چیا عەباس دۆخی ئێستای سیاسی و حوکمرانی و ئابوری و پەرڵەمانی عێراق بە هەرێمیشەوە سیما و خەسڵەتەکانی وێرانەیان لە خۆ گرتوە. زۆربەی پرسە هەستیارەکان راستگۆیانە و بێ کێشمە و بێنە وبیبە و ساختە و گەندەڵی و پێشێلکردنی دەستور بەرێوە نابرێن. ئەم واقیعە لە ناو مەزهەب و نەتەوە و حکومەت و هاوپەیمانی و رێکەوتندا رۆژ دوای رۆژ خەستتر و ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە دەیان ئیمارۆکەی بچوکی جەمسەرەکان ئەو وێرانەیە بەرێوەدەبەن و کۆدەکانی پێکەوە گوزەرانیەکی لەرزۆک و ناجێگیری گومانایان بۆ ئەو مەبەستانە دارشتوە، هەزار و یەک رێکەوتن و پەیمان وبەرە و لێدوان بەهاکانیان لە دەستداون، متمانەی نیشتمانی و نەتەوەیی بونەتە سەراب. هێزە ئیقلیمی و دەرەکیەکانیش ئەم دۆخەیان بەدڵە، چونکە تا عێراق و کورد لاوازتر بن زیاتر پەنایان بۆ دەبەن، ئەوان تێگەیشتون کە سەرجەم عێراق وێرانەیە و خۆشیان رۆڵی گرنگیان لە دروستکردنیدا هەبوە. ئەم دۆخە هەل و دەرفەتیانی بۆ رەخساندون بە راست و چەپدا لەو وێرانەیەدا تەراتێن بکەن، هیچ دو‌ریش نیە کاتێک پێویستیان پێی نەما و بوە بەڵایەکی قورس بە سەریانەوە بیدەنە دەست قەدەرێکی نادیار و چی دەبێت با ببێت. لە لایەکی ترەوە ئەوەی لە هەرێم پێی دەڵێن بەرەی ئۆپزسیۆن و نارازی، کە هیچ بونێکی کاریگەری نیە، وەک ئەوەی هەنگوینی لە داری کلۆردا دۆزیبێتەوە لە سوچ و قوژبنەکانی ئەو وێرانەیەدا سەمای خۆی بەرپاکردوە و لە سایەی بۆن و ژەنگ و تێكچون و پیسایی ئەو وێرانەیەدا ناسنامەی خۆی دادەرێژێت، تا پێی بکرێت وێرانەکە دەکێڵێت و پیسایی و خاشاکی بەتەنافی حزبی و سیاسی و راگەیاندنەکاندا هەڵدەواسێت، ناو بەناویش لە سوچێکی وێرانەکەدا بە ماتکراوی خۆی وەک فریادرەس نمایش دەکات، تێناگات یاخود نایەوێت تێبگات ئەمانەی دەیکات لاوازکردنی ئومێد و ئیرادەی هاوڵاتیانە و ئاویش دەکاتە ئاشەکانی وێرانەکەوە. یەكێک ئۆپزسیۆنی خاوەن دیدگا و ئیرادەی راست بێت راوی خۆی لە وێرانەدا ناکات چونکە تەنها خاشاک و پیسی و پاشماوەکان بە قولاپەکانیەوە دەگیرسێنەوە. چەندین جاریش رویداوە وێرانەکە لەخۆی گرتون و بونەتە میوان و ئەهل و پارێزەر و دەڵاڵ و حەسحەسی. ئەمانە پێیان خۆشە لەو بازنە وەهمیەدا بخولێنەوە چونکە چاوەروانی و پەیامەکانیان مەزن و بەهادار و واقیعی نین. نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای یاخیبونەکەی لە قوتابخانەی کلاسیکی سیاسی کوردی تا رادەیەکی باش خۆی لە وێرانەکە دور راگرت، تێرامانێکی نوێی عەرزکرد، کە لە چەمکی گۆرانکاری ریشەییدا کۆکرابوەوە، بە واتایەکی تر باوەری بە پینە و پەرۆکردن و تەعمیری وەهمی وێرانەکە نەبو. ئەم سەرەتایە ئومێد بەخش بو، بەڵام پرسە نەتەوەییەکان و مەترسیەکان لە سەر کورد ناچاری کرد دەست بۆ چاکسازی سیاسی و حوکمرانی بیات و پێگەی ئۆپزسیۆنبونی لە وێرانەکەدا بژاردەکرد، دواتر تێگەیشت هەڵەیەکی گەورەی کردوە، چونکە گرێبەستێکی سیاسی و دەسەڵاتداریەتی لە گەڵ وێرانەکەدا بوە ئەمری واقع، خۆشی بویستایە یاخود ترش لە ناویدا دەگوزەرا. سەرەرای ئەوەی دەست و ویژدان پاکی لە زۆربەی کاراکتەرەکانی وێرانەکە جیای دەکردەوە، بەڵام بەشداربونی لە حکومەت و پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەو وێستگە بنەرەتیانە بون کە جەختیان لە بەشداری چالاکەنە و رۆڵی کاریگەری لە وێرانەکەدا دەکرد. لە گەڵ ئەوەشدا کاتێک دەستی بۆ پرسە هەستیارەکان برد بە کردار پێیان راگەیاند " لەم وێرانەیەدا یا لە گەڵمانی یاخود شوێنت نابێتەوە"، هەر ئەوەش رویدا. لە باشور زۆر بە دەگمەن تێگەیشتنی ورد بۆ ئەزمونەکەی هەبوە و سودیشیان لێ وەرنەگرتوە، بۆیە دەبینین بەشێکی بەرچاو لە هاوکارەکانی ناو گۆران، تایبەت تازە پێگەیشتوەکان، کە لە سایەی ناو و باڵای ئەودا هەڵدەکشان دوای وەفاتی بونەتە گەورەترین دەهۆڵ لێدەر و زورناژەن و شایەر و دەڵاڵی گورج و گۆڵی وێرانەکە. رەنگبێ ئەمە خەتای خۆیان نەبێت خەتای ئەوانە بێت ئەمانەیان وەک ساوایەکی سیاسی خستنە بەر رەحمەتی سەودا و مامەڵەکردن و فرت و فێڵ و مانۆرەکانی جەنگەڵی وێرانەکە. هێزە ئیسلامیەکان وەک نەریتی هەمیشەییان رەخنە و گلەییان لە تێكشکاندن و چەند بۆن و پیساییەکی وێرانەکە هەیە، ئەوان بەقسەش بێت چارەکەیان داوەتە دەست دەسەڵاتێکی زۆر گەورەتر لە مرۆڤ، عیلمانیە نارازیەکان شاگەشە دەکەن کاتێک خاشاکێک، پارچەیەکی ژەنگاوی، چەند بچوکیش بن، لە قوژبنێکی وێرانەکەدا دەبینن، وەک قەمیسەکەی عوسمان بۆ هەڵکشاندنی خۆیان بەکاریان دەهێنن. بەشێک لە میدیای بەناو سەربەخۆش نان و پیازی دنیا بەم تابلۆیانەوە دەخۆن، چونکە بازار و کاسبیەکە لەوەدایە. بۆ خۆشم بەشێک بوم لەو هەڵە و بۆچونە نادروستانە، پێموایە لە بری ئەوەی هەوڵی نەزۆکی نەشتەرگەری وێرانەکە بدەین زۆر دروستە کار بۆ بنیاتنانی گۆرەپانێکی تری فرە ئاراستە و فکر بکەین، چیتر خۆمان بە وێرانەوە سەرقاڵ نەکەین، چونکە لە گەڵ دەستپێکردنی بنیاتنانی جۆرێکی تر لە نیشتمان وێرانە و کەلاوەکان هێدی هێدی نامێنن و رەنگبێ لە دوا مەتافدا لەو مێژوەدا ئاسەوار و روداوەکان بخوێنرێنەوە و سودیان لێ وەر بگیرێت. وێرانە هاوڵاتی هەراسان و ماندو کردوە، نهێنی گەورەی هەڵسانەوەی نیشتمان و نەتەوە لە ئیرادەی هاوڵاتی بەئاگا و بەرپرسیار و دڵسۆز دەست پێدەکات، بێگومان بە یەکجار و یەک کردار نیشتمانی ئایندە دروست ناکرێت و نەتەوەش بنیات نانرێت، بەڵام بە نیشتمانکردنێکی نوێی هەر بستێک دەبێتە رەحمێک بۆ نیشتمانێکی مەزن بۆ هەمو. سەرەرای ئەوەی لە ئێستادا سرکردنی کاتی شمولیەت لە هزری نەتەوەیی مەترسی لێدەکەێتەوە، بەڵام مامەڵکردنی ئاقڵانە و هێمن و شارستیانە لە دوا مەتافدا دەبێتە زەمینەخۆشکەری گرنگ بۆ هەڵسانەوەی نەتەوەیی. بۆ خۆم دروستبونی ئەم دۆخەی ئێستا بە ئاکامێکی سیاسەت و رەفتارەکانی سەرکردە و بەرپرسانی کورد و دۆخی ناوچەکە دەزانم، چونکە مێژو و ئەزمونەکانی دنیا پێمان دەڵێن بۆ ئەوەی نیشتمان نەبێت بە وێرانە دەبێت وەک مەلێکی ئازاد لە ئاسمان و خاکەکەیدا شەقەی باڵەکانت بێت، بخوێنیت، لە کەنار هەر روبار و کانیاوێک بێ دڵەراوکێ و ترس تامی چێژی ئاو و هەوای ساکاری بکەیت و لە هەموی گرنگتریش هەمو نیشتمان هێلانەی ئارامت بێت. نوسینی: چیا عەباس
تارق فاتیح کاک فاروق ھاورێی ھەردوو رەوانشاد مام جلال و کاک نەوشیروان بووە، لە ھیچ زروف و زەمانێکدا لەو دوو زاتەمان نەبیست رایەکی خراپیان لەسەر کاک فاروق ھەبووبێت، نە بە ئاشکراو نە بە نھێنی. بگرە رەوانشاد جەلال تاڵەبانی وەک سەرمایەدارێکی نیشتمامپەروەر ناوی دەھێنا چەند جارێک و لە چەند شوێنێک ئەمەی دووبارەکردۆتەوە. رەواناشاد نەوشیروان مستەفاش لە کتێبەکانیدا وەک پیاوێکی بە ھەڵوێست و جوامێر ناوی ھێناوە. خۆ ئەم دوو زاتە گەورەیە ھیچیان ئیشیان بە کاک فاروق و پارەی کاک فاروق نەبووە، بەڵام ئەوان سیاسی بە ئەزموون و دڵسوزی میللەتی خۆیان بوون، درکیان بە خزمەتەکانی و کارە گرنگەکانی کاک فاروق کردووە، نەک دژی نەبوون بگرە ھاوکارو پشتێوانیشی بوون، چونکە ئەوان دەیانزانی کاک فارووق چ بەھایەکی گرنگی ھەیە. ئەم پیاوە ملیارەھا دۆلار سەرمایەگوزاری کردووە تەنھا لە سلێمانیدا، وەک خۆی دەڵێ بێجگە لە ئاسیاسێل یەک دۆلار سەرمایەگوزاری لە شونێکی تر نییە، ئەو پیاوە لە رێی ئاسیاسێلەوە لە ھەموو عێراق پارە پەیدا ئەکات و لە سلێمانی دەیکاتە پرۆژە. لەژێر سایەی پرۆژەکانیدا ھەزارەھا خێزان شەرەفمەندانەو بە کەرامەتەوە ئەژین، ساڵانە ملیارەھا دینار وەک خێرخوازی دەبەخشێت و ھەرباسیشی ناکات، کەسیش ئاگای لێ نییە، کارەسات و لێقەومان نەبووە ئەوپیاوە لە ماوەی کەمتر لە بیست و چوار سەعاتدا ھاوکاری نەگەیاندبێ، بۆ ژینگە، بۆ نەخۆش، بۆ قوتابی، بۆ پێشمەرگە، بۆ ماڵە شەھید، بۆ نوسەرو ھونەرمەدان و بوارە کلتووریەکان، ھەمیشە دەستکراوە بووە. ئێستاش ئەگەر رێگری ھەندێک کەسانی دەسترۆیشتوو نەبێت و بھێڵن،زۆر ناوەندی پارەدانی دنیا ھەیە ئامادەن لە رێی فاروق گروپەوە ملیارەھا دۆلار بێننە سلێمانی و دەوروبەری تا پرۆژەی ستراتیجی گەورەی پێ دروستبکەن، جۆرە پرۆژەیەکیش کە حکومەتی ھەرێمیش درک بە گرنگیەکەی ناکات. چیتان لە کاک فاروق ئەوێ؟ ئەتانەوێ بنەوبارگەی بگوازێتەوەو کوردستان بە جێبھێڵێت؟ بەجێی نا ھێڵێت، ئەو وەک ئێوە نییە رەگەزنامەو پاسپۆرتی ووڵاتانی ئەوروپی ئەمریکی لە گیرفاندابێ، پێی شەرمە رەگەزنامەی وڵاتێکی تر وەربگرێت کە بۆ ئەو وەک ئاوخواردنەوە ئاسانە، ئێستاش بە پاسپۆرتی عێراقی سەفەر ئەکات و ئەبێ ڤیزا وەربگریت. چیتان ئەوێ ؟ئەتانەوێ سەرانەی لێبسەنن؟ بەشی ئەوە شەھامەت و کەرامەتی ھەیە کە لێتان قبوڵنەکات.
د. حیكمەت نامیق ئەوەی كە دەمەوێ قسەی لەسەربكەم توانەوەی خۆشەویستیە لەسەر دەمی بەجیهانیكردن و بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگا، ڕەەنگە فۆڕم و جۆرەكانی خۆشەویستی لە كۆمەڵگایەكی گەشەكردوی ئەقڵی تاڕادەیەك جیاواز بێت لەهەندێ خەسڵەت و تایبەتمەدیدا، بەڵام بەگشتی بەپێی توێژینەوەی كۆمەڵناسەكان خۆشەویستی سۆزداری نێوان ژن و پیاو تواوەتەوە یان تەواو وون بوە لەبەرچەندین هۆكار، ڕەنگە بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگا پشكی شێری بەركەوێت، چونكە كاتێك خۆشەویستی لەهەموو شوێنێكی كۆمەڵگا بەردەست بوو هەركاتێك ویستت بەدەستی بێنیت ئەوا دەبێتە شتێكی هەرزان دەگۆڕێت بۆ كاڵا‌و مەودا كورت دەبێت ئامانج و وەزیفەی لەدەستدەدات. لەمێژە سۆسیۆلۆژیستەكان ئەوەیان بەگوێی خوێنەر داوە كەوا خۆشەویستی لەسەردەمی ئێستادا كۆتایی پێهاتوە ، سێكس و ڕابواردن و چێژ وەر گرتن شوێنی گرتۆتەوە بۆنموونە كۆمەڵناسێكی وەك( باومان) لەكتێبی( خۆشەویستی شل) پێی وایە كە سێكس لەسەردەمی پۆست مۆدێرنەدا شوێنی بەهای خۆشەویستی گرتۆتەوە، ژنە كۆمەڵناسی فەڕەنسی بەڕەگەز مەغریبی (ئیڤا لۆز) لەكتێبی (نەمانی خۆشەویستی) دەلێ ئەوانەی پێشتر یەكتریان خۆشدەویست ئیًستا یەكتر بەجێدەهێڵن ئەو لەتوێژینەوەكەیدا بەتێرو تەسەلی ئاماژە بە نەمانی چیرۆكی خۆشەویستی دەكات و دان بەوە دادەنێت كە ژیانی خێزان و پەیوەندی رٍەگەزەكان پڕیەتی لە نائارامی و نا هۆگربوون لەگەڵ یەكتر بەشێوەیەك پەیوەندیەكان هەڵوەشاوەتەوە كە مرۆڤ توشی شۆك دەكات، ئەو پەیوەندیە هۆگریەی نێوان هەردوو ڕەگەز یان بەومانایەكی دیكە ئەو ئازادیە خودیە لەسەر بنچینەیەیكی ڕەسمی و كۆنتراكت گرێدراوە تێیدا یەكانگیری خێزان دەكەنە وەزیفەی یەكتر هەروەها لەپێناو خێزانێكی تەندروست كۆشش دەكەن، بەهەرحاڵ ئەگەر خۆشەویستی لەپێشودا پابەندبونی ئەخلاقی نێوان دوو ڕاگەز بوو بێت بەرانبەر بەیەكتر ئەوا ئێستا بەرەبەرە ئەو پابەندبوونە ئەخلاقیە بزر دەبێ لەنێودنیای سۆشیاڵ میدیا و بەرخۆریزم و سەرمایەداری و ڕیكلامدا. كوردستان لەسەردەمی جیهانگیری ناژیت بەومانایەی قۆناغی دەرەبەگایەتی و خێڵایەتی و سەرمایەداری بە سروشتی تێپەڕاندبێت ، بەڵام شەپۆلی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە كەبەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و پڕۆژی بە جیهانگیریكردنی نیو لێبڕالیزمە یەكسەر بە بێ سێ و دوو بە بێ پشكنین و لێكەوتەكانی لەسەر خێزان وكۆمەڵگا هاتە نێو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان، خۆشەویستی كردە مادەیەكی لاستیكی شل خەریكە ئەو بەها جێگیرەی كە هەبوو بەتەواوی لەناوی دەبات، لە پەیوەندیەكی كۆتایی تۆكمەو یەكانگیرەوە گۆڕی بۆ مادەیەكی شل هەركاتێك بیەوێت ئەو وەزیفە بەهاییە بەیەكجاری پێدێنێت.بەبێ بیركردنەوە لە ئەلتەرناتیفێكی ماقووڵ بۆ ژیانكردن و پێكەوە ژیانی هەردوو ڕەگەز.
رێبوار سیوەیلی 1. مرۆڤ هەر بە تەنیا بوونەوەرێکی هۆشمەند، کۆمەڵایەتی، گەمەکەر، نییە، بەڵکو بایکۆتکەریشە. لەسەر ئەو هەڵوێست و شتانە هەڵدەپرینگێتەوە، سڵدەکاتەوە، ئێست دەکات، کە زیانی مادیی و مەعنەوی و ئەخلاقی لێدەدەن. بۆیە بایكۆتكردنی هزر و كاڵا، وەك ڕەوەندێكی خۆدروستكردنیان لێهاتووە. پەیوەندییەكی توند لە نێوان ئەوەی مرۆڤ چی دەخوات و بەكار دەبات، لەگەڵ ئەوەی چۆن بیر دەكاتەوە، هەیە. چۆن بیركردنەوە ئەو شتانەت پێ هەڵدەبژێریت كە وەدەستیان دەهێنیت، لە كاتێدا ئەو شتانەی بەدەستیان دەهێنیت و دەتەون، بەرەنجامی شێوەیەكی تایبەتی بیركردنەوەن. تاكەكەس لەوێوە دروستدەبێت كە ناكۆكی لەنێوان كردار و بیركردنەوەیدا نەبێت، كە ئەمە لە دوا پەرەگرافدا ڕوونتر دەبێتەوە. 2. بایكۆت بەو مانایە ڕەوندێكی خۆ دروستكردنە لە ڕێگەی ڕەتكردنەوەی كاڵاوە، ڕەوندێكی خۆدروستكردن و لە خۆتێگەیشتنیشە لە ڕێگەی جۆرێكی تایبەت لە بیركردنەوەوە. بایكۆت، هەم كردارە و هەم بیركردنەوە. بیركردنەوە و كردار لە چالاكیی و هەڵوێستی بایكۆتیانەدا، وەك هەردوو ڕووی هەمان دراویان لێدێت. لەم ڕوانگەیەوە، بایكۆت ڕێگری لە دوو ڕوویی و نیفاق دەكات، چونكە ئەوەی مرۆڤ بە دزیی لە خەڵكی دەشارێتەوە، لەخۆیەوە ئاشكرایە و دزی لە خۆی پێناكرێت. بۆیە بایكۆت ئاوێنەیەكی ڕاستنوێنە، كە خۆمانمان بە ڕووتی و بێ دەمامك پیشاندەداتەوە. 3. بایكۆت كردار و بیركردنەوەیەكی ڕەسەن و دانسقەیە، كە بوار بە تاكەكەس دەدات ڕاستگۆیانە خۆی دروست بكات و ڕاستەقینانە لە ژیاندا هەبێت. ئەمەش ساتەوەخێكی بوونخوازانەیە، كە دەگمەنییەت و نایابی دەداتە مرۆڤ. لە ڕێگەی بایكۆتەوە تاكەكەس دەتوانێت ئیرادە بكات، هەڵبژێرێت و ڕەتبكاتەوە. سێ چالاكیی كە بۆ خۆبەرجەستەكردن و خۆسەلماندن زۆر پێویستن. ویست لە قوڵایی بوونی ئێمەوە دیت و جەوهەریی مرۆییمان پیناسە دەكات. هەڵبژاردن بەرجەستەكەری ویستە لە میانەی هەڵبژاردنی شتێك و هەڵنەبژاردنی شتگەلێكدا. ڕەتكردنەوەش ڕۆحیكی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریبەخش بە كۆی چالاكییەكە دەبەخشێت. 4. بۆیە بایكۆت وەك كردەیەك و بایكۆتچی وەك كەسێك، هەر تەنیا لە میانەی نمایشێكەوە، كە تیایدا تاكەكەس وابەستەیی خۆی بە ئەوانیترەوە ئاشكرا دەكات، خۆی ناسەلمێنێت. بەڵكو ئەو دەچێتە سەر شێوازێكی بیركردنەوەی نوێ بۆ ئەوەی ژیانی خۆی لە ڕێگەوە بگۆڕێت، كە ئەمەش هەنگاویكی تاكەكەسیانەی یەكەمە بۆ گۆڕینی جیهانیش. بەمجۆرەش بایكۆتچی بە تاقی تەنیا لەگەڵ هێزێكی ئابووریی، ئەخلاقی و میدیایی مەزن، دەكەوێتە جەنگێكەوە، كە دەیەوێت لە هەموو جیهاندا ئەو شتە جوان و نۆرماڵ و بگشتێنێت، كە قازانجی خۆی تیدایە و زەرەری مرۆڤایەتی. بایكۆتچی بەمكارەی لەیەك كاتدا سێ شۆڕش دەكات: شۆڕشی ئیرادە بەسەر دەستەمۆییدا، شۆڕشی ڕەتكردنەوە بەسەر میكانیزمەكانی ڕیكلام و گشتاندن و بازاڕگەرییدا، كە هەموو شتێك بەسەر تاكەكەسدا دەسەپێنن و شۆرشی ئاگایی و هووشاریی لە نێوان هەڵبژاردنی شتێك و هەڵنەبژاردنی سەدانیتردا. 5. بایكۆت ئەگەر وەك مۆدێكیش تەماشای بكرێت، ئەوە مۆدێكی سەرمایەیداریانە نییە و دەرچوونە لە میكانیزمەكانی فیتیشیزم و كاڵاپەرستی، كە بەشێكە لە ئایینی سەرمایە و پێكەوەنانی قازانج. بۆ ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە، لەوە ئازاربەخشتر نییە وڵات پڕ ببێت لەو تاكەكەسانەی كە بە هووشارییەوە ڕەتدەكەنەوە. بۆیە هەستدەكەم نابێت تەنیا لە پەیوەندیی بە كاڵای توركییەوە تەماشای بایكۆت بكەین، بەڵكو پێویستیشە بایكۆت وەك بەرەنگارییەك لە ئاست كۆی سیستەمی سەرمایەدارییدا ببینین، كە سەمایەداریی توركیاش بەشێكییەتی. نەك هەر تەنیا نابێت بایكۆت كاڵا بگرێتەوە، بەڵكە پێویستە ڕەتكردنەوەی ئایدیۆلۆژیا، ئایین، كولتوور، سیاسەت و دیاردەباوەكانی ژیانی ڕۆژانەش بگرێتەوەو بایكۆت بكرێن، كە زیان لە خودێتی مرۆڤ دەدەن. كارەكە قورس و ڕەوەندەكە درێژخایەنە، بەڵام بۆ ساتەوەختێك بیر بكەوە كە بەبێ چەك و ئامراز، تاكەكەس دەتوانێت چیی بكات. ئەمەش ئەو خەونە مەزنە بوو كە كیەکەگۆ( کیرکگارد) فەیلەسووفی دانماركی، هەموو پڕۆژە فەلسەفییەكەی خۆی لەسەرەوە دامەزراندبوو: تاكەكەس پێویستە خۆی بێت، چارەنووسی ئەوەیە خودی خۆی بێت و توانای ڕەتكردنەوەی هەر شتێكی هەبێت، كە لە خۆی دوور دەخاتەوە.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌رچۆنێك بێت ده‌یانه‌وێت رێژه‌ی مرۆڤ كه‌مبكه‌نه‌وه ، یان ئه‌و گه‌شه خێرایه رابگرن ، هه‌زاران بیانوو ده‌دۆزنه‌وه ، بۆ راگرتنی زیادبوونی مرۆڤ ، له سه‌ر گۆی زه‌وی له كاتێكا گۆی زه‌وی و ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی له سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی هه‌یه به‌شی سه‌ت ملیاریش ده‌كات نه‌ك هه‌شت ملیار كه بڕیاره ساڵی ئاینده بگه‌ین پێی ، واته ساڵی 2023 نیشتمانی زه‌وی ئه‌وه‌ی كه سیاسیه‌كان به درۆ ناویان ناوه دایكه زه‌وی ده‌بێته خاوه‌نی هه‌شت ملیار كه‌س ، ئه‌مه مه‌ترسیی له كۆنترۆڵ ده‌رچونی هه‌یه بۆ داگیركارانی زه‌وی ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت زه‌وی هه‌ر هی ئه‌وان بێت ، به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ،داگیركاری نوێ هه‌ر به‌په‌ره‌پێدانی سوپا‌و ئامێری جه‌نگی و ده‌ستگرتن به سه‌ر كیشوه‌ره‌كان و وڵاته‌كان و گه‌له‌كاندا داناساكێ ، ئه‌و رێژه‌یه‌كی كه‌می مرۆڤایه‌تیشی ده‌وێت چونكه له هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا كۆنترۆڵكردنی ئاسانتره، وڵاته زه‌به‌لاحه‌كان گاڵته‌یان به وڵاته بچوكه‌كان دێت ، هه‌ندێك جار ته‌ڵفیسیان پێده‌كه‌ن و نوكته‌یان له سه‌ر داده‌تاشن، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی دانیشتوانی سه‌ر گۆی زه‌وی ماوه‌یه‌كی زۆره سه‌رمایه‌داری نوێ ی دنیای سه‌رقاڵ كردووه ، هه‌رچۆنێكه‌لانی كه‌م ده‌یانه‌وێت ئه‌و زیاد بوونه رابگرن ، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌خۆشی و شه‌ڕو ڤایرۆس و به‌كتریای زیان به‌خش و هه‌تادوای خراونه‌ته گه‌ڕ . پڕۆژه‌ی رێكخستنی له دایكبوون و زاوزێ ، هاندانی خه‌ڵك بۆ تاكژیانی و تێكه‌ڵنه‌بوون ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌رو ئالوده كردنی خه‌ڵك به ماده‌ی هۆشبه‌ری مه‌ترسیدار ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی ده‌سكرد به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو " سه‌یر ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌مانه پێشتر كراون به فیلم " یانی هه‌موو ئه‌م مه‌ترسیانه به فیلم نیشانی مرۆڤ دراوه تائه‌وه‌ی باسی زۆمبی و خوێنمژه‌كان و مه‌ترسی له ناوچوونی مرۆڤایه‌تی به ده‌یان شێوه نمایشكراوه ، له زۆربه‌ی فیلمه‌كانیشدا ئاوه‌زی ئه‌مه‌ریكی ده‌كرێته فریادڕه‌س و ئه‌وان مرۆڤایه‌تی ئه‌و كه‌مه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه رزگار ده‌كه‌ن ، مرۆڤایه‌تی له سه‌ر ده‌ستی بازرگان و سه‌رمایه‌داره مه‌ترسیداره‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له ناوچووندایه ، ره‌نگه هه‌ر ئه‌وانیش دواتر خۆیان بكه‌ن به فریاخه‌ری مانه‌وه، ئاوه‌زی سه‌رمایه‌داری مه‌ترسیدار به‌و جۆره‌یه ده‌ردێك بڵاو كه‌ره‌وه‌و ده‌رمانه‌كه‌ی دروستبكه، به‌رازه‌كان به‌و جۆره ئه‌وانی تر سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن ، بۆ ئه‌وه جارێكی تر مه‌زرای ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆریل بخوێننه‌وه . ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت ، ئێستا ئیتر ئێمه له بنده‌ستی ئه‌و بازرگان و سه‌رمایه داره مه‌ترسیدارانه‌ی مرۆڤداین، ئه‌وان ده‌توانن چاره‌نووسمان دیاری بكه‌ن ، سیڤی ئێمه لای ئه‌وانه ، ده‌زانن نه‌خۆشیه‌كانمان چین ، به چی چاره‌سه‌ر ده‌كرێین ، چۆن فریومان ده‌ده‌ن ، دڵخۆشیمان ، گریانمان ، هه‌ست و كه‌وتمان تا راده‌یه‌كی زۆر كه‌وتوه‌ته ده‌ستی ئه‌وان ، سه‌رگه‌رمی به رۆبۆت كردنی ئێمه‌ن و ئێمه‌ش په‌یتا په‌یتا كاڵا‌و چه‌كه مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌وان ده‌به‌ینه ماڵه‌وه ، له نێو ژوری نووستن ، له سه‌ر دڵمان دایانده‌نه‌ین ، بێئه‌وه‌ی به خۆمان بزانین ، چه‌كی مه‌ترسیداری ئه‌وان ئێستا ناپاڵم و بۆمبی ئه‌تۆمی و خه‌رده‌ل و سیانیدو كیمیایی و درۆن نیه ، چه‌كی مه‌ترسیداری ئه‌وان ده‌شێت ئه‌و مۆبایله بێت ، كه ئێمه هیچ رۆڵێكمان نیه له دروستكردنیدا ، ده‌شێت رۆژێك كۆمپانیایه‌كی مۆبایلی ئه‌مه‌ریكی له سه‌ر راسپارده‌ی ده‌وڵه‌ت یه‌ك ملیۆن مۆبایلی گوێزه‌ره‌وه‌ی ڤایرۆسی كوشنده به نرخی زۆر هه‌رزان بخاته بازاڕه‌كانی چینه‌وه ، چینیه‌كان كه خۆیان زۆر ورده كاره پیشه سازگه‌رن ، به‌ڵام هه‌موو ساڵێك بۆ ئامێری نوێی ئایفۆنی ئه‌مه‌ریكی سره ده‌گرن، ئێ خۆ چینیه‌كانیش كه‌م نین ئه‌وانیش ده‌توانن هه‌مان كار به‌رابه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن ، ئه‌و ده‌م شه‌ڕه‌كه پێویستی به ئه‌تۆم نیه ، پێویستی به ڤایرۆسێكی كوشنده‌یه كه ره‌نگه كه‌س نه‌زانێ چۆن به خێرایی هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه . بانگه‌شه‌كانی پێشكه‌وتنی زانست و زانیاری به‌و راده‌یه‌ی ئێستا هه‌موو مۆبایلێكی زیره‌ك سندوقێكی ره‌شی تیایه كه هه‌رچی بكه‌یت و بڵێی تۆماری ده‌كات ، ئیدی ئه‌وه‌ش زۆر ئاسانده‌بێت كه هه‌ر مۆبایله‌و كۆدێكی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ گوازتنه‌وه‌ی هه‌رچی مه‌به‌ست بێت ، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌و به‌ر خه‌یاڵم لای ئه‌وه بوو كه ره‌نگه رۆژێك بێت ده‌زگای ته‌ناهی ده‌وڵه‌ت پێویستی به خۆ ماندو كردن نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ مرۆڤ له ماڵه‌كه‌ی خۆی و له نێو ژوری نوستنه‌كه‌یدا چی ده‌كات ، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه له رێی كۆدێكی زیره‌كه‌وه بۆ هه‌ر هه‌زار ماڵێك و شاشه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت تا له ژوری كۆنترۆڵی ئاسایشه‌وه به كلیكێك بزانێت چ جۆره شۆرتێكیشت له پێدایه ، ئه‌مه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زۆر ئاسان بووه‌و خه‌ریكه ده‌بێت به‌ڕاستی ، بۆیه به لاتانه‌وه سه‌یر نه‌بێت هه‌موو سه‌ر سه‌عاتێك سه‌رمایه‌داری مه‌ترسیدار له رێی دام و ده‌زگا زانستیه‌كانیه‌وه بگاته كردنه‌وه‌ی كۆدێكی تر و ده‌ستگه‌یشتن به زانیاریه‌كی نوێ ، مۆبایله‌كه‌ت شوناس و هه‌ڕه‌شه‌یه ، شوناسه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانی تایبه‌تی كه‌ی به‌خۆت و كه‌س نه‌توانێ بیكاته‌وه ، هه‌ڕه‌شه‌یه له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كۆدێكی بۆ دابنه‌ی كۆمپانیاكه‌ی ده‌توانێ به چركه‌یه‌ك بیشكێنێت . ئێمه له جیهانێكی ده‌ستبه سه‌ردا گیراواین ، جیهانێك بازرگانه مه‌ترسیداره‌كانی مرۆڤایه‌تی ، چیان بوێت و چۆن ئه‌وه ده‌كه‌ن ، ئێمه بیرناكه‌ینه‌وه چ رێگایه‌ك بگرینه به‌ر بۆ ده‌رباز بوون له ده‌ستیان له كاتێكا ئێمه زۆرینه خه‌ڵه‌تێنراوه‌كه‌ین .
د. نیاز نەجمەدین هیچ شتێك به‌بێ سه‌یركردنی به‌دیله‌كه‌ی هه‌ڵناسه‌نگێنرێت. یان لای کەم، هەڵسەنگاندنەکە دەقیق نابێت. هەڵسەنگاندنی دەقیقیشە پێمان دەڵێت چی بکەین. وەرن با سەیری تورکیا و خۆمان بکەین. توركیا پڕه له ره‌فتاری ناشیرین به‌رامبه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆی (بزنسكاران، پیشه‌وه‌ران، جوتیاران، سینه‌ماكاران، نوسه‌ران، هتد)، به‌ڵام بە پشتیوانیی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەت بووە بە هەناردەکارێکی سەرسوڕهێنەر و کاڵا بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش دەنێرن، بەرهەمەکانیان جێی متمانەی بەکاربەرانی جیهانن، بەردەوام پێداویستیی بازاڕ پڕ دەکەنەوە، وایان لێ کردووین رۆژانە ئیشمان بە تورکیا بێت، بەم دەست نەوتمان لێ دەکڕن و بەو دەست پارەکە دەگێڕنەوە بۆ خۆیان، ئەمەش مانای ئەوەیە پشتی وەبەرهێنەر و بەرهەمهێنەری خۆی نەشکاندووە. بە پێچەوانەوە، عێراق و هه‌رێم هاوردەکارن. ئەگەر شت لە تورکیا نەکڕن، نە پارەیان هەیە شتی گرانتر لە بازاڕی جیهانییدا بکڕن (وەک ئەوەی ئەوروپا و ئەمریکا بەرامبەر روسیا دەیکەن) نە خۆشیان شتیان پێ بەرهەم دێت مەگەر زۆر گران بکەوێت و جێی متمانەی بەکاربەریش نابێت. هاوکات پشتی بەشی زۆری وەبەرهێنەر و بەرهەمهێنەری خۆیان شکاندووە: یان بە زۆرەملی پشکیان لێ وەردەگرن یان هەڵدەکوتنە سەریان و ناچاریان دەکەن هەڵبێن. بۆری نەوتەکە بگیرێتەوە، حکومەتەکانیان مایەپوچ دەبن و نازانن بە چی بژین. هەر لە بەر پشتکاندنی بەرهەمهێن و کرێکاری خۆشیان وەک پێویست سود لە سیاسەتی باج نابینن. تورکیا بێ رێزە بەرامبەر بە کارمەندەکانی، بەڵام هێشتا زۆر باشترە لە عێراق و هەرێم کە بەشێکی گەورە لە وزەی کاریان لە حکومەتدا ئیفلاس پێ دەکەن (لە رووی عەقڵیی و مادییەوە)، یان لە حزب و میلیشیادا کۆت و بەندیان دەکەن. توركیا زۆر ئازاری میلله‌تی خۆی ده‌دات، زۆر زۆر، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك عه‌ره‌ب و كوردی عێراق نه‌گه‌یشتون به‌و رادەی بێزارییەی به خۆیان بڵێن: شه‌ڵاااا زوو ملمان بشكانایه و ئه‌م كاولبووەمان بۆ هه‌تا هه‌تایه جێهێشتایه"، کە رستەیەکە ساڵانە سەدان و هەزاران جار لە ناو خەڵکدا دەیبیستیت. توركیا راسته ده‌كه‌وێته ده‌ست ئه‌م بێ عه‌قڵ و ئه‌و بێ عه‌قڵ و كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ده‌نێته‌وه، به‌ڵام مێژووی ئه‌و له هه‌مان كاتدا ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی رێژه‌ییە له بڕیاردان و ده‌رباره‌ی هێزه لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بەشی زۆری مێژووی عێراق و هەرێم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکزیی و پاشکۆیەتیی بووە، چونکە پارچە پارچەن، لە بڕیارداندا سەربەخۆ نین و هەر دەستە و گروپێک بەپێی بەرژەوەندیی خۆی دەجوڵێتەوە. توركیا بە هەموو خراپییەکانییەوە، به یه‌ك حكومه‌ته‌وه زۆر باشتر ئیداره‌ی زیاتر له هه‌شتا ملیۆن كه‌س ده‌دات، بەراورد بە عێراق و هەرێم كه خاوه‌نی دوو حكومه‌ت و نیوه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌وانن. بە واتایەکیتر، تێچووی حوکمڕانیی ئێمە زۆر بەرزترە لەوان، هەر ئەم حکومڕانییەشە لەسەر نرخ و کوالتیی کاڵا و خزمەتگوزاریی و کرێی کرێکار و توانای بەرهەمهێنەرەکانمان زۆر بە خراپیی رەنگیداوەتەوە. راستگۆیی ده‌رمانی زۆر ده‌رده. با راست بڕۆین. تورکیا خاڵی بەهێزی زۆرە و عێراق و هەرێم خاڵی لاوازیان زۆرە. شکات و شکاتکاریی باشە، پەرچەکردار باشە، بەڵام بەبێ کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر (کە یەکێکیان پتەوکردنی هاریکارییە لە نێوان هەرێم و عێراق لە بری ئەوەی دوژمنکارانە لە یەکتر بڕوانن، کە ئومێدێک لەم رووەوە پەیدا بووە)، بەبێ کۆمەڵگەیەکی بەرهەمدار و متمانەپێکراوی نێودەوڵەتیی، شه‌ڕی توركیا حەماسەتێکی کاتیی دەبێت و ناگاتە ئەو رادەیەی سنوریان بۆ دا‌نێت.
توانا ئەمین بەپێی ئاماری ڕێکخراوی CPT ئەمریکی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی تەنها حەوت ساڵدا بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە خاکی هەرێم ١٣٧ هاوڵاتی مەدەنی شەهید و ٢٠٤ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، یەک میلیۆن و هەشت سەد هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کوردستان بە هۆی بۆردومانی تورکیاوە سووتاون. هەروەها ١٤٨ گوند بەتەواوی چۆڵکراون و ٦٠١ گوند مەترسی چۆڵکردنی تەواوەتیان لەسەرە. لە بەرامبەردا بەپێی ئامارەکەی دوێنێی (دیلۆیت) تەنها لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە ٢٥٢ میلیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێم، لە گیرفانی من و تۆ، وەک سەرانە تورکیا بردویەتی! من ڕاسیست نیم، نەتەوەیی ڕادیکاڵیش نیم و تەنها مر‌ۆڤم، هەموو مرۆڤە چاکەکانی نەتەوەکانی تر بە خوشک و برای خۆم دەزانم، بەڵام بۆم پرسیارە بۆ خوێنی ئێمە وەک کورد ئەوەندە هەرزانە..؟! بۆ تا ٩ کەسی بە نەتەوە عەرەب لە هەرێمی کوردستان بە بوردومانی تورکیا نەبوونە قوربانی کەس فزەی نەکرد، کەس هەڕەشەی داخستنی سنور و فڕۆکەخانە، داوای لابردنی سەربازگەکانی سوپای تورکی لە هەرێم نەکرد..؟. ئایا منداڵەکانی ئەوان خوێنی حوسەینیان تێدایە و منداڵەکانی ئێمە کرمە لیقەن..؟ یان سەرکزی سەرانی کوردییە کە نەک ژیانمان، تەنانەت مەرگیشمانیان لەچاو مەرگی نەتەوەیەکی تردا پێ کەمە..؟!
بەختیار نامیق و سەرکەوتی جیهاز تورکیا و ئێران بە درێژایی مێژوو دوو زلهێزی ناوچەیی بون و پەیوەندییەکانیان پڕە لە بەریەککەوتن و ڕێککەوتن و خۆێن و جەنگ ، بۆ دەرەوەی هەر یەک لەم وڵاتانە پڕە لە فراوانخوازی و داگیرکاری تا ئەو ئاستەی (کارت بە کارت) ی نەتەوەکانی تر و خاک ئاو و نەوت و غاز لە نێوانیاندا هەیە ، دەکرێ لە کۆبونەوەی ئەستانەوە تا کۆبونەوەی تارانی سێ قۆڵی (تورکیا و ئێران و ڕوسیا) خاڵی هاوبەش و خاڵی دژبەیەکیان بخوێنرێتەوە و پاشان کاریگەری وڵاتانی زلهێزی جیهانی لەسەر چیەتی و چۆنیەتی پەیوەندیەکانی نێوان ئەنقەرە وتاران ، بەڵام لە هاوکێشەی ماتماتیکی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەرژەوەندییان گەورەترە لە خاڵی ناکۆکیان ، بە خاڵبەندی قسەیەکی سەرەتایی لەسەر ئەم کەیسانە دەکەین و سەرەتا لە بۆردومانی سەیرانگاکانەوە دەست پێ دەکەین : ١-بۆچی تورکیا بۆردومانی سەیرانگاکان دەکات. بەهای دراو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ بەراوردکردنی ئاستی بژێوی هەر وڵاتێک بە تایبەت دراوسێ بێ و ڕێگای گواستنەوەی شمەک کەمتری تێ بچێ ، لە ئێستادا بەهای دراوی عێراقی لە ئاست بەهای دراوی تورکی و ئێرانی بەرزە ، بە هۆی گەمارۆکانی سەر تورکیا و ئێران یەکێ لە هۆکارە گرنگەکانی ڕوبەڕوی بونەوەی ئەم گەمارۆیانە بۆ تورکیا و ئێران کەرتی گەشتیاریە ، کە دەزانین هەردو وڵات ساڵانە گەشتیارێکی بێ شومار لە عێراقەوە ڕودەکەنە تورکیا و ئێران ، جا ئیتر گەشتەکان دینی بێ یان گەشتی تەرفیهی یان بازرگانی گرنگە پارە بچێتە ئەو وڵاتانەوە ، هەم هەلی کار زیاد دەکا هەم پارەکی زۆر دەچێتە ئەم دوو وڵاتەوە ، بۆ ئێران گەشت و گوزاری شیعی لە عێراقەوە بۆ ئێران زۆرە ، واتا لە کۆی عێراق بە کوردستانیشەوە گەشتەکان بۆ ئێران زۆرترە لە تورکیا ، وە لە ڕویەکی ترەوە بە هۆی وەرزی گەرما و پێشکەوتنێکی کەمی گەشتیاری و ئاسایش و ئارامی کوردستانەوە ناوەڕاست و خواروی عێراق گەشت بۆ کوردستان دەکەن ، کە کوردستان بە باخچەی ماڵی عێراق ناوزەند دەکرێت ، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتار لەبری ئەوەی ڕوو لە تورکیا بکەن ڕوو لە کوردستان دەکەن ، بەڵام بۆ ئێران کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێ چونکە زۆرینەی عێراق شیعەن و زۆرترین عێراقی بۆ گەشت ڕوو لە ئێران دەکەن ، ئا لێرەوە تورکیا بۆ ئەوەی ئارامی شوێنە گەشتیارییەکان نەهێڵێ بە پلان بۆردومانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکات ، بەڵام پلانەکەی لە زەرەری خوێدا شکایەوە و عێراقیەکان بەپەرچدانەوەیەکی توندیان هەبو نوسینگەکانی فیزای تورکیان سوتاند ، ئەگەر پێشتر کەمێک گەشت هەبوبێ بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا ئەوا ئەوەش نامێنێ و پلانەکەی تورکیا فەشەلی هێنا بە ئازایەتی خەڵک نەک دەستەڵات چونکە ئەوانەی لە حکومڕانیدان جگە لە درۆی ڕەشی سەر کاغەزی سپی هیچی تر ناکات بە کوتلەی سەدرییەکانیشەوە ، ئەگەر پێشتر بە بیانوی پەکەکە بۆردمانی کردبێ لە ناوچە شاخاوییەکان ، ئەوا ئەمجارە ناتوانێ ئەو کارتەش بەکار بهێنێ ، لە بەرامبەردا چین و ئێران و ڕوس هەندێ گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکردوە ئەگەر چی سیناریۆکانیان لە ململانێکانیاندا لە نێوان تاران و ئەنقەرەدا بەردەوامی هەیە. ٢-لە کۆبونەوەی ئەستانەوە بۆ کۆبونەوەی تاران. کۆبونەوەی سێ قۆڵی (ئێران و تورکیا و ڕوسیا ) چەند مەلەفێک لە خۆی دەگرێ کە هەمو مەلەفەکان پەیوەندیان بە جەنگ و ململانێی وڵاتانی زلهێزەوە هەیە لەسەر غاز و نەوت ، واتا بە پلەی سەرەکی نەوت و غازە ، دوای زیندوبونەوەی ڕوس و بەهێزبونی بەرەی (چین+ڕوسیا+ئێران) و ڕێگەی ئاورشمی و ٦٥ وڵاتی سەرنەخشەی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا) گوشارێکی گەورە لەسەر تورکیایە کە لە دوای جەنگی ڕوس و ئوکراین تورکیا ناچار بکرێ کە لە نێوان ناتۆ و ئاورشیمی خۆی یەک لا بکاتەوە ، کە تورکیا ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە ، هەر جەنگێک ڕوو بدات پێش هەمو وڵاتانی ناتۆ تورکیا دەبێتە قوربانی و سەکۆی بەرییەککەوتنی وڵاتانی ناوچە ، ئەمریکا و ناتۆش لە ئۆراسیا لە پاشەکشەیەکی قورسدایە بۆیە ناتۆ و ئەمریکا تا ئاستێک گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکردوە و دۆخی گشتی تورکیا دەخوێننەوە نایانەوێ وەک پێگەیەکی گرنگ لەدەستی بدەن و تورکیاش دۆخە گشتیەکە دەزانێ و یاری لەسەر پەتی هەردوو جەمسەرەکە دەکات ، ئەگەر چی هاتنی بایدن کەمێک ململانێکان قوڵتر دەکاتەوە بە تایبەت لە دۆسیەی غاز و نەوتدا ، بۆیە بەرەی (ڕوسی ، چینی ، ئێران ) گوشاری هەمە لایەنە دەخەنە سەر تورکیا . ٣-تورکیا و ئێران و دابەشکاری لە کۆبونوەی ئەستانەوە تاکۆبونەوەی تارانی ئێستا. ئێران ئەختەبوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەرامبەردا قرشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیایە کە هەژمونیان بەسەر زۆرێک لە نەتەوە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە ، لەم نێوەدەدا ( کارت بە کارت )هەیە سوریا بۆ تورکیا و عێراق بۆ ئێران ، ئەم دابەشکاریە لەسەر ئاستی سنور بوە وە بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ بەرژەوەند یەکتر ، ئێستە بە پێی ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و ئێران کە ڕەگێکی مێژوی هەیە (ئەرزڕۆم ، ئەماسیە ، زەهاو ) تورکیا دەیەوێت بە هەمان پێگە و دەستەڵاتی ئێران لە عێراقدا هەمان پێگە و دەستەڵاتی هەبێ لە سوریادا ، بەڵام بە هۆی بونی ئەمریکا لە سوریا ناتوانێ هەمان ڕۆڵی هەبێ بە وێنەی ئێران لە عێراق بە تایبەت ئێران توانی پاشەکشە بە ئەمریکا بکات لە عێراقدا بەڵام تورکیا نەیتوانی لە سوریا ئەوە بکات ، ئەگەر چی دۆخی سوریا و عێراق تا ئاستێک جیاوازە ، هەر بۆیە کۆبونەوەی سێ قۆڵی تاران کە درێژکراوەی ئەستانەیە تورکیا داوا لە ڕوس و ئێران دەکات کە بە پێی ڕێککەوتنەکانیان لە سوریا هاوکاری بکەن . لە گشت‌دا لە نێوان تورکیا و ئێران هەم ململانێ هەیە ، هەم ڕێککەوتنیش کە بە پێی دۆسیەکان دەگۆڕێ ، هەندێ دۆسیە هاوبەرژەوەندین ، لە هەندێ دۆسیەدا ململانێ‌یان هەیە ، بەڵام لە دواجاردا بەرژەوەندییەکانیان زۆر گەورەترە لە ناکۆکیەکانیان.
هیوا سەید سەلیم دوای نزیکەی دە مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە دەبێت لەو دوو هەفتەیە گرێکوێرەی دامەزراندنی حکومەتی تازە بکرێتەوە، بە تایبەت کە لە ئێستادا فراکسیۆنە شیعەکان دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، گرفتی کوتلەی گەورەیان نەماوە. ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێکدەهێنێت، تاکە گرفتیان بریتیە لە یەکلابوونەوەی ئەو هاوپەیمانیە لەسەر کەسێک، تا ڕابسپیردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری تازە. بەڵام پێش ئەو هەنگاوە بە پێی ماددەی 70 لە دەستوری عێراق، دەبوو تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە. شایانی باسە، زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو ڕایەدانە کە بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەپێی عورفی کارپێکراو لە دوای پرسەی ئازادی عێراق و پەسندکردنی دەستوری تازە، لە پشکی پێکهاتەی کوردە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە لە نێوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پرسە یەکلاییبکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە داوای زۆربەی پێکهاتەکانی ناو پەرلەمان ئەوەیە کە ئەو دوو لایەنە دەبێت لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون، تا بەو زووانە پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، چونکە بە پێی دەستوری عێراق، تا سەرۆک کۆمار هەلبژاردنی بۆ نەکرێت، بابەتی پێکهێنانی حکومەت هەروا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە. پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار لە خولەکانی ڕابردوودا بە چەندین هەڵبەز و دابەز تێپەڕیوە، هەمیشەش گرفتی نێوان پارتی و یەکێتی بوو، لە دوو خولی یەکەم نەبێت کە ئەوسا رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوانی پارتی و یەکێتی هەبوو، کە لە بەغدا ئەو پۆستە بۆ مام جەلال بێت، وە لە بەرامبەریشدا لە هەرێمی کوردستان مسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت. دوو خولی یەکەم مام جەلال بۆ ئەو پۆستە کاندید کرا و لە نێوخۆدا گرفتێکی ئەو تۆ لەسەر ئەو پۆستە درووست نەکرا. لە خولی سێیەم هەم لە نێو خودی یەکیتی زیاتر لە کاندیدێک هەبوو، هەم پارتی دەستی لەو پشتیوانە هەڵگرت کە لە دوو خولی یەکەم لە مام جەلالی دەکرد، ئەوەبووهەریەک لە "فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح نەجمەدین کەریم" چوونە ناو ڕکابەری یەکتر کە هەر سێکیشیان لەسەر پشکی یەکێتی بوون، سەرەنجام کاندید بوونی فواد مەعسوم بە دەنگی فراکسیۆنە کوردستانیەکان یەکلایکرایەوە و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بۆدرا. شایانی باسە ئەگەرچی ناکۆکیەکان لە خولی سێیەم لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری سەریان هەڵدا، بەڵام لە خولی چوارەم بە خرابی تەقیەوە، بە تایبەت کاتێک پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدی جیاواز "بەرهەم ساڵح و فواد حوسێن" رکابەریەکەیان بردە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرهەم ساڵح بە دەنگی زۆرینە لە کاندیدەکەی پارتی بردەوە. لە ئێستاشدا کە ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هەمان پرس گەیشتۆتە لووتکە، دەبێت یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک لە نێوانیان بە یەکێک لەو دوو رێگایە یەکلابکرێتەوە: ڕێگای یەکەم: رێکەوتنە لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر تاکە کاندیدێک، ئەوەشیان بەوە دەکرێت کە هەریەک لەو دووانە پاشەکشە بە کاندیدی خۆی بکات لە بەرژەوەندی ئەوەی دیکە، ئەمەیان وێڕای دانیشت و دانوستانی زۆری نێوانی پارتی و یەکێتی تا ئێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە، چونکە هیچ یەک لەو دوو لایەنە تا ئێستا ئامادەنین دەستبەرداری ئەو پۆستە بن بۆ یەکتری. لە کاتی پێداگری هەریەک لە پارتی و یەکیتی لەسەر مانەوەی دوو کاندیدەکەیان ئەوە دەبێت بە ناچاری پەنا بۆ رێگاچارەی دووەم ببەن ئەویش بریتیە لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2018. پارتی کە دۆڕاوی نێو رکابەری ساڵی 2018 ە، تا بۆی بکرێت ناچێتەوە ناو ئەو سیناریۆیە ، بە پێچەوانەی ئەوان یەکێتی لەبەر چەندین هۆکار پێی خراب نیە کە ئەوان لەگەڵ پارتی ململانێکەیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان یەکلابێتەوە. یەکێتی پێیوایە کاندیدەکەیان بە بەراورد بە کاندیدی پارتی شانسی زیاتری دەبێت، ئەو ڕایەشیان لەوە سەرچاوەی گرتووە کە رەتکردنەوەی مافی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری لە لایەن دادگای فیدڕالی، هەروەها پاشەکشەی لیستی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی دەرفەتی زیاتری بۆ کاندیدی ئەوان ڕەخساندووە. شایانی باسە، هەموو لایەک دەزانین کە سیناریۆی ساڵی 2018 ترازانێکی زۆری خستە نێوان پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها سەنگی کوردی لە بەغدا لاوازترکرد. بۆیە بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکانی کاردانەوەی نەرێنی لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان لەسەر زۆرێک لە پرسەکان دابنێت، نموونەی پەرتەوازەی زیاتری هێزی کورد لە بەغدا، کە بە نەتیجە کاریگەری دەبێت لەسەر مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تا کێشەی ناوچە دابڕیندراوەکان بە پرسی کەرکوکیشەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانیش بەردەوامی ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی کاریکەری لەسەر دۆخی خرابی کوردستان دەبێت، هەرەوەها کۆسپ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دروست دەکات.
یاسین تەها لەپاش بڵاوكردنەوەی سێ بەشی یەكەمی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكانی نوری مالیكی، هەموولایەك چاوەڕێی كاردانەوەی سەدر بوون كە مالیكیش لە پاشەملەوە هێرشی زۆری كردبووە سەری و تانەو تەشەری زۆری لێ دابوو، بەڵام ئەو لایەنگرانی خۆی ئاڕاستەكرد بۆئەوەی لە خەمی رێكخستنی نوێژی هەینیدا بن (15ی تەممووز)و گوێی پێ نەدەن؛ چونكە بە گوتەی خۆی، ئەوان "هیچ بەهایەك بۆ مالیكی دانانێن!" بەڵام چەند رۆژێك دواتر، سەدر لەپڕێكدا بیری كەوتەوە كە دەكرێت بەم تۆمارانە مالیكی گەمارۆ بدرێت. بۆیە لەسەر نەریتی خۆی و لەڕێگەی پەیامێكی تویتەرییەوە نەخشەیەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مالیكی راگەیاند. لە پەیامەكەی سەدردا كە رووی لە حیزبی دەعوەو لایەنە شیعەكانەو لەڕێگەی ئەوانیشەوە مالیكی، هەم گلەیی و هەم سوكایەتیی لە قاڵبی ئامۆژگاری هەیەو هەم هەڕەشەی قورسیش هەن. خاڵەكانیشی بە پلەبەندی و زیرەكانە چنراون و لە كاتێكدان كە مالیكی لە كێبڕكێی كورسیی سەرۆكایەتیی وەزیراندایە. هەندێك نهێنیی مەترسیدار تۆمارەكانی سەرەتا تەنها هێرش و پەلاماری بۆسەر كەسایەتیی سەدر تێدابوو، لەگەڵ كولاندنەوەی كۆمەڵێك برینی ساڵی 2008 و هەندێك ناو و ناتۆرەی خراپ، بەڵام لە تۆماری چوارەم و پێنجەمدا، پەردە لەسەر هەندێك نهێنیی مەترسیدار هەڵماڵدراوە كە نەك تەنیا سەدر، بەڵكو هەموو پێكهاتەی شیعە و لایەنە عێراقییەكانی دیكە تووشی سەرسامی دەكات. مالیكی نایشارێتەوە كە هێزی تایبەتی لە عەشیرەتەكەی دروستكردووە بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر موقتەدا سەدر لە نەجەف. لەگەڵ سەرانی چەند گرووپێكی چەكداریشدا (أئمە البقیع) و (أمە اڵاخیار) باس لەوە دەكەن كە شكۆ بۆ مەزهەب و تایفەی شیعە بگەڕێننەوە. هەروەها گەڕانەوەی مالیكی پێویستی بە خوێنڕشتنە، ناوی مەرجەعێكی نەناسراویش دەهێنن بەناوی "میرزا حائیری" كە فەتوای ئامادەی لەوبارەیەوە هەیە و دەكرێت هاوكاریان بێت. هەرچەندە مالیكی زۆر بەشداری لەم قسانەدا ناكات لە تۆمارەكەدا، بەڵام نكوڵیشیان لێ ناكات و لە كۆتایی قسەكاندا "دوعای خێر"یان بۆ دەكات. هەوڵی هێوركردنەوە هێشتا بەشێك لە تۆمارە دەنگییەكان ماون بڵاوبكرێنەوە، باس لەوەش دەكرێت، تۆماری دیكەی ڤیدیۆیی هەن و لە داهاتوودا دەردەكەون، بەڵام ئەو پێنج بەشە كورتەی لەبەردەستدان، هەموو رێسا باوە ناسراوەكانی نێو ماڵی شیعەیان لەرزاندووەو دۆخێكی ئەوتۆیان دروستكردووە كە هەمووان هەر ئەوەیان پێ دەكرێت رۆڵی ئاگركوژێنەوە ببینن، بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بكەن بچنە باسكردنی ناوەڕۆكی تۆمەت و قسە و باسەكان. لە ناوبژیوانییەكانیشدا جگە لە نەجەف باس لە خەڵكانی كاریگەری لوبنان و هەندێك لە سەرۆك هۆزەكانیش هەیە. پلانی مالیكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆمارەكان رەتكردنەوەو بانگەشەكردنی ساختەكردنیان بوو، بەڵام پاش بەدواییەكداهاتنی بڵاوكردنەوەكانیان و سەلماندنیان لەلایەن سەدرەوە، كۆتایی بەو بەرگرییە لاوازە هێنا. لە ئێستاشدا مالیكی جگە لە سەدر، لەگەڵ كۆمەڵێك بەرەی دیكەشدا رووبەڕوو بووەتەوە، لەوانەش بەدر كە تۆمەتباری كردوون بەوەی چەكدارەكانیان بندیوارن، حەشد كە وتویەتی "ترسنۆكن و جێگەی متمانە نین"، یان خەریكی مەزرەعەو خانوو كڕین و پارە ماشینەوەن، سوننەكان و بارزانی كە بە لێكدانەوەی ئەو "پیلانگێڕن و دژی شیعەن"، تاقە كەسێكیش كە لە فلتەری ئەو دەرچووبێت لە تۆمارەكاندا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب و ئەبو ئالائی وەلائییە كە بەوتەی ئەو "پیاوی باشن،" چونكە "دژە سەدرن" لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەوەی كە گرووپەكانی دیكەی "مقاومە"ی حەشد كە بە وتەی ئەو راستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەردەگرن. قۆناخی پاش دزەكردنی تۆمارەكان ئەم تۆمارە لە مەودای نزیكدا دەشێت چانسی مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران نزیك بكاتەوە لە سفر، چونكە زیاتر وەكو كەسێكی شەڕەنگێزی داخ لەدڵ دەردەكەوێت كە هەموو ئیش و كاری كنەكردنە لە دەوڵەت لەڕێگەی دروستكردنی گرووپی خوێناوی و ترسناكەوە، جگە لەوەش بە ئەگەری زۆر پێگە سیاسی و سەرمایە مەعنەوییە "دەوڵەتمەدارییەكەی" دەخاتە بەردەم رەشەباو ئەگەری نادیار، بەتایبەت پاش بانگەوازی سەدرییەكان بۆئەوەی خۆی رادەستی دادگە بكات، یان بە گوتەی موقتەدا سەدر خۆی بداتە لایەك و تۆبە بكات. بەر لە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكان، بارودۆخی ناوخۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر باش نەبوو، چونكە لەپاش چوونە دەرەوەی سەدر لە پەرلەمان، هاندەریان نەما بۆ یەكدەنگی، لەسەر سەرۆكایەتیی وەزیران و جێگەكەی حاكم زاملیش كەوتنە قۆڵ بادان لە یەكدی. كە تۆمارەكانیشی بەسەردا هات، شۆكێكی وەها گەورە دروستبوو كە هەموو هیواو ئاواتەكان چڕبوونەوە لە رێگەگرتن لە پێكدادانی شیعە - شیعە، بەتایبەت كە جەماوەری موقتەدا سەدر عەقیدەیی و دڵ گەرمن، لە بنەڕەتیشدا دڵشكاوی كشانەوەی لیستەكەیانن لە پەرلەمان و ئەمەش وەكو دەرچەیەك بۆ خۆبەتاڵكردنەوەیان وایە. لێكەوتەی تۆمارەكان رەنگە ناونیشانی سەرەكیی قۆناخی پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكان، جگە لە قووڵبوونەوەی زیاتری درز‌و دووژمنایەتیی نێوان سەدرو مالیكی، دڕدۆنگی و بێ متمانەیی و سڵكردنەوە بێت لە هەموو شت، چ لەنێوان بەرەی مالیكی و پێكهاتەكان، یان لەنێوان لایەنە سەرەكییەكانی شیعە كە تۆمارە نهێنییەكان، شەڕەقۆچ و سەودا و مامەڵەی ژێر پەردەی ئەوانی لەسەر پێگەو دەستكەوت ئاشكرا كردن. ئەوانەی داوای هێوركردنەوەو دان بەخۆداگرتن دەكەن، چارەیەكیان پێ نییە بۆ دامركاندنەوەی رق و تووڕەیی و لەهەمان كاتدا مەترسیی سەدرییەكان كە قوڵپ دەدات. تەنانەت بە داواكاریی پۆزش هێنانەوەی مالیكیش بێت لە هێرش و هەڕەشەكان. حیزبی دەعوەش كە بنكەو قەڵای سیاسیی پاراستنی مالیكییە، بە پاساوی جۆراوجۆر خۆی لە هەر چەشنە بەرپرسیارێتییەك لادا كە تۆزێك سەدرییەكان قایل بكات، لە بەرامبەریشدا سەدر رێگەی دیكەی نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە نەبێت، بۆیە لە ئێستادا هەوڵدەدات رەوشەكە بە ئاراستەی گەمارۆدانی سیاسی و عەشایەرییانەی مالیكی‌دا ببات تاڕادەی سوتاندنی كارتەكانی، ئەگەر ئەمەشی بۆ نەچێتەسەر ئەوە هەموو رێگەكانی دەچنەوە سەر گرژی و پێكدادان، بەڵام مەرج نییە سەرانسەری و درێژخایەن بێت، بەڵكو لەوانەیە سرووشتی پەرچەكردارەكان بریتی بێت لە تۆڵەیەكی سنووردار. هەندێك راستیی دیكە لەسەر ئاستە گشتییەكە تۆمارەكان شلۆقیی پەیكەرە ئەمنی و دەزگا عێراقییەكانیان ئاشكرا كرد، ئەوەشیان دەرخست لەناو دەوڵەتی قووڵی حەشدو گرووپە چەكدارەكانیشدا دەوڵەتی دیكەی قووڵ و موفتیی خوێن ئامادەییان هەیە. جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەش گەیشتوونەتە قۆناخێكی ترسناك لە پاكتاوكردن، ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە لەسەر نیشتمانیبوونی حەشدو بەرەو دامەزراوەیی رۆیشتنی هەن. راستییەكی تاڵیش ئاشكرا دەكات كە هاوكێشەی هێز لەسەر پارەو چەك و فەتوا بنەڕەتە نەك دەستورو یاسا‌و سازان و هاوسەنگی. بۆ چارەسەری گرژییەكەش هەر كارەكتەرە ئایینی و عەشایەری و دەرەكییەكان لەسەر خەتن بۆ رێگرتن لە شەڕی خوێناویی شیعە كە پاش كۆتاییهاتنی شەڕی تایفی ركابەرەكانیان (سوننەكان) و پاش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (قاعیدەو داعش) وا لە لێواری پاكتاوكردنی ناوخۆیی و بەریەككەوتندان. قووڵبوونەوەی قەیرانی حكومەت لە پاش تۆمارە دەنگییەكان، هاوپەیمانەكانی مالیكی لەچوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دۆخێكی سەخت و دژواردان، یان دەبێت سەركۆنەی راگری هاوپەیمانییەكەیان و مامۆستا سیاسییەكەیان بكەن، یان بێدەنگ بن لە داوكارییەكەی سەدر و تاوەكو كۆتایی لە پشتیوانیی مالیكی بەردەوام بن و هێندەی دیكە شیعە پەرت بكەن. لەو تەنگەتاوی و مقۆمقۆیەشی كە دروستبووە، رەنگە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بودجە لە سەردەمی گرانییەكی بێوێنەی جیهانیدا، لە داوێنی هەرە خوارەوەی گرنگیپێدانەكان بن و بەمەش رۆژ بە رۆژ ئەو وێنەیە لەسەر عێراق تۆخ دەبێتەوە كە نە بە تەواوی دادەڕمێ و لەبەریەك هەڵدەوەشێت، نە گەشە دەكات و بەرەوپێش دەڕوات. چارەنووسیشی وایە كە رۆژانە لەگەڵ شكست و گورزی ناخۆشدا لە چنگەكڕێدا بێت. له (رووداو) وه‌رگیراوه
د. كامەران مەنتك رۆژی چوارشەممە(20\7\ 2022) لوتكەی هەر سێ سەرۆكی روسیا‌و ئێران وتوركیا لە تارانی پایتەحتی ئێران بەڕێوە دەچێت، بەستنی ئەو جۆرە لوتكانە، كە لەسەر ئاستی سەرۆكی ئەو وڵاتانەدایە، لەرووی دیپلۆماسیەوە واتای ئەوەیە، لەسەر ئاستەكانی خوارەوە گەیشتوونەتە لێتیگەیشتن وسەرۆكەكان تەنیا ئیمزای كۆتایی لەسەر ئەو بابەتانە دەكەن، كە لوتكەكەی لەپیناو دەبەسترێت. بۆیە ئەو لوتكانە لە زۆربەی حالەتەكاندا بە كۆتایی قۆناغێك وسەرەتای قۆناغێكی نوێ هەژمار دەكرێت. دوای ئەوەی ئەمریكا لە ساڵێ (2011) هەوڵیدا بەگویڕەی بەرژەوەندیەكانی خۆی ولەژێر رۆشنایی ئەو هێزە جیهانیەی هەیبوو نەخشەی ناوچەكە دابڕێژێتەوە، ویستی كۆنگرەی ڤیەننا (2012)وەك ئامڕازێكی دیپلۆماسی بەكاربێنێت ونەخشەرێگایەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا دابڕێژێت، ئەم نەخشەیەش بەدڵی دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش توركیا‌و ئێران نەبوو، لەبەرئەوەی پێیان وابوو، ئەمریكا دەیەوێت دەوڵەتی تری بچووك، لەسەر حیسایی ئەوان لە ناوچەكە دروست بكات. روسیا خێرا ئەو ترسەی قۆستەوە وبەكۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئەو دوو دەوڵەتە كۆنگرەی ئاستاناو دواتریش سوچی بەستا، پاشان چەندین كۆنگرەی لوتكە لەنێوان ئەو سەرۆكانە لە تاران و ئەنقەرەو مۆسكۆ بەڕێوەچوو. ئەم كۆنگرانە لە لایەك بۆ دروستكردنی جۆرێك لە هاوپەیمانی سێلایەنە بوو لەنێوان ئەو وڵاتانە، لەلایەكی تر هەوڵێك بوو بێبەهاكردن، یاخود كزكردن ولاتەریككردنی رۆڵی ئەمریكا لەناوچەكە، واتە جۆرێك بوو لەنیشاندانی هێز، كە ئەوان دەتوانن بە بێ ئەمریكا كێشەكانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بكەن، ئەمە سەرەتایەكی كردەیی بوو، بۆ ئاوابوونی خۆری سیستەمی تاكجەمسەری وزیندوو بوونەوەی رۆڵی روسیا لە ناوچەكە، كە دواتر بووە هۆی ئەوەی راستەوخۆ خۆی لە سوریا هەڵقورتێنێت وپاشان رۆڵی یەكلایی كەرەوە لە سوریا بگێڕێت ودواتر بەرەو ئۆكرانیا هەڵزنێت. زیندوو بوونەوەو گەورەبوونەوەی رؤلی روسیا لەناوچەكەدا، هانی ئەو دەوڵەتانەی دا، كە كوردستانیان بەسەر دابەش كراوە، بە كارامەیی كارتی روسیا بەكاربێنن وئەم بەكارهێنانەش لەسەر حیسابی ئەو دەستكەوتانە بوو، كە كورد لەدوای ساڵێ (2011) لە رۆژئاوای كوردستان وتەنانەت لەباشوورو باكووری كوردستانیش بەدەستی هێنا بوو، بەم چەشنە لە لایەك پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەڵوەشابەوە وناوچەیەكی زۆریش لەرۆژئاواو باشووری كوردستان لەدەست درا و توركیا گەمتر كەوتە وێزەی كورد. ئەوەی جێگەی مەترسیە، هەر كۆبوونەوەیەكی سێلایەنە لەنێوان ئەو سێ دەوڵەتە بەسترابێت، دوای ئەوە رووداوێكی تراژیدی بەگوێرەی كورد لەنلوچەكە روویداوە ودووچاری كارەساتێكی تر بووە، دروستكردنی ناوچەی قەڵغانی فورات (2016) وداگیركردنی عەفرین (2018) وداگیركردنی گرێسپی وسەرێكانی لە (2019)، هەمووی دوای ئەو كۆبوونەوە لوتكەییە سێقۆڵیانە بوو!. بەستنی لوتكەی رۆژی چوارشەممە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی ئەمریكا سەردانی ناوچەكەی كرد‌و لوتكەی ئاسایش وپەرپێدانی لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە بەستا، واتە جموجۆڵێكی دیپلۆماسی چڕ لەپێناو رێكخستنەوەی هاوسەنگی هێز لەناوچەكەدا هەیە، توركیا وئێرانیش بە هۆی پێگەی جیۆپۆلەتیكیانەوە رۆڵێكی گرنگ لە داڕشتنەوەی ئەو هاوسەنگیە دەبینن، هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە، سەرباری ئەو دۆخە ئاڵۆزە، رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان روسیا وتوركیا داهەیە لەسەر دابەشكردنەوەی ناوچە گەرمەكان لەسوریا، مەبەستیش لەم رێككەوتنامەیە ئەوەیە توركیا ناوچەی ئیدلب وناوچەكانی تری سوریا بۆ رژێمی سوریا، واتە بۆ روسیا جێبهێڵێت وبەرامبەر ئەمەش روسیا دەستی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان ئاوەڵا بكات، بۆیە ئەم گۆڕانكاریانە ئەگەری ئەوەی لێدەكەوێتەوە، لە ئایندەیەكی ئێجگار نزیكدا، تەنانەت دەتوانین بەرۆژ هەژماری بكەین، دوای بەستنی ئەو لوتكە سێلایەنە، توركیا هەوڵی بەیەكتر بەستنەوەی ئەو ناوچەیە بدات، كەبەناوچەی ئارام ناوی دەبات ونزیكەی هەموو رۆژئاوای كوردستان دەگرێتەوە تا دەگاتە زینی وەرتێ لە باشووری كوردستان، واتە داگیر كردنی راستەوخۆی منبج وتەلرەفعەت و ئەو ناوچانەی دەكەونە قوڵایی 22 میل لە سنوورەكانی باكووری سوریا وتائێستا لەژێر دەست وهەژموونی كورددایە، ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەم ناوچەیە ببێتە گۆڕەپانێكی نوێی شەڕ، لە ئێستادا ئەگەری دایسانی شەڕو پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، تەنانەت لەباشووریش رەنگ بێت كورد دووچاری شەڕێك بكرێت، لە هەموو ئەگەرەكانی تر بەهێزترە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی جەولەیەكی تری شەڕ بكەین، كە بەداخەوە ئەنجامەكەی تا رادەیەكی زۆر روونەو لەسەر حیسابی بەرژەوەندیە ستراتیژی ونەتەوەییەكانی كورد یەكلا دەكرێتەوە، ئەگەرچی نابێت ئەوەش فەرامۆش بكەین، كە ئەگەرێكی بچووك بۆ تێوە گلاندنی توركیا ودرێژكردنەوەی شەڕەكە لە ئارادایە، بەڵام ئەو ئەگەرە ئێجگار لاوازە.
فەرحان جەوهەر لە کۆبونەوەی لوتکەی جەددە لە عەرە بستانی سعودیە، بە ئامادەبوونی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هەندێک لە سەرانی وڵاتانی عەرەبی هەوڵیاندا بایدن رازی بکەن، کە هەر وڵاتێک جۆرێک لە بەهای جیاوازی هەیەو تایبەتە بە رۆشنبیری و تێگەیشتنی وڵاتەکەی خۆی، ناکرێت ئەمریکا بە زۆر وڵاتان ناچاری جێبەجێ کردنیان بکات. وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی عەرەبستان دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن جۆبایدن، جۆرێک لەساردی کەوتبووە نێو پەیوەندییەکانیان، بەهۆی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئازادیەکان، بەتایبەتی لەبارەی مافی ئافرەت، بەڵام شەڕی روسیا و هەوڵەکانی چین بۆ نزیک بوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای ناچارکرد، چاو بەهەڵوێستەکانیدا بخشێنێتەوە. ئەو جیاوازیە رۆشنبیری و شارستانیانەی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی باسی دەکەن، تەنها بۆ خۆدزینەوەیانە لە بەرامبەر ئەو پێشێل کاریانەی سەبارەت بە مافاکانی مرۆڤ و ئازادیەکان ئەنجامی دەدەن، راستە رۆشنبیری و شارستانیەتی هەندێک وڵاتان لەگەڵ هەندێکی تر جیاوازن لە رووی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتوو رەفتار، بەڵام ئازادی بەهایەکی هاوبەشی نێو هەموو شارستانیەتەکان و رۆشنبیریەکانە، بەهیچ شێوەیەک پارچە پارچە ناکرێت، کەسێکی ئەمریکی و چینی و عەرەب و کورد‌و تورکێک ، وەک یەک حەز لە ئازادی دەکەن، ئەوەی لەسەری جیاوازن شێوازی نانخواردن و پێکهێنانی خێزان و جل پۆشین و جێبەجێ کردنی سروتە ئاینیەکانە، هەروەها جیاوازی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی تاکەکانە، لەمە بترازێت هەموو مرۆڤێک ئامانجی گەیشتنە بە ئازادی، سەیری رۆشنبیری خۆمان بکەین، بڵاوترین و زۆرترین ناو لە نێو کورددا (ئازادە) ئەمە نیشانانەی ئامادەیی ئەو تێرمەیە لە کۆنەستی دەستەجەمعی میللەتی ئێمە، ئەمە بۆ میللەتانی تریش هەروایە، بۆیە ئەوەی لە کۆبونەوەی لوتکەی جەددەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا باسکرا، بۆ ئەوەبوو ئیدارەی بایدن واز لەو گوشارانە بێنێت کە دەیخاتە سەر وڵاتەکانیان، بۆ باشتر کردنی تۆماری پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ، چونکە ئەمە بەرنامەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە خولی سەرۆکایەتی خوێدا کاریان بۆ بکات، بەتایبەتی دەربارەی مافی ژن لە سعودیەدا، رای گشتی ئەمریکا زۆر خرابە بەرامبەرئەو وڵاتە، بۆیە زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تایبەت بە پرسی مافی ژن و ئازدیەکان، داوا لە وڵاتەکەیان دەکەن، سعودیە سزا بدرێت، هەرچەند لە ئێستادا سعودیە کارێکی زۆری کردووە بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ و پرسی ئافرەتان، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە. دیموکراسی کەلەپورێکی جیهانی هاوبەشە ، تایبەت نییە، بە یەک شارستانی، ئەگەرچی ئەمڕۆ شارستانیەتی رۆژئاوا جێبەجێی دەکات، خۆی بە خاوەنی دەزانێت و کردویەتە بەهایەکی رۆژئاوای، بەڵام لە راستیدا وانییە، ئەوەی راستییە ئەوان چاک سودیان لێ وەرگرتووە، فەلسەفە و شارستانیەتی یۆنانی فەلسەفەو شارستانیەتی رۆژئاوا نییە، سەردەمێکی زۆر ئەم فەلسەفەیە لە ناوچە جیاوازەکانی شارستانیەتی رۆژهەڵات پڕۆگرامی خوێندن بووە، رۆژئاوا لەو سەردەمەدا لە نێو تاریکیدا دەژیا.
خەبات عەبدوڵڵا • گەندەڵی لە کوردستاندا دۆخێکی کت‌وپڕ نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەی لەمێژینەی لەناو سیستمی حیزبیی و حوکمڕانیی ئێمەدا هەیە. ئەوە ڕاستە کە لە پاش ڕوخانی بەعسەوە گەندەڵی پانتایییەکی بەرفراوانتری تەنییەوە و بەشێوەیەکی زەقتر کایە جیاجیاکانی داگیرکرد، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئەو گەندەڵییەی هەر لە سەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان بنجی داکوتا و ئەوەی کە ئێستا هەیە، ئەوەیە کە گەندەڵی لەمڕۆدا شێوازێکی سیستماتیکی وەرگرتووە و کەرتێکی پان‌وپۆڕی حیزبی و حکومی و ئەهلی تێیدا بەشدارن. لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە کە گەندەڵی لای سیستمە حیزبی و حکومییەکە بۆتە ستراتیژێک بۆ مانەوە. • ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، دیارده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا شانبه‌شانی دیارده‌ی هه‌ژاربوونی خێرا، پێوه‌ندییه‌كی تووندوتۆڵی به‌و گەندەڵییەوە هه‌یه كه له چه‌ند ساڵی پێشوودا، لە سایەی دابارینی پارەی نەوتەوە عێراق و هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه. ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا، درێژكراوه‌ی كولتوری تاڵان و بڕۆ و له هه‌مان کاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی ئابووریی حیزبییه، ئه‌و ته‌رزه ئابورییه‌ی كه جگه له كوردستان ڕه‌نگه له هیچ شوێنێكی دنیادا شوێن و ڕێی نه‌بێت. • گەندەڵی شێوازگەلی جیاجیای هەیە، لەکاتێکدا ئابووریناسان کەرەستەی گرنگ دەدەنە دەست مرۆڤ بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام لە شیتەڵکردنی تانوپۆکانی گەندەڵی لە کوردستاندا، لە دەرەوەی تیۆر و میتۆدی ئابووری، پێش هەر شتێک پێویستمان بەوە دەبێت لە خودی دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی ورد ببینەوە. ئاخر گەندەڵی لە کوردستاندا پێش ئەوەی گەندەڵییەکی ئابووری بێت گەندەڵییەکی سیاسییە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە گەندەڵی لە کوردستاندا لە دەرەوەی ڕەهەندە ئابوورییەکانەوە کار دەکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی کوردستان نییە، گەندەڵی ڕێگری گەورەی هاتنە کایەی ئابوورییەکی نەتەوەییە لە کوردستاندا و بەردەوام پڕۆژە نەتەوەییەکان پەک دەخات و توانای بەربەرەکانێی شەریفانە دەکوژێت. ڕاستییەکەی قۆناغی گواستنەوە لە ئابووریی دەوڵەتییەوە کە ئێمە بە میرات لە بەعسەوە وەکو دەسەڵاتێکی تۆتالیتا‌ر بۆمان مابۆوە بەرەو ئابووریی بازاڕ کە قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کەرتی تایبەتە، لەبەر مۆنۆپۆلی حیزبی و نەبوونی ئاسانکاریی یاسایی و چاودێرییەکی کاریگەر، قۆناغی هاتنەکایەی گەندەڵیی سیاسی کاراتر کردووە. • مەترسییەکانی گەندەڵیی سیاسی لەوەدایە کە تێڕوانینی هاووڵاتیان سەبارەت بە سیستمی سیاسی دەگۆڕێت و لە ئاکامدا بە سیستمێکی ناڕەوای لەقەڵەم دەدەن. هەر لە هەمان سۆنگەشەوە وردە وردە هاووڵاتی خۆی لە پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی دەدزێتەوە و بێ مەیلیی سیاسی لە کۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت و کۆی کایە سیاسییەکە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە. • ئەوە ڕاستە کە گەندەڵی هەر وەکو چۆن خەسڵەتی سیستمە ئۆتۆکراسییەکانە، دەشێت خەسڵەتی سیستمێکی دیموکراسییش بێت، بەڵام تیۆرییەکانی لەمەڕ گەندەڵی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاستی گەندەڵی (بەتایبەتیش گەندەڵیی دارایی) لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی دیموکراسی و سەروەریی خەڵک، بەرەو دابەزین دەچێت. • سیستمی سیاسیی ئێمە جگە لەوەی سیستمێکی حیزبیی تاکجەمسەر و بێ بەرامبەرە، حیزبی چاو‌دێر و دەزگا و ڕێکخراوی مەدەنی و ناحکومیی چاودێریشی نییە، یا ئەگەر هەشبن ناکارا و پاسیڤن. قۆرخکردنی کۆی ئەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە هەر لە لایەن حیزبی دەسەڵاتدارەوە فاکتەری گەورەی تەشەنەکردن و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی سیاسییە. • ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە و هەوڵدان بۆ ڕەنگڕێژکردنی سیستمێکی فرە حیزبی و فرە ڕێکخراوەیی کراوە و بەکورتییەکەی سیستمێک کە بتوانێت جێگە بۆ هەموو دژەکان بکاتەوە و ئامادە بێت ناوبەناو دەسەڵات دەستاودەست پێ بکات، ئەگەر گەندەڵییش بنەبڕ نەکات، بەڵام بە بوارێکی تری دەسپێرێت و لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. بۆیە ناکارایی سیستمی سیاسیی ئێمە بە دیوێکی تردا کاراکردنی گەندەڵییە. • بەڕەنگاربوونەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی کارێکی کردەیە. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پێویستە پێش هەر شتێک پرسیار لە بونیاتی دامەزراوە حکومییەکە بکرێت. ئاخۆ ئەم بونیاتە کاری ڕیفۆرم و بنەبڕکردنی گەندەڵی ئاسان دەکات، یان دەبێتە ڕێگر؟ چونکە ڕیفۆرمی دامەزراوەیی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕیفۆرمی سیستمێکی سیاسیی گەندەڵ. ئاخر ناکرێت تەنها لەڕێگەی تەعمیم و وتارەوە باس لە بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت. • بە هەمان شێوە ناشکرێت تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی تەنفیزیی سوپەرەوە گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، ئەو سیستمانەی کە پەرلەمان تیایاندا لاوازە و حکومەتیان زیاد لە پێویست بەهێزە (هەروەکو لە هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بەدی دەکرێت)، گەندەڵی لە دامەزراوە تەنفیزییەکاندا لە پەرەسەندندا دەبێت. چونکە پەرلەمانی لاواز، قەزای لاواز بەرهەم دەهێنێت. • گرفتی گەورە لەوەدایە دەشێت گەندەڵی لە سیستمی بێ چاودێری و بەڕواڵەت دیموکراسییدا بەشێوەی یاسایی یان بەشێوەیەکی نەنوسراو بێت. دیسان گرفتێکی گەورەتر و یەکێک لە شێوازە باوەکانی هاتنەئارای گەندەڵی، دامەزراندنی کەسانی خۆییە لە پۆستە سەرەکی و گرنگەکاندا. • بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراوەی جیاجیا و سەربەخۆی دەرەوەی حیزبی دەوێت کە میدیا و چاپەمەنی ئازادی لە پشتەوە بێت. دامەزراوەیەک کە توانای دەستپێڕاگەیشتنی بە هەموو بەڵگە دارایی و دەوڵەتی و شەخسییەکانی لێپرسراواندا هەبێت و لە یاساییبوونی سەرچاوە داراییەکانی بەرپرسان بکۆڵێتەوە و لەتوانایدا بێت لە کاتی ڕوودانی سەرپێچیدا دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە. بێ گرتن و دادگایی‌کردنی لێپرسراوانی گەندەڵ، بنەبڕکردنی گەندەڵی لە مانا بنەڕەتییەکەی خاڵی دەبێتەوە. • گەندەڵی بەرچاو و ئاشکرا مەترسی زۆری نییە، لەمە ترسناکتر ئەو گرێبەست و کارە ژێربەژێرانەیە کە گەورە لێپرسراوان لە بوارەکانی مقاوەلات و پڕۆژە شەخسییەکانیاندا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خۆیانەوە، یان لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەیکەن. ڕاستییەکەی چاودێرییەکی ئەکتیڤ لە دەرەوەی ئازادییەکی سیاسی کە یاسا پشتیوانی بێت، بوونی نییە. • هەر لە هەمان سۆنگەوە و بەو پێیەی ئەو یاسایانەی پێوەندییان بە بازاڕی ئازاد و ئابووریی کراوەوە هەیە و ئێستا کۆن بوونە و هی ئەم سەردەمە نین، پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە و لە جێگەیاندا یاسای نوێ و یاساکانی ئاسانکاری بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دابنرێن. ڕاستییەکەی ئه‌وه‌ی حاڵی حازر له كوردستاندا به كه‌رتی تایبه‌ت ناو ده‌برێت، لە سایەی ئابووریی حیزبییدا ڕووبەڕووی قۆرخکارییەکی گەورە بووەتەوە. چه‌مكی كه‌رتی تایبه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی چه‌مكی بازاڕی ئازاد، دوو چه‌مكی یه‌کجار شێوێنراون. • هەر هەوڵێکی چاکسازی لەسەر ئاستی حکومەت دەبێت چاکسازییش بێت لە ئەدائی دادگاکاندا و گەڕانەوەی ڕێز و سەروەری بێت بۆیان، تەنها لە ڕێگەی فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێت باس لە بنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێت. فرەیی دەسەڵاتە جیاجیاکان هێز و گوڕ و تین دەبەخشێتە سەرجەم سیستمە سیاسی و ئیدارییەکە.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج كه‌ناڵی عیراقیه به‌شی توركمانی ، به‌ڵام به عه‌ره‌بی و له به‌رنامه‌ی پانۆرامادا كه هانی ره‌زا پێشكه‌شی ده‌كات ، له سه‌ر ڕوداوه تاڵ و خوێناویه‌كانی ساڵی 1959ی كه‌ركوك به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی به میوانداری ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌ڕێوه برد ، له به‌رنامه‌كه‌دا حزبی شیوعی و كورد تاوانبار كران به‌و ڕوداوانه‌ی كه‌ركوك و وایشنیشاندرا كه گوایه توركمان به‌و بۆنه‌یه‌وه" بۆنه‌ی ساڵرۆژی یه‌كه‌می راگه‌یاندنی كۆمار " ویستویانه ئاهه‌نگ بگێڕن و شیوعی و كورد ئه‌و ئاژاوه‌یه‌یان ناوه‌ته‌وه ، له راستیدا ئه‌و روداوه تاڵه زۆری له سه‌ر نووسراوه ، من نامه‌وێ لێره‌دا باسی بكه‌مه‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم نه‌كوردی كه‌ركوكی و دڵسۆز نه‌توركمانی دڵسۆز ، نه‌شیوعی راسته‌قینه ده‌ستی نه‌بووه له‌و روداوه‌داو ده‌شێت له ناو هه‌موو ئه‌وانه‌داو له ناو سوپاشدا له نمونه‌ی ته‌به‌قه‌چلی و خه‌ڵكی تر هۆكاری ئه‌و كاره‌ساته‌بووبن ، قسه كردن له باره‌ی ئه‌و دیرۆكه‌وه ده‌بێت زۆر هه‌ستیارانه‌و زۆر بێلایه‌نانه بێت ، من تێناگه‌م عیراقیه له‌م كاته‌دا چ پێویستی به وروژاندنی ئه‌و بابه‌ته‌یه به میوانداری كه‌سێكیش كه زۆر جار به هاندانی توركیا دنه‌ی كورد ده‌دات و كورد بریندار ده‌كات . كورد‌و توركمان نزیكه‌ی هه‌زار ساڵه له‌م ناوچه‌یه پێكه‌وه ده‌ژین ، لانی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌رده‌سته زیاتر له 600 ساڵه ، له‌و هه‌موو ساڵانه‌دا كێشه‌و گیر‌و گرفت و ئاژاوه‌ش دروست بووه ، به‌ڵام پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه هه‌ڵكردن و تێكه‌ڵ بوون زۆر زیاتر بووه ، شاعیرانی كورد شیعری توركمانیان وتوه ، هونه‌رمه‌ندانی دوو نه‌ته‌وه قۆریات و مه‌قامی توركمانی و كوردیان وتوه ، ژن و ژنخوازو تێكه‌ڵی و هاوخه‌می و پێكه‌وه‌یی له‌و مێژوه‌دا زۆر زیاتره له ناكۆكی ، بۆچی هه‌میشه ئێمه لایه‌نه تاریكه‌كه ده‌بینین وێڕای كه‌می ماوه‌كه‌شی ، بۆچی لایه‌نه روناكه‌كه نابینین ، بۆچی سه‌یری په‌یوه‌ندی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قاو توركمانه‌كان ، شێخ ره‌زاو شاعیرانی توركمان ، هیجری ده‌ده‌ده‌و ئه‌ده‌بی پێكه‌وه‌یی ناكه‌ین ، بۆچی ده‌ست بۆبرینه‌كه ده‌به‌ین ، ئه‌مه بۆ هه‌موومان جێی پرسیاره ، دواتریش كه ده‌ست بۆ برینه‌كه ده‌به‌ین بۆ بۆكولانه‌وه‌ی بێت بۆ بۆ ساڕێژكردن نه‌بێت . عیراقیه به‌شه توركمانیه‌كه‌ی پێویستی به لێپێچینه‌وه‌یه ، هه‌ڵبه‌ت به‌شه‌كانی تریش كه‌م و كوڕیان هه‌یه، من له به‌غدا له به‌شه‌كوردیه‌كه میوان بوومه زۆر بێسه‌ره‌و به‌ره‌یه ، هه‌رسێ به‌شی توركمانی ، كوردی ، سریانی هاوڕێیه‌ك به ناوی ناپلیۆن به‌رپرسێتی ، كه ئاگاداری دۆز‌و زمان و دیرۆكی كورد‌و ئه‌وانی تر نیه، پێشتر نه‌وفه‌ڵیش شاره‌زایی زۆری نه‌بوو باشه له‌و به‌غدایه كوردێك نیه ئه‌و به‌شه به‌ڕێوه به‌رێت، به ڕاستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عیراقی و ده‌زگای رۆشنبیری كوردی و لایه‌نی به‌رپرسی كوردی له به‌غدا هه‌قه له‌و بابه‌ته بكۆڵنه‌وه . له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئه‌رشه‌د ساڵحی زۆر ناڕه‌وا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌و 29 شه‌هیده‌ی كه سومبلی پێكه‌وه ژیان و ئاشتی و خۆشه‌ویستی بوون له كه‌ركوك ، هه‌موویان له بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رو خوێنه‌وارو ئازادیخوازان بوون، مرۆڤ كه نامه‌ی به‌ر له بڕیاری كوشتن‌یان ده‌خوێنێته‌وه ده‌زانێ ئه‌وان چه‌ند جوامێر بوون ، هه‌مووشیان هاشا له‌وه ده‌كه‌ن كه گوناهێكیان كردبێت ، من چه‌ند جار له سه‌ر شێخ مارف به‌رزنجیم نووسیوه ، له كتێبی كورد‌و كه‌ركوكیشا نامه‌كانم بڵاو كردوه‌ته‌وه ، له ناویاندا شێخ مارف ، شێخ حوسێنی برای ، عه‌بدولحافیزی حاجی شه‌ریف ،جه‌بار محه‌مه‌د پیرۆز خان ،نه‌جمه‌دین نادر شوانی ، مه‌حمود حاجی عه‌لی به‌ستێ و ئه‌وانی تر هه‌موویان خه‌ڵكانی رۆشنبیر‌و خوێنه‌وارو ئازادیخواز بوون بڕوایان به كوشتنی مێروله‌یه‌كیش نه‌بووه ، بۆ ده‌بێت به تاوانبار‌و بكوژ ناوببڕێن ، بۆ ده‌بێت رێگری له به شه‌هید ناساندنیان بكرێت ، شانازیش به‌وه وه بكرێت كه نه‌هێڵراوه بكرێن به شه‌هید ،شێخ حوسێن له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت " له‌هه‌موو ئه‌و روداوانه بێبه‌ریم كه له كه‌ركوك رویاندا "، خۆی بێ‌تاوان نیشانده‌دات مارف به‌رزنجی له نامه‌كه‌یدا ده‌نووسێت " به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی كه تاوانم نه‌كردوه‌و شه‌هیدم " نه‌جمه‌دین نادر شوان بۆ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌نووسێت " ئێوه ده‌زانن كه وا له سێداره ده‌درێم به‌ڵام بێ‌تاوانم و به شه‌ریفی ده‌مرم" . ناكرێت ئه‌رشه‌د ساڵحی وه‌ك كه‌ركوكیه‌ك به هه‌مان زمانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌و تێكۆشه‌رانه به تاوانبار بزانێت، كه له دار دراون ، ئه‌وان ده‌بوو ئێستا له ناو كه‌ركوك پارك و باخچه‌و قوتابخانه‌یان به ناوه‌وه بكریایه ، ده‌بوو په‌یكه‌رو دیوار به‌ندیان هه‌بوایه نه‌ك رێگری بكرێت له‌وه‌ی به شه‌هید حساب بكرێن ، كه‌س و كاری ئه‌و شه‌هیدانه كه 28 كه‌سیان به‌یه‌ك بڕیاركران به دارا، خه‌ڵكانی تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌رو پاكن ، بۆده‌بێت برینداربكرێن و ئازار بدرێن ، ئه‌رێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و لایه‌نی به‌رپرس تاكه‌ی له‌و تانه‌و تۆمه‌ت و شه‌ڕه‌نگێزیه‌ی ئه‌رشه‌د بێده‌نگ ده‌بن ، چۆن ده‌كرێت چاوپۆشی له‌و هه‌موو ناهه‌قیه بكرێت ، هه‌ر به‌ڕاست ئه‌رشه‌د بۆ ده‌یه‌وێت كورد‌و توركمان بكات به گژ یه‌كدا ، كێ له ئاژاوه‌و كوشت و بڕ قازانج ده‌كات ، ئایه ئه‌رشه‌د بازرگانی شه‌ڕه یان سیاسه‌تمه‌دار . ئه‌وه یه‌كه‌م جاری نیه ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌و جۆره سوكایه‌تی به كورد‌و شه‌هیده‌كانی ده‌كات ، من قسه‌ی تری ده‌ره‌وه‌ی ته‌له فیزیۆنیم لایه ، كورد به قه‌ره‌ج و دۆم له قه‌ڵه‌م ده‌دات ، ده‌ڵێت كه‌ركوك قه‌ره‌جی له سوریا‌و توركیاوه بۆ هێنراوه ، كه شتی وانیه‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌نگه چه‌ند ماڵه سوریه‌ك كوردن یان عه‌ره‌ب گه‌یشتبێتنه كه‌ركوك وه‌ك چۆن له هه‌ولێرو سلێمانی و ئه‌سته‌نبوڵ و غازی عه‌نتاب و شوێنی تریش هه‌ن ، ئێ دیاره ساڵحی به چ مه‌به‌ستێ و بۆ كێ ئه‌و قسانه ده‌كات ،ئۆباڵی هه‌ر دڵۆپه خوێنێ بڕژێ ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ، ده‌بوو ئه‌رشه‌د لایه‌نگری ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بوایه ، وه‌ك چۆن سامانی كوڕی شێخ مارف به‌رزنجی له بوونی توركمانێك به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له كاتی خۆیدا هات پیرۆزبای لێكرد‌و داوای كرد لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه . كورد‌و توركمان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌و ئاینزاكانی كه‌ركوك و عیراق پێویستیان به پێكه‌وه ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنه ، نه‌ك ترازان و دوو به‌ره‌كی ، كه‌ركوك و عیراقیش یان نابێت ببن یان به‌و فره‌ڕه‌نگیه‌وه جوانن و هه‌ن ، ساڵحی زۆر باش ئاگای له دیرۆكه‌و ده‌زانێ كه‌س ناتوانێ ئه‌وی تر بسڕێته‌وه ، كه‌سیش ناتوانێ ئه‌و شه‌هیدانه به شه‌هید حساب نه‌كات ، كه به مانای شه‌هید شه‌هیدی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و خاك و نیشتمانن . له بیره‌وه‌ری خوالێخۆشبووان مسته‌فا عه‌سكه‌ری ، فوادی تاهیر سادق و زۆری تردا بێتاوانی ئه‌وانم خوێندوه‌ته‌وه ، دڵنیام ئه‌و كه‌سانه له خۆڕا كه‌س بێ‌تاوان نیشانناده‌ن ، به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه كه‌سانی رۆشنبیر‌و یاسا ناسیش بوونه ، فوادی تاهیر سادق كه خۆی له زیندان بووه‌و شاهیدی بردنی شێخ مارف و هاوڕێكانێتی بۆ به‌رده‌م په‌تی سێداره ده‌نووسێت " كارێكی نامرۆڤانه‌ی دڕندانه بوو ، چونكه زۆریان به‌رپرسی روداوه‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌و روداوه ده‌ستی هه‌واڵگری سه‌ربازی ، هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری عه‌ره‌بی ره‌گه‌ز په‌رست و ئاسایش و كاربه‌ده‌ستی دی تێدا بوو " ، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه به نیازی تێكدانی په‌یوه‌ندی جۆرێكه له تاوان ، ئه‌رشه‌د ساڵحی پێبزانێ یان نا كارێكی مه‌ترسیدار ده‌كات ه عیراقیه‌ش به‌و به‌رنامه‌یه ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه .
رزگار شێخ حه‌سه‌ن له‌ماوه‌ی رابردوودا گفتوگۆیه‌ك ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی هه‌ندێك گۆرانگاری له نێو په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی هاته ئاراوه ، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئیسلامی و خه‌ڵكی جیاوازی لێكه‌وته‌وه ، له راستیدا بابه‌تی گۆرانكاری له پرۆگرامه‌كانی خوێندن نابێت وه‌ك بابه‌تی شه‌رێكی ئایدۆلۆژی ته‌ماشا بكرێت ، یان وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی پروپاگه‌نده بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ هه‌ندێك لایه‌ن به‌ڵكو پێویسته وه‌ك به‌شێك له چاكسازی و گه‌شه‌پێدانی سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵات و وانه فێركارییه‌كانی لێكبدریته‌وه ، ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و شاره‌زایانی بواری پرۆگرام و په‌روه‌رده‌یه نه‌ك لایه‌نی سیاسی ، هه‌ر گۆرینی گفتوگۆكان به ئامانجی پروپاگه‌نده‌ی سیاسی زیانی زۆر به هه‌وڵه‌كانی گۆرانگاری و چاكسازی ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ، هیچ هه‌وڵێك بۆ لابردنی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له خوێندنی قوتابخانه‌كان له ئارادا نه‌بوه ، به‌ڵكو هه‌وڵێك هه‌بوه بۆ گۆرانكاری ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر ره‌وا و گونجاوه، هیچ وانه‌یه‌ك نیه هیچ پێویستی به چاكسازی و نوێكردنه‌وه نه‌بێت به‌ڵكو پێویسته به پێ هه‌ڵومه‌رج و گه‌شه‌كردن كۆمه‌ڵگا نوێبكرێته‌وه ، به‌و پێیه‌ی ئایین رۆڵێكی گرنگی هه‌یه له كۆمه‌ڵگادا پێویسته وانه‌ی ئایین و هه‌موو وانه‌كانی تریش به‌پێ پێویستی كۆمه‌ڵگا و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی ده‌وڵه‌ت گۆرانكاری تیا بكرێت ، كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فره ره‌نگ و فره ده‌نگه ، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و ئایین و مه‌زهه‌بی جیاوازی تیایه ، كوردستان كه‌ش و هه‌وای ئازادی هه‌یه و ئه‌بیت ده‌رفه‌تی ئازادی ویژدان ده‌سته‌به‌ر بیت، ئه‌بیت وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینیش گونجاو بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا ، ناكری ئایین ناكۆكی هه‌بیت له‌گه‌ڵ فره‌یی مه‌زهه‌ب و ئایینی كوردستان ، ناكری گیانی ته‌كفیر و دوژمنكاری په‌ره پێبدات ، ئه‌مه مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه و دژ به فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی حكومه‌ته له ئیستادا زۆر گرنگه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هه‌موو مرۆڤێكی شاره‌زا و به‌رپرسیار له په‌روه‌رده به‌رده‌وام بن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ گۆرانكاری و چالاكسازی له وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایین ، نابیت هه‌وڵی هه‌لپه‌رستانه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن كه ئه‌یانه‌وی ئایین و سۆزی ئایینی ئیستغلال بكه‌ن بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ ، نابی هه‌وڵی ئه‌م جۆره كه‌سانه ساردمان بكاته‌وه له هه‌وڵی گۆرانكاری و چاكسازی له سیستمی په‌روه‌رده و له ناویشیاندا وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینی خاڵێك له‌م پرۆسه‌یه‌دا زۆر جێگای سه‌رنجه ، سیستمی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه ، كیشه كه‌می قوتابخانه و نه‌بوونی شوین و ناوه‌ندی پێویستی خوێندن كه زۆر جار قوتابیان ناچار ئه‌بن سێ ده‌وام بكه‌ن ، نه‌بوونی قوتابخانه كه زۆر جار ناچار ئه‌بن به رێگایه‌كی دوور ببرن بۆ گه‌یشتن به قوتابخانه‌یه‌ك، نه‌بوونی پێداویستی خوێندن ، گه‌لێك كیشه‌ی قورس له بواری په‌روه‌رده ، به‌ڵی ئه‌وه راسته حكومه‌ت به‌رپرسیاره له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه ، به‌ڵام خێره فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی له ئاست ئه‌م هه‌موو كێشه گه‌وره‌یه‌دا بێده‌نگ بێت و قسه‌یه‌ك پرۆژه‌یه‌ت نه‌بیت بۆ چاكسازی ، به‌شدارییه‌ك نه‌كه‌یت له باشتركردنی دۆخی په‌روه‌رده و قه‌یرانه كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی ، بیر له‌و هه‌زاران مناڵی كورده نه‌كه‌یته‌وه كه له خوێندن دابراون ، به‌ڵام ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆرانكارییه‌كی ساده‌ی ناو په‌روه‌رده‌ی ئایینی هه‌ڵای راگه‌یاندن به‌رپا بكه‌یت و بته‌وێ كه‌ڵكی سیاسی لێوه‌ربگریت خه‌ڵك فریو بده‌یت و ریگریش دروست بكه‌یت له ئه‌نجامدانی هه‌ر گۆرانكارییه‌ك كه پێویسته بۆ كۆمه‌ڵگا. پرسێكی گرنگ كه پێویسته هاوشانی گۆرانكاری له‌ناو سیستمی په‌روه‌رده بجوڵێنرێت ، ئه‌وه‌یه وانه‌كانی تری ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ دروستكردنی تاكێكی بیركه‌ره‌وه ، یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س عه‌قڵێكی كراوه‌ی هه‌بێت و توانای ره‌خنه‌گرتن له خۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی عه‌قڵی هه‌بێت بۆ دیارده و روداوه‌كان ، وانه‌كانی زانست ، مێژوو ، په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی ، ئه‌مانه وانه‌ی گرنگن كه پێویسته هه‌م ناوه‌رۆكی وانه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دابریژرێن كه توانای فكر و عه‌قڵ له مرۆڤدا گه‌شه پێبدات ، نه‌ك عه‌قڵی مرۆڤ بكات به میمۆری مه‌علومات ، نه توانیت رۆڵ ببیت له هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی و توانای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ، وێرای گرنگی ناوه‌رۆكی وانه‌كان خاڵێكی دیكه‌ش كه زۆر گرنگه بریتیه له توانای كادری په‌روه‌رده‌یی ، لیهاتووی مامۆستایانه له وتنه‌وه و گه‌یاندنی ناوه‌رۆك و په‌یامی زانستی وانه‌كانه ، هه‌تا ئه‌و ئامانجه زانستیه‌ی كه پێویسته بگات به خوێندكار وه‌ك خۆی بگات ، ئامانجی زانستیش دروستكردنی توانای عه‌قڵیه له مرۆڤدا كه بتوانیت رۆڵی هه‌بێت له گه‌شه‌پێدان و بیركردنه‌وه‌ی زانستیدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌بێت به‌رده‌وام خوڵی هوشیاری زانستی بكرێته‌وه ، هه‌روه‌ها چاودێری ئاستی هوشیاری مامۆستایان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به چ ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆڵیان هه‌یه له گه‌شه‌پێدانی توانای زانستی و له توانای بیركردنه‌وه‌ی خوێندكاره‌كان ، هه‌تا مامۆستا به شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌و ئه‌ركه په‌روه‌رده‌ییه‌ی هه‌ڵ،ه‌ستی و ئاستی فكر و عه‌قڵی ره‌خنه‌گرنه و بیركه‌ره‌وه له خوێندكاردا گه‌شه‌پێنه‌دات هه‌یچ وانه‌یه رۆڵی خۆی نه‌بینیوه و ئامانجی خۆی به‌دینه‌هێناوه ، بۆیه زۆر گرنگه له‌م روانگه‌یه‌وه به جدی كاری بۆ بكرێت و جێگای بایه‌خی دام و ده‌ڤای په‌یوه‌ندیدار بێـ ، هه‌ر مامۆستایه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه زانستیه‌دا ئه‌وا پێداچوونه‌وه به ئه‌رۆك و رۆڵیدا بكرێت به‌ریگه‌ی جیاواز هانبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی چالاكتر بكریت و رۆڵی خۆی ببینیت
