شیكاری: درەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیاتر (ملیۆنێک و 361) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (11) پارتی سیاسی (49) کاندیدیان هەیەو و (14) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (5) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (18) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای سلێمانی (١٨) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٥) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (63) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٨) کورسی دەکەن، (40) کاندیدیان پیاوو (23)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (14) کاندیدی سەربەخۆ و (49) کاندیدی پارتە سیاسییەکان . 3. بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دۆخی ئێستای لیستەكان و دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن و راپرسیەكان دەبەستین. 4. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن. 5. جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 6. بەربژێرە سەربەخۆکان، كە بەشێكیان بەهۆی ئەزمونی پەرلەمانتاریەوە ئەگەری هەیە لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا کاریگەری گەورە لەسەر ڕیزبەندی بەربژێرەکان دروست بکەن و گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا بهێنن. 7. ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باکوری قەزای سلێمانی + شارباژێڕ + ماوەت) زیاتر لە (373) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (13) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (9) پیاو پێکهاتوون و (10) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (3) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) شیکردنەوەی بازنەی (١): 1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندیدو سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا ڕێژەی (35.4%)ی دەنگەکانی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی و دۆخی گۆڕأن، ئەگەری هەیە تەنیا كاندیدێكی ژن و كاندێكی پیاو دەربچێت. 3. دوو كاندیدی پیاو دەمێنێتەوە بۆ (3) كاندید كە كێبەركێكە توند دەبێت لە نێوانیان كاندیدی ( نەوەی نوێ، گۆڕان ، سەربەخۆ رێبوار كەریم)، لەسەر بەدەستهێنانی (2) كورسی. 4. ئەگەر کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی کەمتر لە دەنگی کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ کانیدیدەکەی پارتی سەردەکەوێت. بازنەی (2) بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باشوری قەزای سلێمانی + قەرەداغ)) زیاتر لە (341) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (16) کاندید کە لە (8) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (7) پارتی سیاسین و (7) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) شیکردنەوەی بازنەی (٢): 1. لەم بازنەیەدا (3) کانیدید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشتر ڕێژەی (37%)ی دەنگەکانی هەبوەو و بزوتنەوەی گۆڕانیش دووەمە کە خاوەنی ڕێژەی (29%) دەنگەکانە، پێناچێت گۆڕانكاری و بارودۆخەكانی سێ ساڵی رابردوو ئەو دەنگانە وەك خۆی بهێڵێتەوە. 3. ململانێی توند لە نێوان دوو كاندیدە پیاوەكەی یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ سەركەوت شەمسەدین دەبێت بۆ بردنەوەی دوو كورسی پیاو. 4. بۆ بەدەستهێنانی كورسیە كۆتاكەی ژنان، ململانێی توند دەكەوێتە نێوان كاندیدە ژنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵ، سەربەخۆ) بازنەی (3) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) شیکردنەوەی بازنەی (٣): 1. لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا کێبڕکێکە گەرمترە یەكێتیو گۆڕان كە پێكەوە یەك كاندیدی ژنیان هەیە یەکێتی بە ڕێژەی (٢٦%)ی دەنگەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەی (١٩%) دەنگەکان كە دەكاتە (40%)ی كۆی دەنگەكانی ئەو بازنەیە، ئەگەری دەرچوونی كاندیدە ژنەكەیان زۆر بەهێزە رەنگە بەدەنگی خۆی دەربچێت و پێویستی بە كۆتا نەبێت، بەڵام بە پێی رێنمایی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن ( ئەگەر كاندیدَكی ژن بەدەنگی خۆشی سەربەكەوێت ئەوا كورسی كۆتا تەواو دەكات). 3. ململانێكە لەسەر دوو كورسی بۆ پیاوان دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری سەربكەوێت ئەوا ململانێكە بۆ كورسیەكەی تر دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی یەكگرتوو و كاندیدەكەی نەوەی نوێ، كاندیدە ژنەكەی پارتیش دەچێتە ململانێكەوە ئەگەر دەنگەكانی لەو دوو كاندیدە پیاوەی تر زیاتر بێت ئەوا سەردەكەوێت. 4. بەڵام لەبەر ئەوەی جۆرێك لە تێگەیشتن لە نێوان (یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی سەربكەوێت لەگەڵ هەردوو كاندیدە پیاوەكەی یەكگرتوو كۆمەڵ. بازنەی (٤) بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (پشدەر + ڕانیە + دوکان) زیاتر لە (282) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (11) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (4)) شیکردنەوەی بازنەی (4): 1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پیویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (40.9%)ی دەنگەکانی هەیە، دوو كاندیدی هەیە (1) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی هەردوو كاندیدەكەی هەیە (ژن و پیاوێك) بەڵام ئەگەر كاندیدە ژنەكەی نەوەی نوێ بەدەنگی خۆی دەربچێت و كە كاندیدێكی بەهێزە ( سروە عەبدولواحید) ئەوا یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی پیاوی دەردەچێت. 3. ململانێكە لەسەر دوو كورسی پیاو دەبێت لە نێوان كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی پارتی یان یەكێتی بتوانن دەنگەكانیان لەو دوو كاندیدە پیاوە زیاتر بێت ئەوا ئەوان سەردەكەون. بازنەی (٥) بازنەی (٥): کە ناسێنراوە بە بازنەی (کەلار + دەربەندیخان + کفری + چەمچەماڵ + بەشێکی خانەقین) زیاتر لە (250) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (15) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (10) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (5)) شیکردنەوەی بازنەی (5): 1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2. هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی كاندیدیان لەم بازنەیە پێشکەش نەکردووە، کە بەشێکی پەیوەندی بە لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ یەكێتی و بەشێکیشی پەیوەندی بە سەنگی دەنگەکانیانەوەیە لەم بازنەیە. 3. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (37.5%)ی دەنگەکانی هەیە، یەكێتی لەم بازنەیە سێ كاندیدی هەیە (2) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی دوو كاندیدی هەیە ژن و پیاوێك. 4. بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (23.9%) دەنگەکانی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەرەسمی كاندێكی هەیە لە گەرمیان بەڵام كاندیدێكی سەربەخۆ كە تا ئێستاش پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە ( غالب محەمەد) دەنگەكانی گۆڕان لە گەرمیان دەكات بە دوو بەشەوە. 5. ئەگەر لەو بازنەیەدا غالب محەمەد سەركەوێت و كورسیەك بەرێت، ئەوا ململانێكە بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكەی سێەمی پیاو دەكەوێتە نێوان كاندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕأن و نەوەی نوێ و پارتیەوە. ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە) دەخەینەڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (7)) ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات. 1. پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. 2. ئەگەر چی سەرو (50%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (30%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گۆڕانکاری لەسەر ئاستی چەندێتی کاندیدە حیزبییەکان دروست دەکات. 3. هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاپەیمانی کوردستان) ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە واتە لە بازنەی (3)ی سلێمانی دەبێت بە هێزی یەکەم.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) مێژوو، ھەموو مێژوویەک، مێژووی ھەر کۆمەڵگا و کۆمەڵە مرۆڤێک کە بڕیاربێت پێکەوەبژین، پێویستیی بە چەندان ”شت“ی بنەڕەتیی و سەرەکیی ھەیە، بەر لە ھەمووشتێک پێویستی بە کار و ئیشکردن و بەرھەمھێنان ھەیە، پێیوستیی بە ھاریکاریی و کۆمەکی کۆمەڵایەتیی و بە بڕێک لە ململانێی و ڕکابەرایەتیی تەندروست ھەیە. ھەروەھا پێویستیی بە کۆمەڵێک خەون و ئومێد و ھەندێک یۆتۆپیای کۆنکریت و ئاسۆی کراوە، بەرەو جیھانێکی باشتر ھەیە. وەکچۆن پێویستیی بە فیکر و مەعریفە و ھونەر و ئەدەبیات ھەیە ھەم بۆ ناسینیی خۆی و ھەم بۆ ناسینی ئەو ژینگەیەی تیایدادەژیی و ناسینی جیھانەش کە تیایدا ئامادەیە. بەسەریەکیشەوە پێویستی بە جۆرێک لە ئیتیمای ئینسانیی ھەیە کە بیانکات بە خەڵکی سەرزەمینێکی دیاریکراو و بتوانن لەڕێگای ھاریکاریی و ھاوکارییەوە ئەو سەرزەمینە بگۆڕن بۆ ماڵێکی دەستەجەمعی بتوانن تیایدا بەختەوەربن. ھاوکات ھەموو مێژوویەک پێویستی بە بڕێکی تایبەت لە حەماسەت ھەیە، حەماسەت وەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی. کە باس لە حەماسەت دەکەم باس لا مانا سایکۆلۆژییە تاکەکەسییەکانی ئەم دیاردەیە ناکەم، باس لە ھەڵبەز و دابەزیی دەرونیی ئەم یان ئەو تاکەکەس ناکەم، بەڵکو باس لە حەماسەت“ دەکەم وەک وزەیەک بۆ گۆڕانکاریی، وەک خواست و ئارەزوی دروستکردنێکی دەستەجەمعیی مێژوویەکی ھاوبەش، وەک دۆخی پاڵنان بە کەسەکانەوە بۆ بوون بە بکەری مێژوویی. بە کورتییەکەی حەماسەت وەک وزەیەکی مەعنەوی دەستەجەمعیی بۆ چالاکبوون و بەرپاکردنی گۆڕانکاریی. بەڵام ئایا کە باس لە حەماسەت دەکەین، باس لە چ جۆرە حەماسەتێک و کام فۆرمی حەماسەت دەکەین؟ ئەوەی من لێرەدا بەرگریی لێدەکەم ئەو شێوازەیە لە حەماسەت کە فەیلەسوفی ئەمریکیی ڕیتشارد ڕۆرتی ناوی ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ لێدەنێت. حەماسەتێک کە ناچێتەوە ناو حەماسەتی دینیی، یان حەماسەتێک لەناو دینەوە ھاتبێت، بەڵکو حەمەساتێک لەناو ڕوانین و دیدگایەکی نادینییەوە ھاتبێت و وەک زەمینەیەکی ھاوبەشیش بۆ دیندار و بێدین ئامادەبێت و کاربکات. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ جیاوازە لەو ”حەماسەتە دینیی“ەیەی کەسانێک کە خۆیان بە دەمڕاست و نوێەر و پارێزەری خودا دەزانن، دروستیدەکەن و دەیوروژێنن. حەماسەتێک جیاواز لەوەی ”خۆ بە وەکیل زانەکانی خوداوەند“ دروستکەری نەبن. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بنەماکانی لەسەر ”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ و ”پاراستنی ژیانی پێکەوەیی“ و ”دەستەبەرکردنی مافەکان“ دروستدەبێت. ئەم جۆرە حەماسەتە ”حەماسەتێکی مەدەنیی“ە، خەمخۆریی لەیەکتر و مشورخوردن لە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و ئینتیمایەکی مەدەنییانە بۆ یەکتریی و بۆ کۆمەڵگا دەیجوڵێنێت. ئەمانەش وادەکەن لە باتی ئینتیمایەکی توندڕەوانە بۆ ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیا، ئینتیمایەکی تر لەئارادابێت بۆ کۆمەڵێک پرۆژەی مێژوویی ھاوبەش و بۆ کۆمەڵێک دەزگا کە بشێت ژیانی پێکەوەیی ئەو مرۆڤانە بە شێوەیەکی ھێمن و مانادار ڕێکبخەن و ەبسەریەکیشەوە کەرامتیان بپارێزێن و مافەکانیان دەستەبەربکەن. ”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ بنەمای ئەم شێوە تایبەتەیە لە حەماسەت، ھاوکات ژێرخانی شێوازە جیاوازەکانی ”ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی“ و ”بەدەمەوەچوونی ئینسانیی“.و ”مشورخواردنی دەستەجەمعیی“ە ئەوەی لەم جۆرە حەماسەتەدا پێویستە، جۆری تازەی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای ئینتیمای دینیی و ئەتنی دروستنەبووبێت، یاخود لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ خێڵ و بنەماڵە و پەیوەندیی خوێن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئیتیما بۆ ئەو ژیانە پێکەوەیی و ژیانە گشتییە دروستبووبێت، کە خەڵکانێک لەناو سەرزەمینێکی دیاریکراودا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم شێوازە لە ئەخلاقیات و لە ئیتیما ئەخلاقیات و ئینتیمای دینیی نییە(ئەگەرچی دەشێت چەندان پرنسیپی ئینسانی تێدابێت لە دینەوە ھاتبن) بەڵکو ئینتیما و ئەخلاقیاتێکە لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی و پاراستنی ڕێز و پاراستنی کەرامەت کاردەکات. لەمەشدا دەتوانرێت ئەوەی لە دیندا سودبەخش و ھاریکاربێت وەربگیرێت و ئەوەشی دژ بە ھاریکاریی و ھاودەردیی و ڕێز و ئازادیی و پاراستنی کەرامەت بێت وەلابنرێت. بە کورتییەکەی ئەم جۆرە لە ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بەرگریی لەوەدەکات کە ئینسان، دیندار و بێدین، ھەم ڕێزدار و ئازاد و خاوەن مافن، ھەم یەکسان و خاوەن شانسی یەکسان لەگەڵیەکدا. دەزانم کە ئەم شتانە دەڵێم ھەم سوپایەک لە دیندارانی پەڕگیر و ھەم سوپایەک لە چەپگەرانی ڕادیکاڵ، دێنە قسە و دەڵێن. ئەمە کوفری عەلمانیەتە پێمان دەفرۆشرێتەوە، یاخود درۆیەکی بۆرژوازیانەی ناو سیستمی کاپیتالیزمە، بەرگریی لێدەکرێت. سەرەڕای ئەو جۆرە قسانە، کە لەمڕۆدا قسەی باڵادەستی ناو دونیای ئێمەن، مێژووی ئێمە پێویستییەکی گەورەی بەو جۆرە لە ”حەماسەتە ئەخلاقیی“ە کە باسمکرد.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) گەرچی مێژووی کاری پەرلەمانیی عێراق تەمەنی وا ٩٧ ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەڵام خەباتی سیاسیی و چەکداری کورد، بۆ دەستخستنی مافە سیاسیی و کولتوورییەکان، تەمەنێکی درێژتری هەیە و سەرەتاکەی لە عێراقدا بە چەکداری دەستی پێکرد و پاشان خەباتی پەرلەمانی و سیاسیی مەدەنییانەی هاتە پاڵ و لە ماشەوە (پەلەپیتکەی تفەنگ) تا وشە(قسەکردن) و چەلەحانێی نێو پەرلەمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا تەنها وشەکە بەدەست کوردەوە مایەوە و ماشەی چەکەکانی هەم بێدەنگ کران و گوتاری پەرلەمانتارانیشی پەرت و بێ ئامانج، هەم زۆرتر ڕووگەی پەرلەمانتارانیش بەرامبەر خودی کورد کەوتەکار و خۆڕنین. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، هەوراز و نشێو و ئاستی داواکاریی کورد و ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن بووە و لەکوێوە بە کوێ گەیشتووە؟ بۆ وەڵام، گرنگە زەمینەی مێژوویی هەڵبژاردن و لایەنە ڕکابەرەکانی کورد لە بەغدا و ئاستبەندیی خواستەکانی کورد لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا سەردەمی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا بخرێتەڕوو. کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا یەکەمین نیمچە هەڵبژاردنێک لەعێراقی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە بۆ سڵی ١٩٢١ کە ڕاپرسی دانانی فەیسەڵی کوڕی حسێن بوو وەک شای عێراق، کە تێیدا زۆرینەی کورد بە نەخێر و بایکۆت بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان کرد(لازاریف: مسالە الکردیە). بەڵام لە دووەمین هەڵبژاردنەوە ئیتر کورد تێکڕا بەشدارییەکی دیاری کردووە، تەنانەت گەر هەڵبژاردنەکانیش "کارتۆنی" بووبن لە کورد خاڵی نەبوون. دووەمین هەڵبژاردن بە گشتی و یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزراندن و یاسادانان، دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٩٢٤ و عەبدولموحسین سەعدوون بووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزراندن. ساڵێک پاش ئەوەش یەکەمین ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) هەڵبژێردرا (احمد و حمیدی(1989): تاریخ العراق المعاصر، ص٣٨)، پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ەوە تا ١٩٥٨(سەردەمی پاشایەتی)، شانزە(١٦)جار هەڵبژاردنی بۆ کراوە. هەر لەو پەرلەمانی دامەزراندنەوە، تا هەنووکە کورد بەشداریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کردووە. لە نموونەی پەرلەمانتارانی خولە یەکەمینیەکانیش دەتوانرێت ئاماژە بە چەند کەسایەتییەک بکرێت کە ڕۆڵی کارایان لە چەسپاندنی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کورد لەو دەمەدا بینی، وەک: ئەمین زەکی بەگ، مەعروف جیاوک، جەمال بابان، ئیسماعیل ڕەواندزی، محەمەد ساڵح، سەبری عەلی ئاغا و سەیفوڵا خەندان و ..تاد.(کریم(2009): القضية الكردية في سياسة العراقية1932-1945) ململانێی سێکوچکەیی کورد-ئینگلیز-بەغدا خواستەکانی کورد یان ڕاستتر مافە زەوتکراوەکانی، کەوتبوویە دەستی ئینگلیز بە پلەی یەکەم و پاشتریش عەرەبە دامەزرێنەرەکانی عێراق. دۆسێی کورد و ململانێکانی، بەر لەوەی لەگەڵ عەرەبدا بێت، لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، عەرەبی عێراق هێشتا سنوور و سەروەری و چارەنووسیشی ڕوون نەبوو، نە ململانێی و پێداگرییەکی دیاریکراویشی بەرامبەر کورد هەبوو، بە پێچەوانەوە لە چەندین جەنگ و بۆنە و رووداو و ڕاپەڕیندا پێکەوە بۆ مافەکانیان بەرامبەر ئینگلیز دەجەنگان، وەک جەنگی شوعەیبیە، ڕاپەڕینی ١٩٢٠، دامەزراندنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت و ...تاد. بەڵام کێشەی یەکەم و ئاستەنگی یەکەمی جوڵانەوەی سیاسیی کورد لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، کاتێک یەکەمین حکومەتی شێخ مەحموودی لەباربرد و هێزە کوردستانییەکانی دیکەشی لە ڕەواندز و کۆیە و بادینان سەرکوت کرد. لە پرسی کەرکوکیشدا دیسانەوە هەر ئینگلیز (نەک عەرەب) ڕێگری یەکەم بوو کە کەرکوک بەشێک بێت لە قەڵەمڕەوییەکەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و شێخیش هەر لەبەر ئەو خاڵەبوو کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئینگلیزدا زەقکردەوە. بەڵام بە یەکلابوونەوەی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بەشێکی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، ئەوکات ململانێکە بووە سێکوچکەیی و عەرەب و ئینگلیز لەلایەک و کورد لەلایەکی دیکەوە بەرامبەر وەستان. لەو ئانەوە تا ئێستا خواستی کورد چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆووە دیووە و خەباتەکەی ئاستەکانی چەکداری و پەرلەمانی و کارگێڕی و یاسایی و میدیایی لەخۆگرتووە. خەباتی پەرلەمانی سەرەتاکانی دامەزراندنی عێراق، بۆ پەرلەمانتارانی کورد سەختترین خەبات بووە، بەوپێیەی کە سەرەتای دامەزراندنی یاریگای ململانێ و چەسپاندن و ڕێکخستنی خواستی کوردستان بووە. لەلایەک لەگەڵ ئینگلیزدا کە زلهێزی جیهان بووە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ گروپگەلێکی عەرەبی جیاوازیشدا دیسانەوە لە ململانێدا بووە و لەگەڵ ئەوەشدا کورد ئەودەم نە لۆبی نێودەوڵەتی و نە پشتیوانی و نە میدیایەکی کاریگەر و نە پرسی مافی مرۆڤیش وەک دەسکەلایەک بە دەست دۆستانی کوردەوە بووە تا ببێتە بیانوو بۆ کۆمەک، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکەی لە سفرەوە خۆیان و خودا و کێوەکان دەستیان پێکرد، لەوەش گەڕێ کە نێوخۆی کورد ماڵێکی پەرتەوازە و ناهۆشیارییەکی باڵا و نەخوێندەواریی و کولتووریی سیاسیی دواکەوتووی کورد ئاستێکی نزمی هەبووە. پەرلەمانتاران، لەبەرزە خواستەوە بەرەو نزمەخواست لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە، لانیکەم پاش چوارلەت بوونی جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان و جیا لە ناتەبایی خواستی کورد لەگەڵ زلهێزانی نێودەوڵەتی، لە جێدا بەرامبەر چوار پایتەختیش کەوتە سەنگەرەوە (تاران، ئەنکەرە، بەغدا و شام)، ئیدی خەباتی کوردی باشوور تا هەنووکە لەڕووی پۆلێنبەندییەوە لە پەرلەمانەکانی عێراقدا چەندین ئاستی بەرز و نزمی لە باشەوە بۆ خراپ و لە کاراییەوە بۆ پاسیڤی بە خۆیەوە دیووە. لێرەدا دەکرێت گوتاری سیاسیی و خواستەکانی کورد بەگوێرەی ئاستی داواکارییەکانی لە ڕووی کرۆنۆلۆژییەوە بەم شێوەیە دابەش بکرێن: ١. قۆناغی دامەزراندنی گوتاری سیاسی و مافی کولتووریی(1924-1932): پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا، جەختییان لەسەر مافە ئیداری، سیاسیی، کولتووری و دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا دەکردەوە، گەرچی لەڕووی دەستوورییەوە کەمیان هێنا، بەڵام لەڕووی بەشداریی سیاسی و مافی کولتوورییەوە توانییان زمانی کوردی وەک زمانی نێوچە کوردستانییەکان لە ئاخافتنی کارگێڕی و پەروەردەدا بچەسپێنن (تا هەنووکەش تەنها باشوور ئەم مافەی بە هیممەتی پەرلەمانتارانی پێشین دەست خست). هەروەها نەریتی بەشداری کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقدا دابهێنن و وا بکەن خەباتی کورد لە شاخ و چەکدارییەوە بگوازنەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و مەیدانی سیاسەت و چەندین یانە و ڕێکخراوی مەدەنیش بۆ داکۆکی لە مافە سیاسییەکان دامەزران وەک ڕێکخراوەکانی سەرکەوتن و کۆمەڵەی زانستی و ...تاد. بەر لەم قۆناغە کوردی باشوور زیاتر ئاسۆیی و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا نەک ستوونی و لەدڵی جوگرافیای نەیاردا خەبات بکات. ئەمین زەکی و مەعروف جیاوک و ...تاد نموونەی باڵای ئەم خەباتەن. سیمایەکی تری ئەم قۆناغە ئەوەبوو پەرلەمانتارە کوردەکان زۆرتر دەچوونە پاڵ لیست و سەرکردە دیارە عێراقییەکان بۆ دەستخستنی مافەکان (وەک چۆن لە ساڵی ١٩٢٨دا چوونە پاڵ موحسین سەعدوون لەپێناو دابینکردنی لانیکەمی مافی خوێندن و زمانی کوردی و چەسپاندنی) ٢.قۆناغی بەشداریی دەسەڵات(١٩٣٢-١٩٥٨): لەم قۆناغەدا کوردەکان بە رێژەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانەکانی عێراقدا بەشدارییان کردووە، خواستی سەرەکییان بەشداریی لە دەسەڵات و چەسپاندنی دەستووری مافە مەدەنی و سیاسییەکان بووە، جیا لە هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە کولتوورییەکان کە پێشتر جێگیرکرا، داوای پێکهێنانی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی و نیمچە سەربەخۆیان بۆ پارێزگاکانی کوردستان لە عێراقدا کردووە لانیکەم وەک یەکەیەکی سەرپەرشتیارێتی باکووری عێراق، تا سرووشتی نێوچەکە رەچاو بکرێت لە ڕووی دابونەریت و خواستی دانیشتووانییەوە. ئەم قۆناغە بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دی، بەڵام گرنگترین کار لەم قۆناغەدا و جیاوازی لەگەڵ پێش خۆیدا، دامەزراندنی حزبی سیاسیی بوو بۆ ئیدارەدانی ململانێکان بەرامبەر بەغدا، نەک ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆیان ببنە ئەندامی حزبە عێراقییەکان، وەک دامەزراندنی حزبی هیوا و لقی ژێ کاف و حزبی ڕزگاریی و پارتی دیموکراتی کورد. پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا سەرلەبەر داواکاری حزبە کوردییەکانیان دەکردە گوتاری سیاسیی و بەو گوتارە ڕووبەڕووی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی بەغدا دەبوونەوە. ٣. قۆناغی کوژانەوەی کاری پەرلەمانی (1958-2003): لەم قۆناغەدا بەهۆی کودەتاکان و دەرکەوتنی هێز و کەسایەتی پەڕگیر، یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لەڕێگەی چەکەوە، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول1961 و شۆڕشی نوێ1975 پەنابردنەوەی ناچاریی کورد بۆ چەک، بوارێکی نەهێشتەوە بۆ کاری پەرلەمانی و کاری پەرلەمانی لاوازتر کرد. گەرچی لە قاسمەوە تا سەدام سەرلەبەر بەڵێن و دروشمی ئەوەیان بەرزدەکردەوە کە دیموکراسیی ڕاستەقینە و پەرلەمانێکی کارا دەهێننە کایەوە، بەڵام خول دوای خول سستتر بوو، بەجۆرێک لەسەردەمی بەعسدا گەیشتە لوتکەی ناکارایی و لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩-٢٠٠٣ بەتەواوی کاری پەرلەمانی لە بەغدا بووە بەڵێکردن بۆ شەرعاندنی پەڕگیرییەکانی سەدام حسێن و حزبەکەی. کوردەکانی نێو جولانەوەی ڕزگارییخوازیش خولی نیوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧5ی لێدەرچێت کە سەربە پارتی دیموکرات و حزبی شیوعی بوون و ڕۆڵی کارا و گرنگیان بینی لە مۆدێلی بەدەنگهێنانی پەرلەمان لەو ئانەدا، چیتر بەشدارییان نەکرد و هەر کوردێکیش بەشداریی بکردایە لەنێو ڕای گشتیی کوردستاندا پەرلەمانتار و پەرلەمانەکەش بە کارتۆنی ناودەبران (وەک تەنزێک بۆ بێدەسەلاتییان). خواست و گوتاری پەرلەمانتاری کورد لەم خولانەدا ئۆتۆنۆمی بووە بۆ کوردستان و بەهێزترین دەستکەوتی خەباتی مەدەنی ئەم سەردەمە ڕێککەوتنی ئازار و دروستکردنی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بۆ باشوور بوو لە سێ پارێزگادا، گەرچی تەمەنی کەم بوو. ئەڵبەت ئەمە دەستکەوتی کاری پەرلەمانی نەبوو هێندەی بەرهەمی نزیکبوونەوە ئیرادەی سیاسیی و دانوستاندنی کورد و بەغدا بوو. ٤. قۆناغی عێراقی فیدراڵی (2003-2017): لەم قۆناغەدا کاری پەرلەمانتاری کورد و بەرزکردنەوەی خواستی کورد لەسەردەستی ئەمان بەپشتیوانی هێزە سیاسییەکانەوە وەرچەرخانی ئەرێنی بەخۆیەوە بینی، کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی و لە پشکداریی حکومەتەوە بۆ شەراکەتی دەسەلات خواستی بەرزکردەوە، لەوەش گرنگتر هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی دەستووری چەسپاند و دۆسێی کەرکوکیشی کردە ململانێیەکی ڕەسمی و دەستووری. سەرجەمی ئەمانەش لەڕێ پەرلەمانتارەکانەوە بە ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی حزبەکانەوە پەرەیان پیدرا و چەسپێنران، سەرکردە سیاسییەکانیش خۆیان دەچوونە بەغدا و راستەوخۆ لە مەیدانی پەرلەماندا ململانێیان دەکرد. گەرچی لەم قۆناغەدا سەرجەم مافەکان وەک ئەوەی لە پەرلەمان و دەستووردا هاتوون دابین نەبوون، بەڵام باشووری کوردستانی لەڕووی مافی مەدەنی و برزکردنەوەی خواستەوە بەرزکردەوە و پرسی کوردی لەڕێگەی دەروازەی بەغداوە تا ڕادەیەک لە ئاستێکی جیهانییدا خستە ڕوو و وەک هێزێکی دیموکرات و دژەتیرۆر و مەدەنی خۆی پێناسە کردەوە. 5. قۆناغی پەرتەوازەیی کاری پەرلەمانی کورد لە بەغدا (2017 بەدوا): پاش ئەنجامدانی ڕیفراندەم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چوونەوەیەک و داکشانێکی گەورە لە کاری پەرلەمانی لە ئاست ئەو ڕێچکە باوەی کە بەخۆیەوە دیوویەتی لە مێژووی کاری پەرلەمانیی کوردستانیدا لە عێراق بەدی دەکرێت، کە پێشتر داکۆکی بووە لە خاک و شوناس و دەسەڵاتی کورد لە بەغدا، بەڵام لەم قۆناغەدا، شوناس و خاک (نێوچەدابڕاوەکان) و سنووری سیاسیی هەرێم و مافە فیدراڵییەکانی، پاشەکشیان کرد و مەسەلەی پێشینە و پارە و بودجەی مانگانە و ساڵانە و شەڕی پۆست و لیژنەکان جێگەی ئەوانەی پێشتری گرتەوە، ئەوەی هۆکاری سەرەکی ئەم داکشانە سیاسییە بوو، بە پلەی یەکەم بەڕێوەبردنی حزبییانەی هەرێم و گەندەڵی، غرووری سیاسیی سەرکردەکانی کورد و جێهێشتنی بەغدا و بەشدارینەکردنی خۆیان و ناردنی پلە دوو سێیەمەکانی حزبەکانیان، پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەش، چەند سەرەیی و ململانێی ئاست نزمی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بوژانەوەی مەیلی ناوەندگەرێتی عەرەبانی بەغدا و دۆخی هەرێمایەتی دراوسێکان، بە ڕیز ڕۆڵیان هەبووە لەو دابەزینەی ئاستی ئەدای کاری پەرلەمانی و بەجۆرێک پەرلەمانی وا لێکرد لەبری سەنگەری بەرگری لە شوناس و خاک بووە سەرچاوەی "یۆقلەمەی گیرفانی" نائیبەکان و بڵندگۆی وشەهاویشتن و بۆڵەبۆڵی ململانێی کورد-کورد لە قوبەی پەرلەماندا. هەر ئەمەیە وەرچەرخانی کاری پەرلەمانی لە ماشەی تفەنگەوە بۆ وشەهاویشتن و هیچی تر. ئایا خولی دادێی 2021-2025 دەتوانن بکەونەوە سەر ڕاستەڕیی کاری پەرلەمانتاریی وەک ئەرک نەک ئیمتیاز و قسەهاوێژی؟ با بمێنێت.
راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە زلهێزی جیهان ئەژمار دەكرێت، تەنیا لە سوپاكەیدا ساڵانە بڕی زیاتر لە (700 ملیار) دۆلار خەرج دەكات، هەروەك ژمارەی ئەو چەكە ئەتۆمییانەی كە هەیەتی زیاتر لە (7 هەزار) چەكە، لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار سەربازی هەیە كە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبونەتەوە، ئەمە سەرباری سیخوڕە باش راهێنراوەكانی كە چاودێری وردی دوژمنەكانیان دەكەن لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان. ویلایەتە یەكگرتووەكان چوەتە ناو چەندین جەنگی درێژخایەنەوە لەو وڵاتانەی كە وەكو سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی ئەژماریان دەكات، لەم شەڕانەشدا نوێترین جۆری چەكی بەكارهێناوە. بەڵام ئەوەی لە 11ی سێپتێمبەر رویدا، قەوارەی ئەم زلهیێزەی لەرزاند، برینێكی بەجێهێشت كە بۆ سەدان ساڵی تر ساڕێژ نابێت. ئەوە رۆژێك بوو كە تێیدا جیهان دركی بەوە كرد دەكرێت فڕۆكەكەكان وەكو چەكێك بەكاربهێنرێن، ئەو سوتەمەنیەشی كە هەڵیانگرتووە دەكرێت بگۆڕدرێت بۆ تەقەمەنی. چوار فڕۆكە رفێندران. دوانیان خۆیان كێشا بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی لە نیویۆرك. "دەستمان بەسەر چەند فڕۆكەیەكدا گرتووە" "هەندێك فڕۆكەمان لەبەردەستدایە، هەموو دانیشوانی شارەكە لەبەردەم مەترسیدان" ئەمە ئەو قسانە بوو (محەمەد عەتا)ی تیرۆریست كردی، كە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای (ئەمریكان ئیرلاینز)ی رفاندربوو، ئەمە گەشتی ژمارە (11)ی فڕۆكەكە بوو، ئەو ئەم قسانەی بۆ هۆشداریدان بە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە كرد. بەرپرسان لەسەر زەویو لە هۆبەی چاودێریی بەڕوونی گوێیان لەم قسانە بوو، بەڵام نەیانزانی مەبەست لێی چییە، كاتی زۆر لەبەردەستدا نەبوو. لە 11ی سێپتێمبەری 2001دا چوار فڕۆكە رفێندران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی ئازاربەخشی بەركەوت، لەبەر ئەوەی دركی بەوە نەكرد مەبەستی قسەی تیرۆرستی ناو فڕۆكەكەدا چی بوو. فڕۆكەكە رفێندراوەكەی كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاینز) لەكاتی خۆكێشانیدا بە تاوەكو باكوری سەنتەری بازرگانی جیهانیی، تێكشكا. فڕۆكەكەی تر لەرێگەدا بوو بەرەو نیویۆرك، لە سەكۆیەكی تری هەمان ئەو فڕۆكەخانەیەوە هاتبوو كە فڕۆكەی یەكەم لێیەوە هاتبوو. فڕۆكەی (یونایتد ئایرلاینز) كە ژمارەی گەشتەكەی 175 بوو، لە فڕۆكەخانەی لۆگانەوە لە بۆستن، بەرەو لۆس ئەنجلس رۆیشت. فڕۆكەكە لەلایەن پێنج كەسەوە رفێندرا، دوو پیاوی ئیماراتیو سێ پیاوی سعودی، (مەروان شحی) رێبەرایەتی ئۆپراسیۆنی رفاندنەكەی كرد لەگەڵ (فایز بن حەمەد)ی هاوڵاتی وڵاتەكەیو (موهەند شهری) سعودییو دوو برای تری سعودی بەناوەكانی (ئەحمەد و حەمزە غامدی). بەر لە سەركەوتن بۆ ناو فڕۆكەكە توشی هەندێك بەربەرست بوون، چونكە هەندێكیان زمانی ئینگلیزییان بەشێوەیەكی باش نەدەزانی، لەو پرسیارانە تێندەگەیشتن كە لەلایەن ئەو لایەنەی بلیتی گەشتەكەی بۆ دەركردبوون لێیان كرا، یاخود بە سەختی وەڵامی پرسیارەكانیان دابووەوە. سیستمی كۆمپیوتەر كە پشكنینی بۆ ناسنامەی سەرنشینەكان دەكرد بەر لە سەركەوتنیان بۆ ناو فڕۆكەكە هیچ كێشەیەكی بەدی نەكرد لەبارەی ناسنامەی رفێنەرانی فڕۆكەی دووەمەوە، وەكو ئەوەی لەگەڵ رفێنەری فڕۆكەی یەكەمدا (محەمەد عەتا) رویدا، بۆیە توانییان بە ئاسانی سواری فڕۆكەكە ببن. تێڵاو چەقۆی بچوك ئەو پێنج رفێنەرە جگە لە تێڵاو چەقۆی بچوك هیچ شتێكی تریان پێنەبوو، ئەوە تاكە چەكی دەستیان بوو، بۆیە توانییان بە ئاسانی لە پشكنینی ئاسایشی فڕۆكەخانە دەرباز ببن. وادەی دەرچوونی گەشتی ئاسمانی ژمارە 175 لە كاتژمێر 8ی بەیانیدا بوو، بەڵام تۆزێك دواكەوتو لە كاتژمێر 8:14 خولەكدا لە فڕۆكەخانەی لۆگان فڕی. لەناو فڕۆكەكەدا (51) سەرنشینو نۆ كەس لە تیمی فڕۆكەكە هەبوون، كاتێك فڕۆكەكە 31 هەزار پێ لە زەوی بەرز بووەوە، وەكو هەمیشە خزمەتكارانی ناو فڕۆكەكە دەستیان بە پێشكەشكردنی خزمەت بە میوانەكان كرد. لە كاتژمێر 8:42 خولەكدا فڕۆكەوانەكان پەیوەندییان بە هۆبەی چاودێرییو كۆنترۆڵەوە كرد لەسەر زەوی، وتیان ئەوان گوێیان لە پەیوەندی گوماناویی بووە لە فڕۆكەیەكی ترەوە، وا دەزانرا ئەو پەیوەندییە لە فڕۆكەی ئەمریكان ئێرلاینزەوە بووە، كە گەشتی ژمارە 11 بووەو لەلایەن محەمەد عەتاوە رفێندراوە. لەكاتژمێر 8:42 خولەدا هۆبەی چاودێرییو كۆنترۆڵ هیچ زانیارییەكی لەبارەی فڕۆكەوانەكانی گەشتی 175ەوە بەدەست نەگەیشت. لەو ساتەدا، رفێنەرەكان دەستیان بە تۆقاندنو هەڕەشەكردن لە سەرنشینەكان كرد بەو چەقۆیانەی كە پێیان بوو. لە كاتژمێر 8:47 خولەكدا، بەرپرسانی هۆبەی چاودێری هەستیان كرد بەوەی رەنگە جوڵەیەكی گوماناویی لەناو فڕۆكەكەدا هەبێت، ئەمەش كاتێك بوو كە فڕۆكەكە لە ئاڕاستەی خۆی لایداو گوێی بۆ ئەو فەرمانانە نەگرت كە دەسەڵاتداران پێیان دەدا. پەیوەندی تەلەفۆنی لەناو فڕۆكەوە لە كاتژمێر 8:52 خولەكی بەیانیدا، لی هانسۆن لە ویلایەتی كونتیكتی ئەمریكاوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە پیتەری كوڕییەوە بۆهات، كە لەناو فڕۆكە رفێندراوەكەی گەشتی 175دا بوو. پیتەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە باوكی وت:" لەو بڕوایەدام ئەوان دەستیان بەسەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەدا گرتووە، بە چەقۆ لە كەسێكی تیمی فڕۆكەكەیان داوەو رەنگە هەندێكیان لە بەشی پێشەوەی فڕۆكەكە كوشتبێ، بەخێرایی پەیوەندی بە كۆمپانیای یونایتد ئیرلاینز بكەو ئاگاداریان بكە لەو روداوانەی لەناو گەشتی 175دا رودەدەن كە بەرەو لۆس ئەنجلس دەفڕێت". لی هانسۆن بەپەلە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردو ئاگاداری كردن لەو بابەتەی كە كوڕەكەی پێی وتبوو. لەكاتژمێر 8:52 خولەكدا، یەكێك لە تیمی فڕۆكەكەی یونایتد ئیرلاینز پەیوەندی بە بارەگای كۆمپانیاكەوە كرد لە سان فرانسیسكۆ، ئاگاداری كردن دوو فڕۆكەوانەكە كوژراونو فڕۆكەكە رفێندراوە، لەو كاتەدا دەسەڵاتداران زانییان رفێنەرەكان فڕۆكەكە لێدەخوڕین. لەكاتژمێر 8:59 خولەكدا، سەرنشینێكی تر بەناوی بریان سوینی هەوڵێدا پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە بكات، بەڵام بەردەست نەبوو، پەیوەندی بە دایكییەوە كردو ئاگاداری كرد لەوەی فڕۆكەكەیان رفێندراوە، باسی لەوە كرد هەموو سەرنشینەكان لەبارەی ئەوە پرسیار دەكەن ئایا دەتوانن هەڵبكوتنە سەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەو فڕۆكەكە لە دەستی تیرۆرستەكان رزگار بكەن. كاتێك پیتەر بۆ جاری دووم پەیوەندی بە باوكییەوە كردەوە، زیاتر شڵەژا بوو وتی:" چەقۆیان بەدەستەوەیە، دەڵێن بۆمبیشیان پێیە، وابزانم دەیڕفێنن بۆ ئەوەی بیكشێن بە بینایەكدا لە شوێنیك، بابە نیگەران مەبە، ئەگەر شتی وا رویدا، هەموو شتەكان بە خێراییەكی زۆر كۆتاییان دێت"، پیتەر پەیوەندییەكەی تەواو نەكردو پچڕا. بەر لەوەی پەیوەندییەكە بپچڕێت، باوكی پیتەر لە تەلەفۆنەكەوە گوێی لە هاواری ژنێك بوو، تەلەفزیۆنەكان دیمەنی خۆكێشانی فڕۆكەی دووەمی بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانی نیشاندا. گوێ لە چەندین پەیوەندی سەرنشینەكانی فڕۆكەكە گیرا لەگەڵ كەسانێكەوە لەسەر زەوی، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرا رفێنەرەكان چەقۆو كەرەستەی توندیان بەدەستەوەیە، سەرباری ئەوەی هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە بۆمبیان پێیە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخست ئەوە راست نییە، لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە 11ی سێپتێمبەردا هاتووە، هیچ شوێنەوارێكی ماددەی تەقەمەنی لە شوێنی هێرشەكە نەدۆزراوەتەوە. لێكۆلێنەوەكان دەڵێن هەڕەشەكەیان ناڕاست بووەو بۆمبیان پێ نەبووە. بەپێچەوانەی گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەمریكا 11، ئاڕاستەی گەشتی یۆنایتد ئیرلاینز 175 بەرەو نیویۆرك گۆڕدرا، ئامێری ناردنو وەرگرتنی زانیاری ناو فڕۆكەكە لەكارنەخرا، ئەمە وایكرد رادارەكان بە ئاسانی چاودێری بكەن. فڕۆكەكە نزم بووەوە، بەسەر دورگەی ستاتن لە كەنداوی نیویۆركدا دەفڕی، بەرەو ئاڕاستەی بینای ئیمپایەر ستەیت رۆیشت، لە ساتی كۆتایدا لایدا بە ئاڕاستەی تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی. فڕۆكەكە خۆی تاوەری باكور لاداو خۆی بە تاوەری باشوردا كێشا. لێدانی تەپڵی مەرگ لە كاتژمێر 9:39 خولەكدا كاتێك فڕۆكەكە خۆی كێشا بە تاوەری باشوردا (38 هەزار) لیتر سوتەمەنی هەڵگرتبوو لەگەڵ (5) رفێنەرو دوو فڕۆكەوانو (9) كەس لە تیمی فڕۆكەكەو (51) سەرنشینو لەگەڵ پیرەژنێكی تەمەن 80 ساڵو منداڵێك كە تەمەنی دوو ساڵو نیو بوو. كامێراكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ روداوەكەیان دەگواستەوە، پارچەی ئەو فڕۆكەیەی كە تاوەری باشوری بڕی، بە بەرچاوی خەڵكەو لە ئاسمان دەكەوتە خوارەوە. بیناكە بەتەواوەتی گڕی گرتو ستونی دوكەڵی لێ بەرز دەبووەوە. دوای نزیكەی 50 خولەك، بیناكە داڕماو لەگەڵ زەوی یەكسان بوو، نزیكەی (2 هەزارو 600) كەس لە هەردوو هێرشەكەدا كوژران، زیاتر لە (300) كەسیان كارمەندانی فریاگوزاری بوون. لەكاتێكدا پرۆسەی فریاگوزاری بەڕێوەدەچوو، لەناو خەڵكدا ترس هەبوو لە ئەگەری روودانی هێرشێكی تر، ئەمەش دوای ئەوەی تیرۆرستەكان سەركەوتوو بوون لەوەی پلانەكەیان جێبەجێ بكەنو دەزگای هەواڵگری لە ئاشكراكردنی شكستی هێنا. پلانەكەیان خەڵەتاندنی ئەمریكا بوو، كە چوو بووە ناو چەندین جەنگەوە لە وڵاتان لەرێگەی گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو خاكی ئەو وڵاتانە. ئەوكات بەهانەی تر بۆ مەترسییەكانی ئەمریكا هەبوو، فڕۆكەیەكی رفێندراوی تر برەو واشنتۆنی پایتەخت رۆیشت.
ئامادەكردنی: درەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر کە (25) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، وردەکاری سیستمی هەڵبژاردن چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕاپۆرتەدا بەردەستە. عێراق لەبەردەم سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ململانێ و کێشمەکێشمی لایەنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێت و بڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز دەبێت بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛ یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛ 1. پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن لانی کەم ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتای (پێكهاتهكان). 2. پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس. دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە: ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن. سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت. بەپێی ئەم ماددەیە: 1. عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. 2. پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛ 3. کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییهكه. 4. کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون بهشێوهی ڕیزبهندی، بە مەرجێ: ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت. ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت. ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت. د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (ا، ب، ج) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە. دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن (25 ملیۆن و 139 هەزارو 375) هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیەو لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، لەم خشتانەی خوارەوە چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق و دابەشکردنی کورسییەکان و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان ڕونکراوەتەوە. .................................
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەشی چوارەم و کۆتایی ئەزموونی سی ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی نەوەی شۆڕشگێڕانی شاخ و پاشان منداڵەکانیان، گەواهی شکستێکی گەورەی هەمەلایەنە. ئەم ئەزموونە کوردییە هەم لەڕووە سیاسییەکەی و هەم لەڕووە ئەخلاقییەکەی و هەم لەڕووە ئابوورییەکەیەوە شکستی گەورەی هێنا. لەڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شکستی هێنا لەوەی ئەزموونی تۆتالیتاریزمی بەعسیزم دووبارەنەکاتەوە کە تیایدا سەرۆک لەسەرووی یاساوە بوو، حیزب لەسەرووی دادگاوە و خێڵ و خێزانە سیاسییەکانیش لەسەرووی نەتەوەوە بوون. دەوڵەتی بەعس یەک سەرۆکی دیکتاتۆری هەبوو، یەک لەشکر و یەک جوگرافیای سیاسیشی هەبوو کە تیایدا سەروەر بوو. دەسەڵادارێتی کوردییش چەند سەرۆکێکی لۆکاڵیی هەیە کە یەک خەسڵەت کۆیان دەکاتەوە، ئەویش تەنها لەناوچەکەی خۆیان دەسەڵاتگەرن و لەو سنوورە تێپەڕێت دەسەڵات و خەونی دیکتاتۆربوونیان کۆتایی دێت. هەریەک لەم سوڵتانە لۆکاڵییانە خاوەن دەزگای لەشکر و پۆلیس و هێزی ئاساییش و دژەتیرۆری تایبەت بەخۆیەتی و سنووری سەروەرییشیان لەو چوارچێوە جواگرافیا لۆکاڵییەی تیایدا دەسەڵاتدارن، تێپەڕناکات. ئەم ئەزموونە کوردییە شکستی هێنا خیانەت لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆی نەکات، کە ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی بوو بۆ کوردستانێک، کە خاوەنی یەک گەل و یەک لەشکر و یەک حکومەتی دیموکراسیی بێت. دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شكستێکی گەورەی ئەخلاقیی هێنا، چونکە نە تاوانبارانی ئەنفال و شەنگالی دادگاییکرد و نە توانی بڕێک لە دادپەروەریی و ئارامیی ویژدانیی بۆ دەربازبووانی کۆمەڵکوژییەکان بگێڕێتەوە بەوەی کار بۆ بەجینۆسایدناساندنییان بکات و نە توانی چارەسەری ئەخلاقیی و یاسایی بۆ ئەو لێکەوتە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی و ئەخلاقییانە بدۆزێتەوە کە شکستی سەربازییان دژ بە داعش بەرهەمیهێنا. لێرەدا هەم کەیسی ژنانی ئەنفال و هەم کەیسی ژنانی شەنگال دوو حاڵەتی تایبەتی زۆر شەرمائاوەرە بۆ سیاسەتی کوردیی. ئەمەو چەندان کەیسی تر لەوێنەی بێسەروشوێنانی جەنگی ناوخۆ و هتد. حوکمڕانانی شۆڕشگێڕانی دوێنێ شکستێکی ئابووریی گەورەیان هێنا، چونکە لەبری ئەوەی ئابوورییەکی نیشتیمانیی دابمەزرێنن کە تیایدا ماف و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیانی لەشێوەی ئاو و کارەبا و موچە زامنبکرێت و ئابووری قاچاخ لەناوببرێت، خۆیان بوون بە بکەری سەرەکیی ئابوورییەکی رەیعیی چەتەگەریی. ئەو ژێرخانە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەی ئەم سیستەمە سوڵتانییە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەرهەمیهێناوە، هێز و توانای روبەڕووبونەوەی هیچ تەحەدایەکی ناوخۆییی و هەڕەشەیەکی دەرەکیی نییە. سیاسەتی کوردیی کورتبووەتەوە بۆ مۆدێلێک لە ئۆپورتونیزمی سیاسیی کە بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم نوخبە سوڵتانییە، لەناوەوە هێز بەکاردەهێنێت و لە دەریشەوە ملکەچیی. لەم قۆناغەی ئێستادا هەموو خێزانە سیاسییەکانی هەرێم بە نەوەی یەکەم و دووەمیانەوە، حیزب و دەزگاکانی تری حوکمڕانیی وەک کەرەسەیەک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و سامان و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تەماشادەکەن و بەکاردەھێنن. لەم قۆناغەدا گروپە ستراتیژییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاواز بەشدارن لە دەسەڵات و کەڵەکردنی ساماندا. هاوشێوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیی، لەناو هەموو حیزبەکانی گروپە ستراتیژییە شارییەکانیشدا تەوریسی سیاسیی جێبەجێکراوە و بەپرۆسەی جیاواز گۆڕاون بۆ دەزگایەکی خێزانیی. میکانیزمی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزبەکان و ئەندامەکانیان لەڕووی وەزیفەوە هاوتایە بە پەیوەندی شێخ و موریدەکانی یان سەرمایەدار و کارمەندەکانی. وەزیفەی سەرەکیی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە بەخشینی پۆستە هەرەباڵاکان بە سەرۆکەکان و پێگەی سیاسیی و ئیداریی گەورەش بە منداڵەکانیان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خزم و کەسوکار و ئەندامانی حیزبەکانیان. لەناو ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە و لەناو هەردوو کایەی دەسەڵات و ئابووریی رەیعییدا، گروپە ستراتیژییەکان بە پرۆسەیەکی خێرا گەشەدەکەن بۆ چینێکی ئۆرستۆکراتیی کۆمەڵایەتیی نوێ. بە پێی ئامارەکانی دەزگای یەکێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستاندا (30) ملیاردێر و (10) هەزار و (800) ملیۆنێر هەبووە. زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەکان لە سنووری پارێزگای هەولێردا بوون كە ژمارەیان دەگاتە (18) و لە سنووری پارێزگای سلێمانی (5) ملیاردێرە و (5) ملیاردێریش لە سنووری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنانیان کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستدان زۆرینەی دەوڵەمەندەکانی هەرێم دانیشتووی پارێزگای هەولێرن و پاشان دهۆک بە پلەی دووهەم دێت و سلێمانیش پلەی سێهەمی بەردەکەوێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە چ گروپێکی ستراتیژیی و چ ناوچەیەک لە نێوەندی دەسەڵاتدا بێت یان نزیک بێت لێی، شانسی دەوڵەمەندبوونی خێرا و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاترە. ئەو ڕاستییەی کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتێکی وەک هۆڵەندا زیاترە مانای ئەوە نییە کە هەرێم خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و بەرهەمهێنە، بەڵکو تەوا بەپێچەوانەوە، گەواهی ئەوەیە کە دابەشکردنی سامان لە هەرێمی کوردستاندا وابەستەی شوێنگە و چەشنی پەیوەندی و خزمایەتییە بە حیزب و خێزانە سیاسییەکانەوە. بەم چەشنە ئەم چینە ئۆرستۆکراتییە نوێیە ناو کۆمەڵگای کوردستان کە لە ماوەی تەمەنی سیاسیی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا دروستبووە، چینێکە ڕاستەوخۆ وابەستەی پێگەی دەسەڵاتە کە لە ڕێگای پەیوەندیی خێزانیی ئەو گروپانەوە مۆنۆپۆڵی کایەی ئابوورییان کردووە. واتە بوونی ئەم حیزبە بنەماڵەییانە لەناو کایەی دەسەڵاتدا چینێکی سوڵتانیی نوێی لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمهێناوە، نەک گەشەی ئابووریی ئاسایی و وەبەرهێنانی سەرمایەی خۆیان.
ئامادەكردن: هەڵمەت محەمەد شكور - ئەندامی ژوری توێژینەوەكان كابـینەی یـــەكەم (04/07/1992) كابــــینەی دووەم (25/04/1993) كابینەی ســـێیەم، كابینەی چوارەم: • حكومەتی هەرێمی كوردستان/ هـەولێر أ. كابینەی: د. ڕۆژ نوری شاوەیس - 26/09/1996 ب. كابینەی: نیچیرڤان ئیدریس بارزانی – 20/12/1999 • حكومەتی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی أ. كابینەی: كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی - كۆتاییەكانی/ 1996 ب. كابینەی: د. بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001، لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، درێژەی بەم كابینەیە داوە. كابینەی پێنجـەم (07/05/2006) - یەكگرتنەوە كابینەی شـەشـەم (28/10/2009) كابینەی حەوتەم (05/04/2012) كابینەی هەشتەم (18/06/2014) – حكومەتی بنكە فراوان كابینەی نۆیەم (10/7/2019 – تا ئێستا) كابینەی یەكەم و دووەم - هاوبەش دوای راپەرینە جەماوەرییەكەی باشوری كوردستان (باكوری عێراق)، دژ بە ڕژێمی بەعس، لە (50/30/1991) كە لە قەزای ڕانیەوە دەستی پێكردو لە (21/30/1991) گەیشتە پارێزگای كەركوك. هاوكاتیش، لەلایەكی دیكەوە ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاری ژمارە (688) دەركرد لە بەرواری (50/40/1991)، ناوەڕۆكی بڕیارەكەش ئیدانەی رژێمی بەعسی كردبوو بەرامبەر بەو سەركوتكارییەی گرتبوویەبەر دژ بە هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە كوردییەكان، و تیایدا داوای ڕاگرتنی ئەو سەركوتكارییەی كردبوو كە ڕژێم ئەنجامی دەدا، بە بەڵگەی ئەوەی ئەم كارانە هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دوو هۆكاری پێشوو كە ناوخۆی و دەرەكی بوون فشاری زۆری بۆ سەر ڕژێمی پێشوو هێنا و ناچاری كرد، كە بڕیاربدات بە پاشەكشە پێكردنی دامودەزگا ئیدارییەكانی لە هەرسێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) لە (23/10/1991)، ئەم بڕیارەی ڕژێم بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی گەورەی ئیداری و سیاسی و یاسایی لە ناوچەكەدا، ئەم هۆكارە پاڵنەری گەورە بوو بۆ ئەزمونی خود موختاری "الحكم الژاتی" كوردانی عێراق، بۆیە دواتر ئەم ئەزمونە ڕێگە خۆشكەربوو بەرەی كوردستانی كە یاسای هەڵبژاردن و كۆمەڵێك یاسای پێویست دابڕێژێت لەپێناو ڕێخۆشكردن بۆ دروستكردنی حكومەتێكی خۆماڵی لە داهاتووی نزیكدا. هەرچۆن بوو لە (19/50/1992) یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی "دیموكراسیانە" بە چەند كەموكوڕیەكەوە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان، هەردوو حیزب (پارتی و یەكێتی) بڕیاریاندا پێكەوە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرن و بە سیستمی فیفتی بە فیفتی (پەنجا بە پەنجا) پەرلەمانیان پێكبهێنا، پەرلەمانیش یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا لە (40/60/1992)، تیایدا دەیان یاساو بڕیارو تعلیماتی دەركرد و لە (50/70/1992) متمانەی بە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخشی، هەردوو حیزب پۆستە حكومییەكانیشیان لە نێوان خۆیان و چەند پارتێكی بچوك دابەشكرد، بۆ پێكهاتەی كابینەكەش (بڕوانە خشتەی ژمارە -1-)، پاش ڕاپەڕاندنی كۆمەڵی ئەركی ئیداری و هەوڵدان بۆ ڕێكخستنەوەی بارودۆخەكەو دامەزراندنی كارمەندی نوێ لە دام دەزگا حكومییەكان، كە لەو كاتەدا گرفتی گەورە هاتبووە بەردەم حكومەت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پێویستی بە پسپۆڕی بوو، بۆیە پاش ماوەیەك هەوڵیاندا هەندێك لەو كارمەندانەی پێشتر لەسەردەمی حیزبی بەعسدا كاریانكردبوو، بیانگێڕنەوە بۆ كارەكانی خۆیان، هەرچۆن بوو، هەردوو حیزبی باڵادەست پارتی و یەكێتی ئەم كابینەیەیان بەڕێكرد سەرەڕای كۆمەڵێك ناكۆكی كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، لە (25/04/1993)، بەڵام گۆڕانكارییەكان زیاتر لە سەر ئاستی شەخسەكان بوو. بە بەراورد لەگەڵ كابینەی یەكەمدا، دابەشكردنەوەی پۆستەكان شتێكی ئەوتۆیان نەگۆڕی، سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان (بڕوانە خشتەی ژمارە -2-). خشتەی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) كابینەی سـێیەم و چوارەم – جیابوونەوە • حكومەتی هەرێمی كوردستان/ هـەولێر أ. كابینەی: د. ڕۆژ نوری شاوەیس - 26/09/1996 ب. كابینەی: نیچیرڤان ئیدریس بارزانی – 20/12/1999 • حكومەتی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی أ. كابینەی: كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی - كۆتاییەكانی/ 1996 ب. كابینەی: د. بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001، لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، درێژەی بەم كابینەیە داوە. دوای بەروپێشچوونێكی كەم لە حكومڕانی خۆماڵی، ئەزمونەكە شكستی خواردو توشی شەلەل بوو، ئەویش بەهۆی ململانێی نێوان هەردو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)، سەرەڕای ئەوەی حكومەتێكی هاوبەشیان دروستكردبوو، ململانێكەیان هێند گەرم بوو لە (01/05/1994) گڕی گرت، دروستبوونی شەڕی ناوخۆ ڕێگربوو لەبەردەم هەر پێشكەوتنێكی سیاسی یاسایی ئابووری ... هتد لە هەرێمی كوردستان، ئەم شەڕەش تا كۆتاییەكانی 1996ی خایاند، هۆكاریش بوو بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لە نێوان سەوز و زەردداو، هەر لایەنەو لە نفوزی خۆی حكومەتی هەولێر و سلێمانیان پێكهێنا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی نێوان (26/09/1996 – 06/05/2006) دوو كابینەی حكومەتی لە ناوچەی زەردا دروستكرد (بڕوانە: هەریەك لە خشتەی ژمارە – 3 – و ژمارە – 4 –) سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان. یەكێتیش بە هەمان شێوە لە (كۆتاییەكانی 1996 – 06/05/2006) دوو حكومەتی دروستكرد، كە دووەمیان لەلایەن د.بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001 پێكهێنراوەو دواتر لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، جێگەی گرتووەتەوە. دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكانیش لە حكومەتەكانی سلێمانی (بڕوانە: هەریەك لە خشتەی ژمارە – 5 – و ژمارە – 6 –) خشتەی ژمارە (3) خشتەی ژمارە (4) خشتەی ژمارە (5) پێكهاتەی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان/سلێمانی خشتەی ژمارە (6) كابینەی پێنجـەم- یەكگرتنەوە دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە 01/05/1994 لە نێوان یەكێتی و پارتی هەڵگیرسا، ئەم شەڕە درێژەی هەبوو تا ڕێككەوتنی واشنتۆن لە 17/09/1998 لە نێوان هەردوولادا، ئەو ڕێككەوتنەش لە ژێر فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو، باردۆخەكەی پێشوو (دووئیدارەیی) هەر بەردەوام بوو، ڕێككەوتنی واشنتۆنیش تەنها بوو بە هۆی غیابی شەڕ لە نێوان ئەم دوو پارتەدا، تا پەرلەمانی كوردستان لە ساڵَی 2002، یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2002ی پەسەند كرد بەناوی ( قانون تصدیق اتفاقیە واشنگن لإحلال السلام فی إقلیم كوردستان العراق المبرمە بین قیادتی الحزب الدیقراگی الكوردستانی وأتحاد الوگنی الكوردستانی). ئەم هەنگاوانە تەنها ڕێگربوون لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ، ئەگەر نا لە ڕووی گۆڕانكاری ئیداری و بەڕیوەبردنی هەرێمی كوردستان، هیچ گۆڕانكاری دروست نەكرد، بارودۆخەكە بە دۆگمایی مایەوە تا پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق لە (19/04/2003) لە لەیەلان ئەمریكاو هاوپەیمانەكانییەوە، لێرە بەدواوە زەرورەتی گۆڕنكاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە زۆر زیادی كرد، دیسانەوە پرسی هەڵبژاردن هاتە كایەوەو لە (15/09/2005) یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا بووە خولی دووەمی پەرلەمان، دواتریش لە (21/01/2006) تاڵەبانی و بارزانی ڕێككەوتننامەیەكیان مۆركرد بە ناوی (رێككەوتنی سەرلەنوێ یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، لە (07/05/2006) پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم بەخشی. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 7 -). ئەم كابینەیەش زۆرترین قسەوباسی لێكرا لەكاتی خۆی، چونكە تەنها بە ناو یەكگرتنەوە بوو، بەبەڵگەی ئەوەی چەند پۆستێكی نوێی وزرای سەریهەڵدا ئەویش بەهۆی ڕێكنەكەوتنی پارتی یەكێتی سەبارەت بە چونییەتی دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەت پۆستی وەزارەتەكانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە، بەهەر حاڵ ئەم هەنگاوە گرنگ بوو، چونكە بەلای كەمەوە هەرێمی كوردستانی لەو بارودۆخە دۆگماییەی پێشتر توشی ببوو، ڕزگاری بوو. خشتەی ژمارە (7) كابینەی شەشەم: خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (25/07/2009) قۆناغێكی نوێ بوو لە هەرێمی كوردستان، ئەویش بەهۆی سەرهەڵدانی تەوژمێكی نوێی سیاسی، كە بووە یەكەمین ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە هەرێمی كوردستان، هەرچۆن بوو پارتی و یەكێتی بەهۆی ئەوەی پێشتر ڕێككەوتننامەیەكی ستراتیجیان ئیمزا كردبوو لە نێوان خۆیاندا، بەپێی ئەو رێككەوتنەو بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، كە لە (28/10/2009) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 8 -). هەر بەپێی هەمان ڕێككەوتنی ستراتیجی هەردوو حیزب لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە هەریەكەیان (2) ساڵ حكومەت بەڕێوەبەرن، بۆیە دوای ئەوەی كابینەی شەشەم لە (28/10/2009 – 04/04/2012) یەكێتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلابوو، لە (05/04/2012) ئەم پۆستە درایەوە بە پارتی و كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 9 -). خشتەی ژمارە (8) خشتەی ژمارە (9) كابینەی هەشتەم: خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (21/9/2013) بەڕێوەچوو، پێكهێنانی ئەم كابینە گفتوگۆیەكی زۆری لە بارەوەكراو نزیكەی نۆ مانگی خایاند تا ئەوەی لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆی خۆیان بكەن و بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ دروستكرنی حكومەتێكی بنكە فراوان ، سەرئەنجام كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لە (18/06/2014) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە -10-). خشتەی ژمارە (10) كابینەی نۆیەم: خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (31/9/2018) بەڕێوەچوو، دوای گفتووگۆی لایەنەكان بە بەشداری (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لە (10/07/2019) كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە -11-). خشتەی ژمارە (11) كێن ئەوانەی بە فعلی وەزیربوون ..كابینەی یەكەم تا كابینەی نۆیەم http://file:///D:/444/%DA%A9%DB%8E%D9%86%20%D8%A6%DB%95%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%95%DB%8C%20%D8%A8%DB%95%20%D9%81%D8%B9%D9%84%DB%8C%20%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%86.pdf
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھەر کەسێک کەمەکێک سەروکاری لەگەڵ مێژووی فیکری سیاسیدا ھەبێت، بە تایبەتی لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی سیاسییدا، ئەو دیدە ئەفلاتونییە دەناسێت کە باس لە ئایدیالترین و باشترین فۆرمی حوکمڕانیی دەکات. ئەفلاتون پێیوابوو ”حوکمڕانیی ئایدیالیی“ و ”بێ عەیب“ و ”بێ نوقسانیی“ سەر بەم ھەسارەیە نییە و تەنھا لە جیھانی ئایدیال و نموونە نەمرەکاندا بوونی ھەیە. بەڵام ئەگەر ”حوکمڕانیی بێ عەیب“ و ”بێنوقسانیی“ مەحاڵ بێت، ئەودەم دەبێت بەدوای باشترین جۆرەکانی حوکمڕانیدا بگەڕێین. لای ئەفلاتون باشترین حوکمڕانییەک بکرێت لەسەر زەوی دابمەزرێنرێت ”حوکمڕانیی حەکیم“ەکانە، حوکمڕانیی ئەوانەی ”خاوەنی مەعریفەی کامڵ“ و ”ئەخلاقی کامڵ“ن. لای ئەفلاتون پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان زانایی و حەکیمبوون لەلایەکەوە و ئەخلاقیبوون لەلایەکی ترەوە ھەیە. باوەڕیشی وایە ئەو کەسانەی ئەم دوو شتەیان لە کەسایەتی خۆیاندا بەیەکەوە کۆکردبێتەوە تەنھا ”فەیلەسوفەکان“ن، تەنھا ئەوانن ھەم ”مەعریفەی کامڵی بێ عەیب و بێ نووقسانیی“ و ”ھەم ئەخلاقیی کامڵ و بێ عەیب و بێ نوقسانیان“ ھەیە. بۆیە حوکمڕانییە ھەرەباشەکەی ئەفلاتون ”حوکمڕانی فەیلەسوف“ان بووە، ئەو مۆدێلە لە حوکمڕانیی بە ناوی حوکمڕانیی ”پادشا-فەیلەسوف“ەوە ناسراوە. ئەم ”فەیلەسوف-پادشایە“ کەسێکە ھەم حەکیم و لێزان و شارەزایە، ھەم خاوەن مەعریفە و زانیارییەکە کە قابیلی گومانلێکردن و ھەڵەبوون نییە. ھەم خاوەن ئەخلاقێکی کامڵ و بێ عەیبە. باشترین حوکمڕانیی بەم مانایە حوکمڕانیی تاکەکسێکی زانا و حەکیم و بەئەخلاقە، ئەوەی دەیجوڵێنێت خۆشەویستیی شار-دەوڵەتەکەی و خۆشەویستی حیکمەت و زانایی و پاڵنەری ئەخلاقیی بێ عەیبە. ئەم مۆدێلە ئەفلاتوونییە لە سەدەی بیستەم و دونیای ئەمڕۆدا دوو فۆرمی سەرەکیی لەخۆی گرتوە. یەکەمیان ئەو فۆرمەیە کە لەناو پارتە مارکسییە لێنینیستەیەکانی سەدەکەدا لەخۆی دەگرێت، فۆرمی ”سکرتێری گشتیی حیزب“ کە ھەم تیوریست و زانا و حەکیمی ژمارە یەکی ناو حیزبە، ھەم لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێ نووقسانیی و عەیب و عارە و خەمی چینی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی جیھانیی لەپێش ھەموو خەمە شەخسییەکانی خۆیەوەیەتی. دووھەمیان ئەو فۆرمە دینیی و نیمچەدینییە کەناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت. ئەمەیان لەناو کەلەپوری شیعیزمەوە دێت و لە سەردەستی خومەینیدا بەسیاسیی دەکرێت و بەم ناوچەیەی ئێمەدا بڵاودەبێتەوە. لە ھەردوو دۆخەکەدا ”مەرجەع“ ھێما بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی و مەعریفیی و ئەخلاقیی دەکات، کە لەسەرو ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە و کەس ناتوانێت و بۆی نییە لەو ”حەکیم- فەیەلسوف-دەسەڵاتدارە“، یان لەو ”سکرتێری گشتیی“ و ”دەبیرکول“ و ”سەرۆکی حیزبە“، بپرسێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا قسەی لێدەکرێت و ناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت، گەڕانەوەیە بۆ ئەم کەلەپوەرە تایبەتە، کە جگە لە کۆمەڵێک خومەینی و کۆمەڵێک مەلا عومەری تاڵیبان و چەند سەدام حوسەینێک و چەند ستالینێک، شتێکی تری لێ سەوزنەبووە و لێ سەوزنابێت. دروستکردنی کەسێک خاوەنی دواھەمین بڕیاربێت و ھەمووان ناچاربن گوێڕایەڵی بن و ھیچ ئامراز و میکانیزمێکیش لەئارادانەبێت بتوانێت لە بڕیار و دەسەڵاتەکانی ئەم ”مەرجەع“ە بپرسێتەوە، پرۆژەی تێکەڵکردنی خومەینیی و ستالینە بەیەکتریی. بەڵام لەناو مێژووی فیکری سیاسیی خۆیدا، یەکەمین کەسێک ئەم دیدە ئەفلاتونییەی بۆ حوکمڕانیی ڕەخنەکردبێت و بە ھەڵەی زانیبێت، ئەرستۆی قوتابی ئەفلاتونە. ئەرستۆ پێیوابوو مەحاڵە ئەو سیفەتە پۆزەتیڤانەی ئەفلاتون باسیاندەکات لە کەسێکدا کۆببنەوە، کەسانی لەو بابەتە کە لەیەککاتدا ھەم فەیلەسوف و حەکیم و مرۆڤی تەواو ئەخلاقیی و ھەم حوکمڕان بن، ھێجگار دەگمەنن. ئەوەشی کە دەبێت بە فەیلەسوف بە دەگمەن دەبێت بە حوکمڕان، یان ئەگەری ئەوەی پێدەبەخشرێت ببێت بە حوکمڕان. جگە لەوە گەر بە ڕێکەوتکەسێکی واش دەسکەوت، مەرج نییە دوای مردنی جێگرەوەیەکی وەک خۆی ھەبێت. مەرجنییە بەدوای حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیدا حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیی تر بدۆزرێتەوە. بۆیە ئەرستۆ لەباتی تەرکیزکردنە سەر کەسی حوکمڕان تەرکیز دەکاتە سەر ئەو میکانیزم و ئامرازانەی دەتوانن ڕێ لەوەبگرن حوکمڕان ببێتە کەسێک دەسەڵاتەکانی بە شێوەیەکی خراپ و ترسناک، بەکاربھێنێت. بۆیە ئەرستۆ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت لەباتی گەڕان بەدوای ”کەسێکی باش“دا بۆ حوکمڕانیی، دەبێت ”دەستورێکی باش“ دروستبکرێت کە نەھێڵێت تەنانەت کەسە خراپەکانیش ببنە دەسەڵاتداری خراپەکار. دەستور و یاسا و دەزگا ھەبێت و نەھێڵێت ئەو کەسەی دەبێت بە دەسەڵاتدار، ببێت بۆ ستەمگەر و تاکڕەو و نابەرپرسیار. ئەرستۆ پێیوابوو دەستور و یاسا و پرنسیپە نووسراوەکان بە مردنی حوکمڕانەکە یان لاچوونی، دەمێننەوە و لەناو ناچن. ئەم وانە ھەرە سەرەتایی و دێرینە لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانیی، ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا لە ھەموکات زیاتر ھەنوکەیی و ئێستاییترە. ھەموو ئەوانەی باس لە پێداویستی بوونی ”مەرجەع“ دەکەن، دەمانبەنەوە بۆ دوو شوێن: بۆ سەردەمی بەر لە ڕەخنەکانی ئەرستۆ. بۆ ناو کەلەپوری ستەمگەرە دینیی و نادینییەکانی سەدەی بیستەم.
شیكاری: درەو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە زیاتر لە (94) ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بۆری هەناردە کردووەو لە ڕێگەی بەندەری "جەیهانی تورکی"یەوە بە وڵاتانی (ئیتالیا، کرواتیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ئوردن، سەنگاپور، قوبرس و بولگاریا)ی فرۆشتووە. کە بەهاکەی بێ هیچ تێچونێکی پرۆسەی نەوت سەروو (6) ملیار دۆلارەو دەکاتە نزیکەی (9) ترلیۆن دینار. فرۆشی نەوتی هەرێم لە هەشت مانگی ساڵی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە (94 ملیۆن و 141 هەزارو607) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری "جەیهانی تورکی"ییەوە بە وڵاتانی (ئیتالیا، کرواتیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ئوردن، سەنگاپور، قوبرس و بولگاریا) فرۆشتووە. تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی لە بازاڕەکانی جیهان لە هەشت مانگی ڕابردوودا (64.63) دۆلار بووە، بەم پێیەش کۆی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا دەکاتە (6 ملیار 94 ملیۆن و 926 هەزار و 818) دۆلاری ئەمریکی، ئەگەر (1) دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر (1450) دیناری عێراقی بێت، ئەوا کۆی پارەی فرۆشی نەوت بە دینار دەکاتە (8 ترلیۆن و 837 ملیار و 643 ملیۆن و 886 هەزار و 303) دینار. (بڕوانە خشتەی فرۆشی نەوت + چارتی فرۆشی نەوت) ئەگەر نیوەی ئەو پارەیەش بچێت بۆ خەرجی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و کرێی گواستنەوەو کۆمپانیاکانی بوارەکە، کە بەرپرسانی حکومەت و شارەزایانی بواری کەرتی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن زیاتر (50%) دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەکە، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان (3 ملیار 47 ملیۆن و 463 هەزار و 419) دۆلار بەرامبەر (4 ترلیۆن و 418 ملیار و 821 ملیۆن و 943 هەزار و 152) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. فرۆشی نەوتی هەرێم لە بەپێی مانگەکان کانونی یەکەمی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 199 هەزارو954) بەرمیل نەوتی بە وڵاتانی (کرواتیا، ئیتالیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر و ئیسپانیا) فرۆشتووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا تێکڕا بە(53.58) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (600 ملیۆن و 93 هەزار و 535) دۆلار بەرامبەر بە (870 ملیار 135 ملیۆن و 626 هەزار و 214) دینار نەوتی فرۆشتووە. شوباتی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 565 هەزارو745) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیسپانیا، ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسرائیل، ئوردن و ڕۆمانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (60.48) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (759 ملیۆن و 976 هەزار و 258) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 101 ملیار 965 ملیۆن و 573 هەزار و 520) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئازاری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 149 هەزارو948) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، کرواتیا، یۆنان و رۆمانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (63.37) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (706 ملیۆن و 572 هەزار و 205) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 24 ملیار 529 ملیۆن و 696 هەزار و 902) دینار نەوتی فرۆشتووە. نیسانی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 684 هەزارو213) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیسرائیل، ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسپانیا و سەنگاپور) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (62.77) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (733 ملیۆن و 418 هەزار و 50) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 63 ملیار 456 ملیۆن و 172 هەزار و 515) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئایاری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 399 هەزارو942) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، یۆنان، کرواتیا، ئیسپانیا و رۆمانیا) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (65.44) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (746 ملیۆن و 12 هەزار و 204) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 81 ملیار 717 ملیۆن و 696 هەزار و 496) دینار نەوتی فرۆشتووە. حوزەیرانی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 376 هەزارو 44) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، رۆمانیا و قوبرس) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (70.8) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (876 ملیۆن و 223 هەزار و 915) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 270 ملیار 524 ملیۆن و 677 هەزار و 40) دینار نەوتی فرۆشتووە. تەموزی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی ساڵی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 716 هەزارو 986) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، کرواتیا، ئیسپانیا و یۆنان) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (71.57) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (910 ملیۆن و 154 هەزار و 688) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 319 ملیار 724 ملیۆن و 297 هەزار و 629) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئابی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 48 هەزارو 775) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، بولگاریا، یۆنان، کرواتیا و ئیسپانیا) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەم مانگەدا بەتێکڕا (69.01) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (762 ملیۆن و 475 هەزار و 963) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 105 ملیار 590 ملیۆن و 145 هەزار و 988) دینار نەوتی فرۆشتووە. خشتەی فرۆشی نەوت لە مانگەکانی ساڵی 2021 چارتی فرۆشی نەوت لە مانگەکانی ساڵی 2021 سەرچاوە لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەکەدا سود لە زانیارییەکانی (ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت)، وەرگیراوە
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) وا دەردەکەوێت، ململانێیەکی توندی سیاسی، سەربازی و جەنگی لە ئایندەیەکی نزیکدا، یەخەی خۆراسانە گەورەکە بگرێتەوە، کە هەریەک لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستان کارەکتەری دیاری ململانێکان دەبن، هەنووکە لە ڕووی سیاسییەوە، لانیکەم سێ لایەنی سەرەکی خۆیان بە موڵکداریی خۆراسانی گەورە دەناسێنن: ئەفغانستان (تاڵیبان)، ئێران(کۆماری ئیسلامیی ئیران) و ئەمارەتی خۆراسان (داعش)! جیا لەمانەش ململانێیەکی کولتووریش لەنێوان هەریەک لە ئێران، ئەفغانستان، تورکمەنستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان و ئەفغانستان دەبینرێت و جەنگێکی نەرم ساڵانێکە ئەم وڵاتانەی گرتووەتەوە و لە سەر میراتی مێژووی خۆراسانی گەورە لە جەنگدان و جیا لە جەنگە هەرێمییەکە، ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی وەک یونسکۆشی گرتووەتەوە و هەرلایەک دەیەوێت میراتی ئەو خۆراسانە مەزنە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات! یەکێک لەو ئەگەرە بەهێزانەی لە ململانێی سیاسیی نێوچەکەدا قووت بووەتەوە، سیناریۆی چەند جەنگێک دەخەنە خانەی ڕوودانیانەوە: ١. جەنگی تاڵیبان- داعش لە سەرسنووری خۆراسانی ئێران و ئەفغانستان. ٢. جەنگی تاڵیبان-ئیران. ٣. دووبارەبوونەوەی جەنگێکی چەند لایەنەی نێوچەیی وەک جەنگی داعش لە عێراق و سوریا (٢٠١٤-١٠١٨) . بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی خۆراسان و ململانێکانی، گرنگە لە سێ ئاستدا و بە سێ پرسیار لە دۆسێکە بڕوانرێت: خۆراسان کوێیە؟ خۆراسان لە دیدی ئەفغانستانەوە گرنگی چییە؟ پێگەی خۆراسان لای داعش چییە؟ خۆراسانی گەورە کوێیە؟ لە بەڵگە مێژووییەکاندا، خۆراسان بەسەر چوار بەشی سەرەکییدا دابەش کراوە: بەڵخ، مەرو، نیشابوور و هەرات. هیچ کام لەم دابەشکارییە ئێستا نەماوون و گورزە سیاسییەکانی کۆڵۆنیالیزم بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشی کردوون، بۆیە لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی ئەنگێزەی خۆراسانی گەورە و چوونەوە قاڵبی جوڵانەوەی سیاسییەوە، ئەوا سنووری سیاسیی هەریەک لە ئێرانی هەنووکەیی و تورکمەنستان و تاجیکستان و پاکستان دەسکاری دەکرێن و هەڕەشە دەبن بۆ سەروەریی و یەکپارچەییان. ڕیشەی وشەی خۆراسان کە لە "خۆر" و "خاوەر"ەوە هاتووە و لە دەقە کۆنەکاندا بەمانای خۆرهەڵات بەکار هاتووە، وشەی خۆر-یش لە هەردوو زمانی کوردی و فارسییدا، بەمانای خۆر هاتووە. سنووری قەڵەمڕەوی خۆراسانی گەورە، بەشێکی سەرەکی زەویەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە خۆ دەگرێت. هەروەها باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووی ڕۆژهەڵاتی تورکمەنستانیش لەخۆ دەگرێت. لەولاشەوە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوزبەکستان بەشێکە لەو خۆراسانە. لە تاجیکستانیش شارەکانی خوجەند و دوشەممە بەشێکن لە خۆراسانی مێژوویی. بەڵام لە هەمووی زیاتر تەواوی جوگرافیای ئەفغانستانیش جگە لە بەشێک لە خاکی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی نەبێت سەرجەمی بە خۆراسان دادەنرێت. لە شارە گرنگە خاوەن مێژووەکانی ئەم جوگرافیا گرنگە دەکرێت ئاماژە بکرێت بە: نیشابوور، توس، مەرو، سەمەرقەند، بوخارا، دوشەممە، خوجەند، بامیان، بەلخ، هەرات، غەزەنی و کابول کە بەسەر ئەو وڵاتانەی باس کران دابەش بوون. بەڵام لە ئێستادا تەنها سێ پارێزگای سەرەکی ئێران زۆرتر ناوی خۆراسانیان لەخۆیان ناوە و بەکاردەهێنرێت. لە کۆی گشتییدا لە ڕووی مەزهەبییەوە، زۆرینە موسڵمانن و بەپلەی یەکەم زۆرینە سووننە و بە پلەی دووەم شیعە مەزهەبەکان دێت. لەڕووی زمانەکانی خۆراسانەوە، دانیشتووانی ئەم زمانانە بەکار دەهێنن: فارسی دەری، تورکیی خۆراسانی، تورکمەنی، کوردیی کرمانجی، بوخارایی، نیشابووری، هەراتی و هەزارەگی، کە هەندێکیان وەک زاراوە زیاتر دەناسرێن نەک زمان.( بڕوانە: علی رحیم پور(١٣٨٩): تاریخ و فرهنگ خراسان بزرگ، مجلە خراسان بزرگ، س١، ش١، ص٣٨) میراتی کولتووری خۆراسانییەکان، میراتێکی دەوڵەمەندی هزری-شارستانیی-هزریی-زانستی و ئەدەبی فراوانە، خاوەنی چەندین ناوی مەزنی نیو دنیای شارستانێتی نەک خۆراسانی و ئیسلامی بەڵکو جیهانی و مرۆڤایەتییە، هێندە بەسە کە بزانین هەریەک لەم ئەستێرە دروشاوانەی دنیای زانست و ئەدەب و ئاین خۆری درەوشاوەیان لەوێوە هەڵهاتووە: ئیبن سینا، ئەبوڕەیحانی بیرونی، مەولانای بەڵخی، فیردەوسی، خەیام، جامی، ئەبوبەکری نیشابوری، ناصر خوسرەو و فارابی و...تاد. خۆراسان، وەک هەل و هەڕەشەی سەر ئێران و ئەفغانستان خۆراسان بۆ تاڵیبان، پێگەیەکی گرنگە و وەک بیرکردنەوەش بەتەواوی زەینی لە چوارچێوەی خەلافەتی شەرقیی ئیسلامییدا کاردەکات و خۆی بە پارێزەری سووننە مەزهەبەکانی خۆراسان لە ئێران و ئەفغانستان دەزانێت، تاڵیبان هیچکات ئەمەی نەشاردووەتەوە و چەندین جار داوای لە خۆراسانییەکان کردووە، پەنا بۆ تاڵیبان بهێنن تا لە "جەوری ستەمی مەزهەبی ئێران" ڕزگاریان ببێت، تاڵیبان حکومەتەکەی بە حکومەتی سوننەی هەموو ئەو نێوچەیە دەزانێت. دەرگای خۆراسانیش بۆ ئەو هەمیشە هەم هەلە بۆ پەلکێشی و هەم هەڕەشەشە لەسەر کیانەکەی لە ئەگەری پەراوێزخستنیدا. ئێرانیش لەڕێگەی سیاسەتی نەرمی خۆیەوە و بە نێوی "ئێرانی کولتووریی"ەوە هەمیشە لە هەلێک دەگەڕێت تا دەست وەربداتە نێوچەکە، بۆ ئەمەش فارس زمانەکانی نێو ئەفغانستان دەروازەیەکی لەبارن بۆ ئەو دەستێوەردانە کولتوورییە. هەروەک چۆن سوونی بوونی خۆراسانییەکانیش دەروەزایەکە بۆ نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیی و مەزهەبەکەی. خۆراسان و داعشی خۆراسان داعشی خۆراسان، لقێکی سەرەکی داعشن لە ڕۆژهەڵات و تا ئێستا چالاکییەکانی خۆیان لە ئەفغانستان و پاکستاندا ئەنجام داوە. هەنووکە ئەم گرووپە بە توندڕەوترین گرووپی نێو گرووپە توندڕەوەکانی ئەفغانستان لەقەڵەم دەدرێن، ئەوان لە نەخۆشخانە و نەخۆشخانەی مناڵبوون و قوتابخانەکانی کچانیش سڵ ناکەنەوە و چەندین کاری تیرۆریستیان تێدا ئەنجام داون. پەیکەر و خۆڕێکخستنی داعشی خۆراسان بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی داعش لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە سوریا و عێراق تەراتێنی دەکرد. ئەم گرووپە پێشتر ٣٠٠٠ ئەندامی کارای هەبوو، بەڵام لە هێرشی ئەمریکایی-ئەفغانستانییەکاندا گورزی کوشندەیان بەرکەوت. لەنێو ئەو نەخشە ئایندەییەی کە داعش ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی کردەوە، سنووری خەلافەتی دەوڵەتەکەی تێدا ڕاگەیاندبوو، لە ١٤ ویلایەت پێکهاتبوو، گەورەترین ویلایەتی نەخشەکە، ویلایەتی خۆراسان بوو، باڵی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی خەلافەتەکە لەقەڵەم درابوو، کە سەرجەمی وڵاتی ئێرانی ئێستا تا دوا سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی لە خۆدەگرت. بە پێی ئەو نەخشەیەی داعش، گەر ویلایەتی خۆراسان پێکبهێنرایە، هیچ وڵاتیك بەنێوەکانی ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و تورکمەنستان و تاجیکستانەوە نەدەما و هەموو دەبوونە بەشێک لە خۆراسانی ویلایەتی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی خەلافەتی داعش. بەڵام لە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٨ نەتوانر هیچ هەنگاوێکی کردەیی و تەنانەت جوگرافیایەکی بچوکیشی لێ بپچڕێنن، بەڵام پاش دەست بەسەرداگرتنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لە هەفتەی یەکەمدا داعشی خۆراسان دەرکەوتەوە و لەیەکەم چالاکییاندا پەلاماری فرۆکەخانەی کابوولیان دا و نزیکەی سەد کەسێکیان کردە قوربانی کە ١٢یان سەربازی ئەمریکی بوون. داعشی خۆراسان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تاڵیبانەوە نییە، بەڵام پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە گروپی هەققانی تاڵیبانەوە هەیە کە جەمسەرێکی بەهێزی هێزی چەکداری و سیاسی تاڵیبانن و هەماهەنگی و هاودیدیان تێدا دەبینرێت، چەندین چالاکی هاوبەشیشیان لەگەڵ هەققانییەکانی تاڵیباندا لە پاکستان ئەنجام داوە. جیاوازی نێوان تاڵیبان و داعشی خۆراسان جیا لە لەوەی لەڕووی عەقیدەیی و مەزهەبییەوە جیاوازییان زۆرە، لەڕووی ئامانجیشەوە جیاوازن، تاڵیبان خۆی پەیوەست و پابەند کردووە بە سنووری سیاسیی ئەفغانستانەوە، بەڵام داعشی خۆراسان سنوور ناناسێت و هەموو سەرزەوەی بە جێگەی چالاکی و شوێنی "پیادەکردنی حوکمی خوا" دەزانن. لەوەش زیاتر داعشی خۆراسان باوەڕییان وایە تاڵیبان، لایانداوە و جیهادی پیرۆزی فەرامۆش کردووە و شەڕییان بە ئاشتەوایی و دانوستاندنی ئۆتێلە ڕازاوەکانی دەوحەی قەتەر گۆڕیوەتەوە.(بڕوانە: https://www.bbc.com/persian/world-features-58344505 ) بۆ داعش خۆراسان هەم لە ڕووی جوگرافییەوە گرنگە و هەم لەڕووی مێژوویی و میراتی هزری توندڕەوییەوە زەمینەیەکی لەبارە و کێڵگەیەکی گرنگە بۆ ئامادەسازیی دانیشتووان و دابینکردنی سەرچاوەی مرۆیی بۆ بەهێزکردنەوەی داعش. بۆ تاڵیبان یەکێک لەهەڕەشە زیندووەکان، داعشی خۆراسانە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە هەراسانی بۆی. گریمانەی جەنگێکی هەرێمی گریمانەی ئەوە دەکرێت، لە داهاتوودا داعشی خۆراسان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی نێوچەکە و زلهێزانیشەوە بەکار بهێنرێت، بەتایبەت لەلایەن ئێران و ڕوسیا و چینەوە، بەتایبەتتر لەئەگەری ئەوەدا گەر تاڵیبان نزیکتر ببنەوە لە ئەمریکاوە یاخود بەجۆرێک بێلایەنی ئەرێنی بن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوا دوور نییە داعش زیندوو بکرێتەوە و کۆمەک بکرێت تا ببێتە مڵۆزمی تاڵیبان و نەخشەکانی لێ تێک بدات، وەک چۆن بە گروپە تیرۆریستییەکانی جەبهەتونوسرە و داعش و شام و ..تاد، خەون و پلانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گرووپەکانی خۆپیشاندەران لەباربران. لەوێش بە داعش ئاسایشی نێوچەکە تێک بدرێت و شەڕی پاکستان و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەلایەک و ئێران و چین و ڕووس بە تاڵیبان و داعش و گرووپەکانی ئەو نێوچەیە و خەڵکەکەی بکرێت. بەتایبەت گەر "بیلقوە" ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، کە تاڵیبان خۆبەخۆ دوژمنی مەزهەبی و کولتووریی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەزهەبەکەیەتی، دوور نییە لە ئەگەری دروستکردنی هەڕەشەدا، ئێرانیش گروپە توندئاژۆکان لە خۆبگرێت و هەر بە عەرەبی ئەفغانی و پاشماوەی حیکمەتیاری و داعش و جوندولئیسلام بەرەنگاری تاڵیبان ببێتەوە وجەنگەکە لەبری ئەوەی بهێنێتە خۆراسانی دیووی ئێران، بینێرێتەوە نێو خاکی ئەفغانستان و پاکستان و ...تاد، وەک چۆن لە کاتی هەڕەشەکانی داعشدا، جەنگی تیرۆری لە هەڕەشەکردن لە شیعەکانی ئێران و عێراقەوە گواستەوە بۆ نێوچە سووننیەکان و لە کوردستان و موسڵ و ئەنباردا قەتیسی کرد.
شیكاری: درەو بەهۆی دابەزینی بەهای دینار و سیاسەتی باج و رسومات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر شتومەکی هاوردە، بەبەردەوامی نرخی شتومەک ڕووی لە بەرزبوونەوەیەو تا دێت هێزی کڕین کەمتر دەبێتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە لهدوای ساڵی 2012هوه داهاتی مانگانهی ههر تاکێک لهکوردستان له (500) دۆلارهوه دابهزیوه بۆ کهمتر له (200) دۆلار، ئەمەش بەشێکی زۆری هاوڵاتیان نزیک دەکاتەوە لە هێڵی هەژاری بەشێکیشیان دەکەونە ژێر هێڵەکەوە. جیاوازی نرخی بەشێک لە شمەک و دراوو پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە ماوەی نێوان مانگی (٩)ی 2019 بۆ مانگی (9)ی 2021 بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، (100) دۆلاری ئەمریکی (19%) و نرخی (1) تۆن شیش (53%) و نرخی (1) مسقاڵ زێڕی عەیار (21) لە (33%) (1) لیتر بەنزینی موحەسەن (33%) و کارتۆنێک هێلکە (32%) و فەردەیەک ئاردی بایەعی (40%) و کیلۆیەک ڕۆن (25%)... نرخیان بەرزبووتەوە. کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار دەبن بە قوربانی بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کەمبوونەوەی داهاتیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕیژەی هاوسەرگیری و تەڵاق و توندوتیژی خێزانی لە نێو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتە وردەکاری زۆر خراوەتەڕوو دەبارەی نزمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و زیابوونی ڕێژەی تەڵاق و توندوتیژی خێزانی. لاوازبوونی هێزی کڕین بە مانا زانستییەکەی هێزی کڕین ئەرکی سەرەکی دراوە کە دەتوانێت کار بکاتە سەر چالاکییە ئابووریەکان و ئاستەکانی گەشەسەندنی و ڕەنگدانەوەی بەسەر بەهای دراو و هێزی شت پێکڕینی، و کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی دەرامەتەکان و دابەشکردنی داهات و سامان و هەموو گۆڕاوەکانی تر. حکومەتی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێک لە قەیرانی دارایی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، بەناچاری پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی وڵاتەکەی بردوو، بەهای دیناری لە (١٢٠٠) هەزاو دوو سەد دینارەوە بۆ (١٤٥٠) هەزار و چواسەدو پەنجا دینار بەرامبەر (١) دۆلاری ئەمریکی دابەزاند، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دابین دەکرێت و نەوتەکەش بە دۆلار ساغ دەبێتەوە، بۆیە ئەمەش یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت چونکە؛ - کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵێندراوە. - ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (108) ملیار و (٣٢٧) ملیۆن و (٥٠٧) هەزار (٧٤٣) دۆلار دەبێت. - ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (89) ملیار و (650) ملیۆن و (351) هەزار (235) دۆلار دەبێت. - ئەو جیاوازییەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت بریتی دەبێت لە (١٨) ملیار و (٦٧٧) ملیۆن و (١٥٦) هەزار (٥٠٧) دۆلار. ئەگەر چی ئەم پلانە بۆ حکومەتی عێراق چارەسەرێکی گونجاو بوو بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی قەیرانی دارایی و چارەسەرکردنی پرسی کورتهێنان لە بودجەی گشتی وڵاتدا، بەڵام باجی گەورەی دابەزینی بەهای دینار هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان داویانە، بەتایبەت ئەوانەی کە داهاتیان بەدینارە کە سەرجەم موچەخۆران و بەشێکی گەورەی کاسبکارانیش دەگڕێتەوە. بۆ نمونە بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە نرخی کۆمەڵێک کەرەستەو کەل و پەل کردووە لە مانگی (9) ساڵی (2019)دا لە خوارەوە بە خشتەیەک جیاوازییەکان ڕوندەکەینەوە؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەوانی (وەزارەتی پلاندانان / دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان) لە حوزەیرانی 2021 هاتووە؛ (ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر؛ کە مەبەست لێی پێوەرێکە بۆ پێوانە کردنی ڕێژەی گۆڕانکاری لە نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە ماوەو شوێنێکی دیاریکراودا، گۆڕانکاری لە نرخ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵک هەیە، بۆیە ژمارەی پێوانیەیی نیشاندەرێکە بۆ نیشاندانی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان) لە مانگی ئایاری ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 102.41% و بە بەراورد بە مانگی نیسانی 2021 بە رێژەی 0.8% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، هەروەها بە ڕێژەی 5.8% بەرزبوونەوەی ساڵانە پیشان دەدات بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی 2021، بڕوانە چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخ سەرجەم کەرەستە و خواردەمەنی و سوتەمەنی و شتومەکێکی گرتووەتەوە(بڕوانە وێنەی ژمارە (1))، ئەوەی لە خشتەکاندا هاتووە تەنها چەند نمونەیەکن، هەموو ئەو بەرزبوونەوەیەش تەنها لە دازینی بەهای دراوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێم لە زیاد کردنی باج و رسومات لەسەر ئەو کەل وپەلانەی هاوردە دەکرێن، سەرەڕای قۆرخکاری ئابوری لە لایەن بارزگانان و کۆمپانیا حیزبییەکانەوە. وێنەی ژمارە (1) سەرچاوە: دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان داهاتی تاک لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر چی لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ڕون و ڕاستەقینە بەردەست نین لە بارەی داهاتی تاکەوە لە عێراق هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هاوڵاتیان لەکەرتی گشتی و مووچەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە تا ڕادەیک داهاتی تاک جێگیری بەخۆوە دەبینێت. لەم بارەیەوە بهپێی دوایین راپۆرتی وهزارهتی پلاندانانی عێراق، دهرکهوتووه لهسهدا 31%ی خێزانهکانی عێراق لهدۆخێکی خراپی ئابووریدان و داهاتی مانگانهی ههر خێزانێک لهخوار (200) ههزار دینارهوهیه، وهزارهتی پلاندانان جهختی کردووهتهوه، نزیکهی لهسهدا 28%ی گهنجانی عێراق بێکارن و لهسهدا 90%ی هێزی کاری ژنانیش لهکهرتی گشتیی حکومیدا کاردهکهن، ئهوهش روونکراوهتهوه لهسهدا 31%ی خێزانهکان مانگانه کهمتر لهیهک ملیۆن دینار خهرج دهکهن و لهسهدا 48%یشیان لهنێوان یهک ملیۆن و زیاترو لهسهدا 14%ی خێزانهکانیش لهنێوان دوو تا سێ ملیۆن دینار داهاتیانه. بهپێی ئامارێک کهدهزگای ناوهندی عێراق بۆ سهرژمێری ئهنجامیداوه، لهساڵی 2018دا ژمارهی تێکڕایی خێزانی عێراقی شهش سهر خێزانن، بهو پێیهش لهسهدا 45.7%ی هاووڵاتییانی عێراق مانگی (200) ههزار دینار خهرجدهکهن بۆ ههر تاکێک، ههروهها لهسهدا 26.8%یان خهرجیی مانگانهیان له (200) ههزار دینارهوه تا (300) ههزاره، بهپێی ههمان ئهو ئاماره، لهسهدا 13.3%ی هاووڵاتیانی عێراقی لهمانگێکدا (400) ههزار دینار یان زیاتر خهرجدهکهن. بهڵام خهرجی خێزان بۆ ههر تاکێک لهههرێم بهپێی دوایین ئاماری دهستهی ئاماری ههرێم (239) ههزار دینار بووه بۆ مانگێک، بهوپێیهش داهاتی تاک لهههرێم کهمتره لهداهاتی تاک لهعێراق. له 2003 تا 2012 ههرێم باشترین ئاستی داهات و خهرجی تاکی ههبووه لهمانگی 7ی 2012دا، عهلی سندی، وهزیری پلاندانان لهحکومهتی ههرێمی کوردستان، له دانیشتنێکی پهرلهماندا ئاشکرایکردووه، که "لهساڵی 2003 داهاتی ساڵانهی تاک لهههرێمی کوردستاندا (300) دۆلار بووه تا 2012 گهیشتووهته چوار ههزار دۆلار". بەڵام بپێی زانیارییەکان لهدوای ساڵی 2012هوه داهاتی مانگانهی ههر تاکێک لهکوردستان له (500) دۆلارهوه دابهزیوه بۆ کهمتر له (200) دۆلار، ئهمهش دوای ئهو قهیرانه یهک لهدوای یهکانه دێت که بهسهر خهڵکی کوردستاندا هاتوون. ئێستا لەگەڵ ئەوەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە داهاتی تاک ڕووی لە کەمی کردووە لە هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە هێزی کڕینیش کەمبووەتەوە، کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار بوون بە قوربانی. کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان زۆربەی توێژەران و شارەزایانی بواری زانستە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان بایەخی تایبەتیان هەیە بۆ باری دارایی خێزان و کاریگەری ئەو بارە داراییە لەسەر (هاوسەرگیری، ڕێژەی تەڵاق، توندوتیژی خێزانی...هتد ) بۆیە لێرەدا ئاماژەی بە داتاو ژمارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەدەین کە لە حوزەیرانی ساڵی 2021 بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی (ڕاپۆرتی باری کومەڵایەتی و توندو تیژی دژ بە ئافرەتان لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، ئەماژەی وردی تێدایە، لەوانەش؛ یەکەم: هاوسەرگیری 1. (مارەبڕینی گشتی)؛ بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان مارەبڕینی گشتی چەند بەشێکی لاوەکی لە خۆ دەگرێت وەکو (مارەبڕینی ئاسایی، ڕێپێدان بە ژنی دووەم، پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کۆی ژمارەی هەریەک لەم بەشانە ئاماژەی پیدراوە لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە داتاکانی پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەژمار کراوە، لە ساڵی (2016-2020) داتای گەرمیان بەردەست نییە و سەرچاوەی داتای بەکارهاتوو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانە. تێبینییەکان/ دەربارەی مارەبڕینی گشتی لە هەرێمی کوردستان. • ساڵی 2014 لە سەرجەم پارێزگاکان (تەنها لە پارێزگای دهۆک نەبێت لەساڵی (2018) زۆرترین مارەبڕین ئەنجام دراوە)و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین مارەبڕین ئەنجامدراوە. • ساڵی 2017 لە هەولێر کەمترین و لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 کەمترین مارەبڕین ئەنجام دراوە. • سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان کەچی هەرگیز ژمارەی مارەبڕین نەگەیشتووەتەوە بەو ژمارە پێوانەییەی لە ساڵی (2014) تۆمار کراوە. • وەستاندنی پێشینەی هاوسەرگیری یەکێکە لەو هۆکارانەی پاشەکشەی بە ژمارەی مارەبڕین کردووە لە هەرێمی کوردستان چونکە لە ساڵی (2014)ەوە ئەو پێشینەیە وەستاوە، سەرەڕای وەستاندنی (5) ملیۆن دینار بۆ کوڕان و کچانی شەهیدو ئەنفال کە لەکاتی هاوسەرگیریدا بۆیان خەرج دەکرا. 2. ڕێژەی هاوسەرگیری ڕێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان ترسناکن و بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی مارەبڕین لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (3)). دووەم: تەڵاق 1. ژمارەی تەڵاق: بریتییە لە ژمارەی مامەڵەکانی ئەنجامدراوی تەڵاق کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە (بڕوانە خشتەی ژمارە(4))، کە لەسەر ئاستی کوردستان ساڵی (2019) زۆرترین ڕێژەی تەڵاقی تیدا تۆمار کراوە. 2. ڕێژەی تەڵاق: ڕێژەی تەڵاق بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان هەژمار کراوە بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی تەلاق لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (5)). سێیەم: توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەگەر چی بوارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان فرە جۆر و ڕەهندن، بەڵام ئێمە لیرەدا ئاماژە بە ئامارەکانی جۆرەکانی (کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندن) دەدەین. 1. کوشتن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە کوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە ئامارەکانی کوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019). 2. خۆ کوشتن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆکوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (7)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019). 3. سوتان بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە سوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (8)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019). 4. خۆسوتاندن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆسوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (9)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).
درەو: بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە (7) كاندید لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان ( یەكێتی، گۆڕان) بەشداری دەكات (4) كاندیدی لە بازنەكانی سلێمانی و (2) كاندیدی لەبازنەكانی هەولێر و (1) كاندیدی لەبازنەكانی كەركوك. بزوتنەوەی گۆڕان لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018 لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (199 هەزارو 611) دەنگی بەدەستهێناوەو چوار كورسی مسۆگەر كردووە: پارێزگای هەولێر: (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای سلێمانی: (154 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای دهۆك: (3 هەزارو 801) دەنگی بەدەستهێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 10/10/2021 بەرێوەدەچێت بزوتنەوەی (7) كاندیدی هەیە: كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەكانی پارێزگای سلێمانی: • شوناس شێركۆ، كاندیدی ژمارە (32) لەبازنەی (1)ی سلێمانی كە ( باكوری قەزای سلێمانی، ماوەت، شارباژێڕ) دەگرێتەوە، گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 37 هەزارو 933) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (29%) • رێزان ئەحمەد كاندیدی ژمارە (22) لەبازنەی (2)ی سلێمانی كە ( باشوری قەزای سلێمانی، قەرەداغ) دەگرێتەوە، گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 42 هەزارو 43) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (29%) • ئەبوبەكر باییز كاندیدی ژمارە (23) لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( رانیە، پشدەر، دوكان) دەگرێتەوە، گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 32 هەزارو 258) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (20%). • هۆشیار عومەر كاندیدی ژمارە (33) لەبازنەی (5)ی سلێمانی كە ( كەلار، دەربەندیخان، كفری، چەمچەماڵ) دەگرێتەوە، گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 22 هەزارو 267) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (24%)، لەم بازنەیەدا (غالب محەمەد) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانيش كاندیدە، بەڵام بە سەربەخۆ. كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەكانی پارێزگای هەولێر: • عەبدولسەلام كاندیدی ژمارە (27) لەبازنەی (2)ی هەولێر كە ( دەشتی هەولێرن كۆیە، خەبات) دەگرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 10 هەزارو 654) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (7.2%) • برزۆ مەجید كاندیدی ژمارە (27) لەبازنەی (4)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 13 هەزارو 236) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (8%) كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای كەركوك: • محەمەد نەسرەدین كاندیدی ژمارە (29) لەبازنەی (1)ی كەركوك.
درەو: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە (6) كاندید بەشداری دەكات (2) كاندیدی لە بازنەكانی سلێمانی و (2) كاندیدی لەبازنەكانی هەولێر و (2) كاندیدی لەبازنەكانی دهۆك. لەگەڵ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كاندیدەكانی بە سەربەخۆ بەشدارن نەك لە چوارچێوەی لیستی یەكگرتوودا. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018 لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (98 هەزارو 19) دەنگی بەدەستهێناوەو دوو كورسی مسۆگەر كردووە: پارێزگای هەولێر: (24 هەزار و 475) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای سلێمانی: (30 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای دهۆك: (43 هەزارو 525) دەنگی بەدەستهێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 10/10/2021 بەرێوەدەچێت یەكگرتووی ئیسلامی (6) كاندیدی هەیە: كاندیدەكانی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك: • د. جەمال كۆچە كاندیدی ژمارە (20) لەبازنەی (1)ی دهۆك كە ( دهۆك ، ئامێدی) دەگرێتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 15 هەزارو 104) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (9.4%). • عومەر كۆچە، كاندیدی ژمارە (26) لەبازنەی (2)ی دهۆك كە ( زاخۆ، سیمێل) دەگرێتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 8 هەزارو 747) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (7 %). كاندیدەكانی یەكگرتوو لە بازنەكانی پارێزگای سلێمانی: • موسەنا ئەمین، كاندیدی ژمارە (27) لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، شارەزور، سەیدسادق، پێنجوێن) دەگرێتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 14 هەزارو 541) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (14.9%) • دارا سێكانیانی كاندیدی ژمارە (21) لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( باكوری قەزای سلێمانی، ماوەت، شارباژێڕ) دەگرێتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 7 هەزارو 806) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (6%). كاندیدەكانی یەكگرتوو لە بازنەكانی پارێزگای هەولێر: • پەخشان شیان كاندیدی ژمارە (24) لەبازنەی (3)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، یەكگرتوو ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 2 هەزارو 671) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (2.7%). • زوهێر خۆشناو كاندیدی ژمارە (35) لەبازنەی (4)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 5 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (3.6%)
درەو: كۆمەڵی دادگەری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە (5) كاندید بەشداری دەكات (3) كاندیدی لە بازنەكانی سلێمانی و (2) كاندیدی لەبازنەكانی هەولێر. كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018 لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (91 هەزارو 968) دەنگی بەدەستهێناوەو دوو كورسی مسۆگەر كردووە: پارێزگای هەولێر: (36 هەزار و 784) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای سلێمانی: (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێناوە پارێزگای دهۆك: (3 هەزارو 621) دەنگی بەدەستهێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 10/10/2021 بەرێوەدەچێت كۆمەڵی دادگەری پێنج كاندیدی هەیە: كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای سلێمانی: • ئەحمەد حاجی رەشید كاندیدی ژمارە (25) لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، سەید سادق، شارەزوور، پێنجوێن و هەورامان) دەگرێتەوە، كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 15 هەزارو 946) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (16.4%). • سۆران عومەر، كاندیدی ژمارە (22) لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( رانیەن قەڵادزێ، دوكان) دەگرێتەوە، كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 20 هەزارو 893) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (13.3%). • مرواری محەمەد، كاندیدی ژمارە (33) لەبازنەی (2)ی سلێمانی كە ( باشوری سلێمانی، قەرەداغ) دەگرێتەوە، كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 13 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (9.3%). كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری لە بازنەكانی پارێزگای هەولێر: • عەبدولستار مەجید كاندیدی ژمارە (32) لەبازنەی (4)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 18 هەزارو 17) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (10.8%). • قومریە محەمەد بەرزنجی كاندیدی ژمارە (25) لەبازنەی (3)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا پێشتر لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 8 هەزارو 134) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (8.4%). كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەبازنەكانی دهۆك و كەركوك هیك كاندیدێكی نیە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) رێکخراوی هیوا سەرەتای ئەزموونی کۆکردنەوە و دروستکردنی کوالیسیۆنی نێوان گروپە ستراتیژییەکانی ئەوکاتی کوردستانی عێراق بوو. گەرچی ئەم حیزبە پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی نەبوو، بەڵام گروپەکانی ململانێیەکی توندیان لەسەر ئاراستەی فیکریی و سیاسیی ئەم حیزبە هەبوو. قۆناغی سەرەتای ململانێکانی ناو رێکخراوە کوردییەکان ڕەهەندێکی شێوەئایدیۆلۆژییان هەبوو کە بنەماکەی دەگەڕایەوە بۆ پێکهاتی کۆمەڵایەتیی گروپەکان. لە حیزبی هیوادا سێ رێچکەی سەرەکیی بوونی هەبوو، یەکەمیان گروپی چەپەکان بوو، دووەمیان گروپی لیبراڵەکان بوو کە هەردووکیان نوێنەرایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی شاریان دەکرد، سێیەمیان باڵی ڕاستڕەو و کۆنزێرڤاتیڤەکان بوو کە نوێنەرایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی گوندیان دەکرد. ململانێی ئاراستەی سیاسیی نێوان ئەم گروپانە لەلایەک لەسەر ئەوەی پشتیوانیی ڕاپەڕینە لۆکاڵییەکەی بارزانییەکان بکەن یان نا، یان داوای پشتیوانی لە سۆڤیەت بکەن یان لەگەڵ ئینگلیز کاربکەن؟ لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتیی هەندێکیشیان لە تاکڕەوێتیی رەفیق حیلمی سەرۆکیان بووە هۆکاری دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی هیوا بەسەر دوو گروپی سیاسیی نوێدا کە لە گروپی (شۆڕش) و گروپی (ڕزگاری)دا بەرجەستەبوو. هەردوو حیزبەکە لە پێشکەوتنی خۆیاندا دەبن بە هەوێنی دروستبوونی دوو حیزبی سیاسیی گەورەی جەماوەریی لە کوردستاندا کە ساڵێکی زۆر ململانێی نێوانیان کاریگەری گەورە و قووڵی بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا بەجێهێشت. ئەو دوو حیزبەش حیزبی شیوعیی و پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەدوای شکستی ئەزموونی پێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی حیزبی هیواوە هەموو هەوڵێک بۆ پێکەوەکارکردن و کۆکردنەوەی گروپە ستراتیژییەکانی شار و گوند لەناو حیزبێکی سیاسییدا، شکستی هێناوە. گەورەترین ئەزموونیش دروستکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە سەرەتا بە کولیسیۆنی نێوان هەردوو گروپی ستراتیژی شار و گوند دەستپێدەکات و پاشان بە جیابوونەوە و دابەشبوون و پێکدادانی چەکداریی کۆتاییدێت. بەم چەشنە یەکێکی تر لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی حیزبی کوردیی بریتییە لە شکستی هەموو هەوڵەکانی دروستکردنی کوالیسیۆن لەنێوان گروپە ستراتیژییەکانی شار و گوند لەناو حیزبێکی سیاسییدا. ئەم شکستە لە حیزبی هیواوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ناو مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان. خەسڵەتێکی تری حیزبە کوردییەکان بریتییە لە لاوازیی بونیادیی گروپە ستراتیژییەکانی شار و نەبوونی کاریزمایەکی سیاسیی کە لای گروپەکانی کۆمەڵگای کوردیی جێی متمانە بێت و لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستانی عێراقیشەوە قبوڵبکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش گروپە خوێندەوارەکەی شار مەلا مستەفا لە سەرۆکێکی لۆکاڵییەوە دەکات بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە ئەم فیگەرە هەڵگری چەند خەسڵەتێکە کە کاریزما بەناوبانگەکانی ئەو گروپە شارییانە کۆی ئەو خەسڵەتانەیان لەیەککاتدا نەبوو. بۆنموونە مەلا مستەفا سەرداری خێڵی بارزانە کە خاوەن مێژوویەکی یاخییبوونی چەکداریی لۆکاڵییە دژ بە حکومەتی عێراقیی. گەرچی ئەم یاخیبوونانە سەرەتا هیچ رەهەندێکی نەتەوەییان نەبوو، بەڵام دوایی هەر لەلایەن خوێندەوارانی کوردەوە دەکرێن بە کەلەپوورێکی سیاسیی نیشتیمانیی و بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵەیەکی وێناکراو Imagined Communities، وەک بێنێدیکت ئەندەرسۆن شیکاری پرۆسەی بەنەتەوەبوون دەکات. لەکۆتاییشدا مەلا مستەفا چەندە خاوەن سەرمایەیەکی ڕەمزیی و ئایینی بوو، لەبەرئەوەی سەر بە نەوەی شێخانی تەریقەتی نەقشبەندییەکان بوو، ئەوەندەش مێژوویەکی جەنگاوەریی هەبوو کە بەناوبانگترینیان لە ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباددا بەرجەستەبوو. بەکورتییەکەی شۆڕش پێویستی بە جەنگاوەرە و گروپە ستراتیژییەکانی شاریش هیچ ئەزموونێکی جەنگاوەرانەیان نەبوو. بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی گروپە ستراتیژییەکانی شار پێویستیان بە جەنگاوەر هەبوو. لەو سەردەمەشدا جگە لە گروپی ئەفسەرە کوردەکان و پلە سەربازییەکانی تری ناو دەزگای لەشکری عێراقیی، تەنها شێخان و خێڵ و عەشرەت هەبوون کە وەک گروپە ستراتیژییەکانی گوند، چەکداری بەئەزموونیان هەبێت و بتوانن ئەم وەزیفەیە بۆ گروپە ستراتیژییەکانی شار جێبەجێبکەن. هێنانی گروپی بنەماڵە کاریزمییەکان و چەکدارەکانی خێڵ بۆ ناو حیزبی کوردیی و گۆڕینی گوتاری سیاسیی لە خەباتی سیاسییەوە بۆ خەباتی چەکدارییی و زاڵبوونی لۆژیکی هێز بەسەر خەباتی سیاسییدا، بوونە هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی حیزب لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی گوند و دەرپەڕاندنی ئەو گروپە شارییەی، کە کاریزما بنەماڵەییەکانی لەوێنەی شێخ و ئاغا و خێڵ قبوڵنەدەکرد. بێگومان پێکهات و پاشخانی کۆمەڵایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی شار تەنها گروپە پیشەییەکان نین، واتە تەنها مامۆستا و پارێزەر و ئەفسەر و دکتۆر و هتد نین، بەڵکو گروپی ناپیشەییشن، لەوێنەی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و قوتابیی و خوێندکار و هتد. بەمانایەکی تر سەرمایە ڕەمزییەکانی ئەم گروپانە بەپلەی یەکەم سەرمایەیەکی مەعریفییە. پاشخانی گروپە ستراتیژییەکانی گوندییش بریتیین لە خێڵ و عەشیرەت و شێخ و مەلا و بەگ و سەید و تادەگات بە تەریقەتە ئاینییەکان. سەرمایە ڕەمزییەکانی گروپە ستراتیژییەکانی گوندییش هەم سەرمایەیەکی کولتوورییە و هەم ئایینییە، واتە یان بە عەسەبییەتی خێڵ (العصبية القبلیة) گروپەکە دەجوڵێتەوە، یان سەر بە تەریقەتێکی ئایینین کە وەلائەت و سەرمایە ڕەمزیی و کۆمەڵایەتییەکەی لەوێوە سەرچاوەدەگرێت. سەرهەڵدانی تازەترین شێوەگروپی ستراتیژیی لە مێژووی نوێی هەرێمی کوردستاندا کە تەریقەت بناغە ئایدیۆلۆژییەکەی پێکدەهێنێت و کاریزمای دینییش هێزە ناوەکییەکەیەتی، بریتییە لە هەنگاوی خۆڕێکخستنی گروپی قادریی کەسنەزانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسییدا. بەشێوەیەکی گشتیی ئەم گروپانە تاوەکو ئەو چرکەساتەی کە خۆیان رێکنەخەن و رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دروستنەکەن، نابن بە گروپی ستراتیژیی و ناتوانن ڕۆڵی ستراتیژییش بگێڕن. پارتی دیموکراتی کوردستان سەر بەو گروپە ستراتیژییانەیە کە وەک دەزگایەکی حیزبیی زیاتر لە نیو سەدەیە بووە بە موڵکی بنەماڵەی بارزانیی. لەو قۆناغەوەی پارتی بووە بە حیزبی بنەماڵەی بارزانیی، خاوەن ناوکێکی ڕەقە لەشێوەی قۆخ، بۆیە نە بەئاسانیی دابەشدەبێت نە کێشە و ململانێ خێزانییەکانیشی دەهێنێتە ناو ڕووبەری گشتییەوە. ڕاستە لە ئێستادا نهێنییەکی ئاشکرایە کە ململانێیەکی توند لەنێوان ئامۆزاکاندا هەیە، بەڵام تا ئەو چرکەساتەی مەسعود بارزانیی وەک تاکە مەرجەعی پارتی لەژیاندا بێت، ئەگەری دابەشبوون و لێکترازانی ماڵی سیاسیی بارزانیی لەئارادا نییە یان زۆر لاوازە. پارتی یەکەم حیزبە کە بەئاشکرا خۆی بە حیزبی بنەماڵەی بارزانیی پێناسدەکات و مۆدێلی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش تیایدا لەباوکەوە بۆ کوڕ پیادەدەکرێت، نەک بۆ برازا یان مام یان خزمێکی تری ناو خێڵەکە، وەک لە ئەزموونی هەندێ دەوڵەتە سوڵتانییەکانی ناوچەکەدا دەیبینین. بەپێچەوانەی پارتییەوە، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان حیزبێکە لە شێوەی سێو، بۆیە لەگەڵ هەموو دابەشبوونێکدا ناوکێکی لێجیادەبێتەوە. مێژووی یەکێتی، مێژووی دابەشبوون و یەکگرتنەوەیە. دوادابەشبوونی گەورەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی بوو، کە بە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان حیزبەکەیان وەک سێوێک کرد بە دوو لەتەوە. بەم چەشنە ململانێی نێوان گروپە ستراتیژییەکانی شارو گوند تەنها بزوێنەری کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگای کوردیی نین، بەڵکو ململانێی ناو خودی گروپە ستراتیژییەکانی شاریش لەناو کایەی دەسەڵاتدا دەتوانێت ببێت بە هۆکاری دابەشبوون و سەرهەڵدانی ململانێى توند لەسەر دابەشکردنی سامان و دەسەڵات.