Draw Media

بۆچی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات؟

بۆچی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات؟

2025-06-17 21:33:43


راپۆرتی: درەو 

🔹 گەرووی هورمز کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، پاشان زەریای هیندی. 
🔹 (19%)ی پێویستی نەوتی جیهانی و (11.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت.
🔹 گەرووەکە بە ڕێڕەوی سەرەکی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دادەنرێت. ڕۆژانە نزیکەی (20 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بازرگانی لە جیهاندا.
🔹 ڕۆژانە 20 تا 30 كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك هەر 6 خولەك بارهەڵگرێك لە لوتكەی تێپەڕبوندایە. 
🔹 هەر پەککەوتنێک لە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی دەبێت.

هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز
ئەمە یەکەم جار نییە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەکات بۆ نمونە ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی، سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری ڕێبەری ئێران لە شوورای باڵای بەرگری، ساڵی 1983 لە نوێژی هەینی تاراندا لەبارەی داخستنی گەرووی هورمزەوە گوتی: "ئێمە بە کەشتییەکانمان گەرووی هورمز داناخەین. ئێمە دیوارێکی ئاگرین درووستدەکەین بە تۆپەکانی 130 کە خۆتان دەزانن چەنێکمان هەیە. ئێمە کاتێک ڕۆژی دوو جار ئاگر لە گەرووی هورمزدا درووست بکەین، ئەگەر ئێمە تۆپە 175 ملیمەترییەکان کە مەودایان 48 کیلۆمەترە، دانێین و بە گولـلەکانی بۆردومانی ناوڕاستی گەرووەکە بکەین، کێ دەتوانێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت؟ ئێمە دەتوانین گەرووی هورمز بە کڵاشینکۆفیش داخەین...".
گەروی هورمز شادەماری گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بۆیە داخستنی ئەو ڕێگە گرنگە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانداو بەرزبوونەوەی زۆری نرخەكەی.
زۆربەی نەوتی هەناردەكراوی سعودیە و ئێران و ئیماڕات و كوەیت و عێراق لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، هەروەها گەروی هورمز ڕێگەی سەرەكی گواستنەوەی گازی سروشتی قەتەڕە كە گەورەترین هەناردەكەری گازی سروشتی جیهانە.
لە ناوەڕاستی ساڵی (2018)دا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا، کاردانەوەیەی نیشانداو لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشووی وڵاتی سویسرا لە شاری بێرن گوتی "ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەیانەوێت بە تەواوی ڕێگە لە هەناردەی نەوتی ئێران بگرن، ئەوان مانای ئەم دەربڕێنە نازانن، چونکە لە ڕاستیدا بێمانایە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و لە هەمان کاتدا نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت. ئەگەر ئێوە توانیتان، ئەو کارە بکەن بۆئەوەی دەرئەنجامەکەشی ببینن."
ڕۆژی (14/6/2025) دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری جەنەراڵ ئیسماعیل کەوسەری، فەرماندەی سوپای پاسداران  رایگەیاند: وڵاتەكەی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمز دەكات و دواتر باشترین بڕیار كەلە بەرژەوەندی تاران بێت لەبارەیەوە دەدات.
 ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەمو رێگایەك بۆ سزادانی ئیسرائیل دەگرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو ئەگەرێك لەبەردەمیاندا كراوەیە و سزای تەلئەبیبی پێدەدەن، یەكێكیش لە رێگەكان هێرشە سەربازییەكانە بۆسەر ئەم وڵاتە.

پێگەی بازرگانی گەرووی هورمز لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا
گەرووی هورمز لە نێو حەوت دیارترین ڕێڕەوی ئاوی یەکێکە لە ڕێڕەوە بازرگانییە پڕ بایەخەکان، لە قەبارەی بازرگانی نەوتدا لە پێش سەرجەمیانەوەیەو لە ڕووی قەبارەی بازرگانییەوە پلەی سێیەمی نێو ڕێڕەوە گرنگە جیهانیەکانی گرتووە، بەجۆرێک؛
1.    گەرووی هورمز: کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، پاشان زەریای هیندی. پانی گەرووەکە 50 كیلۆمەترە (34 كیلۆمەتری دەكەوێتە تەنگەبەریی) و قوڵیەكەشی تەنها (60) مەترە، پانی چونە ناوەوە و دەرەوەی دوو میلی دەریاییە كە دەكاتە 10 كیلۆمەتر و نیو، (19%)ی پێویستی نەوتی جیهانی و (11.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. ڕۆژانە نزیکەی (20 ملیۆن) بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت، ڕۆژانە 20 تا 30 كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك هەر 6 خولەك بارهەڵگرێك لە لوتكەی تێپەڕبوندایە.
 ئەمەش وایکردووە کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بازرگانی لە جیهاندا. هەر بۆیە گەرووەکە بە ڕێڕەوی سەرەکی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دادەنرێت. 
بۆیە هەر پەککەوتنێک لە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی هەیە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارایانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، کە بەهۆی ململانێکانی ناوچەییەوە تووشی کێشە بووە. ئەمەش گرنگییەکەی زیاتر دەکات.

2.    گەرووی مالاکا: گەرووی مەلاکا زەریای هێمن و زەریای هیندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەم گەرووە ڕێڕەوێکی گرنگی ترانزێتی نەوتە، ڕۆژانە نزیکەی (15 ملیۆن) بەرمیل پێیدا تێدەپەڕێت. بەو مانایایەی (16%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی بازرگانی جیهان کە (23.7%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی پێکدەهێنێت. ئابوورییە گەورەکانی ئاسیا بە تایبەتی چین بۆ تێپەڕاندنی کاڵا جۆراوجۆرەکان پشتی پێدەبەستن. گەرووەکە (805 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و خاڵێکی ترانزێتی ستراتیژی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاسیا پێکدەهێنێت.

3.    کەناڵی سوێس: کەناڵی سوێسی میسری، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش کارئاسانی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دەکات. ئەم کەناڵە (6%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و (12%)ی کۆی قەبارەی بازرگانی دەریایی جیهانی بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت، ساڵانە نزیکەی (20 هەزار) کەشتی بەو شوێنەدا تێدەپەڕن. بەگوێرەی ئامارەکانی دەسەڵاتی کەناڵی سوێس، داهاتی کەناڵەکە بۆ ساڵی دارایی 2023-2024 گەیشتووەتە (7.2 ملیار) دۆلار.

4.    گەرووی باب ئەلمەندەب: گەرووی باب ئەلمەندەب خاڵێکی ستراتیژییە کە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی لە جیهاندا دادەنرێت. گەرووەکە نزیکەی (30 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا. ئەم تێپەڕبوونە بۆ بازرگانی جیهانی گرنگە، نزیکەی 10%ی بازرگانی دەریایی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، لەنێویاندا هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوی عەرەبیەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. (5%)ی پێویستی نەوتی جیهان و ڕۆژانە نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتى پێدا تێدەپەڕێت.

5.    ساڵانە نزیکەی (10 هەزار) کەشتی پێیدا تێدەپەڕن، لەنێویاندا نزیکەی (4 هەزار) کەشتی نەوتهەڵگر. گەرووەکە بە هۆی ململانێکانی یەمەن و سۆماڵەوە بەرەوڕووی ئاستەنگە ئەمنییە بەرچاوەکان دەبێتەوە، ئەمەش مەترسی پچڕانی هاتوچۆی کەشتیوانی زیاتر دەکات.

6.    گەرووی دانیمارک: ئەمانە گەرووگەلێکن کە دەریای باڵتیک بە دەریای باکوورەوە لە ڕێگەی کاتێگات و سکاگێراکەوە دەبەستنەوە. (3%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و (3.9%)ی کۆی بازرگانی دەریایی جیهانی بەواندا تێدەپەڕێت.

7.    گەرووی بوسفۆڕ: گەرووی بۆسفۆر گەروویەکی تەسکە کە دەریای ڕەش و دەریای مەڕمارا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە ئیستانبوڵی تورکیادا تێدەپەڕێت و نزیکەی (30 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و سنوورێکی سروشتی نێوان ئاسیا و ئەوروپا پێکدەهێنێت. ڕێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی وزە لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاستەوە. (2%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، (3.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت. گرنگی ئابووری گەرووەکە لە پێگەی خۆیدایە وەک خاڵێکی ترانزێتی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز لە دەریای خەزەرەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی تێدەپەڕێت. هەروەها ئەم گەرووە ناوەندێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێوان دەریای ڕەش و وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، ساڵانە زیاتر لە (40 هەزار) کەشتی پێیدا تێدەپەڕن، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوی ئاوی جیهان.

8.    کەناڵی پەنەما: کەناڵی پەنەما بچووکترین ڕێڕەوی ئاوییە، کە زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. (1%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت (3%)ی کۆی بازرگانی دەریایی جیهانی بەڕێوەدەبات. کەناڵەکە لە ساڵی 1914 کرایەوە و نزیکەی (82 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە کەشتییەکان دەدات خۆیان لە گەشتە دوور و درێژەکەی بە دەوری ئەمریکای باشووردا بپارێزن. ساڵانە (14 هەزار) کەشتی بەو کەناڵەدا تێدەپەڕن. بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما ساڵانە نزیکەی (4 ملیار دۆلار) داهاتی هەیە.

ساڵی (2023) ئەم حەوت ڕێڕەوی ئاوە (6.5 ملیار) تۆن کەل و پەلیان لێوە پەڕیوەتەوە، کە بەهای زیاتر لە (8 تریلیۆن) دۆلار بووە، کە بریتی بوونە لە خۆارک، جلوبەرگ، پێڵاو، ئەلیکتۆنیات، مۆبیلیات، پۆڵا، نەوت و غازی سروشتی.
ئەم کەناڵانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوەی کات و تێچووی کەشتیوانی، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوتی بازرگانی جیهانی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان هەیە. خشتەوە چارتەکانی خوارەوە قەبارەی نەوت و بازرگانی نێو ئەو ڕێڕەوە بازرگانییانە ڕوندەکاتەوە.

خشتەو چارتەکان

 

سەرچاوەکان؛
-    شاهر الأحمد، هرمز والسويس منها.. أهم 7 ممرات مائية تجارية عالمية، الجزيرة، 30/10/2024؛
https://shorturl.at/zPfYc
-    الجزيرة، مضيق هرمز .. العنق الرئيسي للنفط في العالم، 28/12/2023؛ 
https://shorturl.at/txEMi
-    زمان العربية، إغلاق مضيق هرمز .. ماذا قد يحدث إذا نفذت إيران تهديدها؟، 17/06/2025؛
https://shorturl.at/9crrl
-    گۆریان هەڵەبجەیی، گەرووی هورمز لە ڕوانگەی جوگرافیەوە تا ستراتیژیەتی ئابوری، پەیسەرپرێس، 21/05/2019؛‌
https://shorturl.at/8wvFE

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand