سەهین موفتی دەنگۆی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکومەتی عیراق، کۆنتڕۆڵکردنی گومرگەکانی هەرێم لەلایەن بەغداد لە بەرامبەر ناردنی بڕی (۳۲٠) سێ سەدو بیست ملیار دینار بۆ هەولێر، هەموو ئەم هەوڵانە دەزاندرێت لە کوێوە دەدرێت، و کام بێ حورمەتی نێو سیاسی و فەرهەنگی سیاسی ئەم ناوچەیەیە. کەسێک ئامادەبێت، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی حورمەت و کەسێتی خۆی، لەدەست بدات و تەواوی میللەتی کورد بزانێت، کە چەندە بێ حورمەتە..! بێگومان هەر هێندەی لێ چاوەڕواندەکرێت، کە هەوڵی کەمکردنەوەی دەستەڵاتی ئیداری و سیاسی کوردستان بدات. پاشان بەنێوی موچە دارانی هەرێمی کوردستانەوە، هەمدیس جارێکی دی لە پێناو کۆکردنەوەی دەنگ و مانەوە لەسەر کورسی، بڕشێییتەوە کە گوایە داوادەکەن موچەیان بچێتەوە سەر بەغداد، کێ حەزدەکات موچەی بچێتەوە سەر حکومەتی عڕوبەو عەمامە بەسەرو پێخواستەکانی نێو بیابان؟ ئەگەر ئێوەی بێحورمەت و شکست و لەکەداری نێو سیاسی کوردی نەبن؟ سەردەمی مام، کە سەرۆککۆماربوو هەیبەتی بڕیاردان و چاوسوورکردنەوەی هەبوو، ئاخر مام هەم حورمەتی هەبوو، هەم هەولێر پشتیوانی بوو، بۆیێ عەمامە بەسەرو پێ پەتییەکان حسابییان بۆ دەکرد، لێ ئێستێ بڕیاری بێحورمەتەکە تا پرسگەی قەسڕ سەلام زێدەتر نایخوات، تەنها ئەو بڕیارانە نەبن، کە دژی هەرێمی کوردستانن، هەرچەند هەولێر بەپێوە دەمێنێتەوەو حسابیان بۆ ناکات..! خۆ ئەگەر لە دۆسیەی مێژوویی بێحورمەتەکەش بکۆڵدرێتەوە، ئەوا هەرلەسەر زاری بەرپرسانی یەکێتی، کە دەیانگووت" بەرهەم بەناو لە زیندان بوو، حیزبی بەعس هەموو هاوکارییەکی کرد، تا ئەو دەمەی کورسی خوێندنی لەدەرەوەش بۆ دابینکرا".ئیدی حورمەتێک لەسەردەمی بەعسەوە لەدەستدرابێت، ئێستا بە دەخولی دیکەی کورسی سەرۆکایەتی نایەتەوە...! بەغداد، ئەو راستیە دەزانێت هەرچییەک بکات، و هەنگاو باوێژێت، جارێکی دی کوردو کوردستان و میللەتەکەی ناچنەوە ژێر حوکمی ئەمان..، ئەوانەشی داوای چەتری بەغداد دەکەن بۆ بوونی سێبەر، دیارن لە چ توخم و رەگەزێکن، هیچ نەما تاقی نەکەنەوە..!هەرچی هاش و هوشی دیکەیش بۆلەباربردن، یان بچووکردنەوەی کوردستان بدرێت، ئاکامەکەی تەنها بەدەستهێنانی دەنگی ئەو دەنگدەرانەیە کە بە کردەیی دژی کوردو نیشتیمانێکن بە ناوی کوردستان. لە کوردستان، حکومەت نەیشاردۆتەوە کە کێشەی دارایی، سیاسی، تەندروستی، هتد.. بوونی هەیە، نەشیشاردۆتەوە کە گەندەڵی ئیداری هەبووە، بەهەدەردانی سامانی گشتی هەبووە، کەم و کوڕی هەبووە، بەڵام ئایا لە ماوەی بیست و نۆساڵی رابردوودا هەر بەتەنها ئەم کەم و کوڕی وبەهەدەران و تەخشان و پەخشانە تەنها لە سنووری دەستەڵاتی پارتی هەبووە؟ خۆ هەر بەرپرسانی حیزبەکەی بێحورمەتەکە بوون، دەیانفەرموو" پارە لەژێرزەمینی ماڵی بەرپرسەکانن، یا بەرپرسمان هەیە لەنێو یەکێتی خاوەنی سەد مێلیۆن دۆلارە"، ئەوە گووتمان پارتی مانگایێکی دزی، خۆ یەکێتی و حیزبەکانی دی، هەموان لەگەڵ پارتی سەرو کلک و هەناو و گوێی مانگاکەیان را دەکێشا...! خەونی لەبار بردنی کوردستان، دەبێت لەهزرتاندا بچێتە دەرەوە، ئەگەریش خەونی دوورخستنەوەو نەمانی خودی بارزانییەکانە لە دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردی، ئەوا چاوێک بە مێژوو دابخوێننەوە، لە ئێوە زۆر بە حورمەتترو نێرترو بە سیاسیتر، بەهێزو گەرم و گوڕتر ئەم شەڕەیان دۆڕاند.
لهتیف فاتیح فهرهج لهم رۆژانهی پێشوو پارلهمانتارێك كه پێشتر لوقمه قازی دهفرۆشت و ئێستاش فۆڕمی نهویستنی خانهنشینی پارلهمانی پڕنهكردوهتهوه ،به جۆرێك وتبوی دروستكردنی دهوڵهت له برسێتی و نهبوونی له پێشتره،ئهو برادهره ویستی گۆڕینی ژیانی خهڵك و باشكردنی ژیانی بیر چوهتهوه كه دروشمی سهرهكی بزوتنهوهكهین ، ههر ئهو نا له نیوه زیاتری پارلهمانتارهكانی ئهو بزوتنهوهیه وازیان له پهیامه سهرهكیهكهی بزوتنهوهكهیان هێناوه كه ژیانی شكۆمهندانهو نانی بێمنهتانهیهو خهریكی گیرو گازی ترن، تیایاندایه خهریكی هێنان و بردنی كۆمپانیای ئهوبهره بۆ ئهم بهرو بهوهش گوایه دهیهوێت كێبڕكێ دروست بكات ، وهك ئهوهی ئهو خورمایهی دهیخوات ناوكهكهیشی له گیرفانی خۆیدا بێت ، تیایاندایه مانگی یهكجار بۆ میدیا قسه دهكات و قسهكهیشی به دڵی ناخودای یهكێك له زۆنهكانه ، مرۆڤ ئهگهر بیهوێت زۆر به ئهستهم دهنگ و رهنگی بزوتنهوهكه لهواندا دهدۆزێتهوه ، ئێ خۆ ئهمه ههموو بزوتنهوهكهی له سهرهوه بۆ خوارهوه دهیزانن لێ دهسته پاچهن له چارهسهردا ، ئهم نووسینه بۆ تانه دان نیه له كهس ، بهڵام وهك خهمێك جۆرێكه له بهشداریكردن . ئایه ههقی خۆی نیه پرسیاری ئهوه بكهین بزوتنهوهی گۆڕان ئێستا خهریكی چین ، ئێ لانی كهم دوای ئهوهی بهسهر مهكۆی قهڵادزێ هات ئیتر ههقه وهڵامی ئهو پرسیاره بدهنهوه ، ئهم بزوتنهوهیه بهشێكی زۆر له كورسی و پله تهڵهبهكانی به دوركهوتنهوهی قادری حاجی عهلی ، عوسمانی حاجی مهحمود وههزاران ناوی دیكه كه پێویست به ناوهێنانیان ناكات و دیارن خهنی دهبن و پێیان وایه ئهو جێچۆڵكردنه بۆ ئهوان دهسكهوته ، دواتریش نهدهتوانن رۆڵی ئهوان بگێڕن ، نهدهتوانن ئهو بۆشاییه گهورهیه پڕبكهنهوه كه له جهستهی بزوتنهوهكهیاندا دروست بووه ، ئهم بزوتنهوهیه ئێستا له بارو دۆخێكی زۆر ناخۆشدا نه له دهسهڵاتا خاوهن بڕیارو بگۆیه ، نه ئۆپۆزسیۆنێكه كه ئومێدی پێبكرێ ، له گهڵ ئهوهشدا كاتێك شاسوار عهبدولواحید ژمارهیهكی زۆر له خهڵك دێنێته سهر شهقام ئهو بهر لهههر كهس و لایهك دهیهوێت له بایهخی ئهو ناڕهزایهتیانه كهمبكاتهوه . من بهر له چهند ساڵێك به نووسین و به پهیامیش وتم لانی كهم ئهم بزوتنهوهیه ئهگهر خۆیشی ههڵناوهشێنێتهوه با خۆی سڕ بكات ، خۆ سڕ كردن بهو مانایهی تا ماوهیهك سیاسهت نهكات و بهلای كهمهوه خهریكی ئهو پڕۆژه فكری و توێژینهوه زانستیه بێت كه نهوشیروان مستهفا ئاواتی بۆ دهخواست ، خۆی سڕ بكات و روون و ڕوانیش به خهڵك بڵێت ئێمه بۆ گۆڕینی سیستم و نووسینی دهستورو نهمانی گهندهڵی و ژیانی باشتر بۆ ئێوه دروست بووین ، كه ئێوه پشتگیری ئێمه ناكهن ، ئێمهش وێڕای رهخنه گرتن له ئێوه خۆمان سڕ دهكهین له كاری سیاسی ، نهیانكرد ، ئێستا كه شوناسی بزوتنهوهكه له بهردهم ونبوندایه ئایه ناكرێ ههمان پهیام و داوا دوو باره بكرێتهوه ؟ ئهم بزوتنهوهیه هیچ پێویستی بهوه نهبوو چیاو نمای نهوشیروان مستهفا ببنه خاوهنی تاپۆی زۆر شتی ، چیاو نماش هیچ پێویستیان بهوه نیه ئهو گردو كۆمپانیاو شتانه به ناویانهوه بێت ، بۆ ئهوان ئهوهنده بهسه كوڕی نهوشیروان مستهفان ، ئهو پیاوهی ههزاران گهنج له باوكیان زیاتر خۆشیان دهویست و خهڵك نازناوی باوكی ههژارانیان لێنابوو . پارلهمانتارهكهی گۆڕان كه سهدان مریشك فرۆش و كۆڵكێش و میوه فرۆش و عهرهبانچی دهنگیان پێدا ، ئێستا له بری ئهوهی سهیری رابردووی خۆی بكات و شهڕ له سهر ئهوانه بكات ، ئهویش به دهستی خاڵیهوه دهوڵهتبازی دهكات ، ئهمه بێئهوهی بیری بێت كه رێكخهرهكهی پێشووی دهیگوت دهوڵهتداری سهرهتا بریتیه له دروستكردن و بونیاد نانی پایهكانی.
هیوا سەید سەلیم تا دێت ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان ئاشکراتر دەبێت، لە دوایین ئۆپڕاسیۆنی سوپای تورکیا بە ئاشکرا باس لە پلانی ستراتیژی تورکیا بۆ فراوانکردنی سنووری وڵاتەکەی لەسەر حسابی خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەی حەفتانین بنکە و قەرقۆڵی سەربازی تازە لەو شوێنانە دادەمەزرێن کە دەستی سوپای تورکیای پێدەگات. ئۆپراسیۆنەکەی ئەمجارەی سوپای تورکیا بەدەرە لە چوارچێوەی رێکەوتنی سنوورداری نێوان تورکیا – عێراق، کە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لە نێوان هەردوو لا واژۆکراوە، بگرە لە زاخۆوە تا برادۆست و قەندیل و شارباژێر لە سلێمانی کراونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، لەو بۆردومانانەشدا سوپای تورکیا دەست لە ئامانجی سڤیل ناپارێزێت، ژن و منداڵ بە ئامانج دەگرێت، رووداوەکەی کونەماسێ بە نموونە. لەبەرامبەر سیاسەتی داگیرکاری و دووژمنکارانەی دەوڵەتی تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستێکی تەوفیقی وەرگرتووە، بۆیە زۆر جار لە پەنای ئیدانەکردنی بوونی هێزەکانی pkk هەڵویستەکانی حکومەت و لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان والێکدەدرێتەوە کە ڕەوایەتی دەداتە هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا. راستە لە هەرێمی کوردستان دەوڵەتی تورکیا pkk دەکاتە بیانوو، بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای تورکیا و سیاسەتەکانی ئەو ولاتە بکەین ئەوا تێدەگەین تورکیا نەک تەنیا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بگرە لە تەواوی جیهان سیاسەتی فراوانخوازی پەیڕەو دەکات، بەشێوەیەک کە دەیەوێت ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوو لە دوای دۆڕانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دواتریش لە چوارچیوەی ڕێکەوتنامەی لۆزان لەدەستی داوە ئێستا بۆخۆی بیگێڕێتەوە. تورکیا لەیەک کاتدا لە لیبیا تا دەریایی ناوەڕاست و ئەرمینیا و سوریا و ناوجەکە پەیرەو لەو سیاسەتە فراوانخوازیە دەکات. بۆیە دەەپرسین ئایا لە لیبیا هێزی pkk بوونی هەیە کە تورکیا هێزی بۆناردووە و کێشە لەو وڵاتە درووست دەکات؟ ئایا لە نێوانی ئەرمینیا و ئازرباینجان هیچ بنکە و بارەگایەکی pkk بوونی هەیە؟ یان لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست پاپۆڕی سەربازی pkk هەیە کە تورکیا پەلاماری ئەو ناوچەی داوە؟! ئەوە هەر باسی رۆژئاوایی کوردستان ناکەین چونکە تورکیا دەمێکە ڕایگەیاندووە لەهەر سوجێکی دونیا کورد ببێتە خاوەن دەستکەوت ئەوا ئەوان دژی دەوەستنەوە. لیرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە تورکیا لە باشوور و رۆژئاوایی کوردستان کێشەی لەگەڵ کورد هەیە، و بۆیە چاوی بڕیوەتە خاکەکەی، بۆیە دەبینین بە ئاگر و ئاسن شەڕی کورد دەکات، لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەش ئەگەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و حکومەت و تەنانەت پەرلەمانیش ناتوانن هەڵوێستی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورکیا ئیدانە بکەن با بێ دەنگ بن چاکترە . رووداوی شەهیدکردنی دوو فەرەماندەی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سیدەکان و هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو رووداوە، ئەوەمان پێدەڵێت کە هەرێمی کوردستان تەنانەت لەبەرامبەر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەفسەرکانیشی هەڵوێستێکی شەرمنانەی دەربڕیوە. دواجار دەڵێین ئەگەر ئەو شەڕەتان پیناکرێت، لێگەڕێن با بەغدا شەڕە سیاسی و دبلۆماسیەکەتان بۆ بکات، هەڵوێستی ئێستای بەغدا لە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر، و ئیدانەکردنی شەهیدکردنی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و حکومەت، هەڵوێستێکی جیگای تەقدیرە دەبێت کورد لە بەغدا پشتیوانی لەو هەڵوێستە بکات، بە تایبەت کە پۆستی هەستیاری سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە لای کوردە.
ئارام سەعید ڤاكسینی چاکسازی! بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا کاریکی کردوە ولاتانی جیهان جەنگی گەورە رابگەیەنن دژی ڤایرۆسەکە و ولاتان لەجەنگدان بەرامبەر دوژمنێکی نەبینراو. لەو ولاتانەی دیکتاتۆرەکان حوكم دەكەن ئەو دوژمنە نەبینراوە تەنها کورۆنا نیە بەڵكو هاولاتیانیش دەگرێتەوە. لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە خەلک لە ترسی کورۆنا دەستبەرداری زۆر مافی خۆی بوو، هەرەشەی کورۆنا و ترس لە بلاوبونەوەی کاریکی کرد ، بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیەوە خەڵک خۆی تەسلیمی حکومەت بکات و مافی زیاتر زەوت بکرێت ، هێشتا وادەیەک نیە بۆ کۆتایی هاتنی ئەو ترسە لە کورۆنا، كەواتە دەبێت بەردەوام چاوروانی رێوشوێنەکانی وەزارەتی ناوخۆ و قەدەغەی هاتوچۆو داخستنی رێگاکان بین؟ یان پارە کۆبکەینەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت؟ لەهەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەل بڵاوبونەوەی پەتای کورۆنا حوكمڕانان پەتای چاکسازیشیان بلاوكردەوە وەک ڤایرۆسیکی كوشندە موچەی فەرمانبەرانی بڕی و دوایخست. دوو پەتاهەن كە ترسناکن، ئەگەر ڤاکسین بۆ یەکیکیان دۆزرایەوە ئەوا دەبیت ئەوی تریش ڤاکسینەکەی دروست بکریت. پەتای کورۆنا زۆر ئازیزی لەدەستداین و جیاوازی ناکات لەنێوان کەسدا، پەتای چاکسازی تەنها موچەکەی لیدیارە و جیاوازیەکەی ئەوەیە ناچێتە سەر پارەی نەوت و داهاتەکانی ترکە دیارنین بەس موچەی گرتۆتەوە. لەهەر شوێنێک سەرکردەی سیاسی گەندەل هەبێت ئەوا چاوەروان بن قەیرانەکان بقۆزیتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی ، لەپاڵ پەتایەکدا چەندین پەتای تر بلاو بكاتەوە. زاناکان سەرقالی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ کورۆنا، کە ڤایرۆسیکە لە چین سەری هەڵدا و چەند زیانی بۆ دیموکراسی و رای جیاواز هەیە لەهەمان کاتدا توشی هەندی وەزیرو بەرپرسی ستەمکاریش بوە، جیاوازی ناكات، پەتای چاکسازیش کە ڤایرۆسێکە لەناو هەرێمدا دۆزراوەتەوەو دەبێت لێرەش ڤاكسینی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگەر لە ئیستادا کاری شاردنەوەی گەندەلیەکانی تری داهات بیت رەنگە لە چرکە ساتیکی مێژویدا ، ئەو پەتایە چۆن زیانی بە هاوڵاتیان گەیاند ئەگەر ڤاكسینەكەی نەدۆزرێتەوە بەهەمان ئەندازەش لە سنگی دەسەلات بدات و هەناسەی لێ ببڕێت.
مەریوان وریا قانع لە ماوەی ڕابوردوودا چەندان جار ڕووبەڕوی ئەو پرسیارە کراومتەوە کە دەپرسێت: ئایا خەڵک و کۆمەڵگا دەبێت چیبکات؟ ئایا چارەسەری ئەو دۆخە قەیراناوییەی ئەمڕۆکە چییە؟ چۆن دەتوانین کۆتایی بەو دونیا خراپە بھێنین و دونیایەکی باشتر دروستبکەین؟ پرسیاری ئەوەی ”دەبێت چی بکەین؟“ پرسیارێکی لێنینییە، لێنین کتێبێکی ھێجگار بەناوبانگی بەم ناوەوە ھەیە و ڕەنگە زیادەڕویی نییە گەر بڵێم یەکێکە لە کتێبە ھەرە پڕخوێنەرەکانی سەدەی بیستەم. بەڵام بە بۆچوونی من کۆمەڵگای ئێمە توانای وەڵامدانەوەیەکی لێنینیانەی بەم پرسیارە لێنینییە نییە. وەڵامی لێنین بە پرسیاری دەبێت چیبکەین ئەوەیە ”پارتێکی پێشڕەو“ دروستبکەین و کە خاوەنی ”ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕ“ بێت و بتوانێت ”پێشڕەویی خەڵک“ و کۆمەگا بکات و بەرەو ڕاپەڕین و یاخیبوونی توندوتیژانە، واتە بەرەو شۆڕش. لە ڕێگایەوە ئەوەی دروستکراوە بڕوخێنرێت و لە شوێنەکەیدا و بە ھەمان لۆژیکە لێنینیەکە دونیایەکی تر دروستبکرێت. بە بۆچوونی من سەردەمی ئەم مۆدێلە لێنینیەی پیادەکردنی گۆڕانکاریی کۆتایشی نەھاتبێت، زۆر زەحمەتە لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم ستراتیژە پیادەبکرێت و بە دروستکردنی جیھانێکی تازە و بێکێشە کۆتاییبێت. بە تایبەتی لەو ناوچەیەی ئێمەدا کە حوکمڕانەکانی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە و گروپی مافیایی باڵادەستن و سڵ لە پەلاماردانی ھیچ شتێک ناکەنەوە ستراتیژیی دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی ھەبێت. بە مانایەکی دیکە کردەی توندوتیژ و پەنابردن بۆ چەک و یاخیبوونی چەکدارانە، یاخود زیندوکردنەوەی تیورەی ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“ ڕێگای پیادەکردنی گۆڕانکاریی نییە. ئەم ڕێگایە لە ئاستە دینییەکەیدا جگە لە گروپە جیھادیستیەکان و لە ئاستە نادینییەکەیدا جگە لە چەند گروپێکی پەڕگیری بچووک، ھیچیتری لێ سەوز نەبووە و لەوەش ناچێت سەوزببێت. گەڕانەوە بۆ تیورەی ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“، لە باشترین حاڵەتدا، ڕێگایەکی ھێجگار زەحمەت و پڕ مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەنە، کە ئەگەری خستنەوەی وێرانکاریی ھەمەلایەن لە ھەر ئەگەرێکی تر گەورەترە لەناویدا. بەڵام کۆتایی ئەم مۆدێلە لێنینیە و ئەم فۆرمە لە کردەی گۆڕانکاریی، مانای وازھێنان و چوونەماڵەوە و دانیشتن و ھیچ نەکردن نییە. مانای قبووڵکردنی ئەو دەسەڵاتە مافییایە بنەماڵەیی و خێزانیی و داخراوە نییە. ئەوەی دەبێت پەنای بۆ ببرێت گەشەدانە بە ڕۆحیەتی تەسلیمنەبوون و کۆڵنەدان و وازنەھێنان، ستراتیژیەتی دروستکردنی فشاری ڕۆژانە و بەردەوامە لەناو چەندان خانەی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا. گەشەدانە بە خاڵی بچووکی بەرگریکردن و بێگوێێیکردن لەناو گشتێتی جەستەی کۆمەڵایەتیدا، تەسلیمنەبوونە بە گوتار و زمان و خواستی ھێزە حوکمڕانەکان، نیشاندانی درۆکانییە وەک درۆ، دروستکردنی چەندان تۆڕی پەیوەندیی و چەندان میکانیزمی جیاوازی کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری دونیابینییەکەی ڕەخنەیی کە کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئێستا بناسێنێت و ئاسۆیەک، ھەرچەند دووریش بێت، بۆ چارەسەرکردنیان بخاتەڕوو. لە ئاستە کردەییەکەیدا ئەمە یەک مانای ھەیە: دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی. کۆکردنەوەی سەرجەمی ئەو ھێز و گروپ و کەس و لایەنانەی مۆدێلی حوکمڕانیی باڵادەست زیانی پێگەیاندون و زیانیان پێدەگەیەنێت، لەناو بەرەیەکی مێژوویدا. درستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ھێزە بەرگریکار و ناڕازیی و ڕەخنەییەکانی تری ناوچەکەدا بە مەبەستی لێکفێربوون و ھاریکاریکردن. بێگومان ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە کارێکی ئاسان نییە و لەوەش ناچێت ئەو نوخبە سیاسییەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا ئامادەیە، توانای ئەنجامدانی بەم ئەرکە مێژووییەیان ھەبێت. لە لایەکی دیکەوە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە پیادەکرنی کردەی گۆڕانکاریی کرەیەکی ئاسان نییە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، تێگەیشتن لەوەش کە کەس لە پڕێکدا و لە خۆەیوە نابێت بە فریادڕەس و کەس ناتوانێت لە شەو و ڕۆژێکدا دەستی ھەمووان بەرەو ڕۆیشتن بۆ بەھەشت بگرێت. دەڵێم تێگەیشتن لەم ڕاستییە سەرەتایەکی گرنگە بۆ دروستکردنی ”سەرەتایەکی تازە“ و بۆ تێگەیشتن لە کردەی گۆڕانکاریی. لەسەرێکی دیکەوە دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان دۆخی ئامادەگیی بۆشاییەکی سیاسیی گەورەیە. ئەوەی کە نزیکەی ٧٠% خەڵکی کوردستان نەچوون بۆ دەنگدان و باوەڕیان بە ھیچ یەکێک لەو ھێزە سیاسییانە نەماوە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەستبەکارن، ھێما بۆ دووشت دەکات. یەکەمیان بوونی بۆشاییەکی سیاسیی ھێجگار گەورە کە پێویستی بە پڕکردنەوە ھەیە. دووھەم، ئامادەگیی ھۆشیارییەکی سیاسیی لای خەڵک کە توانای ناسینی ھێزەکانی ھەیە و بە ئاسانی ناخڵەتێت. ئەوانەی خەڵک و کۆمەڵگا بە گەمژە و نەزان دەناسن لەناو ئاوی حوکمڕانانەدا مەلەدەکەن. دواھەمین ھەڵبژاردن نیشانیدا پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ٢٠% خەڵکی کوردستانیان لەگەڵ نییە. بۆیە چالاککردنی ئەم ٧٠% ی دانیشتوانی ھەرێم، ئەرکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ئەو ھێز و کەسانەیە کە بیر لە گۆڕینی ئەو دونیایە دەکەنەوە. ھەموو گوتارێکی دژە سیاسەت و ھەموو گوتارێکی خۆ بەپاڵەوان و فریادڕەس کردن و ھەموو گوتارێکیش ڕوو لە نائومێدکردن، جگە لە بەرھەمھێنانی تاریکیی شتێکی تری لێ سەوزنابێت.
خەبات عەبدوڵڵا یەکەم: عێراق وەکو زاراوە عێراق وهكو دهوڵهت بهم قهوارهیهى ئێستایەوە، سەد ساڵى تهمهنى تێنهپهڕاندووه. ئهگهرچى ناوى (عێراق) زۆر كۆنه، بهڵام سەد ساڵ لەمەوبەر و به درێژایى مێژوو، دهوڵهتێك نهبووه ناوى عێراق بووبێت. پێش ئیسلام و له كاتى سهرههڵدانى ئیسلامدا، نهك قهوارهیهك نهبووه ناوى عێراق بووبێت، بهڵكو شتێك نهبووه ناوى (نیشتمانى عهرهب)یش بووبێت. كه ئیسلام سهرى ههڵدا، جگه له بهشێكى جزیرهى عهرهب، ئیتر ئهم وڵاتانهى كه ئێستا به نیشتمانى عهرهب ناسراون موڵكى چهند ئیمپراتۆریهتێكى گهورهى ئهو كاتهى دنیا بوون. بێزهنتیهكان هەموو وڵاتى شام و میسر و مهغریبیان لەژێردهستدا بوو، ساسانییهكانیش کە بەشێکی زۆریان کورد بوون، ئهو زهوییانهى باشور و ناوهڕاستى ئێستاى عێراق و خاكى یهمهن و هەموو كهنداویان لەژێردهستدا بوو، تهنانهت تا ئهو دهمهش كه عهرهبهكان نهببوون به موسڵمان، نیمچه دورگهى عهرهب بۆ خۆى دهوڵهتێكى یهكگرتوى عهرهبهكانى پێك نهدههێنا. دواى مردنى پێغهمبهرى ئیسلام و لە سەردهمى دهسهڵاتى خهلیفه راشدییهكانهوه فتوحانى عهرهبه موسڵمانهكان بهرهو شام و سهرزهمینهكانى ئێستاى عێراق دهستى پێكرد. لە سەردهمى خهلیفه عومهردا سوپاى ئیسلام گهیشته كوردستان، سهرهتا موسڵیان گرت و لهوێشهوه بهرهو باكور و خۆرههڵات تا شارهزوور پێشڕهوییان كرد. سهرزهمینهكانى باشور و ناوهڕاستى عێراقى ئێستا به بهراورد لهگهڵ نیمچه دورگهى عهرهبدا، یهكێك بوو لهو سهرزهمینه بهپیتانەی كه پاش فتوحات به لێشاو عهرهبه كۆچهرهكانى نیمچه دورگهى عهرهب و موسڵمانه شهڕكهرهكان تێیدا نیشتهجێ بوون و دواتر جێیان نههێشت(١). بهڵام لهبهرئهوهى جگه له عهرهب پێشتر ئهقوامى ترى غهیره عهرهبیش نیشتهجێى ئهو سهرزهمینانه بوون، بۆیه مێژونوسانى عهرهب خۆیشیان زاراوهى (عێراقى عهرهبى) و زاراوهى (عێراقى عهجهمى)یان بۆ ناوچه جیاجیاكانى ئهو سهرزهمینانه بهكارهێناوه. تهنانهت ئهو دهمهش (عێراقى عهرهبى) یا (عێراقى عهجهمى) هێما نهبووە بۆ قهوارهیهكى سهربهخۆ و دیاریكراو یا دهوڵهتێكى خاوهن سنور، بهڵكو تهنیا وهكو زاراوهیهكى جوگرافیایى كه سنورى باكورى له شارى تكریت سهرى نهكردووه، بهكارهاتووه. ئهم مهوقیعهى ئێستاى عێراق وایكرد، دواى نهمانى دهسهڵاتى خهلیفه راشدییهكان و پوكانهوهى دهسهڵاتى ئهمهوییهكان، عهباسیهكان بهغدا بكهنه مهڵبهندى دهسهڵاتهكهیان، بهڵام عهباسییهكانیش عێراقیان نهكرده دهوڵهتێكى خاوهن سنور، بهڵكو عێراقى ئێستا بهشێكى بچوكى ئهو دهوڵهته پانۆپۆڕه بوو كه لە سەرووى ئهفهریقاوه تا هندستان دهكشا. كه مهغۆلهكان به سهركردایهتى هۆلاكۆ له ساڵى ١٢٥٨دا بهغداى پێتهختى عهباسییهكانیان گرت، بهشى ههره زۆرى سهرزهمینهكانى عێراقى ئێستایان كرده ولایهتێك له ولایهتهكانى ئیمپراتۆریهتى ئێلخانى، بهڵام له ساڵی ١٣٣٧دا و پاش ململانێی ناوخۆی ئێلخانیهكان، بهغدا و عێراقى ئێستا و نیمچه دورگهى عهرهب و ئازهربایجان كهوتنه ژێردهستى جهلائیرییه به بنهچه مهغۆلییهكان. سهرۆكى جهلائیرییهكان شێخ حهسهن كوڕى حسێن كوڕى ئامتوغانى جهلائیرى جیابوونهوهى خۆى له ئێلخانییهكان راگهیاند، له ساڵى ١٣٨٣دا بهغدا كهوته ژێر دهستى تهیمورلهنگ و تا ساڵى ١٥٠٨ كه شائیسماعیلى سهفهوى بهغداى له دهستى مهغۆلهكان سهندهوه، عێراقى ئێستا ههر لهژێر دهستى مهغۆلهكاندا بوو(٢). له سهدهى شازده به دواوه، سهرزهمینهكانى عێراقى ئێستا بووه مهیدانى ململانێى توندى نێوان ههر دوو ئیمپراتۆریهتى سهفهوى و عوسمانى. ئیمپراتۆریهتى عوسمانى كه تا دهمهدهمى جهنگى جیهانى یهكهم بهشى ههره زۆرى گهلى عهرهب و بهشى ههره زۆرى گهلى كوردى لهژێر دهسهڵاتدا بوو، كوردستانى بهسهر چهند ولایهتێكدا دابهش كردبوو؛ لهوانه ولایهتى شارهزوور كه پاشان خرایه سهر ولایهتى موسڵ، ههروهكو گهلى عهرهبیشى بهسهر ولایهتهكانى سوریا و بهغدا و بهسره و حیجاز و بهیروت و میسرى خدێوى و هى تردا دابهش كردبوو. بۆیه ئهو كاته و تا دواى جهنگى جیهانى یهكهمیش، عێراقى ئێستا نهك ههر گوزارە نهبووه له قهوارهیهكى سهربهخۆى خاوهن پێناس، بهڵكو سهرزهمینهكانى ئێستاى عێراق وهكو باقى رهعیهتهكانى ترى دهوڵهتى عوسمانى تهخشانوپهخشانى چهند ولایهتێك كرابوون و تهنانهت ناوى عێراقیش له ئارادا نهبووه و بهشێكى ئهم خاكهى ئێستاى عێراق ههر بەناوی میسۆپۆتامیا یا وڵاتى نێوان دوو روبار، ناسرا بوو(٣). بۆیه عێراق وهكو دهوڵهت، یا سنورێكى جوگرافیایى دهستنیشانكراو و قهوارهیهكى یهكگرتوو، پێش بیستهكانى سهدهی پیشوو نهبووه و دهرنهكهوتوه. دووهم: عێراق وەکو دەوڵەت له میانهى جهنگى جیهانى یهكهمدا و پاش ئهوهى عوسمانییهكان پاڵیان دایه پاڵ ئهڵمانیا، تا دههات قهوارهكهیان بهرهو داوهشین دهچوو. دهوڵهته ئیمپریالیسته گهورهكان؛ بهریتانیا و فەڕەنسا و روسیاى تزارى لهسهر دابهشكردنى ئیمپراتۆریهتى کابرا نەخۆشەکە چهند رێكهوتنێكى نهێنیان بهستبوو. سهرهتا له نیسانى ساڵى ١٩١٦دا پهیمانێكى نهێنى بهناوى پهیمانى سۆزانۆڤ/بالیولۆچ له نێوان روسیاى تزارى و فەڕەنسادا بهسترا، پاشانیش له ئایارى ههمان ساڵدا پهیمانێكى تر له نێوان بهریتانیا و فەڕەنسا و بهئاگادارى روسیا، بەناوی پهیمانى سایكس/پیكۆ بهسترا، كه بەپێی پهیمانى دوواییان بهشى ههریهك لهو دهوڵهتانه له میراتییهكانى دهوڵهتى عوسمانى دهستنیشان كرا(٤). جهنگى جیهانى یهكهم به تێکشكانى دهوڵهتانى میحوهر كۆتایى هات و ئیمپراتۆریهتى عوسمانى لهبهریهك ههڵوهشا. بەپێی رێكهوتنى ئاگربهست دهوڵهتانى هاوپهیمان بۆیان ههبوو ههر ناوچهیهك كه مهترسى دهخاته سهر بهرژهوهندییهكانیان، داگیرى بكهن. ههر لهسهر ئهو بنچینهیه دهوڵهته ئیمپریالیستهكان و لهپێش هەمووشیانهوه بهریتانیا و فەڕەنسا له خۆرههڵاتى ناوهڕاست بۆ بهشینهوهى میراتییهكانى ئیمپراتۆریهتى عوسمانى، دهستكراوه بوون. بهریتانیا بەپێی رێكهوتنه نهێنیهكهى خۆى لهگهڵ فەڕەنسادا ولایهتهكانى بهغدا و بهسرهى بهردهكهوت و پاشانیش بەپێی رێكهوتنه بهناوبانگهكهى لوید جۆرج و كیلمانسۆ، بهریتانیا ژیرانه له گهمهیهكى دیبلۆماسیدا ولایهتى موسڵیشى خسته ناو سنورى مانداتهكهى خۆیهوه(٥). جهنگى جیهانى یهكهم تهواو ببوو، بهڵام هێشتا كوردستانى باشور كه ولایهتى موسڵ بهشى ههرهزۆرى خاكهكهى دهگرتهوه، له دهرهوهى چوارچێوهى داگیركردنى سوپای بهریتانیادا بوو. ئهمه لەکاتێکدا ههر لەسەرهتای جهنگدا و له ١٩١٤/١١/٥دا سوپاى بهریتانى شارى بهسرهى گرتبوو، پاش ساڵێك و له ١٩١٥/٦/٣دا عهماره و له ٢٥ى تهمموزى ههمان ساڵدا ناسریهشى گرت. دواجار له ١٩١٧/٣/١١دا بهغداى گرت و لهشكرى عوسمانى تا شارى موسڵ پاشهكشهى كرد(٦). به تهواوبوونى جهنگ هێزه سوپاییهكانى ئیستعمارى بهریتانى گهیشتبوونه سنورهكانى كوردستانی باشور و ناوچهى شرگاتى نزیك موسڵ. بهریتانیا بۆ ئهوهى بتوانێت بهڕهنگارى پاشماوهكانى سوپاى عوسمانى ببێتهوه و بهرژهوهندییهكانى له ناوچهى ستراتیژى كوردستانى باشوردا بپارێزێت و مسۆگهر بكات، سهرهتا ناچار بوو دان به حاكمییهتى شێخ مهحموددا بنێت كه پێشتر عوسمانییهكان به حاكمى سلێمانییان دانا بوو. بهریتانیا له سۆنگهى بهرژهوهندییه ستراتیژى و ئابوورییهكانیهوه دهمێك بوو تەماحی گرتنى ولایهتى موسڵی هەبوو. كاتێكیش كه عوسمانییهكان له ساڵى ١٩١٩دا به یهكجارى ولایهتهكهیان چۆڵ كرد، بهریتانیا بێ سێ و دوو داگیری كرد. بهپێى پهیمانى سان ریمۆ و پاش ئهوهى كه جهنگ پروزهى له دهوڵهته ئیمپریالیستهكان بڕیبوو، ئهو دهوڵهتانه بهمهبهستى سوك كردن و ئاسانكردنى داگیركردن و بهپاشكۆكردنى ناوچهكانى ژێر دهستیان و خهفهكردنى ههستى ناسیونالیستى عهرهبى، بڕیاریاندا چهند دهوڵهتێكى عهرهبى وهكو عێراق و سوریا و ئوردون و لوبنان و سعودیه و.. هتد، دابمهزرێنن. پێشتر بهریتانیا بهپێى رێكهوتننامهى مهكماهۆن/حسێن، پهیمانى به عهرهبهكان دابوو دهوڵهتێكى عهرهبى دابمهزرێنن كه سوریاى سروشتى و عێراقى عهرهبى (بێ كوردستانى باشور) و حیجاز، به سهركردایهتى حسێنی شهریفى مهكه بگرێتهوه و نهخشهى دهوڵهته چاوهڕوانكراوهكهش كوردستانى باشورى نهدهگرتهوه(٧). له ههمان كاتدا بهریتانیا به رێكهوتن لهگهڵ دهوڵهته هاوپەیمانەکان له ١٩٢٠/٨/١٠دا و له چوارچێوهى پهیمانى سیڤهردا، مافهكانى كورد و ئهرمهنیان سهلماند و پهیمانى ئهوهیان دا كه ئهگهر له ماوهى ساڵێكدا كوردهكان نیازى جیابوونهوه و دامهزراندنى دهوڵهتێكى سهربهخۆیان ههبێت، دهبێت توركیا بێ قهیدوشهرت بهو داوایه قایل بێت(٨). ههڵگیرسانی راپهرینى بیست له ناوچه جیاجیاكانى ئێستاى عێراقدا دژى بهریتانیا و ئهو زیانانهى له ئهنجامى ئهو شۆڕشهدا بهر بهریتانیا كهوتن و ئهو ئهركه دژوارانهى كه پاش تهواوبوونى جهنگ رووبهڕووى سهرجهم دهوڵهته ئیمپریالیسته ماندووهكان و له پێش هەمووشیانهوه بهریتانیا ببۆوه، هەموو ئهوانه وایانكرد له چۆنێتى ئیستعماركردنى عێراق و كوردستانى باشوردا، بهریتانیا چاو به نهخشهكانى خۆیدا بگێڕێتهوه و پهله له پێكێهنانى قهوارهیهكى سیاسى بۆ ولایهته جیاجیاكانى سهر خاكى عێراقى ئێستا بكاتهوه. دواى ئهو راپهرینه، بهریتانیا راستهوخۆ بڕیارى لهكارخستنى حاكمى پادشایهتى بهریتانى ئارنۆڵد ویڵسن و دانانى پێرسى كۆكسى له شوێنى ئهو، دا. پاشان له ١٩٢٠/٦/١٧دا حكومهتى خاوهن شكۆى بهریتانى له بهیاننامهیهكیدا بڕیارى دامهزرانى حكومهتێكى عهرهبى دهركرد بەناوی حكومهتى عێراقهوه و داوا له پێرسى كۆكس كرا ئهركى جێبهجێكردنى ئهو بڕیاره له ئهستۆ بگرێت. بهشێوهیهكى رهسمیش له ١٩٢١/٧/٢١دا بهپێى بڕیارهكانى كۆنگرهى قاهیره، فهیسهڵ به یهكهمین شاى عێراق دانرا(٩). سێیەم: داگیرکردن و لكاندنى زۆرهملێیانهى كوردستانى باشور به عێراقهوه لەمەڕ داگیرکردنی كوردستانى باشور، بهریتانیا شێوازێكى دیاریكراوى نهبوو. تا ئهو دهمهش كه دهوڵهتى عێراق دامهزرا، كوردستانى باشور ههر له دهرهوهى چوارچێوهى ئهو دهوڵهته تازهپێكهێنراوهدا مایهوه. له مایسى ساڵى ١٩٢١دا و لەژێر چاودێرى چهرچڵى وهزیرى موستهعمهراتى بهریتانیادا، كۆنگرهى قاهیره بهسترا. دهربارهى عێراق چوار باسى سهرهكى كرانه تهوهر، ئهوانیش: 1. كهمكردنهوهى خهرجى بهریتانیاى گهوره له عێراق. 2. باسى ئهو كهسانهى خۆیان بۆ تهختى پاشایهتى عێراق پاڵاوتبوو. 3. مهسهلهى كورد. 4. لهشكرى داهاتوى عێراق(١٠). سهبارهت بهكوردستانى باشور، كۆنگره دوو ئهلتهرناتیڤى خستهڕو، كه بریتى بوون له: 1. ناوچه كوردییهكان بهشێك بن لهعێراق. 2. هان بدرێن بۆ سهربهخۆیى(١١). بهڵام تاى تهرازو بهلاى یهكهمیاندا لار بوو. كورد ئهگهرچى كهم تا زۆر له پیلانى ئیمپریالیستیانهى بهریتانیا بێخهبهر بوو، بهڵام رازى نهبوو مل بدات بۆ بارى ژێردهستهیى ئینگلیز و داگیركردنى وڵاتهكهى. ئهنجامى ریفراندۆمهكهى كوردستانى باشور بۆ ههڵبژاردنى مهلیك فهیسهڵ، خۆى له خۆیدا رهتكردنهوهى بێ چهندوچۆنى سیاسهتهكانى بهریتانیا بوو له كوردستاندا. لهو ریفراندۆمهدا بهشى ههره زۆرى لیواى كهركوك كه ئهو دهمه بهشێكى گهورهى لیواى ههولێریشى لهسهر بوو، دژى مهلیك فهیسهڵ دهنگیان دا. لیواى موسڵیش ئهوهیان كرده مهرجى قایلبوون كه مافى كهمایهتییهكان بۆ دامهزراندنى ئهو ئیدارهیهى كه دهبوا له ناوچهكانى ولایهتى موسڵدا پێك بهێنرێت، مسۆگهر بكرێت. ئهمه لهكاتێكدا لیواى سلێمانى ههر له بنهڕهتهوه بهشدارى دهنگدانیان نهكرد(١٣). بهرگریكردنى كورد دژ به ئینگلیز تا دههات له پهرهسهندندا بوو. بهریتانیا تواناى ئهوهى نهما بوو به هێزى گهوره پهلامارى كورد بدات، بۆیه له تاكتیكێكى ژیرانهدا و بۆ كپكردنى دهنگى ناڕهزایهتى كورد و خوڵقانى كهشوههوایهكى هێمن بۆ مهیسهربوونى پیلانهكانی له كوردستانى باشوردا، له ساڵى ١٩٢٢دا بڕیارى هێنانهوهى شێخ مهحمودى له هندستانهوه بۆ كوردستان دا. شێخ مهحمود كه له ساڵى ١٩١٨ بۆ ماوهى ١٥٥ رۆژ حوكمدارێتى بهشێكى كوردستانى باشورى دهكرد، پاش هێرشى سوپایى بهریتانى بۆ گرتنى شارى سلێمانى و بهرگریكردنی كورد لهو شاره، له شەڕى دهربهندى بازیاندا به بریندارى دەستبەسەركرا و بۆ هندستان نهفى كرا. دامهزراندنهوهى دووەمینجاری حكومهتى كوردستان له ١٩٢٢/٩/٣٠دا، به پلهى یهكهم بۆ بهرقهرابوونى هێمنی و ئاسایش و نههێشتنى دهسهڵاتى توركهكان بوو له كوردستانى باشوردا، بۆ ئهوهى گهر بڕیارى ریفراندۆمێكى گشتى سهبارهت به چارهنوسى ولایهتى موسڵ درا، بهریتانیا دهنگى كورد به لاى خۆیدا مسۆگهر بكات. بۆیه بۆ پشتگیرى كردن و جێگیربوونى حكومهتى كوردستان، ههردوو حكومهتى عێراقى و بهریتانى له بهیاننامهیهكدا بهشێوهیهكى رهسمى دانیان به حكومهتهكهى شێخ مهحمودا، نا(١٤). بهڵام ئهوهى نكۆڵى لێ ناكرێت ئهوهیه كه ئیدارهى ئیستعمارى بهریتانى ههر لەسەرهتاوه و بەتایبەتیش لەسەر دهستى ئارنۆڵد ویڵسن، كارى بۆ پێكهوهنانى ئیدارهیهكى عهرهبى كردووه له عێراقدا كه جگه له ههردوو ولایهتى بهسره و بهغدا، ولایهتى موسڵیش بگرێتهوه و راستهوخۆ لهژێر سهرپهرشتى بهریتانیا خۆیدا بێت، ئهمه سهرهڕاى ئهو هەموو گفت و بهڵێنانهى كه بهپێى كۆنگرهى ئاشتى له پاریس و پهیماننامهى سیڤهر سهبارهت به مافەکانی كورد، قسهى لێ كرابوو. "ئهدمۆندس، كه ئهفسهرى پێوهندى بوو لهو كۆمیتهیهدا كه كۆمهڵەى گەلان بۆ لێكۆڵینهوه له كێشهى موسڵ له ساڵى ١٩٢٥دا پێكیان هێنابوو، دهڵێت: هیچ كامێكمان گومان داینهگرتین كه ئێمه ئێستا له شەڕى مان و نهمان داین بهنسبهت عێراقهوه، چونكه به دڵنیاییهوه، لهبهر ههندێ هۆى ئابوورى و ستراتیژى، بهسره و بهغدا ناتوانن بێ موسڵ (ئەڵبەتە مەبەستی ولایەتی موسڵە)، دهوڵهتێكى ماقوڵ پێك بێنن.(١٥)" لهو سۆنگهیهى كه نهدهكرا بهریتانیا واز له بهرژهوهندییه ئابوورى و ستراتیژییهكانى خۆى لهو بهشه گرنگهى عێراقى ئێستا، واته كوردستانى باشور بهێنێت، بۆیه سهرهراى هەموو ئهو سیاسهته فریودهرانهیهى بهرامبهر كوردستان و گهلهكهى نواندى، له ساڵى ١٩٢٣دا سیاسهتهكانى خۆى ئاشكراتر كرد و بهپێى ئهو رێكهوتنهى لهگهڵ توركیاى كهمالیستدا له میانهى پهیماننامهى لۆزاندا ئهنجامى دا، بهرامبهر به رازى بوونى توركیا بۆ سپاردنى كێشهى موسڵ به كۆمهڵهى گهلان، بهریتانیاش هەموو بهندهكانى پهیماننامهى سیڤهرى تایبهت به كورد و كوردستانی رهت كردهوه و ئینكارى لێكردن. ئیتر ئهو كاتهش كه ئیستعمارى بهریتانى رازى بوونى توركیاى كهمالیستى سهبارهت به سپاردنى كێشهى موسڵى به كۆمهڵهى گەلان و رهوینهوهى مهترسى توركیاشى لهسهر بهرژهوهندییهكانى له عێراق و كوردستاندا بهشێوهیهكى عهمهلى مسۆگهر كرد و له ههمان كاتیشدا بهكرێگیراوى و گوێرایهڵى مهلیك فهیسهڵ و حكومهته عهرهبییهكهى بهغداو ئامادهبوونیان بۆ پاسهوانیكردنى بهرژهوهندییه نهوتى و ستراتیژییهكانى بهریتانیا مسۆگەر كرد و گومانیشى لهوهدا نهما كه كوردستانى باشورى (سهربهخۆ) بهكهڵكى پاسهوانى و پاراستنى ئهو بهرژهوهندییانه نایهت، ئهمه جگه لهوهى كه بوونى كوردستانى سهربهخۆ كهمالیستهكان و ئێرانی سەردەمی رهزاخانى سەر بە بهریتانیای له وڵاتى فارسدا نیگهران دهكرد و ناسیونالیسته دهمارگیرهكانى عهرهبی بێزار دهكرد، پاش ئهوهش كه بهریتانیا دڵنیا بوو لهوهى كه "دهوڵهتى سهربهخۆى كوردى" كرێگرتهیى بهریتانیا ناكات و پاش ئهو ساتوسهودا نێودهوڵهتییهى سهبارهت به رهتكردنهوهى پهیمانى سیڤهر و گۆڕینى به پهیمانى لۆزان كرا، ئیتر ئهو دهمه بۆ دواجار بهریتانیا پشتى كرده سهلماندنى مافهكانى گهلى كورد(١٦). دوابهدواى پهیمانى لۆزان و رامكردنى كهمالیستهكان، له ساڵى ١٩٢٤دا ههردوو حكومهتى بهریتانیا و عێراق له دانپێدانانهكهیان بۆ حكومهتى كوردستان پاشگهزبوونهوه و بۆ روخان و لهبهینبردنى هێزى سوپاى بهریتانیا ههڵیكوتایه سهر كوردستان و به هێزى چهك و سهرهنێزهى سوپاى بهریتانى و به زۆرهملى و دوور له خواستى خهڵكى كورد له كوردستاندا، كوردستانى باشور هێدى هێدى لكێنرا به عێراقى دهوڵهته عهرهبیه داتاشراو و دهستنێژهكهى ئینگلیزهوه و ههر به پیلانی بهریتانیا له رۆژى ١٩٢٥/١٢/١٦دا كۆمهڵهى گهلان به رهسمى ولایهتى موسڵ كه بهشى ههرهگهورهى كوردستانى باشورى دهگرتهوه(١٧)، به عێراقهوه لكاند و لهو رۆژگارهشهوه دهوڵهتى ئێستاى عێراق بهم قهوارهیهى ئێستایهوه پهیدا بوو. لێرهوه دهگهینه ئهم ئهنجامانهى خوارهوه: 1. دهوڵهتى عێراق، بهم قهوارهیهى ئێستایهوه دهوڵهتێكى تازهیه و تهمهنى سەد ساڵى تێنهپهراندووه. عێراق نه له كۆندا و تهنانهت لە سەردهمى فهرمانڕهوایهتى عوسمانییهكانیشدا وهكو ولایهتێكى یهكگرتوو بهم قهوارهیهى ئێستایهوه بوونى نهبووه. عێراق وهكو دهوڵهت دهستكردى ئیمپریالیزمى بهریتانییه و له دیدى بهژهوهندییه ئابوورى و ستراتیژییهكانى بهریتانیا و بەتایبەتیش بەهۆی بوونى سهرچاوه دهوڵهمهندهكانى نهوت له كوردستانى باشوردا پێكهات. 2. پێش دامهزراندنی دهوڵهت و حكومهتى عهرهبى عێراق، كورد لهم پارچهیهى كوردستاندا سهرهتا وهكو دوو ولایهت و پاشان وهكو ولایهتێك شانبهشانى هەموو ولایهتهكانى دهوڵهتى عوسمانى و لهوانهش ولایهتهكانى بهغدا و بهسره ههبووه. پێش ئهوهى عێراق ببێته حكومهت، كوردستانى باشور له ١٩١٨دا حكومهت بووه، بهوپێیه كوردستان سێ ساڵ پێش دامهزراندنى دهوڵهتى عێراق، بۆ خۆى قهوارهیهكى سیاسى بووه. 3. کوردستان له میانهى بهرژهوهندییهكانى وڵاته ئیمپریالیستهكانى جیهان و بهتایبهتیش ئیمپریالیزمى بهریتانیدا كرایه قوربانى و وهكو قهوارهیهكى لهبیركراو حسابى بۆ كرا. ئهگینا بهپێى هەموو رێكهوتن و پهیماننامهكانى دواى جهنگ دهبوا كوردستانیش وهكو قهوارهیهكى جیا و نهتهوهى كوردیش وهكو سهرجهم نهتهوه سهردهستهكانى ئێستاى حسابى بۆ بكرایه. راپهرینه چهكدارى و شەڕهكانى بهرگریكردن له كوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێشودا، هەموو ئهوانه خواستى كورد بۆ سهربهخۆیى و رهتكردنهوهى داگیركارى دهردهخهن. 4. كوردستان به زهبرى چهك و هێزى سوپا داگیركراوه. نەک هەر ئەمە، بەپێچەوانەی هەموو کۆڵۆنییەکانی دنیاوە، کوردستان مافی کۆڵۆنیشی پێ ڕەوا نەبینرا و هێزە ئیمپریالیستەکان به زۆرى زۆردارهكى و دوور له خواستى گهلى كورد، كوردستانیان بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە لكاند. کە ئەمەش دوو جار کارەسات بوو؛ جارێکیان خاکەکەیان داگیر و دابەش کرد، جاری دووەمیش مافیان دایە داگیرکەران گەلی کورد لە ناو خۆیاندا بتوێننەوە، خۆ ئەگەر نەکرا قڕی بکەن. دهوڵهتانی تازە پێکهاتوی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا ههر لەسەرهتاوه وهكو دهوڵهتانی نەتەوەی سەردەست هاتونەته كایهوه و به هیچ شێوهیهك خواستهكانى گهلى كوردیان لە سەربهخۆیى و ژیانى ئاسایى وهكو گهلانى ناوچهكه و جیهان بۆ فهراههم نهكردووه. سەرچاوە و پەراوێزەکان: 1.بۆ زۆرتر زانیارى بڕوانه: محمد امین زكى، كورد و كوردستان، جلد١، بهغدا، چاپخانهى دار السلام، 1931. 2.فهتاحى قازى، كورد له ئینسكلۆپیدیاى ئیسلامدا، وهرگێڕانى حهمهكهریم عارف، (دهستخهت). 3.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، اغد دیمقراطی آم حرمان شعب حتى من حق الحلم؟ من منشورات اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، ل31. 4.كمال مظهر احمد (الدكتور): بعض قضایا الشرق اڵاوسط، بغداد. 5.بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه: فاضل حسین (الدكتور)، مشكله الموصل، بغداد مطبعه الرابطه، 1955. 6.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، ههمان سهرچاوهى پێشوو. 7.ههمان سهرچاوه. ل33. 8.بۆ دهقى ههرسێ بهندى پهیماننامهكه كه پێوهندییان به كوردهوه ههیه، برِوانه: ولیم ایغلتن اڵابن، جمهوریه مهاباد 1946 الكردیه، ترجمه جرجیس فتح الله، بیروت، دار الطلیعه، 1972، ل30. ههروهها: منذر الموصلی، عرب و اكراد، دمشق، دارالعلم، 1991، ل68. 9.كمال مظهر احمد (الدكتور): دور الشعب الكردی فی ثوره العشرین العراقیه، بغداد، مطبعه الحوادث، 1978. 10. بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه: كهمال مهزههر ئهحمهد (دكتۆر)، چهند لاپهرِهیهك له مێژووى گهلى كورد، بهشى یهكهم، چاپخانهى ئهدیبى بهغدادى، بغداد، 1985، ل116. 11.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، ههمان سهرچاوهى پێشوو. ل356. 12.ههمان سهرچاوه. 13.ههمان سهرچاوه. 14.چیا: ئەمنی ستراتیجی عێراق و سێ کوچکەی بەعسی یان: تەرحیل، تەعریب، تەبعیس، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ناوەندی ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، 1987. 15.الجمهوریه العراقیه، وزاره التخطیط، المجموعه اڵاحضائیه السنویه لسنه 1990، بغداد. 16.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی ، ههمان سهرچاوهى پێشوو. ل361. 17.بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه: فاضل حسین (الدكتور)، ههمان سهرچاوهى پێشوو.
ئەبوبەكر كاروانی هاتنە پێشەوەی كازمی بۆ پێگەی كەسی دەسەڵاتداری یەكەمی عێراق، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا . هەندێ پێیان وایە بەسەرۆك وەزیران بوونی كازمی ئاماژەیە بە بەسەرچوونی قۆناغێكو پێنانە ناو قۆناغێكی نوێوە. قۆناغێ نەوەیەكی نوێی سیاسەتكارە عێراقیەكان دێنێتە پێشەوە و دەبنە شوێنگرەوەی نەوەی ئێستای سیاسەتكارە تەقلیدی و گەندەڵو مشەخۆر و مافیاكان. بەڵام بە بیروڕای ئێمە ئەم لێكدانەوە زیاد لە پێویست گەشبینانەیە، تا ڕادەیەك حەزو ئاوات تێكەڵ بە شرۆڤەو بەرەنجامگیرییەكان كراوە. چونكە بەرەنجامی خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنە واقیعی مێژوویی و هەنوكەیی عێراقو ئالۆزیەكانی ناویو كێشەی بەدەوڵەتبوون لەم وڵاتەدا نیە. بە حوكمی ئەوەی بەشێ لە كێشەكانی عێراق بونیادین و پەیوەندییان بە پێكهاتنومێژوو و ناهارمۆنی خودی قەوارەی عێراقو ناسنامە بەزۆر بەیەکەوەلکاوو پەرتبووەكەیەوەهەیە. لە ڕوویەكی ترەوە مێژووی عێراق پێمان دەڵێت ، كە بڕینی قۆناغەكان و بوونی قۆناغێكی راگوزەر، بەو خەسڵەتانەی پێی دەناسرێتەوە لەم وڵاتەدا هەروا كارێكی سانا نیە، هەر بۆیە زۆرجار دەبینین قۆناغە بە كاتی و راگوزەرە وەسفكراوەكان بوون بە دۆخی ئاساییو بەردەوامو، كێشەكانیان لەڕیشەوە چارەسەر نەكردووە بەڵكو كێشەی نوێشیان خستۆتە سەر كێشە و ئاریشەكانی ترو قەوارەی عێراقیان بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە. كازمی و رۆڵە چاوەڕوانكراوەكەشی دەبێت لەچوارچێوەی هەمان سیاقدا بخوێنینەوە. وەك رووداوێكی دابڕاوی سیاسی سەیری نەكەین و داوەری دەربارەی نەكەین . بۆ ئەوەی بنمیچی چاوەڕوانیەكان زیاد لەپێویست لەم كاراكتەرە سیاسیە بەرز نەكەینەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ نەكەینو گرەوی هەڵەشی لەسەر نەكەین. چونكە ئەگەر ئەگەرێكی بەردەمی تا ڕادەیەك سەركەوتن بێت لە ئەنجامدانی هەندێ چاكسازیو بەدیهێنانی بەشێ لە دروشمەكانی و بەوەش تەوزیفەكانی ناڕەزایی شەقامو پێویستی كۆماری ئیسلامی ئێران بە قازانجی ئەجینداكانی خۆی، ئەوا ئەگەرو سیناریۆیەكی تر شكستخواردنیەتی، چونكە ئەوەی ئەمی هێناوەتە سەر تەختی دەسەڵات تەنها شەقامو گەندەڵیو پێویستی عێراق بە چاكسازیو بنیاتنانەوە نیە، بەڵكو پێویستی هەریەك لە ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێرانیشە . دەكرێت شەقامیش بە ئاراستەی پێچەوانە دژی بەكار بھێنرێت. ئەمریكییەكان و بەتایبەتیش كۆماریەكان و ترەمپی پاڵێوراوی سەرۆكایەتیان پێویستیان بە هاتنە پێشەوەی كازمی بوو. بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوەوە رێككەوتننامە ستراتیژیە كۆنەكەیان لەگەڵ عێراق نوێ بكەنەوەو وێنای سەركەوتنێكی ئەمریكاو پاشەكشەی نفوزی ئێرانیش لە عێراقدا وێنا بكەنو بەوەش بۆ هەڵبژاردنەكان سوودی لێ وەربگرن. یاخود لانی كەم عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبنە سەرچاوەی نیشاندانی لاوازیانو كاریگەری خراپی بۆسەر چارەنووسی ترەمپ نەبێت. یان ئەگەر بەرژەوەندیان لە زەبر وەشاندن لە ئێران بێت، دۆخە نوێکە بکەن بە پاساو. لەبەرامبەردا ئێرانیەكانیش پێویستیان بە كازمیە و چاو لەو دەستكەوتە مۆلەقو ناستراتیژییەی ئەمریكاییەكان دەپۆشن بەرامبەر بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابوریەكانیان لەڕێی مۆڵەتدان بە عێراق بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانو خستنە دەرەوەی سزا سەپێنراوەكان بەسەر تاراندا . ئەم لێكتێگەیشتنە ناڕاستەوخۆییەی نێوان تاران و واشنتۆنیش كاتیە. بەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو بژاردە نوێكانی ئێران بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەركەوتەكانی ئەو قۆناغە كاریگەری راستەوخۆیان بەسەر دۆخی عێراقو چارەنووسی كازمیەوە هەیە. لەڕاستیشدا لەگەڵ مانەوەی رژێمی ئێستای ئێران لەسەر دەسەڵات، ئاسان نیە بیر لە عێراقێ بكەینەوە، گۆڕانكاری قوڵ تیایدا ڕوویدابێتو هەژموونی ئەوی بەسەرەوە نەمابێت . گەر ئەم كارە پێویستی بە تەقاندنەوەی گەڕێكی نوێی شەڕی ناوخۆش هەبێت، وەك دوا بژاردە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان و بەسەر یەكدادانی هاوكێشەكان . خودی شەقامی ناڕازیش كە ڕۆڵی هەبووە لە هێنانە پێشەوەی كازمی و خۆشی وا وێنا دەكات، دەكرێت لەڕێی تەگەرە دروستكردن بۆ سەرۆك وەزیرانو شكستپێهێنانی لە بەدەمەوەچوونی خواستە گرنگەكانی ئەوان و دروشمەكانی خۆی، وە لەباربردنی خەونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاكو بێگەردو دادپەروەرانە ، دژ بە ئەو بەكار بێتو بەوەش ببێت بە كاراكتەرێك لەنێو كاراكتەرەكانی تردا ، ئەم ئەگەرەش بەدوور نازانرێت چونكە كازمی ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەژێر رەحمەتی فراكسیۆنە پەرلەمانیەكان و مێلیشیاكانی هێزە كۆنو نەریتی و گەندەڵیەكانی عێراقدایە. لەوپەڕی باشیدا بەشێ لە گەندەڵەكانیان یان كەمتر گەندەڵەكانی پشتیوانی لێدەكەن. وەك رێكارێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی جەماوەری و هەڵبژاردنی خۆیان و وێنا لە خۆ نیشاندانێ كە لە ریزی ئەو هێزە كۆنانە بێنە دەرەوە کە داوای رۆیشتنو گۆڕەپان چۆڵكردنیان لێدەكرێت. كەواتە ئەگەر لە روویەكەوە كازمی جێی ئومێد بێت، لە ڕویەكی ترەوە رەنگە نوێنەرایەتی دوایەمین هەوڵی شكستخواردووی چاكسازی و بیناكردنەوەی عێراق بكات. بە حوكمی ئەوەی عێراق تا ڕادەیەكی زۆر قۆناغی چاكسازیی تێپەڕاندووە و بە كردەوەش هەڵوەشاوەتەوە. ئەوەی ناهێڵێ بە فەرمی هەڵبوەشێتەوە خاوەن بەرژەوەندییە جیهانی و هەرێمایەتیەكانن ، چونكە ئەمریكیەكان لەكاتی خۆیداو لەسەر حسابی كورد هەمان گرەویان لەسەر عەبادی كرد، گەرچی ئەو نەگەیشت بە دەسەڵات، بەبڕوای ئێمە ئەم گرەو كردنەش مەرج نیە ئامانجەكانی بێنێتە دی ، چاوپۆشینی كاتی ئێرانو بەشێ لە میلیشیاکان و، نامە بۆناردنی لە ئێستادا كە هێڵە سوورەكان نەبەزێنێ . جگە لەوەی لە پێشەوە باسمان كرد رەنگە بۆ لەباربردنی دوایەمین ئومێدی ئەمریكیەكان بێت بە چاكسازی لە عێراقدا. واتە كۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەكانی شكستی سەرۆك وەزیرانی ئێستا بكەن بە شكستی ئەمریكاو كۆتایی هێنان بە هەوڵەكانی لە پێناو بیناكردنەوەی عێراق لە دەرەوەی هەژموونی ئەوان و لەسەر بناغەیەكی نوێ. تاكە شتێكیش لەباریدا بێت ئەم ئەگەرە لاوازەكان و شانسێكی گەورەتر بدات بە كازمی گۆڕانی رژێمە لە تاران.
پشتیوان جەمال کەشتیەکەی حکومەتی هەرێم لەنێو دەریدا لەتاریکە شەوێکی ئەنگوستە چاودا ، دەڕوات وهیچ ئاراستەیەکی ڕەوکردنی دیارنیەو گێژە لولکەی "با " بە ئارەزوی خۆی جوڵەی پێدەکات و دراوەتە دەستی قەدەر هیچ یەکێک لە کاپتنە کانی نازانن لە کوێدا لەنگەر دەگرێت ، بەبارێکی قورسی چاکسازیەوە بارکراوە ،لە ناونیشاندا هەمویان خاوەنین ،لە جێبە جێکردندا ،هەموان هەوڵی خۆ دەرباز کردن دە دەن لەترسی خنکان خنکا نێک کە بە درێژایی نۆ کابینە یە نە جیب زادەکانی ناسیۆنالیزمی کوردایەتی، لێی ڕادەکا تا ئێستا نەیان هێشتەوە قولەپێیان تەڕبێت لە لەدەریاکەدا. دروشمەکانی چاکسازی زۆر لە قەبارەی هەرێم گەورە تربوون ، عەرابەکەی وا دەبینرا ببێت بە "مهماتیر محمد" ی مالیزیاو هەرێمی کوردستان بگە یەنێتە گەشە سەندنێکی ستانداردی وڵاتان عەرابەکەی زۆر بە دەنگێکی زوڵال و دەرون سوتاو بۆ میللەت باسی لەجێبە جێکردنی بڕگە کانی کارنامەکەی دەکردەوە ، وەک فریاد ڕەسی گەندەڵی خۆی نیشان دەدا ، بەڵام چیمان بینی و ، قۆ نا غەکانی چاکسازی چۆن دەستی پێکر؟!لە جیاتی دەست بردن بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی لە دەستی حزب و بنەماڵە دەست ڕۆیشتوەکان ، هەر لە سامانی نەوت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان ، بۆگردو تەپۆڵکەو ، ڕاگرتنی قا جاغی لە خاڵە سنوری و ئاشکرا کردنی لە شکرێک لە بندیواری حزب کە ساڵانێکە لە سەر حسابی موچە خۆری ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە دەژین....هتد ، کەچی دەستی برد بۆ لێبڕ ینی موچەی چەوساوە ترین چینی ئەم وڵاتە کە فەرمانبەرانن کە بە دوو مانگ و سێ مانگ جارێکیش وەری دەگرن ، کۆڕۆنا باشترین کارتی بیانوبوو دایە دەستیان بۆکپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی سەرشام ،تا هیچ نارەزایەتی دروست نەبێ لەدژیان زۆر ترین بڕیاری قەدەغە کردنی هاتوچۆیان داوە زۆرینەشیان سیاسی بوون ، هەزاران گەنج لەدەست بێکاری ونەبونی دا مەزراندن لە ئاوەکانی ئیجەو بەتەقەی هێزە سنوریەکان گیان لەدەست دەدەن و ڕو لەئەورو پادەکەن ، کەچی لەپەنای پەردەی چا کسا زیدا دامەزراندن بەپلەی وەزیفی بریکار وەزیر و مو دیر عام بۆ ڕەعیە تە کانی ئەوان دە کرێت. ئەوەیەکەچاکسازی سیاسی لەسەرەوەی هەڕەم ئەنجامەکەی دیار بێت رەنگە بگاتە ئا کامێک کە لە کۆنترۆلی دەسەلاتداران خۆیان دەربچێت و سەری سیاسی سەرەوە بخوات. دەسەلاتی سیاسیی تا کرە ویش زۆر لە چا کسا ز ی لە لەهەرەمی دەسەڵاتی خۆی دەترست و تا بتوانیت لەبەشی خوارەوەی هەرەمەکە خەریک دەبێت، بۆیە چاوە ڕوانیەک ناکرێ تا ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم بتوانێت چاکسازی بکات و نا شتوانێت هەموو گرفتەکان لەگەڵ بغداد چارەسەر بکات ، پەرلەمانیش ناتوانێت ئەو دەزگایە بێت کە بتوانێت سنور دانێت بۆ حکومەت بەهۆی لاسەنگی لەنێوان هێزەکاندا و گرفتەکانی ئابوری و سیاسی و ئیداریش تابێت قوڵتر دەبنەوە و بە کاراکتەرەکانی ئەم کابینەیە چارەسەر نابن ، باشترین ڕێگاچارە ئەوەیە حکو مە ت و پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە،حکومەتی کار بە ڕێکەر دروستبکرێت ، هە ڵبژار دنێکی نە زیر و بێ تەزویر بکرێت میللەت بتوانێ نوێنەرە شەرعییە کانی خۆی هەڵبژێرێت، چیتر حوکمڕا نی بە دروشم و هاشتاگی پشتگیریو خۆڵکردنە چاوی خەڵک و فرۆشتنەوەی شکست بە مەعدە نی سەر کەو تن نا بێ ، بە بە ڵێنی بێ کردارو دوو فاقی نابێ ، ساڵێک کەم نیە تەمەنی ئەم کا بینە یە تابەرچاوی رونبێ بۆچاکسازی ، بەڵام نەیکات و سەرقاڵی پۆزش هێنانەوە بێت،زۆربە ئاشکرا ئەوسەری تونێڵەکەدیارە شکستخواردوە بوە و دەبێ بۆمیللەتیش ساڵێک هەڵسەنگاندن دەرکەوت هیچ ستراتیژیەکی چارەسەرکردنی پێنیە، لەوەزیاتردەبێ چ ئومێدێک بۆ چاکسازی هەبێ؟
عەتا قەرەداخی پێگەی کورد چیە لە عێراقدا؟ ئایا لە راستیدا کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئەگەر کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا کامەیە؟ چ کاتێک کورد پێگەی دەبێت لە عێراقداو شوێن و پێگەی کورد لە عێراقدا بە چ پێوەرێک دەپێورێت؟ ئایا بوونی هەندێ پێگەی کارتۆنی یان تەشریفاتی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کورد شوین و پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئایا بوونی چەند وەزیرو ئەندم پەرلەمانێک کە لەسەر حیسابی کورد ئەو پۆست و شوێنانەیان وەرگرتووە، بەسە بۆ ئەوەی بگوترێت کورد خاوەنی شوێن وپێگەیە لە عێراقی دوای سەدامدا؟ یان پێوانەی تر هەن بۆ سەلماندنی بوونی شوێن و پێگەی کورد لە بەغدا؟ کە ئەوەش لە ئاستی یەکەمدا بریتیە لە دەوری بەکردەوەی کورد لە بڕیاری عێراقیدا، لە ئاستی دووەمدا بوونی کوردی تاک شوناسە لەو پێگانەدا کە مەبەستمان لە کوردی تاک شوناس یان شوناس کوردی ئەو کوردەیە کە شوناسی یەکەمی شوناسی کوردیە نەک شوناسی عێراقی. یان بە مانایەکی ترشوناسی عێراقی نەبێتە شوناسی یەکەمی و شوناسی کوردی ببێتە شوناسی دووەمی، وەکو زۆرێنەی هەرە زۆری ئەو کوردانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ناوەندی دەوڵەتی داگیرکەر یان ناوەندی لەسەر حیسابی دەستبەرداربوونی شوناسی یەکەمیان کە شوناسی کوردیە بۆ شوناسی دووەمیان کە شوناسی دەوڵەتی ناوەندی یان داگیرکەرە، پۆست و پلەو پایەیان وەرگرتووە. رەنگە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی کورد لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ بەغدا ئەوە بێت، ئەو کەسانەی کە لەساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە ناردوونی بۆ بەغدا هەر لە کەسی یەکەمەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بووە تا پێگەکانی تری وەکو جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیش مەگەر تاکو تەرایان تیابووبێت شوناسی کوردبوونی خستبێتە پێش شوناسی عێراقیبوونەوە. ئەم بۆچوونە لە وڵاتێکدا کە ناسیونالیزمی نەتەوەی زۆرینە یان سەردەست ئەگەر بووبیتە ناسیونالیزمی مەدەنی یان ناسیونالیزمی لیبریالی و قۆناغی ناسیونالیزمی ئیتنیکی بەجێهێشتبێت، ئاساییە ناسیونالیزمی نەتەوەی کەمینە یان بندەستیش بەهەمان پێوانە کاربکات، بەڵام کێشەی کورد لە عێراقدا بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیەوە هەرگیز نەیتوانیووە بەو شێوەیە بیربکاتەوەو بەڵکو پیادەی بۆچوونێکی هەڵەی کردووە کە بە حیسابی خۆی ئەو کەسانەی ناردووەتە بەغدا کە گوایە نەرمونیانترن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عەرەب، کە ئەو نەرمونیانیە لە بنەڕەتدا واتای خۆبەدەستەوەدان و کارکردن بۆ رازیکردنی ئەوی عەرەبە، بە چەمکی کۆمەڵناسیی سیاسیس مانای بەیەکەمبوونی شوناسی عێراقی و بە دووەمبوونی شوناسی کوردیە. ئەمەش وایکردووە جیاوازییەکی ئەوتۆنەبێت لە نێوان ئەو کەسانەی کورددا لە سەردەمی پاشایەتی و دیکتاتۆریەتدا لەسەر بنەمای بڕوابوونی خۆیان و دیاریکردنیان لە لایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بۆ پۆست و پێگەی دیار لە دەوڵەتی عیراقیدا هەڵبژێردراون، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کورد خۆی لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ناردوونێتیە بەغدا. هەموویان لەوەدا یەکدەگرنەوە کە لە رووی پیادەکردن و کارکردنیانەوە لە سیستێمی بەڕێوەبردنی عێراقیدا لە پلەی یەکەمدا عێراقین، لە پلەی دووەمدا کوردن، کە دیارە تیاشیاندایە رەنگە هەر بڕوای بە کوردبوونی خۆی نەبێت و کوردبوون نەک شوناسی یەکەمی نەبێت بەڵکو بە شوناسی دووەمی خۆیشی دانەنیت. کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا کێشەیەکە یەک چارەسەری هەیە کە ئەویش جیابوونەوەیە، بێجگە لە جیابوونەوەش هەر هەوڵێکی تر بدرێت هەوڵی پینەوپەڕۆیەو هیچ بەرهەمناهێنێت، رەنگە تەنیا سودەکەی ئەوە بێت کە بەو پینەوپەڕۆیانە چاوەڕوانی هاتنی کاتی گونجاو بۆ جیابوونەوەیەکی لەوجۆرە بکرێت، چونکە هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نیە بۆ ئەوەی کوردو عەرەب بتوانن لەوەی ئێستا باشتر پێکەوە بژین، هۆکارەکەشی ئەوەیە دوو ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئەستەمە بتوانن پێکەوە لە یەک سیستێمی سیاسی خاوەن سەروەریدا بژین، چونکە هەریەکەیان دەیەوێت پارێزگاری لە شوناسی خۆی لە ئاستی ئەویتریاندا بکات، واتە نەتەوەی کەمینە دەیەوێت لە هەموو روویەکەوە هاوشانی نەتەوەی زۆرینە بێت، ئەوەش هەرگیز روونادات تەنیا لە بوونی ناسیونالزمی مەدەنی یان لیبراڵدا نەبێت کە پەیوەستبوون بۆ یەک نیشتیمان دەبێت و یاسا بەتەواوی ئەوە رێکدەخات و دەستوور دەیپارێزێت و کەلتووری فرەێتی بەڕاستی باڵەدەست دەبێت و چەمکی هاووڵاتیبوون کاری پێدەکرێت و باڵادەست دەبێت بەسەر چەمکی ئیتنیکدا. لە بارێکی ئاوەهاشدا ئیتنیکی زۆرینە هەوڵنادات شوناسی خۆی وەکو شوناسی یەکەم نمایش بکات و پەیوەستبوونی خۆی بە نیشتیمانەوە لە پلەی یەکەمدا دابنێت و شوناسی ئیتنیکی کەمینە وەکو شوناسی دووەم یان پاشکۆ سەیر بکات و ئیتنیکی دووەم وەکو میوان یان زیادە سەیر بکات و لە هەلی دەرکردن و سەرکوتکردنیدا بێت. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لەم عێراقەدا ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی یان لیبراڵی و هاوکات رووبەری سەربەخۆبوون و خۆبەڕێوەبردنی کورد فراوانتر ببێت و شتێک نەمێنێت بەناوی کێشەی خاک و لەسەر بنەمای راپرسی چارەنووسی جوگرافیا دیاری بکرێت. هەڵبەت لە بارێکی وەهاشدا ئەگەر ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی کە بە کردەوە ناسیونالیزمێکی تووندو تیژە تا لوتکەی شۆڤێنیزم، بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی، نەهەوڵی بە زۆر کۆچپێکردنی کورد و بەعیرەبکردن دەدات، نە ماڵ و مڵک و جوگرافیای کورد داگیر دەکات، نە رووی دەبابە دەکاتە کوردستان و نە هەوڵدەدات بە سیاسەتی دوژمنکارانە کورد برسی بکات و یەکێتی نەتەوەیی تێکبدات. بێگومان ئەگەر ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی ئەم قۆناغەی ئێستای بەجێهشت و بوو بە ناسیونالیزمێکی مەدەنی و دەستبەرداری ئەوەبوو کە وەکو دوژمنی کورد رەفتاربکات و کوردی وەکو هاووڵاتی هەمان وڵات و بەهەمان ئاستی ماف و ئەرکەوە قبوڵ کرد و یەکسانی بەکردەوە لە نێوان هەموواندا درووست بوو، هەمووان لە ماف و ئەرکدا یەکسان بوون، ئەوا ئومێدێک دەبێت بۆ ئەوەی کورد لەگەڵ عەرەبدا بێ کێشە بژی، یان کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەگەر ئەمەش روونەدات ئەوا هیچ چارەسەرێكی تر بۆ کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبی عێراقدا نیە تەنیا جیابوونەوە نەبیت. بێگومان گواستنەوەی ناسیونالیزمی ئیتنیکی هەرە تووندو تیژی عەرەبی عێراقی بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی شتێکە نەک لەسەر زەمینەی واقیع بەڵکو لە خەیاڵیشدا، تەنانەت لە قوڵایی یۆتۆپیاشدا جێگای نابێتەوە. بۆچی؟ بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی پرسیاری بۆچی بدەینەوە، دەپرسین سیستێمی سیاسی عێراق چیەو چۆنەو پایەکانی چین و چ عەقڵێک بەڕێوەی دەبات؟ ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ دروستبوونی سیستێمێکی سیاسی ئیداری لە عێراقدا کە چەقی کارکردنی چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوون و دیموکراسی بێت؟ عێراق وەکو دەوڵەت لە مێژووی نوێدا کە مەبەست مێژووی دوای جەنگی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانیە، بە ناسروشتی دروستبووەو ئەو دەوڵەتەی دروستکرا تەنیا بڕیاری سیاسی دروستیکرد لە غیابی کۆمەڵگەیەکدا کە لە ئاستی بەرهەمهێنانی دەوڵەتدا بێت، دەوڵەت بە چەمکی نوێ، یان بە چەمکی کلاسیک. واتە کۆمەڵگای عێراقی لەو کاتەدا نە ئەوەندە پەرەسەندوو بوو کە دەوڵەتی هاوچەرخ، یان دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بوونی ناسیونالیزم بەرهەمبهێنێت، نە دەوڵەتی فیودیالی خێڵایەتی یان ئایینی دروست بکات، بەڵکو ئینگلیز لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا چوارچێوەی دەوڵەتێکیان بۆ كیشاو ناویان نا دەوڵەتی عێراق، کە لە زۆرینەی شیعەو کەمینەی سونە پێکهات و بۆ هاوسەنگی دروستکردن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەشدا کە هەمان ئیتنیک بوون، بەشێک لە ئیتنیکێکی جیاوازیان خستە سەر ئەو دەوڵەتە کە کورد بوو، واتە لە روانگەی ئەوکاتەی ئینگلیزەوە جیاوازی مەزهەبی گرنگتربوو لە جیاوازی ئیتنیکی. هەربۆیە سونەی کوردو سونەی عەرەبیان لە بەرامبەر شیعەی عەرەب دانا. واتە پایەی یەکەمی دروستبوونی ئەو دەوڵەتە مەزهەب بوو. بەڵام سەرباری زۆرینەی شیعە بەریتانیا فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتەیان نەدایە دەستی شیعە. جێگای خۆیەتی بپرسین بۆچی ئینگلیز سەرباری ئەوەی شیعەی عەرەب زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو عێراقەیان پێکدەهێنا کە ئەوان دایانتاشی، کەچی فەرمانڕەوایی درایە دەستی سونەو مەلیکێکی خواستراو کە ئەو مەلیکەش لە حیجازەوە هێنرا، واتە مەبەست ئەوە بوو کە سەرۆکی ئەو دەولەتە نوێیە خاوەن ئەسڵێکی پەسەندو خوێنی عەرەبی و دەماری عەربی بێت و پێدەچێت ئەو کاتەش ئینگلیزەکان بە گومانەوە سەیری ئەسڵی شیعەیان کردبێت، هەم بە خاوەنی دەمارو خوێنی خاوێنی عەرەبییان نەزانیبن، هەم لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵەیەتیەوە نەک بۆ ئەو کاتە بەڵکو بۆ دواترێش و تاکو ئێستاش شیعە رووی بەدووی عەرەبی دەنوێنن و لە رووی پەیوەستبوون بە ئەسڵی ئیسلامەوە لەچاو سونەدا ئیلتیزاماتیان شل ترە کەچی لە رووی پەیوەستبوون بە ئیمامەکانیانەوە زۆر تووندن و پەیوەستبوونیان هاوشیوەی پەیوەستبوونی دەروێشە بە تەریقەت و بە شێخەوە، کە ئەم جۆرە پەیوەستبوونەش بۆ بەڕێوەبردن و کاری سیاسی و دەوڵەتداری بێجگە لە داخستن بە رووی دەرەوەدا و بێجگە لە شێوەیەک لە کۆیلایەتی هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. رەنگە ئینگلیز لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەتی عێراقیدا باش لەوە تێگەیشتبن کە سایکۆلۆجیای کەسێتی کۆمەڵایەتی شیعە چیەو چۆنە، بۆیە رێگایان نەدا شێعە لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقیدا دەورێکی ئەوتۆیان هەبێت و ئەوەش وایکرد کە شێعە نەبنە خاوەنی عەقڵی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری، تەنانەت تاکو ئێستاش ناتوانن دەوڵەتداری بکەن. خۆئەگەر بشبن بە فەرمانڕەوا، ئەوە دەوڵەت و ئیدارەی ئەوان هەرگیز نابێتە دەسەڵاتی یەکەم مادەم ئیمام و مەرجەع هەن و بڕیار لای ئەوانە. دەسەڵاتی پازدە ساڵی رابردووی شیعە لە عێراق و چڵ ساڵی فەرمانڕەوایی لە ئێران دەریخستووە کە دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت پاسەوان و پارێزەری دەسەڵاتی ئیمام و مەرجەعن کە ئەوانیش نوێنەری ئیمامی عەلی و زمانحاڵی سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی بە ناحەق رژاوی حسێنن و لە سەر زەوی. واتە پێکهاتەی هەرەمی دەسەڵاتی شیعە هەر هەمان هەرەمی دەسەڵاتی ئایینیەو لە هەرەمی دەسەڵاتی ئایینیشدا کە تاکە کەسی نوێنەری خۆدا لە لوتکەدایە هەرگیز نە دیموکراسی دروست دەبێت و نە فرەکەلتووری جێگای دەبێتەوە، هەر بەوپێیەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵکردنی ئەویتر نە دەبێتە کەلتور و نە بواری پێدەدرێت و نە زەمینەیەک بۆ بوونی هەیە. کەواتە بێجگە لەوی شێعە کەسی تر قبوڵ ناکرێت. ئەمە روویەکی ئەو عێراقەی ئێستایە کە هەندێ بە هیوان ئەو عەقڵیەتە کورد قبوڵ بکات و پێکەوە بژین. بێگومان لەپاڵ ئەم بنەمایەی شیعەگەریدا، عێراق تاکو ئێستاش لە رووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە پێکهاتەیەکی خێڵایەتیە کە رایەڵەی بەهێز تیایدا رایەڵەی دەمارو خوێنە، ئەمەش بۆ شیعەو سونەش راستەو هەردووکیان سەرباری جیاوازی مەزهەبی بەڵام هەمان پێکهاتەی کۆمەڵایەتییان هەیەو لەسەر بنەمای خوێن و دەمار بنیادنراوە. ناسیونالیزمی عەرەبیش نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە هەموو جیهانی عەرەبیدا لەسەر پایەکانی خێڵایەتی- خوێن و دەمار- و ئیسلام –سونەو شیعە- پێکهاتووە. ئایا دەشێت ئەم ناسیونالیزمە کە ئێستا لە پارتە شیعەو سونەکاندا خۆی دەنوێنێت و ناسیونالیزمێکی ئیتنیکی رەگوریشە خێڵایەتی ئایینیە بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە دامەزراوەی خێڵایەتی ریشە دەمارو خوێن و پانتایی کۆنەست و رۆحیی داگیرکراو بە مەزهەبیەتی داخراو و کورتبین و تووندڕەو و مۆتوربەکراو بە تووندترین رەگەزەکانی فاندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی سونەو شیعەو لە زەمینەو پاشخانێکی کۆمەڵایەتی هێجگار دواکەوتووی وەکو ئەوەی عێراقدا هەلومەرجی بنیادنانی سیستێمێکی دیموکراتی بڕەخسێت کە تیایدا ئینتیما بۆ نیشتیمان و ئینتیما بۆ عێراق و برایەتی لە نێوان هاووڵاتیانی ئەو نیشتیمانەدا و یەکسانی و دادپەروەری لە نێوانیاندا نەک هەر ببێتە کەلتوری باڵادەست، بەڵکو لەسەر زەمینەی واقیعیش رەنگبداتەوەو کاری پێبکرێت و عێراق ببێتە زەمینەی فرە کەلتوری و یەکتر قبوڵکردنی خۆویستانەو روانین و مامەڵەکردن لەگەڵ هەمووان بەیەک چاو و لە روانگەی هاووڵاتیبوون و هاوئینتیماییەوە، ئەمەش جێگا بە جیاکاری ئیتنیکی و جوگرافی و کەلتوری و ئایینی و مەزهەبی چۆڵ بکات و خۆی جێگای بگرێتەوە، ئەوا لە بارێکی وەهادا پێویستە لەسەر کورد لە هەموو ئاستێکدا وەکو عێراقی رەفتار بکات و بەئەندازەی مافەکانی لە عێراقدا دەبێ ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات. بەڵام ئەی ئەگەر ئەمانە هیچی بوونی نەبوو، ئەوی زۆرینەی عەرەب کە بریتین لە ئیتنیکی نەتەوەی سەردەست و ناسیونالیزمی عەرەبی نەک تەنیا لە عێراقدا بەڵکو لە هەموو ئەو وڵاتانەی تریشدا کە بێجگە لە عەرەب ئیتنیکەکانی تریشیان تێدایە، هەموو هەوڵێک دەدات و کۆشش دەکات بۆ بەهێزکردنی ئیتنیکی عەرەبی لەسەر حیسابی لاوازکەردن و لەناوبردنی ئیتنیکەکانی تر، چونکە ئەو ناسیونالیزمە هەمان شێوەی هەموو ناسیونالیزمێکی ئیتنیکی بە کاریگەری سەرچاوەکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی و بەکاریگەری سروشتی پێکهاتنی ناسیونالیزمێکی تووندڕەوو داخراوەو وایدەبینێت هەر نەشونوماکردن و گەشەکردنێک لە ئیتنیک و نەتەوەو گەلانی تردا رووبدات، لێدانە لە بوونی ئەم، بەتایبەتیش وەکو نەیارو جێگرەوەی خۆی سەیری ئەو ئیتنیکانەی تری وەکو کورد دەکات کە ناچارکراون لەگەڵ ئەودا بژێن و ئەویش تەنیا وەکو پاشکۆی خۆی سەیریان دەکات. بێگومان دەوڵەتی عێراقی بەرزترین ئاستی گەشەکردنی کە ئەو ناسیونالیزمە خێڵایەتیە مەزهەبیە فاندەمێنتاڵە داخراوەیە پێیگەیشتووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت نە بەرەو دیموکراتی هەنگاو بنێت، نە مافی مرۆڤ و نە سادەترین ئاستی یەکسانی و دادپەروەری و نە لاوازترین چەمکی هاووڵاتیبوون تیایدا بێتە ئاراوە، بۆیە هەر باسکردنێکی یەکێتی عێراق و گێڕانەوەی کورد بۆ ژێر سایەی ئەو سیستێمە مەزهەبیە- خێڵەکیە نەتەوەییە لەناوخۆدا ناکۆک و وابەستەیەی مەرجەعی شیعەو ئیخوانی سونە، بێچگە لە تێنەگەیشتن لەوەی لە واقیعدا هەیە هیچی تر نیە. هەر لێرەشەوەیە هەموو کوردە ئیخوانیەکان و هەموو کوردە پرۆشیعەکان باسی گەڕانەوە بۆ ژێر سایەی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بۆ کوردە ئیخوانیەکان و پرۆشیعەکان و زۆرینەی ئەوانەشی بەدوای بەرژەوەندیە تایبەیبەتیەکانی خۆیانەوەن لە بەغدا، شوناسی عێراقی بە تەواوی بووەتە شوناسی یەکەمیان و سوناسی کوردبوون بووەتە پاشکۆ کە ئەوەش زیاتر دەرئەنجامی لاوزی کەسێتی خۆبەبچووک زان و کورد بە بجووکزانینە لەبەردەم کەسێتی عەرەبی و ئیتنیکی عەرەبیدا. هەر لەم روانگەیەوە، ئەو کوردانەی شوناسی عێراقی شوناسی یەکەمیانە، بۆ کورد بوون و نەبوونیان لە بەغدا هاوشێوەیە لە هەر پێگەیەکدا بن، واتە لە هەر سێ سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراقەوە تە دوا بەرپرسی کورد لە عێراق با بۆمان بژمێرن چ سودێکیان بۆ کورد هەبووە. بەڵام ئاشکرایە زیانەکانی هەموویان بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کورد چی بووە. بۆ نموونە بە حیساب سەرک کۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام ئەوەتی دەستووری عێراق دانراوە هەموو رۆژێک پێێ لێدەنرێت، ئەی کوا رۆڵی ئەو پارێزەرانەی دەستوور؟ کەواتە ئاشکرایە کورد لە بەغدا مادەم بەشدار نیە لە بڕیارداندا کەواتە بوون و نەبوونی لەوێ وەکو یەکە. لە راستیدا ئەگەر کورد ئاسۆی بینینی هەبووایە هیچ کەسی نەدەناردە بەغداو بەجۆرێک رێکەوتنی لەگەڵ بەغدا دەکرد لە رووی داراییەوە هاوکارییەکی جێگیری بکردایەو هەموو ئەو پۆستە کارتۆنیانەی دەدایەوە بە عەرەب و دەشیا ئەوەش بەجۆرێک دەوری هەبووایە لە خاوکردنەوەی تووندوتیژی و ناکۆکیەکانی نێوان کوردو بەغدادا، چونکە ئاشکرایە بەردەوامبوون بەم شێوەی پانزە ساڵی رابردووی پەیوەندی نێوان کوردو عێراق هیچ دەرئەنجامێکی باش بەدەست نایەت، عێراقیش نابێت بەو عێراقەی کە کورد بچێتە ژێرباڵی و پارێزراو بێت، بۆیە پێویستە تا ئەو کاتەی هەلی جیابوونەوە دەڕەخسێت و بکەرێکی کوردی درووست دەبێت بەکردەوە نەک بە قسە ئەوە بکات بە واقیع، پێویستە کورد لە دوای شێوەیەکی تر لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا بگەڕێت و خۆی بەوەوە خەریک نەکات عێراق چۆن سیاسەت دەکات و چۆن هەڵبژاردن دەکات و کێ سەرۆک وەزیرانەو کێ بڕیاردەدات. هەرکەس سەرۆک وەزیران بێت و هەرکەس دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت لە بەعدا بە گوێرەی کورد هەمان شتە چونکە ئەوەی لە بەعدا فەرمانڕەوایە نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی ئیتنیکی خێلایەتی مەزهەبی عەرەبی دەکات و دەبێ بەپێی بەرنامەو عەقڵیەت و ستراتیژی ئەو ناسیونالیزمە کاربکات و جیاوازی کەسەکان لە خراپترینیانەوە کە سەدام حسەین بوو بۆ باشترینیان کە دیارە نەک باشترین نیە ئەویش هەر خراپ بوو کە عادل عەبدولمەهدی بوو زۆر کەمە چونکە هەموویان جێبەجێکەری هەمان بەرنامەن و هەرکەسی تریش بێت هاوشێوەی ئەوانە. باشترین نموونە کە دواین نموونەیە، عەقڵی بێگەوهەرو ساویلکەی سیاسی کوردی گۆرانی بە باڵای کازمیدا دەگوت، هەرچۆن ئێستا بەشێکی دیار لە راگەیاندنی ساویلکە یان رەنگە لە هەندێ باردا کڕراوی کوردیش بەشان و باڵایدا هەڵدەدەن، لەکاتێکدا قورسایی کازمی وەکو کەسێتی و وەکو پاشخانی کۆمەڵایەتی و وەکو پاڵپشتی حیزبیش لە وەزنی باپوشکەیە و وەکو زۆرێک لە عەرەبەکان دەڵێن پیاوی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە نەک پیاوی کار. بەهەرحاڵ مەبەستم ئەوە نیە بڵێم، شێوەی سیاسەتی خراپی عێراق بەرامبەر بە کورد پەیوەندی بە کەسەکانەوە هەیە، نەخێر شێوازی سیاسەت و مامەڵەی عێراق لەگەڵ کورد بەرهەمی کەلتوری ناسیونالیزمی ئیتنیکی خێلایەتی مەزهەبی عێراقیە و بۆ مەودای دووریش ئەگەری گۆڕانکاری ئەوتۆی تێدانیەو هەروەهاش دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە ساویلکەیی عەقڵی سیاسی کوردی و نانەتەوەییبوونی حیزبی کوردی و نەزانینی کارکردنی نوخبەی سیاسی کوردی و تێنەگەیشتنی بەشێکی و عیراقیبوونی بەشێکی ترێتی، واتە بەیەکەم کردنی شوناسی عێراقی و بە دووەمکردنی شوناسی کوردی لە لایەن نوخبەیەکی سیاسی و حیزبیشەوە بە تایبەتی کوردە ئیخوانیەکان کە کلکی سونەن و پرۆشیعەکانیش کە پەیوەستن بە پانتایی شیعەوەو تێنەگەیشتنی ئەوانی ترو لەبری کارکردن لە پێناوی کوردو بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانیدا حیزب و نوخبەی سیاسی کوردی سەرقاڵن بەبەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیانەوەو کارکردن لەگەڵ بەغدای ئەوانەی لەگەڵ بەغدا رێکن و ناکۆکی لەگەڵ بەغدای ئەوانەی لەگەڵ بەغدا ناکۆکن بەگشتی پەیوەندیان بە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیانەوە هەیە نەک بەرژەوەندی کورد، هۆکەیشی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیە لە لای حیزب و نوخبەی سیاسی کوردی، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کورد لە سەردەستی کۆی ئەم حیزبانەی ئێستاو ئەم نوخبە سیاسیەی ئێستادا ببێتە خاوەنی شتێکی لەوەی ئێستا زیاتر.
دانا رەشید بە ئاشکرا هەوڵەکانی ئەردۆگان وەک کەسایەتیەکی ئیسلامی تورکی رەگەز پەرست دەزانرێ بەرەوە چ ئاراستەیەک دەروا ، دروست کردنەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامی تورک مەزهەب لەسەر کەلاوەی روخاوی ئیپراتۆری عوسمانی ، کە تێێدا تورک ئیماندارو تورک باڵادەست و تورک فەرماندار بێت ، تورکێک کە هیچ ئەرزش و قیمەتێک بۆ میلەتی کورد بەتایبەتی و میلەتانی تری مسوڵمان دانانێت ، تورکێک کە دەرچوی مەدرەسەی ئەتاتورک وەک رەگەز پەرستی و مەدرەسەی ئیخوانی وەک دینی فەرمانرەوا ، رەنگە بە کەوتنی سیستەمی یەک لەدوای یەکی ،دەوڵەتانی باکوری ئەفەریقا لە تونسەوە ،وە شڵەژانی نیزامی ئەسەد لە سوریاو وێران بوونی تەواوی سەرزەمینی سوریاو ، بە گەندەڵی و دزی دارزانی عێراق لە نێویشیاندا هەرێمی باشوری کوردستان وەک دارزاوترین حکومەت و دەسەڵاتی ناوچەی ، کە بۆتە حەوشەی پشتەوەی مەرامە گڵاوەکانی ئەردۆگان، ئەمانە هەموی شانسی جێ بە جێ کردنی پلان و پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆگانی زۆرتر کردبێ ، ئەردۆگان هەر وەک نەیارەکانی لە ناو تورکیا بەو پیاوە پچوکەیان وەسف کرد کە خەونی گەورە دەبینێ ، بۆ هێنانە دی ئەم خەونە توانیویەتی بە چەندین جۆری جیاواز و لە سەردەمی جیاواز کار بکات ، وەلی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی دەوڵەتە بەهێزەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا ، ئایا لەگەڵ ئەم خەونەی ئەردۆگان بێئاگاو خەوتون ، یاخود نەخێر بەئاگان و ئەوا دەریش دەکەوێ کە چۆن خەونەکانی ئەردۆگان تێکشکاوە و تێکیش دەشکێنرێت ، لێرەدا نمونەیەک وەردەگرین و وەک سمپلێک دەکرێ لە چۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی تێبگەین سەبارەت بەم خەونەی ئەردۆگان ، کەسایەتی دیارو سیاسەت مەداری باشوری کوردستان ، نەوشیروان مستەفا ئەوکاتەی ساڵی ١٩٨٧ بۆ چارەسەری بڕبرەی پشتی ، سەفەری ئەوروپا دەکات و لە شاری بەرلین نەشتەرگەری پشتی دەکات ، دوای چاکبونەوە لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالستی فەرەنسی ، گفتوگۆ لەگەڵ راوێژکاری سیاسی سەرۆک فرانسوا میتێران ،سەرۆک کۆماری پێشوی فەرەنسا دەکات ، باس لە کێشە نەتەوەی یەکانی رۆژهەڵات و کێشەی کورد دەکات ، راوێژکاری میتێران دەڵێ (من بە رەچەڵەک باسکم لە گیروگرفتی نەتەوەیی تێدەگەم ، بەهاودەردیەوە سەیری کێشەکەتان دەکەم ، بەڵام ئێمەو ئێوە ئامانجمان جیاوازە ، ئێوە دەتانەوێ عێراق بروخێ چونکە تێیدا دەچەوسێنەوە ، ئێمەش دەمانەوێ عیراق بمێنێ و پایەدار بێ ، چونکە یەکەمین سەنگەرو دواین سەنگەرە لەبەرامبەر لێشاوی شۆرشی ئیسلامیدا ، عیراق بروخێ بە دوایدا سوریا دەروخێ و بە دوایدا سەروی ئەفەریقاش دەروخێ ، ئەوکات رێگا تەخت دەبێ بۆ سەرهەڵدانەوەی ئیمراتۆرێکی ئیسلامی هاوشیوەی عوسمانی کە چەند سەدە ئەوروپای بەخۆیەوە خەریک کردبوو ) هەرچەندە ئەم بۆچونە بەشێکی تەواو روستە بەڵام ئەوەی راست نەبوو لە روخانی عێراقدا بوو کە کورد ئێستەش بە مافەکانی خۆی شاد نەبوو ئەوەبوو دەسەڵاتی کوردی جێگەی دەسەڵاتی بعسی گرتەوە زۆر بە خراپیش ، بەڵام وەک نمونە رەنگدانەوەی بیری دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمەریکایە بەرامبەر ئەو پیلانەی ئەردۆگان کە چۆن لە هەوڵدایە بۆی ، ئەردۆگان سەرەتا بە تۆزێک کرانەوە بە ڕوی مافەسەرەتایەکانی کورد دەستی پێ کرد ، ئەوەش بۆ لە خشتە بردن و سابون لە بنی پێدانی سەرانی باشورو بەسیک کۆمەڵگەی ساویلکەی کوردی ، کاتێ ئەردۆگانی بە مسوڵمانێکی فریشتە ئاسا کەوتە بەرچاو ، بۆ ئەمەش کورد زامنی هەڵبژاردنەوەی دەبێ ، لەمەشدا سەرکەوتو بوو ، چونکە کورد زۆر ئازایە کاتێ خۆی بەقوربانی شێخ و میرو سوڵتان دەکات بەناوی دینەوە ، بەڵام هەرزوو بیرو فکری ئیسلامی ئەردۆگان لەناو تورکیا لەتویژی رۆشنبران و هونەرمەندان و زانستخوازان توشی گرفت و نارەزایی بوەوە ، کە ئەو بیرە جەهەنەمیەی ئەردۆگانیان پێ قوبوڵ نەبوو ، لە لایەکی ترەوە بەرەی هەدەپە کە کۆمەڵێک سەرکردەی لێهاتوو بێشرەوی دەنگی کوردیان کرد ،ئەردۆگانی توشی شۆک کرد ، شۆکێک کە هەمویان لە زیندان توند کردوە . لە جیهانی دەرەوەدا توشی ململانێی قورس لەگەڵ ئێران لە لایەک و سعودیە لە لایەکی تر بە قورسی بوەوە ، لەمەشدا دەوڵەتی قەتەری وەک بنکەی ئەو ململانێ یە هەڵبژارد ، کاتێ قەتەر تەواو شوڵی لێ هەڵکێشا ،توشی گەمارۆی ئابوری کرایەوە و بە جۆرێک تەمێ کرا کە چیتر پێ لە بەرەی خۆی درێژتر نەکات ، لەم ملاملانێانەدا بە میکانیزمی رەدو بەدەل هەتا ئێستە هێناویەتی ، چونکە بۆ مەرامەکانی دەکەوێتە جەنگێکی قورسەوە ، بە هاتنە سەر کاری مورسی وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ئیسلامی لە مصر ، دەرگا بۆ ئەردۆگان واڵا بوو ، هەروەک چۆن ئەردۆگان و راشد غەنوشی سەرۆکی حیزبی نەهزەی ئیسلامی لە تونس دۆستی دێرینی یەکترین ، لە ئەفغانستانەوە لەسەر دەستی غولبەدین حیکمەتیار بوون بە هاوبیری یەک ، واتە پلانەکە لێرەوە دەست پێدەکات ، مورسی دەوڵەتی مصر لە هەرچی دەوڵەماندان و دەسەڵاتدارانی مەسیحی پاک بکاتەوە و بەرگێکی ئیخوانی ئیسلامی توند بگرێ بەسەر مصردا ، کە مورسی زۆر بە خێرایی ئەم کارانەی دەکرد ، بەڵام غەنوشی بە تەرزێکی تر مامەڵەی دەکرد ، بەجۆرێک کە بە شەکراو شەعبی تونس بخنکێنێت ، حکومەتی مورسی بە یەک ساڵ مصری کرد بە زیندانێکی گەورە ، لەشکرێکی لە ئەولاد شەوارع و بەڵتەجی دروست کردبوو بە رۆژی نیوەرۆ ، ئازاری خەڵکانی مەسیحی و جولەکەیان دەداو لێێان دەکوشتن ، کەوتبوونە کەنیسە سوتاندن و گەورەترین و دێرینترین کەنیسەی قاهیرەیان بە رۆژی نیوەرۆ سوتاند ، هونەرمەندان رۆشنفکرانی ڕوبەرو دادگا دەکردەوە ، بە تۆمەتی تانەدان لە دین و شەرعی ئیسلامی ، زۆرێک لە سەرمایەدارانی مەسیحەکانی تەنگەتاو کردوو موڵک و ماڵیانی زەوت دەکرد ، تا لە وەختێکی موناسبدا عبدالفتاح السیسی بە کۆدەتا کردنە سەر دەسەڵاتی مورسی ئەو پیلانەی ئەردۆگانی تێکشکاند و لە گۆڕی نا ، بەمەش ئەردۆگان ڕوی پلانەکەی ئاراستەی لیبیا کردوە ،وەک جێگرەوەی مصر ، دەیەوێ لە لیبیاوە بەو ئامانجەی بگات و لە بنەوە پیلان لە مصر دەگێرێت ، لەمەشدا هاوکارەکەی کە راشد غەنوشیە کە ئێستە سەرۆکی پەرلەمانی دەوڵەتی تونسە ، بە هۆی ئاشکرا بوونی سەردانە نهێنیەکانی بۆ لای ئەردۆگان ، توشی گەورەترین کێشەو گرفت بۆتەوە ، کە ئەمیش نەیتوانیوە بەو شەکراوە شەعبی تونس بخنکێنیت ، واتە ئەردۆگان لە لیبیا گەمارۆ دراوە ، بەڵام ئایا چارەنوسی لیبیا بە چی دەگات ؟ پوتین و روسیا لە جەنگ و ململانێکانی سوریا ،ئەردۆگان وەک عەمیل بەکار دەهێنێت ، هەروەک چۆن ئەردۆگان سەرەتا بۆ ئەوەی لە یەکێتی ئەوروپا وەری بگرن ، کارتی دەوڵەتی ئیسلامی گرت بە دەستیتەوە ، کاتێ زانی کارتێکی دۆراوە و ئەوروپا لەبەر خاتری دروست نەبوونی هێزێکی ئیسلامی بترنجێننەوە ناو خۆیانەوە ، ئینجا رایگەیاند نایانەوێ بچنە ناو ئەوروپا ، چونکە تورکیا مێژوەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا گەورەترە ، لە سوریا بۆ ئەوەی دەستی بکەنەوە کوردستان قاتو قڕ بکات ، کەوتە کرینی قاعیدەی ئێس ٤٠٠ دژە ئاسمانی ، کە هەدەفی پوتین دژایەتی کردنی ئەمەریکاو ناتۆیە ، بەڵام هەدەفی ئەردۆگان رازی کردنی پوتین و روسیایە دەنا نە ئێستەو نە داهاتو هیچ ئیستفادەیەک لەو قاعیدە گەورەیە ناکات ، لە لایەکی ترەوە بۆ هێنانە سەر خەتی ترامپ و ئەمەریکایە کە ئەگەرلەگەڵ خواستەکانی نەبن ئەوا روسیا بەهێز دەکات لە ناوچەکەدا ، بەڵام نەتیجە ، بە هەندێ گەمە کە مەخابن کورد تێێدا بوو بە قوربانی ، ئەردۆگان تێکشکێنرا لە سوریا ، ئەوەتا ئەمەریکا بەرژەوەندی خۆی بە رۆژئاوای کوردستانەوە گرێ داو پوتین و روسیاش لە لیبیا دژی هێزەکانی ئەردۆگان چەک و توفاقی جەنگی بە جەنراڵ حەفتەر دەات ، گلۆپی سەوزیش بۆ هێزەکانی مصر هەڵکراوە کە سنورەکانی خۆی بپارێزیت دژی ئەردۆگان ، ئێستە ئەردۆگان لە قۆناغی کۆتایی یاریەکەدایە ، چارەنوسی بە هەڵبژاردنی داهاتەوەوە بەستراوەتەوە ، ئەگەر ئینقلاب ڕونەدات لە تورکیا ، چونکە مێژوی تورکیا پڕە لە ئینقلابات .
زانا ئەحمەد تا ئێستا هیچ وادەو کاتێکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی موچە نیەو ئەمرۆ سەرو ٤٠ ڕۆژ تێپەڕ دەکات بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دا، تۆ تەماشاکە مانگی هەشتەو هێشتا تەنها موچەی مانگی دوو دابەشکراوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆژێک نەبووە لە فرۆشتنی نەوت وەستابێت و بەبەردەوامی نەوتی خۆی فرۆشتووە!!! بەدەر لەمەش بەو پێیەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم هی ڕابردووە، هیچ کاتێک نەبووە کە هەرێم نەوتی خۆی لە هەرزانیدا فرۆشتبێت، واتە ئەو چەند رۆژەی کە نرخی نەوت هاتە ٢٠ دۆلار و کەمتر لە٢٠ دۆلار هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشت، بەڵام بە نرخی رابردوو نەک هی ئەو کاتە، بەماوەیەکی کەمیش نرخی نەوت بەرزبویەوە بۆ نزیکەی ٤٠دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوتێک و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە زاری خۆشیان بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. ئەمەش دەریدەخات کە پاساوی دابەزینی نرخی نەوت و نەخۆشی کۆرۆنا لەجێگەی خۆیدا نیە و نابێت ئەوە بکرێتە بیانوو بۆ دابەشنەکردنی موچە. بەکوردیەکەی حکومەت نەوتی ئەم شەش مانگەی فرۆشتووە و پارەکەی وەرگرتووە، بەەڵام نە موچەی فەرمانبەرانی پێداوە نە پرۆژەیەکی ستراتیژی وای پێ دروستکردووە کە جێگەی باس بێت، دۆخی نەخۆشخانەکان و نەبوونی ئۆکسجینیش بەڕونی دیارە!!! ئێستا کاتی ئەوە نیە ئەو پەرلەمانە ١١١ کەسیە کە لە بری قسەکردن لەسەر شوێنەوارەکان و چەند بابەتێکی تری کەم بایەخ کۆ دەبێتەوە لەسەر پرسی نەوت و دەروازە سنوریەکان و کێشەی خەڵک و موچەی فەرمانبەران کۆببێتەوە؟؟!! کاتی ئەوە نییە پەرلەمان و هێزەسیاسیەکان و خەڵکی بپرسێت تاکەی خەڵکی لەژێر ڕەحمەتی کەمینەیەکی سەرمایەداری بێ ئاگا لە میللەت هەناسەی سارد هەڵکێشێت و بخنکێت.؟ کاتی ئەوەنیە ئیتر موچەخۆرانی هەرێم بزانن کەی موچە وەردەگرن و چەندیان لێ دەبڕێت و بۆچی لێیان دەبڕێت.؟! کاتی ئەوە نیە پەرلەمان بەم حکومەتە بلێت لەبری فرۆشتنی نەوت بیر فرۆشتنی شتێکی تر بکەرەوە، چونکە نەوت بەو گرنگەیەی نەیتوانی ببیتە ئامڕازی خۆشگوزەرانی خەڵک.!! نابێت بە بەردەوامی خەڵک باجی سیاسەتێکی شکستخورادووی ئابووری سەربەخۆ بدات و دەسەڵاتیش باکی بۆ بێ وەزعی خەڵک نەبێت.! بۆیە لە ێستادا ئەم کابینەیە دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە یان جاڕی شکستی خۆی بداتـ و بە ڕونی ئەوە ڕابگەیەنێت کە لە هەنگاوی ئابوری سەربەخۆدا شکستسیان هێناوە و داوای لێبووردن لە خەڵکی بکەن،یان بەهەر ڕێگاو هەوڵێک هەیە باری داتەپیوی ئابوری خۆی ڕێک بکاتەوە و موچەی و مافە داراییەکانی موچەخۆران لە وادەی خۆیدا خەرج بکات و دۆخی خراپی خەڵکیش بگۆرێت. بۆیە ئەگەر یەکێک لەم دوو رێگەیە هەڵنەبژێرێت ئەوا دوور نیە لە داهاتووودا دۆخەکە بەشێوەیەک تێک چێت کە کەس توانای چارەسەرکردنی نەبێتـ، کە بەڕای من ئەمە ڕێگەیەکی خراپەو ئەخوازم هەرگیز نەگەینە ئەو دۆخە.
عەبدولڕەزاق شەریف هەروەک چۆن پارتی دیموکرات و کوڕو کورەڕەزاکانی مەلا مستەفای بارزانی لەشۆڕش و دوای شۆڕش لەپێش مەرگ و دوای مەرگی نەیانتوانی و نەیانویست مەلا مستەفا وەک رەمزێک و پیاوێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەموو گەلی کوردستان بناسێنن، بەهەمان شێوە حزبەکان و نەوەکانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفاش نەیانتوانی. بڕوانن ئەو سێ سەرکردەیە، سەدان دەستکەوتی گەورە و وێنەی جوانیان لە بەرگریکردن و شۆڕش و پێشمەرگایەتی بە میللەتەکەمان بەخشی، بەڵام نەوەکانیان و باڵادەستەکانی حزبەکانیان سیحری ئەو مێرخاسانەیان بەسەر گۆڕەکانیاندا قڵپ کردەوە، لە پێناوی چیدا ؟ ئەو دەسەڵاتە مەعنەوی و پارەیەی لە پاشیان بە جێما !! حەتمەن مانگە شەوی ئاسمانی ئایندەی مەسعود بارزانیش لە ئەنگۆرەی ئێستاوە دیارە . قورسە بۆ ئێستا و کەسێکی ناحزبی وەک نوسەری ئەم دێڕانە بڵێ (مەلا مستەفاهەژارانە ژیاو کوردانە بەرگریکردو پیاوانە مرد، مام جەلال مامۆستاو هونەرمەندی هەستانەوە و بەرگریکردن و سەرکردایەتیکردنی کورد بوو، نەوشیروان مستەفا تاقانە پیاوی ئەفسانەیی مێژووی کوردایەتی بوو). کاک کۆسرەت قسەیەکی هەیە ( گەر کوڕەکانمان جێگەمان نەگرنەوە هەموومان وەک خایین ئەچینە لاپەڕەکانی مێژووی کوردەوە ، مەلا مستەفاش بۆیە وایکرد )، رەنگە ئەمە بیرکردنەوەی هەموویان بێت، من پێچەوانەی ئەم تەرحە پێموایە وەفای کوردو رەوایی مەسەلەکەی ئەوەندە گەورەیە کە ئەم لۆژیکە رەتکاتەوە، ئەوەی پرسیار ئەخاتە سەر مێژووی ئەو سەرکردانە نەوەکانی خۆیان و سەرکردایەتی حزبەکانیانە . ئەوەی من لەم نووسینە مەبەستمە تەنیا نەوشیروان مستەفایە، چونکە لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو هەوڵانە بووم کە بۆ مردنی مەعنەوی ئەو زاتە لەلایەن نەوەکانی و سەرکردایەتی حزبەکەیەوە ئەدراو بەردەوامیشە، بۆ ئەوانیتریش با نزیک و ئاگادارەکان مردنیان بنووسنەوە. پرسیارێک پێویستی بەبیرکردنەوەیە، ئایا چەند کەس لەو هاوڕێیانەی لەگۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا ناڕازی بوون ، دوای جێهێشتنی گردەکە سەنگەریان بۆ ناو حزبەکانی تر گواستەوە؟ ئەوەی سەنگەری گواستەوە تەنیا کوڕەکان و سەرکردەکانی گۆڕان خۆیان بوون و بە ئاشکرا ئەمدیوکردن و ئاودیوکردنیان بۆ یەکێتی و پارتی ئەبینرێ، ئەوەی بە نائومێدی و بڕوای پتەویشەوە مایەوە ئەو ناڕازیانە بوون. ئەوەشی کە لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕانی ئێستاوە پەلاماری ئەدرێ هەر ئەەو ناڕازیانەن، بەمانایەکی تر (فکری نەوشیروان مستەفاو هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفان) . کەس نیە لەناو گۆڕاندا بووبێت و نەزانێ نەوشیروان مستەفا میدیای گۆڕانی دروستکردو بە ئیمزای خۆی هەر سێ ئۆرگانی (تەلەفزیۆنی ک.ن.ن، سایتی سبەی ، ژوری رۆژنامەوانی و رادیۆی گۆڕان)ی کرد بەپێکهاتەی ئەو میدیایە، هەر خۆشی ناوی میدیای گۆڕانی لێنا، ئەی خێرە لەدوای مردنی عەرابەکانی تەوریسی سیاسی، سایتی سبەی و تەلەفزیۆنەکە ئەبەخشن بەکوڕەکان و ئەڵێن بزوتنەوەکە بۆی نیە تەدەخولی بکات وئەوانە موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان بووە و ئێستا هی کوڕەکانیەتی؟. هەر لەو ئاڵوگۆڕەدا ، ناڕاستەوخۆ یەکەم راپۆرتی تەشهیریان لەسەر کاک قادری حاجی عەلی بڵاوکردەوە کەهێشتا لەناو گۆڕاندا، لەکاردا بوو، ئاشکراشە لەسەرکردە لەپێشینەکان و هاوڕێی نزیکی کاک نەوشیروان بوو، یەکەم کاردانەوەو وەڵامدانەوەی هەوادارەکانی کاک قادریش راپۆرتێکی سۆشیال میدیا بوو لەسەر شەخسی کاک نەوشیروان . کاتێک لە کۆبوونەوەی جڤات، روو لە رێکخەری تازە داوای لێپرسینەوەو راگرتنی ئەو شەڕە نائەخلاقیەمان کرد، لەجیاتی بەدواداچوون و لێپرسینەوە، برەویان پێداو تا ئێستاش بەردەوامەو هەموو هاوڕێکانی تری کاک نەوشیروانی گرتەوە. کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبوو بڵێین: کوڕەکانی کاک نەوشیروان تەدەخولی کاری سیاسی و کای رێکخراوەیی بزووتنەوەکە ناکەن. کەسێکیش نیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و شۆڕشی نوێدا، نەزانێ نەوشیروان مستەفا پارەی شەخسی وموڵک و ماڵی نەبووە، هەرچییەکیشی بەدەستەوە هەبووبێ بەخوێنی پێشمەرگەو رێکخستنەکان، بۆ شۆڕش و بزوتنەوەکەی پەیداکردووە، بە دە ملیۆن دۆلارەکەی مام جەلال و گردی زەرگەتەو سواڵ و سەدەقەکەشیەوە، ئەی خێرە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا کوڕەکانی روونکردنەوە لەسەر موڵکەکانی ئەدەن و وەک میراتی خۆیان و مافی خۆیان پێناسەی ئەکەن، رێکخەری تازەش لە کۆبوونەوەی جڤات پشتڕاستی قسەکانیان ئەکاتەوە، عەرابەکانی بەدەوڵەمەندکردنی کوڕەکانیش ئەڵێن خۆیان هەر پارەداربوون و کۆمپانیای وشە بەهەموو مومتەلەکاتەکانیەوە (کەگۆڕان هەر ئەوانەی هەیە ) مافی شەرعی خۆیانە، کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبووبڵێین: کاک نەوشیروان مردو خاوەنی یەک دۆلار و یەک مەتر زەوی نەبوو لەدنیادا. کەسێکی تر نیە نەوشیروان مستەفای بەنووسین و فکرو خەبات ناسیبێ، نەزانێ چەند دژی بەماڵباتکردنی حوکمدارێتی و تەوریسی سیاسی بووە، گوتارو کردارو نووسینەکانی لەوبارەوە ئاشکرایە، ئەی خێرە رێکخەری تازە و هەندێ خوازەڵۆکی سیاسیی لەدوای مەرگی خۆی، کوڕەکانی وەک نوێنەری ماڵی کاک نەوشیروان ئەناسێنن و تەنزیر بۆ بەهێزی ئەوان و هاوبەشی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکەیان ئەکەن، کاک نەوشیروان چەند جوان و چەند گەورە ئەبوو بڵێین: لەمێژووی حزبی سیاسیی کوردستاندا، نەریتی تەوریسی سیاسی لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و حزبەکەی کۆتایی هات. سەرکردەکانی گۆڕان و نەوەکانی چییان بەکاکە نەوە بەخشی و چییان لێسەندەوە؟ بەوەڵامێکی سادە، (کارگەیەکی چیمەنتۆو بازاڕێکی بازرگانی و سەدان دۆنم زەوی و چەند ئاپارتمانێک )یان کرد بەماڵ لەسەر خۆی و کوڕەکانیشیان کرد بەدوو کەسایەتی سیاسیی لاوازو خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی و هیچی تر . ئەوەی لێشیان سەندەوە، گەورەیی و جوانییەکانی بوو، کەدەکرا کورد وەک نەتەوە لەناو گەلانی جیهاندا، وەک سەروەتێکی پڕ بەها شانازی پێوە بکات و هەمیشە بڵێ : ئێمە خاوەنی سەرکردەیەک بووین هەمو تەمەنی بەگەلەکەی و نیشتیمانەکەی و مرۆڤایەتی بەخشی و پانۆرامای ژیان و تێکۆشانەکەی وێنە راستەقینەکەی مەسەلە گەورەکەی نەتەوەکەمانە. لێسەندنەوەی ئەم پێناسەیە، بۆ هەموو سەرکردە مێژووییەکان ، مانای ئەەوە نیە وانەبوون، بەنەمری هێشتنەوەی هەندێکیش هەر بەمانای ئەوە نیە کەدروست وابوون، بەڵام ئەوە خێزان و هاوڕێکانیان و دەسەڵات و حوکمڕانییە کە لەڕێگەی ئەرگۆمێنت و بەڵگەو هەقیقەتی مێژوییەوە پێناسەکەی بۆ رای گشتی ئەسەلمێنێت، بەداخەوە پاوانکردنی میراتی ماددی و مەعنەوی سەرکردەکانی کورد لەلایەن نەوەکانیان و حزبەکانیانەوە، نەک رای گشتی ناوخۆو دەرەوەی بەبڕواو متمانە نەهێناوە، لەناو خۆی حزبی بەجێماوی سەرکردەکە خۆشیدا، گومانی دروستکردووەو بڕوای بە رێبەرەکەیان لەقکردوە. رەنگە ئەمە بۆ نەوشیروان مستەفا لەهەمویان دروستتر بێت. لەکۆنگرەی سێ و ئەوکات لە ناو ( ی. ن. ک )دا، ئەندام بوم، بەحزوری مام جەلال و لەسەر مینبەری کۆنگرە وتم ( تکاتان لێدەکەم با مام جەلال وەک یاسر عەرەفات لێنەکەین، مرد و هەمو فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان بەجیاو پێکەوە بۆ پارە و سەروەتی بزوتنەوەکەی ئەگەڕێن و ئەوەی دیاریشە لای خێزانەکەیەتی و کێشەی گەورەی بۆ دروستکردون، هەر لەوێدا پێشنیازم کرد مام موڵک و ماڵی یەکێتی روبەڕووی لیژنەیەکی سێ کەسی لەمتمانەپێکراوەکانی خۆی بکاتەوە، ( تۆمارەکانی کۆنگرەکە ماون )، بەداخەوە نەکرا، دوای نەخۆشکەوتنیشی و تامەرگیشی و ئێستاش بوو بەکێشەیەکی گەورەی یەکێتی و میللەتەکەمان. لەنەخۆشکەوتن و مەرگی کاک نەوشیروانیشدا، هەمان تکام بەجۆرێکی تر لەکۆبوونەوەی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی حزبەکەی کردەوەو پێشم وتن کەنەوشیروان مستەفا بەفیزیکی مرد، بەڵام مردنی مەعنەوی و نەمری هەتایی ئەو بەدەست ئەم جڤاتەیە، تکام لێکردن ئەگەر هەڵەیەکیش لەخۆیەوە روویداوە سەبارەت بەموڵک و ماڵی گۆڕان ئەرکی ئێمەیە راستی بکەینەوە، بەداخەوە نەگوێچکەیەک بۆ بیستن نە زمانێ بۆ قسەکردن نەمابوو، هەروەک چۆن لەکۆنگرەی یەکێتی دوای ئەو قسەیە بەگۆڕان بوون تۆمەتبارکرام لەجئەاتی گۆڕانیش دوای ئەو قسەیە بە یەکێتی بوون تۆمەتباریان کردم . ئێمە لەخەمی خەڵک و سەرکردەکانماندا بووین و ئەوانیش لە خەیاڵی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بوون . جیاوازییەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی خودی نەوشیروان مستەفا خۆی بوو، خۆیشی لەو سێ چەمکەدا بەرجەستە ببوو کە تامردنی ئاڵاهەڵگری بوو، دوای مەرگ، جڤاتی سەرکردەکانی حزبەکەی یەکەم کارێک کەکردیان سڕینەوەی ئەو جیاوازییە بوو، بۆ روو سپیکردنەوەی خۆشیان خودی نەوشیروان مستەفایان تۆمەتبارکردو وتیان کارو کردەی خۆی بووە و هەر خۆی میراتی ماددی و مەعنەوی خۆی خستۆتە سەر کوڕەکانی و وەک شانازیش ئیلتزامی خۆیان بەو وەسیەتەوە دەرئەبڕن . ئەوان بەو سڕینەوەیە هەندێ دەستکەوتی پوڵ و پلەو پۆستیان بۆ خۆیان و نەوەکانی نەوشیروان مستەفا لای پارتی و یەکێتییەوە بەدەستهێنا، بەڵام بۆ هەتایە ئەفسانەی نەوشیروان مستەفایان کرد بەو کۆمیدیایە کە هەر کاتێک دوژمن و نەیارەکانی بیری نەوشیروان مستەفا بیانەوێت پێی پێدەکەنن. رەنگە ئێستا پارتی و یەکێتی بەهۆی شەراکەتی گەندەڵی حوکمدارێتی هاوبەشیانەوە لەگەڵ گۆڕانەکان، سێ لایەنە بێدەنگییان هەڵبژاردبێت، بەڵام لەمەودوا، وەی لەحاڵی ئەو گۆڕانەی باسی داگیرکردنی موڵکی گشتی و حوکمی ماڵباتی و تەوریسی سیاسیی ئەکات. ئەو رێگەیەی گۆڕانخوازانیش کەگوایە هێندە قورسەو لەنیوەیدا هاوبیرەکانی نەوشیروان مستەفا بەجێیان هێشتووە، جگە لەپاکژێک بۆ لەوەڕ هیچیتر نیە، پاکژێکی پڕ تەڵەی دەستی نەوەکان و لەژێر چاودێری خاوەن تەڵەکاندایە.
سەرکۆ یونس* لەئەگەری ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و ناوەند تا کۆتایی ساڵی دارایی (2020) ئەوا بەدڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم بەم بژاردانە هەوڵ ئەدات موچە بدات ئەگەر بتوانێت! یەکەم:_ پێدانی مووچە بەشێوازی لێ بڕینی مانگی دوو(شوبات) کە لە(%21) ی سەرجەم فەرمانبەران ومووچەخۆران و لە(%50) ی پلە باڵاکان بڕا و لەمانگی حەوت(تەموز) دابەشکرا. دووەم _ حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی یەک مانگی مووچەخۆران بەگشتی پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە ئەمەش لەئێستادا بەهیچ شێوەیەک بەردەست نی یە و داهاتەکانی حکومەت بەهۆی دابەزینی پێشتری نرخی نەوت و سەرهەڵدانی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەشێوەیەکی گشتی داهاتەکان کەم بونەوە بۆ کەمتر لە(%50).هەربۆیە حکومەتی هەرێم خەرجییەکانی خۆی سەرەرای مووچەی مووچەخۆران بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کەم کردەوە بۆ نزمترین ئاستی پێویستی دام ودەزگاکان. ئەگەر هاتوو موستەفا کازمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێکبکەوێت ئەویش تا کۆتایی ساڵی دارایی (2020) کەزیاتر ئامانجەکە بۆ خودی کازمی سیاسی دەردەکەوێت چونکە وابڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت ئەگەر لایەنەکان ڕەزامەند بن. ئەویش بەپێدانی بڕی (300) ملیار دینار مانگانە و بەمەرجی وەرگرتنی داهاتی ناوخۆ و داهاتی خاڵە سنورییەکان بەڕێژەی (%50) تا کۆتایی ئەمساڵی دارایی جێ بەجێ بکرێت هەرچەندە وادەردەکەوێت کوتلەپەرلەمانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بەمە ڕازی نابن بەتایبەت کوتلە شیعییەکان. ئەوا حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە ئەم بڕەداهاتانەی لەبەردەستا دەبێت :- (300) ملیار دینار مانگانە لەلایەن بەغداوە. (21) ملیار دیناری هاوکاری هاوپەیمانان. نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵەسنورییەکان کە بۆ مانگی ڕابردو نزیکەی (90) ملیار بووە کەواتە بۆ لەمەولا نزیکەی (45)ملیار دینار مانگانە دەبێت. هەروەها بڕی (165) ملیار دینار داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کەدەدرێت بە وەزارەتی دارایی هەموو ئەمانە دەکەنە نزیکەی(531) ملیار دینار مانگانە. بەڵام وەک پێشتر باسمان کرد حکومەتی هەرێم تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە کەواتە کورتهێنان دروست دەبێت بە نزیکەی (363) ملیار دینار مانگانە ئەوەی جێگای مەترسی یە هیچ سەرچاوەیەک نی یە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە گەورەیە و سەرەڕای ئەمە هیچ داهاتێک نامێنێتەوە بۆ پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان واتە هەر داهاتێک دەست دەکەوێت هەرچەندێک بێت بەشی مووچە ناکات. سێیەم:_ تاکە بژاردە ئەوەیە حکومەتی هەرێم بەئیرادەیەکی بەهێزەوە دەست بکات بە جێ بەجێکردنی یاسای چاکسازی و هەموو ئەو خەرجییە ناپێوسیت و ئەو مووچانە ببڕێت کە ناشایستەو نایاسایین و ئەو سەدان خانەنیشینی پلە باڵا ونایاساییانە ببڕێت لەسەرجەم حزب و لایەن و کەسایەتیەکان بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێت بەم داهاتانە مووچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی خۆی بدات و دەوام بەردەوام بێت بێ گومان ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کاروچالاکی ئابوری و بازاڕ کەلەئێستادا لەنزمترین ئاستدایە و رێژەی بێکاری لەسەروو (%20------%30) دەبێت و کاریگەری خراپی بەدوادا دێت کە دەرئەنجامەکانی مەترسیدارتر دەبن بۆ سەر قەوارەی هەرێم و حکومەت. *ئابوریناس
ئازاد جۆڵا هیچ کات هێندەی ئێستا کورد پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی و کۆدەنگی نەبوە ، بەتایبەتیش لەسەر پرسی کورد بەگشتی و ئەو ئاڵنگاری و گەلەکۆمەکێ و دوژمنکاریانەی کە لە ئێستادا لە ناوچەکە و دەورو بەرمان پلانی بۆ داڕێژراوەو دەگوزەرێ و بەتایبەت تر ئەوەی لە ئێستادا پەیوەستە بە دۆخی شێواو پڕ لە مەترسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و ناوچەکە ، لەمبارەیەوە هەوڵ دەدەم دۆخی خراپی ناوەخۆ بە چەند خاڵێک بخەمە ڕوو بەهیوای ئەوەی هەرچی زووە هەموو لایەنەکان بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی گشتی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزموونەکەمان بەجدی بێنە سەر خەت و چارەسەری بەپەلە و ڕیشەیی بە ئامانج بگرن و هەرێمی کوردستان لەم میحنەت و مەرسییە جددیە دەرباز بکەن ، چونکە دەتوانین بڵێین ئێستا هەرێمی کوردستان بە تاڵترین و سەختترین ڕۆژەکانی ژیانی خۆیدا گوزەر دەکات و لە ماوەی ( ۲۹ ) ساڵی ئازادی و ڕزگاری خۆی هێندەی ئێستا لە دۆخێکی خراپ و پڕ لە مەترسی و لە دەست دانی کۆی خەرمانی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆی نزیک نەبووە ، تەنانەت ئێستا دۆخەکە زۆر لەو کاتە دژوارتر و پڕ لە مەترسیدارترە کەوا شەڕی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەبوو ، دیارە بۆ ئەمەش هۆکارگەلێک هەن کە لێرەدا زۆر بەکورتی لە چەند خاڵێکی سەرەکی هەندێک لەو هۆکارو دۆخە خراپەی ئێستای هەرێم ( بەداخێکی زۆرەوە ) دەخەمەڕوو ، ۱ - لە ڕووی ئابووریەوە هیچ کات خەڵک و حکومەتی هەرێمیش وەکو ئێستا داڕوخاوو دەستەوەستان نەبووەو هەرچی سێکتەری بەرهەم هێنانە وەستاوەو ڕێژەی هەژاری لە هەڵکشانەو بێکاریش لە ژمارە نایە ، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لێرەو لەوێ خەڵکانێک دەستبەرداری گیانی خۆی بێت و کێشەی کومەڵایەتیش تا دێ زیاد دەکات و داهاتی تاک نزیک دەبێتەوە لە سفر . ۲ - لە ڕووی خزمەتگوزاری ۹۸٪ ی وەستاوەو گەشەو بەرەوپێش چوون بەتەواوی پەکی کەووتوەو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت جوڵەیان لەبەر نەماوە ، سێکتەرەکانی تەندروستی لە کەرتی گشتی دەستەوەستان وپەروەردەو خوێندن لە نزمەرین ئاستدایە ، بەرهەمی کشتوکاڵیش بێ بازاڕ و پیشەسازی گشتیش هەر بونی نیە ، ۳ - لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە هەرێم بەتەواوی پەراوێزخراوە و بەتایبەت لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گوێ نەگرتن لە ڕاو سەرنج و داواکارییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەکانمان ، کارکردن بە ئاڕاستەی پێچەوانەی پلان و بەرنامەی زلهێزەکان و نەخوێندنەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی ئەم دوورکەوتنەوەو پەراوێزخستنەی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات کەوا ئێستا بۆ دەربازبوون پەنا بۆ چڵە پوشێک دەبین و بەردەستمان ناکەوێ . ٤ - لە ڕووی تەبایی و یەکڕیزی و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژەکانی خۆی لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی بەڕێ دەکات و هیچ جۆرە متمانەو لێک نزیکبنەوەو هەماهەنگیەک بەدی ناکرێت لەنێوان لایەنە سیاسیەکان بەگشتی و دوو هێزە گەورەو کاریگەرەکە بەتایبەتی ، تەنانەت لە دوای حەوت مانگیش زیاتر نەتوانراوە کۆبونەوەیەکی فەرمی لەئاستی باڵا لە نێوانیان ڕێبکخەن و نەخشە ڕێگای چارەسەری و قەیرانەکان بە ئاڕاستەی چارەسەر و دەربازبوون دابڕێژن ، ٥ - لە ڕووی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت هیچ کات وەکو ئێستا کەلێنی گەورەو بێ متمانەیی و دڕدۆنگی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات نەبووەو تەنانەت وای لێهاتووە خودی لایەنگرانی حزبە دەسەڵاتدارەکانیش دژ بە حکومەت و خودی حزبەکەی خۆشی قسە دەکات و هیچ پابەند بوون و پەیوەست بونێک بەدی ناکرێ ، بەجۆرێک هاوڵاتی بڕوای بەهیچ بڕیار و ڕێنماییەکی حکومەت نەماوەو پێوەی پابەند نابێت ، زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بەچاوی دوژمن یان ناحەز سەیری دەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆی دەکات و بەشێوەیەکی ناشیرین و وەک مافیاو دزو جەردە وێنای دەسەڵات و حکومەتەکەی خۆی دەکات و قسەی لەسەر دەکات . ٦ - لە ڕووی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بەجۆرێک شێواو و لاوازبووە لێرەو لەوێ هەندێک کەس ئاخ بۆ سەردەمی سەدام و هەندێکیش خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەنی بغدادن و بەئاشکرا و دەنگێگی زوڵاڵ ریکلام بۆ کازمی و حوکمڕانی بەغداد دەکەن و پێیان وایە لەم قۆناغە تاکە هیواو چارەسەرە بۆ دەربازبوونی هەرێم ، ئەمەش دوای بێ ئومێدی خەڵک لە چاکسازی و یەکڕیزی و شەفافیەت و پەنجە خستنە سەر برینەکان دێ ، بەجۆرێک زۆرن ئەو تێکۆشەر و خەباتگێڕانەی کەوا بەرهەم هێنی ئەم ئەزمونە بوون ئێستا پەنجەی پەشیمانی بۆ خەباتی ڕابردوویان دەگەزن و خۆیان و میللەتەکەش بە ڕەنج بەخەسار و دۆڕاو دەبینن ، تەنانەت بەشێک لە خەڵک بە ئاشکرا خوازیاری نەمانی ئەم ئەزمونەن . ۷ - لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە بەجۆرێک هێزەکان شێواو پەرتەوازەن تەنانەت حکومەتیش نازنێ ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا چەند جۆر هێزی سەربازی و ئەمنی هەیەو سەربەکێن و ژمارەیان چەندە و بڕیار لە کوێ وەردەگرن و لەلایەن کێیەوە تەمویل دەکرێن و شوێن جێگاو ڕێگایان چۆنەو بەکام ئاڕاستە پەروەردەو مەشق و ڕاهێنان دەکرێن و ئامانج و ئەرکی سەرەکییان چیە ؟ ئەوەندەی ئەم هێزانە پابەند و گوێ ڕایەڵ و پەیوەستن بە حزب یان بنەماڵە یان تاکەکەس و کاکەکان بەهیچ جۆرێک ئینتمایان نە بۆ کورد هەیە و نە بۆ کوردستان ، لە بچوکترین ناکۆکی و گرژی دا لە چرکە ساتێک دوولەت و زیاتر دەبن و سەنگەر لێکتر دەگرن . ۸ - لە ڕووی پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیەوە دابەش بوون و تێڕوانین و ئەجندای جیاواز بەدی دەکرێ و دەست تێکەڵکرن و هەماهەنگی لە گەڵ داگیرکەر لە پێناوی بەرژەوەندی سیاسی و حزبی و بنەماڵەیی زۆر بە زەقی دەبیندرێ و بەرگریشی لێ دەکرێ ، دابەشکاری تەواو لە نێوان لایەنەکان بەسەر وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دیارەو لە شێوەو شێوازی پەیوەندییەکانیش ئامانج و دواتیش ئەنجامەکەی ڕوون و ئاشکرایە ، بەتایبەت لە سەردان و پێشوزییەکان ئەوەندەی ڕووخساری سیاسی و حزبی زاڵەو دیارە هێندە لە پڕۆتۆکۆلی دەوڵەتی و دامەزراوەی نیشتمانی ناچێت ، ۹ - لە ڕووی ڕاگەیاند و میدیاوە هێندەی خۆمان بە خۆمان دەکەین ، هیچ کام لە دوژمنەکان و نەیارەکان زاتی ئەوەیان نەکردووە ئەم کارە قێزوەنە بە کورد و کوردستان و مێژووە پڕ لە خوێن و قوربانییەکەی بکەن ، هێندەی ڕۆژانەو بەبەردەوام لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندن هێرش و پەلامار و توانج و سوکایەتی بەیەکتری و مێژووی یەکتری و ئەزموون و دەستکەوت و پیرۆزیەکانی خۆمان دەکەین لەبەرامبەر دوژمن و نەیاراندا دۆش داماو و دەستە وەستانین ، ئەمەش هێندەی تر دۆخەکەی شێواندوەو دڵەڕاوکێ و نا ئارامی کۆمەڵگای لێ کەوتۆتەوە و ئەزمونەکەمانی هێندەی تر ناشیرین و بێ بەهاتر کردووە .
عومەر عەلی ئەم حکومەتە بەهۆی ئەوەی کە هەستی بە ئەو بەرپرسیارێتیە نەکرد کە لە ئەستۆی دا بوو .لەلایەکی تریش پشتی کردە ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ حکومەتەکەی خستبوویە ڕوو .بەم هۆیەوە حکومەت ڕوی لە سەرەو لێژبوونەوە کردوەو نازانرێت بەرەو چ ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات. لە ئێستادا دەتوانین سەرۆک و ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم حکومەتە بە گروپێکی خۆکوژ وەسف بکەین ،چونکە لە لایەک هەست بە ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە ناکەن کە لەسەر شانیانە .لەلایەکی تریش بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ حوکمڕانیدا، نازانن کە چ ئایندەیەکی مەترسیدار ڕوبەڕوی حکومەتەکەیان و ئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە . ئەو گروپەی ئێستا لە حکومەتدان بەو مامەڵەو هەڵسوکەوتەی کە ئەنجامیان داوە وێنەیەکیان لەبەر چاوی هاوڵاتیان دروست کردووە ،کە ئەوان گروپێکی بەرژەوەندیخوازی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکە کەسین.لای ئەوان شتێک نیە بەناوی خەمی خەڵک و نیشتیمان و ڕۆژبەڕۆژیش ئەو دو فەزایە لە وێرانتر دەکەن ،چونکە لەڕێگەی ئەم حوکمڕانیەوە هاوڵاتی کوردوستانیان بەتەواوی ڕیسواکردو کوردوستانیان کردۆتە مانگایەکی شیردەر تەنها خۆشەویستیان بۆی لەبەر شیرەکەیەتی نەک شتی تر و بەم هەڵوێستەشیان ڕۆژێک دێت منداری دەکەنەوە . ئەم گروپە حوکمڕانە کاتێک کە پڕۆژەیەکی چاکسازیی دەخەنەڕوو لە سەر گیرفانی موچەخۆرانەو نایانەوێت دەست بەرن بۆ نەهێشتنی ئەو هەمو گەندەڵیەی کە هەیە لە کەرتی نەوت و گازو خاڵە سنورەکانی و داهاتی ناوخۆ یان ئەو هەموو بندیوارەی کە دایان مەزراندوە . لێرەوە دەتوانین ئەم گروپە حکومڕانە بە گروپێکی خۆکوژوەسف وەسف بکەین،کەحکومەت و گەل و ئایندەی سیاسی هەرێمەکە بەرەو تونێڵێکی تاریک و داخراو دەبەن و دور نیە دوچاری تەقینەوەیەکی بکەن کە دواجار هەموی تیابچێت. ئەو ئاراستە خۆکوژیەی کە حوکمڕانانی هەرێم گرتویانەتەبەر، بەر بەرئەنجامی هێشتنەوەی کۆمەڵێک قەیرانە بەکراوەیی بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکیان هەبێت بۆ چاکسازی لەوانەش: یەکەم..ئەو دابەشبوونەی کە ئێستا لە هەرێمداهەیە بۆزۆنی سەوزو زەرد، ڕۆژ بەڕۆژ قوڵتر دەکرێتەوە . یەکێتی و پارتی ئاستی ململانێکانیان گەیاندۆتە ئەوەندە ئاستێکی نزم ،بەمەش هاوڵاتیانیان تەواو بێ هیواکردوە کە ئەمانە توانای بنیاتنانی نیشتیمانێکی یەکگرتو خاوەن سەروەری و گەشەسەندویان هەبێت. دوەم..هەژاری ئەم حکومەتەو کابینەی وزاریەکەی لە چارەسەری قەیرانەکان و بەدەمەوە چونی کێشەکانی خەڵک .ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی و ناپسپۆڕ ی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کابینەکە کە پێشتر کەسانی ناسراوو خاوەن ئەزموون نەبوون ،لەلایەکیتر زاڵبوونی فەزایەکی حیزبی بەسەر حکومەتەکەوە ئەندامانی تەواو دەستە پاچەکردوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان. سێهەم..زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناڕازین لەم حکومەتە بە سەرۆک و ئەندامانی کابینەکە.چونکە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی هیواو لە ئاست خواست و داواکانیاندا بنو کەسانێک بن کە هەندێک لە کورسیەکانیان دابەزن و بزانن خەڵک لە چ دۆخ ێکدا دەژین . چوارەم..بوونی حکومەتێکی بەسیاسیکراو،کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە و ئەوانیش کردوویانە بە فەزایەک بۆ دەستخستنی بەرژەوەندی بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان .چونکە لەخەیاڵدانی ئەم دوو حیزبەدا شتێک نیە بەناوی حکومەتی هاوڵاتیان یان حکوومەتی چاک. پێنجەم..لە ئێستادا گەندەڵی زۆر بە خێرایی گەشەدەکات و تەواوی جومگەکانی حکومەتی گرتۆتەوە .ئەم حکومەتەش پەل و پۆش شکاوە لە چارەسەری دا لە ڕاستیدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حکومەتێکی سێبەر کە ڕابەرایەتی پلانی گەندەڵی دەکات.ئەمانە گروپێکی بەھێزن خاوەنی هێزو میلیشیاو دەسەڵاتی تایبەتن لەناو حکومەت و پەڕلەمان و دادگاکان و میدیاشدا .لەبەر ئەوە ئەو حکومەتەی لە واجیهەدا دەیبینی هیچ دەسەڵاتێکی نیەو تەنها ئەجیندای حکومەتە سێبەرەکە جێبەجێ دەکات . لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتە توانای دەستبردنی نیە بۆ دۆسیە هەستیاریە کان لە چارەسەری گەندەڵیدا،کەواتە لە ئێستادا ئاڕاستەیەکی خۆکوژی وەرگرتووە و دواجار هەموان بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار دەبات.