راپۆرتی: پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE بە پێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن هەریەک لەو ئەنجامانەی حزبەکان لەسەرەوە بەدەستیانهێناوە زیادو کەمدەکات، ئەویش بە رەچاوکردنی ئەم گریمانانە: {کۆتای ئافرەتان ، بوونی کاندیدی سەربەخۆ ، بایکۆتی هەڵبژاردنەکە ، بوونی کاندیدی بەهێزو خاوەن پێگە ، دروستکردنی هاوپەیمانێتی فەرمی ، ئاڕاستەکردنی ژێربەژێری دەنگدەری لایەنێک بۆ لایەنێکی تر، بوونی ناکۆکی ناوخۆی حزبەکان}. پوختەی جێبەجێکار ئەم راپۆرتە دهنگەکانی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو) له ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان وەگەڕدەخاتەوە، تا بزانێت هەر حزبێک لەسەر ئاستی ١٢ بازنەکەی هەرێمی کوردستان چەند کورسی لە ههڵبژاردنی داهاتووی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراقدا بەردەکەوێت. پێشهكی یاسای نوێی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق واقیعێکی تازەی هێناوەتە ئاراوە، کە پێویستی بە داتاو زانیاری تازە هەیە بۆئەوەی بتوانرێت خوێندنەوەی تازە بۆ لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی بکرێت. ئەوەی هەتا ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا کێشەیەکی باوە ئەوەیە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی یەک بازنەی هەرێم یان لەوپەڕی حاڵەتدا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگاکان راگەیاندراون، هەربۆیە ئەم راپۆرتە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە خاڵێکی گرنگی خۆی دەزانێت و دەنگی حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر ئاستی ئەو دوانزە بازنەی هەڵبژاردنە شیکارکردووە، کە قەبارەی هەریەکەیان لە دوو بۆ پێنج قەزا پێکهاتووە، بەو جۆرەی لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەقنوسکراوە. ئەم راپۆرتە هەوڵدەدات ئەو جیاوازییه بدۆزێتەوە کە بەسەر ژمارەی کورسییەکانی حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردندا دێت بەهۆی هەریەک لە بچوککردنەوەو زیادکردنی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و شێوەی مامەڵەکردنی حزبەکان لەگەڵ ژمارەی کاندیدەکان و چۆنایەتی کاندیدەکان و هاتنەناوەوەی کاندیدی سەربەخۆ، کە ئەوانە هەمووی زادەی گۆڕینی سیستمی ههڵبژاردنەکەیە لە "لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی"یەوە بۆ سیستمی "زۆرینەی یەک دەنگی نەگوێزراوە". ئەم راپۆرتە ئاوێنەیەکە بۆ حزبەکانی هەرێمی کوردستان تا لە رێیەوە خاڵە لاوازو بەهێزەکانی خۆیانی لەسەر ئاستی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا تێدا ببیننەوەو هاوکات رێنیشاندەریشیان دەبێت بەوەی چۆن لە ١٢ بازنەکەی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا مامەڵەیەکی وردو عەقلانی بکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوه دەنگە بەدەستهاتووەکانیان لە هەر بازنەیەکدا وەگەڕبخەن. نکۆڵی لەوە ناکرێت کە زۆربەی زۆری حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی لیستی سەد کەسییەوە ئەو ئەنجامانەیان بەدەستهێناوە، کە لەم راپۆرتەدا هاتووە، هەربۆیە کاتێک لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی کاندیدەکان کەمدەبنەوە بۆ چارەکی ئەو ژمارەیەو هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەوە دەبێتە دوانزە بازنەو کاندیدی سەربەخۆ، وەک بکەرێکی نوێ، دێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەوە، لەوکاتەدا بە دڵنیاییەوە. ئەنجامەکانیش وەکخۆیان نامێننەوەو کەم و زۆر گۆڕانیان بەسەردا دێت! بەڵام بۆئەوەی راپۆرتەکە بتوانێت لەو ئەنجامانەی حزبەکان وێنەیەکی نزیک دەستبخات، ئەنجامەکانی لە بازنە بچوکە نوێیەکاندا بە سیستمی (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی / دابەشکاری هەڵبژاردن/ باقی الاقوی) شیکارکردووەو دواتر لەبەر رۆشنایی ئەو کورسییانەی هەر حزبێک لەو بازنەیەدا بەو سیستمە بەریکەوتووه، سیستمی (زۆرینهی یهك دهنگی نهگوێزراوه)ی بەشێوەیەکی گریمانەیی و مەرجداری بەسەردا تاقیکردۆتەوه. ماوەتەوە بڵێین ئەو ئەنجامانەی لەم راپۆرتەدا حزبەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا (٢٠٢١) لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەدەستیدەهێنن، ئەنجامێکی گریمانەییەو بە رەچاوکردنی چەند فاکتەرێکی گۆڕاوی وەک (بوونی کاندیدی سەربەخۆ ، کۆتای ئافرەتان ، بایکۆتی هەڵبژاردنەکە، بوونی کاندیدی بەهێزو خاوەن پێگە، دروستکردنی هاوپەیمانێتی فەرمی، ئاڕاستەکردنی ژێربەژێری دەنگدەری لایەنێک بۆ لایەنێکی تر، بوونی ناکۆکی ناوخۆی حزبەکان) ئەگەری زیادبوون یان کەمبوونی کورسی بۆ هەریەک لەو حیزبانە لە ئارادایە. بازنهكانی پارێزگای ههولێر كۆی ژمارهی دانیشتوانی پارێزگای ههولێر: 1.903.609 كهس كۆی ژمارهی دهنگدهر (1,193,516) دەنگدەر کۆی ژمارەی بنکەی دەنگدان: 498 بنکە کۆی ژمارەی وێستگەی دەنگدان(2563) وێستگە كۆی ژمارهی كورسی: 15 كورسی/ 4 كورسی بۆ كۆتای ژنان پێكهاتهی مهسیحی: 1 كورسی ژمارهی بازنهی ههڵبژاردننەکانی پارێزگاری هەولێر : 4 بازنه، بهم شێوهیهی خوارهوه: o بازنهی یهكهم: بهشی رۆژههڵاتی قهزای ناوهندی ههولێر o بازنهی دوهم: بهشی رۆژئاوای قهزای ناوهندی ههولێر o بازنهی سێیهم: سۆران + مێرگەسۆر + رهواندز + چۆمان + شەقڵاوە o بازنهی چوارهم: دەشتی هەولێر+ کۆیە + خەبات خشتهی دوهم: ئهنجامی دهنگی بهدهستهاتوی پارته سیاسییهكان و ئەو کورسیانەی بە سیستمی (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ دابەشکاری هەڵبژاردن/ زۆرترین دهنگی ماوه) بەریاندەکەوێت. دەرهێنانی ئەنجامەکان به سیستمی نوێی ههڵبژاردن: لهبهر رۆشنایی ئهو ئهنجامانهی سهرهوه له بازنهی یهكهمی پارێزگای هەولێردا، ئهنجامی بردنهوهی كورسی پارته سیاسییهكان، به سیستمی زۆرینهی یهك دهنگی نهگوێزراوه، بهم شێوه گریمانهییهی خوارهوه دهبێت: - پارتی دیموكراتی كوردستان دهتوانێت لهم بازنهیهدا تهنها دوو كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی دوو كورسی مسۆگهر بكات، لهبارێكدا ئهگهر سێ كاندید یان زیاتری ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات و لهم بارهدا ئهگهری ئهوهی ههیه كورسییهك له دهست بدات. - ئهگهر یهكێتی نیشتیمانی كوردستان تهنها یهك كاندیدی لهم بازنهیهدا ههبێت ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهره، بهڵام ئهگهر زیاتر له یهك كاندیدی ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات، خۆ ئهگهر تاكه كاندیدهكهی ئافرهت بێت، ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهر تره. - جوڵانهوهی نهوهی نوێ دهبێت تهنها یهك كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی یهك كورسی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - كۆمهڵی ئیسلامی لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - بزوتنهوهی گۆڕان لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - یهكگرتوی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی نیه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - لهبارێكدا ئهگهر لهم بازنهیهدا كاندیدی سهربهخۆی بههێز لەدەرەوەی ئەو لایەنانەدا ههبوو، ئهوا ئهگهری گۆڕینی ئهنجامهكانی سهرهوه دێته ئاراوه. خشتهی دوهم: ئهنجامی دهنگی بهدهستهاتوی پارته سیاسییهكان و ئەو کورسیانەی بە سیستمی (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ دابەشکاری هەڵبژاردن/ زۆرترین دهنگی ماوه) بەریاندەکەوێت. لهبهر رۆشنایی ئهو ئهنجامانهی سهرهوه له بازنهی دووهمی پارێزگای هەولێردا، ئهنجامی بردنهوهی كورسی پارته سیاسییهكان، به سیستمی زۆرینهی یهك دهنگی نهگوێزراوه، بهم شێوه گریمانهییهی خوارهوه دهبێت: - پارتی دیموكراتی كوردستان دهتوانێت لهم بازنهیهدا تهنها دوو كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی دوو كورسی مسۆگهر بكات، لهبارێكدا ئهگهر سێ كاندید یان زیاتری ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات و لهم بارهدا ئهگهری ئهوهی ههیه كورسییهك لهدهست بدات. - یهكێتی نیشتیمانی كوردستان مهحكومه بهوهی لهم بازنهیهدا تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر تاكه كاندیدهكهی ئافرهت بێت، ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهر تره. - جوڵانهوهی نهوهی نوێ دهبێت تهنها یهك كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی یهك كورسی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - كۆمهڵی ئیسلامی لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - بزوتنهوهی گۆڕان لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - یهكگرتوی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی نیه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - لهبارێكدا ئهگهر لهم بازنهیهدا كاندیدی سهربهخۆی بههێز لەدەرەوەی ئەو لایەنانەدا ههبوو، ئهوا ئهگهری گۆڕینی ئهنجامهكانی سهرهوه دێته ئاراوه. خشتهی دوهم: ئهنجامی دهنگی بهدهستهاتوی پارته سیاسییهكان و ئەو کورسیانەی بە سیستمی (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ دابەشکاری هەڵبژاردن/ زۆرترین دهنگی ماوه) بەریاندەکەوێت. دەرهێنانی ئەنجامەکان به سیستمی نوێی ههڵبژاردن: لهبهر رۆشنایی ئهو ئهنجامانهی سهرهوه له بازنهی سێیەمی پارێزگای هەولێردا، ئهنجامی بردنهوهی كورسی پارته سیاسییهكان، به سیستمی زۆرینهی یهك دهنگی نهگوێزراوه، بهم شێوه گریمانهییهی خوارهوه دهبێت: - پارتی دیموكراتی كوردستان دهتوانێت لهم بازنهیهدا تهنها سێ كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی سێ كورسی مسۆگهر بكات، لهبارێكدا ئهگهر سێ كاندید یان زیاتری ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات و لهم بارهدا ئهگهری ئهوهی ههیه كورسییهك لهدهست بدات. - یهكێتی نیشتیمانی كوردستان مهحكومه بهوهی لهم بازنهیهدا تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر تاكه كاندیدهكهی ئافرهت بێت، ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهرتره. - بزوتنهوهی گۆڕان لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - جوڵانهوهی نهوهی نوێ دهبێت تهنها یهك كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی یهك كورسی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - كۆمهڵی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی كهمه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - یهكگرتوی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی نیه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - لهبارێكدا ئهگهر لهم بازنهیهدا كاندیدی سهربهخۆی بههێز لەدەرەوەی ئەو لایەنانەدا ههبوو، ئهوا ئهگهری گۆڕینی ئهنجامهكانی سهرهوه دێته ئاراوه. خشتهی دوهم: ئهنجامی دهنگی بهدهستهاتوی پارته سیاسییهكان و ئەو کورسیانەی بە سیستمی (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ دابەشکاری هەڵبژاردن/ زۆرترین دهنگی ماوه) بەریاندەکەوێت. دەرهێنانی ئەنجامەکان به سیستمی نوێی ههڵبژاردن: لهبهر رۆشنایی ئهو ئهنجامانهی سهرهوه له بازنهی چوارەمی پارێزگای هەولێردا، ئهنجامی بردنهوهی كورسی پارته سیاسییهكان، به سیستمی زۆرینهی یهك دهنگی نهگوێزراوه، بهم شێوه گریمانهییهی خوارهوه دهبێت: - پارتی دیموكراتی كوردستان دهتوانێت لهم بازنهیهدا تهنها دوو كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی دوو كورسی مسۆگهر بكات، لهبارێكدا ئهگهر سێ كاندید یان زیاتری ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات و لهم بارهدا ئهگهری ئهوهی ههیه كورسییهك لهدهست بدات. - ئهگهر یهكێتی نیشتیمانی كوردستان تهنها یهك كاندیدی لهم بازنهیهدا ههبێت ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهره، بهڵام ئهگهر زیاتر له یهك كاندیدی ههبێت ئهوا ریسك به دهنگهكانیهوه دهكات، خۆ ئهگهر تاكه كاندیدهكهی ئافرهت بێت، ئهوا ئهگهری دهرچونی مسۆگهرتره. - جوڵانهوهی نهوهی نوێ دهبێت تهنها یهك كاندیدی ههبێت بۆئهوهی ئهگهری بردنهوهی یهك كورسی زۆربێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - بزوتنهوهی گۆڕان لهم بازنهیهدا مهحكومه بهوهی تهنها یهك كاندیدی ههبێت، خۆ ئهگهر كاندیدهكهی ئافرهت بێت ئهوا ئهگهری بردنهوهی كورسی كۆتای ژنانی زیاتره. - كۆمهڵی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی زۆر كهمه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - یهكگرتوی ئیسلامی لهم بازنهیهدا ئهگهری بردنهوهی كورسی نیه، تهنها ئهگهری ئهوهی لهبهردهمدایه كه دهنگهكانی ئاراستهی كاندیدی لایهنێكی تر بكات به ئامانجی ئهوهی ئهو لایهنهش له بازنهیهكی تردا قهرهبوی دهنگهكانی یهكگرتو بكاتهوه. - لهبارێكدا ئهگهر لهم بازنهیهدا كاندیدی سهربهخۆی بههێز لەدەرەوەی ئەو لایەنانەدا ههبوو، ئهوا ئهگهری گۆڕینی ئهنجامهكانی سهرهوه دێته ئاراوه. دەقی راپۆرتەكە file:///D:/444/%D8%B1%D8%A7%D9%BE%DB%86%D8%B1%D8%AA-6-%D9%87%DB%95%DA%B5%D8%A8%DA%98%D8%A7%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C%DB%8C%20%D9%86%D9%88%DB%8E%20%D9%88%20%D8%B3%DB%8C%D8%B3%D8%AA%D9%85%DB%8C%20%D9%86%D9%88%DB%8E%20-2021-%20%DA%A9%DB%86%D8%AA%D8%A7%DB%8C%DB%8C.pdf
ئاراس فەتاح – مەریوان وریا قانع (دووشەممەی هەموو هەفتەیەك تایبەت بۆ درەو دەینوسن) وەک بەشێکی گەورەی جیھان، ھەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ھەرێمەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کەسانێکی زۆریش گیانیان لەدەستداوە. ئاستی تووشبوونیش بە ڤایرۆسەکە ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە. ھەموو ئەمانەش بوونەتە هۆکاری پەککەوتنی چەندان دەرکەوتی تایبەتیی سەرەکیی و بنەڕەتیی، لە ژیانی گشتییدا. ئەوەی جێگای تێڕامانە، بە پێچەوانەی زۆر شوێنی تری جیھانەوە، لە هەرێمی کوردستاندا شتێک بەناوی بیرکردنەوە و خۆئامادەکردن بۆ ”دنیای دوای کۆرۆنا“، بوونی نییە. لانی ھەرەکەمی سەرقاڵبوون بە چارەسەرکردنی ئەو کەلێن و نوقسانییە گەورانەوە لەئارادا نییە کە کۆرۆنا لە زیاد لە دەرکەوتێکی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا نیشانیداوە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ھەمان بێباکیی و ھەمان نابەرپرسیارێتیی و ھەمان شێوازی حوکمڕانیی سوڵتانیی بەردەوامە. بۆ نموونە، ئەگەر لە بەشێکی گرنگی وڵاتە ئەوروپییەکاندا گفتوگۆی ھەمەلایەن دەربارەی دەستکاریکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و بازاڕ بکرێت و باس لە زیندوکردنەوە و بەھێزکردنەوەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ و سنووردارکردنی لۆژیکی نیولیبرالیزم بکرێت؛ ھاوکات بیر لە گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆری خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بکرێتەوە، پلانی کڕین و بەکارھێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و کوتانی هاونیشتیمانیانی ئەو وڵاتانە دابنرێت، واتە، بە مانایەک لە ماناکان، بیر لە کۆتاییھێنان بە سەردەمێکی مەترسییدار بۆ سەر ئاساییشی تەندروستیی و دروستکردنی سەردەمێکی نوێ بکرێتەوە، ئەوا لە دونیای ئێمەدا ھیچ یەکێک لەو بابەتانە نابینرێن و ھیچ پرسیارێک بەو ئاراستەیەدا بوونی نییە. بێپلانیی و گوێپێنەدان و خەمساردییەکی کەموێنە لە بەڕێوەبردنی وڵات و لە پاراستنی ژیانی ئینسانی ئێمەدا، لەئارادایە. ھاوکات هەموو داتا و هێماکان پێماندەڵێن کە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاساییشی تەندروستیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵگاکە خۆی. لە ڤایرۆسەکە ترسناکتر ئەو عەقڵیەتی حوکمڕانیی و مۆدێلی دەسەڵاتەیە کە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدا دەرگیرن. دۆخەکە لای ئێمە ڕێک وەک ئەوە وایە کۆرۆنا ڕێی نەکەوتبێتە ناو ئەو کۆمەڵگایەوە، ھیچ کێشە و تەحەدایەکی دروستنەکردبێت، چەندان کەلێن و نووقسانیی و کورتھێنانی ترسناکی ئاشکرانەکردبێت. لەڕاستییدا لەپاڵ ھاتنی کۆرۆنادا چەندان قەیرانی ئابوریی و سیاسیی گەورە و قووڵتر ھاتونەتە کایەوە کە بەیەکەوە پڕوکانێکی دەستەجەمعیی و ئیفلاسێکی ھەمەلایەن، لە زیاد لە بوارێکدا، بەرجەستەدەکەن. بە ھیچ یەکێکیش لەو قەیرانانە نەک تەنھا وەڵامێکی ڕاستەقینە، بەڵکو ئەگەری وەڵامێکیش، بوونی نییە. ئەوەی لەناو ئەو پڕوکانە گەورەیەدا دەیبینین ھەمان ئەو دەموچاوانەیە کە نزیکەی سی ساڵە وڵاتەکە لەم قەیرانەوە بۆ ئەو قەیران دەگوازنەوە و بێباکانە بەناو ئەو کارەساتانەدا تێدەپەڕن کە خۆیان دروستکەر و بەرھەمھێنەرین. بۆ نموونە، ئەو سیستەمە تەندروستییەی لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە و ئەو فەرامۆشکردنە نابەرپرسیارانەیەی بەرامبەر بە سێکتەری تەندروستیی و کارمەندانی هەیە، نەک لە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا نییە، بەڵکو ھەڵگریی لانی ھەرەکەمی ئەو یەکسانییەش نییە کە پێویستە سیستەمی تەندروستیی ھەڵگریبێت و بەھۆیەوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ ھاوڵاتیان مەیسەر بکات. پلان و عەقڵییەتی بەکۆمپانیاکردنی سیستەمی تەندروستیی زیانێکی گەورەی بە ئاساییشی تەندروستیی کۆمەڵگاکە گەیاندوە و ئەم خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەی گۆڕیوە بۆ بازرگانییەکی ڕووت، بازرگانییەکی پڕ گەندەڵیی و گەڕۆک بەدوای قازانجی خێرادا. بەجۆرێک خەڵکانێکی زۆر دروستبوون کە پارەی تێچونی پشکنینە سەرەتاییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان نییە و نائومێدانە لەناو ماڵەکانی خۆیاندا دەمرن. پرۆسەی بەتایبەتیکردنی کەرتی تەندروستیی لە ھەرێمدا و دروستکردنی ئەو ھەموو نەخۆشخانە تایبەتە گرانبەھایانە، شەپازلەیەکی گەورەیە لە ڕوخساری ئەم کەرتە و وێرانکردنێکی ھەمەلایەنەی ئەو پرنسیپە ئەخلاقیی و سیاسییە گرنگەیە کە پێ لەسەر دەستەبەرکردنێکی یەکسانانەی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ کۆمەڵگا، دادەگرێت. گۆڕینی نەخۆشخانەکان بۆ کۆمپانیا یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی ئەم مۆدێلە سوڵتانییە کوردییە لە حوکمڕانیی. کەرتی خزمەتگوزاریی پەروەردە و فێربوونیش، لە ھەموو ئاستەکاندا، لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆکان، بەناو ھەمان پرۆسەی بەتایبەتیکردن و بەکۆمپانیاکردن و وێرانکردندا تێپەڕیوە. کایەی پەروەردە، یەکێکە لەو سێکتەرە گرنگانەی خزمەتگوزاریی کە پێویستە بە یەکسانیی لەبەردەمی سەرجەم منداڵانی کوردستاندا کراوەبێت. پێویستە وەک ”سەرەتایەکی یەکسان“ و بێجیاوازیی زۆر لە کۆمەڵگاکەدا ئامادەبێت. بەڵام بەهەمان شێوەی کایەی تەندروستیی، سێکتەری پەروەردەش گۆڕاوە بۆ بزنسێکی تایبەت و لۆژیکی کۆمپانیا ئاراستەی دەکات. بەجۆرێک ھێڵێکی شاقوڵیی نایەکسانیی لە نێوان منداڵانی خێزان و چینە دەستڕۆشتوەکانی وڵاتەکە و لە نێوان زۆرینەی منداڵانی سەر بەچینەکانی خوارەوەدا، کێشاوە. بەکۆمپانیاکردنی خوێندن تاوانێکی گەورەی تری ئەم نوخبە سوڵتانییە حوکمڕانەیە. لە بوارێکی گرنگی دیکەدا، کە بواری کارەبایە، حکومەتەکەی ھەرێم لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، سەرقاڵی بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزاریی ئەم بوارەشە لە ھەرێمدا. بەمەش یەکێکی تر لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە ژێر دەستی دەوڵەت دەردەھێنرێت و دەبەخشرێت بە کەرتی تایبەت، کە ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستاندا لە دەرەوەی لانیکەمی بوونی یاسا و چاودێریکرن و لێپرسینەوەدایە. لەزۆر ڕووشەوە کەرتێکی تەواو مۆنۆپۆڵکراوە بۆ پارەدارە گەورەکانی وڵاتەکە، کە زۆرینەی ھەرە زۆریان ئەندام و دۆستی خێزان و بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکانن، یان موڵکی ئەو کۆمپانیایانەن کە حیزبە حوکمڕانەکان بۆ خێزانە سیاسییەکانی خۆیانیان دروستکردوە. ئەو سێ نموونەیەی سەرەوەی دۆخی بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا، کە بێگومان ھەموو نموونەکان نییە، نیشاندەری دۆخێکی تۆقێنەرە و ھاتنی کۆرۆناش ڕوکارە ترسناکەکانی ئەم بە کۆمپانیاکردنەی بەئاشکرا بە ھەمووان نیشانداوە. نەخۆشخانە گشتییەکان پشتگوێخراون و موچەی کارمەندانیان دابینناکرێت. خەڵکانێکی زۆر پارەی کڕینی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا نییە، بۆیە رۆژانە ژمارەی تووشبوان زیاتر و ژمارەی مردووانیش زۆرتر دەبن. بڕێکی زۆری منداڵانیش، توانای ھەبوونی کۆمپیوتەری لاپتۆپ و سمارتفۆنی مۆبایلیان نییە، توانای خوێندنی ئۆنڵانیان نییە کە کراوە بە فۆرمی سەرەکیی خوێندن لە وڵاتەکەدا. ئەمەش وایکردوە ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە منداڵانی هەرێم لە خوێندنی گشتیی بێبەش ببن. لەسەر ھەمان لۆژیک ئەگەر خزمەتگوزاریی کارەباش بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەوا ئەگەری ئەوەی خەڵکانێکی زۆر بۆ سەردەمی چرا و لۆکس بگەڕێنەوە، ئەگەرێکی گەورەیە، بەتایبەتی لە دۆخی وێرانبوونی تەواوی ئابوریی نەوت لە ھەرێمدا و لەدۆخی بێتوانیی حکومەت لە دابینکردنی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی ھەرێمدا. تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم، لەسەر مەسەلەی داھاتی نەوت و داھاتەکانی تریش، کە زۆرینەیان لەڕێگای کۆمپانیا حیزبیەکانەوە دەچێتە گیرفانی حوکمڕانان و بنەماڵەکانیانەوە، دۆخەکە کارەساتبارتر و کێشەکان سەختتر و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. لە ھەمولەرجێکی مێژوویی لەو بابەتەدا، ئەوەی لەبەردەم کۆمەڵگای ئێمەدا ماوەتەوە ڕێگرتنە لە بەردەوامبوونی ئەم مۆدێلە ترسناکەی حوکمڕانیکردن. کۆتاییھێنانە بەم لۆژیکە ترسناکەی تێگەیشتن لە ئابوریی و ئەم ڕوانینە نابەرپرسانە لە چییەتی خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان و چۆنیەتی دابینکردنیان. بەبێ ئەم ڕێگرییە دەبێت ھەمووان لە چاوەڕوانی کارەسات و کەوتن و پڕوکاندنی زیاتردا بن، نەک تەنھا ژیانی ئەوانەی ئەمڕۆکە لەو وڵاتەدا دەژین دەکەوێتە مەترسییەوە، مەترسییەکی ڕاستەقینە، بەڵکو ژیانی ئەوانەش کە ھێشتا لەدایکنەبوون. سەرچاوەی ھەرەسەرەکیی بەشێکی گەورەی ئەم کێشانەش لەناو چۆنیەتی ئیدارەدان و بەکارھێنانی ئابوریی نەوتدایە، کە تاریکترین کەرتی ئابوریی وڵاتەکەیە. ساڵانێکی زۆرە ئابوریی هەرێم بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەناو سیستەمێکی چەتەگەرییدا چنراوە. ئەوەی سەروەرکراوە ئابوریی فەرھودە، ئابوریی تاڵانیی و چەتەگەرییە کە خێزانە سیاسییە فەرمانڕەواکان ھێڵە سەرەکییەکانی دادەڕێژن و ھەر ئەوانیش بەڕێوەیدەبەن. بێگومان ئەم ئابوریی فەرھودە، ئابوریی ژیاندنی کۆمەڵگا، ئابوریی دابینکردنی بژێو و کەرامەت، ئابوریی بەخشینی بەشی یەکسانی خزمەتگوزاریی بە دانیشتوانی ھەرێمەکە نییە، بەڵکو ئابوریی بەئەبەدیکردنی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانە، کە ھەم وڵاتەکە و ھەم داهات و ھەم سامانی سەرزەمین و ژێرزەمینی و ھەم دانیشوانەکەشی، بە موڵکی شەخسیی خۆیان دەزانن. ئەو تێزەی دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو دەسەڵاتدارێتییە دەسەڵاتگەرەکاندا باشتر کۆنترۆڵدەکرێت، لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر ڕاست نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە.
درەو: شرۆڤە: د.هەردی مەهدی میکە - پێش ئەوەی کەش و پۆلە ئۆنلاین و ئۆفلاینە پەروەردەییەکان ببنە ڕکابەری پۆلە فیزیکییەکان، پێویستە وەک تەواوکار و بەشدار لە سیستم و پڕۆسەی ڕوودانی فێربووندا جێیان بکەینەوە، گەرنا بەو ژێرخانە یاسایی، پەروەردەیی و تەکنەلۆجییەی هەرێمی کوردستانەوە؛ هەردوو بارەکە لەدەست دەردەچن و هەردوو مۆدێلەکە وەک دوو ڕکابەر دۆخەکە لە فێرخواز ئاڵۆزتر و ناپەروەردەیی دەکەن. جۆرەکانی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی و پاکێجی، لەو مۆدێلانەن لە بنەڕەتەوە بۆ هاوکاریی و فراوانکردنی ڕوودانی فێربوون. لە کوردستان و عێراقدا، ساڵانێکی زۆرە دڵسۆزان و پسپۆڕانی پەروەردەیی هاواریان بوو کە هەم لە یاسا بچەسپێت، هەم بکرێتە بەشێکی نەریت و ڕێکخستنی خوێندن و لە سیاسەتی پەروەردەییشدا جێی بکرێتەوە، بەڵام هێشتا هەم یاسا و هەم بڕیاردەران و نەریتی پەروەردەیی کلاسیکی و هەم پاشخانی ئەلیکترۆنی ڕێگەی ئەم پێشڤەچوونە گرنگەیان نەداوە و وا ئێستا ناچار و درەنگوەخت، دەبێت بە پەلەکاری ئەو دنیا تازەیەی خوێندن (کە لای وڵاتان وا دەبێتە دێرین) بەچەقێنینە ناو ڕێکارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. چیتر لە سەردەمی کۆرۆنا و پۆست کۆرۆناشدا ئیتر هەریەک لە جۆرەکانی خوێندنی ئۆنلاین، ئۆفلاین و پاکێجیی یان هاوبەشی پۆلەکانن. لە ڕاستیدا ئەوەی هەڕەشەی لەسەرە؛ پۆلەکانن نەک خوێندنی ئۆنلاین و ئۆفلاین و پاکێجە ئەلیکترۆنییەکان. ئیتر ئێرە سەردەمێکە و ژێرخانی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێتی لە گریمانە و ئەگەری بەشداری لە ڕوودانی پڕۆسەی فێربووندا کردە واقیعێکی داسەپاو. کۆمپانیا و دنیای سەرمایەدارییش لە قۆستنەوەی ئەو هەلەدا دەستهەڵگر نین و جۆرەکانی خوێندنی سەرهێل و پشت هێڵ لە ئۆفلاین و ئۆنلاین دەبنە کاڵای بەکارهێنەران و لە مامۆستا و تۆمارکردنی وانەکانیەوە بیگرە تا دەگاتە پڕۆگرامی سەرەکی و هاوکار و جۆری گرێبەستی مامۆستایان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت. پێشتر ئەمە هەبووە، بەڵام بەشێک نەبووە لە پەروەردەی فەرمی بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان و یاسابەرکارەکانیش ڕێگر بوون، بەڵام لێرە بەدوا یاسا و دەزگاکان بەدوایاندا دەگەڕێن و دەیانکەنە هاوبەش. بۆیە دوور نییە ئەم دۆخە تازەیە مامۆستایانی دامەزراو و جۆری گرێبەستەکانیان نەخاتە مەترسییەوە و لە ئایندەشدا بە جۆرێک بکەوێتەوە فێرخواز خۆی ئارەزوومەندانە ئەو مامۆستایە لە هەر جێیەکی جیهاندا هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت، نەک ئەوەی خوێندنگایەک بەسەریدا دەسەپێنێت. ئەمەش کێبڕکێی هەم سەرمایەداری و هەم زانستی گەرمتر دەکات. مەترسییە ئاییندەییەکانی پاکێجە ئەلیکترۆنییەکان پەروەردە و پەروەردەی ڕەخنەگرانە هەم بە پرۆگرام و هەم بە خوێندکار-تەوەریی لە پرۆسەکەدا دەبێت هانی هەمەڕەنگی و ئازادیی و بەشداریی خوێندکار بدات، جۆن دیوی وتەنی دیموکراسیەتی کۆمەڵگە لە دیموکراسیەتی بچووکی پۆلەکانەوە وەدی دێت، بەڵام درێژەکێشانی وانەی تەلەفزیۆنی و یەکمامۆستایی ئەلیکترۆنی و یەک ستایڵی و قسەکەری مامۆستا و بێدەنگی خوێندکار، ئاییندەیەکی مەترسیداریی کولتووریی و زەینی دەسازێنێت گەر بە وریاییەوە هەمەڕەنگ و فرە ئەگەر و گریمانە نەکرێت، چونکە هەم مەترسی لەسەر ئازادیی کۆمەڵگە و هەم لەسەر ئەو تاکانەش کە ڕەخنەگرانە پەروەردەنەکراون دروست دەکات. بۆیە ناکرێت لە سیاسەتی پەروەردەییدا، تەنها لە دیوی خۆشبینییەوە لە ئۆنلاینکردن و وانە ئامادەکراوە ئەلیکترۆنییەکان بڕوانین، چونکە دواجار پاکێجی گشتگیر و یەکدەستیی ئەلیکترۆنی مەترسی بۆ دروستکردنی یەکزیهنی و کۆمەڵگەی شموولی و یەکڕەنگیی مەعریفی دەسازێنێت و بە جۆرێک هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت لە ڕێی گوتاری پەروەردەیی و بایۆدەسەڵاتە کولتوورییەکانی نێو پەروەردەی پاکێجی ئینتەرنێتییەوە مەترسیی نادیار لەسەر ئازادی و تاکگەرایی بسازێنێت. پرۆسەیەکی نادڵنیا ئێستا دۆخی پەروەردە بەنیمچەکراوەیی کار دەکات و هاوتا لەگەڵ نیگەرانی و ناڕوونی لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دۆخەکەشدا دیارە، گۆڕینی بڕیارەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەدا؛ ڕاڕایی لە شێوەی بەڕێوەبردن ڕوونتر دەکەنەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو کەشی پەروەردەیی و دوو مۆدێلمان بەنیوەچڵی و بەنیگەرانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەزموون کرد، هەروەها وەرزێکی داخراویی هۆڵەکانی خوێندن و دەستپێکی وەرزی نوێی نیوە ئۆنلاین و نیوە ئامادەیی نێو پۆلەکان گوزەرا، بەڵام هێشتا دڵنیایی نەداوەتە بەرپرسان و حکومەت و تەندروستی کە کام ڕێگا و شێواز دەتوانێت زانستی، تەندروستی و واقیعییش بێت! بەڵام لانیکەم لەوە تێگەیشتین، کۆمەڵگە و حکومەتیش بەناچارییش بێت ئەوەیان پەسەند کرد کە سیستمی پەروەردە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ لە سەردەمی کۆرۆنا و بگرە پۆست کۆرۆناشدا زیانبارە و پێویستە هەر چی زووە ژێرخانی پەروەردەیی و تێکەڵکردنی خوێندنە هاوچەرخەکان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ و پەرەدان بە فێرکردنی خودی و خێزانی لە ئەرکە لەپێشینەکان بێت. لە ئێستادا خوێندنی ڕەسمییش هاوتا لەگەڵ خێزان و هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوبەش و بەشداری پڕۆسەکەن، تەنها لە دەستی وەزیر و وەزارەت و مامۆستایاندا قەتیس نەماوە. بۆیە هەم یاسا بەرکارەکان و هەم ڕێکارەکانی پڕۆسەی فێربوون پێویستیان بە جێکردنەوەی هاوبەشە نوێکانی پڕۆسەکە هەیە و بەڕەسمی دانیان پێدا بنێت و ئەرک و هەنگاوەکانیشیان دیاری بکات. بڵاوبوونهوهی پهتای كۆڤید 19 وهكوو پهتایهكی ڤایرۆسیی جیهانی، كاریگهریی لهسهر ههموو سێكتهرهكانی ژیان دروست كرد و لێكهوتهكانی تا ماوهیهكی درێژخایەن بەردەوام دەبن و كاریگهرییش لهسهر شێواز و چۆنێتیی مامهڵه لهگهڵ كردنیدا دهبێت، چونكه ڕهفتاری ڤایرۆسهكه و نهبوونی وەڵام و چارەسەرێکی زانستیی یەکلاکەرەوە له لایهك ئاسۆی لێڵ كردووه، له لایهكی تر كاریگهریی گهورهی لهسهر ئهرك و ڕۆڵهكان دروست كردووه و بڕیاردانی لهسهر ئایندهی ههر سێكتهرێك سەخت کردووە تا ملكهچی ههڵسهنگاندنه تهندروستییهكان بێت، ژینگهی سایكۆلۆجیای كاركردن و بڕیاردانی به شێوهیهك له شێوهكان وەرچەرخاندووە. كهرتی پهروهرده و تهندروستی له جیهان بهگشتی و له كوردستان بهتایبهتی، لهژێر كاریگهریی ئهم دۆخه تازهیهدا ڕووبهڕووی چەندین بەربەست بووەتەوە کە شایەنی ههڵوهستهلهسهركردنن. یاسازی بۆ واقیعێکی نوێ كهرتی خوێندنی باڵا و پهروهردهی ههرێم بهسهر كهرتی گشتی و كهرتی تایبهتدا دابهش بووه، به دوو یاسای جیاواز پهیكهره كارگێڕی و داراییهكانیان دیاری كراوه، لهو چوارچێوهیهدا یاسا سیستمی خوێندنی ئهم دوو كهرتهی ڕێك خستووه، ههردوو كهرتهكه لهژێر چهتری چاودێریی یاسا و ڕێنماییهكانی ئهم دوو وهزارهتهدا ئاڕاسته دهكرێن. سیستمی فێركردن و یاساکانی له كوردستاندا لە ماوەی ڕابردوودا خۆی له پشتیوانی و پشتئهستووربوون به تهكنهلۆجیای فێركاریی ئهلیكترۆنی لە دوورەوە (التعلیم عن بعد) بهدوور گرتووه، ئهمهش له لایهك به هۆی ئاستهنگه یاساییهكانیەوەیەتی، بۆ نموونه وهزارهتی خوێندنی باڵا پشتئهستووره به یاسای ژماره (10)ی ساڵی 2008 کە تا ئێستا ههموار نهكراوەتەوە، ههروهها یاسای ژماره (2)ی ساڵی ٢٠١٣ی زانكۆ تایبهتهكان، گۆڕانكارییه خێراكانی بواری تهكنهلۆجیای بۆ پڕۆسەی فێربوونی ئۆنلاین و "لە دوورەوە"ی ڕەچاو نەکردووە، لە کاتێکدا لە خوێندنی مۆدێرندا وهك سهرچاوهیهكی سهرهكی و پاڵپشتكار له ڕوودانی فێربوون و گواستنهوهی مهعریفە و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا چەسپاوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، فێربوونی ئۆنلاین و لە دوورەوە بهپێی یاسا و ڕێنماییه بهركارهكان له ههرێمی كوردستاندا و بەتایبەت لە ئانی یهكسانكردن و متمانەدان بە بڕوانامه و فێرگەکان دەچێتە ژێر پرسیارەوە، جیا لە ڕێگرییە یاساییەکانی، لاوازیی ژێرخانی تهكنهلۆجیا و خراپیی هێڵەکان و توانای مرۆیی بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ؛ هۆكارێكی ترە بۆ کەمیی بەکارهێنانی كلیل و زمانه سهرهكییهكانی ئەم بوارە و سوودلێوەرگرتنی، وەک بەشێک لە چارەسەر، بەپێچەوانەوە خودی پڕۆسەی بەکارهێنانەکە وا خەریکە دەبێتە بەشێک لە کێشەکە. بۆیە گرنگە بیرێک لە زەمینەی هاوبەش و تەواوکار بۆ هەردوو مۆدێلەکە بسازێنرێت، کە ببنە تەواوکاری یەکدی و هاوکات ڕەچاوی ناوەرۆک و دنیای ئازادی و ئەخلاقی و زانستیی کۆمەڵگە و فێرخوازیش بکرێت.
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف ئەمڕۆ (236) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دروستكردنی شاری سلێمانیدا، ئەم شارە كە لەدوای دروستكردنییەوە مەڵبەندی میرایەتی بابان بووە، ئێستا خراپترین رۆژەكانی مێژووی خۆی بەڕێدەكات، چیتر سلێمانی نە لەڕووی سیاسیو نە لەڕووی رۆشنبیریو خزمەتگوزاریی و ئابورییەوە پێشەنگ نییە، ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئێستا لە زۆر رووەوە سلێمانی لەدوای هەولێرو دهۆكەوەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی (6 ساڵە) قوباد تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی سلێمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو حزبەكەشی هاوبەشی سەرەكی دەسەڵاتە. وزە لە سلێمانی كەرتی وزە لە سلێمانی كەوتووە، لە ساڵی 2005وە دوای یەكخستنی حكومەت، بڕیار لەسەر كێڵگەكانی نەوتو غازی ئەم ناوچەیە لە هەولێرو لەژێر كۆنترۆڵی ئاشتی هەورامیدا بووە، بەرپرسانی یەكێتی لە حكومەت لەبەرامبەر پشكێكدا كە لە داهاتی نەوت مانگانە پێیاندراوە، بێدەنگ بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە. كەرتی وزە لە سلێمانی پەرەپێدانی گەورەی بەخۆوە نەبینیوە، دەسەڵاتدارانی حكومەت لە هەولێر كۆمپانیا بیانییەكانیان ناچاركردووە ئۆفێس لە سلێمانی نەكەنەوەو تەنیا لەرێگەی هەولێرو حكومەتی هەرێمەوە مامەڵەكانیان بكەن، بۆیە ئۆفێسی گەورە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە سلێمانی نابینرێت. ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە سنوری سلێمانیدا كار دەكەن بریتین لە كۆمپانیای (كازپرۆمی روسی، ویسترن زاگرۆسی كەنەدی، گەنەڵ ئینێرجی كە كۆمپانیایەكی هاوبەشی بەریتانی توركییە، دانەغازی ئیماراتی، پیت ئۆیل-ی توركی)، ئەوانەی كە لەم سنورەدا نابینرێن كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكاو بەریتانیان. ئەوانەی چاویان لە هەستانەوەی سلێمانییە دەڵێن غازەكەی سلێمانی هێشتا پەرەی پێنەدراوەو دەسەڵاتدارانی هەولێر رێگری دەكەن، چونكە بەوتەی ئەوان لەدوای قەتەر، سلێمانی لەسەر ئاستی ناوچەكە لەبواری غازدا یەكەمەو ئەگەر غازەكەی بدرێت بە كۆمپانیایەكی بیانیو بەشێوەیەكی باش وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، دەتوانێت پێداویستی غازی هەموو عێراق دابین بكات، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی بەمدواییە حكومەتی عێراق چاوی بڕیوەتە غازەكەی سلێمانیو دەیەوێت پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە. سەبارەت بە نەوتیش، ئەوەی لە سنوری سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت رۆژانە (40 بۆ 45 هەزار) بەرمیلە لە رۆژێكدا ئەمەش بەبەراورد بە بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر كەمە، ئەوانەی چاودێری دۆخی نەوت لە سنوری سلێمانی دەكەن دەڵێن، ئەگەر رێگری نەكرێتو بەشێوەیەكی باش كێڵگەكانی نەوت وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت، لەماوەی چەند ساڵێكدا لەرێگەی فراوانكردنی كێڵگەكانو پەرەپێدانیانەوە دەتوانرێت ئاستی وەبەرهێنانی نەوت رۆژانە بۆ (500 بۆ 700 هەزار) بەرمیل زیاد بكرێت. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، یەكێك لە پاڵپشتیكارە سەرسەختەكانی ئاشتی هەورامی بووە لە سیاسەتە نەوتییەكانیدا لە ناوچەی سلێمانی. دارایی لە سلێمانی لە سلێمانی تائێستا لقی بانكی ناوەندی عێراق نەكراوەتەوە، بەڵام بانكەكە لە هەولێر لقی هەیەو لەڕێگەی ئەو لقەوە حكومەتی عێراق مانگانە موچەی فەرمانبەران دەخاتەسەر ژمارە حسابی حكومەتی هەرێم، نەبوونی لقی بانكی ناوەندی عێراق لە سلێمانیی، لەڕووی دارییەوە گورزێكی گەورەیە بۆ سلێمانی. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، مانگانە داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی كە بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە دەگاتە نزیكەی (100 ملیار) دینار، ئەمە داهاتی گومرگو فەرمانگەكانە، ئەم داهاتە دەچێتە بانكی (هەرێم) كە بانكێكی سەربە حكومەتی هەرێمەو لەوێ كۆدەكرێتەوەو تۆماردەكرێتو دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داراییو ئابوری. بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی مەسرور بارزانییەوە، لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە كاركراوە بۆ ئەوەی بانكی هەرێم هەڵوەشێندرێتەوە، ئەمەش وەكو گورزێكی گەورەی دارایی بۆ سلێمانی تەماشا دەكرێت، بەوپێیەی ئەگەر ئەو بانكە هەڵوەشێندرێتەوە، چیتر سیولەی دراو "نەخیتە" لە سلێمانی نامێنێتو داهاتەكانی سلێمانی راستەوخۆ بە ئۆتۆمبیل دەگوازرایەوە بۆ هەولێر. بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی دەڵێن، لە چەند لایەكەوە دەستوەردان كراوەو رێگری لە داخستنی ئەو بانكە كراوە، بۆیە وەزارەتی دارایی پلانەكەی راگرتووە، ئەمە بەلای یەكێتییەوە بەر لەوەی بابەتێكی دارایی بێت، وەكو بابەتێكی سیاسی تەماشاكراوە، بۆیە رێگری لێكراوە. لەبارەی ئەوەی ئایا مانگانە لەو (100 ملیار) دینارەی كە سلێمانی وەكو داهات بۆ حكومەتی هەرێمی دەگەڕێنێتەوە، چەندی بۆ سلێمانی خەرج دەكرێتەوە هیچ زانیارییەكی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێك لەبەرپرسان دەڵێن ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی كەمترە لە رێژەی 10%ی داهاتەكەیە. لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەندێك پارە لە داهاتەكانی سلێمانی درابوو بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەڵام مەسرور بارزانی لەم كابینەیەدا ئەو دەسەڵاتەشی لە قوباد تاڵەبانی وەرگرتوەتەوەو ئەوەی فەرمانی خەرجكردنی پارە دەدەت تەنیا سەرۆكی حكومەت خۆیەتی. كەرتی وەبەرهێنانو بارزگانی لە سلێمانی ساڵانی رابردوو لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای (نۆكان)ی یەكێتیدا بوو، ئەم كۆمپانیایە ئێستا لاواز بووەو بەشێكی زۆری پشەكانی داوە بە كۆمپانیای تر كە بەرپرسانی لە پشتیەوەیە، دارایی كۆمپانیاكەش لەنێوان بەرپرسانی حزبدا بەشێكی زۆری ون بووە، بەمدواییە هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی لیژنەیەكی داراییان دروستكردووەو دەیانەوێت ئابورییەكی نوێ بۆ حزبەكەیان دروست بكەنو داهاتە ونبووەكەی حزب كۆبكەنەوە، دارایی یەكێتیو بەرپرسەكانی بەجۆرێك تێكەڵ بووە، بەئاسانی جیاناكرێتەوە، رۆژانە لەسنوری سلێمانی كۆمپانیای نوێ سەردەردەهێنێت، بەشی زۆری ئەم كۆمپانیایانە بەرپرسانی حزبییان لە پشتەوەیە، شەڕو ململانێ لەسەر كۆنترۆڵكردنی بازاڕ دەرفەتی كاركردنی بۆ ئەو كۆمپانیایانە نەهێشتوەتەوە كە پاڵپشتی سیاسییان نییە، نائارامی دۆخی ئەمنی بۆ سەرمایەداران، وایكردووە بەشێكیان سەرمایەكانیان بگوازنەوە بۆ هەولێرو دەرەوەی وڵات، سەرباری زۆری ژمارەی كۆمپانیاكان، بەڵام گەشەی ئابوری بە بازاڕەوە نابینرێت. كارەبا لە سلێمانی بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، ئێستا پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو راپەڕینەوە رێژەی 33%ی كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئەمە لەكاتێكدایە پارێزگاری هەولێر كە ژمارەی دانیشتوانەكەی لە سلێمانی كەمترە، رێژەی 39%ی كارەبای هەرێم دەبات، پارێزگای دهۆكیش رێژەی 28%. بەیار عومەر نوسەری كتێبی "ناعەدالەتی جوگرافی" كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات بە (درەو)ی وت:" نا عەدالەتی لە كارەبای سلێمانیدا لەكاتێكدایە بەنداوی دوكانو دەربەندیخان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدان، بەڵام دەسەڵاتی دابەشكردنی پشكی كارەبا لە وەزارەتی كارەبایە لە هەولێر". ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، چیتر بەنداوی دوكانو دەربەندیخان سەرچاوەی سەرەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نین لە هەرێمی كوردستانو كارتە بەهێزەكەی دەستی سلێمانی نین، ئێستا غاز كارتی بەهێزی سلێمانییە، چونكە زۆرینەی وێستگەكانی بەرهەمێنانی كارەبا بە غازی سروشتی كاردەكەن، غازی ئەو وێستگانە لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە دابین دەكرێت. وەبەرهێنان لە سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی (200) فەرمانبەر هەیە، نەسریەی مانگانەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە (4 ملیۆن) دینارە، بەڵام هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە هەولێر كە (100) فەرمانبەری هەیە، نەسریەكەی (8 ملیۆن) دینارە، فەرمانگەكە لە دهۆك (50) فەرمانبەری هەیە، بەڵام نەسریەكەی (10 ملیۆن) دینارە. ئەوانەی رەخنەیان هەیە لەم جیاوازییە دەڵێن، كەمكردنەوەی نەسریەی فەرمانگەیەكی لەم شێوەیە لە سلێمانی كاریگەری لەسەر كارەكانی فەرمانگەكە دەبێت بەدیاریكراویش لە چاودێكردنو سەرپەرەشتیكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە سنوری پارێزگاكەدا. سەرباری ئەمە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بە پرۆژەكانو خەرجكردنی پارەی پرۆژەكانی نییەو هەموو ئەم بڕیارانە ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانو بەدیاریكراویش لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێن. نەسریەی مانگانەی پارێزگاری سلێمانی بۆ بەڕێوەبردنی كارەبارەكانی پارێزگا تەنیا (17 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە. فڕۆكەخانەی سلێمانی فڕۆكەخانەكان لە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوری عێراق دامەزراوەی فیدراڵینو سەربە حكومەتی ناوەندن، بەڵام لەناوخۆی هەرێمدا فڕۆكەخانەی سلێمانی سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنە، ئەمە لەكاتێكدایە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تاوەكو كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ بووە، واتە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا، سەربە وەزیری ناوخۆ بووەو بەهیچ جۆرێك نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە لە بڕیارەكانیدا، ئێستا كە كەریم سنجاری لە پۆستی وەزیری ناوخۆ لابراوە، فڕۆكەخانەی هەولێر راستەخۆ سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە. ئەوانەی سكاڵایان هەیە لە پاشەكشێی دۆخی سلێمانی دەڵێن، ئەگەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كێشەیەكی هەبێت، وەزارەتی گواستنەوە بە شەش مانگ وەڵامیان دەداتەوە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە كاروبارەكانی لەناو حكومەت راناوەستێت. رێكەوت زەكی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە كار لەسەر چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیدارییو دارایی بۆ سلێمانی دەكات، ئەو بە (درەو)ی راگەیاند، لە رۆژی 26/11/2019وە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە نوسراو داوای هەندێك دەسەڵاتی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام حكومەت دوای چوار مانگو بەدیاریكراوی لە مانگی 3/2020دا وەڵامی داوەتەوەو بەبەراورد بە كابینەی پێشوو دەسەڵاتەكانی دابەشی سێ كردووەو ناردویەتییەوە بۆ فڕۆكەخانە. ساڵی رابردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی مانگانە (200 ملیۆن) دینار نەسریەی هەبووە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر سەرباری ئەم (200 ملیۆن) دینارە، مانگانە (300 هەزار) دۆلاریشی پێدراوە، ئەمساڵ ژمارەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئێستا مانگانە فڕۆكەخانەی سلێمانی (175 ملیۆن) دینار لەگەڵ (30 هەزار) دۆلار نەسریەی هەیە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر (125 ملیۆن) دینار لەگەڵ (250 هەزار) دۆلار نەسریەی هەیە، واتە هێشتا نەسریەی فڕۆكەخانەی هەولێر زۆر زیاترە لە سلێمانی. ئاو لە سلێمانی بەپێی زانیارییەكانی ساڵی 2018 بڕی (یەك ملیار) دینار دابین كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، بەڵام لەو ساڵەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هیچ بڕە پارەیەكی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابین نەكراوە، ساڵی 2015 دوای ئەوەی بەرپرسانی ئاوی سلێمانی سكاڵایان كردووە لە نەبوونی پارە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە بڕی (400 هەزار) دۆلار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی خەرج بكات، دوای ساڵێكو لە 2016دا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی نوسراوی كردووەو رایگەیاندووە هێشتا ئەو پارەیەی بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە ساڵی 2018دا كابینەی نێچیرڤان بارزانی نوسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی كردووەو داوای پاكنوسی خەرجكردنی (400 هەزار) دۆلارەكەی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە پارەكە خەرج نەكراوە. لە هەولێر لەناو شەقامی شەست مەتریدا بەردەوام ئاوی ماڵان هەیەو كێشەی نییە، لە دەرەوەی شەست مەتریی دوو رۆژجارێك ماوەی (6 كاتژمێر) ئاو هەیە، بەڵام لە سلێمانی لەماوەی دوو رۆژدا (2 كاتژمێر) ئاو هەیە. رێژەی 20%ی دانیشتوانی سلێمانی تۆڕی ئاویان نییەو بە تانكەر ئاویان بۆ دەڕوات، لە فولكەی تانجەرۆوە بۆ "دارەڕەش" لە سنوری قەرەداغ كە سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانیە (5 هەزارو 700 خیزان) هەن، ئەم خەڵكە ئاوی خواردنەوەیان نییەو تائێستا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، فەرمانگەی ئاوی دەوروبەری سلێمانی (69) تانكەری هەیە كە ئاو بۆ ئەو ماڵانە دەگوازێتەوە، ئێستا (39) تانكەریان لەكاركەوتوون. سەرباری ئەمە، بەمدواییە لەڕێگەی پێوەری زیرەكی ئاوەوە، بەتەواوەتی ئاوی سلێمانی بەستراوەتەوە بە هەولێرەوە. پۆلیس لە سلێمانی لە عێراق پۆلیسی نێودەوڵەتی هەیە كە بە "ئینتەرپول" ناسراوە، پۆلیسی نێودەوڵەتی بە پۆلیسی سلێمانی وتووە هەرچیەكتان ویست ئاگادارمان بكەن ئێمە هاوكاریتان دەكەین، بەڵام لە هەولێرەوە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئاگاداركراوە لەوەی بۆیان نییە هیچ هاوكارییەكی پۆلیسی سلێمانی بكەنو دەبێت كارەكانیان هەموو لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆو لە هەولێرەوە بكەن. ئاگركوژێنەوە لە سلێمانی نەسریەی مانگانەی فەرمانگەی ئاگركوژێنەوەی سلێمانی (6 ملیۆن) دینارە، بەڵام هەمان فەرمانگە لە هەولێر نەسریەكەی (10 ملیۆن) دینارە. بەرپرسانی ئیداریی باسلەوە دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی ئاگركوژێنەوەی سلێمانی دوو ئەفسەری ناردووە بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی خولی راهێنان ببینن، كاتێك خولەكانیان تەواو كردووە، رێگەیان نەداوە بگەڕێنەوە بۆ سلێمانیو لە هەولێر ئیغرایان كردوونو پەیمانگایەكیان بۆ كردونەتەوە بۆ ئەوەی لەوێ خول بە ئەفسەرانی ئاگركوژێنەوە بڵێنەوە، ئەوان هەموو ئەو كارانە وا لێدەدەنەوە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەیانەوێت لە پێگەی سلێمانی بدەن. فەرمانگەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی لە ساڵی 2020دا خەرجكردنی نەسریەی فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ راوەستاوە، بەڵام لە خەرجكردنی ئەم پارەیە لە هەولێرو دهۆك هەر بەردەوام بووە، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن رابەر سدیق بریكاری وەزیری دارایی لەسەر پشكی پارتی بە بەرپرسانی هەولێرو دهۆكی وتووە نەسریە لەسەر حسابی 2019 خەرج بكەن، بەڵام ئەمەی بە فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی نەوتووەو فەرمانگەكانی سلێمانی (8) مانگ دوای فەرمانگەكانی هەولێرو دهۆك دەستیان بە خەرجكردنی پارە كردووە. بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی سكاڵا دەكەن لەوەی نوسراوەكانیان لە هەولێر وەڵامنادرێتەوە، یەكێك لە بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی بە (درەو)ی وت، لە وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر ژورێك هەیە بەناوی "خۆجێی"، بەڕێوەبەری ئەم ژورە بەمدواییە خانەنشین بووە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری نوێ لە شوێنەكەی دەستبەكاربووە، ژمارەیەكی زۆر نوسراویان لە ژورەكەیدا دۆزیوەتەوە كە وەڵامنەدراونەتەوە، رێژەی 70%ی ئەو نوسراوانە ئەوانە بوون كە لە سلێمانییەوە نێردراون، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتیو گۆڕان وەكو دوو هێز كە بنكەی جەماوەریان لە سلێمانییە، دوو بریكاریان لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە. رۆشنبیری لە سلێمانی سلێمانی كە نازناوی پایتەختی رۆشنبیری پێدراوە، ساڵانێكە بە كردەوە ئەم نازناوەی لەدەستداوە، ئێستا كە شارەكە یادی (236 ساڵەی) دامەزراندنی دەكاتەوە، بەشێكی زۆری دامەزراوە رۆشنبیرییەكانی داخراون یاخود چالاكییان نەماوە لەوانە: • دەزگای سەردەم • دەزگای حەمدی • بنكەی ئەدەبیو روناكبیری گەلاوێژ • تیپی مۆسیقای سلێمانی • تیپی نواندنی سلێمانی • زۆربەی دەزگا چاپەمەنییەكانی داخراون • تیپە شانۆییەكان زۆربەیان راوەستاون • دەیان گروپی شێوەكاری هەڵوەشاونەتەوە • كۆڕو كۆبونەوە هونەرییەكان زۆر كەمیان كردووە • هۆڵەكان زۆربەی داخراون • ڤیستیڤاڵە هونەرییەكان راوەستاون • ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە سلێمانی راوەستاوە ساڵی 2013 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی (20 ملیار) دینار لەژێر ناوی "بنیادنانی ژێرخانی رۆشنبیری شاری سلێمانی" بۆ سلێمانی خەرجكرد، ئەم پارەیە بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی كە پێشتر (درەو) كرۆكی راپۆرتەكەی بڵاوكردەوە، بەهەدەردانی زۆری تێدا كراوە، بڕیاربوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی ئەم كەیسەوە بڕیار بدات، بەڵام كەیسەكە داخرا، بەڕێوەبەری پێشووی رۆشنبیری سلێمانی (بابەكر دڕەیی) دەستی لەكاركێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە شوێنەكەی كەسێكی تری بۆ پۆستی بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی كاندید كردووە كە (موحسین ئەدیب)ەو بڕیارە دوای دەرچوونی فەرمانەكەی لەلایەن حكومەتەوە دەستبەكارببێت. خاكی سلێمانی ئێستا كە یادی (236 ساڵەی) دامەزراندنی سلێمانی دەكرێتەوە، هەڵمەتێكی نوێی داگیركردنو فرۆشتنی زەوییەكانی سلێمانی دەستی پێكردووە، رۆژانە بەبەرچاوی بەرپرسانی حزبو حكومەتە سەدان پارچە زەوی دابڕ دابڕ دەكرێنو دەفرۆشرێن. بەگوێرەی نوسراوی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، هەڵمەتی داگیكردنی زەوییەكانی سلێمانی ئەمجارە ئەم ناوچانەی گرتوەتەوە: • ئاوبارە • رێگای ئاوبارە (سوتاندنی سنەوبەرەكان كە روبەرەكەی زیاتر لە 120 دۆنم زەوییە) • تەنیشتو پشتی قەبرستانی عەواڵ • بەرامبەر وێستگەی كارەبا كە زیاتر لە هەزار دۆنمە • بەرامبەر سەناعەی بەكرەجۆ • تەنیشت فڕۆكەخانەی سلێمانی • تەنیشت دەواجنەكان • كانی گۆمە تاوەكو تانجەرۆ • زەوییە كشتوكاڵییەكانی خوار بەكرەجۆ • خەلیفاوا سیاسەت لە سلێمانی ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی سلێمانی ئەزانن، نازانن چی لەم شارە بكەن، رۆژێك دەیانەوێت لامەركەزیەتی بۆ زامن بكەن، رۆژێك دەیانەوێت بیكەن بە هەرێمی سەربەخۆ، شارەكە لەناو ئەم كێشمەكێشە سیاسییەدا تادێت لەهەموو بوارەكاندا پاشەكشێ دەكات. بەپێی ئەوەی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی باسی دەكەن، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی تا كۆتایی ئەمساڵ دەرفەتیان بۆ پارتی داناوە، ئەگەر دەسەڵاتی ئیداریو دارایی ناوچەی سلێمانی نەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەوا یەكێتی بەشێوەیەكی تاكلایەنە جیابونەوەی خۆی رادەگەیەنێتو چیتر فەرمانەكانی حكومەت لە هەولێر جێبەجێ ناكاتو خۆی ئیدارەی ناوچەكەی خۆی دەدەت. یەكێتییەكان هۆكاری پاشەكشێی سلێمانی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی پارتی لە هەولێر دەگێڕنەوەو حكومەتو بەرپرسەكانی خۆیان لەناو حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانن، لەحاڵێكدا كێشمەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كاریگەرییەكانی لەسەر پاشەكشێی سلێمانی كەمتر نەبووە لە پەراوێزخستنەكەی لەلایەن حكومەتەوە لە هەولێر. لە سنوری سلێمانی حزبو بەرپرسان دەستیان بەسەر بەرزاییەكاندا گرتووەو كردویانە بە بارەگای حزبی، داهاتی دەروازە سنورییەكان بەشێكی زۆری بەهۆی كاری قاچاخچێتییەوە بەفڕۆ دەڕواتو ناگەڕێتەوە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەدا. سلێمانی لەرووی سیاسیەوە بەرادەیەك دواكەوتووە كە چیتر بەشدار نیە لە گەڵاڵەكردنی بڕیارە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستان و خەریكە ووردەووردەوە لەسەر نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەكە دەسڕێتەوە، وەفدە عێراقی و بیانیەكان دەمێكەوە لە سلێمانی تۆراون و بەتایبەتیش كە زانیان بڕیاری كۆتایی هەرێم لە هەولێر. ئەوەی ئێستا بۆ سلێمانی ماوەتەوە تەنیا ناڕەزایەتییە، ئەمەش ئێستا ئیتر لە شەقامدا نەماوەو كەوتوەتە ناو روپەڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانو پاشەكشێی گەورەی كردووە. ئەوەی نوێنەرایەتی سلێمانی دەكات لە حكومەتدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەندێك وەكو سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی ناوی دەبەن، ئەویش ماڵەكەی بردووەتە هەولێرو لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵاییەتیەوە یادی سلێمانی دەكاتەوە.
(درەو): سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغداد نیشاندا، رێواز فایەق پرسی رێككەوتنی (50 ساڵە)ی نێوان هەرێمی كوردستانو توركیای وروژاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدی هەرێم بچێتە بەغداد. ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت) كۆبونەوە. ئەم كۆبونەوەیە بۆ بڕیاردان بوو لەبارەی هەڵوێستی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، كە هەفتەی رابردوو دەنگی لەسەر دراو تێپەڕێندرا. بڕیاربوو فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بەشداری ئەم كۆبونەوەیە بكەن، بەڵام فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵو یەكگرتووەو سەربەخۆكان كۆبونەوەكەیان بایكۆت كرد، بۆیە بەشداری فراكسیۆنەكان لە كۆبونەوەكە هەڵوەشێندرایەوە. لەو یاسایەدا كە كۆتایی هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد، بەپێچەوانەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی 15ی ئابی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، چونكە یاساكە هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، بەبێ ئەمە بەغداد موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم نانێرێت كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2021 بڕەكەی مانگانە (320 ملیار) دینارە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوە دەست (درەو) كەوتوون، لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە بە یاسای "قەرزكردن" ناسراوە، بەپێچەوانەی ئەوەی میدیاكانی پارتی هێرشان كردەسەر پەرلەمانی عێراقو یاساكە، كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بە ئەرێنی تەماشای یاساكەی كردووە، بەشداربوانی كۆبونەوەكە جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (7)ی یاساكە، كە هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی بەشێك لە نەوتەكەی بە كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، تاكە نیگەرانی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەبارەی یاساكە، لە شێوازی تێپەڕاندنی یاساكە بووە بە زۆرینەی دەنگی شیعەو سوننەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی كورد. (درەو) زانیویەتی، تێڕوانینی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەبارەی یاساكەوە بەوشێوەیە بووە كە ماددەی (7)ی یاسای قەرزی عێراق دەرفەتی ئەوەی تێدایە ئەگەر جێبەجێ بكرێت بەسودی هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت. لە كۆبونەوەكەدا، لایەنی حكومەتی هەرێم رایانگەیاندووە، ئەوان ئامادەن داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكەنو پێشتریش نوسراوی فەرمییان بۆ حكومەتی بەغداد كردووەو تێیدا ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستكردنی نەوت نیشانداوەو ئێستا پارەی داهاتی نەوتو نانەوتیی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایەو ئامادەن لە ئێستاوە رادەستی بەغدادی بكەن. بەگوێرەی قسەی تیمی حكومەت لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە، مانگی رابردوو داهاتی نەوت (288 ملیۆن) دۆلار بووە، بەڵام ئەم مانگە داهاتی نەوت كەمیكردووە، چونكە بەهۆی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لە خاكی توركیا، ماوەی هەفتەیەك هەناردەی نەوت راوەستاوە. لە كۆبونەوەكەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پرسیاری لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كردووە لەبارەی ئەوەی ئایا رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیا نابێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی حكومەتی هەرێم بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات ؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا نێچیرڤان بارزانی وتویەتی:" دڵنیاتان دەكەم، لەناو رێككەوتنی پەنجا ساڵەدا هیچ دەقێكی تێدا نییە كە هەرێم پابەند بكات بەوەی نەوت رادەستی بەغداد نەكات". هەر لەبارەی ئەم پرسیارەوە، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە:" ئەوكاتەی هەرێم دەستی بە فرۆشتنی نەوت كردووە، زەمانەتی سیادی نەبووە، بەڵكو تەنیا زەمانەتیی نەوتیی هەبووە، بۆیە نەوتەكەیان داوە بۆ كۆمپانیا توركییەكانو لەبەرامبەر ئەوەدا پارەی پێشوەختەیان لێ وەرگرتوون، ئەمە وەكو قەرز وایە لەسەر حكومەتی هەرێم نەك پابەندبوونی هەرێم بە توركیاوە، بۆیە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكەنو نەوتیان رادەست بكەن، ئەو پارانەش دەچێتە چوارچێوەی قەرزی كۆمپانیاكانو بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن". لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی بەشداری نەكرد، چونكە ئێستا بە گەشتێك لە ئەوروپایە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی:" هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی لەگەڵ حكومەتی بەغداد رێكبكەوین" داوای كردووە بەزوترین كات وەفدێك بچێتە بەغداد. بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەكەدا قسەی لەبارەوە كراوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێك بچێتە بەغداد، باسلەوە كراوە وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بچێتە بەغداد، بەڵام هێشتا یەكلانەكراوەتەوە ئایا نێچیرڤان بارزانی دەڕوات یان وەكو پێشتر قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی وەفدی حكومەت دەكات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت شیعەكان بە یاسای قەرز، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانيان بەستەوە بەوەی هەرێم بەشێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات، بەمەش كێشەیان بۆ رێككەوتنەكەی مانگی ئابی رابردووی نێوان مستەفا كازمیو مەسرور بارزانی دروستكرد، تەنانەت ریشە سپییەكەی "مەلا بەشیر"یش یاساكەی بە شیعەكان رانەگرت، كازمی دوو مانگ لە دەرەوەی یاسا پارەی بۆ هەرێم نارد، بەڵام بۆ ئەم مانگە كێشەی دەبێت، ئایا ئەمجارەش لە دەرەوەی یاسا بەرپرسیارێتی ناردنی پارەكەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ؟ لە بەغداد دابەشكردنی موچەی مانگی (10) دەستی پێكرد، لە هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە هێشتا دەرفەت لەبەردەم حكومەتدایە، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای قەرزدا دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق بەپەسەندكردنی یاسای قەرز، جارێكی تر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی خستە بەردەم مەترسییەوە. رۆژی 15ی ئابی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە، حكومەتی كازمی قایل بوو بەوەی تا ئەوكاتەی بودجەی نوێی عێراق پەسەند دەكرێت مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار وەكو موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانو دامەزراوە فیدراڵییەكانی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوەو رێگەبدات حكومەتی عێراق چاودێری دەروازەكانی هەرێم بكات. دوای سێ مانگ لەسەر ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتنە، حكومەتی هەرێم دووجار بڕی (320 ملیار) دیناری لە حكومەتی كازمی وەرگرتووە، بەڵام هیچ داهاتێكی رادەستی حكومەتی ناوەند نەكردووەو تیمی چاودێری عێراقیش نەهاتونەتە دەروازەكانی هەرێم. كێشەی گەورەی رێككەوتنەكەی نێوان كازمیو مەسرور بارزانی لەوەدا بوو، نەخرایە چوارچێوەی یاساییەوە، لەوكاتەوە تائێستا پرۆژە بودجەی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكراوە، بەر لە گەیشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021یش، حكومەتی كازمی توشی قەیرانی دارایی هاتو بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەنای بۆ وەرگرتنی قەرز برد، بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە، لە عێراق حكومەت هەر بڕە پارەیەك قەرز بكات، دەبێت پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات، دوێنێ شەو پەرلەمان یاسایەكی پەسەندكرد بۆ ئەوەی حكومەتی كازمی بەبڕی (12 ترلیۆن) دینار قەرزی ناوخۆییو دەرەكی بكات تاوەكو بەو قەرزە بتوانێت ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە بۆ داراییەكەی دروستبووەو كێشەی دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بكات. پەرلەمانتارانی شیعە، لە یاسای قەرزدا ماددەیەكیان زیادكرد كە ماددەكە هەرێم كوردستان پابەند دەكات بەوەی نەوت رادەستی بەغداد بكات ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە لەنێوان هەرێمو كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكرێت بۆ دیاریكردنی بڕی ئەو نەوتەی كە هەرێم دەبێت رادەستی بەغدادی بكات. مادەكە بەدەق دەڵێ:" پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی خەرجیی فیعلی (خەرجییە بەردەوامەكانو خەرجیی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دیاریدەكرێت، ئەمە دوای لێدەكردنی ئەو خەرجییە سیادییانەی كە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2019 دیاریكراون، بەمەرجێك حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە رادەستكردنی بڕێك نەوتی هەناردەكراوی هەرێمەوە، بە بڕێك كە بە تەنیا لەلایەن (سۆمۆ)وە دیاری دەكرێت، هەروەها رادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان، لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم، نابێت خەرجییەكانی پێبدرێت، ئەوەی سەرپێچی لەم دەقە بكات، بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ". واتا ئەوەی كازمی لە رێككەوتنەكەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی دەستبەرداری بوو، شیعەكان لە یاسای قەرزدا جارێكی تر سەپاندیان كە ئەویش ئەوەیە هەرێمی كوردستان جگە لە داهاتە نانەوتییەكان (داهاتی گومرگو دامەزراوە فیدراڵییەكان)، دەبێت بڕێك لە نەوتەكەشی رادەستی حكومەتی عێراق بكات. ریشە سپییەكەی بەشیر حەداد دانیشتنی دوێنێ شەوی پەرلەمانی عێراق تاوەكو بەرەبەیان بەردەوام بوو، كێشەی سەرەكی لەبەردەم پەسەندكردنی یاسای قەرزدا، بڕگەی تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم بوو. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لایەنە شیعەكان بەتێكڕا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لەم یاسایەدا هەرێمی كوردستان پابەند بكرێت بەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، نوێنەرانی كورد ئەمەیان نەدەویست، خوازیاری ئەوەبوون (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم مانگانە وەكو خۆی بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی لە بودجەی 2021ی عێراقدا چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ دەدۆزرێتەوە. تكاو رجای كورد گەیشتە ئەوەی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی پارتی، بە پەرلەمانتارانی شیعەی وت:" بیكەن بە خاتری ئەم ریشە سپیەم، پەسەندكردنی ئەم یاسایە چەند كاتژمێرێك دوابخەن"، بەڵكو لەم چەند كاتژمێرەدا حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ بگەنە رێككەوتن، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای كردووە خاتری ریشی سپی بەشیر حەداد بگرن، بەڵام پەرلەمانتارانی شیعە كە لەسەر ئەم بابەتە كەوتونەتە موزادەیە لەگەڵ یەكتردا، رەتیانكردوەتەوە پەسەندكردنی یاساكە دوابخەن، ئەمەش لەبەر دوو بەهانە: • بەهانەی یەكەم: دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق لەوادەی خۆی دواكەوتووەو ناتوانن چیتر پەسەندكردنی یاسای قەرز دوابخەن. • ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی ناڕەزایەتی كوردەوە پەسەندكردنی یاسای قەرز دواكەوتووەو ناتوانن لەمە زیاتر دەرفەت بە كورد بدەن. (درەو) زانیویەتی، لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش، بەرپرسانی كورد لە بەغداد بەدیاریكراویش فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە لەناو حكومەتی عێراقدا، هەوڵیداوە رێگری لە تێپەڕینی یاساكە بكات بەوشێوەیەی شیعەكان دایانناوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئاكام بوون. ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری كێشمەكێشەكانی ئەم چەند رۆژەی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوون، باسلەوە دەكەن، ماددەكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاسای قەرزدا، بوەتە بابەتی موزادەی سیاسی لەنێو ئەندامانی كوتلە شیعەكاندا، پەرلەمانتارانی شیعە یەكتریان تۆمەتباركردووەو هەڕەشەیان لە یەكتر كردووە هەر كەسێكیان پاشەكشێ لەسەر چەسپاندنی ئەو ماددەیە بكات، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە رووی هەڵدەماڵن. چارەنوسی 320 ملیارەكەی هەرێم فەرمانبەرانی هەرێم كە دوو مانگە ئاهێكیان هەڵكێشاوەو چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد مانگانە لانی كەم ئەگەر بەشێك لە موچەكانیشیان ببڕدرێت، بەڵام لەكاتی خۆیدا موچە وەربگرن، وا جارێكی تر موچەكانیان كەوتەوە بەردەم مەترسی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە. كازمی ماوەی دوو مانگ لەدەرەوەی یاسا توانی بڕی (320 ملیار) دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئێستا ئیتر دەستكراوە نییە، بەتایبەتیش كە دەقەكەی ناو یاسای قەرز هۆشداری پێدەدات لەوەی ئەگەر بەبێ رادەستكردنی بڕێك نەوت، پارە بە هەرێمی كوردستان بدات، بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ. ئێستا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت لە پێگەی كازمی بدەن لە شەقامدا، دورنییە ئەگەر لە دەرەوەی یاسا ئەم مانگە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، پەرلەمانتارانی شیعە بانگهێشتی پەرلەمانی بكەن بۆ لێپرسینەوە. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مستەفا كازمی هاوشێوەی ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا بەرپرسیارێتی لەئەستۆگرتووەو لە دەرەوەی یاسای بودجە، مانگانە بڕی (320 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەدوای پەسەندكردنی یاسای قەرز بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی پارەكەی هەرێم دەخاتە ئەستۆی خۆی ؟ هەندێك باوەڕیانوایە كازمی چۆن پێشتر لە دەرەوەی یاساو تەنیا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ مەسرور بارزانی پارەكەی بۆ هەرێم ناردووە، ئێستاش دوای پەسەندكردنی یاسای قەرز دەتوانێت بەهەمان شێوە پارەكەی هەرێم بنێرێت. هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە ئاگاداری وردەكاری كێشمەكێشەكانی ناو لیژنەی داراییە لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، بە (درەو)ی راگەیاند:" مانگی رابردوو لە لیژنەی دارایی بە عەلی عەلاوی وەزیری دارایمان وت: كەی موچەی هەرێم كوردستان دەنێرێت؟ وتی: دڵنیام لەسەری ئەدرێم بە نەزاهە، چونكە نایاساییە، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزام كردووەو دەڕوات". لەبارەی ئەوەی ئایا جارێكی تر كازمی بەرپرسیارێتی ناردنی پارەكەی هەرێم لە دەرەوەی یاسا دەگرێتەئەستۆ، هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە ئەوە دەكەوێتەسەر زیرەكی حكومەتی هەرێم، ئایا دەتوانێت درێژە بەو رێككەوتنە بدات یان بڕوات لەگەڵ سۆمۆ رێكبكەوێت بەشێك لە داهاتی نەوتی رادەست بكات. ئێستا بۆ زامنكردنی لانی كەم موچەی ئەم مانگە، دەبێت حكومەتی هەرێم جارێكی تر وەفد بنێرێتەوە بۆ بەغداد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكو رزگاركردنی چارەنوسی (320 ملیار) دینارەكە. عێراق لە ئەمڕۆوە دەستدەكات بە خەرجكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەم، واتا لە عێراق ماوەی زیاتر لە (5) رۆژ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆی دواكەوتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا دەرفەت لەبەردەم حكومەتدا ماوە، چونكە موچەی مانگی ئەیلول، لە رۆژی 15/10 دەستی پێكردووەو هێشتا (30) رۆژەكەی پڕنەكردوەتەوە، حكومەتی هەرێم دەتوانێت سود لەم ماوەیە وەرگرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ بەغداد. بەگوێرەی قسەی هۆشیار عەبدوڵا، ناكۆكییەكی قوڵ لەسەر پارەكەی هەرێم لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانو عەلی عەلاوی وەزیری دارایی دروستبووە، كازمی دەیەوێت بە رێگەی نایاسایش بێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام عەلی عەلاوی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ كازمی ناكۆكەو دەڵێ من ئەوە ناكەم. هەرێم نەوت رادەست دەكات ؟ ئێستا ئەوەی رویداوە لە یاسای قەرزدا بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو وابەستەكردنی موچەكەیە بەوەی هەرێمی كوردستان داهاتە نەوتییو نانەوتییەكان رادەستی بەغداد بكات. ئایا هەرێمی كوردستان ئامادەیە نەوتەكەی یاخود راستتر بەشێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات ؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد چوەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقو وتویەتی:" بۆ یەكەمجارە ئاشكرای دەكەمو میدیاكان نەیانزانیوە، حكومەتی هەرێم رۆژی 18/10ی ئەمساڵ نامەیەكی بۆ حكومەتی عێراق ناردووەو تێیدا رایگەیاندووە پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی كازمی". هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە خالید شوانی وتووە:" نیازپاكی بە رۆژێك دوو رۆژ یان بە مانگێك دەردەكەوێت، بەڵام ئێمە دوو ساڵە پارە دەیدەین بە هەرێمو ئێوە بەرمیلێك نەوتتان راستنەكردووە، خێرە ئێمە دیسانەوە بەردەوام بین لەناردنی پارە". حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانییەوە نیەتی ئەوەی هەیە كێشەی نەوتو بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر بكات، بەڵام لەبری نەوت دەیەوێت بەشێك لە داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا تەوژمێك لە ناوەندی سیاسی عێراق دروستبووە دەیەوێت هەرێم نەوتەكەی نەك داهاتی نەوت رادەست بكاتو بیكاتە ناو بۆرییەكەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بۆ بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق رادەستكردنی نەوتی هەرێم بایەخێكی ئابوری نییە، بەڵكو بایەخە گەورەكەی بەلای ئەوانەوە ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە سیستمی فیدراڵی عێراقەوە. حكومەتی مەسرور بارزانی ئەگەر قایل بێت بەوەی بەشێك لە نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، ئەوا ئەو بەشە بودجەیەی كە لە حكومەتی عێراقی وەردەگرێت زۆر زیاتر دەبێت لەوەی كە ئێستا وەریدەگرێتو بڕەكەی (320 ملیار) دیناری مانگانەیە، بەوپێیەی داهاتی مانگانەی حكومەتی عێراق دەگاتە زیاتر لە (5 ملیار) دۆلارە، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتیو نانەوتییە فیدراڵییەكانی، ئەوا بەپێی یاسای بودجە هەرێم رێژەی 12,67%ی ئەم داهاتە دەبات كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە (600 ملیۆن) دۆلار، ئەم بڕە پارەیەش بە دینار دەكاتە (730 ملیار) دینار. ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران مانگانە لەدوای لێبڕینی موچەوە پێویستی بە (730 ملیار) دینارە، واتە خەرجی موچەی پێدابین دەكات.
درەو: ئەمڕۆ تەرمی كەسایەتی سیاسی سەربەخۆ قادری حاجی عەلی لە نەخۆشخانەی فاروقەوە بە مەراسیمی رەسمی گەیەنرایە گۆڕستانی ئابڵاخ و لەوێ بەخساكسپێردرا. لە مەراسیمەكەدا وتاری هاورێیانی قادری حاجی عەلی خوێندرایەوە لە لایەن عوسمانی حاجی مەحمودەوەو راییگەیاند: قادری حاجی عەلی و هاوڕێكانی بە هەمو هێزو توانا و ئەزمونی خۆیانەوە شانیاندایە بەر بزوتنەوەی گۆڕان و درێژەیان دا بە هەوڵەكانیان تا بزوتنەوەكە لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لەپێناویدا دامەزرابوو بەردەوام بێت، بەڵام دوای نائومێدبونیان، بێ ململانێكردن و كۆسپ و تەگەرە درووستكردن بزوتنەوەكەیان جێهێشت و وەك كارەكتەری سەربەخۆ مانەوە. عوسمانی حاجی مەحمود باسی لەوەش كرد :كاك قادر لە كۆتایی ساڵی 2000داو لەپێناو بەرگریكردن لەو پرەنسیپ و بەهایانەی كە خۆی بڕوای پێیبو وازی لەهەموو ئەرك و بەرپرسیارێتیەك لەناو یەكێتیدا هێناو وەك سەركردەیەكی سادەو جێمتمانەی خەڵك و خاوەن ئەزمون بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی پرۆژەی میدیای ئەهلی و كەسانی خاوەن هەڵوێست و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵ بووە. قادری حاجی عەلی دوای توشبوونی بە كۆرۆنا بۆ ماویەكی زۆر، رۆژی 10/110/2020 لە سلێمانی گیانی لەدەستدا دەقی وتاری عوسمانی حاجی مەحمود لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی (قادری حاج عەلی) خێزان و بنەماڵەو كەسوكاری كاك قادری حاجی عەلی.. ... ئامادەبوانی مەراسیمی بەخاكسپاردنی كاك قادری حاجی عەلی ..... جەماوەری كوردستان.... بەداخ و خەمێكی قوڵەوە، ئێستا تەرمی كەسایەتی سیاسی و سەركردەی دیاری كوردستان و جوامێری ڕۆژانی تەنگانەی گەلەكەمان، قادری حاجی عەلیمان بەخاك سپارد، كە بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە دوێنێ 10/11/2020 كۆچی دواییكرد. قادری حاجی عەلی یەكێك بوو لەو سەركردە دەگمەن و كەم وێنانەی كە هەموو تەمەنی بەخشیە جوڵانەوەی رزگاری نیشتمانی كوردستان، لە قۆناغی خەباتی نهێنی شارو دواتریش لە قۆناغی خەباتی پێشمەرگایەتی و شۆڕشدا، هەروەها لە دوای راپەڕینی 1991یشەوە، ژیانی شاریشی كردە سەنگەری خەبات و بەرگریكردن لەداوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان، بۆ دژایەتی گەندەڵی و نادادی كۆمەڵایەتی و بەدەستهَنانی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، هەر ئەوەش وایكردبوو یەكێك بێت لە كەسایەتیە ناوازەو خۆشەویستەكان و ئومێدی سەردەمی كێشەو قەیرانە جۆراو جۆرەكان. كاك قادر لە بنەماڵەیەكی ناسراو و خاوەن پێگەو خانەدانی شاری سلێمانی لە دایك بوە، لە تەمەنی لاوێتییەوە تێكەڵی چالاكی سیاسی و بەرەنگاربونەوەی رژێمی بەعسی عێراق بوە، بەشداربوە لە شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵی 1972 وە بۆتە ئەندامی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان. بەژیری و دانایی و لێهاتویی خۆی لە هەرجێگەیەك ئەرك و بەرپرسیارێتی لەسەر شان بوو بێت، بەو پەڕی دڵسۆزیەوە رایپەراندووەو وەك سەركردەیەكی خاكی خۆنەویست دەركەوتووە، لە ساڵی 1984 و لە تەمەنی 29 ساڵیدا لە كۆنفراسی دووەمی كۆمەڵەدا بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە و دواتریش بووەتە بەرپرسی مەڵبەندی 2 ی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) ، دوای ماوەیەكیش بووە بە لێبرسراوی مەڵبەندی یەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە سەرەتای راپەڕینەوە بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هەوەروەها لە دوای راپەرینیش لێپرسراوی بەرەی كوردستانی بووە لە پارێزگای سلێمانی. دواتریش پۆستی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووەو لەو ماوەیەدا رۆڵی بەرچاوو كاریگەری هەبووەو چالاكانە ئەركەكانی سەرشانی خۆی ئەنجامداوە. كاك قادر لە كۆتایی ساڵی 2000داو لەپێناو بەرگریكردن لەو پرەنسیپ و بەهایانەی كە خۆی بڕوای پێیبو وازی لەهەموو ئەرك و بەرپرسیارێتیەك لەناو یەكێتیدا هێناو وەك سەركردەیەكی سادەو جێمتمانەی خەڵك و خاوەن ئەزمون بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی پرۆژەی میدیای ئەهلی و كەسانی خاوەن هەڵوێست و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵ بووە. كاك قادر لەقۆناغە جیاجیاكانی خەباتیدا بەهۆی تواناو شارەزایی خۆیەوە ئەرك و بەرپرسیارێتی گەورەو گرنگی پێسپێردراوە لەبوارەكانی كاری نهێنی و ڕێكخستن، حزبی و سیاسی و دبلۆماسی وڕاگەیاندن ، پێشمەرگایەتی وسەربازی و ئەمنی، لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند جارێك داوای لێكراوە لەتەشكیلەی حكومەتدا بەشداربێت و پێشنیاری پۆست و ئەركی گەورەی بۆكراوە بەڵام رەزامەند نەبووەو ڕەتی كردووەتەوە. كاك قادر لە مێژووی دوورو درێژی خەبات و تێكۆشانیدا وەك كارەكتەرێكی خاوەن پرەنسیپ و مۆراڵی سیاسی ناسراوەو دەركەوتووە، هەر لەو روانگەیەوەو لەسەردەمی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەمیشە چاوی لە بەدیهێنانی ژیانێكی باشتر بووە بۆ میللەتەكەی، هیچ كات دانەبڕاوە لە خەڵك و هەمیشە پاڵپشتیكەری ستەملێكراوان بووەو هێزی بەخشیەوە بە رۆحی بەرەنگاربونەوەی زوڵم و لە پێگەیەكی بەهێزوو كاریگەرەوە هەوڵی ریفۆرم و گۆڕانكاری داوە. ساڵی 2006 لەگەڵ خوالێخۆشبوو (نەوشیروان مستەفا)و چەند هاورێیەكی تر پێكەوە كۆمپانیای وشەیان دامەزراند، دواتر لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیان لەناو یەكێتی و خەڵكانی بەهەڵوێستی دەرەوەی یەكێتی و حزبەكان لە تێكڕای چین و توێژەكان پێكەوە بزوتنەوەی گۆڕانیان لە ساڵی 2009 دا راگەیاند. لەگەڵ هاورێكانیدا یەكێك بوو لە پایە سەرەكییەكانی ئەو بزوتنەوە جەماوەرییە، كاك قادر لە پێناو بەلاداڕێدا نەبردنی گۆڕان و لانەدان لەو پرەنسیپانەی گۆڕانی لەپێناودا دامەزرابو، لە سەردەمی خوالێخۆشبوو (نەوشیروان مستەفا)دا چەندین جار لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیدا هەڵوێستیان راگەیاند و كاركردنی خۆیان هەڵپەسارد، هەر لەو پێناوەشدا خۆی و هاوڕێكانی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و بەربەست بونەوە، لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش، قادری حاجی عەلی و هاوڕێكانی بە هەمو هێزو توانا و ئەزمونی خۆیانەوە شانیاندایە بەر بزوتنەوەی گۆڕان و درێژەیان دا بە هەوڵەكانیان تا بزوتنەوەكە لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لەپێناویدا دامەزرابوو بەردەوام بێت، بەڵام دوای نائومێدبونیان، بێ ململانێكردن و كۆسپ و تەگەرە درووستكردن بزوتنەوەكەیان جێهێشت و وەك كارەكتەری سەربەخۆ مانەوە، كە ئەوەش شێوازێكی نوێ بوو بۆ دەستبەرداربوون لە ململانێ و ناكۆكی ناو حزب . كاك قادر بەوە ناسراوە كە بەردەوام پشتیوانی دەنگی ئازادبووە، ئەو سەرباری ئەوەی یەكێك بووە لەسەركردە سەربازی و سیاسییەكانی شاخ، پشتیوانێكی جدی و سەرسەختی كەسانی خاوەن هەڵوێست و میدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان و نوسەران و رۆشنبیران و گەنجان و چالاكانی مەدەنی بووە، هەمیشە دەرگای بەرووی ئەوانەدا كراوە بووەو هاوكاربووە بۆ چەسپاندنی ئازادی رادەربڕین و پشتیوانیكردنی خەباتی مەدەنی. كاك قادر لەیەككاتدا چەندین ئاكارو سیفاتی جوانی لە خۆیدا كۆكردبوەوە كە هەموو ئەو تایبەتمەندیانە پێكەوە لەسەرەتای گەنجێتیەوە كردی بە كەسایەتیەكی سیاسی دیار و هەڵكەوتوو، دواتریش لە رێرەوێ خەباتیدا وەك سەركردەیەكی خۆشەویست و جێمتمانەی ناو جەماوەر دەركەوت، ئەو سەرەرای جیاوازیەكان هەمیشە گیانی یەكتر قبوڵكردنی لە ناخی كۆمەڵگەدا دەچاند. كوردستانیانی ئازیز... كۆچی ناوەختی كاك قادر خەسارەت و كۆستێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان و هەموو ئەوانەی چاویان لەژیانێكی باشترو دادپەروەرانەیە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە كوردستان لە كێشەو گرفتی قوڵی هەمەلایەنەدایە لە بوارەكانی حوكمرانی و سیاسی و حزبی و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا، بونی سەركردەیەكی وەك ئەو پاڵپشتی و هێز و ئومێدبو بۆ هەموان، هەروەك چۆن ئێمە لە پەژارە و خەمێكی قوڵداین، ئاواش ئێمەو هەمو ئەوانەی هاوڕێ و هاوسەنگەر و ئەوبوین سورئەبین لەسەر ئەو رێگایەی كاك قادر هەمو گەنجێتی لەپێناودا كردە قوربانی و بەدرێژایی تەمەنی لەوپێناوەدا تێكۆشا و بەرەنگاری ئاستەنگەكان بوەوە و بە خەبات و هەوڵدان و ئومێدی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی سەری نایەوە. سەركردەو تێكۆشەری مەزن، لە گۆڕەكەتدا بە ئارامی بنو، بە مەردی و سەربەرزانە ژیایت و بە مەردی و سەربەرزانە سەرت نایەوە، تۆ یەكێكی لە سەركردە ئاخر خێرە دەگمەنەكانی ئەم وڵاتە، وڵاتی پڕ لە قوربانی و خوێن و لە هەمانكاتدا وڵاتی پڕ لە خێرو بەرەكەت و داهاتی زۆر، كە دەبوایە گەلەكەمان لە سایەی حكومڕانی دامەزراوەیی و سەروەری یاسادا لە لە ئاستێكی باشی ژیاندا بووایە. ئەی هاوڕێ و هاوخەباتمان، بەم دوا كۆچەی ژیانت زۆر خەمبارو نیگەرانت كردین و لەم دۆخە پڕ لەگرفت و قەیرانەی كوردستاندا كەلێنێكی گەورەت بەجێهێشت، بەڵام رێگای باوەڕی مرۆڤی جوامێری وەكو ئێوە هەرگیز بە مردن كۆتایی نایات و هەر رۆژێك چرۆی ئومێدێكی نوێ دەردەكات، دڵنیاشین یادو یادەوەری ئێوەش لە ناو ئەو ئومێدە نوێیەدا بە زیندووی دەمێنێتەوە .. لەكۆتاییدا جارێكیتر سەرەخۆشی لەبنەماڵە نیشتمان پەروەرو قوربانیدەرەكەی كاك قادرو هەمو هاوڕێ ودۆستان و دڵسۆزان و خەمخۆرانی كاك قادر دەكەین و داواكارین لە خوای گەورە سەبوری هەموو لایەكمان بدات و رووحی كاك قادر بە بەهەشت شاد بێت. عوسمانی حاجی مەحمود لەبری هاوڕێیانی قادر حاجی عەلی
درەو: بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە بێ بزوتنەوەی گۆڕان یەكەم كۆبونەوە لەسەر پرسی لامەركەزی بكەن. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی تیمی حكومەت كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی لامەركەزی، ئەندامانی وەفدەكەی پارتی( پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەیران)ەو ئەندامانی یەكێتی (ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و یوسف گۆران بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران) پێكهاتووە، وەفدەكە لەسەر ئاستی تیمی یەكێتی و پارتیە لە ناو حكومەت و تیمی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار پێنەكراوە لەو كۆبونەوە. یەكێك لەو داواكارییانەی كە لە نامەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئاراستەی پارتی كراوە، جێبەجێكردنی پرسی لامەركەزیە، لەبەرامبەر ئەو داواكارییەی یەكێتی دوێنێ پارتی داوای كۆبونەوەی كردووە لەسەر ئەو پرسە. لە ئێستادا یەكێتی داوای لامەركەزی ئیداری و دارایی دەكات و پارتیش رەزامەندە بە لامەركەزی بەڵام تەنها لامەركەزی ئیداری، بەو پێیەی لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمدا ئاماژە بە جێبەجێكردنی لامەركەزی كراوە.
دانا حەمەعەزیز بەدریژایی میژوی تازە، چوار ساڵی ڕابردوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناکاریگەرترین قۆناغ دا تێپەڕیوە. ترەمپ، پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکای لەگەڵ جیهان، دوچاری پاشاگەردانیی کردۆتەوە. پارسەنگ و ڕاستکردنەوەی ئەم سیاسەتە، یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی جۆ بایدن لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی زەرەر یان قازانجیان کردوە. زۆربەی وڵاتان بە گەشبینی و هەندێکیشیان بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئیدارەی تازەی ئەمریکا. کوردوستانی عێراق لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەمریکا پێنج سەرۆکی گۆڕیوە، بەڵام لەسایەی هیچیاندا بە ترەمپیشەوە، ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردوە تەنانەت لەکاتی شەرمەزاریی و هەڵە کوشندەکانی بارزانیشدا بە ٣١ی ئاب و دەستبەردار نەبونی دەسەڵات و چەسپاندنی حوکمی خێڵ و هەڵەی جەرگبڕی ڕیفراندۆمیشەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان بەردەوام بوون، تەنانەت حکومەتی ئەمریکا دڵسۆزانە لە بارزانی پاڕایەوە ڕیفراندۆم نەکا، لەبەرامبەردا لە دۆکیمێنتیکی مێژووییدا بەدیلیکی زۆر گرنگی خستە بەردەم و هاوکات لە مەترسیەکانی ڕیفراندۆم و ئەنجامە خراپەکانی ئاگاداری کردەوە. تا ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری پشتیوانی کوردی عێراق نەبوە، بەڵام ئەمریکا و هەمو دۆستە خۆراوایەکانی کورد نا ئومێدن لەم مۆدێلەناشیرینەی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردوستان. بارزانی هێشتا خۆی بەسەرۆك و تەنانەت هاوڕێی بایدنیش ئەزانێ بەڵام ناچێێتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی هیچ کام لە و شکست و کارەساتانەی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا دوچاری کوردوستانی عێراق بوە. تائیستا ئاماژەیەك نیە بۆ راگرتنی پشتیوانیەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان، بەڵام ئەم شیوازە گەڕوگولەی حوکمڕانیی هەرێم دواجار مایەیی بەزەیی و پشتیوانی نیە، بەتایبەتی لە وجودی بەغدایەکی بەهێزدا کە بایدن پشتیوانیەتی. تورکیا تورکیا و ئەردۆغان، سودمەند بون لە ڕەفتارەکانی ترەمپ. داگیرکردنی بەشێك لە کوردوستانی سوریا لەلایەن سوپای تورکەوە بە تویتیکی بێ مەعنای ترەمپ، دەسکەوتێکی کەم نەبوو بۆ ئەردۆغان ئەگەر کاتیش بێ! سەرکوتکردن و پێشێلکاری ئازادیە سەرەتاییەکانی ناوخۆ، کڕینی سیستەمی موشەکیی ڕوسیی، پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو ئاوەکانی قوبرس و یۆنان و ناردنی هێز بۆ لیبیا و بەئاشکرا پشتیوانیکردنی گروپە جیهادیەکانی سوریا، ئەنجامی بیدەنگیی ئیدارەی واشنتن بوە. لەگەڵ ئیدارەی تازە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ پرەنسیپەکانی، حکومەتەکەی ئەردوغان ترسی هەیە ڕوبەڕوی سزای ئابوری و لە قاڵبدانی سیاسی و سەربازی ببێتەوە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە باری ئابوری زۆر دژوارە. ئێران ئەگەرچی بایدن حەز بە گەڕانەوە بۆ پەیمانی ساڵی ٢٠١٥ ئەکات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، بەڵام سەرکێشی و گاڵتەکردنی ئاخوندەکان (لەسەرویانەوە خامنەیی) بەتوانای ئەمریکا و بە سەرۆکی نوێ، ڕێگەی وتوێژ سەختتر ئەکا. ئەگەر ئاخوندەکان سور بن لەسەر ئەم سیاسەتەیان، گوشار و سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران ئەگەر زیاد نەکا، وەك خۆی ئەمێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە ئاشتبونەوەی بەشێك لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرایل، هەڵوێستی دەوڵەتی عیبری توندتر و بەهیزتر کردوە بەرامبەر ئێران. ئیسرایل بەئاشکرا ئەڵێ ئێران مەترسیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرایل و ئیمارات و سعودیە و ڕێگەی پێنادەن لە قەبارەی خۆی دەرچێت! چین بە قسە بێتامەکانی ترمپ بێ، پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین لەئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام جگە لە ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەدریژایی چوار ساڵی ڕابردو و تائێستاش، چین سودمەندی گەورەی چەوتیەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بوە. چینیەکان نایشارنەوە کە لەسایەی ئیدارەی نوێی و ئەوکاتەی ئەمریکا ئەچیتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، دوچاری گوشاری سیاسی و سزای ئابوری زیاتر ئەبنەوە بەهۆی پێشێلکردنی ئازادیی و سەرپێچی بازرگانیی لەلایەن چینەوە. تاکە هیوای چین بە ئیدارەی نوێ، گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاو و هەوا و هاوکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ڕوسیا ڕوسیا هۆکاری سەرەکی دەرچونی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦دا. بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر پەلهاویشتن و پێشیلکاریەکانی ڕوسیا لە چوار ساڵی ڕابردودا، پوتین ی بەرەوە دیکتاتۆری و تاکڕەوەی زیاتر بردوە. لەم چوارساڵەدا، ڕوسیا هیچ بەرهمێکی ئابوری نەچنیوەتەوە، بەڵام دەرفەتی باش بۆ بەپاڵەوان بونی پوتین ڕەخسا بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی سوپاکەی لە سوریا وەك هێزێکی بێ ڕکابەر و مامەڵەکردن بە خاکی سوریاوە لەسەر مێزی ئاشتی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. پوتین مەترسی زۆری لە سزای ئیدارەی تازەی واشنتن هەیە بۆ گێڕانەوەی مۆسکۆ بۆ قەبارەی خۆی، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ڕوسیا بە قۆناغێکی ئابوری زۆر سەختدا تێئەپەڕێ، بارودۆخی سیاسی ناوخۆی نالەبارە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەلمانیا و یەکێتی ئەوروپا خراپە. ساڵی ٢٠١١ بایدن بە ئاشکرا بە پۆتین ی وت: " ئەگەر لەشوێنی تۆبومایەوە خۆم هەڵنەئەبژاردەوە، چونکە ئەوە بۆ خۆت و بۆ ڕوسیا باشتر بوو"! ئەلمانیا و ئەوروپا ئەڵمانیا وەك چوارەم گەورەترین ئابوری جیهان و گەورەترین هاوبەشی ئابوری ئەمریکا، زەرەرمەندی سیاسەتی ئابوری ئیدارەی ترەمپ بوە. بەپێی سەنتەری لێكۆڵینەوەی Pew، بەدرێژایی مێژوو، ترەمپ ناپەسندترین سەرۆکی ئەمریکا بوە و تەنها لە ١٠% ئەڵمانەکان متمانەیان پێی هەیە. هەوڵدانی ترەمپ بۆ کۆسپ دروستکردن لەبەردەم هاوردەی تەکنۆلۆجیای ئەڵمانی و گاڵتەکردن بە ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، زۆرترین توڕەیی لە ناوەندە پیشەسازیەکانی ئەڵمانیا دا دروستکردوە. لەلایەکی ترەوە بەهۆی مامەڵەی نادروستی بازرگانیی ترەمپەوە، هەناردەی پیشەسازی ئەلمانیا بۆ چین زەرەری پیگەیشتوە. چوار ساڵە ئیدارەی ترەمپ هەر خەریکی سەرزەنشتکردن و سوکایەتی کردنە بە توانای هێزە ئەوروپیەکانی ناو ناتۆ، لە دوو ساڵی ڕابردودا هاریکاریی و پشتیوانی بەرنامەی ناتۆ لەلایەن ئەمریکاوە، پاشەکشەی زۆری کردوە. بریتانیاش لە سایەی کۆنە پارێزە دژە ئەوروپیەکاندا، ڕۆڵی نیودەوڵەتی خۆی لەدەست داوە. لە ئیستادا فرەنسا، بەتەنیا سەرکردایەتی سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا ئەکات. لەم قۆناغەدا پشتیوانی فرەنسیەکان بەپلەی سەرەکیی هێزی ئابوری ئەڵمانیا و وڵاتە بچوکەکانی باکوری ئەوروپایە. بەپێچەوانەی ترەمپ، بایدن ئاواتەخوازی ناتۆیەکی بەهێز و فروانکردنی ڕۆڵ و گەشەپیدانی تواناکانیەتی. ترەمپ بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ یەکێتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو نیشانداوە، چوار ساڵە هانی ئینگلیز ئەدا بۆ دورکەوتنەوە لە ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی شەراکەتی ئابوری و بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا. بەڵام جۆ بایدن بەدرێژایی ئەو هەشت ساڵەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، خۆیی و سەرۆکەکەی، پشتیوانی یەکیتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو بون، دژیی برێکست و بەداخ بون بۆ جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. لای بایدن مامەڵکردن لەگەڵ بەرلین و پاریس پەسندترە لە (لەندەن)ێکی تەنیا. بایدن، دژی هەر سەرکێشیەکی بریتانیایە کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی ڕێکەوتن نامەی ئاشتی ئیرلەندای باکور. بایدن بە توندی دژی هەر هەوڵێکی بریتانیایە بۆ توندکردنی سنوری نێوان ئیرلەنداکان و کۆنترۆڵ و پشکنینی کاڵا لە نێوان ئیرلەندای باکور و بریتانیای مەزن(ئینگلتەرا، سکۆتلاند، وێڵز). جۆ بایدن بەرەچەڵك ئیرلەندیی و هاوڕێی نزیکی جێری ئادەمزی سەرکردەی شین فینە. بایدن شانازی بە کاریگەریی لۆبی ئیرلەندیەوە ئەکات کە هەژمونێکی باشی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەیە، ئەمە جێگەی نیگەرانی کۆنەپاریزەکانی ئینگلیزە و بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئایندەی پەیوەندیەکانی بریتانیا و ئەمریکا بەتایبەتی دوای بەتەواوی دەرچونی بریتانیا لە یەکیتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا.
(درەو): سایتی (كوردستان 24)ی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایكرد، سبەینێ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆدەبنەوە. كۆبونەوەكە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەچێت، شاندی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكاتو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكدێت. شاندی پارتی پێكدێت لە هۆشیار زێباریو ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی. ئەم كۆبونەوەیە دوای ئەوەدێت رۆژی هەینی بافڵ تاڵەبانی چووە هەولێرو نامەیەكی یەكێتی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی. یەكێتی نیگەرانە لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتیو دەڵێ رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەنامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی داوای لە پارتی كردووە دواین هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە بە یەكێتی رابگەیەنێت. بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی، كلیك لەسەر ئەم لینكەی خوارەوە بكە: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=7035
(درەو): جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا دوای دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی، ژمارەیەكی زۆر ئیمتیازی داراییو ئاسانكاری وەكو سەرۆك پێدەدرێت. بەگوێرەی راپۆرتی سایتی "بزنس ئیسایدەر"، سەرباری ئەوەی جۆ بایدن موچەیەكی زۆر وەردەگرێت، وەكو سەرۆك بڕێكی زۆر پارەش دەخرێتە بەردەست بۆ خەرجی گەشتكردنو كاتبەسەربردنەكانی. موچەیەكی زۆر ساڵی 2001 كۆنگرێس موچەی سەرۆكی لە (200 هەزار) دۆلارەوە بۆ (400 هەزار) دۆلار بەرزكردەوە، ئەمە لەپاڵ دابینكردنی بڕی (50 هەزار) دۆلاری ساڵانەی تر بۆ خەرجییەكانی تر. جگە لەمە، سەرۆكی ئەمریكا لەژێر بەندی بودجەی گەشتكردندا بڕی (100 هەزار) دۆلار وەردەگرێت، لەگەڵ بڕی (19 هەزار) دۆلاردا بۆ كاتبەسەربردن، بەپێی یاسای باج لە ئەمریكا موچەی سەرۆكایەتی باج دەیگڕێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە پاداشتە داراییەكانی تر بەوشیوەیە نین. خەرجی دیكۆری كۆشك بەگوێرەی سایتی "بزنس ئینسایدەر" باسی كردووە، سەرۆكی نوێی ئەمریكا بڕی (100 هەزار) دۆلار وەردەگرێت كە ئەم پارەیە تەرخانكراوە بۆ دیكۆرو دیزاینو كەلوپەلی ناو كۆشكی سپی. خێزانی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا قایل نەبوون بەوەی ئەم بڕە پارەیە وەربگرنو پارەی تایبەتی خۆیان بەكارهێنا بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كۆشكی سپی بەوشێوەیەی گونجاوە بۆیان. تۆڕی "CNBCN EWS" رایگەیاند، دوای سەرۆكەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕی (ملیۆنێكو 75 هەزار) دۆلاری لە نوێكردنەوەی كۆشكی سپیدا خەرج كردووە. سودوەرگرتن لە باخچەی كۆشك لەماوەی سەرۆكایەتی هاوسەرەكەیدا، خاتوو میشڵ ئۆباما دەستی بەكاركردن كرد لە باخچەی كۆشكی سپی، میلانیای هاوسەری ترەمپ درێژەی بە كارەكەی میشڵ ئۆباماداو بەردەوامی دا بە نەریتی میوانداریكردنی منداڵانی خوێندنگەكان لە باخچەی كۆشكی سپی، كە بەگوێرەی قسەی تۆڕی "CNN" لەم باخچەیەدا میوەو سەوزەمەنییەكان هەیە. خەرجی نۆژەنكردنەوە خەرجی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی سپی ساڵانە دەگاتە نزیكەی (4 ملیۆن) دۆلار، بەڵام سەرۆك ئەم پارەیە نادات، بەڵكو تەنیا خەرجی خزمەتگوزارو ئەو تیمانەی خاوێنكردنەوە دەدات كە لە ئاهەنگە تایبەتەكاندا كاردەكەن كە لەناو كۆشكی سپیدا میوانداری دەكرێن. شوێنی كاتبەسەربردن لە كۆشكی سپیدا ژمارەیەك شوێنی كاتبەسەربردن هەن كە سەرۆك دەتوانێت سود لە خزمەتگوزارییەكانیان وەربگرێت لەنمونەی هۆڵی یاری بۆڵینگو مەلەوانگەی چارەسەری سروشتیو یاریگای تێنسو یاری باسكەو هۆڵی سینەما. هەندێك شتی تر لەنێو ئەو شتانەی تردا كە سەرۆكی ئەمریكا بەهۆی پۆستەكەیەوە دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بابەتی پشوودانیەتی لە هاوینەهەواری "كامپ دەیڤید" لە باكوری خۆرئاوای واشنتۆن كە سەیرانگایەكە لە چیای كاتۆكتین لە نزیك سۆرمونت لە ویلایەتی میریلاند. هەروەها سەرۆك فڕۆكەی "بۆینگ 200-747" بەكاردەهێنێت كە خەرجی بەكارهێنانی بەپێی قسەی "CNN" نزیكەی (200 هەزار) دۆلارە بۆ یەك كاتژمێر، ئەمە سەرباری بەكارهێنانی كۆپتەری "مارین ون". پاسەوانی سەرۆكایەتی سەرۆكەكانی ئەمریكا سودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری پاسەوانی نهێنی، كە ئەم پاسەوانێتییە تەنانەت دوای ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتیشیان كۆتایی دێت، هەر بەردەوام دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، خەرجی پاسەوانو هەواڵگری نهێنی لە ساڵی 2017دا بڕی (ملیارێكو 900 ملیۆن) دۆلار بووە. ئاڵوگۆڕی ئیدارە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سەرۆكێكەوە بۆ یەكێكی تر پرۆسەیەكە كە لەڕووی مادییەوە خەرجی دەكەوێتەسەر، ئەم خەرجییەش بریتییە لە قەرەبووی فەرمانبەرانو خزمەتگوزاری پەیوەندیكردنو ئۆفێسی نوێ. بۆ نمونە بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، رۆشتنی ئۆباما بۆ كۆشكی سپی بڕی نزیكەی (9 ملیۆنو 300 هەزار) دۆلار تێچووە.
درەو: جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، تا ئێستا (290) دەنگی هەڵبژاردنی كۆكردووەتەوە كە سەركەوتن پێویستی بە (270) دەنگ ی هەڵبژاردنی هەیە. هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ئەنجامەكان رانەگەیەنراوە، بەڵام میدیاكانی ئەمریكا سەركەوتنی بایدنیان راگەیاند تا ئێستا: بایدن : (74 ملیۆن و 857 هەزارو 880) دەنگی بەدەستهێناوە ترەمپ: ( 70 ملیۆن و 598 هەزارو 535) دەنگی بەدەستهێناوە بایدن لە تویتێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دەبمە سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەک. راشیگەیاند، ئەو ئەرکەی لە پێشمانە سەختە، بەڵام بەڵێن دەدەم، سەرۆکی هەمووان بم، ئەگەر کەسەکە دەنگی دابێت بە من یا خود بە پێچەوانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمپین کۆتایی هات، کاتی ئەوەیە توڕەیی و رق وەلا بنێین، وەکو نەتەوەیەک یەکبگرین.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت لە گەشتێكی نوێدا بۆ هەولێر، بافڵ تاڵەبانی دواین نامەی یەكێتی گەیاندە دەستی بەرپرسانی باڵای پارتی، یەكێتی تا كۆتایی ئەمساڵی داناوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەپێچەوانەوە بەوتەی خۆیان هەڵوێستی یەكلاكەرەوەیان دەبێت، هاوسەرۆكەكان لەدوای دەستبەكاربوونیانەوە هەر مانۆڕێكی سیاسییان بەرامبەر بە پارتی كردبێت بە شكست لێی دەرچوون، ئەمان چاویان لەوەیە دەستیان بە هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی (مەسعود بارزانی) بگات، بەڵام تائێستا لە نێچیرڤان بارزانیو مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتریان چنگ نەكەوتووە، كە ئەوانیش بڕیاری كۆتایی پارتییان لانییە. نامەیەكی نوێ بۆ پارتی دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی چووە هەولێر، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) نامەیەكی نوێی یەكێتی داوە بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو جێگری سەرۆكی پارتی. (درەو) تائێستا وردەكاری ناوەڕۆكی پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی دەستنەكەوتووە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لەنامەكەدا بافڵ تاڵەبانی جەخت لەسەر سوربوونی یەكێتی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكات كە لەنێوان هەردوو حزبدا ئیمزاكراوە. لەنامەكەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت تەنیا پڕكردنەوەی پۆستەكان نییە، بەڵكو بابەتی تریشە كە تائێستا جێبەجێ نەكراوەو داوا دەكات پارتی دواین وەڵامی خۆی لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بە یەكێتی رابگەیەنێت. یەكێتی لەبارەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێستا لەسەر ئەم تەوارانە تێبینی هەیە: • لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی • شەراكەتی یەكێتی لە حكومەت • پڕكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەتو ڤیتۆی پارتی لەسەر كاندیدەكانی یەكێتی • هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی دۆخی ئێستای كوردستانو كێشەی پەكەكە سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەولێر دوای دەستپێشخەرییەك دێت بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، دەستپێشخەرییەكە لەناو حكومەتو لەلایەن هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگرییەوە كراوەو، لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە لە رۆژی 17ی مانگی رابردوو، واتە رۆژێك دوای یادی "16ی ئۆكتۆبەر"، بۆ ماوەی 72 كاتژمێر میدیای پارتیو یەكێتی شەڕی راگەیاندنیان لەدژی یەكتر راگرتووە، لە تیمی پارتی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافو لە تیمی یەكێتی دارا رەشید وەزیری پلاندانان چاودێری رێككەوتنی راگراتنی شەڕە میدیاییەكەی نێوان هەردوو حزبیان كردووە. دوای ئەم دەستپێشخەرییە، یەكێتی نامەیەكی لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، ئاڕاستەی پارتی كردووە، لەو نامەیەدا داوای بەلاداخستنی پرسی لامەركەزیەتی ئیدارییو داراییو شەراكەتو پشكەكانی یەكێتی لەناو حكومەت كردووە. پارتی وەڵامی نامەكەی یەكێتی داوەتەوەو لەبارەی پرسی لامەركەزییەوە باسی لەوەكردووە ئەم بابەتە بەشێكە لە كارنامەی حكومەتو یەكێتی دەتوانێت لەچوارچێوەی ئەو كارنامەیەدا لامەركەزیەت جێبەجێ بكات، لەبارەی پشكی یەكێتی لە حكومەت بەدیاریكراویش دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكردووەو پارتی كاندیدەكەی یەكێتی رەتدەكاتەوە، لەوەڵامەكەی پارتیدا جارێكی تر جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە مەسرور بارزانی قایل نییە بەوەی رەوەند مەلا مەحمود ئەو پۆستە وەربگرێت، رەوەند ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەو خەڵكی كەركوكە، پارتی تۆمەتباری دەكات بەوەی بەشداربووە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، بۆیە ڤیتۆیان هەیە لەسەریو دوای زیاتر لە ساڵێكو پێنج مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، تائێستا بەهۆی ئەم كێشەیەوە یەكێتی نەیتوانیوە ئەو پۆستە پڕبكاتەوە. لەبارەی شەراكەتی یەكێتییەوە لە حكومەت، پارتی لەنامەكەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە رێككەوتنەكە جێبەجێ كراوەو یەكێتی بەشی زۆری پۆستەكانی لە حكومەت وەرگرتووە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا یەكێتی ژماریەك پۆستی سەرۆكی دەستەو بریكاری وەزیر و راوێژكاری لەناو حكومەت پڕكردەوە. یەكێتی چی دەوێت ؟ بەگشتی لە گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكاندا یەكێتی دەیەوێت دەسەڵاتی لامەركەزیەتی ئیدارییو دارایی بۆ سنوری دەسەڵاتی خۆی لە پارتی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی تائێستا پارتی پێیداوە هەر ئەو جۆرە لە لامەركەزیەتەیە كە ئێستا هەیەو لەچوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدایەو هەندێك دەسەڵاتە كە دراوە بە پارێزگارەكان، یەكێتی چاوی لە زیاترە، دەیەوێت بەیاسا لامەركەزیەتی تەواوەتی داراییو ئیداری بۆ سنوری دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێتو بەجۆرێك چیتر سلێمانی بۆ بڕیارە داراییو ئیدارییەكانی نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە بوو وای كرد مەسعود بارزانی لەرێگەی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە پەیام بۆ یەكێتی بنێرێتو پرۆژەی گەڕانەوەیان بۆ قۆناغی بەر لە یەكخستنی حكومەت واتە دوو ئیدارەیی بخاتە بەردەم. یەكێتی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆسەردەمی دوو ئیدارەیی، بەڵكو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای یەكخستنی حكومەتی هەردوولا لە ساڵی 2005دا، چونكە ئەو سەردەمە یەكێتی هەم لە هەولێر شەریكە دەسەڵاتی پارتی بووە، هەمیش پشكی سنوری خۆی لە دارایی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ وەرگرتووەو خۆی بەوشێوەیەی كە ویستویەتی لە سلێمانی بەكاریهێناوە، سەرباری ئەمە لەڕووی ئیدارییەوە یەكێتی پێیوایە دەسەڵاتی ئیداری بەتەواوەتی لە هەولێردا قۆرخ بووەو سلێمانی دەسەڵاتی لە هیچ بڕیارێكی ئیداریدا نییە، بۆ نمونە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی مۆڵەتی پرۆژەكانی بە سەرمایەدارانو بازرگانان داوە، ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە هەولێرەو بەڕێوەبەرەكەی سلێمانی هیچ دەسەڵاتێكی نییە، ئەمە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تریش بە هەمان شێوەیە بەپێی ئەوەی یەكێتی باسی دەكات. لەبەرامبەردا پارتیش گلەیی لە یەكێتی هەیە، پارتی بەفەرمی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان بە یەكێتی راگەیاندووە، پارتی باسلەوە دەكات بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی ناوچەی خۆی رێكخستوەتەوەو بەوهۆیەوە داهاتی دەروازەكانی زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە دەروازەكانی سنوری یەكێتی بەشێوەیەكی بەربڵاو قاچاخچێتی دەكرێتو داهاتی پێویست بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە، مەسرور بارزانی چیتر ناتوانێت پارەی سنوری پارتی كۆبكاتەوەو بینێرێت بۆ خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی ئەگەر یەكێتی هاوكاری حكومەت نەكات لە زیادكردنی داهاتەكاندا. پرسی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان لەسەر پرسی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانیش یەكێتی لەگەڵ پارتی ناكۆكی هەیە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، نوێ نەكراوەتەوە، بەمدواییە یەكێتی وەڵامی بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی دایەوەو ئەمە پارتی نیگەران كرد. ئێستا كە پارتی لەسەروبەندی شەڕو روبەڕووبونەوەدایە لەگەڵ (پەكەكە)، یەكێتی وەكو پێویست نەهاتوەتە پێشەوە، تەنانەت تیمی یەكێتی ناڕازی بوون لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بەیاننامە لەدژی جموجوڵەكانی پەكەكە لەناو هەرێمی كوردستان بڵاوبكاتەوە، دواجار قوباد تاڵەبانی كێشەكەی چارەسەر كردو بەیاننامەكەی تێپەڕاند. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەدواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوە كراوە یەكێتی لەگەڵ شەڕی پەكەكەدا نییە، هەندێك لە یەكێتییەكانیش باسلەوە دەكەن، ئەگەر شەڕ رووبدات یەكێتی هێزی خۆی بەشداری پێناكات لەو شەڕەدا. یەكێتی نایەوێت دەسەڵاتی سەربازیو ئەمنی هەرێمی كوردستان لای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بێت، دەیەوێت هاوشێوەی ئەوەی پێشتر هەبووە، دەسەڵات لای سەرۆكی هەرێم بێت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانییەو بەپێی یاسا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانەو هاوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەكو بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنی لەهەرێم بەپێی یاسا بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەستراوە نەك سەرۆكایەتی حكومەت. نەوتو وزە یەكێك لە نیگەرانییەكانی تری یەكێتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی داوای دەكات لە بڕیارەكانی تایبەت بەم كەرتەدا بەشدار بێت، سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەمدواییە لەناو یەكێتیدا رەخنە دەستیپێكردووە سەبارەت بەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستە گەورەكانی بواری نەوتی داوە بە كۆمپانیاكانی پارتی بەدیاریكراویش كۆمپانیای (كار)و یەكێتی هیچ پشكدارییەكی لەم بوارەدا نییە. ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای پارتی چەندینجار پەیامیان بۆ یەكێتی ناردووەو لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە ئاگاداریان كردوون لەوەی بەشدارنو پشكی خۆیان وەردەگرنو دەچێتە سەر ژمارە حسابییەك لە بانكی "میسر" لە دوبەیو هەموو مانگێك یەكێتی پشكی خۆی وەرگرتووە. پێشتریش لەسەر ئەم پرسە جارێك پارتی وەڵامی یەكێتی دایەوە بەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو ئاگاداری دۆسیەی نەوتە. سەفەرەكانی بافڵ بۆ هەولێر تەموزی رابردوو هاوشێوەی ئێستا یەكێتیو پارتی پەیوەندییەكانیان بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕی، ئەوكات یەكێتی بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمانو حكومەتی دەكردو لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی هەڕەشەی دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی بزوتنەوەی گۆڕانو دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت دەكرد، بەڵام بەنێوەندگیرییەك بافڵ تاڵەبانی چووە هەولێرو نێچیرڤان بارزانی لە درەنگانێكی شەودا بینی، ئەوكات رێككەوتن لەسەر ئەوەی پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەنو ئەو لیژنەیە گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوانیان بكاتو چارەسەریان بۆ بدۆزێنەوە، هەردوولا لیژنەیان دروستكرد، رۆژی 11ی ئاب وەفدێكی پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری هاتنە هاوینەهەواری دوكانو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیو وەفدی یەكێتیدا كۆبونەوە، یەكێك لە بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیە راگرتنی شەڕی میدیای هەردوو حزب بوو، ئەو بڕیارەش جێبەجێ نەكراو چیتر كۆبونەوەی تری بەدوادا نەهاتو راوەستا. سەفەری ئەمجارەی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەولێر رەنگە هاوشێوەی سەفەرەكەی تەموز بێهودە بێت، چونكە وەڵامەكانی پارتی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە. رەنگە بەربەستی گەورەی بەردەم هاوسەرۆكەكان لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئەوەبێت تائێستا نەیانتوانیوە كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ پارتی رێكبخەن، هاوسەرۆكەكان خوازیارن لەگەڵ بڕیاربەدەستەكانی پارتی قسە بكەن كە مەسعود بارزانیو مەسرور بارزانی كوڕیەتی، بەڵام پارتی نێچیرڤان بارزانیو مەكتەبی سیاسی حزبیان روبەڕوو دەكاتەوە، كە هیچیان دەسەڵاتو بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتییان لانییە. بەفەرمی ئەمە جاری دووەمە بافڵ تاڵەبانی دەچێتە هەولێر بۆ قسەكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی تائێستا لەسەر ئاستی كەسی یەكەمو دووەمو تەنانەت سێیەمیش نەهاتوەتە سلێمانیو بەدەنگ نیگەرانییەكانی یەكێتییەوە نییە. یەكێتی یەك دەنگ نییە نزیكەی ساڵێكە یەكێتی كۆنگرەی كردووەو دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێی هەڵبژاردووە، بەڵام هێشتا ماڵەكەی پەرتەوازەیەو كۆنگرە لە بری كۆكردنەوەی زیاتر پەرتی كردووە. دوای ساڵێك لە كۆنگرە، هێشتا دەستوری ناوخۆی حزب تەواونەكراوە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكاتو مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزبی لەخۆیدا كۆكردوەتەوە هێشتا دەسەڵاتەكانی یەكلانەكراوەتەوە، ئەمانە ناڕازین لە سیاسەتەكانی بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیو هەندێكجار هەوڵی سازدانی مانۆڕی سیاسی دەدەن، بەڵام بەگشتی هێشتا كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە كە مەترسی لەسەر پێگەی هاوسەرۆكەكان دروست بكات، بەمدواییە كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی بۆ هاوسەرۆكەكان نوسی لەبارەی كاری دەروازە سنورییەكانەوە، بەڵام كاتێك (درەو) كۆپییەكی نوسراوەكەی بڵاوكردەوە، نوسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ نوسراوەكەی رەتیكردەوەو بەوشێوەیە پەیامەكەی وەكو ئەوەی دەیویست بە هاوسەرۆكەكان نەگەیشت. لەلایەكی ترەوە یەكێتی لە قەیرانی دارایدایە، داهاتی حزب بەشی خەرجییەكانی ناكات، بەمدواییە هاوسەرۆكەكان لیژنەیەكی سێ كەسییان پێكهێناوە بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی حزب، بەرپرسانی حزب تێرن، بەڵام دامەزراوەكانی حزب لاوازو بێ داهاتن، دارایی یەكێتی بەشێوەیەك تێكەڵ بە دارایی بەرپرسەكانی بووە، هاوسەرۆكەكان بۆیان جیاناكرێتەوە. تیمی یەكێتی لەناو حكومەتو پەرلەمان لەنێوان دوو ئاڕاستەدا سەریان لێ شێواوە، ئاڕاستەیەك قوباد تاڵەبانیو بافڵی تاڵەبانی برای سەرەوكاریی دەكەنو پەیوەندییەكانیان ئاساییو باشە لەگەڵ پارتی، ئاڕاستەكەی تر لاهور شێخ جەنگییە كە ناكۆكە لەگەڵ پارتیداو تائێستا بارزانیو پارتی دانیان پێدا نەناوە. بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی لەدوای دەستبەكاربوونیان لە پۆستی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، هەر مانۆڕێكیان بەرامبەر پارتی كردبێت بە شكست لێی دەرچوون، لەوانە لە كێشەی زینی وەرتێو لامەركەزیەتی ئیداریو مانۆڕە سیاسییەكان ناو پەرلەمان، هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەست بۆ بڕیارەكان لەناو حكومەت، پارتی زیرەكانە هەموو كارتەكانی فشاری لەدەستی هاوسەرۆكەكاندا سوتاندووە، ئێستاو دوای ئەو زنجیرە شكستە، قسەوباس لەسەر ئەوە هەیە گوایە هاوسەرۆكەكان تا كۆتایی ئەمساڵ دەرفەت بە پارتی دەدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەپێچەوانەوە بەشێوەی تاكلایەنە بڕیار لەسەر چارەنوسی سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆیان دەدەن، بەڵام ئایا بەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ناو حزبەكەیانەوە دەتوانن بڕیاری گەورە لەبارەی چارەنوسی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی بدەن ؟
(درەو): رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كەسە نزیكەكانی، ئامۆژگاری ترەمپیان كردووە خۆی ئامادە بكات بۆ ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. ئەمە لەكاتێكدایە وتاری داننان بە شكست كە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەحاڵی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنو دۆڕاندنیان دەیخوێننەوەو تێیدا پیرۆزبایی لە كاندیدی براوە دەكەن، لەلایەن تیمی ترەمپەوە تائێستا ئامادە نەكراوە. رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەكردووە، ماوەی دوو رۆژە راوێژكارەكانی سەرقاڵی قسەكردنن لەگەڵ ترەمپ لەبارەی ئەوەی دەكرێت هەڵبژاردن بدۆڕێنێتو ئەگەر ئەمە روبدات دەبێت چۆن مامەڵە بكات. (واشنتۆن پۆست) پێشبینی ئەوەی كردووە، ئەگەر بدۆڕێت، پێناچێت ترەمپ بەشێوە نەریتییەكە (واتا خوێندنەوەی وتاری شكست) دان بە دۆڕانەكەیدا بنێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە یەكێك لە كارمەندەكانی كەمپەینی ترەمپ باسی لەوەكردووە هیچ ئامادەكارییەك بۆ نوسینی وتاری داننان بە شكستدا نەكراوە. رۆژنامەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنێت، ترەمپ بەردەوام بێت لەسەر بانگەشە "بێ بنەماكان"ی سەبارەت بەوەی سەركەوتنەكەیان لێ دزیوە. بەپێی زانیارییەكانی (واشنتۆن پۆست)، دەوروبەرەكەی ترەمپ دابەشبوون بەسەر دوو كەمپدا، ئەندامانی خێزانەكەی باوەڕیانوایە هێشتا ترەمپ دەتوانێت سەركەوێتو دەبێت هەوڵی بەدیهێنانی سەركەوتن بدات، بەڵام ئەندامانی كەمپەكەی تر كە زۆرینەنو پێكهاتوون لە گروپێك لە راوێژكارانی سەرۆكو سەركردەی كۆمارییەكان، دانیان بە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكەدا ناوە.
(درەو): ئەگەر جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوەو ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئەوەی ئێستا پێشبینی ئەنجامەکان وادەڵێن، دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی سیاسەتی بایدنەوە بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت: عێراق کاتێک جێگری باراک ئۆباما بووە، بایدن چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، بەباشی لە کێشەی عێراق تێدەگات، کوڕەکەی لە ریزی سوپای ئەمریکا لە عێراق خزمەتی کردووە، بایدن خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ هەرێمی شیعەو سوننەو کورددا، ئەو پێیوایە بە دابەشکردن دەتوانرێت یەکێتیی عێراق بپارێزرێت. هەندێک بە دیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی بایدن، بەوپێیەی بایدن وەکو دۆستێکی نزیکی کوردو هاوڕێی مەسعود بارزانی دەناسێنن، پێیانوایە ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەردەمی بایدندا بکرایە ئەنجامەکەی بەجۆرێکی تر دەبوو. لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی عێراق دەکەن لەچوارچێوەکەی خۆیدا ترسیان هەیە بایدن نەخشەکەی بۆ دابەشکردنی عێراق بخاتەبواری جێبەجێکردنەوە. لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئێستا بابەتی گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقە، پێشبینی دەکرێت بایدن هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریاو ئەفغانستان سنوردار بکات یان بەیەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە هەندێک هێزی دژەتیرۆر لەو وڵاتانە بهێڵێتەوە. سعودیە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی (جەمال خاشوقچی)دا بایدن وتی:" چاو بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا دەخشێنمەوە"، هەر لەبارەی سعودیەوە جارێک بایدن وتی:" بەهای ئەمریکا بە سواڵکردن بۆ فرۆشتنی چەک و کڕینی نەوت بەدی نایەت". بایدن بەڵێنیداوە کۆتایی بە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سعوییە بهێنێت لە جەنگی یەمەندا، هەروەها چاوپۆشی لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ نەکات لەبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکان. ئیسرائیل و دۆزی فەلەستین بایدن پاڵپشتی ئەوە ناکات خاکی کەناری خۆرئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل، بایدن دەڵێ:" چالاکی دروستکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەرجۆرە ئومێدێک بۆ ئاشتی دەخنکێنێت"، بەڵام سەرباری ئەمەش پێشبینی ناکرێت جارێکی تر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودسەوە بگەڕێنێتەوە بۆ تەلئەبیب یان هەر هەنگاوێکی تر هەڵگرێت کە ببێت بە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی ئەو رێککەوتنانەی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان بەمدواییە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا کراوە. بەڵام سەرباری ئەمانە بایدن بەڵێنیداوە جارێکی تر کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەرگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە قودسی رۆژهەڵات و نوسینگەکانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتۆن بکاتەوە. ئیداری بایدن هەوڵی زیندوکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری ئاشتی، کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان چارەسەر بکات. میسر لەبارەی دەسەڵاتی میسرەوە بایدن قسەیەکی هەیە کە وەکو ئاماژەیەک بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک میسر دەڵێ:" ئیتر چەکی سپی زیاتر نادەین بە دیکتاتۆرە دڵخوازەکەی ترەمپ". میسر یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بایدن نیگەرانە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئیدانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤی کردووە لەو وڵاتە. بەگوێرەی قسەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، بایدن بەشێک لەو یارمەتییە داراییە گەورەیە رادەگرێت کە ئەمریکا ساڵانە بە میسری دەدات، ئەگەر ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە پەرەسەندنی زیاتر بەخۆە ببینێت. سوریا پێشبینی ناکرێت بایدن هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکێشێتەوە، پاشەکشێ لە سزاکان بۆسەر دیمەشق ناکات. پەیوەندی بەهێزی بایدن لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان، ئەنکەرە نیگەران دەکات. تورکیا بایدن، ئەردۆغانی بە "ستەمکار" ناوبردووەو داوای لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردووە لە هەڵبژاردندا بیخەن. پێشبینی دەکرێت بایدن بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی (S400) لە روسیا، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ماکس هۆڤمان کە لێکۆڵەرێکی سیاسییە وەکو ئاماژەیەک بۆ پەیوەنییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و ئەو گۆڕانکارییەی دوای دەستبەکاربوونی بایدن روودەدات، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە:" ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە تەلەفۆنێک بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی ئەمریکا سەرەوژور بکاتەوە". ئێران بایدن دەڵێ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێستا لەگەڵ ئێران "شورەیی"ە، بەڵام باشترە لەوەی "بوونی هەبێت" بۆ سەرکوتکردنی ئارەزووە ئەتۆمییەکانی ئێران. بایدن دەڵێ:" ئەگەر ئێران گەڕایەوە بۆسەر پابەندییە ئەتۆمییەکانی، جارێکی تر ئەگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە". بەگشتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەندێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وەکو خۆی دەڵێ هەڵەکانی ترەمپ راست دەکاتەوە، بەڵام بەگشتی گۆڕانکارییەکان گەورە نابن هێندەی ئەوەی وەکو جوانکاری سیاسی تەماشا دەکرێن.