ئاراس فه‌تاح ڤلادیمێر پوتین، تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یانزه خه‌ڵاتی جیاوازی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرتووه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م خه‌ڵاتانه به‌قه‌د دیارییه‌كه‌ی ترامپ بۆ ڕۆژی له‌دایكبوونی گه‌وره و به‌به‌ها نه‌بوو. هه‌فته‌ی ڕابردوو قه‌یسه‌ره نوێكه‌ی ڕوسیا، له حه‌وتی مانگدا، ساڵیادی له‌دایكبوونی 67 ساڵه‌ی خۆی كرده‌وه. هه‌ر به „ڕێكه‌وت“ له‌و ڕۆژه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكاش گه‌وره‌ترین و به‌به‌هاترین دیاریی پێشكه‌شكرد. دیارییه‌كه‌ش نه كڵاوی كاوبۆی بوو، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بكات و نه هامبه‌رگه‌ریش بوو بۆئه‌وه‌ی تێری بكات، به‌ڵكو بڕیاری كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان بوو له ڕۆژئاوای كوردستان، كه هه‌م سه‌ری پوتینی پێ بڵندكرد و هه‌م ته‌ماحه سیاسییه‌كانیشی تێركرد. بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژئاوای كوردستان، پرێسترۆیكایه‌كی سیاسیی ترامپ بوو بۆ دووباره دارشتنه‌وه‌ی بوونه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه و كردنی به‌فیعلی روسیا بوو به تاكه زلهێز و براوه‌ی یه‌كه‌می جه‌نگه پڕوكێنه‌ره هه‌شت ساڵییه‌كه‌ی سوریا. ترامپ توانی به‌م دیارییه‌ی بۆ پوتین دڵی ئه‌ردۆگانیش بۆ چه‌ند ڕۆژێك خۆشبكات. هه‌ڵكردنی گلۆپی سه‌وز بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌و جۆش و خرۆشه ناسیۆنالیستییه‌ی لای ئه‌ردۆگان به‌رهه‌مهێنا، كه له‌شكره‌كه‌ی ده‌ستی واڵایه له داگیركردنی ڕۆژئاوا و له ڕێگایه‌شه‌وه نه‌ك ته‌نها گۆڕستانێك بۆ خه‌ون و بوونی كورد له سوریا دروستده‌كات و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی ده‌پارێزێت، به‌ڵكو ده‌شبێته گه‌مه‌كه‌رێكی كۆلۆنیالی نوێ و تاكه هێزی گه‌وره‌ی ئیقلیمیی له ناوچه‌كه. هه‌ر بۆیه به‌ڕێكه‌وت دوو ڕۆژ دوای له‌دایكبوونی پوتین، له 9ی ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌ردۆگان پێشئه‌وه‌ی له تویته‌ر هێرشه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر رۆژئاوا ڕابگه‌یه‌نێت، یه‌كه‌م سه‌رۆك كه به ته‌له‌فۆن له پلانی داگیركارییه‌كه‌ی ئاگاداریده‌كاته‌وه، پوتین ده‌بێت. پوتین له‌گه‌ڵ هیچ سه‌رۆك و ده‌وڵه‌تێكدا كێشه‌ی نییه گه‌ر گرفت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئاساییشی روسیا دروستنه‌كه‌ن. سیاسه‌تی پوتین سیاسه‌تی لایه‌نگریی نییه بۆ شیعه یان بۆ سوننه، بۆ عه‌ره‌ب، فارس یان ئیسرائیل، به‌ڵكو بریتییه له ستراتیژی ڕاگرتنی هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان هه‌موو بكه‌ره ده‌وڵه‌تییه دژ و ناكۆكه‌كاندا. پوتین نه په‌یمانی به كورد دابوو، تاوه‌كو هاوشێوه‌ی ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستیان لێبه‌ربدات و بێهیوایان بكات و به شێوه‌یه‌ش وێنه‌ی خۆی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ناشرینبكات، نه په‌یمانی به توركه‌كانیش داوه تاوه‌كو دڵیان بشكێنێت. ئه‌وه‌ی پوتین له‌سه‌ره‌تاوه جه‌غدی له‌سه‌ر ده‌كردوه، پاراستی سه‌روه‌ریی و یه‌كێتیی سوریا و ده‌رچوونی هه‌موو هێزه ده‌ره‌كییه‌كان بوو له خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته. ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی پوتین له سوریادا ده‌یه‌وێت، دووباره‌دروستكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه بۆ ده‌وڵه‌تێك له ناوچه‌كه‌دا كه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه هه‌موو هێز و باهاكانی سه‌ره‌وه‌ریی خۆی، وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، له‌ده‌ستدابوو. دیارییه‌كه‌ی ترامپ بۆ پوتین و ته‌نهاجێهێشتنی كوردان له‌گه‌ل چاره‌نووسی نادیاری خۆیاندا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ی ناچاركرد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریی رێكبكه‌ون. ئه‌م هاوكێشه نوێیه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌راهه‌مكرد كه پوتین نه‌ك هه‌ر ببێت به ڕزگاركه‌ری قوربانییه‌كانی ترامپ، به‌ڵكو روسیاش ببێت به تاكه گه‌مه‌كه‌ری نێوده‌وڵه‌تیی له ناوچه‌كه. به‌م رێكه‌وتنه‌ش پوتین توانی خه‌ونه ئه‌رخه‌وانییه سوڵتانییه‌كانی ئه‌ردۆگان له سوریا و ناوچه‌كه‌دا سنوورداربكات و بیخاته به‌رده‌م فاكتێكی نوێی هاوسه‌نگیی هێز كه چیدی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ناتۆ ئیملای ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ته‌نها روسیا. قۆناغێكی نوێ له دووباره‌داڕشتنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی بۆ ده‌وڵه‌تی سوریی و هاوكێشه‌ی هێز له ناوچه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات كه تیایدا كورد له ڕاوكردنی ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی توركییه‌وه ده‌چێته قۆناغی ڕامكردنه‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆریی عه‌ره‌بیی. پوتین به‌م ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان كوردی ڕۆژئاوا و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیی سوریا، ده‌یه‌وێت په‌یامی ئه‌وه به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نێت كه روسیا چه‌نده ئاماده‌یه كوردان له‌ناو چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی سورییدا له ده‌ستدرێژیی ئه‌ردۆگان بپارێزێت، ئه‌وه‌نده‌ش ئاماده‌یه له‌ژێر سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی سورییدا ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ توركیا دروستبكات و له مه‌ترسیی نه‌یاره‌كانی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بیانپارێزێت. دوای ئه‌م هه‌موو رێككه‌وتنه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌ش، هه‌ر „به‌ڕێكه‌وت“ دوێنێ پوتین سه‌ردانی دوژمنی بابه‌گه‌وره‌ی توركیای له خه‌لیج كرد و داڵێكی پێشكه‌ش به سوڵتانه‌كه‌ی مه‌مله‌كه‌تی سعودیی، مه‌لیك سه‌لمان، كرد. داڵێك كه مه‌شقپێكراوه بۆ ڕاوكردن. خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه به جوگرافیایه‌ك بۆ پێشبڕكێی ڕاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه جیهانییه‌كان و ده‌وڵه‌ته ئیقلیمییه‌كان، كه تیایدا سه‌رۆكه دیكتاتۆر و „سوڵتانه چنگ بەخوێنه‌كان“ به ئاره‌زووی خۆیان نه‌ك هه‌ر ڕاوی خه‌ونی ئازادیی ئینسانی كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به حه‌قیقیی ڕاوی ژیانی ئه‌م كه‌مینه زوڵملێكراوه ده‌كه‌ن. ڕێككه‌وتی ناچاریی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) له‌گه‌ڵ یه‌كێك له دوادیكتاتۆره دڕنده‌كانی جیهانی عه‌ره‌بیی ته‌نها به روونكردنه‌وه‌كه‌ی مەزڵوم کۆبانێ پاساوده‌كرێت، كه له نووسینێكیدا ده‌ڵێت: „كاتێك دوو بژاردەت لەبەردەمدا بێت لە نێوان كۆمەڵكوژیی نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە هەندێك ماف، بەدڵنیاییەوە ڕزگاركردنی گەل لە كۆمەڵكوژیی باشترینە“. له‌نێوان ڕاوكردن و ماڵییكردندا، دۆزینه‌وه‌ی ماڵێك بتپارێزێت باشتره له سه‌ربڕین و خواردن. ئه‌و فاكته تاڵه‌ی له ئه‌زموونی ڕۆژئاوادا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه كه قوربانیانی ڕۆژئاوا به فشاره ئابووریی و سیاسییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ ڕاگرتنی جه‌نگه مه‌ترسییداره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان، زیندوونابنه‌وه، به‌ڵام ده‌توانێت ژیانی ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌ژیاندا ماون و نه‌كوژراون، كه‌م تا زۆر بپارێزێت. پڕۆژه‌ی ڕاوكردنی خه‌ون و ژیانی كوردان له ستراتیژی توركیادا كۆتایی نه‌هاتووه. گۆڕینه‌وه‌ی دیاریی تریش له‌نێوان سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی جیهان و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌كاندا به‌ڕێوه‌یه، كه وا له هه‌ر یه‌كێكیان ده‌كات به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوكێشه نوێی ناوچه‌ییه‌كاندا هه‌ڵسوكه‌وت بكات. كوردی باشووریش له‌داهاتوودا ده‌بێت خۆی یان بۆ ڕاوكردنێكی نوێ ئاماده‌بكات، یان بۆ ڕامكردنێكی نوێی دوای قۆناغی شكستی گوتاری ناسیۆنالیزمه هه‌رێمییه‌كه‌ی ریفراندۆم و كاره‌ساته نیشتیمانییه‌كه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر.
د. موئمین زەڵمی بە درێژای سەدان ساڵ هەردوو نەتەوەی کورد لە ناکۆکی و ململانێ و دانەجیڕە و تەنانەت شەڕ و کاولکاریدا بوون، بۆیەش دەڵێم کورد و تورک، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرچوار وڵاتەکە (عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا) پەیوەندییەکانی کورد و تورک بخەینەڕوو، ئایا کێشەکە هەژموونی سیاسی و پایەماڵی مافی نەتەوەییە، یان پێکەوەهەڵنەکردنی کۆمەڵایەتی و ناتەبایی هامساییە کە کاریگەری لەسەر ڕەوشەکە توندتر کردۆتەوە. بە گوێرە ئەوەی کە ژمارەی هاوڵاتیانی کورد لە باکوری کوردستان لە کوردەکانی پارچەکانیتری کوردستان زیاترە، زۆرترین چاو دەخەینە سەر ئەم پارچەیە و راستییەکی حاشاهەڵنەگریشە کە ناکۆکی و ململانێکانی کورد و تورک لە تورکیادا کاریگەری گەورەی لەسەر تێکرای دوورکەوتنەوەکانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە هەبووە و دەبێت، چونکە هەم بەریەککەوتنەکان زۆرترن و هەمیش زۆرینەی لێکۆڵەرە سیاسیەکانی چارەسەری کێشەی کورد و تورک بە ئەنکەرەوە دەبەستنەوە، یانی ئەو چەند ساڵەی کە پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا هەبووە بە زەمەنی کەمبوونەوەی ململانێ و سەرەتاتکێکانی نێوان دوو نەتەوەکە زانراوە لەسەر ئاستی هەموو پارچەکانیتر. ئەوەی لە تورکیا بینراوە و زانراوە پایەماڵی مافی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی کێرڤی رەگەزپەرستی بووە، ئەوەتا تورکیا گەورەترین کێشەی بووەتە قەزیەی کوردی و کوردیش گەورەترین کێشەکانی هەر لەناو تورکیادایە. کاتێ دەڵێین کێشە دەبێ ئەوە تۆخ بکەینەوە کە لە قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندن بە زمانی دایکەوە کوردەکانی تورکیا کێشەیان هەیە تا دەگاتە دینداری و بازرگانی و گەشتیاری و بازاڕگەری و ڕۆشنبیری و دیوێکی تەواو داگیرساوی کۆمەڵایەتی، درک بەم راستیانەی کە ناکۆکی نێوان کورد و تورک لەگەڵ ئەوەی مێژینەیە بەڵام زۆر قووڵیشە و بەیەکداچوونی ئەو دوو نەتەوەیە هەر بە ناتەندروستی ماوەتەوە و گەورە سیاسەتوان و لێکۆڵەرانی هەردوولاش ئەوەیان باش روونکردۆتەوە کە تا زەمینەی کۆمەڵایەتی وئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە نێوان کورد و تورک‌دا نەڕەخسێنرێت، ناتوانرێت ئاشتەوایی سیاسی بەرقەرار بکرێت. لە یەکێک لە دوایین لێدوانەکانیشیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ باسکردنی ناکۆی دووسەد ساڵەی ئەم دوو نەتەوەیە، هەوڵی نێوەندگیری نێوان کورد و تورک بە یەکێک لە بژاردەکان دەزانێت. لە لایەکیتریشەوە لە دوایین پەیامی خۆیدا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکاری کوردستان کە لە ئیمراڵییەوە پەیامەکەی بڵاوکردۆتەوە بە روونی ئەم پرسە شیدەکاتەوە. ڕۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2019 ، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامەکەیان بڵاوکردەوە، کە باس لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکات، ” وەک نیشانەیەکی مێژوویی، تورک بێ کورد و کورد بێ تورک نابێت، کاتێک لە میزۆپۆتامیا کورد نەمێنێت، لە ئەنادۆلیش شتێک بەناوی تورکیا نامینێت و هەبوون و پێشکەوتنی کورد بە بەهێزبوونی تورکەکانەوە خاوەن هەموو واتایەکە.” ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان جەختیکردووەتەوە، گۆڕانکاریی دیموکراتی بە بەشداری هەموو کۆمەڵگا دەکرێت، پێویستە ڕێبازی خانەوادەپەرەستی، خێڵ پەرەستی و عەشیرەت پەرەستی سەرەڕاست بکرێتەوە و بنەماش چارەسەریی سیاسەتی دیموکراتییە. نزیکەی دە ساڵە بارودۆخی سیاسی سوریا شێواوە و بە تەنیشتییەوە جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆسەری بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە بەریەککەوتنی کورد و تورک راستەوخۆ نەبووە، بە پێچەوانەوە بەریەککەوتنی کورد و عەرەبەدۆستەکانی تورکیا گەرمترکراوەتەوە کە تورکیا بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی ناوخۆی خۆی و مەترسی لە دروستبوونی هەرێمێکیتریتری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بە روونی ڕاگەیاندووە و ئەمەشی نەشاردۆتەوە، تورکیا زۆر نالەبارانە پێی وایە کە ئەگەر کورد لە رۆژئاوا بەهێز بێت ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناوخۆی تورکیا، ئەمەش دەکرێت وەک فاکتێکی سیاسی بخوێنرێتەوە، بۆیەش لە چەند ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەوە بوون کە کورد لە سوریادا لاواز بکات، چەندین رێگای جیاوازیشی گرتۆتەبەر، هەر لە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی نێوان کورد و کوردەوە تا پشتیوانی نەیارانی کورد لە رۆژئاوا و بەهێزکردنی هێزە ئیسلامییە چەکدارەکانی سوریا، و لە تۆخکردنەوەی جیهادەوە تا بنەما دینییەکانیتر، دواترینیشییان ستراتیجی سیاسی و سەربازی و بەدەستهێنانی رەزامەندی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی. تورکیا لە سەرەتای روداوەکانی سوریاوە کێشەی گەورەی ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی لە گەڵ ئەوانیتردا ناگونجێت و خۆشی ناتوانێت رێگەی خۆی بگرێتە بەر بۆیەش وەک پێشتر ئاماژەم پێ‌کرد تورکیا هەوڵی زۆری‌دا پێش ئۆپەراسیۆنەکە و تا ئەوەش کە گڵۆپی سەوزی بۆ کرا شتی زۆری بەخشی، بەڵام تورکیا بەهێزترین ستراتیجێک کە توانی پشتیوانی ئەمریکای وەک زلهێزی گەورە پێ بەدەستبهێنێت. ئەوە بووە کە بە روونی رایگەیاندووە کە پارتی کرێکارانی کوردستانی -پەکەکە تەنها کاتێک دێتە سەر مێزی ئاشتی کە یەکینەکانی پاراستی گەل- یەپەگە لاوازبیت لە سوریا. لە عێراقیشدا کە تاکە هەرێمی فیدراڵی کوردی هەیە ئەزموونی کێشە و ناکۆکی و ناتەبایی نێوان کورد و تورک مێژینەیە، بەڵام ئەوەی وایکردووە کەمتر ئەم ناکۆکییانە رەنگبدەنەوە یەکەم ئامادەگی کورد بووە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا و لە لایەکیتریشەوە ئەو پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمیەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە، چونکە لە لایەک دڵنیاییدان بووە بە تورکیا کە هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، لە لایەکیتریشەوە بەرزکردنەوەی سەقفی هەماهەنگی کلتوری و فەرهەنگی نێوان هەردوو نەتەوەکە و هەردوو دەسەڵاتەکە بووە تا ئەو ئاستەی پۆستی باڵای حکومیش دراوەتە تورکمانەکان، نریککردنەوەی ئامانجە هاوبەشەکانیش لە کەرکوک و ئەو ناچانەیتردا کە تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێن باشترین بژاردەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی بووە. هەرچی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە هەیە، ئەگەرچی زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی لەبار بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک لە پارێزگاکانی ئێران‌دا نیە بەڵام هەوڵە شەڕانگێزییەکانی زۆر تۆخ نەکراونەتەوە، گومان لەوەدا نیە کە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کورد و تورک تێکەڵییان بۆ دروست نەبووە و تائێستاش لە زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانیدا کورد، تورکەکان بە نمونەی ناتەندروستی مامەڵە دەهێننەوە و تورکەکانیش کورد بە شەڕانگێزی دەشوبهێنن، ئەوەتا لە سێ دەیەی ڕابردوودا زۆرجار لە ناوچەکانی ورمێ و نەغەدە و شنۆ‌دا ناکۆکییە کلتوری و نەژادییەکان زەقکراونەتەوەو لەسەر ناو و تابلۆی شارەکان و قوتابخانە و شەقامەکان شەڕو خوێنڕێژی کەوتۆتەوە. لە پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە چەند رۆژی رابردوووودا تا دێت زیاتر جیاوازییە نەژادی و نەتەوەییەکان زەقتر دەبنەوە، لە لایەکەوە باسی بایکوتی هەرجۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی و سیاسی و کلتوری و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و گەشتیاری نێوان کورد و تورک دەکرێت و لە لایەکیتریشەوە نەتەوە خەتابار دەکرێت. بۆیەش لەگەڵ باوڕی تەواوم بەوەی کە کوردیش وەک هەرنەتەوەیەکیتری سەرزەوەی پێویستە خاوەنی کیان و مافی سەربەخۆیی خۆی بێت دەبێت ئەو راستییە زیاتر لەبەرچاوبگیرێت تا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و مرۆڤسەنتەری دیدێکی کۆمەڵایەتی هاوبەش بۆ پێکەوەهەڵکردنی کورد و تورک نەخرێتەوە ئەوا نەک هەر جیاوازییە نەتەوەیەکان زەقتر دەکرێنەوە بەڵکو شەڕانگێزی و توندڕەوی و رەگەزپەرستی زیاتر پەرەدەسەنێت و ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت بە تایبەت بۆ زۆرینەی هاونیشتیمانیانی کورد لە باکور و رۆژئاوای کوردستان.
ئارێز عەبدوڵا ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەشێک لە هەرێمی کوردستانی داگیرکردوە. ئەوەش پێشێلێکی زەقی سەروەری هەرێم و عێراق و یاسا نێودەوڵەتیەکانە، بۆیە پێویستە کۆتای بەو داگیرکارییە بهێندرێ و هێزەکانیان بەخۆشی یان ناخۆشی لە هەرێمی کوردستان بکێشنەوە. دوای پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا پیلانە جەهەنەمیەکەی دژی کورد ئاشکرایە و دەزانین دەیەوێ بەزەبری هێز ئایدۆلۆجیەتیەکەی خۆی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێ. ئەگەر سەیرکەین دەبینین لە کاتی سەر هەڵدانی داعشەوە تا هەڕەشەکانی بۆ سەر هەولێر تورکیا نەک هەر تەماشاکەر، بەڵکو هاوکار و پشتیوانێکی گەورەی بوو. دوای ئەوەیش لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات پایتەختی خەلافەتی داعش روخێندرا و تەخت و تاراجی تێک و پێک درا. تورکیا ئەمڕۆ بێ شەرمانە تۆڵە لەو رزگارکەر و ئازادیخوازانە دەکاتەوە کە مەترسی داعشیان تا هەتا لەناو برد. ئەو داعشەی بەهەزاران خەڵکی سفیل و سەدان پێشمەرگەی ئێمەی شەهید و کەمئەندام کرد بەدەست و فیتی تورکیا بەرەو کوردستان هات، کەچی ئەمڕۆ بەپاساوی روبەڕوبونەوەی پەکەکە خاکی ئێمە داگیر دەکات. خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەرکیز لەبیری ناکەین ئەوانەی دوێنێ داعشیان بۆسەر ئێمە نارد ئەمڕۆ تۆڵەی لەناوبردنی داعش لە رۆژئاوا دەکەنەوە. پیلانەکەی تورکیا تەنیا رۆژئاوا نییە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشە، بۆیە دەبێ ئەو هێزە داگیرکارە بەزووترین کات وەدەر بندرێ.
سەرتیپ جەوهەر لەو رێککەوتنە سەرەتاییەی نێوان پەیەدەو رژێمی سوریادا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رۆڵێکی میحوەریی و کاریگەریی بینی. نێوانگیریی نێوان پەیەدەو رژێم لەلایەن یەکێتییەوە بووەو دواتر روسەکان لەو نێوانگیرییە ئاگادارکراونەتەوە بۆئەوەی وەک لایەنی گرەنتی نێوان ھەردوولا بەشداریی گفتوگۆکان بکەن. ئەو ھەوڵەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند مانگێکە بەردەوامە چونکە زانیاریی و ورد ھەبووە کە ئەمریکا لەگەڵ تورک رێکدەکەون و ناوچەکە چۆڵ دەکەن. ئەو ھەوڵەی یەکێتی لەمۆسکۆو دیمەشق بووەو چەندین دیداری پێشوەختە سازکراوە، بەڵام پەیەدە بەو پێشنیارەی یەکێتی رازی نەدەبوو، بەوھیوایەی بەڵکو ئەمریکا پشتیان تێنەکات. ٧ی ئۆکتۆبەر عەلی مەملوک لێپرسراوی باڵای سوریا پەیوەندی لێپرسراوێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات و تکا دەکات نێوانگیریی نێوان پەیەدەو رژێمی سوریا بکات، ھەر ئەوکاتە نێوانگیرییەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ و گفتوگۆکان راستەوخۆ لەنێوان پەیەدەو سوریا دەستپێدەکات. سەرەنجام سێ رۆژ پێش ئێستا گفتوگۆکان دەستی پێکردو لەسەر داوای یەکێتی حەمید دەروێش کە بەکۆنترین سیاسەتوانی رۆژئاوا ناسراوە، ئێوارەی دوێنێ لە قامیشلۆ بەرەو دیمەشق بەڕێککەوت و ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری پەیەدە بەشدارییان لەکۆبونەوە لەگەڵ رژێم بەئامادەبونی روسەکان کرد‌و رێککەوتنێکی سەرەتاییان کرد. بەپێی رێککەوتنەکە سوپای سوریا بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات و ھێزێکی سنورداری روسیا ھەموو ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە کە تیرۆرستان بەھاوکاریی تورکیا لەنێوان گرێ سپی و سەرێکانی داگیریان کردبوو، ھەروەک ئەو ھێزە ئەرکی پاراستنی تەواوی سنورەکەی پێ دەسپێردرێت. حەمید دەروێش تاکە سیاسی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لەسوریا،تاکە کەس بوو پێش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن رژێمی تورکیا داوای‌کرد خێرا رێککەوتنێک لەگەڵ رژێمی سوریا بەنێوانگیریی و گرەنتی روسیا بکرێت بۆئەوەی بەر لەھاتنی تورکان بگیرێت، بەڵام ئەوکاتە میدیای پەیەدەو بەشێک لەمیدیاکانی باشور بەلایەنگری بۆ رژێمی ئەسەدە تۆمەتباریان دەکرد، بەڵام دوای لەدەستدانی عەفرین، لەو تێگەیشتنە پەشیمان بونەوە. لە ١٦ی ئۆکتۆبەری دوای شکستی ریفراندۆم، بەھەمانشێوە قسەو باسێکی زۆر لەبارەی مقاوەمەتی پێشمەرگە لەکەرکوک ھاتەگۆڕێ، میدیای پارتی بەبەردەوام یەکێتیان بەخیانەت تۆمەتبار دەکرد گوایە لەکەرکوک پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت ئەگەر لەکەرکوک بەرگریی بکرابا بەو ھێزە نابەرابەرە، ئەوا شارەکە بەتەواوی وێران دەبوو سەرەنجام ھەم کەرکوک لەکورد خالی دەبوو، ھەرچی کورد ھەبوو لەترسی پەلاماری دڕندانەی حەشدی شەعبی و میشلیشیاکانی شیعە رایدەکرد، شارەکەش تەخت و وێران دەبوو وەک لەموسڵ رویدا. بڕیاریشە دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنورەکان و جێگیربونی سوپای سوریا لەو سنورانە، گفتوگۆی نێوان پەیەدەو سوریا دەستپێدەکات لەبارەی ئایندەی رۆژھەڵاتی فورات و بەشداریکردن کورد لەحوکمڕان سوریا. ھەروەک گفتوگۆی نێوان کورد‌و رژێمی بەعس دەستپێدەکات لەبارەی نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.
د.جەعفەر عەلی لە ئێوارەی ١٣ی ئەم مانگەدا، دوای ٥ رۆژ لە لەشکرکێشی فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی هێزەکانی سوپای سوریای ئازادی سەر بە ئەردۆغان، بۆ سەر ناوچەکانی بندەستی هەسەدە. ئەم ئێوارەیە هەسەدە رایگەیاند لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئیدی ئەرکی سوپای دەوڵەتی سوریایە سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بپارێزێت، سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا، ئەو سنورانەی کە چەند رۆژێکە کەوتووەتە بەردەم شاڵاوی داگیرکاری هێزەکانی دەوڵەتی ئاکەپە و مورتەزیقەکانی. لە ئێستادا دیوە شاراوەکانی رێککەوتنەکە دیار نییە، نازانین بە تەواوی چۆنە و لەسەرچی رێککەوتوون، ئایا رێککەوتنێکی فرەلایەن و گشتگیرە، یان بە تەنها رێککەوتنێکی سەربازی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوە زیاتر رووندەبێتەوە، بەڵام روونە ئەم رێککەوتنە بە پلەی یەکەم بۆ هەسەدە "رێککەوتنی ناچارییە". هەسەدە بە هۆی پشتگیری ئەمریکا بۆ دەوڵەتی تورکیا، گەورەترین و سەرەکیترین هاوپەیمانی خۆی لە دەستدابوو، هاوپەیمانێک کە بە بوونی چەند راوێژکارێک، یان بوونی چەند بنکەیەکی سەربازی بچووک، یان تیمێکی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا، دڵنیایی پاراستنی ناوچەکەی دەدا لە هەر پەلامارێكی دەرەکیدا. کاتێک ئەمریکا دەچێتە بەرەی دەوڵەتی تورکیاوە و گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان هەڵدەکات تا پەلامار بدات، ئیدی سادەترین شیکەرەوەی سیاسی و سەربازی دونیا دەتوانێ ئەو راستییە ببینێت، کە تۆ چەندیش جەنگاوەری ئازا و دڵسۆز و خۆڕاگر بیت، سەرەنجام نابەرامبەری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ناهاوسەنگی لە بوونی تەکنۆلۆژیای سەربازی مۆدێرن، دەتوانێ وا بکات لایەنی پەلاماردەر جەنگەکە بە قازانجی خۆی لە رووی سەربازییەوە بە کۆتا بێنێت. ئەم راستییە وایکرد، هەسەدە لەبەردەم گەورەیی پەلامارەکە و هەڵوێستی ئەمریکا، بیر لە "چارەسەری ناچاری" و "رێککەوتنی ناچاری" بکاتەوە. چارەسەری ناچاری، واتە دۆزینەوەی هاوپەیمانێکی نوێ بە ناچاری، کە هێزی را‌گرتن، یان لانیکەم بچووککردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر ژیان و سامانی خەڵک لە ناوچەکەدا هەبێت، لێرەوە هەسەدە بە نێوەندگیری روسیا روو بە دیمەشق دەگاتە "رێککەوتنی ناچاری". هەسەدە دوو بژاردەی لەبەردەستدا بوو، بژاردەی سێیەم بوونی نەبوو. یان بەپشتبەستن بە هێز و ئیرادەی خۆیان، بەردەوام دەبن لە بەرگری و ئەنجامدانی دژەهێرش، واتە درێژەدان بۆ ماوەیەکی درێژتر بە شەڕێکی نابەرامبەر، کە ئەنجامەکەی لە رووی عەسکەرییەوە بۆ فەرماندەکانی هەسەدە و هەر چاودێرێکی سیاسی، وەک رۆژی روون دیاربوون، یان رووکردنە بەرەی دیمەشق-روسیا، واتە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی کۆنی تازەدا، "ئاڵتەرناتیڤی ناچاری"، چونکە دەبێ بزانین پێشتریش چەند مانگ بەر لە ئێستا کاتێک ئەمریکا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا دەکرد، قسەکردن لەبارەی رووکردنە ئەم ئاڵتەرناتیڤە ناچارییە بوونی هەبوو، بەڵام دڕدۆنگی و راڕایی ئەمریکا لە بارەی پرسی کشانەوەکەی و دواخستنی بۆ ئێستا، هەنگاوەکانی ئەم رووتێکردنەی سست و لاوازتر کرد. هەسەدە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، بژاردەی دووەم، "بژاردەی ناچاری" هەڵبژارد، واتە بە ناچاری رووکردنە دیمەشق. ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنەش بریتییە لە ستراتیژی "پاراستنی ئەوەی دەتوانرێ بپارێزرێ، بپارێزرێت" باشترە لەوەی هەموو شتێک لە دەست بدەی. مەزڵوم کۆبانێ یەکێک لە فەرماندەکانی هەسەدە ورد و لۆژیکی ئاماژەی بە دۆخەکە کرد و گوتی: "لە نێوان جینۆساید و سازشکردندا، ئێمە خەڵکەکەمان هەڵبژارد"، رستەیەک ئەگەر بە دیوە هیومانیستییەکەی سەیری بکەین، پڕیەتی لە ئینسانیەت و پەرۆشی بۆ ژیانی ئینسان، رستەیەک لەبەردەم بێ مۆڕاڵی دونیای گڵۆباڵ و بە بایەخگرتنی سەرمایە و پەیوەندی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارەدا، هەرچی زیاتر بێبەهاکردنی ئینسانمان لە نێو پرۆسەی ململانێ جیهانییەکە و بە یەکدادانی بەرژەوەندیەکاندا بۆ دەخاتە روو. ترەمپ روون و ئاشکرا، راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی شاڵاوی داگیرکارییەکەی تورکیا، گوتی: "ئێمە سەربازی زیاتر بۆ سعودیە دەنێرین، چونکە سعودیە پارەمان دەداتێ". واتە هۆکاری بنەڕەتی بڕیاری ئەمریکا بۆ پاشەکشەی سەربازی لە سوریا، هێندەی پەیوەندیدارە بەوەی، کە ئەوەی لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لە تورکیا دەستیان دەکەوێت لە سوریا دەستیان ناکەوێت، پەیوەندی بە بابەتێکی دیکەوە نییە. بڕیاری هەڵبژاردنەکەی هەسەدە چەندیش لە رووی سیاسییەوە ناچاری بێت، لە رووی ئینسانی و ژیاندۆستییەوە، بڕیارێکە تەواو لە جێگەی خۆێدایە. مرۆڤ نابێت لەو چرکەساتەی دەرفەتی رزگاربوون بە زەرەری کەمتری بۆ دەڕەخسێت، بە ناوی گوتاری حەماسی، هەڵچوونی هەرزەکارانە، بە ناوی ئازایەتی و خۆڕاگرییەوە، بە قاچەکانی خۆی رێگە بەرەو ناو زاری ئەو ئەژدیهایە ببڕێت، کە فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی ئەو دونیا بێ مۆڕاڵە لەبەردەم دەروازەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا لە رۆژئاوا وەک دڕندەیەکی تینوو بە خوێن نوێنەرایەتی دەکات. کورت و پوخت، بازنەکانی ململانێ و دابەشبوونی ناوچەکانی نفوز و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رۆژهەڵاتیش، تایبەت لە سوریا، هەمیشە هێزەکانی خستۆتە بەردەم بژاردە و بڕیاری تازەوە. بە گوێرەی ئەوەی ململانێکان بەردەوامن، بە یەکدادانی بەرژەوەندییەکان درێژەیان هەیە، هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری لە گۆڕاندان، زۆر ئاساییە کۆی ئەو ململانێ و بەریەککەوتنانە، هەسەدە بخاتە بەردەم بڕیار و بژاردەی نوێوە بە رووکردنە دیمەشقیشەوە. ئێمە دەزانین و کوردانی رۆژئاواش لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر لەوە ئاگادارن، کە دەوڵەتی سوریای ئەسەد بە درێژایی مێژوو بۆ کورد جێگەی ئومێد نەبووە، وەکچۆن ئەمریکا و روسیا و کۆی وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و ئیسلامیش جێگەی ئومێد نەبوون، برینەکانی ناو مێژووی ئێمەش زەبر و جێ پەنجەی هەموویانی بەسەرەوەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، کە نە ئەسەد و نە کوردانی رۆژئاواش لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی، تەنانەت ئابووری، پێش ساڵی ٢٠١١دا ناژین. بۆیە کاتێک ناچاری دەتباتە سەر مێزی گفتوگۆ، دواتریش دەتگەیەنێت بە رێککەوتن، دوور نییە هەندێک دەرەنجامیشت هەر لە ژێر باری ناچاریدا بەسەردا بسەپێنێت، ئەگەر بەشێک لەو دەرەنجامانە وەک خواردنەوەی پیاڵەیەک لە ژەهریش وابێت، ئەم خواردنەوەی پیاڵەی ژەهرە، چەند بۆ هەسەدە تاڵە، هێندەش بۆ دیمەشق، لە کاتێکدا ئەگەر تەنها یەک خاڵی رێککەوتنەکە لە ئایندەدا بە قازانجی کورد و زەرەری تێزی روانینی کۆنی دیمەشق بۆ کورد، تەواو بێت. با چاوەڕوان بین، بزانین ئەمجارەش چاوچنۆکی بێ سنوری سیاسەتی دەرەئەخلاقی جیهان بۆ پارە و راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکان، پرسیار لەسەر مرۆڤبوونی ئێمە و ئەوان، بەرەو کوێ دەبات.
هیوا سەید سەلیم دوای رێكەوتنامەی نێوان هەسەدە و سوپای سوریا، كە بە چاودێری رووسیا لە بنكەی سەربازی حمێمیم، سەبارەت بە هاتنەوەی سوپای سوریا بۆ منبج و كۆبانێ و عەین عیسا، لێرەو لەوەی شیكاری جۆراو جۆر بۆ ئەو هەنگاوەی هەسەدە دەكرێت. بەشێك دوور لەوەی هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكانیان خوێندبێتەوە، هەسەدە تۆمەتبار دەكەن بە خۆبەدەستەوەدانە هەروەها كارەكەشیان پێ گەڕانەوەیە بۆ باوەشی رژێمی سوریا. ئەكەرچی بۆ هەموو لایەك هێشتا زوو شیكاری بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی ئەو ڕێكەوتنامەیە بكرێت، بەڵام وەك بەرپرسانی هەسەدە ڕایانگەیاندبوو( ئەوان لە نێوان دوو بژاردە رێكەوتنیان لەگەڵ سوریا هەلبژاردووە). بۆیە قسە لەسەر ئەو دوو بژاردەیە دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی كە ئایا بۆچی هەسەدە لەگەڵ رژێمی سوریا رێكدەكەوێت؟ ئاشكرایە كە دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا چرای سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵكرد، هێزەكانی ئەمەریكا لە سەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە، ئیدی دەرفەتێك بۆ توركیا رەخسا تا خەونی داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان بكات بە واقع، دوای ئەوەش ئەمەریكا هەر بەوەندە نەوەستا بگرە بڕیاری دا كە لە شوێنە هەستیارەكانی وەك (كۆبانی و منبج) یش هێزەكانی پاشەكشە پێ بكات. ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و تویتە بەردەوامەكانی تڕا‌مپ، وا لێكدەدرێتەوە كە هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا رێككەوتوون بەوەی توركیا بە قوڵایی 34 كیلۆمەتر بێتە ناوخاكی سوریا لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا كە سەرەتا ئەمەریكا بەڵێنی بە رۆژئاوای كوردستان دابوو كە ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم فرۆكەكانی توركیا پارێزراو دەبێت، وە ئەگەر توركیا فرۆكە دژی رۆژئاوا هەڵسێنێت ئەوا ئەمەریكا ئابووریەكەی وێران دەكات!! دوای پەلامارەكانی سوپای توركیاش بۆ هەریەك لە سەرێ كانیێ و گرێ سپی و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، ئەمەریكا نەك ئاسمانی رۆژئاوای لەبەردەم فرۆكەكانی توركیا نەپاراست، بەڵكوو بەبەرچاوی دەورەیە سەربازیەكانی ئەمەریكا فرۆكەكانی توركیا كۆمەڵكوژیان لەو ناوچانە ئەنجامدا، بە بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو وە بە ئامانجگرتنی خەلكی سڤیل سوپای توركیا لە رۆژئاوای كوردستان پێشێلی یاسایی نێودەوڵەتیان كرد. ڕاستە كە هێرش و پەلاماری ئەو دواییەی سوپای توركیا لەچەند رۆژی رابردوو بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدە رووبەڕووبۆتەوە، بە قارەمانیەتی هەسەدە تا ئێستا توانراوە رێگری لە داگیركاری ئەو ناوچەیە بگیڕێت. بەڵام بەهۆی نابەرابەری هێز لە نێوان دەوڵەتی توركیا كە لە لایەن هێزە تیرۆرستیەكانی بەرەی نوسڕە و پاشماوەكانی داعش پشتیوانی لێدەكرێت لە لایەك، وە هێزەكانی هەسەدە، درێژەدان بەو شەرە تاسەر لە قازانجی رۆژئاوای كوردستان مسۆگەر نابێت. هەڵوێستی نابەرپرسانەی ئیدارەی ئەمەریكا لە پشت كردنە هاوپەیمانەكانی لە رۆژئاوای كوردستان و نابەرابەری هێزە لە مەیدانەكانی شەر، هەسەدەی ناچاركرد كە لە نێوان قەبووڵكردنی دەرەنجامەكانی كۆمەڵكووژی سوپای توركیا بەسەر گەلی رۆژئاوا و رێكەوتن لەگەڵ سوپای توركیا دووەمیان هەلبژێرێت. ئەوانەی خوێندنەوەی درووست دەكەن بۆ دۆخی ئێستایی رۆژئاوای كوردستان پشتیوانی دەكەن لەو هەنگاوەی هەسەدە. هەسەدە بەو رێكەوتنەی توانی بنەمەكانی یاریكردن بگۆڕێت، كە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان پێ دەوترێت(قەواعدی لعبە). بۆ نموونە كاتێك یاریچیەكی وەك ئەمەریكا لە پاراستنی رۆژئاوای كوردستان پەشیمان دەبێتێەوە، ئیدی هەسەدە دەبێت پەنا بۆ ركابەرەكەی كە روسیایە ببات تا ئاسمانەكەی لە پەلاماری فرۆكەكانی توركیا بپارێزێت. ئەزموونی داگیركاری عەفرین ئەو لێكەوتەی كە لەو داگیركاریە كەوتەوە،دەبوو هەسەدە ئەو رێكەوتنە بكات، ئەگەرنا شوێنێكی وەك كۆبانی كە لە ساڵانی ڕابردوو جگە لە قوربانی زۆر تووشی وێرانی بووەوە، كە لەو چەند ساڵەی دوای بە هاوكاری دەرەكی و ناوخۆیی ئاوەدان كرابووەوە، یەكەمین شوێن دەبوو كە لەلایەن توركە داگیركەرەكان وێران دەكرایەوە. دواجار دەڵێین خیانەتی تڕا‌مپ لە رۆژئاوا وەرچەرخانێكی كتوپڕ بوو لە سیاسەتی ئەو وڵاتە، بۆیە با پەلە نەكەیەن لە بڕیاردان، ئەگەڕ روسیا جدی بێت لە سەپاندنی رێگری لە فرۆكەكانی توركیا بۆسەر خاكی رۆژئاوا ئەوا زۆرێك لە هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەر دێت، بە تایبەت كە وڵاتانی ئەورپاش خەریكی درووستكردنی بەرەیەكن لە دژی لەشكركێشی توركیا بۆسەر رۆژئاوا. با پەلە نەكەین واقعی شتی دیكەمان ، ئەوانەشی كە یەكسەر دەستاینكرد بە تەخوینكردنی هەسەدە، ئەو هەنگاوە بە خۆبەدەستەوەدانی رۆژئاوا لەقەڵەم دەدەن، ئەوانە هەڵگری شمشێری تیژن دوور لە مەیدانی جەنگ.
نەبەز گۆران تەماشای رۆژئاوا دەكەین، ئەوەی چاوەڕواندەكرا رووبدات ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. ئەو شەوەی سەرۆكی ئەمریكا باسی پاشەكشێی هێزەكانی كرد و لەگەڵ توركەكان رێككەوت بچنە ناو خاكی رۆژئاواوە، راستەوخۆ بۆ بەیانییەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئێمە ئامادەین نێواندگیری هێزە كوردییەكان و دەوڵەتی سوریا بكەین." دوو شەو پاش ئەوە، سەركردە (مەزڵووم كۆبانێ) هەمان پەیامی گەیاندە ئەمریكا و بەروونی پێیوتن:" گەرناتوانن میللەتەكەم بپارێزن، چۆڵیكەن با هێزی تربهێنم بۆ پاراستنی." سەركردەكە لە پێناو میللەتەكەیدا ئەوەی كرد كە وتی. هێزەكانی رۆژئاوا بۆ جاری دووهەمیانە جوامێرانە و بەرگریكارانە رووبەرووی شەڕی هێزی فاشیزم ببنەوە، بەبێ ئەوەی ئەو فاشیزمەی رووبەرووی دەبنەوە بیانكات بە فاشیزم. لە پێشتردا هێزە دینییە توندوتیژەكەی _داعش_یان تێك شكاند. ئەمجارەش بە هەمان شێوە لە شەڕێكی نا بەرامبەردا رووبەرووی گەورەترین هێزی ناتۆ بوونەوە و توانیان بەری پێبگرن و كاتی پێبكوژن تا جوڵەی دیكە بكەن. شەڕەكەی ئەمجارە مەترسیدارتربوو، چونكە لەگەڵ سوپایەكی گەورەی پڕچەكدا رووبەروو بووبوونەوە، كە ئەو سوپایە روبكاتە هەرشوێنێك بە ئاسانی داگیری دەكات، ئەمریكاش وەك مشەخۆرێك لەو نێوانەدا دەیەویست لەرێگەی میدیاوە سەرقاڵی فریودانبێت و جینۆسایدێكی نوێ رووبدات و، پاشان وەك پاڵەوانێكی هۆڵیۆدی خۆی بكات بە مرۆڤ دۆست و خۆی بخزێنێتەوە ناو كارەساتەكانەوە بۆ جوانكردی سیما دزێوەكەی خۆی. هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا بەباشی لەم یارییە تێگەیشتن، ئەوان وەك سەركردە (مەزڵووم كۆبانێ) دەڵێت: " دەبوو لەنێوان جینۆساید و سازشكردندا یەكیان هەڵبژێرین، ئێمە میللەتەكەی خۆمان هەڵبژارد." ئەم رێككەوتنە لەم قۆناغەدا ژیرانەبوو. جوڵەیەكی پێچەوانەی باشبوو، لە جوڵەی جوتیارێك دەچێت، كاتێك دەبینێت ئەو داهۆڵەی كەڵكی نەماوەو ناتوانێت دانەوێڵەكەی لە باڵندەكان بپارێزی، دەیگۆڕێت بە داهۆڵێكی دیكە تا دانەوێڵەكەی بپارێزێت. پرۆژەكەی توركیا گەر شكستی یەكجارەكیشی نەهێنابێت، لانیكەم وەستێنرا. ئیدی ئەو هێزە فاشیستە لەچكبەسەرە ناتوانێت خەونی كۆتایی هێنانی رۆژئاوا ببینێت، ناشتوانێت ئەو غرورە بیگرێت بەرلەوەی رۆژئاوا كۆنترۆڵبكات، راستەوخۆ دەستبكات بە هەڕەشە لە باشووری كوردستان. بێگومان دەیەویست لە قۆناغی دوای رۆژئاوا كێشەی (كەركوك و كەمپی مەخمور و قەندیل) بكاتە كێشەیەكی دیكەو روو لەباشووریش بكات. بەڵام بەم رێككەوتنە ئێستا لە دۆخێكی دیكەدایە. ئیدی لەوە تێدەگات شەڕكردن لەگەڵ سوپای سوریادا، شەڕكردنە لەگەڵ روسیا و ئێران. كاتی خۆی كە خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی دەستیانپێكرد، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆیشتە لای(بەشارئەسەد) لەو دیدارەدا بەڵێنی پێدا هاوكاری بێت و نەهێڵێت بكەوێت، ئێران بەڵێنەكەی خۆی بردە سەر. تا ئێستا نزیكەی _16_ ملیارد دۆلاری خەرجكردوە بۆ هاوپەیمانەكەی، ئەمە جگە لە كۆمەڵێك چەك و تەقەمەنی و ناردنی سوپا و موشەك. هەرچۆنێك بێت نەیهێشت هاوپەمانەكەی بكەوێت، لەم دوایەدا لە خۆپیشاندانەكانی سەوزەكانی ئێران‌دا دروشمی،" یارمەتی سوریا مەدەن، یارمەتی میللەتەكەی خۆتان بدەن." بەرزكرابووییەوە. ئەوكات سەرۆكی سوپا لە وەڵامی ئەو دروشمەدا وتی:" ئێمە ئەگەر لە سوریا شەڕ نەكەین، شەڕەكە دێت بۆ كرماشان و دەبێت لێرە بەرگری بكەین." ستراتیژەكەیان رونبوو لە دەرەوە شەڕدەكەن تا شەڕ نەیەتە ناو ماڵەكەیان. بێگومان توركیا ئیدی دەترسێت لەم شەڕە، ئەمە شەڕێك نییە تەنها لەگەڵ هێزە كوردییەكان، شەڕێكە لەگەڵ سێ دەوڵەتی گەورە و هێزێكی بەرگریكاری ئازای كورددا. ئەشێت لێرە لە هەرێم كۆمەڵێك (دیدی من) دروستبێت، ئەم (دیدی من)ە تەنها بەو جۆرە وێنای دیمەنەكە دەكات بە ویستی خۆی بێت، گەر بەویستی خۆی نەبوو بە جۆرێك لە تێك‌شكان یان تەسلیمبوون یان كۆتایی هاتن لێكدانەوەی هەڵەی بۆدەكات. رێككەوتنەكە بەرگریكردن بوو لە رزگاركردنی میللەتێك نەخشەی جینۆسایدی بۆ كێشرابوو. توركیا پڕۆژەی هەبوو ئەوەی دەیكوژێت بیكوژێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەشوێنی خۆی دەریبكات و عەرەبی هاوردە بخاتە شوێنی و كۆتایی بەو نەخشەیە بێنێت كوردی تێدا نیشتەجێیە. لێرە هەندێك پێان وایە: كۆتایی هێنانە بە كیانی كوردی لە رۆژئاوا، بەڵام ئەمە كۆتایی هێنان نییە بەو كیانە، ئەو رێككەوتنەی كراوە، یەكەم/ رزگاركردنی كوردە لەو شەڕە نابەرامبەرە كە چاوەڕێی سڕینەوەی لێدەكرا و چاوەڕێدەكرا گەر نەكوژرێت دەربكرێت، دووهەم/ لە رێككەوتنەكەدا هاتووە، هێزە كوردییەكان كرانە فەیلەقێك بۆ پاراستنی ناوچەكەی خۆیان. سێهەم/ گفتوگۆی نێوان ناوەند و كوردەكان دەست پێدەكات و لە پاش شەڕەكەش ئەم گفتوگۆیە ئامانجی خۆی دەبێت. هەرچۆن ئێمە دوای سی ساڵ جارێكی دیكە بەبێ ئەوەی هیچ شەڕێك بووبێت، بەبێ ئەوەی مەترسی جینۆسایدمان لەسەربێت بەهۆی هەڵەیەكەوە گەڕاینەوە ناوەند و ئێستا رۆژانە وەك زەڕنەقوتە دەممانكردوەتەوە تا ناوەند موچەمان بۆ بنێرێت، ئەوانیش وەك كیانێك مافی خۆیانە رێككەوتن بكەن و گفتوگۆش بكەن و ئەنجامێك بەدەست بهێنن بۆ میللەتەكەیان. گەرواقیعت دەوێت جیهان و سیستەمی سەرمایەداری پڕۆژەی نییە نەخشەی رۆژهەڵات بۆ كورد دەسكاری بكات و هەڵیوەشێنێتەوە، كەواتە لەگەڵ ناوەندا گفتوگۆبكە بۆ بەهێزكردنی خۆت لەرووە ئابووریی و سیاسیی و سەربازییەكەوە. بیریشمان نەچێت پێشوتریش هیچ شەڕێك لەنێوان هێزە كوردییەكان و سوپاكەی سوریا رووینەدابوو. شەڕی هێزە دینیە توندڕەوەكان دۆخێكیان بۆ سوریا دروستكرد، ئێستا بەشێكی زۆری خەڵك خۆشحاڵن بە گەڕانەوەی سوپاكەی سەردەمی پێشوو. هێشتا لەچاو هێزە دینیەكان ئەوان بەباشتر دەبینرێن! ئەمە یانی خراپ لە خراپتر باشترە. چیرۆكەكە بەمە كۆتایی نەهاتووە، لەوانەیە گەورەتربێت و شەڕەكە گەشە بكات، ئەگەر توركیا زیاتر سەركێشی بكات و زیاتر سووربێت لەسەر پرۆژەكەی خۆی، بێگومان شەڕەكە لەوە گەورەتردەبێت تەنها پەیوەندی بە كوردی رۆژئاواوە بێت. شەڕ لەگەڵ ئێران و روسیا، بۆ توركیا زەحمەتە، ئەو سوپایەش هاتووە هاوپەیمانی ئەو دوو دەوڵەتەیە، لانیكەم ئێرانییەكان ناوەستن لە پاڵپشتی كردنی هاوپەیمانی خۆیان، سروشتی سیاسەتی سەردەمی ئاخوندی ئێرانی، سروشتێكی نەریتییە، یان نابێتە هاوپەیمان، یان كەبوو تا بەكوشدانی خۆی لەگەڵی دەچێت، جیاوازە لە سروشتی ئەمریكا و ئەم سیاسەتە پۆپۆلیستییەی ئێستا. وا خەریكە ناوچەكە وردە وردە دەبێتە ناوچەی روسیا و هاوپەیمانەكانی، بە پاشەكشێكانی ئەمریكا هێزی دیكە دێتە شوێنی. بۆ كوردانی رۆژئاوا چەند كارێكی ژیرانەبوو ئەم رێككەوتنەیانكرد، هێندەش كارێكی ژیرانەیە لە قۆناغی دوای رێككەوتنەكەوە بتوانن بەباشی مامەڵە لەگەڵ گەورەكردنی ئەم كەیسە بكەن. هێشتا روون نییە (عەفرین) چیبەسەردێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سوریا وڵاتێكە چوارچێوەی یاسایی خۆی هەیە، هێزی گەورە پشتیوانین، بێگومان داگیركاری بێگانە قبوڵ ناكات و بیرلە پاككردنەوەی ئەوێش دەكاتەوە. كوردەكانی رۆژئاوا ماندوون، شەڕ لەدوای شەڕ رووبەروویان دەبێتەوە. سەركردایەتیەكەیان هەم ئازان، هەم راستگۆ، هەم پاكن. سەركردایەتییەكیان هەیە لەیەك ساتدا جنگاوەرە و سیاسیشە. ئەوەی بەلایانەوە گرنگە میللەتەكەیانە، شەڕ و ئاشتی، رێككەوتن و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لە پێناو میللەتەكەیان دەكەن. لە شەڕی پێشودا كوردیان خستە ناو چیرۆكە جیهانییەكانەوە، لەم شەڕەیاندا لەگەڵ توركیا هێندەی دیكە چیرۆكی كوردیان گەورەكرد، لەدونیادا كورد بووەتە باسێكی گرنگ، لەم شەڕەدا لەگەڵ هاوپەیمانە نوێیەكانیان سەربكەون بەسەر توركەكاندا، دەچنە قۆناغێكی دیكەوە. سوپای سوریا و سەركردایەتییەكەشی كە _بەعسی عەلەوی_ییە. نایانەوێت شەڕ لەگەڵ كوردەكانی رۆژئاوا بكەن، بێگومان ئێرانییەكان و روسەكانیش نایانەوێت ئەوە رووبدات، بۆیە لە هەموو حاڵەتێكدا بە گۆڕینی چیرۆكەكە لە رێگەی رێككەوتنێكەوە چاوەڕواندەكرێت كوردەكانی رۆژئاوا باشتر پایەی خۆیان بەهێز بكەن و دەبێت سوپاسی ئەو سەركردایەتییە جوامێر و پاكەیان بكەین، سوپاسی شەڕفانەكانیان بكەین، كە لەپێناو میللەتەكەیان هەموو شتێكیان كردووە.
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن ڕه‌وشی قه‌یراناویی و ناکۆکی و ململانێ ناوچه‌ی و جیهانیه‌کان ، جه‌وهه‌ری ئاڵوگۆڕه‌کانی به‌جۆریک مانه‌فیست کردوه که له‌گه‌ڵیدا هاوته‌ریب و به‌رده‌وام بێت . جه‌هانگیری و کاڵکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان که‌ئامانج تیایدا دروستکردنی بازاڕێکی یه‌کگرتوی جیهانی بوو به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا ، زه‌مینه‌ی تاک جه‌مسه‌ری به‌جۆرێک خولقاندبوو که کۆی جیهان وابه‌سته‌و خافڵگیری ئه‌مریکا بێت ، دواتریش په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ، هه‌وڵه‌کانی سرینه‌وه‌ی پێکدادانی که‌لتوری که ( هنگتن ) به‌مه‌ترسی بوسه‌ر ئه‌مریکای ده‌زانی ، به‌شه‌ریه‌تی به‌جورێک جوڵاند ، که‌هێزه جیهانی و میحوه‌رییه‌کان ڕێگه له‌و ته‌وژمه ئه‌مریکیه بگر‌ن که‌ساڵانێکه به‌ناوی جه‌نگی دژه‌تیرورو دیموکراتیزه‌کردنی سیسته‌مه‌کانه‌وه په‌یامی جوراوجۆر ده‌رخواردی به‌شه‌ریه‌ت و ڕوژهه‌لاتی ناوین ده‌دات. گه‌شه‌ی خێرای ئابوری چین و ، ئاماده‌یی مه‌یدانی ڕوسیا له‌ناوچه‌که‌و ، ده‌رپه‌ڕینی ئێرانیه‌کان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی و ، داگیرکردنی ناوچه‌ی حه‌یه‌وی ، پرسی تاکجه‌مسه‌ری ئه‌مریکای کرد به‌خه‌ونێکی نه‌بینراو و ، تورکیای دۆستیشی گه‌ڕانده‌وه بۆ کوانوی میراتی قه‌ڵه‌مڕه‌وه مێژووییه‌کانی . دیاره له‌ڕه‌وتی ئه‌م گوڕانکاریانه‌شدا ، کاتێک تورکیا له‌جه‌نگی تیروردا ده‌بێت به‌هێلانه‌ی هه‌لهینانی داعش و ، کوردیش له‌هه‌دوپارچه‌ی ڕۆژئاوا‌و باشوور ده‌بنه براوه‌ی جه‌نگ و ، سنور‌و خاکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان که‌ناوچه‌ی پڕخێرو گرنگ و حه‌یه‌ویه ده‌که‌وێته ده‌ستیان ، ئه‌وا سوڵتان هه‌ست به‌خاڵه لاوازه‌کانی به‌جه‌مسه‌ربونی وڵاته‌که‌ی ده‌کات ، بۆیه هه‌رچی جڕوجانه‌وه‌رو مرۆڤکوژه به‌ناوی ( له‌شکری محه‌مه‌ده ) وه کۆیانده‌کاته‌وه‌و ، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی گه‌لێک ده‌دات و ، ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌کی فراوانی حه‌یه‌وی بخاته بن ده‌ستی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی که‌دوای شکستی به‌غدادی ، ئه‌ردوگان نماینده‌ی ده‌کات . به‌یان نامه‌که‌ی ( هه‌سه‌ده ) که‌به‌بی هیچ ناوه‌رۆکێک ، گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شکری عه‌له‌وی بۆ سنوری خۆسه‌ری دیموکراتی ڕاگه‌یاند ، ئاماژه‌ی به ( ١١٠٠٠ ) شه‌هیدو برینداربوونی زیاتر له ( ٢٤٠٠٠ ) شه‌رڤان کرد ، که‌له‌شه‌ڕی تاریک په‌رستاندا ڕۆحیان به‌ڕوناکی به‌خشیوه ، ئاخر کاره‌ساتی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌بوو که تاکڕه‌وی په‌که‌که بواری نه‌دا له‌ته‌مه‌نی خۆسه‌ری دیموکراتیدا ، سه‌رجه‌م ڕۆله‌کانی رۆژئاوا له‌سایه‌ی ئه‌و خوینه‌ی بۆ ئازادی به‌خشیان ، موماره‌سه‌ی دیموکراسیانه‌ی سیاسی بکه‌ن ، که‌دواجار بوو به‌گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کوردی له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا . له‌وه‌ش زیاتر غیابی په‌که‌که له مه‌شهه‌دی ئوپراسیۆنه سه‌ربازیه‌که‌ی ( کانی ئاشتی ، که‌به‌خوینی شه‌رڤانان ته‌قیبوو ) سه‌لماندی که به‌ئاگا بووه له‌پیلانی کۆبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هێزه ناکۆکه ( ئه‌مریکاو روسیا و ئیران و تورکیا‌و سوریا ) بۆسه‌ربڕینی رۆژئاوای کوردستان . هه‌رچه‌نده کۆی ئاڵوگوڕه‌کانی ناوچه‌که‌و به‌تایبه‌تی دوا ته‌سعیدی عه‌سکه‌ری دژی ڕوژئاوا له‌ژێر هه‌ژموونی بڕیاره موخابه‌راتیه‌کاندا به‌ڕێوه‌ده‌چن ، به‌ڵام ده‌توانین له‌پێدراوه‌کانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین ، به‌داخه‌وه کورد له‌کۆی پێدراوه‌کانی دوای ئۆپراسیۆندا خه‌ساره‌تمه‌ندی یه‌که‌مه‌و ، ئه‌وه‌ی له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا هه‌بوو که‌به‌ره‌غمی که‌می و کورتی و ڕه‌خنه‌کانمان ، مه‌سنه‌دێکیش بوو بۆ باشوور له‌ده‌ست چوو، لێ تورکه‌کانیش جگه‌له‌وه‌ی به‌ده‌ستکه‌وتی که‌متر له‌ڕێکه‌وتنی ( ئه‌ده‌نه ) که ئه‌سکه‌نده‌رونه‌ی له‌نه‌خشه‌ی سوریا دابڕی رازی نابن ، ئه‌وا له‌و که‌لێنه سنوریه‌ش قوتار بوون که‌مه‌زاجی سوڵتانی نائارام ده‌کرد . هه‌رچی ڕوسه‌کانیشه ئه‌و ئامانجه‌یان پێکا که‌سوریایه‌کی یه‌کگرتوو ته‌سلیمی به‌شار ئه‌سه‌د بکه‌نه‌وه و ، له‌م نێوه‌نده‌شدا ئه‌وه‌ی نادیاره ، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکایه له‌پرۆسه‌که‌دا ، بۆیه یان ده‌بێت به‌و شکسته ڕازی بێت و ، ترامپ وه‌ک ورچ گازله برینی فه‌شه‌لی خوی بگرێت ، یان له ناوچه‌که‌دا له‌ژیر چه‌تری بیده‌نگی ڕوسیادا ، موعجیزه‌ی تر ده‌خولقێت . له‌کاتێکدا ( مه‌زڵوم کۆبانی) له‌دوای ڕێکه‌وتنه‌که ، به‌ڕای گشتی ووت ، له‌نێوان نه‌مان و سازشدا ئێمه سازشمان هه‌ڵبژارد ، ئه‌وا لێدوانه‌که‌ی مه‌زڵوم جگه‌له‌وه‌ی ده‌لیلی مه‌زڵومیه‌تی گه‌لێک بوو ، زۆریش ڕاستگویانه بوو ، به‌لام ئه‌وه‌ی جیگه‌ی شه‌رم و هه‌ڵوه‌سته‌یه ، ئه‌و ژاوه‌ژاوه بوو که‌له کۆشکی کۆماری عێراقه‌وه بۆگه‌وره‌کردنی ڕۆڵی نێوه‌ندگیری سه‌رۆک کۆمار بیستمان ، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی کۆی ڕێکه‌وتنه‌که ( زوڵم نامه ) یه‌کی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییه ، که‌خاوه‌نه‌که‌ی پێیده‌ڵێت سازش ، نه‌وه‌کو به‌رهه‌مێک بۆ شانازی . .
ئاسۆس هه‌ردی ئەمڕۆ لە وتارێکی میدیاییدا، ئەردۆغان بە دوور‌و درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی رۆژاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە هی شەوو رۆژێک نیەو ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. پێشتریش لە میدیاکاندا بینیمان تەنانەت نەخشەی ئەو شار‌و شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە رۆژاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە قسەو رەخنەکانی دەوڵەتان‌و رایگشتی جیهانیان بەلاوە گرنگ نیەو سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی ٣٠-٣٥ کیلۆمەتر خاکی رۆژاوا داگیر دەکات. وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەهێشت‌و راستەوخۆ قسەی دەکرد. ئەوەی لە وتەکانی "سوڵتانی چنگ بەخوێن"دا تەنانەت بۆ هەندێ میدیای تورکیش جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ "عێراق". ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: "ئەگەر سووریا لە هەقیان بهاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە.... با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا هەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، رووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند رۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم... کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە... ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین.... کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن."(جێگەی سەرنج بوو، کاتێک ئەردۆغان ناوی عێراقی هێنا، ئاکاری وەزیری بەرگری کە لەتەنیشتییەوە دانیشتبوو لەسەر پارچە کاغەزێک تێبینییەکی خستە بەردەستی، پاش خوێندنەوەی تێبینییەکە ئەردۆغان وتی: نەمدەویست ناو بێنم!) رستەی "لەعێراقیشدا هەمان شتە"!، هیچ تەفسیرو شیکردنەوەیەکی پێویست نیە. زۆر بە روونی ئەردۆغان دەیەوێ بە هەموو جیهان بڵێ پاش داگیرکردنی رۆژاوا، نۆرەی باشوورە. چونکە وەک چۆن دەڵێت پەیەدە لەسەرسنوورمان هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکا، بەڵام "بەداخەوە!" سووریا ناتوانێ هیجیان بەرامبەر بکا، ناچار خۆمان دەستبەکار بووین، پێشر چەندین جار هەمان قسەی بۆ باشووریش کردووە. بە کورتی، ئەگەر لەشکری تورک داگیرکردنی رۆژاوای بۆ بچێتەسەر، هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنها لە رووی مەعنەوی‌و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، گەورەترین هەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی "بەسوڵتانبوونی" ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.
مەریوان وریا قانع ئەوەی ئەمڕۆ سەیری ئەو وێنە و دیمەنانە بکات کە بۆ مەسەلەی کورد لە ئاستی جیھانی‌دا دروستبووە، بە بەراورد بە ساڵە درێژەکانی سەدەی بیستەم، ھەندێک گۆڕانی گرنگ و بنەڕەتیی دەبینێت، کە دەشێت وەک ”وەرچەرخان“ لە دۆزی کوردا وێنابکرێت. ئەوەی دەبینرێت دروستبوونی وێنەیەکە زۆر جیاواز لەو غیاب و ”بۆشاییە گەورەیە“ی بە درێژایی سەدەی بیستەم لە ئارادابووە. بەشێوەیەکی گشتیی لە سەدەی بیستەمدا ”مەسەلەی کورد“، مەسەلەیەکی وون و نەناسراو و نەبینراو بوو، کێشەی کەمینەیەکی گومناوی ناو سنوورەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. لە ئاستی جیھانی‌دا شتێک نەبوو بەناوی ”گێڕانەوەی کوردییەوە“، Kurdish narrative، بێدەنگیەکی گەورە ھەبوو لەناو ئەو ڕووبەرە گەورەیەی قسەکردن و گێڕانەوەیەدا کە لە جیھاندا ئامادەبوو. فۆرمە جیاوازەکانی بێدەنگکردن و نەبوونی زمان و نەبوونی وێنە، دەرنەکوتن و نەبینین فۆرمی ئامادەگیی ئەم میلەتەبوو لە جیھاندا. کورد کەمینیەکی وون و نەناسراوی ناو دەوڵەتانی ناوچەکە بوو. ژیان و بەسەرھات و ڕووداوەکانی بزر و بێگوتار بوو، بە دەگمەن نەبێت ھیچ شتێکی، تەنانەت کارەساتە گەورەکانیشی، سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تێنەدەپەڕاند کە لەناویاندا نیشتەجێبوو. بەڵام ئەم دۆخە لە ئێستادا گۆڕاوە، ئەمڕۆ وێنەیەکی کورد لە جیھاندا ئامادەیە کە لای زۆرینەی خەڵک بینراو و ناسراوە. ئەم وێنەیە ھەم نوێیە و ھەم تەنھا وێنەی کەمینەیەکی ئەتنی غەدرلێکراو و چەوساوە نییە، بەڵکو وێنەی میلەتێکیشە بڕیاریداوە نەتوێتەوە، وێنەی شوناسێکە دەیەوێت ھەبێت و بژیی، وێنەی مافێکە بەدوای شوێنی خۆی لە جیھاندا دەگەڕێت. ھەموو ئەمانە لە فۆرمی تەحەدایەکی گەورەدا دەبینرێن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا دەژی. ئامادەگیان وەک میلەتێکی بێ‌ماف، وێناکردنیان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی، یان مامەڵەکردنیان وەک کەمینەیەک کە پێویستە کۆنترۆڵبکرێن، بڕ و ڕادەی ئەو تەحەدایانەی بۆ ڕەوایەتی ئەو سیستمە سیاسییانە گەورەتر کردوە کە لە ناوچەکەدا ھەن و دروستکراون. لە دەساڵی ڕابردووش‌دا دەرگیربوون لەگەڵ داعشدا، وەک ڕایدکاڵترین ھێزی ئیسلامی سیاسیی و ئۆرگانێک کە تێرۆر جەوھەرەکەی دەستنیشاندەکات، یان وەک ھەڕەشەیەکی گەورە ھەم لەسەر ناوچەکە و ھەم لەسەر جیھان، وێنەیەکی تری بۆ کورد دروستکردوە کە ئەویش دیسانەوە وێنەیەکی پۆزەتیڤ و مانادارە. وێنەی کورد وەک میەلتێک کە ڕادیکالیزمیی دینیی قبووڵ نییە و ژنەکانیان وەک پیاوەکانیان توانای بەرەنگاربوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی پەڕگیریی دینیی و نادینیان ھەیە و پارێزگاریی لە پلورالیزمی دینیی و فەرھەنگیی و سیاسیی دەکەن. ئەم وێنە تازەیە وێنە باڵادەستەکەی ناو ڕای گشتیی و ناو بەشێکی گەورەی میدیا و ناو کۆمەڵگای مەدەنیی بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیھانە. بەڵام ئەوانەی شارەزایی زیاتریان لە مەسەلەی کورد و ھێزەکانیدا ھەیە، ئەوانەی لە نزیکەوە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەناسن، ئاگاداری دیوە تاریک و ناشیرینەکانی مەسەلەی کوردن. ئاگاداری ئابوریی مافیایی و ئەخلاقیاتی جەردەیی و کوشتن و بڕین و تاڵانیی و گەندەڵیی ھێزە باڵادەستەکانن، بەتایبەتی ھێزە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان. ڕووکارە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی ئەم سیاسەتە دەناسن، بەو دابەشبوونە ناوەکییە گەورانەش ئاشنان کە ھێزە جیاوازەکانی ئەم مەسەلەیەی، ھەم کردوە بە دوژمنی یەکتر و ھەم ھەریەکێکیانی فڕێداوەتە باوەشی یەکێک لە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە. لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا ناکۆکیی گەورە و قووڵ و ھەمەلایەن ھەیە کە ڕەگەکانیان لەناو سیاسەتی کوردیی خۆی و ئاکاری ھێزە باڵادەستەکانیدایە، نەک لە ناو شێوازی وێناکردنی دونیای دەرەوەدا بۆ مەسەلەی کورد. یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی مەسەلەی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا کۆتاییھێنانە بەم ناکۆکییە ناوەکییە، کۆتایھێنانە بە ناکۆکیی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی میلەتێک کە تەسلیم نابێت و بەرگریی لەخۆی و شوناسەکانی دەکات، لەگەڵ ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانیدا، وەک ھێزی سوڵتانیی مافیایی نادیموکراس و کورتبین. بەردەوامبوونی ئەم ناکۆکییە ھەموو مانایەک لە مەسەلەی کورد لەم سەدەیەشدا، دەسێنێتەوە. سەرلەنوێ داڕشتانەوەی مەسەلەی کورد لە دەرەوەی لۆژیکە سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییەکانی سیاسەت و لە دەرەوەی فۆرە جیاوازەکانی پەڕگیری دینیی و ئەتنیی و ئایدیۆلۆژییدا، ئەو تاقە ڕێگایەیە کە دەبێت لەم سەدەیەدا بیگرینە بەر. لەدەرەوەی ئەم ڕێگایەکدا ھیچ شتێکی تر بوونی جگە لە تاریکیی، تاریکییەکی گەورەش.
ئاراس فه‌تاح كه‌مجار دۆخێكی هاوشێوه‌ی ئه‌م چركه‌ساته هه‌بووه كه تیایدا گه‌لی ئێمه هه‌م له ته‌نهاییه‌كی گه‌وره‌دا بژیی و به‌ته‌نها ڕووبه‌ڕووی جه‌نگێكی ناته‌با و وه‌حشییانه‌ی نه‌ژادپه‌رستیی بووبێته‌وه، هه‌م هاوسۆزییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی له‌و شێوه‌یه‌شی هه‌بووبێت، كه ئێستا هه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی ئه‌م ره‌هه‌نده ئینسانییه‌شی پشتئه‌ستووركردووه خه‌ونی ئازادیی و ئاشتیی گه‌لێكی سته‌مدیده‌یه، نه‌ك دروستكردنی ڕقی دینیی و نه‌ته‌وه‌یی. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆوه، له هه‌شتاكاندا ژماره‌ی ڕه‌وه‌ندی كوردیی زۆر كه‌م بوو. كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رووداوه‌كانیش زۆر دیارییكراو بوو. كاتێك له مه‌ركه‌زی شاری موینشندا به ژماره‌یه‌كی كه‌مه‌وه پلاكاتمان هه‌ڵگرتبوو ، بۆئه‌وه‌ی جینۆسایدكردنی كورد له‌لایه‌ن رژێمی عێراق و به هاوكاریی كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان بۆ ڕای گشتیی روونبكه‌ینه‌وه، هه‌ندێك له ئه‌ڵمانییه‌كان لێیان ده‌پرسین: كوا ده‌لیله‌كانتان، بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن كه هه‌م سه‌دام و هه‌م كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان له‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا به‌شدارن؟ دیاره ئه‌و سه‌رده‌مه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆوه، سه‌رده‌می ئینته‌رنێت و سمارتفۆن نه‌بوو تاوه‌كو وێنه‌كان به‌چرسات بگه‌نه ده‌ستمان و بیسه‌لمێنین كه عێراق چه‌كی كیمایی به‌كارهێناوه. له‌دوای ڕه‌وه‌كه‌شه‌وه جگه له چه‌ند هاوڕێیه‌كی رۆژنامه‌نووس و چه‌ند رێكخراوێكی ئێن جی ئۆی ئه‌ڵمانیی، هیچ كه‌ناڵێكی تر نه‌بوو كه بتوانێت به وێنه و نووسین و ده‌نگ ڕای گشتیی ئه‌ڵمانیی و ئه‌وروپیی له میدیاكاندا بجوڵێنێت. پاشئه‌وه‌ی وێنه‌كانی قوربانییانی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه بڵاوبوونه‌وه و ڕای گشتیی و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیی ئیحراجكرد، چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانیی به تاوانی به‌شدارییكردن له دروستكردنی كارگه‌ی چه‌كی كیمیاوی، دران به دادگا. یه‌كێك له‌و مه‌نێجه‌رانه‌ی كه كۆمپانیاكه‌ی به یارمه‌تیدانی عێراق بۆ دروستكردنی چه‌كی كیمیاویی تاوانباركرابوو، له چاوپێكه‌وتنێكدا گوتی: ئێمه ژه‌هری كشتوكاڵییمان بۆ حكومه‌تی عێراق ناردووه، بۆئه‌وه‌ی مێرووه زیانبه‌خشه‌كان بكوژن. ئێستاش كه سه‌دام كردوویه‌تی به گازی كیمیاویی و كوردی پێده‌كوژێت، نه كێشه‌ی ئێمه‌یه و نه هه‌ڵه‌ی ئێمه. ئێمه بزنس ده‌كه‌ین، بۆیه بۆ كۆمپانیاكه‌مان و بۆ ئێمه‌ی مه‌نێجه‌ر بزنس پێش ئه‌خلاق ده‌كه‌وێت، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه! ئه‌مه ئه‌و لۆژیكه‌یه كه بازاڕی ئازاد به‌ڕێوه‌ده‌بات، گه‌ر سیاسه‌تیش به هه‌مان لۆژیك كاری كرد، ئه‌وا خۆی ئازادده‌كات له هه‌موو به‌رپرسیارێتیی و ئه‌خلاقێكی ئینسانیی. با واز له‌و تویته‌كه‌ی ئه‌كته‌ری گه‌وره‌ی ئه‌مریكیی رۆبه‌رت دی نیرۆ، بهێنین كه ده‌ڵێت ترامپ كوردی بۆ تاوه‌رێك له ئیسته‌مبوڵ فرۆشت و ته‌ماشایه‌كی ئه‌رگیومێنته‌كانی خودی ترامپ بكه‌ین و بزانین ئایا پاساوه‌كانی هه‌مان لۆژیكی ئه‌و سه‌رمایه‌داره ئه‌ڵمانییه نییه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان بزنس و ئه‌خلاق و سیاسه‌ت. ئه‌و گوتی ئێمه سه‌ربازه‌كانمان ده‌كشێنینه‌وه، چونكه تێچوونی ئه‌و جه‌نگه بۆ ئێمه زۆره و نامانه‌وێت چیتر رۆڵی پۆلیس له‌ناوچه‌كه‌دا بگێڕین و حه‌قمان به‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه سه‌دان ساڵه بێمانایه‌ی نێوان كورد و توركیشه‌وه نییه. له هه‌موو ئه‌رگیومێنته‌كانیشی عه‌به‌سیی تر، به‌شداریینه‌كردنی كورده له شه‌ڕی نۆرماندیی! چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر ئه‌م سه‌فسه‌ته سیاسییانه‌دا تێنه‌په‌ڕی، ترامپ بڕیاریدا ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ربازانی ئه‌مریكیی و چه‌ك تفاقێكی زۆر بۆ میرنشینی سعودیی بنێرێت. گه‌ر به‌و لۆژیكه‌ی ترامپ ئه‌و پرسیاره ساده‌یه‌ی هه‌موو هاوڵاتییه‌كی ئاسایی ئه‌مریكیی و كورد و جیهان ده‌یكه‌ن، دابڕێژینه‌وه، ده‌بێت بپرسین: به‌ڕێز ترامپ، گه‌ر تۆ حه‌قت به‌سه‌ر شه‌ڕی دووسه‌د ساڵه‌ی كورد و توركه‌وه نه‌بێت، ئه‌ی چ حه‌قێكت به‌سه‌ر ململانێ و جه‌نگی شیعیزم و سوننیزمه‌وه هه‌یه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ پێش 1400 ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ گه‌ر ترامپ بیزانیبایه سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی به ڕه‌گه‌ز كورده و له‌ژێر فه‌رمانده‌ی ئه‌ودا شكست به له‌شكری مه‌سیحییه‌كان هێنرا، خۆ ده‌یكرد به ئه‌رگیومێنتێكی تر دژ به كوردان. پرسیاره‌كه عه‌به‌سییه‌كه ئه‌وه نییه چه‌ند سه‌ربازی سعودیی له جه‌نگی نۆرماندیدا كوژران، به‌ڵكو پرسیاره موحریجه‌كه له سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ترامپ ئه‌وه‌یه، كێ به پاره شه‌ر ده‌كات، شه‌رڤانان كه له كاتی شه‌ڕی خه‌لافه‌تی داعشدا بۆ ئازادیی ده‌جه‌نگان و له ئێستاشدا دژ به پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی له‌شكری سوڵتانه‌كه‌ی توركیا ده‌جه‌نگن، یان سه‌رۆكی ئه‌مریكا و له‌شكره‌كه‌ی له خه‌لیج بۆ خه‌لیفه و سوڵتانه‌كانی كه‌نداو؟ ئه‌وه شه‌رڤانان نین كه به پاره شه‌ڕده‌كه‌ن، به‌ڵكو ترامپه كه ئاماده‌یه بۆ پێترۆدۆلاری سعودیی رۆڵی پۆلیسیان له كه‌نداودا بۆ بگێڕێت و ماشێنی له‌شكره‌كه‌ی وه‌كو به‌كرێگیراوێك بخاته گه‌ڕ، بۆئه‌وه‌ی شێخه‌كانی خه‌لیج و ده‌سه‌ڵاته سونییه وه‌هابییه‌كه‌یان له هه‌ڕه‌شه‌ی ئێرانی شیعیی بپارێزێت. له كاتێكدا ناوچه‌كه و دونیا ده‌كوڵێت، باس باسی داگیركاریی توركیا و سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زییه له رۆژئاوا، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش تاكه په‌رله‌مانێكه كه نه‌ك لێی قه‌ده‌غه‌كراوه چاودێریی حكومه‌ت بكات و داوای هاوپشتیی و هاوكاریی به‌په‌له‌ی رۆژئاوا بكات، به‌ڵكو پێیگوتراوه ده‌بێت بێده‌نگ و نابینا و بێزمان بیت به‌رامبه‌ر به هه‌موو رووداوه مه‌ترسییداره نیشتیمانییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. كولتوورێكی مه‌ترسییدار له لاموبالاتی سیاسیی و ئه‌خلاقیی بووه به وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌رله‌مانه بێ كار و بێ به‌رهه‌مه‌ی هه‌رێم. گومانی تێدا نییه كه هه‌موو حیزبه‌كان به‌رپرسن له‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كردووه به شوێنێك بۆ باوێشكی سیاسیی و وه‌نه‌وزی ئه‌خلاقیی. كۆنه‌بوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێم و ده‌ر‌نه‌كردنی یه‌ك به‌یاننامه له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی له‌شكره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان له رۆژئاوای كوردستان، جگه له بێشه‌رمییه‌كی بێهاوتای سیاسیی و ئه‌خلاقیی بۆ مێژووی ئه‌م په‌رله‌مانه، هیچ مانایه‌كی تر هه‌ڵناگرێت. ئه‌م په‌رله‌مانه بێكه‌ڵكه‌ی هه‌رێم ته‌نها قابیلی ئه‌وه‌یه بیخه‌یته ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه! راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه به‌رهه‌می ئه‌م حكومه‌ت و په‌رله‌مانه، بایكۆتی زۆرینه‌ی هاونیشتیمانیانی هه‌رێمی كوردستانه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. بۆیه به‌رامبه‌ر به بایكۆتی هه‌ڵوێستوه‌ر‌گرتنی ئه‌خلاقیی و سیاسیی و ئینسانیی كۆنكرێتی ئه‌م سێ سه‌رۆكایه‌تییه و هه‌موو حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دژ به كۆمه‌ڵكوژیی له رۆژئاوای كوردستان، كاتی ئه‌وه‌یه قۆناغی دووهه‌م له بایكۆتی هاونیشتیمانیان ڕابگه‌یه‌نرێت. ئه‌ویش كه‌مپینی بایكۆتی هه‌موو به‌رهه‌مێكی توركییه له هه‌رێمی كوردستان و بایكۆتی سه‌فه‌ر و گه‌شته بۆ ئه‌و وڵاته. ئه‌م بایكۆته‌ش بچووكترین هه‌ڵوێستی ئه‌خلاقیی و ئینسانیی و وه‌ڵامی هاونیشتیمانیانی مه‌ده‌نیی ئێمه ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و ئیفلاسه ئه‌خلاقیی و سیاسییه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم و ئه‌و پاكتاوه ڕه‌گه‌زییه وه‌حشه‌تگه‌رییه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیی له كوردستانی رۆژئاوا پیاده‌یده‌كات.
نەبەز جەلال سیاسەتی دوو ڕوویی خۆیی لەگەڵ کورد‌و، یەک ڕووی ڕاسیەقینە بۆ دوژمن لە پارتەسیاسییەکانی کورد نابڕێ.! تۆ سەرنج بدە پارتە دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی کورد ھەردەمەی جۆرە ڕوویەکی درۆینەیان بۆ پێکەوەکارکردن و دۆستایەتی وپێکەوە ھەڵکردنی کورد دەخەنە ڕوو.!.. بە ئاسانترین شێواز و شێوەش دەیگۆڕن و باکیان بەھیچ جۆرە قوربانییەک نییە بۆ گەل و مێژوو. خۆی یەک ڕوو و یەک بڕیار و یەک پڕۆژەی بۆ دووژمن ھەیەو تابینەقاقای غەرقی دووژمنەو ئەیەوێت دژایەتی دوژمنیش وەک سیناریۆ و خۆڵکردنە چاو پیشانبدا.. کەچی لەگەڵ دوژمن یەک ماڵەو ماڵ ئاوەدانی دەستی دووژمنیشە؛ ھەربۆیە کەی توانی لەدوژمن و دوژمنکاری خۆی داماڵێ، ئەوە بێگومان مافیەتی ئەرک و بەرپرسیارێتی چارەسەری کێشەکانی میللەتیش بگرنە ئەستۆ؛ بەزاڵمی ھاتووەو بەزەبری چەک خۆی دەسەپێنێ و سەرخان و ژێرخان ووڵات ئەدزێ وبەھەدەر دەدا؛ منەتی بە مەرگی سپی و ھێواشی ھاوڵاتیانی خۆی نییەو شین و شەپۆڕی بۆ مەرگی ڕەشی بەشەکەی تر دابەستووە.! وەک دەبینم لەم قۆناغەدا سوڕێکی تری خۆڵکردنە چاوی میللەت بەدەستی سیاسییە بەدناوەکان دەگوزەرێ بۆ گێڕانی شینی بە ناو سۆزی گەورەی نیشتیمان و نەتەوە، گەر خەڵک تێیدا چاو کراوەتر نەبێ و ھەست بە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە نەکا ئەوا دەبێتە کاری کردەو میللەت بە کوێری وەک خوڵقییەتی پێشوتر لەگەڵی دەڕوا. ھەر بۆیە پێویستە دەستبەردەین لە دوو ڕوویی سیاسی و دۆخی ترس و شەرمی مێژووی کۆن و خەباتی سیاسی ناشایستە، لەو پیرۆز کردنانەش بێنە دەرێ تا ئەو میتۆدە کۆنەی بۆتە دەمامکی ھزرو چەکی زۆرینەی گەل و بەرھەمی بەدبەختی و ئازا، چەند بارە نەبنەوە، کەجگە لە دواکەوتووی و خۆ دواخستنی زیاتر و بچوککردنەوەی دۆزی کورد ھیچی تر لێ بەرھەم ناھێنین و ئایندەشمان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەکات.
ئاراس مەسیفی ئاماژه‌كانی پشت لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی توركیا و ئه‌مریكا ئه‌گه‌ری لێكتێگه‌یشتنێكی زارەکی سه‌باره‌ت به هێرشێكی سنوردار و مه‌رجدار له‌لایه‌ن هیزه‌كانی توركیا بۆ ناو خاكی سوریا له نێوان ئه‌ردۆغان و تره‌مپ به‌هێزتر ده‌كه‌ن. دەربارەی سنور و مه‌رجه‌كانی ئه‌م هێرشە دژبه‌یەكیه‌كی زۆر هه‌یه له نێوان لێدوانه‌كانی تره‌مپ و ئه‌ردۆغان. بەشێکی چاودێران وای بۆ دەچن کە سنوری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا تەنها لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی بە درێژایی ١٢٠ و قوڵیی ٣٠ کیلۆمەتر کورت دەبێتەوە. بەشێکی تری چاودێران بۆچونیان وایە کە تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوری خۆی لەگەل سوریا بە قوڵی ٣٠ کیلومەتر پێشڕەوەی بکات، بەو مەرجەی هیچ کارێکی نامرۆڤانە دەرهەق بە کوردەکای نیشتەجێی ئەم شوێنانە نەکات. جگە لەمەش ئەمریکا بەرپرسیاریەتی تەواوی گیراوانی ئەندامانی داعشی لای هێزەکانی سوریای دیموکرات خستۆتە ئەستۆی ئەردۆغان، بەوەی کە نابێت رابکەن و دەربازبن. گومانی تیدا نیە کە سەرکەوتنی ئەم پلانەی ئەردۆغان بە دەرەجە یەک لە مەیدانی جەنگ یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەرچەندە کاردانەوەکان تا دێت لە سەر هەردو ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەمریکا زیاتر و توندتر دەبن، بەڵام تا ئێستا چوارچێوەی نیگەرانیی و ئیدانەی نەرم و توندی زارەکی تێنەپەڕاندوە و نەبونەتە پرۆژە و بڕیاری کرداریی دژی تورکیا. سەرەرای بونی ئەم هیز و جبەخانە زەبەلاح و زۆرەیان هێزەکانی تورکیا تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەویەکی وا بکن و ئێردۆغانیش کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆری کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان. هێرشەکەی تورکیا تا درێژە بکێشێت لە شکست نزیکتر دەبێتەوە. هەرچەندە کات لەبەرژەوەندی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو هیزانە بە هۆی نابەرامبەرەی هیز و چەک تا کەی دەتوانن لە بەرگریکردندا بەردەوام بن؟ ئەگەر هاتو هێزەکانی تورکیا توانیان پێشڕەوەی بکەن و دوای داگیرکردنی ناوچەی دیاریکراوەی نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی، هێرشەکانیان بوەستێنن، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکەن کە کاردانەوەکان کەم ببنەوە و دۆخەکە وەکو عەفرین و ئەعزاز ببێتە واقعێکی داسەپێنراوی تر. هێزەکانی سوریای دیموکرات لەم دۆخەد ناچارن لە ژێر فشاری ئەمریکا بەم دۆخە تازەیە رازی ببن، چونکە لە ئێستادا پێویستی زۆریان بە پشتگیری ئەمریکا هەیە. ئەگەر هاتو ئەردۆغان لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تری رۆژئاڤا بەردەوام بو، ئەوا چانسی شکست و تێکشکانی پلانەکەشی زۆرتر دەبێت، لەبەر ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کارتی زیاتریان دەکەویتە دەست، بەتایبەتی کارتی گیراوەکانی داعش و کۆچی بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد بۆ ناوچەکانی تر کە هەردوکیان هێلی سوری ترەمپن بۆ ئەردۆغان. ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بتوانن سەرکەوتوبن لەوەی هەردو کارتەکە بەشێوەیەکی باش بەکاربهێنن، ئەوە هەم رای گشتی نێودەوڵەتی و هەم ترەمب ناچاری هەڵوێست وەرگرتن و هەنگاونانی کرداری دژی ئەردۆغان دەکەن، بە تایبەتی کە ئێستا بەرەی پشتیوانی کورد لە سەر ئاستی بەرزی سیاسی و رای گشتی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و سەرۆکی ئەمریکاش کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆر . رۆژ نیە ترەمب دوبارەی نەکاتەوە کە لە ئەگەری بەزاندنی ئەو سنورانەی بۆ ئەردۆغانی دیاریکردوە، ئەوا توندرین سزای تورکیا دەدات. ئاسان نیە گرەو لەسەر قسە و بەڵێنەکانی ترەمپ بکرێت، چونکە ئەو هەر رۆژەی قسەیەک دەکات و بەڵێنێک دەدات و کەم جار خاوەن قسە و بەڵێنەکانی خۆی بوە. بەڵام ئەم جارە دۆخەکە تەواو جیاوازە، چونکە بابەتەکە تەنها کورد نیە، بەڵکو بەستراوەتە بە بابەتەکانی ئەمنی قەومی و بەرژەوەندی باڵا و شکۆ و ناو و ناوبانگی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. بەرەی دژە ترەمپ راستە بابەتی جێهێشتن و پشتکردنە کوردیان کردۆتە بەهانەیەکی گەورە، بەڵام هۆکار و پاڵەنەری تری خۆیان هەیە. هەندێکیان دژی ئەوەن ئەمریکا دەست لەسوریا بەر بدات و مەیدانەکە بۆ روسیا و ئیران و ئەسەد چۆڵ بکات. بەشێکی تریان ترسی زۆریان هەیە کە داعش دوبارە بگەرێتەوە و هێزە ئەسلامیە توندڕەوەکان گەشە بکەنەوە. متمانە و شکۆ و ناو و ناوبانگی ئەمریکاش یەکێکە لە هۆکارەکان. زۆربەی ئەمریکایەکان وای دەبینن کە پشتکردنیان لە هاوپەیمانە کوردەکانیان بەم شێوەیە زیان بە متمانە و شکۆ ی ئەمریکا لە جیهان دەگەیێنێت و دەڵێن لە داهاتودا هاوپەیمانەکانمان چیتر متمانەمان پێناکەن. بێزراویی و ناپەسەندیی ئەردۆغانیش رۆلێ خۆی هەیە. زۆر ئاستەمە ئەم جارە ترەمپ بتوانێ بە تویتێک نەجاتی بێت. چەند ئەندامێکی کاریگەری کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئێستاوە رەشنوسی پرۆژەیەکیان سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا ئامادە کردوە. میدیا و رای گشتی ئەمریکا چاودێریەکی چڕی پێشهاتەکان دەکەن و چاوەڕێین ئەردۆغان هەڵەیەک بکات. ئەوروپیەکان و ووڵاتە عەرەبیەکانیش زۆر نیگەرانن، بەڵام ئەوان بەبێ ئەمریکا چاوەڕێی هیچی وایان لێناکرێت. هەمو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەردۆغان پلانی داگیرکردنی ناوچە سنوریەکانی بە قوڵایی ٣٠ کیلومەتر هەیە کە زۆربەی شارە کوردیە گەورەکان دەگرێتە خۆی. لە پال گۆڕانکاریە مەیدانیەکان، رای گشتی ئەمریکی رۆلی یەکلایکەرەوەی لە ئاڕاستەکردنی روداوەکان هەیە. ئەگەر هاتو هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژ رابگرن، تورکیا ناچار دەبێت لەژێر فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی هێرشەکانی رابگرێت. لە ئەگەری ئەوەی هێزەکانی تورکیا توانیان پێشڕەوەی بکەن، ئەوە لەوانەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەردو کارتەکانی جێهێشتنی زیندانەکانی داعش و کۆچی بە کۆمەڵی شارە کوردیەکان وکەمینەکان بەکار بهێنن، لەلایەک بۆ پاراستنی هاولاتیانی رۆژئاڤا لە جیهادیی و تاڵانچیەکانی ئەردۆغان، لەلایەکی ترەوە بۆ هاندانی رای گشتی ئەمریکی و نێوەدەوڵەتی لە دژی تورکیا، چونکە رای گشتی ئەمریکی و بەرەی دژە ترەمپ بە تەوسەوە چاوەڕێی شکستهێنانی ئەردۆغانن لە بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی بە ترەمپی داوە. لەو دۆخەدا ئەگەر لەبەردەم هەمو کاردانەوەیەک لە دژی ئەردۆغان و لە بەرژەوەندی رۆژئاڤا کراوەیە، لە وەدەرنانی تورکیا بە زەبری هێز لە سوریا، سەپاندنی گەمارۆ و سزا تا دەگاتە دروست کردنی ناوچەیەکی ئارامی هاوشێوەی هەریمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بۆ هاوڵاتیان رۆئاڤا. لە ئەگەری تێکشکانی هێلەکانی بەرگری هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاشەکشەکردنی خێرایان لە شارەکان هاوشێوەی عەفرین، لەوانەیە بابەتەکە بە ئیدانەکردن و سەرکونەکردی تورکیا کۆتایی پێبێت وهەمو شارە کوردیەکانی سەر سنور بەدەردی عەفرین بچن. ئەگەری رێکەوتنی رۆژئاڤا لەگەڵ روسیا و نزیکبونەوەیان لە ئەسەد لاوازە، چونکە هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ماوەیەکی دور پێویستیان بە پشتگیری ئەمریکا هەیە و بەرژەوەندیان لەوەدا نیە، ئەمریکا لە خۆیان بتۆرێنن. ئەمریکاش بەرنامەی نیە لە مەودایەکی کورت‌دا بە تەواوی لە رۆژئاڤا بکشێتەوە. روداوی لە ناکاوەی وەکو تێوەگلان یان تێوەگلاندنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورپیەکانی لە شەڕەکە، ئەگەری چاوەڕواننەکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سامانی وەستا بەكر عەرەب و تورک و فارس، هەمیشە لەهەموو کات و زەمەنێکدا نەیارێکی سەرسەختی میللەتی کورد بوون، هەموو کات دەستی داگیرکاریی و قۆرخکارییان درێژکردۆتە سەر موڵک و ماڵ و مێژوویی کورد. زۆر لە مێژەوە کەرەستە بەنرخ و گرنگ و بەبەهاکانی کوردی‌یان بردووە و بە ناوی خۆیانەوە لە مێژوودا یادداشتیان کردوون. هەمووکاتێکیش ویستووسیانە، ناوی کورد و کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بەتەواوەتی بسڕنەوە، هەوڵیشیاناوە مێژوو و زمانی کورد لەناو بەرن و بەتەواوەتیی ناوی کورد نەمێنێ و تەفرو تونا بکرێن. ئەوەی ئێستا وە پێشتریش ڕووبەڕووی کورد ئەبێتەوانێ هەر درێژکراوەی ئەو مێژوویە کە تا ئێستا ڕێگربووە لە دروست بوونی کیانێکی کوردی سەربەخۆ، خۆ ئەگەر لە هەر کوردێک بپرسی هۆکارەکەی چیە ئەوا بێ سێ و دوو پێت ئەڵێ، ئاخر ئێمە دۆستمان نیەو دۆستی ئێمە تەنها چیاکانە! وەڵامێکی هەڵەو داماڵراو لە هێز و ترسنۆکانەو خۆ بەدەستەوەدان زیاتر هیچ واتایەکی تری نیە. پێشتر هۆکارەکان هەرچیەک بووبن لە ڕێگری دروست بوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی ناگەڕێینەوە سەری چونکە زۆر باس کراوە، بەڵام بەداخەوە لە باس کردن تێنەپەڕیوەو تا ئەمڕۆش هیچ زانکۆیەک یان هیچ دەزگایەکی لێکۆڵینەوە هەڵنەساوە لێکۆڵینەوە بکات و هۆکارەکان بخاتە ڕوو پاشان چارەسەر و پێشنیار لە دوو توێی پەرتوکێکا بخاتە بەردەست خوێنکاران و لە فێرگەکانا وەک وانەیەک سودی لێوەرگیرێ یان لایەنی کەم لە پەرتوکخانەکا دانرێت و سودی لێوەرگیرێ. بەڵام گرنگە لە ئێستایا سود لە هەڵەکانمان لە سەدەی بیست و یەکا وەرگرین وەک نزیکترین مێژوو، کە ئایا هۆکار چیە هەر کاتێک لە سەربەخۆی نزیک ئەبینەوانێ ئەوا پلانگێڕی لە دژمان ئەکرێ و بە چەندین ڕێگە ڕێگریمان لێئەکرێ تا کار ئەگاتە خاک داگیرکردن و کۆمەڵکوژیش. ئەوەی ئاشکرایە کورد وەک نەتەوە هەر وەک چۆن خاکەکەی بەش بەش کراوە هەرواش زمان و کلتوری بەش بەش و لێکدابڕینراوە هەروەک چۆن هیچ بەروبوومێکیشی نەماوە کە یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سودیان لێوەرنەگرتبێ بە سودی نەتەوەکانی خۆیان لە ژێر ناوی تورکی و عەرەبی و فارسیا نەیخەنە ناو بازاڕەکانیانەوە وە هەندێ جاریش بازاڕی جیهانەوە. لەوانەیە ئەم کارە بۆ هەندێ کەس سانا و ئاسان لێی بروانرێ بەڵام لە ڕاستای یەکێکە لە کۆڵەکە بنچینەیەکانی هێشتنەوەی هەر نەتەوەیەک و هەر ئەوەش وای کردووە ئێمە هەمیشە وەک بەرخۆرێک تەماشا کرێین و هیچ کاڵایەکی وامانەبێ کە لە ژێر ناوی کورد یان کوردستانا تەنانەت لەناو بازاڕە ناوخۆییەکانیشا بفرۆشرێ هەڵبەتە مەبەستم میوەو سەوزە نیە کە ئەمانیش گرنگی خۆیان هەیە. هەر لەو ڕوانگەیەوە ئەبینین کاتێ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باس لە بوونی کورد ئەکا لە باشترین پیاهەڵدانا ئەڵێت (کورد شەڕکەرێکی باشن) کە لە ڕاستیا ئەمە نەک پیاهەڵدان نییە بەڵکو وەک بێ ڕێزیەکیش وایە چونکە ئەگەر ئەم پیاهەڵدانە بۆ نمونە لە پاڵ چەندین ووشەی وەک نەتەوەیەکی زیرەک، داهێنەر، بەرهەمهێن، زانست دۆست، ژیان دۆست ....هتد بهاتایە ئاسای بوو بەڵام ناساندن و پیاهەڵدانی کورد تەنها وەک شەڕکەر، ئەوا وەک یەکێک لە خێڵە سەرەتاییەکان کە لە جیهانی دەورووبەر دابڕاون تەنها توانایان پەلاماردان و شەڕکردنە کاتێک لێیان نزیک ئەبیتەوانێ ئەمانشوبهێنێ، هەر بۆیە کاتێک سەرۆکی ئەمریکا دووبارە ئەڵێت کورد شەڕکەرێکی باشە بەڵام بەرامبەر چەک و پارە شەڕیان بۆکردووین ئیتر بێ ڕێزی و بەد ڕەوشتی بەرامبەر کورد وەک نەتەوە ئەگاتە ترۆپک، بۆیە ئەبێت کورد بگەڕێ بەدوای ئەوەی کە ناسنامەی خۆی لە جیهانا بە جۆرێکی‌تر داڕێژێتەوانی. ئەوەی ئاشکرایە تورکە بە ئەسڵ مەنگۆلێ و تەتەرەکان کاتێ لە چینەوە ڕووینا کردە میزۆپۆتامیا و یۆنانستان لەگەڵ خۆیانا لە چەند ئەسپێک و تفاقی شەڕنەبێ هیج شتێکیان نەبوو بگرە خاوەنی هیچ جۆرە خواردنێکی تایبەت بەخۆشیان نەبوون لە ڕاوشکارو کۆکەدنەوەی سەوزو و گژو گیانەبێ بەڵام بەهۆی داگیرکاری و دەستگرتن بەسەر چەندین وڵاتای جیاجیایا توانیان بەدزی کردن لە کلتوری نەتەوە جیاوازەکان شتێک بۆ خۆیان دروست بکەن بەناوی تورکیەوە کە سەرچاوەکەی داگیرکاری و دزیکردنەوە لە نەتەوەکانی تر کە کورد لەمەیا وەک نەتەوەیەکی بێخاوەن پشکی شێری بەرەکەوێ. بۆ نمونە لەکۆی دنیایا زۆر خواردن هەیە کە بە خواردنی تورکی ناسێنراوە بەڵام لە ڕاستیا مافی بە تورکەوە نیە وەک نەتەوەی مەنگۆلی و تەتەری بگرە تا ئێستاش پێی ئاشنا نین بەڵام ئەوانەی کە ئێستا پێیان ئەوترێ تورک و لە خاکی کورد و یۆنانا دەوڵەتێکیان بەناوی تورکیاوە بۆخۆیان دروست کردووە هەستاون پاشگری (تورکی)ان لکاندووە بەو خورادن و کاڵایانەوە وە لە ئاست بەرگری نەکردنی کوردا کە زۆرترین دزی لە کلتورو مێژووی کراوە تورکە مەنگۆلی/تەتەرەکان ئەو کارەیان بۆ چۆتە سەرو چەسپاندوشیانە. بۆ نمونە زانراوە کە سەرچاوەی قاوە بەزۆری وڵاتی بەرازیلە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش وڵاتی یەمەن کەچی کاتێک ئەچی بۆ وڵاتێکی عەرەبی لێت ئەپرسن ئەتەوێ قاوەیەکی تورکی بخۆیتەوە! یان تەنانەت لە هەندێ وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش لە قاوەخانەکان ئەڵێن قاوەی تورکیمان هەیە، کە ڕاستەوخۆ بیر بۆ داگیرکاری و دزی کلتوری نەتەوەکانیتر ئەچێ لەلایەن مەنگۆلی/تەتەرەکانەوە(تورک). ئەم قاوەیەی پێی ئەوترێ قاوەی تورکی، قاوەی داری قەزوان و بەنی کوردییە. بەسەرهاتی سڕینەوەی ناوی یەكێك لە بەناوبانگترین قاوەكانی جیهان (قاوەی کوردی) لە ساڵی ١٨٥٠ز بۆ ١٩٣٠ز ئەم قاوەیە هی کوردە. ئەم قاوەیە لەناوچە شاخاویی و ناوچەو کوردییەکانی باکوری کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی وڵاتی فەرەنسا کراوە، پاشان بووە بە قاوەیەکی براندی جیهانی. پێکهاتەی قاوەکەکە لە دارەبەن دروستدەکرا و تاموو بۆن و بەرامێکی بێ‌شومار خۆش و سەرەنجڕاکێش و سروشتی هەبووە.کورد پێیان دەگوت قاوەی (قەزوان) و فەرەنسی و وڵاتانی تریش پێیان دەگوت (قاوەی کورد)ی. قاوەکە لە دارەبەن ئامادەدەکرا، دارەبەن بێجگەلە بنێشت قاوەشی لێدورست دەکرێت کە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی دەگمەن و بیرۆکەیەکی تازە و ناوازە بوو،کە قاوە لەدارەبەن ساز بکرێ، هەر ئەم هۆکارە بوو کە قاوەکە بەزوویی برەوی سەند و هەناردەی هەموو وڵاتانی جیهان کرا. کەمال ئەتاتورک هەشت ساڵ پێش مردنی، زۆر بەخراپی دژایەتی کورد و ئەرمەن و تەنانەت عەرەبیشی ئەکرد. ناوی (قاوەی کورد)یشی وەکو سەرجەم ناوی گوند و ناوچە کوردییەکان بۆ ناوی تورکی گۆڕی. سەرجەم کۆمپانیا و کارگە بیانیەکانی بەزۆر ناچار کرد ئەو قاوەیە بەناوی قاوەی تورکییەوە رەوانەی وڵاتانی تری جیھان بکەن. ئیتر لەدەمەوە قاوە کوردییەکە کرا بەقاوەی تورکی. هەر ئەوش نا بەڵکو کەمال ئەتاتورک بڕیارێکی دەرکرد بە سڕینەوەی کلتور و مێژووی گەلانی ژێردەستیان هەروەک چۆن فەرمانی کرد بە توانەوەو بە تورک کردنی فەرهەنگی گەلان دیسانەوە لەوەشا کورد پشکی شێری بەرکەوت و تا ئێستاش زۆربەی فەرهەنگی تورکی مەنگۆل/تەتەری خاوەنێتی بۆ کورد ئەگەرڕێتەوانێ. ئەوەی ئێمە لێی دڵنیاین ئەوەیە کە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنەکانمان توانای ئابوری بەهێز و هێزی سەربازی و سوپا و چەک و جبەخانەی پێویستمان لەبەردەستا نیە بۆیە بۆ دروست کردنی کیانێکی سەربەخۆ و خۆپاراستن لە دوژمن پێویستە هێرش بکرێتە سەر دوژمن دوور لە جەنگ چونکە جەنگ تەنها ڕێگە نیە بۆ ئەو مەبەستە. لێرەوە گرنگە بۆ شوێن پێ قایم کردن و وابەستە کردنی ئابوری و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی تردا جگە لە نەوت بەدوای کاڵای تایبەت بەخۆمان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و بەرهەم هێنانی خۆماڵیەوە بین بە جۆرێک لایەنی کەم بازاڕی ناوخۆ‌و پێویستییە هەنوکەییەکان لەناوخۆیا دابینکرێ پاشان بیر لە هێرشکردنە سەر بەربوومی دەرەکی بکرێتەوە بەجۆرێک بەرامبەر هەر بەرهەمێک بەرهەمێکی خۆماڵی جێگەی بگرێتەوانێ و لەوەش گرنگتر پاشگرێکی پێوەبلکێنرێ کە وەک ناسنامەیەکی کوردی یان کوردستانی بناسرێتەوە. تورکی ڕەچەڵەك مەنگۆلی تەتەر زۆرترین دزی لە کاڵاو فەرهەنگ و کلتوری کورد کردووە هەربۆیە وەک سەرەتایەک گرنگە بەرامبەر هەر خواردن و هەر کاڵایەک کە پاشگری تورکی پێوەلکێنراوە بەرهەمێک و کاڵایەکی خۆماڵی کوردی ڕەسەن جێگەی بگرێتەوەو مارکێتینی بۆ بکرێ و زۆرترین هەوڵبدرێ بگەیەنرێتە بازاڕەکانی جیهان تا لەو ڕێگەیەوە هەم ئەوەی دزراو شێوێنراوە بگەڕێنرێتەوە وە هەم ناو ناوبانگیش دروست بکات و لەبری ئەوەی کورد وەک شەڕکەرێکی باش ناوزەندبکرێ وەک بەرهەم هێنەر بناسرێ.
هونەر تۆفیق لەپاش شکستی سەڵتەنەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ، بەپێ ی ئەو نەخشەیەیەی سایکس - بیکۆ ١٩١٦ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشابوو ، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانی بۆ بەریتانی و فەرەنسیەکان مایەوە . لەبەشە فەرەنسیەکەیدا کێشەی سنوور لەنێوان تورکیای میراتگری عوسمانیەکان و سوریای فەرەنسیدا بەردەوام بوو ، وەک کێشە ویلایەتی موسڵ لەنێوان بەریتانی و تورکیادا لە عێراقدا . فەرەنسیەکان لە سیڤەردا ١٩٢٠ ، داوای زەویەکانی عوسمانی تا شارەکانی ماردین ، ئورفە ، چەچان ، قارتاشیان لە تورکیا دەکرد . تاساڵی ١٩٢٣ ، پێکهاتنی لۆزان ، فەرەنسیەکان حوکمی ئەو ناوچانەشیان خستبوویە ژێر دەستەڵاتی خۆیانەوە ، کردبوویان بە سنووری باکووری سوریا . لە لۆزاندا ١٩٢٣ ، لەو ناوچانە کشانەوە بۆ ئەم سنوورەی ئێستای نێوان سوریا و تورکیا ، بەڵام بەبوونی ویلایەتی ئەسکەندەرونەوە . ئەسکەندەرونە سەر بەسوریابوو تا کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە سوریا ١٩٣٩ . لەپاش کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا ، وەک ئێستا فەراغی ئەمنی لە سوریادا دروست بوو ، سوپای تورکیا بە دەرفەتی زانی ، لیوای ئەسکەندەرونەی داگیرکرد . سوریا ، لیواکەی بە بەشێک لە خاکی خۆی لەقەڵەم ئەدا و بە ناوچەیەکی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە وەسفی دەکرد تا ڕێکەوتنی ئەدەنە . ناکۆکی سوری - تورکی لە سەر سنوور بە ڕێکەوتنی ئەدەنەشەوە هەر بەردەوام بوو . ڕێکەوتنی ئەدەنە ، لەپاش ئەو فشارە توندانەوە دروست بوو کە تورکیا تا ئاساتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەڵگیرساندنی جەنگ لەدژی سوریا بەبیانووی بونی بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرکردەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەو وڵاتەدا . سەرۆکی میسر - حوسنی موبارەک ، بۆ ئەوەی جەنگەکە بەرپا نەبێت، نێوەندگیری لەنێوان دیمەشق و ئەنکەرەداکرد ، بۆ ڕێککەوتن و چارەسەری ئەو پرسە . ئەسەد نامەیەک بۆ ئۆجەلان دەنێرێت کە ئامادەیە رووبەڕووی تورکیا ببێتەوە بەڵام ئەو تەسلیم بە تورکیا نەکاتەوە . ئۆجەلانیش سوپاسی ئەسەد دەکات ، بۆ ئەوەی جەنگەکە نەقەومێت ، لە ١٩٩٨ دا سوریا بەجێدێڵێت و بەدوایدا بە چاودێری ئێران و میسر ، لەنێوان تورکیا و سوریادا ڕێکەوتنی ئەدەنە مۆر دەکەن . خاڵە سەرەکیەکانی ڕێکەوتنی ئەدەنە بریتی بوون لە : - دانپێدانانی سوریا بە لیوای ئەسکەندەرونە ( ویلایەتی هاتای ئێستا ) کە بەشێکە لەخاکی تورکیا . - پشتکردنە پەکەکە و یارمەتی نەدانی ئۆجەلان . - ڕازی بوون بە دەستکراوەیی تورکیا ، تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بۆ ناوخاکی سوریا بۆ ڕاونانی پەکەکە . سوریا بەو خاڵانە ڕازی بوو . لەپاش شەڕی ناوخۆی سوریاوە ، ئیتفاقیەی ئەدەنە لە ڕاستیدا هەڵوەشاوەتەوە . چونکە تورکیا بەند و خاڵەکانی لەزۆر لاوە پیشێل کردووە . بەڵام ئێستاکە زیاتر لە بڕگەی چوونە ناوەوەی پێنج کیلۆمەترەکە کە ڕوسەکان و ئەمریکاییەکان ، تەنانەت یەپەگەش پێ ی ڕازین و داوا دەکەن تورکیا پابەندی بێت ، ئەردۆغان قوڵتر تا ٣٢ کلم بە درێزی ٤٨٠ کلم لە دێرەکەوە تا جەرابلوس داوا دەکات . بەدوو بیانوو : یەکەمیان : ڕاونانی هێزەکانی یەپەگە . دووەمیان : جێکردنەوەی ملیۆن و نیوێک ئاوارەی سوری لە تورکیادا . ئەم ئامانجەیان کە جۆرێکە لە پرۆژەیەکی بازرگانی و بەرهەمهێن ، لەدیدی ئەردۆغانەوە چاکەیەکە لەگەڵ ئەوروپادا دەیکات . چونکە داوا دەکات ڕەزامەندی لەسەر ئەو ناوچە بەناو ئامنە بدەن ، بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە، روونەکەنە ئەوروپا . وەکو تر داوای بڕی ١٠٠ ملیار ئیرۆش لە ئەوروپا دەکات بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە لەو هێڵەدا . لە دیدی ئەوروپاوە ، جگە لەوەی ئەو پرۆژەیەی ئەردۆغان ئیستفزازە بۆ ئەوروپا ، وەکوترپێیان وایە چارەسەری قەیرانی ئاوارەکانیش ناکات . بەڵام ئەردۆغان پێداگری لەسەر ئەو پێشنیارە دەکات و هۆکاری سەرەکی جەنگەکەشی لە دژی رۆژاڤا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە یان ١٠٠ ملیارد ئیرۆکەی بدەنێ ، یان دەرگا بۆ ئەوارەکان دەکاتەوە ڕووبکەنە ئەوروپا . لە ئێستادا ڕوسەکان و ئەمریکاش ، بەپێ ی ئیتفاقیەی ئەدەنە ، چاوپۆشی لەهێرشەکەی ئەردۆغان دەکەن تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر ، لەو پێنج کیلۆمەترە بەدواوە ، بە هێڵ بەزێنی حساب دەکەن و جەنگەکە پێ دەنێتە قۆناغیکی ترەوە کە دەکاتە بەزاندنی سەروەری خاکی سوریا . تورکیا وەک داگیرکەر حساب دەکرێت . کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مامەڵەی داگیرکەر لەگەڵ سوپای تورکیادا دەکات لە سوریادا .