سەرتیپ وەیسی مه‌سرور بارزانی هه‌موو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له خۆی و تیمه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری كۆكردۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا پێكهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له خواره‌وه به ته‌واوی له ژێر كۆنتڕۆلی خۆیدا نییه، له كابینه‌كانی ڕابردوو به‌رپرسه‌كانی دانراون، هه‌ربۆیه‌ش متمانه‌ی به به‌شێك له به‌رپرسان نییه، خۆی و تیمه‌كه‌ی به ته‌واوی ده‌ستوه‌ردان له هه‌ندێ كاروباروی خواره‌وه‌ش ده‌كه‌ن و به وردی له‌كاره‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌و به دواداچوونی بۆده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت یه‌ك دوو فه‌رمانگه هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی دراوه‌ته ده‌ست به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ به‌ڕێوه‌بردن، به‌هۆی نه‌بوونی متمانه به به‌رپرسه‌كانیان. وه‌زیر له كابینه‌ی نوێ‌دا به‌ر له‌وه‌ی به ده‌ستێكی واژوو له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بكات بكات، پێویسته به ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی واژووه‌كه‌ی. تێگه‌یشتنی مه‌سرور بارزانی بۆ وه‌زیر ئه‌وه‌یه: كه وه‌زیر هه‌موو شت نییه، به‌ڵكو ته‌نها فه‌رمانبه‌ره، بۆیه پێویسته ئه‌و تێگه‌یشتن و مه‌فهومه له‌باره‌ی وه‌زیره‌كان بگۆڕدرێت كه له ڕبردوودا هه‌بووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له‌ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوو، سیاسه‌تی حكومه‌تێكی ته‌واو مه‌ركه‌زی له لایه‌ن مه‌سرور بارزانیه‌وه جێبه‌جێبكرێت. سه‌رۆكی حكومه‌تیش تاوه‌كو ئێستا ته‌ركیزی له‌سه‌ر دابینكردنی به‌گشتیی خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌و له نێوشیان مه‌سه‌له‌ی رێگا و بان ئه‌و سێكته‌رانه‌ی په‌یوه‌ندی به خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه، كه ئه‌و كارانه‌ش ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ته‌و نابێته ده‌ستكه‌وت و واجبه له‌سه‌ر حكومه‌ت بیانكات. له‌ماوه‌ی ڕابردووش‌دا، له لایه‌ن خودی خۆیه‌وه سه‌رپه‌رشتی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له رێگاوبانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانكراوه. بڕی ئه‌و 500 ملیار دیناره‌شی له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو كه ته‌رخانیكرد بۆ ژێرخانی ئابووری هه‌رێم، په‌یوه‌ندی به خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه هه‌یه له‌وانه : دروستكردنی سایلۆیه‌ك له دهۆك و قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش، له هه‌ولێریش له ناحیه‌ی قوشته‌په و له ئیداره‌ی گه‌رمیانیش له قه‌زای كه‌لار. به‌شێك له‌و پاره‌یه بۆ پێنج پڕۆژه‌ی رێگاوبانه له سنوری پارێزگای سلێمانی كه یەکەمیان ڕێگای دەربەندی ڕانیەیە کە دەستی پێکردووە، ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، ڕێگای کەلار- کفری، کە لە ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبەجێ دەکرێت، لە پارێزگای ھەڵەبجەش، ڕێگای نێوان ھەڵەبجە – سەیدسادق، ھەروەھا ڕێگای نێوان دووکان - چوارقوڕنەش تەواو دەکرێت. دوو پڕۆژەکەی تریش ڕێگای ھەولێر- دھۆک، پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمیش بە دوو قۆناغی جیاواز جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەم، ڕێگای ھەولێر- گۆپاڵە، قۆناغی دووەم، ڕێگای ڕۆڤیا بۆ گۆپاڵە. به‌پێی به‌رنامه‌كه‌ی حكومه‌ت، ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی ئه‌و 500 ملیار دیناره كراون به دوو به‌ش به‌شی یه‌كه‌م پڕۆژەکانی گەشەپێدانه كه له ھەرچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكان جێبەجێ ده‌كرێن ئه‌مانه‌ش به گشتی پێیان ده‌گوترێت پڕۆژەی بچووك كه له یه‌ك تا دوو ملیۆن دۆلارییان بۆ ته‌رخان كراوه. له قۆناغی یه‌كه‌مدا له 85%ی پڕۆژه‌كان بودجه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه ده‌ست به جێبه‌جێ كردنیان كراوه كه له هه‌ر چوار پارێزگاكه 184 پڕۆژه‌ن و قۆناغی دووه‌میش ئە‌و پڕۆژانەن کە له 75%ی جێبەجێ کراوەو ئە‌و پرۆژانەش پارەیان بۆ دابین كراوه‌و تەواو دەکرێن. حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، به باش و خراپیه‌وه به ئابووری سه‌ربه‌خۆ و هه‌نارده‌ی نه‌وت و یاسایی وه‌به‌رهێنان ده‌ناسرێته‌وه‌و تاوه‌كو ئێستاش شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی جگه له هه‌ڵگرتنی كارنامه‌یه‌كی گشتی له نێوشیان چاكسازی، هیچ پڕۆژه‌و پلانێكی ستراتیژی گه‌وره‌ی ڕانه‌گه‌یاندووه، هه‌ویه‌و شوناسێكی دیاریكراوی نییه تا پێی بناسرێته‌وه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خشی خۆی و تیمه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كان كۆبوونه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له سێكته‌ره جیاوازه‌كان. جارێ زووه بڕیار له سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای كابینه‌ی نۆیه‌م بدرێت، چونكه بارودۆخی هه‌رێمیش به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌سته به ژماره‌یه‌ك كێشه‌و ئاڵنگاری، له نێوشیان رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداو داهاتووی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ڵه‌بوون له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. هه‌تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم، دروشمی چاكسازی و ده‌ستگرتن به پاره‌و بێ متمانه‌یی به خواره‌وه‌و دروستكردنی حكومه‌تێكی بچووكی په‌یڕه‌وكردوه، جێگر‌و وه‌زیره‌كانیشی پابه‌ندكردووه به خۆیه‌وه، له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غداو دۆسیه‌ی نه‌وت و یاسایی وه‌به‌رهێنان به ته‌واوی له حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ر له خۆی جیاوازه.
ئاراس فه‌تاح لەسەر سكاڵای برازایەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ كۆی ستافی ده‌زگای "دره‌و میدیا" و رۆژنامه‌نووسێك به تۆمه‌تی "یاسای خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندییکردن"، ده‌ركردووه. ستافه‌كه‌ی ده‌زگای "درەو میدیا"، پێكهاتووه له هه‌ریه‌ك له هاوڕێیان كاك (محەمەد رەئوف، كاك فازل حەمەڕەفعەت، كاك نامیق رەسوڵ، خاتوو نیاز عەبدوڵا) و رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی تریش، كاك (هێمن مامەند)ه. ئه‌م بڕیاره له دوو ئاستدا بێڕێزییه‌كی بێ‌سنور و پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و مافی رۆژنامه‌نووسان. یه‌كه‌م ئه‌م بڕیاره پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی خودی یاسای كاری رێكخستنی رۆژنامه‌وانیی ژماره 35ی ساڵی 2007 ه، چونكه ئه‌و یاسایه زیندانییكردنی رۆژنامه‌نووسان قه‌ده‌غه‌ده‌كات و بۆ هه‌موو پێشێلكارییه‌كیش، سزای دیارییكراوی داناوه. كه‌چی به یاسایه‌كی تر ئه‌م رۆژنامه‌نووسانه تۆمه‌بار ده‌كرێن و بڕیاری زیندانییكردنیان ده‌رده‌كرێت. دووهه‌م، ئه‌م بڕیاره ستراتیژێكه بۆ ده‌مكوتكردنی ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاستته‌نگییه‌ك و وێرانه‌یی كایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد، بوێرانه به‌رده‌وامن له كاری میدیایی. من گومانم نییه كه ئێمه هه‌موو ئینسانین و هه‌موو پیشه‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی تێداده‌كرێت، به‌ڵام بۆ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یه‌ییش گه‌ر ڕووبدات، ده‌بێت به یاسای تایبه‌ت به خۆی سزابدرێت. له ڕاستییدا ترسه‌كانی من له‌مه‌ش گه‌وره‌تره، من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه ماوه‌یه‌كی تر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه بایكۆتی كاڵا و سه‌فه‌ری توركیا ده‌كه‌ن، به تۆمه‌تی "تیرۆریستی ئابوریی" بدرێن به داگا، چونكه خه‌ریكه ببن به هۆكارێك بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه ئابووری و ستراتیژییه‌كانی هه‌رێم و توركیا. به‌كورتیی، تاوه‌كو پێگه و هه‌یبه‌تی داوه‌ریی و یاسایی ئه‌م دادگایانه‌ی هه‌رێم له‌ژێر ئیملای حیزب و خێزانه سیاسییه‌كاندا بێت، وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌میان بریتییه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه بازرگانیی و سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م نوخبه سوڵتانییه‌ی خۆمان و رێگه‌گرتن له ئه‌گه‌ری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوڵتانه‌كه‌ی توركیا. له‌گه‌ڵ پشتیوانی ته‌واوم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه و ئومێده‌وارم له‌وه زیاتر ئازاریان نه‌ده‌ن و سه‌رقاڵیان نه‌كه‌ن به تاوانی داتاشراوی یاسایی تر، چونكه یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ داوه‌رییكردنیان و چیتر دادگاكانیشمان نه‌بن به "چێك پۆینتی سیاسیی" بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له هه‌رێمی كوردستان.
د. موئمین زەڵمی لەماوەی رابردوودا بینەر‌و بیسەری ژمارەیەك هەواڵی جیاواز بووین، كەپەنابردن بوون بۆ كۆتایی پێهێنانی ژیان‌و هەڵبژاردنی مەرگ بوو بەسەر ژیاندا، ژمارەیەك لەهاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان كەكەسانی رۆشنبیر‌و ناسراوبوون كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا، بەدڵنیاییەوە لای زۆربەمان ئەمە بووەتە جێگای پرسیار‌و پێمان خۆشە جگەلە شێواز‌و هۆكارە رواڵەتییەكانی ئەم حاڵەتانە، وردتر قووڵ ببینەوە ئایا هۆی چیە كەسانێكی رۆشنبیر‌و تێگەشتوو پەنادەبنە بەر خۆكوژی؟ بەسادەیی، بۆچی هاوڕێیانمان خۆیان دەكوژن؟ خۆكوشتن لەزۆرینەی سەرچاوەكاندا بەشێوەی نزیك لەیەك پێناسەكراوە كە"هەستانە بەكرداری كۆتاییپێهێنانی ژیانی خود، بەهۆكارێك یان هۆكارگەلێكی جیاوازەوە كەلەوانەیە بریتی بن لەنەخۆشی دەروونی، بێزاری لەهاوبەشیی ژیان، قەیرانەكان، ناتەواوی جەستەیی، نامورتاحی شوێنی كار، كێشەی مادیی‌و دارایی كەمرۆڤ دەگەیەنێننە نا ئومێدی‌و بێ هیوایی". بە سەرنجدان لەمێژووی مرۆڤایەتیشدا خۆكوشتن قۆناغ بەقۆناغ بوونی هەبووە‌و لەنزمترین رێژەوە ئاستی باڵای تۆماركردووە‌و رۆژبەرۆژیش زیاتر رووداوەكانی خۆكوژی تۆماركراون. سەرچاوە مێژوویەكان سەدی هەڤدە‌و دواتریان لەتۆمارەكاندا گواستۆتەوە‌و تا ئێستا بەردەوام لەسەرتاسەری جیهاندا حاڵەتەكان تۆمار دەكرێن. بەگوێرەی توێژینەوەیەكی رێكخراوی GBD بۆ لێكۆڵینەوە لەحاڵەتە تەندروستییەكان لەساڵی 1990 دا زیاتر لە700 هەزار كەس خۆیان كوشتووە بەڵام لەئێستادا ئەم ڕێژەیە بۆ زیاتر لەیەك ملیۆنی ساڵانە بەرزبۆتەوە كەخەڵكی بەچەندین شێوەی جیاوازی (خۆهەڵواسین، خۆژەهراویكردن، خۆخنكاندن، خۆخستنەخوارەوە، خۆبریندار كردن،و دەرزی‌و حەب‌و مەوادی كیمیایی‌و گازی) كۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن. لە كۆی ئە‌و حاڵەتە خۆكوژییانەدا لەسەرتاسەری جیهان تۆماركراون، كەسانی بەناوبانگی سیاسی، ئەدەبی، رۆشنبیری، كۆمەڵایەتی، هونەرمەند، یاریزان‌و بازرگانی جیاواز بەدیدەكرێن كەهەریەكەیان لەقۆناغێكی ژیاندا‌و بەهۆكاری جیاواز كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، لەو حاڵەتانەشدا هەرێمی كوردستان بەدەرنەبووە‌و لەمێژووی دوور‌و نزیكی كورددا حاڵەتی خۆكوژی لەناو توێژە جیاوازەكاندا بوونی هەبووە، زۆرن ئە‌و گەنجانەی بەدڵخوازەكانیان نەگەشتن‌و خۆیان هەڵواسی، زۆرن ئە‌و خوێندكارانەی نمرەی پێویستیان نەهێنا‌و خۆیان خنكاند، زۆرن ئە‌و پێشمەرگە‌و پیشەوەر‌و فەرمانبەرانەی بێ ئومێد بوون‌و خۆیان كوشت، لەمانگی رابردووش‌دا رووداوی گیانلەدەستدانی رۆژانامەنوسانی ناسراو ئامانج بابانی‌و لانە محەمەد‌و منداڵەكەیان (رووداوی خۆكوژی -بە پێی راگەیانراوی پۆلیسی سلێمانی)و خۆخنكاندنی شاعیری ناسراوی كورد مامۆستا محەمەد عومەر عوسمان (ژەنراڵی پاییز) هەمووانی خەمبار‌و نیگەران كرد. دەیەی پەنجاكانی سەدەی رابردوو قۆناغێكی ترش‌و تاڵی ژیانی تاك بووە‌و تەشەنوجە فیكرییەكان زیاتربوون، ئەوەتا بوونگەرایی‌و پووچگەرایی بەربڵاوتر دەكەونە ناو دونیای فیكری‌و ئەدەبییەوە‌و بڕواداری بەخوا‌و بێ‌بڕوایی تا ڕادەیەكی زۆر جیا دەبێتەوە، هەمووشیان جەخت لەسەر خاڵیبوونەوەی تاك‌و سوڕانەوەی لەبازنەی "بێهیوایی" دا دەكەنەوە، تا ئە‌و ڕادەیەی هیچ هیوایەك بۆ ژیان نامێنێت‌و مەرگ پێش ژیان دەخرێت. لە ئەناڵایزی مەرگدا هەمیشە بڕوام وایە كاتێك كەدەڵێین مرۆڤ تاكێكی كۆنترۆڵكراوە بەئایین‌و كلتور‌و سیاسەت‌و كۆمەڵگە، دەبێ بازنەكە وردتر بكەینەوە، ئەویش نەخشەی مرۆڤە لەنێوان دوو پەیوەندییە ئاڵۆزەكاندا، پەیوەندییەكی بەرەوخوار لەنێوان مرۆڤ‌و هەمووشتەكانیتر (خەڵكیتر‌و ئاژەڵەكان‌و سروشت‌و تەكنەلۆجیا ...تاد)و پەیوەندییەكی بەرەوژوور لەنێوان مرۆڤ‌و خودا (بارە سازە رۆحانییەكە)دا، بەدروستبوونی بۆشاییش لەنێوان هەر یەكێك لەو پەیوەندییانەدا مرۆڤ خاڵی دەبێتەوە‌و دەبێتە تەختەی سەرئاو، چونكە لەرواڵەتەوە پێم وایە تەنها شتێك كەدەتوانێ رێگای ژیان بەرەو مەرگ دوورتر بخاتەوە بریتییە لە(هیوا)، واتە مرۆڤ بۆیە ژیان هەڵدەبژێرێت چونكە هیوایەكی هەیە بۆ بەردەوامی، كەواتە لەو شوێنەدا كەهیوا نامێنێت یان پایەماڵ دەكرێت ئیتر رێگەی مەرگ نزیكتر دەبێتەوە‌و مرۆڤ بەرەو مەرگ ملدەنێت. پاش ئەم باكگراوندە مێژوویە‌و ئە‌و شیكردنەوەی فەلسەفییە، بۆمان روون دەبێتەوە ئە‌و هاوڕێ‌و هاونیشتیمانییانەی كەخۆیان دەكوژن‌و خۆكوشتن هەڵدەبژێرن، پێش هەر شتێك بۆشاییەكی رۆحی‌و دەروونیان بۆ دروستبووە، دواتریش كاریگەری كۆنترۆڵە جیاوازەكان لەپێش هەموویانەوە سیاسەت وكلتور دەردەكەوێت‌و لەقۆناغی دواتریشدا ئیتر ئەوپەڕی نائومێدی‌و ئەوپەڕی بێهیوایی دێتە پێشەوە، بۆیەش لەتێگەشتنە دروستەكەدا زۆر بەروونی بۆمان دەردەكەوێت كەمرۆڤ كائینێكی ئاڵۆزە‌و تا خۆی نەناسێت ناتوانێ "خوا"ی بناسێت‌و لەدەوروبەریشی تێبگات، بۆیەش دەكەوێتە بۆشاییەوە‌و نازانێت لەژیانیدا چاو‌ڕێی چی دەكات‌و لەرۆشنترین وەڵامیشدا دروشمی "لە چاوەڕوانی هیچدا" هەڵدەبژێرێت.
نیاز حەسەن پێگەی جیۆپۆلەتیکی رۆژئاڤای کوردستان لە سێ رەهەندەوە بایەخێکی گەورەی لە هاوکێشەی ململانێ نێودەلەتی و ئیقلیمیەکان هەیە. یەکەمیان رەهەندی کوردستانیە ، بەهۆی سنووری پێکەوە لکاوی لەگەڵ باکور و باشوری کوردستانەوە کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئایندەی پرسی کورد و گریمانەکانی بەردەم بزاڤی سیاسیی کورستان لە چۆنیەتی سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت. دووەمیان رەهەندی ئیقلیمییە ، بەهۆی ململانێی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ، رۆژئاڤا پنتی یەکلابوونەوەی هاوکێشەی هێزە لە ناوچەکە. سێیەمیان رەهەندی نێودەوڵەتییە ، بەهۆی بەریەککەوتنی بەژەوەندییە جیاوازەکانەوە ، رۆژئاڤا پانتایی رێکخستنی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانە. بە تیشک خستنە سەر هەڵکەوتەی جوگرافی رۆژئاڤا و چڕبوونەوەی ململانێکان وکاریگەریی کورد لە هاوکێشەی هێز و هاوپەیمانێتییەکان لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دەرەنجامێکی گریمانەیی دەبینین، ئەویش رۆڵی رۆژئاڤای کوردستانە وەک بکەرێکی سیاسیی بە ئاگا لە کارلێکە سیاسی و ئابوری و سەربازییەکانی نێو هاوکێشەی هێز و چارەنووسی سوریا. رژێمی تورک ئە‌و بایەخەی رۆژئاڤا زۆر بە زەقی دەبینێت و بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئایندەی پرسی کورد لە هەر سێ رەهەندەوە، بۆیە هەموو میکانیزم و ئامرازێک دەگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە پێکهێنانی هەرێمێکی هاوشێوەی باشور لە نێو دەوڵەتی سوریا. سەرباری پێگەی جیۆپۆلەتیکی رۆژئاڤا و بایەخە جیۆستراتیژییەکەی ، لە نەخشەی جیهانی جیۆ ئیکۆنۆمیک، رۆژئاڤای کوردستان گرنگی خۆی هەیە و ژماەیەکی نێو ئابوری سیاسیی و پەیوەندییە ئابورییەکانی قۆناغی داهاتوو پێکدەهێنێت. لە ژێر کاریگەریی ئەم راستیانەی سەرەوە دەبینین رەوشی رۆژئاڤای کوردستان لە بەردەم چەند ئەگەرێکی جیاوازدایە. چارەنووسی پرسی کورد لەو پارچەیە لەنێو دۆخە ئاڵۆزەکان و سیاسەتە ناجێگیرەکانی یاریکەرەکان ، خۆی لە بەردەم چەند دەرەنجامێک دەبینێتەوە. بکەرە سەرەکییەکانی نێو ململانێیەکانی سوریا‌و رۆژئاڤا تەنها لە یەک بابەت کۆکن ، ئەویش یەکپارچەیی خاکی سوریایە ، دەنا لە سەر جۆری چارەسەری دۆخی سوریا جیاوازیی لە ئەجێنداکانیان هەیە. زەقترین ناکۆکییەکانیان خۆی لە راکێشانی سوریا بۆ نێو بەرەی هاوپەیمانێتی واشنتۆن یان مۆسکۆ بەرجەستە دەکات. جۆری سیستمی سیاسیی و دەستوری نوێی سوریا و چارەنووسی حکومەتی ئێستای سوریا، بەشێکی تری ناکۆکی نێوان ئەمریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت. لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت، کاریگەریی جیۆستراتیژی و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکان گۆڕەپانی ململانێیەکان بوون. لەو چوارچێوەیەشدا دابەش بوونێکی فراوانی وڵاتان بەسەر هەردوو بەرەدا هات. ئەمڕۆ بەهۆی دەرهاویشتەکانی بەجیهانیبوون و لێکەوتەکانی ئەم پرۆسە هەمەلایەنە، جیۆئیکۆنۆمیک پێگەیەکی سەرەکی لە هاوکێشەی ململانێیەکان پێکدەهێنێت. رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە نێو چوارچێوەی ئە‌و زۆنە پڕ بایەخەی ململانێی ئابوری ناوچەکەو جیهان. ئەگەر رۆژئاڤا بتوانێ وەک لێی چاوەڕێ دەکرێت، لەنێو هاوکێشەی هێز و ململانێیەکان ماف و دەسکەوتەکانی رۆژئاڤا و ئیدارەی خۆسەری بکاتە ستاتۆیەکی چەسپاو لە پرۆسەی سیاسیی سوریا، هاوکاتیش لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا ، قەوارەیەکی دەستوریی وەک دیفاکتۆ جێگیر بکات، ئیدی سەرکەوتنی رۆژئاڤا بە ئەنجام دەگات. رۆژئاڤای کوردستان چەندین هەنگاوی گرنگی تێپەڕاندووە و ئاستەنگی زۆری بۆ دانرا، بەڵام توانیان دۆخە سەختەکان تێپەڕێنن. ئێستا پێگەی رۆژئاڤا بەهۆی هاوسۆزی زۆربەی وڵاتان لەلایەک و سەرکەوتنەکانی شەڕڤانان لەلایەکی ترەوە، لە ئاستێکی باڵادایە، هاوکاتیش نموونەیەکی نوێی خۆبەڕێوەبەرییان پێکهێناوە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئەوەی ماوەتەوە تێپەڕاندنی یەکجارەکیی دۆخی ئێستایە. رۆژئاڤا براوەی جەنگی لەناوبردنی داعشە، نوێنەرایەتی گەلێکی چەوساوە دەکات، خاوەن مۆدێلێکی نوێی حکومڕانێتی دیموکراتییە لە ناوچەکە، پشتگیرییەکی بەرفراوانی وڵاتان و دیموکراتیخوازانی جیهانی هەیە، پێکهاتەیەکی سەرەکی هەسەدەیە ، ژمارەیەکی قورسی گۆڕەپانی سیاسیی سوریایە. دەرەنجام سەرکەوتنی کۆتایی رۆژئاڤا بەهۆی ئە‌و بنەما و فاکتەرانە بووەتە راستیەکی چاوەڕێکراو. ئاراستەی کارکردنی سەرجەم بکەرە سیاسییەکانی رەوشی سوریا لە چوارچێوەی ستراتیژی جیۆئیکۆنۆمیک چڕبووەتەوە، بۆیە هێزی زاڵی سەربازی و دەست رۆیشتوو ، دەتوانێ رێساکانی یارییەکە کۆنتڕۆڵ بکات و جڵەوی دۆخی گشتیی رۆژئاڤا و سوریاش بکات، لەم تێڕوانینەوە دەبێ هەموو هەوڵێک بۆ دەرپەڕاندنی تورکیا لە نێو سنوری سوریا بدرێت. دیارە بۆ ئەم دەرەنجامەش هەسەدە و هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن رۆلی سەرەکی ببینن. روسیا خۆی لەقەرەی ئەم هەنگاوە نادات چونکە ناکۆکە لەگەڵ ئەمریکاو هاوکاتیش نێوانی خۆی لەگەڵ توڕکیا تێکنادات. هەرچی دیمەشقە لەلایەک دژی بوونی سوپای تورکیایە، لەلایەکی ترەوە لەگەڵ ئاراستەی روسیایە لە ململانێیەکان، بۆیە نابێتە یاریکەرێکی یەکلابووەوە. گۆڕەپانی ململانێیەکە رۆژئاڤای کوردستانە و بکەرەکانی نێو هاوکێشەکە بریتیین لە ئەمریکا و هەسەدە ، روسیا ودیمەشق. هەرچی تورکیایە، نەویستراوی نێو گۆڕەپانەکە و رەگەزی ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکەیە. وێنەیەکی خراپی ستەمکاریی و پێشێلکاریی و دڕندەیی تۆمارکرد، دواجار چوونە دەرەوەی لە رۆژئاڤای کوردستان دەبێتە گوتارێکی یەکخراوی هەردوو ئاراستەی ئەمریکا و روسیا، سەرباری دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی زەقی زۆربەی وڵاتان لە هەمبەر داگیرکاریی تورکیا. ئایندەی دەوڵەتی سوریای نوێ لەچوارچێوەی هاوکێشەی هێز و رێسای رێکخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا و رۆژئاڤای کوردستان خۆی دەبینێتەوە.
ئاسۆس هەردی یەکێک لەو "دەسکەوتانە!"ی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و پەرلەمانی کوردساتانیش شانازی پێوە دەکەن، یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانیی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە. چونکە سەرباری هەموو تێبینییەکان لەسەر ئە‌و یاسایە (کە بێگومان کەم نین)، پێیان وایە "بەراورد بە یاساکانی کاری رۆژنامەوانی لە ناوچەکەو وڵاتانی دەوروبەرمان، کراوەترەو نزیکترە لە پێوەرەکانی زامن کردنی ئازادیی رادەربڕین". کەچی ئەوەتا بەبەرچاوی سەندیکاو پەرلەمانەوە "دادوەرێک"، ئە‌و یاسایە دەخاتە زبڵدانەوەو بە ئارەزووی خۆی لە چوارچێوەی یاسایەکدا مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی رۆژنامەوانیی روون و ئاشکرادا دەکات، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکەوە نیە: "یاسای خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندی کردن"! بە راستی بەشەرمەوە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام لەوە دەچێ دادوەری بەڕێز وابزانێ ئە‌و رۆژنامەنووسانە وێنە، ڤیدیۆ، یان نامەی نەشیاوی هاوڵاتییەکیان بڵاوکردبێتەوەو ئابڕوویان بردبێ، بۆیە دەبێ سزا بدرێن، تەنانەت پێش یەکلابوونەوەی کێشەکە دەبێ دەستگیر بکرێن!!! ئە‌و رووداوەی لە چێشتخانەی "حوققەباز"ی هەولێر روویدا، رووداوێکی گرنگ و بابەتێکی رۆژنامەوانیی گرنگ بوو نەک هەر بۆ هاولاتییانی کوردستان، کە رووداوەکە لە پایتەختەکەیاندا روویداوە، بەڵکو بۆ خەڵکی ناوچەکەو جیهانیش. بۆیە هیچ شتێک لەوە ئاسایی و چاوەڕوانکراوتر نیە کە رۆژنامەنووسانی کورد کاری لەسەر بکەن و هەوڵ بدەن پشتی پەردەی رووداوەکەو زانیاریی ورد لەسەری بە هاوڵاتیانی خۆیان بگەیەنن. ئایا ئە‌و رۆژنامەنووسانە لە چۆنیەتی و شێوازی رووماڵکردنی ئە‌و رووداوەدا بەهەڵەدا چوون؟ ئایا کەسانێکیان بە هەڵەو بێ بەڵگە تۆمەتبار کردووەو ناویان زڕاندوون؟ ئایا زانیاریی هەڵەیان بڵاکردۆتەوە؟ زیانیان بە ئاسایشی نەوتەوەیی گەیاندووە؟... هتد. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەو چۆنیەتیی بڕیاردان لەسەر ئەم کێشەکەیە، ئێمە یاسایەکمان هەیە کە پەرلەمانی کوردستان بە پێشنیازی سەندیکای رۆژنامەنووسان ، لەسەر دەستی فراکسێۆنی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو بە ئیمزای سەرۆکی هەرێمی ئەوکات بڕیاری لەسەر داوە. ئەویش یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە. یاسایەک کە بە ڕوونی زیندانی کردنی رۆژنامەنوو س قەدەغە دەکا، بۆ هەموو پێشێلکارییەکی لەوجۆرەش سزای دیاریکراوی داناوە. باشە چۆن دادوەرێک کە "ئەرکی سەرشانی" ئەوەیە جێبەجێکاری یاسا بێت و لە پێشێلکارییەکان بپێچێتەوە، ئەمە نازانێت یا فەراموشی دەکات؟! ئایا ئەمە بە روونی ئە‌و گومانانە تۆخ ناکاتەوە کە لەسەر سەربەخۆیی سیستمی دادوەریی لەکوردستاندا هەیە؟ ئەی باشە سەندیکای رۆژنامەنووسان و پەرلەمانی کوردستان، کە بە حسابی خۆیان دەسکەوتێکی گەورەیان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیی بیروڕادەربڕین بەدەست هێناوە، لە کوێن و بۆ زمانیان بەرامبەر ئەم گاڵتەجاڕییە بەستراوە؟ من زۆر لەمێژە دەزانم لە کوردستاندا کاتێک کە کەسێک یان رێکخراو و دامودەزگایەکی دەسەڵاتدار ببنە لایەنی کێشەیەک (جا لە هەر بوارێکی ژیان و کۆمەڵگەدا بێت)، نە یاسا کار دەکات و نە رێکخراو و دامودەزگاکانیش هیچ دەسەڵاتێکیان هەیە، بەڵام بە پێویستیشی دەزانم لە هەموو رووداوێکی لەمجۆرەدا، راستییە زەق و تاڵەکە بەبیری هەموو ئە‌و کەسانە بێنینەوە کە زۆرجار قسەی زلمان پێدەفرۆشن و تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی رەش بینین و دانی خێر بە هیچ کارێکی باش و جدییدا نانێین. بە هاوڕێ و هاوپیشەکانیشم دەڵێم: سەرتان بەرزو ورەتان پۆڵایین... ئێوە رێبواری رێگەی سەختی دەرخستنی راستییەکانن. دەشیت وەکو هەموو مرۆڤێک بەهەڵەدا بچن و ئازایانە بەرپرسیارێتی هەڵەکانتان هەڵگرن، بەڵام مادام بەئاگاهێنانەوەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەتان کردۆتە ئەرک و پیشەی سەرەکیتان، دڵنیابن سەربەرزی و ئایندە هەر بۆ ئێوەیەو خەڵک و هەموو ئازادیخوازانیش پشتیوانتانن.
ئاراس فه‌تاح ڕاپه‌ڕینه‌كانی عێراق و لوبنان وه‌ك ده‌رئه‌نجامی شكستی بونیاتنانی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تی هاونیشتیمانیی ئه‌وه‌ی له شاره‌كانی عێراقدا ده‌یبینین به ئاراسته‌ی جه‌نگێكی ناوخۆیی ڕانه‌گه‌یه‌نراو هه‌نگاوده‌نێت. به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، ژمارەی كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەكان گەیشتۆته 74 كوژراو و 3654 بریندار. جیاوازیی له نێوان ئه‌م جه‌نگه و جه‌نگه ناوخۆییه‌كانی تری عێراق ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جه‌نگه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه نوێیه، جه‌نگی نێوان كۆمه‌ڵگایه‌كی توڕه و نائومێدی بێسه‌ركرده‌یه دژ به سه‌ركردایه‌تی نوخبه‌یه‌كی سیاسیی گه‌نده‌ڵی ناو ده‌زگای حوكمڕانێتیی. جه‌نگی نێوان شه‌قامێكی ناحیزبییه دژ به هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده حیزبییانه‌ی كه ده‌زگای ده‌وڵه‌تیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تائیفیی و ئه‌تنییه‌كانی خۆیان داگیركردووه. جه‌نگی رزگاركردنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ته له ده‌ست نوخبه‌یه‌كی سیاسیی نابه‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا و كێشه‌كانی. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی له شاره‌كانی عێراقدا ده‌یبینین، جه‌نگێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا، هاوڵاتیی و حكومه‌ت و سیاسه‌ت و به‌رپرسیارێتیی. ئه‌م جه‌نگه، وه‌كو جه‌نگه نێوخۆییه‌كانی پێشوو، جه‌نگی نێوان هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی تائیفیی و ئه‌تنیی نییه له‌سه‌ر داگیركردنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت بۆ دروستكردنی ئه‌و مۆدێله سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئابورییه‌ی كه ده‌یانه‌وێت دروستیبكه‌ن، به‌ڵكو جه‌نگی ڕزگاركردنی ده‌وڵه‌ته له‌و نوخبه سیاسییه‌ی كه ده‌زگای ده‌وڵه‌تیان وه‌كو موڵكییه‌تی تایبه‌تیی بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه تائیفیی و ئه‌تنی و خێزانییه‌كانی خۆیان داگیركردووه. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه، ڕاگه‌یاندنی جه‌نگێكه دژ به هه‌موو ئه‌و هێزه تائیفییانه‌ی كه تاوه‌كو ئێستا ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و چه‌مكی نیشتیمانیان له كه‌ڵه‌كردنی سه‌رمایه و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی وڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه خێزانیی و ئابوورییه‌كانی خۆیان كورتكردۆته‌وه. ئه‌م ململانێ توندوتیژه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی عێراقدا ده‌یبینین، جه‌نگێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه له نێوان دوو به‌ره‌دا؛ به‌ره‌یه‌كی مه‌ده‌نییمان هه‌یه كه خه‌ون به ده‌وڵه‌ت و نیشتیمانێكه‌وه ده‌بینێت تیایدا كه‌رامه‌ت و ئازادییه‌كانی دوور له ئینتیما و شوناسی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی، وه‌ك هاونیشتیمانییه‌ك پارێزراوبێت؛ به‌رامبه‌ر به به‌ره‌یه‌كی تر كه هه‌موو به‌هاكانی ده‌وڵه‌تدارێتیی بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند حیزب و خێزانێكی سیاسیی و تائیفیی كورتكردۆته‌وه. داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی ده‌وڵه‌تی به‌عس و نه‌وه‌ی دوای جه‌نگی ناوخۆیی، زۆر ڕوونه؛ ئه‌وان داوای ماڵئاوایی له‌و چینه سیاسییه ده‌كه‌ن كه نه توانی له پڕۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هاونیشتیمانییدا سه‌ركه‌وتووبێت و نه توانی شوناسێكی نوێ بۆ چه‌مكی عێراقییبون به‌رهه‌مبهێنێت. ئه‌م راپه‌ڕینه نوێیه‌ی عێراق ده‌رئه‌نجامی شكستی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تدارێتیی و مۆدێلی سیسته‌می دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامانه له نێوان چه‌ند حیزبێكی تائیفیی و ئه‌تنییدا كه دوای ڕوخانی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عسیزم، دووباره‌دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی پێ‌سپێردرا. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای تێڕامانه، بوونی هاوته‌ریبییه‌كه له ئه‌زموونی ناڕه‌زایه‌تییه مه‌ده‌نییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگای لوبنان و عێراقدا. چ عێراق چ لوبنان سه‌ر به مۆدێلێكن له كۆمه‌ڵگا، كه له زانسته سیاسییه‌كاندا به كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگ ناودێڕده‌كرێن. ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه له هه‌ردووكیانیشدا سه‌روه‌ره، له‌سه‌ر بناغه‌ی دابه‌شكردنی ده‌ه‌سه‌ڵاتی تائیفیی و ئه‌تنیی بونیاتنراوه، چه‌ند گروپێكی سیاسیی گه‌نده‌ڵ سامان و ده‌سه‌ڵاتیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه. شاره‌كانی ئه‌م دو وڵاته زبڵخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ن و خزمه‌تگوزارییان وێرانه. گه‌نجێكی زۆر بێكارن و ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره له دابه‌شكردنی ساماندا، له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، بوونی هه‌یه. ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت داوه‌شاوه و پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسییداری سیاسه‌تی نیولیبرالیزم خراوه‌ته گه‌ڕ، كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له ئاراسته‌كردنی ئابوورییدا كه‌له‌پچه‌كردووه. كۆی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان له بواری خزمه‌تگوزاریی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی تر، له پاشه‌كشێیه‌كی گه‌وره‌دان به‌رامبه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ت كه بازرگانه سیاسییه‌كان كۆنترۆڵی ده‌كه‌ن و قازانجێكی بێوێنه له غیابی سیاسه‌تێكی ئابووریی نیشتیمانیی و دادپه‌روه‌ردا، ده‌كه‌ن. هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه گیرۆده‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كیین؛ چ عێراق و چ لوبنان گیرۆده‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ڕاسته‌خۆی ده‌وڵه‌تی ئێرانن له كاروباری سیاسیی و ئه‌منییاندا. جگه له ئێران كه له عێراق و لوبناندا ده‌وڵه‌تی قووڵی بونیاتناوه، رۆژانه سه‌روه‌ریی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دراوسێكانی تریشه‌وه پێشێلده‌كرێت. له لوبنان ئیسرائیل و له عێراقیش توركیا و ده‌وڵه‌ته خه‌لیجییه‌كان. رۆڵی ئه‌مریكییه‌كانیش بۆ هه‌مووان ئاشكرایه كه له بچووكردنه‌وه و له‌ناوبردنی ڕۆڵی ئێراندایه له هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه. هه‌ردوو نه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی ناوخۆیی لوبنان و عێراق، جگه له گه‌نده‌ڵبوونی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و فه‌سادی نوخبه سیاسییه‌كه‌یان و وێرانه‌یی خزمه‌تگوزارییه‌كان، نا‌ئومێد و ماندوون به‌ده‌ست جه‌نگی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی و دابه‌شبوونی شوناسی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان به‌سه‌ر چه‌ندین شوناسی تائیفیی و ئه‌تنیی به‌هێزتر له شوناسه نیشتیمانییه‌كه‌یان. ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی خۆپیشانده‌ران چ له لوبنان و چ له عێراقدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م شیعه‌ن و زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ململانێ و جه‌نگه تائیفییه‌كان و ئه‌و دابه‌شبوونه سیاسیی و دینییه‌ی ناو جوگرافیای وڵاته‌كه‌یانن. ئه‌م نه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای كوژرانی باوك یان دایك، هاوڕێ یان خزموكه‌سوكاریان، دوای ته‌واوكردنی خوێندن، بێئیش و بێئایینده له‌گه‌ڵ چاره‌نووسی نادیاری خۆیاندا ململانێده‌كه‌ن. داواكارییه‌كانی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نیی هه‌ردوو وڵاته‌كه له نوخبه سیاسییه‌كانیان زۆر ڕوون و ئاشكرایه: ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ماڵئاوایی له‌و چینه سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌ی دوای جه‌نگی ناوخۆیی بكه‌ن، كه شكستی هێنا له دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیی و نیشتیمانێكی هاوبه‌ش بۆ هه‌موو پێكهاته جیاوازه‌كانی. سه‌رۆكی حزب الله‌ی لوبنانی، نصر الله، پشتیوانی خۆی بۆ مانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌ریری ده‌ربڕی و دژ به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژارادنی نوێی و ناڕاسته‌خۆش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگێكی نوێی ناوخۆیی ده‌كات. وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیش زۆر دوانه‌كه‌وت و پێیان گوت: ئێمه ده‌وڵه‌تمان ده‌وێت، نه‌ك ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌ك كه كه‌سێكی نادیار ئیداره‌ی بكات. ئه‌وه‌ی له عێراقیشدا جێگای تێڕامانه، نه‌بوونی سه‌ركرادیه‌تییه‌كی دیارییكراوه بۆ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره، بۆیه له‌كاتێكدا خۆپیشانده‌ران به‌ده‌ستی ئاشكرا و نهێنیی ده‌وڵه‌ت و میلیشیاكان ده‌كوژرێن، هه‌مان ئه‌زموونی هه‌رێمیش له‌وێ دووباره‌ده‌بێته‌وه كه هه‌م ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌م ئۆپۆزیسیۆن و كۆی حیزب و سه‌رۆكه‌كان، له‌گه‌ڵ داواكاریی خۆپیشانده‌رانن و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییه ڕه‌واكانیان ده‌رده‌بڕن! له‌كاتێكدا كه میلیشیا و چه‌كداره شوناسنادیاره‌كان سه‌رقاڵی ڕاوكردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیین له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان. هه‌رچی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه، وه‌ك هه‌میشه، ته‌نها مه‌سعود بارزانی له جیاتی هه‌موو حیزب و سه‌رۆكه‌كانیان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان قسه‌یكرد و پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمەهدی، نیشاندا. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه نییه كه ده‌ڵێت: لا ضرر ولا ضرار.
هیوا سەید سەلیم رۆژی دووشەمە نێچیروان بارزانی وەك سەرۆك هەرێم بەسەردانێك گەیشتە میرنیشینی قەتەڕ، بڕیاریشە هەر ئەم هەفتەیە مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی توركیا بكات، بەرپرسانی توركیا دەلێن (دەمێكە بەرنامەی ئە‌و سەردانەیان داناوە) بەڵام بۆچی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم یان خستە ئە‌و كاتە ؟! ئەوەیان جێگای پرسیارە. توركیا بەهۆی هێرشە دڕندانەكەی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لە ئێستادا زۆرترین ڕەخنەی لە ئاستی جیهانی و ئیقلیمی تەنانەت كوردستانی لێدەگیرێت، ڕای گشتی كوردستانی لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و پارتە كوردستانیەكان هەریەكە و بە شێوەیەك دژ بەو داگیركاریەی دەوڵەتی توركیا وەستانەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای كوردستان دەڕبڕی، ئەگەرچی شەقام چاوەڕوانی زیاتری لە هەموو لایەك دەكرد، بەڵام دیسانیش تا ئە‌و ساتە رۆژئاوا و كارەساتەكانی كە لە ئەنجامی ئە‌و داگیركاریە تووشی بووە، جۆرێك یەكڕیزی لە نێو ڕای گشتی كوردستانی درووست كردووە. لەبەرامبەر پرۆتستۆكردنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لەسەر ئاستی جیهان، زۆر كەم بوون ئە‌و وڵاتانەی كە پشتیوانی خۆیان بۆ داگیركاری دەوڵەتی توركیا دەڕبڕی، لەنێو ئە‌و ولاتانەی كە بە هەموو شێوازێك پشتوانیان لە توركیا كرد، دەولەتی قەتەڕ بوو، ئەمەی دوایی جگە لە تەرخانكردنی دە ملیار دۆلار بۆ پشتوانی ماددی ئە‌و ئۆپراسیۆنەی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوا، تەواوی ڕاگەیاندنەكەی خستبووە خزمەتی ئۆپراسیۆنەكەی سوپای توركیا، بۆ نموونە كەناڵی ئاسمانی جەزیرە كە بینەرێكی زۆری هەیە، زۆر نا بابەتیانە لە خزمەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لایەنگیری دەكرد، تەنانەت وای لێهاتبوو كە (فەیسەل قاسم) كە بێژەرێكی دیاری ئە‌و كەناڵەیە لە تویتەرەكەی خۆی زۆرترین سوكایەتی بە كورد بكات. لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان بە جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سوچی خەریكە بارودۆخی ئە‌و ناوچانە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، پێشوازی (ئەنقەرە و دۆحە) لە دوو سەرۆكە بارزانیەكە، گومانێك درووست دەكات، كە ئەم دوو پایتەختە مەبەستیان بێت كار لەسەر ترازانی ئە‌و یەكڕیزیە بكەن كە تراژیداكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیان هێنابوو. دۆحە كەمتر لە ئەنقەرە گومانی لێدەكرێت كە سەردانی بارزانی بۆ فشار بپۆزێتەوە،ئە‌و دیدارە زیاتر بە ئاڕاستەی بزنسس دەچێت، بەڵام پێدەچێت توركەكان لە هەڵوێستەكانی هەرێم نیگەران بن، بۆیە بیانەوێت لەو دیدارە هەندێك پەیام بە هەرێمی كوردستان بدەن، بە تایبەتیش بە سەرۆكی كابینە تازەكەی هەرێم، جا هەرێم چەندە دەچێتە ژێرباری فشارەكانی ئەنقەرە؟ ئەوەیان ئایندە بڕیاری لێدەدات، با جارێ پێش رووداوەكان نەكەوین. لە لایەكی دیكە گومان دەكرێت توركیا مەبەستی بێت كە چەكێك لە دەست كورد دەربێنێت، ئەویش ئە‌و هاوسۆزیە زۆرەیە كە كورد بەهۆی رۆژئاوای كوردستان بە دەستی هێناوە، وەك چۆن ساڵی 1991 كاتێك زوومی كامیراكانی رۆژنامەنووسان رووداوە ترژیدیاكانی كۆڕەوی ملیۆنیان بۆ رای گشتی جیهان بە گشتی و ئەوڕپا بە تایبەتی گواستەوە، لەسەر پێشنیاری وڵاتی فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688 لە قازانجی كورد لە باشووری كوردستان دەركرد، ناوچەی دژە فڕین بووە چەترێك تا جیهان كورد لە دڕندایەتی (رژێمی سەدام) بپارێزێت، بەڵام كاتێك سەركرایەتی بەرەی كوردستانی بەرەو بەغدا كەوتنە رێ، تا گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی رژێمی ئەوسا بكەن، ئیدی كورد هاوسۆزی دەرەوەی وەك جارن نەما، لە ئێستاشدا توركیا مەبەستیەتی مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە، ئومێد دەكەین خەونی تور‌كان نێتەدی، هاوسۆزی و پشتیوانیەكان بۆ كورد بەرهەم داربن .
شێرزاد شێخانی موشكیله‌یه ، به‌راستی موشكیله‌یه.. موشكیله‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌شه .. له‌م بێ سه‌روبه‌ری و په‌رته‌وازه‌یی وسه‌نگه‌ر له‌یه‌كگرتن وملشكاندنی یه‌كتریدا ، یه‌كێتی نه‌ده‌توانێ كۆنگره ببه‌ستێ ، نه ده‌شتوانێ نه‌یبه‌ستێ . له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا زه‌ره‌ریه‌تی !. ئه‌و شه‌ڕه ده‌نووكه‌ی ئێستا له‌میدیاكانو فه‌یسبووكدا ده‌یانبینین ، حاڵی یه‌كێتییه پێش كۆنگره ، وه‌كو ده‌بینین ململانێ وملشكلاندنی یه‌كتری له‌نێوان سه‌ركرده‌كان گه‌یشتۆته ده‌ستبردن بۆ گرته‌ی فیدیۆیی و ئابرووبردنی یه‌كتر ، به‌م حاڵه‌شه‌وه چوونه ناو كۆنگره‌یه‌كی ئاشتیانه‌وه مه‌حاڵه و هیچ ئه‌نجامێكی باش نادات به‌ده‌سته‌وه . یه‌كێتی به‌ده‌ر له هه‌موو حزبه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی كوردستان ، هه‌میشه كۆنگره‌كانی مایه‌ی كێشه‌و سه‌رئێشه بوونه ، بۆیه جیا له‌هه‌موو حزبه‌كان ده ساڵ جارێك ده‌توانێ كه‌شوهه‌وایه‌كی ته‌ندروست دروستبكات بۆ به‌ستنی كۆنگره‌كانی . بۆیه سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی هه‌میشه تۆقیان له كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یان چوه ، به‌تایبه‌تیش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا كه زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م حزبه له‌كاری گه‌نده‌لێ و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن وبازرگانی ودزیدا تێوه‌گلان ، ئیدی له‌ترسی ئه‌وه‌ی كه‌وا سامانه‌كانیان له‌ده‌ست نه‌چێت و به‌رده‌وام بن له دزین ، بۆیه ناتوانن ده‌ستبه‌رداری پله‌و پۆسته‌كانیان بن ، نه‌بادا به‌یانی بكه‌ونه به‌ر محاسه‌به‌ی یاسایی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌كانیان . به‌شێكیشیان وه‌كو ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانی ئیستقلال بن ، تاك‌و ئه‌مڕۆش باسی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیمان بۆ ئه‌كه‌ن و، خۆیان به مییراتگری كۆماره‌كه‌ی قازی محمه‌د ئه‌زانن و ده‌ستبه‌رداری جه‌مهوریه‌ته‌كه‌یان نابن و خۆیان به‌خاوه‌نی هه‌مو كوردستانه‌كه ئه‌زانن به‌و پارچانه‌شه‌وه كه هێشتا ئازاد نه‌كراون . له‌سه‌روشیانه‌وه كه‌سانێك هه‌ن وه‌كو چه‌سپی دووقوولوی ئێرانی به كورسیه‌كانیانه‌وه به‌ستراون مه‌گه‌ر كورسیه‌كه‌یان بشكێنی، یان شه‌ڕواڵه‌كه‌یان پێ د‌اكه‌نی ، ئه‌گینا له‌كورسیه‌كانیان نابنه‌وه !. ململانێی تووندی باڵه‌كانیش له‌سه‌ر كۆنگره‌ی داهاتوو وایانیلێكردوه ، به‌ر له‌كۆنگره‌ش چه‌ند بریارێكی زۆر بێ مانا ده‌ربكه‌ن بۆ زامنكردنی سه‌ركه‌وتنیان ، ئه‌ویش زیادكردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی كه شه‌رعییه‌تی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی ئێستاشی خستۆته به‌ر پرسیاره‌وه . له دانیشتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا كه ماوه‌یه‌كه له‌كۆبوونه‌وه‌كان ده‌رناكه‌وێ ، له‌ئه‌سبابی به‌شدارینه‌كردنی له‌كۆبونه‌وه‌كان پرسیارم لێ‌كرد ، له‌وه‌ڵامدا وتی " جاچۆن به‌شداری له‌و كۆبونه‌وانه‌دا بكه‌م كه پێنج كه‌سی ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌بێ هیچ شه‌رعییه‌تێك به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و خاوه‌ن بڕیاریشن تێیدا ". یه‌كێتی زۆر خراپ لێی قه‌وماوه ، نه ده‌توانێ كۆنگره‌یه‌كی ته‌وافوقی ببه‌ستێ ، نه ده‌شتوانێ كۆنگره‌یه‌كی نیمچه دیمو‌كراسیش ببه‌ستێ ، نه ده‌توانێ كۆنگره دوا بخات ، نه‌ده‌شتوانێ به‌م شێوه‌ی ئێستاش بیبه‌ستێ ، كورد وته‌نی " های له هینێ . های له‌دۆشاوێ ". ئه‌وه‌ی ئێستا پێش كۆنگره ده‌یبینین كاره‌ساته ، ئه‌وه‌ی له‌ناو كۆنگره‌ش ده‌یبینین مه‌رگه‌ساته ، ئه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌ش ده‌یچنینه‌وه ، دارووخانێكی ته‌واوه‌و دوور نیه یه‌كێتیه‌كه‌ی مام جه‌لال ببێت به‌چوار یه‌كێتی و، چل ساڵی‌تر خه‌بات بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یان بكه‌ینه‌وه .. باقی وه‌لسه‌لام ..
ئادەم ئاودەل لە مێژوی رزگاری خوازی کوردی‌دا ، دەگمەنن ئە‌و دیاردە و روداوانەی کە وایان کردووە کورد بە تێکرایی و بە کۆی دەنگ یەک ھەڵوێست و یەک بۆچنیان لەسەری ھەبێت و بە جۆرێک سەرجەم پارچەکانی کوردستان یەک ھاوار و یەک گوتار و ستراتیژ بن . ھێرشی درندانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان یەکێک بوو لەو بابەتانی کە ھەم زیندویەتی بە تاکی کورد بە خشیوە و ھەمیش روحیەتی شۆرشگێری کردەوە بەری . ئە‌و داگیرکارییە وێڕایی نەھامەتی و سلبیاتیەکانی ، یەکێک لە خاڵە گرینگ پۆزەتیڤەکانی چۆشدانەوەی تاکی کورد و وابەستەوە بونیان بو بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان ، بەجۆرێک کە لە ھەر ھاوڵاتیەکی کوردی بپرسی لە ھەر پارچەیەک و سەر بەھەر ئایدیا و بۆچونێک بێت ، راستەوخۆ ھاوسۆزی خۆی بۆ شەرڤانان و کوردانی رۆژئاوا دەردەبرێ . ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا لێرە و لەوێ چەندین ساردی و لێدوانی جیاجیا لە نێوان ھێزە کوردیەکان و پارچەکانی تری کوردستان دەبیسترا بەڵام بۆ ئەمجارە یەک نەتەوە و یەک زمان کۆی کردنەوە ، ئەگەرچی بەجۆرێک لە جۆرەکان لە رێگە سیاسیەکەیەوە سنوریان لەسەر دابخرێ یا بەدەمەوە چونی پێویست نەبێ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ، بەڵام وێرایی ئەوەش ئەوە ھەر کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەم ھەرێمە و ھاوڵاتیەکانیەتی کە بە پەرۆشن بۆ دەربارزبونی کوردانی رۆژئاوا لەو دۆخە. یەکێک لە مۆدێرنتر ین و کاریگەرترین ھەڵوێست ، ھەڵمەتی بایکۆتی کرینی شمەک و کەل و پەلی تورکی بوو ، لەلایەن ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانەوە ، ئەم ھەڵمەتە بەجۆرێک بوو جگە لە ھاولاتیان بەشێک لە بازرگانە نیشتمان پەروەرەکانیشی گرتەوە و ھەڵمەتەکەش تا دێ فراوانتر و کاریگەر تر ، ھەر لە فەرمانبەر و کاسبکار و مامۆستا و شۆفێرەوە بیگرە تا بەرێوبەری فەرمانگە و بەرپرسانی باڵای حکومەت . بە پێی زانیارییە رۆژنامەوانیەکانیش بێ بە رونی ئە‌و بایکۆتە کاریگەی خۆی لەسەر ئابوری تورکیا داناوە. لەم کۆدەنگی و یەکدەنگیەی کورد لەو دەستدرێژییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا ، وێڕایی جۆشدانەوەی ھاولاتیان بابەتێکی نوێ بەرونی دەردەکەوێ ، ئەویش ھاتنە دەرەوەی تاکی کوردە لە قەفەسی حیزبایەتیەوە ، بەجۆرێک وابەستە نەبونی ھاوڵاتیانە بە بۆچونی داخراوی لایەنێکی سیاسیەوە ، چونکە وەک دەبیندرێ ململانێیەکی توند لە نێوان پارتی و پەکەکە و پارتی یەپەگە ھەیە ، بەڵام بە پێچەوانەی ئە‌و ململانێیەوە کاردرانی پارتی ھیچ ھەلوێستێکی نەرێیان بۆ یەپەگە و رۆژئاوا نەبوو کە شایەنی باس بێ ، رەنگە زۆرێک لە رەفتار و بۆچونی یەپەگە و پەکەکە بە دڵی ئەندامان و لایەنگیرانی یەکێتی و گۆران و ئیسلامیەکان نەبوبێ ، بەڵام سەرجەم لایەنگرانی ئە‌و حیزبانە ھاوسۆزبون بۆ رۆژئاوا ، تەنانەت یەکێک لە پەرلەمانتارە ئیسلامیەکان کە حیزبەکەی بە ھاوپەیمان و نزیکی حیزبەکەی ئەردۆگان دادەنرێ پاڵپشتی بایکۆتی کاڵای تورکی دەکات و ھاوسۆزە بۆ کوردانی رۆژئاوا. بەم پێودانگە لەمەڕ ئە‌و ھەڵوێست و ئاکارانەی دەبیندرێت دەتواندرێ بوترێ ، یەک دەنگی و کۆدەنگی تاکی کوردی لە قۆناغێکی تردایە و ئاسۆی ئە‌و ھاو ھەڵوێستیە روونە کە سەر ئەنجام دواتر لایەنە سیاسیەکانیش دەگرێتەوە.
یوسف عومەر رەشید لەدوای زیاتر لە 16 ساڵ لە پرۆسەی ئازادی، سیستمی حومکڕانی عیراق لەبەردەم قۆناغێکی مەترسیداردایەو تەشەنەسەندنی نادادی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و خەرجنەکردنی داهات بۆ خەڵکەکەو دەرکەوتنی پاوانخوازی کەسی و پەیڕەوکردنی بەرژەوەندی دەرەکی لەناوخۆداو دروستکردن گروپی میلیشیا وەک چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دیووە دیارەو سەرەکییەکەی خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی عیراقن. عیراق مێژوویەکی خوێناوی هەیە بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی کە حزبی بەعسی پێشوو رابەرایەتی ئەم رەوتەی کردووە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە نا ئومێدی عیراقییەکان لە دۆخی رابردوو قوڵترە بەڵام هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت کودەتا ئەنجام بدات، هێزو توانی کەسیی بەجۆرێک دەرکەوتووە، هەر کەس بیر لە کودەتا بکاتەوە باجەکەی دەدات. ئەم گروپەو تاقمە کە عیراق دەبەن بەڕێوە لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا، دوو رێگەیان گرتۆتەبەر، یەکەم خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر وێری خەڵک، دووەم کڕینی نفوزی کەسی و دروستکردنی گروپ و دەستەو تاقم بۆ کۆنترۆڵکردنی نارەزایی خەڵک، ئەم هەنگاوەش سەرکەوتووبووە تا ئێرە، ئێستاش جوڵاندنی شەقام تا رادەیەک لە ژێر کاریگەری ئەواندایە. تەماشای داتا‌و ئامارەکانی عیراق بکەیت کە لەسایەی ئەم جیلە سیاسیەی عیراق کۆکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە نا ئومێدی عیراقیەکان لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە:- - لە ساڵی 2003-2017، 430 هەزار هاوڵاتیاتی عیراقی كوژراون‌و 620 هەزاریان برینداربوون، رێژەی 30%ی ئە‌و بریندارانە ناتوانن بجوڵێن یاخود كاربكەن. هەروەها 58 هەزار كەس لە عیراقدا چارەنوسیان نادیارە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە هەرە مەترسیدارەكان لە عیراقدا. ئەمە جگە لەوەی ئە‌و بارودۆخە بۆتە هۆی ئەوەی دوو ملیۆن بێوەژن هەبێت كە تەمەنیان لەنێوان 14-52 ساڵدایە‌و 5.6 ملیۆن هەتیو هەیە كە تەمەنیان لەنێوان یەك مانگ بۆ 17 ساڵە. - 35% عیراقییەكان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین كە داهاتی رۆژانەیان كەمترە لە پێنج دۆلار. 9% - منداڵان كاردەكەن كە تەمەنیان لەخوار 15 ساڵیەوەیە. - لەبواری تەندروستیدا، بۆ هەر هەزار نەخۆشێك یەك جێگەی مانەوەی نەخۆش هەیە. 39 نەخۆشی‌و پەتا لە عیراقدا تۆماركراوە دیاترینیان كۆلێراو ئیفلیجی منداڵ‌و ڤایرۆسی جگەرە، ئەمە جگە لە شێرپەنجە‌و شێواوی زگماكی. - لەبواری پەروەردە، 9 هەزار خوێندنگە زیانیان بەركەوتووە، 800 خوێندنگە لە قوڕ دروستكراوە، عیراق پێویستی بە 11 هەزار خوێندنگەی دیكە هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا 6 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە كە نازانن بنوسن‌و بخوێننەوە. - بەپێی هەندێك سەرچاوەی نارەسمی، لەدوای ساڵی 2014، 27 هەزار پڕۆژەی ئاوەدانی‌و وەبەرهێنان لەكاركردن وەستاون‌و 800 كۆمپانیای بیانیش لە پرۆسەی سەرمایەگوزاری لە عیراق كشاونەتەوە كە بۆتەهۆی پەككەوتنی هەزار پڕۆژە. هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەكەن لە 15 ساڵی رابردوودا 13.328 كارگەو دامەزراوەی بەرهەمهێنان لەكاركەوتوون. - لە ساڵی 2003-2014 نزیكەی 350 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەی وەهمی رۆیشتووە، كەنزیك دەبێتەوە لە نیوەی ئە‌و داهاتەی عیراق لەوماوەیەدا دەستی كەوتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دانی بەوەداناوە كە قەبارەی قەرزی ناوخۆ‌و دەرەكی دەكاتە 120 ملیار دۆلار. - عیراق ساڵانە 6 ملیار دۆلار زیانی بەردەكەوێت بەهۆی گەندەڵی‌و خراپ ئیدارەدانی مەلەفی گومرگ لەخاڵە سنورییەكان، جگە لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان. - لەبواری نەوتدا، عیراق پارچە زەوییەكی نەوتاوییە، داهاتی ساڵانەی 95-99% لە فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوەدەگرێت، نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت لە رۆژێكداو 2.8 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكات. بەشێك لە سەركردەكانی عیراق لە فرۆشتن‌و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی نەوت‌و ئیمزاكردنی گرێبەستەكان رۆڵیان هەیەو ناویان دێت، موقتەدا سەدرو عەمار حەكیم‌و نوری مالكی سێكوچەیەكی دیارن لەم بوارەدا. رۆژانە داهاتی 300-500 هەزار بەرمیل نەوت داخلی داهاتی گشتی عیراق ناكرێت كە ساڵانە دەگاتە 7.2 ملیار دۆلار. - لە بواری موچەو دەرماڵە، هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، ساڵانە 17.467.248 ملیۆن دۆلار وەكو موچە وەردەگرن. 50 هەزار وەزیفەی وەهمی هەیە كە داهاتی ساڵانەی دەگاتە 5 ملیار دۆلار. لە ساڵی 2014-2018 هەر پەرلەمانتارێكی عیراق زیاتر لەیەك ملیار‌و 400 ملیۆن دینار لەسەر هاوڵاتیانی عیراق كەوتووە، بەتەنهاش سەرۆكی پەرلەمان لەو ماوەیەدا 11 ملیۆن دۆلار لەسەر عیراقییەكان كەوتووە كە 8 ملیۆن دۆلاری بەناوی پاسەوان‌و هەندێك خەرجی دیكە بۆ رۆیشتووە. - عادل عەبدولمەهدی ئەوكاتەی وەزیری نەوتی عیراق بوو (2015)، دەڵێت: لە ساڵی 2003 تا 2015 كۆی داهاتی بودجەكانی عیراق 850 ملیار دۆلاربووە، كە بەهۆی گەندەڵیەوە 450 ملیار دۆلاری لە كیس چووە. 30 ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەباو زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان خەرجكراوە، لە هەمانكاتدا پێدانی كارەبای نیشتمانی لە عیراقدا ناگاتە 10 سەعات‌و نیوەی خواستی هاوڵاتیانی پڕنەكردۆتەوە. - لەبواری سەربازیدا، لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا 149 ملیار دۆلار بۆ پڕچەككردنی سوپای عیراق خەرجكراوە كەچی داعش بە چەند رۆژێك نزیكەی 30% خاكی عیراقی كۆنترۆڵكرد، 232 ملیۆن دۆلار دراوە بە ئامێری ئاشكراكردنی تەقینەوەو رۆژانە دەیان كەس بە تەقینەوە دەكوژرێن‌و بریندار دەبن. یەكێك لەو گرێبەستە گوماناوییانەی لە ساڵی 2007دا لەگەڵ سربیا كراوە بە بەهای 833 ملیۆن دۆلار بریتیبووە لە كڕینی جۆرە فڕۆكەیەك كە كارناكات، لەگەڵ كڕینی چەكی كۆنی بۆیاغكراو، هێنانی ئامێری سەربازی خراپبوو لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە كە وەزارەتی بەرگری 19 هەزار چەكی لەناوبردووە. لەناو ئە‌و کەسانەی لەدوای 2003 دەرکەوتوون نوری مالکی کە دوو خول سەرۆک وەزیرانی عیراقبوو (2006-2014) هەروەها (2014-2018) جێگری سەرۆک کۆماربوو، زۆرترین گەندەڵی ئەنجامدراوە. دیارترین گەندەڵییەكانی مالكی:- -لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق لە ئۆكتۆبەری 2015 ئەوەی خستەڕوو كە 130 بەرپرسی حكومەتەكەی نوری مالكی لە گەندەڵی‌و بەهەدەردانی پارەو سامانی گشتی تێوەگلاون، كە دۆسیەكانیان پەیوەستبووە بە گرێبەستەكانی كڕینی چەك‌و مۆڵەتی كاركردن بە كۆمپانیاكانی نەوت‌و گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان. - لە حساباتی ختامی عیراقدا گەورەترین كێشە بریتییە لە پاكتاوكردنی حسابی ساڵانی پێشوو، تا ساڵی 2016 یەكێك بووە لە كێشە گەورەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە گومان دەكرێت لەو چوارچێوەیەدا 350 ملیار دۆلار دیار نەمابێت. - كڕینی چەك، بە ملیاران دۆلار بۆ ئەم بوارە خەرجكراوە بە بێ ئەوەی كە ئە‌و چەكانە هاتبنە ناو عیراقەوە، ئەمە جگەلەوەی كە بەشێك لەو چەكانە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەكارهاتوون یاخود نرخەكەیان بەرزترە لەچاو نرخی بازاڕدا. ئەمە جگەلەوەی پێدانی بەرتیل لەناو وەزارەتی ناوخۆ لە ئاستێكی باڵادابووە چونكە نوری مالكی خۆی وەزیربووە بە وەكالەت. - یەك ملیار دۆلار بۆ نەخۆشخانەی سەربازی تەرخانكراوە، كەتایبەت بووە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نوێ‌و پێشكەوتووی سەربازی لەدوای بەدواداچونەكان دەركەوتووە كە لە واقعدا پڕۆژەی لەو جۆرە بوونی نییە. - دۆسیەی كڕینی فرۆِكە لە روسیا، یەكێك بوو لە دۆسیە گەندەڵییە كۆمیدیاكانی نوری مالكی كە وەها پیشاندرا عیراق فڕۆكەی لە حكومەتی روسیا كڕیووە دواتر دەركەوت كە ئە‌و فڕۆكانە عیراقیبون‌و لەكاتی جەنكی عیراق-ئێران حكومەتی تاران ناچاری كردوون لە روسیا بنیشنەوە. -كەوتنی موسڵ (داعش‌و سپایكەر)، لەگەڵ خەرجكردنی ئە‌و پارە زۆرە بۆ سلكی سەربازی عیراق، بەڵام گروپی تیرۆریستی داعش بە چەند سەعاتێك نەینەوای كۆنترۆڵكردن كەنیشانەی خراپی سوپای عیراق بوو، كوشتارگەی بنكەی سەربازی سپایكەر لەو كاتەشدا قێزەوترین كار بوو لەكابینەكانی حكومەتەكەی نوری مالكی كە بەو جۆرە سەدان خوێندكاری سەربازی لە باكوری تكریت بكوژرێن كە زۆرینەیان سونەبوون، ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی لەسەری كەپێی دەوترێت بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە. -هێنانی ئامێری ئاشكراكردنی تەقەمەنی بە بەهای 232 ملیۆن دۆلار كە دواتر دەركەوتووە ئامێری ئاشكراكردن‌و ناسینەوەی شامپۆی پاككەرەوەیە نەك تەقەمەنی، لەسەر ئەم كەیسە مالكی كەسی نەداوەتەوە دادگا. - لەدوای لابردنی پارێزگاری بانكی ناوەندی، دۆسیەی بانكە ئەهلیە وەهمیەكان سەری هەڵداوە بەجۆرێك دەركەوت كە 16 بانكی ئەهلی هەن كە پارە لە بانكی ناوەندی رادەكێشن لەرێگەی پسوڵەی تەزویرەوە، هەرچەندە ژمارەیەك فەرمانبەریش دەستگیركران ، بەڵام دەركەوت كە بە ملیۆنان دۆلار پارەیان لە بانكی ناوەندی راكێشاوەو حەواڵەی وڵاتانی دراوسێ كراوە بە تایبەتیش ئێران، ئەمەش بە ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەری سزا سەپێنراوەكانی سەر تاران. - بەكارهێنانی ئاسمانی عیراق‌و فڕۆكەخانەكان بۆ گەیاندنی پاڵپشتی سەربازی بە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، ئەمەش لەلایەن روسیا‌و ئێرانەوە كراوە. - ئەحمەدی كوڕی تێوەگلاوە بە حەواڵەكردنی 1.5 ملیار دۆلار لە داهاتی عیراق بۆ لوبنان، ئەوكاتەی باوكی سەرۆك وەزیران بووە. - جگە لەمانە دەیان دۆسیەی دیكەی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی پارەی وەهمی هەن لەسەر نوری مالكی، بەتایبەت بونی سەربازی فەزایی كە ژمارەیان 50 هەزار كەس بووە‌و پارەیان بۆ خەرجكراوەو لە وەقعیشدا شتی لەو جۆرە نەبووە. تێبینی: ئەم داتایانە، لەچەند سەرچاوەیەكی جیاواز‌و عیراقی وەرگیراون، بەشێكیان داتای حكومەتن وەكو لیژنەكانی پەرلەمان بەتایبەت دارایی‌و لەگەڵ داتای چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهەن
هونەر تۆفیق لە کاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێز و توانا بوو ، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون . لەڕووی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبوون . گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو ، بە ڕابەرایەتی غاندی ، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕ‌شیان دا . شۆڕشی بایکۆت ، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە داگیرکاری بەریتانیەکان .شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی . لە کاروانی خوێ وە ، شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد . ئینگلیزەکان لە هیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو ، لەوانە ئیحتکاری خوێش . غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ کلم دا ، شاربەشار و گوند بەگوند ، بەرەو دەریا ، کاروانەکەی دەستپێکرد ، بەئامانجی گەیشتن بە خوێ ی کەنار دەریا . کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا ، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو . مشتێ خوێ ی لە ئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوە و گوتی : لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین ، شۆڕشی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین . لەو مشتە خوێیەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێ‌کرد . مۆدێلەکانی شۆڕش لە مێژوودا جیاوازن . شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا . شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا . شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا . مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بوو ، بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا . کە شۆڕشی بایکۆت بوو . بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکا‌ر . موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا ، کڕین و فرۆشتن ، ژن و ژنخوازیان ، لەگەڵ ناموسڵمانەکاندا ڕاگرت . لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بە لێدان لە ئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات ، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگیش راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە . کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بە ناچاری ، کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری ، سیاسی ، تورکیاوە . لەلایەک بە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ ( لەباکوور) لەلایەکی ترەوە بە داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ ( لەباشوور) تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە . هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بەمەسولیتەوە دەستی پێکردووە ، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت ، دەگات بە ئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا . ئە‌و هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت ، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لە پشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بە سەربەخۆیی . بۆئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بە شۆڕش ، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی ، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لە ئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری ، شۆرشی خۆڕێکخستنەوە و پیاداچوونەوەی کورد بە هەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا ، پێوستمان بە هاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە . ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا ، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا ، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد .
ئاراس فەتاح هه‌ریه‌ك له ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی جیهان، به نۆبه‌ت سه‌رقاڵی داڕشتنی پلان و كوڵاندنی شۆربای خۆیانن بۆ ئه‌و دۆخه مه‌ترسییداره‌ی كه جه‌نگی ناوخۆیی سوریا و پاشان هێرشی داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌رهه‌میانهێناوه. ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی له نێوان ئه‌ردۆگان و پوتینیشدا ئیمزاكرا، ته‌واوكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه بوو كه له‌گه‌ڵ ترامپدا كردی، به‌ڵام به هه‌ندێ په‌راوێزی تازه‌وه. ترامپ ته‌نها گلۆپی سه‌وزی بۆ له‌شكركێشیی ده‌وڵه‌تی تورك و په‌لاماری گروپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌ردۆگان هه‌ڵنه‌كرد بۆ پیاده‌كردنی تاوانی جه‌نگ و پاكتاوكردنی ره‌گه‌زیی له رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵكو به پیرۆزباییكردنیشی له رێككه‌ونه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و پوتین بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ژێر چاودێری هه‌ردوولا، رێگای بۆ باڵاده‌ستی هه‌یمه‌نه‌ی روسیاش له ناوچه‌كه‌دا فه‌راهه‌مكرد. سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دۆخه شه‌ڕانگیزه‌ش هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ترامپی ناو ئه‌مریكا و هه‌م له ئه‌وروپاشدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی له سیاسه‌تی ئه‌ردۆگاندا ڕوونه ئه‌و ره‌هه‌نده ناسیۆنالیستییه ره‌گه‌زپه‌رستییه‌یه، كه ئه‌م سوڵتانه‌ی توركیا ئاماده‌ی ئیمزاكردنی هه‌موو رێككتنامه‌یه‌ك و لێكتێكه‌یشتنێكه بۆئه‌وه‌ی وێنه شكاوه‌كه‌ی له جیهاندا بپارێزێت، ئه‌زموونی رۆژئاوا تێكبشكێنێت، به‌ناوی شه‌ڕی دژ به تیڕۆره‌وه سیاسه‌تی پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی له‌ناوچه كوردییه‌كاندا پیاده‌بكات و به‌پاساوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سورییه‌كانه‌وه دیمۆگرافیای ناوچه‌كه له بنه‌چه‌وه ده‌ستكارییبكات و له‌كۆتاییشدا شتێك نه‌هێڵێت به ناوی رۆژئاوای كوردستان. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ش ئه‌دۆگان ئاماده‌یه ته‌نازول له هه‌موو غروره سوڵتانییه‌كه‌ی خۆی له ده‌ره‌ودا بكات، بۆئه‌وه‌ی له‌ناوه‌وه لووتی نه‌شكێت. له ئێستاشدا ئاماده‌یه سه‌روه‌ریی سوریا و سه‌ردارێتی ئه‌سه‌د قبوڵبكاته‌وه، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كورد و هه‌سه‌ده وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی گرنگیی ناده‌وڵه‌تیی له سوریا له‌ناوبه‌رێت و نه‌هێڵێت هیچ ڕۆڵێكیشی له نه‌خشه‌ی ساسیی داهاتووی سوریادا هه‌بێت. ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته بینیمان دوو رێككه‌وتنه به دوو ئیمزای جیاوا‌زه‌وه، به‌ڵام به دوو میكانیزمی هاوشێوه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی ڕۆژئاوا. ترامپ سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكای كشانه‌وه و له‌دوای ئه‌م بڕیاره‌شی ناوچه‌یه‌كی پڕنائارام و پڕ له كوشتاری له ڕۆژئاوای كوردستاندا به‌جێهێشت. پوتین هات و له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی ئارام، هه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی توركیا ده‌پارێزێت و هه‌م سه‌روه‌ریی بۆ به‌شار ئه‌سه‌د و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. له‌م ناوچه ئارامه‌ی كه ئه‌ردۆگان و پوتین نه‌خشه‌یان بۆ كێشاوه، توركیا ته‌نها چاو‌دێر نابێت، به‌ڵكو له‌پاڵ پۆلیسی سه‌ربازیی روسییدا، بكه‌رێكی ئاكتیڤ ده‌بێت له جێبه‌جێكردنیدا. ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونی باشووری كوردستان و پرۆسه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان له‌بیره، ئه‌و راستییه ده‌زانن كه دروستكردنی كۆده‌نگیی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاساییشدا كارێكی زۆر زه‌حمه‌ت بوو. یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی كه ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانیشی ناچاركرد، گرنگترین بڕیار له مێژووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی باشوری كوردستان بده‌ن، ئه‌و فشاره گه‌وره و بێوێنه‌یه بوو كه ڕای گشتیی جیهانیی له‌سه‌ریان دروستیكردبوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ئه‌و فشاره مه‌ده‌نییانه‌ی جیهان بۆ پاراستنی رۆژئاوا كاریگه‌ریی نییه، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گرنگیی فشاری نێوده‌وڵه‌تیی له ده‌ركردنی بڕیاری 688ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له5ـی نیسانی 1991 كه تێیدا به‌پشتیوانیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا. كاتێك كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سه‌رقاڵی بڕیاری 688 بوو سه‌رۆكه‌كانی كورد خه‌ریكی ماچكردنی سه‌دام بوون و له گرنگیی ئه‌م بڕیاره هه‌ر تێنه‌گه‌یشتبوون. له دوای كه‌وتنی رێمه‌كه‌ی به‌عس و له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش هۆشیار زێباریی بوو، هه‌م حیزبه‌كه‌ی خۆی و هه‌م یه‌كێتیش پێشوازی گه‌رمیان له ده‌ركردنی عێڕاق كرد له‌ژێر به‌ندی ٧ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته. تازه‌ترین پێشنیاریش بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌ی له ناوچه‌كه‌دا به‌رهه‌مهاتووه، هاتنه سه‌رخه‌تی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه به پێشنیاری دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له رۆژئاوا كه هاوشێوه‌ی ناوچه ئارامه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی له هێرشی له‌شكری توركیی. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه كه نه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ترامپ له ئه‌مریكا و نه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا به‌م چاره‌سه‌ره‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و روسیا ڕازیی نین. هه‌ندێكیان ڕازیی نین كه توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ناتۆ هه‌ڵسێت به پیاده‌كردنی تاوانی جه‌نگ دژ به خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی، هه‌ندێكی تریان رازیی نین روسیا به‌ته‌نها چاره‌نووسی سیاسیی سوریا بنووسێته‌وه و ناوچه‌كه بخاته ژێر هه‌یمه‌نه‌ی تاكانه‌ی خۆیه‌وه و توركیاش وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه. هه‌ندێكی تریشیان رازیی نین ئاساییشی ئه‌وروپا روبه‌ڕوی مه‌ترسیی گه‌وره‌ی تر ببێته‌وه و لێشاوی په‌ناهه‌نده‌یه‌كی بێ‌شومار ڕووی تێبكاته‌وه و داعش دووباره سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌داری تری ئه‌وروپیش پێده‌چێت له‌وه زیاتر نه‌یانه‌وێت ببن به بارمته‌ی ئه‌ردۆگان و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا، سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی سنوور و رێگه‌دان به هاتنی په‌ناهه‌نده بۆ ئه‌و كیشوه‌ره و خۆیان سنووره‌كه بپارێزن. دیاره ترامپ رای وابوو كه كاری ئه‌مریكا له سوریا ته‌واو بوو، بۆیه به بۆچونی ئه‌و هه‌ركه‌سێك له دوای ئه‌مریكا كورد بپارێزێت كارێكی باشده‌كات، با ئه‌و كه‌سه ناپلیۆنیش بێت. له‌ئێستاشدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕۆڵی ناپلیۆن بگێڕێت، خانمه وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه كه میدیای ئه‌ڵمانیی له‌به‌ر درێژی ناوه‌كه‌ی سێ پیتی یه‌كه‌می به‌كارده‌هێنن (AKK) كه كورتكراوه‌ی Annegret Kramp-Karrenbauer، ئه‌نێگرێت كرامپ - كارنباوه‌ر. ئه‌م خانمه كه له دوای ئه‌نگێلیكا مێركله‌وه له‌ساڵی ٢٠١٨ به‌سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراسیی مه‌سیحیی هه‌ڵبژێردرا و له ساڵی ٢٠١٩ وه وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه، پلانێكی بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ژێر كۆنترۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ئاماده‌كردووه. بێگومان ئه‌م پلانه هه‌م ره‌خنه‌گر و هه‌م لایه‌نگری زۆری هه‌یه. ره‌خنه‌گرانی ده‌ڵێن، گه‌ر ئه‌م خانمه بیه‌وێت ئه‌وروپا یه‌كده‌نگ بكات بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی، ده‌بایه سه‌ره‌تا له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئه‌و یه‌كده‌نگییه‌ی بۆدروستبكات. ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا سه‌باره‌ت به پلانه‌كه روونه، دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامه كه له چه‌ند به‌شێك پێكدێت و هه‌ربه‌شه‌ی ٤٠ كیلۆمه‌تر درێژیی و ٣٠ كیلۆمه‌تر قوڵایی ده‌بێت و چاودێریكردنی به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان و به‌شداریی 2500 سه‌ربازی ئه‌ڵمانیی ده‌بێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پیرۆزبایی له‌م پێشنیاره كرد، به‌ڵام ئاماده نییه ئه‌مریكا سه‌ربازی بۆ ته‌خانبكات. وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیاش، هۆرست زێهۆفه‌ر، پشتگیریی خۆی بۆ پلانه‌كه‌ی AKK ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت، بۆئه‌وه‌ی له سیاسه‌تدا شتێك بشڵه‌قێنیت، ده‌بێت به‌ردێك فرێبده‌یته‌وه ناو ئاوه‌وه. ئاشكرایه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پلانه‌ش زه‌مینه‌سازیی یاسایی و سیاسیی و دیبلۆماسیی و سه‌ربازیی پێویسته كه هێشتا له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكانێتی و گرنگترینیان بریتیین له بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، گه‌وره‌یی ئه‌م له‌شكری ئاشتییه چه‌نده و چه‌ند ده‌وڵه‌ت به‌شداریی تێدا ده‌كات و له كۆتاییشدا ستراتیژی ده‌رچوونیان چۆن ده‌بێت، واته كاتی هاتنه‌ژووره‌وه و كۆتاییهێنان به پلانه‌كه دیارییبكرێت. گه‌ر ئه‌م پلانه، كه هێشتا ده‌ڵه‌مه‌یه، بۆ رۆژئاوای كوردستان سه‌ربگرێت، ته‌نها نابێت به كه‌ناری ئارامیی بۆ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی و رزگاركردنیان له ماڵوێرانیی و ده‌ربه‌ده‌ریی و پاكتاوی ره‌گه‌زیی وه‌ك له كوردستانی نه‌وه‌ده‌كاندا بینیمان، به‌ڵكو ده‌شبێت به زۆنێكی ناده‌وڵه‌تیی بۆ درێژه‌پێدان و به‌رده‌وامیی به ئه‌زموونی حوكمڕانێتی ناوچه‌یی خۆیان و زه‌مانه‌تێكیش بۆ مانه‌وه و پاراستنی مافه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریای داهاتوو. هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا هه‌م ترامپ له بڕیاره‌كه‌ی خۆی په‌شیمان بووه‌ته‌وه و ده‌ستیكرده‌وه به ناردنی زرێپۆشی پێشكه‌وتووی لیۆپارد بۆ رۆژئاوا و به‌ناوی پاراستنی كێڵگه نه‌وته‌كانه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ سوریا، هه‌م سکرتێری گشتی ناتۆ، یێنز ستۆڵتنبێرگ، پێشوازی له پێشنیا‌ره‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا ده‌كات و هه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، لاڤرۆڤیش هاته قسه‌و و ڕاستوڕه‌وان پلانی هاتنی له‌شكری ئاشتی به‌ناوی ناتۆوه ڕه‌تكرده‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام، باشه و پێویستی به باشیی تر نییه، چونكه رێككه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌ن كراوه كه هه‌مووان به كوردیشه‌وه تیایدا به‌شدارن. پلان و ڕێككه‌وتنه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه. ......... تێبینی: ئه‌ڵمانیا بۆ یه‌كمینجار له مێژووی نوێی خۆیدا بڕیاری ناردنی چه‌كی دا بۆ ناوچه‌یه‌كی قه‌یراناوی، چونكه به‌پێی یاسای ئه‌ڵمانیی ناردنی چه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌ك كه شه‌ڕی تێدایه، قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه ئه‌ڵمانیا بۆ یه‌كمینجار چه‌كی بۆنارد، هه‌رێمی كوردستان بوو له كاتی جه‌نگی داعشدا. هاوكات ساڵانێكه له‌شكری ئه‌ڵمانیا به‌شداره له ڕاهێنانی هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كه له هه‌ردوو هێزی پارتی و یه‌كێتیی پێكهاتووه.
سه‌لام عەبدوڵڵا دوا بە دوای روخانی رژێم لە بەغدا، گەلانی عێراق بە هیوایەكی زۆر دەیانڕوانییە دەسەڵاتی نوێ، بەتایبەتی كە سەراپای خەڵكی عێراق مێژوویەكی زۆر تاڵیان لە ماوەی 35 ساڵەی حوكمڕانی بەعسدا، كە كورد لەو نەهامەتیانە پشكی شێری بەركەوتبوو، گوزەراند بوو. بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانێكی ئەوتۆیان لە ڕژێمی نوێ دەكرد كە ئەمن و ئاسایش و بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانیان بۆ دەستەبەر بكات و سیستەمێكی دیموكراتی مرۆڤدۆستانە دابمەزرێنێ كە تێكڕای خەڵكی عێراق بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە ژیانێكی ئاسوودەو كامەران لە سێبەریدا بەسەربەرن، بەڵام وا شانزە ساڵ بەسەر ئە‌و مێژووییەدا تێپەڕی و بارودۆخی وڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپ و خراپتر دەبێت بە ئاستێك كە خودی عێراق یەكێكە لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و قەرزاری حكوومەت- لەگەڵ دەستكەوتی زەبەلاحی نەوت- گەیشتۆتە (140) ملیار دۆلار كە سەلمێنەری ڕادەی بێ وێنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی ئە‌و سامان و دەستكەوتە زۆرانەیە كە خودی خەڵكی عێراق بەگشتی لێی سوودمەند نەبوون و بارودۆخی ژیانیان لە ئاستێكی زۆر مەترسیدار دایە. بۆیە زۆر ئاساییە خەڵكی ناڕازی ئەم وڵاتە بڕژێنە سەر شەقام و كۆڵانەكانی پایتەخت و زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی خواروو و ناوەڕاست و داوای لەناوبردنی گەندەڵی و بەرپرسانی مشەخۆرو بە هەدەردانی سامان و سەروەتی وڵات بكەن. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەمە لەكاتێكدا روودەداو بەوشێوە ترسناكە پەرە دەسێنێ كە حكوومەتی نوێ تازەكی دەست بەكار بووە‌و دەتوانرێ بوترێت كە لە هەموو حكوومەتەكانی پێش خۆی تا ئەندازەیەكی زۆر باشتر‌و كارامەتر بووە‌و شەخسی سەرۆكوەزیرانیش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی هەڵوێستی بەرامبەر خەڵك و بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەرمترو میانڕەوترو واقیعبینانەتر بووە، كەچی خۆپیشاندانەكان بەرامبەر حكوومەتەكانی پێشووتر هەرگیز وا توند نەبوو كە ئەمەش بۆ خۆی مایەی تێڕامانە. بەڵام ئەوەی كە زیاتر لەم خۆپیشاندانانەدا جێی سەرنجە كە خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی دەستووری وڵاتیش دەكەن كە ئەوە نە كاری خۆپیشاندەرانەو نە سوودیش بەوان دەگەیەنێ. خۆ لە بڕگەكانی دەستووردا هیچ خاڵ و بەندێكی تێدا نییە بۆ نموونە، كە ئەوانەی خوێندن تەواو دەكەن، دانەمەزرێن و خەستەخانەو قوتابخانە نەكرێتەوەو حكوومەت خزمەتگوزارییە گشتییەكان پێشكەش نەكات؟ ئەمە لەكاتێكدا خودی دانیشتوانی عێراق بەڕێژەی %85 دەنگیان بەو دەستوورەی ئێستادا داوە! بۆیە پێدەچێت ئەمە بەلاڕێدابردنی هاوڵاتییانی ڕاپەڕیو بێت كە داخوازییە ڕەواكانی خۆی لەبیر بكا‌و ئەجیندای لاو لایەنی تر جێبەجێ بكات و خۆشی دوای ئە‌و هەموو قوربانییە بەدەستبەتاڵی لێی دەرچێت.
د.جەعفەر عەلی (١-٢) عیراق و میلیشیا، جەدەلی (وەلا) هاوشانی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێکی‌تر جەدەلی (وەلا)ی میلیشیا عیراقییەکان سەریهەڵدایەوە. ئەم میلیشیا شیعانە لەم ململانێیەدا چیدەکەن، هەڵوێستیان چیدەبێت، بێلایەنانە دوور لە ململانێکە دەوەستن، یان پابەندی پرەنسیپە عەقیدەییەکەیان دەبن و (شیعەبوون) هەڵوێستێکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنێت. پێشتر هەڵوێستی ئەم میلیشیا شیعییانە لە راپەڕینی سوریادا بریتیبووە لە لایەنگیری بە قازانجی دیمەشق، لەم پشتیوانیکردنەشدا ئێران رۆڵی سەرەکی بینیوە. ئە‌و کاتانەش کە هەڵوێستی فەرمی دەوڵەتی عیراق لە ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، بریتی بووبێت لە هەڵبژاردنی بێلایەنی و رێزگرتن لە سەروەری عیراق و وڵاتانی دراوسێ و خۆ بە دوورگرتن لە ململانێ ئیقلیمییەکان، بەڵام هێشتا میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شەعبی بە پاساوی جیا جیا، لەوانە پاراستنی مەزارە ئایینییە پیرۆزەکانی ئیسلام لە سوریا، هەڵوێستی ئاشکرای خۆیان نەشاردۆتەوە، کە ئەوان، تەنانەت ئەگەر حکومەتی عیراقیش رەزامەندی پێشاننەدات، دەبنە بەشێک لە جەنگی سوریا بە قازانجی هێشتنەوە و پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد. کاتێک عەبادی رەتیدەکردەوە بەشداری لە جەنگی سوریادا بکات، هادی عامری رایگەیاند، دوای رزگارکردنی عیراق لە دەستی داعش، حەشدی شەعبی لەسەر داوای (حکومەتی شەرعی) بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دەچێتە ناو سوریاوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێی ئەمریکی- ئێرانی، کە بە "جەنگی بارهەڵگرە نەوتیەکان" ناسرا بوو، لە ناوچەی کەنداو، جارێکی دی باسی هەڵوێستی میلیشیا عیراقییەکان لە پشتیوانیکردن بە قازانجی ئێران بە دژی ئەمریکا هاتە پێشەوە. وێرای لێدوانی حکومەتی عیراقی بە پاراستنی هەڵوێستی بێلایەنی لە کێشە و ململانێکەدا، بەڵام دیسان، میلیشیا شیعییە چەکدارەکان، ئەوەیان نەشاردەوە، کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هەڵوێستی حکومەتی عیراقییەوە لە ململانێی ئەمریکی-ئێرانی‌دا نییە، بەڵکو ئەوان بە پاساوی پاڵنەری عەقیدەیی هاوشانی ئێران دژ بە هێزەکانی ئەمریکا دەچنە جەنگەوە. عیراق وڵاتێکە لە ئاستی ناوەکیدا پڕیەتی لە ململانێی نادروست و نادیموکراسی، پڕیەتی لە میلیشیای چەکداری حیزبی و عەقیدەیی و بنەماڵەیی و شەخسی، لە ئاستی ناوچەییدا هەژموونی زاڵی ئێران بەسەر بەغداوە روون و ئاشکرا دیارە، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەمریکا لە سەرووی ئە‌و دەوڵەتانەوەیە، کە لە کەناڵی سیاسی و دیپلۆماسی، تەنانەت سەربازیشەوە، پەیامی روونی خۆی بە بەغدا گەیاندووە، سەبارەت بە بوونی میلیشیاکانی حەشدی سەر بە ئێران و گەورەبوونی نفوز و هەژموونی ئێران بەسەر عیراقەوە. لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە، لە ئێستادا بەغدای پایتەخت و زۆرێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی دیکەی عیراق، ماوەیەکە کەوتووەتە بەردەم جوڵەیەکی هەژێنەری جەماوەرییەوە، بەشێکی پەیامی شەقامی ناڕازی عیراقیش روو لە ئیرانە، ئاڵای ئێران دەسووتێنرێت، دروشمی دژ بە تاران بەرزدەکرێتەوە، پەلاماری ئە‌و بارەگا حیزبییانە دەدرێت کە بە نزیکیان لە تاران ناسراون. واتە دەتوانین بڵێین، ئە‌و نامەیەی ئەمڕۆ شەقامی عیراقی لە رووی سیاسییەوە دەیەوێ بیگەیەنێ، بریتییە لە لانیکەم بێهێزکردن، یان کاڵکردنەوەی هەژموونی ئێرانی بەسەر بەغداوە، وێڕای داوا بنەڕەتییەکانیان بە چاکسازی و باشکردنی ژیانی گشتی خەڵک و سەروەرکردنی دادپەروەری و دادی کۆمەڵایەتی. ئە‌و جوڵەیەی ئەمڕۆ لە شەقامی عیراقی لە رێی دەربڕینی داواکاری چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە گوزارشت لە خۆی دەکات، پێناچیت ئەوە پێشاندانی هەموو دیمەنەکە بێت، چونکە لە پشتی ئە‌و دیوە ئاشکرایەوە، دیوی نەبینراو و شاراوەش هەن، ئەوەش کە لە جوڵەپێکردنی ئە‌و دیوە پەنهان و شاراوانەدا رۆڵ دەگێڕێت، ئە‌و هێزانەن، کە لە دەرەوەی سنورەکانی عیراقەوە، یاری بە کارتەکان دەکەن، بە ئامانجی بەلاداخستنی ململانێ سیاسییەکان بە قازانجی خۆیان، ئە‌و هێزە دەرەکییانە ئەگەر رۆڵیان لە دروستکردنی جوڵەکەشدا نەبووبێ، ئەوا دەستیان لە ئاراستەکردنیدا دەبێت. ئەمریکا هێزی هەرە کاریگەر و سەرەکی نێو ئەم ململانێ سیاسییەیە. ئەمریکا هەم لە رێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە عیراق، هەم لە رێی بوونی راوێژکارە سەربازییەکانی و ئە‌و هێزانەی کە لە عیراقدا جێگیری کردوون، هەم لە رێی ئە‌و هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییانەی کە بە نزیکیان لە ئەمریکا دەناسرێن، هەوڵی سەرکەوتن بەسەر نفوزی ئێرانی لە بەغدا دەدات. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هەوڵدەدات بە هێزەوە لە پشتی پەردەوە، وەبەرهێنان لەم جوڵە فراوانەی شەقامی عیراقی‌دا بکات. عیراق، وڵاتێکی بێ شوناس ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی دراوسێی عیراق، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باش لەوە ئاگادارن کە هاوڵاتیانی عیراق تا ئێستاش، هەڵگری هەمان پەتای سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژگاری مەلیک فەیسەڵ کوڕی حوسێن، یەکەم مەلیکی عیراقن. فەیسەڵ بڕوای وابوو، کە (لە عیراقدا شتێک نییە بە ناوی "گەلی عیراقی"، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لە تۆپەڵە مرۆڤی خەیاڵی خاڵی لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتیمانی، ئەوان لێوان لێ‌ون لە تەقلید و خورافەی دینی، هیچ نێوکۆییەک لە نێوانیاندا نییە، گوێ بە خراپە دەدەن، روو لە گێرەشێوێنین، هەمیشە ئامادەن بۆ راپەڕین دژ بە هەر حکومەتێک بێت). دەوڵەت لە عیراقدا، بەرهەمی "گەل" نییە، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی دونیای مۆدێرن، وەک چەترێکی قانونی و ئیداری، لە هۆشیاری و ئاگایی ئە‌و پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەهاتووە، کە پێیدەگوترێت گەل، یان بەرهەمی تێكۆشان و بەردەوامێتی مێژوو بە ئاراستەی باشتر نییە، بەڵكو مەخلوقێکی هێنراو لە دەرەوەیە، بیدعەیەکە بەرهەمی دابەشکاری بەرژەوەندی و کێکی بەرژەوەندییە بەسەر وڵاتانی سەرکەوتوو لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، هەر بەپێی پلان و سیاسەت و میزاجی ئەوانیش، لە سەرووی هەموویانەوە بریتانیا، دروستکراوە. دروست ئەوەیە، گەل، دەوڵەت لەسەر شێوەو فۆرمی خۆی دروستبکات، فۆرمێك کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتییەکانی و پاراستنی ژیان و ئازادی و کەرامەتیان بێت. لە عیراقدا، لە بری ئەوەی "گەل"، یان هاوڵاتیانی عیراق خوڵقێنەری "دەوڵەت" بن لەسەر بنەمای ئە‌و فۆرمە سیاسی و ئیدارییەی کە دەیخوازن، فۆرمێک لە دەسەڵات و سیستەم کە هێزی بەرگری لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی جیا جیای وڵاتەکەی هەبێت، کەچی "دەوڵەت" و "گەل" رووبەڕووی ئە‌و گرفتە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە بوونەتەوە، کە بریتییە لە کێشەی دروستنەبوونی پێکهاتەیەک بە ناوی "گەل"، بە مانایەکی دی، ئەوەی لە ماوەی نزیک بە ١٠٠ ساڵی رابردوو عیراق نەیتوانیوە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بدۆزێتەوە، بریتییە لە کێشەی "نا گەل"، تۆپەڵە مرۆڤێک هێشتا لە دەرەوەی بوون بە "گەل" ماونەتەوە. لە ئاستی تیۆریدا کۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عیراق، هیوای دروستبوونی ئینتیمای نیشتیمانی دەخوازن، هەمیشە لە ئاستی گوتاری تیۆریدا، ئە‌و دەستەواژە و رستانە دووبارە دەکەنەوە، کە پێویستە ئینتیمای نیشتیمانی لە سەرووی ئینتیمای ئیتنیکی و تائیفی ومەزهەبییەوە بێت. لە فەیسەڵی یەکەمەوە تا بە عادل عەبدولمەهدی دەگات، ئەم گوتارە لە ئاستی تیۆری لە عیراقدا درێژەی هەیە. کەس خۆی بە کەمتەرخەم نابینێ، هەمووان ئەوانەی پێش خۆیان بە هۆکاری کەمتەرخەمییەکان گوناهبار دەکەن. دوا وتاری عەبدولمەهدی لە درەنگانی شەوی ٢٤/٢٥ ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، ئاماژەیەکی روون بوو بەو فۆرمی گوناهبارکردنەی ئەویدی لە گوتاری فەرمی دەوڵەتدا. لە بەرامبەر ئە‌و گوتارە تیۆرییەدا، واقیعێک هەیە، کە هەمووان دەیبینن، بەڵام نایانەوێت تێیبگەن، ئەویش ئە‌و پارادۆکسەیە، کە ئامانجی نیشتیمانی بە عەقڵیەتی تائیفی و بە ئامرازی بچووکتر لە ئامرازی نیشتیمانی، نایەتەدی. بە درێژایی مێژووی سیاسی دەوڵەتی عیراق، چەمکەکانی "نیشتیمان"، "دەوڵەت" و "گەل" بە نەزعەی تائیفییەت بارگاویکراون.
سامان وەستا بەكر خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ خاکەکە دابەشکراوەکەت لە نێوان دوو داگیرکەرا دووبارە دابەش ئەکرێتەوە، ھەناسەیەکی ئارامی ھەڵکێشی و بڵێی سەرکەوتین! خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کاتێ کۆمەڵ کوژ و بێ کەس کوژ ئەکرێی چاوەڕێ بکەی میلەتانی تر و خەڵکانی بێگانە بەهاناتەوە بێن و ڕاکێشانی سۆز باشترین چەکی بەرگریت بێت. خەم ساردی میلەتێک ئەویە کاتێ دوژمن بە ئاشکرا و بێ پەردە باس لە گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێک لە خاکی کوردستان ئەکا بە جێگیرکردنی نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە خەڵکانی توندڕەو بەڵام سەرکردەکانی کورد ئامادەنین پێکەوە دانیشن. خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ بۆ لێکدابڕانی سێ بەشی خاکی کوردستان دوژمن پلانی دروست کردنی چەند هەرێمێکی داناوە کە پاشتر وەک وڵاتێک بناسرێ تا نەمانی پەیوەندی و لێک‌دابڕان لە نێوان کوردەکانی سێ پارچەیا ببێ بە بەربەست و کز بوون و نەمانی هەستی یەک نەتەوەو یەک خاک، کەچی سەرۆکی کۆی حیزبە کوردییەکان لە ناویشیانا سەرۆکی هەرێم و دا‌و دەزگا فەرمیەکان ئامادەنەبن ئە‌و پرسە بگەیەنە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەم پرسە پرسێکی گشتگیرەو لێکتێگەشتنێکی فراوانیشی لەسەر ئاستی دنیا بۆ دروست بووە و تەنها جوڵەی کوردی پێویستە! خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کە هیچ کۆمپانیا و بازرگانێک ئامادەنەبێ و دەست لەبەرژەوەندییە تایبەتیەکانی هەڵگرێ و ببێتە پێشەنگ بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی و گەڕان بەدوای جێگرەویا و هاندانی خەڵک بۆی. خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە جارێ داگیرکاریەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ترۆپکایە بەڵام ھەندێ کەناڵ و مێدیاکارو ئەندام پەرلەمان و لە بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسانێکی گرێ‌دراو جا لە ڕێی ئابوری و بەرژەوەندی مادی یان لەڕێی جاشایەتی و سیخوڕی کردن بۆ دوژمن، یان نەزانانە و تەنیا لەبەر ئەوەی لەڕێی بازرگانی کردن لەگەڵ دوژمن و کۆمپانیا سیخوڕیەکانەوە داھاتێکی مفت و سامانێکی بێ شومار پێکەوە ئەنێن، خەڵکی ساردئەکەنەوە لەوەی کە (بایکۆت کردن)ی کاڵای تورکی نەک سودی نیە بەڵکو بەزەرەری خۆشمان ئەشکێتەوە، لە کاتێکا پێچەوانەکەی ڕاستە و بۆ یەکەم جارە کە کۆی کورد نەک یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بگرە یەک کرداریش پێکەوە ھەنگاوێکی پێکەوەی بەرەو سەرکەوتنێکی ئاست بەرزو زیرەکانە ئەنێن و زۆربەی ھۆشمەند و ئابوری ناسانی جیھانیش ڕژد لەسەر گرنگی کارێکی وا پێکەوەی ئەکەنەوەو دڵنیای ئەیەن کە تێکشانێکی زۆر ڕووبەڕوی ئابوری تورکیا و دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان و سەرکەوتنێکی مەزنی بێ خوێن ڕشتنی بەدواوە ئەبێ بەمەرجێک بایکۆتەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێت ئەوا بەرەنجامێکی مەودا درێژی ئەبێ. بایکۆت کردن چەندین سودی تری ھەیە، یەکێک لەوانە دابەزینی نرخی کاڵاکان بەجۆرێک کۆمپانیا تورکەکان ناچارئەبن کە نرخ زۆر دابەزێنن تا بازاڕی نوێ بۆ کاڵاکانیان بدۆزنەوەو بەو جۆرەش ڕکابەرێتی لە نێوان کۆی کۆمپانیا ناوخۆی و جیھانی و دراوسێکانا دروست ئەبێ و سەرەنجامی ئەمەش لە بەرژەوەندی کڕیارو ھاوڵاتیە. بایکۆت وا لەھەر وڵاتێک یان کۆمپانیایەک ئەکا کە پێداچوونەوە بە ڕابردویا بکاو بگەڕێ بەدوای ھەڵەکانیا و سەرکێشی نەکا و کارێک نەکا کە کڕیار سزای بات. خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کە دین پێش نەتەوە بخات و هەر کاتێ سەرکردەیەکی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی و زانایەکی ئاینی وێنەی عەلی قەراغی تیا هەڵکەوێ لەبری سود بۆ نەتەوە بە پێچەوانەوە نەتەوە بکەن بەخۆراکی دین. ئاخر کە کورد تا ئێستاش سەرزەنشتی سەلاحەدین ئەکا و گازندەی لێی هەیە بەڵام هیچی لەگەڵ ڕابردووا بۆ ناکرێ، بەڵام خۆ لە ئێستایا ئەتوانێ کورد بوون لە عەلی قەراغی وەرگرێتەوەو هەروەک چۆن بە ڕەگەزنامەی قەتەرییەوە سەردانی وڵاتانی دنیا ئەکا و شین بۆ موسڵمانانی بۆرما و فەلەستین عەرەبی و نزا بۆ سەرکەوتنی ڕابەری توندڕەوی دژ بە کورد ئەردۆغان ئەکا هەرواش ئەکرێ هاوشێوەی کاڵای تورکی بایکۆتی ئە‌و کەسایەتیە بێ کەڵکە بۆ کورد ئەژمارکراوەی سەر کورد بکات و هیچ مێدیا و لایەنێک و کەسایەتیەک پێشوازی لێنەکات. خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە خۆت دار بەیتە دەستی دوژمن تا بیکێشی بەسەرتا، ئاخر زۆربەی مێدیای کوردی وەک پیاهەڵدانێ بۆ فەرماندە مەزڵوم کۆبانی (فەرهاد شاهین عەبدی) چەندین جار مێژووی ژیانی ئە‌و فەرماندەیەیان لەسەر سینیەکی زیوی ئەخەنە بەردەست نەیار و دوژمنەکەی و بەزمان حاڵی کورد ڕژد لەسەر پەکەکە بوونی ئە‌و ئەکرێتەوە لە کاتێکا تورکیا بە هۆکاری پەکەکە بوون کەوتۆتە داگیکاری وێرانکردنی ڕۆژئاوا کە ئەکرێ دوژمن سود لەم بڵاوکراوانە وەرگرێ و لە دژی ڕۆژئاوا بەکاریبهێنێ لەکاتێکا پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەم دراوە لە ئەمریکا و زۆرێک لە ئەوروپا، جا ئیتر ئێمە پێمان خۆشبێ یان نا ئەبێ لە ئێستایا لەگەڵ ئەوەیا هەڵکەین. خەم ساردی نەتەوەیەک لەوەیایە کاتێ لە کوردستان وە بەتایبەتی لە تاراوگە پاش ماندووبوونێکی زۆر خۆپیشاندانێکی بیست هەزاری، ستۆکهۆڵم بە نمونە ڕێکئەخرێ کە ئەم ژمارەیە بۆ تاراوگە زۆر بە ئاستەنگ کۆئەکرێتەوە ئەبینی زۆرترین ئاڵا بە وێنەی بەڕێز ئۆجەلان بەرز ئەکرێتەوانێ، لە کاتێکا تۆ بۆ شەرمەزارکردن و ڕاوەستانی هێرشێکی نابەرابەرو ڕاکێشانی سۆز‌و سەرنجی خەڵکانێک کۆبوویتەتەوانێ کە کورد نین تا لەو ڕێیەوە بتوانی پەستان بخەیتە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتی خانەخوێ و جیهان، کۆکردنەوەی زۆرترین دۆست، بەڵام بە بەرز کردنەوەی وێنەو هاوارکردن بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان ئیتر پەیامەکە وەک خۆی ناگات بگرە بەزەرەریش ئەگەڕێتەوانێ چونکە ئێمە هەرچەند بەڕێز ئۆجەلان بە سەرکردەیەکی کوردی ئازادیخواز ببینین بەڵام لە زۆرینەی ئەوروپا و ئەمریکا لە لیستی تیرۆرا تۆمارکراوە کە ئەمەش ئەبێتە هۆکارێک کە زۆرێک لە خەڵکانی وڵاتی خانەخوێ بە تایبەتی سیاسی و باڵا دەستەکان بەشدار و هاوسۆز نەبن ئەگەرچی لەو باوڕەشابن کە بەڕێز ئۆجەلان زیندانێکی سیاسیە. خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کە بەدرێژای مێژوو بەردەوام لە سەنگەری بەرگریابووبیت و ھەمیشە و ھێرش کراوەتەوە سەرت و بەردەوام بڵێی ئێمە ئاشتی خوازین و تەنانەت بۆ جارێکیش لە پێناوی بەرگری کردن لەخۆت ھێرش نەکردبێت! بێ ئاگا لەوەی (ھێرش کردن باشترین بەرگرییە). ئاخر ئەگەر تەماشای ھەر میلەتێکی پێشتر خاک داگیکراوی دنیا بکەین ئەبینین بەبێ خوێن ڕشتن و (لەبری بەرگری ھێرشکردن) نەبێ سەربەخۆی خود و خاکیان بەدەست نەھێناوە. ئەڵبەتە فایەق بێ کەس هەر زوو د‌رکی بەوە کردووە کە سەربەخۆی فیداکاری گیانی پێویستە کاتێ ئەڵێ: (داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ سەربەخۆیی و فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ). بێگومان بەندە لەو بەرەیەم کە هەمیشە ئاواتخوازم خەباتی مەدەنی و سیاسی و دیالۆگ و لێکتێگەشتن شوێنی هێرش و جەنگ و ئازاری بگرتایەتەوە بەڵام خەباتی لایەنی کەم سەدەیەک ئەوەمان پێئەڵێ دراوسێکانمان هەمیشە سوودیان لەو میانڕەی و ئاشتی خوازیەی کورد وەرگرتووە و بگرە هەمیشە هەر لە ناخی ئە‌و دڵە پڕ دۆستایەتی و هاوڕێیەتیەوە دزەیان کردۆتەوە ناو بیر‌و هزری نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کورد و وەک جاش بەکاریان هێناون، ئاخر ئەبێ ئێمە ئەوەش بزانین دراوسێکانمان نە سویسرا‌و، نە سوید و نە نمونەکانی تری ئەم وڵاتانە نین تا بتوانی ووشەو متمانەیان لێوەرگیرێ بەڵکو هەر چوار وڵاتی داگیرکەر خەڵکانێکن لە ئیسلامی توندڕەو دڕندەترین و دڵ پڕ لە قین ترین نەتەوە و میلەتانی جیهانن بۆیە ئەبێ کورد لەبری بەرگری بیر لە میتودی تر‌و بگرە لە هێرش کردنیش بکاتەوە. ئاخر ئەگەر میلەتێکی پەنجا ملیۆنی بیەوێ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوەی بەدەست بھێنێ، بێگومان ئەبێ ئامادەبێ خوێنی نێوەی ئە‌و ژمارەیە ببەخشێ ھەتا نیوەکەی تریان سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە بەچاو ببینن نەک نەوە بە نەوەی بسپێرێ و بڵێن ئێمە ھەر ئەوەنەمان پێکرا، لە کاتێکا کە کاتێ لێی ئەکۆڵیتەوە ئەبینی بە چەند سەد شەھیدێک ماندوو شەکەت بوون و ئاڵای خۆبەدەستەوانیان بۆ دوژمن بەرزکردۆتەوە! لە دەستدانی کەرکوک و ٪٥١ی خاکی باشوری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ئامادەبی بە پاشە کشێ کردن لە ٤٣٢٠٠٠ ھەزرا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان جا بیانۆکە هەرچییەکبێ هەرچەندیش هێزەکان نابەرابەربن لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩گەواهی دەری نوێ ترین مێژووی تۆمارکراوی خۆبەدەستەوەدانی کوردن. جا ئەگەر خوێنێک بۆ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە نەڕێژرێ، ئەوا مانەوەی جەستە بە دەستەمۆ بوون و خۆ بەدەستەوەدان ژەھراوی ئەکا و وەها خوێنێک بە ھەر کەسێکیش ببەخشرێ بێ غیرەتی ئەکا. سەمەرەیە ئەگەر تا ئێستا ڕامیاری کاری کورد و سەرکردەی باڵا دەستی کوردستان نەتوانن جیاوازی لە نێوان لەدەستدانی خاک بە بەرگری و خوێن ڕشتن و پاشەکشێ و بەدەستەواندانا نەزانن؟ جیاوازی ئەم دوو جۆرە لە خاک دۆڕاندن لەوەیایە ئەگەر ئێستا بێت و شەڕڤانان دژە ھێرش بکەنە سەر سەرێکانی و گرێ سپی و پێشمەرگە دژە ھێرش بکەنە سەر کەرکوک ئەوا کۆی دنیا سەرزەنشت ئەکا و بە پەیمان شکێن و ئاژاوەگێڕ باس ئەکرێی، چونکە لەبەرامبەر شتێکا پاشەکشێ و کردووە جا تەنانەت ئەگەر ئە‌و شتە نەڕژانی خوێنی خەڵکی سڤیل و پیرو مناڵ‌یش بێت، "خۆزگەم کورد ئەوەی لە توانایا بوایە و بیکردایە و بیشی پاراستایە ئەوکات با ھەر بە ئاژاوەگێڕ باسکرایە". بەڵام ھەرکاتێ شەڕڤان گەر لەتوانایانابێ دژە ھێرش بکەنە سەر عەفرین ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچ دژە ھەڵوێستێ نانوێنی چونکە خاکێکی داگیراوەو ھەمیشە ماف لای مافخوراو خاک داگیرکراوە و گێڕانەوەی مافیش بە کارێکی ڕەوا ئەبینرێ. گرنگە تاکی کورد ئەوە بزانێ قەپ لە ھەر پارچەیەک بگیرێ بەشێ لەلەشی تۆ ئەکرێتەوە. ھەر پارچەیەک سوژنێکی پیاکرێ، ئازار بە ھەمان دڵ ئەگا. پارچەیەک لە هەر لایەک بپچڕێنێ ھەر ھەمان دەم ئەقیژێنێ. ھەر داگیرکەرێکیش بەشێکی زیاتر یان کەمتری بەرکەوێ ھەر لە جەستەی شەکەتی تۆ دائەماڵرێ. لە هەر لایەک کچێک یان کوڕێکی کورد بکوژێ سکی هەمان دایک ئەسوتێنێ