجامدانی كاری توندوتیژی لەلایەن ئەو میلیشیایانەی كە پشتیوانیی دەكرێن لەلایەن ئێرانەوە ڕوو لە زیادبوون بوو. هەر بەپێی ڕۆژنامەكە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، گروپێكی هەواڵیی عێراقی سەر بە ئێران، وێنەیەكی باڵوێزخانەی ئەمریكا یان بڵاوكردۆتەوە وئەم كۆمێنتەی لەسەر دانراوە ”لەبیرت بێت هەمیشە دەتوانم ئەوە ببینم كە دەیكەیت”.
ڕاپۆرتی شیكاری: ئینستیوتی ئابووری بەژمارە قەیرانی دابەشكردنی بڕی مووچە و كاتی دابەشكردنی بابەتێكی زۆر ڕوونە، بەڵام ئینستیوتی ئابووری بەژمارە وەك ناوەندێكی شیكاری داتا و ئابووری لەم شیكاریەدا وەڵامی پرسیاری 2020؛ 8 مووچە یان 5 مووچە دابەشكراوە؟ بە پشت بەستن بە بەڵگە و داتا و زانیاریەكان دەداتەوە. پیویستە پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەوە ڕوون بكەێنەوە، دابەشكردنی مووچە لەماوەی 12 مانگ جیاوازە! لە پرسی دابەشكردنی مووچە بۆ ساڵی 2020ە، چونكە لەڕووی ژمارەیەوە سەیر بكڕێت حكومەت لەنێوان مانگی 1 بۆ مانگی 12ی ئەمساڵ 8 مووچەی دابەشكردووە. بەڵام ئایا ئەو 8 مووچەیە مووچەی ساڵی 2020 بووە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر.. ئەوەی دابەشكراوە 3 مووچەی ساڵی 2019 بووە بەڵام لە ساڵی 2020 دابەشكراوە. پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2020 مانگی 1/ كانوونی دووەم كاتی دابەشكردنی مووچە: 4/5/2020 مووچەی دابەشكراو: 892,000,000,000 ملیار دینار .................. مانگی 2/ شوبات كاتی دابەشكردنی مووچە: 26/6/2020 مووچە بەلێبڕینی 21% : 727,000,000,000 ملیار دینار ................ مانگی 3/ ئازار كاتی دابەشكردنی مووچە: 18/8/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ....................................................................... مانگی 9/ ئەیلول كاتی دابەشكردنی مووچە: 15/10/2020 مووچە بەلێبڕینی 18%: 737,000,000,000 ملیار دینار ........................................................ مانگی 10/ تشرینی یەكەم كاتی دابەشكردنی مووچە: 2/12/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ........................................................................................................ پەیوەندار بەدابەشكردنی مووچە لەساڵی 2020دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا مووچەی 5 مانگی دابەشكردووە لەكاتێكدا 4 مانگی بەلێبڕینەوە دابەشكراوە كە دەكاتە 81% مووچەیەكی تەواو. واتە یەك مووچەی تەواو و 4 مووچە بە لێبڕین و 3 مووچە پاشەكەوت كراوە لەسەر كابێنەی هەشتەم و 4 مووچەش بەنادیاری ماوەتەوە لە كابینەی هەشتەم. ئەگەر سەیری خشتەی دابەشكردنی مووچە لە ساڵی 2020دا بكەین لە زۆركاتدا 50 رۆژ جارێك مووچە دابەشكراوە و ئەویش بە لێبڕینی 21% لە كۆی گشتی مووچە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كابینەی نۆیەم بە بیانوی خۆگونجاندن لەگەل حكومەتی عێراق مانگەكانی (4/5/6) بە پاشەكەوت ئەژماركردوە لەسەر كابینەی هەشتەم. لەهەمان ساڵدا كابینەی نۆیەم ساڵی 2020 بەجیدەهیڵێت بەبی ئەوەی ڕوونكردنەوە بدات لەسەر مووچەی مانگەكانی (7/8/11/12) و هەروەها لێبڕینی مووچەی مانگەكانی( 2/3/ 9/10) كە دەكاتە 81% كۆی گشتی مووچەی مانگی مووچەخۆرێك.. لەبەرئەوە ساڵی 2020 نەك 5 مووچە دابەشنەكراوە، بەڵكو 4 مووچە و 19% مووچەیەك دابەشكراوە. بەپێی خەمڵاندانەكان بڕی پارەی پیویستی بەردەستی حكومەت بۆ دابەشكردنی 5 مووچەی مانگەكان لەساڵی 2020 بڕەكەی 3ترلیۆن و 810 ملیار دینار بووە، بەپێی نوسراوێكی حكومەتی عێراق لەماوەی ساڵی 2020 بڕی 2ترلیۆن و 81 ملیار دینار لەچوارچێوەی شایستە داراییەكان بۆ ساڵی 2020 ڕەوانەكردووە، واتە دوای لیدەركردنی بڕی تەرخانكراوی حكومەتی عێراق دەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی 2020 تەنیا بڕی 1ترلیۆن و 729 ملیار دیناری تەرخانكردووە كە تەنیا 45% كۆی مووچەی دابەشكراوی ساڵی 2020ە. * بیلال سەعید، سەرۆكی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە
درەو: داهاتی نەوتی عێراق گەیشتە ( 4 ملیارو 213 ملیۆن) دۆلار و بە بەرارود بە مانگی رابردوو نزیكەی ( ملیارێك) دۆلار زیادی كردووە. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی كانونی یەكەمی 2020ی بڵاوكردەوە بە جۆرێك فرۆشی نەوتی عێراق (88 ملیۆن و 211 هەزارو 750) بەرمیل نەوت بووە ، بە بەراورد بە مانگی رابردوو ( تشرینی دووەم ) كە داهاتی نەوتی عێراق ( 3 ملیار و 403 ملیۆن) دۆلاربووە، بەو پێیە داهاتی نەوتی عێراق نزیكەی ( ملیارێك) دۆلار زیادی كردووە. - لە مانگى كانونی یەكەمدا رۆژانە (2 ملیۆن و 846 هەزار) بەرمیل نەوتی رەوانە كراووە. - نرخی یەك بەرمیل نەوت لە مانگی كانونی یەكەمدا بە ( 47 دۆلارو 765 سەند) فرۆشتووە.