Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

 درەو:  راپۆرتی: غەمگین محەمەد - پەرەگراف پاش چەندین ساڵ لە خوێندن و شەونخونی؛ ڤینا بە زەحمەت و گەڕانێكی زۆر هەلیكاری دەستدەكەوێت و لەوێش ناتوانێت بحەسێتەوە، بەهۆی گێچەڵی خاوەنكارەكەیەوە. "دوای سێ مانگ لە دەوامكردن، بەڕێوەبەرەكەم داوایلێكردم لەگەڵیدا بچمە دەرەوە، منیش ڕەتمكردەوە و وازم لە كارەكەم هێنا" ڤینا وای وت، بێ ئەوەی هۆكاری وازهێنانەكەی بۆ ماڵەوەیان باس بكات. ڤینا ناوی خوازراوی كچێكە لە سلێمانی، لە 25 ساڵی تەمەنیدایە، خوێندنی تەواو كردووە و ماوەی ساڵێك گەڕاوە تا لەڕێی سیڤییەوە لە كۆمپانیایەكدا كاری دەستكەوتووە، ئەوەش ئەزمونێكی قورس و پڕ لە تەحەددی بووە بۆی. ئەو دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە بەڕێوەبەری كارەكەی بە پاساوی جیاجیا بانگی ژورەكەی خۆی كردووە، "زۆرجار بانگكردنەكەم پەیوەندیی بە كارەكەمەوە نەبوو، پێیدەوتم جوان و سەرنجڕاكێشم و تەنیا حەزی كردووە بمبینێت". كاركردنی ژنان و كچان لە بەشێك لە كۆمپانیا و مۆڵ و ماركێتەكان، بۆ بەشێكیان وەك ڕیسككردنە بە ژیان و كەسایەتییانەوە، ئەوان بۆ دەستكەوتنی بژێوی كار دەكەن، بەڵام هەندێكجار لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە دەكرێنە ئامانج و دوور لە كار و پیشەكەیان گێچەڵی سێكسییان پێ دەكرێت، یاخود ناچار دەكرێن بە لەبەركردنی جۆرە جلوبەرگێك تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشانی كڕیار. لە مۆڵێكی شاری سلێمانی، كچێك سەرنجی سەردانیكەران ڕادەكێشێت؛ زوو زوو شوشەیەكی عەتر بەرەو ڕووی هاوڵاتیان درێژدەكات و بەردەوام وشەی "تێست" دەڵێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كڕیار بۆنەكە تاقیبكاتەوە و بیكڕێت. ئەو كچە تەمەنی 28 ساڵە، زانكۆی تەواو كردووە و حەز ناكات نە دەربكەوێت و نە ناوی بهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتی "لەبەركردنی چاكەت و تەنورەی كورت لەگەڵ وەستانم لە دەرەوەی شوێنی فرۆشتن لەسەر داوای خاوەن كارەكەمە و منیش لە پێناو لەدەستنەدانی كارەكەم قبوڵمكردووە". سادەترین ناساندن بۆ كرێكار هەر كەسێكە كە لە بەرامبەر كارێكدا كرێیەك وەردەگرێت بەبێ جیاوازی ڕەگەزیی. هەنگاو عەبدوڵا، سەرۆكی سەندیكای كرێكاران بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی یاسا ناچاركردنی كرێكار بە لەبەركردنی جۆرە جلوبەرگێكی تایبەت دەبێت تەنها بۆ خۆپارێزی بێت لەكاتی كاركردن و جگە لەوە بۆ هەر مەبەستێكی تر بێت سەرپێچی یاسایە و كرێكارەكە دەتوانێت لە دادگای كار سكاڵا تۆمار بكات و سەندیكاش بەرگری لێدەكات". چەند كچێكی تر كە لەناو دوكانێكی فرۆشتنی جلوبەرگ كاریان دەكرد، هەمویان یەك جۆر جلوبەرگیان لەبەر بوو، قژیان بە یەك شێوە بەسترابوو، ماكیاژی تۆخ‌و دەم بە خەندە و ڕووخۆش باسیان لەوەكرد هەموو ئەوانە لەكاتی گرێبەست یەكێك بووە لە مەرجەكانی پێدانی كار. یەكێك لە كچە فرۆشیارەكانی ئەو دوكانە وتی "هاوڕێیەكمان قبوڵی نەبوو وەك ئێمە سترێج و بەدی كورت لەبەر بكات، گرێبەستی نەكرد و ڕۆیشتەوە ماڵەوە". زۆرجار ئەو ژن و كچانەی لە شوێنی كار گێچەڵی سیكسییان پێ دەكرێت یان ناچار دەكرێن بەشتێك كە پەیوەندیی بە كارەكەیانەوە نییە، لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی یان نەبوونی بەڵگە و نەتوانینی سەلماندن یان مانەوەی بژێوییان بێدەنگ دەبن، هەندێكیشیان بە ناچاری واز لە كارەكانیان دەهێنن، هاوكارەكانیشیان لە ترسی دەركردن ناتوانن لەسەریان بێنە دەنگ و دژی نادادییەكە شایەدی بدەن لە كاتی سكاڵاكردندا. لە كوردستان و عێراق، یاسای تایبەت نییە بە گێچەڵی سێكسی، بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بە تاوان هەژماردەكرێت و سزای لەسەرە. ماددەی 10 لە یاسای كاری عێراقی، هەراسانكردنی سێكسیی لە دامەزراندن و شوێنی كاركردندا قەدەغە دەكات، چ لەكاتی گەڕان بۆ كار، ڕاهێنان بۆ پیشەیەك، بۆ دامەزراندن یاخود بكرێت بە بەشێك لە یاساو مەرجی پێدانی كار. پارێزەر شۆخان ئەحمەد بە پەرەگراف-ی وت "بەپێی مادەی 402ـی یاسای سزادانی عێراقی گێچەڵی سێكسی لە شوێنی كار بە وتن بێت یان ئاماژە یان دەستلێدان سزای هەیە، كە بەندكردنە، ماوەكەی لە سێ مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردن كە بڕەكەی زیاتر نەبێت لە 300 هەزار دینار یاخود هەردوكیان". بەشێكی كەم لەو ئافرەتانەی ڕوبەڕوی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە هانا بۆ دادگا دەبەن؛ ئەوەش بەهۆكاری كۆمەڵایەتی كە نایانەوێت بابەتەكە گەورەتر بێت‌و خەڵك پێی بزانیت؛ هەمیش لە دادگادا هیچیان بۆ ناكرێت ئەگەر بەڵگەیەكی ڕون و ئاشكرایان پێنەبێت و ڕەنگە بە دۆڕاوی لە دۆسیەكە دەربچن. ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف؛ بەشێكی زۆری ئەو گێچەڵە سێكسییانەی لە شوێنی كاردا بە ئافرەتان دەكرێت، بە زارەكیی بوون یان هیچ بەڵگەیەكی تێدانییە كە دادگا بۆ سەلماندنی دۆسیەكە داوای دەكات. هێڵی گەرمی كرێكاران بە ژمارە 5500 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان 24 كاتژمێر كراوەیە، هەر كرێكارێك پەیوەندییان پێوەبكات كێشەكەی تۆمار دەكرێت و لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت. دڵخواز تەها، لێپرسراوی هێڵی گەرمی كرێكاران بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژانە ژنان و پیاوانیش بۆ كێشەی جۆراوجۆر لەسەر كارەكانیان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، بەڵام ژمارەی پیاوان زۆرترە و زیاتر كێشەكانیشیان بڕین یان پێنەدانی مووچە و دەركردنە لەسەر كار". لە هەرێمی كوردستان دوو یاسای بەركار هەن تایبەت بە دیاریكردنی ئەرك و پاراستنی مافەكانی كرێكاران بە گشتی؛ ئەوانیش یاسای كار ژمارە 71ـی ساڵی 1987 كە لە ماددە 80 تا 90ـی تایبەتە بە پاراستنی كرێكاری ژن و تازەپێگەیشتووان. هەروەها یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 كە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە. پێویستە ئەرك و مافەكانی كرێكاران لە چوارچێوەی ئەو دوو یاسایەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هەموو كرێكارێكیش دەبێت دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ بكرێت لەبەرئەوەی لەكاتی ڕوبەڕوبوونەوەی هەر كارێكی نەخوازراو بەرامبەریان، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بتوانێت بەرگرییان لێبكات، بەڵام بەشێك لە خاوەنكاران پابەندی جێبەجێكردنی یاساكانی كار نابن. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ پەرەگراف وتی "لە كاتی هەر پێشێلكارییەك وەزارەت دەتوانێت تەنیا بەرگری لەو كرێكارانە بكات كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە". بەپێی ئامارەكانی سەندیكای كرێكاران لە هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 740 كرێكاری ژن و كچی هاوڵاتی عێراق و بیانی لە شوێنە گشتییەكاندا كاردەكەن كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە، بەڵام ژمارەی ئەو كرێكارە ژن‌و پیاوانەی دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ نەكراوە زۆر لەوە زیاترن.


د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت)  جووڵەکانی باکۆ بەرامبەر تاران وەک پشکۆی ئاگرێکە، لەنێو لەپی هەردوو  هاوسێی ناچاریی تاران و ئەنکەرەدا، هێشتنەوەی بە پشکۆیی لەسەرخۆ دەیانسووتێنێت و هێزی دیکەی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا دەهێنێتەپێشێ، فوولێکردن و گەشاندندەوەشی سەری ساحێبانی و دۆخی هەرێمایەتی گڕتێبەردەدا، ڕەنگە دەستپێکردن بەدەست خۆیان بێت بەڵام کۆتاییەکەی لەدەستی واندا نامێنێتەوە. ساڵێک لەمەوبەر پریشکی شەڕەکە لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا بە بیانووی ناگۆرنۆ قەرەباخ خۆی نوواند، بەڵام ئەمە وێنە گەورەکە نەبوو، ئێستا وا ئازەربایجان خۆی بووەتە بیانوو بۆ هەڵکشان یان ڕاستتر بۆ ئاشکراکردنی شەڕی شاراوەی تورکیا و ئێران، هێشتاش ئەمەش وێنە گشتییەکە نییە و ڕاستی چەندین ئەکتەری دەوڵەتی و چەندانی نادەوڵەتیی دیکەش لە یارییەکەدا هەن و چەند ساڵی ئایندەی بەردەممان یەک یەک خۆ دەنوێنن و ساڵانێکی ماندووکەر دەبن بۆ نێوچەکە. ئەو دەوڵەتانەی بەجۆرێک پەیوەندییان بەم دۆخە نوێییەی قەوقازەوە هەیە: ڕووسیا، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، تورکمەنستان، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئیسرائیل، چین و ئەمریکا، هەرچی ئەکتەری نادەوڵەتیشن، وەک: کورد (ڕۆژهەڵات و باکوور)، ئازەریی و تورکەکانی ئێران و عەلەوی و ئەرمەنەکانی تورکیا...تاد. کە ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا سەرکەوت و ناگۆرنۆ قەرەباخی بۆ خۆی یەکلاکردەوە، ئیتر تارمایی و گرژی ئاسمانی پەیوەندییەکانی باکۆ و تارانی لێڵتر کرد، مانگی ڕابردوو قۆناغێکی گەرمتری بەخۆیەوە دی، کار و کاردانەوەی سیاسی و بازرگانیشی لێکەوتەوە، هەر لەم هەفتەیەشدا سێبەری تورکیاش گەرچی پێشتر سایەکەی هەر هەبووە بەسەر هەردوولادا، ئەمجارە ڕوونتر دەرکەوت و داوای "هەڵوێستی عاقڵانە"ی لە ئێران کرد. لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەوکاتەوەی هەردوو دەوڵەتی هاوچەرخی ئێران و تورکیا، بە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی بە تەوەرێتیی تورکزمان و فارسزمانەکان سازکران، جیا لەوەی خۆبەخۆ کەوتنە سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی نێوخۆیان، هاوکات بە سروشتی ئەو گووتارە پەڕگیرە حاکمەی هەیانە هەردوو دەوڵەتیشی خستەوە بەرامبەر یەک. ڕاستیش ناهەقییان نییە کەرەستەی دوژمنایەتیشیان دە هێندەی کەرەستەی ئاشتەوایی و هاوسێیەتییانە، بەڵام جیۆسیاسیی خۆیان و شەترەنجی نێودەوڵەتی و ترس لە مافی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، عەرەب، بەلوچ و ئەرمەن...تاد، ناچاریی کردوون ببنە دوو دراوسێی ناچاریی و لەگەڵ هەموو بۆڵەبۆڵ و شەڕە شاراوە و ئاگرەبنکاییەکانیان بۆ یەکدی، ناچاربوون باری شانی یەکدی هەڵگرن، نەبادا درزێک دروست ببێت و هەناسەیەک بۆ نەتەوە مافخوراوەکانی نێوچەکە وەگەڕێتەوە. نیگەرانییە نوێیەکانی ئێران تاران، ویستوویەتی هەر بە ڕێکاری ستراتیژی و دبلۆماسیی ئاگری ئازەربایجان و قەوقاز بە گشتی لەخۆی وەدوور بخات، بەڵام لەگەڵ گوزەری کاتدا ناتوانێت نیگەرانییەکانی بشارێتەوە و مانگی ڕابردووش ئەمە سەلمێنرا، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی ئاسایشیی نیشتمانی و هی دیکە کەوتنە هەوڵی دبلۆماسی و میدیایی و نمایشی سەربازی، لەو هەوڵانەش یەک بەرەو مۆسکۆ و یەکێکی دیکە بەوەڵامدانەوەی ئەردۆغان و ئەوی دیکە بە مانۆڕی سەربازی. لەولاشەوە میدیاکانی، بەدرێژایی ١٨ساڵی دەسەڵاتدارێتی ئەکەپە لە تورکیادا، میدیای ڕەسمی و ناڕەسمییەکانی هێندەی مانگی ڕابردوو کاریکاتێر و سوکایەتی و وتاری لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەردۆگان نەنووسیووە. بەجۆرێک تەنانەت وەڵامی هێرشە زمانییەکانی عەلیێفیش بۆ سەر تاران، میدیای ئێرانی لەبری ئەو هەر پەلاماری ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیای دەدا. دیارە بێ هۆ نەبوو. لە سیاسەتی ڕەسمی ئێرانییدا، میدیای مەزهەبی و ئسوڵگەرا و بەرپرسەکانی ئەو تەوژمە بوون، لەوباوەڕەدان کە ئیسرائیل لەپشتی هەڕەشەکانی سەر ئێرانە لە باکۆووە نەک عەلیێف، بەڵام چاویان لە ئەردۆگانیش دانەخست و بە گەورەکردنی ئیسرائیل و دەست لەپشتدانی باکۆ تۆمەتبار کرد.(شەمخانی سکرتێری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وەهای گووت). هەرچی میدیای ڕیفۆرمیست و پانئێرانیست و فارسگەرایە، ئەوا ئەردۆگان بە دوژمنی ڕاستەقینە دەزانن و پێیان وایە عەلیێف و باکۆ بیانووی ئەنکەرەن و ئەردۆگان دەست لەپشتیان دەدەن. هەرکام لەم دوو گیڕانەوەیە ڕاست بن هیچ لەوە ناگۆڕن کە ڕۆڵی سەرەکی ئاگرکردنەوەکە دراوەتە پاڵ تورکیا و ئەردۆگان. ئێرانی لەم بابەتەدا نیگەرانی ئەم خاڵە ستراتیژیانەیە: ١. نادیدەگرتنی هەژموونی ئێران لە قەوقازدا: ئەو ڕێککەوتنەی بەچاودێری تورکیا و ڕوسیای نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ئێرانی نیگەرانی کردووە، چونکە لەو بڕوایەدایە تەنها لایەنە نێوخۆییەکانی ململانێکەی ڕێکخستووە و لایەنی دەرەکی (مەبەستی خۆیەتی) فەرامۆش کردووە. ئەمەش مەترسی گەمارۆدانی زیاتری لێدەخوێنێتەوە لە قەوقازدا و هەژموونی لەوێدا کەمڕۆڵ بکرێت. ٢. پێکەوەبەسترانەوەی تورکزمانەکان و گەڕانەوەی تورکیا بۆ ئاسیای ناوەندی: نیگەرانییەکی دیکەی ئێران پتربوونی هەژموونی تورکیایە لەڕێگەی بونیادنانی ڕێڕەوی بازرگانی-کولتووریی نەخجەوان-ئازەربایجان، تورکیا بەتواناتر دەکات بە دووبارە دەستڕاگەیشتنی بە وڵاتە تورکزمانەکان لە ئاسیای ناوەندی. ئێران هەم لەڕووی کولتووریی و سیاسەتی نەرمیەوە هەم لەڕووی بازرگانی و سیاسییەوە دەسکورت دەبێت لە ئاسیای ناوەندییدا، گریمانە دەکرێت بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە ڕێڕەوی ئەرمینیا-ئێران کە تاران دەگەیەنێتە ئەورووپا، بگاتە بنبەست. ٣. نیگەرانی لە دراوسێ تازەکە (ئیسرائیل): ئێران جاران لە بەیروت و غەزەوە شەڕی ئیسرائیلی دەکرد، ئێستا ئیسرائیل بەهۆی نزیکی و تێکەڵی پەیوەندییە سیاسیی و سەربازی و بازرگانییەکانی باکۆ و تەلئەبیبەوە، بووتەوە دراوسێیەکی واقیعی ئێران. ئەمەش نیگەرانی دەکات و ناچارە هەم ڕەفتار و پەلکێشییەکانی خۆی لەوڵاتانی عەرەبی سنووردار بکات، هەم لایەک بەڕووی باکووری خۆیدا بکاتەوە. نیگەرانییەکەی لەوەدا دووهێندە بووە کە سێکوچکەیەکی ئیسرائیلی-تورکی-ئازەربایجانی سەربازیی و سیاسیی لەئارادایە کە هەرسێک لە سنووردارکردنی تاراندا هاوئامانجن. ٤. هێڵەکانی وزە: ئێران ساڵانێکە بەدووی پرۆژەیەکەوە کە وزەی نێوچەکە لە ڕێگەی هێڵی پێشنیارکراوی خۆیەوە:- پارس(ئێران)-عێراق- سوریا-لوبنان و پاشان بەرەو ئەوروپا، بگوازێتەوە، بەڵام بە گۆڕانی دۆخی قەوقاز و سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا هاوکێشەکان گۆڕاون و هێڵی دیکە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئەم خەونەی ئێران وەک زیندووبوونەوەی ئەو هێڵەی ئازەربایجان (کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ٧٠ ملیارد دۆلاری لەڕێگەی کۆمپانیای بی.پی-ەوە تێدا خەرجکراوە) تێیدا ئامانجی گواستنەوەی وزەی نێوچەکەیە بۆ ئەورووپا. ئێران لەم نەخشەیەدا پەراوێزییە. ٥. ڕووسیە بەدەنگەوە نایەت: مانگی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەمان پرسی ئازەربایجان و قەوقاز خۆی گەیاندە مۆسکۆ، تا لەوێ بەهاوکاری ڕوسیا پێکەوە ئەو دۆخە تازە پەیدابووە پەسەند نەکەن و نیگەرانی وڵاتەکەی گەیاندە وێندەرێ، بەڵام مۆسکۆ بەپێچەوانەوە لەگەڵ چارەسەری "شەشی"یدایە بەبەشداری: ڕوسیا، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەرمەنستان و جۆرجیا. ئەمەش واتە دیسانەوە نادیدەگرتنی نیگەرانیەکانی تاران، بۆیە لەمەشدا وەزیرەکەی بەدەستی پڕ نەگەڕایەوە و هەقییەتی نیگەرانی ئەم خاڵەش بێت. بەڕێوەبردنی ئەم هەموو نیگەرانیە و بوونی گۆڕاوی زۆر لەپرسەکەدا سەختە "پشکۆی باکۆ" بەتەنها بە تورکیا و ئێران بەڕێوەببرێت، ئەردۆگان بە داواکردنی دانبەخۆداگرتن و ڕەفتاری عاقڵانە و حسێبکردن بۆ پەیوەندی ئیسرائیل-ئازەربایجان و تورکزمانەکانی نێو ئێران، هەفتەی پێشوو دەری خست کە مەرامی لەسەر ئێران زیاتر بووە و دوور نییە بە دەستی دوو شەڕەکانی خۆی تێبپێچێت، بەڵام نایەوێت و ناتوانێت بیگەیەنێتە دۆخی ڕاستەوخۆ و گەرم چونکە هەم نێوخۆی تورکیا و هەم کارەکتەرە ناڕازییەکانی پێکهاتەکانی تورکیاش دەبووژێنرێنەوە بەهۆی دەستلەپشتدانی ئێرانەوە. هەرچی ئێرانیشە زمانی دبلۆماسی بەرامبەر تورکیا توندتر بووە بەڵام گۆڕاوە نێوخۆییە سیاسیی-نەتەوەیی-ئابوورییەکانی لەلایەک و گەمارۆکانی سەری لەلایەکی دیکەوە و توانای سەربازی بۆ کردنەوەی بەرەی نوێ دیسان هاوکار نابێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەنکەرە. لەوەدەچێت، ئەم پشکۆیەی ئازەربایجان کە لەلەپی دەستی ئێراندایە زیاتر بیسووتێنێت و هەل بداتەوە ئیسرائیلیش تا بیکاتە یەکێکی دیکە لەو چەقۆیانەی کە وەک ستراتیژ بەرامبەر ئێران بەکاری دەهێنێت: "کوشتن بە هەزار چەقۆ".  


شیكاری: درەو ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوررستان بوایە؛ بەپێی پەیڕەو کردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شێوازی بازنەو دابەشکردنی دەنگ بۆ کورسی، بە هەمان ئەو ئەنجامانەی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەدەستیان هێناوە ئەوا پارتی (47) کورسی، یەکێتی (17) کورسی، نەوەی نوێ (17) کورسی، یەکگرتوو (9) کورسی، کۆمەڵ (5) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (3) کورسیان دەبرەوە. بەڵام ئەگەر (یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆڕان) لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبوایە ئەوا دەنگەکانیان زیادی دەکرد و پارتی (42) کورسی، یەکێتی (16) کورسی، نەوەی نوێ (15) کورسی، یەکگرتوو (14) کورسی، کۆمەڵ (9) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (2) کورسیان دەبرەوە. یەکەم: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان -    یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و، دابەشدەبێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا".  واتە بەپێی ئەم دەقە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (یەک بازنەی) هەڵبژاردن دەبێت، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. بەپێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کاری بە (سیستمی تاک دەنگی نەگوێزراوە) کردووە، واتە دەنگدەر دەنگ بە کاندید دەدات، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگدەر پێش دەنگدان بە کاندید دەنگ بە لیست و قەوارەی سیاسی دەدات، بۆیە ئەگەری بە فیڕۆ چوونی دەنگ لایەنەکان زۆر کەم دەبێتەوەو. -    لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، تێکڕای هەڵبژاردن (نرخی کورسی) واتە کۆی گشتی دەنگە دروستەکان دابەشدەکرێت بەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە (100) کورسی گشتیییە بەپێی یاساکە، تێکڕای هەڵبژاردنمان دەست دەکەوێت. -    هەر بەپێی یاساکە، ئەگەر (100) کورسییەکە بە تێکڕای هەڵبژاردن پڕ نەبویەوە ئەوا "ئەو کورسییانەی لە ئەنجامی دەستکەوتنی ماوە دەنگ کە ناگاتە تێکڕای هەڵبژاردن دەبێتە هی ئەو قەوارانەی کەوا زۆرترین ماوەدەنگیان هەیە". دووەم: ئەنجامی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەن عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. لە هەر چوار بازنەکەی پارێزگای هەولێر (444 هەزار و 253) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 238 هەزار و 379) کەس بە ڕێژەی (35.87%) دەنگیان داوە. لە پارێزگای سلێمانی لە هەر پێنج بازنەکە (393 هەزار و 194) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 389 هەزار و 691) کەس بە ڕێژەی (28.29%) دەنگیان داوە. لە پارێزگای دهۆک لە هەرسێ بازنەکە (396 هەزار و 4) کەس لە کۆی (882 هەزار و 703) کەس بە ڕێژەی (48.13%) دەنگیان داوە. لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەر دوانزە بازنەکەی هەڵبژاردن (1 ملیۆن و 233 هەزار و 451) کەس لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و773) کەس بە ڕێژەی (35.47%) دەنگیان داوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سێیەم: دەنگی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی یەکەمەو (579 هەزار و 234) بەڕێژەی (46.96%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی دووەمەو (515 هەزار و 316) بەڕێژەی (17.46%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی سێیەمەو (204 هەزار و 855) بەڕێژەی (16.61%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی چوارەمەو (108 هەزار و 10) بەڕێژەی (8.76%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی پێنجەمەو (64 هەزار و 156) بەڕێژەی (5.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی شەشەمەو (22 هەزار و 91) بەڕێژەی (1.79%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی حەوتەمەو (6 هەزار و 595) بەڕێژەی (0.53%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 8.    سەربەخۆی لایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (33 هەزار و 194) بەڕێژەی (2.69%)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) چوارەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خاڵی (یەکەم)ی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بەوە داوە کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (1) بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. بۆیە ئەگەر دەنگی بەدەستهاتووی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆی و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەربگرین و کە کۆی گشتی دەنگی لایەنەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە (1 ملیۆن و 233 هەزارو 451) دەنگ، ئەو ژمارەیە بەپێی یاساکە دابەشی (100) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستان بکەین ئەوا بەهای ڕاستەقینەی (1) کورسی دەکاتە (12 هەزار و 334) دەنگی، بەم پێیەش؛ 1.     پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (47) کورسی دەباتەوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە.  4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (5) کورسی دەباتەوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە. 8.    سەربەخۆی لاینەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (3) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))   پێنجەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ئەگەر سەرجەم هێزەکان) لە سەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبوایە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان نەبووە، دەنگی ڕاستەقینەیان دەرنەکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆیە لەم بەشەی باسەکەماندا گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر سەرجەم ئەو هێزانە لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووایە چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟ 1.    پارتی دیموکراتی و کوردستان و نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووە و هیچ لە ئەنجامەکەیان ناگۆڕێت. 2.    یەکێتی نیشتمانی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبووە جگە لە بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆک، بەڵام لە دوو بازنەکەی دیکە (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەشی (2) بکەین و لێکدانی سێی بکەین ئەوا دەنگەکانی یەکێتی لەو پارێزگایە بەرز دەبنەوە بۆ (37 هەزار و 560) دەنگ. واتە لە بازنەی (1)ی دهۆک (12 هەزار و 520) دەنگ بەدەست دەهێنێت. 3.    یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (6) کاندیدی هەبووەو لە هەر پارێزگایەک (2) کاندیدیان هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (3 هەزار و 990) دەنگەوە دەبێتە (7 هەزار 980) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (22 هەزار 876) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (57 هەزار و 190)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن تەنها لە دوو بازنەیان کاندیدی هەبووە، بۆیە لە باشترین دۆخیدا ئەگەر کۆی دەنگەکانی لەو پارێزگایە دابەشی (2) و جارانی سێ بکەین لە (81 هەزار 144) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (121 هەزار و 716)دەنگ لە پارێزگای دهۆک.  بەم پێیەش کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (108 هەزار 10) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (186 هەزار و 886) دەنگ. 4.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (5) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (19 هەزار و 517) دەنگەوە دەبێتە (39 هەزار 34) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (44 هەزار 639) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (74 هەزار و 398)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 628) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەر هەمان ئەو دەنگانەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (64 هەزار 156) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (117 هەزار و 60) دەنگ. 5.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنەی هەڵبژاردن تەنها (7) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (4 هەزار و 245) دەنگەوە دەبێتە (8 هەزار 490) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (4) و جارانی (5) بکەین لە (17 هەزار 846) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (22 هەزار و 307)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 801) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر کاندیدی هەبوایەو بیتوانیایە نیوەی ئەو دەنگانەی بەدەست بهێنایەتەوە ئەوا، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (22 هەزار 91) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (32 هەزار و 697) دەنگ. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) بەو پێوەرە گریمانە کراوانەو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکان بەم شێوەیە دابەش دەبوون بەسەر لایەنە سیاسییەکان؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (42) کورسی دەباتەوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (16) کورسی دەباتەوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (15) کورسی دەباتەوە.  4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (14) کورسی دەباتەوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە. 8.    سەربەخۆولایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))


(درەو):  حزبی شیوعی كۆنگرە دەكات، بڕیارە كاوە مەحمود جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزبەكە هەڵبژێرێتەوە، ئەگەری كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی لە ئارادایە.  دوای ساڵێك دواكەوتن لەوادەی دیاریكراوی خۆی، حزبی شیوعی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێرەوە كارەكانی كۆنگرەی (حەوتەم)ی خۆی دەستپێكرد.  بەرپرسانی حزبی شیوعی دەڵێن بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆنگرەكەیان لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە.  بڕیارە كۆنگرەكە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی، سكرتێری حزب لە كۆمیتەی ناوەندی (سەركردایەتی) هەڵدەبژێردێت، واتە راستەوخۆ لەلایەن كۆنگرەوە دەنگی پێنادرێت.  ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی كۆنگرەو بە دوو خولی دەنگدان هەڵدەبژێردرێن. ئێستا ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان (25) ئەندامە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەناو كۆنگرەدا بۆچونێك هەیە ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بۆ (21) ئەندام كەمبكرێتەوە، سەرباری ئەمە قسەوباس هەیە لەبارەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سكرتێر‌و هەندێك داوا دەكەن راستەوخۆ لەناو كۆنگرە هەڵبژێردێت.  ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆی وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و هەموار نەكرێتەوە، واتە سكرتێر لە كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرێت، دەبێت ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزب كاندید دەكات، رێژەی 50+1ی دەنگی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بەدەست بهێنێت.  لەم كۆنگرەیەی حزبی شیوعی كوردستاندا بڕیار لەبارەی چەند بابەتێكی تایبەت بە ناوخۆی حزب بدرێت، لەوانە پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەكان‌و پرسی دروستكردنی بەرەی چەپ لە كوردستان‌و كاری پێكەوەیی.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كاوە مەحمود دەیەوێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزبی شیوعی كاندید بكاتەوە، بەڵام دیار نییە ئایا ركابەرەكانی لەسەر ئەم پۆستە كێ دەبن.  كاوە مەحمود ماوەی یەك خول سكرتێری حزبی شیوعی بووە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی كۆنگرەوە، خولەكەی لە چوار ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ درێژبووەوە.  حزبی شیوعی‌و كۆنگرە دوای سەربەخۆبوون‌و جیابونەوەی تەواوەتی لە حزبی شیوعی عێراق، ئەم حزبە ساڵی 1993 دامەزرا، یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە 30ی حوزەیرانی 1993دا بەست، لەدوای دروستبونییەوە چوار سكرتێری گۆڕیوە.  دواین كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان (كۆنگرەی شەشەم) كۆتاییەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2016 بەڕێوەچوو، واتە بەر لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەم كۆنگرەیە لەژێر ناونیشانی " لە پێناو دادكۆكیكردن لە بژێوی ژیانی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و بڕیاری چارەنووس تێدەكۆشین" بەڕێوەچوو، دوای ئەم كۆنگرەیە حزبی شیوعی كوردستان یەكێك لەو حزبانە بوو كە پاڵپشتی لە ریفراندۆم كرد.  لە كۆنگرەی شەشەمدا (200) كەس وەكو ئەندامی كۆنگرە بەشدارییان كرد، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا (175) ئەندام بەشدارن.   حزبی شیوعی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشداری نەكرد‌و ئێستا بە یەك پەرلەمانتارەوە لە پەرلەمانی كوردستان ئۆپۆزسیۆنە.  ئەم حزبە بە دوو كاندید بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی كرد كە رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، كاندیدێك لە موسڵ‌و كاندیدێكی سەربەخۆ لە هەولێر لەسەر پشكی "كۆتا"ی مەسیحییەكان، كاندیدەكەی موسڵ دەرنەچوو، بەڵام كاندیدە سەربەخۆكەی هەولێر سەركەوت بۆ پەرلەمان.   


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) موهەریج، یان لێبوک کەسێک نییە دونیا بگۆڕێت یان بیەوێت دەستکاری پەیوەندییەکانی دەسەڵات بکات، بەڵکو لەباشترین حاڵەتدا وات لێدەکات بە نماییشکردنی کۆمیدییانەی تراجیدیاکان بەخۆی پێکەنیت. ئەو حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی وەکو خۆی قبووڵە، چونکە وەکو ماتریاڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەو ماتریاڵە تەنها بۆ کاتکوشتنە نەک کوشتنی زەمەنی ئەو واقیعەی کە گاڵتەی پێدەکات. ئەو لەناو دونیایەکی نادادپەروەر و خەمباردا قوربانییەکان ڕزگارناکات، ڕێگەیان نیشاننادات چۆن لەو دۆخە دەربازبن، بەڵکو هاوکاریی قوربانییەکان دەکات تەنها خەریکی گریان نەبن، بەڵکو شتێکی تریش هەیە ناوی پێکەنینە.  دیکتاتۆرە ژیرەکان هیچ کاتێک دژ بە کۆمیک و کولتووری گاڵتەجاڕیی نەبوون، چونکە ئەو ڕاستییە باشدەزانن کە پێکەنین لە سەرەوە بۆ خوارەوە بڕوات باشترە وەکو لەوەی لە خوارە بۆ سەرەوە شۆڕبێتەوە. دیکتاتۆرەکان هەوڵدەدەن گەلەکەیان بە نوکتەی بێتام و قسەو کردەی گاڵتەجاڕییانەی سیاسەتمەدار و نووسەر و میدیاکار و پەرلەمانتارەکانیان ڕابهێنن و هەموو شتێک بکەن بە نوکتە و کەسایەتییەکانیش بە لێبوک. ئەم سیاسەتەش پێکەنین دەکات بە کردەیەک کە نەک تەنها وەزیفەی خۆبەتاڵکردنەوەی خەڵک لە خەم و ڕق و حەسرەت بگێڕێت و لەناو فشقیاتدا کەناڵیزەی بکات، بەڵکو هاوکات وەزیفەی خۆهەڵخەڵەتاندن و خۆخەڵەفاندنیش دەگێڕێت.  لێبوک لە دابەشکردنی پێکەنیندا دادپەروەرە، چونکە دەتوانێت هەم کەسێکی کاربەدەست و هەم کەسێکی ئاساییش والێبکات کە بە یەک شت پێبکەنن. هەندێ جار کاربەدەستان وەک لێبوکێک ئەو نوکتانە دەگێڕنەوە کە لەسەر خۆیان دروستکراون، وەک ئەکتێک لە سنگفراوانیی و خاکییبوونی خۆیان نماییشیاندەکەن.  کەسی لێبوک قەشمەری بە هەموو شتێک دێت، کاتیگۆری باش و خراپ، ڕەش و سپی، شۆڕشگێڕ و جاش لای ئەو بوونی نییە. پەیامی لێبوک پەیامێکی خاڵییە لە هەموو هەڵسەنگاندێکی ئەخلاقیی یان داوەرییکردنێکی سیاسیی. تاکە پەیامێکی لێبوک پێکەنینە بە دونیا و کردنی دونیای کۆمەڵایەتییمانە بە ڕووبەرێکی لووس کە هیچ زبرییەکی تێدا نییە. لێبوک بۆئەوەی نەبێت بە جێگای هەڕەشە و ڕەخنەی دەسەڵات و توشی ڕاونان و گرتن و کوشتن نەبێتەوە، خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕ، بە گەمژە، بە نەزان و نەفام، هەندێ جاریش خۆی دەکات بە شێتێکی فیکریی یان فەیلەسوفێکی هەزەلیی، بۆئەوەی نەک تەنها بە بابەتەکەی پێبکەنین، بەڵکو بە خودی خۆشی. هەر کاتێکیش ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت یەکسەر بیری دەکەوێتەوە کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە و بۆیە ڕاستەوخۆ بەهەردوو دەستی دەمی دادەخات، بۆئەوەی بە گەمژەییەکەی بمانخاتە پێکەنین. ئەم مۆدێلە لە لێبوک لەو چرکەساتەی هەم گاڵتە بە دونیا و هەم بە خۆشی دەکات، هەموو ڕادیکاڵییەتێک لە دەستکارییکردنی دونیا لە بینەر یان گوێگر دەسەنێتەوە و سنووری کردەی ڕەخنە لەناو قەشمەرییاتدا زیندانییدەکات. لێبوک چەندە ڕەخنەی زبر لە بێدەسەڵاتان دەگرێت بۆئەوەی دەسەڵاتداران بخاتە پێکەنین ئەوەندەش ڕەخنەی ناسک لە دەسەڵاتداران دەگرێت بۆئەوەی هەر ئەوان بخاتەوە پێکەنین. لەوکاتەی لێبوک ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت ئامانجی گۆڕینی خودی دەسەڵات نییە، کەمکردنەوەی هەیبەتی سەرۆک نییە، بەڵکو داننانە بە واقعێکی دراماتیکی کە بە بڕوای ئەو دەستکارییناکرێت و جگە لە پێکەنین هیچی تر نییە بتوانێت تەعبیر لە چەمکی بێدەسەڵاتیی بکات. ستراتیژی ڕەخنەی لێبوک بریتییە لە: من دەتوانم بەناوی سوعبەتەوە پەلاماری هەموو کەسێک بدەم، هەر کاتێکیش مەترسییم بۆ دروستببێت، بە ئانقەست خۆم دەبورێنمەوە. ڕەخنەی گاڵتەجاڕ لە دەوڵەتی دیکتاتۆردا دەتوانێت ڕەخنەی دەسەڵات بکات بەو جۆرەی کە هێشتا ئۆپۆزیسیۆن لە قۆناغی کامڵبووندا نییە. بەمانایەکی تر لێبوک کاتێک دەتوانێت سەرۆک و دەسەڵاتداران بە ڕەخنەکانی بخاتە پێکەنین کە باس لە گەمژەیی گەلیش بکات. کەسی قەشمەر کەسایەتییەکی تایبەتمەندی هەیە، جێگای ڕیز و حورمەتە، هەرکاتێک ئەو قسەدەکات هەموو لێیکۆدەبنەوە و گوێڕایەڵی دەبن. ئەو وەک سەرۆکێک خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵاتی ئەو بۆ ئازاربەخشین نییە، بۆ هەڕەشە نییە، بەڵکو بۆ پێکەنین و کاتبەسەربردنە. قەشمەرییکردن ماسکێکە بۆ شاردنەوەی توندڕەوێتیی و پەنهانکردنی ناشرینیی و ڕەقیی وشە و پەلاماردانەکان. هەربۆیە کاتێک مرۆڤ قسەی ڕەق بە یەکێک دەڵیت و دەبێتە نیگەرانیی لای ئەوی تر، بۆ ئاساییکردنەوەی توڕەیی بەرامبەر پێیدەڵێت، گیانەکەم سوعبەتم کرد، بەجدیی وەریمەگرە!  دەسەڵاتدارێتی کوردیی بەگشتیی و بەتایبەت پارتی مۆدێلێک لە سیاسەت و حیزبایەتیی و کولتووری لێبوکییان داهێناوە کە بە هەموو شێوەیەک قەشمەری بەم میللەتە دەکەن. گاڵتەجاڕییەکانی پارتی گەیشتۆتە ئاستێک کە هەر جارەی یەکێکیان و هەر کەڕەتەی بەشێوەیەک سواری ئەم کۆمەڵگایە دەبن، بۆنموونە کاتێک بارزانی بە ریفراندۆمەکەی سواری سەری خۆی بوو نەک کورسییەکەی خۆی، بەڵکو چارەنووسی میللەتێکیشی بەفەتارەتدا. دوێنێ ئەندام پەرلەمانتارێکی پارتەکەی بەناوی جەلال پەرێشانەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات سواری هەموو ئەو کەسانە بێت کە ناوی پارتی بهێنێن. هەر ئەمڕۆش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سواری عەقڵی میللەتەکەی بوو و دەڵێت: مافی موچەخۆر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەخوراوە. حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان سەردەمانێکە هەم سیاسەت و هەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بە یانەیەک بۆ سێکسیست و قەشمەر و لێبوکەکانی حیزب.


درەو: 🔻لە هەولێر(6%)، لە سلێمانی (10%)، لە دهۆك (3%)ی دەنگیان بە هاوپەیمانێتیەكەی (یەكێتی و گۆڕان) داوە  🔻لە هەولێر(94%)، لە سلێمانی (90%)، لە دهۆك (97%)ی دەنگیان بە هاوپەیمانێتیەكەی (یەكێتی و گۆڕان) نەداوە  دەنگی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021:  🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379  🔹دەنگی هاوپەیمانی: 70,107    رێژە  6% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 1,168,272   رێژە  94% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705  🔹دەنگی هاوپەیمانی: 141,660    رێژە  10% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,284,045   رێژە  90% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی هاوپەیمانی: 25,040 رێژە: 3% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 797,663   رێژە 97% رێژەی دەنگی هاوپەیمانی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (6%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن  


درەو:   🔻لە هەولێر(21%)، لە سلێمانی (4%)، لە دهۆك (32%)ی دەنگیان بە پارتی داوە   🔻لە هەولێر(79%)، لە سلێمانی (96%)، لە دهۆك (68%)ی دەنگیان بەپارتی نەداوە  دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021:  🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379  🔹دەنگی پارتی: 262,800    رێژە  21% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 975,597   رێژە  79% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705  🔹دەنگی پارتی: 54,891    رێژە  4% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,370,814   رێژە  96% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی پارتی: 261,543  رێژە: 32% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 561,160 رێژە 68% رێژەی دەنگی پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (19%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن  


درەو: 🔻لە هەولێر(5%)، لە سلێمانی (8%)، لە دهۆك (3%)ی دەنگیان بەیەكێتیداوە  🔻لە هەولێر(95%)، لە سلێمانی (92%)، لە دهۆك (97%)ی دەنگیان بەیەكێتی نەداوە   دەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021:  🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379  🔹دەنگی یەكێتی: 65,862    رێژە  5% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 1,172,517   رێژە  95% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705  🔹دەنگی یەكێتی: 123,814    رێژە  8% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,301,891   رێژە  92% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی یەكێتی: 25,040   رێژە: 3% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 797,663   رێژە 97% - رێژەی دەنگی یەكێتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (5%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن


راپۆرت: درەو مامۆستایانی وانەبێژی چەند رۆژێكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتی‌و مانگرتن كردووە، داوا دەكەن حكومەت دامەزراندنیان بۆ بكات، سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە پەیوەندیدارە بە كێشەی ئەم توێژە، لە هەرێمی كوردستان (20 هەزار) مامۆستای وانەبێژ هەیە، حكومەت ئەگەر وەكو "گرێبەست"یش دامەزراند بۆ ئەم توێژە بكات، مانگانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت، مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟ موچەكەی چۆنە ؟ حكومەت چۆن چارەسەری كێشەكانیان دەكات ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەی (درەو)دا. حكومەت لەبەردەم ناڕەزایەتییەكی نوێیدا مامۆستایانی وانەبێژ كە بەتێكڕا ژمارەیان (20 هەزار) مامۆستایە، چەند رۆژێكە لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاكان دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كردوەتەوە‌و داوای دامەزراندن دەكەن، یان داوا دەكەم لانی كەم پلەكەیان لە "وانەبێژ"ەوە بكرێت بە "مامۆستای گرێبەست". ئەم توێژە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەهەمان شێوەی ئێستا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان سازدا، ئەوكات خۆپیشاندانەكەیان بەهۆی پێدانەدانی شایستەكانیان بوو بۆ ماوەی پێنج،  مامۆستایانی وانەبێژ خەریكە دەبن بە ئاڵنگارییەكی نوێ بۆ كابینەی سیقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان).  مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟ ساڵی رابردوو بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (6 هەزار) مامۆستای "گرێبەست" كران بە "هەمیشەیی"، ئەم مامۆستایانە ماوەیەكی زۆر بوو كە بەشێوەی گرێبەست وانەیان دەوتەوە. لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە ساڵی 2013وە پرۆسەی دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا راگیراوە، بەڵام بەهۆی پێویستی وەزارەتی پەروەردە بە مامۆستا، حكومەت بەناچاریی ژمارەیەكی زۆری مامۆستای تەنیا بە "وانەبێژ" دامەزراندووە، ئەمەش بەهۆی: -  زیادبوونی ژمارەی خوێندكاران‌و قوتابخانەكان  -  خانەنشینبوون‌و مردنی بەشێك لە مامۆستایان -  مۆڵەت‌و كۆچی دەرەوەی وڵاتی هەندێك لە مامۆستایان بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانە، وەزارەتی پەروەردە بە میكانیزمێك شوێنی ئەم مامۆستایانەی بە مامۆستای "وانەبێژ" پڕكردەوە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، ساڵی 2019 نزیكەی (17 هەزارو 500) مامۆستای وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا وانەیان وتوەتەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی مامۆستا وانەبێژەكان بۆ نزیكەی (20 هەزار) مامۆستا بەرزبوەتەوە. كۆی ژمارەی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە نزیكەی (120 هەزار) مامۆستایە، بەم پێیەی مامۆستایانی "وانەبێژ" رێژەی (20%)ی كۆی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە پێكدەهێنن. ئێستا لە زۆرینەی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا مامۆستای وانەبێژ هەیە، تەنانەت لە هەندێك قوتابخانە، جگە بەڕێوەبەرەكەی سەرجەم مامۆستاكانی وانەبێژن، بۆ نموونە: •     لە قەزای سەیدسادق (هەزارو 200) مامۆستای میلاك هەیە لەگەڵ (490) مامۆستای وانەبێژ، واتە (40%)ی كۆی مامۆستایان لەم قەزایەدا وانەبێژن‌و بەفەرمی دانەمەزرێندراون. •     لە پەروەدەی بەردەڕەش، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەی مامۆستایانی میلاك زۆر زیاترە. موچەی مامۆستای وانەبێژ چۆنە ؟ مامۆستایانی وانەبێژ موچەیان جیاوازە لەو موچەیەی كە مامۆستای "گرێبەست"‌و "مامۆستای هەمیشەیی" وەریدەگرن. پێشتر هەر وانەبێژێك بەپێی ئەو وانەیەی دەیووتەوە پارەی بۆ ئەژماردەكرا، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەك لە خوێندنگە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی كە بڕوانامەی (دبلۆم)یان هەبوو بڕی (3 هەزار) دینار خەرج دەكرا، بۆ ئەوانەی بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)یان هەبوو بڕی (4 هەزار) دینار خەرجدەكرا. بەڵام لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوودا ئەم هاوكێشەیە گۆڕدرا، حكومەت موچەی مامۆستایانی وانەبێژی كرد بە پارچە "مەقتوع"، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو وانانەی كە وتویەتییەوە بڕی (300 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو مامۆستا وانەبێژانە دیاریكرا كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە، بڕی (250 هەزار) دیناریش بۆ ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە. بەپێی ئەم موچە نوێیە، ئێستای خەرجی موچەی مانگانەی كۆی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان كە (20 هەزار) مامۆستان، بڕەكەی نزیكەی (5 ملیارو 500 ملیۆن) دینارە. ئەگەر حكومەت بڕیار بدات ئەم (20 هەزار) كەسە لە مامۆستای وانەبێژەوە بكات بە مامۆستای گرێبەست، موچەی ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە مانگانە دەبێت بە (450 هەزار) دینار‌و ئەوانەشی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە دەبێت بە (500 هەزار) دینار، بەمەش كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم توێژە دەبێت بە (9 ملیارو 500 ملیۆن)، واتە ئەگەر ئەم مامۆستایانە لە وانەبێژەوە بكرێن بە گرێبەست، حكومەت مانگانانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت.  بەم زیادە خەرجییەوە، ئایا حكومەت بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ئەم توێژە لە "وانەبێژ"ەوە بكات بە مامۆستای "گرێبەست". جیاوازی گرێبەست و وانەبێژ لەڕووی یاساییەوە، ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، سەرباری ئەوەی موچەكانیان زیاد دەكات، قۆناغێك لە دامەزراندن نزیك دەبنەوە. ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، گۆڕانكاری بەسەر ئەرك‌و مافەكانیاندا دێت، لە باشترین حاڵدا موچەی مانگانەیان دواناكەوێت. ئەو وانەبێژانەی چەند رۆژێكە ناڕەزایەتییان دەردەبڕن، خەونیان ئەوەیە حكومەت وەكو مامۆستای هەمیشەیی دایانبمەزرێنێت، بەڵام تاڕادەیەك بەوەش قایلن بكرێن بە مامۆستای گرێبەست، چونكە: -    مامۆستای وانەبێژ بێبەشە لە حسابكردنی خزمەت‌و دەرماڵە. -    ناتوانێت گواستنەوە بكات لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر.  -    مۆڵەتی دایكایەتی نیە.  -    هەر وانەبێژێك منداڵی ببێت، بەبێ گوێدانە خزمەتەكەی كەسێكی دیكە لە شوێنی دادەنرێت. -    وانەبێژان جگە لە پارەی وتنەوەی وانەكانیان كە زۆر كەمە، هیچ مافێكی تریان نیە. -    لەكاتی پشووی هاوین‌و پشووەكانی تردا هیچ موچەیەك وەرناگرن. -    لەگەڵ مامۆستایان موچە وەرناگرن‌و بەچەند مانگ جارێك‌و بەشێوازێكی جیاواز موچەیان پێدەدرێت. موچەی وەزارەتی پەروەردە موچەی مامۆستا‌و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، رێژەی (16.6%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، لەكۆی (893 ملیارو 908 ملیۆن) دیناری كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران، وەزارەتی پەروەردە بڕی (149 ملیارو 505 ملیۆن) دیناری دەبات. ئێستا بە لێبڕی (21%)ی موچەی موچەخۆرانەوە، تێكڕای خەرجی موچەی وەزارەتی پەروەردە لە مانگێكدا (118 ملیار 109 ملیۆن) دینارە، خۆ ئەگەر ئەو (20 هەزار) وانەبێژە بكرێن بە گرێبەست، ئەوا نزیكەی (4 ملیار) دیناری تر بۆ خەرجی موچەی مانگانەی وەزارەتی پەروەردە زیاد دەبێت.  ساڵی 2013 كە دواین پرۆژە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، (3 هەزارو 350) كەس لە وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە، واتا ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە (164 هەزارو 216) فەرمانبەرەوە زیادكراوە بۆ (167 هەزارو 566) فەرمانبەر، بەڵام ئیتر لەو ساڵەوە دامەزراندن لەم وەزارەتە راگیراوە.  


  درەو: ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوەیە بە تایبەت لە نێو چینی گەنجان و دەرچوانی پەیمانگاو زانکۆ و تەنانەت خاوەن بڕوانامە باڵاکانی وڵاتیشی گرتووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عێراق تێکڕای بێکاری لەکۆی ئەو هێزی کارەی گەنجانی تەمەن (15- 29) ساڵ پێکی دەهێنن لە ساڵی (2020) (13.74%)ی تێپەڕاندووەو. لەو ڕێژەیەش ناهاوسەنگی گەورە هەیە لە ڕووی ڕەگەزەوە و بەجۆرێک (10%)یان ڕەگەزی نێر و لە کاتێکدا پێوەری جیهانی بۆ بێکاری لە نێو (181) دەوڵەتی جیهاندا بۆ ڕەگەزی نێر بە تێکڕا (6.43%)ە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ لەو (181) دەوڵەتە (8.40%) تێکڕای پێوەری جهانییە، بەڵام لە عێراقدا (30.59%) بێکاری لە نێو ئافرەتانی گەنجی عێراقیدایە. بەپێی لێکۆڵینەوەو توێژیەنەوەکان ئەم ڕێژە بەرزەی بێکاری لە عێراقدا کۆمەڵیک لێکەوەتەی خراپی دەبێت لە سەر سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری وڵات، بەپێی توێژینەوەیەکی (بانکی ئەفریقی بۆ گوشەپێدان) لەساڵی (2013) لەسەر (24) دەوڵەت ئەنجامدراوە، گەیشتووە بەو دەرەنجامەی کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری ڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتانە جێهێشتووە. جا نوێترین بەڵگەی بەردەست هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری نزمترین ئاستی بەخۆوە بینی کە (41%)ی تێنەپەڕاندو ئەمەش دەکرێت بڵێین وەڵامدانەوەیەکی گەورەی هاوڵاتیانی عێراقە بۆ حیزبە سیاسییەکان کە وەک پێویست لە خزمەتی هاوڵاتیان نەبوونەو دەکرێت نەبوونی دەرفەتی کار یەکێک بێت لە هۆکارەکان و لە داهاتووشدا گرفتی گەورەتر بێتە پێشەوەو کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراق جێبهێڵێت. پێشینەی بێکاری لە عێراق دوای 2003 لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە مەبەستمان لە بێکاری ئەو چینەیە کە وەک دەستی کار بەردەستن و ئامادەی کارن، بەڵام کارێک نیە بکەن و بەدوایدا دەگەڕێن. سەرباری ئەوەی پەیماننامەو جاڕنامە جیهانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافی گەنجانە بەسەر دەوڵەتانەوە کە دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت لە بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا، ئەمە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005) و سیاسەتی گشتی وڵات و بەگەڕخستنی نیشتمانی (2013-2017) و سترتیجی نیشتمانی بۆ گەنجان (2013-2020) جەختیان لێکراوەتەوە.  بەپێی ڕوپیوی بێکاری لە ساڵی 2003، ڕێژەکەی لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێشتر هیچ کارێکیان نەبووەو بەدوای کاردا دەگەڕان لە تەمەنی (15-24) ساڵ گەیشتبووە (26.6%)، ئەوانەشی پێشتر کاریان هەبووەو بەدوای کاردا گەڕاون (3.7%) بووە لە هەمان گروپی ئەو تەمەنە. لە ساڵی 2006 بە وەرگرتنی سامپڵێک لە نێوان (89 هەزار و 658) کەس (15 هەزار و 228) کەسیان بێکاربوونە، بۆ گروپەکانی دیکەی تەمەنی گەنجان گۆڕنکاری بەسەر ژمارەکاندا هاتووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1))  ساڵی (2017) ڕێژەی بێکاری بۆ دەستی کاری (15) ساڵ سەرو (14%) بووە، بۆ تەمەنی (15-24) ساڵ ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ (28%). بەشی هەر زۆری ئەو بێکارییەش لە نێو ئافرەتاندا بووە. چارتی ژمارە (1) زیادبوونی ڕێژەی بەرزی دیاردەی بێکاری بە تایبەت لە نێو گەنجاندا و نەڕەخساندنی هەلی کاری پێویست بەراورد بە خواستی دەستی کار، کاریگەری گەورە لەسەرکۆمەڵگاو ئاستی بژێوی هاوڵاتیان دەکات و ڕەنگدانەوەی جدی جێدەهێڵێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان  و لادان و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تاوان و توندوتیژی گشتی و خێزانی و پەرەسەندنی هەژاری و ئاسایشی تەندروستی و ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەو خوێندەواری. سەرەنجام سەردەکێشێت بۆ دروسبوونی هەڕەشەی توند لەسەر سیستمی سیاسی و سەرهەڵدانی ململانێی کۆمەڵایەتی و دەرەنجام لەدەستدانی سەقامگیری وڵات. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) کە تێکڕای ڕێژەی بێکاری نیشان دەدات لە ماوەی نێوان ساڵانی (2013-2020). چارتی ژمارە (2) بێکاری لای ئافرەتان و ئامارە ترسناکەکان وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2020 ڕێژەی بێکاری  بە (%13.74) تۆمار کراوە، لەسەر ئاستی لەنێو چینی گەنجان و لاواندا و ڕێژەی بێکاری بۆ ڕەگەزی نێر بە (10%) تۆمار کراوە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ تێکڕای بێکاری ئامارەکە زۆر گەورەترەو سێ هێندەی ڕەگەزی نێرەو دەگاتە (%30.59). (بڕوانە چارتی ژمارە (3))کە ڕێژەی بەرزی بێکاری لە نێو ئافرەتاندا نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2018). چارتی ژمارە (3) کاتێک لە ئامارەکانی سەرەوە دەڕوانین بەڕونی دەبینین تێکڕای بێ کاری لای ئافرەتان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بۆ نمونە لە ساڵی 2012 ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەم ڕەگەزەدا (12.49%)یە، لە ساڵی 2013 گەیشتووە بە (16.9%)، تا زیاتر ساڵەکان بەرەو پێش دەچن وێنەکان بەرزبوونەوەی زیاتری بێکاری لە نێو ڕەگەزی مێدا نیشان دەدات، وەک دەبینین لە ساڵی 2018 تێکڕای بێکارییان گەیشتووە بە (30.75%) و لە 2019دا شتێکی ئەوتۆ ڕوی نەداوەو گەیشتووە بە (30.59%). هۆکارەکانی ئەم دیارەیەش بێگومان لە چەند دانەیەک زیاترن، پاشەکشەی کەرتی گشتی و نەبوونی دامەزراندن بەشێکی گەورەی هۆکاری تەشەنەسەندنی بێکارییە بە تایبەت لە نێو ئافرەتاندا، سەرەڕای هۆکارەکانی کلتوری کومەڵایەتی و ئاستەنگەکانی کار لە کەرتی تایبەت و بەتایبەتیش بۆ ڕەگەزی مێ و تەسکبوونەوەی هەلی کار لەم کەرتەدا. هێزی کاری ئافرەتان لە نێو کاردا ڕێژەیەکی بەرز نییەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))، کە هێزی کاری ئافرەتان دەردەخات لە بازاڕی کاردا لەماوەی نێوان ساڵانی (2012-2019) کە لە ساڵی (2016) بەرزترین ڕێژەی تۆمارە کردووەو گەیشتووە بە (14.58%)، نزمترینی هێزی کاری ئافرەتان لە (2017) تۆمار کراوە کە (11.28%) بووە. چارتی ژمارە (4) بێکاری لە نێو پیاواندا لەگەڵ گەشەی دانیشتوان لە عێراقدا ڕێژەی بێکاری لە پەرەسەندندایە، چونکە گەشەی دانیشتوان فشارێکی گەورەیە لەسەر بازاڕی کار و نەیتوانیوە لە ئاستی پێداویستی گەشەسەندنی هێزی کاردابێت، لەگەڵ زیادبوو ژمارەی ساڵەکان تێکڕای بێکاریش زیادی کردووە، بۆ نمونە لە ساڵی (2012) بێکاری لە نێو ڕەگەزی نێردا (7.22%) بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تەدریجی ڕێژەکە لە سالێ (2017) گەیشتووە بە (10.28%)، هەربۆیە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و کۆنترۆڵ نەکردنی هەڵئاوسانی دانیشتوان، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، ئەمانەش ئاڵنگاری گەورە دەبن لەبەردەم کۆمەڵگاو حکومەت کە ساڵانی داهاتوودا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) کە ڕێژەی بێکاری لەنێو ڕەگەزی نێردا پیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2019). چارتی ژمارە (5) ئەوەی دەربارەی بازاڕی کارە لە عێراقدا پیاون بەشی هەر زۆرییان پڕکردووەتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) هێزی کاری پیاوان نیشان دەدات لە بازاڕی کاردا لە ماوەی (2012-2019)، پیاوان لە ساڵی (2018) بەرزترین ڕێژەیان تۆمار کردووە لە بازاڕی کارداو گەیشتووە بە (74.31%) و کەمترین ڕێژەی تۆمارکراویش ساڵی (2012)یە کە ڕێژەکە (72.5%) بووە. چارتی ژمارە (6) سەرچاوە؛ ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان https://www.bayancenter.org/2021/10/7589/  


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لە کتێبی ”ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی“دا، تێزێکی بەناوبانگی مارکس و ئەنگلس ھەیە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت بیروبۆچونی چینە باڵادەست و حوکمڕانەکان، لە ھەر سەردەمێکی مێژوویدا، بیروبۆچونی بڵاو و باڵادەست و حوکمڕانن. ئەو چینەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی مادییە، لە ھەمانکاتدا ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی عەقڵیی و زیھنیشی لەژێردەستدایە. ئەمەش وادەکات حوکمڕانییە سیاسییەکەی ھاوشانبێت، بە حوکمڕانییەکی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیی. کە ئەمەش مەیسەربوو ئەوشتەی لە کۆمەڵگادا ناوی ”تێگەیشتنی باو“ە، بە ئینگلیزیی commonsense دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو باڵادەستییە فەرھەنگیی و کاریگەریی ئایدیۆلۆژییەی چینە حوکمڕانەکەوە.  یەکێک لە بیرۆکە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان لای مارکس ئەوەیە کە نە سەروەت و سامان و نە دەسەڵات بەشێوەیەکی یەکسان لە کۆمەڵگادا، دابەشنەکراوە. ئەم دابەشکردنە نایەکسانە سەرچاوەی چەندەھا ململانێیە و شتێک بەناوی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییەوە ناھێڵێتەوە، گەر ھەشبێت گرنگیەکی ئەوتۆی نییە. ئەوەی گرنگ و بنەڕەتییە، ئامادەیی ئەو ململانێ و بەریەککەوتن و ناکۆکییانەیە کە لە ئەنجامی ئەم نایەکسانییەوە دروستدەبێت. ئەوەی مارکس بەلایەوە گرنگە نیشانیبدات ئەوەیە، ئەو ھێزانەی حوکمڕانان چۆن باڵادەستبوون و چۆن سەپاندنی ئەو نایەکسانیانەیان بۆ دەچێتە سەر؟ مارکس لە وەڵامدا بەو دەرەنجامە دەگات کە حوکمڕانیی تەنھا لەڕێگای خۆسەپاندن لەڕێگای دەزگاکانی فشاردانان و ترساندن و گرتن و ڕاونان و کوشتنەوە ئیشناکات، بەڵکو پێویستی بە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک باوەڕ و بۆچوون و دید و ڕوانینیشە بەناو کۆمەڵگادا تا ئەو ئاستەی دەبن بە دید و باوەڕ و ڕوانینی باڵادەست. مارکس ئەم جۆرە لە ھۆشیارییە باڵادەستە ناودەنێت ”ھۆشیاریی ساختە“. نیو سەدەیەک دواتر ئانتۆنیۆ گرامشی لەناو ژینگە لیبرالەکەی ئەوروپای سەدەی بیستەمدا، کە تیایدا سیستمی فرەحیزبیی و کۆمەڵگای مەدەنیی گەشەیەکی بەرچاویان کردوە، ھاوکات میکانیزمی ناتوندتیژ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئارادایە، گەشەیەکی زیاتر بەو تێزەی مارکس و ئەنگلس ئەدات و جەغت لەوەدەکات ھەر ھێزێک بیەوێت حوکمڕانبێت و حوکمڕانیەکەشی پشتبەسبێت بە لانیکەمی قبووڵبکردن لە کۆمەڵگادا، پێویستە ھێزێک بێت خاوەنی ”ھەیمەنە“، ھەیمەنەی کولتوریی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی. چەمکی ھەیمەنە لای گرامشی ھێما بۆ بوون و ئامادەگیی ھێزێک دەکات کە دونیابینیی و  زمان و دید و ڕوانین و لێکدانەوەکانی بوون بە زمان و دید و ڕوانینی باڵادەست لە وڵاتەکەدا. ئەوەی ئەو ھێزە دەیڵێت و بڵاویدەکاتەوە، زۆرینەی کۆمەڵگا بەڕاستی دەزانێت و ئەوەی ئەو ھێزە بڵاویدەکاتەوە دەبێت بە بەشێک لە تێگەیشتنی باو لەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایە ھێزی حوکمڕان مانای ھێزێک کە ناوەروک و مانا باڵادەستەکانی ناو تێگەیشتنی باو دەستنیشاندەکات. ئەم دابەزینەی ئایدیۆلۆژیا و دید و ڕوانینی حوکمڕانان بۆ ناو ”تێگەیشتنی باو“، بەناو دروستکردنی چەندان پردی متمانە و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا تێدەپەڕێت.   ئەوەی دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراقدا نیشانی ئەدەن، ھەم ڕاستیی و ھەم ناڕاستیی ئەم تێزە مارکسییەیە.  بەر لە ھەمووشتێک ئەوەی بینیمان بەشدارینەکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگای عێراقییە لەم ھەڵبژاردنەدا، ئەمەش وەک دەرنجامی لە دەستدانی متمانەی سیاسیی، پشتکردنە سەرجەمی ئەو گوتار و حیکایەت و لێکدانەوانەی ھێزە حوکمڕانەکانی ئەو وڵاتە بەرھەمیانھێناوە و بڵاویانکردۆتەوە.. ئەوەی بینیمان لەدەستدانێکی تەواوەتی ھەیمەنەی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژیی ئەو ھێزانە و شوێنگرتنەوەی ئەم لەدەستدانەیە، بە دووشت. یەکەم، بە دروستکردنی بۆشاییەکی سیاسیی گەورە، پڕ لە ناکۆکیی و ڕق و تەماحی ترسناک. دووھەم، پەنابردن بۆ ھێز، ھێزی ڕووت بۆ سەرلەنوێ سەپاندنەوەی ھاوکێشەکان، ئیتر لە ھێزی کۆنترۆڵکردنی ئابورییەوە بیگرە بۆ ھێزی سەربازیی و ھێزی ئەمنیی و ھێزی خێڵەکیی و ھێزی ئیقلیمی. ئەوەی ڕوویدا بردنەوەیەکی ساختە و درۆزنانەبوو، بردنەوەیەک لە غیابی متمانەی زۆرینەی کۆمەڵگاکەدا. حوکمڕانانی وڵاتەکە نەک توانای دەستنیشانکردنی لانی ھەرەکەمی ناوەرۆکی ”تێگەیشتنی باویان“ لە وڵاتەکەدا نەماوە، بەڵکو توانای وەگەڕخستنی لانی ھەرەکەمی ”ھۆشیاریی ساختەشیان“ لە مێشکی زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەدا نەماوە.  بەڵام ئەم تێزەی مارکس شتێکیش لە ڕاستی تێدایە، ئاخر ھێزی حوکمڕان ئەو ھێزەیە حیکایەت و ڕوانین و مژدە و ڕاڤەکردنەکانی لای کۆمەڵگا قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنە. ئەگەر تەنھا خاوەنی درۆش بێت، درۆکانی پەردەیەکی تەنک لە عەقڵانیەت و شتێک لە متمانەکردنی، بەسەردادراوە. ھێزی حوکمڕان جیاوازە لە ھێزی خۆسەپێن. حوکمڕانینکردن و ئیغتیسابکردنی دەسەڵات دووشتی جیاوازن. جەردەیی و حوکمڕانیکردن ھەمانشت نین.  بە کورتیی، ئەو ھێزانەی لە عێراق و ھەرێمدا ئامادەن ھێزی حوکمڕان و ھێزی حوکمڕانیکردن نین، بەڵکو ھێزی خۆسەپێن و جەردەیین، گروپ و توێژ و تاقمی بێزمان و بێحیکایەت و بێدیدن، شتێکیان نییە قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنبێت. ھێزگەلێکن لە ئاستی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیدا ئیفلاسێکی سەرتاسەریان کردوە. لەدەستدانی تێگەیشتنی باویش، مانای کۆتایی ئەو لانیکەمەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە لەم سەردەمەدا ھەموو کۆمەڵگایەک پێویسیی پێیەتی.


د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت)  دوو نەشتەرگەریی پرۆسەی سیاسی لەگەڵ هاتنە سەرکاری مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانێک، کە تا ڕادەیەک دڵپەسەندی خۆپیشاندەران و قبوڵکراوی ناچاریی هێز و لایەنە عیراقییەکانیش بوو، سەرەرای کارەکانی دیکەی حکومەتەکەی دوو ئەرکی زۆر گرنگی لە ئەستۆ گرت، کە وەک دوو نەشتەرگەریی قەیسەری بوون لە جەستەیەکی ماندوو و نەخۆشدا: یەکەم ڕاگرتنی لێچوونی ئابووریی و دارایی لە رێگەی داشکاندنی بەهای دینارەوە سەڕای ناڕازێتییەکان و هاواری خەڵک، دووەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەک خاوێن. هەردوو ئەرکەکە لە ڕووکەشدا و بەر لە ئەنجامدانی لەلایەن هێزە سادەخەڵەتێنەکان وەک دوو کاری دژە خەڵک هاتنە ئەژمارکردن. لەڕووکەشیشدا هەر وابوو، بەڵام لە کرۆکدا، کاری یەکەم (داشکاندنی بەهای دینار) عێراقی لە مۆدێلی بەرەو فەنزوێلابوون ڕزگارکرد، کە بەهای دراو و ئابوورییەکەی بە جارێک و جۆرێک داتەپی کە لە زۆر جێگەدا، بارستایی کاڵاکان بارستایی دراوەکەی کەمترە. کاری دووەمیش (هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەک خاوێن) تاڕادەیەک هومێدی بۆ شەقامی عێراقی گەڕاندەوە، دەرکەوت کە دەکرێت بە یاسایەکی بچووک هەم بەشێک لە متمانە بگەڕێتەوە بۆ شکۆی دەزگاکانی دەوڵەت و هەم هێزگەلێکیش کە سەرچاوەی ناهومێدکردنی خەڵک بوون هەر بەو یاسای هەڵبژاردنە لە قەبارە بدرێن، ئەمەش هەر بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی و بەرەنگاربوونەوەی دەستی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئەم دوو هەنگاوە، زۆر مەزن نەبوون لە ئاستی وێرانە سیاسیی و بێخزمەتییەکانی شەقامدا، بەڵام هەنگاوی ورد و گونجاو بوون بە ئاراستەی ڕێگە درووستەکەدا، گرنگ بوون بۆ عێراقێک کە لە 2003ەوە وەک شکۆ و سەروەریی و دەزگاییبوون، وەک دەوڵەت نەماوە، ئەوەی هەیە کابینەکانی حکومەت و دەزگا کاربەڕێکەرەکانن کە دوور لە ستراتیژی دوورمەودا و ئایندەبین کاریان بەڕێکردووە، لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەند  لایەنێکی حزبی و تەوژمی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە، کە هیچیان نەیان تووانیووە بۆ عێراقییەکانی بسەلمێنن نیشتمان و دەزگا دەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی بواریی گشتی پێش بەرژەوەندیی و مەرامە ئایدۆلۆژییەکانە، ئیتر چ مەزهەبیی، چ ناسیۆنالیستی، و چ خێڵەکی و ناوچەگەرێتی بن. هەنگاوی یەکەمیان بە ڕێگایەکی پێچاوپێچ دەستی دەرەکی و هاوسێکانی عێراقی لە بانکی ناوەندی و بازاڕی عێراقدا کورتکردەوە لە یارییکردن بە دراوی عێراقیی و دزینی  دۆلار، هاوکات هەنگاوێکیش بوو بۆ پشتکردنە سیاسەتی ئابوورییانەی زەڕنەقووتەیی کە دەمی هاوڵاتییانی وەک زەرنەقووتە دەکردەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی کاغەزی دراو و بێئەوەی سیاسەتێکی دارایی قوڵ لە پشتییەوە بێت، ئەمەش نەک لەبەر نەزانین و هەڵە، بەڵکوو لەبەر ڕازییکردنی چەواشەکارانەی خەڵک و کێشانی درووشمی بێناوەڕۆکی وەک خەمی خەڵک، داهات بۆ خەڵک، بە ناوی بەدەمەوەچوونی کەسووکاری شەهیدان و سوپایی و حەشد و پێشمەرگە و پلە سەربازیی و سیاسییە تایبەتەکان..تاد. کێشە لەوەدا بوو کە بەشێکی فراوانی پەرلەمان و هێزەکان هاوشانی یەک دەیانویست نرخی دینار و بەرزونزمکردنەوەی بەرامبەر بەهای دراوە بیانییەکان بگەڕێننەوە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان، لەکاتێکدا ئەوە نە ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمانە نە هی هێزە سیاسییەکان.  خودی ئەم پرۆسەیە لە هەناوییدا بەرهەمهێنەری بندیواریی، بەهەدەردانە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستاندا. وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران بە سووربوون لەسەر ئەم هەنگاوە، هەر لەسەرەتاوە پۆپۆلیزم و پەرلەماتنارانی شەعبەوی هەنگاوێک کشاندەوە دواوە، پێی وتن سیاسەتی ئابووری لەدەستی حکومەتدایە و ڕێکخستنی دراویش لەدەستی بانکی مەرکەزی و وەزیری داراییدایە، نەک دەسەڵاتی پەرلەمان. هەنگاوی دووەمیش جێبەجێکردن و سووربوون لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان بوو، گەرچی یاساکە نەتوانرا وەک ئەوەی "خۆپیشاندەرانی تشرینی" ویستییان وا دەرنەچوو، دەستوخەتی هێزە باوەکان بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵام جیاوازی لە ئەدای حکومەتدا بوو کە کەوتە بەرامبەر هێزەکان نەک پیادەکەریی ئەجێنداکانیان. لە خولەکانی ڕابردوودا هەم یاساکە و هەم ڕێکار و جێبەجێکردنەکەشی یاری پێوەدەکرا، بەڵام ئەمجارە حکومەت هەر بەویاسایەی کە هێزە سیاسییەکان دایان ڕشت کۆتی کردن، سەلماندی دەکرێت بە یاسایەکی بچووک هومێدی گەورە بۆ هاوڵاتییانی ماندوو بگێڕێتەوە و دەکرێت تیمێکی تەکنۆکرات کاری پێبکرێت، بەڵام "تەکنۆکراتی سیاسیی و خاوەن پەیوەندی" نەک "تەکنۆکراتی دەزگایی و بیرۆکراتیی ڕووت". لە شوێنکەوتنی ڕای گشتییەوە بۆ کارکردن بۆ گشت هێمنی و لەسەرخۆیی و ڕەوتی ئاسایی، حاڵەتی سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانە، هاوار و دەنگی بەرز حاڵەتی نائاساییە، ڕای گشتیی کە دەنگ بەرزدەکاتەوە، کاری دەوێت، نەک دەنگدانەوە و وەڵامی هاوار بە هاوار، ڕای گشتی هەرچەند تروند و عەفەویی و بگرە ناعەقڵانیش بێت ئاساییە، چونکە توڕەیە لە بێخزمەتی، بەڵام  گرفتەکە لەوەدایە ئەو دەزگا و کەسایەتی و سیاسییانەی ڕای گشتی هانای بۆ دەبات بە هەمان لۆژیک و هاوار وەڵام بداتەوە لە بری ئەوەی کار بۆ هاواری خەڵک بکات و بە پلانەکانی توڕەیی و هاواری خەڵک کەمکاتەوە، هاوهاوارییان دەبێت و ئەوسا لە کۆتایی ڕێگەکەدا کەس نامێنێتەوە پەنای پێببرێت و هەمووان دەبنە هاوار کەر، ئەمە لە ساڵانی ڕابردووەوە لە کوردستان و عێراقیشدا بووەتە  مۆدێلێکی سیاسەتکردن. پایەی پۆپۆلیزمسازییش هەر ئەمەیە. پۆپۆلیزم بەدوای پرسیاری"خەڵک چیی دەوێت و حەزی لە چییە؟"وەیە، بەڵام هێز و سەرکردەی ڕاستەقینە بەدوای پرسیاری "کۆمەڵگە چی پێویستە و دەسەڵات ئەرکی چییە؟"وەیە، وەڵامی یەکەم چەپڵەڕێزان و پاڵەوان و کاریزمای وەهمی و دڵخۆشی ڕاگوزەر دروست دەکات، سەرکردە و پەرلەمانتاری "درۆزان و جەماوەریی" دروست دەکات، چونکە هەرچی دەکات "بۆ خەڵک و بە دڵی خەڵکی دەکات" نەک  "لەبەر خەڵک و بەرژەوەندییان". بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم حکومەت و هێزی بەرپرسیار و سەرکردەی واقیعی دروست دەکات.  وەڵامی پرسیاری یەکەم (کە پۆپۆلیستەکان بەدوویدا دەگەڕێن) ئامرازەکانی گزی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و وەعز و دروشمگەرایی و بەڵێنی زۆری بێکردار و بەرزکردنەوەی میچی چاوەڕوانیی خەڵکە و خەڵکیش تەمەڵ دەکات و دەیانکاتە زەڕنەقوتەی چاو لە مشتی حکومەت. بەڵام ئامرازەکانی وەڵامی پرسیاری دووەم: میدیای ڕاستەقینە و ئاماری دروست و ڕۆشنبیری بەرپرسیار و چینی ناوەند و بازرگانیی ڕاستەقینەیە، لەوەش زیاتر خەڵك هاوبەشی سیاسەت و بەرپرسیار دەکات لە چارەسەر و تێیان دەگەیەنێت کە گەندەڵی تەنها بە یاسا و پۆلیس ڕێی لێناگیرێت گەر کولتووری بەرپرسیارێتیی خەڵکیش هاوکار نەبێت. بۆیە گرنگە سیاسییەکان لەبەر خەڵک سیاسەت بکەن نەک بۆ خەڵک، بەمانای ئەوەی نوخبەی سیاسیی لە حکومەت و پەرلەمان چارەسەرساز بێت و لەبەر و لەبری خەڵک بیربکاتەوە نەک بۆ بۆ خەڵک و شوێنکەوتنی خەڵک و رازیکردنی ڕووکەشانە، ئەمەی ڕوویدا دوو وانەی عێراقی بوون و کەم و زۆر لە هەرێمی کوردستانیشدا زەمینەی وتنەوەیان و پەندلیوەرگرتنیان هەیە، دەکرێت کراسێکیان لێ دادڕێنرێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسیی، گەرنا بەجێ دەمێنن.


درەو: " ئەو بەنزینەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیەو نەفتاو پترۆكیمیاویە، شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نرخی لیترێك بەنزین نەك بە (475) بەڵكو بە (400) دیناریش بدات بەڵام زەرەرەكەی بدات، تەنیا چارەسەر بۆ دابەزینی نرخی بەنزین پاڵپشتی حكومەتی هەرێمە لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان" ئەمە قسەی بازرگانێكی هاوردەكردنی سوتەمەنیە كە (درەو) بۆچونی وەرگرتووە.   لە ئێستادا نرخی لیترێك بەنزین سەرو (هەزار) دیناری تێپەڕاندووە، مانگرتنی شۆفێرانی گواستنەوە دەستیپێكردووە، حكومەت دەستەوستانەو بازرگانانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهان و نەفرۆشتنی سوتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێننەوە. (درەو) بۆچونی هەمزە محەمەد بازرگانی هاوردەكردنی سوتەمەنی وەرگرتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای(ئاژمودە)یە بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لە سلێمانی ، لێرەدا دەقی بۆچونەكانی دەخەینە روو: لە ئێرانەوە بۆ دوبەی.. لە ئێستادا بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتووەتە(84) دۆلار، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكان بە گشتی گران بن، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە كۆماری ئیسلامی ئێران فرۆشتن و مەزادی بەنزینی راگرتووە، بارەكۆنەكان نەبێت كە پێشتر بە تەندەر كڕدراوە زۆر كەمە نزیكەی (15 هەزار) تەنە، ئەگەرنا ئەوەی ئێستا دێت هەمووی مەوادی پترۆ كیمیاوییەكانە، ئەمانە نرخی بەنزینیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەتەواوی گرانكردووە.  بۆیە بەنزینی حەقیقی لە ئێستادا لە بازاڕەكانی (دوبەی) دەهێندرێت بەڵام نرخەكەی زۆر گران دەكەوێت، لە بازاڕەكانی دووبەی دەكڕدێت دەهێندرێت بۆ بەندەری (مام) لە ئێران لەوێشەوە دێت بۆ سلێمانی موحەسەنەكەی كە ئۆكتانی (92)ە، بە شێوەیەكی شێوەیەكی گشتی لیتری (هەزارو 45) دینار دەكەوێت،   ئەو بەنزینەی لە دوبەی دەهێنرێت تەنی بە (780) دۆلار لەوێ دەكڕین، (35) دۆلار كرێی كەشتیەتی، (15) دۆلاری تر كرێی مەغزەن، دەكاتە (830) دۆلار، واتا تا دەكاتە سلێمانی بە گورمگ و خەرجیەكانی ترەوە تەنی بەنزین (960) دۆلار دەكەوێت، لیتری نزیكەی ( هەزارو 50) دینار دەكەوێت بەم شێوەیە:   960 دۆلار * 148500 دابەش 1350 لیتر =  هەزارو 50 دینار بەڵام ئەو بەنزینەی ئێمە لە زستانی پێشودا تەنی بە (230) دۆلار لە ئێران دەمانكڕی كە لە ئێستادا بە (820) دۆلارە و خۆمان دەماندا بە (355) دۆلار دەمانفرۆشت، ئێستا بە (960) دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئێستا هەر دەستناكەوێت، ئێستا سەرەرای ئەوەی بەنزینەكە نیە لە ئێران سێ قات نرخەكەی بەرزبووەتەوە.   بەنزینی حەقیقی نیە! ئەو بەنزینەی ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیە، بەتەواوی تێكەڵەیەو هیچی ساغ نیە، هەمووی نەفتای تێدەكرێت، ئەوەی ئێستا لە ئێرانەوە دێت تەنیا مادەی پترۆكیمیاویەكان دەیهێنین بۆ نمونە ( ریفۆرمیت، زائیلین،) دەیهێنین و لە گۆڕەپانەكانی سلێمانی  تێكەڵی دەكەین و بەنزینی پێ درووست دەكەین، ئەویش نرخەكانی زۆر  زۆر بەرزبووەتەوە، ئەو مادانە لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێت لەبەر ئەوەی نەفتاكە هەرزانە تەنی بە (630) دۆلارە. ئەو بەنزینەی ئێستا هەیە لە (80%)ی تێكەڵەیە هەرچی دێت لەو گۆڕەپانانە تێكەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بێننە خوارەوە و بە هەرزانتر بیفرۆشن، ئەوەی ئێستا لە بازاردایە لەوە درووست كراوە  ئەو بەنزینە كەمەی كە لە ئێرانەوە دێت تەنی بە (815) دۆلار دەیفرۆشن بەڵام نۆرماڵەو ئۆكتانەكەی (87)ە بەم شێوەیە  815* 148500 دابەش 1355= 893 دینار نۆرماڵەو هیچی تێكەڵ نەكراوە، واتا لیتری (893) دینار دەكەوێت نۆماڵ. بەنزینەكەی شاسوار عەبدولواحید .. شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە رایگەیاندبوو ئەگەر رێگەمان بدەن بەنزین بهێنین ئەتوانین لیتری بدەینە 475 دینار، بەڵێ  دەتوانێت لیتری بە (475) دینار بفرۆشێت، بەڵام دەبێت زیانەكەی خۆی بدات كە نرخەكەی دوو ئەوەندەیە واتا دەبێت لیتری بە نزیكەی ( هەزار) دینار بكڕێت و بە (475) دینار بیفرۆشێتەوە بە (مەدعوم)، وەك حكومەتی عێراقی پاڵپشتی بكات، واتا شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نەك بە (475) دینار بەڵكو لیتری بە (400) دیناریش بیفرۆشێت و زیانەكەی خۆی بدات، ئەوە كارێكی باشە، تەنیا لەو حاڵەتەدا دەتوانێت لیتری بداتە (475) دینارو بە زیان و نیوە قیمەت بیفرۆشێتەوە، ئەگەرنا موستەحیلە بەو نرخە بیكڕێت و بیفرۆشێتەوە.  ساڵانە حكومەتی عێراق (3 ملیار) دۆلار لە بەنزین و بەرهەمە نەوتیەكان زیان دەكات، چونكە پاڵپشتی دەكات (مەدعوم)ە، كە حكومەتی عێراق لیتری بە (450) دینار دەفرۆشێت، لەسەر خۆیان زۆر زیاتر دەكەوێت بەڵام (مەدعومە) پاڵپشتی دەكات حكومەت. چارەسەر.. تاكە چارەسەر ئەوەیە پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان ( كارو قەیوان) كە لە ئێستادا نەوت بۆ حكومەتی عێراقی دەپاڵێون، بۆ خۆمانی بپاڵێون و حكومەتی هەرێم پاڵپشتی بكات (مەدعوم) بێت ئەوكات نرخی بەنزین دادەبەزێت بەڵام زۆر زەحمەتە حكومەتی هەرێم ئەوكارە بكات.  رۆژانە ئەو دوو پاڵاوگەیە توانای بەرهەمهێنانی (4 ملیۆن) لیتر بەنزینیان دەبێت، كە ئەمەش ئەزمەیەكی گەورە چارەسەر دەكات، لە هاویناندا هەرێمی كوردستان پێویستی بە ( 6 بۆ 7ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، بەڵام لە زستاناندا لەو رێژەیە كەمترە.   


(درەو): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهۆكاری (مردن- دەستلەكاركێشانەوە- لەدەستدانی ئەندامێتی)، كورسییە بەتاڵەكە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا پڕدەكرێتەوە، واتە كورسییەكە دەدرێت بەو كاندیدەی كە زۆترین دەنگی هێناوە‌و بەڵام سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان،   بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان لیستدا بوو ئەوا ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لە چوارچێوەی لیست و قەوارەكەدا شوێنی دەگرێتەوە.. ئەگەر ئەو كورسیەی كە بەهەر هۆكارێك بێت بەتاڵ بێت ئەگەر كورسیەكە كورسی ژن بوو ئەوا یەدەگەكەی هەر دەبێت ژن بێت بۆ ئەوەی كۆتای ژنان تێكنەچێت. ئەم شێوازە جیاوازە لە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان، كە حزبەكان بە كاندیدەكانی خۆیان كورسییە بەتاڵەكانی خۆیان لە پەرلەمان پڕدەكردەوە.  یەدەگەكانی پارێزگای دهۆك:  •    فەهمی سەلمان حەسەن كە كاندیدی پارتییە‌و (22 هەزارو 565) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆكە •    عەبدولواحید ئەحمەد رەشید كە كاندیدی پارتییە‌و (23 هەزارو 509) دەنگی بەدستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (2)ی پارێزگای دهۆكە •    خەسرەو عەبدوڵا ئیسماعیل كە كاندیدی پارتییە‌و (16 هەزارو 836) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (3)ی پارێزگای دهۆكە


(درەو): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهۆكاری (مردن- دەستلەكاركێشانەوە- لەدەستدانی ئەندامێتی)، كورسییە بەتاڵەكە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا پڕدەكرێتەوە، واتە كورسییەكە دەدرێت بەو كاندیدەی كە زۆترین دەنگی هێناوە‌و بەڵام سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان،  بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان لیستدا بوو ئەوا ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لە چوارچێوەی لیست و قەوارەكەدا شوێنی دەگرێتەوە.. ئەگەر ئەو كورسیەی كە بەهەر هۆكارێك بێت بەتاڵ بێت ئەگەر كورسیەكە كورسی ژن بوو ئەوا یەدەگەكەی هەر دەبێت ژن بێت بۆ ئەوەی كۆتای ژنان تێكنەچێت.   ئەم شێوازە جیاوازە لە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان، كە حزبەكان بە كاندیدەكانی خۆیان كورسییە بەتاڵەكانی خۆیان لە پەرلەمان پڕدەكردەوە.  یەدەگەكانی پارێزگای هەولێر: •    فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی كە كاندیدی یەكێتیە‌و (27 هەزارو 604) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (1)ی پارێزگای هەولێرە •    عەبدولسەلام محەمەد سوڵتان كە كاندیدی گۆڕانە‌و (2 هەزارو 8 دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (2)ی پارێزگای هەولێرە •    هەرێم كەمال ئاغا كە كاندیدی یەكێتییە‌و (9 هەزارو 69) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (3)ی پارێزگای هەولێرە •    عەبدولستار مەجید كە كاندیدی كۆمەڵی دادگەرییەو (14 هەزارو 809) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (4)ی هەولێرە



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand