Draw Media

  نەجیبە مەحمود ئەو بۆشاییە سیاسی و ئیداری و فكرییەی هەرێمی كوردستان و پەرشووبڵاوی هێزە سیاسیەكان بەداخەوە هۆكارێكی زۆر بەهێزە كە هەر هێزێكی دەرەكی وەك توركیا و ئێران یاخود عێراق بە ئاسانی بیقۆزێتەوە بۆ بەهێز كردنی هەژموونی سیاسی و ئیداری خۆی لە هەرێمی كوردستان و زۆر بە ئاسانی كاریگەری لەسەر هزری تاكەكان لە كۆمەلگەی كوردی دابنێ . كە ئەوەش بەداخەوە كورد دەگەرێنێتەوە بۆ خاڵی سفر كە سەردەمی پێش راپەرین بوو، دەبێتە پوچەڵ كردنەوەی خەونی گەلی كورد كە ساڵانێكی زۆرە سنگی رۆڵەكانی خۆی بۆكردبوویە قەڵغان و رووبارێك خوێنیان لە پێناوە ڕشتووە . ئەوەی جێگەی داخە و لە تۆرە كۆمەلایەتیەكان بە روونی هەستی پێدەكریت كە تاكی كورد بە ئاگایی بێت یان بێ ئاگایی كەوتۆتە ژێر ئەو كاریگەرییە ، بەراستەخۆ یان نا راستەوخۆ بەشدارە. بێ گومان كە لە خۆیەوە نیە، بە هۆی نەبوونی ئیدارەیەكی یەكگرتووی بەهێز و نا دادپەروەری و هەژاری و بێكاری و ئێستا بە هۆی بلاوبونەوەی كۆرونا ڤایرۆسەوە باری تەندروستی خەڵك و خراپی خزمەتگوزاری و توڕەبوونی خەڵك لەو دەسەلاتە، زۆر بەروونی هەست بە بێباكی خەڵك دەكریت بۆ لەدەستدانی ئەو قەوارەی هەرێم و گەڕانەوەی هەژموونی سیاسی و ئیداری عێراق بەسەر هەرێم .ئەوە جگە لە دەسەلات و هەژموونی توركیا و ئێران و هەوڵە و داگیركاریەكانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر، كە مەترسیەكی یەكجار گەورەییە..  هەروەها بەرەوە نزیك بوونەی هەلبژاردن لە عێراق دەڕۆین، بۆ ئەو مەبەستەش دیارە حكومەتی عێراقیش بێ پلان و بەرنامە نەبووە و بەتایبەت كە هێستا هەرێم بە پێ دەستوور بەشەكە لەعێراق و سیاسە كوردەكانیش بەوە رازی بوون هەم بە بەشداری نوسینیەوە دەستور و هەم بە وەرگرتنی پۆست لە عێراق، بۆیە دەتوانن سود لەوە وەربگرن و زۆر بەوردی كار لەسەر لایەنە هەستیارەكانی كۆمەلگە و راكێشانی سۆزی خەڵك بەكات بە ناوی چاكسازی و هەوڵەكانی بۆ چارەسەر و كێشە كەلەكە بووكانی هەرێم بەتایبەت كێشەی ئابووری، چالاكیەكانیشی پانتایەكی زۆری لە پەیج و ئەكاونت و راگەیاندنەكانەكان داگیر كردەوە . ئەوەش لە كاتێكدایە ،كە پێدەچێت گۆرانكاریەك بەرێوە بێت لە رۆژهەلاتی ناوەراست .. هەروەها لە لایەن ووڵاتە زلهێزەكانیش بە هەموو شەوەیەك پشت كراوەتە ئەو بەشەی كوردستان بە هۆی خراپی بەكارهێنانی دەسەلات، كە ئەگەرێكی زۆر بەهێزە حكومەتی ناوەندی ئەو هەڵە بقۆزێتەوە بۆ بەهێز كردنەوەی هەژموون و دەسەلاتی خۆی لە هەرێم . جا نیگەرانی و ترسەكەم لە بێباكی و بێ پلان و بەرنامەی هێزە سیاسیەكانە لە باشور بەرامبەر بە هەموو ئەو قوربانی و روبارە خوێنەی رۆلەكانمان داویانە لەپێناو ئەو نیمچە ئازادیە لەو بەشەی كوردستان..كە هێشتا درەنگ نیە كە بتوانن لە رێگەی چاكسازییەكی راستەقینە و گەرانەوەی ماڤ بۆ خاوەن مافەكان و نەهێشتنی گەندەڵی و دادپەروەی و گەرانەوەی هەیبەت بو دەسەلات بۆ داموودەزگاكان ، گەرانەوەی سەروەت و سامان و مڵكی گشتی و ئاشت كردنەوەی خەلك لە پێناوە بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی .. بۆیە ئەركی كۆمەلگەی مەدەنی و خەلكە رۆشنبیرەكەیە كە كار لەسەر یەكریزی وپركرندەوەی بۆشاییەكان بكەن كە جارێكیتر ئەو هەڵە مێژوویە روونەداتەوە كە هەرێم بە دەردی كەركوك بچێت، دەبێت هیوا و ئینتیما بگەرێندرێتەوە بۆ خەلك و هەرێم لەو دۆخە چەقبەستوە رزگار بكریت .


د. مەیادە نەجاڕ   ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەتایبەتی لە ئێستادا کە دۆخی سیاسی عێراق بە ئاقارێکی زۆر ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت، لەکاتێکدا ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانیەکان تێپەرێندرا، بەڵام ئەم یاسایە پڕە لەکەموکوڕی و بەشێکی زۆری یاساکە بەشێوەیەکی نادروست ھەموارکراوەتەوە، چەندین سەرپێچی بەرامبەر بەدەستووری عێراقی تێداکراوە. یەکێک لەو خاڵانەی بەئاشکرا پێشیلی دەستوورە، بەھەڵە دابەشکردنی کورسیەکانی ھەڵبژاردنە لەسەر ئاستی قەزاکان، چونکە ھەتا ئێستا لە عێراقدا سەرژمێری نەکراوە، شێوازی دابەشکردنەکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە دیاری دەکرێت، لەکاتێکدا پشت بەژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەک بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی دەبەستن، ئەمەش خالێکی زۆر لاوازە کەموکوڕی لە خودی یاساکەدا دەردەخات، چونکە بەگوێرەی دەقە یاساییەکان نابێت لەکاتی جێبەجیکردنی ھەر پرۆسەیەکی یاساییدا پشت بەشێوازی ھەڕەمەکی ببەسترێت. فەرامۆشکردنی ئافرەتان خاڵی دووەم کە کەموڕییەکانی یاساکە دەردەخات فەرامۆشکردنی ئافرەتانە، چونکە بەگوێرەی یاسا نوێیەکە لە (٤٥) بازنەی ھەلبژاردندا، ئافرەتان فەرامۆش دەکرێن، لەم بازنانەدا تەنیا رێگە بە رەگەزی نێر دەدرێت خۆی کاندید بکات، ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری ھەمیشەی عێراقە، چونکە بەگوێرەی دەستوور لەھەر پارێزگایەک پێویستە لە ٢٥% کورسیەکان بۆ ئافرەتان تەرخان بکرێت. لەلایەکی ترەوە ئەم یاسایە بەئاشکرا مادەی (٢٠) لەدەستوری عێراق پێشێل دەکات، چونکە ئەو مادەیە جەخت لەیەکسانی ھەردوو رەگەز لەکاتی ھەڵبژاردن و خۆھەڵبژاردن دەکاتەوە . لەلایەکی ترەوە بەپێی ئەم یاسایە زۆربەی قەزاکان بێ نوێنەری ئافرەت دەبن، تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگا نوێنەری ئافرەت دەبێت ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٤٩)، بەندی چوارەم لە دەستور دەکات، کە دەڵێت (یاسای ھەڵبژاردن رێژەی ٢٥% بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان دیاریکردووە. ھەروەھا ئەوەمان لەیاد نەچێت رێگەی ھەژمارکردنی کورسیە قەرەبووکراوەکان، لەم یاسایەدا پێشێلکراوە، چونکە بەگوێرەی یاساکە دەدرێتە کەمترین کۆکراوە، ئەمەش سوکایەتیە بەدەستوور کە بۆ ھەر کورسیەک سەد ھەزار کەسی دیاری کردووە. ساختەکاری ئەوەشمان لەیاد نەچێت دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن بەم شێوازەی کە ئێستا ھەیە کە لەسەر بنەمای قەزا دابەشکراوە کە ئەمەش دەرفەتی گەورەی ساختەکاری تێدا ئەنجام دەدرێت. ھاوکات بەکارھێنانی چەک بۆ ترساندن و خەڵەتاندن بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری عێراق، ھەروەھا وا دەکات جارێکیتر ئەقڵیەتی عەشایەری وابەستەیی کۆمەڵەی بچوک بچوک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەم شێوەیە لەسەر ئاستی قەزا نەوەک لەسەر ئاستی بازنەیەکی فراوانتر کاندیدەکان دیاری بکرێت، چونکە وەک دەزانین لەناو بازنەی بچوکدا ساختەکاری زۆر ئاسانترە لەبازنەی فراوان. لەلایەکی ترەوە ئەو کەسەی دەیباتەوە ئەوەیە کە بەرزترین دەنگ بەدەست دەھێنێت، نەوەک ئەوەی دەنگی ٥٠+١ بەدەست دەھێنێت. ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی، چونکە ئەگەر لە قەزایەک ٧٠ کەس خۆی بپاڵێوێت، واتە کەسێک ١٢ ھەزار دەنگ بھێنێت دەیباتەوە، کەسێک زۆرترین دەنگ بھێنێت کە ئیتر ھەرچەندێکە دەیباتەوە، نەک ٥٠+١ی دەنگدەران کە ئەمە بۆخۆی دیسانەوە مەترسیدارە.  شێوازێک بۆ عێراق ناگونجێت لە ھەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر، ئەو ئالییەتەیە کە بژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی، وەک خۆتان دەزانن کە ئەوە چی ناوبانگێکی خراپی ھەیە لە ھەڵبژاردنی رابردوو، لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی، ئەمەش جارێکی تر پرسیار لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەکات. ھەروەھا ئەم یاسایە سوکایەتی بەدیموکراتی دەکات و رێگر دەبێت لەگەراندنەوەی متمانە لەلای دەنگدەر، بۆ عێراق ناگونجێت، چونکە تەواوی یاساکە پشتی بە  سیستمی فرەبازنە بەستووە ئەمەش پێچەوانەی رەوشی راستەقینەی عێراقە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرە میللەت و کەمایەتی جیاوازە، بەھیچ شێوەیەک یاسایەکی لەو جۆرە بۆ عێراق ناگونجێت. گرفتە یاساییەکان لەلایەکی ترەوە سنووری قەزا و ناحیەکان یەکلایی نەبووەتەوە، بۆ نموونە ھەندێک ناوچە لە وەزارەتی پلانداناندا ناحیەیە، بەڵام لە وەزارەتی بازرگانیدا لە لیستی قەزادایە، ئەمەش گرفتی زۆر بۆ خودی یاساکە دروست دەکات و ئەستەمە لەم قۆناغەدا سەرکەوتووبێت، ئەوەشمان لەیاد نەچێت راستەوخۆ حزبە شیعە دەستەڵاتدارەکان لەرێگەی یاسایەکی لەم جۆرە دەیانەوێت بازنەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەتایبەتی ئەگەر ھەر کاندیدێک سەربە چینێکی مامناوەند و خوارتر بێت چۆن دەتوانێت بچێتە نێو ئەم پرۆسەیە (ھەڵبژاردن)، جگە لەوە ئەمە کوژاندنەوەی حزبە بچوکەکانە، بەگشتی گەورەترین زیان بە کیانە سیاسییە بچوکەکان دەکەوێت، لەبەرئەوەی ئەو کیانە بچوکانە ناتوانن لەسەر ئاستی فرەبازنەیی و قەزاکان دەنگ کۆبکەنەوە و ناتوانن یەک کورسی پەرلەمانیش بەدەست بێنن، چونکە جەماوەر و دەنگەکانیان پەرشوبڵاوە. ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم جارێکی تر مێژوو غەدر لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکات، چونکە ئەگەر سیستمی فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی قەزاکان پەیڕەو بکرێت، ئەوە کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان زیانێکی زۆر مەترسیدار دەکات و لە ھەندێ شوێن و ناوچەدا کورسی پەرلەمانی لەدەست دەدەین، چونکە بەشی زۆری سنووری چەندین قەزا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دیاری نەکراوە و قەزا ھەیە بەشێکی لەسەر ھەرێمی کوردستانە و بەشێکیان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دیکە بۆ نمونە شارۆچکەی دوز لێکێندراوە بەپاریزگای سەڵاحەدین لەکاتێکدا زۆربەی ناحیەکانی سەر بەپارێزگای کەرکوکن، مەخموریش بەھەمان شێوە لەڕووی کاریگەرییەوە دابەشبووە، ئەمە نمونەیەکی زەقە کە زیان بەر  کورد دەکەوێت.  لەلایەکی ترەوە ناھاوسەنگی لەژمارەی دانیشتوانی قەزاکان ھەیە بۆ نمونە ژمارەی دەنگدەران لە  قەزاکان لە(٤٠)ھەزار دەنگدەر ھەتا(٧٠٠)ھەزار دەنگدەر دەروات ئەمەش کێشەیەکی ترە، لەلایەکی ترەوە  قەزایەک لە (١٠٠) ھەزار دەنگدەری کەمتر بوو، ئەوە دەخرێتە سەر قەزایەکی دیکە کە دەنگەکانیان لە (١٠٠) ھەزار و پتر بێت، ئینجا بازنەی ھەڵبژاردنەکە دیاری دەکرێت، ئەمەش زۆر ئاڵۆزە تاوەکو بتوانرێت ئەو سەرژمێری و جیاکارییە ئەنجام بدرێت.  ھەنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئالنگارییەکان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا سێ بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەکردنی کەموکوڕییەکانی یاسایەکە، لەوانە کۆکردنەوەی قەزا و ناحیەکان لە فەرمانگەی ھەڵبژاردنێک واتە چەند قەزا و ناحیەیەک بکرێنە یەک فەرمانگە، بەمەرجێک رەچاوی کورسی کۆتا بۆ ئافرەتان بکرێت،  بژاردەی دووەم ئەوەیە کە کار بۆ لکاندنی بازنەی ھەڵبژاردن بکرێت تارادەی نزمترین ئاست بۆ ھەر بازنەیەک چوار کاندید ھەبن کە سێ کاندید رەگەزی نێر بێت یەک کاندیدیش رەگەزی مێ بێت . بژاردەی کۆتایی گەڕانەوەیە بۆ سیستمی بازنەی پارێزگاکان کێبڕکێ لەنێوان کاندیدەکان لەسەر بنەمای بەرزترین ئاستی رێژەی دەنگەکان، کە ئەمەیان گونجاوترینە بۆ ئێستای رەوشی عێراق .


سالار مەحمود ژیان ئەزموونکردنە، چەن گەورەییە لەسەر هێڵە گەورەکانی ژیان و گەردوون مرۆڤ نەخشی هەبێ. ئەو جوانیەی شێرکۆ لە ژیانی زۆرکەسدا دروستی کردوە درێژخایەنترە لە هەر جوانیەکی ساتەوەختێکی هەستی یا حەماسی یا بەخشندەییەکی کۆمەڵایەتی و کردەیەکی سیاسی،  نەخشی جوانبەخشی ئەو ئاوێتەی جوانی عیشق و شیعر بوو. ساڵی ھەشتاودوو لە ئەوجی تیژیی کەڵپەی بەعسیەکاندا  روومانکردە شاخ، لەکوێرە گوندێکی گەرمیاندا. گیرساینەوە. قوتابخانەی شارمان بەجێ ھێشت. ھەر زوو بۆ راھاتن و ئاشنا بوون لەگەڵ کەش و ھەوای گوندو ژیان لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا، زۆربەی شەوانی نوتەکی زستان گەر بکەوتایەتە ماڵ لە ژورێکی قوڕینی سەر چیخچنی نزم و بچوک لەبەرچرادا، باوکم کۆی دەکردینەوەو سروودی بەرگری بۆ دەخوێندینەوە. "کازیوە" و "من تینوێتیم بەگڕ ئەشکێ" و تریفەی ھەڵبەست" ی شێرکۆ بێکەس  دیوانی بێکەس و قانیع لە وانەکانی زۆرینەی شەوانی سەرەتای ئاشنا بوونمان بوو بە ژیانی سادەو پڕ ترش و شیرینی ئازادی لادێ..  ئێمەش بە رۆژ بۆ پێشمەرگەمان دەوتەوە کە بەجەولە رێیان دەکەوتە ئاوایی.. رۆژگار ھات و چوو شۆڕش باڵای کردو ئازادی لەگەڵ خۆی ھێنا بۆ شار.. منیش لەزانکۆی سلێمانی بوومە خوێندکارو  لەنزیکەوە بەخودی باڵای شیعرو ئاسمانی داھێنانی شیعریی ئاشنا بووم. جار جارە دەچوومە دیداری لە"سەردەم".  لەگەڵ چەن هاوڕێیەکمدا گۆڤاری "مرۆڤایەتی"مان لەزانکۆ دەردەکرد. هەر کە چاپ دەبوو گۆڤارەکەمان دەبرد بۆ کاک شێرکۆو رەوف بێگەردو ئازاد بەرزنجی. مەبەستمان بو سەرنجیان بزانین و بەشداری بکەن بەنوسین بۆ گۆڤارەکە.  لەوساوە تا تەمەن باقی بێت لەگەڵ شیعرەکانیدا ژیاوم و دەژیم.  دوا وێستگەی بینین چەند ساتەوختێکی خەمباریی و شادومانی بوو، رۆژی ٢٣-٦-٢٠١٣ ئیجازەم لە نەسرین خانی خێزانی وەرگرت و توانیم جارێکی تر، بەیاوەری  بەڕێزان عومەر شێخ موس و بەکر فەتاح و ساڵح قەیتولی و شۆڕش قادر چوینە لای لەسوید. ئەم جارە جیاوازتر لەھەموو جارەکان بێ شەپۆلی وشەو جوڵەو بێ دوکەڵ بوو. دیداری ئەو دیداری خەمی نەتەوەو بێکەسیی کورد و ھاواری لەبن نەھاتووی نیشتمان بوو. سەرەتا بێدەنگیەکی قووڵ دایگرتبوو، لێم پرسی ناخوێنیتەوە،  وتی ناتوانم ئەم نەخۆشیە ھیلاکی کردووم..  ئەی نوسین  وتی ئەوەشیان نا.. پاکەتە جگەرەکەی لەبەردەم خۆیدا دانابوو، بەڵام نەیدەکێشا،  دکتۆر لێی قەدەغەکردبوو. وتی ھەر حەز ئەکەم لەبەر چاوانم بێت.  دەنگوباسی گەرمیان چیە ئەبێ ئێستا گەرمبێ وانییە؟  کاتێ ماڵ ئاوایمان لێ کرد زۆر بەحەسرەتێکی قووڵەوە بەو پەڕی ھێزی ناخمەوە، لەبەردەم جانتای سەریدا کەبەکلێتە داپۆشرابوو رۆحم لەبەردەمیدا چەماندەوە، چوون ھەستێک دایگرتم و دەمزانی ئەمە دوا دیدارە.  هەستم دەکرد چ بۆشاییەکی ئەدەبی لەفەزای نوسین و داهێنان و نوسینەوەی ژیانی کورد دروست دەکات. توند دەستیم گوشیی و بەدەستی چەپم بەسۆزێکی توندەوە قۆڵی راستیم گرت. ھەرچەندە بەھیواوە پێم وت کاک شێرکۆ بەھیوای دیدارێکی باشتر لە ئێستا..  لە یەکەم پەیژەی شوقەکەی ھەتمە خوارەوەو فرمێسکی قەتیس بووم داباریین. یەکەم جار بوو خەم بۆ خودی خۆی بمگرێنێ پێشتر چەندان جار شیعرەکانی گومانم نییە زۆرینەمانی گریاندوە، ئاخر شیعریی شێرکۆ ھەر بە راست ژانی نەتەوەو ھاواری کوردو جوانی نیشتمان وزەی ژیانە.. ئەو ھەموومانی کۆکردبووە لە دوتوێی شیعردا ئەو بەسەرھاتی ئازارو برینمانی نوسیبوەوە.. لە گۆڕستانی چراکاندا وێنەی "وڕێڵە" وێنەی دوا ئێوارە شومەکەی ئەنفالی بۆ نەخشاندبووین. کەس وەکو شێرکۆ بێکەس نەیتوانیوە تەنیاترین تەنیاییەکانی کوردو میحنەتریین میحنەتەکانی کوردستان بخاتە دووتوێی شیعرەوە.. رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ لەگەڵ پۆلێک لەکەسوکاری ئەنفال لەسەحراکانی سەماوە بوین چوینە لای گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالەکان، لەو سەحرایەوە بەرەو نوگرە سەلمان رۆشتین لە دەشتە لماویە بەرینە خەیاڵم زوو دەچوەوە ناو " گۆڕستانی چراکان دەتوت شێرکۆ خۆی لەوێ بوەو ئەو دیوانەی نوسیوەتەوە، دورو دڕدۆنگی و بیمی رێگاکە.  ژەنگاوی ئەو سەحرا بەرین و تەپوتۆزە ژیان کوژە.  قافڵەکان  بارگەو پریاسکەی کوردیان لێرە خستوە.. خەڵەفم بیرکەوتەوە، خەڵەف: عەسکەرێکە پاسەوانی ئەو زیلەیە کە شۆفێرەکە لێی ئەخوڕێ و لەگەڵیایە. شێرکۆ بێکەس لە خەیاڵی شۆفێری ئەو زیلەوە ئێژێ:_ (( من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم ئەڵێم نەوەک چاوی “خەڵەف”ی پاسەوان لە پڕێکا قەترەیەکی بەزەیی خـوا یان یەک بریسکەی بچووکی لێبوردنی پێغەمبەرێ لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمـبـا! )) شوفێرەکە، دوای بڕینی ڕێگایەکی دوورودرێژ نوقمی خەیاڵ بووە… (( خەڵەف کۆکی‌و، ئەم داچڵەکی و گەردەلوولی کلک کڵافەی دووری سەحرا، هەتا ئەهات لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک ئەکەوتەوەو لە پڕێکدا لە ناو بەرایی تەمـاشـای خۆڵاوی‌دا.. قەڵایەک و چەند قولـلەیەک هەڵتۆقین و لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچ‌دا مـاشـێن وەسـتا!. خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی: “نـوگـرە سـەلمان!” ــ نوگرە سەلمان! ئافاتێکی قەڵا قەڵا، دووپشکێکی گەورە گەورەی کۆنکرێتیی. ئەشکەنجەیەکی درێـژ و کـڵـپەیەکی بـازنەیی!. نوگرە سەلمان! ژەنگی مێژوویەکی کۆن و قولـلەی زوڵمێکی زۆر دوور و مەنزڵێکی بیرچوونەوەو یادگارێکی بێ پەنجەرەو تاعونێکی خۆمڵاسدەر لە ناو لمدا و کینە و ڕقێکی سڕمدی!. نوگرە سەلمان! قەڵا قەڵای ئازارێکی ڕەشداگەڕاو. تینویەتییەکی ئەزەلی‌و پێناسەیەک بۆ ونبوون و بۆ تاریکیی و شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و جێگایەک بۆ پیاسەی زوڵم و گــــاڵتەی تـــاوان. نوگرە سەلمان!  سڵاو لە رووباری شیعریی کوردی سڵاو لەو نەغمە نەمرەی داستانی نەمریی، بەجەستە رۆیشتیی، بەڵام تۆ ھەرگیز لەچاوان ون نابی لە چاوی ئەندێشەو ھەست و سۆز ئاوا نابی.. تا گوند مابێ تۆ ھەر ئەژیت، تا کورد مابێ تۆ ھەر لەباغی نەمرییدا باڵاترینیت، تا ستەم و چەوسانەوەو "کزەی کوردان" مابێ تۆ بانگەوازی ئازایی و ئازادییت.. سڵاو لەدەنگە ھەمیشە سەوزەکەی ژیان سڵاو لە شێکۆ بێکەس..   


                               محمد گۆمه‌شینی * هیچ گومانێك نیه‌ له‌ بونی په‌تای كۆڕۆناو ئیستا هه‌موو جیهان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی و وڵاتان له‌ ئیستادا له‌قۆناغی كه‌ره‌نتین كردن ده‌رچوون و په‌یڕه‌وی خۆپارێزی تاكی ده‌كرێت وهاوڵاتیان به‌ جۆرێك هۆشیار بونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ خۆیان دكتۆری خۆیان بن ووه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك زۆر پیویست نه‌بیت بۆ پشكنین و چاودێری چڕ یان پێویست بون به‌ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد ئه‌وه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێ. هه‌رێمی كوردستانیش بێ به‌ش نه‌بوو له‌ توشبون به‌و په‌تایه‌و ڕۆژانه‌ش ئاماره‌كان زیاد ده‌كه‌ن و زۆر ڕیكاریش گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ ڕێگری كردن له‌ زیاتر بڵاو بونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ به‌ڵام هه‌ست ده‌كرێ ڕیكاره‌كان ئامانجی خۆیان ناپێكن سه‌ره‌ڕای پابه‌ند نه‌بونی هاوڵاتیان و تێكه‌ڵاوی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك به‌ڵام كه‌م و كوڕی له‌كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێم هۆكارێكی تری ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ دكتۆرو كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ ڕه‌وشێكی خراپی ئابوریدان به‌وه‌ی كه‌ موچه‌یان زۆر دوا ده‌كه‌وێ و كاته‌كانی ده‌وام و ئێشكگریان زیادی كردووه‌و ماندوون ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كه‌می ئامیری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردوو نه‌بونی پلانی زانستی و نه‌بونی ئه‌نجومه‌نێكی ڕاوێژكاری له‌هه‌ریم له‌ خه‌ڵكی پسپوڕو شاره‌زای ته‌ندروستی وه‌له‌لایه‌كی تریش  كه‌ كۆی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانه‌كان و بڕیاره‌كان لای وه‌زیری ته‌ندروستی كۆكراوه‌ته‌وه‌و ئه‌ویش فریای هه‌مووی ناكه‌وێ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌كه‌می كه‌ل و په‌ل وپێدوایستی ته‌ندروستی و دیتمان ئه‌زمه‌ی ماسك و ده‌ستكیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دروست بوو دواتر به‌رز بونه‌وه‌ی نرخه‌كانیان و ئینجا كه‌ل و په‌لی تعقیم وكه‌می بێدی حكومی و كه‌می ئامێره‌كانی ئۆكسجین و تا گه‌یشته‌ حاڵه‌تی نه‌مان و كه‌م بونه‌وه‌ .  ئینجا له‌هه‌مووی كاره‌ساتر فرۆشتنی ئۆكسجین له‌سه‌ر شه‌قاو وه‌ك كاڵای ته‌ماته‌و په‌تاته‌ كه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ فشلێكی گه‌وره‌ له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی ناتوانی هیچ خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ بكه‌ی . ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ره‌تای ڕۆژانی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌ بینیمان كه‌ خودی وه‌زاره‌ت چۆن مامه‌ڵه‌ی كرد له‌گه‌ل شارو شارۆچكه‌كان و هه‌ر ئه‌وكات زۆر به‌ ئاشكرا دیاربو هاوسه‌نگیه‌ك نه‌بو له‌زۆر شت ته‌نانه‌ت له‌ ڕاگه‌یاندنی حاڵه‌ته‌كانی توشبونیش بۆنمونه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان ته‌نها 7 حاڵه‌ت ئاشكرا بوو وه‌زیری ته‌ندروستی وتی ده‌ربه‌ندیخان زۆرنی مه‌ترسیه‌ كه‌چی له‌ هه‌ریر 9 كه‌س له‌یه‌ك رۆژدا تۆمار كرا هیچ نه‌وتراو له‌ سیببیران نزیكه‌ی 20 حاڵه‌ت تۆماركرانزیك هه‌ولێر هیچ نه‌وترا ئه‌وجاره‌ حاڵه‌ته‌كان له‌سلێمانی به‌رز بونه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌و به‌ ئاشكرا ووتی خه‌ڵكی سلێمانی پابه‌ند نه‌بونه‌ بۆیه‌ ژماره‌كان زیادیان كردوه‌و ئینجا وتیان خه‌ڵك به‌ قاجاغ له‌ سنوره‌كانی ئێرانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ ناو سلێمانی و تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ میدیای سێبه‌ر وتیان ده‌ستێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر بنێرن چونكه‌ ژماره‌ی توشبون له‌هه‌ولێر كه‌مه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی شه‌ڕێكی ساردی نێوان هه‌ردوو شاری هه‌ولێرو سلێمانیان دروست كردو كه‌ ئه‌وه‌ش خۆی پێویستی به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌بوو. كاتێك هه‌زاران ده‌روێش له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتنه‌ سلێمانی وتیان كاره‌ساتی گه‌وره‌ به‌ڕیوه‌یه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان بونه‌ شیكارناس و چاودێری سیاسی و ئاگادار ده‌یانوسی ئه‌وه‌ كاری ده‌ووڵه‌تی ئێرانه‌ ڕیگه‌ی به‌و ده‌رویشانه‌ داوه‌ تا ڤایرۆس بهێننه‌ هه‌رێمه‌وه‌و ئه‌وجاره‌ شه‌ڕه‌ شارچێتیه‌كانیان كرده‌ شه‌ڕی سیاسی ئیتر بڕیاربوو چاوه‌ڕێ بین كه‌ی سلێمانی به‌سه‌ریه‌كدا ده‌كه‌وێت به‌و قسه‌ی ئه‌وان ده‌یانكرد ! ئه‌وجار مانگرتنی پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی سلێمانی گه‌رمیان وهه‌له‌بجه‌وكۆیه‌ ڕاپه‌ڕین دروست بوو ئه‌وجاره‌ وتیان ته‌واو ئاخیر زه‌مانه‌ ئه‌وه‌ی نه‌مانده‌ویست ڕووبدات ئه‌وجاره‌ ڕووده‌دات و كاول ده‌بی كاتێك ده‌ست كرا به‌خۆپیشاندان و خه‌ڵك داوای موچه‌ی كرد له‌و سنوره‌ی ئه‌وجاره‌ وتیان ئه‌وه‌ش دیسان پلانه‌ و خه‌ڵك تێكه‌ڵ ده‌كرێ و كاره‌سات به‌ ڕیوه‌یه‌ .  به‌هه‌رحاڵ شه‌ڕێكی زۆر خراپی سیاسی و ده‌روونیان له‌گه‌ڵ سڵێمانی و خه‌ڵكه‌كه‌ی كردوته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێ شوێن به‌ته‌واوی كه‌رتی ته‌ندروستیان فه‌رامۆش كردبو بینیمان له‌گه‌رمیان ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ش داخرا له‌به‌ر نه‌بونی كه‌ل و په‌ل و ئامێرو پێداویستی كه‌چی نه‌مابینی برێك پاره‌ش ته‌رخان بكه‌ن و زوو فریایان بكه‌ون و له‌ڕیگه‌ی تره‌وه‌ هاوكاری كران دواتر ، به‌ئاشكراش ده‌یانوسی ئیداره‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بێ ده‌سه‌ڵاتن چۆن ته‌قه‌ له‌و هه‌موو ده‌رویشه‌ ناكه‌ن كه‌ سنوریان به‌زاندوه‌ ؟ ئای ئای هه‌ر به‌ ئاشكرا هانی كۆمه‌ڵكوژی و تاونی مرۆڤكوژیان ده‌دا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وجاره‌ بڵین ئیتر سلێمانی بۆ ژیان ده‌ست نادات و زۆر به‌ندو باڵۆره‌ی تر. ئیستا ببورن جارێ واز له‌ میدیا سێبه‌رو قوڕمیشكراوه‌كان بینن كه‌ به‌ پاره‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌و میلله‌ته‌یان گه‌یانده‌ ئێره‌و سه‌دان ملیۆن دۆلار خه‌رج ده‌كه‌ن ته‌نها بۆ شه‌ڕی شارچێتی و سیاسی و ناشیرن كردنی یه‌كتر به‌ڵام خۆ شوكر به‌حساب هه‌ولێڕ زۆر توندو تۆڵ بوو خۆ شوكر بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ مێش ڕزگاری نه‌ده‌بو خۆ نه‌یانده‌هێشت هاوڵاتیانی سلێمانی و كۆیه‌و گه‌رمیان بێنه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ خۆ ده‌رویش و موریدانی ڕێگه‌شیان نه‌درا بچنه‌ سڵیمانی بۆ مه‌زاری شێخیان و خۆ لێره‌ پزیشكان و ته‌ندروستیش مانی نه‌گرت و خۆ لێره‌ خۆپیشاندانیش نه‌كراو هیچ گردبونه‌وه‌و كۆبونه‌وه‌ش نه‌كرا خۆ لێره‌ ڕێگه‌ش نه‌درا كه‌س به‌ قاجاغ بێته‌ ناو شار ،خۆ لێره‌ بازگه‌كان و ڕیكاره‌كان زۆر توندتر بوون له‌ چاو شاره‌كان خۆ لێره‌ ده‌یان گه‌ڕه‌ك وشارۆچكه‌ش كه‌ره‌نتینه‌ی گشتی كران ،خۆ لێره‌ زۆررر شتی تر ..! ئه‌ی باشه‌ بۆ ئیستا نایه‌ن به‌ شێنه‌یی پێمان بڵین بۆچی ڕه‌وشی ئه‌وشاره‌ گه‌یشته‌ ئه‌و قۆناغه‌و بۆچی وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن هه‌ولێڕتان گه‌یانده‌ لێواری مه‌ترسی و وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن ڕۆژانه‌ زیاتر 2000 هه‌زار توشبو تۆمار ده‌كرێ له‌و شاری هه‌ولێره‌ ؟ ئی باشه‌ بۆ لێمان ده‌شارنه‌وه‌ ؟ قابله‌ خۆناڵین هه‌مووی خه‌تای خه‌ڵكه‌ چونكه‌ تێكه‌ڵ ده‌بن ئه‌ی ئه‌وكات چ له‌و 5000 كه‌سه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پرسه‌ی شێخی كه‌سنه‌زانی تێكه‌ڵ بوون ماشاالله ش چ كاره‌سات ڕووی نه‌دا ئێ قابله‌ هه‌مووی خه‌تای خه‌ڵكه‌ پابه‌ند نه‌بوه‌ ؟ ئه‌وه‌ش هه‌ر خه‌تای خه‌ڵكه‌ چه‌ند كاتژمێرێك ئۆكسجین نامینێ ؟ ئه‌وه‌ش خه‌تای خه‌ڵكه‌ سودتان له‌كه‌رتی تایبه‌ت نه‌بینی و بۆتان نه‌هاتنه‌ ژێر ئه‌مرتان تا هاوكاربن له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ئه‌وه‌ ئیستا بۆ هه‌ر شه‌وێك داخل بون و چاودێری 1000 دۆلار وه‌رده‌گرن له‌خه‌ڵك ! ئه‌ی بۆ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئۆكسجین له‌ شه‌قام بفرۆشێ به‌ حسابی كاڵای بازرگانی وه‌ك ته‌ماته‌و كاڵه‌ك ، له‌كۆتاییدا یه‌ك شت ده‌ڵێم هه‌ركات كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ به‌نه‌فه‌سی سیاسی و حیزبی كراو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا چاوه‌ڕێ ی كاره‌سات بن و ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت به‌عینادی و ئینكاری به‌ڕیوه‌ ناچێ. خوایه‌ وڵات و میلله‌تمان بپرێزه‌... پرسیارمان زۆره‌ ته‌نها ده‌مانه‌وێ به‌ شێنه‌ییی وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌و بگه‌ینه‌ قه‌ناعه‌ت ئه‌وه‌ چیبو هات و ئه‌وه‌ چ ڕووده‌دات له‌پایته‌خت ؟   *  توێژه‌روچالاكوانی مافی مرۆڤ


زەبەنگ بەهادین  حکومەتی هەرێم یان باشتر بڵێین پارتی دیموکراتی کوردوستان هەلی رێکەوتنی لەگەڵ بەغداد کەمە ، کۆمەڵێک ئاستەنگ لەبەردەم هەرێمە کە لە بەرژەوەندی پارتی دیموکرات نییە ئەو رێکەوتنە واژوو بکات ، یەکەم گرێ بەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا ، دووەم نهێنیەکانی دەروازە سنوریەکان بە تایبەت دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ، سێهەم هەندێک لەو بیرە نەوتانەی کە لە ژێر دەستی کەسایەتییە سیاسیەکاندایە ، لە سەروی هەمو ئەمانەشەوە  دووری مەوداکانی نێوان پارتی دیموکرات و کازمی وە گرێکوێرەی بەرهەم سالح لە دەرونی پارتیدا  کە تا ئێستا ماوە . پارتی لە ئێستادا لە دۆخێکی دارای و حوکمرانی زۆر خراپدایە بەڵام باش دەزانێت خەڵک هیچی پێناکرێت و نایکات بۆیە پەلەی نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد ، کەواتە پارتی کەی ئامادە دەبێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد ؟ حکومەتی هەرێم چاوەرێی دروستبونی حکومەتی داهاتوی عێراق دەکات دەیەوێت رێککەوتنێک بکات دریژ خایان بێت ئەو رێککەوتنەش بە کازمی ناکرێت یان باشتر وایە بلێین کازمی خۆی لەکەدار ناکات بۆ رێککەوتنێکی دۆراوی کاتی کە پارتی دەیەوێت ، کەواتە دەبێت پارتئ دەستی دەستی بە کات و دانوستانەکان بکات تا هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق کە بریارە لە ٦-٦-٢٠٢١ دا بکرێت ، بەڵام ئایا لەو بەروارە هەڵبژاردن دەکرێت ؟ کاتێک کازمی ئەو بەروارەی دانا بۆ هەڵبژاردن تەنها دوور خستنەوەی تۆپی ململانێ سیاسەکان بوو لە یاریگای خۆیدا وە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ هێزە سیاسیەکانی عێراق دەنا هەڵبژاردن لەوە بەروارە نزیکە لە مەحاڵەوە . مەحاڵبونی هەڵبژاردن لەو بەروارەی کازمی دیایکرد دەگەرێتەوە بۆ چەند خاڵێک لەوانە نەبوونی یاسای هەڵبژاردن لەم کاتەدا کە گرنگترین فاکتەری هەڵبژاردنە وە تەواو بوونی ئەو یاسایە لە پەرلەمان لەو ماوە کەمە ئەستەمە ، خاڵیکی کە نەبوونی پارە بۆ بەرێوە بردنی هەڵبژاردن لەم دۆخە قورسە ئابوریەی عێراق تێیدایە ، کە رەنگە نزیکی یەک ملیار دۆلاری پێویست بێت ، هەروەها دادگای باڵاش یەکێکە لە کێشەکان کە ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکات بەهۆی نەبوونی نیسابی قانونی لە ئەندامەکانی وە  پر کردنەوەی ئەو نیسابە کارێکی ئاسان نییە بەم دۆخە پر ململانێ سیاسیەی عێراق ، ئەمانەو جگە لەوەی کە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق گونجاو نییە بۆ هەڵبژاردن لەم کاتەدا بۆیە  بەرێوەچونی هەڵبژاردن لەو بەروارە ئەستەمە ، رەنگە هەڵبژاردن لە عێراق بکەوێتە ساڵی ٢٠٢٢ ئەگەر بکریت ئەو کاتەش ، کەواتە حکومەتی هەرێم چاوەرێی چی دەکات ؟ حکومەتی هەرێم گرەو لەسەر لاواز  بوونی کازمی دەکات لە کاتێکدا کازمی شەری بەرەکانی شیعەی هەموی پێناکرێت بۆیە رەنگە لەگەڵ کورد نەرمی بنوێنێت تا هیچ نەبێت دەرگایەکی کەی ئاڵۆزی بو نەکرێتەوە ، ئەم گرەوەی پارتی وەک گرەوە لەسەر ئەسپی دۆراو ، چونکە دەبێت پارتی یا حکومەتی هەریم ئەوە بزانێت ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی کازمییە وە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵی کازمی بکەوێت بۆیە کازمی وا بە ئاسانی جڵەو شل ناکا بۆ پارتی ، کەواتە ئەم ماتەڵ کردنەی پارتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد تەنها زەرەرمەند خەڵکی هەرێمی کوردوستانە کە ئەوەش لای هێزە سیاسیەکان وە بە تایبەت پارت گرنگی نییە بۆیە دوا کەوتنی مووچەو کەمبونەوی مووچەکە شتێکی حەتمییەو ئەم دۆخە تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت کە رە نگە بچێتە دوای ٢٠٢٢ .


د. رەوشت رەشید   ماەوەیەكە لە سۆشیەل میدیا و هەندێك دەزگای راگەیاندن شەپۆڵێكی بەرفراوانی رەخنەگرتن لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر دەستی پێكردووە. رەخنەو كۆمێنتەكان دوو بەشن: بەشێكیان خەڵكانێكن كە گلەییان لەم بارودۆخە هەیە و بە حەپەسانەوە سەیری ئەم كەموكوڕیانە دەكەن و بەلایانەوە سەیرە كە چۆن دەبێت لە نەخۆشخانەیەك كەموكوڕی هەبێت!  بەشەكەی تریش ئەوانەن كە شلگێرانەو سەرسەختانە بەرگرییی لەم كەموكوڕیانە دەكەن و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت بیسەلمێنن كە نەخۆشخانەی رزگاری بێ كەموكوڕیەو ئەمەی دەوترێت دیعایەی ناحەزو ئاژاوەگێڕانەو بۆ لەكەداركردنی سومعەی پایتەخت و حكومەتە. سەرەتا دەمەوێت بڵێم بەڵێ نەخۆشخانەی رزگاری كەموكوڕیی هەیە و لە رابردو و لە ئێستاشدا هەرپزیشكێك یان كارمەندێك یانیش هەر هاوڵاتیەك سەردانی ئەم نەخۆشخانەیەی كردبێت دەزانێت نەخۆشخانەكە دونیایەك كەموكوڕی هەبووەو هەیە ، رەنگە لە سەردەمی كۆرۆنا كەموكوریەكان زیاتر هەستیان پێبكرابێت بەتایبەت كە كراوە بە یەكێك لە سەنتەرەكانی كۆرۆناو چاوی راگەیاندنی لەسەرەو نەخۆشخانەكەش لە بنچینەدا بۆ نەخۆشیە گواستراوەكان دروستنەكراوەو ستافەكەشی لەسەر ئەمە رانەهێنراون، ئەمە جگە لە قەیرانی ئابووریی و هەزارویەك كێشەیی تر.  بەڵام كاتێك ئەم رەخنەیە لە نەخۆشخانەی رزگاری دەگرین دەبێت ئەو پرسیارەش وەڵام بدەینەوە: ئایا كام نەخۆشخانەی حكومیی لە كوردستان كەموكوڕیی نیە و لە رزگاری باشترە؟  لە زاخۆوە تا هەڵەبجە كام نەخۆشخانەی حكومیی هەیە كێشەو كەموكوڕیی  نەبێت؟ لە كەمیی دەرمانەوە بگرە تا كەمیی كەلوپەلی پزیشكیی، لە كەمیی و نارێكیی هۆڵەكانی نەشتەرگەری بگرە تا خراپیی سیستەمی ساردی و گەرمیی، لە رەوانەكردن و وەرگرتنی نەخۆش بگرە تا خواردن و  پرۆتۆكۆلی چارەسەریی، لە نارێكیی توالێت و حەمام و دەستشۆرەكانەوە بگرە تا كۆنیی و بچوكیی نەخۆشخانەكان، لە قەرەباڵغیی و بێسەروبەریی راوێژكاریەكان بگرە تا دووریی و زەحمەتیی وەرگرتنیی نۆرەی پشكنین و نەشتەرگەریەكان، لە كۆنییی و لەكاركەوتنی ئامێرەكانی تیشك و سۆنارەوە بگرە تا خراپیی و هەڵەی ئەنجامی تاقیگەكان، لە ناڕێكیی پرسگەو ورێوشوێنی پێشوازی و سەردانیكردنی نەخۆش بگرە تا سەدان چیرۆكی هەڵكوتانە سەر نەخۆشخانەو سوكایەتیكردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی. ئەمانەو چەندین كەموكوڕیی تر چیرۆكی رۆژانەو دووبارەی زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشخانەو سەنتەرەكانی چارەسەریین لە كوردستان و تایبەت نین تەنها بە نەخۆشخانەی رزگاری و رەنگە نەخۆشخانەی رزگاری لە زۆر شوێنی تریش باشتر بێت.  ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كۆمەڵێك پزیشك و بەرپرسی تەندروستی دێن و دەیانەوێت رتوشیی ئەم ناشیرینیانە بكەن و دەكەونە پاساوهێنانەوەو داكۆكیكردن لەم سیستەمە سەقەت و نالەبارە كە بەهیچ جۆریك پزیشكان و كارمەندانیی تەندروستیی لێی بەرپرسیار نین و ئیشكردنی پزیشكان وكارمەندانی تەندروستی لەناو سیستەمێكی وەهادا وەك ئەوە وایە بە دەمانچەیەك بچیتە شەڕی داعشەوە.  بەرپرسانی تەندروستی لە كوردستان لەجیاتی ئەوەی خەریكی شاردنەوەی كەموكوڕیەكان و رتوشكردنی ناشیرینیەكانی سیستەمی تەندروستی بن، پێویستە بەبێ ترس و بێ شەرمكردن لە راگەیاندن و لە حكومەت ، راستیەكان بۆ رای گشتیی باس بكەن و پەنجە لەسەر برینەكان دابنێن و دان بەوە بنێن كە سیستەمی تەندروستی لە كوردستان پڕاوپڕیەتی لە كەموكوڕیی و ناتەبایی و ئەم سیستەمە پێویستی بە ریفۆرمێكی سەرتاسەریی و بنچینەیی هەیە.  سیستەمی تەندروستی لە كوردستان لە خانوویەكی كۆنی لە قوڕ دروستكراو دەچێت كە توانای بەرگەگرتنی باران و رەهێڵەی نەماوەو هەر رۆژەو كونێكیی تیا دروست دەبێت، ئەمرۆ ئەو كونە دەگرین بەیانی لە شوێنێكی تر كونێكی تری تیا دروست دەبێت، پینەو پەڕۆكردنی ئەم كونانە كارێكی بێهودەیە ودەبێت خانووەكە لە بناغەوە نۆژەن بكرێتەوە، ئەمەش بە خۆدەرخستن و موجامەلە وشاردنەوەی راسیتەكان ناكرێت، بەڵكو پێویستیی بە وەستاو خەڵكی زاناو نەترس و دڵسۆز وراستگۆ هەیە . دەبێت نەترسین و بێ موجامەلەو ماستاوكردن ئەوە بخەینە روو كە بەرپرس و هۆكاری ئەم فەوزایەی ناو سیستەمی تەندروستی و كەموكوریەكانی نەخۆشخانەكان، بەڕێوەبەر و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكان نین بەڵكو ئەو سیستەمی حوكمڕانیەیە كە لە ٢٩ ساڵی رابردوو كوردستانی بەرێوەبردووە، حوكمڕانیەك كە ئەوەندەی خەریكی قەڵەو كردن و بەهێزكردنی جەهل و كۆنەخوازیی و عەقڵیەتی عەشایری بووە نیو ئەوەندە لە خەمی بەهێزكردنی عیلم و مەعریفە و كۆڵەگەكانی دەوڵەتدارێتی و خزمەتگوزاریی نەبووە، ئەوەندەی خەریكی دروستكردنی دیوەخان و نفوزی حیزبی و سیاسیی بووە بە چارەكی ئەوە خەمی نەبووە ژێرخانێكیی پتەوی ئابووری و سیستەمێكی ئیداریی و خزمەتگەزاریی تۆكمە بونیاد بنێت. ئەو كەموكوڕیانەی ئەمرۆ لە نەخۆشخانەكان و لە تێكرای سیستەمی تەندروستیی لە ئارادان، رەگ وریشەیان لە دوێنێ وپێرێی واقیعێكی ئیداریی ناسەركەتوو دایە وبەرهەمی رۆژگارێكی دورودرێژی گەندەڵی و دانانی كەسیی نەشیاوە لە جومگە هەستیارەكانی بەرێوەبردن. ئەو كەموكەڕیانەی  ئەمڕۆ سیستەمی تەندروستیان توشی هەناسەسواریی و پەككەوتەیی كردووە زادەی كۆمەڵێك برینیی قوڵن كە لە جەستەی ئەم وڵاتە دروست بوون وكۆمەڵێك كەلێن و یۆشایی گەورەن و بە پاتە و پەڕۆ پینە ناكرێن.


سەهین موفتی لەوەتەی کازمی بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێڕاقی عەزیم، رۆژانە کاروکاسبی دەزگا مێدیا خۆماڵییەکان رووەو هەڵکشانە، بە شێوەیەک لە رۆژێکدا پێنج تا شەش هەواڵی بە پەلەو، دوو سێ دانە رێپۆرتاژیشی  لەبۆ دەهۆننەوەو شان و باڵی باڵا دەکەن. سەردەمی سەدامی دیکتاتۆر، هەمانشێوە لێ تەنها جیاوازی ئەوەبوو هێڵی ئینتەرنێت نەبوو، دەنا لەوەیە هەزارن زێڕەزێڕەی دیکەی پێدا هەڵگوترابا..! لە گۆڤارو رۆژنامەکوردییەکان و تەلەفزیۆنی کەرکووک/کوردی کاکە رەشیان لێ کردبووین بە گێڤارای ئەودەم.. هەربۆیێ، کاکە رەشیش بە دەیان فەوج و سریەی لەبۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە رانک و چۆغەو کورتەک و شەڕواڵ لەپێکانی ئەم نیشتیمانە کردبوویەوەو زۆر جاران لەسەر رێگاکانی نێوان شارەکان، هاووڵاتییەکی سادە سەری لێ دەشێوا لە نێوانی مەفرەزەکانی پێشمەرگەو جاشەکاندا. دیارە، لە چەند مانگی رابردوو هەوڵێک دراوە لەبۆ زیندوو کردنەوەی پۆشینی بەرگی جاشێتی لە چوارچێوەی کردنەوەی فەوج وسریەی سەردەم لە ژێر چاودێری و پاڵپشتی حکومەتی بەغداد، وا دەبیسترێت بەشێک لە سەرکردایەتی لایەنێکی سیاسی کوردستانی تێیدا بەشدار بێت، هەر لەم پێناوەدا چەند سەرۆک عەشیرەتێک و نەیارانی ئەم ئەزموونەی باشووری کوردستان دەگەڵ سەرکردە بەشداربووەکانی ئەم هەنگاوانە کۆبوونەتەوە. وەهای دەخوێنمەوە دەستپێک، لە رێی دەزگا مێدیاییەکان، وەک پێشتر نووسیم( شان و باڵ باڵاکردنی)، ئێستای حکومەتی بەغدادو قۆستنەوەی خراپی دۆخی ئابووری کوردستان بکەنە ئەجێندای سەرەتای هەنگاوەکانیان. تاوەک، کاردانەوەی هاونیشتیمانییان بزانن، ئاخۆ رۆحییەتی (بەڵێ)ی سەردەمی رێفراندۆمییان لە هەناوێدا ماوە، یا بە کردەیی  نەبوونی مووچەو خراپی گوزەرانی ئێستێ کەڵک وەرگرتنی ئەم هەلەی هەیە خەڵکی بکەنەوە بە جاش؟ جیلی ئێمەو پێشینانیشمان، پێموایە ئەم دوو ساڵەی دوای راپەڕینی ئازادی(1991-1992)،ناخۆشترین قۆناغی ژینی ئەم نیشتیمانە بووە، لەوێ دەمێ(پرێمز، لۆکس، مس، فافۆن، فانۆس)  بە ئێمە ئاشنابوون، پاشان شەڕی خۆکوژی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەمجار تا ئێرە دەگەڵی هاتووین...! ناڵێین، حکومەتی کوردی هاوشێوەی حکومەتەکانی سوێدو نەرویج لەخزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی خۆیدا بووە، لێ هەقە وەبیر هەموانی بهێنینەوە، یا هیچ نەبێت، جیلی نوێ بزانێت، جاشەکانی پێشوو دەستیان لە پڕۆسەکانی ئەنفالیشدا هەبوون و هەزاران رۆڵەی کوردو هاوزبانی خۆیانییان تا ژوورەکانی سێدارەی حیزبی بەعس بردووە...! بۆیێ حکومەتێکی خراپی کوردی هەزاران بارتەقای حکومەتێکی عڕوبەکانی بیابان و شۆفێنییەکان، باشترە چوونکێ ئەمان سرووشتیان وەهایە لە لاوازیدا قورئان بەدەستن، و لە بەهێزیشدا شمشێر وەشێنن.


محەمەد عەلی  بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا، سەرباری بوونی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی قوڵی دارایی، لە بۆشاییەوە نەھاتووە، بەڵكو سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) كۆمەڵێك ئامانج و مەبەستی تایبەتی ھەیە، یەكەمیان كوتلەیەكی پەرلەمانیی بەھێزی نییە بۆ ئەوەی بتوانێ پاڵپشتی بكات لە پەرلەمان، هەروەها باش دەزانێ بەم شێوەیە ناتوانێ بەردەوام بێت، بۆیە ھەڵبژاردن باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی داھاتوودا پێگەی خۆی بەھێز بكات، بەو ھۆكارەی وەك سەرۆكوەزیران دەتوانێ پۆستەكەی بەكار بھێنێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی پێویست بۆ بەردەوامبوونی لە دەسەڵات. كازمی، لە دیاریكردنی بەروارەكەش ئامانج و مەبەستی تایبەتی ھەیە، درێژیی ماوەكە بواری پێویستی بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ چاكسازیی پێویست بكات و سەرنجی شەقام بۆ خۆی رابكێشێ، لە لایەكی ترەوە جەدەلێكی گەرمی لە گۆڕەپانی سیاسی دروست كردووە و ھێزە سیاسییەكانی سەرقاڵ كردووە بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئارامتر ھەنگاو بنێ بە ئاراستەی ئامنجەكانی، ھاوكات مەبەستیەتی لە ڕێگەی دەرچوونی یاسای ھەڵبژاردن و دانانی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە، بتوانێت فشار لەسەر ھێزە سیاسییەكان دروست بكات و بەم شێوەیە بتوانێت ھاوپەیمانییەكی فراوان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.  ئامادەكارییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو گشتگیرن و، لەو چوارچێوەیەشدا داوایەكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئەمەش بواری بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی دوور بكەوێتەوە لە چاودێریكردنی پەرلەمان و گوشارەكانی سەری كەم بكاتەوە، بە تایبەتی ھێزە سیاسییە نەیارەكانی، ھاوكات دەستكراوەتری دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات لە گشت سێكتەرە جیاوازەكانی دەوڵەت، جگە لەوەش، دەتوانێ گۆڕانكاریی پێویست بكات لە لێپرسراوی یەكەمی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكان و دوور لە چاودێریی پەرلەمان و كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی داھاتوو دروست بكات. بەم بڕیارە، كازمی بەڵێنەكەی بەرامبەر خۆپیشاندەران  جێبەجێ كرد، كە ھەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر شەقام كردووە و، لە ھەمان كاتدا مەسجێك بوو بۆ خۆپیشاندەران، كە ئیدی دوای بوونی ئەم ھەموو ناڕەزاییە لە دەسەڵاتی ھێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران، كاتی گۆڕانكارییە و سندووقەكانی دەنگدانیش باشترین دەرفەتن بۆ  كۆتاییھێنان بەو ڕۆڵە نێگەتیڤەی كە ئێران لە عێراق دەیگێڕێ، بەپێیی ھەموو پێشبینییەكانیش، بە دڵنیاییەوە ھاوكێشە سیاسییەكان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گۆڕانكاری بە خۆیانەوە دەبینن، بە تایبەتی دوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) و پەرتەوازەبوونی نێوماڵی شیعە. سەرباری هەموو ئەوانەش، نەرمینواندنی كازمی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان، دەچێتە ھەمان چوارچێوەوە و دەكرێ وەك ئامادەكارییەك بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو ھەژمار بكرێت، بەو ھۆكارەی سەرۆكوەزیر دڵنیایە لە داھاتوو و ناتوانێ ببێتەوە سەرۆكوەزیر ئەگەر پاڵپشتیی كوردی نەبێ، ھاوكات دەكرێ وەك بەرتەسككردنەوەی مەودای ڕكابەرەكان سەیر بكرێت، چونكە ناتوانێ لە چەند بەرەیەكەوە ململانێ بكات، بۆیە لە ئەگەری ڕێككەوتن لە گەڵ ھەرێمی كوردستان، لەبری ڕكابەر، ھەولێر دەبێتە پاڵپشتێكی باوەڕپێكراو، ئەگەر سەیری ھەنگاوە شەرمنانەكانیشی بكەین لە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە و بودجە و مووچە، ڕوون دەبێتەوە كە لە ئێستاوە ھەموو حیسابەكان بۆ برانەوەی كازمین لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا.  


چیا عەباس کورد بە بەراوردکردن بە زۆربەی میللەتانی دنیا خەباتێکی دژوار و درێژخایان و خوێناوی بەرێکردوە و بەردەوامیشە، زیاتر لە ملیۆنێک قوربانی بەخشیوە و نیشتمانە داگیرکراوەکەشی بە جۆرەها چەک و شێواز وێرانە کراوە.  لە مێژوی دوا سەدەدا دامرکردنەوەی شۆرشەکانی بارزان، لەناوبردنی مەملەکەتەکەی شێخ محمود حەفید، شکستی کۆماری مەهاباد، شکستی شۆرشی ئەیلول و لە ناوبردنی سەرکردەکانی ئەو سەرهەڵدان و شۆرشانە بەپلانی زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستان رویان داوە. لە شکستی شۆرشی ئەیلولەوە کە روداوێکی گەورە و کەمەرشکێنەری دوا نیو سەدەی بزافی کوردایەتی بو تا کامپینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی کوردستان کە ماوەی پانزدە ساڵ نێوانیان بو بینیمان چۆن رۆڵەکانی میللەت و سەرکردە بەئەمەک و بوێرەکانی بەرەنگاری دوژمن بونەوە و چۆن مەزنترین راپەرینیان لە مێژوی سەرجەم بزافە نەتەوەیی و نێستمانیەکانی ناوچەکە بەرپاکرد.  راپەرینێک تەواوی رێرەوی بزافی کوردایەتی نەک تەنها لە باشور بەڵکو لە کوردستانی گەورە لە بنەرەتدا گۆری. کورد درندەترین و بەهێزترین و سەرسەختترین دوژمنی لە زێدی باو و باپیرانی دەرپەراند، ئیدارەی خۆماڵی دامەزراند و بۆ یەکەمجار لە مێژوی کورد دا هەڵبژاردنێکی بێ وێنە لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا. چیمان لێهات ؟  لێرە بەدواوە کوردایەتی و پرسە رەواکانی نەتەوە و نیشتمان رویان لە داکشانی بەرچاو کرد، لێرە بەدواوە چەمک وتێگەیشتنەکان بۆ هزری رەسەنی کوردایەتی سەرتاپا گۆران و ئاراستەکانی مێژوەکەی هەڵگێردرانەوە.  گەڵان راپەرینیان کردوە بۆ ئازادی و حوکمرانی یاسایی و دادپەروری و دیموکراسیەت، بۆ گۆرینی خەیمە و لادێ و عەشرەت و خیڵ بە کۆمەڵگای سەردەم، دەسکەوت و غەنیمە بە ئابوری بۆ نەتەوە و نیشتمان، ستەم و نادادی بە پێرەوکردنی یاسا و دادپەروەری، دواکەوتن و مەغدوری بە پێشکەوتن و گەشەکردن، هەژاری بە خۆشگوزەرانی و ...تاد. دەسەڵاتە سیاسیە ناکۆکەکانی کورد هەڵبژاردنیان کرد بە پاساو بۆ سرینەوەی یەکتر، غەنیمە بۆ شەری ناوخۆ، حوکمرانی و دیموکراسیەت بۆ قۆرغکاری و تاکرەوی، سەروەت و سامان بۆ گەندەڵکاری و غەنیمەی تایبەت، یاسا بۆ دەمامک کردنی پێشێلکاری و تاوان، نیشتمان بە دیاری بۆ داگیرکەر و نەتەوە بە ئەسیری خواست و حەزەکانیان. چیمان هەیە ؟ فەوزایەکی سیاسی و حوکمرانی و یاسایی، عەشرەت و بنەماڵەی بەهێز، نادادی، هەژاری و کەمدەرامەتی، کۆیلایەتی ، گروپە مافیا ئاساکان، بێ ئومێدیەکی کوشندە، یاسا و رێسا تایبەت و بژاردەکراوەکان، پەرڵەمانێکی پاشکۆی بێ ئیرادە و بێدەنگی و بێئومیدیەکی مەترسیدار. چی دەکرێت ؟ زۆربەی نوخبەی سیاسی هێزەکان دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە تا پشکێکی کێکەکە لە دەست نەدەن، کەمیش نین ئەوانەی مامە حەمەیی بۆ دەسەڵات دەکەن و ژێر بە ژێریش گیرفان و دەمیان چەور دەکرێن. خودی دەسەڵات و هێزەکانی حوکمرانی بە راست وچەپدا لێدوان دەدەن، پلان و پرۆژە یاسا ساز دەکەن، کۆبونەوەی بێتام و سواو رێک دەخەن، ئیجرائاتی هەرەمەکی و بریاری سەرپێیانە دەدەن، لە گشت سوچ و قوژبنێکی گەندەڵی و دزیکردندا گچکە دز و گەندەڵچیەک دەکەنە قوربانی بۆ دزە زلەکان و بەغدایان کردۆتە رێگای کانی و بەغداش دەست بەسەر شانیاندا دەنێ. نوخبەیەکی بەرچاوی بەناو نوێنەرانی کورد لە هەوڵیر و بەغدا ( ئەوانە نەک نوێنەری حزبەکانیشیان نین بەڵکو نوێنەری ئەم جەمسەر و ئەو بەرپرس و سەرکردەن) زۆر بە پەرۆشیەکی فابرەکەکراو خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە یاسا و رێسا و لێکدانەوەی مادە و برگەکانی دەستور و یاساکان وەک ئەوەی ئەم وڵاتە کانگا و بەهەشتی یاسا و دەستور بێت، ئومێدی ساختە دەوروژێنن، ئەمانە جۆرێکن لە بازرگانی سیاسی پلە سێ و چوار . بەشێکی کەم لە نوێنەرەکان نوتقی باشیان هەیە، تێرامانیان واقعیە بەڵام کرداریان نابینرێت چونکە حزبەکانیان قاچێکی لای دەسەڵاتە و ئەوی تریشیان بە دارشەق بە ناو خەڵکدا دێت و دەروات.  نوخبەی رۆشنبیر و نوسەر و میدیاکاری نارازی زۆر بەجدی و پەرۆشیەوە دەمامکەکانی روخساری دەسەڵات و پاشکۆکانیان رادەماڵن، زۆربەیان هەمان قەوان دەچرنەوە کە هاوڵاتی دەیان هەزار جار گوێبیست و خوێنەری بون. چی بکرێت؟ ئەم دۆخە کەڵەکەبونێکی مەترسیداری بێ ئومێدی لای خەڵک دروستکردوە، ناهەقی نیە سەیری ئایندە بە دوبارەبونەوەی رابردو بکرێت. زیادە بۆ ئەمەش نارازی و یاخیبوەکان دیدگا و هەڵسەنگاندنی جیا و تایبەت بەخۆیان هەیە، گەر جۆرێک لێکتێگەیشتنیش هەبێت تا ئەم چرکەیە نەبۆتە زەمینە بۆ کاری هاوبەشیان، هاوکات غیابی  سەرکردەیەکی بەتوانا و باوەرپێکراو و کۆکەرەوە بێ ئومێدی خەستتر کردوە و سەبری چاوەروانیشی هەراسان کردوە. شا رێگا بۆ سەرەتای کارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ نیشتمان لێکنزیکبونەوەی نارازی و یاخیبوەکانە، لێکتێگەیشتنی نێوانیانە، کۆکبونە لە سەر کارنامەیەک کە خاڵەکانی لێکچونیان کۆبکاتەوە، روخسارە جوان و بێ گەرد و باوەرپێکراوەکان ببنە واجهەی ئەم رەوتە نیشتمانیە، کار و چالاکی سیڤیلە کە ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای ئەرک و مافەکانی هاوڵاتی ببێتە بناغە و کەرەستەکەی تا هاوڵاتی چەکی بێ فیشەکی گۆرانکاری بێت. ئەمجۆرە لە کارکردن لە هەمو سوچ و قوژبنێکی کوردستان دەست پێبکات، بەپەرۆشی دڵسۆزیەوە بەرێوەبچێت، کۆر و سێمینار وبانگەشەی بۆ بکرێت، بوڵیتینی دەوری دەربکرێت، هێزەکانی عێراق و وڵاتانی تری لە ئامانج و شێوازەکانی  ئاگادار بکرێنەوە، ئەم رەوتە خۆشی بۆ سەرجەم هەڵبژاردنەکان ئامادە بکات. ئەوسات بێگومان دەبینین هێدی هێدی ئایندە وەک دوبارەبونەوەی رابوردو نابینرێت بەڵکو ئاسۆیەکی نوێ کە خەڵک پەرۆش و خەمخۆری دەبن بۆ گەیشتن پێی.   


مەلا فرمان •    بەعسیەکان لە ١٩٦٨ بەرنامەی سێ کوجکەی بەعسیان داڕشت ( تەبعیس، تەرحیل  و تەعریب)، تا ٢٠٠٣ ئەم بەرنامەیەیان دژ بە پێکهاتەی کورد، لە هەمو ئەو ناوچانەی ئێستا پێی دگوترێت ناوچەی کێشە لەسەر جی بەجێکرد.  •    لە ٢٠٠٣ دوای روخانی بەعس و نوسینەوەی دەستوری عێراق، عەرەبەکانی تەعریب و هاوردەکان گەڕێندرانەوە ناوچەکانی کۆنی خۆیان. هەر خانەوادەی ٢٠ بیست ملیۆن دیناری وەرگرت. •    دانیشتوانە راگوێزراوەکە لەلایەن بەعسەوە بەشی زۆری گەڕایەوە سەر زەوی و زاری خۆی. بەڵام گەڕانەوەیەک بۆنی ئەوەی لێناهات کە یەکجارەکی بێت. بنەیەک لە هەرێم و بنەیەک لە کەرکوک. هۆکارەکەشی کورتبینی سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتی بو. •    لە روی دەستوری و یاساییەوە سەرانی ئەو دو حیزبە هەوڵی جدیان نەداوە بۆ بنبرکردنی کێشەکە، کە خۆی لە بەتاڵکردنەوەی بریارەکانی بەعس و گرێبەستە زراعیەکان دەبینیەوە. لە کاتێکدا ئەو دو حیزبە  پۆستی گرنگ و بڕیاردەریان لە بەغدا بەدەستەوە بوە، هاوپەیمانان پشتیونیان بونە.  •    لە دوای ١٦/١٠/٢٠١٧  وە ئەم کێشەیە وەک دومەڵ هەر رۆژەی لە شوێنێکی کەرکوک و لەشی جوتیاری ناوچەیەک هەڵدەتۆقێ: بە نمونە: 1-    گوندی پەڵکانە/ ناحیەی سەرگەڕان/ قەزای دوبز. 2-    گەڕانەوەی عەرەبەکانی هاوردە بۆ ناوچەی دوبز، بە پشتیوانی هێزی ئەمنی عێراق توانیان گوندەکانی، عیزە، زەهرا و البودێر لەو ناوچەیە دروست بکەن. فشاری زۆریان بۆ جوتیارە کوردەکان هیناو زەویەکانیان داگیرکرد. هەر لەو گوندانە چەند هاوڵاتیەکی کورد لە نیوە شەودا شەهید کران. 3-    ناوچەکانی داقوق و تۆپزاوە بە بەردەوامی فشاریا لەسەرە. 4-    لە ١٩١٩ کۆمەڵێ عەرەبی هاوردە  بە پستیوانی هێزە ئەمنیەکان فشاریان هێنا بۆ جوتیارانی ناوچەی ساڵەیی لە ناحیەی پردێ. •    ئەوەی گرنگە عەرەبی هاوردەیە فشار دێنێت و روداو دروست دەکات، کورد بە پێچەوانەوە دانیشتوە و چاوەڕوانە بەیانی چی رودەدات. •    روداوەکان و پەرلەمانتاری کورد لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی کەرکوک و هێزە ئەمنیەکان لە پشتی ئەم روداوانەن و ئەوانن ئەی جوڵێنن. لێرەوە دەردەکەوێ کە چارەسەر لە کەرکوک نیە، لای خەڵک و جوتیارانی کورد نیە. لە فەیسبوک و خۆدەرخستنی میدیایی نیە. •    هەنگاوەکانی ئیدارەی کەرکوک دەچنە خانەی: 1-    نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان. 2-    درێژەدانە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی بەعس. •    چارەسەر: لە بەغدایە، بە گرتنەبری: 1-    رێگەی دادگای فیدرالی 2-    فشارخستنە سەر حکومەت 3-    شکاتکردن و لیپرسینەوە لە ئیدارەی کەرکوک. 4-    هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گرێبەستە کستوکاڵیەکانی سەردەمی بەعس، بریارەکانی بەعس لەم بارەوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ. •    ئەرکی کێیە؟ 1-    سەرۆک کۆمار 2-    پەرلەمان و پەرلەمانتارن 3-    حکومەتی عێراق. 4-    پێکهاتەی کوردیش لەو ناوچنە پێویستە هاوشێوەی دانیستوانی گوندی حەفت تەغار و دەوروبەری فشاری مەیدانی بەردەوام دروست بکەن. هەوڵی بەدەستهێنانی سۆزی عەرەبە غەیرە هاوردەکان و تورکمان بدەن. دوا قسە، تا ئێستا ئەم کێشانە لەبری ئەوەی چارەسەر بکرێن، دوادەخرێن و کەڵەکە دەکرێن. زەرەرمەندی یەکەمیش جوتیارانی کوردن.  مەلا فرمان، کەرکوک


عەزیز ڕەئووف دڵم لە هەولێرە، ئەو شارەی کۆڵانەکانی دنیایەک و کۆشکەکانی دنیایەکی ترە. دڵم لە هەولێرە، هەولێری بیری ڕوونی عەبدولخالق مەعروف، هەولێری دەنگ و دەفەکەی جەلال سەعید: (ساقی لەبادەی دەستت درەنگە، بادە دەرمانە بۆ دڵمەی تەنگە). بیرت دەکەم هەولێرە ماست، بیری ژوورەکەی سەردەشت عوسمان و چایەکی دەستی دایە سێوێ، بیری دڵخۆشی ماڵەکەی هێمن مامەند، بیری قەراتێ دەکەم، موروی شینی سەر دەرگای کۆن، چایەکی تاڵی چایخانەی مەچکۆ، دوکانی کۆن، فەرشی هەڵواسراو. دەنگی باڵی فڕینی کۆترە شینکەی سەر منارەی چۆڵی. عەجولیەکانی فەرهاد پیرباڵ، عودە سەرزلەکەی وریا ئەحمەد. بە سەعدون یونس بڵێن: بیری دەکەم کێ شارم نیشان دەدا، کێ هەولێرم نیشاندەدا؟ تۆ سەیرم کە هەولێر، چەند دڵڕەقم، دوعا دەکەم کۆرۆنای دنیا بدا لە ژوورەکانی پارلەمانت، ڤایرۆسی دنیا بدا لە کۆشکی مافیاکانت، زەردە زیڕە بدا بە سەر لوتی بەرپرسانت، بەس تۆ نا هەولێر، هەولێرەکەی زیاد ئەسعەد: بێ و فریامکەوە، شکستەباڵم ، هێز بخە دڵم زۆر پەشیوحاڵم  


 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  هه‌ندێ‌ دیارده‌ی سوكایه‌تی به‌ كورد له‌ "ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان "  ده‌بینرێت ،  ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ جۆرێك له‌ ناهه‌قی تیایه‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵكه‌ دێرینه‌كه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ،ئه‌و دیاردانه‌ چین ، بۆ نمونه‌ ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی رۆژانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌كرێت له‌ خاڵه‌كانی پشكنین ، هه‌ندێك له‌ خاڵه‌كانی پشكنین له‌ بنچینه‌دا زیاده‌ن و نابێت هه‌بن ، هه‌وڵی ده‌ستبه‌ سه‌ردا گرتنی دوكانی دوكانداره‌كانی  بازاڕی گه‌وره‌و دێرینی كه‌ركوك ك به‌م دوایه‌ نۆژه‌ن كرایه‌وه‌ ، به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌ دیار ژنه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌له‌ پچه‌ كرابوو ، كێشه‌ دروستكردن بۆ جوتیاره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ ، ئه‌مانه‌ نمونه‌ی كه‌من له‌و هه‌موو نمونانه‌ی رۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت من سه‌دان وتاری ره‌خنه‌و توندم له‌ سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی كورد" پارتی و یه‌كێتی " له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌و هه‌میشه‌ ره‌خنه‌م لێگرتون ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی ئه‌وانی تریش نه‌گرین ، به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان بۆ توركمان ئاسای بێت لیوای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت و فه‌وجه‌كانی به‌ سه‌ر شارو شارۆكه‌كانه‌ دابه‌شبن ، به‌ڵام بۆ پێشمه‌رگه‌ ئاسای نه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ !!. ئه‌و جۆره‌ له‌ مامه‌ڵه‌و ئه‌و دوو فاقیه‌ له‌ روانین له‌ پێكهاته‌كان جگه‌ له‌ رق و دڕدۆنگی هیچی تری لێسه‌وز نابێت ، به‌ره‌ی توركمانی كه‌ به‌رده‌وام وه‌ك دوژمن سه‌یری كورد ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌ ، ئه‌مه‌ دژی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردنه‌ ، ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت كه‌ كورد هه‌رگیز به‌و چاوی رقه‌وه‌ سه‌یری توركمانی نه‌كردووه‌ ، پشتگیری حكومه‌تی عیراقی  له‌ سیاسه‌ته‌چه‌وته‌كانی به‌ره‌و دژایه‌تی كردنی بۆ كورد جگه‌ له‌ دوو به‌ره‌كی هیچی تری لێسه‌وز نابێت . رێگری كردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ، زه‌مینه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و توندو تیژی خۆش ده‌كات ، بۆیه‌ ئه‌و رێگری كردنه‌ به‌رله‌ هه‌ر شت خزمه‌تكردنه‌ به‌ داعش و گروپه‌ توند ڕه‌وه‌كان ،له‌ كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ به‌ خوێنی خۆی هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و شارو ناوچانه‌ی پاراست . ئێستا له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان هه‌زاران مامۆستا ، فه‌رمانبه‌ر ، پۆلیس و ئاسایش ، موچه‌یان له‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌و حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێناداته‌وه‌ ، له‌ كاتێكا له‌ ڕووی ئاكاری و به‌ پێی ده‌ستورو یاساش فه‌رمانبه‌رو مامۆستاو موچه‌ خۆری "ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان "  مافه‌كانی له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌ . مسته‌فاكازمی به‌رپرسیاره‌ له‌ قوت و ژیانی هه‌موو عیراقیه‌كان ، به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی  ژیانیێكی شایسته‌ بۆ هاونیشتمانیه‌كانی دابین بكات و له‌ نێوان شیعه‌و سونه‌ ، كوردو عه‌ره‌ب و توركمان جیاوازی نه‌كات ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت سته‌م و نادادیه‌ له‌ ژێر پاڵتۆكه‌ی ئه‌ودا .


  سامان وەستا بەکر                                فەرامۆش کردنی کۆمەڵایەتی دەرەنجامی خەتەرناکی لێئەکەوێتەوە و لادانی کۆمەڵگە لە بەها جوان و گرنگ و پیرۆزەکان بەدوای خۆیا ئەهێنێ، بەجۆرێک لە ئێستایا قەزییەی کورد و کورستان پێ بەپێ و ووردە ووردە ناوەرۆکە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوویەکەی خۆی و پاڵپشتی پێویستی چینە جیئاوازەکانی کۆمەڵەگەی لەدەستداوە. پێویست بوو ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، وەک ڕاپەڕینی گەلێکی ژێردەستەکراو لە هەموو هەل و مەرجێکا بەپیی توانا بۆ بەدیهێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی چینە جیاوازەکان و ئاواتەکانی تێبکۆشایە. لەدوای راپەڕینەوە ئەبوو ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی قوڵ و جدی لە ڕەگو و ڕێشەوە لە کوردستان دەستپێبکات و بکرێ، بەڵام نەک هەر نەکرا بەڵکو کۆمەڵگە دابەش و داتەپیو کرا. پەروەردە: سەبارەت بە بەرنامەی پەروەردە و فێرکردنیش وەک پێویست هەنگاو نەنرا ، ئاخر کردنەوەی زانکۆی زۆر هیچ سودێک بە پەروەردەی کۆمەڵگە ناگەیەنێ ئەگەر لە باخچەو خوێندنگا سەرەتاییەکانەوە دەست بە چاکسازی پەروەردەی دروست و زانستی نەکرێت. هێنانی زمانی بێگانە بەتایبەتی گرنگیدان بە زمانی ئنگلیزی وەک زمانێکی ستاندەری جیهانی کارێکی باشە بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە فێرخواز بە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی دروست و زمانی دایک ڕەوانی و زارەوەکانی گۆش بکرێ و ئاشان بێت بە کلتور و نەریتە جیاوازو چوونەیەکەکانی خودی کۆمەڵگەکەی خۆی. هیچ گرنگی بە دروست کردنی زمانێکی ستاندەری کوردی نەدرا کە لە هەموو پێویستییەکانیتر بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد پێویستە چونکوم زمانی هاوبەش بۆ ئاخاوتن و نوسین هۆکارێکی گرنگە ڕەوانەوەی زۆربەی بەربەستەکانی لێکتێگەشتن بە بەربرستی ڕامیاریشەوە. زانینی زمانی دوژنەکەت گرنگە، بەلام بەمەرجێک نەبێتە جیگرەوەی زمانی خۆت یان ووشەکانیان ببنە ڕەوانی سادە و ساکار کە جێ بە ووشە کوردییەکان لێژکەن تا ئەو ئاستەی ووشە خانەخوێکان نامۆ و ناحەز دەرکەون. کاری زانکۆ لێکۆڵینەوە و داهێنان و چارەسەرە، ئێ خۆ ئەگەر ئەمەی نەکرد ئەو زانکۆ نیە بەڵکو دەزگایە بۆ بەرهەمهێنانی بڕوانامە "شهادە". کەواتە زۆری زانکۆکان هیچ سودکی ئەوتۆی بە کۆمەڵگە نەگایانووە، ناش شاردێتەوە بەشێكی زۆری بەڵگەنامە و بڕوانامەی بەتایبەتی بەپرسە کورد و عێراقییەکان لە زانکۆکانی دەرەوە بە پارە کڕاون و کە خودی زانکۆکەو کەسایەتییەکەش هیچ سودێکی بە کۆمەڵگە نەگەیانووە جگە لە بارگرانی، ئێ ئەگەر زانکۆ ناوخۆییەکانیش لێکۆڵینەوەو داهێنان و چارەسەر پێشکەش نەکەن هەر هەمان بارگرانین بەسەر شانی کۆمەڵگەو ئابورییە داڕووخاوەکەیەوە. پەروەردەی کۆمەڵایەتی: گرنگییان بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان پێویستییەک وئاڵانگارییەکی حەتمی بوو ئەبوو گرنگی پێ بیرایە، چونکوم خەڵکی چەندین ساڵ بوو لەژیر دەستی بێگانەیا پەروەردە ئەکرا. پەروەردەیەکی ئیسلامی و عەرەبی شۆڤینی و گرنگیدەر بە میژوویەک کە دوورە نزیک پیویست نەبوو بۆ تاکی کورد، پەروەردەیەک تا ئاستی لەبیربردنەوە و سڕینەوەی میژوو، کەلتور، داب ونەریت، زمان، جوگرافیا و لایەنەکانی تریش کاری لەسەر تاکی کورد ئەکرد. مناڵی کورد لەسەر ناسینی سەرکردە مێژووی و بەناو شۆڕشگێری عەرەب و کەسایەتییە ناسراوەکانیان و پیاوانی ئاینی و فەرماندە سەبازی و نوسەر و شاعیرانی عەرەب پەروەردە ئەکران. مێژووی ئیسلام بەهەڵە بۆ کورد ئەگێرایەوە و تا ئاستێک ئەوانەی کە زۆرترین کوشتار و خۆێن ڕیژیان بەرامبەر کورد کردبوو ئەکران بە قارەمان و ڕزگارکەر بە هیچ جۆرێک باس لە ئازار و تاڵاوە نەئەکرا کە دەرخواردی کوردیان درابوو، بە هیچ جۆرێک باس لەوە نەئەکرا کە کورد لەپێناو ناسنامەی نەتەوایەتی و کەسایەتی کوردی و ئاینزای تایبەت بەخۆیا جەنگاوە نەک نەتەوەیەکی خەڵکێکی مولحید و کافر وەک ئەوەی تا ئێستاش دیندارانی ئیسلام لە ناویشیانا بەشێکی زۆری موسڵمانی کوردیش باسەکرێ. نەخوێنەواری: پێشتر کێشەی کۆمەڵگە نەخوێندەواری بوو کە ئێستا تا ئاستێک کەمی کردووە، بەڵام ئەبێ بپرسرێ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان نەخوێندەواری ئەو کات و خوێندەواری ئێستایا؟ هەمووان ئەازنن کێشەی نەخوێندەواری چیە، بەکورتی نەخوێندەوار زانست و زانیاری وەک پویست پێناگاو هەندێ جار ئاستی بیرکردنەوەی نزم ئەبێت. بەڵام خۆ زۆری و بۆریش هەروەک کەمەکە وایە، ئێستا مخۆرکەی زانیاری زۆرو بۆری هەڵە مێشکی کۆمەڵگەی هەڵکۆڵیوەو ڕۆژانە چەندین زانیاری نادروست و هەڵە دەرخواردی مێشکی خەڵکی خوێنەوار ئەدرێ، ئێ خۆ نەزانینی ئەو زانیاریانە لە زانینی باشترە. پرۆژە: پرۆژەیەک کە تێچووەکەی لە تێچووی ستاندەری جیهانی چەندین جار گرانتر بێت و کوالیتی چەندین جار لە ستاندەری جیهانی خراپتربێت نەبوونی لە بوونی باشترە، ئاخر بڕی پارەی دیاریکراو بۆ هەر پرۆژەیەک سەرسوڕهێنەوە بەرامبەر ستاندەری جیهانی و لەوەش سەمەرەتر بۆ هەر پرۆژەیەک دووجار یان زیاتر بودجەی بۆدابین ئەکرێ و دیارنامێنێ و کاتێکیش جێبەجێئەکرێ لەپاش ماوەیەکی زۆرکەم نۆژەن ئەکرێتەوە و ئەشکرێ بە منەت و بە خەڵکی ئەفرۆشرێتەوە وەک شەقامی ١٠٠ مەتری سلێماینی بە نمونە. ئەو پرۆژانە بوونەتە هۆکارێک بۆ دزی کردن و دیزە بەدرخوونە کردنی پارەیەکی زۆر، بۆیە واباشترە کە ئەو پرۆژانە هەر نەبن و لەبری ئەوەی کە چەندین جار بودجەیان بۆ دیاری کرێ و دیارنەمێنێ و بچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارە بێ ویژدان و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە، بۆیە باشترە پارەکەی بدرێ بە مووچە و خەڵک لەو نەهامەتییە ڕزگارکرێ کە بۆی دروستکراوە. تەندروستی: لایەنی تەندروستی بۆ بازرگانی نیە. پێشتر لەهەر شارێک چەند نەخۆشخانەیەکی کەم هەبوون و بەشی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و چارەسەرو دەرمان دابینکردنیشیان ئەکرد، ئێستا تەندروستی مرۆڤ بووە بە باشترین کاڵا بۆ دەسەڵاتدارەکان کە هەر خودی خۆشیان بازرگانە چاوچنۆکەکانن، ئێ خۆ نەخورادن و بەکارنەهێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیانبەخش باشترە لە بەکار‌هێنانی چونکوم لایەنی کەم ئەزانی کێشەکەو چییە نەک بۆ ڕیش بچێت و سمێڵیش بنێیتە بانی. کاریگەرترین چارەسەر بۆ کەسی نەخۆش لایەنی دەروونیە، مەخابن کەسی نەخۆش نەک هەر چارەسەری تەندروست و گونجاو دەرمانی کوالیتی بەرز و دروست وەرناگرێ بەڵکو لەبەر ئەوەی کە متمانەی بە چارەسەرساز نیە و دڵنیایە ئەم ئەبێ بە کاڵا ئەویش بە بازرگانێکی چاوچنۆک ئیتر دەروونی بەتەواوەتی ئەشێوێ و هیچ سودێکی ئەوتۆ وەرناگرێ. کەسی بیمارو نەخۆش ئەبێ جارێ بیری لای گیرفانیبێ ئەگەر بەشی گیرفانی دڕاوی بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەت و پزیشکە بازرگان و دەرمانخانە تایبەتەکانی خۆیانی تیایە یان نا بەو جۆرەش لایەنی دەروونی هێندە ماندوو ئەبێ کە کاردانەوەیەکی ئەتۆی بەرامبەر ئەو چارەسەرە نەبێ کە بۆی ئەکرێ. موڵکداری: ئەبوو گرنگی بە موڵکیداری زەوی زاری کشتوکاڵی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی لادێکان بداریە بەڵام نەک هەر نەکرا بەڵکو بەشی هەرە زۆری زەوی و زاری لادێ و شاریش کرا بە موڵک و باخی بەرپرس و دەستڕۆشتووەکان بۆ ڕازی کردنیان و لادێ نشینانیش بەناچاری ملی ڕێیان بەرەو شارو تاراوگە گرتە بەر، دەرەبەگەکانی دوای ڕاپەڕین بوونە سنگ و کولە و نەک هەر لە بەرووبوومی جوتیارانیاندا بەڵکو شارو لادێشیان کرد بە بیابانی تەخت بۆ ئارەزووە تایبەت و نەخۆشەکانی خۆیان. جیاوازی چینایەتی: ئەو جیاوزازییەی کەوتۆتە نێوان چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و سەرۆک و سەرۆکەکانەو وەک دووری ئاسمان و زەویە، نمونەی ماڵی سەرۆکی هەرێم  کە کەم وێنەیە لە داگیرکاری موڵکی گشتییا، ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لە سلێمانی کە گردێکی بەرفراوان و بەرینی لە موڵکی گشتی داگیکردووە، ماڵی سەرۆکی پارتی و چەندین نمونەی تر تەنها بە جیاوازی پارێزگاری سلێمانی کە ژیانێکی سادە و تێکەڵ بە خەڵک بەڕیئەکات و تا ئێستا خۆی لە چینی پرۆلیتاریا و مامناوەند جیانەکردۆتەوانێ. جیاوازییەکی چینایەتی زۆر لە نێوان بەرپرسە باڵاکان و چینی مام ناوەند و پرۆلیتاریا بەجۆرێکە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە خەڵکی لە ژەمی خۆاردن ئەگرنەوە تا پێداویستییەکانیتری ژیان دابین بکەن بەڵام بەرپرسەکان بۆ بەسەربردنی چەند ساتێکی خۆش هەزاران دۆلار لە موڵکی گشتی ئەیەن بەبایا.   ئەو هۆکارانەی کە لە وتارەکانی پێشووا باسکران تا ئێستا بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ بڕوای بە کوردایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش نەمێنێ و ئامادەنەبێ جارێکیتر لە پێناوییا قوربانی بات، تەنانەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستاشا کە قوت و مووچەی لێ زەوت کراوە و کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی لەبەردەستانیە لەترسی ئەوەی کە نەک ئەمانە بڕۆن و لەمان خراپتر دەسەڵات وەرگرن، ئاخر لە ١٩٩١کدا دیکتاتۆرێکیان ڕاونا بەڵام چەندین دزو دیکتاتۆر هاتنە شوێنی. ئێستا دوور لە ئایدۆلۆژیا لە ڕووی سیاسی و جەماوەریشەوە تاکی کوردی هێندە ماندووە تەنانەت متمانەی بە توانا خۆییەکانی خود نەماوە، بۆیە گرنگە کار لەسەر بنیاتنانەوەی خود بکرێ و خەمی ڕۆشنبیر باری کۆمەڵایەتی خەڵک بێت نەک خۆ ناساندن.  


د. ئارام رەفعەت  رۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەک رۆژی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێڕاقی راگەیاند.  بەڵام ئەو دوو مانگ زیاترە لەکوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە و لەرێگای بەهەدەر دانی سەدان هەزار دۆلار لەسامانی گشتی و لەرێگای تۆڕێکی کرێگرتە کار لەسەر گەوجاندی تاکی کورد دەکات. کازمی دەیان چالاکوانی سۆشیال میدیای کوردی لە چەند دەرزەنێک پەیج و ئەکاونتی سپانسۆرکراو و لەچەند سەرنەتەرێکی گوماناوی عێڕاقی و خەلیجیدا بۆ پروپاگەندە کردن بەکرێ گرتووە. لەم پرۆسەی گەوجاندنەدا مەترسیدارەدا پیاوەکانی کازمی لەکوردستان سەدان هەواڵی ساختەو چەواشەکەر و ناراستییان بڵاوکردۆتەوە. لەم بابەتەدا، تیشک دەخەمە سەر هەندێک لەو گەوجاندنانە. گەوجاندنی یەکەم: کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانی عێڕاقە تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانە و کار لەسەر داواکارییەکانی ئەوان دەکات و رزامەندی خۆپیشاندەرانی بەدەست هێناوە.  بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە. کۆمیتەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی تشرین، کە رابەرایەتی خۆپیشاندەرانی سەرجەم شارەکانی عێڕاقی عەرەبی دەکات، لە رۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٠دا بەیاننامەی ژمارە ٢٣١ی بڵاوکردەوە. بەیاننامەکە یەک رۆژ دوای کاندیدکردنی کازمی بۆ پۆستی سەرەک وەزیران بڵاکراوەتەوە و تێیدا رایانگەیاندراوە کە کازمی "کاندیدی حیزبە گەندەڵەکان و میلیشییاکانی سەر بە ئێرانە". بەکورتی، کازمی دوور و نزیک نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرە عێراقیەکان ناکات.  گەوجاندنی دووەم: کازمی جیاوازە لەگەڵ حیزبە شیعییەکانی تر  تۆڕە کرێگرتەکانی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە کازمی سەر بە حیزبە شیعییە حاکمەکانی عێڕاق نییە و لەوان جیاوازە. بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە. وەک کۆمیتەی شۆڕشی ترشرین لەبیاننامەکەدا نوسیویانە، کازمی سەر بە حیزب و میلیشیا فاسیدەکانی شیعەیە. چۆن؟ ئەو کاندیدی عەبادی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێڕاق، ئێستاش نوێنەرایەتی هاوپەیمانی ئەلنەسر، بەتایبەتیش نوێنەرایەتی باڵی حەیدەر عەبادی دەکات وە پشتیوانی باڵی ئەلسائیرونی موقتەداشی هەیە. ناو ماڵی شیعیش وەک ناوماڵی کوردی دابەش بووە بەسەر چەند هاوپەیمانییەتیەکی دژ بەیەک و ناکۆک. هاوپەیمانی ئەلسائیرون، ئەلفەتح و ئەلنەسر و دەڵەتی قانوون چوار پێکهاتەی سەرەکی ناو ماڵی شیعین و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی تێوەگلاون و هەمووشیان گروپی میلیشیای حەشدی تایبەت بەخۆیان هەیە.  کازمی چ پەیوەندییەکی بەحەیدەر عەبادی و حیزبە فاسیدە شیعییەکانی ترەوە هەیە و چۆن لەرێگەی ئەو پەیوەندییانەوە گەییشتە پلەی سەرەک وەزیران؟ کازمی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ ئەوانەی سەرەوەدا هەیە و لەرێگای نیپۆتیزمەوە ئەم پلەیەی بەدەست هێناوە.  سەباح ئەلبەغدادی، نوسەری دیاری عێڕاقی بەم شێوەیەی خوارەوە وێنای پەیوەندییە خێزانییانەی بۆ کردووین.  ١) کازمی زاوای مەهدی عەلاقە، کە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حیزبی دەعوە و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاقیشە. مەهدی عەلاق، واتە خەزوری کازمی، یەکێکە لە پیاوە فاسیدەکانی عێڕاق رۆڵێکی زۆری هەبووە لە گەییشتین کازمی بە پێگەی سەرۆکی دەزگای موخابەراتی و سەرەک وەزیران.  ٢) کازمی سەر بە مەرجەعی حسین ئیسماعیل ئەلسەدرە و ئەویش یەکێکە لە پێکهاتەی سیستەمی فاسیدی شیعی. ٣) برایەکی کازمی، بەناوی سەباح کازمی، ئاوەڵزاوای حەیدەر عەبادییە و هەم راوێژکاریشی بووە لە کابینەکەیدا و دواتریش راوێژکاری عەبدولمەهدی بوو ئێستاش راوێژکاری براکەیەتی. رەنگە خوێنەر فەزاحەتی تەلەفۆنە نمایشکارانەکەی کازمی بۆ براکەی لەبیر بێت. ٤) برایەکی تری کازمی، عماد کازمی، راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانە.  بەکورتی، کازمی، وەک کۆمیتەی خۆپیشاندەرکان ئاماژەیان پێدا، بەشێکە لەو سیستەمە سیاسییە فاسیدەی عێڕاق و لەرێگای پەیوەندییە خێزانییەکانەوە هاتۆتە پێشەوە و نوێنەرایەتی باڵێکی حوکمرانی ناو هەرەمەی سیاسی شیعە دەکات، کە مەهدی عەلاقی خەزوری و حەیدەر عەبادی ئاوەڵزاوای براکەی رابەرایەتی دەکەن. گەوجاندنی سێیەم:  مستەفا کازمی دژی حەشدی شەعبی و گەندەڵییەکانی ئەم میلیشییایەیە. نەخێر، پێچەوانەی ئەو هەڵلا راگەیاندنەی تۆڕەکانی کازمی لە کوردستان، کازمی دژی حەشدی شەعبی نییە وهەر وەک نیویۆرک تایم دەڵێت، هاتنی کازمی هیچ کاریگەری نەبووە بۆ سەر لاوازبوونی حەشدی شەعبی. تاکە گورزێک بەر حەشد کەوتبێت و بەهۆیەوە لاواز بووبن کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە. بۆ ئەوەی وردتر بین، کازمی زیاتر دژی باڵێکی ناو حەشدی شەعبییە و ئەمەش لەلایەکەوە پەیوەندی بە کوتلە و دابەشبوونی ناو ماڵی شیعییەوە، کەلەسەرەوە ئاماژەم پێدا. کازمی هەر هەوڵێکی دابێت لەناو چوارچیوەی ناکۆکییەکانی ئەو باڵانەی ناو ماڵی شیعی بووە، لە دژی لایەک و بۆ رازیکردنی لایەکی تر وبە پشتیوانی ئەو لایەنەش. تەنانەت لە یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێ ناوخۆییانەی ماڵی شیعەشدا سەرکەوتوو نەبووە. یەکەم شکستی کازمی گرتنی ١٤ میلیتانتی حیزبووللا بوون و ناچاریش بوو هەمان رۆژ لەژێر فشاردا ئازادییان بکەن. ئەو نماییشانەش کە کراون لە کۆنترۆڵکردنی هەندێک لە دەروازەی سنووری هەر لەچوار چێوەی ئەو ململانێیەی ناو ماڵی شیعە بووە و دەروازەکانی لە گروپێکی حەشدی نەیار وەرگرتۆتەوە و تەسلیمی گروپێکی تری کردووە.  گەوجاندنی چوارەم: کازمی لەگەندەڵییەوە نەگلاوە یەکێکی تر لە پروپاگەندەکانی تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی ئەوەیە کە کازمی رابردوویەکی پاکی هەیە و لەگەندەڵییەوە نەگلاوە؟  بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم گەوجاندنەش، با ئەم چەند خاڵە بخەینە پێش چاو. ١) وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کازمی بەهۆی نیپۆتیزمەوە بۆتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (سیخوڕی) عێڕاقی و لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پۆستی سەرەک وەزیران. واتە، کازمی بەشێکە پرۆسەی گەندەڵی و نیپۆتیزم. ٢) گومان دەکرێت بڕوانامەی کازمی تەزویر بێت. لە ساڵی ٢٠١٦، کاتێک کازمی کرایە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لەمەلەفەکەیدا وەک هەڵگری بروانامەی بەکالیۆریۆس لە یاسا، لە بەشی ئێوارانی کۆلیژی توراسی لەزانکۆیەکی ئەهلیدا بەدەست هێناوە، خوێندکارانی دەرچووی هەمان ساڵ و هەمان کۆلیژ لە سۆشیال میدیا کردیانە هەرا و گوتیان هیچ کەسێک بەو ناوە و بەو روخسارە بۆ یەک رۆژیش لەگەڵ ئێمە دەوامی نەکردووە. ئەمەش گومانی زۆر دەکرێت کە کازمی، وەک سەدان گەندەڵی تر لە عێڕاقدا، بڕوانامەکەی بە پارە کڕیبێت. ٣) کازمی یەکێک بووە لەوانەی کە لە میدیای سێبەر لەسەر حیسابی پارە و قوتی خەڵکی کوردستان کاری کردووە. ئەو بۆ چەندان ساڵ، ئەندامی بۆردی خەندانی سەر بە بەرهەم ساڵح بووە و لەو دەزگایە و بە پارەی دزراوی خەڵک و لەسەر حیسابی قوتی خەڵکی کوردستان پارەیەکی موفتی وەرگرتووە.  خواستی گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی لەهەرێمی کوردستان خواستێکی رەوا و بەرهەقە، دەبێت خەڵکی نارازی کوردستان ریزی خۆیان لە ریزی ئەو تۆڕە کرێگرتەیەی کازمی و میلیشیا شیعییەکان جیا بکاتەوە


ئەمین بەكر حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی کاتیەو لە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانی تشرین یەکەم وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە هاتوە کە دژ بەگەندەڵی وناشەرعی بونی دەسەڵاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنە پڕ تەزویرەکەی پێشوی عێراق  هاتنە پێشەوە  لەلایەک، و لەلایەکی ترەوە بەهۆی  نەبونی خزمەتگوزاریی و بێ کاری چڕبوبونەوە.  مستەفا کازمی وەک سەرۆکی ئەو حکومەتە کاتیە  ، دەرک بەوە دەکات کە بۆتێ پەڕاندنی قۆناغێکی پڕ قەیران هاتوە، بەشێوەیەک کەعێراق بێجگە لەقەیرانە بونیادیەکانی ، لەبەردەم مەترسی دروست بونی فەوزای ئەمنی و  بەڕێوەچونی دام ودەزگاکان  و ژیانی ئاسایی وسروشتیشدا بوو  ،بەتایبەت لەوشارانەی کە خۆپیشاندان تیاندا بەهێزبوو .!   لەزۆریێک لەوڵاتانی دنیادا هەڵبژاردنی پێش وەخت وەکو ڕێگەیەک بۆدڵنیابونەوە لەخواستی گشتی میللەت لەو ئاڕاستە سیاسیەی هەڵی دەبژێرێت و لەئەو هێزە سیاسیانەش کەنوێنەرایەتی دەکەن، وەکو ڕیگەچارەیەک  پەیڕەو دەکرێت بەتایبەت ڵەکاتێکدا کەتوشی قەیران دێن ،  لەعێراقیشدا هەڵبژاردنی پێش وەخت بۆ دەرباز بون لەقەیرانەکان بەتایبەت دوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی  بووە داواکاری مەرجعیەتی باڵای شیعەی عێراق کەهەژمونی زۆری بەسەر کایەی سیاسی عێراقدا هەیە و هەروەها دواجار بوە خواستی خۆپیشاندەران و،بەشێک لەهێزە سیاسیەکانیش نەیان توانی یان نەیان ویست دژ بەو،داواکاری وخواستە بوەستن،بۆیەتەمەنی قۆناغی دەسەڵاتی حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەڕوی سیاسیەوە بەبەڕێکردنی کاری حکومەت و پەڕینەوە تا ئەنجامدانی  هەڵبژاردنی پێش وەخت دیاریکراوە ، و لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکی ئەو حکومەتە بوە  کە زەمینە سازیبکات بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت ، جا ئەو زەمینە سازیە چ بریتی بێت  لە دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆهەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکێ کانی هەڵبژاردن ، یاخود بە زەمینە سازی کردن بێت بۆهەڵبژاردنێکی ئازادو بێ تەزویر لەڕێگەی دابینکردنی ئاسایش و نەهێشتنی مەترسی هەڕەشەکانی هێزو گروپە چەکداریەکان یاخوود لانی کەم بێ دەسەڵاتکردنیان تا نەبنە فشار لەسەر هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی خواستی خۆیان بۆ نوێنەرایەتی کردن. لەماوەی ڕابردودا دوای چڕبونەوەی جوڵەکانی کازمی زۆر جار پلاری ئەوەی لێدەدرا کە ئەرکەکەی خۆی بیرچۆتەوە کە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەو ویستی هەڵبژاردنی نیە ، بێجگە لەوەی لەم ماوەیەی حوکمڕانیدا بۆی دەرکەوت دەسەڵاتی سنوردارە و بەم دەسەڵاتەی ئێستایەوە ناتوانێت چاکسازێکی ئەوتۆ بکات، بۆیە عەزمی جەزم کرد لەسەر یەکلاردنەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی پێش وەختە. هەرچەند بەپێ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەرکار  دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئەوەی کە زۆر کەس نایزانێت ئەو دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی ئاساییە کەهەر چوار ساڵ جارێک دەکرێت ، وبەپێی دەستور مادەی 56 ، ئەو ماوەیەچوار ساڵی تەواو دەبێت لەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران وەئەژمار دەکرێت، وهەڵبژاردنیش دەبێت لانی کەمی 45ڕۆژ پێش کۆتایی هاتنی  وادەی ئەو چوار ساڵە ئەنجام بدرێت ،تا ئەنجومەنی تازە ئامادەبن لەدوای کۆتایی هاتنی ماوەی خولی ئەنجومەنی پێشوو ڕاستەوخۆ دەست بەکاربن بۆئەوەی بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان دروست نەبێت،  بەڵام ئەوەی کە ئێستا باس دەکرێت وکاتی خۆشی مەرجەعی باڵای شیعەو خۆپیشاندەران داوایان کرد، هەڵبژاردنی پێش وەختە بوو کەجیایە لەهەڵبژاردنی ئاسایی  ، چونکە هەڵبژاردنی پێش وەختە لەیاسای هەڵبژاردنی عێراقیدا باس نەکراوەو، بەڵام لەدەستوردا دەقی لەسەر هاتوە کەبێگومان دەقە دەستوریەکانیش دەبنە بنەما بۆ دەقە یاسایەکان ، لەدەستوردا لەمادەی 64دا هاتوە و دەڵێت  پەرلەمان لەسەرداوایەکی هاوبەشی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی کۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ،یاخود لەرێگەی پێشکەشکردنی داوایەک لەلایەن یەک لەسەر سێ ی ئەندامانی پەرلەمان خۆیەوە بەزۆرینەی دەنگی ڕەهای پەرلەمانتاران خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە  ، دوای  ئەوە سەرۆکی  کۆمار هەڵدەستێت بەدیاریکردنی بەروارێک بۆهەڵبژاردنی پێش وەختە بەمەرجێک لە ٦۰ ڕۆپ تێ نەپەڕێت بەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دا ، واتە بەپێ ی ئەم دەقە دەستوریە دەبێت : ۱.هەڵبژاردنی پێش وەختە دەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێت . ۲.هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێش دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردن دەبێت.  ۳.دیاریکردنی بەرواری  هەڵبژاردنی پێش وەختە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەبێت نەک سەرەک وەزیران ،دەبێت سەرۆک کۆمار بەروارەکە دیاری بکات کە شەست ڕۆژ تێ نەپەڕێت بەسەر بەرواری  هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا. بۆیە بەپێ ی ئەم دەقە دەستوریە ڕونە کە ئەم بڕیارەی مستەفا کازمی بۆ دیاریکردنی بەرورای هەڵبژاردن ، لەشەشی حزیرانی ساڵی ۲۰۲۱دا  بڕیارێکی یاسایی نیەو ناتوانین وەک بڕیارێکی یاسایی لێ بڕوانین، چونکە دەسەڵاتی ئەو نیە ، بەروار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە دیاری بکات.    دەکرێت زیاتر  بەڕاگەیاندنی هەڵوێست و بڕیارێکی سیاسی   لێ ی بڕوانین  بۆ شان تەکاندنە لەبەرپرسیارێتی خۆدزینەوە لە ئامادە سازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە،بەتایبەت دوای شکست هێنانی دانیشتنی ئەم دوایەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەی یاسایی ئەنجومەن کەنوێنەرایەتی هێزو لایەنەی سیاسیە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت ، هەروەک دەتوانین بڵێین دەربڕینی  هەڵوێستی  سیاسی سەرەک وەزیران وحکومەتەکەی بە پابەندبون بە بەڵێنی  زەمینە سازی بۆ هەڵبژاردنی  پێش وەختە ،هەنگاوێکی زیرەکانەی مستەفا کازمی بوو، بۆ خۆ نزیکردنەوە لە خەڵک و دەرهێنانی بەڕە لەژێر پێ ی ئەو هێزو لایەنانەی کەدەیانەوێت تەواوکردنی پاشکۆکانی  یاسای هەڵبژاردنەکان بەپشتا بخەن، ئەم بێجگە لەوەی کە بەم شێوەیە تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی هێزە سیاسیەکان و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بەرپرسیارێتێکە ڕوو لەئەوان دەکات ، خۆشی بەم شێوەیە دەتوانێت لای ڕای گشتی و شەقام هاوسۆزو پشتگیری زیاتربێت، تا بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کار بۆ خۆی و کەسانی سەربەخۆی بکات. بەم شێوەیە لەئێستاوە ئەوەی لەبەردەم بەرپرسیارێتی ئامادەسازیی کردنە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت بەپلەی یەک پەرلەمانە کە دەبێت پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەواوبکات  بەجۆرێک لەگەڵ هەڵبژاردنی بازنەی بچوک و لیستی تاکدا بگونجێت ، هەروەک پێویستە بەخێرایی لەڕێگەی یاسایەکەوە دادگای باڵای فیدڕڵی لەو ئیفلیچ بونە ڕزگار بکات کەئێستا بەهۆی نەبونی ڕاژەی یاساییەوە ناتوانێت دادبینی بکات ، چونکە سەرەڕای گرنگی ئەوو دادگا دەستوریە ، بەپێ دەقی مادەی دەستوریش  بێ پشت ڕاستکردنەوەی  ئەو دادگایە بۆ دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کار بەو دەرئەنجامانە ناکرێت ، ئەوەش ڕونە کە دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقیش  یەکێکە لە بابەتە هەرە ئاڵۆزو کێشە لەسەرەکان ، بۆیەدەتوانم بڵێم ئەم ڕاگەیاندنە هەرچەند هیچ جێکەوتێکی یاسایی دروست ناکات بەڵام  ،دەرئەنجامی سیاسی زۆر کاریگەری لێدەکەوێتەوە پێش هەمو شت ڕاچڵەکاندنی هێزو لایەنە سیاسەکانی عێراق بوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ، هەروەها احراج کردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی لێدەکەوێتەوە بۆ ناچارکردنی بە دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی لانی کەمی ساڵێک پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دەستوری ئەم خولە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand