بەرهەم ساڵح لە چاوەڕوانی ویلایەتی دووەمدا

Draw Media

2021-10-20 17:50:15



راپۆرت: درەو
دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی 2018 ئەستەمە، بەرهەم ساڵح هەم لەناو حزبەكەیدا، هەم لە دەرەوەش چیتر ئەو پشتیوانییە بەهێزەی جارانی نییە، ئەو لەدوای ریفراندۆم بوو بە سەرۆك كۆمار، بەڵام ئێستا ئیتر پارتی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو گەمەكانی بەغداد، یەكێتییەكانیش توڕەن لێی، دەڵێن ئاگاداری ساختەكاریی بووە‌و یەكێتی لێ ئاگادار نەكردوەتەوە، چانسی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی كۆمار لەم راپۆرتەدا.

سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا
هێشتا شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر دروستكردنی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراق‌و دیاریكردنی ئەو كەسەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، رێكنەكەوتوون، لەنێوان پارتی‌و یەكێتی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق گەرم بووە. 
پارتی كە چوارەمین گەورە براوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەوە، لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە جەخت لەسەر سێ بۆچوون دەكات:
•    بۆچونی یەكەم: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو یەكلانەبوەتەوە بۆ هیچ لایەنێك، لەمەدا مەبەستیان لە یەكێتییە، چونكە لەدوای 2003‌و روخانی رژێمی سەددامەوە، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ هیچ بنەمایەكی دەستوریی‌و وەكو عورفێكی سیاسی بووە پشكی كورد، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان، لەوكاتەوە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە، بەڵام ئێستا رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزب مردووە‌و كاری پێناكرێت. 
•    بۆچوونی دووەم: بەرپرسانی پارتی بێ ئەوەی باس لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، چەند رۆژێكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەن پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت بۆ پارتی بێت، بەوپێیەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندیدی پارتی لەم پارێزگایە زۆرترین دەنگی هێناوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە شەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات‌و تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتوەتەوە، پارتی دەیەوێت لەرێگەی پێدانەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆخۆی زامن بكات، ئەمەش بژاردەیەكی قورسە بۆ یەكێتی. 
•    بۆچوونی سێیەم: پارتی لەرێگەی فشاركردن لە یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، خوازیارە یەكێتی رابكێشێت بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی یان ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ، بەتایبەتیش دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە 8ی تەموزەوە لەناو یەكێتی رویانداوە‌و دڵخوازی پارتین.   

سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟
سەرباری ئەوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی مردووە، بەڵام یەكێتی هێشتا سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی خۆیەتی.
ساڵی 2018 یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری لە دەرەوەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و لایەنە كوردستانییەكان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام ئایا بەم دۆخەی ئێستایەوە یەكێتی توانای هەیە هەمان كار بكاتەوە ؟! واتە لە دەرەوی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە؟
ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە 2018وە تائێستا رویانداوە، نیشانی دەدەن یەكێتی جارێكی تر توانای دوبارەكردنەوەی سیناریۆكەی 2018ی نییە‌و بەرهەم ساڵحیش ئەمجارە ئەو چانسە گەورەیەی لەبەردەمدا نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك: 
•    2018 كاتێك لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەرهەم ساڵح كرا بە سەرۆك كۆمار، لەناو یەكێتیدا زۆربەی جەمسەرەكان پشتیوانی بەرهەم ساڵحیان دەكرد، لەوانە ماڵی مام جەلال، لاهور شێخ جەنگی، كۆسرەت رەسوڵ‌و گروپی كەركوكییەكان، بەڵام ئێستا دۆخی ناو یەكێتی گۆڕاوە، سەرباری ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەمدواییە رایگەیاند كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەر بەرهەم ساڵحە، بەڵام ئێستا هەموو جەمسەرە كۆنەكانی یەكێتی دژی دانانەوەی بەرهەم ساڵحن، بەتایبەتیش كە پێیانوایە چیتر پۆستی سەرۆك كۆمار ئەو بابەخە گەورەیەی نییە كە بەهۆیەوە یەكێتی سازش بۆ پارتی بكات.
•    2018 فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەدەنگی شیعەكان لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح شكستی هێنا، ئەوكات ساڵێك بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕیبوو، لایەنە شیعەكان لە پارتی‌و بارزانی توڕەبوون، هەر كاندیدێكی تریان لە دەرەوەی كاندیدی بارزانی قبوڵ بوو، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی براوەی هەڵبژاردنە‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەنە شیعەكان بەهێزە، لەگەڵ سەدر‌و لەگەڵ بەرەكەی مالیكی‌و عامریشدا.
•    بەرهەم ساڵح كە توانایەكی بەهێزی هەبوو لە یاریكردن لەگەڵ جەمسەرە ناكۆكەكان بەتایبەتی ئێران‌و ئەمریكا، ئێستا ئیتر یارییەكانی تاڕادەیەك بۆ هەردوو جەمسەرەكە ئاشكرا بووە، بەتایبەتی دوای ئاشكرابوونی ئەوەی موبایلەكەی لەلایەن پرۆگرامێكی ئیسرئیلییەوە چاودێری كراوە، قسەوباسیش هەبوو لەبارەی ئەوەی موبایلەكەی لەسەردانێكدا بۆ قەتەر لێ دزراوە، قسە هەیە ئەم روداوانە پەیوەندییە تایبەتییەكانی بەرهەم ساڵحیان ئاشكرا كردووە.  

  

چانسی بەرهەم ساڵح
بەرهەم ساڵح هێشتا سورە لەسەر ئەوەی بۆ خولێكی تر كورسی كۆماری عێراق وەربگرێتەوە، كورسییەك كە لەدوای روخانی سەددامەوە تەنیا جەلال تاڵەبانی رێبەری مێژوویی یەكێتی توانیویەتی دوو خولی لەسەر یەك، لەسەری دابنیشێت. 
سەرباری ئاستەنگی شكاندنی ریكۆردی تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆك كۆماردا، بەرهەم ساڵح كێشەی تریشی لەناو یەكێتیدا هەیە كە چانسان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خولی دووەم لاوازكردووە. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ناڕەزایەتی لەدژی بەرهەم ساڵح هەیە، چونكە پێیانوایە بەرهەم ساڵح لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، پێشوەختە ئاگاداری شێوازی ساختەكاری بووە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی لێ ئاگادار نەكردوەتەوە‌و بەپێچەوانەوە بەردەوام دڵنیایی پێداون كە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا ناكرێت. 
(درەو) زانیویەتی، بۆ كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، دەسترۆیشتووەكانی یەكێتی چانسێكیان داوەتە بەرهەم ساڵح، چانسەكەش ئەوەیە پێگەی خۆی وەكو سەرۆك كۆمار بەكاربهێنێت‌و لەرێگەی تانەكانی هەڵبژاردنەوە، كورسییەكی پەرلەمانی عێراق بۆ یەكێتی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی كورسییەكەی هەولێر، بەڵام پێناچێت بەرهەم ساڵح هەرگیز كارێكی لەم شێوەیە بۆ یەكێتی بكات، بەتایبەتیش كە كورسییەكەی هەولێر زیان بە پێگەی پارتی دەگەیەنێت‌و بەرهەم ساڵح ماوەیەكە سەرقاڵی خۆنزیكردنەوەیە لە پارتی‌و دەیەوێت قایلیان بكات بەوەی بۆ خولی دووەم لە پۆستی سەرۆك كۆمار بمێنێتەوە.  
لەلایەكی ترەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان كە رۆڵی گەورەیان هەیە لە یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكانی عێراق، هێشتا بە زارەكی پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكەن، بەڵام هاوكات كێشەیان لەوەدا نیە ئەگەر بەدیلێكی تر هەبێت‌و یەكێتی‌و پارتی لەسەری رێكبكەون. 

كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار
پارتی هەرچەندە خواستی جددی نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەتایبەتی كە نێچیرڤان بارزانی حەزی لە پۆستەكە نییە‌و پۆستی سەرۆكی هەرێم بە باشتر دەزانێت، بەڵام سەرباری ئەمەش وەكو فشارێك لەسەر یەكێتی‌و تۆڵەیەكی مێژوویش لەبەرهەم ساڵح كە 2018 لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كرا بە سەرۆك كۆمار، هەندێك ناوی خستوەتە ناو میدیاكان وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەوانە (هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، فازل میرانی).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان بە پارتییان راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی كورسی زیاتریان هێناوە، هێشتا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی یەكێتییە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر كاندیدی یەكێتی هەبێت.
دوای وەرگرتنی پەیامەكەی ئێران، پێناچێت پارتی شەڕی گەورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، بەڵام بەبێ وەرگرتنی باجی ئەم پۆستەش لە یەكێتی دانانیشێت، بەتایبەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی هەروەها چەسپاندنی تەواوەتی دەسەڵات حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لە سەرتاسەری كوردستان.  
جگە لە پارتی، لەناو یەكێتیش هەندێك ناو هەن كە وەكو كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار قسەوباسیان لەبارەوە دەكرێت، لەوانە (مەلا بەختیار) كە ساڵی 2018 چووە ركابەرێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام لەسەركردایەتی یەكێتی پشتیوانی لێ نەكرا، چەند رۆژی رابردوو، وەفدی پارتی كە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەردانی سلێمانییان كرد، بەجیا لەگەڵ مەلا بەختیاریش كۆبونەوە، ئەمە وەكو ئاماژەیەكی پارتی بوو بۆ یەكێتی كە ئەوان پشتیوانی مەلا بەختیار دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت. 
جگە لە مەلا بەختیار، هەر لەناو یەكێتی ناوی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەوانە (عەدنان موفتی).

بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماردا
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018دا، بەرهەم ساڵح كە ئەوكات جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) دامەزراند، بەشداری هەڵبژاردنی كرد‌و تەنیا (2) كورسی بردەوە، دوای ئەم شكستە لە هەڵبژاردن، بەنێوەندگیری ئەمریكییەكان بەرهەم ساڵح دەستبەرداری حزبەكەی بوو، گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، بەمەرجی ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێبدرێت، ئەم جیابونەوە‌و دواتر گەڕانەوەیە بۆ ناو یەكێتی، گورزێكی گەورەی دا لە ناوبانگی بەرهەم ساڵح‌و تائێستاش كاریگەرییەكانی لەسەر كەسایەتی ئەو بەردەوامە.
رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری 2018 بەرهەم ساڵح بەفەرمی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، دۆخەكە لەباربوو بۆ ئەوەی ببێت بە بەهێزترین سەرۆك كۆماری دوای روخانی رژێمی سەددام، بەڵام ئەو نەیتوانی ئەم رۆڵە ببینێت.
بەپێچەوانەی "مام جەلال"ەوە كە لە هەردوو خولی سەرۆكایەتییەكەیدا دوو جێگری بەهێزی شیعەو سوننەی هەبوو، هەروەها فوئاد مەعسوم كە سێ جێگری هەبوو، بەرهەم ساڵح بەبێ هیچ جێگرێك بوو بە سەرۆك كۆمار، ئەمە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی رۆڵی پێگەی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی كورد لە عێراق بەهێز بكات، بەڵام لەئاستی چاوەڕوانییەكاندا نەبوو. 
سەرباری ئەمە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە بەردەوام سەرۆك وەزیرەكانی عێراق كێشە بوون لەبەردەم دەسەڵاتی سەرۆك كۆماردا، بەڵام لەسەردەمی بەرهەم ساڵحدا دۆخەكە جیاواز بوو، عادل عەبدولمەهدی بوو بە سەرۆك وەزیران، ئەم پیاوە سەرباری ئەوەی لە شەقامی عێراقیدا ناڕەزایەتی لەسەر بوو، دۆستی كورد بوو، دواتریش كە عەبدولمەهدی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 ناچاركرا دەستلەكاربكێشێتەوە، بەرهەم ساڵح بوو بە كارەكتەری ژمارە یەك‌و مستەفا كازمی كرد بە سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر كارمەندی خۆی بوو.
بەرهەم ساڵح بەم بارودۆخەوە سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەڵام نەیتوانی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەرژەوەندی حزبەكەی خۆی (یەكێتی) یەكلابكاتەوە كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەدەستیداوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لەو ماوەیەدا مستەفا كازمی چەندین پارێزگاری گۆڕی، هەندێك زانیاری نافەرمی هەن باسلەوە دەكەن، بەرهەم ساڵح بەرلەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، بۆئەوەی پشتیوانی توركیا بەدەستبهێنێت، لەرێگەی دكتۆر عەلی قەرەداغییەوە بەڵێنی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی پڕنەكاتەوە، مەرسومی دەستبەكاربوونی پارێزگارەكان لە عێراق لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە دەردەكرێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرفەرت لەبەردەم یەكێتیدا هەبوو لەرێگەی سەرۆكایەتی كۆمارەوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنێت، بەڵام ئەمە نەكرا.  
ئەگەر پارتی وەكو ئێستا باسی دەكات، پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەر    ژەوەندی خۆی یەكلا بكاتەوە، بەرهەم ساڵح پشتیوانی توركیا لەدەستدەدات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار. 
لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، عێراق كۆمەڵێك رووداوی بێ پێشینەی بەخۆوە بینی، رەنگە دیارترینیان كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە رۆژەكانی سەرەتای ساڵی 2020دا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد، لەم رووداوەدا بەرپرسانی ئێرانی گومانیان هەبوو هەندێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق پێشوەختە ئاگاداری هێرشی ئەمریكییەكان بوون، بەڵام تارانیان لێ ئاگادار نەكردوەتەوە.
دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، هێزە شیعەكان دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق‌و بڕیارەكەیان لە پەرلەمان پەسەندكرد، ئەوكات رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری بڵاویكردەوە، ئێرانییەكان توڕەن لە بەرهەم ساڵح، چونكە پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق ناكات، لەكاتێكدا بەر لەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت لای بەرپرسانی ئێرانی وتویەتی ئەو پشتیوانی چونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دەكات لە عێراق. 
مانگی ئازاری ئەمساڵ بودجەی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، پەسەندكردنی بودجەكە بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ‌و دانوستان لەنێوان هەرێم‌و بەغداد هات، نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە حكومەتی هەرێم گلەییان لە رۆڵی بەرهەم ساڵح هەبوو، لەم سەردەمەدا بەرهەم ساڵح لەبری پشتیوانیكردن لە وەفدەكەی قوباد تاڵەبانی، خۆی لە هاوپەیمانی "هیوا" نزیك كردەوە، كە هاوپەیمانی پەرلەمانتارانی كوردی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی بوو، ئەمانە لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، تیڕوانینی جیاوازیان لەگەڵ وەفدی هەرێم هەبوو كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد. 
ئەم بارودۆخە وایكردووە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەناو دەستڕۆیشتووەكانی ئێستای یەكێتیدا باوەڕێك دروستبووە كە بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا هیچ سودێكی بۆ هەرێمی كوردستان‌و یەكێتی نەبووە‌و تەنیا كاری بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە بەغدادو لەلای وڵاتانی ناوچەكە كردووە.
بەرهەم ساڵح كە 2018 پاڵپشتی گەورەی لاهور شێخ جەنگی هەبوو بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، ئێستا ئەو پشتیوانیەشی لەدەستداوە، لە كێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدا بەخۆپارێزییەوە مامەڵەی كرد‌و پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی نەكرد، ئەمەش تەنیا لەپێناو مسۆگەركردنەوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand