10 فەرماندەی هێزی دەریایی توركیا دەستگیركران

Draw Media

2021-04-05 15:33:58



 (درەو):
لەسەر نامەیەك كە تێیدا رەخنە لە پرۆژەیەكی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرن‌و بە مەترسی بۆ هاتوچۆی ئازاد لە تەنگەی بۆسفۆر ناوی دەبەن، دەسەڵاتدارانی توركیا (10) فەرماندەی خانەنشینی هێزی دەریایی وڵاتەكەیان دەستگیركرد. 

نامەیەك ئەردۆغان توڕە دەكات
لەنامەیەكی كراوەدا بۆ رایگشتی وڵاتەكەیان، زیاتر لە (100) فەرماندەی خانەنشینی هێزی دەریایی، هۆشدارییان بە حكومەتی توركیادا لەبارەی كشانەوە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی "مۆنترۆ" كە ساڵی 1936 ئیمزاكراوە‌و كۆنترۆڵی جموجوڵی دەریایی دەكات لە تەنگەی بۆسفۆر. 
لەم نامەیەدا، ئەو فەرماندە خانەنشینانە "نیگەرانی" خۆیان نیشاندا بوو لە كردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن حكومەتی توركیاوە سەبارەت بەو پەیماننامەیە، چونكە بەوتەی ئەوان پەیماننامەكە" بەرژەوەندییەكانی توركیا بە باشترین شێوە دەپارێزێت".
پەیماننامەی مۆنترۆ، هاتوچۆی ئازاد لە تەنگەی بۆسفۆرو دەردەنیل بۆ كەشتییە مەدەنییەكان لەكاتی شەڕو ئاشتیدا زامن دەكات، هەروەها هاتنی كەشتییە سەربازییەكان لەو وڵاتانەوە رێكدەخات كە ناكەونە سەر دەریای رەش. 
كەناڵی (NTV)ی توركیا رایگەیاند، ئەو گەورە فەرماندانەی كە دەستگیركراون، تۆمەتباركراون بە "بەكارهێنانی هێزو توندوتیژی بۆ لەناوبردنی سیستمی دەستوری توركیا". 
دوێنێ دواكاری گشتی توركیا دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە بەیاننامەكەی ئەو فەرماندە خانەنشینانەی سوپا، بەمەبەستی زانینی ئەوەی ئایا لەو نامەیەدا تاوانیان دژی ئاسایشی دەوڵەت‌و سیستمە دەستورییەكەی ئەنجامداوە یاخود نا. 
ئێستا (10) فەرماندە دەستبەسەرن‌و چوار ئەفسەری تر فەرمانیان بۆ دەرچووە بچنە بەردەم دادگا، بەڵام بەهۆی تەمەنیانەوە دەستگیرنەكراون، بازنەی ئەوانەی تۆمەتباركراون فراوانترە، چونكە فەخرەدین ئالتون بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە تویتێكدا نوسیویەتی:" نەك هەر ئەوانەی كە ئیمزایان لەسەر نامەكە كردووە، بەڵكو ئەوانەشی كە هانیداون بۆ ئەو كارە، دەبرێنە بەردەم دادگا". 

كەناڵێكی ئاویی نوێ
هۆشداریدانەكەی فەرماندە خانەنشینەكان دوای ئەوەهات، حكومەتی توركیا نیازی خۆی نیشاندا لە دەرەوەی پەیماننامە، كەناڵێكی ئاویی نوێ بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی بوسفۆڕ دروستبكات بەمەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی. 
مانگی رابردوو حكومەتی توركیا رەزامەندی نیشاندا لەسەر پلانی پەرەپێدانی كەناڵێكی نوێ لە ئیستانبوڵ هاوشێوەی هەردوو كەناڵی پەنەماو سوێس بەناوی "كەناڵی ئیستانبوڵ"، ئەمەش مشتومڕی لەبارەی چارەنوسی پەیماننامەی مۆنترۆ دروستكرد. 
"كەناڵی ئیستانبوڵ" یەكێك لەو پرۆژانەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ناوی لێناون "پرۆژە سەرسامكەرەكان"و لە 18 ساڵی رابردوودا بونەتە ژێرخانی توركیا لەنمونەی فڕۆكەخانە‌و پردو تونێل‌و رێگا. 
دەسەڵاتداران بایەخی دروستكردنی ئەم كەناڵە ئاوییە نوێیە بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر كەناڵی بۆسفۆر دەگڕێنەوە‌و دەڵێن رێڕەوی ئاویی نێوان ئەوروپا‌و ئاسیا لە تەنگەی بۆسفۆرو دەردەنیل بەهۆی هاتوچۆو قەرەباڵغییەوە داخراوە‌و لەم ساڵانەی دوایدا روداوی زۆری بەخۆوە بینیوە.
تەنگەی بۆسفۆر لە ئیستانبوڵ یەكێكە لە رێڕەوە سەرەكییەكانی بازرگانی جیهانیی، ساڵی رابردوو (38 هەزار) كەشتی بەم رێڕەوەدا تێپەڕیون. 
بەڵام ئەوانەی نەیاری پرۆژەی كەناڵە ئاوییە نوێیەكەن دەڵێن، سەرباری كاریگەرییە ژینگەییەكانی، پرۆژە نوێیەكە رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی پەیماننامەی مۆنترۆ.

ترس لە كودەتا 
حكومەت دەڵێ نامەكەی ئەو فەرماندانە دەستوەردانێكی روونە لە كاروباری حكومەتدا، وتەبێژی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی وڵات، نامەكەی چواند بە سەردەمی كودەتا سەربازییەكان كە سوپا دەستوەردانی لەكاروباری سیاسیدا دەكرد. 
كودەتای سەربازی لە توركیا وەكو بابەتێكی هەستیار تەماشا دەكرێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە هێشتا سوپا خۆی بە پارێزەری دەستوری عەلمانیی وڵات بزانێت‌و لەماوەی 1960وە بۆ 1980 سێ كودەتای سەربازی لە وڵاتدا رویدابێت، لە ساڵی 2016دا هەوڵێك بۆ لادانی ئەردۆغان لە حوكم هەبوو، كە بەرپرسیارێتییەكەی خرایە ئەستۆی لایەنگرانی فەتحوڵلا گوڵەن لەناو سوپادا. 
بەرپرسانی توركیا بە توندی وەڵامی نامەی فەرماندە خانەنشینەكانیان دایەوە لەبارەی چارەنوسی پەیماننامەی مۆنترۆ، وەكو بانگەوازكردن بۆ "كودەتا" ناویان برد. 
مستەفا شەنتۆپ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوێنێ وتی:" رادەربڕین شتێكە‌و ئامادەكاریی بۆ بانگەوازێك كە سەر بۆ كودەتا بكێشێت، شتێكی ترە".
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماریش لە تویتێكدا نوسی:" دەبێت فەرماندەكان دەریاوانەكان بزانن نەتەوەكەمان بەڕێزە‌و نوێنەرەكانی هەرگیز رێگە بەم عەقڵیەتە نادەن".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand