كۆنگرەی چواردەی پارتی.. دەسەڵات لەنێوان كوڕو برازاكانی بارزانیدا

Draw Media

2021-04-03 17:49:06



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی، كۆنگرەیەك كە نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان ئامۆزاكان دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی یەكلادەكاتەوە، ئایا بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوە‌و وەكو "مەرجەعی" حزب دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ پارتی دەیەوێت شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی بكاتەوە‌و هاوسەرۆكایەتی جێگیر بكات؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

كۆنگرەی چواردە
رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ، واتە كەمتر لە دوو مانگی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی دەبەستێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەری بەهێز هەیە جارێكی تر وادەی كۆنگرە دوابخرێت، بۆ دواخستنی كۆنگرە پارتی دەیەوێت بەهانەی كۆرۆنا بهێنێتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لە رێكنەكەوتنی بنەماڵەی بارزانی دەكەن لەبارەی نەخشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو حزبدا. 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو ئەم كۆنگرەیە لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە نزیكەی (7 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (11) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعش‌و قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان، وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، ئێستاش بەهانەی "كۆرۆنا" ئامادەیە.  
بڕیارە كۆنگرەی چواردەی پارتی لە شاری (دهۆك) بەڕێوەبچێت، یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، ئەمە ئەو بابەتەیە كە پێشبینی دەكرێت كۆنگرەی چواردە لە كۆنگرەكانی پێش خۆی جیابكاتەوە.

بارزانی دەسەڵات بۆ كوڕەكانی دەگوازێتەوە یان برازاكانی ؟

كۆنگرەی چواردە‌و گۆڕانكارییەكانی
مەسعود بارزانی سەرۆك‌و مەرجەعی پارتی ئێستا تەمەنی (75 ساڵ)ە، بۆیە ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای خۆی دەكات، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەی، بە دیاریكراوی لەنێوان كوڕو برازاكانی رێكبخاتەوە. 
بەگشتی چەند سیناریۆیەك هەن لەبەردەم چۆنیەتی دابەشبونەوەی دەسەڵات لە هەرەمی سەرەوەی پارتیدا كە ئەمانەن: 

سیناریۆی یەكەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانی‌و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێت‌و لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، چارەنوسی كوڕەكانی ئیدریس بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی ئەم هاوكێشەیە دیاری دەكات، بۆیە دووبارەبونەوەی سیناریۆی كۆنگرەی سیانزە لە كۆنگرەی چواردەدا لەلایەن پارتییەكانەوە، بەدوور دەزانرێت. 

پارتی ئەزمونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی دەكات، هاوسەرۆكایەتی دەچەسپێنێت ؟
 

سیناریۆی دووەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی‌و ئەوی تر مەسرور بارزانی یاخود یەكێك لە كوڕەكانی تری مەسعود بارزانی، لەم نێوەندەشدا باس لە ناوی (مەلا مستەفا بارزانی) كوڕە بچوكی مەسعود بارزانی دەكرێت كە بە "بابۆ" ناسراوە‌و كاروباری كۆمەڵایەتی باوكی لەناوچەی بادینان بەڕێوەدەبات، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان ئامۆزاكاندا، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیە‌و راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن.

سیناریۆی سێیەم: 
وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێت‌و وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوە‌و دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكات‌و حزب رادەستی ئامۆزاكان بكات‌و خۆی چاودێرییان بكات‌و رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە.

سیناریۆی چوارەم:
ئەمە سیناریۆی دورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانییە لە كوردستان، هەندێك لە پارتییەكان باسلەوە دەكەن، رێككەوتنی پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی سەرۆك كۆمارە بۆ نێچیرڤان بارزانی، چونكە بەمە نێچیرڤان وەكو كۆسپێك لەبەردەم گۆڕانكارییەكانی ناو حزبدا لادەبرێت، ئەوانەی باسی ئەم سیناریۆیە دەكەن دەڵێن لە كۆنگرەی چوارەمدیەمدا مەسعود بارزانی دەبێت بە مەرجەع‌و مەسرور بارزانی دەبێت بە سەرۆكی پارتی، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئایا نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بچێتە بەغداد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا باسلەوە دەكرێت، جارێك مەسعود بارزانی وتیویەتی:" ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی نابێت هیچ كەسێكیان پۆست لە بەغداد وەربگرن، چونكە مستەفا بازرانی باوكم ئەم داوایەی لە نەوەكانی كردووە"، هەرچەندە ئەمە سونەتێكی چەسپاو نییە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا‌و لە شەست‌و حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مستەفا بارزانی خۆی لە ژیاندا بووە، هەریەكە لە (عوبەیدوڵڵا، لوقمان، سابیر) كوڕانی مستەفا بارزانی پۆستی وزاری‌و پەرلەمانیان لە بەغداد وەرگرتووە (دەوترێت مستەفا بارزانی حاشای لەم كوڕانەی كردووە).

كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی چیتر فشار نییە لەسەر مەسعود بارزانی
 

سیناریۆی پێنجەم:
راستەوخۆو بێ هیچ پێچ‌و پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێت‌و پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە سیناریۆیەكی دوور نییە، هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەمە دەكەن، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین".
مێژووی بەڕێوەبردنی حزب بە دوو سەرەوە لەناو پارتیدا بە فۆرمێكی جیاواز ئەزمون كراوە، لەدوای وەفاتی مستەفا بارزانی هەریەك لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێكەوە حزبیان بەڕێوەبرد.

چارەنوسی مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتییەكان 
زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە كۆنگرەی چوارەمدا چانسی مانەوەیان لاوازە، رەنگە ئەوانەی دوردەخرێنەوە لە ئۆرگانێكی بارەگای بارزانیدا كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە.
لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانەی چانسی مانەوەیان هەیە لە كۆنگرەی چواردەدا بریتین لە هەریەكە لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، بەوپێیەی تونای راگرتنی باڵانسی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا هەیە، هەروەها (رێبوار یەڵدا، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد).
بەگشتی پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، نێچیرڤان بارزانی زەرەرمەندی یەكەمی كۆنگرەی چواردەی پارتی بێت، ساڵی 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی بنەماڵەدا، دوای (17 ساڵ) نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای چۆڵكرد، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كرد‌و هەمویانی دورخستەوە، ئەگەر لە كۆنگرەی چواردەشدا لە پێگەی بدرێت، ئیتر نێچیرڤان بارزانی هەم حكومەت‌و هەم حزبیش لەدەستدەدات. 
لە دواین كۆنگرەدا، نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید نەكرد، مەسعود بارزانی پێشنیازی كرد بۆ پۆستی جێگری سەرۆك‌و دەنگی كۆنگرەی هێنا، كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دەڵێن ئەگەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید بكردایە لە مەسعود بارزانی دەبردەوە، چونكە ئەوكات لایەنگری زۆری لەناو حزبدا هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی لەدەستدا نەماوە، سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی سیانزەدا دۆستەكانی زۆربەی دورخرانەوە‌و ئەو بێدەنگ بوو، سەركردەكانی پارتی نایانەوێت چیتر گرەو لەسەر نێچیرڤان بارزانی بكەن، چونكە پێیانوایە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، پێگەی خۆی زەمان دەكاتەوە‌و پشت لەوان دەكات.
خاڵێكی تری لاوازی نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چواردەدا ئەوەیە ئێستا نەیارە مێژوویەكانی مەسعود بارزانی مامی لە ژیاندا نەماون، چیتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی لەناو ماڵباتی بارزانیدا بەهای نەماوە، پێشتر كاتێ نێچیرڤان بارزانی نیگەران دەبوو دەڕۆیشتە دەرەوەی وڵات، جەلال تاڵەبانی مامەڵەی بۆ دەكرد و دەیگەڕاندەوە، ئەمە مەسعود بارزانی نیگەران كردبوو، ترسی هەبوو تاڵەبانی یاری بەناكۆیەكانی ناو بنەماڵەكەی بكات بۆ مەبەستی سیاسی بۆیە بارزانی هەمیشە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئێستا ئێتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی هیچ ترسێكی بۆ بارزانی نیە. 

كۆنگرەی پارتی نزیكەی حەوت ساڵ لەوادەی خۆی دواكەوتووە‌و ئەگەری دواخستنی زیاتر لەئارادایە

پارتی‌و كۆنگرە
یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لە ناوچەی (ئەعزەمیە)ی بەغداد بەستراوە، لەم كۆنگرەیەدا (70) ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە (پارتی دیموكراتی كورد)، ئەم كۆنگرەیە (مەلا مستەفا) بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە (شێخ لەتیف)‌و (كاكە زیاد) بوون بە جێگرانی سەرۆكی حزب. 

زنجیرەی كۆنگرەكانی پارتی: 
•    كۆنگرەی دووەم: لە ئازاری 1951 لە بەغداد بەڕێوەچوو، (30) ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژارد‌و لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانرا. 
•    كۆنگرەی سێیەم: لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لە كەركوك بەڕێوەچوو، (35 بۆ 40) ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان).
•    كۆنگرەی چوارەم: تشرینی یەكەمی 1959 لە بەغداد بەسترا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكات‌و جارێكی تر وەكو سكرتێر هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت.
•    كۆنگرەی پێنجەم: ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی فەرمانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لە بەغداد بەسترا، (148) ئەندام بەشداربوون تێیدا، سەرلەنوێ مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی شەشەم: 1ی تەموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا باڵی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا جیابونەوەو لە (ماوت) كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغی جەلالی‌و مەلایی بوو.
•    كۆنگرەی حەوت: لە 15ی تشرینی دووەمی 1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، (370) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی هەشتەم: لە 1ی تەموزی 1970 لە (ناوپردان) بە بەشداری (488) كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەندێك لە پارتییەكان ئەم كۆنگرە بە "كۆنگرەیەكی نمونەیی" ناودەبەن، بەوپێیەی بۆ یەكەمینجار ژنان بەشدارییان تێیدا كردووە‌و نوێنەری چەندین حزبی عێراقی‌و فەلەستینی ئامادەبوون‌و پیرۆزباییان كردووە، لەسەرو هەموشیانەوە ئەندامانی كۆنگرە زۆربەیان بە هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ ناو كۆنگرەكە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەتەواوەتی‌و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون دەڕوات‌و كۆنگرە هەریەكە لە (ئیدریس بارزانی)‌و (مەسعود بارزانی) كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لە ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی چۆڵ بوو.
•    كۆنگرەی نۆیەم: رۆژی 4ی تشرینی یەكەم، پارتی لەناوچەی (زێوە)ی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، بۆ خۆبەدورگرتن لە دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكرد‌و لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد‌و هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تا ئەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی، لەم كۆنگرەیەدا (عەلی عەبدوڵا) وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا.
•    كۆنگرەی دەیەم: ئەم كۆنگرەیە دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی‌و لە رۆژی 12ی كانونی یەكەمی 1989 لە (مەرگەوەڕ) بەبەشداری (332) كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. 
•    كۆنگرەی یانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 16ی ئابی 1993 لە هەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە (عەلی عەبدوڵا) بوو. 
•    كۆنگرەی دوانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 14ی تشرینی یەكەمی 1999 لە هەولێر بەڕێوەچوو، (هەزارو 473) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی سیانزەیەم: ئەمە دواین كۆنگرەی پارتییە، 11ی كانونی دووەمی 2010 لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردوە، بەهۆی كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا)وە، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حزب.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand