Draw Media

شوان محەممەد دوو رۆژە مەسرور بارزانی لە دهۆک و زاخۆ سەرقاڵی کردنەوەی پرۆژەی ئابورییە، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام لەدووری چەند کیلۆمەترێک لە باکوری شوێنی سەرۆکی حکومەتەوە دەنگی فڕۆکە و تۆپباران دێت و خاکی ئەو هەرێمە وێران دەکرێت کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەکەیەتی، بەڵام لە تێکڕای وتارەکانیدا بە پەرەگرافێک، رستەیەک، وتەیەکیش باسی ئەو بۆردومانەی بەدوور نزیک نەکرد کە بۆتە هۆی شەهیدکردن خەڵکی سڤیڵ و ئاوارەبوونی سەدان گوند، تا کاردەگاتە وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکەو سووتانی تەڕ و وشک پێکەوە.. سەرۆکی حکومەت ئێمە تێدەگەین هەرێم ناتوانێت شەڕی تورکیا بکات، بەڵام با لە وتارەکانت لەو ناوچەیە بەلایەنی کەمەوە، داوات لە تورکیای دراوسێ و " دۆستتان " بکردایە خەڵکە مەدەنیەکە نەکاتە ئامانج و نەبێتە مایەی ترس و دڵە ڕواکێ و چۆڵکردنی گوندەکانیان..یان ئاماژەیەکت بۆ ئەوە بکردایە کە تورکیا دەتوانێت سنورەکەی بەبێ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بپارێزێت.. دەزانیت یەکەم زەرەرمەندی ئەو هێرشە حیزبەکەی ئێوەو پێگە جەماوەریەکەیەتی.. پێم ناڵێت چ ناوچەیەکی پارێزگای دهۆکتان بەدەستەوە ماوە، ناوچەیەکی فراوانی گوند و چیاو دەشتەکان بەدەست تورکیا و پەکەکەوەیە، تەنها ناوەندی ناحیەو قەزاو سەنتەری دهۆکتان بەدەستەوە ماوە، هەر لەبەر بەرژەوەندی حیزبەکەشتان بێت قسەیەک بکە.. من دەزانم ئێوە بەپلەی یەکەم و یەکێتی بە پلەی دووەم گوێتان گرانە بەرامبەر تورکیا، گوێی گرانی ئێوەش رەگووڕیشەی قوڵی هەیە.. هەموو کەسێک لە کوردستان دەتوانێت تەفسیر بۆ ئەو گوێ گرانییەی ئێوە بکات.. !!!


بەهرە حەمەڕەش پرۆسێسی رەخنەگرتن و قبوڵکردنی، باشترین چەمک و پێوەری ناسینی ئاستی کۆمەڵگەیە. هەر کۆمەڵگەیەک توانای قبوڵکردنی رەخنەو رەخنە لە خۆگرتنی هەبێت، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز، کە ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە لە قۆناغی خێڵایەتی و سوننەتی، دەربازی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ببێت. پسپۆڕ و بیرمەندانی بواری رەخنەسازی دەڵێن، رەخنە باشترین چەمک و ئامرازە بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی هەڵەکانی تێکستی کۆمەڵایەتیە، وەک ئاینی، ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی. هەر کۆمەڵگەیەک هەناسەی درێژی رەخنە قبوڵکردنی هەبێت، کەواتە هەناسەی دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردنیشی بۆ دروست دەبێت. کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدرێژایی مێژوو لە ژێر چەتری ستەمکاری و دواکەوتوویی سەرکوتکراون، ئەمڕۆ دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەرگایەکی فراوان بۆ خەڵک کرایەوە. ئەم دەرگا و کەناڵانە دەرفەتێکی باشە، بەڵام پێویستی بە چاودێری، پەروەردە و ئاراستەکردن هەیە، چونکە ئەوەی ئێستا دەیبیننین، لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کۆمەڵێک لایڤ و پەیج، زیانەکانی لە سود زیاترن. ئێستا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبوک، لە جیاتی دروستبوونی شۆڕشێکی هزری و کۆمەڵایەتی، بووەتە شاشەی پیشاندان و دروستکردنی رق و عەقڵیەتی تۆڵە سەندنەوە. ئەو دەرفەتەی، کە جیهان بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دەستی کەوتووە، ئێمەی کورد ناتوانین ئەویش لە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەکاربهێنین، چونکە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی فەیسبوک لە جیاتی رەخنەگرتن، فێری جنێودان و سوکایەتی بە هەموو بەها و پیرۆزییەکان بوون. ئەوەی بووەتە سەیروسەمەرە ئەوەیە، کە کەس ئەویتر قبوڵ ناکات، ئەگەر جاران ئەم کلتوری یەکتر قبوڵ نەکردنە تەنیا لە ناو حزبەکان و لە سەر ئاستی دەسەڵات هەبوو، چونکە گیان و عەقڵیەتی رەخنەقبوڵ کردنیان لاوازبوو. ئێستا تەشەنەی کردووە بۆ ناو رۆژنامەنوس، رۆشنبیر، مامۆستا، نوسەر تا هاوڵاتییانی ئاسایی. کلتوری (هەموو راستییەکان لای منە) بەهێزتر بووە و کەس قەوانی کەس ناخوێنێتەوە. ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵ بەرەو بنیاتنانەوەی کەسایەتییەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو ئاراستە بکەین، دەبێ لە کلتوری (هەموو راستییەکان لای منە رزگاربین)، چونکە تاقیکردنەوە زانستییەکان و عەقڵیەتی کراوە و پێشکەوتوو، دەمێکە قسەکردن و پێوانەی رەهای بەجێهێشتووە. کلتوری خۆبەراست زانینی رەها، لە هەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان بوار بۆ دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن ناهێڵێتەوە و عەقڵی رەش و سپی دروستکردووە. بە جۆرێک، کە من تەنیا شتە سپییەکانی لای خۆم و رەشەکانی بەرامبەر ببینم. بەداخەوە ئەم تێگەیشتنە لە ناو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا بونی هەیە، ئاین، سیاسەت ئەدەبیات و رۆشنبیری. ئەمەش وایکردووە، لە جیاتی ئەوەی ئەم توانا و وزەیە بۆ یەکترشکاندن و دژایەتی بەکاری دێنین، بۆ رەخنە گرتن لە خۆمان بەکاری بێنین و دەستنیشانی هەڵەکانی خۆمان بکەین باشترە، چونکە بەم هەنگاوە یەکەمجار خزمەت بە خۆمان دەکات، ئەوجا کۆمەڵگا. گەڕەلاوژەیەکی تر، کە ئێستا دیاردە و باوە، ئەو لایڤ و پەیجانەیە، کە حزب، سیاسییەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان، بۆ دژایەتی بەرامبەر بەکاری دێنن. لە جیاتی رەخنە و رەخنە قبوڵکردن کۆمەڵێک کەسیان داناوە و مانگانەیان بۆ جنێودان بەهەموو پیرۆزی و بەهاکان و مرۆڤایەتی بۆ تەرخانکردوون. ئەم دیاردەیە تاکی لەرزۆک و بێ ئینتیما و تەمبەڵ دروست دەکات، ئێستا لەشکرێک دروستکراوە، کە بژێوی ژیانیان لە سەر جنێودانە بە خەڵک.  ئەو حزب و لایەنانەی سپۆنسەری ئەم گەڕەلاوژەیە دەکەن، ئەگەر ئەم پارەیە بەراستی بۆ دروستکردنی کارگە و هەلی کار تەرخان بکەن، ئەوا خەڵک لە جیاتی جنێودان بژێوی ژیانی لە رێگەیەکی عەقڵانی و دروست پەیدا دەکات و ئەم هەموو دەنگە ناڕازی و دژەی ئێستاش نامێنێ، کە هەمیشە دوژمن سودی لێوەردەگرێت و خۆی دەخزێننە ناویان. ئەم شێوازە لە کارکردن، وزە بەفیڕۆدانی بێهودەیە، چونکە هەمیشە هێرشکردن، هێرشی هاودژ پەیدا دەکات. لە بەرئەوە دەبێ بەر لە رەخنە لەویتر گرتن، رەخنە لە خۆگرتنمان سودبەخشتر دەبێت و هەم کارەکانمان بەبەرهەم دەبن.  ئەگەر ئاوڕێک بۆ مێژووی سەدساڵەی بزووتنەوەی کوردی بدەینەوە، پڕن لە ناکۆکی هەموو ئەو ناکۆکی و دژبەرییە، کە لە نێوان پارت و پێکهاتەکان هەبووە، بەردەوام خەڵک لێی زیانمەندبووە و باجی داوە. ئەنجامی دواکەوتنی هەڕەمەکی خەڵک کۆمەڵێک بت و پەیکەری پیرۆزمان لە بوارەکانی ئاین، سیاسەت و رۆشنبیران دروستکردووە، بێ ئاگا لە وەی هەرکەس و ئایدۆلۆژیایەک پیرۆزکرا، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی رەخنەلێگرتن و لە کۆتاییدا دووچاری چەوسانەوە و مرۆڤی بێ بەرهەم دەبین. هەموو ئەم دۆخەی، کە ئێستا ئێمە گلەییمان لێی هەیە، خۆمان و عەقڵیەتی ئێمە دروستی کردووە. رۆشنبیرێک، کە خۆی بەلاوە پیرۆزبێ، چۆن دەتوانێ کار لە سەر شکاندنی بتەکانی کۆمەڵگە بکات؟  شاعیرێک، کە پێیوابێ تێکستەکانی لە دەرەوەی رەخنەگرتنن، ئەوا ئەم تێکستانە لە گەڵ لە دایکبوونیان دەمرن، چونکە رەخنە رۆح بەبەری تێکستەکاندا دەکات و بە زیندوویی دەیان هێڵێتەوە.  ئەوەی ئێمەی لە دۆخێکی ناهەمواری چەقبەستوو هێشتۆتەوە، نەبوونی عەقڵیەتی رەخنەگرتن و رەخنە قبوڵکردنە. هەر وەک مێژوو پێمان دەڵیت، ئەو رەخنەی وڵاتانی رۆژئاوا ژیانیان لە سەر بنیاتنا و خزمەتی مرۆڤایەتییان پێکرد، بەشێکی گەورەی بۆ پرۆسسی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن دەگەڕێتەوە.   


د. کاروان حەمەساڵح ‎عێراق بە سەرکردایەتیکردنێکی تقلیدی ناگاتە مەنزل ‎ھەر بۆیە ئەوەی مستەفا کازمی کردۆتە دلخوازی ھاولاتیانی عێراق، خیتاب و ھەلسوکەوت و شێوازی سەرکردایەتیکردنە جیاوازەکەیەتی کە بریتیە لە شێوازی ترانسفۆرمەیشناڵ* ، کە پشت بە گۆرانکاری و مەیدانیبوون و ھتد دەبەستێت. لە سلوکیشیدا متمانەبەخۆبوونێکی تێدا بە دیدەکرێت. ھەروەھا تارادەیەک وا دەردەکەوێت ھێزەکانی خۆی؛لە سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسی و جەماوەری ھەلسەنگاندبێت و باش لەوەش گەیشتبێت کە بە ھۆی لاوازی ھێزی حیزبی و سیاسیی و مێژوویی، ھەمیشە دەبێت ڕووی لە ھێزە جەماوەریەکەی بێت و ناو بەناو بە سەردانی مەیدانی و چەند بڕیارێک کە خواستی خۆپیشاندەران بێت، پەیوەندیەکەی لەگەل شەقام دەمەزەرد بکاتەوە. بۆ ئەم کەین و بەینە، چەند ناوەندێک و ڕاوێژکارانی تایبەتی ئەمریکی ھاوکاریەکی زۆری دەکەن! چیتر گرنگە بۆی: بەلام ھەروەک لە دیمانەیەکیشماندا ئاماژەمان پێکرد، کازمی گرنگە بە "لەبەر ڕۆشتن"ی چەند ھەنگاو و بڕیارێک و پشتیوانی "بێ پێشینە" ی وولاتان بۆ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق، تووشی متمانەبەخۆبوونی زیاد لە پێویست نەبێت کە لە زانستی سەرکردایەتیکردندا بە یەکێک دەردەکان ناسراوە (Over-confidence Biases) بە تایبەت لەبەرامبەر دەوروبەرەکەیی و پاشان پەیوەندی و تەرەفگیری وولاتانی دراوسێ، تا بە روونی بەرچاوی خۆی ببینێت. ھەروەھا پێویستە غافڵ نەبێت لە بەھێزیی سیستەمی سێبەر و دەستەلاتی قووڵ لە عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە کە لە سالی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ ەوە بوونەتە خاوەنی ھێزی دارایی و سەربازیی! بۆ ئەمەش پێویستە بۆ ھەموو ھەنگاوێکی، لەرووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە زەمینەسازی بۆ بکات. ھەروەھا ھەر وەک چۆن لە پرۆسەی سەرکردایەتیکردندا، شێوازەکانی دروستکردنی بریار، کرۆکی پرۆسەکەیە، بەلام زیاتر لەوە؛ لەم دۆخە تایبەتەدا بۆ کازمی، دەبێت بریاری دروست بنەمای سەرجەم بیرکردنەوەکانی بێت، چوونکە لە شێوازی سەرکردایەتیکردنی گۆرانکاری و پاشان گواستنەوەی دەولەت بۆ قۆناغێکێ تر! بچووکترین ھەلە (بە لێدوانیشەوە) باجەکەی زۆر گەورە دەبێت. چۆن سەری لێ تێک نەدرێت: روونە کە ھاوکاری ھەر دەولەتێک لە خودی خۆی و ھاولاتیانی عێراقیش لە پێناو برسێتی و دۆخی ژیانی خەلک نیە، بەلکو پەیوەستە بە بەرژەوەندی و نفوسی سیاسیی و ئابووری وولاتان، پاشان ھاوکێشەی جیۆپۆلۆتیکی لەم ناوچەیە. بۆیە؛ کازمی و پاشانیش ھاولاتیانیش، بەھەمان شێوە پێویستە کار لەسەر بەرژەوەندی ھاوبەش بکەن، کازمی لەگەل ئەوان، و ھاولاتیانیش لەگەل کازمی، بۆ ئەوەی تەنھا بە پێی پێویست متمانە و پیاھەلدانی بەسەردا بکرێت تا ئەویش لە کۆتاییدا رێی لێ تێک نەچێ و شێوازی سەرکردایەتیکردنەکەی ڕوو لە دیکتاتۆریی تەواو نەکات! ( ئەگەر چی ھەندێک وولات رازین بەوەی کە ببێتە نیمچە دیکتاتۆریش). ———————————— *شێوازی سەرکردایەتی کردنی ترانسفۆرمەیشناڵ; ئەم جۆرە لە سەرکردایتی کردن، بڕوای بە گۆرانکاری ھەیە و مەیدانیە، پشت بە راکێشانی سۆزیش دەبەستێت ( ئەمە خالی ھاوبەشیەتی گەل سەرکردایەتی کردنی کاریزما) ئەم سیفەتەی کۆتایی سیفەتی لاوەکیە، بەلام لە کاریزمادا سەرەکەییە، وە سیفەتی یەکەم و دووەم کە گۆرانکاریی و مەیدانیە، دوو سیمای دیاری ئەو جۆرە سەرکردایەتیکردنەیە، گۆرانکاریەکانی بە گشتی لە سروشت و شێواز و بنەماکانی دامەزروە، حکومەت و دەولەتدایە، مەیدانی بوونیش بۆ بەدواداچوون لە جیبەجیکردنی بڕیارەکان.  


مەریوان وریا قانع قەرزکردنی چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و خومەینی: خودنەفرەتیی کورد لە خۆی (٣) ”تاڵترین شێوازەکانی دژەجولەکەبوون، ئەنتی سامیتیزم، ئەوانەیە کە لە ناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیدۆزینەوە“ گیلمان. خودنەفرەتیی دیاردەیەکی ھێجگار بەرچاوی ناو دونیای سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەیە لەمڕۆدا، بە ڕادەیەک ڕۆڵی ئەو ژێرخانە مادیی و رەمزییە دەبینێت کە بەشێکی زۆر لە کردەی سیاسیی و نووسین لە دونیای ئێمەدای لەسەر بونیادنراوە. لە مێژووی ئێمەدا کەم ساتەوەخت ئەدۆزینەوە ئەو ھەموو ڕقە ناوخۆییەی بەرابەر بە کورد و بەرامبەر بە شێوازە جیاوازەکانی کوردبوونی تێدابووبێت. لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە ”ڕەخنەکردنی خود“ دیاردەیەکە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی ھەبووە، ھەندێکجار ڕەخنەی توند و ھەمەلایەنیش، بەڵام تەنھا لەمڕۆدا ئەو ڕەخنەکردنە بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە فۆرمی جیاوازدا گۆڕاوە بۆ نەفرەت و بۆ ڕقبوونەوە لە خود خۆی. بەشێکی زۆری ڕەخنەگرتن لە خود، ”خودەڕەخنەیی“، گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود، ”خودنەفرەتیی“. گۆڕانی ڕەخنە بۆ ڕق و گۆڕانی خودڕەخنەیی بۆ خودنەفرەتیی، یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی لە پازدەساڵی ڕابردوودا دروستبووە و بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیکردوە. ئەم خودنەفرەتییە تەنھا نەفرەتکردن لەم یان لەو دەرکەوتی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ئێمە نییە، تەنھا ڕق لە سیاسەت و سیاسییەکان نییە، ڕق لەم بکەر یان ئەو بکەری کۆمەڵایەتیی نییە، نەفرەت لەم دەرکەوت یان لەو دەرکەوتی کۆمەڵگا و مێژووی ئێمە نییە، بەڵکو ڕق و نەفرەتکردنە لە کۆی ئەزموونەکانی کوردبوون وەک کەمینەیەکی ھەڕەشەلێکراوی ناو مێژووی سەدەی بیستەم: لە ئەزموونە سیاسییەکانییەوە بیگرە، بۆ ئەزموونە ئەدەبیی و فیکرییەکان و لەوانیشەوە بۆ ئەزموونی دینیی و ئەخلاقیی. ئەم ڕقە لەوە کەوتوە ڕق بێت لەم پارت و یان ئەو پارت و ڕێکخراوی کوردیی، بەڵکو بووە بە نەفرەتکردن لە سەرجەمی یاخیبوون و شۆڕشەکان و ئیدانەکردنیان، ڕق لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەھا ئەخلاقییەکان، ڕق لە فۆرمەکانی دین و دینداربوون، تا بە ڕق لە نووسەر و شاعیر و ئەدەبیاتی کوردییش، دەگات. ئەم نەفرەتانە ھەندێکجار بەناوی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم و ھەندێکجاربەناوی خۆدەربازکردن لە شوناسیی ئەتنیی و نەتەوەیی و ھەندێکجار بەناوی کۆسمۆپۆلیتیزم و ئینساندۆستییەکی ئەبستراکتەوە دەکرێت. لە ھەمووشیاندا وێنەی کورد وەک بوونەوەرێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک کەسێکی ناپاک و خۆفرۆش و عەمیل، وەک کەسێکی ترساو و بێبەبەرھەم و بێقورسایی، وەک بوونەوەرێکی پوچ و زیاد و بار بەسەر مرۆڤایەتییەوە، وەک کائنێکی بۆش کە بەردەوام بە دوای شتێکدا دەگەڕێت بیپەرستێت و ببێت بە کۆیلەی، ھتد...وێنادەکرێت. تا بەوەدەگات کە کردە خۆکوژییە نوێکانی ھێزە دینییەکانی ناو دونیا ئەمڕۆ بخرێتە ملی ھەندێک شاعیر و نووسەری ئەم میلەتە کە زیاد لە نیوسەدە بەر لە دروستبوونی ئەم کردانە کۆچیان کردوە. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا ناشیرنترین و بەدترین شێوازەکانی ڕقبوونەوە لە کورد لەناو کورد خۆیدا ئەدۆزینەوە، بەتایبەتی لەناو ئەوانەدا کە بەناوی مرۆڤدۆستیی و ھیومانیزم و گەردونگەراییەوە دەدوێن و پێیانوایە ڕەخنەی ناسیۆنالیزم و سێکتاریزم دەکەن. لە دونیای ئەمڕۆدا خودنەفەرتی کورد بۆ خۆی، زۆر فراوانتر و بەدترە لە نەفرەتکردنی ئەوانیتر لە کورد. ئەم نەفرەتکردنە لەسەر شاردنەوە و لەبیرکردنێکی سیستماتیکی دوو ڕاستیی مێژوویی زۆر سادە کاردەکات: یەکەمیان دۆخی کەمینەبوونی کوردە لەناو کۆمەڵێک سیستم و دەوڵەتی ستەمگەر و توندوتیژدا. دووھەمیان پرۆسەی بە ئەمنیی و ئاسایشکردنی بەردەوامی داخوازییە سادە و سەرەکییەکانی ئەم کەمینەیەیە. ھەموو مێژووی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست و یەکەمی کورد ئەم دوو پرنسیەپە سەرەکییە ئاراستەی دەکات. ئەم دوو پرۆسەیە دۆخێکی ھێجگار زەحمەت و پڕھەڕەشەی بۆ کورد دروستکردوە کە خودنەفرەتیی یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردنبووە لە خود خۆی. بەڵام میکانیزمێک کە لەسەر تەماھیکردنی تەواو لەگەڵ زمان و ڕوانین و عەقڵیەتی ئەو دەوڵەتانەدا دامەزراوە کە ئەو دۆخی کەمینەبوون و ھەڕەشەکردنە بەردەوامەیان خولقاندوە. لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە دیاردەی خودنەفرەتیی زیاتر دیاردەی ناو کەمینە ئەتنیی و دینییەکانن و لە دیارترین شێوەشیدا لەناو جولەکەکاندا بەرجەستەبوو. سەرنەکەوتن بەسەر دۆخی کەمینەبووندا و ڕووتەقینەوەی بەردەوام بە ڕووی مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندا ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییە کە ئەم دیاردەیەی لەسەر دروستبووە. لە دۆخی میلەتی ئێمشەدا ھەمان ژێرخان ئامادەیە و بە درێژایی مێژووی بە کەمینەبوون، دەرچوون لە دۆخی کەمینەبوون لە مەحاڵ نزیکتربووە تا ئەگەرێکی مێژوویی مەعقول و ڕاستەقینە. بە ئاسایشکردنی داخوازییە سەرەتاییەکانی ئەم میلەتەش دۆخی ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی و ھەڕەشە و گواستنەوە و ڕاماڵین و پەلاماردانی کردوە بە دۆخێکی بەردەوام. وەک پێشتریش باسمکرد تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر و چەوسێنەردا یەکێک بووە لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود. بوون بە بەعسیی و ساواک و میت، بوون بە جاش و جاسوس و ناپاک، ئەگەرچی چەندان ھۆکاریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی لە پشتەوەبووبێت، بەڵام دابڕاو نەبووە لەو میکانیزمە سایکۆلۆژییەی لە فۆرمی خودنەفرەتیدا کاریکردوە. لەم سێ دەیەی دواییدا کورد لە عێراقدا لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریی و ئیقلیمیی و جیھانیدا خۆیبینیوە وا دەردەکەوت ئەو دۆخی کەمینەبوون و بە ئاسایشکردنەی خواستەکانی تێپەڕاندبێت و بۆ یەکەمجار خۆی لە ھەرێمێکدا سەروەری خۆی بێت. دەکرا ئەم ئەزموونی کۆتاییھێنانە بە دۆخی کەمینەبوون ببوایە بە ”سەرەتایەکی تازە“ و بە بنەمای سڕینەوە و پەکخستنی سایکۆلۆژیای خودنەفرەتیی. بەڵام ئەم ئەزموونی سەربەخۆبوونە بەڕادەیەک وێران و ناشیرین و بۆگەن بوو، کە نەک کۆتایی بە سایکۆلۆژیای خودنەفرەتی نەھێنا، بەڵکو وزە و ھێز و گوڕێکی ھێجگار گەورە و ھەمەلایەنی پێبەخشیی. نەفرەتکردن لە پارتی و یەکێتییەوە گۆڕا بۆ نەفرەتکردن لە سیاسەت بە مانا گشتیی و سەرەکییەکەی و بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونی سیاسیی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. تا ئەو ڕادەیەی کەسانێک لە نەفرەتکردن لە سیاسەتەوە گواستیانەوە بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونەکانی کوردبوون لە ئاستە جیاوازەکاندا: نەفرەت لە مێژوو، لە شۆڕش و یاخیبوونەکان، لە نووسین و ئەدەبیات، لە گشتێتی بوونی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. تا ئەو ڕادەیەی سڵ لەوە نەکەنەوە کوردبوون و گەمژەبوون و کوردبوون و جاھیلبوون و کوربوون و ھیچنەبوون، بەیەکتری یەکسانبکەن. لە ئێستادا خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بووە بە پەتا، نەک تەنھا لەناو سیاسەتی کوردیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتدا، لەناو ڕەخنەی سیاسیی و ڕەخنەیی کۆمەڵایەتییدا، لە ناو نووسینی ڕۆژانە و کتێب و بڵاوکراوەدا، لەناو ڕەخنەی فەرھەنگیی و ئەخلاقییدا ئامادەیە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە مرۆڤ واھەستدەکەات ئەم نووسەر و سەرنجنووس و ڕەخنەگرانە چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و شا و خومەینی و ئەسەدیان قەرزکردوە و بۆ سەریکردن و ڕامان لە کورد و لە ئەزموونی کەمینەبوونی لەناو مێژوی خوێناوی سەدەی بیستەمدا.


سەهین موفتی لاهور جەنگی، وەک ئەوەی کەرکووکی گرتبێتەوەو دوزی گەڕاندبێتەوە لەبۆ گەرمیانییەکان، لە سەردانێکی لە بۆ هەولێرو کۆبوونەوەی دەگەڵ کادیران و ئەندامانی حیزبەکەی، چەند لێدوانێکی داوە، لەوانە "( هەولێر بۆ کەس چۆڵناکەین، یەکێتی لە هەولێرو بادینان بەهێز دەکەینەوە)". ئەمن، هەر سەرپێیی چەند دێڕێک دەنووسم، پێموابێ وایزانیوە لە بۆ رادیۆ دواوە...! ئەگەر، مام جەلالی رەحمەتی لە قەبرێ هەڵسێتەوەو جارێکی دی، دەستە گوڵەکە بخاتە دەستییەوەو بیبەشێتەوەو سێبەشی بەر هەولێر بکەوێت..!  ئەوا یەکێتی لەم سنوورە بەهێز نابێتەوەو هەر ئەو یەکێتیە دەبێت لە مەکتەبی سیاسی سەر رێی کەرکووک تا ژێر پردەکەی بەردەمی بارەگای مەڵبەند تێپەڕ ناکات..!  بادینانیش، ئەوا هەر لێگەڕێ، پسمامان و دۆتمامان،  لەوێ تاقەتی حیزبایەتییان هەر نەماوەو حیزبەکان بەهەموو رەنگەکانییانەوە کاڵ بوونەتەوە. پاشان، هەقە یەکێتی و لاهوریش دەستپێک لە سنووری سلێمانی زێدەتر خۆیان بەهێز بکەنەوەو خەڵکی ئەم دەڤەرانە ئاشت بکەنەوە، بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاونیشتمانییان، ئەمجار بیر لەوە بکەنەوە، لە هەولێرێ چەند مەترێکی دی بکەونە ئەودیو ژێر پردەکە.


د.ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج مه‌به‌ستمان له‌ زاراوه‌ی (چاكسازی، Reform) له‌ به‌كارهێناندا، ئه‌و مانایانه‌‌یه‌ كه‌ له‌‌ زمانی ئینگلیزی وه‌رگیراون‌. یه‌كێك له‌ ماناكانی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فه‌رهه‌نگی (ئۆكسفۆرد، Oxford)دا هاتووه‌، واته‌: (دروستكردنی گۆڕانكاری له‌ شتێكدا، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌زگایه‌ك یان په‌یڕه‌وێكدا به‌ مه‌به‌ستی باشتركردنی). هه‌روه‌ها له‌ فه‌رهه‌نگی (كه‌یمبریج، Cambridge)دا هاتووه‌: (ئه‌نجامدانی كارێكه‌ له‌پێناو باشتركردندا، به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی گۆڕینی ره‌فتاری كه‌سێك یان گۆرانكاری له‌ په‌یكه‌ری شتێكدا). مانای چاكسازی واته‌ دووباره‌ شكڵپێدانه‌وه‌ی شتێك یان ره‌فتارو په‌یڕه‌وێك، به‌ ئاراسته‌ی هه‌مواركردن یان په‌ره‌پێدان نه‌ك روخاندن و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌، لێره‌وه‌ چاكسازی سێ  ئامانجی هه‌یه‌: (چاره‌سه‌ری كه‌موكورتی پێكهاته‌و په‌یكه‌ری داموده‌زگاكان، چاكسازی له‌ به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی كارپێكراو، راستكردنه‌وه‌ی ره‌فتاری هه‌ڵه‌ی كه‌سه‌كان). لێره‌دا ده‌مانه‌وێت له‌ روانگه‌یه‌كی ئه‌خلاقیانه‌وه‌ له‌ چاكسازی بڕوانین، بۆیه‌ پوخته‌ی تیۆره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كایه‌ی (ئه‌خلاق، Ethics) ده‌ناسێنین، پرسی چاكسازی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م ئه‌و تیۆرانه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رنجی خۆمان له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان تۆمار ده‌كه‌ین: یه‌كه‌م: چاكسازی و تیۆری (فه‌زیله‌تگه‌رایی، Virtue Ethics): دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م تیۆره‌ بریتیه‌ له‌ (ئه‌رستۆ،Aristotle )، پرسیاری سه‌ره‌كی بریتیه‌ له‌: (چی ده‌كرێت له‌ پێناو كه‌سێكی باشدا؟) واته‌ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر بكه‌ری ئه‌خلاقمه‌ند، كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌م تیۆره‌ دروستكه‌ری كرده‌ی ئه‌خلاقیانه‌یه‌، خاوه‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌كه‌، ناویان ده‌نێت فه‌زیله‌تی ئه‌خلاقی، وه‌ك: دانایی، ئازایه‌تی، راستگۆیی، دادگه‌ریی. ئه‌گه‌ر كه‌سێك خاوه‌ن ئه‌خلاقی فه‌زیله‌تمه‌ندانه‌ بوو، ئه‌وا له‌كاتی پێویستدا ئه‌خلاقیانه‌ ره‌فتار ده‌كات! چاكسازی به‌پێی ئه‌م تیۆره گرێدراوه‌ به‌ كه‌سی چاكسازه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی بانگه‌شه‌ی چاكسازی ده‌كات ده‌بێـت خاوه‌نی فه‌زیله‌‌ته‌ ئه‌خلاقیه‌كان بێت، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌سێتی و ئه‌خلاقی كه‌سی چاكساز رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ بڕیارو سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تدا، كه‌واته‌ متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ چاكسازی له‌ متمانه‌ به‌ كه‌سی چاكسازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، پێچه‌وانه‌كه‌شی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ كورتی (چاكسازی به‌ چاكسازان ده‌كرێـت!) له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئیسلامییه‌كان به‌گشتی جا حیزبی و رێكخراوبن یان كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵگری بیری ئیسلامی، هه‌ڵگری ئه‌م روانگه‌یه‌ن بۆ  ئه‌خلاقی چاكسازی، بۆیه‌ له‌ گوتاریاندا زۆرترین جه‌ختكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیفه‌ته‌ پێویسته‌كانی كه‌سی چاكساز له‌ نموونه‌ی (راستگۆیی و ده‌ستپاكی). له‌ به‌رامبه‌ردا سیفه‌ته‌كانی كه‌سی گه‌نده‌ڵكار (درۆكردن، به‌ڵێنشكاندن، خیانه‌ت له‌ ئه‌مانه‌ت) كه‌ به‌ جۆرێك له‌ (نیفاق) وه‌سفده‌كه‌ن، چونكه‌  له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئایینیدا ئه‌و ره‌وشتانه‌ وه‌ك سیفه‌ته‌كانی كه‌سی (دووڕوو، منافق) پێناسه‌كراون. دووه‌م: چاكسازی و تیۆری (ئه‌ركگه‌رایی، Deontology Ethics): دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م تیۆره‌ بریتیه‌ له‌ (ئیمانۆیل كانت، Immanuel Kant) پرسیاری سه‌ره‌كی بریتیه‌ له‌: (چ كردارێك راست و دروسته‌؟) واته‌ ئه‌م تیۆره‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر خودی كرداری ئه‌خلاقی، ئایا كردارێكی دیاریكراو له‌ خودی خۆیدا دروست یان نادروسته‌، ئه‌گه‌ر كردارێك په‌سه‌ندبوو ئه‌وا له‌ روانگه‌ی ئه‌خلاقیانه‌وه‌ ئه‌ركی مرۆڤه‌ ئه‌نجامیبدات، گرنگ نییه‌ بكه‌ری ئه‌خلاقی كێیه‌ یان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ‌خوازراو یان خراپه‌‌. به‌ گوێره‌ی ئه‌م تیۆره‌ چاكسازی له‌ خودی خۆیدا كردارێكی دروست و چاكه‌، كه‌واته‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقیانه‌ی كه‌سی چاكسازه‌ كه‌ پێوه‌ی پابه‌ندبێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆیدا بێت یان نا ! هه‌روه‌ها ده‌بێت ئێمه‌ چاومان له‌سه‌ر كرداره‌كان‌ بێت نه‌ك كه‌سه‌كان، واته‌ گرنگ نییه‌ كه‌سێك خۆی چاكسازی راسته‌قینه‌‌بێت، به‌ڵكو گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كرداری چاكسازی ئه‌نجامبدات، ئه‌م كرداره‌ی به‌ دروست و په‌سه‌ند ئه‌ژمارده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ كرداره‌كانی تردا نادروست و ناپه‌سه‌ندیش بێت. پابه‌ندبوون به‌ تیۆری ئه‌ركگه‌رایی كانتی به‌ كارێكی‌ سه‌خت و دژواره‌كان داده‌نرێت، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك به‌ تیۆرێكی ئایدیالیستی داده‌نێن، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا كارێكی قورسه‌ ته‌وژمێك یان حیزبێك یان كه‌سانێك به‌ نوێنه‌ری ئه‌م تیۆره‌ پۆلێنبكرێن، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌كرێت جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چاكسازی له‌به‌ر خودی خۆی نه‌بێت، به‌ڵكو ره‌نگه‌ به‌ ئامانجێكی نزیك یان دوور مه‌ودا بێت! سێیه‌م: تیۆری (سوودگه‌رایی، Utilitarianism): به‌ناوبانگترین دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م تیۆره‌ بریتین‌ له‌ (جێرمی بێنتام، Jeremy Bentham) و (جۆن ستیوارت میل، John Stewart Mill) پرسیاری سه‌ره‌كی بریتیه‌ له‌: (چ شتێك به‌هادارتره‌؟) واته‌ بۆ ئه‌ژماركردنی كردارێك به‌ ئه‌خلاقی، نه‌ بكه‌ری كرداره‌كه‌ گرنگه‌‌، نه خودی كرداره‌كه‌ش پێوه‌ره‌، به‌ڵكو ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی لێی ده‌كه‌وێته‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ ! به‌پێی ئه‌م تیۆره‌ كاتێك كردارێك به‌ دروست و ئه‌خلاقیانه‌ ئه‌ژمارده‌كرێت كه‌ (گه‌وره‌ترین بڕی سوودی بۆ زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك لێبكه‌وێته‌وه‌)، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر چاكسازی وه‌ك كردارێك یان پرۆسه‌یه‌ك ببێته‌ هۆی دابینكردنی گه‌وره‌ترین سوود بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئه‌وا وه‌ك كردارێكی دروست و په‌سه‌ندی ئه‌خلاقی ئه‌ژمارده‌كرێـت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆی زیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئه‌وا به‌ كردارێكی نائه‌خلاقی داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر له‌ خودی خۆیشیدا كردارێكی دروست بێت ! به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌م تیۆره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌سی چاكساز ده‌بێت بۆ به‌خته‌وه‌ری زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی تێبكۆشێت، نه‌ك ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یان به‌ره‌ سیاسییه‌كه‌ی یان ره‌وته‌ فیكرییه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دۆخی هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بینین له‌ چه‌ندین ساڵی رابردوودا له‌لایه‌ن كه‌سانی جیاوازو خاوه‌ن پله‌و پایه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ چاكسازی وه‌ك دروشم هه‌ڵكراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی واقیعدا دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر رۆشتووه‌ ! شایانی ئاماژه‌یه‌ به‌ده‌ر له‌ ورده‌كاریی تیۆره‌كان یه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌خلاق بریتیه‌ له‌ (ئیراده‌ی ئازاد، الإرادە الحرە، Free will) ئامانجی كۆتایی ئه‌خلاقمه‌ندییش بریتیه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌ (به‌خته‌وه‌ری، السعادە، Happiness). كه‌سی چاكساز پێویستی به‌ هێزی ئیراده‌و ئیراده‌ی ئازاد هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌خلاقی خۆی پیاده‌ بكات، ژیانی گه‌له‌كه‌ی و بونیادی كۆمه‌ڵگاكه‌ی به‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی (سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی)یه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی به‌خته‌وه‌ریی په‌ره‌پێبدات. بێگومان ئه‌مه‌ش خوازراوی تیۆره‌كانی ئه‌خلاقه‌ به‌ جیاوازی ورده‌كاریه‌كانه‌وه‌. هاوكات گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری له‌ خودی خۆیاندا كارێكی نائه‌خلاقین، كه‌سی ئه‌نجامده‌ریان به‌ كه‌سێكی خاوه‌ن ئه‌خلاقی ناپه‌سه‌ند ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ رووی ئه‌نجامیشه‌وه‌ هه‌میشه‌ نا سه‌قامگیریی و كاولكاریی و پێشێلكردنی پێوه‌ره‌ مرۆڤدۆستییه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.  


مەجید ساڵح مەسەلەی گوزەر بەرەو دیموکراسی لە رووی تیۆرییەوە یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی زانستی کۆمەڵناسی سیاسی هاوچەرخ، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لیکۆڵینەوەکانی گوزەر بەرەو دیموکراسی رەونەقی پەیدا کرد و تیۆریی زانەکانی بواری سیاسەت سەبارەت بە هۆکار و هەلومەرجی گوزەر بەرەو دیموکراسی بوون بە چەند دەستەیەکەوە. دەستەی یەکەم: تیۆری کلاسیک یان درێژخایەن؛ ئەمانە پێیان وایە بەرقەرارکردنی دیموکراسی ئەرکی سەرەکی چینەکۆمەڵایەتیەکانە. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە پێیان وایە گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابوری، فراوانبوونی شارنشینی، پەرەسەندنی پەروەردە و فێرکردن، زۆربوونی کەناڵەکانی راگەیاندن، پتەوبوونی چینی ناوەڕاست و بوونی کولتووری بەشداری سیاسی و سەرهەڵدانی کۆمەڵی مەدەنی بەهێز و هەبوونی بازاڕی ئازاد رۆڵی سەرەکییان هەیە لە رەخساندنی زەمینە و هەلومەرجی بەرقەرارکردنی دیموکراسی. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە لەوباوەڕەدان گۆڕانی ئابوری و مۆدێرنە بوونی کۆمەڵگا، هەنگاوی یەکەمە بەرەو دیموکراسی.. لەم تیۆرییەدا جەخت لەسەر هۆکارە ناوخۆییەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک دەکرێتەوە و پێی وایە گۆڕین یان روخانی حکومەتێکی ستەمکار بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگایە. لەم تیۆرییەدا باس لەوە دەکرێ گەر حکومەتە ستەمکار و دیکتاتۆرییەکان رێگری بکەن لە کرانەوە فەزای سیاسی، بەو مەرجەی سوپا پشتیوانیان لێ نەکات، خەڵک و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن لە رێگەی شۆڕش و راپەڕینەوە ئەو حکومەتانە بڕوخێنن، ئەگەری ئەوەش هەیە لە دوای رووخان دیموکراسی بەرهەم بێت ئەڵمانیای شەرقی بە نمونە، لەوانەشە حکومەتێکی دیکتاتۆری ستەمکاری دیکەی لێ بکەوێتەوە.. نمونەی شۆڕشی فەرەنسا و ئێران..  دەستەی دووەم: تیۆری مۆدێرنی کورتخایەن: ئەم تیۆرییە بۆ گوزەر بەرەو دیموکراسی جەخت لە رۆڵی نوخبەی سیاسی هۆشیاری و چالاکوانای کۆمەڵایەتی بە تایبەتی چین و تویژە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە. لەم تیۆرییەدا گۆڕانکاری لەسەرەوە بەرەو خوارە؛ ئەم هەلومەرجەش کاتێک دەڕەخسێت کە هەندێ لە نوخبەی دەسەڵات بەدەست بەهۆی گوشار ی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەڵسن بە کردنەوەی فەزای داخراوی سیاسی، لە، دۆخەدا نوخبەی دەسەڵاتدار هەوڵدەدەن لە گەڵ نوخبەی ئۆپۆزسیۆن بگەنە رێکەوتنێک بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم و چاکسازی و  دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراسی؛ بەرازیل و پیرۆ و شیلی بەم شێوەیە گوزەریان کرد بەرەو دیموکراسی. تتیۆری سێیەم: لەئەنجامی ئاوێتە کردنی هەردوو تیۆرییەکەی سەرەوە، تیۆری سێیەم سەری هەڵدا کە هەم جەخت لەسەر ستراکچەر دەکاتەوە و هەمیش لەسەر رۆڵی نوخبەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە دۆخێکدا کە دیکتاتۆری زاڵ بێت گروپە بەرهەڵستکارەکان لە هەنگاێکی هاوبەشدا بڕیار لە سەر ئازاد کردنی وڵات و کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەت دەدەن و چینی ناوەڕاست خەباتێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بەرفراوان رێکدەخات هاوسەنگییەک لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی دەسەڵتدار دروست دەبێ و گفتوگۆ و ئاشتبوونەوە لە نێوانیادا روودەدات و زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ گوزەر بەرەو دیموکراسی دەڕەخسێنێت، لەو کاتەدا دەسەڵاتداران ناچار دەبن لە رێگەی سازش کردن یان رێکەوتن مل بۆ دیموکراسی کردنی وڵات بدەن بەو مەرجەی تۆڵەیان لێ نەکرێتەوە و پارێزراو بن. نمونەی ئەم گوزەرە وەک ئەزموونی کۆریای باشور و هەنگاریا و ئۆرۆگوای.. هانتینگتون بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەم تیۆریەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کام لەم تیۆرییانە بۆ کوردستان قابیلی جێبەجێکردنە؟ ئەوەیان بۆ وتارێکی دیکە....


پەیكار عوسمان - ڕادەسکردنەوەی دالیا "ئەگەر ڕاستبێ"، پێچەوانەی هەموو بەها ئینسانی و ئەخلاقی و نەتەوەییەکانە.. بەڵام لێرەدا من، هیچی ئەو بەهایانەم بۆ گرنگ نیە، چونکە لە سیاسەتی کوردیدا ئەوانە هیچیان نین. ئێمە ئەبێ قسە لەسەر بەهاو بنەمایەك بکەین کە هەیە! - ئەو بنەمایەش کە هەیەو سیاسەتی ئێمەی لەسەر دامەزراوە، "بەهاکانی خێڵە". ئێمە سیاسەتمان نیە بە مانای، زانستی سیاسی و دامەزراوەی سیاسی و عەقڵی سیاسی و مامەڵەی سیاسی.. ئەوەی کە هەمانە، دیوەخان و عەقڵی خێڵ و مامەڵەی خێڵەکی و مەنتقی شێخی قەبیلەیە. ئەمانەیە لە بەرگی سیاسەت و حیزب و حکومەتدا! - مەسەلەن سیاسەتی ئێمە، ستراتیج و پلان و داتاو تیم و پرۆسەی دروستکردنی بڕیارو ئەم شتانەی نیە، بەڵکو ئاشێکە، عەقڵی خێڵ و "قسەی پیاو" ئەیگێڕێ. (پیاو قسەی کردوەو تەواو)! - ئاخر دنیایەك کێشەی ئێمە، هەر لەوێوە هاتووە، کە سەرۆكێك قسەیەکی کردوەو دوایی لێ ی پەشیمان نەبۆتەوە، ئەگەرچی زانراویشە کە هەڵەیە! لەولاوە زۆر کێشەشمان بە چاخواردن و مەرحەبایەكی دوو سەرکردە حەلبووە، ئەگەرچی بابەتەکە گرێکوێرەو زۆر ئاڵۆزیشبووە! دەی ئەمە هەردوکی، هێشتا هەر لە چوارچێوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایەو سەرنەکەوتووە بۆ ئاستی پەیوەندی سیاسی. - ئەمەوێ بڵێم لەم کەیسەداو لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەدا، کێشەکە ئەوەنیە کە مافی مرۆڤ و خەتی سوری نەتەوەیی و نیشتمانی پێشێلکراوە، کە ئەمانە پەراوێزێکی بچوکی دنیای سیاسیی ئێمەن. بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە بەهاکانی خێڵ پێشێلکراوە، کە چەقی سیاسەتی ئێمەیە! - ئاخر سیاسەتی ئێمە، خێڵێکی ڕووتەو بنەماڵەو پەیوەندی خوێن ئەیگێڕێ، نەك کەفائەتی سیاسی و یاساو دامەزراوە.. دەی ئاخر خێڵیش، بنەماو نەریتی خۆی هەیە، کە پیرۆزەو کە لادان لێ ی، خێلەکیبوون ئەخاتە ژێر پرسیارەوە! - مەسەلەن لە سیستەمی عەشایەریدا، (تەسلیمکردنەوە) عەیبەو خەتی سورە. تۆ پیاوبکوژەو بچۆ دیوەخانی عەشرەتێك، پەناتئەدەن و تەسلیمت ناکەن. یان ئەوەتا سوڵحت بۆ ئەکەن. یان خۆیانت لەسەر بەکوشت ئەدەن. (لێرەدا من وەسفی شتەکە ناکەم، بێگومان ئەم نەریتانە قۆناغی پێش دەوڵەتی یاساو دامەزراوەیە. تەنیا مەبەستم ئەوەیە، مادام خێڵگەرایی بەرقەرارە، ئەبوو یاسای خێڵیش بەرکاربووایە)! - دەی لە ئەگەری تەسلیمکردنەوەی ئەم کچەی ئەمڕۆو ئەو پیاوەی دوێنێدا، ڕێك یاساکانی خێڵ پێشێلکراوە! یەعنی ئەمانەی ئێمە، کە سیاسی و حوکدارنین و تەنیا خێڵن. تەنانەت لەوەشدا فەشەلیان هێناوە کە خێڵبن! تۆ لە سیاسەتا فەشەلت هێناوە، چونکە عەقڵی خێڵت هەیە. کەچی لە خودی خێڵایەتیدا فەشەلت هێناوە چونکە ئەخلاقی خێڵت نیە! - ئەو کچە، ئەگەر پارتی تەسلیمیکردوە، ئەوە یەعنی ئێمە خێڵێکی سیاسیمان هەیە، کە وەکیلی دوژمنەو وەکالەتەکەشی هێندە ڕەزالەتمەندانیە، کە تەنانەت ناتوانێ موراعاتی بنەماکانی خێڵیشی تێدا بکات! خۆ ئەگەر میت خۆشی فڕاندبێتی، ئەوە عوزر لە قەباعەت خراپترو یەعنی ئەسڵەن وەکالەتێك لەئارادا نەماوەو میت خۆی حاکمی ڕاستەوخۆیە! بەڵام بەدیوەکەی تردا، ئەگەر ئەو کچە خۆی وایکردبێت و بڕیارو ئیرادەی خۆیبێت، دەی ئەوەش ئەگەرێکەو خۆ ناکرێ لەبەر خاتری شەڕو عوقدەکانی منو تۆ، ئەم ئەگەرە بوونی نەبێ! - خۆ ئەوە باشە، کە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشبێ، بەڵام بەجۆرێك کە ئەمە لەسەر گۆشت و خوێنی پارچەکانی تر نەبێت. وەلێ ئێمە نەك لەسەر حسابی ئەوان، بەڵکو تەنانەت لەسەر حسابی پارچەکەی خۆشمان کردومانە! مەسەلەن لە شەڕدا سوپای بێگانەمان هێناوەتە سەر یەکترو لە ئاشتیشدا کشتوکاڵ و کارگەی خۆمان لەکارخستووە، بۆئەوەی بەرهەمی ئەوان ساغکەینەوە! - ئینجا یەکێتییەکان دڵیان بەم قسانەم خۆشنەبێ، چونکە هیچ مەلەفێکی گڵاوی پارتی نیە، کە هاوشێوەکەی لە ئەرشیفی یەکێتیشدا نەبێت. وەکچۆن هیچ مەلەفێکی گڵاوی یەکێتیش نیە، کە هاوشێوەکەی لە ئەرشیفی پارتیشدا نەبێت. ئەو دووانە نەك باش و خراپ، بەڵکو خراپ و خراپتریش نین و هەردوکیان "خراپترینن" بە یەکسانیی! - پرسیارێکیش بۆ هەڤاڵانی ئاپۆچی: ئەرێ ئێوە، کە بایی ئەونە بەینتان لەگەڵ پارتی هەیە، کە شەرڤانەکانتان بۆ چارەسەر بێنە هەولێر. ئەی بۆچی بیستوچوار سەعات خەریکی جنێودانن بە پارتی؟ ئەگەر پارتی، ئەو گورگەی ناو جنێوەکانی ئێوەیە، ئەی خێرە مەڕەکانی خۆتانی پێ ئەسپێرن؟! - ئەو دۆخە خراپەی کە هەیە، خۆزگە زۆر لەوە خراپتربووایە، بەس هۆکارەکان تەنیا دەرەکییبوونایەو هەمووی هەر کاری دوژمن و زەمانەبووایە، نەكئەوەی ئینسانی ئێمە لەناوەوە خۆی خراپ ببوایە کە بووە. بەشەکەی دوژمن وازلێبێنە، بەڵام ئەو بەشەی کە حیزب و ئایدۆلۆژیاو حوکمڕانی خۆمان خراپی کرد، ئەوەیان داخی گرانەو ئەرکیشی گرانەو بە زەحمەت دروستئەکرێتەوە! - وەلێ هەرئەبێ دروستیکەینەوەو لێرەشەدا هیچ شتێکی دەرەوەی خۆمان کۆمەکمان ناکاو ئەبێ خۆمان "وەکو تاك"، بگەڕێینەوە بۆ بیرکردنەوەو عەقڵ و ئەخلاق و "وەرچەرخانێكی کەسیی" لەناو خۆماندا بخولقێنین و ئەو زبڵە پاكبکەینەوە کە حیزب لەناوماندا دایناوە. - مەسەلەن لە بابەتی ناڕەزایی دژی تورکیا، قەیچێکا با تۆی پارتیش هەڵوێستت هەبێ. دەی تۆش ئینسانیت و بە سیعری ئینسان پارتیبە، نەك بە سیعڕی مقەبا. یان تۆی یەکێتی دژی بڕینی بندیوار مەبە، هەر لەبەرئەوەی زۆرترین بندیواری یەکێتی بەرئەکەوێ. بەڵکو ڕێك بەعەکسەوە، تۆ لە هەموو کەس زیاتر پشتیوانبە، بۆئەوەی هەم حیزبەکەت لە بندیوار پاکبێتەوە، هەم چاکەیەکی گشتیش ڕووبدا. یان تۆی گۆڕان بۆ گۆڕانکاریی گۆڕانبە، نەك بۆ پاساوهێنانەوە بۆ داگیرکردنی موڵکی گشتی. یان تۆی ئیسلامی، بۆ حەق و عەدالەتی ئێرە ئیسلامیی بە، نەك بۆ شەڕە ئایدۆلۆژییەکانی ئیخوان لە لیبیا. یان تۆی پەکەکە، تا کەی چەپڵە بۆ چەکێك ئەکوتی، کە لە خودی باکور سودێكی نەماوەو لە باشوریش بووە بە بارگرانی؟ ئەوەی من تێگەیشتووم، مەسەلەکە کەمێکی بەرژەوەندییە. زیاتر دەمارگیرییە. دەی بەرژوەندییەکە عافێتتبێ، بەس بڕێك دەمارگیرییەکە خاوکەرەوەو بە ڕەش مەڵێ سپی! - ئینجا لەم پرسەدا، نایشارمەوە، من لە سەدا نەوەت گومانی خراپم لە پارتیە. بۆیە ناشیکەم بە سەدا سەد، چونکە بڕوام بە حوکمی موتڵەق نیەو شتێك ئەگەر پۆینتێك ئەگەرێکی تری تێدابێت، ئەبێ حسابی ئەو پۆینتە بکەین، بۆئەوەی بڕیارێکی ستەمکارانە نەدەین. حوکمی پێشوەختەی موتڵەقیش عادەتەن شەڕەو حوکمێکی ئایدۆلۆژییە نەك عەدل و ئینساف. بەڵام چ مێژوو، چ ئێستا، پێمان ئەڵێ، شتێکی وا لە شان و شەوکەتی پارتی ئەوەشێتەوەو هەر زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراویشە. ئەم وێنەیەش ئەو حیزبە خۆی بۆ خۆی دروستکردوە، نەك بوختان و بەدگومانییەکانی ئێمە! - دواجار لەم مەوزوعەو لە هەموو مەوزوعەکانی تریشدا، کە ڕۆژانە دێن و دابەشمان ئەکەن، تەنیا یەك پرسیار گرنگە، هەر ئەو پرسیارەی کە هەرگیز لە خۆمانی ناکەین! ئەرێ تۆ لە هەر پرسێك، حەقیقەت و ڕاستی بابەتەکەت ئەوێ، یان شەڕو حەزەکانی خۆت و ئەتەوێ شتەکە بەو جۆرەبێ کە تۆ ئەتەوێ؟ - لێرەدا عەقڵی ئازاد کە عادەتەن عەقڵی تاکیشە، تەنیا ڕاستی ئەوێ و کاری بەوەنیە ڕاستی شتەکە لە بەرژەوەندی کێیەو دژی کێیە. چونکە ئەو بۆیە ئازادە، لەبەرئەوەی ئەم کۆتی دژایەتی و بەرژەوەندییەی شکاندوە. بەڵام عەقڵی نائازاد کە عادەتەن عەقڵی گروپیشە، دیلی دژایەتی و بەرژەوەندییەو ئەبێ هەموو شتێك لەبەرژەوەندی ئاڕاستەکەی ئەوبێ و دژی ئاڕاستەکەی تربێ و لە هەر مەوزوعێك ئەمەی بۆ گرنگە نەك خودی ڕاستی مەوزوعەکە. (عەقڵی باوی ئێمەش، لەمەی دووەمیانە)! - لە پرسی دالیاشدا، خودی مەوزوعەکە هەرچیەکبێ، گروپی پارتی و دژە پەکەکە، هەر لەسەر حیکایەتەکەی خۆیەتی و گروپی پەکەکەو دژەپارتیش هەر لەسەر حیکایەتەکەی خۆیەتی. هەردوکیان هەر ئەڵێن (بشفڕێ بزنە) لەکاتێکا ئەگەر بفڕێ، ناکرێ بزن بێت. دەی ئەمە هەر یەك عەقڵەو ئێمەش بە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەسەر ئەو عەقڵەین. ئێمە بە عەقڵی گروپ بیرئەکەینەوەو گروپیش خەریکی شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی. ئێمە ئەبێ لە عەقڵی گروپ بێینە دەرو بە عەقڵی ناو کەلەسەری خۆمان بیربکەینەوە، بۆئەوەی چیتر بکەوینە دوای ڕاستی و نەکەوینە دوای شەڕ. - ئینجا ئەو وێنە پێرفێكت و بەهەشتییەشی کە لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاوا دروستکراوە، ئەوەش وێنەیەکی ئایدۆلۆژییە نەك ڕاستی. وەکچۆن گەنجێك لە باشور ڕائەکاو خۆی ئەداتە دەست ئیجە، ئەوە بۆ گەنجێکی ڕۆژئاواش ڕاستەو ئەسڵەن ڕەنگە ژیانی ئەو قورستریشبێ و هۆکاری زیاتریشی هەبێت بۆ ئەوە. ئەگەرچی ڕۆژئاوا وێنەی جوانی زۆرەو شایەنی دەستخۆشییە، بەڵام ئەگەر پێتوایە بەهەشتەو خەڵك لێ ی ڕاناکا، ئەمەیان وەهمی تۆیە نەك حەقیقەتی ئەوێ! - نە بەرەڵایی و بێ سیستەمی کۆمەڵگای باشور، نەك دیسپلین و بە معەسکەرکردنی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا. ئەزموونی باشورو ڕۆژئاوا چاوی ڕاست و چەپی منن، بەڵام ئەمیان ئەزموونی دزییەو ئەویان ئەزموونی عەسکەرییەو من هیچیان بە شوێنی ژیانێکی ئازادو شایستە نازانم. نە بەرەڵاکردن و فاسدکردنی هەموو پنتەکانی کۆمەڵگا. نە کۆنترۆڵکردن و بە ئایدۆلۆژیکردنی هەموو پنتەکانی کۆمەڵگا. لەنێوان بەرەڵایی چەتەگەرایی و عەسکەرتاریی ئایدۆلۆژیدا، ئازادی ئینسان هەیەو حیزبی کوردییش هێشتا زۆر دوورە لەو خاڵەوە. - ئینجا فەلەك، ئەوە چ غەدرێکە، کچێکی کە تەمەنی تەنیا بیست ساڵە، شەڕی داعش و جەبهەی نوسرە، خیانەت و شەڕەشەقی حیزبی کوردیی، کەڵبەی میت و پاراستن و یاریی موخابەراتیی، کەڵبەی میدیاو سۆسیالمیدیاو ڕق و گرێ نەفسییەکانی ئێمە.. هەموو ئەمانەی بینیبێت! ئەگەر مەسەلەی عیشقەکەش ڕاستبێ، فەلەك ئەوە چ عەدالەتێکە، عیشقێك بکەوێتە ناو ئەو هەموو کەڵبەیەوەو هەر یەکەو بەلای خۆیدا قەپی پیاکا؟!


ئەبو كاروان هەرێمی كوردستان دەمێكە ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە، قەیرانێك خەریكە دەیگەیەنێت بە بنبەست، دەمێكە ئێمەی شیوعی‌و چەپەكان دەستنیشانی شوناسی قەیرانەكانی هەرێممان كردووە كە خۆی لە قەیرانی ئابوری‌و دارایی و سیاسی و بەڕێوەبردن دەبینێتەوە، كە ناتوانین دایببڕین لە كاریگەری لێكەوتەی شوناسی دەسەڵاتی سیاسی‌و ئیتلافی حكومڕان.  مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ قەیرانەكان نەك چارەسەری نەكردووە، بەڵكو قوڕەكەی خەستتر كردۆتەوە، ئەوان تەنانەت ئامادە نین دان بە شوناسی قەیرانەكە وەك قەیرانێكی گشتگیری ئابوری‌و سیاسی بنێن‌و كورتی دەكەنەوە لە قەیرانی دارایی كە مەبەست لێی خۆدەربازكردنیانە لە بەردەم بەرپرسیارەتی شكستییەكانی حوكمداری.  لێكەوتەكانی ئەم شكستە داتاكانی رێژەی هەژاری‌و بێكاری بۆ ئاستێكی مەترسیدار بەرزكردۆتەوە، زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەرو سەدان هەزار لە كرێكارو جوتیارو پیشەوەرە  رووبەڕووی دابەزینی داهات بونەتەوە بەهۆی دواكەوتن‌و كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆران‌و نەبوونی هەلی كارو ساغنەبونەوەی بەرهەمی ناوەخۆیی جوتیاران.  ئەوان ماندوو نابن لە هێنانەوەی بیانوی بێ‌ بنەما بۆ شكستییەكانیان، دەیان ساڵە باسی فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات دەكەن كەچی ناتوانن بەرهەمی ناوەخۆی جوتیارانیش بەبازاڕ بكەن كە بەبێ پاڵپشتی ئەوان بەرهەم هاتووە؟!  دۆخی كەرتی كشتوكاڵ‌و گشەنەكردنی‌و بێ‌ بازاری لایەنێكی دیمەنی لێكەوتەكانی قەیرانەكانی ئەوانە لەسەر ئەم كەرتە.  بۆ ئەوەی كشتوكاڵ گەشە بكات  پێویست بوو لەسەر زیاد لە ئاستێك كار بكەین، زیاد لە بوارێك چالاكانەو زانستیانە وزەو توانامان  بخستاتەیە گەڕ. كشتووكاڵ تەنها بە بوونی  ئاو و هەوای لەبارو خاكێكی بەپیت گەشە ناكات، ئەوانە گرنگن، بەڵام هەموو شت نین، بەڵكو دەبێ جوتیار بەفیعلی پشتیوانی بكرێت‌و شتێك هەبێت بەناوی پلانی كەرتی كشتوكاڵ. سەرەتا هەرێمی كوردستان پێویستی بەدەرچواندنی یاسای هاوچەرخ هەیە بۆ نەخشاندنی سیاسەتەكانی كشتوكاڵ‌و چارەسەركردنی ئەو مەسەلانەی كە پەیوەستن بە موڵكداری زەوییە كشتوكاڵییەكان‌و مافی جوتیارانئ چۆنیەتی پاڵپشتیكردن‌و بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانیان نەهێشتنی قۆرغكاری مسۆگەربكات‌و كەرەسەتەی پێویست بخرێتە بەردەست جوتیاران،  گومرگ‌و باج بخرێتەسەر بەربوومی دەرەوە، جوتیار لەنێو ماڵ‌و كێڵگەكەی خۆی بەمەعریفەی كشتوكاڵی‌و ئەو زانستەی كە هەموو ڕۆژێك لە گەشەكردندایە، پڕچەك بكرێت، سیستەمی ئاودێری و جۆرو كوالێتی تۆ و رێكخستنی كاتەكانی چاندنی بەرهەمیان رێكبخرێت. ڕێگە بۆ وەبەرهێن و كۆمپانیاو كەرتی تایبەت‌و گشتی و هەرەوەزی بە ئاڕاستەی سودی گشتی خۆش بكەین تاوەكو پرۆژەی لە قوتونانی بەربومی كشتوكاڵ‌و كارگەی بەرهەمە شیرمەنیەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی سامانی ئاژەڵی پەرەی پێبدەین، كشتوكاڵ و پیشەسازی بكەینە تەواوكەری یەكتری.  ئێمە جگە لەوەی دەبوو بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت هەوڵی سیاسی‌و دیبلۆماسیمان بخستایەتەگەڕ، فشارمان لەسەر رێكخراوی خۆراك‌و كشتوكاڵی نێودەوڵەتی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دروست بكردایە، تاوەكو سودمان لە تواناو ئیمكاناتی دارایی‌و تەكنیكی‌و زانستی ئەوان  وەربگرتایە بۆ گەشەی كەرتی كشتوكاڵیمان.  بەمجۆرە نەوەك سەبەتەیەكی خۆراكمان دەست دەكەوت، بەڵكو مرۆڤی بەرهەمهێنمان دەبوو، ئابوریمان  گەشەی دەكرد، جگە لە نەوت سەرچاوەیەكی تری ژیانمان دەبوو، دەرفەرتی كارمان دروست دەكرد كە هەموو ئەمانە بنەمایەكی گرنگ دەبوون بۆ سەربەخۆیی سیاسی‌و تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی.  لاوازی كەرتی كشتوكاڵ پەیوەندی بە غیابی ئیرادەی حكومڕانانەوە هەیە بۆ ئەوەی لە بازنەی كۆمەڵگایەكی بەرخۆرو بێ‌ بەرهەم دەرنەچین كە تەنیا چاوییان لە داهاتی نەوتی ژێر دەستییان بێت‌و بە ئاسانی كۆنترۆڵی هەمووانی پێ‌ بكەن.  سەرەڕای ئەو تێبینی‌و سەرنجە جدییانە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك هەنگاوی ناوە، لەوانەی نزیكەی (١٥) بەنداوی دروست كردووە، بۆ نمونە لەناوچەی گەرمیان (٣) بەنداوی مامناوەندی دروستكردووەو یەكێكی تریش لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، لەشاری كفری بەنداوی باوەشاسواری دروستكردووە كە توانای ئەوەی هەیە سەدان دۆنم زەوی دەیم بكاتە بەرئاو، هەنوكە لە گەرمیان بەرهەمی خەیار توانای لەبازاڕی ناوخۆیی زیاترەو رەوانەی دەرەوەی هەرێمیش دەكرێت، بەروبوومی كێڵگەی پەلەوەری‌و بەتایبەت مریشكیش هەروایە، واتە كشتوكاڵ چەند پلەیەك نەشونمای كردووە، پێویستی بە هەنگاوی شلگیرانەتر هەیە.  چۆن كشتوكاڵ بكەینە بنەمایەكی گرنگی ئابوری ؟  دەبێ ستراتیژێكمان هەبێ، دامەزراوە بونیاد بنێین، دەسەڵاتیان پێ ببەخشین، لەبری كاردانەوە بونیادێكمان هەبێ، تەماشای ئەزموونەكانی دونیا بكەین، لێیانەوە فێربین، كۆپییان نەكەین، كۆپی كردن هەڵەیە، هەلومەرجی هیچ وڵات‌و هەرێمێك لەویتر ناچێ، بەڵام دەكرێت كەڵكیان لێوەبرگرین. بۆ نمونە وڵاتێكی وەك بەرازیل لە (٢٠) ساڵی رابردوودا لە وڵاتێكی خەڵك برسی‌و پڕ لە قاتوقڕی لەڕێگەی نەخشە رێگەیەكی هەمەلایەن كە كشتوكاڵ لەهەرە گرنگترینیان بوو بازدانێكی ئابووری گەورە یان ئەنجامدا، بەجۆرێك ئێستا نۆیەمین هێزی ئابووری جیهانن، نەخشە رێگاكەیان ناولێنا (هەشت بەهەشتا) واتا چۆن هەشت ساڵ بەگوێرەی هەشتا ساڵ گەشە بكەن، كردیان.  بۆ ئەوەی كشتوكاڵ ببێتە بنەمایەكی گرنگی ئابووری دەبێ ببینە خاوەن سیستەمێكی بانكیی تۆكمە، دەبێ زەمینەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی ساز بكەین، كۆمپانیا گەورەكانی دونیا داوەت بكەین بەچوارچێوەیەك چینی كەمدەرامەت‌و جوتیار كەڵكی لێوەرگرێت، دەستێكی راهێنراومان هەبێ، پشتیوانی سەرمایەداری نیشتیمانی بكەین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی پیشەسازی كشتوكاڵی، رێگاوبان‌و هۆیەكانی گواستنەوەی‌ چاك‌و فەرهەم بكەین.  بۆ نمونە دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی ناخۆیی‌و بیانی لەناوچەیەكی وەك گەرمیان بڕەخسێنین  لەو سێ بەنداوەدا پرۆژەی سامانی ماسی پەرە پێبدەن، لە وەرزی هاویندا گەرمیان بەهۆی بەپیتی خاكەكەی ئەو شوتیە زۆرەی بەرهەم دەهێنرێت،  هەناردەی وڵاتانی كەنداو بكرێت، كە زەحمەت نییە، هەر لە گەرمیاندا دەكرێت وەزارەتی كشتوكاڵ پرۆژەی یەك ملیۆن داری خورما رابگەینەنێت، كە سنوری كفری زیاد لە (٧٠) هەزار دۆنم زەوی هەیە بۆ بەرهەم‌و داری خورما ئێجگار شیاوە. چۆن گوندەكانمان بكەینە سەنتەری ژیان و ئاوەدانی، هەروەها كۆچی پێچەوانە دروست بكەین ؟ بە قەرزی كشتوكاڵی، بەدەستەبەركردنی مافی زیاتر بۆ جوتیار، بۆ خاوەن ئاژەڵ، بە بوونی خزمەتگوزاری ئاو كارەبای باش‌و رێگاوبانی باش، بەوەی كە ئینسان بەڕاستەقینە ئەو هەستەی هەبێ بوونی لە گونددا و لە كێلگە داهاتووی دەستبەردەكات، بەرژەوەندی‌و قازانجی دەست دەكەوێت.  


ئه‌بو به‌كر كاروانی‌   بە جوانی و حەسرەتەوە، گوێم لە گرتە ڤیدۆیەکەی ئەو خانمەی کوردستانی ڕۆژھەڵات و بەرگرینامەکە ی گرت. جێگەی داخێکی قوڵە ھێشتا مرۆڤ لەسەرگوزاش دانەوە لە ناسنامە ی خواکرد و زمانی دایك، بکرێتە تاوانبارو بخرێتە زیندانەوە!!  چونکە وروژاندنی باسی زمانی دایك،  بەھەرسێ پێوەری ئیسلام و یاسای بنەڕەتی ئێران وجاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ، مافە نەك تاوان. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە گەل و زمانەکان یەکسانن، زمانی فارسی بچوکترین  فەزڵی بەسەر زمانی کوردیەوە نیە. باڵادەستی فارسی و پەراوێز خستنی کوردی لە مێژوی نوێدا لە جەوھەردا بەرھەمی ناسیۆنالیزمی فارسی و دەوڵەتی نوێی ئێرانە، کە ڕەزاشا دامەزرێنەریەتی. ماددەی «١٥»ی یاسای بنەڕەتییش مافی پەروەردە و فێرکردن بەزمانی دایك بەگروپە نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە دەبەخشێت ، بەڵام دوای ٤٠ ساڵ لەسەرکەوتنی شۆڕش و پەسەندکردنی یاسای بنە ڕەتی رێگە بە پیادەکردنی ماددەکە و بەھرەمەندبوون لەو مافە نادرێت ؟!!  بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤیش ئەم مافەیان کردووە بە بەشێك لە ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی مرۆڤ. بۆیە ئەم خانمە  لە یەك کاتدا قوربانی وەلاخستن و ڕەچاونەکردنی بەھا ئیسلامی و دەستوری و سییاسیە مۆدێرن و دیموکراسیەکانە.  بەگوێرەی ھەرسێ مەرجەعەکەی سەرەوە،   پشتگوێ خستنی مافی فێربون و پەروەردە بە زمانی دایك تاوانە، چ جای ئەوەی مرۆڤ بە ھۆی بانگەشە بۆکردن و داکۆکی لێ کردن و خستنەڕوی وەکو مافێکی شەرعی و یاسایی و نێونەتەوەیی  فەرامۆش کراو پەروەندەی  تۆمەتی بۆ بکرێتەوە و دواتر بە تاوانبار بناسێنرێت و بەچەندین ساڵ زیندانی سزابدرێت!!ھەر ئەمەشە وای  لەو خانمە کردووە لەبەرگرینامە میلیە کەیدا بڵێت : من تاوانێکی پیرۆزم کردووە.


سابیری سه‌ندیكا  - ئه‌مریكا   بە دڵنییایەوە کورد لە سەدەی پێشودا قوربانی یەکەمی سیاسەتی نەوت و گازی بوو، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکانێک بە هیوای ئەوەن کە نەوت و گاز ببێتە داینەمۆیەکەی گەورە بۆ ئەوەی کورد بە خەونی دێرینی خۆی بگات و دەوڵەتی خۆی هەبێت. لەهەمانکاتیشدا ئەم نەوتە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکیش بە ترسەوە بۆ سامانی زۆری نەوت دەڕوانن، دەترسن هەروەک چۆن لە عیراقدا سامانی زۆری نەوت حکومەتێکی دیکتاتۆری و نا دیموکراتی دروستکرد، کە پاشتر بوویە مایەی نەگبەتی بۆ هەموو گەلانی عیراق، ئەم ئەزموونە جارێکی تر دووبارە بێتەوە. هەروەها دروستبوونی قەیرانی دارایی ئەم چەند ساڵەی دواییش، بە تەواوەتی بۆچوونێکی تەواو نێگەتیفی» خراپ» لە ناو شەقامی کوردیدا بەرامبەر بە سیاسەتی نەوتی حکومەتی هەرێم دروستکردووە، ئەمڕۆ زۆرکەس دەڵێن : بریا حکومەتی هەریمی کوردستان  هەر نەوتی دەرنەهێنایە، چونکە بە زەرەر بۆ زۆرینەی خەڵكی کوردستان شکایەوە بە تایبەتی چینی موچەخۆران. لەلایەکی تریشەوە سامانی نەوت، زۆر بە کەمی گەلەکەمان قازانجی لێکرد، بگرە تەنها نوخبەیەکی زۆر بچووک سوودی لە دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتی هەرێمی کوردستان بینیوە. هەموو ئەمانەش وایکردووە کە زۆرکەس دڵیان بەسامانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان خۆش نەبێت.  دەتوانم بڵێم، گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانەو ژیرانە و تەواو زانستییانە بگرێتە بەر لە بواری نەوت و گازدا، هەروەها بەوپەڕی شەفافیەتەوە داهاتەکەی بخاتە ڕوو، ئەوا دەتوانێت نەوت و گاز بکاتە باشترین داینەمۆی بوژانەوە‌ی هەرێمی کوردستان، گەر واش نەکات و هەروەکو ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا بەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە نەگبەتییەکی گەورە بۆ زۆرینەی گەلەکەمان و هیچ سوودی لێ نابینین. لە تەواوی ساڵانی جەنگی ساردا هەتا کۆتایی ساڵی 1990، نەوت ڕۆڵێکی گەورەی لەم جەنگەدا گێڕا، هەموو یەلایەنیک دەیانویست بگەنە ناوچە نەوتییەکانی جیهان، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی لە وڵاتانی «ئەندەنووسیا، ڤێنزوێلا، عیراق، ئێران، کۆڵۆمبیا، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر» کۆمەڵێک کودەتای عەسکەری سازکرد، کە گەورەترین قەسابخانەی لە مێژوودا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە ئەندەنوسیاو عیراق. لەم سیاسەتەتەدا سعودییە ڕۆڵی گەورەی گێڕا، چونکە لە لایەک سعودیە گەورەترین یارمەتیدەری چەکدارە ئەفغانییەکان بوو، بەم شێوەیەش ئاگری جەنگی هێندەی تر گەرمتر دەکرد و جەنگەکە بەردەوام دەبوو، بە پێی هەندێک ئاماری جیهانی، بڕی ئەو نەوتەی کە لەلایەن سعودییەو وڵاتانی کەنداو خرایە بازارەوە، دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن بەرمیل، کەئەمەش گورزێکی گەورەی لە سامانی نیشتمانی ئەو وڵاتانە دا. بەڵام دابەزینی نرخی نەوت ڕاستە کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا، بەڵام ئاگری جەنگێکی گەورەی لە جیهان نایەوە کە ئەویش جەنگی کوێت بوو. جەنگی کوێت پاش ئەوەی عیراق لە جەنگێکی هەشت ساڵی لەگەڵ ئێران هاتە دەرەوە، ئابووری وڵات تەواو وێران بوو، لەلایەکی تریشەوە نرخی نەوت گەیشتە ئاستێکی ترسناک، 7 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت. ئەمەش هێندەی تر ئابووری عیراقی وێرانکرد. لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە ساڵی 1989 لە بەغدا، ڕژیمی رووخاوی سەدام حسین بە ڕاشکاوانە باسی دابەزینی نرخی نەوتی کرد، دابەزینی نرخی نەوتیشی وەکو سیاسەتێکی شەڕەنگێزی دژ بە عیراق وەسفکرد، کەلەوکاتەدا کوێت و سعودییە و ئیمارات، رابەری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت بوون. زۆرێک لە پسپۆرانی مێژوو ئەم سیاسەتەی کوێت و سعودییە و ئیمارات، بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن بۆ هەڵگیرسانی ئەم جەنگە. بەڵام لەلایەکی تریشەوە ڕژیمی رووخاوی ئەوکاتەی سەدام حسین دەیویست دەست بەسەر نەوتی کوێتدا بگرێت، بەم شێوەیەش دەیتوانی دەست بەسەر نزیکەی 250 ملیارد بەرمیل نەوتی جیهان بگرێت. ئەمەش نیشانەیەکی ترسناک بوو بۆ جیهان و ناوچەکە. هەربۆیە ئاگری جەنگێکی گەورە هەڵگیرسا، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش گەلانی عیراق باجی گەورەی دەدەن. زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناڤین، ئەم وڵاتانە بوونە جێگەی بایەخی جیهان،چونکە خاوەنی گاز و نەوتێکی زۆرن، بەپێی ئامارە جیهانییەکان، یەدەگی نەوت لەم ناوچەیەدا دەگاتە 21 ملیارد تۆن نەوت، نزیکەی 10 ملیارد کۆبیک مەتریش گازی سروشتیان هەیە.  ئه‌مڕۆ نه‌وت به‌ یه‌کێک له‌ شا ده‌ماره‌کانی ئابووری جیهان ده‌ژمێرێت. هیچ ده‌وڵه‌تێک ناتوانێت ئابووریه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، گه‌ر بیر له‌ نه‌وت نه‌کاته‌وه‌. رۆژ له‌ دوای رۆژیش پێداویستی جیهانی زیاد ده‌کات . ئه‌مڕۆ پێداویستی جیهان رۆژانه‌ 97 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته‌. نه‌وت هه‌تا ساڵانی حه‌فتاکان، ڕۆڵی هێنده‌ نه‌بوو له‌ ئابووری عیراق دا. بۆ نموونه‌ ساڵی 1932 ته‌نها له‌ 12.4 % ئابووری عیراقی پێک ده‌هێنا. پاشان ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 14.4% ئابووری عیراق. به‌ڵام ساڵی 1979 گه‌یشته‌ 61.4 % . ئه‌مرۆ داهاتی سه‌ره‌کی عیراق نه‌وته‌. داهاتی ساڵی 1932 نه‌وت ته‌نها 524 هه‌زار دیناری عیراقی بوو. ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 1.463 هه‌زار . واته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و نیو دینار. به‌ڵام پاشتر رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ داهاتی عیراق گێرا، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ستکه‌وتنی دراوی گران به‌ها ( دۆلار). ساڵی 1977 گه‌یشته‌ 9.631 ملیۆن دۆلار. ساڵی 1979، 21.291 ملیۆن دۆلار . 1980، گه‌یشته‌ 25.281 ملیۆن دۆلار . ئه‌مه‌ش لووتکه‌ بوو بۆ ئه‌و ساڵانه‌. به‌ڵام پاشتر به‌هۆی جه‌نگی عیراق و ئێرانه‌وه‌، هاته‌ خواره‌وه‌، ساڵی 1986 ته‌نها 6.600 ملیۆن دۆلار . ساڵی 1988 واته‌ کۆتایی جه‌نگه‌که‌، 11.700 ملیۆن دۆلار بوو. به‌ڵام رژێمی به‌عس له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت بۆ خۆشگوزه‌رانی و پێشکه‌وتنی عیراق به‌کاربهێنێت، نه‌وتی کرده‌ زووخاوو کردی به‌ قوورگی هه‌موو گه‌لانی عیراق دا. به‌شی زۆری داهاتی نه‌وت، خرایه‌ قوورگی کۆمپانیاکانی چه‌کو ته‌قه‌مه‌نی جیهانیه‌وه‌. گه‌لی عیراقیش جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و کووشتن و برسێتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی، هیچ سوودی له‌م ئاڵتوونه‌ ڕه‌شه‌ نه‌بینی یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی نه‌وت نرخه‌که‌یه‌تی. هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش نرخی نه‌وت جێگیر نییه. زۆرجار کێشه‌ سیاسیه‌کانی ناوچه‌کانی بەرهەمهێنانی نەوت بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناڤین، کاریگەری دەکەنە سەر نرخی نه‌وت . کاتێک سەیر دەکەیت ساڵی 1864 نرخی یه‌ک به‌رمیل 8.4 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بوو. پاشان ساڵی 1876 دابه‌زیه‌ سه‌ر 2.5 دۆلار. ساڵی 1931 که‌مترین نرخی هه‌بوو کاتێک گه‌یشته‌ 65 سه‌نت بۆ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت. به‌ڵام نه‌وت له‌پاش ساڵی 1974 به‌تایبه‌ت پاش کێشه‌ی نه‌وت، نرخی به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ 11.48 دۆلار. به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ داهاتێکی باشیان ده‌ستکه‌وت و توانیان چه‌ندین نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانکردنه


  د. جەعفەر عەلی  (سەرنج لە مەڕ هەندێ خوێندنەوەی سەر بەرەو ژێر)                                                                   لە رۆژی ١١ی تەموزی ٢٠٢٠، ئەردۆغان و پارتەکەی لە رێی دادگای باڵای کارگێڕییەوە بڕیاریاندا، کە ئایا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بگۆڕن بۆ مزگەوت و بکرێتە شوێنی خوداپەرستی. دامەزراوەی کاروباری دینی تورکیاش بڕیاریدا رۆژی ١٧ی تەموز، یەکەم نوێژی هەینی تێدا ئەنجام بدرێت.    ئایا سۆفیا، لە ساڵی ٥٣٧ی زاینی وەک کەنیسەیەکی مەسیحییەکان لە کەناری بەشە ئەوروپاییەکەی شاری ئەستانبوڵ دروستکراوە. بۆ ئەو کات گەورەترین باڵەخانەی دونیا و بە پڕ بایەخترین و بەناوبانگترین باڵەخانەی بێزەنتی دادەنرا، وەک دەڵێن:  "ئایا سۆفیا، مێژووی بیناکاری گۆڕی". هەندێ نوسەریش وایان پێناسە کردووە، کە نە تەنیا "پێگەیەکی دیاری لە جیهانی مەسیحیدا داگیرکردووە"، بەڵکو "لە تەواوی کەنیسەکانی دونیای مەسیحیش مەزنترە". هەندێ لە مێژوونووسانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئایا سۆفیا، سیمبولی کەلتوری و بیناکارییە و ئایکۆنێکە بۆ شارستانیەتی بێزەنتی و شارستانیەتی مەسیحی ئەرسۆدۆکسی. ئەم کەنیسەیە لە ساڵی ١٤٥٣ لە سەر دەستی سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانی لە کەنیسەوە کراوە بە مزگەوت، لە ١٩٣٤ لە سەردەمی کەمال ئەتاتورک لە مزگەوتەوە گۆڕاوە بۆ مۆزەخانە و ئێستاش لە ٢٠٢٠ ئەردۆگان جارێکی دی بڕیاریدا لە مۆزەخانەوە بکرێتەوە بە مزگەوت.     ئایا سۆفیا، وەک مۆزەخانەیەکی مێژوویی، ناوەند و شوێنێکی گرنگ بوو، کە ساڵانە سەدان هەزار لە گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا سەردانیان دەکرد، لای یونیسکۆش وەک بەشێک لە ناوچە شوێنەوارییە مێژووییەکان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کراوە.      بڕیارەکەی ئەردۆغان هەم پشتیوان و هەم نەیاری خۆی هەبوو، وەکچۆن لەلایەن ژمارەیەک لە موسڵمانانی دونیا، بەشێک لە ناوەندە ئیسلامییەکان، هەندێ حیزبی سیاسی نزیک لە ئاکەپەو ئەردۆغان و بەشێک لە هاوکارە دێرینەکانییەوە ستایشکرا، بە هەمانشێوە لەلایەن هەندێ ناوەند و حیزب و رێکخراوی دی لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیادا رەخنەی لێگیرا و بە کارێکی نادروست و پەلاماردان بۆ سەر ئازادی باوەڕ و ئایینی ئەوانیدی پێناسەکرا.    ئەوەی من دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، ئەوە نییە کە ئایا سۆفیا کەنیسەیە، مۆزەخانەیە، یان مزگەوت، هێندەی سەرنجە لەبارەی بڕێک لەو بۆچوونانەی پێیانوایە، دەبوایە هەدەپە لە بەرامبەر ئەم پرسەدا، پرسی گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، بە خاتری موسڵمانبوونی کۆمەڵگەی کوردی، بە خاتری نەریت، جۆرێک لە هەڵوێست و سیاسەتی پێشانبدایە، زیاتر بڕژێتە بازنەی رازیکردنی خەڵکەوە، نەک داکۆکی لەو پرەنسیپ و دونیابینییەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی و لە دامەزراندنییەوە کاریان بۆ دەکات. واتە پرسیارەکە ئەوەیە: هەدەپە لە بەرامبەر پرسێکی وەهادا، پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانە ئیش بکات، کە لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا هاتووە، یان پێچەوانەی ئەو حەشاماتەی کۆمەڵگە، کە ناونراوە، خەڵک.     جارێ پێش هەموو شتێک ئێمە پێناسەیەکی تایبەت بە خەڵکمان لەبەردەستدا نییە، تا بزانین مەبەست لە خەڵک چییە، خەڵک کێن، یان ئەوانەی داوای رازیکردنی خەڵک دەکەن، مەبەستیان لە خەڵک کێیە؟ ئایا کەس سەرژمێری کردووە، داتایەکی راستەقینە لەبەردەستدا هەیە تا بزانین ئەو حەشاماتە، کە ئەو نوسەرە نەسیحەتکەرانە بە خەڵکیان ناو دەبەن، چەندی بە هەڵوێستە سیاسییە رەخنەییەکەی هەدەپە رازییە و چەندیشی ناڕازی؟    ماناکردنی خەڵک، وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی، تا بڵێی پڕ کێشە و ئاڵۆزە، چەمکێکە لە یەککاتدا بەسەر دەیان گۆشە و خانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا دابەش بووە. ئایا مەبەست لە خەڵک ئەو گروپە لە مرۆڤن کە وەک من بیردەکەنەوە، یان هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆژیا و رێبازی سیاسی و فیکری منن، ئایا خەڵک ئەو گروپەن لە مرۆڤ کە بەهۆی موسڵمانبوونیانەوە دڵخۆشن بە گۆڕینی کەنیسەیەک، مۆزەخانەیەکی مێژوویی بۆ مزگەوت، ئەوانەن کە شادمانن بە گۆڕینی مزگەوتێک، تەکیەیەک، خانەقایەک، بۆ کەنیسە، یان ئەوانەن کە بێزارن بە هەر یەکێک لەم بڕیارانە، یان هەردووکیان و دەرەوەی ئەوانەش هەر خەڵکن؟      خەڵک بەسەر دونیای فیکری، بیرکردنەوەی سیاسی، چین و توێژ و پلەبەندی کۆمەڵایەتی جیا جیادا دابەش بوون و کارێکی ئەستەمە بتوانرێ لە چوارچێوەی یەک پێناسەدا کۆیبکەینەوە. خەڵک هەمیشە دابەش بووە، لەو شوێنەی کە خەڵک بەسەر ئاراستە و بۆچوون و فیکری جیاوازدا دابەش نابێت، لەو شوێنەدا بیرکردنەوە بوونی نامێنێ و لەوێدا مەترسی بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و ستەمکار هەیە. خەڵک جەستەیەکی پارچە پارچەیە و، هێزێک نییە توانای ئەوە لە خۆیدا پێشانبدات و بتوانێت هەموو ئەم پارچە جیاوازانە لە یەک سندوقی ئایدیۆلۆژی و فیکریدا کۆبکاتەوە و چوونیەکی بکات. لێرەوەش بوونی حیزبێکی سیاسی بۆ هەمووان، جگە لە درۆیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی گەورە هیچی دیکە نییە. بۆیە ئەوەی لە ژێر هەر ناوێکدا، لە ژێر قورسایی هەر دونیابینی و ئایدیۆلۆژیایەکدا، وەک تاک، یان حیزبی سیاسی، دوای بیرۆکەی یۆتۆپیانەی رازیکردنی هەموو خەڵک بکەوێت، بە دڵنیاییەوە دەبێ پێچەوانەی ئەو دید و روانینە کار بکات، کە وەک پرەنسیپ و شاڕێگەی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆی لەسەر پێناسە کردووە. هەدەپە لە بڕیاری گۆڕینی مۆزەخانەیەکی مێژوویی بۆ مزگەوت لە ئەستانبوڵ لەبەردەم ئەم کێشەیەدا وەستاوە. یان دەبێ هەڵوێست پێچەوانەی بنەڕەتە فیکری و سیاسییەکانی خۆی پێشانبدات وەک هێزێکی سیاسی، یان دەبێ بەپێی هەندێ بۆچوون و لێکدانەوە، سیاسەتی چەواشە پەیڕەو بکات، تا بە گوتەی هەندێ رەخنەگری هەڵوێستەکەی هەدەپە، (خەڵکی موسڵمان) رازیبکات.     بە بڕوای من هەدەپە لە هەڵوێست وەرگرتن و رەخنەکردنی بڕیارەکەی ئەردۆغاندا رێگە سیاسی و فیکرییە دروستەکەی هەڵبژاردووە. هەدەپە هێزێکی سیاسی چەپە، خاوەن بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیەتی، وەکچۆن رێز لە نەتەوەی کورد و ئایینی ئیسلام و  تایبەتمەندییەکانی دەگرێ، بە هەمانشێوە هەوڵی پاراستن و رێزگرتن لە تایبەتمەندی تورک و چەرکەس و لاز و مەسیحی و تەنانەت بێدینەکانیش دەدات ئەگەر هەبن، واتە سیاسەتی بە یەکەوە ژیانی گەلان بە جیاوازییەکانیانەوە بۆ هەدەپە، هەم پرەنسیپە و هەم ماف، نەک بابەتێکی سیاسی و کەرەستەی هەڵبژاردن.     هەدەپە، هێزێکە کاتێک بەرنامە و پرۆگرامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی داڕشتووە، ئەوەی لەبەرچاو بووە، کە لە ناو چ کۆمەڵگە و دۆخێکی کۆمەڵایەتیدا کاری سیاسی دەکات، زانیویەتی لە واشنتن و پاریس و لەندەن و بەرلین نییە و لە هەناوی کۆمەڵگەی تورکیا و قوسایی گەورەشی لە شارە کوردستانییەکانی باکوری کوردستاندایە. کاتێک چەپبوونیشی وەک ناسنامە و فیکری سیاسی پارتەکە دەست نیشانکردووە، دیسان ئەوەی زانیوە، کە هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەی کوردستانیش بەشی هەرە گەورەیان موسڵمانن.     هەدەپە، لە دامەزراندنییەوە لە ٢٠١٢، تا ئێستا لەسەر بنەمای ئەم کارنامە و پرۆگرامە سیاسییە بەشداری لە ململانێی هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی و شارەوانییەکانی تورکیادا کردووە و چووەتە ناو جەماوەری دەنگدەر و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری کردووە و لینکی تایبەت بە دەنگدەرانی دروستکردووە، هەر لەسەر ئەم بنچینەیەش وەک تاکە حیزبی سیاسی ناتورکی لە مێژووی کوردی هاوچەرخدا توانیویەتی بەربەستی دە لە سەدی هەڵبژاردن لە تورکیا تێپەڕێنێ و پەرلەمان بکاتە بەشێک لە سەکۆی بەگژاچوونەوەی ستەمکاری و فاشیزم.     هەدەپە، راستە قورسایی هەرە گەورەی لە شارە کوردییەکانی باکوری کوردستاندایە، بەڵام هەر وەک لە ناوەکەشیدا رووندەبێتەوە (پارتی دیموکراتی گەلان)، خۆی وەک حیزبێکی تورکیایی ناساندووە، نەک حیزبێکی کوردی. هەدەپە پارتێکی سیکۆلارە، دژی جیاوازی دینی، رەگەزی، نەتەوەییە و هێزێکی ژینگەپارێزە. بەڵام هەمانکات خۆی لە کەسایەتییە ئایینیەکان دوورنەگرتووە و سیاسەتێکی نەرمتری سەبارەت بە دین لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە هەوڵیداوە کەسایەتییە دینیەکان بێنێتە ناو هەدەپەوە، لە شارێکی وەک ئامەد چەپبوونی رێگر نەبووە لە پشتیوانی لەو گروپانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە تا ئەندازەیەک بە بۆیەی دینی (ئیسلامی) داپۆشراون. لە ساڵی ٢٠١٥دا چەندین کاندیدی لە ناو عەلەوییەکاندا وەک نوێنەری پارتەکە دەست نیشانکرد و کۆنفرانسی تایبەتیشی سەبارەت بە مێژوو و گرفت و کێشەی عەلەوییەکان، کە زۆرینەیان لە شارەکانی (ئەستانبوڵ، ئەدەنە، بۆرسا، تونجەلی و ...) دەژین، ئەنجامدا. بەڵام ئەوە راستە، کە ئەردۆغان و پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان، بەردەوام و لە تەواوی بۆنە سیاسییە جیاوازەکاندا، هەدەپە بە دژایەتی ئیسلام تۆمەتبار دەکات، روونیشە ئامانجی ئەردۆغان لەم تۆمەتبارکردنەدا بە پلەی یەکەم سیاسییە، نەک دینی. ئەمەش هەمان ئەم هەڵوێستە سیاسییەیە، کە ژمارەیەک نوسەر و ئەکادیمی کورد لە باشور، هەدەپەی پێ تۆمەتبار دەکەن.     تۆمەتبارکردنی هەدەپە لەلایەن ئەردۆغان و پارتەکەی بە دژایەتی ئیسلام، مێژووەکەی لە بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت کۆنترە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، دۆزەخە فیکرییە تاریکەکەی ناو مێشکی ئەردۆغان و فاشیزمی تورکیش بە هەدەپە ناڕەوێتەوە. هەدەپە لەم بڕیاری گۆڕینەدا هەڵوێستی هەرچی و هەر چۆنێک بێت، هیچ لەو بۆچوونە کۆنکرێتی و پێشوەختەی ئەردۆغان ناگۆڕێت، کە ئەوان وەک هێزێکی سیاسی دژە دین دەناسێنێت. تۆمەتبارکردنی ئەردۆغان بۆ هەدەپە پەیوەندی بەوەوە نییە، کە هەدەپە هێزێکی سیکۆلاری چەپە، هێندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە هەدەپەییەکان بیردەکەنەوە، بیرکردنەوەی ئەوانیش بۆ ئەردۆغان هەرگیز دڵخۆشکەر نییە، چونکە نایانباتەوە ناو ماڵە سیاسییەکەی ئەو، ئەو ماڵە سیاسییەی کە ئەگەر ئەردۆغان تێیدا قسەکەری سەرەتا و کۆتایی نەبێت، نە جێگەی هەدەپەییەکان و نە جێگەی هیچ کەسێکی دیکەی تێدا دەبێتەوە، رەنگە دەرکردنی داود ئۆغلوو، دەرچوونی عەبدوڵڵا گویل و عەلی باباجان کە لە کارەکتەرە دیار و سەرەکییەکانی پارتەکەی ئەردۆغان خۆی بوون، بەس بن بۆ ئەوەی لە فۆرمی بیرکردنەوەی ئەردۆغان و شێوەی تۆمەتبارکردنەکانیشی، باشتر تێبگەین.     لێرەوە ئەو سەرنجانەی کە پێیانوایە دەبوایە هەدەپە لە هەمبەر بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، بە پاساوی زۆرینەی موسڵمانبوونی کۆمەڵگەی کوردی و تورکیایی، ئەگەر پشتیوانی ئەردۆغان نەبێت، لانیکەم بێدەنگی هەڵبژێرێت و دیپلۆماسیانە مامەڵە بکات، بە بڕوای من لە رووی سیاسی و فیکرییەوە بۆچوونێکی سەر بەرەو ژێر و نادروستە. چونکە ئەو بۆچوونە بە دیوێکیدا پێماندەڵێت، ململانێیەک هەیە و پێویستە بکرێت، بەڵام بە خاتری موسڵمانبوون (لە تورکیا)، یان کوردبوون (لە هەرێمی کوردستان)، یان کۆمەڵگەی نەریتی و پاساوی دیکەی لەمجۆرە، نابێ بکرێت. بۆچوونێکی لەمجۆرە هێندەی خودی کۆمەڵگەی نەریتی خۆی، گرفتە لەبەردەم گۆڕانی فیکری و کۆمەڵایەتیدا. هێزی سیاسی بۆ ئەوە دێت، بەپێی دونیابینی سیاسی و فیکری خۆی، مامەڵەی واقیعی باو و کۆمەڵگەی نەریتی بکات، نەک خۆی لە نێو گەرد و تەپ و تۆزی ترادیسیۆن و لێکدانەوە و بۆچوونە تەقلیدییەکندا بهێڵێتەوە. هەدەپە لەم هەڵوێستەیدا، لە نێوان مانەوە لە ناو تەقلید و کارکردن بۆ گۆڕینی، دووەمیانی هەڵبژاردووە، کە رێگە دروستەکەیە.     ئەو رەخنانەی ئێستا لەسەر رۆشنبیران و حیزبە سیاسییەکان هەیە، کە دەبوایە لە دوای دروستبوونی حیزبی سیاسییەوە لە سەدەی بیست، بە هۆی کاری فیکری و سیاسی و ئەدەبی ئەوانەوە، جۆرێک لە ململانێیان لە کۆمەڵگەدا دروستکردبا، لانیکەم ژێرخانی کۆمەڵگەی نەریتی کوردستانی بە ئاراستەیەکی کراوەتر و مەدەنیتردا ببردایە، گومان لەوەدا نییە، نەوەکانی داهاتوو هەمان ئەو سەرنج و رەخنانەیان دەرهەق بە رۆشنبیران و حیزبە سیاسییەکانی ئێستای کوردستان، بە هەدەپەشەوە دەبێت، ئەگەر دەرک بە پێویستیبوونی ململانێکە بکەن، کەم تا زۆر توانای ململانێکەیان هەبێت و خۆیانی لێبدزنەوە.          


   هیوا سەید سەلیم سەردان و کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ ئەوەی نەپچڕاون،  بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە، جار بۆ جارێکیش بەغدا مەرجەکانی زیاتر دەکات و باری سەرشانی هەرێم قورستر دەکات.  جگە لەوەی لە ئیستادا هەردوولا کاریان بە یەکترە،  و نابێت جاریکی دیکە پەیەوەنیەکانیان بگەیەنە دابران و مریشکە ڕەشە،  بەڵام وەک دەبینرێت لە گۆرەپانەکەدا کازمی یاریکەریکی لێهاتوو تر دەرکەوتووە، بە تایبەت  بۆ ناچارکردنی هەرێم بۆ سازشی زیاتر، هەر بۆیە دەبینین لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی باشتر یاری دەکات. مستەفا کازمی، لە ئاستی ناوخۆیی بۆ دەستگرتن بەسەر دەروازە سنووریەکان لە بەسڕا دەستی پێکرد و هات بۆ دەروازەکانی ناوەڕاستی نزیک لە هەرێمی کوردستان، لە خانەقین و مەندەلی بەرپرسی دەروازە سنووریەکانی لادا و هی دیکەی لە شوینی دانا. هەموو ئەمانەشی بۆ ئەوە بوو کە بە هەرێمی کوردستان بلێت کە داخوازی ناوەند لە ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنووریەکان تەنیا هەرێمی کوردستان ناگریتەوە، ئەوە نیە لەلای خۆمان دەستمان پێکردووە. لە ئاستی دەرەکیش دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران لەو هەفتەیە کازمی بۆ یەکلاکردنەوەی جەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە ووزە و جموجۆلی ئابووری و بازرگانی و ئەمنی،  سەردانی هەریەک لە سعودیە و دواتریش ئێران دەکات، واش بڕیارە دوای ئەو دوو وڵاتە کازمی بچێتە ئەمەریکا. لەو هەوڵ و جوولە سیاسی و دبلۆماسیەی کازمی شتیکمان بۆ ئاشکرا دەبێت،  ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لێی بە پەلەین و خواستمانە  کە بەغدا لەگەڵمان دابنیشێت بۆ چارسەری پرسە هەڵواسراوەکانمان بۆ ئەوان کارێکی لاوەکیە، ئەی کەوایە دەبێت هەرێم چی بکات؟ گومانی تێدا نیە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری دایە، هەروەها ئەو جۆرە بێ باکیەیی بەغدا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم و کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان، تا دێت باری سەرشانی حکومەتی هەرێم لە باری ئابووریەوە قورستر دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دۆزینەوەی دەروازەیەکە تا لێیەوە هەنگاو بۆ دەرچوون لەو بەستەڵەکە بنێت. ئاشکرایە کە لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیەی کە لە ئاستی دەولی و ناوچەیی لە مستەفا کازمی دەکرێت، هیچ کات هەرێمی کوردستان هێندی ئێستا پێگەی لاواز نەبووە.  نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا لەسەر لایەنی کەمی هاوکاری و یەکهەڵوێستی رێکناکەون، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارتی و یەکێتی کە پێکهینەری سەرەکی حکومەت و شەریکی ئابووری یەکترن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و چەندین پرسی دیکە ناسازێن و خاوەنی دوو ئەجێندایی جیاوازن. بۆیە لە ئێستادا باشترین دەروازە بۆ هەرێمی کوردستان زاڵبوونە بەسەر کێشە ناوخۆیەکانی،  لەوەی کە بەیەک ئاراستە و سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکرێت، چونکە ئاشکرایە کە بەشێکی بێ باکی بەغدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم و ئامادەنەبوون بۆ دانیشت بۆ چارەسەری کێشەکان، بۆ لاوازی پێگەی هەریمی کوردستان دەگەرێتەوە. بۆیە وا بڕوات لەو گەمەیەدا کازمی براوە دەبێت،  و دەبێت هەرێمی کوردستان سازشی زیاتری بۆ بکات، ئەوەشی کە باجە قورسەکە دەدات خەڵکی کوردستان دەبێت، لەوەی دەبێتە قوربانی زیاتری ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.  


د. سەنگەر سەید قادر كازمی لە ماوەی یەك هەفتەدا سەردانی سێ وڵاتی گرنگی ناوچەكە و جیهان دەكات كە ئەم وڵاتانە میحوەری سەرەكی كێشەكانی ناوچەكان و سەرچاوەی ئاڵۆزی و ململانێكانن لە عێراق و سەرەتای سەردانی كازمی بۆ سعودیەدەبێت و ڕۆژی دووشەمە دەگاتە سعودیە نامەیەكی لە ڕێگا جەواد زەریفەوە پێگەشتووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە بن. سەلمان، بۆ ڕۆژی دوای سەردانی تاران دەكات و ڕۆژی هەینیش سەردانی واشنتن دەكات ئەم سەردانانانەی كازمی یەكەم. سەردانی دەرەكی و تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە لەبەردەم دبلۆماسییەتی كازمی دا چونكە ١- كازمی لەسەردانەكانیدا دۆسیەی عێراق و كێشەئابورییەكان و سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباڕی ناوخۆی عێراقدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئێران و واشنتن گفتووگۆ دەكات ٢- ئەركێكی دیكەی كازمی بریتی دەبێت لە نێوەند گیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و سعودییەدا ئامانجی سەردانی زەریف بۆ بەغداد: بەرەبەیانی ئەمڕۆ جواد زەریف گەشتە بەغداد و بڕیارە لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. و سەرۆكی پەرلەمان بەرپرسانی حەشد و هێزە شیعییەكاندا كۆببێتەوە لەكاتێكدا بڕیارە كازمی پاش دوو ڕۆژی تر سەردانی تاران بكات زەریف بۆچی لە بەغدادە: ١- جواد زەریف نامەیەكی تایبەتی خامەنەئی ڕادەستی كازمی دەكات بۆ ئەوەی بە سعودیە و واشنتنی بگەیەنێت ٢- سەردانەكەی جواد زەریف دوای ئەوەهات كە كازمی ڕەتیكردەوە سەرەتا سەردانی تاران بكات بۆیە زەریف پیش سەردانەكەی كازمی سعودیە گەشتە بەغداد بۆ ئەوەی هۆشداری بداتە كازمی لەوەی كە ڕەچاوی بەرژەوەندی ئێران بكات ولە گرێبەستەكانی لەگەڵ سعودییەدا بەتایبەت لەكەرتی ووزەدا ٣- ئامانجێكی دیكەی زەریف گوێگرتنە لە هێزە شیغەكانی عێراقی پێش سەردانی كازمی بۆ تاران بۆ ئەوەی بەرچاوو ڕوون بن لە تاران لەكاتی گفتووگۆ لەگەڵ كازمی دا ٤- بەشێكی تر لە ئامانجی سەردانی زەریف پەیوەستە بە گۆڕانی هەڵوێستی بەشێك لە هێزە شیعەكان كە مەترسیان. هەیە لە لاوازكردنی بەرەی ئێران. لە عێراق و چوونەتە بەرەی ئەمەریكا - كازمی دەتوانێت ئێران و ئەمەریكا ئاشت بكاتەوە؟ مستەفا كازمی لە دوو مانگی دەسەڵاتیدا بە ھەڵوێست و لێدوان و سەردانەكانی بۆ دەزگا ئەمنیەكان و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بڕینی مووچە نایاساییەكان ئەزموونێكی نوێی لە حكومڕانی نیشانی عێراقیەكان دا كە حكومەتێكی ئەمنی بەهێز لە ڕێگایە بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا كازمی ئەو پیاوە بەهێزەیە یان دەیەوێت وانیشان بدات كە سەركردەیەكی جیاوازەو فریادڕەس و بەدیھێنەری خەونی عێڕاقیەكانە؟ ئایا كازمی لە ڕاستیدا ئەو سەركردە فریادڕەسەیە كەلە میدیادا وێنادەكرێت؟ ئایا كازمی دەتوانێت سەروەری عێراق بپارێزێت و نێوەند گیری لە نێوان. ئەمەریكا و واشنتندا بكات ؟ چۆن باڵانسی بەرژەوەندی هێزە ناوچەی و جیهانییەكان لە عێراق ڕادەگرێت؟ هەڵوێستی كورد چی دەبێت؟ ئایندەی عێراق بە كوێ دەگات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەم كورڕە شیكاریەی دا دەخەینە ڕوو: كەسایەتی كازمی:- مستەفا كازمی كە لە خێزانێكی شیعەی ناسریەیە لە ساڵانی نەوەدەكاندا وەك نووسەروو چالاكێكی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس دەركەووتوە و لە خێزانێكی ناسراوی شیعیە و زاوای مەهدی عەلاقی سەركردەی حیزبی دەعوەوەیە و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس وەك ڕۆژنامەنووس و نووسەرێك دەركەوتووە و كە لە چەندین ڕاگەیاندنی كوردی و عەرەبی و ئەمریكیدا كاری كردووە دواتر ئەمریكیەكان ئەركی كۆكردنەوەو تۆماركردن وئەرشیفكردنی بەڵگەنامەو تاوانەكانی سەردەمی بەعسیان پێسپاردووە و بەشداری لە چەندین پرۆژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا كردووە لە عێراق ھەتا ئەم قۆناخە كازمی وەك كەسێكی نادیار لە كایەی حكومڕانی عێڕاق دەركەووتوە. كازمی و ئەمریكا:- مێژووی پەیوەندیەكانی كازمی و ئەمریكا دەگەرێتەوە بۆ كۆتای ساڵی ٩٠كان كە وەك كەسایەتیەكی ئۆپۆزسیۆنی عێڕاقی بانگھێشتی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێڕاقی لە واشنتۆن كراوە دواتر بەشداری لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێڕاقی لە بەیرووت كردووە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بەژداری لە چەند پڕۆژەیەكی باڵیۆسخانەی ئەمریكی لە عێڕاق كردووە و تا ئەوكاتەی وەك بەڕێوبەری دامەزراووەی (بیری عێڕاقی) كە دامەزراوەیەكی ئەمریكی بوو دەسنیشانكراوە دواتر كازمی بوو بە كەسایەتیەكی نزیك لای ئەمریكیەكان و وە بەشێك لە نەیارەكانیشی وەك سیخوڕی ئەمریكا ناویدەھێنان. كازمی و وڵاتانی عەرەبی:- كازمی لە ساڵی ٢٠١٢دا باس لە گرنگی پەیوەندیەكانی عێڕاق دەكات لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیداو بەتایبەت لەگەڵ سعودیەدا ھەروەھا ئەوكاتەی پۆستی سەرۆكی دەزگای ھەواڵگیری عێڕاقی وەرگرت ڕۆڵێكی یەكلایكەرەوە سەرەكی ھەبوو لە درووستكردنەوەی پەیوەندی نێوان عێڕاق و سعودیەدا كەلە سەردەمی مالیكیدا پەیوەندیانە گرژی و ئاڵۆزی تێكەوت. بەھەمان شێوە كازمی ئەندازیاری ڕێكەوتنی ئازادكردنی میرە قەتەریەكان بوو كەلە عێڕاق و لەلایەن حەشدی شەعبیەوە ڕەفێنرابوون كەبە نێوەندگیری ڕاستەوخۆی موستەفا كازمی ئازادكران. ئەوەی كە زۆر گرنگە پەیوەندی و هاوڕێیەتی كازمی و بن سەلمانە كە دۆستێكی زۆر بەهێزیان. هەیە و ئەمەش كار ئاسانی بۆ كازمی دەكات لە نزیكبوونەوە لە سعودیە و هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئەمەریكا كازمی و ئیسرائیل:- ئەگەرچی ھیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو لەسەر پەیوەندیەكانی كازمی و ئیسرائیل بوونی نییە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی یەدوع ئەحرەنۆتی ئیسرائیلی موستەفا كازمی و بەرھەم ساڵەح و حسێن سەدر ئەوكەسانە بوون كە ڕۆڵی گرنگیان ھەبوو لە گێڕانەوەی ئەرشیفی یەھوودیەكانی عێڕاق و ئیسرائیل. لەكاتی كاندیدبوونی كازمی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لۆبی یەھوودی لە واشنتۆن بەتایبەت(AIPC) ڕۆڵێكی گرنگیان ھەبوو لە پشتیوانیكردنی كازمی بەجۆرێك لە درەنگانی شەوی ھەڵبژاردنی كازمی وەك سەرۆكوەزیرانی عێڕاق گاریدكۆشنەر تەلەفوونی بۆ چەند سەركردەیەكی شیعەی عێڕاق كرد و ھەڕەشەی لێكردوون كە ئەگەر دەنگ بە كازمی نەدەن ئەمریكا سزای تووندی ئابووری بەسەر عێڕاقدا دەسەپێنێت و ئیسرائیلیش دەستكراوە دەكات بۆ لەناوبردنی حەشدی شەعبی لە عێڕاق كە ئەم پەیوەندیە تەلەفونیەی كۆشنەر لە كۆتا ساتدا كازمی لە شكست ڕزگار كرد. كازمی و ئێران:- موستەفا كازمی لەوە تێدەگات كە عێڕاق و ئێران پەیوەندیەكی مەزھەبی و ڕۆشنبیری و ئابووری و سیاسی پێكیانەوە دەبەستێتەوە سەڕەڕای پەیوەندی سەربازی ئەم پەیوەندیانە تا ڕادەیەكی زۆر شۆڕبۆتەوە بۆ ئاستی كۆمەڵایەتی و شەقامی عێراق و دەستبەرداربوون لە ئێران ئەستەم و مەحاڵە. بەھەمان شێوە كازمی لەوە تێدەگات كە عێراق ناتوانێت دەستبەرداری ئەمریكا بێت بەتایبەت لە ئێستادا كە عیراق بە بارودۆخێكی سەختی ئابووری و ئەمنیدا تێدەپەڕێت بۆیە باشترین بژاردە ڕاگرتنی ھاوسەنگیە لەنێوان بەرژەوەندیەكانی ئێران و ئەمریكادا لەمەشدا كازمی دەرفەتێكی باشی بۆڕەخساوە چونكە ئێران نایەوێت بەرژەوەندیە ئابووریەكانی لە عێڕاق لەدەستبدات و بەتایبەت لەدووای كوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران كۆنتڕۆڵی بەسەر عێڕاقدا لەدەست داوە بەھەمان شێوەش ئەمریكا نایەوێت كە شەقامی شیعەی عێڕاقی بكات بە گژی خۆیدا دەیەوێت بە ھێمنی تادوای ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا نفوزی ئێران لە عیڕاق كەمبكاتەوە كێشەو سەرئێشە بۆ خۆی درووست نەكات . باڵانسی هێز لە عێراق چۆن گۆڕا؟ بۆچی ئێران پاشەكشەی كرد؟ هەرچەندە لە ڕابردوودا ئێران بەهۆی نفوزی زۆریەوە لە عێراق بڕیاری كۆتای دەدا لە دیاری كردنی سەرۆك وەزیران بەڵام لە ئێستادا هاوكێشەی هێز گۆڕاوە لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئێران وەك جاران كۆنترۆڵی بەسەر شەقامی سیاسی عێراقدا نیە چونكە شەقامی عێراقی بێ ئومێد بووە لە ئێران و ئێرانیش خۆی گیرۆدەی كێشە ناوخۆییەكانیەتی لەسەر ئاستی دەرەكیش لە ڕووسیا ململانێكانی ئیران لەگەڵ ڕوسیادا لە سوریا گەشتووەتە ئاستی پیكادان و چینیش لە گێژاوی كرۆنادا نوقم بووە و جۆرێك لە ڕێكەوتنی ئیسرائیلی ڕوسی ئەمەریكی هەیە بۆ پچڕاندنی هیلالی شیعی لە سوریا و مەترسی گواستنەوەشی هەیە بۆ عێراق بۆیە ئێران لە ئێستادا جۆرێك لە نەرمی لە بەرامبەر ئەمەریكادا دەنوێنێت و تویتەكەی ڕۆژی چوار شەمەی ڕابردووی خامەنەئی كە ڕایگەیان( لە جیهادا لەسەر ڕێبازی حەقی حوسەینین و لە دانوستانیشدا ڕێبازەكەی حسن دەگرینەبەر كە سەرەڕای ناحەقی معاویە و زەید ئامادەبوو دەست لە مافی خۆی هەڵگرێت) دانانی كازمیش بۆ ئەو ئامانجەیە كە لایەنی كەمی بەرژەوەندیەكانی ببپارێزێت بەهەمان شێوە حەشدیش لە هێرش و لەناوبردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل بپارێزێت چونكە جگە لە مەترسی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆسەر حەشد ئێران ترسی هەیە كە سیستانی فەتوای پشتیوانی پشتگیری حەشدی بكیشێتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوو مانگی ڕابردوودا لیواكانی علی سیستانی( فرقەی ئیمام علی و فرقەی ئیمام عباس و لیوای علی الاكبر و لیوای أنصار. المرجعیە) بڕیاریاندا لە حەشدی شەعبی جیاببنەوە و بچنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان


پەیكار عوسمان - قەدەغەی زمان یەعنی قەدەغەی بوون. چونکە زمان تەجەلای بوونی نەتەوەیە. ئەوەی کە زمانت لێ قەدەغەئەکات، لەڕاستیدا بوونت لێ قەدەغە ئەکات. ئەیەوێ تۆ بەو جۆرە هەبیت، کە ئەو ئەیەوێ و بوونیكبی، لە پەراوێزو پاشکۆی زمانی ئەودا. دەی ئەمەش خودی نەبوونە، چونکە بوونی راستەقینەی تۆ لەناو زمانی خۆتدایەو لە زمانێکی تردا نیە. - زمانی دایك زمانی ئازادیە. چونکە لە سروشتی خۆتی وەرئەگریت. زمانی چۆلەکە ئازادانەیە چونکە لە سروشتی خۆی وەرئەگرێ. بەڵام ئەگەر تۆ چۆلەکەیەك بگریت و بتەوێ لە دەواجنێکدا فێری زمانی مریشکی بکەیت. خۆ ڕەنگە فێرببێ، بەڵام ئەوە زمانی دەواجنە نەك زمانی سروشت. دەی زمانی دەوڵەتیش کە پێشێلی زمانەکانی دایکبوو، ئیتر ئەوە زمانی دەواجن و ناچارییە، نەك زمانی سروشت و ئازادی. - کێشەی "دەوڵەت نەتەوە" ئەوەیە کە لەسەر زاڵێتی دامەزراوە نەك لەسەر عەدالەت. لێرەدا زمانی پێکهاتەی بەهێزو براوەی شەڕو ململانێ، ئەبێتە زمانی دەوڵەت و نەتەوەیەکی دەسکردی لێ دروستئەکرێ. ئەمەش پرۆسەیەکی ستەمکارانەیە، چونکە دۆخە دەسکردەکە، لەسەر سڕینەوەی ئەوەی کە هەیە دامەزراوە. مەسەلەن تۆ وەکو کوردێك هەیت لەناو زمانی کوردیداو بوونی تۆ ئەمەیە. کەچی دواتر ئەبێ ببیت بە تورکێك لەناو زمانی تورکیداو بکەویتە ناو بوونێکی ترەوە! - ئەو ستەمەی دەوڵەتی مۆدێرن دروستیکردوە، تا ڕادەیەك لەڕێگەی ماف و هاوڵاتیبوونەوە کاڵئەکرێتەوە. یەعنی ڕاستە لە سەرەتاوە، نەتەوەی ئازادو یەکسان تێکشکێنراوە، بەڵام لە بەرامبەرا تاکی ئازادو هاوڵاتی یەکسان دروستکراوەو لێرەوە بڕێك بارە خوارەکە ڕاستکراوەتەوە. بەڵام کاتێ نەتەوەی ئازادو یەکسانت تكشکاندوەو تاکی ئازادو هاوڵاتی یەکسانیشت دروستنەکردوە. ئیتر شتەکە لەمسەرو لەوسەریش، هەر ستەمکارییەکی ڕووت و قووتەو هیچی تر. - زمانی دایك زمانی پێکەوەژیانەو زمانی دەوڵەت زمانی بەڕێکردنی ژیانە. تۆ لەناو زمانی خۆتدا ئەژیت، بەڵام لەناو زمانێکی ناچاریدا، تەنیا ژیان بەڕێئەکەیت. بەڕێکردنی ژیانیش بەدیلی ژیان نیەو هەرگیز نابێتە دۆخێکی هەمیشەیی و درەنگ یان زوو کۆتایی دێ. چونکە لە ئەساسەوە ئێمە بۆ ژیان هەین، نەك بۆ بەڕێکردنی ژیان. ژیانیش خودی پێکەوەژیانەو پێکەوەژیانیش ئەوەیە کە لەسەر عەدالەت و ئازادی دامەزرابێ، نەك لەسەر ستەم و ناچاری. - هەر بوونێك کە لەسەر سڕینەوەی بوونێکی تر دامەزرابێت، بوونێکی ستەمکارانەیەو ئاییندەی نیەو بینایەکە بۆ ڕوخان. هەر بوونێك لەسەر پاراستنی ئەوەی کە هەیە دامەزرابێ، ئەوە بوونێکی ئازادانەیەو ئەو بینایەیە کە ئەبێ پێ ی بگەین و دروستی بکەین. گەیشتن بەمەش خەیاڵ و یۆتۆپیا نیە، بەڵکو ئەرکەو ئەبێ بیکەین! - جا یەکێ لە کێشەکانی مرۆڤ ئەوەیە، ئەو شتەی کە پێویستە بیکات و لەپێناویدا پێ بەسەر بەرژەوەندی و حەزەکانیدا بنێ، نایکاو بە بیانووی خەیاڵ و ناواقعیەت و یۆتۆپیاوە خۆی لێ ئەدزێتەوەو دوای بەرژەوەندی و حەزەکانی ئەکەوێ! ئەمەش تەنیا کاتکوشتنەو ئەوەی کە ئێستا بە بیانوی یۆتۆپیاوە خۆمانی لێ ئەدزینەوە، سبەینێ هەر ئەکرێ. فەرقەکە هەرئەوەیە، ئەوانەی سبەینێ، لەمانەی ئێستا هۆشیارترن و هۆشیاریی سەرئەخەن بەسەر غەریزەکانیانداو لەوێوەشەوە خەونەکە ئەکەن بە ڕاستی. - ئینجا جوانترین شت لە زارای محەمەدیدا هەر ئەوەنیە، کە بەرگری لە زمانی دایك ئەکات، کە مافێکی سروشتی و مرۆیی و خواییە.. بەڵکو ئەوەیە کە پێمانئەڵێ، چیتر پاڵەوانی ئێمە هەر پیاو و چەك و فیشەك و شەڕ نیە. بەڵکو کچ و عەقڵ و وشەو زمانیشە. ئاخر لای ئێمە پاڵەوانێتی قۆرخی چەکەو پیاوی ئێمە بەوە بووە بە پاڵەوان کە چەکی هەڵگرتووە. بە هەمان پێوەر، بۆئەوەی ژنیش بکەین بە پاڵەوان، هاتووین چەکمان کردۆتە شانی ئەویش! - وەك ئەڵێن مەل بە باڵێك نافڕێ و چەپڵە بە دەستێك لێنادرێ. کوڕو کچیش ئەبێ هەردوك بێنە مەیدان. بەڵام مەیدانەکە چەك و شەڕ نیە. ئەسڵەن چەك هەڵە گەورەکەی پیاوی ئێمەیەو ئەبێ ڕاستی بکەینەوە، نەكئەوەی بکەینە شانی ژنیش! چارەسەر ئەوەیە کچ و کوڕی ئێمە لەبری چەك، عەقڵ هەڵگرن و خەباتێکی سپی بێ خوێن و بێ شەڕ، وەکو ئەوەی زارا دەستپێبکەن. لە ڕاستیدا ئا ئەم بەرخودانەیە کە ژیانە، نەکئەوەی کە هەر مەرگ و کاولکاری و مەکینەی بەکوشتدانی ئێمەیە! - دە ساڵ زیندانی زارا، ڕێك ئەکاتە ئازادی هەمیشەیی زمانی ئێمە. ئاخر ئەو جۆرە خەباتە سپییە، زمانی ئێمەو لەڕێگەی زمانیشەوە بوونی ئێمە، ئەخاتە دۆخی نەمری و مانەوەی هەتاهەتایی. پێچەوانەی "خەباتی سور"، کە لەڕاستیدا سورنیەو ڕەشەو نیوەکەی تری نەمانی ئێمەو تەواوکردنی یارییەکەی دوژمنە. - خەباتی ڕاستەقینە، خەباتە دژی ستەمکاری و خەباتیش دژی ستەمکاری، ئەوەیە کە خۆی ستەمکارییەکی تر نەبێت. لێرەدا زارا ئەو خەباتەمان پیشان ئەداو پێمان ئەڵێ، کۆڵەواریی ئێمە، هەر بە هۆی ستەمی دوژمن نیە، بەڵکو بەهۆی ناهۆشیاری خۆشمانە لە دۆزینەی بەرگری ڕاستەقینە. نمونەی ئەم بەرگرییە سپییەش، هەر ئەوەیە کە ئاپۆ خۆی پێیگەیشتووە، بەڵام هێشتا زۆرێك ئاپۆچییەکان پێ ی نەگەیشتوون و هەر مەستی چەك و شەڕو شۆڕن. - ئاخر ئێمە، هەمیشە بارێكمان لەسەر شانەو لەکاردانەوەدا خەباتی هەڵە هەڵئەبژێرین و ئەیکەین بە دوو بارو شان و ملی خۆمانی زیاتر پێئەشکێنین. لە نمونەی هەموو شۆڕشە چەکدارییەکانمان، کە هیچیان ڕزگاری ئێمەنین و هەموویان ستەمی تەریبی ستەمەکەی دوژمنن! - ئازادی ئێمەش چەنێك پەیوەندی بە ئازادبوونمانەوە هەیە لە دوژمن، ڕێك ئەونەش پەیوەندی بە ئازادبوونمانەوەیە لە شۆڕش و ئێمە بە ئازادبوون لە هەردوکیان ئەتوانین ئازادبین. چونکە ئەو دووانە هەردوکیان وەسیلەی کۆیلەکردنی ئێمەن و ئێمە لەلایەن هەردوکیانەوە داگیرکراوین و هەردوکیان هەر داگیرکەرن، هەریەکەو بە شیوازی خۆی. دوژمن ئەیەوێ دیلی ئەوبیت و شۆڕشیش ئەیەوێ دیلی خۆی بیت و هەردوکی لەسەر حسابی ئازادی تۆ. - خەباتی ڕاستەقینە حیزب و شۆڕش و شەڕو ئایدۆلۆژیای ناوێ، کە هەموویان مەکینەی کۆیلەکردنن، تەنیا ئینسانێکی بیرکەرەوەی ئازادی ئەوێ کە هۆشیاری بە حەق هەیەو زمانی دایکیش حەقە. هەر ئەونەو هیچی تر. هەرئەوەی کە زارا کردی!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand