(درەو): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهۆكاری (مردن- دەستلەكاركێشانەوە- لەدەستدانی ئەندامێتی)، كورسییە بەتاڵەكە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا پڕدەكرێتەوە، واتە كورسییەكە دەدرێت بەو كاندیدەی كە زۆترین دەنگی هێناوەو بەڵام سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان لیستدا بوو ئەوا ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لە چوارچێوەی لیست و قەوارەكەدا شوێنی دەگرێتەوە.. ئەگەر ئەو كورسیەی كە بەهەر هۆكارێك بێت بەتاڵ بێت ئەگەر كورسیەكە كورسی ژن بوو ئەوا یەدەگەكەی هەر دەبێت ژن بێت بۆ ئەوەی كۆتای ژنان تێكنەچێت. ئەم شێوازە جیاوازە لە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان، كە حزبەكان بە كاندیدەكانی خۆیان كورسییە بەتاڵەكانی خۆیان لە پەرلەمان پڕدەكردەوە. یەدەگەكانی پارێزگای هەولێر: • فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی كە كاندیدی یەكێتیەو (27 هەزارو 604) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (1)ی پارێزگای هەولێرە • عەبدولسەلام محەمەد سوڵتان كە كاندیدی گۆڕانەو (2 هەزارو 8 دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (2)ی پارێزگای هەولێرە • هەرێم كەمال ئاغا كە كاندیدی یەكێتییەو (9 هەزارو 69) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (3)ی پارێزگای هەولێرە • عەبدولستار مەجید كە كاندیدی كۆمەڵی دادگەرییەو (14 هەزارو 809) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (4)ی هەولێرە
(درەوو): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهۆكاری (مردن- دەستلەكاركێشانەوە- لەدەستدانی ئەندامێتی)، كورسییە بەتاڵەكە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا پڕدەكرێتەوە، واتە كورسییەكە دەدرێت بەو كاندیدەی كە زۆترین دەنگی هێناوەو بەڵام سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان لیستدا بوو ئەوا ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لە چوارچێوەی لیست و قەوارەكەدا شوێنی دەگرێتەوە.. ئەگەر ئەو كورسیەی كە بەهەر هۆكارێك بێت بەتاڵ بێت ئەگەر كورسیەكە كورسی ژن بوو ئەوا یەدەگەكەی هەر دەبێت ژن بێت بۆ ئەوەی كۆتای ژنان تێكنەچێت. ئەم شێوازە جیاوازە لە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان، كە حزبەكان بە كاندیدەكانی خۆیان كورسییە بەتاڵەكانی خۆیان لە پەرلەمان پڕدەكردەوە. یەدەگەكانی پارێزگای سلێمانی • دانا ئەحمەد مستەفا كە كاندیدی یەكێتییەو (6669) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (1)ی باكوری سلێمانییە • شنۆ نوری عەبدوڵا كە كاندیدی پارتییەو (9 هەزارو 580) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (2)ی باشوری سلێمانییە • ئەحمەدی حاجی رەشید كە كاندیدی كۆمەڵی دادگەرییەو (11 هەزارو 431) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (3)ی هەڵەبجە • ناسكە عەبدوڵا رەسوڵ كە كاندیدی پارتییەو (15 هەزارو 540) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (4)ی راپەڕینە • رزگار محەمەد كەریم كە كاندیدی یەكێتییەو (7 هەزارو 471) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (5)ی گەرمیانە
درەو: نەوژین – رێناس ساڵح "هەرگیز رۆژێک ئەوەم بەخەیاڵدا نەهات ئەو کەسەی هاوسەرمە ناچارم بکات سێکس لەگەڵ هاوڕێکانی بکەم". ئەو قورگی نوساو بو، چاوەکانی تێکەڵ بە فرمێسک و واقوڕمان بون، دەستەکانی توند دەگوشی، نیگهرانیش بو لهوهى یاساکانی وڵاتەکەی پشتیوانی نەبون ئەگەرچی چەند مادەیەکی قورس بۆ ناچارکردنی ژنان بە کاری لەشفرۆشی تێدایە، ئەمەش لهكاتێكدایه ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق زەنگی مەترسی ئەو تاوانەی دژ بە ژنانی لێدا. حاڵەت یان دیاردەیەکی شاراوە بەناوی "ژن گۆڕینەوە" یان ناچارکردنی ژنان و کچان بە کاری لەشفرۆشی لەلایەن پیاوانی مەحرەمیان، ئەو پرسەیە بەرۆکی ژنانی عێراق و کوردستانی گرتوە، دابونەریت رێگرە لە ئاشكرابونی ئەو تاوانە بۆ رایگشتی، لە بەرامبەردا دواجار ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق زەنگی مەترسی تاوانەکەی لێدا. 'شیرین' ناوی خوازراوی قوربانیەکەی تاوانی ناچارکردن بە سێکسە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە بە زۆری باوک و براکانی، بەڵا م شیرین وایدەبینی ژیانێکی نوێ دەرگای لێکردوەتەوە کەچی دوای هەفتەی یەکەمی هاوسەرگیریەکهی توشی شۆک دەبێت کە هاوسەرەکەی ناچاری دەکات سێکس لەگەڵ هاوڕێکەی بکات. ئەو دەڵێت: "سەرهتا بەسەرخۆشی هاوڕێکانی دەهێنایەوە نزیک دەبونەوە لێم، ئەگەرچی بەرهەڵستیم دەکرد، بەڵام دەرەقەتیان نەدەهاتم، من مناڵبوم مێردەکەم دواتر بۆ خەڵەتاندنی من لێی دەدان، ئیتر وردەوردە وایلێهات هاوڕێکانی مێردەکەم برادەری خۆیان دەهێنایەوە بۆ ماڵەوەمان من بوم بە لەشفرۆشی مێردەکەم، زۆر قسەم کرد لەگەڵ باوکم و براکانم، بەڵام پشتی هاوسەرەکەمیان دەگرت، رەنگە ئەوان هەر منیان فرۆشتبێت پێی". پسپۆڕێک: ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندەیە بەرۆکی خێزانی گرتوە پسپۆڕێکی دەرونناسی ئەمە بە ڤایرۆسی کوشندە بۆ تێکشکاندنی خێزان دەزانێت لە کاتێکدا باس لەوەدەکات کۆمەڵگەی ئێمە بە شکۆی خێزان و پاراستی پێکەوەیی و رێز ناوی هەیە، بەڵام خەریکە ژنان دەبنە قوربانی لادانە سێکسیەکان. د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری دەرونناسی دەڵێت: کۆمەڵگەی کوردی خێزانی پاک و تەندروستە، بەڵام ئێستا سەردەم گۆڕاوە بەهۆی کرانەوەی ناوچەکە بە خەڵکی جیاواز و تێکەڵبونیان، لەگەڵ ئەوەشدا خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی خوڕەوەشتی جۆراوجۆر بڵاوبۆتەوە لە ناو خەڵەکەکەیدا. ئەو پسپۆڕەی دهرونناسی باسی لەو حاڵەتەکرد کە لەکاتی بەرنامەیەکدا باسیکردەوە و هەڵای لەسەر دروستکراوە بەوەی شتی وا لە کۆمەڵگەی ئێمە نیە، وتی: ئەو ژنەی کە مێردەکەی داوای ئەوەی کردوە بگۆڕێتەوە بۆ کاری سێکسی لەگەڵ کەسی تردا، ئەمە قسەکەی بو: "هاوسەرهکەم دەڵێت زۆر خێزان هەیە ئەوەدەکات لە فەیسبوک پەیج و ئەکاونت هەیە و دەتوانین پەیوەندی دروست بکەین". ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی مادەی ٢٩ لە دەستوری عێراق بڕگەی یەکەم تێیدا هاتوە: (خێزان بنەمای کۆمەڵگەیە دەوڵەت پارێزگاری لە قەوارەو بەها ئاینی و رەوشتی و نیشتیمانیەکەی دەکات). لە بڕگەی چوارەم جەخت لەوەدەکاتەوە بەوەی (رێگە نادرێت بە گرتنەبەری شێوازەکانی توندوتیژی و ستەم لە خێزان). ئەم تاوانە روبەڕوی لەیلاش بوتەوە دۆسیەکەی لە یەکێک لە دادگاکانی شارەکانی هەرێـم تۆمارکراوە کاتێک لە گەڵ هاوسەرەکەی پێکەوە دەچنە باخێک بۆ سەیران هاوڕێی مێردەکەشی لە گەڵ هاوژینەکەی دێنە بۆ هەمان باخ، لەیلا هەست بەجۆرێک لە خۆ گێلکردنی مێردەکەی دەکات لەوەشەوەدا، ئەو دەڵێت: "منی پشتگوێدەخست، بەشێوەیەک کاتی خەوتن بەتەنها جێی هێشتم، برادەرەکەی هاتە نزیکمەوە و دەستی بۆ هێنام بە قسەی گەرم، زۆر پەشۆکام بە توندی لێمدا هەڕەشەم کرد و دورمخستەوە". هاوسەرەکەی رەتی دەکاتەوە بە مەبەست ئەوەی کردبێت و لەبەردەم دادوەر وتی: "ئەمە بوختانە بۆ منی دەکات، من بەهیچ شێویەک لەو شەوەدا نیازی کارێکی لەو شێوەم نەبوە ئەگەر بزانم بە دڵنیایەوە هاوڕێکم کارێکی لەوە شێوەیەی کردوە بە دەستی خۆم دەیکوژم". بەڵام لەیلا لە بەردەم دادوەر زۆر دڵنیابو لەوەی هاوسەرەکەی بۆ پاکكردنەوەی خۆی و دەربازبونی لە سزا ئەوە دەڵێت. ئەنجومەنی باڵای دادوەری زەنگی مەترسی بۆ ئەم پرسە لێدەدات لە بەرامبەر زەنگی مەترسی تۆمارکردنی دەیان کەیسی لەو شێوەیە لە دادگاکان رۆژی (٣٠/ئەیلول/٢٠٢١) ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچونی حاڵەتەکانی گۆڕینەوەی ژن و لەشفرۆشی بە ژنانی خێزان بانگەشەکردن بۆیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێکهێنا. لە راگەیهنراوهکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هاتوە: لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ بەدواداچونی حاڵەتەکانی بانگەشەکردن بۆ ژن گۆڕینەوە و لەشفرۆشی، ئەوەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێک بۆ بانگەشەکردن بۆ ئەو کارانە هەبون. هۆکارەکانی زۆربونی حاڵەتەکانی "ژن گۆڕینەوە" و ناچارکردنی کچان و ژنان لە ناو خێزانەکان بە کاری لەشفرۆشی بۆ تێکچونی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێندرێتەوە لەگەڵ نەبونی چاودێری حکومەت، خراپیی دۆخی ئابوری. ئەنجومەنەکە بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پێکهێناوە، کاری سەرپەرشتیکردنی تۆمارکردنی ئەو پێشێلکارییانە دەبێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی راسپاردە لەبارەیانەوە بۆ دادگەکانی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەبارەیانەوە. ناچارکردنی ئافرەتان بۆ کاری سێکسی لەلایەن مەحرەمەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ دەستخستنی پارە بە ناچارکردن یان فێرکردنیان بۆ کاری سێکسی تەنها ژنانی هاوسەرداری نەگرتوەتەوە بەڵکو باوک و براش لەم دۆسیانە تێوە گلاون. ”رۆژێک برازاکانم بە پەشۆکاوی هاتنە ماڵی ئێمە، فرمێسک و ترس و شەرم ئەوانی داپۆشی بو، بە دەنگێکی لەرزۆک کچە گەوەرەکەیان وتی مامە گیان باوکم گێچەڵم پێدەگرێت و دەیەوێت سێکسم لەگەڵ بکات“. ئەمە بۆ مامی سەنا و سارا شۆکێک بو، بەشێوەیەکی راستەوخۆ سکاڵا لەسەر براکەی تۆمار دەکات، دۆسیەکەی لە دادگای یەکێک لە پارێزگاکان تۆمارکراوە و لەبەر هەستیاری بابەتەکە لەناو کۆمەڵگەی کوردی ناوەکان پارێزراون. سەنا تەمەنی ١٦ ساڵە ئەو بە مناڵی بە زۆر بەشودراوە لەلایەن باوکیەوە، بەڵام ناتوانێت بەردەوامبێت لە ژیانکردن لەگەڵ هاوسەرهکەی و جیادەبێتەوە، دوای جیابونەوەی دێتەوە لەگەڵ باوکی و خوشکە ١٤ ساڵەکەی دەژێت، کە ماوەی چەند ساڵێکە دایکیان لە ژیان نەماوە. "زۆر سەیربو بەلامەوە شێوازی هەڵسوکەوتی باوکم خۆی لێم نزیک دەکردەوە، دەستی بە جەستم دەهێنا، من دورم دەگرت لێی، ترسم هەبو کە نیازی خراپ بێت". سانا لەسەرەتایی ئیفادەکەی لە کاتی لێکۆڵینەوەو قسەکردنی بۆ مامی دانانی بەوەدا ناوە کە باوکی دەستدریژی کردوەتەسەری نەوەک تەنها ئەوە بەڵکو سارای تەمەن ١٤ ساڵیش باسی لەوەکردوە کە باوکی هاوڕێکانی هێناوەتەوە ماڵەوە و نزیک بونەتەوە لەم، تا ئەوەی جوڵەی هەستیاریان لەگەڵکردوە بەشێوەیەک دەڵێت: "یەکێک لە هاوڕێکانی باوکم ئەڵقەکەی دەستی داوەپێم وتوتویەتی بیفرۆشەو پارەکەی بکەخەرجی خۆت". لە وتەیەکی دیکەیاندا دەڵێن "هاوڕێکانی پارەیان داوە بە باوکم بۆ ئەو کارانەیان". ئەم کەیسە بەمشێوەیە بەردەوام نابێت، بهڵكو ئینجا باوکی کچەکان سکاڵا تۆماردەکات بەوەی براکەی کێشەی هەیە لەگەڵیدا و دەیەوێت بەم شێوەیە تۆڵەی بکاتەوە. ئەشواق نەجم، پارێزەر لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان ئەوەی ئاشکرا کرد لەپڕ دۆسیەکە گۆڕاوە و دو خوشکەکە لەبەردەم دادوەر وتیان: "ئەوەی وتومانە تەنها هەستێک بوە بۆمان دروستبوە هیچ شتێک روینەداوە". وتیشی: ئەم دۆسیە بۆیە گۆڕا، چونکە سکاڵاکار و قوربانیەکان پاشەکشەیان کرد، قەزیەیەکی زۆر گەورەبو ترسی کوشتنی لێکرا، ئەگینا بە دڵنیاییهوە باوکی کچەکان بە پێی مادەکانی ٣٩٣ تا ٣٩٧ سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکرا، بەڵام کۆتا ئەنجام سزاکەی بە پێی مادەی ٣٩٧ دەرکرا. "سزای ئەم تاوانە تاوەکو حکومی هەتا هەتایی دەچێت" بە پێی یاسایی سزادانی عێراقی بۆ ئەم کارانە و ناچارکردنی ئافرەتان بە کاری لەشفرۆشی لەناو خێزانەکان سزاکەی تاوەکو بەندکردنی هەتا هەتایی دەچێت. پارێزەر: نەشاد عومەر، تیشکی خستەسەر ئەو یاسایانەو وتی: بە پێی یاسای سزاکان مادەی ٣٩٩ ئەو کەسەی سەرپەرشتی بەخێو کردنی کەسێک دەکات و هانی دەدات یان رێگای بۆ ئاسان دەکات بۆ داوێنپیسی ئەوا بە گرتن سزا دەدرێت و هەروەها بە پێی چەند مادەیەکی تری هەمان یاسا بە پێی حاڵەتەکان سزاکان تا حوکمی هەتاهەتایش دەچێت. لە یاسای سزادانی عێراقیدا چەند مادەیەک بۆ ئەم تاوانە دانراوە، تیایاندا مادەکانی (٣٩٣،٣٩٤،٣٩٥،٣٩٦،٣٩٧،٣٩٨)، تیایاندا به پێی جۆری تاوانهكه سزاى سوک تا سزای لە سێدارەدان لەخۆ دەگرێت. لەماوەی ٥ ساڵ و ٨ مانگدا، ٨٤٤ تاوانی دەستدرێژی سێكسی له ههرێمى كوردستان تۆمارکراوە، ئهمهش بهپێی ئامارى بەرێوبەرایەتی گشتى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی. جەمال رەسوڵ، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندیەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان، وتی: چەندین حاڵەتی ناچارکردنی ژنان بە کاری لەشفرۆشی لەلایەن هاوسەر یان کەسە نزیکەکانی خۆی لە خێزانەکەی هاتوهتە لامان، ئێمە بەڵگەکانمان وەرگرتوە ناردومانەتە دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە. بە وتەی ئەو بەڕێوبەرە ئامارەکانی دەستدرێژی سێکسی کە تۆمار کراوە لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان، پۆلێنی بۆ نەکراوە بەوەی ئاخۆ دەستدرێژیكار خودی مەحرەمەکەی ئەو ئافرەتە بوە یان ناچاری کردوە بۆ ئەوەی کەسی دیکە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری. بەهۆی ئەوەی بەڵگە سەلمێندراوەکان لە دادگاکان هێشتا بە شێوازی کۆن وەردەگیرێت و لێکۆڵینەوەی سەردەمیانە بۆ تاوانەکان ناکرێت لە رێگەی چاودێری و ئامێرە زیرەکان، ناچار ژنان نایانتوانیەوە مافەکانیان وەک خۆی بەدەستبهێنن، پارێزەر نەشاد عومەر لهمبارهوه دهڵێت: لە دادگا دەبیت ئەو تاوانە بە رێگاکانی ئیسپات ئیسپاتکرابێت، لە عیراق و کوردستانیش دیارترین ئامرازى ئیسپات کە پشتی پێدەبهسریت لەم جۆرە تاوانانەدا دانپێدانان یان شایەت و یاخود پشكنین (فەحس)ـە. جەمال رەسوڵ، بەهەمان شێوەیە باسی ئەوەی کرد بەڵگەکان دەبێت شایهتحاڵ هەبێت بۆی لەگەڵ پشکنینی پزیشکی دادوەری لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەکانی دیکە قورسە لە دادگا ببێتە هۆکار بۆ بە سزا گەیاندنی تۆمەتباران، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر کەیسەکانی ناچارکردن بە کاری لەشفرۆشی ژنان و کچان لە لایەن کەسانی مەحرەمی خۆیەوە. بەبێ سزادانی مێردەکەی دادگا شیرین لە هاوسەرهکەی جیادەکاتەوە هەربۆیەش دادگا شیرین لە هاوسەرهکەی جیادەکاتەوە، بەڵام بەبێ سزادانی مێردەکەی. ئەو دەڵێت: هەستم بە سوکایەتی پێکردن دەکرد کاتێک دەچومە بنکەی تۆمارکردنی سکاڵا، دوای چەندینجار رۆشتن دەیانوت بەڵگەکانت لاوازن. بۆیە پەنا دەباتە بەر رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان کە رێکخراوەکە تایبەتە بە پشتیوانی یاسایی بۆ ژنان لە دۆسیەکانی کوشتن و توندوتیژی، لەوێ دەڵێت: "هیچم ناوێت بەس جیام بکەنەوە لەو پیاوە، من بێ ئابڕو بوم بەدەستیەوە ئەو وازناهێنێت لە هێنانەوەی هاوڕێکانی بۆ ماڵەوە و دەستدرێژی کردنە سەرم، بێز لە خۆم دەکەمەوە، براکانم و باوکم نایەن بۆ شایەتی دان و پشتیوانیم".
راپۆرت: درەو دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی 2018 ئەستەمە، بەرهەم ساڵح هەم لەناو حزبەكەیدا، هەم لە دەرەوەش چیتر ئەو پشتیوانییە بەهێزەی جارانی نییە، ئەو لەدوای ریفراندۆم بوو بە سەرۆك كۆمار، بەڵام ئێستا ئیتر پارتی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو گەمەكانی بەغداد، یەكێتییەكانیش توڕەن لێی، دەڵێن ئاگاداری ساختەكاریی بووەو یەكێتی لێ ئاگادار نەكردوەتەوە، چانسی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی كۆمار لەم راپۆرتەدا. سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتیو یەكێتیدا هێشتا شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر دروستكردنی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقو دیاریكردنی ئەو كەسەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، رێكنەكەوتوون، لەنێوان پارتیو یەكێتی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق گەرم بووە. پارتی كە چوارەمین گەورە براوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەوە، لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە جەخت لەسەر سێ بۆچوون دەكات: • بۆچونی یەكەم: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو یەكلانەبوەتەوە بۆ هیچ لایەنێك، لەمەدا مەبەستیان لە یەكێتییە، چونكە لەدوای 2003و روخانی رژێمی سەددامەوە، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ هیچ بنەمایەكی دەستورییو وەكو عورفێكی سیاسی بووە پشكی كورد، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكانو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان، لەوكاتەوە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە، بەڵام ئێستا رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزب مردووەو كاری پێناكرێت. • بۆچوونی دووەم: بەرپرسانی پارتی بێ ئەوەی باس لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، چەند رۆژێكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەن پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت بۆ پارتی بێت، بەوپێیەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندیدی پارتی لەم پارێزگایە زۆرترین دەنگی هێناوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە شەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكاتو تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتوەتەوە، پارتی دەیەوێت لەرێگەی پێدانەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆخۆی زامن بكات، ئەمەش بژاردەیەكی قورسە بۆ یەكێتی. • بۆچوونی سێیەم: پارتی لەرێگەی فشاركردن لە یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، خوازیارە یەكێتی رابكێشێت بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی یان ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ، بەتایبەتیش دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە 8ی تەموزەوە لەناو یەكێتی رویانداوەو دڵخوازی پارتین. سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟ سەرباری ئەوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی عێراقو هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی مردووە، بەڵام یەكێتی هێشتا سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی خۆیەتی. ساڵی 2018 یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری لە دەرەوەی رێككەوتن لەگەڵ پارتیو لایەنە كوردستانییەكان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام ئایا بەم دۆخەی ئێستایەوە یەكێتی توانای هەیە هەمان كار بكاتەوە ؟! واتە لە دەرەوی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە؟ ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە 2018وە تائێستا رویانداوە، نیشانی دەدەن یەكێتی جارێكی تر توانای دوبارەكردنەوەی سیناریۆكەی 2018ی نییەو بەرهەم ساڵحیش ئەمجارە ئەو چانسە گەورەیەی لەبەردەمدا نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك: • 2018 كاتێك لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەرهەم ساڵح كرا بە سەرۆك كۆمار، لەناو یەكێتیدا زۆربەی جەمسەرەكان پشتیوانی بەرهەم ساڵحیان دەكرد، لەوانە ماڵی مام جەلال، لاهور شێخ جەنگی، كۆسرەت رەسوڵو گروپی كەركوكییەكان، بەڵام ئێستا دۆخی ناو یەكێتی گۆڕاوە، سەرباری ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەمدواییە رایگەیاند كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەر بەرهەم ساڵحە، بەڵام ئێستا هەموو جەمسەرە كۆنەكانی یەكێتی دژی دانانەوەی بەرهەم ساڵحن، بەتایبەتیش كە پێیانوایە چیتر پۆستی سەرۆك كۆمار ئەو بابەخە گەورەیەی نییە كە بەهۆیەوە یەكێتی سازش بۆ پارتی بكات. • 2018 فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەدەنگی شیعەكان لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح شكستی هێنا، ئەوكات ساڵێك بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕیبوو، لایەنە شیعەكان لە پارتیو بارزانی توڕەبوون، هەر كاندیدێكی تریان لە دەرەوەی كاندیدی بارزانی قبوڵ بوو، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی براوەی هەڵبژاردنەو پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەنە شیعەكان بەهێزە، لەگەڵ سەدرو لەگەڵ بەرەكەی مالیكیو عامریشدا. • بەرهەم ساڵح كە توانایەكی بەهێزی هەبوو لە یاریكردن لەگەڵ جەمسەرە ناكۆكەكان بەتایبەتی ئێرانو ئەمریكا، ئێستا ئیتر یارییەكانی تاڕادەیەك بۆ هەردوو جەمسەرەكە ئاشكرا بووە، بەتایبەتی دوای ئاشكرابوونی ئەوەی موبایلەكەی لەلایەن پرۆگرامێكی ئیسرئیلییەوە چاودێری كراوە، قسەوباسیش هەبوو لەبارەی ئەوەی موبایلەكەی لەسەردانێكدا بۆ قەتەر لێ دزراوە، قسە هەیە ئەم روداوانە پەیوەندییە تایبەتییەكانی بەرهەم ساڵحیان ئاشكرا كردووە. چانسی بەرهەم ساڵح بەرهەم ساڵح هێشتا سورە لەسەر ئەوەی بۆ خولێكی تر كورسی كۆماری عێراق وەربگرێتەوە، كورسییەك كە لەدوای روخانی سەددامەوە تەنیا جەلال تاڵەبانی رێبەری مێژوویی یەكێتی توانیویەتی دوو خولی لەسەر یەك، لەسەری دابنیشێت. سەرباری ئاستەنگی شكاندنی ریكۆردی تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆك كۆماردا، بەرهەم ساڵح كێشەی تریشی لەناو یەكێتیدا هەیە كە چانسان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خولی دووەم لاوازكردووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ناڕەزایەتی لەدژی بەرهەم ساڵح هەیە، چونكە پێیانوایە بەرهەم ساڵح لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، پێشوەختە ئاگاداری شێوازی ساختەكاری بووە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی لێ ئاگادار نەكردوەتەوەو بەپێچەوانەوە بەردەوام دڵنیایی پێداون كە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا ناكرێت. (درەو) زانیویەتی، بۆ كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، دەسترۆیشتووەكانی یەكێتی چانسێكیان داوەتە بەرهەم ساڵح، چانسەكەش ئەوەیە پێگەی خۆی وەكو سەرۆك كۆمار بەكاربهێنێتو لەرێگەی تانەكانی هەڵبژاردنەوە، كورسییەكی پەرلەمانی عێراق بۆ یەكێتی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی كورسییەكەی هەولێر، بەڵام پێناچێت بەرهەم ساڵح هەرگیز كارێكی لەم شێوەیە بۆ یەكێتی بكات، بەتایبەتیش كە كورسییەكەی هەولێر زیان بە پێگەی پارتی دەگەیەنێتو بەرهەم ساڵح ماوەیەكە سەرقاڵی خۆنزیكردنەوەیە لە پارتیو دەیەوێت قایلیان بكات بەوەی بۆ خولی دووەم لە پۆستی سەرۆك كۆمار بمێنێتەوە. لەلایەكی ترەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان كە رۆڵی گەورەیان هەیە لە یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكانی عێراق، هێشتا بە زارەكی پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكەن، بەڵام هاوكات كێشەیان لەوەدا نیە ئەگەر بەدیلێكی تر هەبێتو یەكێتیو پارتی لەسەری رێكبكەون. كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار پارتی هەرچەندە خواستی جددی نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەتایبەتی كە نێچیرڤان بارزانی حەزی لە پۆستەكە نییەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بە باشتر دەزانێت، بەڵام سەرباری ئەمەش وەكو فشارێك لەسەر یەكێتیو تۆڵەیەكی مێژوویش لەبەرهەم ساڵح كە 2018 لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كرا بە سەرۆك كۆمار، هەندێك ناوی خستوەتە ناو میدیاكان وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەوانە (هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، فازل میرانی). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان بە پارتییان راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی كورسی زیاتریان هێناوە، هێشتا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی یەكێتییە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر كاندیدی یەكێتی هەبێت. دوای وەرگرتنی پەیامەكەی ئێران، پێناچێت پارتی شەڕی گەورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، بەڵام بەبێ وەرگرتنی باجی ئەم پۆستەش لە یەكێتی دانانیشێت، بەتایبەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی هەروەها چەسپاندنی تەواوەتی دەسەڵات حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لە سەرتاسەری كوردستان. جگە لە پارتی، لەناو یەكێتیش هەندێك ناو هەن كە وەكو كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار قسەوباسیان لەبارەوە دەكرێت، لەوانە (مەلا بەختیار) كە ساڵی 2018 چووە ركابەرێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام لەسەركردایەتی یەكێتی پشتیوانی لێ نەكرا، چەند رۆژی رابردوو، وەفدی پارتی كە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەردانی سلێمانییان كرد، بەجیا لەگەڵ مەلا بەختیاریش كۆبونەوە، ئەمە وەكو ئاماژەیەكی پارتی بوو بۆ یەكێتی كە ئەوان پشتیوانی مەلا بەختیار دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت. جگە لە مەلا بەختیار، هەر لەناو یەكێتی ناوی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەوانە (عەدنان موفتی). بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماردا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018دا، بەرهەم ساڵح كە ئەوكات جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، لە یەكێتی جیابووەوەو حزبێكی بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری) دامەزراند، بەشداری هەڵبژاردنی كردو تەنیا (2) كورسی بردەوە، دوای ئەم شكستە لە هەڵبژاردن، بەنێوەندگیری ئەمریكییەكان بەرهەم ساڵح دەستبەرداری حزبەكەی بوو، گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، بەمەرجی ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێبدرێت، ئەم جیابونەوەو دواتر گەڕانەوەیە بۆ ناو یەكێتی، گورزێكی گەورەی دا لە ناوبانگی بەرهەم ساڵحو تائێستاش كاریگەرییەكانی لەسەر كەسایەتی ئەو بەردەوامە. رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری 2018 بەرهەم ساڵح بەفەرمی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، دۆخەكە لەباربوو بۆ ئەوەی ببێت بە بەهێزترین سەرۆك كۆماری دوای روخانی رژێمی سەددام، بەڵام ئەو نەیتوانی ئەم رۆڵە ببینێت. بەپێچەوانەی "مام جەلال"ەوە كە لە هەردوو خولی سەرۆكایەتییەكەیدا دوو جێگری بەهێزی شیعەو سوننەی هەبوو، هەروەها فوئاد مەعسوم كە سێ جێگری هەبوو، بەرهەم ساڵح بەبێ هیچ جێگرێك بوو بە سەرۆك كۆمار، ئەمە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی رۆڵی پێگەی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی كورد لە عێراق بەهێز بكات، بەڵام لەئاستی چاوەڕوانییەكاندا نەبوو. سەرباری ئەمە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە بەردەوام سەرۆك وەزیرەكانی عێراق كێشە بوون لەبەردەم دەسەڵاتی سەرۆك كۆماردا، بەڵام لەسەردەمی بەرهەم ساڵحدا دۆخەكە جیاواز بوو، عادل عەبدولمەهدی بوو بە سەرۆك وەزیران، ئەم پیاوە سەرباری ئەوەی لە شەقامی عێراقیدا ناڕەزایەتی لەسەر بوو، دۆستی كورد بوو، دواتریش كە عەبدولمەهدی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 ناچاركرا دەستلەكاربكێشێتەوە، بەرهەم ساڵح بوو بە كارەكتەری ژمارە یەكو مستەفا كازمی كرد بە سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر كارمەندی خۆی بوو. بەرهەم ساڵح بەم بارودۆخەوە سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەڵام نەیتوانی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەرژەوەندی حزبەكەی خۆی (یەكێتی) یەكلابكاتەوە كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەدەستیداوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لەو ماوەیەدا مستەفا كازمی چەندین پارێزگاری گۆڕی، هەندێك زانیاری نافەرمی هەن باسلەوە دەكەن، بەرهەم ساڵح بەرلەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، بۆئەوەی پشتیوانی توركیا بەدەستبهێنێت، لەرێگەی دكتۆر عەلی قەرەداغییەوە بەڵێنی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی پڕنەكاتەوە، مەرسومی دەستبەكاربوونی پارێزگارەكان لە عێراق لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە دەردەكرێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرفەرت لەبەردەم یەكێتیدا هەبوو لەرێگەی سەرۆكایەتی كۆمارەوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنێت، بەڵام ئەمە نەكرا. ئەگەر پارتی وەكو ئێستا باسی دەكات، پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەر ژەوەندی خۆی یەكلا بكاتەوە، بەرهەم ساڵح پشتیوانی توركیا لەدەستدەدات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار. لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، عێراق كۆمەڵێك رووداوی بێ پێشینەی بەخۆوە بینی، رەنگە دیارترینیان كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە رۆژەكانی سەرەتای ساڵی 2020دا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد، لەم رووداوەدا بەرپرسانی ئێرانی گومانیان هەبوو هەندێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق پێشوەختە ئاگاداری هێرشی ئەمریكییەكان بوون، بەڵام تارانیان لێ ئاگادار نەكردوەتەوە. دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، هێزە شیعەكان دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراقو بڕیارەكەیان لە پەرلەمان پەسەندكرد، ئەوكات رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری بڵاویكردەوە، ئێرانییەكان توڕەن لە بەرهەم ساڵح، چونكە پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق ناكات، لەكاتێكدا بەر لەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت لای بەرپرسانی ئێرانی وتویەتی ئەو پشتیوانی چونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دەكات لە عێراق. مانگی ئازاری ئەمساڵ بودجەی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، پەسەندكردنی بودجەكە بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆو دانوستان لەنێوان هەرێمو بەغداد هات، نوێنەرانی پارتیو یەكێتی لە حكومەتی هەرێم گلەییان لە رۆڵی بەرهەم ساڵح هەبوو، لەم سەردەمەدا بەرهەم ساڵح لەبری پشتیوانیكردن لە وەفدەكەی قوباد تاڵەبانی، خۆی لە هاوپەیمانی "هیوا" نزیك كردەوە، كە هاوپەیمانی پەرلەمانتارانی كوردی دەرەوەی پارتیو یەكێتی بوو، ئەمانە لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، تیڕوانینی جیاوازیان لەگەڵ وەفدی هەرێم هەبوو كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد. ئەم بارودۆخە وایكردووە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەناو دەستڕۆیشتووەكانی ئێستای یەكێتیدا باوەڕێك دروستبووە كە بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا هیچ سودێكی بۆ هەرێمی كوردستانو یەكێتی نەبووەو تەنیا كاری بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە بەغدادو لەلای وڵاتانی ناوچەكە كردووە. بەرهەم ساڵح كە 2018 پاڵپشتی گەورەی لاهور شێخ جەنگی هەبوو بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، ئێستا ئەو پشتیوانیەشی لەدەستداوە، لە كێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیدا بەخۆپارێزییەوە مامەڵەی كردو پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی نەكرد، ئەمەش تەنیا لەپێناو مسۆگەركردنەوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا.
شیكاری: درەو بەشی حەوتەم: حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (10 هەزار و 620) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (6 هەزار و 595) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە ساڵی (2010) سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی مافی بەشداری لە هەڵبژاردن (4 هەزار و 25) دەنگ کەمی کردووە، بەڵام سەرجەمی دەنگەكانی لە 2018دا (20 هەزارو 223 )دەنگ و لە 2021دا ( 8 هەزارو 722)دەنگ بووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (0.55%) و (10هەزار و 620) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.94%) و (7 هەزار و 868) دەنگی بەدەستهێناوە. لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.22%) و (1 هەزار و 519) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574هەزار و 138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424هەزار و 715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی ( 73.97%)، حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.29%) و (1 هەزار و 233) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (0.66%) و (11 هەزار و 930) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1.51%) و (10 هەزار و 53) دەنگی بەدەستهێناوە لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.19%) و (1 هەزار و 203) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.14%) و (674) دەنگی بەدەستهێناوە. بەڵام لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی عێراق (20 هەزارو 223) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (0.53%) و (6 هەزار و 595) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). پارتی سۆسیالست دیموکراتی لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.64%) و (2 هەزارو 517) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.49%) و (2 هەزار و 167) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.48%) و (1 هەزار و 911) دەنگی بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی عێراق (8 هەزارو 722) دەنگی بەدەستهێناوە. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
شیكاری:درەو: بەشی شەشەم: كۆمەڵی دادگەری كوردستان هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە.واتە لە هەرێمی کوردستان (896 هەزار و 513) دەنگدەر لەو ماوەیە زیادی کردووە. بەڵام کۆمەڵی دادگەری بەردەوام دەنگی کەمی کردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (144 هەزار و 996) دەنگی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا (91 هەزارو 968) دەنگ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (64 هەزار و 156) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە ساڵی (2010) سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی مافی بەشداری لە هەڵبژاردن (80 هەزار و 840) دەنگ کەمی کردووە بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018 كۆمەڵ نزیكەی (27 هەزار) دەنگ كەمیكردووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (7%) و (144 هەزار و 996) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (62 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (79 هەزار و 149) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574هەزار و 138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424 هەزار و715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی ( 73.97%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3هەزار و 141) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و167) کەس دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 78.3%) کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (7%) و (140 هەزار و 771) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (80 هەزار و 492) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) و کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (6%) و (57 هەزار و 102) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 177) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (5%) و (91 هەزار و 973) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (6%) و (36 هەزار و 782) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (8%) و (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 628) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). کۆمەڵی دادگەری لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (5) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە، لە سلێمانی (3) کاندیدو لە هەولێر (2) کاندید، لە دهۆک هیچ کاندیدێکی نەبووە، بەڕێژەی (5%) و (64 هەزار و 156) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). کۆمەڵی دادگەریلەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (44 هەزارو 639) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). کۆمەڵی دادگەری لەم پارێزگایە هیچ کاندیدێکی نەبووە بۆیە هیچ دەنگی بەدەستنەهێناوە. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
شیكاری: درەو بەشی پێنجەم: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە. واتە لە هەرێمی کوردستان (896 هەزار و 513) دەنگدەر لەو ماوەیە زیادی کردووە. بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەنگی کەمی کردووە، جگە لە دواین هەڵبژاردن نەبێت کاتێک بە هەڵبژادنی پێش خۆی بەراوردی دەکەیت چەند هەزار دەنگێک زیادی کردووە ، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (214 هەزار و 222) دەنگی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا (98 هەزارو 19) دەنگی بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (108 هەزار و 10) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە ساڵی (2010) سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی مافی بەشداری لە هەڵبژاردن (106 هەزار و 212) دەنگ کەمی کردووە بەبەراورد بە 2018 یەكگرتوو زیاتر لە 10 هەزار) دەنگ زیادیكردووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (11%) و (214هەزار و222) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (8%) و (51هەزار و65) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (12%) و (103 هەزار و 188) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424هەزار و715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی ( 73.97%)، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (14%) و (59 هەزار و 969) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و167) کەس دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 78.3%) یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (9%) و (192هەزار و 179) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (26 هەزار و 323) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (81 هەزار و 392) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، یەکگرتووی ئیسلامیکوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (17%) و (84 هەزار و 464) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (5%) و (98 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (24هەزار و 475) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (5%) و (30 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (9%) و (43 هەزار و 525) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم لە (6) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە، بە جۆرێک لە هەر پارێزگایەک (2) کاندیدی هەبوو، بەگشیش بەڕێژەی (9%) و (108 هەزار و 10) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (1%) و (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (6%) و (22 هەزارو 876) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (20%) و (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
شیكاری: درەو بەشی چوارەم: نەوەی نوێ نەوەی نوێ بەشداری دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووەو تاکە هێزە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگەکانی هەڵکشابێت بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (152 هەزار و 965) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە واتە ژمارەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنە (52 هەزار و 210) دەنگ زیادی کردووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (9%) و (152 هەزار و 645) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (70 هەزار و 833) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (10%) و (63 هەزار و 760) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (18 هەزار و 52) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (17%) و (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (18%) و (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (27%) و (106 هەزارو 318) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (5%) و (19 هەزار و 292) دەنگی بەدەستهێناوە. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
راپۆرت: درەو ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر موحەممەد (د.خ) پشووی فەرمی بوو، كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی یادەكەیان بەرز راگرت، بەڵام سەلەفییەكان دەڵێن "بیدعە"یە. مەولود لەنێوان سوننەو شیعەدا وەكو زۆرێك لە پرسەكانی تر، زانایانی بواری فیقهی لەسەر یەك ئاڕاستە هاوڕانین سەبارەت ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە. تەنانەت مێژووی لەدایكبوونی پێغەمبەر موحەمەد لەنێوان سونەو شیعەدا ناكۆكی لەسەرە. زۆرینەی مەرجەعەكان بەلای ئەو بۆچونە باوەدا دەڕۆن كە پێغەمبەر لە مانگی (ربیع اڵاول) لەدایكبووە بەپێی ساڵنامەی كۆچی، بەڵام سوننە لە 12ی ربیع اڵاول بەوبۆنەیەوە خۆشی دەردەبڕنو شیعەش لە 17ی مانگدا، بۆیە مانگی ربیع اڵاول بەتەواوەتی بە مانگی دەربڕینی خۆشی دادەنرێت. ئەم ناكۆكییە لەبارەی مێژووەوە، وایكرد لە سەرەتای ساڵی 1981وە روحوڵڵا خومەینی بانگەواو بۆ هەفتەی یەكڕیزی ئیسلامی بكات لەماوەی هەردوو وادەی مەولودنامەكەدا، ئەمەش وەكو ئامرازێك بۆ لێكنزیكردنەوەی سوننەو شیعە. ئەدەبیاتی ژیاننامەكەی ئاماژە بە وردەكاری جۆراوجۆر دەكات لەبارەی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە، بەڵام جێگیرەكەی ئەوەیە كە لە رۆژی دووشەممەدا لەدایكبووە، چونكە كاتێك پرسیاری لێكراوە لەبارەی ئەوەی بۆچی رۆژی دووشەممان بەڕۆژوو دەبێت، وتویەتی ئەوە رۆژی لەدایكبونیەتی. هەروەك مەرجەعیەتەكانیش بەلای ئەو بۆچونەدا دەچن كە دەڵێ لە ساڵی فیلدا لەدایكبووە، واتە لەنێوان ساڵانی 570و 571ی كۆچیدا، ئەو ساڵەش بەناوی هێرشی ئەبرەهەی حەبەشی پادشای یەمەنەوە بۆسەر مەككە ناونراوە، كە هەوڵی وێرانكردنی كەعبەی داوەو لە هێرشەكەیدا فیلی بەكارهێناوە، ئەمە بەپێی گیڕانەوە باوەكە. زانراوە كە پێغەمبەر كە منداڵ بووە بەبێ باوك ژیاوە، دوای مردنی (عەبدوڵای كوڕی عەبدولموتەلیبی) باوكی لەدایكبووە، كە منداڵ بووە (ئامینەی كچی وەهەب)ی دایكیشی مردووە، بۆیە لەئامێزی عەبدولموتەلیبی باپیریدا گەورە بووە، پاشان لە ئامێزی ئەبو تالیبی مامی، ئەوەش دوای ئەوەی باپیری كۆچی دوایی كردووە. گێڕانەوەی باو دەڵێ عەبدولموتەلیب بووە كە ناوی (موحەممەد)ی لە نەوەكەی ناوە، ئەمەش ناوێكی بەربڵاو نەبووە لەناو عەرەبدا، باپیری وەكو سوپاسگوزاری ئەم ناوەی لێناوە، چونكە ئومێدەوار بووە نەوەكەی لە ئاسمانو زەویدا سوپاس بكرێت. مەرجەعیەتە ئاینییەكان دەڵێن ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی مەولودی پێغەمبەرەوە لە ساڵانی سەرەتای ئیسلامدا كارێكی باو نەبووە، بۆیە تاوەكو سەدەی چوارەمی كۆچی نەبووە بە نەریت. سەرەتای ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلیفەی فاتمی (المعز لدین الله) دوای ئەوەی لە ساڵی 969ی كۆچیدا چووە ناو میسرەوە، مەرجەعیەتە مێژووییەكان وای دەبینن رێكخستنی مەراسیم بەبۆنەی لەدایكبوونی پێغەمبەرو هەندێك لە هاوەڵەكانی، ئامرازێك بووە كە ئەم خەلیفەیە بەكاریهێناوە بۆ نزیكبوونەوەی لە خەڵكی میسر، ئەمەش لەرێگەی ئەو بۆنە گشتییانەوە كە خۆشی باڵیان بەسەردا دەكێشێت. لەگەڵ گۆڕانی حوكمڕانیداو بەدوای یەكداهاتنی خەلافەتەكانی ئیسلام، ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی مەولودی پێغەمبەرەوە نەماونو دواتر سەریانهەڵداوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەولەویەتی دەسەڵاتەوە، ئەیوبییەكان قەدەغەیان كرد، دواتر مەمالیكەكان رێگەیان پێدا، تا ئەوكاتەی بووە بە نەریتێكی سۆفییەكان لە سەردەمی محەمەد عەلی پادشادا. سۆفییەكان لە هەموو مەزهەبەكانی تری ئیسلام زیاتر بایەخ بە زیندوو ڕاگرتنی مەولودی پێغەمبەرو مەولودی پیاوچاكان بەگشتی دەدەن. ئەم جۆرە مەراسیمانە لە میسر نەریتی ریشەدارنو بوون بە پەلهاویشتنی فراوان بۆ رەوتە سۆفیگەرییەكان. بۆچونی سەلەفییەكان لەبارەی مەولودەوە بەپێچەوانەی سۆفییەكانەوە، زانایانی سەلەفی لە سەرو هەموشیانەوە (عەبدولعەزیز بن باز)ی زانای سعودی پێیوایە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە "بیدعە"یە. بن باز دەڵێ" شەرع باسی لەوە نەكردووە ئایا ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی مەولودەوە رێگەپێدراوە، چونكە نە پێغەمبەر، نە هاوەڵان ئەم یادەی نەكردوەتەوە، بۆیە ئەمە بیدعەیە، بەبۆچوونی من خودا بە هەردوو جەژنی رەمەزانو قوربان قەرەبووی هەموو بۆنەكانی تری بۆ موسوڵمانام كردووەتەوەو لەم دوو جەژنەدا بەشی پێویست ئاهەنگو خۆشی دەربڕین هەیە". پرسی زیندوراگرتنی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر یەكێك لەو پرسانەی كە ناكۆكی فیهیی گەورەی لەسەرە لەنێوان سۆفیو سەلەفییەكاندا، كە هەندێكجار دەگاتە ئاستی بە كافركردنی یەكتر. ئەزهەر چی دەڵێ ؟ مەرجەعیەتی ئەزهەر، هەڵوێستی نەرێنی هەیە لەبارەی دەربڕینی خۆشی بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە، ئەمەش لەرێگەی چەند فەتوایەكەوە كە ئەم مەرجەعیەتە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو دەریكردوون. لە فەتواكانیدا ئەزهەر دەڵێ راستە قورئانو فەرمودە بەشێوەیەكی روون باسیان لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی مەولودەوە نەكردووەو ئەم نەریتە لە سەدەی چواری كۆچیدا دەركەوتووە، بەڵام ئەمانە سیمای مەزنكردنی پێغەمبەرو نیشاندانی خۆشەویستین بۆ ئەو. لەناو زۆرینەی موفەسیرەكانی سوننەدا ئەم بۆچونەی ئەزهەر بەربڵاوە، چونكە پێیان وایە سەرباری ئەوەی یادكردنەوەی مەولود فەرز نییە، بەڵام هاوكات كارێكی قێزەونیش نییە، چونكە لەدایكبوونی پێغەمبەر هاتنی رەحمەتی خواد بووە مرۆڤایەتیو ئەم بۆنەیەش نیشاندانی خۆشیو خۆشەویستییەو كۆبونەوەیە لەسەر خوێندنەوەی قورئانو ژیاننامەی پێغەمبەر. بیدعەیەكی باش لەم نێوەندەدا هەندێكی تر لە زانایان هەن كە یادی مەولود بە " بدعە حسنە" واتە بیدعەیەكی باش دادەنێن، لەوانە ئیبن حەجەری عەسقەلانیو جەلالەدین عەبدولڕەحمان سیوتی. مەولود لای شیعەكان بەلای مەرجەعیەتەكانی شیعەوە، یادی مەولود گوزارشتە لە خۆشەویستی، رێزگرتن لە پێغەمبەر، بۆیە ئەوەی لە دیندا نەبێت ناخرێتە ناو دینەوە. ناكۆكییە فیقهییەكان لەم سەردەمەدا هەندێكجار رەهەندی سیاسی وەردەگرن، هەروەك چۆن لە مێژووی ئیسلامیشدا ئەمە هەبووە. لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی یەمەن لەلایەن حوسییەكانەوە، یادی مەولود لە یەمەن بەربڵاوتر بووە، لەبەرامبەردا رێكخراوی "داعش" رێگری دەكرد لە یادی مەولود لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا لە سوریاو عێراق. • سود لە راپۆرتێكی (BBC) وەرگیراوە
شیكاری: درەو بەشی سێیەم: گۆڕان هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە.واتە لە هەرێمی کوردستان (896 هەزار و 513) دەنگدەر لەو ماوەیە زیادی کردووە. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەنگی کەمی کردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (425 هەزار و 793) دەنگی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2014دا (472 هەزارو 503) دەنگ و لە هەڵبژاردنی (199 هەزارو 611) دەنگ و لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم تەنها(22 هەزار و 91) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە ساڵی (2010) سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی مافی بەشداری لە هەڵبژاردن (403 هەزار و 702) دەنگ کەمی کردووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (%22) و (425 هەزار و 793) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%35.8) و (298 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێناوە. لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%) و (103 هەزار و 397) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (73.97%)، بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%5.6) و (23 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و167) کەس دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 78.3%) بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (%22.2) و (472 هەزار و 503) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%38.9) و (347 هەزار و 799) دەنگی بەدەستهێناوە. لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%14) و (104 هەزار و 59) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%4.6) و (20 هەزار و 645) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (%11.1) و (199 هەزار و 611) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%23.3) و (154 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%6.4) و (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (0.8%) و (3 هەزار و 801) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە تەنها (22 هەزار و 91) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4.5%) و (17 هەزارو 846) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%1) و (4 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). بزوتنەوەی گۆڕان لەم پارێزگایە هیچ کاندیدێکی نەبوو، بۆیە هیچ دەنگێکیشی بۆ هەژمار ناکرێت. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
شیكاری: درەو بەشی دووەم: یەكێتی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە.واتە لە هەرێمی کوردستان (896 هەزار و 513) دەنگدەر لەو ماوەیە زیادی کردووە. بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەردەوام دەنگی کەمی کردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (397 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (215 هەزار و 316) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە ساڵی (2010) سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی مافی بەشداری لە هەڵبژاردن (182 هەزار و 631) دەنگ کەمی کردووە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (20.5%) و (397 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%28.5) و (237 هەزار و 397) دەنگی بەدەستهێناوە. لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%18.4) و (124 هەزار و 959) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی ( 73.97%)، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%8.4) و (35 هەزار و 591) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و167) کەس دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 78.3%) یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (%23.5) و (500 هەزار و 410) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%32.9) و (294 هەزار و 265) دەنگی بەدەستهێناوە. لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%22.7) و (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%7.6) و (37 هەزار و 457) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (20.3%) و (364 هەزار و 638) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (39.1%) و (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (12%) و (79 هەزار و 745) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%5.2) و (25 هەزار و 515) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (17.5%) و (215 هەزار و 316) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). یەکێتی نیشتمانی لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%31.7) و (124 هەزارو 414) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%14.8) و (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%6.3) و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە. بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە ئەم (چارت)انەی خوارەوە.
شیكاری: درەو بەشی یەكەم: پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10/10/2021، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە.واتە لە هەرێمی کوردستان (896 هەزار و 513) دەنگدەر لەو ماوەیە زیادی کردووە. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەنگی کەمی کردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (671 هەزار و 965) دەنگ، لە هەڵبژاردنی 2014 دا (730هەزارو 14) دەنگ و لە هەڵبژاردنی 2018دا (724 هەزارو 727) دەنگ و بە پێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی 2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (579 هەزار و 243) دەنگی بەدەستهێناوە واتە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018 پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (145 هەزارو 484) دەنگ كەمیكردووە.. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و590 هەزار 274) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (1ملیۆن و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە بە ڕێژەی (74.8%). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (34.7%) و (671 هەزار و 965) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە هەولێر (917هەزار و685) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (680هەزار و408) کەس دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (75.1%) و (306 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 098 هەزارو 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833هەزار و631) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%)، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%9.9) و (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (574138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی ( 73.97%)، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%66.6) و (283 هەزار و 69) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و167) کەس دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 78.3%) پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (37.1%) و (789 هەزار و 122) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزارو 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%) پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (47.6%) و (354 هەزار و 735) دەنگی بەدەستهێناوە. لە سلێمانی (1ملیۆن و 168 هەزار و459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) کەس دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) و پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%10.5) و (93 هەزار و 410) دەنگی بەدەستهێناوە. لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (490هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%)، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%69.5) و (340 هەزار و 977) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 795 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (40.4%) و (724 هەزار و 728) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (50.1%) و (321 هەزار و 920) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (7.3%) و (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%72.4) و (354 هەزار و 102) دەنگی بەدەستهێناوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 486 هەزار و 787 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 232 هەزار و 897) دەنگیانداوە، بەرێژەی ( 35.4% ). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (47%) و (579 هەزار و 243) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ بەجۆرێك لە پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (59.2%) و (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای سلێمانی (1 ملیۆن و425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (%14) و (54 هەزارو 891) دەنگی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پارێزگایە بەڕێژەی (66.1%) و (261 هەزار و 543) دەنگی بەدەستهێناوە.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لەگەڵ فەیلەسوفی فەرەنسیی،مێشێل فوکۆ دا، پرسیاریی ئەوەی ئێمە کێین؟ ئێمە لەم ساتەوەخت و ئێستایەدا چیین و کێن؟ ئێمە کراوین بە چ شتێک و چ بوونێکمان پێدراوە؟ دەبێت بە پرسیاری سەرەکیی ناو فیکر و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. ئەوەی لە پشتی ئەم پرسیارەشەوە ئامادەیە رەفزکردنی ئەو بوونەیە کە لە ئێستادا ھەمانە و ھەوڵدانە بۆ داھێنان و دروستکردنی بوونێکی نوێ و جیاواز. لە دەیەی ڕابوردوا بەشێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت ھەندێک لە سیاسییە ڕەخنەگرەکان، لەپاڵ ئەم جۆرە پرسیارەدا باسیان لەوە کردوە و گلەیی ئەوەیان کردوە کە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و نەزان و مەسڵەحچی و گەمژەیە، ھەندێک وەک حەشامەتێکی بێفیکر و بێڕوانین و دابڕاو لە لانی ھەرەکەمی عەقڵانیەت وێنایانکردوە. ھەندێکی تریش وەک ھۆردویەکی بێکاراکتەر و ساویلکە و خۆشباوەڕ ناساندویانە. لە پەیوەندیشدا بە دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە، بەشێکی زۆریان ئەو بۆچونەیان ھەبووە”ئەو میلەتە ھەر ئەمانەی موستەحەقە“، ”ئەو خەڵکە سەرکردەکان وەک خودا دەبینن“ و ئیسنانی ئەم دەڤەرە (ھەنێکجار ئینسانی ھەموو خۆرھەڵات) یەک خودا لە ئاسماندا بەشی ناکات بەڵکو پێویستی بە زیاد لە خودایەک ھەیە، لەوانەش چەندان خودای سیاسیی. ھەرچی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە، بە تەیابەتی ئەندامانی خێزانە سوڵتانییەکان، خەڵکیان وەک دڵسۆز و گوێڕایەڵی خۆیان و وەک گیانفیدای درۆ و بەڵێن و تەماحە سوڵتانییەکانی خۆیان، بینیوە و نمایشکردوە، خۆشیان لە خەڵک بە گەورەتر و زاناتر و پیرۆزتر بینیوە. لە ھەمان کاتدا خەڵکیان وەک خزمەتکارێکی دڵسۆزی خۆیان و نەوەکانیان وێناکردوە. ھەڵبژارنی ئەم جارە شەپازلەیەکی وێرانکەربوو لە ڕوخساری ھەردوو گوتارەکە، ھەم گوتارە سیاسییەکە و ھەم گوتارە ڕۆشنبیرییەکە. لە پشتی ئەو زمان و دەستەواژە و گوتارانەوە کە خەڵک بە گەمژە و نەزان و ھۆردو و حەشامەتێکی بێفیکر و بێکاراکتەر تاوانباردەکات، یان خەڵک بە سەپان و خزمەتکار و خود بە سەرۆک و پادشا و کاریزما دەبینێت. دەڵێم لە پشتی ئەو گوتارانەوە ڕۆحیەتێکی نارسیستی ترسناک ئامادەیە کە لەسەر بە ڕەھاکردنی وێنەکانی خۆی ئیشدەکات و پێیوایە جگە لەو خودە تۆمەتبەخش و ئیھانەکەر و خۆبەگەورەزانە نارسیستییە، بوونەوەرێکی تر بوونی نییە مانایەکی بۆ مێژووی خۆی و مێژووی کۆمەڵگاکەی و مێژووی ناوچەکە ھەبێت. ھەم ئەندامانی خێزانە سوڵتانییەکان ھەڵگری ئەم دیدەن، ھەم بڕێک لە نووسەران و خوێندەوارانی ئەم کۆمەڵگایە. لای ھەڵگرانی ئەم گوتارە ڕۆشنبیرییە سیاسییە نارسیستییە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئێمە کێین ئەوەیە ئێمە میلەتێکی بێمانا و بێنرخ و بێدەماخین و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە پڕ بەبەری ئەو میلەتەیە، ئەم میلەتە جگە لە حەشامەت و ھۆردویەکی گەورەی بێکاراکتەر، جگە لە قەرەباڵخی و گاڕانێکی گەنمژە، شتێکی دیکە نییە. لە پشتی دروستکردنی ئەم وێنە نێگەتیڤ و حەیوانییەوە بۆ کۆمەڵگا، ڕوانینێک بۆ ئەندامە نارسیستیەکانی ئەم گوتارەوە بەرھەمدێت، یەکسانیان دەکات بە زانا و عاریف و فەیەلسوف و کاریزما و سەرۆکی دەگمەن و کەم وێنە و ھەمیشەیی. ئەم گوتارە، چ لە ئاستە فیکرییەکەیدا و چ لە ئاستە سیاسییەکەیدا، ھەرچییەکی پێبکرێت، توانای پڕکردنەوەی ھیچ جۆرە بۆشاییەکی نییە، چ جای ئەو بۆشاییە سیاسییە گەورەیەی لە ھەرێمەکەدا ھەیە. ئەوەی ئەم ھەڵبژاردنەی دوایی نیشانیداین، سەرەڕای تەکنیکە جیاوازەکانی ترساندن و فشاردانان و تەزویر و بێیاساییکردنی ھەمەجۆر، سەرەڕای پلانە جۆربەجۆرکانی ساختەکاریی و فێڵکردن، بەشدارییەکی ھێجگار کەمی ئەو خەڵکەبوو کە بەو دەستەواژە و گوتارانەی سەرەوە باسدەکران. ڕێژەی ھێجگار کەمی بەشداریکردنەکەش تەنھا ئیفلاسیی سیاسیی ھێز و بنەماڵە حوکمڕانەکانمان نیشاننادەن، تەنھا ئیفلاسیی پارتە سیاسییە باڵادەستەکانیش بەرجەستەناکەن، بەڵکو سێ ڕاستیی گرنگی تریشمان نیشانئەدەن. یەکەمیان، بوون و ئامادەگیی ھۆشیارییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ڕەخنەیی گرنگ کە وا لەو زۆرینە کۆمەڵایەتییە دەکات، نە باوەڕی بە ھێزە سوڵتانییە حوکمڕانەکان ھەبێت، نە گەمە و گوتار و مژدەکانیان توانای ھەلخەڵەتاندنیانی ھەبێت، نە باوەڕیشی بە ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیش ھەبێت، وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتی خێزانە سوڵتانییەکان لە ھەرێمدا. لە چەندان شوێنی ئەو ناوچەیەدا ھەڵھاتن لە پارتە سیاسییەکانی لە شێوەی پارتی و یەکێتی، زۆرینەی خەڵکی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو پارتە ئیسلامییەکان بردوە. ئەوەی لە ھەرێمدا بینیمان ئامادەگی ھۆشیارییەکی سیاسییە کە ڕێ لەم ھەڵاتنە دەستەجەمعییە بەرەو ئامێزی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی دەگرێت. دووھەمیان، ئیفلاسی سەرجەمی ئەو گوتارانەی بە زمانی بەگەمژە و بەحەشامەت و بەھۆردوکردنی کۆمەڵگا ئەدوێن و، ساڵانێکی درێژە ئەم دەستەواژە و جۆری نمایشکردنانە لە زیاد لە شوێنێکەوە بەم کۆمەڵگایەدا بڵاودەکەنەوە. ئیفلاسی ئەو قسانەی جارێک ئەم کۆمەڵگایە بە حەشامەتێک یەکسانندەکات کە جگە لە سەیرانکردن و ھەڵپەڕین و جگە لە خوردن و خواردنەوە و جگە لە چوونە مزگەوت و گوێگرتن لە مەلا و خەتیبەکان و جگە لە دڵسۆزی بۆ حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، شتێکی دیکە نازانن. سێھەم: بوونی بۆشاییەکی سیاسیی گەورە کە سنوورەکانی لە زاخۆوە بۆ ھەڵەبجەیە، بە تێپەڕین بە مەخمور و خانەقین و گەرمیاندا. ئەمەش سنووری ئامادەگیی زۆرینەیەکی ڕەخنەیی ناڕازیی و نائومێدە، کە بەدوای نوێنەرایەتیەکی سیاسیی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت. بەڵام ئەم بۆشاییە نە بەو قسە و جنێودانە ھەمەجۆرانە و نە بەو بەکەم سەیرکردنەی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان پڕدەبێتەوە، نە بەو گوتاری خوڵامکاریی و بەقوربانبوونەی خەڵکیش بۆ خێزانە سوڵتانییەکان، کە پارتە سیاسییە باڵادەستەکان بڵاوی دەکەنەوە.
درەو: پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كەمیكردووە بە بەراوورد بە هەڵبژاردنی رابردوو: 🔻پارێزگای هەولێر 🔹پارتی لە 2018: 321920 🔹پارتی لە 2021: 236351 🔹جیاوازی: 85569 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹پارتی لە 2018: 48706 🔹پارتی لە 2021: 48919 🔹جیاوازی: 213 🔻پارێزگای دهۆك: 🔹پارتی لە 2018: 354101 🔹یپارتی لە 2021: 237365 🔹جیاوازی: 116736 🔻كۆی گشتی: 🔹پارتی لە 2018: 724727 🔹پارتی لە 2021: 522635 🔹جیاوازی: 202305
هەردی مەهدی میکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گەرچی لایەنگرانی دەستەیەکی ئێران و باڵە سەربازییەکانی سوپای قودس لە هەڵبژاردنی عێراقدا، شکستێکی ڕوونییان ڕووبەڕوو بوویەوە، بەڵام هێشتا ئێران بێدەنگی و ماتی هەڵبژاردووە و لەگەڵ ئەوەی لەتونایدایە لەوە زیاتر و تووندتر هەڵوێست بنوێنێت و تاڕادەی دەستکاریی ئەنجام و هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانیش بڕوات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئێران لەم قۆناغەدا بە هێندە بەسی کردووە و فشارەکانی خستووەتە ئەستۆی خودی پرۆکان و نایەوێت دۆخەکە هەڵکشانی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت؟ بۆچی دۆسێی عێراق لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێراندا لەم چەند مانگەدا، بوویە پلە دوو و جەختی ئێران لە جێگەی دیکەیە؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکە، پێویستە بەر لە هەرشتێک ئەولەوییەتی سیاسەتی هەنووکەیی و ستراتیژی ئێران لەئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییدا بخرێتەڕوو، ئەوسا خۆبەخۆ وەڵامی بێدەنگی یاخود وەستانی کاتی و هۆکاری نەرمی هەڵوێستی ئێران لەهەمبەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ڕوون دەبێتەوە. پێناچێت بۆ عێراقییەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەم ڕوخسارە سیاسیی و دەزگا ماندووانەی دەسەڵاتەوە، دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی خەڵک بگۆڕدرێت، بەڵام بە دڵنیایی کار دەکاتە سەر پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانیدا و دیسانەوە کاریش دەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی نێوان ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو و سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا. بە گوێرەی ئاماژە و لێدوانە پێشینە و پاشینەکانی هەڵبژاردن، پێدەچێت هەریەک لە سەدر و حەلبوسی و بارزانی و (پاشتریش تشرینییەکان و یەکێتی گەر ڕازی بکرێن)، نزیکترین بن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی سادە و هاوپەیمانێتی و کۆکردنەوەی ١٦٥ کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی دادێی عێراق، بەمەش دوورنییە گڵۆپی سەوزی هەریەک لە تاران و واشنتۆن مسۆگەر بکات. ئێرانییە نائێرانییەکان کەوتنی دەستەیەکی پرۆئێرانییەکان ڕەنگە کەمبوونەوەی هەژموونی ئێرانی لێبکەوێتەوە، بەڵام هەرگیز بەمانای سەرکەوتنی تەواوەتی نەیارە ئەمریکی و ئیسرائیللی و کەنداوییەکانیشی ناگەیەنێت. خۆشباوەڕییەکی ڕەهایە گەر وا بیربکرێتەوە، تەنها حەشد و فەتح و دەعوە لایەنگر یاخود هاوبەرژەوەندی تاران بن، بەڵکو ئەوانی دیکەش بەرژەوەندیی فراوان و تەریب و پێویستییان لەگەڵ ئێراندا تا قوڵایی گۆمی سیاسەت هەیە. ئێران لەسیاسەتەکانیدا هەمیشە بە یەک دەست لەعێراقدا یاری نەکردووە و چەندین کارت و دەستی ئاشکرا و نهێنی دیکەی لە نەرمەهێز و توندەهێز وەبەرهێناوە، هەروەک چۆن لە کەوتنی جەعفەرییدا، مالیکی و لە پاش مالیکیش عەبادی و عەبدولمەهدی بەکارهێنا و هیچکامیشیان نەیانتووانی بە بێ تاران هەنگاوەکانییان وەپێش بخەن. بۆ پێشەنگی سەدریش دوور نییە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە. بەڵام ئەوەی جیاوازە بۆ ئێستا دۆخی ئێران گۆڕدراوە و خودی تاران پێویستی بە هێواشی و لادانی کاتیی و بێدەنگییەکی واتادارلە عێراقدا پێویستە تا سەرقاڵی مەلەفە گەرمەکانی تر و هەڕەشەکانی دیکەی سەری بێت کە لە ئازەربایجان، ئەفغانستان، لوبنان و یەمەن یەخەی پێگرتووە و نیگەرانی قوڵیان بۆ ڕژێمەکەی دروستکردووە. هێشتا زووە بۆ نیشانەگرتنی دەرئەنجام و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی عێراق، بەڵام ئەنجامە بەراییە "ناجێگیرەکانی" خۆیان نمایش کرد و دەرکەوت، کە پرۆئێرانییە پەتییەکانی وەک فەتح و حەشد نیوە زیاتری کورسییەکانیان لەدەستداوە (٤٧ بۆ ١٤)، سەدرییەکانیش کە پێشەنگی لیستەکانن، هەڵکشاوون و پلەی یەکەمن (لەنێوان ٧٠-٨٠ کورسی)، بەگشتیش لەسەرجەم عێراقدا ئەو هێزانە کشاونەتەوە، کە هاوپەیمان یاخود بە هاوستراتیژی حەشد و فەتح و ئێران لەقەڵەم دەدران. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات شکستی پرۆ ئێرانییەکان بەمانای سەرکەوتنی بەرەی کەنداو و تورکیا و ئەمریکا نایەت، چونکە وەک ئەوەی بەشێوەی پەتی لەسەر تاران هەژمار نەکراوون، بەڵام هەریەک لەو هێزە هەردەم لە بوارێکی تەنگاوتەنگدا پەیوەندیی توندوتۆڵییان بە ئێرانەوە ماوە و بەجۆرێک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی بوون، پارتی دیموکرات و سەدرییەکان باشترین نموونەن و هەمیشە تاڵەمووی پەیوەندییەکانیان لە تەنگانەکاندا بە هەردوو بارەکەیدا لەگەڵ تاراندا گرێدراوە و لە ستراتیژە گشتییەکەی ئێراندا پێکەوە کارییان کردووە، چونکە: ١. موقتەدا سەدر لە سەرسەخترین هەوادارانی کردنەدەرەوەی هێزی بێگانە (ئەمریکا)یە لە عێراقدا و هەر ئەمەش کەرەستەی سەرەکی دەنگکۆکردنەوەی بووە لە ٢٠٠٣ەوە. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژیی دوورمەودای تاران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ٢. پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پاراستنی بەشێکی سنوورە ڕۆژئاواییەکەی ئێراندا (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە سنوورەکانییەوە، توانیوویەتی سنوورێکی ئارام و سفرکردنەوەی هەڕەشە مەترسیدارەکانی سەر تاران دابین بکات، ئەمەش بۆ ئاسایشی سنووری ئێران ستراتیژە و بایەخدارە و رەنگە هیچ هێزێکی دیکەی عێراقی هێندە کاری کردەیی بۆ تاران نەکردبێت. بێدەنگی و لادانی کاتیی ئێران لە عێراق ئێران هەنووکە دۆخی چۆنە؟ گەر سەیری نێوخۆی ئێران و دراوسێکانی و سیاسەتی دەرەکی بکرێت، دەردەکەوێت، قەیرانی ئابووری و گەمارۆکان و دۆخی ناڕازێتیی خەڵک لەلایەک و سیاسەتی گەمارۆدراوی دەرەکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورییەوە (ئەفغانستان و ئازەربایجان و ئیسرائیل کە بنکەکانی لە ئازەربایجان جێگیرکردووە) و لە خواروویەوە کەنداو لەلیەکی ترەوە و لەدووریشەوە لوبنان کە پرۆکانی لە حزبوڵا و ئەمەل بەربوونەتە یەک و ئەگەری شەڕێکی هەژموونی و نێوخۆیی لە لوبناندا بەدیدەکرێت و ئەمەش دوورمەودا نائومێدکردنی تارانی لە قۆڵی لوبنانەوە لێدەکەوێتەوە، هەرچی یەمەنە ئەوا خەرجییەکی زۆری تێدا دەکات و تەنها لێکەوتەی مەزهەبی و ئامانجگەرایی بۆ تاران لێکەتووەتەوە، نەک سیاسیی و پراگماتیکی و ئابووریی. بۆ سوریاش لەبەر هەژموونی ڕووسیا و تورکیا لە پشکی کێکی سەرکەوتن شتێک بۆ ئێران نەماوەتەوە. کەواتە تاران لە سیاسەتی دەرەوەیدا چی دەوێت و چی پێویستە؟ بە تێگەیشتن لە دۆخی ئێران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، ئێران حاڵی حازر نایەوێت ترافیکی پێکدادانەکانی لەوە قەرەباڵغتر بێت و سەنگەری ماندووکەری دیکە بکاتەوە. لە پۆلێنبەندی سیاسەتی گشتی ئێراندا هەمیشە هەڕەشەی ڕۆژهەڵات و باکووری مەترسیدارترین بوون بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئابووریی و سەربازیی تاران، لە ڕابردوودا بەهۆی ئەرمینیا و ڕووسیا و حکومەتە لاوازەکەی بیست ساڵی ڕابردووی ئەفغانستانەوە، توانیبووی لەسەر پەتێکی باریک یاریزانێکی سەرەکی قەوقاز بێت و بەرەی ڕۆژهەڵات و باکووری جێگیر بکات، بەڵام بە گۆڕانی دۆخەکە و سەرکەوتنی ئازەربایجان بە پشتیوانی ئیسرائیل، تورکیا، بێدەنگی ڕوسیا و چین و کەوتنی هاوپەیمانە کریستیانەکەی (ئەرمینیا) لەلایەک و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول حساباتی تارانیش گۆڕدرا. بۆیە حسێبکردن بۆ ئەم هەڕەشانە لە وریایی تارانەوەیە چونکە مەترسییەکانی سەرکێشیان پێوەناکرێت و خۆ یەکلاکردنەوەی دەوێت و ئاسانیش نییە زوو لێی دەربچێت. لەلایەکی دیکەوە، ئێران بە هەموو توانای هەوڵی زیندووکردنەوەی گونجاوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٥+١ دەدات لەپێناو سووککردنی گەمارۆکان و بوژاندنەوەی دۆخی پەرێشانی ئابووریی کە هەڕەشە نێوخۆیی و ناڕازێتییەکانی خەڵکی نزیک لە لوتکە کردووەتەوە، بۆیە گەر بیەوێت بگەڕێتەوە سەرمێزی ٥+١، دەبێت ڕەفتاری سیاسیی و سەربازیی خۆیی و پرۆکانی هێمن بکاتەوە. دۆسێکانی لوبنان و یەمەنیش سەرەڕای تێچووی زۆر، قوڵایی ستراتیژی و ئاسایشی ئێرانن، بۆیە سەرقاڵی و کێشەکانی ئەوانیش دیسانەوە، ئێرانی ماندوو کردووە. هەنووکە ئێران لەبەردەم ئەو مەترسیانەدایە کە پێشبینیکردنی ئاسان نییە، بۆیە باشترین سەرکەوتن لە عێراقدا ئەوەیە: تاران زۆر فشار بۆ گۆڕینی زۆر و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکات و بە ئەگەری زۆر بەسیناریۆی پێکهێنانی حکومەتێکی جۆری "نەشیش بسوتێت نەکەباب" ڕازی ببێت، چونکە ئەولەویەتی تاران لە عێراقدا ئارامی و ڕاگرتنی دۆخەکەیە وەک ئێستا، گەرنا لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و تێهەڵچوونەوەی شیعەکان لە نێوخۆیاندا، لەلایەک هەڵکشانی سوننە و کوردی لێدەکەوێتەوە و لەلایەکی دیکەوە خەرجی و تێچوونێکی سیاسیی و ئابووری دیکە دەخاتە ئەستۆی تاران کە چارکردنی ئاسان نییە و بەرەی ئازەربایجان-ئەفغانستانیش دەسکراوەتر دەکات لە کردەییکردنی هەڕەشەکانیان، دووریش نییە هەلی بەهێز بداتە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی و ئێرانی کە بەرەی ڕۆژئاوای ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەهواز لە خواروویەوە چالاکییان ببەنە قۆناغی جەنگی گەرمەوە.