د. کاروان حەمەساڵح قسەکردن لەسەر جێگیریی و ئارامیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ژیانی سیاسیی و ئابوری، شتێکی نوێ نیە. بەڵام کارکردن لەسەری و چێککردنەوەی، دەبێت پرۆسەیەکی بەردەوام بێت و هەمیشە خەمێکی لە پێشینەی بڕیار بەدەستان بێت. بڕاوەتەوە لە ڕووی زانستی و واقعیەوە کە ژیان و گوزەران و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان هەمیشە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە نا سەقامگیری سیاسی و ئابورریەوە. با بزانین چۆن... لە وێنە فراوانەکەدا: سروشتی ژیان و ئیدارەدانیشی وایە کە چین و توێژەکان چەند لەیەک دووربن یان نزیک بەڵام بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تەواوکەری یەکدین و بەرژەوەندی و پێویستیەکانی یەکتر فەراهەم دەکەن. واتا بوونیان بەیەکەوە گرێدراوە و چەندین دوانە پێک دەهێنن لە نموونەی؛ پیاو و ژن، باوک و منداڵ، دەوڵەمەند و هەژار، کڕیار و فرۆشیار، بەرپرس و فەرمانبەر، قوتابی و مامۆستا، بە گشتیش حکومەت و هاوڵاتیان، وە چەندان دوانەی تری تەواوکەر. لە دۆخی جێگیریی سیاسیی و ئابوریدا و تا ڕادەیەک ئاساییدا، ئەو دوانانە تەواوکەر و هاوکاری یەکن، سوڕی ژیانی یەکتر تەواو دەکەن، پێویستی یەکتر پردەکەنەوە، تەنانەت لە ئاستی تاک و پێکەوەش هەموو بزوێنەری سووڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاسایشی نەتەوەیشن. جا هەر تاکێک بە چەندین شێواز پەیوەندی و پابەندێتی هەیە لەگەڵ چەندین تاکی تردا. لێرەوە کاتێک دۆخی سەقامگیری سیاسیی و ئابوری تێکدەچێت و ناجێگیر دەبێت، هەمیشە و زۆر بە خێرای ئەم دوانانە بە هۆی پشت بەستنیان بەیەک،گرفت لە حەڵەقەی پەیوەندیاندا دروست دەبێت. مامەڵەیان لەگەڵ یەک خاو دەبێتەوە، گومان دروست دەبێت، ئاستی پشت بەستنیان بە یەک و متمانەیان بە یەک کەم دەبێتەوە. ناجێگیری سیاسی و ڕۆڵە خراپەکەی: سادەترین ئاماژەکانی ناجێگیری سیاسیی؛ ململانێی سیاسی تەسک و ململانێی نێوخۆی حیزبی و کۆی پرۆسەی سیاسیی و کارتێکەرەکانیەتی، کە ببێتە هۆکای خاوبونەوەی کاروباری دامودەزگا حکومیەکان. زیاد بوونی کوشتن و گرتن. بەردەوامی خۆپیشاندانی جیاوازی چین و توێژەکان لەکات و شوێن جیاواز (هاوشێوەی خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆ، مامۆستایان، مامۆستایانی زانکۆ، شۆفێران، هاوڵاتیان بۆ خزمەتگوزاریی و هتد...)، لە دواجاردا کەمبوونەوەی متمانەی نێوان گرنگترین دوانە وەک "دەستەڵات و هاوڵاتیان" کە سەرچاوەی لێکترازانی پەیوەندی دوانەکاتی ترە. لە ناجێگیری سیاسییەوە بۆ ناجێگیری ئابووری: دەرەنجامەکانی ناجێگیری سیاسیی بەدەر لە خاوبوونەوەی پرۆسەی سیاسیی و بڕیاریی سیاسیی و شکستی بەردەوام لە بەرەوپێش چوون، ڕاستەوخۆ ناجێگیری ئابوریش شوێن خۆی دەخات... کە ئەمیش خۆی دەبینێتەوە لە؛ نا-هاوسەنگی سیاسەتی دارایی ( خەرجی حکومەت و سیستەمی باج)، خاوبونەوەی سوڕی دارایی لە بازاردا، پاشەکشە لە وەبەرهێنانی نێوخۆی و دەرەکی، ناڕوونی لە پڕۆسەی بڕیاردان لای تاک و خێزان و خاوەن کار و بازرگان و موئەسەسە گەورەکانی بازرگانی و بزنس، لەوێوە بۆ خاوبونەوەی "گەشەی ئابوری" و زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی، زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی، کەمبوونەوەی چینی مامناوەند و هەڵکشانی نادادپەروەریی و دواتر نەگەیشتن بە "پێشکەوتنی ئابوری" و نەمانی متمانە بە داهاتووی ووڵات و دواجار چوونە دەرەوەی داهات و سامانەکان. لە خراپترین باریشدا ناجێگیری دەروونی و ناجێگیریی لە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکدا دروست دەکات بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، لەوێشەوە لێکترازان لە پەیوەندی نێوان تاکە هاو-بەرژەوەندی و هاو-پێویستیەکان. چۆن ناجێگیری کۆمەڵایەتی و تۆوی خراپە سەرهەڵدەدات؟ کاتێک هەموو ئەو گرفتە سیاسی و ئابووریانە دێنە گۆڕێ، سەرجەم هاوڵاتیان لە چوارچێوەی یەکتردا کە پێداویستی یەک پر دەکەنەوە، گرفت بۆ ڕەوتی ژیان کردنیان دروست دەبێت... قەیرانەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناخی تاک و چوارچێوەی ماڵ و نێو بازار و نێو قوتابخانە و زانکۆ و دامەزراوەکانی تر. سووڕی ژیانیان دەگۆڕێت، هەڕەشە دەرەکیەکانی سەر ڕەوتی ژیانیان زیاد دەکات و دواجار نائارامی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. ئاخر کاتێک تاک یان خێزان خاڵی لاوازی هەبێت قابیلی چارەسەرە، چونکە زۆرجار خالی لاواز لە ڕووی زانستی کارگێریەوە پرسێکی نێوخۆییە، بەڵام هەڕەشە و کارتێکەری دەرەکی (دارایی، سیاسیی، ئیداریی و هتد) قورسترە و زۆرینەی کات چارەسەری لە دەرەوەی توانای نێوخۆیدایە و سەپێنراوە. لەوێوە سترێسی زۆری ژیانکردن دروست دەبێت کاتێک گرفتێک ڕووی تێ کردوویت و دەستەڵات و توانات بەسەریدا ناشکێت. هەر بۆیە گرفتە دەرەکیە سیاسی و ئابوریەکان بە ناچاریی ژیان و دەروونی تاک و خێزان و کۆمەڵگا و دامەزراوەکان تێکدەدات. دوانەکانیش مامەڵەیان لەگەڵ یەک دەگۆرێت بە ناچاریی... نموونەیەکی سادە؛ لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ناجێگری سیاسیی و ململانێی حیزبی و ناشەفافیەت وای کردووە 8 ساڵە هەرێم بە بێ پڕۆژە یاسای بودجە کارەکانی دەکات! ئەمەش لەسادەترین نموونەیدا پچرانی سەرەتاییترین پەیوەندی نێوان داموو دەزگا شەرعیەکانی هەرێمە لەگەڵ یەک، وە لەوێشەوە پەیوەندی نێوان دەستەڵاتەکان و هاوڵاتیان، کە دواتر سەری کێشا بۆ سستی لە پابەندێتی حکومەت بەرامبەر مافی مووچەخۆران و لێبڕینی مووچە و ناداپەروەریی. لەوێوە مووچەخۆریش لە بازاڕدا وەک کڕیار توانای کرینی کەمبوویەوە و فرۆشیاریش توانای کەمبوویەوە بۆ خزمەت و دواتر گەشەسەندنی کار و وەرنەگرتنی دەسی کاری زیاتر و بگرە ناردنەوەی هەندێک لە کارمەندان بۆ ماڵ (لە ژێر ناوی کەمکردنەوەی خەرجیی بزنسەکەی)، دواجار ئەوەی لە فرۆشی کەم بوویەوە، ئەوەی لە کار دوورخرایەوە، یان باوکە یان برا گەورەی چەند خۆشکێکە، یان تاقە کچە بژێوی خێزانێک دابین دەکات، یان هاوسەرێکە! بزانە چۆن گرفتێک گرفتێکی تر لە شوێنێکی تر و بە ناونیشانێکی ترەوە دەخوڵقێنێت. کەواتە ببینن تەنها پچرانی یەکەم حەڵەقەی پەیوەندی کە پرۆژە یاسای بودجەیە (ئەگەر چی هەموو کێشه سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی پێ چارە ناکرێت)، چۆن درزی خستە نێوان پابەندێتی دوانەکانی ترەوە، چۆن بازنەی شەپۆلەکان و کاریگەریەکانی گوازرایەوە؟ نموونەیەکی تر؛ کاتێک بە هۆی گرفت و ناجێگیری سیاسی و باڵادەستی حیزب و قاچاخچێتی و ناڕوونی لە داهاتی نەوتی و نا-نەوتی، دەبینین مووچەی هەموو موچەخۆران کە بە نزیکەیی 750 ملیۆن دۆلارە، یان کاتی هاتنە بازاری دیار نەبووە، یان بڕەکەی. ئا لێرەوە ؛ متمانەی دارایی نێوان چین و توێژەکان کەم دەکات، دواتر پابەندێتیان لەبەرامبەر یەک درزی تێدەکەوێت و کێشەی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. چوونکە لە ڕووی زانستیشەوە تێکدان و لێکترازان و کەمبوونەوەی پابەندێتی لە پەیوەندیەکاندا، ئەگەرێکی کراوە دەداتە دەست کەمینە خراپەکان کە تۆی خراپەیان گەشە بکات، دواتر بە شوێن خاڵی بەهێزی خۆی و خاڵی لاوازی یەکێکی تردا بگەڕێ تا دەروونی خۆی پێ دابمرکێنێتەوە! کەواتە هەموو دوانەکانی تر کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکردن بە هۆی ئەو زنجیرە لە گرفتی سیاسی و لەوێوە ئابوریی؛ متمانەیان لێکدەترازێت، پابەندیەکانیان بە هەموو جۆرەکانیەوە، ئیداریی، سیاسیی، دارایی، پەروەردەیی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و هتد لەگەڵ یەکتر گرفتی تێ دەکەوێت. جا لە دۆخێکی وەک ئەم هەموو لێکترازانانەدا، غیابی دادگایەکی دادپەروەر یان نیشتیمانیی، ئەوەندەی تر گرفتەکان و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و لێکترازانەکان گەورەتر دەکات، بە جۆرێکی تریش لە ژینگەیەکی وادا ئەرکی دادگای دادپەروەر (دادگای ناداپەروەریش هەیە)یش گەلێک قورستر دەبێت. چارەسەرەکان؛ چارەسەری ناجێگیری سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی پرسێکی زۆر ئاڵۆزە و ووردەکاریی و دڵسۆزی و کاتی پێویستی دەوێت لەگەڵ ویستی ڕاستەقینە، بەڵام لەم ووتارە سنوردارەدا تەنها چەند خاڵێکی گشتی و ستراتیژی ئاماژە پێ دەکەم یەکەم: ئامادەسازی و زەمینەسازی بۆ سازدانی دایالۆگی نیشتیمانی ڕاستگۆیانە بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکێ و ناجێگیری سیاسیی و گۆرینی ململانێی حیزبی بە پێشبرکێی سیاسی. دووەم: کەمکردنەوەی تەداخولاتی حیزب و شەخس لە کاروباری حکومڕانیدا لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەکاندا. (بڵێین بنبڕکردنی، بۆ ئێستا وەک هەڵگرتنی بەردە گەورەکەیە!). سێهەم: دوورخستنەوەی دەستی حیزب و شەخس لە ئەرک و بڕیاری دادگاکاندا. چوارەم: پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە وەڵام دەرەوەی کلتوری ووڵات و پێشکەوتنەکانی جیهان و خواستی بازاری کار بێت. پێنجەم: حکومەت بە زووترین کات نەخشە ڕێگایەک دابڕێژێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەگەڵ هاوڵاتیان. ئەویش بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و پەسەندکردنیەتی لە لایەن پەرلەمانەوە، هەروەها دانان سیاسەتێکی دارایی (Fiscal Policy) کە ڕەنگدانەوەی واقیعی هەرێم و ژیانی هاوڵاتیان و داهاتی تاک بێت، ئەویش لە ڕێگای پێداچوونەوە بە سیستەمی باج و ڕسومات لەسەر بنەمایەکی زانستی و دادپەروەرانە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دارایی و دەرونی لەسەر تاک و خێزان و بودجەی خێزان بە تایبەت، هەروەها ئاوڕدانەوە لە خزمەگوزاریی و خەرجی گشتیی حکومەت لەسەر بنەمای ڕیزبەندیی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان و هەرێم.
هێمن عهبدولقادر عەلی وەردی لە توێژینەوەیەک دەربارەی (سروشتی کۆمەڵگای عێراقی) دەڵێت:- خەڵکی عێراق وشەی (المهنة)یان، لە وشەی (المهانة)ەوە، وەرگرتووە، واتا (پیشە)یان لە (ڕسوایی)و (سوکایەتی)یەوە وەرگرتووە، ئەوان هەموو پیشەو داهێنان و دەست رەنگینی و گیانی لێبوردەیی و مۆسیقاو ئەدەب و فێربوون و هەڵکۆڵین و پەیکەر بەسووک سەیر دەکەن، ئەوانەی خەریکی کشتوکاڵ و بازرگانی و دوکاندارین بە ترسنۆک و دەستوپێ سپی ناو دەبەن، لەبەرامبەردا تەنها گرنگی بەو کارانە دەدەن کە سەرچاوەی شەڕ و توندو تیژین. خەڵكی عێراق بەگشتی (لە باکوریەوە تا باشور) گاڵتەیان بە کشتوکاڵ و دارتاشی و ئاسنگەری و جۆڵایی هاتووە، بەلایانەوە گرنگ بووە لە سوپادا ئەندام بن و خەریکی کوڕێنی خۆیان بن و هەردەم خۆیان تیف تیفە بدەن بە چەک. بەلاشیانەوە گرنگ نەبووە ئەو سوپایە نیشتیمانی بووبێت یان داگیرکار، گرنگ ئەوەیە ئەوان بە سواری ئەسپی ڕەسەنەوە، بەخەنجەرو نێزە و شمشێر و قەڵغان و پارچەیەک چەک دەربکەوتنایە. تاکی عێراقی زۆر جار بەیەک پارچە چەکیش دانەسکناوە، بەڵکو هەوڵی ئەوەی داوە هەموو پارچە چەکێکی هەبێت. ماڵی گەورە و سەرەک خێڵەکانیش ئەوە جبەخانەیەک بووە بۆ خۆی، کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف بەم دیاردەیە دەڵێت (سوارەی پشت ماڵان) واتا لە ئاوایدا لەپشت ماڵی ئاغاوە دایم کۆمەڵێک چەکدار ئامادە بوون بۆ هەر ڕوداوێک کە ڕوبدات لە فەلاقەکردن و سەرانە سەندن و پوشانەو مەڕانەو زەوی داگیر کردن. بەکورتی لە ناو ذیهنی خێڵەکیدا هەمیشە چەکداری باشتر بووە لە پیشەگەری چونکە بەهۆی چەکەکانەوە خوڕیویانە بەسەر کەسانی تردا. لەڕوی مێژوویشەوە زۆرجار زەوی گۆڕدراوەتەوە بەچەک، چەک گۆڕدراوەتەوە بە ژن، گەنم و ئاژەڵ گۆڕدراونەتەوە بەچەک واتا چەک بەهای هەبووە. لەسەردەمی عوسمانی و ئینگلیزەکاندا زۆر گەڕیدەو ئۆرێنتالیست (ڕۆژهەڵاتناس) هاتونەتە کوردستان، وێنەو پۆرترێتیان بۆ تاکی کورد کێشاوە، بەتایبەت بۆ جەنگاوەرەکانیان، هەندێک لەو وێنانە ماون کە چۆن تاکێکی کوردی بەقەد مەفرەزەیەک چەکی لەخۆی ناوە، لەخەنجەرو (داداش)و (ماتلی)و (حسکە)و (هۆرەندەڵ)و (ماوزەڕ)و (ساڵدات)و (بڕنەو)و (پێنج تیر)و (یانزەتیر)و (سەمینۆف)و ...هتد ئەوەی هەی بووە بۆ وێنەیەک لە خۆی بەستووە. هەرچەندە دیاردەی چەکداری زۆرینەی میللەتانی دنیای گرتۆتەوە هەتا ئێستاش بەڵام زۆرینەیان ئەو قۆناغەیان تێپەراندووە، بەتایبەت لە یاسا گرنگتر ئەوەیە کە ئەو دیاردەیە لەروی کلتوری و ذیهنیەوە خاڵی بکرێتەوە، پێش ئەوەی دوکانەکان دابخرێن دەبێت ئەو مێشکانە خاڵی بکرێنەوە کە سەدان ساڵە مووتوکراون بەم بیرکردنەوەیە، حەمە فەریق حەسەن لە مێنتاڵیەتی خێڵدا دەڵێ :- تاکی خێڵەکی پێڵاو ناکات بەسەر پێیەوە (نەعل لەپێناکات) بۆ دەرەوە چونکە هەمیشە قەیتانەکانی توند بەستووە ئامادەیە بۆ شەڕ. لەناو ئیدیۆم و پەندەکانیشدا زۆر جار چەک وەک میتافۆر بەکار دێت، دەڵێن لەو چێشتخانەیە دەعوەتەکەمان دا بەسەر فڵان کەسدا (چەکمان کرد)، قەرزەکەم لێوەر گرتەوەو لە شوێنی خۆیدا چەکم کرد، ژنەکەمان لێسەندەوەو چەکمان کرد، تاکی خێڵ هیچ کاتێک بەقەد چەککردن و چەکلێسەندن هەست بە سوکایەتی ناکات، چونکە نیشانەی هێزی ئەوە، ئەوان دەرەوەیان بەچەک دەرازێننەوە، بەڵام ناوەوەیان بەتاڵ، بەشداری ڤیستیڤاڵ دەکەن، بەڵام بڕوایان بە کۆڕو سینەما و شانۆو مۆسیقاو هونەر نییە. لەناو کۆمەڵگای خێڵدا هەمیشە پێتەڵێن باشتێک پارەت پێبێت نەوەک خۆت بکێشیت بە سینیەک لوقمەقازیدا، ئەوان هەمیشە چەکێکیان پێیە بۆ مامەڵە، واتا تۆ پێش ئەوەی بێیتە دەرەوە دەبێت هەمیشە پێڵاو و پشتێن و گیرفانت توند بێت حازر بیت بۆ پیا کێشان و بەریەککەوتن، هەرگیز قەدەری کارێکی باش ناکەیت. برایینە .. خوشکینە ئەو پزیشکەی کە ناوسکی نەخۆشەکەی هەڵئەدڕێت مانای وانیە ڕقی لە نەخۆشەکەیەتی نا، بەڵکو دەیەوێت نەمرێت، ئەو جەڕڕاحەی کە دەستی شکاوی کەسێک ڕادەکێشێت مانای ئەوە نیە دەیەوێت ئازاری بدات نا، بەڵکو دەیەوێت دەستی خوار نەبێت، قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە دەزانم ئازاراویە بۆ هەموومان بەڵام ئەسڵی نیەت ئەوەیە کە مناڵەکانمان لەم بەد بەختییە رزگارکەین کە خۆمان تێی کەوتین، خولە جەخماخە لە درامای (چەخماخە)دا دەڵێ:- (وا گریمان تەقاندیشت، بۆ کوێ ڕائەکەیت ؟) وا گریمان بازاڕی چەکەکانیشمان داخست، ئەی ئەو هەموو بازاڕی عەقڵە چۆن دابخەین؟ ئەی ئەو هەموو ڤیستیڤاڵی ساڵانەی عەشیرەتانەی کە بەقەد خێڵەکانی (هۆتی)و (توتسی)لە ڕواندە، ڕومانەو دۆشکەو بیکەیسی و ئێم فۆری تیا نمایش ئەکرێ ؟ شۆڕشگێڕەکانی ئیتالیا وتیان (ئەمڕۆ خاکی ئیتالیامان ڕزگارکرد، ئینجا نۆرەی ئەوەیە عەقڵی خۆمان و خەڵکەکەی ڕزگار بکەین)، ئێمە خاکمان ڕزگار کرد بەڵام عەقڵی شۆڕشگێڕو خەڵکەکەی وەک خۆی مایەوە، لادێ و گوندەکان و قەزاو ناحیەکان پێویستیان بە (تراکتۆرو سەمادو پەین و بیری ئیرتیوازی و تراکتۆر هەبوو) ئێمە یان کۆلێژی قانون و علوم سیاسە و کۆمەڵناسیمان تیا کردنەوە یان هەموویمان کرد بەچەکدار، (لادێمان لەدەست دەرچوو شاریشمان دروست نەکرد)، بەها جوانەکانی خێڵ و لادێمان لەدەستداو تێکەڵی ژیانی شارستانیەت و مەدەنیەتیش نەبووین، قات و بۆینباخمان لەبەرکردو توندوتیژیمان فڕێ نەدا، پەڕلەمان و دامەزراوەمان دروست کردو ڕێگەمان نەدا چوار کەسی خوێنەوار یاسامان بۆ دابنێن، پەزو مەڕ و ماڵات و زەویە بەراوەکانمان فرۆشت و کوشتن و بڕین و نەخۆشی دەرونی فۆبیاو شیزۆفرینیاو خەمۆکی و جەنجاڵیمان کڕی، هەموو ماڵێک پێنج شەش دەرچوی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرای تێکەوت وەلێ لێبوردەیی و خۆشەویستی نا، بڕوانامەمان بەدەستهێنا بەڵام خوێنەواری نا، مامۆستا (سمکۆ ناکام) لە ساڵی ١٩٧٤ زۆر بەجوانی شەڕحی ئەو کۆمەڵگایە دەکات کاتێک خولەی چەخماخساز کە کڵاشینکۆفێکی لەشاندایەو دەرزیەکەی شکاوە تەواوی کۆمەڵگا حورمەتی دەگرن چونکە وا دەزانن پیاوکوژە دوای ئەوەی کە چەک ئەکرێ لەڕوی بەهاوە ئەشکێنرێ ناچار پەنا بۆ دەمانچەکەی دەبات و ڕو دەکاتە کۆمەڵگاو پێیان دەڵێت، دیارە ئەوەی پیاو نەکوژێت ئێوە بە پیاوی نازانن. یاسا گرنگە، بەڵام هەرگیز یاسا ناتوانێت سنور بۆ کردەی توندوتیژی بەتەنها دابنێت و دەست بەسەر ڕەفتارو ذیهنیەتی تاکدا بگرێت، یاساو سێدارە نەیانتوانیوە لە ئێران کۆتایی بە دیاردەی مادەی هۆشبەر بهێنن، لە یاساو هەموو ئەوانە گرنگتر داخستنی ئەو عەقڵیەتەیە، کە پیشەو میهنەو هێمنی و لەسەرخۆیی و بێ وەیی و ژیاندۆستی و ئاژەڵدۆستی و ژینگەدۆستی و کتێب دۆستی وەک کەسی (ناسک و پەمەیی و خەیاڵی و قسەی کتێب) پێناسە دەکات، کەچی ڕێزو شکۆ بۆ چەک وەشێن و شەق وەشێنەکانی دادەنێت، هەر کۆمەڵگایەک، هەر خێزانێک، هەر حیزبێک، ڕێزی شەق وەشێن و تفەنگ بەدەستەکانی زیاتر بگرێت لە خوێنەوارو عاقڵەکانی، دەبێت هەموو ڕۆژێک شاهیدی خورپەیەک بێت، ئاخۆ کەی ئەو خورپەیە لەماڵەکەی خۆشیدا ڕوودەدات. (هەردی) وتەنی:- جا ئیتر من قسەی خۆم پێ گەیاندی بێ درۆ حەز ئەکەی هەر وەک پەپولە روو لە ئاگرکە و بڕۆ
چیا عەباس ئێستا و ئایندەی ئەم هەرێمە بچوکە گەمارۆدراوەی باشوری کوردستان کە زیاتر لە قەرارگایەکی بنەماڵەیی و حزبی دەچێت، خاوەنی ناسنامەیەکی یەکگرتوی دیاریکراو نیە، کەرەستەکانی فەرمانرەوایی لەرزۆک و ناجێگیرن و گیرۆدەی زلهێزەکان و گەمەکەرە ئیقلیمیەکانە، گەشبینین تێیاندا بەدی ناکرێت. لە دۆخی ئاڵۆز و دژواری ئەم هەرێمە، تایبەت دوای راگرتنی شەری ناوخۆ، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە مۆڵەت و چاوپۆشینی گەمەکەرە زلهێزەکان بۆیان هەیە ناوماڵی هەرێم بە پرۆسەیەکی دیموکراسی و کراوەی وەهمی و چەواشەکەر بەرێوەی بەرن، بە مەرجێک پێکدادان و شەر و مەرافە نێوانیان سەر هەڵنەدەن و یەکپارچەیی و سەروەری عێراق بپارێزن. بەکورتی ئەمە پێناسە و خەسڵەتەکانی ئەم کیانە وەهمیەیە کە کورد ئۆقیانوسێک لە خوێن و قوربانی بۆ داوە. لەم کەش و هەوایەدا ساڵانێکە بەتەنیشت راگەیاندنی ئاراستەکراوی حزبیەوە چەند سەنتەری راگەیاندنی بەناو ئەهلی و سەربەخۆ کاردەکەن. بەگشتی زۆربەیان رۆڵی گرنگیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و رەخنە لە دەسەڵات و راماڵینی دەمامک لە روخسارە قێزەوەن و گەندەڵ و تاوانبارەکانی سەر بە هێزەکانی دەسەڵاتدار هەبوە، ئەم راستیە لە قۆناغی یەکەمی سەرهەڵدانی ئەو سەنتەرانە زۆر چڕوپڕ بەرچاو دەکەوت، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا دۆخەکە تا دێت خراپتر و ئاڵۆزتر دەبێت، تۆ بڵێی رۆڵی ئەو جۆرە میدیایە چۆن بێت؟ سەرەرای ئەوەی ئامراز و ناوەرۆک و کەرەستەکانی راگەیاندنی باڵادەست تا ئەم چرکەیەش نیشتمانی و نەتەوەیی نەبون و نیشن میدیای بەناو سەربەخۆش شکستی هێناوە ئەو بۆشاییە هەستیارە گرنگە بەرتەسک بکات و خۆی وەک بەدیلێک لە گۆرەپانەکەدا عەرز بکات، مەخابن لە ئێستادا بۆتە بەشێکی ناراستەوخۆی دەسەڵات، خۆشیان بوێت یاخود ترش تا رادەیەکیش لە خزمەتی دەسەڵاتدایە. پێویست دەکات نمونەیەک بخەمە بەرچاوی هاوڵاتیان وەک شوبهاندن بەم رۆڵەی بەناو میدیای ئازاد: ئەبۆرجیناڵەکان دانیشتوی رەسەنی ئۆستراڵیا بون، بەریتانیای کۆڵۆنالیست تەفر و تونای کردن، لەو ساتەوە هەر ساڵێک ئەبۆریجیناڵەکانی نیشتەجێی بەریتانیا لە رۆژێکی دیاریکراودا لە سەر کەناری روباری مانش گرتدەبنەوە و پرۆتێستی خۆیان دەردەبرن، بیرۆکەیەکی رەسەن بەڵام بێ کاریگەری. دەسەڵات هەستی بە کاریگەری میدیای سەربەخۆ لە سەرەتادا دەکرد، پێی تورە و زۆر دڵگران بو، ئەمەش زەمینەی سەرکوتکردن و دەمکوتکردنی ئەو بوێرانە بو کە لە سەنتەرە سەربەخۆکان راشکاوانە بۆچون و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداران رادەگەیاند. ئەم واقعە مایەی نیگەرانی رێکخراو و گروپ و تەنانەت چەند وڵاتێکی دەرەکی بو و پرۆفایلی حوکمرانی هەرێم لەو بوارەدا لای رێکخراو و لایەنە پەیوەنددارە بیانییەکان تەنراوە بە نارازی و رەخنەی توند لە دەسەڵات، بێگومانیش لە پەیوەندیە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی دەسەڵاتی هەرێم لە گەڵ پەیوەنددارە بیانیەکان هۆشیاری زۆر توند بە دەسەڵات دراوە. لەم واقعەدا یەک ئەڵتەرنەتیڤ لە بەردەم دەسەڵاتدا مابو، کە بە هاریکاری و کارئاسانی دەرەکی کاری جدی بۆ کراوە، ئەویش: ئیحتواکردنی ئەو جۆرە راگەیاندنانە بە رێگەی گوێگرتنی روکەشی لێیان و کەمکردنەوەی فشارەکان لە سەریان، رێکخراو و لایەنە دەرەکیەکانیش رۆڵی گرنگیان لە تەمویلکردن و دەستەمۆکردن و پەروەردەکردنی بەشێک لەو جۆرە راگەیاندنانە هەبوە و هەشە. ئەم گۆرانکاریە پلان دارێژراوە دۆخێکی ئاڵۆزی پارادۆکسی خەڵقاندوە، لە لایەک دەسەڵات میدیای بەناو سەربەخۆ وەک کارتێک بەروی رەخنەگر و نارازیە بیانییەکان بەکاردهێنێت و لە لاکەی تریشەوە سەکۆیەکی لەرزۆکی بێ پایەی بۆ دەنگ و هزری نارازی راگرتوە. عەرەب دەڵێت: " ذر الرماد في العیون". لە ئێستادا بەرچاو دەکەوێت بەشێکی راگەیاندنی بەناو سەربەخۆ بەخەستی کار لە سەر دۆسیەی هەرێم و بەغدا دەکەن کە بازارێکی گەرمی هەواڵە، گەیشتۆتە ئاستێک کاتێک بەرپرسێک، نوسەرێک یاخود پەرلەمانتارێکی نەناسراو لە بەغدا بکۆکێ ئەمان لە کوردستان بە مانشێتی وروژێنەر و وێنە و ترش و خوێکردنێکی چەور بایەخی پێدەدەن. بێگومان تێشیاندایە کۆیلەی سەدام بوە و بەشدار بوە لە تاوانەکان دەرهەق بە کورد. ئەمجۆرە راگەیاندنە زیاتر لە بازاری عەکاز دەچێت نەک هاوسەنگ و راست و دروست بەدوای هەواڵی گرنگ و باوەرپێکراودا بچێت. لەم دۆخەدا دەبینرێت کە زۆرینەی خەڵک پەنای بۆ سۆشیال میدیا بردوە، هەرچەندە خراپ بەکارهێنانی ئەمجۆرە میدیایە کارەساتێکی قوڵی بۆ رەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکری دروستکردوە، بەڵام بۆتە مەنفەزێک بۆ بچێک هەناسەدان سەرەرای خاڵە نەرێنەکانیشی. بۆ خۆم لە رۆڵ و کاریگەری ئەمجۆرە میدیایە کەم ناکەمەوە و ئەوەندە یەغنیش نیم چاوەروانی سیاسی لە سەریان هەڵچنم، بەڵام لە ئێستادا کار و هەڵپەکانیان کەوتونەتە بەردەم گەلێک پرسیارەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٣٠ حوزەیران ٢٠٢٢
د. كامەران مەنتك گفتوگۆ دەربارەی وەرگیرانی سویدو فینلاند لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەشێوەیەك لەشێوەكان واتای فراوان بوون هەڵزنانی ململانێكانی نێوان روسیاو رۆژئاوایە بۆ قووڵایی ئەوروپا، ئەگەر شەڕی ئۆكرانیا، شەڕێك بێت لە پێناو كردنەوەی دەروازەی ئەوروپاو رزگاركردنی دەرچەی دەریایی بۆ روسیا، ئەوا دوای ئەو گفتوگۆیانە ململانێكان دەگاتە دەریای باڵتیك، لەبەرئەوەی لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە دەریای باڵتیك سنووری ئاوی روسیایە لە رۆژئاواوە ودرێژكراوەی قووڵایی ستراتیژی ئۆكرانیایە. لەدوای ساڵی (2000) ەوە، ناتۆ لەگەڵ هەر وڵاتێك لە ناوچەی قەوقازو ئەوروپای رۆژهەڵات، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی بایەخی ستراتیژیان بۆ روسیا هەبووە، گفتوگۆی ئەنجام دابێت، ئەوە شەڕەكان گواستراونەتەوە ئەو ناوچانەو بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ، لەساڵی (2008) گورجستان نیازی ئەوەی نیشان دا دەیەوێت ببێتە ئەندام لە ناتۆ، لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكانی شەڕی گورجستان دەستیپێكرد، بەهەمان شێوە لەكۆتاییەكانی ساڵی (2013) كاتێك دانوستانەكانی نێوان ئۆكرانیاو ناتۆ لە ڤزیلیۆسی پایتەختی لیتوانیا دەستیپێكرد، لەساڵی (2014) روسیا نیمچە دورگەی كریمی داگیر كرد ودەروازەی دەریای رەشی بۆ خۆی مسۆگەر كرد، لەساڵی (2022) كاتێك ئۆكرانیا سوور بوو لەسەر ئەندام بوون لە ناتۆ، روسیا هێرشی كردە سەرو بەم شێوەیە شەڕی ئۆكرانیا دەستیپێكرد، كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە! ئەگەر سەرنج بدەینە شەڕی ئۆكرانیا، دەبینین شەڕەكە تا ئێستا زیاتر لەو ناوچانە چڕ بۆتەوە، كە دەكەوێتە كەنارەكانی دەریای رەش، ئەمەش واتای ئەوەیە روسیا دەیەوێت بە یەكجاری دەستی ناتۆ لەو دەریایە ببڕێت، كە ناوە ناوە مانۆری سەربازی تیا ئەنجام دەدات و هێزی بازووی خۆی تیادا نیشان دەدات. وەرگرتنی سویدو فینلاند لە ناتۆ، كە رەنگ بێت تاوەكو ئێستا تەنیا وەكو هەڕەشەیەكی جیۆستراتیژی دژی روسیا بەكاربهێنرێت وتوانای ئەوەی نەبێت بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، گەڕانە دواوەوەیەكی بەرچاوی ناتۆیە لەبەردەم سوپای روسیاو ئابووری چین، كە ئێستا كۆی سیناریۆكە وادێتە بەرچاو چین لەدواوەی پەردەكە دەیەوێت لەرێگەی سوپای روسیاوە تەنگ بە سیستەمی رۆژئاوایی هەڵچنێت، كاتێك ململانێكان لەدەریای رەشەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەریای باڵتیك، واتە روسیا توانیویەتی بەرەی شەڕ لەسنوورەكانی خۆی دووربخاتەوە و ئەو فشارەی رۆژئاوا بەیارمەتیدانی ئۆكرانیا دەیكاتە سەر روسیا شكستی هێناوە، بۆیە بەدوای بەرەیەكی تری شەڕدا دەگەڕێت ودەیەوێت چوارچێوەی گۆڕەپانی شەڕەكە لەبەردەم روسیا فراوان بكات، تاوەكو ئابووری روسیا زیاتر پەكی بكەوێت ولەدوا جاردا ناچار بێت مل بۆ داواكانی رۆژئاوا كەچ بكات، كە ئەمەش خوێندنەوەیەكی ناتەندروستە، چونكە وەك وەزیری دەرەوەی چین چەند ساڵێك بەر لەئێستا راشكاوانە رایگەیاند، ئەوان هەرگیز رێگە نادەن ئابووری روسیا داڕمێت!. كەواتە ئەگەر هەوڵەكانی سویدو فینلاند ببێتە هەوڵێكی جدی ولەناتۆ وەربگیرێن، ئەوە روسیا هەرگیز دوودڵ نابێت لەوەی گۆڕەپانی شەڕەكە بگوازێتەوە ئەو دوو وڵاتە، ئەمەش واتای ئەوەیە هاوشێوەی هەردوو جەنگی یەكەم ودووەمی جیهانی، چەخماخەی شەڕێكی گەورە لە ئەوروپا لێدەدات، كە من گومانم هەیە ببێتە شەڕێكی جیهانی، بە چەمكە تەقلیدیەكەی، هەرچەندە ئەگەری فراوانبوونی ئەو شەڕەش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت!. رۆڵی توركیا لەم نێوەندەدا چیە؟ توركیا بەهۆی پێگە جیۆستراتیژیەكەیەوە، دەیەوێت یاری لەسەر ئەو ململانێیەی نێوان روسیاو رۆژئاوا بكات وگەورەترین قازانج بەدەست بێنێت، دیارە توركیاش بەرژەوەندیەكانی خۆی لە لێدانی كوردو گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان دەبینێتەوە، ئەمە جگە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە ئابووریەكانی، بۆئەم مەبەستەش هیچ دەرفەتێك لەدەست نادات، هەر لە بەكارهێنان وهەڕەشەكردن بە ئاڕاستەكردنی شەپۆڵی كۆچ بەران بەرەو ئەوروپا تا دەگاتە كڕینی رۆكێتی (س -400). بەرامبەر ئەمەش رۆژئاوا دەیەوێت تا ئەو رادەیەی بۆی دەكرێت لەرێگەی توركیاوە یاری لەسەر گواستنەوە وهێنان وبردنی گۆڕەپانی شەڕەكە بكات، بەو پێیەی توركیا دەكەوێتە نێوان ئاسیاو ئەروپا، بەڵام رەنگ بێت ئەو كارە وا بەئاسانی مەیسەر نەبێت، لەبەرئەوەی لەو خاڵەدا بەرژەوەنەدیەكانی روسیا وبا بڵێین بەرەی ئاسیایی لە كورد نزیكتر دەبێتەوە وفشارەكانی توركیا لەسەر رۆژئاوا وباشووری كوردستان، یاخود بەشێوەیەكی گشتی لەسەر مەسەلەی كورد كەمتر دەبێتەوە، ئەگەر ناتۆ هەموو دەرگاكانی بەرامبەر كورد دابخات وبەو چرووكیە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەتەوەیەكی بن دەست وزوڵم لێكراو بكات، ئەوە بەرژەوەندیە جیۆستراتیژیەكانی روسیا لەوە دەبێت لەكورد نزیك بێتەوە، لەبەرئەوەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ روسیاش جدی دەبێت ودەیخاتە كونجێكەوە، دیارە ئەمەش مەترسی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی لە هەردوو حالەتدا وهەردوو بەرە دەیانەوێت كورد وەكو كارتێك بەكاربهێنن، بۆیە دەبێت كورد لەو گەمە جیهانیە بەوردی تێبگات وبەشێوەیەكی تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەگینا لەنێو ئەو بەرداشەدا بەشێوەیەكی زۆر ترسناك دەهاڕدرێت!. هەرچۆنێك بێت دەبێت كورد واز لەوە بێنێت، كە رۆژئاوا ئێمەی فرۆشت ودەستەوەستان دانیشێت وخەریكی كڕووزانەوە بێت، دەبێت بزانێت چۆن شوێنی خۆی لەنێو ئەو گەمە جیهانیەدا دەكاتەوە، لەكۆتایدا زیاتر نزیكبوونەوەی توركیا لە ئەوروپا، مەرج نیە روسیا ناچار بكات، هەموو شتێك بۆ توركیا بكات، بۆیە كەلێنێكی باش هەیە بۆ كورد بۆئەوەی لەسەر ئەو ژێیەدا یاری بكات ومانەوە وبەرژەوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ئەو سیستەمە جیهانیە نوێیەی لە فۆرمۆڵە بووندایە بپارێزێت!.
ئاسۆ عەبدوللەتیف کێ سودمەندی یەکەمە لەو گەشەسەندنە نازانستی و ناڕێکانەو ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوانەی شارو تاپۆنەکردنی یەکەکان کە ماوەیەکە بۆتە سەرچاوەی گلەیی و ناڕەزایەتیی دانیشتوان، سەرباری ڕەخنەو گلەیی لە ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ، کوالیتی شەقام و شۆستەو قیرو باخچەو یەکەکان، کەچی تا ئێستا زۆربەیان نە ئیفرازکراون و نە تاپۆکراون، ماوەی پانزەساڵ زیاترە خەڵکی هەژارو فەرمانبەری سادەو چین و توێژەکان، هاوار دەکەن و بەدەست کێشەیەکەوە داناڵێنن، کە کێشەی وەبەرهێنەرو فێڵی خاوەن کۆمپانیاکانە بەسەر دەخل و داهاتی هاوڵاتیانەوە. دەکرێت بە سادەیی باسی ئەم کێشەیە بکەین، سادەیی مەبەستم ئاسانکارییە بۆ تێگەیشتنی حکومەت و خەڵکی هەژار بەدەست بەڵێندەرو وەبەرهێنەرەکانەوە، کە ملیۆنان دۆلاریان لەسەر حسابی کەمتەرخەمی حکومەت و فەرمانگەکان ساڵەهایە کۆکردۆتەوە، لە کۆڕی شەوانیاندا باسی بێ پلانی و ئەدای خراپی حکومەت دەکەن و بە ڕۆژیش گۆزەکە لەسەری خەڵکی هەژاردا دەشکێنن و بەو دەردەیان دەبەن کە دەیبینن. کرۆکی باسەکە بیرکاری و فیزیاو ئەتۆم نییە، تاپۆی شەرعییە بۆ خەڵکیی، مافێکی سەرەتایی و ڕەوای هاوڵاتیی ئەم شارەیە، دە بۆ پانزە ساڵە یەکەیەکی کڕیوە بە ڕەنجەشان و قیست و قەرزو سندوقی نیشتەجێ بوون، کەچی تا ئێستا وەبەرهێنەر، ئەوراق و پێشینە و خشتە و سایت پلانی کۆتایی یەکەکان تەسلیم ناکات بە فەرمانگەی خانوبەرە-تاپۆو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، تاوەکو خانوەکانیان تاپۆ بکرێن. خۆ دەبێت لایەنێک کەمتەرخەم و بەرپرس بێت ؟ ئایا حکومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، وەک بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، باجی خانوبەرەو تاپۆ، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان، کۆمپانیا حیزبیەکان ئیشیان چییە ئەگەر ئەم کارە بۆ هاوڵاتیان نەکەن، ئیش لەوە زەرورتر چییە، کێ بەرپرسەو بۆ نایەتە دەنگ، دەزانن بەشێک لەو پرۆژانە چەند جارێک نەخشەی بنەڕەتی و سایت پلانەکەیان گۆڕیوە بەهۆی دواخستنی تاپۆکردنی پرۆژەکەو لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتیی و یاریکردن بە زەویەکان و مۆڵەتەکان و حکومەتیش بێدەنگ، ئەو وەبەرهێنەرانە بۆچی نایانەوێت خانوەکانی ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانی و هەڵەبجەو کۆیەو چەمچەماڵ و کەلارو دەربەندیخان و ڕانیە بکرێن بە تاپۆی حکومیی و “سورەت قەید” یان بۆ بکرێت، بۆچی ئەرزی زۆربەی پرۆژەکان ئیفراز نەکراوە، بێ سەوزاییە، بێ بنکەی تەندروستییە، بێ قوتابخانەی حکومیی و بێ مزگەوت و بێ تاپۆیە، ئیتر بەس نییە ئەو هەموو ناعەدالەتیی و ئازاردانەی خەڵکی و ئەو هەموو زیانگەیاندنە بە ئابوری و گیرفانی حکومەت و گەشەسەندنی بازاڕو بزاوتی عەقارات. لەکاتێکدا دەزانین پرۆژەی زۆر جوان و شایستەو ڕاقیش بەتەنیشت ئەو پرۆژانەوە دروستکراوەو بەرچاوە. ئایا ئەو فەرمانگانەی سلێمانی دەزانن بە تاپۆنەکردنی خانووی ئەو هاوڵاتیانە چ زیانێک دەگەیەنن بە گیرفان و دەرونی خەڵک و بە خەزێنەی حکومەت، لەکاتێکدا بۆ ڕێگریی لەو بازرگانییە بەلاش و حەلاشەی وەبەرهێنەرەکان باشترە حکومەت هەرچی زووترە دەستوبرد لەوکارە بکات و ڕێگریی بکات لەو پاوانخوازیی و تاڵانکردنە بەردەوامە، ئەمەش بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر لە پرۆسەی تۆماری خانووبەرە بێتەوە بۆ گیرفان و خەزێنەی حکومەت کە بە ملیۆنان دۆلارەو خەڵکەکەش سودمەند دەبن لەو دۆخەو هەر کڕین و فرۆشێکیش بە یەکەکانەوە بکرێت هەر حکومەت سودمەند دەبێ نەک وەبەرهێنەر. بەداخەوە ئەوە زیاتر لە دەساڵە ئەو پرۆژانە پەراوێزخراون و بەهۆی تاپۆنەکردنەوە ڕووبەڕوی چەندین کێشەی تەندروستی و بێبازاڕیی و شکست بوونەتەوە وەک ؛ * نرخی یەکەکان بەتەواوی دابەزیوەو عەقاراتیان سفرەو خزمەتگوزارییان بێکەڵک بووە. * خزمەتگوزاری سەرەتایی و گشتی و ژیان لە بەشێکی ئەو سیتیانە بەتەواوی وەستاوە. * بەشێک لەو پرۆژانە بەهۆی ئیفرازنەکردنی ئەرزەکانیانەوە بە فشاری وەبەرهێنەر، قاچ و قووچ و یاری و تیجارەتی ڕەشیان پێوە دەکرێت بە ئەرزە بەتاڵەکان و سەوزایی و شوێنی پارکەکان و دەستاودەستکردن بە نهێنی و دواتر فرۆشتن و کردنی بە تەلاری نوێ و بەنزینخانە لەدەرەوەی یاساو ڕێنمایی و ڕێساکانی حکومەت، چونکە لە بنەڕەتدا پرۆژەکە تۆمار نییەو ئیفرازی بۆ نەکراوەو ئاسانترە بۆ خاوەن پرۆژەکە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکات. * بەشێک لەو وەبەرهێنەرو خاوەن پشکانە هێشتا بە ئارەزووی خۆیان ڕسوماتی کڕین و فرۆشتنی خانوو لە دانیشتوان وەردەگرن و ناهێڵن حکومەت بزانێت و داهات بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر تاپۆ بکرێن ئەو گزیکارییە نامێنێت و پارەکە بۆحکومەت دەگەڕێتەوە و وەبەرهێنەر لە پرۆژەکە دەردەچێت و تەسلیم بە حکومەت دەکرێت و ئەوەش ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ پێشخستنی شارو گەشەسەندنی. بەراست تاپۆی ئەو زەویانە ئەوەندە قورسە بۆ حکومەت وا بەو شێوەیە وەبەرهێنەرەکان حکومەتیان کردوە بە بارمتەی خۆیان، کە هەندێک لە دانیشتوان پێیان وایە کاتی ئەوە هاتوە هاوبەشی ئەو گزیکاریی و پاشاگەردانییە هەرچی زووترە دەستنیشان بکرێن و ڕوبەڕووی یاسا بکرێنەوە. پرۆژە هەیە خانووەکەی ئەگەر تاپۆ بکرێت هەم بازاری گەرمتر دەبێت و هەم بەهاو نرخەکەشی زیاد دەبێ، بەڵام بەشێک لە وەبەرهێنەری چاوچنۆک لەمەشدا لەف و دەوران لێئەدات بۆ قازانجی رۆژانەی خۆی و کڕین و فرۆشتنی لابەلا، نوسینگەی عەقاراتی کردۆتەوەو بە هێمنیش وەک مشک دەگەڕێ بەناو پرۆژەکەدا و سایت پلان بە ئارەزووی خۆی دەگۆڕێت بەبێ هیچ چاودێری و فلتەرێک و کام بەشەی پرۆژەکە مەتروکەیەو بۆ سەوزایی و بنکەی تەندروستی و قوتابخانەو خزمەتگوزاری گشتی دانراوە لە سایت پلاندا، دەیفرۆشێتەوەو و دەیکاتە بازاڕو دوکان و بەنزینخانەو جێ مۆلیدە و کافێ بۆخۆی و ئەوەندەی تر یەکەکان سوک و بێ بەها دەکات. ئایا دەزانن ئەو هەموو ساڵە کە ئەو یەکانە تاپۆ نەکراون حکومەت چ زیانێکی بەرکەوتوەو وەبەرهێنەریش قاچ لەسەر قاچ چەندە سودمەندبوە لەو داهاتە زۆرانەی بە مامەڵەو سەودای ئەو خانوانەوە کراوە. دەی بەرپرسانی حکومیی، گەر ئەتانەوێت خەڵک ئەوەندە لێتان توڕەو ناڕازی نەبێت خێرا وەرنە سەرخەت و ئاسانکاریی بکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بۆ هاوڵاتیان کە بەهەزار قەرزو قۆڵەو داماوی خانوویەکیان کڕیوەو دوای عومرێک هێشتا بۆیان تاپۆ ناکەن.
سانا نەوزاد دورچووی كۆلێژی زانستە ڕامیاریەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان * پێشەكی ڕیفۆڕم یەكێكە لە بابەتە گرنگ و كاریگەرەكان لە دونیادا كە گۆڕانكاری گەورە دەخوڵقێنێت وە ڕیفۆرمی سەركەوتوو دەرەنجامی زۆر سەركەوتوو گۆڕانكاری زۆر كاریگەر دەبێت. ڕیفۆڕم دەكرێت لە هەموو بوارێكدا لە ناو دەوڵەت و حكومەتدا جێبەجێ بكرێت كەتێیدا پێویست بە چاكسازی بكات, ڕیفۆرمی ئەمنی, سیاسی , ئابوری, كۆمەڵایەتی, وەلە زۆر بوار و فۆڕمی تردا هەیە. ڕیفۆڕم بە واتای چاكسازی و گۆڕانكاری دێت لە دۆخەكاندا،لە خراپەوە بۆ باش یاخود لە خراپترینەوە بۆ باشترین, كە زۆر كاریگەرە بۆ خۆڕزگاركردن لە شكستی گەورەی حوكم و دەسەڵات یاخود دەوڵەت. وە ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە ڕیفۆرمی سەربازی دادەنرێت, كە بریتیە لە چاكسازی لە هێزە ئەمنیەكاندا لە ڕووی ئەرك و یەكەكانی هێزە ئەمنیەكان. و بۆ دوبارە بنیاتنانەوە و دروستكردنی هێزێكی بەهێز و بوونی هێزی پێشمەرگە بە هێزێكی مۆدێرن و ڕێكخراو .ڕیفۆرمی سەربازی لە هێزەكانی پێشمەرگە كاریگەریەكانی گەورەن و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بە حوكمی ئەوەی هێزی ئەمنی و سوپا لە هەرێمی كوردستاندا بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكیان هەیە و ئەركی ئەوانە پاراستنی خاك و شكۆی حكومەتی هەرێم و نەتەوەكەیان وە هەروەكو دیارە سوپای بەهێز پیشاندەری سەنگینی و هێزی ئەو حوكمەت و دەوڵەتانە نیشان دەدات كە بەرگری لێ ئەكەن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا هەر لەبەر ئەمەیە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و كاری جدی لەسەر بكرێت. هاوشان جگە لە گرنگی هێزە ئەمنیەكان كە ئەركی سەرەكیان بریتییە لە پاراستن و ئاسایش لە ناوچەكە بۆ هاونیشتمانیان و هاوڵاتیەكانیان. پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە لە 2014 ەوە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە داوا كراوە لە حوكمەتی بەریتانیا كە هاوكار بن لەم پڕۆسەیەدا چونكە ئیرادەیەكی كوردی هەیە بۆ ئەم هەنگاوە, بەڕیتانیەكان و چەند وڵاتێكی تریش ئامادەبوون بۆ هاوكاری كە ئەمەش بە هۆی بوونی مەترسی گروپە تیرۆرستیەكانە لەم ناوچەیە وە سیاسەتی هاوپەیمانان لەم ناوچەیە و بەرامبەر كورد. لە پاشاندا گروپی ڕاوێژكاری MNAG پێكهێنرا كە پێكهاتووە لە وڵاتانی وەك: بەریتانیا, ئەمەریكا, ئەڵمانیا و هۆڵەندا . دوای دیراسەكرندی پڕۆسەكە لەلەیەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە پڕۆژەیەكی 28 خاڵی نوسرایەوە بۆ ڕیفۆڕمی هێزەكانی پێشمەرگە, MNAGو لەگەڵ بۆردی حوكمەتی هەرێم بۆ ڕیفۆڕم بۆ هەر پرۆگرامێك گروپێكی هاوبەشیان پێكهێنا لە كەسانی شارەزا لە بوارە دیاریكراوەكاندا بۆ نموونە، هۆڵەندیەكان كاردەكەن لەسەر پێدانی مووچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی و بەریتانیا كار لەسەر پەروەردەی لەشكری پیشەیی دەكەن. هەموو ئەم خاڵانە پێویستن بۆ كردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هێزێكی نیزامی, وە ئەم پڕۆسەیە تا وەكو ئێستا بەردەوامە كە دەكاتە نزیكەی 8 ساڵ وە بەپێی لێدوانەكانی كۆمەندەرەكانی هێزە هاوپەیمانەكان بێت ئەم پڕۆژەیە بەرواری كۆتایی هاتنی بۆ دیارینەكراوە، بەڵام بە پێشبینی ئەوان و خەمڵاندنیان بۆ پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو ساڵی 2025 پڕۆژەكە نزیك بە تەواو بوون دەبێت. بەڵام تا ئێستا بەرەوپێشچوونێكی ئەوتۆ و دڵخۆشكەر و گەش نابینرێت و بە پڕۆسەیەكی خاو لە قەڵەم دەدرێت لە ساڵی 2022 هەروەك لێپرسراوێكی سەربازی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێداوە كە سێ لیوا لە هێزەكانی 70 و 80 وە لیوای یەك و دووی هێزەكانی پاڵپشتی لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگەدان, ئامانجی سەرەكی پڕۆژەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە بوونی هێزی پێشمەرگەیە بە هێزێكی نیزامی و مۆدێرن كە یەكەم هەنگاو بۆ ئەم كارە لە یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 یە و یەكخستنەوەی هەموو هێزە حزبیەكانە بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە, چونكە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێت وڵاتان ناتوانن لەگەڵ هێزە نایاسایی و میلیشیاكاندا مامەڵە بكەن. پێشمەرگە لە دوای هاتنی داعش لە جیهاندا بوە باسێكی بەردەوام و زیاتر ناسرا لەلایەن جیهانەوە وەكو سیمبولی ئازایەتی و چاونەترسی و بۆتە سیمبولی بەرگریكار بۆ نەتەوەی كورد, وە هەروەها كورد ڕۆڵی بەرچاوی خۆی هەیە لە ناوچەكە و كەیسی كورد لە مێژە بۆتە مەسەلەیەكی گەورە و گرنگ لەلای وڵاتانی دەرودراوسێ و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا و ئەوروپا،كە ئەمەش وادەكات كورد لەناو دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و لەبواری سەربازی و پێشەمەرگایەتیدا پڕۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی بەئەنجام بگەیەنێت بۆ ئەوەی توانا و هێزی ڕووبەڕووبونەوەی زیاتری هەبێت لەمیانەی پڕۆسەیەكی كورت مەودا و ستراتیژیشدا لەگەڵ هەموو هێزە تیرۆریستەكاندا و هەر بەو مەبەستەش هێزەكانی هاوپەیمانان هان و پشتگیری پڕۆسەی ڕیفۆرم دەدەن لە بواری سەربازیدا. • پرۆژەی پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەم بوارانە لە خۆ دەگرێت: 1. ستراتیژی بەرگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە. 2. كارنامەی هێزی پێشمەرگە. 3. یاساكان و ڕێنمایەكان. 4. دامەزراندنی یەك یەكەی ژمێریاری یەكگرتوو. 5. پلاندانانی بودجەی چوارساڵی. 6. دوبارە ڕێكخستنەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە. 7. مووچە, دەرماڵە, و پارەی خانەنشینی. 8. دامەزراندن و بەرەوپێش چوون. 9. پەروەردەی لەشكری پیشەی . 10. بنەما و ڕاهێنان. 11. دادوەری سەربازی. 12. یەكسانی كۆمەڵایەتی ( جێندەر ). 13. ئەفسەری پۆل. 14. هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق. 15. كاریگەری هێزەكان بەیەكەوە. 16. ئامادەباشی. 17. لۆجیستی. 18. گەیاندن. 19. پزیشكی. 20. پێدانی موچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی. 21. یەكپۆشی. 22. یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە. 23. ستراتیژیەتی نیشتەجێبوونی پێشمەرگە. 24. بەڕێوبەرایەتی گرێبەست. 25. هاوكاری بۆ خێزانی شەهیدان و برینداران. 26. پڕۆژەی گەڕان و چاودێری هەواڵگیری (درۆن). 27. پڕۆژەی ستراتیژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە. 28. یەكخستنی زاراوە سەربازیەكان. ئاشكرایە كە هەموو ئەم بوارانە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر ڕێكخستنەوە و بەهێزبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. • لە دەرەنجامی توێژینەوەكەدا،ئەم ڕاستیانەی لای خوارەمان بۆ دەركەوت: لە پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگەدا, گەلێك هۆكار بونەتە ڕێگر لەبەردەم پێشكەوتن و بەئەنجامگەیاندنی پڕۆسەكەدا لەمەودایەكی كورتدا وەك: 1. هۆكارە سیاسیە ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستان . 2. ململانێ و متمانە نەبوونی نێوان هێزە كوردیەكان. 3. كێشەی بودجە. 4. جگە لە دەستێوەردان و سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەم پڕۆسەیە و بۆتە هۆی خاوی و بەرەوپێش نەچوونی . • لێرەدا ئەو پرسە دێتە پێشەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان چیە لە چارەسەركردن و نەهێشتنی ئەم ڕێگریانەدا ؟ بەمەبەستی نەهێشتنی هەموو ئەو ڕێگری و بەربەستە ناوخۆیی و ناوچەییانەدا ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەستێت بە : 1. ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێم و حیزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە كە كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بكەن بە تایبەتی هێزە باڵا دەسەكانی ئەم هەرێمە وەك یەكێتی و پارتی بە هەما هەنگی هەوڵ بدەن بۆ چەسپاندنی دیموكراسیەت . 2. بە دامودەزگاییكردنی هێزە ئەمنیەكان و یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 كە دوو گەورەترین هێزەكانی پێشمەرگەن لە ڕووی ژمارەو چەك و پێداویستیەوە . 3. دەبێت یەكێتی و پارتی، بگەن بە ڕێكەوتنی سیاسی نێوانیان و كێشە سیاسیەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن چونكە لە ڕێكەوتنی نێوان حوكمەتی هەرێمی كوردستان و هێزە هاوپەیمانەكاندا هاتووە كە ئەوان هاوكار نابن لە ڕیفۆڕمی پێشمەرگەدا ئەگەر حیزب و لایەنە كوردیەكان ڕێكنەكەون و ئەوان ئامادەنین كە هاوكاری هێزی حیزبی بكەن. • دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكە لە دەرئەنجامدا ئەم لێكۆڵینەوە زانستیەدا ،دوو پێشبینی بۆ داهاتووی پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە هەیە , كە دەكرێت بە دوو بەرەوە : 1. بەرەیەك كە گەشبینن بە هێزە كوردیەكان و هێشتا تروسكاییەكی ڕووناكی دەبینن لە سیاسەتی حزبە كوردیەكاندا بەرامبەر یەكگرتنەوە و ئیشكردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەكەیاندا و بڕوایان وایە كە ئەم پڕۆژەیە كۆتایەكەی هێزە كوردیەكان یەكدەگرن و داهاتوو بە دەستی حیزبە كوردیەكان بەرەو گەشەسەندن دەڕوات بە پێی ئەوەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە داواكراوە و دەسپێشخەری بۆ كراوە لەلایەن لایەنە كوردیەكانەوە ،وە تا ئێستا18-21 لیوای هاوبەش خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. 2. بەڵام ڕایەكی تر هەیە كە گەشبین نیە بە داهاتووی ئەم پڕۆژەیە چونكە تێبینیان هەیە لەسەر مێژووی حیزبە كوردیەكان و پێیان وایە بە ئاسانی ناگەنە ڕێكەوتنی سیاسی و دیموكراسیەت لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن و قورسە بۆ هەریەكێكیان دوای مێژوویەكی دوروو درێژو و تاڵ كە متمانە وا بە زووی درووست ببێتەوە و هەریەكە هێزە ئەمنیەكانی خۆی واز لێبێنێت و بێ دەسەڵات بمێنێتەوە، چونكە هێزی سەربازی واتە دەسەڵات و هەبوونی پێگەیەكی باڵا و گران, ئەمە جگە لەوەی خۆی لە خۆیدا لە نێوان هێزە كوردیەكاندا ڕێگری و بەربەست هەیە و دەوڵەتە هەرێمایەتیەكان و دراوسێكان هاوكارن بۆ دژوار بوون و ئیشكردن لەسەر یەكنەگرتنەوەی هێزە كوردیەكان. چونكە بە دڵنیایەوە لە هیچ وێسگەیەكی مێژوویدا یەكگرتنەوەی كورد و هێزە كوردیەكان لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێدا نەبووە بە تایبەتی وڵاتانی توركیا و ئێران, هەربۆیە ئەم بەرەیە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەم پرۆژەیە سەركەوتوو نابێت و لە كۆتایدا هێزە هاوپەیمانەكانیش كۆڵ دەدەن لە هاوكاریەكانیاندا بۆ ئەم پڕۆسەی ڕیفۆرمەی هیزی پێشمەرگە. بەهیوای ئەوەی كە ڕاو و بۆچونەكانی ئەم بەرەیە ڕاستدەرنەچێت،چونكە ئەوكاتە كارەساتێكی گەورە ڕووبەڕووی ئایندەی گەلەكەمان و وڵاتەكەمان دەبێتەوە،بۆیە گرنگە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردووی پارتی سەرەكی ((یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)) بەگرنگیەوە لەم پڕۆسەیە بڕوانن و هەوڵی جدی بدەن بۆ سەرخستنی.لەبەرئەوەی سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە دەروازەیەكی فراوانتر دەكاتەوە لەبەردەم ئایندەیەكی ڕۆشنتردا بۆ گەل و وڵاتەكەمان. *تێبینی: ئەم وتارە بەشێكە لە توێژینەوەی زانستی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كۆلێژی زانستە ڕامیاریەكان/بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.
سهردار عهزیز سوید وێنایەکەی تایبەتی هەیە لە خەیاڵی کوردیدا، دیموکراسی و نەرم و نیان و خۆشگوزەران. لە میانەی چەندین سەردانم بۆ ئەو وڵاتەو کارم لەگەڵ ڕێکخراو و وەزارەتی دەرەوەی سویدیدا، ئەوە روون بوو کە کورد بە بەراورد بە گروپەکانی تر دۆخیان باشترە.بەڵام هێشتا تێگەیشتن لە سوید تێگەیشتنێکی یوتوپیاییە. سەرەتا بە کەمێک قسە لە سەر ڕێککەوتنەکە بکەین، پاشان دەگەڕێینەوە سە ڕەهەندە جیاکانی. یەکەم، پلان وەهابوو کە هەموو پرۆسەکە لە پشت دەرگاوە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەردۆگان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بانگەشەی هەڵبژاردن، پرسەکەی هێنایە دەرەوە. ئەم هەنگاوە دۆخەکەی ئالۆزتر کرد بۆ هەموو لایەک. سویدییەکان فێری ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتە نین، زیاتر بایەخ بە دیپلۆماسی هاوکاری و فیمینیزم دەدەن، هەرچەندە چەک فرۆشێکی گەورەن. ئەم دۆخە وەهایکرد کە دەبێت زمانی لەیەکگەیشتنەکە بەجۆرێک بێت کە هەموو لایەک بتوانێت بۆ مەبەستی سودی خۆی بەکاری بهێنێت. سویدییەکان دەیانەوێت بڵێن کە هیچ سازشێکیان بۆ تورکیا نەکردووەو تورکەکان دەیانەوێت بانگەشە بۆ ئەوە بکەن کە دەستکەوتی زۆریان بە دەستهێناوە. مامەڵەی سوید وەرچەرخانە، بەڵام پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە دۆخی سیستەمی جیهانیدا. لە سی ساڵی رابوردوودا، بەهۆی گەشەی جیهانگەری و لیبرالیزم، دەوڵەت بە دۆخێکدا تێپەڕی کە ناچاربوو بوار بۆ دەزگاو ناوەندو ڕێکخراوتی تر بکاتەوە لە پانتایی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەم بوارکردنەوە زوو وەها لێکدرایەوە کە کۆتایی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیە. دروشمێک کە کوردی بەدبەخت لە هەموو زیاتر بانگەشەی بۆ دەکات. دیارە جگە لە فەیسبوکی خەڵکی باشورو هەندێک جێگای تر هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕابوو. بەڵام سەرباری نەگۆڕانی کاریگەری گەورەی هەیە. بانگەشەی نەمانی دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوەی لە فەیسبوکی کوردیدا، دۆخێکی ئاگایی سەقەتی وەهای دروستکردووە کە کورد نەتوانێت بەباشی لە دۆخەکە تێبگات. لە مێژویدا کورد بە ئاستەم توانای ئەوەی هەبووە واقیع وەک خۆی ببینێت. هەمیشە لێکدانەوەی حازرباش و کڵێشە و دروشمی ناواقیعی بەشێکی زۆری پێکهێنەری ئاگایی ساختەی کوردبوون. ئەمڕۆ باشور لە هەموو ساتێک زیاتر سیخناخە بە ئاگایی ساختە. هاتنی وڵاتانی وەک سویدو فینلەند بۆ ناو ناتۆ دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەوڵەت و پاراستن و ئاسایش و ئەگەری زۆری ململانێ و جەمسەرگیریی. لە دۆخی وەهادا بەهاکان لاواز دەبن. مافی مرۆڤ و مافەکانی تر پاشەکشێ دەکەن. سوید دەزانێت بەرەیەک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە جێگای ململانێ سەهۆڵبەندانی باکورە. بە توانەوەی شاخە بەفرەکان وڵاتان و کۆمپانیا جیهانییەکان لە هەڵپەی ئەوەدان کە دەستیان بە سامانەکانی ئەو ناوچەیە بگات، لە دۆخێکدا کە سوید بێلایەن بێت، ئەوا ناتوانێت خۆی بپارێزێت و بەشی خۆی بە دەست بهێنێت. ئەمە جگە لە گۆڕانی دۆخی دونیا بۆ دۆخێک کە تەنها وڵاتە زلهێزەکان یان ئەو وڵاتانەی کە خاوەن توانا و پشتیوانین بتوانن سەروەری خۆیان بپارێزن.
عوسمان حاجی مارف چۆنیەتی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەر لە کاتی خۆێدا ئەوەی نیشانداین و سەلماندی کە ئاکامی ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی بەدوای خرۆشانە جەماوەریەکان و قەیرانی سیاسی و قەیرانی حکومەتی عادل عبدالمهدی بەرێخرا، نەک نەیتوانیوە وەڵام بە قەیرانی هەلومەرجی سیاسی عێراق و قەیرانی دەسەڵات بداتەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە بەرەو قوڵبوونەی زیاترهەنگاوی هەڵگرتووە. ئەگەر چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراقدا بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە، لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشا قەومی و ئیسلامی و تائفیەکان پێناسەی بۆکرابێت و دابەشکرابێت، ئاشکرایە بەدوای پاشەکشەو شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەو عێراقدا بەدیهات، ئەم جۆرە لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسی و رێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکانی بە بنبەست گەیاندووە. لەلایەک بە هۆی ئەوپەری ئاستی گەندەڵی و نالەباری هەلومەرجی ئابوری و سیاسیەوە، لەلایەکی تریشەوە ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لە بەغداو شارەکانی خوارووی عێراقدا، ئەو پرۆسەیە بوو، کە کاروباری ئەو جۆرە لە حکومەتی رێکەوتنی هێزە میلیشیاکانی تووشی ئیفلیچ بوون و بەرەو شکستهێنان برد. گەر بە هەرهەوڵ و فروفێڵێک و شێوازو ئاستێک، هێزە میلیشیاکان توانیان پڕۆسەی هەڵبژاردن تێپەرێنن، بەڵام کێشە بێچارەکەیان ئەم جارە لە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، زیاتر دەرگیری بنبەست و قەیرانی تری کردون. بۆیە دەبینین دوو ئاراستەی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە لە نێوان ئەو هێزە میلیشیایانەی دەیانەوێت بەهەر قیمەتێک بێت خاوەن هێزی یەکەم بن لە پێکهێنانی حکومەتدا، تا بەجۆرێک خۆیان لەگەل ئاڵوگۆرەکاندا بگونجێنن. دەستەیەکیان، کە صەدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەو ئاراستەو نەخشەیە پەیڕەوی بکەن، کە پێکهێنانی حکومەت لە ڕێگەی ئەو هێزەوە بێت، کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، کە بەجۆرێک ئەمریکاش لایەنگری لەم ئاراستەیە دەکات و پارتیش لەهەمان ریزدا سەرەی گرت. دەستەی دووەم ئەو هێزە میلیشیا شیعانەن، کە بۆ خۆیان خاوەنی نفوزیكی چەکدارین و راستەوخۆ پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێرانن و دەیانەوێت لەسەر هەمان شێوازی پێشوو، لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی هێزەکان حکومەت پێکبهێننەوە، یەکێتیش بەجۆرێک لە چاوەروانی ئەم ئاراستەیەدا ئایندەی خۆی دەبینێتەوە. لەم نێوەدا موقتەدا صەدر کەوتۆتە ناو دوریانێکی تەسکو بنبەستەوە. لەلایەک نەیتوانی بە شێوازی زۆرینەی کورسیەکان، ئاراستەکەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت و حکومەت پێکبهێنێت، لەلایەکی تریشەوە بۆ چونەپاڵ ڕێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی تردا، جێگاورێگەی هێزەکەی لە حکومەتدا مانایەکی نامێنێت. بۆیە بەناچاری لەگەڵ ئاڵۆزی هەلومەرجەکەو قەیرانەکاندا رێگای کشانەوەی گرتۆتەبەر، بەڵکو لە هەر ئاڵوگۆریکی تردا گەر فرسەتی گونجاوی بۆ هاتەپێش گەمەی سیاسی تر بە هێزەکەی بکات. هەرکات لایەنەکانی تر بە هەر شێوازێک گەر بۆیان گونجاو بێت حکومەتێک ڕابگەیەنینن، ئەو کات موقتەدا صەدر دۆخەکە بەرێگای هێنانە سەرشەقامی هێزەکەی دۆخەکە زیاتر دەشێوێنێت و رێگا نادات لایەنەکانی تر ئارایش بە حکومەتەکەیان بدەن. بەم شێوەیە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی و کێشەی قەیرانی حکومەت لە سایەی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانەدا نادیارترو پر گێژاوتر چاوەروان دەکرێت. ئەوەی لەم نێوەدا ئاشکرایەو جێگای سەرنجی جدیە بەگشتی هەلومەرجی ناجێگیری سیاسی عێراق و قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانی حکومەتە، کە ئاراستەکانی هەریەک لە هێزە چەتە میلیشیاییەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، بە بەشداری پارتی و یەکێتیشەوە رۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە خولقاندنی ئەو دۆخە نالەبارو گێژاوە سیاسی و قەیراناویەدا. بۆیە هەمیشە ئایندەی عێراق لەسایەی بوونی ئەو هێزانەدا لەسەر لێواری رودانی جۆرەها سیناریۆیە کە قوربانیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هەژار دەبن. هەروەها لە کاتێکدا یەکلایی کردنەوەی کێشەو قەیرانەکانی عێراق دیار نەبێت، هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش بێبەری نابێت لە بەرکەوتن و بەخشینەوەی زیاتر قوڵبوونەوەی قەیرانەکاندا. لەو نێوەدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا لەوەی لەناو تێکەڵاوی ئەو بارودۆخە نالەبەرەدان کە ناوچەکەو عێراق دەرگیریەتی، لە هەمانکاتدا نەک ناشتوانن دەوری یەکلایی کەرەوە ببین، بەلکو پریشکی قەیرانەکانی عێراقیشیان بە زیادەوە بەردەکەوێت. پارتی بەپێی پێگەو هاوسەنگی هێزەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە پشکی زیاتر لە حکومەتی عێراق بەدەست بهێنێت. ئامادەیە هەر هێزێك بە هەر ئاراستەیەک پێشوازی لێبکات لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا رێکەوتنی لەگەڵدا بکات. جا ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ صەدریەکان ئەنجامیدا و بە ئەنجام نەگەیشت، ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکات و خۆی مەڵاسداوە بۆ رێکەوتێکی تر. بەڵام ئایا قەیرانی حکومەت و یەکلایی بوونەوەی کێشەکان ئەو فرسەتە بۆ پارتی دێنێتە پێشەوە!؟ بە بۆچونی من هەلومەرجی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو لایەنێکەوە عێراق و کوردستانی لەسەر گێژاو و چارەنوسێکی نادیاری وەها راگرتووە، کە کەمترین فرسەتی هێشتۆتەوە بۆ گەمەی سیاسی پارتی تا بتوانێت لە حکومەتی عێراقدا جێگاورێگایەکی باڵاتر لە جاران بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە، کە بەهۆی دابەزینی ئاستی پێکەی یەکێتی نیشتمانی و کێشە ناوخۆییەکانیەوە، بەشی لە پریشکی قەیرانەکاندا زیاتر دەبێت. ئەمەش بە ئاشکرا دەبینرێت، کە هاوکاتی زیاتر قوڵبونەوەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی بۆ گەرانەوەی مامەڵەیان لەگەڵ بەغداد درزی زیاتری تێکەوتووە، هاوکات ناتوانن بۆ تێپەراندنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان نەخشەیەکی رۆشن بدەن بەدەسەتەوە. هەر بەم مانایەش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ساتە وەختێکی وەها ناهەموارو سەختدایە، بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر.
ئەنوەر کەریم بەگشتی حکومەت لەسەرکۆی داهاتەکانی و خەرجیەکانی بەڕێوەبردنی حکومەتەکەی بەڕێوەئەبات بەمەش دەوترێت بودجەی گشتی، کە لە بودجەکەدا پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهینان و خەرجیەکانی حكومەت بڕیاری لەسەر ئەدرێت، بەڵام لە دروستبونی قەوارەی هەرێمەو بەردەوام کێشە هەبووە لە کۆکردنەوەی داهات. هەمیشە کەم و ناجێگیر و لاسەنگ بوە. بەردەوام کورتهینان (Fiscal Deficit) لە بودجەدا هەبوە. وە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە بودجەی نیە. وە بڕانی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەردەوام کێشەکانی گەورەتر کردوە بۆیە پێویستی بە چارەسەری کارگێڕی و دارایی و یاسایی هەیە، نەبوونی بودجە ئەوپەڕی ناشەفافی و لە حکومەتدا پیشان ئەدات و ئەبێتە هۆی ئەوەی کە حکومەت بەئارەزووی خۆی گەندەڵی و تەخشان و پەخشان لە داهاتدا بکات، هەروەها دەتوانرێت جیاوازی گەورە بکرێت لە دابەشکردنی داهاتدا بەتایبەتی لە ڕژێمە ئابورییە کرێخۆرەکەندا، کە دەتوانرێت تەنها خزمەتی پایتەخت بکرێت و ئۆفیسی سەرۆکی وڵاتی لێیە تا هاوڵاتیان ڕازی بکات و کێشە بۆ حکومەتەکەی دروستنەکرێت. داهاتی گشتی چیە؟ مەبەست لە هەموو ئەو جۆرە داهاتانەیە کە حکومەت لە سەرچاوە جۆراو جۆرەکانەوە وەریدەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتیەکان و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەکاریدەهێنیت. بودجەی گشتی گرنگترین ئەرک لە بودجەدا شێوازی بەکارهینانی خەرجی و دۆزینەوەی پێویستیەکانە بۆ تەرخانکردنی ئەو سەرچاوەو داهاتانەی کە لە بەردەستدایه. زۆربەی وڵاتان لە ئیستادا بەردەوام کورتهینانی بودجەیان هەیە، وڵاتان لە ژێڕ قەرزیکی گەورەدان لە ئەنجامی دەرکردنی دراودا بە هۆی پەتای کۆڤید - 19 و تائێستاش لەزۆری شوێنی جیهاندا کاریگهرییهکانی بهردهوامه. کورتهینانی بودجەی گشتی مەبەست لە کورتهێنان، واتە داهاتە گشتیەکان کەمترە لە خەرجیە گشتیەکان لە ساڵێکی دارایدا. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کورتهێنانە لە ئەنجامی پڕۆژە پێویستە گرنگەکانەوە بێت نەک لە ئەنجامی بەهەدهردان و گەندەڵی، کە ئەمە زیاتر ئەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجە. جۆرەکانی داهات 1. داهاتە سیادیەکان؛ بریتین لە باج و رسومات و گومرگ ...هتد. داهاتە سیادییەکان بەشێکی زۆری تێکڕای داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنێت بەتایبەتی باج کە لە زۆربەی وڵاتان بەشێکی گرنگی تێکڕای داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنیت. لە ئابوری ئاساییەکاندا باج نزیکەی 15% و لە ئابوریە پێشکەوتوەکاندا 40% تیكڕایی داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنیت. 2. داهاتە ئابورییەکان بریتین لە داهاتی موڵکەکانی دهوڵهت و چالاکییە ئابوریەکانی بواری عەقارو پێشەسازییەکان و بازرگانی و دارایی بۆ کەرتی تایبەت و گشتی. 3. قەرز و چاپکردنی دراو کە حکومەت دەیکات لە ڕێگای دەرکردنی قەواڵهوە (BOND) بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ و دەرەوە، یان حكومەت قەرز بکات لە وڵاتێکی تر یان چاپکردنی دراو، کە زۆرتین وڵات پەنای بۆ دەبهن لهپێناو پڕکردنەوەی بودجە و دواتر دەبێت بەقەرز بەسەر نەوەکانی داهاتوو یان لە کاتی گەشەکردنی ئابوریدا قەرزەکان پڕئەکرێتەوە ئەدرێتەوە بە بانکی ناوەند. جۆرەکانی کورتهێنان 1. کورتهێنانی کاتی؛ ئەو جۆرە کورتهێنانەیە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە چالاکییە ئابوریەکاندا رووئەدات. ئەمەش بەردەوام لە سوڕی ئابوریدا ڕوو ئەدات لە ئەنجامی کەمبونەوەی داهاتەکانی حكومەت بەهۆی کەمبونەوەی داهاتە نەتەوەیەکانەوە، ئەمەش زۆر جار ڕوو ئەدات. ئەبێتە هۆی کەمبونەوەی داهات و لە ئەنجامدا کورتهێنانی بودجە ڕوو ئەدات. بەڵام ئەم جۆرە کورتهێنانە مەترسیدار نیە، هەندێ جار ماوەیەکی کەم ئەخایەنێت. بۆ نمونە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت کە نرخی نەوت دائەبەزێت. ئابوریەکەی پاشەکشە ئەکات، بەڵام لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا سوڕی ئابوریەکە گەشە ئەکاتەوە. 2. کورتهینانی بونیادی؛ کورتهێنانی درێژخایەن و بەردەوامە پەیوەست نیە بەسوڕی ئابوریەوە ئەمەش بەهۆی لاسەنگی لە پەیکەرە ئابوریەکەدایە. چونکە ئابوری ووڵات ناتوانێت داهاتی تەواو بۆ پڕکردنەوەی پێویستەکانی وڵات کۆبکاتەوە بۆ تەمویلی خەرجیە گشتیەکان، هەرێمی کوردستان بەدەست ئەم جۆرە کورتهێنانەوە ئەناڵێنێت. بەم میکانیزمە بەردەوامبێت کێشەکان زیاتر قوڵدەبنەوە. بۆیە لە کۆتایدا حکومەت ئەبێت زیادکردنی داهاتی بەو شێوەیە بێت بۆ ئەوەی ئابوریەکی گەشەکردوی بەردەوامی هەبێت. چارەسەرە ڕیشەیەکان بکات بۆ زیادکردنی داهات لە ئەنجامی سیستەمێکی دامەزراوەی ئابوری تۆکمەوه. فاکتەرە ڕاستەوخۆکانی گەشەکردنی ئابوری 1. سامانی سروشتی بریتیە لە نەوت و غازو کانزا گرانبەهاکانی تر لە گەڵ ئاو خاکی بەپیت دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری. 2. توانا مرۆییەکان بریتیە لە ژمارەو تواناو کارامەیی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەمەش لە ڕێگای پهروهردهوه ئەبێت، کە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا چۆن قوتابیان ئامادە دەکەن بۆ بازاڕی کار. 3. سەرچاوەی ماددی. که پەیوەندی بە ژێرخانی ئابوری و ئامڕازهکانی بەرهەمهێنانەوە ههیه. ههر وڵاتێک ئەو ئامڕازانەی هەبێت گەشەی خێراتر ئەکات. 4. بوونی دامەزراوەکان، بەهێزی ئەو دامەزراوانە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون. بوونی دادگایەکی بەهێز کە بتوانێت یاسا سەروەر بکات، دەزگای چاودێری کارامەو بتوانێت گەندەڵکاران بدۆزێتەوەو لێپرسینەوەیان لە گەڵدا بکات. فاکتەرە ناڕاستەوخۆکان 1. ڕۆڵی حکومەت لە سیاسەتی ئابوری و متمانە دا، حکومەت کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ئابوری، ئەتوانێت لە ڕێگای باجەوە ڕۆلی کاریگەر ببینیت هەروەها سیستەمی خانەنشینی کە لە ڕێگای سندوقەوه، دەتوانێت پاشەکەوتی خانەنشینان ببێتە هۆی وەبەرهێنانی گەورە. ئەم باج و خانەیشنە پێویستیان بە سیستەمێکی پێشکەوتوی بانکی هەیە تابتوانێت متمانە دروستبکات بۆ وەبەرهینەران و پاشەکەوتکەران. 2. قەبارەی بازاڕ زۆر گرنگە چونکە وەبەرهێنەر تادڵنیا نەبێت کە ئابوری ووڵات گەشە ئەکات و داهاتی تاک زیاد ئەکات سەرمایەکەی خۆی ناکاتە وەبەرهینانەوە. 3. سەقامگیری بازاڕ، ئەمەش پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە پەیوەندی حکومەتی هەرێم لە گەڵ عێراقداو هەروەها پەیوەندی حکومەت و ئۆپۆزۆسێۆن بۆیە سەرمایە گوزاری لە ووڵاتێکدا ئەکرێت کە بازاڕ سەقامگیر بێت. 4. کێبڕکێ و بازاڕی کراوە، بازاڕ ئەبێت ئازادبێت و قۆرخکاری نەکرێت. قۆرخکاری ئازادی لە ناو ئەبات کە تاکەکان ئازاد ئەبن. ئازادی هەمیشە برەو ئەدات بەگهشەدان و پەرەسەندن لەسەرمایەو توانا مرۆیەکان. قۆرخکاری ئابوری ئەبێتە هۆی لاوازی پاڵنەرە ئابورییهکان. 5. ئایدیای نوێ، بۆ ئەوەی گەشە بەردەوامبێت، دەبێت پشت به (توێژینەوەو گەشەکردن) ببهسترێت، کە ئەنجامدا ئایدیای نوێ دروست ئەبێت ئەمەش ئەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری. 6. دەسگەیشتن بەبازاڕی سەرمایە، بەهۆی بونی سیستەمێکی بەهێزی بانکیەوە دروست ئەبێت تابتوانرێت قەرز وەربگیرێت لە بانک یان حكومەت قەرزی پێبدات بە ڕیژەی سودی بانکی زۆرکەم یان هاریکاریبکات. سیستەمی باج ئەبێت چۆن بێت؟ کۆکردنەوەی باج کارێکی بنچینەییە بۆ ئەوەی بتوانرێت خەرجیەکانی حکومەتی بەردەوامبێت بۆ تەندروستی و پەروەردەو ڕێگاو بان و کارەبا. بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتی سەرچاوە سروشتیەکان لە کاتی نەماندا یان دابەزینی نرخەکانیاندا حکومەت تووشی کێشە نەبێت کە بەردەوام حکومەتی هەرێم ئەم کێشەيەی هەیە. بەڵام ئەو بۆشاییە گەورە داراییە ئەبیت لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە پڕبکرێتەوە لە ئەنجامی زیادکردنی داهاتی کەرتی تایبەتەوە. ڕیژەی باج زۆر گرنگە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت لەسەر پێی خۆیی بوهستێت، هەروەها لە گەشەکردنیش بەردەوامبێت. سیستەمی باجدان ئەبێت زۆر ئاسان بکرێت هەتا سیستەمە کە ئاڵۆزبێت زیاتر ڕێگای گەندەڵی ئەکاتەوه، ڕێگا ئەدات بەوەی خەڵک خۆی بدزێتەوە لە باجدان. کەرتی نافەرمی گەورە دروستدەکات و گەندەڵی زیاتر ئەکات وەبەرهێنان کەمتر ئەکات. سیستەمی باجی پێشکەوتوو وادەکات باری باجدەر ئاسان بکات بۆ ئەوەی یاسای باج جێبەجێبکات. مەرجێکی گرنگە کە سیستەمی باج ڕەواو دادپەروەرانەبێت، تا بتوانرێت باڵانس رابگرێت لە نێوان حکومەت و باجدەردا، هەروەها بەردەوامبێت و گەشەبکات. ڕەوایەتی لەوەدایە کە تێبینی لە نێوان دەوڵەمەندو هەژاردا بکات، لە نێوان تاک و کۆمپانیاکاندا، لە نێوان لادێ و شارەکاندا، کەرتە فەرمی و نافەرمیەکاندا، لە نێوان کرێکارو داهاتی وەبەرهێناندا و لە نێوان گەنج و بە تەمەندا. داهاتی باج چۆن زیادکرا حكومەتی جۆرجیا کۆمەڵی هەنگاوی چاکسازی گەورەی نا بۆ کوکردنەوەی باج کە پێشتر حكومەت نەیدەتوانی باج کۆبکاتەوە، لەبەر ئەوەی گەندەڵیەکی زۆر هەبوو لە ووڵاتدا کە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتی گرتبووە. بەڵام شۆڕشی تازە کە لەساڵی 2003 دا بڕیاری دهرکرد که لێخۆشبوون بۆ کەس نیە، کە لەلایەن حیزبی حاکمەوە دەرچوو سیاسیەکان ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە شەڕی گەندەڵی ئەکەن، چونکە داهات بەهۆی گەندەڵیەوە نەدەگەڕایەوە بۆ گەنجینەی حكومەت، بەمەش نەدەتوانرا تەنانەت مووچەی فەرمانبەران بدرێت، وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان بوە بە دیاردە نەدەنانی مووچەی فەرمانبەران. حکومەتی جۆرجیا ئەم بریارانەی دەرکرد بەڵام حکومەتی جۆرجیا بەرنامەیەکی تۆکمەی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی باج نەک وەک حکومەتی هەرێم کە لە یاسای چاکسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 داهاتوە، کە بڕیار بوو 20% باج بخرێتە سەرئینەتەرنیت و پەیوەندیەکان بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیاکانی ئینەتهرنێت سەر بەحیزبهکانن، ئەوە زیاتر لە 2 ساڵ و نیوە بڕیارەکە جێبەجینەکراوە. بڕیارەکانی حکومەتی جۆرجیا لەسەر باج حکومەتی جۆرجیا لە زۆر ڕووە لە کوردستان ئەچیت دوای شەری ڕووسیاو شەڕی ناوخۆیی ووڵات و حکومەتێکی زۆر گەندەڵ بەڵام شۆڕشی گوڵ لە ساڵی 2003 هەموو شتێکی گۆڕی ئێستا جۆرجیا یەکێکە لە ووڵاتە هەرە پێشکەوتوەکان لە ڕووی شەفافیەتەوە لەڕیزی ووڵاتە پێشکەوتوەکانە. حکومەتی جۆرجیا کۆمەڵی بڕیاری دەرکرد کە ئەمانەی خوارەوەن. 1. لیبوردن بۆ کەس نیە ئەگەر گەندەڵی بکات و بۆ ئەمەش یاسای سزای گەندەڵیان دەرکرد وە جێبەجیان کرد. 2. پێداچوونەوە بەیاسای باج و ئاسانکردنی سیستەمی باجدان. 3. ڕێژەی باجیان کەمکردەوە. 4. کۆمەڵی باجیان لابرد کە داهاتەکەی زۆر کەمبوو. 5. باجی دەرەمەتیان کرد بەڕێژەی 20% 6. باجی کۆمپانیاکانیان کرد بەڕیژەی 15% 7. (VAT) ئەمە باجە دەخرێتە سەر شتومەک لە 20% وە کەمکرایەوە بۆ 18%. ئەو باجانەی کەمکرابوونەوە بەڵام بەهۆی سەپاندانی یاسەوە وەڵامدانەوەی باشتری هەبوو، بۆیه بوە هۆی ئەوەی کە داهاتی باج زیادبکرێت. 8. حکومەت کار ئاسانی کرد بە هۆی بەئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی باجەوە. بە کورتی ئاسانکردنی سیستەمی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوون بەهیچ پاساوێک. چەند ڕێژەیەکی دیاریکراوی بۆ جۆرەکانی باج کەمتەرخەمی باجدەر کەمدەکاتەوە. 9. جۆرجیا بەردەوام بەڕێوبەری نوێ و توانا مرۆیەکانی زیاد ئەکرد، فەرمانبەرە کۆنەکانی دەردەکرد بەناوی سیسیەتمی دژە گەندەڵیەوە. لە شوێنێکی وەک ههرێمی کوردستاندا باشترین ڕیگا بۆ کوکردنەوەی باج 1. سیستەمێکی ئاسانی باجدان. 2. هەنگاوەکانی ناو سیستەمەکە ئاسان و کورتبێت. 3. ستراکچەری سیستەمەکە ئاڵۆزنەبێت. ڕێنمایەکی ئاسانی بۆ دابنڕیت. لیبریا ووڵاتێکی تر دوای شەڕی ناوخۆ کە توانی گۆڕانکاری گەورە بکات لە کۆکردنەوەی باجدا. بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکەکەی بکات. ئەم جۆرە چاکسازیانهی کرد. 1. باجی لەسەر نرخی هەموو هاوردەیەک بۆ ووڵات دانا. 2. باجی لەسەر شتومەک و هەموو خزمەتگوزاریەکان دانا. 3. باجی خستە سەر ئهو کەل و پەلانهی که له ناوخۆ دروست ئەکرێت. 4. تاریفی گومرکی و بەبێ لێخۆشبوون. 5. باج خستنهسەر جگەرەو خواردنەوەو ئەلکهولیەکان و نا ئەلکهولییەکان. میکانیزمەکانی زیادکردنی داهاتە سیادیەکان و ئابوریەکان 1. بە هەمە چەشەنکردنی ئابوری کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی باج و رسومات و گومرک لەگەڵ موڵکەکانی حکومەت بەتەواوی بەکاربهێنرێت بتوانرێت وەک (داهاتی نانەوتی) کارەکانی حکومەت بە ڕێوەببرێت. برەو بدرێت بەم سێکتەرە ئابوریانەی خوارەوە. یهکهم: کەرتی کشتوکاڵ کە ئەبێتە هۆی ئەوەی هەلی کاری زۆر دابین بکات و دوای گۆڕینی بۆ پیشەسازی خۆراک و بەمەش ئاسایشی خۆراک بەرقەرار دەبێت. کەرتی پەلەوەڕ و ماسی و ئاژەڵداری. دووهم: کەرتی پیشەسازی گەرورە و بچوک سێیهم: کەرتی گەشتوگوزار چوارهم: کەرتی تەندروستی پێنجهم: کەرتی پەرەوەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی شهشهم: کەرتی بیناسازی حهوتهم: کهرتی گواستنهوه گهیاندن ههشتهم: کەرتە خزمەتگوزاریەکان و بازرگانی داهاتە ئابوریەکان داهاتە ئابوریەکان کە بریتین لە چالاکیە ئابوریەکان، موڵکەکانی دەوڵەت و بازرگانی و پیشەسازیەکان عەقارات و کەرتی دارایی. لێرەدا حکومەت وەک خاوەن بیزنس کاردەکات، خەڵک وەک کڕیار کاردەکات، بۆ نمونە حکومەت شتومەک دەفرۆشێت یان پارەی کارەباو ئاو و پاس و... و سهروهته کانزانیی و ناکانزاییهکان . دەتوانرێت داهاتی گەورە کۆ بکرێتەوە. لەم داهاتەنەدا بە فیڕۆدانی گەورە هەیە. 1. پێشەسازی نەوت و گازی هەرێم پێویستی بە چاکسازی گەورە هەیە بۆ زیادکردنی داهات. گەندەڵیەکی گەورە دەکرێت لە فرۆشتنی نەوت و گواستنەوەو کۆمپانیا لۆجیستیەکانی نەوت کە لە لایەن کۆمپانیا حیزبیەکانەوە بەڕێوە دەچێت. 2. کەرتی بانکی لە هەرێمدا کەرتێکی زۆر لاوازەو بانکەکان تەنها کاریان دابەشکردنی موچەیەو بونەتە بارگرانی بۆ بودجەی گشتی، بانکە بازرگانیەکان هیچ قازانجێک بە هەرێم ناگەیەنن. ئەکرێت مووچە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دابەشبکرێت و ئەم هەموو تێچووە بگەڕێتەوە بۆ هەرێم. 3. موڵکەکانی هەرێم بووە بە ئابوری ڕەش تەنها بۆ کۆمەڵێک بەرپرسی گەندەڵ کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری ئەهێنن. موڵکەکانی حکومەت وەک ئاسن و مادە سەرەتایەکانی چیمەنتۆ و داهاتەکەی بۆ حکومەت نیە. داهاتەکانی قەرزو چاپکردنی دراو 1. زۆربەی حکومەتەکان قەرزدەکەن لە ڕێگای دەرکردنی قەواڵە (Bond) واتە ئەمەش بۆ قەواڵەی ناوخۆ بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ کە بە پارەی ناوخۆ دهردەکرێت یان بۆ وەبەرهێنەری بیانی، کە بە پارەی پێوێست بۆ پڕۆژە گەورەکان دەردەکرێت بەپێێ جۆری گرێبهستی پڕۆژەکان، کە بەدۆلار یان یۆرۆ دەردەکرێت. حکومەتی هەرێم تائێستا قەواڵەی دەرنەکردوە. بۆیە ئەم جۆرە داهاتەی نیە. 2. قەرز کە لە ووڵاتێک یان بانکێک یان سەرمایەدارێکی هەرێم، ئەم قەرزانەی هەیە کە قەرزی تورکیاو وەبەرهێنەرە ناوخۆیەکان و کۆمپانیاکانی نەوتە. 3. چاپکردنی دراو، زۆربەی زۆری ووڵاتان دراو چاپ دەکەن، ئەمریکاو چین و یابان بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپا لە پێشەنگی ئەو ووڵاتانەن کە زۆرترین پارەیان چاپکردوە و قەرزارن، بەتایبەتی بەهۆی پەتای کۆڤید -19 وە. هەرێمی کوردستان ناتوانێت دراو چاپ بکات بۆیە ئەم جۆرە داهاتەی نیە. سەرچاوە؛ 4. https://www.imf.org/Publications/fandd/issues/2018/03/Akitoby
گۆران هەڵەبجەیی لەماوی کەمتر لە مانگێکدا لە چوار ڕێگەوە، لەچوار لایەنەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە خراپی دۆخەکەو مەترسی لەسەر ئایندەی کیانەکە ئاگادارکرانەوە،کە دەکرێ ناوی بنێین چوار زللەی بەهێز بۆ بناگوێی بەرپرسانی خەمساردو بێباکی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ،ئەوانەی کە لە خەیاڵدانیاندا وا وێنای دۆخەکەیان کردوە هەمووشت ئۆکەیە. ١.یەکەم زللەی بەئاگا هێنانەوە لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکرتووەکان لە عێراق [جینین هینیس پلاسخارت ] بوو کە دووجار سەرانی حیزبەکانی کۆکردەوەو بە ڕاشکاوانە لە مەترسیەکانی سەرهەرێم ئاگاداری کردنەوە،تا ڕادەی ئەگەری لەنێوچوونی ،گەربێت و نەکەونە خۆیان. کەسێکی وەک [پلاسخارت ] لەخۆڕا قسەفڕێنادات گەر هەستی بە مەترسیەکانی سەرهەرێم نەکردبێت.جێگەی ئاماژەیە پێشتریش لەچەند بۆنەیەکدا سەرکردە حیزبی و حکمومیەکانی هەرێمی لەهەمان مەترسی ئاگادارکردەوە ،بەڵام بەم شێوەی ئێستا تووندو ڕاشکاو نەبوو. ٢.ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ساڵانە سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لەوڵاتان دەری دەکات. ئەو ڕاپۆرتە زۆر بەڕوونی و ئاشکرا ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگدا لەوانە: گەندەڵی سەرانی هەردووحیزب،دەستی حیزب لە دامەزراوە حکومیەکاندا،بەرتەسکبوونەوەی ئازادی، فشار بۆ سەر میدیاکاران ،ناڕەزایی خەڵک لە ئەدای حکومەت و تاد. ڕەخنەکان هێندە وردبوون هێندە درووست بوون وەک ئەوەی کەسێک لە هەرێم نووسیبێتی نەک دەزگای چاودێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە هەزاران کم دوورە لەهەرێمەوە. ئەوەی سەیرە بێدەنگی دیندار زێباریە کە بەردەوام ڕاپۆرتە جیهانیەکان بەدرۆ دەخاتەوە یا بە پاساوی بێ مانا دایاندەپۆشێت. پێدەچێت ئەمجارە دیندار توانای بەدرۆخستنەوەو پاساوهێنانەوەی نەبێت ،ئەویش بەهۆی ڕاستی و بەهێزی ڕەخنەکانی نێو ئەو ڕاپۆرتە. ٣.سێیەم زللە لە توێژەر و ئەکادمی ناسراوی ئیرانی سادق زیبا کەلامی هات .لە مەراسیمێکدا کە لە هولێر بۆ ناوبراو سازکرابوو ،لەوێدا زۆرێک لەسەرکردە حکومی و حیزبیەکان ئامادە بوون بە مەسعود بارزانیشەوە. دکتۆر سادق بەسادەیی بەڵام جێگر و کاریگەر قسەی کرد،قسەکانی ستایش و پیاهەڵدان نەبوو بە ئەزموونی هەرێم و ژیری ولێهاتوویی سیاسیەکانی هەرێم ،کە چاوەڕێیان دەکرد، بەڵکو ڕەخنەی جددی بوون لە ئیدارەدانی هەرێم کەبە بۆچوونی ئەو شکستی هێناوە. سادق زیبا گووتی هۆتێل و ئەپارتمانی بەرز نیشانەی پێشکەوتن نیە،گووتی ئێوە سی ساڵە نەتانتوانیوە بەباشی وڵات بەڕێوە بەرن،شکستیتان هێناوە لە بواری خوێندن و پەروەردەکردنی گەنجان و نەوێ نوێ .قسەکانی ئامادەبوانی تووشی شۆ کرد بە تایبەتی مەسعود بارزانی و سەرانی حیزبەکەی.ئەوان هەرگیز چاوەڕێیان نەدەکرد میوانێکی ئەودیو سنوور ڕاستەوخۆ بە حزوری خۆیان بە بێ مجامەلەو ڕاشکاوانە ڕەخنەبارانیان بکات. ئەوان بەوە ڕاهاتوون کە زۆرێک لەو میوانانە لە بۆنەو دیدارەکانیاندا لە ستایشی بێ تام و درۆ بەولاوە شتێک ناڵێن کە سەرانی حیزب و حکومی نیگەران بکات، هەر بۆیەش ئەو جۆرە میوانانە بەرژەوەندیخوازانە بە باشی پاداشت دەکرێن. ٤. لێدانی زللەی چوارەم لە دیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بوو ،لەگەڵ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەرێم. لەوێدا سێ جۆر ڕۆژنامەنووس بوونیان هەبوو،جۆری یەکەم بریتی بوون لە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات [فەرمی و سێبەر] کە خەریکی جوانکردنی سیمای دەسەڵات بوون،جۆری دووەم ئەوانەبوون کە بێدەنگیان هەڵبژارد[پێدەچێت نەیانویستبێت کێشە بۆ خۆیان درووست بکەن و لەبەرچاوی مەسرور خۆیان ناشیرین بکەن ]،جۆری سێیەم کە کەمینە بوون ،ئەوانە بوون کە بوێرانە قسەی دڵی خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمیان کرد. لە نێو ئەمانەشدا {محەمەد ڕەئوف}سەرنووسەری ماڵپەڕی [درەو میدیا] بوو کە ڕەخنەکانی لەدەسەڵات هێندە ڕاشکاوبوون ،هێندە کارییگەربوون کە مەسروری خستە هەڵوێستێکی نەخوازراوەوە،هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوو کەسێک بە جورئەتەوە ڕاستەو خۆ ئەو ڕەخنانەی لێبگرێت،چونکە ئەو بەردەوام گوێی لە ستایشی بێتام بووە. گەر ئەم چوار زللەیە دەسەڵاتی هەرێم بەئاگا نەهێنێتە و بەخۆیدا نەچێتەوە و دەست بە چاکسازی جددی و هەستپێکراو نەکرێت،{ کە من بەدووری دەزانم} ئەوە دەبێ چاوەڕێی خراپترو دۆخی سەخت تربکەین.
د. كامەران مەنتك رەنگ بێت زیادەرۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین گەورەترین و ترسناكترین قەیران، لە هەرێم قەیرانی هزری سیاسیە، كە ئەمە بۆتە ئەوەی هیچ دیدگاو بۆچوونێكی روون بەرامبەر رووداوەكان نەبێت و گەڕەلاوژەیەكی وا بێنێتە ئاراوە، هەر كەس لە ئاشێكەوە لێبكات و كەس گوێ لەكەس نەگیرێت!. كاتێك مرۆڤێك بتوانێت وەكو چەپێك، وەكو ئیسلامیەك، وەكو لیبڕاڵێك، بیر بكاتەوە، بانگەشە بۆ ئێراقچیەتی، توركچیەتی، ئێرانچیەتی بكات، بەبێئەوەی شوێنێك بۆ پێگەی خۆی نەتەوەكەی لەو گۆڕەپانە بهێڵێتەوە و دیار یكات، ئەمە بەكورتی واتای ئەوەیە رۆشنبیری سیاسی لەو هەرێمە لەقەیراندایە، لەمە زیاتر چی دەگەیەنێت، كە تۆ بتوانیت وەكو هەموو كەسێك و بەهەموو شێوازێكی جیاواز سەیری شتەكان بكەیت، لەكاتێكدا خۆت ون بكەیت و نەتوانیت وەكو خۆت و لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە مرۆییی نەتەوەییەكانی خۆت بیر بكەیتەوە، هونەری چی لەوەدایە بەرگری لە ئێراقی بوون، توركی بوون، ئێرانی بوون بكەیت، لەكاتێكدا پێگەو كەسایەتی خۆت لەبیر بكەیت! ئەو گەڕەلاوژەیە هزریەی لە هەرێم لە ئارادایە، واتای ئەوەیە، رۆشنبیری كورد لە بۆشاییەكی هزریدا دەژیت، بەتایبەتیش هزری سیاسی، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی تائێستا نەیتوانیبێت لە كێشەی وڵاتەكەی خۆی تێبگات و هەمیشە لە مەداری خەڵكانی تر بخولێتەوە، بەرگری لە ئێراقێك بكات، كە چەند ساڵێكی كەم بەر لەئێستا كیمیابارانی كردبێت و تەنانەت ئاژەڵ و باڵندەو پەلەوەرەكانیشی ئەنفال كردبێت، ئەو زەمینەیەش نەك تاوەكو ئێستا لە ئارادایە، بگرە بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لەدوای روخانی رژیمی بەعسەوە هاتۆتە ئارا، ئەو شكستەی ناسیونالیستی توندڕەوی عەرەبی لەو قۆناغە نوێیە دووچاری هاتووە، كە زۆربەیان هۆیەكەی بۆ كورد دەگەڕێننەوە، ئەو زەمینەیەی لەبارتر كردووەو لەهەر دەرفەتێكدا ئەگەری دووبارە بوونەوەی چەندین ئەنفال و كیمیابارانی تر هەیە!. بەشێكی چارەنووسیان داوەتە دەست توركیا، ئێراق بە ئەنفال و كیمیابارانكردنی كورد تۆمەتبار دەكەن و بۆ هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر ئەو دۆخە، رزگاربوونی خۆیان، لە بەكۆیلەبوونی توركیا دەبیننەوە، واتە هەموو چارەسەریەكەیان گۆڕینەوەی خاوەن كۆیلەیەك بەیەكێكی ترو داگیركەرێك بەداگیركەرێكی ترە، لەكاتێكدا توركیا هەموو تواناكانی خستۆتە گەڕو ئابووری وڵاتەكەی خۆی دووچاری گەورەترین قەیران كردووە، بۆئەوەی بەدوای تاك بەتاكی رۆشنبیرو تێكۆشەرانی كورد بگەڕێت و تیرۆریان بكات، بەوردی و لەسەر هەموو ئاستەكاندا، پلانی سڕینەوەو لەناوبردنی كوردیان داناوەو وەك خۆیان دەڵێن لە مەریخیش كورد هەبێت ئەوان دەیكوژن!. بەشێكی تر بەكردەیی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری سیاسەت و رۆشنبیری سیاسی ئێران، كە ئامادەیە دەست لەگەڵ ئەو شەیتانە تێكەل بكات، كە بەردەوامی رەجمی دەكەن، بۆ ئەوەی دژی كورد بووەستێتەوە، ئەو ئێرانەی چەندین ساڵە بازرگانی بە مەسەلەی كوردەوە دەكات و كەی بیەوێت بە هەرزانترین نرخ دەیفرۆشێت، رەنگ بێت باشترین نمونەش ئەو بەناو شۆڕشە بوو، كە بە ئەیلوول ناوزەد كراوە! بۆچی دەبێت رۆشنبیری كوردی تەنیا بیر لەوە بكاتەوە، كە چۆن دەچێتە ژێر چەتری هەژموونی وڵاتێك و داگیركەرێك بەداگیركەرێكی تر دەگۆڕێتەوە؟ بۆچی بیر لەوە ناكاتەوە وەك تاكێكی سەربەخۆو مرۆڤێكی ئازادو نەتەوەیەكی سەربەخۆ بیر بكاتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین ئاماژە بۆ راستیەكی تاڵ بكەین، ئەویش ئەوەیە، كە تاوەكو ئێستا رۆشنبیری كوردی، نەیتوانیوە خۆی لە چوارچێوەی مشەخۆری و كاوێژكردن لەسەر بیركردنەوەی خەڵكی تر دەرباز بكات و بەسەربەخۆیی و وەك خۆی، كە خاوەنی دۆزێكی رەوایە بیر لەمەسەلەی نیشتیمانەكەی بكاتەوە، رۆشنبیری كورد تاوەكو ئێستا بوونەوەرێكی هەلپەرستەو تەوەزلانە لەسەر فرۆشتنی وشەكانی خۆی دەژیت، هێندەی كار بۆ نواندن و خۆدەرخستن تێركردنی بەرژەوەندیەكانی خۆی دەكات، هێندە درك بە بەرپرسیاریەتیە مێژووییەكانی خۆی ناكات، لەبەرئەوەی ئەویش لەبنەڕەتدا لەسەر كەلتورێك گۆشكراوە، كە نەیتوانیوە ئەرك و بەرپرساریەتیەكانی بەوردی دیاری بكات، لەسەر كەلتورێكی سیاسی گۆشكراوە، كە لەبنەڕەتدا لەژێر كاریگەری هزری سیاسی كەسانی ترەوە ئاڕاستە كراوە وەك شەڕێكی رۆشنبیری دژی ئەو كۆمەلگایە بەكارهاتووە، خولانەوە لەچوارچێوەی ئەو بیركردنەوەیە، واتە خولانەوە لەنیوبازنەیەكی بۆش، خولانەوەش لە بازنەی بۆش هەمیشە گەیاندویەتیە هەمان ئەنجام، لەشكستێكەوە بۆ شكستێكی تر و هەموو جاریكیش شكستەكانی وەك مێژووێكی پڕشنگدار تۆمار كردووە، وڵات فرۆش و بازرگانانی مەسەلە نیستمانیەكانیشی وەك قارەمان و پاڵەوانی كاریزمی وێناو وەسف كردووەو لەنێو لاپەڕە رووزەردەكاندا وەك مێژووێكی قێزەونی پیرۆزكراو تۆماری كردووە! جا مێژووێكی لەو شێوەیەك چۆن دەتوانێت ببێتە بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی كەسایەتیەك، كە لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەی خۆی تێبگات، چۆن دەتوانێت هزرێكی وا سیاسی بەرهەم بێنێت، كە زادەی بەرژەوەندیەكانی نەتەوەكەی خۆی بێت و لەروانگەیەكی جیۆستراتیژی فراوانەوە توێژینەوە لەسەر قەیرانە ئاڵۆزەكانی خۆی بكات!؟
رۆبیتان كاكەزال بەشی سێهەم: گەڕانەوەی شۆرشگێڕ تەوەری سێهەم: لەنێوان دانوستان و پنتەکەی ئەرخەمیدسدا رەوتی تێپەڕبونی پرۆسەی رزگاری نیشتیمانی بەشێکی بەرچاو لەگەلان، وەک لەبەشەکانی پێشترا باسمانکرد، لە سێکوچکەی دەستەبژێری سێکیولار و ئایدۆلۆژیست(زۆرینەیان چەپگەرا) ، پارتی پێشڕەو و زۆرینەیەک لە خەڵکی ناچالاک و پابەند بە نەریت و ئایندا ، روداوەکانی شێوازیان وەگرتوە. ئەم سێکوچکەیە هەمیشە ئەوەی بەرهەمهێناوە کە دەستەبژێر کاتێک بەرنامەی رزگاری نیشتیمانی داڕشتوە لەبەردەم گرفتێکی جەوهەریدابوە لە پرۆسەی شۆڕشدا ئەویش گرفتی زۆرینەی خەڵک( گەل یان نەتەوە) بوە. ناوەرۆکی ئەم گرفتە ئەکرێت لە دوو خاڵدا کورتبکرێتەوە: یەکەم: گرنگی شوناسی نەتەوەیی لە پرۆسەی رزگاریدا و هەمانکاتیش پابەندێتی ناوەرۆکی ئەم شوناسە بە نەریت و ئاینی زۆرینەوە. ئەم تەنگەژەیە دەستبژێری شۆڕشگێڕ ئەخاتە بەردەم خاڵی دوهەم. دوهەم: پێویستی دروستکردنی نەتەوەیەکی نوێ ، ئەمە بەواتای دروستکردنی زهنیەت و کولتورێکی نوێیە. ئەو نەتەوەیەی دەستەبژێر ئەیەوێت رزگاریبکات هەمان ئەو نەتەوەیە نییە کە دەستەبژێر پێویستی پێیەتی لەپاش شۆڕش. وەک باسمانکرد ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی دونیابینینی دەستەبژێر و دونیابینینی خەڵک. لەپاش شۆڕش ئەم گرفتە بە دوو رێگای جیاواز لەیەک ئەکرێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت یان لەمێژودا مامەڵەی لەگەڵکراوە. رێگای یەکەم: دانوستان ، کەئەمەش گەڕانەوەی شۆڕشگێڕە بۆ ناو نەریت و کولتور و ئاینی خەڵک و هەوڵدانە بۆ گەشتن بەچەند خاڵێکی هاوبەش لە نێوان دونیابینینیی شۆڕشگێڕ و کولتوری خەڵکدا. هەوڵێکە بۆ ئاشتبونەوە و هەمانکاتیش رامکردنی خەڵک بە ئومێدی بونیادنانی شوناسێکی نوێ. ئەم رێگایە لە بواری گۆڕانکاریدا بە گۆڕانی پلە بە پلە یان هەنگاو بە هەنگاو ناسرواوە. رێگای دوەم: پنتەکەی ئەرخەمیدس، ئەم رێگایە هەوڵدانە بۆ گۆڕینی بنەرەتی خەڵک و گرنگی نەدانە بە نەریت و کولتوری گشتی خەڵک ( لە پرۆسەی شۆڕشی رزگاریدا زۆربەی هێزە نەریتییەکانی ناو کۆمەڵگا بە پاسیڤی و ناچالاکی و سیستی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی داگیرکراویدا کردوە). ئەم رێگایە ملنەدانە بەو نەریتانەی کە دژ بە ئایدۆلۆژیای دەستبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. ئەم دۆخە پێی ئەوترێت پنتەکەی ئەرخەمیدس چونکە ئەرخەمیدس بەلایەوە وابوو ئەگەر پنتێکی چەسپاوی لەدەرەوەی گەردون بۆ دیاریبکەن ئەوا ئەتوانێت گەردون لەشوێنی خۆی بجوڵێنێت. شۆڕشی رزگاریخوازی گەلان هەڵبژاردنی جیاوازیان لەنێوان ئەم دوو رێگایەدا کردوە، زۆربەی کاتیش ئەوانەی رێگای دوەمیان هەڵبژاردوە لەپاش چەند دەیەیەک دەسەڵاتی سیاسیان لەدەستداوە بۆ هێزە نەریتی و ئاینییەکانی کۆمەڵگا. وەک پێشتر باسمانکرد راپەڕین و شۆڕشی رزگاریخوازی کوردی لە ١٩٩١ دا داماڵراوبون لە ئایدۆلۆژیایەکی رون و ئاشکرا سەبارەت بەوە کەچۆن ئەیانەوێت کۆمەڵگا رێکبخەن. تەنها وەک هێزێکی چەکدار و بەگومان لەو دیفاکتۆ سیاسییەی بۆیان هەڵکەوتوبوو مامەڵەیان لەگەڵ کۆمەڵگادائە کرد. لە سێکوچکەی رەوتی شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلان ئەمان تەنها دوو جەمسەری سێکوچکەکەیان بەدەستەوە بوو. هێزی چەکداری بێئایدۆلۆژیا و زۆرینەیەکی خەڵکی ناچالاک. سەبارەت بە ناچالاکی خەڵک لە شۆڕشی رزگاری نیشتیمانیدا ئەکرێت زۆر هۆکار بژمێرین کە ئەو وێنەیە دروستئەکەن، لەوانە، شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی عەرەب و سروشتی ئەو شۆڕشە لە عێراقدا، هەڵگیرسانی چەنگی ئێران و ئێراق، دوژمنایەتی خێڵ و تیرە جیاوازەکان و دابەشبونیان بەسەر بەرەی دژ بە گەل و بەرەی شۆڕشدا، جا لەبەرامبەر بەیەکدا یان لەناو یەک تیرە و هۆزدا وەک کردەیەکی تاکتیکی بۆ مسۆگەرکردنی پارێزگاری لەخۆکردن، جیاوازی ئایدلۆژی سەرەتای شۆڕش لەگەڵ زۆرینەی خەڵک، روخانی بلۆکی رۆژهەڵات و تێکچونی هاوکێشە هەرێمییەکان و بێئومیدبون لە بەئامانج گەشتنی شۆڕشەکە، ژمارەیەک هۆکاریتریش. بەرلە راپەڕین کۆمەڵگای کوردی هێزێکی چەکداری سەر بە بەغدای ئێجگار بە ژمارە زۆری هەبوو. بەسەدان هەزارکەس لە ژێرناونیشانی سوارەدا(جاش) بەشێکبون لە میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانی عەرەب. ئەم دۆخە کاتێک لەساڵی ١٩٩١ دا و بەهۆی داگیرکردنی ئێراق بۆ کوێت و پاشان سزادانی سەربازی و ئابوری ئێراق لە راپەڕیندا خۆی ئەبینێتەوە ئەوا چیتر شۆڕشی رزگاریخوازی کورد لە شکستەوە ئەبێتە دەسەڵاتدار. هێزێکی چەکدار لە فۆرمی بەرەی کوردستانیدا، داماڵراو لەهەر دونیابینینێکی رون بۆ رێکخستنەوەی کۆمەڵگا یان بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئەبێتە خاوەندار و دەسەڵاتداری سامان و جوگرافیای کارگێڕی یەکێک لە دەوڵەتە سۆسیالیستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەند کە بەشێکی زۆری ئابوری و موڵکداری تیایدا خاوەندارێتیان ئەگەڕایەوە بۆ دەوڵەت(حکومەت) . بەمجۆرە چیتر شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لە ئێراقدا لە سێکوچکەیەکی تایبەتدا خۆی ئەناسێنێت لە سێ جەمسەردا: یەکەم: هێزێکی چەکداریی کە رەوایەتی لە ماندوبون و شەهیدەکانی لەشاخدا وەرئەگرێت نەک لە دونیابینێنێکی دیاریکراو سەبارەت بە چۆنێتی رێکخستنی کۆمەڵگا و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکان. دوەم: زۆرینەیەکی نەریتی و دژەشۆڕش کە نابنە هیچ جۆرە گرفتێک بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی شۆڕشگێڕەکان، بگرە ئەبنە هاوکار و داردەستی دەستەبژێری شۆڕشگێڕ. سێهەم: گوتارێکی نەتەوەیی ناکامڵ و نارون و لیق کە هێشتا واتاکەی سنوری بەرژەوەندی تاکە حیزب و دەستەبژێرە چەکدارەکەی تێپەڕناکات. لەم کات و ساتە بەدواوە چیتر گەڕانەوەی شۆڕشگێڕ چیرۆکەکەی تەواوئەبێت و دونیای پاش راپەڕین دەستپێئەکات کە خۆی لە بەسیاسیبون و چەکداربونی هێزە ئاینییەکان(ئیسلامییەکان) و شەڕی ناوخۆ و هانابردن بۆ بەدەستهێنانی رەوایەتی نێودەوڵەتی لەبری رەوایەتی ناوخۆ لەکۆمەڵگادا ئەبینێتەوە.
عارف قوربانی سهرهڕای ئهو گوشاره ناوخۆیی و ههرێمایهتییانهی لهدوای گشتپرسیی خهڵكی كوردستانهوه خراونهته سهر پارتی دیموكراتی كوردستان و دهیانهوێ بهههموو جۆرێك له قاڵبی بدهن و رۆڵ و پێگهی لاواز بكهن، بهڵام ههڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عیراق بۆ پارتی كردنهوهی دهرگەی دهرفهت بوو، كه هاوكێشهكان بهجۆرێك ههڵگێڕێتهوه، پارتی بكاتهوه به كارهكتهرێكی سهرهكی و یهكلاییكهرهوه له بڕیارهكاندا، ئهویش له لایهك بههۆی ئهو رێژه و ژماره كورسییهی بهدهستی هێنا و له لایهكی دیكهشهوه بههۆی جۆرێك له وابهستهیی زۆرینهی سوننهكان به دونیابینی بارزانییهوه. لهوهش گرنگتر بۆ پارتی، تێكچوونی ماڵی نهیاره سهرسهختهكهی بوو، ههڵوهشانهوهی هاوپهیمانێتیی هێزه شیعییهكان و دابهشبوونیان بهسهر دوو ئاراستهی تهواو دژ بهیهك، (مالیكی و سهدر). بهتایبهتیش بههۆی ئهوهی هیچكام لهو دوو بهرهیهش زۆرینهی پهرلهمانی بهدهستنههێنابوو، ئهمهش شانسێكی زیاتری دایه پارتی كه ههردوو ئاراستهكهی شیعه روویان له بارزانی بێت. ئهوكات دهرفهتی زێڕین بۆ پارتی هاتبووه پێش، به خوێندنهوهی وردی ههلومهرج و هاوكێشهكان، رۆڵ و پێگه و كاریگهریی ههریهك له دوو ئاراستهكهی شیعه، ههروهها به ههڵسهنگاندنی ئهو ئهگهرانهی له دروستبوونی حكومهت به بهشداری لایهكیان و ئۆپۆزیسیۆنبوونی لایهنهكهی دیکە، له بهغدا دروست دهبوون، سوود و زیانهكانی بۆ ههرێمی كوردستان چی دهبوو؟ بهتایبهت به رهچاوكردنی ئهوهی ههرێمی کوردستان كێشهی لهگهڵ كام لایهنیان ههبوو، له داهاتوودا به ئۆپۆزیسیۆنبوونیان كام تهرهفهیان دهبوونه مهترسی لهسهر ههرێمی کوردستان و كامیان دهبووه كێشه بۆ بهغدا. دهیتوانی دهستكهوتی گهوره بۆ ههرێمی كوردستان بهدی بهێنێت. بهڵام پارتی ئهمهی نهكرد، بێخوێندنهوهیهكی ورد و بێههڵسهنگاندنی دهرئهنجامهكانی، به هاوپهیمانێتی لهگهڵ سهدر، نهك ههر كارته بههێزهكهی دهستی خۆی سوتاند، بهڵكو دهرفهتی دایه ئێران و تهرهفهكهی دیكهی شیعه كه سزای ههرێمی كوردستان بدهن. لهبهرئهوهی پارتی دهسهڵاتداره له ههرێمی کوردستان، ههموو سیاسهتهكردنێكی پارتی، تهنانهت ئهگهر له ئاستی ههرێمایهتی و نێودهوڵهتیش بێت، ئهنجامهكهی لهسهر خهڵكی كوردستان رهنگ دهداتهوه. ههموو دونیا دهزانێ موشهكبارانكردنی ههرێمی كوردستان و ئهو تۆمهتانهی ئاراستهی دهكرێن، كه بووهته پێگه و بنكهی ئیسرائیل و نهیارهكانی ئێران، دوورن له راستییهوه، ئهسڵی كێشهكه هاوپهیمانێتیی پارتی بوو لهگهڵ سهدر، ههروهها ههموو ئهو رێكارانهی له لایهن بهناو دادگەی فیدراڵییهوه دژ به ههرێمی کوردستان گیراونهتهبهر، ههر پهیوهندی به ههڵوێستی پارتی له پرسی سهرۆككۆمار و هاوپهیمانێتییهكهی بوو لهگهڵ سهدر. ئهوهی بۆ كورد گرنگ بوو له دوای ههڵبژاردنهكانی 10/10/2021، شكاندنی زۆرینهی پهرلهمانی بوو له لایهن شیعهكانهوه. هیچ پۆستێك بۆ كورد هێندهی ئهوه گرنگ نهبوو كورد كاری لهسهر ئهوه بكردایا ئهو ناكۆكییانهی ماڵی شیعی بهو جۆره بهردهوام بوایە، كه هاوپهیمانێتیی نێوان شیعهكان خۆیان نهبنه زۆرینهیهك بتوانن لهڕێگهی پهرلهمان و دهرچوواندنی یاساوه ئامانجه ستراتیجییهكانی "تهشهیوع" بهڕێوهبهرن. ئهو درزهی لهنێوان بهرهی سهدر و چوارچێوهی هاوئاههنگی دروستبوو، نه ئێران و نه حیزبوڵڵای لوبنان نهیتوانی یهكیان بخاتهوه. لێرهدا مهبهستم له یهكخستنهوهی هێزه پهرلهمانییهكهیانه ئهوهی بۆ داهاتووی كوردستان دهبێته ههڕهشهیهكی مهترسیدار. هێشتنهوهی ئهو درزه لهنێوان كوتلهكانی شیعی له پهرلهمان بهس بوو وهك جۆرێك له دڵنیایی كه لانی كهم بۆ خولێكی پهرلهمانی ستۆپ به مهترسییهكی ستراتیجی دهكرا، بهڵام پارتی لێرهشدا ههڵهی گهورهی كرد. كورد قسهیهكی ههیه دهڵێت (ههڵه، به ههڵه چارهسهر ناكرێت) پارتی سهرهتا ههڵهیكرد لهنێوان سهدر و چوارچێوهی هاوئاههنگی، سهدری ههڵبژارد، بهڵام لهوهش ههڵهی گهورهتر ئهوهیه دوای كشانهوهی سهدر، رێگەی رێككهوتنی لهگهڵ چوارچێوهی هاوئاههنگی گرتهبهر. ئهو رۆژگارهی پێویست بوو لهگهڵ سهدر نهبێت، لهگهڵ سهدر چوون و ئهوكاتهی پێویست بوو لهگهڵ سهدر بن، لهگهڵ مالیكی چوون. پارتی و بههۆی سیاسهتی پارتییهوه ههرێمی كوردستانیش باجی ئهو ههڵهیهیان دایهوه، كه بهرهی ئێرانیان فهرامۆش كرد، وهك تۆڵه كردنهوه و سزای ئهوهی پارتی كردی له ههوڵی پهراوێزخستنی ئێرانییهكان له عیراق، تهنها شتێك كه تاران و بهغدا ماوه بیكهن، ههر ئهوهیه هێز بنێرن و پهلاماری سهربازیی ههرێمی كوردستان بدهن. لهژێر ههر پاساو و گوشارێكدابێت كاتێك سهدر كشایهوه و پارتی و سونهكانی وهك نێچیرێك لهبهردهم كهڵبهی نهیارهكانیان بهحێهێشت، نهدهبوو ئاوا به ئاسانی پارتی و سوننهكان بێههنگاوی كرداری پێشوهخته بۆ رهواندنهوهی مهترسییهكانی سهر كورد و سونه، رێگەی تهسلیم بوون به ئێران بگرنهبهر. ئێستا ئهوهی پارتی و سوننهكان كردیان نهك هیچ دڵنیایی و گریمانهیهك نییه بۆ كۆتایهێنان به گوشارهكانی سهریان، بهڵكو بهدهستی خۆیان دارێكیان دا بهدهستی چوارچێوهی هاوئاههنگییهوه تاوەکو تۆڵهشیان لێبكاتهوه. بههیچ جۆرێك نهدهبوو پارتی و سوننه وا به ئاسانی رێگه بدهن پهرلهمان كۆببێتهوه بۆ پڕكردنهوهی شوێنی پهرلهمانتارهكانی سهدر، ئهگهر ئهوهیان نهكردایا هێزی ئێران تهنیا ئهو رێژهیه بوو وهك (پهكخهر) دهستیان پێوه گرتبوو. سهدر كاتێك پارتی و سوننهكانی بهجێهێشت، چهكێكی بههێزی پێبهخشین كه بتوانن وهك كارتێكی بههێز بهكاری بهرن بۆ چهسپاندنی داخوازییهكانیان، ئهو چهكهش كۆبوونهوهی پهرلهمان بوو بۆ سوێندخواردنی شوێنگرهوهكانی سهدرییهكان. پارتی و سوننه دهیانتوانی به پهكخستنی پهرلهمان چۆك به چوارچێوهی هاوئاههنگی دابدهن، سازشی زۆری پێبكهن، چونكه شوێنگرهوهی سهدرییهكان بهشی ههره زۆریان ئهندام و نزیكهكانی چوارچێوهی هاوئاههنگین و لهپێناوی ئهوهی 60 بۆ 65 كورسی پهرلهمانیان زیاد بكات و رێگەی ئهو زیادكردنهش به دهرگەی پارتی و سوننهدا تێپهڕێت، هیچ گومانی تێدا نییه ئامادهی باجی گهوره بوون. پارتی و سوننهكان ئهم چهكه بههێزهشیان خراپ بهكاربرد. ههرچهنده دهگوترێت رێككهوتن لهنێوانیان ههبووه و گوایه بهشێك له مهرج و داخوازییهكانیان لهلایهن ئێران و چوارچێوهی هاوئاههنگییهوه پهسهند كراون، بهڵام ئهزموونی رابردوو ئهوهی بۆ سهلماندووین هیچ رێككهوتنێكی پێشوهخته بهبێ رهخساندنی زهمینه و ههلومهرجی پێشوهختهی جێبهجێكردنی، له عێراق و بهدیاریكراوی لهگهڵ شیعهدا جێبهجێ ناكرێت. كورد به ئیمزای تاڵهبانی و بارزانی رێككهوتنی چوارقۆڵی لهگهڵ شیعه ئیمزاكردبوو، له پێكهێنانی ههموو كابینهكانی شیعهشدا رێككهوتنی دیكه لهنێوان كورد و شیعه ههبوون و له كارنامهی كابینهكانیشدا جۆرێك له پابهندێتی جێبهجێكردنیان دهخستهڕوو، بهڵام به كردار ئهوهی روویداوه پێچهوانهی رێككهوتنهكان بوون. ههمووان دهزانین دادگەی فیدراڵی چۆن بهكار دهبرێت، لانیكهم دهبوو پارتی دڵنیایی ئهوهی بهدهستبهێنایا كه بڕیارهكانی دادگە دژ به ههرێمی کوردستان پێشوهخته ههڵبوهشێنهوه، ئهوكات دهرگەی بۆ ئهوه بكردایهتهوه كه 65 ئهندام بچێته سهر ژمارهی كورسییهكانی چوارچێوهی هاوئاههنگی، بهڵام تهنیا به گفت و بهڵێنی كهسانێكی چهندین جار تاقیكراوه كه بێبهڵێنن، مهعلوومه ههر قسهیه و ئهحمهد موختار واتهنیش "قسه ناچێته گیرفانهوه"، نەک مەرج و داواکارییەکانی جێبەجێناکرێن، دواجار بڕیارەکانی بەغدایشی بەسەردا دەسەپێندرێت. بۆیه ئهوهی ئێستا پارتی كردوویهتی وهك ئهنجامی سیاسهتێكی ههڵه، پهتێكه و بهدهستی خۆی خستییه گهردنی خۆی، بههۆی ئهو وابهستهبوونهی كوردستانیش به پارتییهوه، پهتهكه له ملی خهڵكی كوردستان دهئاڵێت. ئهم وتاره له سایتی (رووداو) بڵاوبوهتهوه
گۆران دوكانی بەشی یەکەم: "پێشەکی" لەم زنجیرە نوسینەدا قسەمان لەسەر ئەو نهێنی و پاوەرو دەسەڵاتە نیە کە ئەمەریکای کردۆتە گەورەترین هێزو گەورەترین ئابووری جیهان، بەڵکو بەتەنها قسە لەسەر خەڵکی سادەی شەقامی ئەمەریکا دەکەین کە بەهۆی بەخشین و کارە مرۆڤایەتیەکانیان بونەتە میللەتێکی پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهاندا. ئەگەرچی هەگبەی ئەمەریکیەکان پڕیەتی لە هاوکاری مرۆیی و ئینسانی وەزۆرێک لەو هاوکاریانە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئەمەریکی یان وڵاتە هەژارنشینەکان بوە تەنانەت هەندێکجار ئەم کارە مرۆیانەی ئەمەریکیەکان ووڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە!، لەم زنجیرە نوسینەدا باس لە چوار بەخشین و کاری مرۆیی ئەمەریکیەکان دەکەین، کەبەشی یەکەمی بابەتەکە تەرخان دەکەین بۆ (بەخشینی ئەندامانی جەستە دوای مردن بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی). کە لەئێستادا ئەم جۆرە لە بەخشین بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو لەناو زۆرینەی خەڵکی ئەمەریکادا. "داتاکانی بەخشینی جەستە" داتاکانی بەخشینی ئەندامانی جەستە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەمەریکیەوە سەرسوڕهێنەرن. بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی دانیشتوانی ئێستای ئەمەریکا نزیکەی 335 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیە کە ماڵپەڕی World Population Review ئاستی تەمەنەکانی جیاکردۆتەوە نزیکەی 260 ملیۆن ئەمەریکی Adult گەورەن، واتا لەسەروی 18 ساڵەوەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 169 ملیۆن ئەمەریکی بڕیاریانداوە دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن بەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی، یان بەو نەخۆشخانەو سەنتەرو زانکۆیانەی ئەمەریکا کە شیکاری و توێژینەوە لەسەر لاشەی مردوەکان ئەنجام دەدەن. هەروەها بەپێی زانیاریەکان لە %95ی خەڵکی ئەمەریکی پشتگیری بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان دەکەن بەڵام هەتا ئەمڕۆ نزیکەی لە 60%ی بەخشەرە ڕاستەقینەکان ناوی خۆیان تۆمارکردوە کە دوای مردنیان ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشن، لەناو ئەندامەکانی جەستەدا بەخشینی چاو گەورەترین بەخشینە کە لە 60 ساڵی ڕابردوودا واتا لەساڵی 1961 دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی بانکی چاوی ئەمەریکا هەتا ساڵی 2021 لەڕێگەی بەخشەرەکانەوە بیناییان گێڕاوەتەوە بۆ 2,196,866 هاوڵاتی. لەگەڵ هەموو ئەم داتا گەورانەدا گەورەترین بانکی بەخشینی خوێنیش لەسەرئاستی جیهاندا لە ئەمەریکایە. "چەند ئەندامی جەستەی بەخشەر بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەر؟" مرۆڤ لەدوای مردنی بەشێوەیەکی گشتی 8 ئەندامی جەستەی سودی لێ دەبینرێت بۆ چارەسەری نەخۆشەکان کەبریتین لە: (دڵ، پەنکریاس، جگەر، ڕیخۆڵە، گورچیلەکان، سییەکان، چاوەکان، شانەکان)، ئەمە جگە لەوەی لەبەخشینی شانەکاندا دەتوانرێت سود وەربگیرێت لە (ڕیشاڵەکان، ئێسقانەکان، شانە بەستراوەکان، پێست، قژ، بەستەرو خوێنبەرەکانی دڵ). "بەخشەر دوای مردن ژیان بۆ چەند مرۆڤ دەگێڕیتەوە؟" ئەگەر بەخشەر لەدوای مردنی تەواوی جەستەی خۆی ببەخشێت بە بانک و سەنتەرەکانی دۆنەیشن لەئەمەریکادا دەتوانێت ژیانی 8 کەس ڕزگار بکات لەمردن و بینایش بۆ 158 مرۆڤ بگێڕێتەوە!، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت لاشەکەی دەیان تیۆکاری و شیکاری هەمەجۆری زانستی پزیشکی Medical Science لەسەر ئەنجام بدرێت. هەریەک لەدوو گورچیلەی بەخشەر دەبنە هۆی چارەسەری دوو مرۆڤ کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، جگەری بەخشەرەکە دەتوانرێت بەش بکرێت Share بۆ دوو کەس کە نەخۆشی جگەریان هەیە، هەریەک لە دوو سییەکانی بەخشەر بۆ دوو مرۆڤی نەخۆش و دڵەکەی بۆ نەخۆشێک و پانکریاسیشی بۆ نەخۆشێک، هەروەها تاکە یەک چاوی بەخشەر دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت بۆ چارەسەرو گێڕانەوەی بینایی 79 کەس کە گیرۆدەی نەخۆشیەکانی چاون، واتا هەردووک چاوی بەخشەر دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری چاوی 158 نەخۆش. ئەمە جگە لەسودی شانەکانی بەخشەر کەدەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی 75 مرۆڤ هەبێت، هەروەها سودی ئەنجامدانی تیۆکاری و شیکاریە هەمەجۆرەکان لەسەر جەستەی بەخشەرەکە. بەگشتی ئەگەر مرۆڤێک تەواوی جەستەی خۆی ببەخشێت دەتوانێت سودو کاریگەری لەسەر 241 مرۆڤی نەخۆش و پەککەوتەو کەنەفتەکاری دوای خۆی هەبێت. "تاچەند ئاین ڕێگرە لەبەردەم بەخشینی جەستەدا" ئەگەرچی بەخشینی جەستە دوای مردن و پێش مردن زیاتر لە وولاتانی ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ بەشێک لەولاتانی ڕۆژهەلاتی ئاسیادا، کۆمەڵگا ڕۆژهەلاتیەکان بەگشتی و بەتایبەت زۆرینەی کۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکان بەخشینی جەستە بە زیندوی بەحەڵاڵ دەزانن بەومەرجەی زیانی بۆ بەخشەرەکە نەبێت بەڵام تاکو ئەمڕۆ بەخشینی جەستە دوای مردن لەزۆرینەی وڵاتە موسوڵمانەکاندا ڕێگەپێدراو نیە ئەگەرچی بەپێی زانیاریەکان هەندێک لە موسوڵمانانی دانیشتوی ئەمەریکاو ئەوروپا ئەو بەخشینە ئەنجام دەدەن بەڵام زۆر کەمینەن، هەروەها جگە لەئاینی ئیسلام بەشێک لە وڵاتە مەسیحی نشینەکانیش بەتایبەت وڵاتە ئەوروپیەکان سڵ لەم جۆرە بەخشینە دەکەنەوەو ئەم کارە ناکەن بەتایبەت مەسیحیە محافزکارەکان، هەربۆیەشە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان داوای بەخشینی ئەندامانی جەستە لە ئەمەریکا دەکەن بەتایبەت لە بەخشینی چاودا کە ساڵانە بانکی بەخشینی چاوی ئەمەریکا هاوکاری بانکەکانی بەخشینی ئەوروپا دەکات. "كۆتایی بەشی یەکەم" سەرچاوەکان: _ ماڵپەڕی Worldometer _ ماڵپەڕی World Population Review _ ماڵپەڕی Penn Medicine _ ماڵپەڕی Health Resources and Services Administration _ ماڵپەڕی Eye Bank Association of America ئامادەکردنی: گۆران دوکانی ڤێرجینیا _ ئەمەریکا
عومەر قادر ـ بریتانیا دەستپێکردنی هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24/ 2 /2022 لە هەموو لایەکەوە دەستیپێکرد، ئەم جەنگە سەرەتای قۆناغێکی تازە بوو، لەسەر ئاستی دنیا، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکات، لەنەخشەی سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. پێشتر ئۆکرانیا یەکێک لەم 15 هەرێمە جیاوازانە بوو کە دەوڵەتی ڕوسیا ساڵی 1922 لێ پێکهات. ناکۆکیەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە پێشینەی مێژووی قوڵیان هەیە. ساڵی 1932 ـ 1933ستالین بەناوی چاکسازی کشتوکاڵی زەوی جوتیارانی ئۆکرانیای خستەسەر دەوڵەت، بەهۆیەوە زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆکرانی گیانی لەدەستدا. ئەم کۆمەڵکوژیە لە مێژووی ئۆکرانیا به ( هۆڵۆدۆمۆر) ناوی دەرکرد. دوای 70 ساڵ لەداگیرکاری ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیا ساڵی 1991 دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت ئۆکرانیا لەئابی هەمان ساڵ جیابووەو سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاند. ڕوسیا دوای ئەم هەنگاوە هەمیشە جیۆسیاسی دەوڵەتی ئۆکرانیای وەک مەترسی ستراتیژی بۆ سەر ئاسایش و گەل و دەوڵەتی ڕوسیا لێکداوەتەوە. ساڵی 2014 هەرێمی کریمیای گەراندەوە ژێر رکێڤی خۆی، پشتیوانی جوداخوازەکانی ڵۆهانسک و دۆنستێکی کرد، دانینا بەسەربەخۆی سیاسی ئەم دوو هەرێمە. بەردەوام هانیدەدان بۆ شەرکردن دژی ئۆکرانیا، تا ئێستا زیاتر لە چواردە هەزار کەس کوژراون. بۆیە ئەم جەنگە پێشهاتێکی چاوەڕوانکرابوو، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریاو ئەفغانستان، دوای ئەوە هات دەزگایی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) زانیاری هەبوو ڕوسیا ئامادەکاری سەربازی دەکات بۆ پەلاماردانی ئۆکرانیا. لەرابردوو بە ئەزموون ڕوونبۆتەوە ئەمریکا لە ئیدارەدانی گەمەی گەورەو دانانی تەڵەو تۆر بۆ گروپ و دەوڵەتان لەسەر ئاستی دنیا سەرکەوتووە، وەک هاندانی عیراق بۆ داگیرکردنی کوێت. بەڵام لەپڕۆسەی مانەوەی ماوە درێژ لە وڵاتان سەرکەوتوو نیە، دەرکەوت مانەوەی ماوە درێژی ئەمریکا لەڤێتنام و عیراق و سوریاو ئەفغانستان سەرکەوتوو نەبوو. بۆشایی تێوەگلانی درێژخایەنی ئەمریکا لە کێشەناوخۆیەکانی ئەم وڵاتانە لەلایەن ڕوسیا وەک دەرفەتی خۆسازدان و بەخۆداچونەوەو بەهێزکردنی ئابوری و سەربازی وەبەرهێنانی لەسەر کرا، لەلایەکی تر چین لەدەرفەتی تێوەگلانی درێژخایەنی ئەمریکا پەلی هاویشت بۆ ڕۆژهەڵات و پشتگیری کردنی بەهێزبونەوەی ڕوسیاو کردنەوەی ڕێگەی پشتێنی ئاوریشمی و چەندین بازاری گەورە لەسەر ئاستی دنیا، هەروەها ڕۆلی میحوەری هەبوو لە کەمکردنەوەی کاریگەری گەماڕۆکانی سەرئێران کەلەلایەن ئەمریکای خرابووەسەر ...هتد. ئەم دۆخە دەرئەنجامی سیاسەتی تێوەگلان و هەڵەی مانەوەی درێژ خایەنی سەربازی ئەمریکا بوو لە وڵاتان. بۆیە ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی سەربازی خستە بواری جێبەجێکردن. لێرەوە شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا دەبێتە قۆناغێکی تازەیە لە پێداچونەوەی هاوسەنگی هێزو دابەشکاری جەمسەرەکان. لێکەوتەکانی شەرەکە بەپێ دۆخ و قۆناغ، وەستاوەتە سەر درێژ خایەنی و کورتخایەنی جەنگەکە. بەدورنابینرێت لەئەگەری درێژخایەنی شەرەکە جارێکی تر ئەمریکا بچێتەوە دۆخی تێوەگلانی درێژخایەن، بەمەش زەمینەی پەلهاویشتنی چین زیاتر دەبێ، لەلایەکی تر ئێران لەدوا قۆناغی پرۆسەی سەرکەوتنی پیتاندنی یۆرانیۆم نزیکتردەبێتەوە. بەردەوامی شەڕەکە ڕوسیا ستۆپ دەکا، بەڵام بچوک نابێتەوە، بەهۆی هەبونی چەندین کارتی بەهێز بەرامبەر ئەوروپا، لێرەوە پرسیارێک دروست دەبێ ئایندەی ئەوروپا بەدیاریکراوی بەریتانیا چی دەبێ ؟ ئەمریکا مەبەستیەتی ناتۆ ڕونترو نزیکتر سپۆنسەری شەرەکە بکات،بەڵام خۆی نەبێتە بەشێک لە پڕۆسەی تێوەگلانی درێژخایەن، بەڵام ئەستەمە بۆ ئەمریکا ئەم دۆخە بڕەخسێ. ڕوسیا لە ئەگەر درێژخایەن و فراوان بوونی شەرەکە فۆکس دەخاتە سەرئەوروپا دۆخی ئەوروپا دەشێوێنێ لەڕووی ئابووری و ئاسایشی خۆراک و پێویستی غازو کارەباو ئینتەرنێت .. هتد. لەوانەیە کێشەی گەورەتر لەڕووی ئینسانی بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەتایبەت لە ئۆروپای ڕۆژهەڵات دروست بێت، بەریتانیا وەک کۆنترین جەمسەری دوێنی و بەئەزموونترین وڵاتی ئەوروپا بە ئەعسابێکی نەرم و شێنەی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکات. جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەوە ناگەیەنێ چارنووسی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە جیاواز دەبێ لەسەر بەریتانیا، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی فەڕنساو بریتانیا دوانەی هاوهەڵوێست بوون لەزۆربەی ڕوداوەکان ، بەڵام لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جەنگە درزی جیاوازیان فراوانترە. بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو. خەستربوونی هەڵوێستی بەریتانیا لەمەڕ ئەم جەنگە بەرامبەر ڕوسیا باری بەرپرسیاریەتی ئەمریکا سوکتر دەکات، بەدیوێکی تردا ژیانی خەڵکەکەی قورستر دەکات.گرنگە بریتانیا بیر لە بوژانەوەی ڕەگەزەکانی مەزنیەتی ساڵی 1930 بکاتەوە، نەک تێوەگلان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخراپترین دۆخی جەنگ و نەبوونی دیموکراسی و خزمەتگوزاری گوزەردەکات، گرنگە لەقوڵایی مێژووە بەدنیابینی تازەو پێشەنگی کاروانی ئاوەدانکردنەوە ،دیموکراسی نیوئیروپ بیر لە داخل بوون بکاتەوە، نەک بەشێک بێت لە پڕۆسەی درێژکردنەوەی جەنگ.چونکە بەریتانیا لەدوای جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لەسەرەتایی قۆناغی بنیاتنان و زیندوکردنەوەی خۆری مەزنایەتیدایە گەرانەوەی ڕۆڵی مێژووی بەریتانیا پەیوەستە بە ئاستی قودرەتی ئابوری و سەربازی خۆی، نەک وەستان سێبەری ئەمریکا. بەهۆی پێشینەی مێژووی بریتانیا زیاتر دەتوانێ لە چین ڕۆڵی میحوەری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێرێت چ لەڕووی ئابووری چ لەڕووی سیاسی. میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە هەنگاوی وردوهەستیاری گەرەکە چونکە ئەگەرەکان کراوان بەتایبەت بۆ ئەم دەوڵەتانەی ئایندەی جەمسەربەندیان پەیوەستە بە چارەنوسی شەڕەکە.
