Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: ئامادەکردنی: ڕێباز جوامێر عەبدولكەریم پرۆسەی بوجەی کارپێکردن بریتییە لە پەرەپێدانی پلانەکانی دارایی. پڕۆسەکان بودجەیەکی گشتگیری سەرەکی له خۆ دەگرێت که پێویستی به پلاندانان هەیە لە هەموو قۆناغەکانی ئه و کارەدا. بە گشتی، پرۆسەی تەرخانکردنی بودجە پێویستی بەم هەنگاوانەی خوارەوە هەیە؛ ئامادەکردن و جێبەجێکردن و چاودێری کردن و ڕاپۆرتکردن. بۆیە ئەو هەنگاوانە گرنگن لەئامادەکردنی پڕۆژەکانی بودجەی کارپێکردنی پارێزگاکان و وەزارەتەکان.  زنجیرەی پلاندانانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی حوزەیران و تەمموزی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و هەندێک جاریش لەو ماوەیە تێپەڕ دەبێت کە لە مانگی ئەیلول تەواو دەبێت. بەشی چالاکیەکان لە کاتێکدا کە مێژووی هەموو خەرجییە ڕاستەقینەکانی شەش مانگی ڕابردوویان دەست دەکەوێت، کۆی خەرجییەکان کەڕەت ژمارە دوو دەکات بۆ بەدەستهێنانی بودجە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو. پرۆسەی ئامادەکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو مەرکەزییە، چونکە پرۆسەکە لەم چەند هەنگاوەی خوارەوە لە خۆ پێک دێت:       قۆناغەکانی بودجەی کارپێکردن لە هەرێمی کوردستان   قۆناغی ئامادەکاری وەک هەنگاوی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیران دەست دەکات بە توێژینەوە بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دارایی پێویست. ئەنجومەنی وەزیران بە پشت بەستن بە سیستەمی سیاسی هەرێم، نەخشەی سیاسەتەکە دەکێشێت. وەزارەتەکان داوا لە بەڕیوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی تایبەتمەند دەکەن وە بە شێوەیەکی سەرەکی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری دەکات بودجەی خەمڵێنراو بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بکات. دوای ئەوە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری بودجەی خەمڵێنراو ئامادە دەکات و دەینێرێتەوە بۆ وەزارەتی تایبەت مەند. پاشان وەزارەتەکان بودجەی پێشنیازکراو ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی ئەوان وەربگرن. دواتر ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی و ڕاسپاردە بۆ سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر گفتوگۆ دەکات بۆ ناردنی بودجەی خەمڵێنراویان. هەر کە وەزارەتی دارایی بودجە لە هەموو وەزارەتەکان وەردەگرێت، لە یەک پاکێجدا کۆیان دەکاتەوە. لە مانگی ئەیلول دا، وەزارەتی دارایی پێشنیاری بودجەی ساڵانە ئامادە دەکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەری. قۆناغی جێبەجێکردن و پەسەندکردن لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، سەرۆک وەزیران ڕەشنووسی بودجەی گشتی ڕەوانەی پەرلەمان دەکات. بودجەکە بۆ بودجەی گشتی و یاسا پەیوەندیدارەکان بە لیژنەی چاودێری دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان، دەنێردرێت. لیژنە پەیوەندیدارەکان لەوانە دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجە پێشکەش دەکەن. لەسەر هەر لیژنەیەک پێویستە تێبینی خۆیان سەبارەت بەو بڕگەی کە پەیوەندی بە تایبەتمەندێتی ئەوەوە هەیە لە بودجەی گشتی و حساباتی کۆتایی پێشکەش بکەن. دواتر ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان دابەش دەکەن . پەرلەمان، دەشێت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا تەرخانکردنەکان لابدات یان کەم بکاتەوە ودووبارە تەرخانکردن بۆ بودجەکە بکات. ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکی گشتی بابەتەکان باس دەکات، پێش ئەوەی بچێتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر دەرگاکانی پڕۆژە یاسای بودجە و پەسنکردنی ئەحکامەکانی . دوای گفتوگۆیەکە، ئەندامان دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدەن بۆ پەسەندکردنی. لەم قۆناغەدا، بودجە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی.  دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بودجەی پەسەندکراوی ساڵانەی هەرێم لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بلاودەکرێتەوەو لەم بەروارەوە کاری پێدەکرێت.   قۆناغی پیادەکردن  وەزارەتی دارایی بودجەی پەسەندکراو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینە دەکات. هاوکات، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی لەسەر هەر ئەرکێکی کاری لەناو بودجەی پەسەندکراودا دیاری دەکات. ئەوخەرجیانەی ئەنجام دەدرێن، لە نێو تەرخانکراوەکان و دەسەلاتەکان دا دەدەنرێن. خەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکان بۆ حیسابە سەرەکییەکان، دەنێردرێت . ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی ئاماژەپێدراو، دەسەڵات بە وەزیر و دەستەکان دەدات.    حکومەت داوای کۆکردنەوەی داهات دەکات لە سەرجەم وەزارەتەکان، هەر یەکەیان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا. داهاتەکە بە کرێ دانیش لە خۆ دەگرێت، کە ئەمە پشت دەبەستێت بە ڕادەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە هاوڵاتی بە کرێی خەمڵێنراو لە حکومەت وەریدەگرێت. بە هەمان شێوە، باجیش هەیە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە کۆدەکرێتەوە. حساباتی کۆتایی پابەندبوونی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یەکەکانی ژمێریاری و یاساکانی دارایی، هەڵدەسەنگێنێت ، لەوانە یاسای بودجە. واتە خەرجی ئەنجامدراوی حساباتی کۆتایی و داهاتی کۆکراوە، لەو ماوەیەدا کە بودجەکەی تێدا جێبەجێ کراوە.  لە یاسای بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣ دا، دەسەڵاتەکان بەم شێوەی خوارەوە بووە: وەزارەتی پلاندانان بڕی پێویستی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەناو بودجەی وەبەرهێناندا گواستووەتەوە . وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان،بڕی پێویستی گواستنەوە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەنێوان وەزارەتەکان و لە سنووری تاکە پارێزگارێک و لە ناو بودجەدا پشتڕاستکراو دا، ئەنجامدەدات. ئەوان رێگەیان بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان داوە بە ئەنجامدانی گواستنەوە لە نێوان سەرچاوەکانی خۆیان. دواتر، وەزارەتی پلاندانان گواستنەوەی لەنێوان بوجەکان دا  ئەنجام دەدات، جگە لە ناونیشانێک کە جیاکرایەوە کە ڕەنگە مووچە بگوازێتەوە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی گواستنەوەی لەنێوان بەشەکانی تەرخانکراوەکانی بودجەدا ئەنجامدا. هەروەک ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نابێت هیچ گواستنەوەیەک لەنێوان پارێزگاکاندا لەناو تەرخانکردنەکاندا بکرێت. لەگەڵ ئەوەش، ڕێگە بە ئەنجامدانی گواستنەوەی تەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی وەبەرهێنان (بودجەی وەبەرهێنان) بۆ خەرجیی کارپێکردن، نادرێت.   قۆناغی چاودێریکردن (ڕاپۆرتکردن) قۆناغی کۆتایی پرۆسەی بودجە، بریتیە لە قۆناغی وردبینی و ڕاپۆرتکردن. لەم قۆناغەدا، خەرجکردنی پارەی گشتی، وردبینی دەکرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی بەرپرسان و ڕای گشتی. ئەم قۆناغە جەخت لەسەر دوو بوار دەکاتەوە وەک؛ یەکەم، ئەو پارانە بە گوێرەی نیازی یاسایی بەکارهێنراون و هیچ پارەیەک بە نایاسایی و بۆ دەستکەوتی کەسی خەرج نەکراوە. دووەم، دامو دەزگا حکومیەکان بە کاراترین و کاریگەرترین شێوە و بە گوێرەی سنووری یاسایی و دامەزراوەیی بەرنامە و چالاکیەکان ئەنجام دەدەن. هەروەها، لەم قۆناغەدا، ئەم ئامانجانەی خوارەوە  بەدی دەهێنرێن: •    دڵنیابوون لە داهاتەکان بەپێی رێساکان و خەرجییەکان بەپێی ئەحکامەکانی بودجەی ساڵانە و دارایی بەپێی رێسا داراییەکان.  •    دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو پارە و بازرگانییە جێگیرەکانی حکومەت لە مەبەستەکانیان بەکار هاتوون. •    کارکردن لەسەر ئەوەی کە خەرجییە گشتییەکان بە عەقڵانی و مەنتقی خەرج بکرێن. •    دڵنیابوونەوە لەوەی کە دامو دەزگاکانی حکومەت ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن.  •    دەستنیشانکردنی هەر هەڵەیەک و ناڕێکیەک، کە لە دامو دەزگاکانی حکومەت دا، روودەدات.  •    پێداچونەوە و پەیڕەوی کردن لە ڕێسا و ڕێنماییە داراییەکان. •    جەخت کردنەوە لەوەی کە هۆیەکان و ڕێوشوێنەکانی دارایی گونجاون بۆ بەدەستهێنانی گەورەترین ئەنجامی پێشبینیکراو بە کەمترین تێچوون. •    زیادکردنی تواناو کاریگەری دامو دەزگاکانی حکومەت. •    جەختکردنەوە لەوەی کە تۆمار و بەیان و راپۆرتە داراییەکان، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، بەو شێوەی کە لەلایەن ڕێسا و رێنماییەکانی بەرکار دەستنیشانکراوە،  پارێزراوو ئامادە کراوە. دوو جۆری چاودێریکردن هەیە، ئەمەش دەوەستێتە سەر ئەو لایەنەی چاودێریکردنەکەی ئەنجامداوە؛ کە بریتیە لە چاودێری ناوخۆیی و چاودێری دەرەکی.    چاودێری ناوخۆیی ( وربینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) ئەمە ئامادەکاری خەمڵاندنی کارایی سیستەم و کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەخۆ دەگرێت. پرۆسەی وردبین کردن پێرەوی لە مەسەلە گرنگەکانی چاودێری ناوخۆیی دەکات و چالاکیەکانی سیستەمی چاودێریکردن و زانیاری باشتر دەکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەپرۆسەی بڕیارداندا. چاودێری ناوخۆ پێداچوونەوە دەکات بە پرۆسەی چۆنیەتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی بەردەست و پێشنیاری شێوازی کاریگەر بۆ دابینکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە دەکات. هەروەها ئەوان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ دەزگاکانی وردبینی دەرەکی. هەروەها بەشداری دەکەن لە پێدانی زانیاری بە شێوەیەکی بەردەوام، لەسەر باری جێبەجێکردنی پلانی وردبینی ساڵانە.          چاودێری دەرەکی: چاودێری دەرەکی تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە گرنگ و ئەرکە گرنگانە کە پەیوەندی بە خەرجکردنی بودجەوە هەیە و چاودێری خەرجییە گشتیەکانی حکومەت دەکات. لەهەرێمی کوردستان سێ لایەن هەن کە دەستیان هەیە لە کۆنترۆڵ کردن و چاودێریکردن، ئەوانیش بریتین لە:  1- چاودێری پەرلەمانی 2-دیوانی چاودێری دارایی (وردبینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) 3- دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی   بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2013) بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013 دا، ئەوە بوو؛ •    بودجەی گشتی عێراق (138,424,608,000,000) دیناری عێراقی بووە.  •    بودجەی سیادی لە بودجەی گشتیدا (40,381,584,000,000) ی دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی (10,101,945,000,000) دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان (7,256,000,000,000) دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پترۆ دۆلار (1,317,805,000,000) دیناری عێراقی بووە •    ئەو بودجەیەی ماوەتەوە (79,367,274,000,000) دیناری عێراقی بووە. لە کاتێک دا کۆی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کورستان بەم شێوەی خوارەوەیە: بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی (17%) بەم شێوەی خوارەوە بووە: (79 , 367 , 274 , 000 , 000 * 17 % )  =  (13,492,436,000,000) دیناری عێراقی. پشکی هەرێم لە بودجەی پارێزگاکان و پترۆ دۆلار (914,298,000,000) دیناری عێراقی بووە.  کەواتە ڕێژەی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2013 بەم شێوەیە بووە: 13,492,436,000,000دیناری عێراقی + 914,298,000,000 = 14,406,734,000,000 دیناری عێراقی.  خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا کورتهێنانی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا:  کورتهێنانئی بودجە، بریتیە لە جیاوازی نێوان ئەوەی حکومەت لەداهات دەستی دەکەوێت و ئەوەی خەرجی دەکات.     


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   ھەموو کۆچ و سەرھەڵگرتنێک شێوازێکە لە ڕاکردن لە کۆمەڵگا خۆیشی، خۆڕزگارکردنە لەو سیستمە فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و دینیی و ڕەمزییانەی لەو کۆمەڵگایەدا ھەن و سەپێنراون. واتە  لە پشتی دیاردەی کۆچکردن و سەرھەڵگرتنەوە تەنھا ھۆکاری سیاسیی و ئابووریی ئامادەنین. تەنھا ھەستکردنیش بە دۆڕاندنی ئەگەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و نەبوونی دڵنیایی پاڵنەرنین.  لە پشتی کۆچکردنەوە جۆرێک لە وەڕسبوونیی ھەمەلایەنیش ئامادەیە، کە لە گشتێتی ئەو کۆمەڵگایە و لە فەرھەنگ و دین و ئەخلاقیاتی باڵادەستەوە، سەرچاوەدەگرێت. بڕێک لە کۆچبەرانی دونیای ئێمە لە ھەموو ئەو شتانە بەسەریەکەوە ڕادەکەن. با لێرەدا نموونەیەک لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسی بھێنمەوە کە وادەکات، بەشێک لە گەنجان، پشتبکەنە ئەو کۆمەڵگایە و بەرەو شوێنێکی تری جیھان بڕۆن کە پێیانوایە ژیانی سێکسی لەناویدا بە شێوازێکی کراوەتر ڕێکخراوە. بەر لە ھەمووشتێک دروستکردنی ژیانێکی سێکسی گونجاو لەمڕۆکەی ھەرێم و بەشێک لە ناوچەکەدا، بۆ ژمارەیەکی گەورە لە گەنجان زۆر زەحمەت و ناکردە بووە. بێکاریی و بێدەرامەتیی و بێشوێنی دۆخێکیان دروستکردوە زۆرینەی گەنجانی ئەو وڵاتە توانای دروستکردنی ژیانی ھاوسەرگیریان نەبێت و تەمەنی ھاوسەرگیریکردن لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا لە ١٥ ساڵی و ٢٠ ساڵییەوە بەرزببێتەوە بۆ سەرو ٣٠ ساڵی. ژمارەیەکی زۆریش ھەر نەتوانن ھاوسەرگیریی بکەن و ژیانێکی پێکەوەیی دروستبکەن. لە کوردستاندا دەیان ھزار گەنج ھەن، کچ و کوڕ، کە تەمەنیان لەسەرو سییەکانەوەیە و توانا و ئەگەری دروستکردنی ھاوسەرگیریان لەبەردەمدا نییە. تەمەنی ھاوسەرگیریی و ھەبوونی ژیانێکی سێکسی ڕێکخراویش، لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، دواکەوتوە بۆ نزیکی سی ساڵ. ھەموو ئەمانە بڕێکی زۆر لە بێزاریی و ھەستکردن بە تەنھایی و دروستبوونی وێنەی نێگەتیڤی لەسەر خود خۆی دروستکردوە، (ھەستکردن بەوەی کەس تۆی ناوێت) تا بە ئاستی ڕقبوونەوە لە خود و لە ئەوانیتر، دەگات. ئەم دۆخەش لە کاتێکدا دروستبووە کە بەشێکی گەورەی فەزای گشتیی و ژیان ناو فەرھەنگیی بەرخۆریی لە وڵاتەکەدا، لەسەر بە سێکسیکردنێکی ھەمەلایەی مۆدێلە خواستراوەکانی ژیان، کاردەکات. لە پەیوەندیدا بە ژیانی سێکسییەوە وڵاتەکە گۆڕانیی گەورە و چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە دیوە.  بۆ نموونە، تا ساڵانی ھەفتای سەدەی بیستەم، ئەوەی لەسەر سێکس لە دونیای ئێمەدا بوونی ھەبوو، تەنھا گوتارەکانی ناو گۆرانی و حیکایەتە فولکۆلریەکان و ئیرۆتیکای ناو شیعری غەزەل و ھەندێک ڕووکاری شەرمنانەی ناو ئەدەبیاتی ھاوچەرخی ئێمە، بووە.  لە پاڵ کۆمەڵێک تێکست لە مێژووی ئیسلامدا کە تیایاندا قسەکردن لەسەر سێکس بابەتی سەرەکیی بوو. ئینجا کۆمەڵێک نوکتە و دەستەواژەی سێکسیی ناو زمان لە بەکارھێنانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. سێکس لەم قۆناغەدا گرێدراوە بە ووشە و دەنگەوە و ئەم گرێدانەش ئەو ژێرخانە گوتارییەبوون کە  خەیاڵ و نمایشکردن و  باسکردنی ڕۆژانەی سێکسی، ئاراستەدەکرد. بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی وێنەدا، دۆخە دەگۆڕێت. لەگەڵ ھاتنی تەلەفیزیۆن و ھاتنی گۆڤارە پڕ وێنەکانی ئافرەتان و گۆڤارە ڕووتەکانی وەک پلەی بۆی دا ژینگەکە دەگۆڕێت. وێناکردنی سێکس لە ڕێگای زمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ بینینی لەڕێگای وێنەوە، لە وێنەشەوە بۆ ناو فیلم و بەرجەستەبوونی لەسەر شاشە. لەگەڵ دروستبوونی سینەما و بەتایبەتیتر لەگەڵ ھاتنی فیلمی ڕووت و ئیرۆتیکیشدا، دۆخێکی تەواو تازەتر لە پەیوەندیدا بە ژیانی سێکسییەوە، دروستدەبێت. ئەوەی لەگەل تەلەفییزیۆن و سینەما و گۆڤارە ڕووتەکاندا دێتەکائەوە، ساتەوەختێکی تەواو تازە و سەرەتایەکی تەواو نوێ و جیاوازە لە پەیوەندیی مرۆڤەوە بە ژیانی سێکسییەوە. سێکس دەبێت کردەیەکی ئاشکرا و توانای بینین و سەیرکردنی دێتەکایەوە. زۆرینەی ئەوانەی لە ساڵانی چل و  پەنجا و شەستدا لەدایکدەبن، لە ھەفتاکان و ھەشتاکاندا. دەکەونە ناو ئەم دونیا تازەیەوە کە تیایدا سێکس، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی سەدەکە.. بە شێوەیەکی جیاواز لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسیدا ئامادەیە. بەڵام لە سەرەتای ساڵانی دوو ھەزارەوە دۆخێکی تەواو تازەتر دێتەکایەوە جیاواز لەوەی لە ساڵانی ھەفتا و ھەشتادا لە ئارادابوو. فۆرمە تازە و جیاوازەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی و خودی کۆچکردن خۆیشی ڕۆڵێکی گرنگ لە ھاتنەکایەی ئەم دۆخە تازەیەدا، دەبینن. تەلەڤیزیۆنی ساتالایت، ھێڵەکانی ئینتەرنێت، پیشەسازی فیلمی ڕووت بە ڕادەیەکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە و دەیخەنە بەردەستی زۆرینەیەکی گەورەی ناو کۆمەڵگا. بەشێکی گرنگیی ئابوریی بەرخۆرییش دەبێتە ئابورییەکی ئیرۆتیکیی، گرنگیدان بە لەش و نمایشکردنی وەک جەستەیەکی سێکسی لەناو ڕووبەری گشتیدا، دەبن بە بەشێکی تازەی ناو ژیانی تاکەکەسیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا. بەرنامەکانی ناو تەلەفیزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت و بەشێکی بەرچاوی سۆشیال میدیا پڕدەبن لە ئاماژە و وێنە و زمانی سێکسیی. ئەم گۆڕانانە وادەکەن ئابورییەکی نوێی چێژ بێتەکایەوە و فۆرمێکی تایبەت لە نارسیزمی بەرخۆرانە دروستببێت، کە تیایدا حەز و ویست و خواستی تاکەکەسیی دەبێتە یەکەی سەرەکیی ناو ئەو ژینگە نارسیستییە. ئەوەی لەم دۆخەدا نارسیزم دروستدەکات گەشەکردنێکی ھێواش و لەسەرخۆی ”کولتوری من“ نییە لە وڵاتەکەدا، بەڵکو ھاتنەکایەیەکی لەپڕ و بەرفراوانی ئابوریی لەزەت و چێژە لە ئاستە جەماوەریەکەیدا.  خاڵێک گرنگە لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێبکەم ئەوەیە لە ساڵانی ھەفتاوە پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆ و بەرچاو لەنێوان سێکس و دەسەڵاتدا دروستدەبێت، مرۆڤ بۆئەوەی سێکسی ھەبێت، بە تایبەتی لە ژینگەیەکدا کە گوتاری دینیی وردە وردە دەبێتە ژێرخانی گوتارە ئەخلاقییەکان و نەبوونیی و ھەژاریی تازەش لەناویدا دروسدەبێت، دەڵێم لە ژینگەیەکی لەو بابەتەدا بۆئەوەی دەستت بە سێکس بگات پێویستە لانیکەم خاوەنی بڕێک دەسەڵات بیت. ئاخر یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئیشکردنی دەسەڵات مۆنۆپۆڵکردنی تواناکانی پیادەکردنی ئازادانەی ژیانی سێکسیی خۆیەتی. ئەم ژینگە تازەیە لە ڕووە دینییەکەیەوە ژینگەیەکی سەلەفیی و ژینگەی باڵادەستی گوتاری ئەخلاقیی ئیسلامی سیاسییە. ھەم گوتارە سەلەییەکە و ھەم گوتارە ئەخلاقییەکەی ئیسلامی سیاسیی لەسەر داپۆشین لەشی ژن و لەسەر لێکدابڕانی نێر و مێ و دروستکردنی سنوور لەنێوانیاندا کاردەکات. ئەم گوتارە دینییە تەواو پێچەوانە و دژ بەو ژینگە سێکسییە نوێیە کاردەکات کە لەگەڵ گەشەی تەکنۆلۆژیای پەیوەندیکردن و لەگەڵ فۆرمی تازەی خانوبەرە و ھەندەسەی نوێی شارەکانەوە، ھاتۆتەکایەوە.  کە دیسانەوە دەستگەیشتن بەمانەش گرێدراون بە توانای ئابوریی و بە ھەبوونی بڕێکی تایبەت لە فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا.  سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسیی و ئەو فۆرمانەی دینداریی کە لەوانەوە ھاتوون و بەناو کۆمەڵگادا بڵاوکراونەتەوە، وەک میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە نوێیەی ئامادەگی سێکس لەناو ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیدا کاردەکات. ئەم دیندارییە تازەیە لە ئاستی گوتاردا، لەسەر لە نکوڵیکردن لە دروستبوونی ئەم جیھانە نوێ و پڕ لە وێنە و نمایشی سێکسییە، کاردەکات.  لە ئاستی چارەسەریشدا پێشنیاری فرەژنی دەکات، لەکاتێکدا زۆرینەی ھەرەزۆری گەنجانی وڵاتەکە توانای ھەبوونی یەک ھاوسەریان نییە، چ جای زیاد لە ھاوسەرێک.  ھاوشان بەمانە دروستبوونی نوخبەیەکی دەوڵەمەند لە ھەرێمدا کە ھەم لەناو ھەرێم خۆیدا ڕووبەرێکی گەورە و تایبەتیان بۆ چێژی سێکسی خۆیان دەستەبەرکردوە، ئیتر لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی گرانبەھاوە بیگرە، بۆ ھەبوونی باخ و باخات لە دەرەوەی شارەکاندا، ھتد... ھەم لەڕێگای سەفەرکردنەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە و کڕینی سێکس، بۆ نموونە، لە شارە گەورەکانی وەک بەیروت و ئەستەنبوڵ و شوێنانی دیکەدا.  ئەم ژینگە تازەیە، ژینگەیەکی پڕ لە دڵشکان و بێبەشیی، ژینگەی فۆرمی تازەی ژیانی سێکسیی و شێوازی تازەی دینداریی و  تەکنیکی نوێی کۆنترۆڵکردنن، بڕێکیتر لەو ھۆکارانەن پاڵ بە بەشێک لە گەنجانەوە دەنێن بۆ کۆچ و سەرھەلگرتن.


درەو: یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت كورسیەكانی بۆ نزیكەی (20) كورسی زیاد بكات، بۆیە چاوی لە كورسیەكی یەكگرتووە لە پارێزگای سلێمانی و دەیەوێت لەبەرامبەر پێدانی پۆستی دیكە یەكگرتووی لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی یەكێتی كاندیدە دەرچووەكەی بكشێنێتەوە، یەكگرتوو تا ئێستا رازی نەبووە. بە پێی ئەو زانیاریانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەست (درەو) كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردووە بۆ كشانەوەی كاندیدەكەی لە بازنەی یەكی سلێمانی ( دارا سێكانیانی) لەبەرژەوەندی كاندێكی دەرنەچووی یەكێتی ( د. دانا ئەحمەد). یەكێتی لە بازنەی یەكی سلێمانی سێ كاندیدی هەبوو ( د. نەرمین مەعروف، د. دانا ئەحمەد، شاسوار ئەمین) لەو بازنەیە تەنیا ( د. نەرمین مەعروف دەرچوو، بەڵام د. دانا ئەحمەد ( 6 هەزارو 669) دەنگی بەدەستهێناو دەرنەچوو. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو بازنەیە (دارا سێكانیانی) كاندید بوو بە ( 8 هەزارو 157) دەنگ سەركەوت. هەنگاوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی تانەو كۆمسیۆنەوە نیە، بەڵكو بە رێككەوتن لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبەرامبەر پۆستی دیكە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تا ئێستا بە هیچ یەك لەو پێشنیازانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رازی نەبووە.  بەهۆی تۆماركردنی سكاڵاوە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كوردستان دوو كورسی تری لە هەولێر و موسڵ بردەوەو ژمارەی كورسیەكانی لە (16) كورسیەوە گەییشتە (18) كورسی. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا كورسیەكانی لە (2) كورسیەوە بۆ (4) كورسی زیادكرد، (2 ) كورسی لە سلێمانی و (2) كورسی لە دهۆك.  


درەو: هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریانداوە گۆڕانكاری گەورە لە بەرپرسانی حزبی و حكومیدا بكەن لە بەرپرسی كۆمیتەوە تا لێپرسراوی مەڵبەندەكان و لە سەرۆكی زانكۆكانەوە تا بەڕێوەبەرە گشتیەكان. ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبووە، لە كۆبونەوەكەدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەشداربوو. بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە تەواوی پۆستە حزبیەكانی یەكێتی بكرێت لە بەرپرسی كۆمیتەكانەوە تا ئەندام مەڵبەند و بەرپرسی مەڵبەندەكان،. لە بواری حكومیشدا بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە زۆربەی پۆستە حكومیەكاندا بكرێت بەتایبەت ئەو پۆستانەی ماوەكانیان بەسەرچووە لە سەرۆكی زانكۆكان و بەرێوەبەرە گشتیەكان و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە ئەو پۆستانەشی ماوەكانیان بەسەرچووە . مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە كە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی تەواوی بڕیارەكان بدەن چونكە لە كۆبونەوەی دەڤەرەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە بڕیار لەسەر گۆڕانكارییەكان بدات.  بۆ ئەو مەبەستەش مەكتەبی سیاسی یەكێتی لیژنەیەكی تایبەتی حزبی و حكومی پێك دەهێنێت بۆ گۆڕانكارییەكان . سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی مەكتەبی سیاسی بڕیاریداوە لەوە زیاتر بارودۆخەكە تەسعید نەكرێت بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی شێوازی كوشتنی موراد كانی كوردەییان پێ باش نەبووەو پێیان وابووە رێگەی تر هەبووە بۆ لێپرسینەوەو ئیجرائاتكردن لەگەڵیدا. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاردراوە كە وەفدێك بنێرنە لای لاهور شێخ جەنگی كە چیتر بەناوی یەكێتیەوە قسە نەكات و بەشداری مەراسیمەكانی یەكێتی نەكات، ئازادیشە لەوەی حزب درووست دەكات یان هەر بڕیارێك دەدات لە دەرەوەی یەكێتی ئازادە ...


 (درەو):  ژنێكی تەمەن (24 ساڵ)ەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو بە هەواڵی تۆڕی (BBC)ی بەریتانی وەكو یەكەمین قوربانی یەختە نقومبووەكەی كەناڵی ئینگلیزی، كە ناسنامەكەی زانرابێت.  ئەم ژنە كوردە ناوی (مریەم نوری محەمەد ئەمین)ە‌و نازناوەكەی (باران) بووە، یەكێك بووە لەو (27) پەنابەرەی كە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، لەرێگەی گەیشتن بە بە بەریتانیادا گیانی لەدەستدا.  دەزگیرانەكەی باران كە لە بەریتانیا دەژی، بە تۆڕی (BBC)ی وتووە، كاتێك یەختە بچوكەكەیان كە ئەو و پەنابەرانی تری هەڵگرتووە، توشی كێشە بووە، مریەم نامەیەكی بۆ ناردووە‌و دڵنیای كردوەتەوە لەوەی كە ئەوان رزگار دەكرێن.  بەڵام فریاگوزاری زۆر درەنگ گەیشت‌و مریەم‌و 17 پیاو و 6 ژنی تر كە یەكێكیان دووگیان بوو هەروەها سێ منداڵ بەهۆی نقومبوونی یەختەكەیانەوە لە كەناراوەكانی باكوری فەرەنسا گیانیان لەدەستدا.  تەنیا دوو كەس رزگاریان بوو كە یەكێكیان عێراقی‌و ئەوی تر سۆماڵییە.  دەزگیرانەكەی مریەم دەڵێ" مریەم لەگەڵ ژنێكی تری خێزانەكەی لەناو یەختەكەدا بوون". دەزگیرانەكەی مریەم دەڵێ، ئەو پێشتر ئاگاداری هەوڵی پەڕینەوەی مریەم نەبووە لە كەناڵی ئینگلیزی‌و بڕیار بووە گەیشتنی مریەم بۆ ناو خاكی بەریتانیا بكرێت بە سوپرایز بۆی.  بەر لە نقومبونی یەختەكەیان، مریەم‌و دەزگیرانەكەی لەرێگەی سناپ چاتەوە قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە‌و مریەم پێی وتووە" هەوڵی دەركردنی ئاو لەناو یەختەكەیان دەدەن".  بەپێی قسەی دەزگیرانەكەی، لە دواین نامەدا كە بۆی ناردووە، مریەم دڵنیایی پێداوە كە دەسەڵاتداران هەوڵی رزگاركردنیان دەدەن.  ئەو دوو كەسەی كە لە یەختەكەدا رزكاریان بووە، لە نەخۆشخانە دەرچوون‌و بڕیارە لەبارەی یەختە نقومبووەكە‌و ژمارەی سەرنشینەكانی پرسیاریان لێبكرێت.  مامی مریەم قسەی بۆ (BBC) كردووە‌و دڵنیایی پێداون كە مریەم یەكێك لەو كەسانە بووە كە لە یەختەكەدا خنكاوە‌و وتویەتی" خێزانی مریەم لەرێگەی دوو كەسەوە كە هاوەڵی بوون، بارودۆخەكەیان زانیوە‌و چاوەڕێی گەڕانەوەی تەرمی مریەمن بۆ عێراق".  شەوی هەینی خێزان‌و هاوڕێكانی مریەم لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) كۆبونەتەوە بۆ پرسەگێڕان.  ئیمان حەسەن كە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی مریەمە دەڵێ" مریەم كەسێكی زۆر خاكی بوو، دڵێكی زۆر گەورەی هەبوو، كاتێك كوردستانی بەجێهێشت زۆر دڵخۆش بوو، بڕوای نەدەكرد كە دەزگیرانەكەی ببینێت".  "لە ئاهەنگی مارەكردنیدا پێی وتم خانویەك دەكڕم‌و لەنزیك تۆ ئەژیم، پێكەوە ئەژین". ئیمان وتویەتی دەمەوێت پەیامێك بە جیهان بگەیەنم "هیچ كەسێك شایستەی ئەوە نییە بەمشێوەیە بمرێت.. مریەم هەوڵیدا ژیانێكی باشتری هەبێت، بەریتانیای هەڵبژارد، بەڵام گیانی لەدەستدا".  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) هەرێمی کوردستان بووە بە گەڕەکێک بۆ شۆڕشگێڕە کۆنەکان. لەم گەڕەکەدا چەندین خێزانی سیاسیی دەژین کە لە فۆرمی حیزبدا خۆیان رێکخستووە. منداڵانی ئەم گەڕەکە بە ویراسەت سەرۆکایەتییان بۆ دەمێنێتەوە و بە قەسامی شەرعیش تەوریسی موڵک و ماڵی گەل دەکەن. خێزانەکانی ناو ئەم گەڕەکە سیاسییە ساڵانێکی زۆریان بە شەڕ و ئاژاوە تێپەڕاند، دوایی ئاشتبوونەوە و پشوویەکیان دا. پاشان دووبارە پێکدادان کەوتە نێوانیانەوە و پاش کوشتارێکی زۆر جارێکی تر ئاگربەستیان کردەوە. لەدوا پەیمانیاندا رێککەوتن وڵات پێکەوەبەڕێوەببەن، چونکە گەر وانەکەن ڕق و کینە و نائارامیی نێوانیان زۆرتر و گەورەتر دەبێت. بۆیە لەم کابینە نوێیەدا سازان و بڕیاریاندا هەموو شتەکان بەشێوەیەکی هەرەمیی لەنێوان براگەورە و برای ناوەندی و برای بچوکدا دابەشبکەن. ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، یەکەم ئەزموونی پێکەوەکارکردنی هەرسێ نەوە نوێکەی ناو خێزانە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمە. ئەزموونی ئەم نەوە سیاسییە گەنجانە، نە ئەزموونی حکومەتێکی رەشیدە و نە ئەزموونی پێکەوەکارکردنە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گشت ئەو قەیرانە کەڵەکەبووانەی ساڵانێکە دەسەڵاتدارێتی کوردیی تێوەی گلاوە. ئەم ئەزموونی حوکمڕانێتییەی خێزانە شۆڕشگێڕەکان، ئەزموونێکی نوێیە لە تەمەنە کۆمەڵایەتییەکەی و کۆنە لە ستراتیژی ئیدارەدانی شکستدا. ئەم ئەزموونە تەنها ئەزموونێکی خراپی ئیدارە یان مەنێجمێنت نییە، بەڵکو درێژەدانێکی مەترسییدارە بە مۆدێلی دژەپرنسیپی دیموکراسیی و خنکاندنی ئازادییەکان و قووڵکردنەوەی زیاتری نادادیی کۆمەڵایەتیی و جیاوازیی چینایەتیی.  لەم ئەزموونەدا نە حیزبەکان وەک ئۆرگان ڕۆڵێکی سیاسیی ئەوتۆیان ماوە و نە پەرلەمانیش لەڕوی یاساییەوە وەزیفەی چاودێریکردنی ماوە. پەرلەمان نەک تەنها وەزیفەی چاودێریکردنی نەماوە، بەڵکو داماڵراوە لە هەموو هەیبەت و هێزێک کە پاساوی بەها و مانەوەی بکات. یەکمینجارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا دەزگای پەرلەمان ببێت بە خزمەتکاری ڕەهای منداڵانی خێزانە سیاسییەکان و درێژە بەو بێشەرمییە سیاسییەش بدات کە وڵات بەبێ لێپرسینەوە لە ئەدای تیمی حکومەت و خوێندنەوە بۆ بودجە بەڕێوەببرێت. کوردستان بووە بە دوکانێک کە قاسەکەی لای منداڵانی سەرۆکەکانە، ئەوان بڕیار لەسەر ئەوەدەدەن کێ بەشی هەبێت و کێش بێبەشبکرێت. بەبۆچوونی من ئەم ئەزموونە نوێیەی دەسەڵاتدارێتیی منداڵانی سەرۆکە کاریزمییەکان لە ھەموو بوارەکاندا شکستی گەورەی ھێناوە، واتە لە کایەی سیاسییەوە بۆ کایەی ئابووریی، سەربازیی و ئیداریی و پەروەردەیی و تەندروستییەوە تا دەگاتە کایەی ژینگە، فەشەلی هێناوە. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی نەیتوانی وڵاتێک دروستبکات کە کەرامەتی ئینسانەکانی تێدا پارێزراوبێت و ھاونیشیمانییەکانی خۆیان بە خاوەنی بزانن و خۆشیان بوێت و سەری خۆیان هەڵنەگرن و بڕیاری کۆچکردن نەدەن. شکستی ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لە جەوهەردا شکستی ستراتیژی بەکۆمپانیاکردنی حیزب و بەشەخسییکردنی خزمەتگوزارییەکان و بێمافکردن و بێڕێزییکردنێکی بێوێنەیە بەرامبەر بە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی وڵاتەکە. تاکە وەزیفەیەک حیزبەکان، بەتایبەتی حیزبە حوکمڕانەکان، ھەیانبێت بریتییە لە وەزیفەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەلدرێژکردن بۆناو هەموو کایە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان و بەرھەمھێنانی کینەی سیاسیی و ڕقی شەخسیی و جیاوازیی ناوچەیی. یەکێتی و پارتی وەک حیزب چیتر دوو پارتی سیاسیی نین، بەڵکو دوو دەزگای ئەمنیی سەرووی یاسا و دوو مەکینەی گەورەی کەڵەکەکردنی سەرمایە و دوو دەزگای سەربازیی کۆنترۆڵکردنن، کە بە چەندەھا میکانیزمی جیاواز بەرگریی لە خێزانە سیاسییەکان و خزم و منداڵ و منداڵی منداڵەکانی خۆیان دەکەن.  ئەم نەوە نوێیانەی ناو پارتیی و یەکێتیی وێنای ھەموو کەسێکی ناڕازیی لەدۆخی سیاسیی و ئابووریی وەک گەنەیەکی کۆمەڵایەتیی دەکەن کە بەسەر جەستەی سیاسیی ئەوانەوەیە. بۆ ئەم هێزانە یەک مۆدێل لە ئینسان بوونی هەیە، ئەویش مرۆڤی ملکەچ و بێئیرادەیە. وێناشیان لەسەر کۆمەڵگا وەک وێنای ئەو دیکاتۆرانە وایە کە هەر کەسێک قبوڵی کولتووری ملکەچێتیی سیاسیی و پەراوێزکەوتنی کۆمەڵایەتیی و نادادی لەدابەشکردنی سامانی نیشتیمانەکەی ناکات، وەکو مەترسییەکی کوشندە وێنادەکرێت. بە بۆچونی من حکومەتی هەرێم شاگەشکەیە بەوەی هەموو خەڵکە ناڕازییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان وڵاتی خۆیان بەجێبێڵن و بەرەو ھەندەران ملی خۆیان بشکێنن.  کۆچ بۆ خەڵکی ئێمە بەتەنها کۆتاییهێنانی پەیوەندی جوگرافیی نییە بە رابردووە و نەفیکردنی هەنووکەش نیە لە ئێستادا، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی پەیوەندییەکی نوێ بە داهاتووەوە. پەیوەندی ئینسانی ئێمە بە داهاتوو لە هەموو ڕوویەکەوە نادیار و پڕگومانە، چونکە نە خاوەنی ڕابردوویەکی شۆڕشگێڕییە کە بەشیان لە ژیانێکی پارێزراودا هەبێت و نە سەر بە خێزانە سیاسییەکەن تاوەکو بەشیان لە سامانی وڵاتدا هەبێت. نەمریی ڕابردوو بۆ ئەم نەوە نوێ سوڵتانییە خەسڵەتێکە بۆ خۆشبەختیی کۆمەڵایەتیی. ئەم نوخبەیە شەرعییەتی خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە کاری چاک و ستراتیژیی بکات، بەڵکو شەرعییەتی خۆی لە رابردوو و نەمریی باو و باپیرانیانەوە وەدەستدەخات. بۆیە ڕابردووی باوانیان قورسایی ئێستایانە و نەمریی مێژووە شۆڕشگێڕێتییەکەشیان بەهای داهاتوویانە. نەمریی ڕابردوو یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی ئەم خێزانە سیاسییانە و بووە بە ڕەگەزێکی گرنگ بۆ خۆشبەختیی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتی سیاسیی. هەموو دەسەڵاتدارێتییە شۆڕشگێڕییەکان لەسەر ڕابردوودا دەژین، گەر نەڵێین ژیان و مردنیان بە ڕابردووەوە بەندە. لە دەسەڵاتدارێتییە پۆست شۆڕشگێڕییەکاندا ڕابردووی سەرۆکەکان لە بوونی هەنووکەییان گرنگترە، نەک لەبەرئەوەی ڕابردوویان پاک و بێگەرد و ئێستاشیان درۆ و دەرد، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕابردوو مێژوویەک نییە لەدوایانەوە بێت و ڕووداوێکیش نییە لە پێشیانەوە بێت، بەڵکو ڕابردووی گروپە شۆڕشگێرەکانی شاخ لە دۆخێکی ترانسێندێنتاڵ و نەمریدایە. ئەوان خۆیان بە نەمر دەزانن و دەیانەوێت وەک سەرکردەی نەمر تا ئەبەد خودانی ئەم خاک و خەڵکە بن. شۆڕشگێڕە پیرەکانی دوێنێ تەنها رابردووی گەلەکەیان نەکرد بە موڵکی شەخسیی خۆیان، بەڵکو داھاتووشیان لەسەر منداڵەکانیان تاپۆکرد. هەمووامان، ئەوانەی ئەزموونی بەعسیان کردووە، شەرم لەوەدەکەین ئەزموونی سێ دەیەی حوکمڕانیی کوردیی لەناو کولتوورێکی سیاسیی کەرامەتشکێنی ئینساندایە، کە ناوی بەعسیزمە. هەمووان کاتێک ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەبینین چۆن گەنجان و ئینسانی ئێمە لەپێناو بچوکترین مافی خۆیاندا کەرامەتیان دەشکێنرێت و توندوتیژییەکی ڕەهایان بەرامبەر پیادەدەکرێت، تووشی زەبرێکی دەروونی دەبین، چونکە ئەو ڕاستییە تاڵ و مەترسیدارەمان بیردەخاتەوە کە کولتووری سیاسیی بەعسیزم لە پشتمانەوە نییە.


(درەو):  رووداوی ئەو ئاڵایەی كە حكومەتی هەرێم دەڵێ خۆپیشاندەرانی سلێمانی سوكایەتییان پێكردووە، كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ 2020 دەگەڕێتەوە، ئاڵاكە بەهۆی رەشەباوە كەوتووە.  حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كەس لە سلێمانی تۆمەتباردەكات بەوەی لەكاتی خۆپیشاندانی خوێندكاراندا سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە، بۆ ئەمەش پشتی بە تەنیا دوو وێنە بەستووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەتەوە.  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا سزای ئەو كەسانە بدرێت كە سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند كەسێكی ئاگادار قسەی كردووە، ئەو دوو وێنەیە كە حكومەت بۆ تۆمەتباركردنی خۆپیشاندەران پشتی پێبەستووە، كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ  شوبانی ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە.  ئەو ئاڵایەی كە لەو دوو وێنەیەدا دەردەكەوێت، لە دەروازەی شاری سلێمانی‌و بەرامبەر بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی‌و زانكۆی ئەمریكی، بەهۆی رەشەباوە كەوتوەتە خوارەوە، چەند گەنجێك لەو كاتەدا ئاڵاكەیان كۆكردوەتەوە، یەكێك لەوانە گەنجێكە بەناوی (بەرهەم كاكەزاڵ) كە خۆی راستی روداوەكەی پشتڕاستكردوەتەوە. بەرهەم كاكەزاڵ دەڵێ" چەند برادەرێك كە لەدەوام دەگەڕاینەوە، سەیارەكانمان وەستاند، تا ئاڵاكە بەهۆی رەشەباوە كەتبووە خوارەوە كۆی بكەینەوە، ئەو ئاڵایە درابوو بە كاك ئەردەڵان تەیفور، نامەی بۆ پەیجی كاك قوباد ناردبوو كە ئاڵاكە نۆژەن ئەكەنەوە، ئەوكات باش توند نەكرابوو، رەشەباكەش بەهێز بوو، بۆیە كەتبوو". پێدەچێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوەختە بڕیاری خۆی دابێت لەبارەی تۆمەتباركردنی خۆپیشاندەراندەرانەوە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی پێویستی لەمبارەیەوە نەكردووە.    بەرهەم كاكەزاڵ  بۆرای گشتی کوردستانیان ھاوبیرانی بیری کوردستانی و خەمخۆرانی ئاڵا ئەو وێنەیەی بڵاو بۆتەوە لەتۆری فیسبوک ھاوبیرانی زێدەخۆشەویست ئەوێنەیە شاری سلێمانیە و بەرامبەر زانکۆی ئەمریکیە مانگی ٢ ی ٢٠٢٠ تە رەشەبا ئاڵاکەی خستبوو ئێمەو چەن برادەرێک کەلەدوام دەگەراینەوە سەیارەکانمان وەستان تا ئاڵاکە کۆکەینەوەئەوە پەیوەندی بەخۆپشاندانەوە نیە تکایە تێمەکەون ئەوەی ئەڵێ لەوێ بووم درۆئەکات ئەو ئاڵایە درابوو کاک ئەردەڵان طیفور نامەی بۆ پەیجی کاک قوباد ناردبوو کەئاڵاکە نۆژەن کەنەوە ئەوکات باش توند نەکرابوو رەشەباکەش بەھێزبوو بۆیەکەوتبوو تەنھابۆرایگشتی ئەم روونکردنەوەیەم دابوو    


درەو: لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ خەرجكردنی پارە بەناوی دەرماڵەوە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، تەنیا لەو پارەیەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانكراوە بڕە پارەیەك دەدرێت بە خوێندكارانی كەمدەرامەت، وەزیری ناوخۆش لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە هێزێكی دۆڕاو لە پشتی خۆپیشاندانەكانەوەیە.  بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك ناچمە ژێر فشاری خۆپیشاندەرانەوە بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، ئەگەر بچینە ژێر فشاریانەوە هەموو رۆژێك خۆپیشاندان دەكرێت و نەخشەو پلانەكانمان لێتێكدەدەن. لە كۆبونەوەكەدا ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە خراپی خزمەتگوزاری و دۆخی خراپی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیریان بڕیاریداوە بڕێك پارە بە گوژمەی (5 ملیار) دینار بۆ خەرجیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بكرێت، بەتایبەتیش نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و خزمەتگوزاریەكانی تری زانكۆكان. (درەو) زانیویەتی لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری گەڕاندنەوەی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی رەتكردووەتەوە، بەڵام بڕیاریان داوە لەو بڕە پارەیەی كە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانكراوە بەشێكی تەرخانبكرێت بۆ ئەو خوێندكارانەی شایستەن و كەمدەرامەتن، ئەویش لە رێگەی دروستكردنی لیژنەیەكەوە كە لەبەشی كاروباری خوێندكارانی زانكۆكان پێكدێت و ناونوسدەكرێن، ئەو خوێندكارانەی كەمدەرامەتن بڕێك پارەیان دەدرێتێ، بەڵام مەسرور بارزانی رەتی كردووەتەوە كە دەرماڵەی خوێندكاران خەرجبكات.  سەبارەت بە هۆكارەكانی خۆپیشاندانەكانیش گفتوگۆی زۆر كراوە لە ئەنجومەنی وەزیران، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ رایگەیاندووە كە حزبێكی دۆڕاوی هەڵبژاردن لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە (كە مەبەستی بزوتنەوەی گۆڕان بووە) ئەمەش تیمی وزاری گۆڕانی نیگەرانكردووە بەڵام مەسرور بارزانی قسەكەی پێبڕیوەو رایگەیاندووە كە مەبەستی وەزیری ناوخۆ حزبە ئیسلامیەكانە نەك بزوتنەوەی گۆڕان. 


راپۆرت: درەو هەموو حزبەكان بەوانەشەوە كە خۆیان لەناو حكومەتدان پشتیوانی خۆپیشاندانی خوێندكاران دەكەن، بەڵام كەس ئامادە نییە بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات، وەزیرەكانی یەكێتی‌و گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن، مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانیش پەیوەندییەكانیان ساردو سڕی تێكەوتووە، دەرماڵەی خوێندكاران مانگانە (8 ملیار) دینار خەرجی دەخاتە سەرشانی حكومەت ، ئایا كابینەی نۆیەم كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە ئەم بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  شۆڕشی خوێندكاران  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، خۆپیشاندانی لێ نابڕێت. ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان لەناو هەردوو كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵا رویانداوە، كە یەكەمیان بەدەست پارتی‌و دووەمیان بەدەست یەكێتییەوەیە، دوای ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەیی‌و مامۆستایانی وانەبێژ، ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەستی پێكردووە، داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان دەكەن كە ماوەی (7 ساڵە) لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارییەوە حكومەت بڕیویەتی.  سەرەتای ناڕەزایەتی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان لەناو شاری سلێمانییەوە دەستی پێكرد، دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و ئەمڕۆش ناڕەزایەتی گەیشتە هەولێری پایتەخت‌و دهۆك كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدان، ئەم جموجوڵە نوێیە ناوی لێنراوە "شۆڕشی خوێندكاران".  دوێنێ ناڕەزایەتییەكان توند بووەوە، خوێندكاران رێگە سەرەكییەكانی شاری سلێمانیان داخست، لە چەند شوێنێك پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خوێندكاران رویدا، لە هەردوولا بریندار هەبوو، بەڵام ناڕەزایەتی لەبارەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان زیاتر بووە، پارتە سیاسییەكان بەوانەشەوە كە خۆیان پێكهێنەری حكومەتن پشتیوانی ناڕەزایەتی خوێندكاران دەكەن، رەنگە ئەمە پەیوەندی بە نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە هەبێت، لایەنەكان خۆیان لە دەنگی شەقام نزیك دەكەنەوە، بەڵام هیچ یەكێكیان ئامادە نین لەناو حكومەتەوە بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدەن.  لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە دەرماڵەی خوێندن ئەو بڕە پارەیەیە كە بۆ خوێندكارانی زانكۆ‌و پەیمانگا حكومییەكان تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە رۆژی (11/2/2014) بەبڕیارێكی كابینەی نێچیرڤان بارزانی راگیرا.  تاوەكو بەر لە بڕیاری بڕینی پارەكە، ئەو دەرماڵەیەی كە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان وەریاندەگرت، بەمشێوەیە بوو:  •    بڕی (40 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لەناو شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون •    بڕی (60 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون‌و لە بەشە ناوخۆییەكان دەمێننەوە •    بڕی (100 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون، بەڵام لە بەشە ناوخۆییەكانیش نامێننەوە بەگوێرەی داتاكان كە وەزارەتی خوێندنی باڵا خستویەتی روو، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (134 هەزارو 649) خوێندكاری زانكۆو پەیمانگاكان هەن، ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات بە هەمان ئەو بڕەی تاوەكو ساڵی 2014 هەبووە، خەرجی یەك مانگی دەرماڵەی خوێندكاران دەگاتە بڕی (8 ملیار) دینار. خۆ ئەگەر وەكو ئەوەی داوا دەكرێت بەهۆی گۆڕانكاری دۆخی ئابوریی‌و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق‌و گرانبوونی كاڵا لە بازاڕەكاندا، بڕی تەرخانكراوی دەرماڵەی خوێندكاران زیاتر بكرێت، خەرجییەكە لەسەر حكومەت زیاتریش دەبێت.  حكومەت دەرماڵەی خوێندكاران دەگەڕێنێتەوە ؟ بەپێی دواین داتاكان، ئێستا داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بەمشێوەیە:  •    داهاتی نەوت: مانگانە بە تێكڕا لەكۆی (900 ملیۆن) دۆلاری داهاتی فرۆشی نەوت بڕی (350 ملیۆن) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، ئەم بڕە پارەیە بە دیناری عێراقی مانگانە (520 ملیار) دینار دەكات. •    داهاتی ناوخۆ: مانگانە بڕی (250 ملیار) دینارە. •    پارمەتی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان: مانگانە بڕی (20 ملیار) دینارە •    پارەی بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەران: مانگانە (200 ملیار دینار)ە  واتە بە تێكڕا ئێستا داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم (990 ملیار) دینارە، كە بڕی (894 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ موچە دەڕوات‌و نزیكەی (60 ملیار) دیار دەمێنێتەوە. داهات‌و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم دەریدەخات حكومەت پارەی پێویستی بۆ خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران لەبەردەستدایە، بەڵام ئەم خەرجییە وەكو بەرپرسانی حكومەت دەڵێن كاریگەری لەسەر خەرجی بەكاربردنی وەزارەت‌و پرۆژەكان دەبێت، بۆیە پێشبینی ناكرێت حكومەت بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بدات.   كێ بابەتەكەی خستە ناو رایگشتییەوە ؟ یەكەم كەس پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستان‌و رایگشتی، (ئاشنا عەبدوڵا) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بوو، ئەم ژنە رۆژی (14)ی ئەم مانگە، ئیمزای (48) پەرلەمانتاری كۆكردەوە‌و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، لەم نوسراوەدا پەرلەمانتاران داوایان كرد پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بخرێتە بەرنامەی كاری نزیكترین دانیشتنی پەرلەمان‌و وەزیرە تایبەتمەندەكانی ئەم بوارە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.  یەك هەفتە دوای ئەم نوسراوەی پەرلەمانتاران، ناڕەزایەتی خوێندكاران تەقییەوە‌و خۆپیشاندان دەستی پێكرد.  یەكێتی‌و گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن ئێستا كە ئیتر ناڕەزایەتییەكان بەرەو گەورەبوون دەچن، وەزیرەكانی حكومەت یەكتر تۆمەتبار دەكەن.  وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەست یەكێتییەوەیە‌و وەزیرەكەی (ئارام محەمەد)ە، ئەم وەزیرەی یەكێتی لەماوەیەكی كورتدا ئەمە دووەمینجارە روبەڕووی ناڕەزایەتی بەفراوانی خوێندكارانی دەبێتەوە، سەرەتا ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەیی كە ناویان لە زانكۆو پەیمانگاكان نەگەڕایەوە، ئێستا ناڕەزایەتی بۆ دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكاران.  میدیای یەكێتی كە پشتیوانی لە وەزیرەكەی خۆی دەكات، بەرپرسیارێتی نەگەڕاندنەوەی دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی، كە وەزیرەكەی (ئاوات شێخ جەناب)‌و سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.  میدیای یەكێتی دەڵێ وەزیری خوێندنی باڵا لەسەرەتا كابینەی نۆیەمەوە داوای لە ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی كردووە دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكەنەوە. بەڵام وەزارەتی دارایی كە بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ" پێش 2014 دوای پەسەندكردنی بودجە لە پەرلەمان پارە بۆ دەرماڵەی خوێندكاران تەرخانكراوەو پارەكە هەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرجكراوە‌و بەهیچ شێوەیەك نەهاتووە بۆ وەزارەتی دارایی، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە"، لەمە زیاتر وەزارەتی دارایی وەڵامی میدیای یەكێتی دەداتەوە‌و دەڵێ" لە ساڵی 2021دا هیچ نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە بۆ ئێمە نەهاتووە". یەكێتی‌و گۆڕان كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەشداری هەڵبژاردنیان كرد،  لەسەر كێشەی دەرماڵەی خوێندكاران كەوتونەتە بەرامبەر یەكترو پارتیش كە سەرۆكایەتی كابینەی حكومەت دەكات‌و زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، بێدەنگە. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە زیاتر خۆی بە كەسێكی نزیك لەم توێژەی كۆمەڵگە واتە خوێندكارانی زانكۆ نیشان دەدات‌و لەدواین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆربەی گوتارو بەڵێنەكانی ئاڕاستەی ئەم توێژە دەكرد، دوای سێ رۆژ ناڕەزارەتی‌و روودانی توندوتیژی تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە نەكردووە، قوباد تاڵەبانی لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرەوە كەم دەردەكەوێت‌و بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەت ناكات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی ساردو سڕی تێكەوتووە، حكومەت خەرجی پرۆژەكانی سلێمانی خستوەتە سەر داهاتەكانی سلێمانی خۆی‌و جگە لە پارەی موچەی فەرمانبەران پارەی تر بۆ سلێمانی نانێرێت، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی سلێمانییەوە كە ماڵباتی تاڵەبانی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە، لەبری زیادبوون، داهاتەكانی حكومەت كەمیكردووە.  ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەی خوێندكاران لە ساڵی 2019وە دەستی پێكردوەتەوە‌و نوێ نییە، رۆژی (1/4/2019) ژمارەیەك لە خوێندكاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەكانیان چونە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر، رۆژی (16/7/2019) حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وتی" یەكێك لە كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانە". رۆژی (6/5/2020) هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو پەروەردە چونە بەردەم پەرلەمان، یەكێك لەو بابەتانەی كە باسكرا، پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بوو.   


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   سەرھەڵگرتنی بە کۆمەڵی خەڵک لە ھەرێمەوە بەرەو دونیای دەرەوە، ڕەھەندێکی سایکۆلۆژیی بەھێزی ھەیە، کە پێویستی بە باسکردن ھەیە. لەم بوارەدا دوو ھەستی سایکۆلۆژیی باڵادەستن. یەکەمیان توڕەییە، دووھەمیان ڕقە.  توڕەبوون ھەستێکە لەناو پەیوەندییدا دروستدەبێت. مرۆڤ کاتێک توڕەدەبێت توڕەیە لە کەسێک، لە ھێزێک، لە دۆخێک، لە ژینگەیەکی تایبەت. یاخود توڕەیە لە فەرھەنگ و دین و جۆرێکی تایبەت لە ھەڵسوکەوت و ئەخلاقیات. زۆربەیجار توڕەبوون تەنھا دیاردەیەکی تاکەکەسیی و سایکۆلۆژیی نییە، تەنھا لەوێوە نەھاتوە کە ئەم یان ئەو تاکەکەس، بە ھۆی جۆری کەسایەتییانەوە، لەم یان لەو شتی ناو ژیانی تایبەت و شەخی خۆیان، توڕەن، بەپێچەوانەوە توڕەبوون زۆرجار، بە تایبەتی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، دیاردەیەکی دەستەجەمعییە، بەشێکە لە سایکۆلۆژیای گشتیی کۆمەڵگاکە،  خەڵکی جیاواز و توێژی جیاواز و نەوەی جیاواز توڕەن. ئەم توڕەییە لەناو مۆدێلی ئەو ململانێ کۆمەڵایەتیی و سیاسییە نایەکسانەدا دروستبووە، کە پەیوەندیی نایەکسانی دەسەڵات دروستیکردوە. ئەم دۆخە وادەکات توڕەبوون کە ھەرێمدا ڕەھەندێکی سیاسیی بەھێزی ھەبێت و لەوەکەوتبێت تەنھا دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی ڕووت، بێت. ھاوکات توڕەبووەن پەیوەندییەکی پتەویشی بە خودی کەسە توڕەکان خۆیانەوە ھەیە. لەم ئاستەدا توڕەیی ئامرازێکە  کەسەکان لەڕێگایەوە، بەرگریی لە خۆیان وەک کەس دەکەن، وەک تاکەکەسێکی خاوەن ماف و خاوەن ئارەزو و خاوەن پێداویستیی، وەک بوونەوەرێک مافی ھەبوونی ئارامیی و دڵنیایی و ئومێد و ڕێزگرتنی ھەبێت، یان وەک کەسانێک کۆمەێک ئارەزوویان ھەیە و بەدوای تێربونی ئەو ئارەزوانەدا دەگەڕێن. بەڵام کێەشەکە ئەوەیە لە ژینگەیەکدا دەژین ئەو ماف و ئارەزوانەیان لێدەسێنێتەوە و بێئومێدیان دەکات و ئەو ژیانەیان لێدەسێنێتەوە کە بەدوای دابینکردنیدا دەگەڕێن. لەم دۆخانەدا قسە لە دروستبوونی تاکەکەسێک دەکرێت کە ھەستناکات بەشێکە لەو ژینگەیەی لەناویدا دروستبووە و بەشدارنییە لە کێشانی سنوورەکانیدا و لە دروستکردنی ماناکانیدا.  توڕەبوون لێرەدا بەرھەمی ئەزموونکردنی ناھەقیی و بێدادیی و دڵشکان و بێنرخکردنە، بەرھەمی گرگن و بچوککردنەوە و بریندارکردنی بەردەوامە، جۆرێکە لە کارادانەوە بەڕووی ئەو ژینگە ناساغ و بیمار و نێگەتیڤەدا. ژینگەی ناھەقیی و بێدادیی و دڵشکان و بێنرخکردن  و بچوککردنەوە، کە بەشێوەیەکی ڕۆژانە لەناو سیستمە ئابوریی و سیاسییەکەوە دێنەدەرەوە و لەناو سیستمی بەگێتۆبووی خوێندن و فێربووندا درێژەیان پێئەدرێت. ژێرخانی توڕەبوون لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو دۆخە لێیبەرپرسیارە و ئەو دۆخە دروستیکردوە. بەھۆی قۆرخکردنی ئەگەرەکانی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتییشەوە، ئەم توڕەبوونە گۆڕاوە بۆ بەشێکی نەگۆڕی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی لە ھەرێمدا. بەشێکی ئەم توڕەبوونە لەڕێگای پەنابردن بۆ چوونە سەر شەقام و ناڕەزاییدەربڕینی ڕۆژانەی بێئەنجامەوە نیشانئەدرێت، بەشێکی تری لە ھونەر و ئەدەبیات و نووسین و گۆرانی و مۆسیقا و شتی دیکەی تری لەم بابەتەدا بەرجەستەدەکرێت، بەشێکی بەرچاوی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە تەعبیری لێدەکرێت، بەڵام چونکە سەرجەمی ئەو دەربڕینانە نابنە ھۆکاری دروستبوونی جۆرێکی تر لە پەیوەندیی کە لانیکەمی ڕێزگرتن و گوێگرتن و نرخاندنی ئینسانیانەی تێدابێت، بۆیە بەشێکی ئەم توڕەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕق، ڕقێکی گەورە لەو جیھان و ژینگە و ھێز و  گوتار و کەسانەی بەرپرسیاری سەرەکین لە دروستبوونی ئەو دۆخەدا.  ڕق ھەستێکی ڕادیکاڵ و ترسناکە، دەشێت ھەم ڕووی لەناوەوەی مرۆڤبێت و دۆخی خودنەفرەتیی و ڕقبوونەوە لە خود دوستبکات تا ئاستی خۆکوشتن، دەشێت ڕووشی لە دەرەوەبێت و بگۆڕێت بۆ ھێزی نەفرەتکردنێکی گەورە لەو شوێن و ژینگە و پەیوەندیانەی، کەسەکان لەناویاندا دەژین. ھەردوو جۆرەکەی ڕق بە خستی لە ھەرێمدا ئامادەن. ھەم ڕقی ڕوو لەناوەوە و ھەم ڕقی ڕوو لەدەرەوە ئامادەن. لە بەر ئەوەی لە شوێنیتردا باسم لە دیاردەی خودنەفرەتی و ڕ ق لەخۆبوونەوە کردوە، بۆیە لێرەدا تەنھا لەسەر ڕقی ئاراستەکراو بەرەو دەرەوە دەوەستم و چەند شتێکی سەرەتایی لەسەردەڵێم.  بەر لە ھەمووشتێک ئەم جۆرە ڕقە وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت لەناو ئەو جیھان و ژینگەیەدا بژیی کە ئەوی گۆڕیوە بۆ بوونەوەرێکی ڕقاویی.  ئەو جیھان و ژینەگەیە بەشێوەیەک لەبەرچاوی ئەو کەسانە تاریک و ناشیرین بووە، دوورکەوتنەوە و ھەڵاتن لێی وەک جۆرێک لە خودپارێزیی و دەستبردن بۆ دروستکردنی ”سەرەتایەکی تازە“ وێنادەکرێت. ڕقی دەرەکیی گەر ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە و نەتوانێت ببێتە ھۆکاری دەسکارییکردنی ئەو ژینگەیەی بەرھەمیدەھێنێت، یان نەتوانێت بەگژ ئەو ھۆکارانەدا بچێتەوە کە ئەو دۆخەیان دروستکردوە، دەشێت ئارستەکەی بگۆڕێت و ڕوو لەناوەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکات، دۆخێک دروستبکات ئەو مرۆڤانە ڕقیان لەخۆشیان ببێتەوە. ڕقی ڕوو لە دەرەوە  وەرگەڕێت بۆ ڕقێک ڕوو لەناوەوە، نەفرەت لە ھێزە دەرەکییەکان بگۆڕێت بۆ ڕق لە خودی خۆی، واتە ببێت بە خودنەفرەتیی. لەم دۆخەدا ھەڵھاتن و سەرھەڵگرتن  ھەوڵدانێکە بۆ نەکەوتنە ناو دۆخی ڕقبوونەوە لە خود خۆی. ئەمەیە وادەکات ئەو کەسانە ئامادەبن ریسکی گەورە بکەن و ئامادەبن ڕووبەڕووی مەترسیی ھەمەلایەن ببنەوە،  ئامادەبن ڕێگەیەک بگرنەبەر پڕ نە ھەڕشە و نەھامەتیی کە دەشێت تا ئاستی مردن و کۆتایی بڕوات.   کەڵەکەبوونی بەردەوام و بێئەنجامی ڕق توانای ئەوەشی تێدایە بگۆڕێت بۆ حەز و ئارەزوویەکی بەھێز بۆ تۆڵەکردنەوە، تۆڵەکردنەوە لەو ژینگەیەی ئەو ھەموو ڕقەی لەناوخۆیدا دروستکردوە،  ئەوانەی دەبنە مەبەست و  ئامانجی ئەم ڕقە وەک خراپەکار و نەخوازراو وێنادەکرێن، وەک نوێنەری شەڕ و خراپەکاریی دەبینرێن. بۆیە زۆرجار تۆڵەکردنەوە دەبێتە بەشێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ئەم کەڵەکەبوونە بەردەوامەی ڕق.  ئەم ڕقەش تەنھا ڕووی لەم یان لەو تاکەکەس و لەم یان لەو ڕەھەندی ژیانی گروپە حوکمڕانەکان نییە، بەڵکو ڕووی لە سەرجەمی بوون و ئامادەگیی و لە کۆی ھەڵسەوکەوتەکانی ئەو حوکمڕانانەیە کە وەک گروپ بەرپرسیارن لە دروستکردنی ئەو دۆخەی مرۆڤ بەرەو ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن، پاڵپێوەدەنێت.  ئەگەرچی ڕق پەیوەندییەکی تایبەتیی بە توڕەبوون و دەھریبوونی ئەو خەڵکەوە ھەیە کە ڕادەکەن، بەڵام ڕق و توڕەبوون دوو ھەستی جیاوازن و دەرەنجامی جیاوازیشیان لێدەکەوێتەوە. توڕەبوون ڕووی لەم یان لەو کردەوەی تایبەتە کە دەشێت لە ڕێگای دەسکاریکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەو کردەیەوە توڕەبوونەکە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام ڕق ڕووی لە کەسەکان و گروپەکانە وەک کەس و گروپ، ڕووی لەوانە بەو شێوەیەی کە ھەن و ئامادەن و کاردەکەن، بۆیە لێرەدا ڕیفۆرمکردن دادنادات.


درەو: تا ئێستا (71%)ی پێوەری زیرەك بەستراوە بۆ ( ملیۆنێك) لە هاوبەشانی كارەبا، لە بری زیادبون، پێدانی كارەبا بۆ (12) كاتژمێر كەمبووەتەوە. ئەگەرچی پێشتر ئاماژە بەوە دەدرا كە ئامانج لە دانانی پێوەری زیرەك بۆ رێگریە لە دزینی كارەبا و زیاد بوونی بڕی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا ( ملیۆنێك و 47 هەزار) لە هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بەستووە بەرێژەی (71%)، بەڵام لە ئێستادا بڕی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە (16) كاتژمێرەوە بۆ (12) كاتژمێر كەمیكردووە. بە پێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا خواست بۆ (4500 – 5000) مێگاوات بەرزبووەتەوەو رێژەی بەرهەمهێنانی كارەباش (3500) مێگاواتە، واتا نزیكەی (1500) مێگاوات كورتهێنان هەیە. بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) لە ئێستادا رۆژانە (12) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان. بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا رێژەی بەستی پێوەری زیرەك بەم شێوەیەیە: -    هەولێر: (382392) بەرێژەی 74% -    سلێمانی: (363743) بەرێژەی 69% -    دهۆك:  (207052) بەرێژەی 64% -    گەرمیان : (65020) بەرێژەی 88% -    هەڵەبجە: (29218) بەرێژەی 80% -    كۆی گشتی: (1047425) بەرێژەی 71% لە ئێستادا دەردەكەوێت بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا هێندەی بۆ كۆنترۆڵكردن و ناچاركردنی هاوڵاتیانە بە پێدانی كرێی كارەبا و دانەوەی قەرزی كارەبا هێندە بۆ زیادكردنی رێژەی پێدانی كارەبا نەبووە. 


  درەو: داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان ئۆكتۆبەری 2020 و 2021 بەڕێژەی (59%) زیادیكردووە، لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوت (40) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوت (83) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. ئۆکتۆبەری 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (13 ملیۆن و 320 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، سەنگاپور،  مصر) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەتێکڕا (40.19) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبەهای (625 ملیار و 999 ملیۆن و 440 هەزار) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئۆکتۆبەری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار734) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسرائیل و ئیسپانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی ئۆکتۆبەر ساڵی (2021) بەتێکڕا (83.54) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبەهای (ترلیۆنێک و 432 ملیار 486 ملیۆن و 636 هەزار و 622) دینار نەوتی فرۆشتووە. بەراروردکاری لە نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021 یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو -    حکومەتی هەرێم لە ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (13 ملیۆن و 320 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار734) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (13%) و (ملیۆنێک و 494 هەزار و 266) بەرمیل نەوت کەمی کردووە. دووەم: داهاتی نەوت -    لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوت (40.19) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. -    لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوت (83.54) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. -    بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (49%) و (484 ملیۆن و 413 هەزار 818) دۆلار لە ئۆکتۆبەری (2021) زیادی کردووە. بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە، کەواتە. -    لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1180) دینار دەکاتە (594 ملیار و 139 ملیۆن و 440 هەزار) دینار داهاتی نەوت بووە  -    لە ئۆکتۆبەری (2021) حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1450) دینار دەکاتە (ترلیۆنێک و 432 ملیار 486 ملیۆن و 636 هەزار و 622) دینار داهاتی نەوت بووە.  -    بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (59%) و (838 ملیار و 347 ملیۆن و 196 هەزار و 622) دینار لە ئۆکتۆبەری (2021)دا زیادی کردووە.    


درەو: نوسێنی: Bobby Ghosh سەرچاوە: بلۆمبێرگ بوونی ھەزاران کوردی عێراقی لەنێو ئەو پەنابەرانەی لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا گیریان خواردووە، زۆرێک لە ئەمریکی و ئەوروپییەکانی توشی سەرسوڕمان کرد، کە پێیان وابوو ئەو ھەرێمە کوردییە تەنیا بەشێکی عێراقی وێرانەیە کە بە پاڵپشتییەکی گەورەی خۆرئاوا لە کارەساتێکی فراوانتر رزگاری بووەو لەکاتی جەنگی ٢٠٠٣وە مامەڵە لەگەڵ ھاوپەیمانان دەکات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا. ھەوڵی زۆرێک لە کوردەکانی عێراق بۆ ھەڵاتن لە ناوچەکە، ئاستی بێئومێدییان لە ئاسۆی ئابوری و سیاسەت لە سەردەمی دوای سەددام حسێندا نیشان دەدات. دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی تردا رۆیشت کاتێک دوای جەنگی ئەمریکا، ناوەڕاست و باشوری عێراق لەناو خوێنی شەڕی تائیفیدا نقوم بوو، بەڵام پارێزگاکانی باکوری لەژێر حوکمی خۆبەڕێوەبەرێتی ھەرێمی کوردستاندا گەشەی ئابوری بەخۆوە بینی. ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت کە ژینگەیەکی سیاسی وەھای ھەبوو دەکرا پێشبینی لێبکرێت و تاڕادەیەکی زۆر توندوتیژی تێدا نەبوو، سەرمایەدارانی لە سەرتاسەری جیھانەوە بەلای خۆیدا راکێشا، ھۆتێل و سەنتەری بازرگانی و تاوەری نیشتەجێبوونی بەخێراییەکی زۆر تێدا دروستکرا، بەجۆرێک شارە کوردییەکان بە شاری (دوبەی) بەراورد دەکرا، ھاوکات پێشکەوتنی دیموکراتی زیاتری تێدا بەدی کرا. جیاوازی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق ساڵی ٢٠١٤ دەرکەوت، کاتێک یەکە سەربازییەکانی عێراق لەناو جەرگەی وڵاتدا لەبەردەم ھێرشی داعشدا داڕمان، ھێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ھێرشی داعشیان لەبەردەم دەرگاکانی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا راگرت. ھەڵاتن لە پەناگە ؟ جیاواز لەو کارەساتەی کە بەسەر دراوسێکانیاندا ھات و بەھۆیەوە ملیۆنان کەس لە ناوچەکانی تری عێراق و لە سنورەکانی سوریا بەھۆی جەنگەوە ھەروەھا ئێران کە سزا ئابورییەکان شەکەتی کردووە، ئاوارەبوون، کوردەکانی عێراق بە سەقامیگیری و ئارامی مانەوە، لەمەش زیاتر کوردستانی عێراق بوو بە پەناگە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆی توندوتیژییەوە لە وڵاتانی دراوسێوە ھەڵاتبوون. بە روکەش ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا نەھات و کوردستانی عێراق بە بەراورد بە دراوسێکانی، لە ئاسایشێکی رێژەیدا مایەوە. پێشبینییە ئابورییەکان بۆ ھەولێر وەکو بەغداد تاریک نەبوون، چ جای ئەوەی بگات دیمەشق و تاران، بەڵام کاتێک پەنابەران لەرێگەیاندا بۆ ئەوروپا باس لە چیرۆکی خۆیان دەکەن لەبارەی ئەو تاوانانەی کە بەھۆیەوە ھەڵاتوون، زۆربەی کات کوردەکان ئەو ھاوسۆزییە زۆرەیان بۆ دەرنابڕدرێت کە بۆ ئەفغانی و سورییەکان نیشان دەدرێت. سەرباری ئەوەی ئەوان بەھۆی گرتنە دەستی دەسەڵات وەکو بزوتنەوەی تالیبان یان ستەمکارێک کە کۆمەڵکوژی کردبێت وەکو بەشار ئەسەد ھەڵنەھاتوون، بەڵام کوردەکانی عێراق بەھۆی شکستی سەرکردەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە داویانە، بێئومێدبوون، ئابوری نەبوژاوەتەوە کە بەرادەیەکی زۆر پشت بە ھەناردەی نەوت دەبەستێت و لە ٢٠١٤ وە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دەستی پێکرد، ھێشتا نازانرێت بوژانەوەی ئەمدواییە بۆ ماوەیەکی پێویست بەردەوام دەبێت، ھەروەک بێکاریش زۆرێک لە کوردەکانی ناچار کردووە شارەکان بەجێبھێڵن و روو لە کشتوکاڵ بکەن. دەستکەوتە دیموکراتییەکانیش لەرزۆک بوون، قۆرخکاری خێڵ ھەژمونی بەسەر ژیانی سیاسیدا کردووە، ئەمەش بەھۆی نەبوونی چاکسازی سیاسییەوە، حکومەت لە ھەولێر ستەمکارتر بووە، ھەستاوە بە زیندانکردنی نەیارانی سیاسی و کەپتکردنی میدیا. ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت لە کۆتایی ساڵی رابردوودا نەیتوانی ئەو گەندەڵییە کەمبکاتەوە کە بڵاوبوەتەوە. ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا ھەستی بەوە کرد بارودۆخی کوردستانی عێراق وایکردووە گەلەکەی بکرێت بە نێچیرێکی ئاسانی پلانەکەی بۆ راکێشانی کۆچبەرن بۆ وڵاتەکەی و بەرەڵاکردنیان بە ئاڕاستەی خۆرئاوای ئەوروپادا. رێوشوێنەکانی پێدانی ڤیزای ئاسان کردو ژمارەیەکی زیاتر گەشتی ئاسمانی بۆ مینسک رێکخست، ھێزە ئەمنییەکانی بیلاروسیا کۆچبەرەکانیان بەرەو سنور برد، حکومەتەکانی ھەولێرو بەغداد ھەوڵی رێگریکردنیان لەو کۆچە بەکۆمەڵە نەکرد. حکومەتی عێراق لە کاتێکی درەنگوەختدا پێشنیازی گەڕنەوەی بۆ وڵات خستە بەردەم کۆچبەران، بەڵام راپۆرتەکان لە سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە باس لەوە دەکەن زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد روبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرمای زستان بە باشتر دەزانن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، سەرباری ئەوەی ریشەی بێئومێدییەکەیان بۆ تێکشانی ئومێدیان دەگەڕێتەوە نەک مەترسی مردن ھاوشێوەی کۆچبەرانی تر. دەقی راپۆرتەكەی سایتی بلۆمبێرگ بە زمانی ئینگلیزی  


  (درەو): ئەنجامی ھەڵبژاردن بەھۆی تانەیەکی ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامرییەوە گۆڕانکاری بەسەر ھات و پێکھاتەی تورکمان کورسییەکی لەدەستدا. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەرچووە، (غەریب عەسکەر) کاندیدی ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری لە پارێزگای کەرکوک، سەرکەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق. سەرکەوتنی ئەم کاندیدەی ھاوپەیمانی فەتح بەھۆی بردنەوەی تانەیەکی ھەڵبژاردن دێت کە ھاوپەیمانێتییەکەی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن لە کەرکوک تۆماریکردووە. بڕیاری دادگا دەڵێ، لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکاندا دەرکەوتووە، کارتی دەنگدان لە ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکاندا نەخوێندراوەتەوەو وەکو دەنگی پوچەڵ ئەژمارکراوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دەنگانە دروست بوون. (غەریب عەسکەر) لەسەر بازنەی (٢)ی کەرکوک سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانی عێراق مسۆگەر کردووە، بەمەش دەچێتە شوێنی (سەوسەن عەبدولواحید) کە لە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردندا بە جیاوازی تەنیا (٢) دەنگ وەکو براوەی ھەڵبژاردن ناوی لەم بازنەیە راگەیەندرا. بەپێی ئەم گۆڕانکارییە نوێیە، ئێستا ئەنجامی ھەڵبژاردن لە کەرکوک بەمێشوەیە: 🔹 کورد (٦ کورسی)  🔹 عەرەب (٥ کورسی)  🔹 تورکمان (١ کورسی کە ئەرشەد ساڵحییە)


راپۆرت: درەو سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیەك تایبەت بە دروستكردنی دەستەیەكی "كاتیی" بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا بەڕێوەچوونی كۆنفرانس، پرسی كشانەوە لە حكومەت رەنگە دوابخرێت بۆ دوا ساتەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم.  لەبارەی دەستەكەوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، نسكۆ بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم بزوتنەوەیە كە خاوەنی (5) كورسی بوو لە پەرلەمانی عێراق، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی بۆ (سفر) دابەزی، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكە دروستكرد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن وەكو بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەناو بزوتنەوەكە‌و كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت كرا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەك بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" لەگەڵ یەكێتیدا بەشداری كرد‌و هاوپەیمانێتییەكە هیچ سودێكی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێدا نەبوو.  رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر واتە سێ رۆژ دوای هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكرد‌و بڕیاریدا دەستەیەكی "كاتیی" دروست بكات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا ئەوكاتەی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بەڕێوەدەچێت.  دوای زیاتر لە مانگێك تاوتوێ كردن‌و وەرگرتنی بۆچونی ئۆرگانەكانی گۆڕان، دواجار پرۆژەیەك لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی دەستە كاتییەكە ئامادە كراوە‌و سبەینێ جڤاتی نیشتمانی دەنگی لەسەر دەدات.  لە پرۆژەكەدا ناوی ئەو كەسانە دیاری نەكراوە كە دەبن بە ئەندامی دەستەكاتییەكە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پرۆژەكە، بزوتنەوەی گۆڕان دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك كارەكتەری ناو بزوتنەوەكە‌و دەرەوەی بزوتنەوەكە (ناڕازییەكان) بكاتەوە بەمەبەستی بانگهێشتكردنیان وەكو ئەندام لە دەستە كاتییەكە، دوای دیاریكردنی (9) ئەندامەكەی دەستەكە، ناوەكان ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ دەنگدان لەسەری‌و پەسەندكردنی.  ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە (عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە) دەستیان لە كاركێشاوەتەوە، بەڵام جگە لە یەكێكیان، ئەوانی تر رۆژانە لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەوامی خۆیان دەكەن‌و بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەبەن.  گۆڕان لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ جگە لە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن، دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر توشی بزوتنەوەی گۆڕان هات، لەناو بزوتنەوەكەوە دەنگ بەرزبووەوە‌و داوای كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان كرا، بەڵام ئەم بابەتە بە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن پەردەی بەسەردا دراو تائێستا بڕیاری لێ نەدراوە.  بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەریكردووە، لەپاڵ ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی تری دەستە كاتییەكەی كە سبەینێ پرۆژەی دروستكردنەكەی پەسەند دەكرد بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت.  بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی تیمی حكومەتی گۆڕان لە بڕیاری كشانەوە، پێدەچێت پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەلایەن ئەم دەستەیەوە دوابخرێت بۆ دواین رۆژەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، گۆڕان ناتوانێت پرسی كشانەوەی لە حكومەت وەكو دەستكەوت لەبەردەم دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەكاربهێنێت. لە كابینەی هەشتەمدا بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و گۆڕان تێكچوو، پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخست‌و وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، ئەوكات پارتی گۆڕانی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە رێككەوتنی سیاسی شكاندووە، دووبارە بونەوەی هەمان سیناریۆ رەنگە بەتەواوەتی كۆتایی بە پەیوەندی نێوان پارتی‌و گۆڕان بهێنێت. گۆڕان بە ناونیشانی "چاكسازی" بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كردووە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام چاكسازییەكان هێشتا لە ئاستی خواستی خەڵكدا نین، سەرباری ئەمە كابینەكە لە ساڵی دووەمی تەمەنیدا توشی قەیرانی دارایی هات‌و موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمەش حكومەتە سێقۆڵییەكەی (پارتی+ یەكێتی+  گۆڕان)ی توشی ناڕەزایەتی شەقام كردەوە‌و لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان لە پارتی‌و یەكێتی زیاتر باجی كابینەكەی دا.  چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد.  25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم.  بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (12) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا  یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا. خانەی یەكەم  تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، پاش ئەم رووداوە كە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە‌و وەكو "تەوریسی سیاسی"‌و "دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.  یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە:  • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە‌و دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوە‌و ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان  • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد.  خانەی دووەم خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا خۆشی هەر وادە بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر دەستیان لەكاركێشایەوە بەمشێوەیە بوو:  • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا) • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو قسەی هەیە لە پرۆسەی دروستكردنی دەستە كاتییەكەدا) • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان • شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا، یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ببرێتە دەرەوە‌و موڵك‌و ماڵی گۆڕان لە موڵك‌و ماڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا جیا بكرێتەوە) • برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك (لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندید بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان)  خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە. كۆنفرانسی نیشتمانی بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری.  ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوە‌و ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە تائێستا زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكە‌و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەی‌و ئەوی تریان دژە، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا ماوەی خولەكەیان كۆتایی هاتووە، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە. ئەم دوو بەرەیە، فراكسیۆنەكەی بەغداد‌و نیوەی فراكسیۆنەكەی هەولێر، لەگەڵ هەندێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە هێشتا لەچوارچێوەی بزوتنەوەكەدا ماونەتەوە ئێستا نیمچە بەرەیەكیان دروستكردووە‌و گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ ناڕازییەكانی تر لەسەر دروستكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand