د. کامەران مەنتک دهستێك لهنێو تهڵهو سهرێك لهبهردهم چهقۆی قهساب زۆر كهس واتێدهگات، كه پهیوهندیهكی پتهو لهنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیادا ههیه، ئهو بیركردنهوه ساویلكهیه گهیشتۆته ئهو رادهیهی ساڵانه له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان، چهندین توێژینهوه دهربارهی پهیوهندیهكانی نێوان توركیاو ههرێمی كوردستان بنووسرێت، كه لهراستیدا هیچ پهیوهندیهك لهنێوان توركیاو ههرێمی كوردستاندا نیه، تا ئێستا توركیا وهك قهوارهیهكی سیاسی مامهڵه لهگهڵ ههرێم ناكات، بهڵكو وهك ههڕهشهیهكی جوگرافی سهیری ئهم بهشه دهكات و تهنانهت به بهشێك له خاكی توركیای له دهستدراویشی له قهڵهم دهدات، كهكار بۆ گهڕانهوهی دهكات، راسته قونسوڵگهری توركیا له ههولێر ههیه، بهڵام ئایا توركیا رێگای داوه، كه نوێنهرایهتی ههرێمی كوردستان له توركیادا ههبێت، ئایا ئهو كونسوڵگهرییه كاری كونسوڵگهرییهكی ئاسایی دهكات، یاخود پێگهیهكی گرنگی توركیایه لهههرێم بۆ گهڕاندنهوهی ویلایهتی مووسڵ! له راستیدا پهیوهندیهكهی توركیا لهگهڵ پارتێكی سیاسیه، كه ئهو ناوچانهی لهژێر دهستدایه، كه هاوسنووره لهگهڵ توركیاو كونسوڵگهری توركیاش لهههرێم كار بۆ گهڕاندنهوهی ئهو بهشه دهكات، نهك كاری تر، واته وهك بهشێك له دهزگایی ههواڵگری توركیا كاروباری داگیركردنی ههرێمی كوردستان، كه ئهوان دهڵێن باكووری ئێراق، یاخود ویلایهتی مووسڵ بهڕێوه دهبات، تهنانهت دهتوانین بڵێین توركیا هیچ پهیوهندیهكی سیاسیشی لهگهڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا نیه، بهڵكو وهكو هێزێكی خێڵهكی سهیری دهكات و له پێناو بهرژهوهندی و ستراتیژیهتیهكانی خۆی بهكاریدههێنێت، بۆیه له ههر گۆڕانكاریهكدا، بۆیه ههر كاتێك ئهو كاره بهكۆتا هات، رهنگ بێت پارتی خۆی ببێته یهكهم قوربانی دهستی توركیا، پێناچێت كاتێكی زۆریش بۆ ئهو قوربانی بوونه مابێت، چونكه ئێستا توركیا گهیشتۆته قۆناغێك توانیویهتی نهك كایه گرنگهكانی ههرێمی كوردستان، تهنانهت كایه گرنگهكانی ناو خودی ئهو حزبهش كۆنتڕۆڵ بكات، ئهمه جگه لهوهی ناوچه ههستیارو ستراتیژیهكانی ژێر دهستی ئهو پارتهشی كۆنتڕۆڵ كردووهو رۆژ به رۆژ زیاتر ئابڵووقهكهی لهسهری بهر تهسك دهكاتهوه، تهنانهت ناوچهی بارزان، كه بنكهی سهرهكی پارتیه، له ئێستادا كهوتۆته بهر رهحمهتی سوپای توركیا، ئهمه سۆنگهی ئهوهیه له ئێستادا پارتی هاواری لێههڵسێت و هوشیار زێباری داوا له حكومهتی ئێراق بكات رادهیهك بۆ توركیا دابنێت، به بێئهوهی ههست بهوه بكات، كه له بنهڕهتدا گهمهیهكی سیاسی لهنێوان توركیاو ئێراقدا ههیهو ههردوولایان هاوبهرژهوهندین له بچووككردنهوهی چوارچێوهی ههرێمی كوردستان! لێرهدا پرسیارێك دێته ئارا، ئایا گریمانی ئهوه دهكرێت رۆژێك توركیا پارتی و سهركردایهتیهكهی وهك پڕۆژهیهكی سیاسی تهسلیم به ئێراق، یاخود ههردهوڵهتێكی تر، یا ههر دهزگایهكی نێونهتهوهیی بكاتهوه؟ یاخود بهلایهنی كهم دهستیان لێبهردات و گورگان خواردوویان بكات؟ به داخهوه وهڵامی ئهو پرسیاره بهڵێیه، چونكه توركیا ئهزموونێكی زۆری لهم بوارهدا ههیه و ئهو سیاسهتێكی پراگماتیكیانه جێبهجێدهكات، نمونهی ئهم سیاسهتهش روون و ئاشكرایه، وهك سهرۆك وهزیرانی پێشووی توركیا داودئۆغڵو له وتارێكیدا ئاماژه پێدهكات، چۆن توركیا له سهردهمی ستالین ئازهربایجانهكانی تهسلیم به یهكێتی سۆڤیهت كردهوه، له ئێستاشدا به ههمان شێوه، پهنجا ههزار كهس له بهرههڵستكاره ئیگۆریهكان، كه پهناههنده بوون له توركیا تهسلیم بهتاجیكستان كردۆتهوه، بۆ ئهوهی بهشێوهیهكی ناراستهوخۆ تهسلیم به چین بكرێنهوه، جا ئهگهر توركیا ئیگۆرهكان، كه بهڕهگهز توركن و دهكهونه چوارچێوهی پرۆژهی توورانی گهوره، تهسلیم بهچین بكاتهوه، بۆچی ئاسایی نابێت رۆژێك سهركردهكانی پارتی و تهنانهت سهركردهكانی حزبهكانی تریش، كه لهژێرهوه دهستیان لهگهڵ تێكهڵكردووه، تهسلیم به ئێراق، یاخو به ههر دهولهتێكی تر بكاتهوه!؟ ئهمه ئهوه دهردهخات، كه پارتی دیموكراتی كوردستان له ئێستادا نهك بههێزترین حزبی كوردی نیه لهباشوور، وهك بانگهشهی بۆ دهكرێت و دههۆڵی بۆ دهكوترێت، بگره حزبێكه پڕ بهواتای وشهكه به بارمته گیراوه، لهدۆخێكی زۆر ههستیارو ئاڵۆزدا دهژی و دهستی كهوتۆته ناوتهلهی توركیاو سهریشی كهوتۆته بهر دهم چهقۆی قهساب.
نەوزاد جەمال دیمەنی بەشینەوەی کارتۆنە خۆراک لەسەرووەختی کۆرۆناو بەزمی مووچەدا، وێنەی برسێتی پاش راپەڕینی(١٩٩١) هێنایەوە بەرچاومان. پاش کشانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی ناوەند، ژیان و گوزەرانی خەڵک پشتی بەکۆمەکی و هاوکاری نێودەڵەتی دەبەست. هەرێمی کوردستان وەک "سەبەتەخۆراکێکی مەزن" کەوتەسەر نەخشەی رێکخراوە مرۆییەکان. هەرێم بووە مۆڵگەی رێکخراوە "خێرخوازییەکان". کەمخۆراکی نەوەدەکان بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی خەڵکە، تەنانەت ئەوانەی لەو دەیەدا هاتنەدنیاوە مۆرکی ناڕێکی تەندروستیان بەهۆی بەدخۆراکیەوە بەلەشولارەوە دیارە. دەرچەی دەربازبوون لەو دۆخەش، کەڵکەڵەی رووکردنەوە ئەورپا یان چاوبڕینە هاوکاری مادیی رێکخراوەکان بوو. لێرەوە، زەمینەی لەکارخستن و پشتبەخۆنەبەستن، دەبێتەسروشتی دووەمی مرۆڤی ئێمە. نەبوونی کارو داهات رێخۆشکەربوو کە پشت بەئازوقەوەرگرتن و دانیشتن لەماڵەوە بێت. خەڵکانێکیش لەخزمەتگوزاریی ئاسایی پزیشکی و کشتوکاڵییەوە تاسیخوڕیکردن کاریان لەرێکخراوەکاندا دەکرد. دووزلحزبەکەش دوای کەوتنی رژێم و لێشاوی پەترۆدۆلار، بێکاری و نەبوونی گوزەرانیان قۆستەوە تا خەڵکەکە ببێتە چەکدارو دەنگدەر بەبەرامبەر بەدامەزراندنیان. رێکخراوە ئایینەکان، ئیسلامییەکانیش دەرفەتیان قۆستەوە. لەژێر پەردەی هاوکاری مرۆیی و خێرخوازیدا، خەڵکیان کردە پاشکۆی باوەڕەکانیان. هەموو ئەم کارانە کەناوی "خێرخوازی و هاوکاریی مرۆیی"بوون کە هێندەیتر مرۆڤی ئێمەیان کردە بەرخۆرو کارنەکەرو پاڵدانەوەو حەزکردن بەماڵی ئییف و موفت تێیاندا چێندرا. ئەم وێنە گشتییە، راستیەکیتریش دەردەخات؛ کە چۆن هەرێم و مرۆڤی ئێمە بەچ پرۆسەیەکی بەرخۆریی و دەرۆزەکەر-سواڵکەریدا تێپەڕییووە. تەنانەت، لەئاستی و حکومەت و دامەزراوەکانیشدا ئەمە رەنگیانداوەتەوە. ئێستە کە حکومەت -بەووتەی خۆی- توانای پێدانی موچەو تێرکردنی ئەو هەموو موچەخۆرەی نییە، بوونەتەبار بەسەرییەوەو زەبرێکی پشتشکێنی لەکارتی دانوستانەکان هەرێم/بەغدا داوە. پەتای کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت و ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی ناوەند، وایکرد دیمەنی هەژاری جارێکیتر بگەڕێتەوە. پەیتا پەیتا میدیاکان بۆ نێشاندانی بارودۆخی سەختی گوزەران، خەڵکانێک بەچاو فرمێسکاوییەوە دەهێنە بەرکامێرا. لەولاوەشەوە سەرمایەدارو بازرگانەکان وەک 'حاتەمی تایی' هەڵمەتی خێروخوازیان کردۆتە مانشێیتی هەواڵەکان. ئیدی، جارێکتر مرۆڤی ئێمە فێری دەرۆزەکردن، چاوشۆڕی و دەستپانکرندەوە دەکرێت. نکولی لەوەناکەم کەسانێک لەسەرهێڵ و ژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵکو تاسەر رەگ دژ بەو وێناکردنەی دۆخەکەم. کارەساتە، مرۆڤی ئێمە بەو جۆرە بێئیرادەو بێئختیار بکرێت. لەناچاریدا سەر بۆ خێرخوازێک دانەوێنێت. مەترسیدارترین شت بیرۆکەی خێرخوازییە. بەبیانوی دۆخی نائاسایی و قەیرانەوە، حکومەت و دامەزراوەکانی لەئەرک و کارەسەرەکیەکانیان خۆیان دەدزنەوە. دابینکردنی پێداویستییەکان بەرێکخراو خێرخوازانەوە دەسپێرن. ئەمە کۆیلایەتیکردنی مۆدێرنی بەناوی خێرەوە. مرۆڤ شایەنی بەزەیی و خێرپێکردن نییە. بەڵکو مافی سروشتی لەسەر حکومەتە کە هەلیکارو ژیانی دابینکات. تواناو بەهرەکان پەرەیان پێبدرێت. کوشتنی مرۆڤ ئەوەیە کە تەنها فێری سکپڕکردن بکرێ تا بیرلەهیچیتر نەکاتەوە. کارەساتە حکومەت خۆی داوا لەدەوڵەمەندو سەرمایەداران بکات تا هاوکاری هاونیشتمانیان بکەن. بەوە حکومەت کۆتایی بەڕۆڵ و مەرجی هەبوونی خۆی دەهێنێت. هەڵمەتی خێرخوازی، هەوڵێکترە بۆ رزگارکردنی حکومەتە لەکەمتەرخەمیەکانی. چونکە، بەخشینی خۆراک/پارە بەناوی خێرخوازییەوە، دەچێتە خانەی ئارایشتکردنی کەموکورتیەکانی دەسەڵاتەوە. بەشێکی رێکخراوەکان راستەوخۆ بە"سامانی حزب" رووی خۆیان سپیدەکەنەوە. ئەوانەی کەرتی تایبەتیش، پشکی بەرپرسن یان سوودمەندبوون لەپرۆژەکانی شارەوانی و گومرگ و حکومەت و ئاسانکاریان بۆکراوە. سەیرنییە، کۆمپانیایە لەبوارێکدا خەڵکی دەڕەتێنێ کەچی دێت باسی هەتیو بێوەژن و هتد... دەکات. ئەوەشی کەناوی هاوکاریە، جگەلە ریکلامی بازرگانی و پەردەپۆشکردن کاری نایاسایی و نامۆراڵی زێتر نییە. کوشتنی تواناو بەهرەی مرۆڤە لەوەی بەدەست و رەنجی شانی خۆی بژێویی دابینکات. بەزەبری نان، ملکەچ و کۆنترۆڵی بکەیت. هەرچی شکۆو ئیرادەیە، مەردایەتی و جوامێرییە بەناوی هاوکاری و خێرەوە بکوژیت. من لەگەڵ هاندان و رەخساندنی دەرفەت و هەلی باشترکردنی ژیان و گوزەراندام. دژی بیرۆکەی خێروچاکەم. چونکە، پڕە لەخۆپەرستی و خۆپەسەندی و نەوی سەیرکردنی ئەوتیر. هەر لایەنێک باوەڕی بەچاکەکاری هەیە، با لەپرۆژەی بنیانتنان و پەرپێدانی بەردەوامی تواناو بەهرەکانەوە دەستپێکات. لەڕێی رەخساندنی دەرفەتەوە هاوکاربێت. پرۆژەیەک کە مرۆڤ بەهۆیەوە هەست بەرپرسیارێتی و بڕیاردەربێ لەسەر چۆنیەتی ژیان و دابینکردنی گوزەرانی بدات. مرۆڤ سەربەخۆبکات نەک کۆیلە. سوود لەتواناو بەهرەو شارەزایی پیشەییان وەربگرێ. دەستوبازویان بەگەڕبخات، نەک لەژێر پەردەی هەژاریدا لە دەستوپێیان بخات. بیرۆکەی خێروخوازی -بەدەر لەنیازو مەبەستی کەسەکە- خاڵی نییە لەبەرژەوەندی بێبەرامبەر. تەنانەت ئەگەر بۆ ئەودونیا/خوابکرێ. لەبەرئەوەی کەسەکە بەباوەڕی خۆی دەقاتی لەدونیاکەیتر وەردەگرێ. یان لەپێناو سڕینەوە خراپەیەکدا دەیکات. تەنانەت، ئاسوودەیی ویژدان و دەروون لەهاوکاری و خێردا بەدەرنییە. بەرژوەندی هاوبەش لەخێرخوازیدا ئەوەیە بێبەرامبەر نییەو چەواشەکاری تێدایە. باشترە چەمکەکە بگۆڕدرێت. چونکە، سووکایەتیکردن بەوەرگری تێدایە. لەجیاتی ئەوە 'پەرەپێدان و بنیاتنانی مرۆیی' دابنرێت. ئەمەش هەر ناوگۆڕین نییە بەڵکو وەگەڕخستن، دۆزینەوەو رەخساندنی دەرفەت بۆ تواناو بەهرەکانە لەبواری خۆیاندا. ئاخر، ئەوە چییە تۆ مەڕێ بکەیت بەخێر بۆئەوەی بیست خێزان گۆشت بخوات، دەمانگی رەبەق زەقەی چاوی بۆ ژەمێکی گونجاوبێت؟ لەجیاتی ئەوە پرۆژەی درێژخایەن و خۆژین سازبکەن. وەک ووتراوە؛ مامۆستای باش ئەوەیە فێری راوەماسیت بکات، نەک ماسیت بۆ بگرێ. ئەم هەموو خێرانە، وامان لێدەکەن تەنها خەون بەژەمێک و سکپڕکردنێک بکەینەوە نەک کێشەو گرفتەکان چارەسەربن. تکایە، مرۆڤ مەکەن بەرەجەبی ژیر دارهەنجیرەکە کەپیشەی رۆژانەی دەمکردنەوەیە و خەون بەهەنجیرێکەوە کە بەڕێکی راستەوخۆ بکەوێتەدەمییەوە ببینێت.
بەهرە حەمەڕەش بەدرێژایی مێژوو کورد، لە پێناو مافە مرۆیی و سیاسییەکانی خەباتی کردووە. لەم پێناوەدا چەندین جار روو بەرووی جینۆساید بووەتەوە، بەڵام هەمیشە کەلێنێکی گەورە لە تێگەیشتنی هزری بۆ چەوساندنەوە و سەربەخۆیی هەبووە. بە ئاگا یان بێئاگا، لە مێژوودا و تا ئەمڕۆ دووبارەبووەتەوە. بە ئاوڕدانەوەیە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی دەبینی، هەمیشە یەکتر قبوڵنەکردن و دژایەتی یەکتر تا ئاستی سڕینەوە ئامادەیی هەبوویە/ هەیە. زۆرێک لە رۆژهەڵاتناسانیش، ئەو مێژووە دەگێڕنەوە، کە "کوردەکان ئامادەبوون تەنازول بۆ دوژمن بکەن، بەڵام بەرامبەر یەکتر کەلە رەق بوون"! ئەگەرچی زانینی هۆکاری ورد و ئامادەیی رق لە ناو کورددا، وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو و چەوسێنراوە، پێویستی بە لێکۆڵێنەوە و توێژینەوەی زانستییە، بەڵام دەکرێت هەندێ خاڵ وەکو رەهەندی سەرەکی باس بکەین، کە بە خوێنی کورددا هاتووچۆ دەکەن. سەرکردە بە کەسێک دەگوترێ، کە درک بە واقیع و دۆخی کۆمەڵگەکەی بکات و ئامادەبێ لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا قوربانی بدات و تەنازول بکات. ئەو بۆ خەڵکەکەی بژیت و بۆ ئەوان رێککەوتن بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە. کەلەرەقی خەسڵەتی سەرکردەنییە، چونکە ئەو بەرپرسیارێتی لەوە سەختترە کە دنیابینی تەسک بێت. ماوەی چەند مانگێکە پارتی و یەکێتی هەوڵی دانیشتن و کۆبوونەوە دەدەن، چەندجارێکیش ئەم کۆبوونەوەیە دواخراوە، لە کاتێکدا ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لە گەرمەی قەیرانەکاندان، کە کۆرۆنا کێشەی ئابووری سەرچاوەکەیەتین. لە کاتێكدا سەرکردە و شارەزایانی جیهان، هەموو هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە بە کەمترین زیان خستۆتەگەڕ، حزب و خەڵكی ئێمەش وزەیان لە شتی لاوەکی و زیانمەنددا خەرج دەکەن. ئەگەر ئێمە گلەیی لە حزبەکان بکەین، ئەی شەڕە پەڕۆی خەڵک چی؟ بەداخەوە ئێمە لە سەر نەبوونی ئەم تایبەتماندی سەرکردەی واقعی تا ئێستا باج دەدەین. لەناو کورددا سەرکردەی لە خۆبووردوو و نەرمکێش هەن، بەڵام بەداخەوە نەبووەتە دیاردە، بەڵکو لە حاڵەت تێنەپەڕێوە. هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا، کە بە رۆڵی مێژوویی خۆی هەڵدەستێت نموونەی ئەم جۆرە عەقڵەیە، کە دەتوانرێت بە عەقڵی دەوڵەتداری پێناسەی بکرێت. سەرۆکایەتی هەرێم، وەکو چەترێکە و دەربڕین و دڵنیایی هەموو حزب و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە دەرئەنجام دەبێتە دڵنیایی بۆ حزبەکان و خەڵك. ئەم رۆڵە مێژووییەی ئێستا کاک نێچیرڤان بارزانی دەیبینێت، لە میێژووی کورددا نمونەی کەمە، بۆیە دەبێت کەسانی وەکو ئەو نەک هەر رێگرییان لێبکرێت، بەڵکو ببنە جیی شانازی و هەموان هاوکاری بن بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان. راستە ئەو، وەکو گەنجێک ئەم توانا و هەوڵانەی هەیە، بەڵام رێگاکەی دژوارە و زۆرترین کۆسپی بۆ دروست دەکرێت، ئاشکراشە کە هەمیشە تێکدان لە بنیاتنان ئاسانترە. ئەو رۆڵەی کە ئێستا سەرۆکی هەرێم دەیبینێت، بە دڵنیایی بە پێی ئەزمون و شارەزایی ئەوە، دەزانێت کە رەوش و ئاستی کۆمەڵگەی ئێمە تا کوێیە، هەروەها درک بە مەترسی و کۆسپە دەرەکی و ناوخۆییەکان دەکات، ئەو دەزانێت عەقڵی دەوڵەتداری لە عەقڵی کۆمەڵگەیەک، کە پاشخانێکی دیوەخانی و عەشیرەتی هەیە سەختە. ئەو دەزانێت، کە کەلەرەقی کوردی نەگەیاندۆتە هیچ کوێ، بەڵکو لە بازنەیەکدا دەیخولێنێتەوە، بۆیە هەنگاوەکانی بەرەو ئاراستەیەکە، کە دەکرێ هەموو حزبەکان متمانەی پێبکەن، چونکە ئەمە قۆناغێکە و دەبێت کورد بیبڕێت. لە مێژوودا هەموو ئەو میللەتانەی، کە گرنگی و گوێیان بە عەقڵ، عەقڵانیەت و دیالۆگ نەدابێ، باجی گەورەیان داوە. کوردیش ئەمڕۆ یان سبەی هەردەبێ بگەرێتەوە بۆ عەقڵی دەوڵەتداری و یەکتر قبوڵکردن. کورد لە مێژوودا زۆر هەوڵی رزگارکردنی خاکی داوە، بەڵام هەوڵی رزگارکردنی عەقڵی نەداوە. نە لە کاتی شۆڕش و نە لە دوای شۆڕش بە داخەوە زەمینەسازی و کلتوری دەوڵەتداری دروستنەکراوە. ئێمە هەموومان ئەو لاوازییە دەبینین، کە ئەمڕۆ باجەکەی دەدەین، لەوانەیە لە هەندێ بواردا ریفۆرم هەبێت بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی شۆڕش، وەکو نمونەی یاسای ریفۆرمی جوتیاری، کە لە عێراق ساڵی ١٩٧٠ دەرچوو، بەڵام ئەم یاسایە دەربازی شۆڕشی جوتیاران نەبوو. دەبێ بزانین، کە دەرمانی کورد تەبایی و یەکتر قبوڵکردنە، بەپێچەوانەوەش، ئەوەی هەشمانە لە دەستی دەدەین و دەبێ بگەڕێینەوە سەردەمێک، کە قسەکردن بە زمانی کوردی سزای بەدواوە بوو.
( كاروان محمود حاجی) عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوە و مەزهەب و ئاینە, رێكخستنی ئەم هەموو پێكهاتەیە پێویسـتی بە دەستورێكی دیموكراسـی هەبوە , لەپاش رووخانی رژێمی بەعس لە (2003) لە لایەن ئەمریكاوە وە دانانی بریمەر وەك حاكمی عێراق وە دروست كردنی (مەجلیسی حوكم ) كە هەموو پێكهاتەكانی عێراقی تێدا بوو بریمەر جەختی لەوە كردەوە كە دەستورێكی دیموكراسی بۆ عێراق بنوسرێتەوە وە هەموو لایەك بەشداری لەنوسینەوەی دەستوردا بكەن ,ئەوە بوو لە سـاڵی (2005) دەسـتوری عێراق نوسـرایەوە وە خرایە راپرسیەوە و دەنگی زۆرینەی گەلی عێراقی بەدەست هێنا , لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا پۆل بریمەر رای وابوو كە باشترین چارەسـەر بۆ كێشـە و ئاڵۆزیەكانی عێراق دروسـت كردنی فیدراڵیەتی پارێزگاكانە ئەم بۆچونەی بریمەر هەندێك پشتگیریان كردو هەندێكیش دژی بوون تەنانەت هەندێك لە سـەركردە كوردەكانیش دژی وەسـتان بەڵام لەناو دەستوری عێراقدا ئەم مافە بە مادەیەكی تایبەت چەسـپێنرا هەرچەندە پاش تێپەر بوونی كات زۆرێك لە سـیاسەت مەدارو ئەوانەی لە دۆخی عێراق تێگەیشتون هاتونەتە سەر رایەكەی بریمەر وە پێیان وایە كە باشترین چارەسەر بۆ ئێستای عێراق فیدراڵی پارێزگاكانە , هەرچەندە ئەوكات فیدراڵی پرێزگاكان نەچەسپا بەڵام توانرا بە مادەیەك لە دەستوردا مافی داوا كردنی بچەسپێنرێت , پاشان لە ساڵی (2008) یاسای ژمارە (13) دەركرا كەتیایدا هەموو رێكارەكانی جێبەجێ كردنی تایبەت بە دروسـت كردنی هەرێمی تیادا باس كراوە , گرنگی ئەم مادە دەستوریە ئەوەیە كە لە كاتێكدا پارێزگایەك ویستی بەتەنیا یان لەگەڵ چەند پارێزگایەك هەرێمێك دروست بكەن هیچ گرفتێكی یاساییان بۆ دروست نەكرێت , لێرەدا ئەمەوێت پارێزگای سلێمانی بە نموونە بهێنمەوە سلێمانی مقەوماتی بوون بە هەرێم و هەتا بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆشی تێدایە شارێكی شۆرش گێرو رۆشنبیر و تێكۆشەر لانكەی دروست بوونی هەموو شۆرشـە یەك لەدوای یەكەكان بووە خاوەنی هەزاران شەهید و بریندارو كەم ئەندامی سەنگەرە خاوەن پێگەیەكی فكری و سیاسی و فەرهەنگی گەورەیە , لەپاش راپەرینەوە دوای ماوەیەكی كورت وەكو قوربانیەكی دەسەڵاتی لێهات و زۆر بە ئاشكرا غەدری لێدەكرێت هەرچەندە بێدەنگ نەبووە لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لێیكراوە وەلەبەر ئەوەی ویستویەتی ئاسایشی هەرێمەكەی و قەوارەكەی بپارێزێت هەموو رێگەكانی فشاری مەدەنی بەكار هێناوە هەر لە بەیان نامەی نارەزایی و خۆپیشاندان و بایكۆت كردنی دەوام و دروست كردنی گروپی فشار , بەڵام نەك هەر سودی نەبوو بەڵكو زیاتر غەدری لێكرا لەرووی سیاسی و ئابوریەوە ئەمیش لەوەوە دروست بوو كەدەسەڵات لە هەولێر هەموو جومگەكانی كارگێری بردۆتە هەولێر كە بۆ بچوكترین ئیش ئاستەمی گەورە بۆ ئەم شارە دروست دەكرێت كەئەمەش وای كرد كە سلێمانی ببێتە شارێكی پەراویز خراو وە شارێكی دوا كەوتو لەروی خزمەت گوزاری و پرۆژەوە بۆیە سلێمانی بیری لە خۆ رزگار كردن كردەوە بە رێگایەك كەپێشتر تاقی نەكرابێتەوە كە ئەویش رێگای دەستوری و یاساییەكەیە بۆیە باشترین بیرۆكە بۆ گەرانەوەی شكۆ بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین و گەرمیان ئەوەیە كە هەرێمێكی سەربەخۆ دروست بكەن كە دەكرێت لە ئایندە ببێتە چوار پارێزگا كە هەرێمێك كۆیان بكاتەوە , هەرێمی سلێمانی پاش دروست بوونی دەتوانێت دەستورێكی تایبەت بە خۆی هەبێت كە ئەگەر بتوانرێت ئەم دەستورە بنوسرێتەوە ئەوە بۆ یەكەم جار دەبێت لە مێژودا كە كورد ببێتە خاوەن دەستورێكی نوسراو ئەمە جگە لەوەی ئەم هەرێمە دەتوانێت میزانیەی خۆی لە عێراق وەرگرێ و ئاڵای تایبەت بەخۆیی و سوپاو ئابوریەكی سەربەخۆی باشی هەبێت بۆ بەرێوە بردنی هەرێمەكەی , ئەگەر هەرێمی سلێمانی بتوانێت نمونەیەكی جوانی دەسەڵاتداری لە بواری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پەڕەو بكات ئەوا پارێزكاكانی تریش وەكو هەولێرو دهۆك و كركوك دەتوانن چاو لە سلێمانی بكەن وە داوای هەرێمێكی سەربەخۆ بكەن بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا باسی ئەو ترسە بكەم كە دەسەڵات دەیەوێت بیخاتە دڵی خەڵكی كوردستانەوە وەتۆمەتی خیانەت بخاتە پاڵ ئەم جۆرە پرۆژانە یان بە جیاكاری نێوان پارێزگاكان دادەنێت و دەیەوێت خەڵكی شارەكانی كوردستان بكات بە گژ یەكا كە ئەم قسانە تەواو دورن لە راستیەوە بەڵكو خەڵكی كوردستان تەباو یەك گرتون لەناو یەكا ئەوە دەسەڵاتە دەیەوێت تۆوی ئەم جۆرە شك و دژایەتیە بچێنێت وە خەڵكی كوردستان دەكات بە دوژمنی یەكتر لەرێكەی غەدر كردن لەشـارێك لەسەر حسابی شارێكی تر وەلە هەر شارێكدا دەنگیان كەم بێت سزای خەڵكەكەی دەدەن بە شێوازی جۆراو جۆر , ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو دەوڵەتانەی كە فیدراڵین دەبینین دەوڵەتی زۆر پتەوو بەهێزن لە هەموو رویەكەوە بۆ نمونە ئەمەریكا _ئەڵمانیا_سویسرا_ئیماراتی عەرەبی وە بە پێچەوانەوە ئەو دەوڵەتانەی مەركەزین دەوڵەنی لاوازن وە هەموو دەسەڵاتەكانین لە پایتەختا كۆكردۆتەوە وە گەشەیەكی ئابووری زۆر كەمی تیادا دەبینرێت بۆ نمونە لیبیا_میسر ... هتد , بۆیە لەبنەڕەتدا فیدراڵیەت بۆ یەك خستنی میلەتەكانە نەك پارچەپارچە كردنیان , كە ئێستا لەسەر دەستی دەسەڵاتی كوردی پارچەپارچە كراون ئەوەی گرنگە هەنگاوە یاساییەكانی ئەم بابەتەیە , كەبەپشت بەستن بەمادەی (119)ی دەستور لە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2008) دا روون كراوەتەوە , بۆ ئەوەی بەرچاو روونی هەبێت بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق كە هەر پارێزگایەك بیەوێت داوای هەرێمێكی سەربەخۆ بكات دەتوانێت لەڕێگەی ئەم مادە دەستوری و بەم رێكارە یاساییانەی كە دیاری كراوە داوای بەهەرێم بوون بكات . سەرەتا پێویستە بوترێت بە پشت بەستن بە مادەی (119)ی دەستوری عێراق دوو رێكار هەیە كە هاوڵاتیانی پارێزگایەك دەتوانن بۆ هەرێم كردنی پارێزگاكەیان بیگرنە بەر . یەكەم : لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە كە یەك لەسەر سێ (سێ یەكی) ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێم دەكەن . دووەم : لەسەر داوای یەك لەسەر دە (دەیەكی) دەنگدەران لە هەر پارێزگایەك لەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێم دەكەن . هەر بەو مەبەستە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2008) تایبەت بە رێكارەكانی چۆنێتی بەهەرێم كردنی پارێزگایەك دەرچووەو تیایدا دەڵێت :... ئەگەر لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە پێشكەش بكرێت ئەبێت یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن داواكەیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرز بكەنەوە . خۆ ئەگەر راستەوخۆ لە رێگەی دەنگدەرانی پارێزگاكەوە بێت لە پێشدا داواكاریەكە لە لایەن لەسەدا دووی دەنگدەرانەوە پێشكەش دەكرێت بە نوسینگەی كۆمسیۆنی باڵا لەو پارێزگایەی كە داوای هەرێمەكە دەكرێت پێویستە شێوەی ئەو هەرێمەی تێدا دیاری بكرێت كە دروست دەكرێت وە پێویستە كۆمسیۆن لە ماوەی سێ رۆژدا لەم داوایە لە گۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاوی بكاتەوە وە ماوەیەك دیاری بكات كەلە مانگێك زیاتر نەبێت بۆ هاوڵاتیان ئەوانەی مەرجی دەنگدانیان تێدایە بۆ بەدەست هێنانی رێژەی یاسایی , ئەوەی گرنگە لەم قۆناغەدا بۆ بەهەرێم بوونی سلێمانی دەبێت لە رێگەی راپرسی راستەوخۆی دەنگدەرانەوە بەئەنجام بگەیەنرێت نەك لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە هەركاتێكیش رێكارە یاساییەكان تەواو بوون كۆمسیۆن نوسینگەی تایبەتی خۆی لەو پارێزگایە رادەسپێریت بۆ ئەنجام دانی راپرسی گشتی , قۆناغەكانی پێشكەش كردنی داواكە هەتا رۆژی راپرسی گشتی لە یاسا دیاری كراوە و هیچ كەس و حیزب و لایەنێك ناتوانێت رێگری لێبكات بۆیە گرنگە بۆ ئایندە خەڵكی پارێزگای سلێمانی لە پشدەر و بتوێنەوە بۆ هەڵەبجە و شارەزور و گەرمیان خۆیان بۆ پرۆسەی راپرسی و دەنگدان لەسەر چارەنوسیان ئامادە بكەن بەمەش بۆ هەتا هەتایە لەو كێشەو نەهامەتیانە رزگاریان دەبێت كە دەیان ساڵە پێوەی گیرۆدە بوون .
ئەبو كاروان دەسەڵاتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەو نموونەی لە هەموو دونیادا نەبووەو نییە، بەوەی بەناوی یاساوە یاسا شكێنی دەكەن، دوو حكومەتو دوو زۆنو دوو ئیدارەو دوو ئاسایش هتد.. یان هەیە، كەچی باسی چارەنووسی گەلو یەكێتی ریزەكانی گەلو سەروەری یاساو دامەزراوەكانی دەكەن، وە لەولاشەوە خەڵكی رەخنەگرو ناڕازی بە تێكدەرو مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار دەكەن، یاخود دەمێك باسی دەستەبەركردنی ئازادییەكان دەكەنو وەك دەستكەوت بە خەڵكی دەفرۆشنەوە، بەڵام لەواقیعدا بەبێ ئەوەی راگەیەنرابێت (باری نایاسایی) فەرزكراوە ! لەسنوری هەولێرو دهۆكو لەژێر هەژموونی پارتیدا، رێگری لە هەموو جۆرە خۆپیشاندانو چالاكییەكی جەماوەری گیراوە، خۆ گەر كرابێت ئەوە بەزەبری لێدانو چەك و "شەق" كۆتاییان پێهێنراوە. لە سنوری سلێمانیش لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا، خۆپیشاندەران رووبەرووی دەیان پێشێلكاری بونەتەوە. سەرەڕای بوونی یاسای خۆپێشاندانو رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی، بەڵام رۆژانە میدیاكارانو خەڵك بەرشەق دەدرێن. سەیر لەوەدایە باسی هێزی میلیشیایی بەغدا دەكەن كە وایەو بوونی هەیە، كەچی خۆیان لە بیریان دەچێ (سەدو دە هەزار پێشمەرگەی حزبی بەخێو دەكەن)، ئەمە جگە لە لیواو فەوجی بەرپرسان. رۆژانە سوپای وڵاتانی داگیركەر سنوری هەرێمی كوردستان دەبەزێننو هاوڵاتیان شەهید دەكەن، لەبری روبەرووبونەوەی هێزی داگیركەر، كەچی روبەڕووی ئەوانە دەبنەوە كە دژی هێرشی داگیركەران دەوەستنەوە. هەردوو حیزب سوپایەك دەزگای ئیعلامی گەورەییان بە پارەی (خەڵك) دروستكردووە كە لە بڕی هێرش بۆسەر جەستەمان، رۆژانە هێرش بۆسەر عەقڵمان دەبەنو خەریكی دروستكردنی وشیاری ساختەو گۆڕینی ئاڕاستەی رووداوەكانن بە رێگای دروستكردنی كەیسی ساختەو تۆمەت بەخشینەوە بۆ كارەكتەرە رەخنەگرەكان، ئەوان خەریكی كوشتنی كارەكتەری رەخنەگرن، چونكە ناتوانن وەڵامی فكریو سیاسی رەخنەگران بدەنەوە. دووبارەی دەكەمەوە، من ئەمانەم لە قوتووی هیچ عەتارێكدا نەبینوە. جا ئیتر كەیفی خۆتانە كە بڕوا دەكەن یا نا.
سەهین موفتی کونسوڵی نوێی ئەمریکا رۆبەرت وۆڵەر لە کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە بە گشتی سەردانی ( یەکێتی) کردووە، کەچی بە سێ کۆبوونەوەی جیاواز هەوڵی داوە بۆچوون و هەڵوێستەکانی ئێستای یەکێتی بزانێت...! لەکۆبوونەوەی دەگەڵ بافێڵ تاڵەبانی، بەپێی راگەیندراوی کۆبوونەوەکە، تەئکید لەسەر یەکریزی لایەنە کوردستانییەکان، باش بوونی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە. لەکۆبوونەوەی کونسوڵ و کۆسرەت رەسول، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد کراوەو دەستووری عێڕاق بووەتە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە. لەکۆبوونەوەی نێوانی میوانە نوێیەکەی کوردستان و لاهوری جەنگی، وەک بڵاو بۆتەوە پێچەوانەی بۆچوونەکانی بافڵ تاڵەبانیەو، وەهای نیشانی جەنابی کونسوڵداوە یەکێتی ئێستا سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو( نەبابە؟)ی هەیەو بەهێزترە بە بەراورد بەچەند ساڵی رابردوو...! بەکورتییەکەی، بەپێی کۆبوونەوەکانی جەنابی کونسوڵ بێت، یەکێتی ئێستا بووەتە سێ باڵ، وەک دەبیندرێت بافڵ لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئاکامێکی باش لە بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەگشتی، و گەڕانەوە بۆ پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی بە هەمان نەفەسی سەردەمی باوکی( مام جەلال )، کەچی لاهور خەریکی نانەوەی پشێوی و ئاژاوەیە، دیسا خراپبوونی دۆخی ئابووری کردۆتە بیانوو...!
هیوا سەید سەلیم سالانێکە هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم کێشەیانە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای سەربەخۆ نەوتی خۆی فرۆشت، بەغدا لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ویستی فشار بخاتە سەر هەرێم، لە ماوەی دەسەڵاتی سێ کابینەی (مالکی، عەبدولمەهدی، و ئێستاش کازمی) ئەو پرسە بێ چارەسەری بنەڕەتی ماوەتەوە. لەسەردەمی کابینەکەی (عادل عەبدولمەهدی)دا لە نێوانی هەرێم و بەغدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆکرا، کە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرامبەر ڕادستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە بەغدا، دووەمیان بڕی ٤٥٣ ملیار دینار وەک شایستە دارایەکان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی وایکرد ئەو لێک تێگەیشتنەی نێوان بەغدا- هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ درێژەی نەبێت، و بەغداش ئەو بڕە پارەی مانگانە بۆ هەرێمی دەنارد ئیتر بە رێکوپێکی و مانگانە نەینێرێت. شایانی باسە لە ساڵی تازەدا هەرێم چەندین شاندی ڕەوانەی بەغدا کردووە، لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا هەڕێم ئامادەی تێدابووە نەک ٢٥٠ هەزار بەرمیل بگرە تەواوی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکات تا لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشێت بەڵام ئێستا بەغدا رازی نیە نەوتی هەرێم وەرگرێت. جاران بیانووی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بوو ئەی بۆچی ئێستا بەغدا ئامادەیی تێدانیە هەرێم نەوتەکەی ڕادەست بکات؟ ئاشکرایە کە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی Covid 19 ، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان رووی لە دابەزین کرد، بۆ ڕێگری لەو دابەزینە رێکخراوی ئۆپیک پڵاس کە پێک دێت لە وڵاتانی هەناردەکەری نەوت و رووسیا، لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رێککەوتن، و دەبوو هەموو ئەندامانی ئەو رێکخراوەش پێیەوە پابەندبن، لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە نەبێت عێراق پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، و نسبەتێک لە نەوتی هەناردەکراوی خۆیی کەم بکاتەوە. جگە لەو خاڵە بەغدا دەزانێت کە نەوتی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی جێگای مشتومڕن، و پارەیەکی زۆریشی لێ بەهەدەر دەڕوات، بە ناوی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە و ئیدیکەش، بۆیە بەغدا ئامادەنیە نەوت لە هەرێمی کوردستان وەرگرێت. ئامادەنبوونی بەغدا لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم وایکردووە هەردوولا لە رێکەوتنێکی تازە نزیک بکاتەوە، ئەویش بەوەی بەغدا تا ساڵی تازەی ٢٠٢١ هەرێم سەرپشک دەکات نەوەتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام لەبەرامبەر ڕادەستکردنی ٥٠٪ داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەغدا بڕی ٣٠٠ ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەو ریکەوتنە تازیە ئەگەر سەربگرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی دیکە، بڕی پێویست پارە بخانە سەر ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە ئەمەشیان لەبەردەم چەندین ئاڵنکاریی دادەبێت، بەوەی ئەگەر جارێکی دیکە نەوت نرخەکەی دابەزێتەوە، یان حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتە نەکات. بەغدا بەو رێکەوتنە تازەیەیی تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەرێم لەسەریەتی لە بڕی پەنابردنە بەر بڕینی مووچە و دواخستنی، بیر لە هەنگاوەکانی چاکسازی بکاتەوە، تا لەوە زیاتر خەڵک لە چاوەڕوانی مووچە پەنا بۆ سیاسەتی سک گوشێن نەبات. لای هەموو لایەک روونە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە تا ئێستا، خەڵکی کوردستان کراوەتە قوربانی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، جارێک مووچەی پاشەکەوت دەکریت، و جارێک لێ دەبڕێت و مانگی بۆ درێژ دەکرێتەوە، بەشێوەیەک کە کەم مووچەخۆر هەیە بزانێت کە چەند پارەی لای حکومەتە، بۆیە خەڵک بەپەرۆشەوە لە چاوەڕوانی ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمن.
د. ئیسماعیل نامیق لەئێستادا سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆن ودەنگی ناڕازیی لەقەیرانێکی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی ناکۆکی نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەناکۆکیەکانی یەکێتی وپارتی زیاتر وگەورەترە، ئەم هێزانە نەیانتوانیوە تەنانەت لەسەر یەک بابەتیش هەڵوێستێک، یان گوتارێکی هاوبەشیان هەبێ، هەریەکە ولەدۆڵێکن ولەئاوازێک ئەخوێننن. پاشان هیچ کام لەهێزە ئۆپۆزسێونەکان خاوەنی بەرنامەیەکی قوڵ ودوور مەودا نیە، پلان وتێڕوانینی بۆ ئایندە نیە، بەڵکو تەنها سیاسەتی رۆژ دەکات، بەئاشکرا هەست بەهەژاریی مەعریفە ورۆشنبیریی یاسایی وسادەیی فراکسیۆنەکانیان دەکرێت لەخەباتی پەرلەمانیدا، تا ئێستا نەیانتوانیوە، بەگفتوگۆیەکی یاسایی لۆژیکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئیحراج بکەن، لەهەمبەر ئەو هەموو کەلێنە یاسایی ورێوشوێنە نایاساییەی کە هەن، زۆرجار ناڕەزایی خەڵک بەزمانێکی سادەتر لەوەی خەڵک، لەپەرلەماندا وبەتوڕە بوونەوە دەخەنە روو، ئەمانە تەنها کەف وکوڵێکن وکاریگەرییەکەیان زوو دەنیشێتەوە ونامێنێت، هەروەها یەکێتی وپارتیش سودیان لەئەزموونی رابردووی گۆڕان وەرگرتووە، بەقەولی کاک مەلا بەختیار چەندین ( قازیان ) ناردۆتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی هەرکات فەرمانیان پێکردن بەدەنگێکی بەرزتر لەئۆپۆزسیۆن بقیڕێنن وهاوار وموزایەدە بکەن، ئەمەش لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی هاواری ئۆپۆزسیۆن!! پارتی حیزبێکی داهێنەر نیە، بەڵام دەتوانێت هەموو داهێنانێکی بەرامبەر بێ کاریگەریی بکات، بۆنموونە، هێنانی خەڵکی پۆپۆلیست بۆ پەرلەمان، داهێنراوی پارتی نیە، گۆڕان ئەم مۆدێلەی داهێنا، بەڵام پارتی لەخولی سێ وچواردا هەستی بەمەترسی ئەم جۆرە خەڵکە کرد، بۆیە لەخولی پێنجدا زیاتر لەحیزبەکانی دیکە ئەم جۆرە خەڵکەی بردە پەرلەمان، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیشی بەتایپێکی ئۆرجیناڵی پۆپۆلیزم پڕکردەوە وسکرتێرەکەشی بەناوی پاراستنی مافی کۆتاوە دا بەژنێکی گوێڕایەڵی خۆی، ئەم ژنە دەمی لەگەڵ پارتیدایە، بەڵام دڵی نا، پارتیش بەس کاری بەدەم وزمانیەتی!! بەم کارە پارتی دەرگای گفتوگۆی لۆژیکی لەپەرلەماندا کڵومدا وبەدیار هەر پەنجەرە وکڵاو رۆژنەیەکیشەوە پاسەوانێکی پۆپۆلیستی دانا، بۆ قەتیسکردن وخنکاندنی دەنگی پۆپۆلیستی ئۆپۆزسیۆن. بۆیە ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا ناتوانێت بەچەکە کۆنەکەی گۆڕان روبەڕوی پارتی ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر گۆڕان خۆشی ببێتەوە بەئۆپۆزسیۆن، ناتوانێت بەهەمان چەک لەگەڵ پارتیدا بجەنگێ، رەنگە ئەمە یەکێک لەهۆکارەکانی بەشداریکردنی گۆڕان بوبێت لەحکومەتدا. کەواتە ئۆپۆزسیۆن لەقەیرانێکی قوڵدایە، قەیران لەفیکر وپلان وبەرنامەی کارکردن، قەیران لەتێڕوانین وخوێندنەوەی داهاتوو، قەیران لەئامرازی کارکردن. ئەم قەیرانەی ئۆپۆزسیۆن بەڕای من تاکۆتایی خولی پێنج بەردەوام دەبێت، ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا ناتوانێت هیچ بکات، بچووکتر دەبێتەوە گەورە نابێت. بەڵام لەخولی داهاتوودا، گۆڕانکاریی ریشەیی وگەورە روودەدات، چونکە پارتی ویەکێتی لەبەهێزبووندا نین، راستە بەقەبارە قەبە وگەورە دەرئەکەون، بەڵام لەناوەڕۆکدا لەداخوڕان وپوکانەوەی بەردەوامدان، لەبەئەوە، مانەوە ودەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە لەبەهێزیی خۆیانەوە نیە، بەڵکو لەلاوازیی بەرامبەرەکانیانەوەیە. کۆبونەوەی دەنگەناڕازییەکان لەپارتێکدا یان لەبەرەیەکدا لەژێر سەرکردایەتیەکی بەهێزدا، یەکێتی وپارتی دەخاتەوە قاڵبی سروشتی خۆیان، ئەمە قورسە، بەڵام ئاستەم نیە، تەنها پێویستی بەحیکمەت وگۆڕینی شێوازی کارکردن وجۆری کارەکان وپلان وبەرنامەی قوڵ ودوور مەودا هەیە.
کاروان عەلی شامار ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کوردستاندا رۆژ بەرۆژ دەرگیری ئاڵنگاری زیاتر دەبنەوەو حکومەتی ھەرێمیش ھیچ دەرچەیەکی لەھەگبەدا نییە بۆ دەربازبوون، ئەمە سەرباری نەبونی پلان و ستراتیژێکی بابەتی بۆ ئاسانکاری ھاوڵاتیان لە روبەروبونەوەی قەیرانەکاندا! بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیان لەوپەری خراپی دۆخی ئابوریدا ژیان بەرێدەکەن بەو ھۆیەشەوە رۆژانە گوێبیستی دەیان چیرۆکی تراژیدی دەبینەوە، ئەم فاکتەش وایکردووە (کۆچی لاوان و خۆکوژیی و گەندەڵی و رێژەی تاوان و جیابونەوەی ھاوسەران و ھەڵوەشاندنەوەی خێزان)، لە حاڵەتەوە ببن بە دیاردە! زۆرێک لە قەیرانەکانی ھەرێم پابەستن بە رەھەندە سیاسیەکەوە، گرژی نێوان لایەنە سیاسیەکان لێکەوتەو کاریگەری راستەوخۆیان بۆ سەر جوڵەی بازاڕو ژیانی خەڵک و فەلجبوونی سێکتەرو دامەزراوەکانی حکومەت ھەیە. ھەروەھا بە ھۆی گرفت و گرژییە سیاسیەکانەوە خەوش و دەلاقەی گەورە لەسەر بونیادی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دروست بووەو زۆرێک لە کایەو سێکتەرەکانی حکومەت و کۆمەڵگە لە لێواری روخان و ھەڵوەشانەوەدان! وێرای ئەو دۆخە ناھەموارەش بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم ئامادەی سازان نین لە پێناو بەرژەوەندی میللەتەکەیاندا، ھەنگاو بە ئاراستەی چاکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا نانێن! خولاسە، ئەگەر ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی پەرلەمان و شاندی نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ چاکردنی بونیادی کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و شەفافکردنی سێکتەرەکانی نەوت و دارایی و ئاشکراکردنی (٢٧) ملیار دۆلاری قەرزو گرێبەستی پەنجا ساڵەی نێوان ھەرێم و تورکیادا بێ، ئەوا کارێکی باشەو جێی ئەرزشە، وەلێ بەپێچەوانەوە گەر کۆبونەوەکان تەنھا بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی تر بن و ھیچ دەرەنجامێکی ئیجابیان نەبێ، لێ کۆنەبنەوە باشترە. واتە ئیدامەی کۆبونەوەکان و راسپاردنی کێشە جەوھەرییەکان بە لیژنەکان ئەوا ھیچ گرنگیەکی نیەو نایبێ، جگە لە موماتەڵە بە کات و دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ سەر شانی ھاولاتیان!
مەریوان وریا قانع (٤) ”گرێی خۆ بەکەم زانین“ و وێناکردنی خود وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر و کەمنرختر لەوانیتر، ھەمان شت نییە وەک گرێی ”ڕقبوونەوە لە خود“، وەک”خودنەفرەتیی“. بینینی خود وەک شتێکی کەمتر و نزمتر لەوانیتر، یەکسان نییە بە ڕقبوونەوە لەو خودە خۆی و وێناکردنی وەک شتێکی بۆگەن و قابیلی نەفرەتلێکردن. یەکەمیان دۆخێکی گشتیترە و لە ڕووی مێژووییەوە بەرھەمی تەماھیکردنە لەگەڵ ستەمگەران و داگیرکەران و پرۆژەی کۆلۆنایلزیمدا، واتە بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە ئەوانیترەوە، بە ناوەکیکردنی ڕوانینەکانی ئەویترێکی دەرەکییەیە بەرامبەر بە خود، ھەرچی دووھەمیانە، ھەرچی ڕقبوونەوە لە خود و خودنەفرەتییە، بەرھەمی پەیوەندیی خود نییە بە ئەوانیترەوە، پەیوەندییەکەی دەرەکیی نییە، بەڵکو بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە خود خۆیەوە، سەیرکردن و ھەڵسەنگاندنی قێزەوانانەی خودە بۆ خۆی لە غیابی ڕاستەوخۆی ئەویترێکی دەرەکیدا. بەم مانایە خودنەفرەتیی چەند ھەنگاوێک ئەولاتر و قووڵتری پەیوەندیی نێگەتیڤی خودە بە خود خۆیەوە. لە ڕقبوونەوە لە خودادا وھەستکردن بە کەمبوون بەرامبەر بەوانیتری دەرەکیی، گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی ناوەکیی ڕقبوونەوەی خود لە خود خۆی. خودنەفرەتیی جۆرێکە لە نەفیکردنی خود و سڕینەوەی، نمایشکردنییەتی وەک شتێک کە شایستەی ژیان نییە. زۆر لەوە بەددترە جێگەیەکی لەسەر زەوی ھەبێت. بەم مانایە قۆناغی خودنەفرەتیی قۆناغێکی تەواو ترسناکتر و پڕکێشەترە لە قۆناغی خۆبەکەمزانین، ئەگەر لە دۆخی خۆبەکەمزانیندا پێویستت بەوانیتر ھەبێت بۆئەوەی لەوەدڵنایبیت کە تۆ بچووکتر و کەمتریت، لە دووھەمیاندا ئەم بوونەوەرە دەرەکییە پێویست نییە و نەفرەتەکە بووە بە میکانیزمێکی ناوەکیی سەربەخۆ. گواستنەوە لە گرێی ”خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ گرێی ”خودنەفرەتیی“ لە دونیای ئێمەدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕووئەدات. لەوکاتەوە کە تیایدا دۆخێک دروستدەبێت کاروباری ھەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەوێتە دەستی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان و ئەو ”ئەویتر“ە دەرەکییە ئەو بوونە ڕاستەوخۆیەی لەناو ژیانی سیاسیی و ئابوریی و فەرھەنگیی و سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستاندا نامێنێت. لەوکاتەدا کە ”خود“ خۆی دەبێت بە سەرەوەری خۆی و خۆی دەبێتبە داڕێژەری پەیوەندییەکانی بە خودی خۆی و بە دونیای دەرەوەوە. فۆرمی ئەو خودسەروەریی و حوکمڕانییە بەڕادەیەک بەد و ناشیرینە، بە ڕادەیەک ترسناک و قێزەونە، زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی گرێی خودنەفرەتیی دەھێنێتەکایەوە. لەوکاتانەدا کە ھێزە سیاسییە کوردییەکان بە ھەمان لۆژیک و ھەمان مۆدێلی بەعس کەوتنە داڕشتنی بناغەکانی جیھانێکی نەفرەتلێکراو، گرێی خودنەفرەتیی دەبێت بە گرێی سایکۆلۆژیی ژمارە یەکی ناو ئەو دونیایە. لە ئێستادا ئەم گرێیە وەک پەتایەکی گەورەی لێھاتووە و لەناو زیاد لە کایە و لای زیاد لە گروپێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی تەعبیرکردن لە خوددا، ئامادەیە. ئەم پەتایە بە ڕادەیەک ئامادە و کاریگەرە بەشێکی زۆری ڕەخنەی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕیوە بۆ نەفرەتی سیاسیی و نەفرەتی فەرھەنگیی و نەفرەتی ئەخلاقیی و نەفرەتی ئەدەبیی. ئەمەش وایکردوە کردەی ڕەخنەکردن، کە کردەیەکی ھێجگار گرنگی ناو سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی ناو کۆمەگایە، بگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی ھەمەلایەن، نەک تەنھا بەرامبەر بە ئێستا، بەڵکو بەرامبەر بە سەرجەمی مێژووی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی ئێمە. بە بۆچوونی من خوێندنەوەی دونیای دوای ڕاپەڕین لەڕێگای گرێی خودنەفرەتییەوە دەروازەیەکی تازەمان بۆ تێگەیشتن لەزۆر دەرکەوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەدەبیی و فەرھەنگیی ئەمڕۆمان بۆ دەکاتەوە. گرێ سایکۆلۆژییەکانی ئەم قۆناغە لەوە تێپەڕیون تەعبیربن لە گرێی خۆ بەکەم زانین، کە ڕەنگە ڕاپەڕین کۆتایی بە ھەندێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی ھێنابێت، ئەوەی دەیبینین گۆڕانی ئەم گرێیە بۆ گرێی خودنەفرەتیی. یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کە فرانز فانۆن لە کتێبی ”پێستە ڕەشەکان و ماسکە سپییەکان“دا گەشەی پێئەدات، بابەتی ”گرێی خۆ بەکەم زانینە“،inferiority complex. فانۆن ئەم گرێ دەرونیی و مێژووییە وەک دەرەنجامی وەرگرتن و بەناوەکیکردنی وێنەکانی ھێزە داگیرکەرەکان دەبینێت، لەسەر میلەت و خەڵکە داگیرکراوەکان. ئەو وێنانەی تیایاندا ھێزە داگیرکەرەکان میلەتە داگیرکراوەکان وەک خەڵکانێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک ”حەشامەت“ و ”ھۆردو“یەکی دواکەوتو، وەک منداڵی بچووک و پێنەگەیشتو، نمایشدەکەن. لای فانۆن ئەم دۆخی داگیرکردن و سیاسەتی بەرھەمھێنانی وێنەیەیە، کە گرێی خۆ بەکەم زانین دروستدەکات و لەناو کەسانی سەر بە میلەتە داگیرکراوەکاندا دەیچێنێت. دۆخێک فانۆن وەک دۆخێکی پاسۆلۆژیی و ناتەندروست وێنایدەکات. لە پشتی ئەم گرێیەوە ئەوەی ئامادەیە داننەنانە بە کەسایەتی میلەتە داگیرکراوەکاندا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆ و عەقڵانیی، وەک کۆمەڵگایەک قابیلی ژیانێکی سەربەخۆ، وەک دانیشتوانێک خۆیان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و خۆیان چرەنووسی خۆیان دیاریبکەن. وێناکردنی ئەو میلەتانە وەک وەحشی و نەزان و گەمژە و جاھیل، وەک کەسانێک پێویستیان بە پەروەردەکردن و پێگەیاندن ھەیە، وەک خەڵکانێک لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی شارستانیەتدا، بەشێکە لەم سیاسەتی داگیرکارییە. ئەوەی لای فانۆن کۆتایی بەم گرێی خۆ بەکەم زانینە دەھێنێت، شۆڕشە، یاخیبوونی چەکدارانەیە، بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە کۆلۆنیالیی و خۆڕزگارکردنە لە جەبر و فشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سایکۆلۆژییەکانی. ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا سەرەتاکانی ئەم دۆخە نوێیەی ھێنایەکایەوە، دەکرا ”سەرەتایەکی نوێ“بێت، بۆ دروستکردنی دونیایەکی ناکۆلۆنیالیی کە تیایدا مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە دروستببێت، کەسێک لە باتی ڕق خۆشەویستیی و لەباتی نەفرەت ئامێزانبوونی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی بیجوڵێنێت. بەڵام خودنەفرەتیی نەک چارەسەر نییە، بەڵکو بیمارییەکی سەختترە لە گرێی خۆ بەکەم زانین، خودنەفرەتیی بازدانە بەسەر خود خۆیدا و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوە و نەفیکردنی و بوون بە شتێکی دیکە کە لە ”ھیچ“ەوە نزیکە تا ھەر شتێکی دیکە. بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە با جارێکی دیکە بۆ فرانز فانۆن بگەڕێینەوە. لای فانۆن مرۆڤی ڕەشپێست ناتوانێت لە ڕشبوونی خۆی ڕزگاریببێت، ڕەشپێست ھەمیشە بە ڕەشپێست دەمێنێتەوە، ھیچ قسەکردنێکی ئەبستراکت لەسەر ”مرۆڤ“ و ”مرۆڤایەتیی“ ناتوانێت ئەو ڕەشبوونە لەیادبکات و تێیپەڕێنێت. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە باوەشکردن بەم ڕەشبوونەدا و بەخشینی ناوەرۆک و پێناس و ناسنامەی تازەیە پێی لە دەرەوەی گرێی خۆ بەکەم زانین و لە دەرەوەی خودنەفرەتیدا. لە ئێستاشدا مرۆڤی کورد ناتوانێت لە کوردبوونی خۆی ڕابکات و لێی ڕزگارببێت، ھەموو قسەکردنێک بۆ چوونە ئەودیوی کوردبوونەوە، بۆ بوون بە شتکی تر لە دەرەوەی کوردبووندا، جگە لە وەھم و خورافەتێکی مێژوویی و فیکریی، جگە لە گەمژیەکی سیاسیی، زیاتر نییە. بەبۆچوونی من کوردبوون وەک جۆرێک لە شوناسی تایبەت، وەک ھێمایەک بۆ کەمینەبوون، وەک بەشێک لە مێژوویەکی پڕ لە بەرگریی و خوێن، وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو، شتێکە نە کورد خۆی دەتوناێت لێیدەربازببێت و نە ئەو دەوڵەتانەش کە کورد وەک کەمینە لەناویاندا دەژین. بێگومان ئەوەی ئێمە بە بەردەوامی دەکاتەوە بە کورد، ئەوەی وامان لێدەکات بەردەوام بە کوردبوونمانەوە بنووسێین، جەوھەرێک نییە ناوی ”جەوھەری کورد“ و ”جەوھەری کوردبوون“بێت، شوناسێکی ئەتنی و نەتەوەیی نەگۆڕ و نەمر نییە، تەنانەت بوونی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە بەناوی ئەو کوردبوونەوە، ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام دەمانکاتەوە بە کورد و دەمانخاتە پەیوەندیی جیاوازە لەگەڵ کوردبووندا، کوردبوون لە ھەموو فۆرمەکانیدا، لە فۆرمە باش و فۆرمە خراپەکانیدا، ئەو دونیا دژەکوردەیە کە بە دەوری کورددا وەک کەمینەیەکەی چەوساوە و بە دەوری فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا وەک شوناسێکی تایبتەت، دروستکراوە. ئەم دۆخی بە کەمینەبوونەیە لە ژینگەیەکی دژەکەمینەدا، مێژووی ئێمەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ گەمارۆداوە. ئەو بێماف و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە بەردەوامەی کوردبوونە ھەمیشە بەبیرماندەھێنێتەوە کە کوردین. لێرەوە و لەم ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتەدا دەستگرتن بە کورد و کوردبوونەوە، تەعبیر نییە لە ڕاسیزم و نەژادپەرستیی و فاشیزم، ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنھا تەعبیر نین لە گەمژەییەکی سیاسیی کەموێنە، بەڵکو تەعبیرن لەو دۆخی خودنەفرەتیی و خۆبەکمزانینەی باسمکرد. دەستگرتن بە کوردبوونەوە وەک شوناس کاردانەوەیەکی مێژووییە بەڕووی ھەموو ئەو بێنرخکردن و سوکایەتیپێکردن و پەراوێزخستنە سیستماتیکییەی کورد و کوردبووندا کە تا ئەمڕۆ لە فۆرمی جیاوازدا درێژەی ھەیە. جان بۆل سارتەر لە باسکردنی شوناسی جولەکەبووندا ڕاستییەکی ھێجگار گرنگ و بەناوبانگی ھەیە، کە پێموایە بۆ ئێمەی کوردیش گونجاوە. سارتەر دەڵێت، جولەکە جەوھەر یان شوناسێکی ئەبەدیی و نەمر نییە، ”جولەکە ئەو کەسەیە کە کەسانیتر وەک جولەکە مامەڵەی دەکەن“. بەم مانایە ئەوەی جولەکە دروستدەکات جولەکەبوونێکی جەوھەرگەرایی نییە، بەڵکو دژەجولەکەبوون و ڕقبوونەوە لە جولەکەیە، واتە ئەنتی سامیتیزمە، کە جولەکە دروستدەکات. کوردبوونیش بەھەمان شێوە شوناسێکی نەمرد و ئەبەدیی نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەو دۆخی دژەکوردبوونەیە کە مێژووی سەدەی بیستەم دروستیدەکات و ئەمڕۆش لەناو بەشێکی بەرچاوی کوردان خۆیاندا بووە بە فۆرمێکی تەواو نەخۆشی خودنەفرەتیی.
پەیكار عوسمان ئەوەی کە لەگەڵ ئینسانیەتی ئینسان و خوایەتی خوایا دێتەوە، ئەوەیە کە شتەکان لەتەنیشت یەکابن و یەکتر تەواوبکەن، نەك لەسەر یەك دانرێن و یەکتر بسڕنەوە. مزگەوت و کەنیسەو مۆزەخانەش، ئەبێ ئاسۆیی هاوشانبن، نابێ ستوونیی سواریەك بکرێن. ئەوەی کە لەسەر یەکیان دائەنێ و سواریەکیان ئەکات، نە هۆشیاریی مرۆڤ و ئینسانیەتە، نە ویستی خواو دینە. ئەوە سەقافەتی جەنگەڵ و هاوکێشەی بەهێزو لاوازو حەزی دەسەڵاتدارێتی و جەهلی مێگەلە. کەنیسە نابێ بکرێ بە مزگەوت، مزگەوتیش نابێ بکرێ بە کەنیسە، هەردوکیشیان نابێ بکرێن بە مەتحەف. ئەوەی کە کەنیسە ئەکات بە مزگەوت، لە ئیسلام تێنەگەیشتووە. ئەوەشی کە مزگەوت ئەکا بە کەنیسە، لە مەسیحیەت تێنەگیشتووە. ئەوەشی کە پەرستگا ئەکات بە مەتحەف، دیندارەکە چەنێك لە دین تێگەیشتووە، ئەمیش هەرئەونە لە علمانیەت حاڵیبووە! ئیسلام ئەڵێ مزگەوت ئەبێ لەسەر تەقوا دامەزرێ. تەقواش خۆپاراستنە لە شەڕو ستەمکاری و پێشێلکردنی مافی ئەویتر. سەیرکە پێغەمبەر کە چووە مەدینە، مزگەوتی لە جێگای پەرستگای یەهودییەکان دانەنا، لەولاترەوە دروستی کرد. دەی ئەوە ئیمپراتۆرو تاغوت و ستەمکارەکانن کە پەرستگایەك لەسەر پەرستاگایەکی تر دائەنێن، نەك پێغەمبەرو مرۆڤە چاك و هۆشیارەکان. پرسیارەکەش ئەوەیە، تۆ لەسەر دینی پەیامبەریت، یان لەسەر دینی سوڵتان؟ مەسیحیەتیش لە کورتترین پێناسەدا یەعنی ئاشتی. دەی ئاشتیش ئەوەیە کە مافی ئەویتر لەسەر چاوە نەك لەژێر پێ. ئا لێرەوە، حروبی سەلیبی و کوشتوبڕو کردنی مزگەوتەکان بە کەنیسە.. ئەمانە لە ڕۆحی ڕەشی داگیرکەرەوە هاتوون، نەك لەڕۆحی سپی مەسیحێکی ڕزگارکەرەوە. علمانیەتیش ئازادی باوەڕە نەك زەوتکردنی باوەڕی دینی. کۆتاییهێنانە بەداگیرکاریی کایەی دین بۆ سەر کایەکانی تر، نەك هێرشی پێچەوانەو داگیرکردن و سرێنەوەی خودی کایەی دین، کە ئەک دووانە هەر یەك شتە. بردنەوەی دینە بۆ ناو پەرستگاو بۆ ناو ئازادی ئینسان، نەك پێشێلی ئازادی ئینسان و کردنی پەرستگاکەی بە مەتحەف و هۆڵی شانۆ! ئەوەی کە مزگەوت ئەکا بە کەنیسەو ئەوەی کە کەنیسە ئەکا بە مزگەوت و ئەوەی کە پەرستگا ئەکا بە مەتحەف، هەرسێکی یەك عەقڵە. عەقڵێك کە لەسەر بنەمای (هێزو زاڵێتی) بنیاتنراوە. ئەمەش عەقڵێکی چەپەڵەو هەر ستەم و فەسادو سەردەست و بندەست بەرهەمئەهێنێ. ئێمەش ئەبێ هەموو فۆڕمە دینی و نادینی و ڕاست و چەپەکانی ئەم عەقڵە نزمە تێپەڕێنین، بۆئەوەی هەڵکشێن بۆ عەقڵی باڵای پێکەوەژیان. خواش لە دۆخی کەماڵدایەو پێویستی بە هیچ نیە بۆ خۆی. ئەگەر شتێکی بوێت بۆ ئێمەی ئەوێ و ئەو شتەش هەر ئەوەیە کە واز لە عەقڵی جەنگەڵیی هێزو عەزەڵات و زاڵێتی بهێنین و سەرکەوین بۆ عەقڵی باڵای یەکترقبوڵکردن و ماف و یەکسانی و پێکەوەژیان. دین و علمانیەت و خواو ئینسانیەت و عەقڵ و ئەخلاق، لە جەوهەردا، هەمووی هەر ئەوەی لێمان ئەوێ، کە ئاسۆیی دەس بخەینە ناو دەسی یەك. بەڵام لە توێکڵداو لە ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی و حەزی سوڵتەو غەریزەی زاڵێتیدا، شتەکە هەر شەڕو ڕق و داگیرکارییەو هەر ئەوەی لێمان ئەوێ، کە ستوونیی پێ بنێین بە سەری یەکتردا. ئەساسی مولك عەدلە، نەك خیلافەت و ئیمپراتۆریەت و هەر جۆرێکی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازیی. تۆ بە هێزو زاڵێتی و داگیرکردنی دنیا، ناگەیت بە عەدالەت، ئەگەیت بە فۆڕمە ئیسلامییەکەی ستەمکاریی. چونکە "داگیرکاریی" ستەمکارییەو عەدالەتیش لەسەر ستەمکاری دانامەزرێ! عەقڵی زاڵێتی هەر زاڵم و مەزڵوم بەرهەمئەهێنێ. دەی ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین، کە زاڵم و مەزڵوم بین. ئێمە تەنیا بۆئەوە هەین کە ئینسان بین. تەنیا لە هۆشیاریشدا ئەتوانین ئینسابین و دۆخی کەڵبەو هێزو زاڵێتی تێپەڕێنین. تۆ موسوڵمانێکی هۆشیاربە ئینسانیت. تۆ مەسیحییەکەی هۆشیاربە ئینسانیت. تۆ علمانییەکی هۆشیاربە ئینسانیت. کە تۆ هۆشیاربوویت بەوەی کە خۆت ئینسانیت، ئیتر هۆشیاریت بەوەی کە ئەویش ئینسانەو پێکەوەژیانی لەگەڵا ئەکەیت. بەپێچەوانەوە کە تۆ خۆتت وەکو ئینسان نەناسی، ئیتر ناتوانی ئەویش وەکو ئینسان بناسیت. ئاخر "ئینسان" شتێکە تەنیا لەناو خۆتدا ئەناسرێ و تەنیا عەقڵی خۆت ئەتوانێ پێتی بناسێنێ. ئایدۆلۆژیا ناتوانێ ئەوەت بۆ بکات. کە عەقڵت فڕێداو خۆتدایە دەست ئایدۆلۆژیا، ئیتر لەسەر هەر ئایدۆلۆژیایەك بیت، هەر هەمان ماهییەتیت. ئیتر تۆ یەك هەستت هەیە بەرامبەر ئەویتر، تەنیا ڕق. ئیتر تۆ یەك حەزت هەیە، تەنیا حەزی سەرکەوتن بەسەر ئەویتردا. ئیتر ئێوە یەك شت هەیە کە لەگەڵ یەکا بیکەن، تەنیا شەڕ! ئینجا بینا گەورەو عەجایەبەکانی وەکو ئەهرامەکان و کەنسیەو مزگەوت و پەرستگاکان، کە بۆمان ماوەتەوە، لەڕاستیدا ئەونەی کە ڕەمزی ستەمکارین، ئەونە شتێکی حەزاری نین! ئەمانە خواستی ستەمکارو تاغوتەکانی مێژووەو بە ڕەنج و خوێنی ستەملێکراوان دروستکراون. تەنیا بۆ پیشاندانی هێزو دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێك، نەکئەوەی لە خواستێکی ئیلاهی یان ئینسانییەوە هاتبێ! ئاخر پێغەمبەر مزگەوتەکەی خۆی بە پەلکە خورما دروستکرد، نەك بە پایەی گەورەو زێڕو زەخرەفەو چەوسانەوەی خەڵکەکە! ئەمە نەك هەر لە دنیای کۆندا، بەڵکو لە دنیای مۆدێرنیشدا هەروایەو بینا زەبەلاحەکانی ناو شارەکان، تەنیا لە ڕووکەشدا نیشانەی ئاوەدانی و پێشکەوتنن، لە ناوەڕۆکدا هەر نیشانەی ستەمکاری و ناعەدالەتین. مەسەلەن هەر دوو کیلۆمەتر ئەولاتری بینا بەرزەکانی هەولێرو سلێمانی، خەڵکێکت هەیە کە نان نیە بیخوا! هەموو ئایدۆلۆژیایەك مژدەی بەهەشتێك ئەهێنێ و دۆزەخێك ئەخولقێنێ. لەڕاستیدا "حەزارەتی مرۆیی" ئینسان، حەزارەتی عەقڵە نەك ئایدۆلۆژیا. ئەوەنیە ئەم ئایدۆلۆژیا سەرکەوێ بەسەر ئەو ئایدۆلۆژیادا، ئەوەیە کە عەقڵ سەرکەوێ بەسەر ئایدۆلۆیادا. ئەم ئایدۆلۆژیا سەرکەوێ و ئەم دین سەرکەوێ و ئەو دەوڵەت سەرکەوێ.. تا ئێرا هەمان تاسوحەمامەو هەرکەس بیباتەوە، هێشتا هەر "حەزارەتی ئاژەڵیی" مرۆڤەو هەموومان تیایدا دۆڕاوین. تا ئێرا شتەکە وەکو ناو غەسالە وایەو غەسالە بەهەرلایەکا بسوڕێ، هەر هەمان یارییەو هەر هەمان کارئەکات. کەچی ئایدۆلۆژیست وائەزانێ ئەگەر بەلای ئەودا بسوڕێ، شتێکی موهیم ڕووئەداو تەنیا لەو کاتەدا جلەکان پاكئەبنەوە! لەڕاستیدا فەزیلەت ئەوەنیە لە کوێ ی ناو غەسالەکەدابیت، چونکە کە دەسی کرد بە خولانەوە، هەموو شوێنێکی وەکو یەکە. فەزیلەت ئەوەیە کە یەکجار لە یارییەکەو لە غەسالەکە بێیتە دەرەوە. "حەزارەتی مرۆیی" مرۆڤ، لەوێوە دەستپێئەکات کە هەموومان ئەو شەڕی زالێتییە کۆتایی پێبێنین و هەموومان لەناو خۆماندا عەقڵ سەرخەین بەسەر ئایدۆلۆژیادا، بۆئەوەی شەڕەکانی دەرەوە کۆتایی پێبێ و بکەوینە ناو ئاشتی تەواو. (ادخل فی السلم کافە). ئاخر تا لە ئایدۆلۆژیا دەرنەچیت، ناکەویتە ناو ئاشتی. چونکە ئایدۆلۆژیا خۆی شەڕە! هەموو ئایدۆلۆژیایەك شەیتانێکت بۆ دروستئەکاو تۆ ئەبێ شەڕی لەگەڵا بکەیت. شەڕەکەش شەڕی دەسەڵات و زاڵێتییە نەك شەڕی حەق و عەدالەت. بە دەلیلی ئەوەی، کە ئیتر تۆ لەو شەڕەدا، بە ڕەشی خۆت ئەڵێ ی سپی و بە سپی ئەو ئەڵێ ی ڕەش و حەق و عەدالەتێك لە گۆڕێدا نامێنێ! تۆ تا لە خۆپەرستی و بەرژەوەنیپەرستی دەرنەچیت، ناکەویتە ناو ئاشتی. تەنیا لە عەقڵیشدا ئەتوانی لەمانە دەرچیت، چونکە ئەمانە شەڕن و تۆش تەنیا لە عەقڵدا ئەتوانی لەوەتێبگەیت کە ئەمانە شەڕن. بەرژەوەندیپەرستی و خۆپەرستی دۆخی باڵای تۆ نیەو تۆ تەنیا لە عەقڵدا ئەتوانی خۆت بخەیتە ژێر پرسیارەو ببینیت کە تۆ لەوێدا لە نزمیدایت. ئینجا دیوەکەی تری ئایەتی (ادخل فی السلم کافە) ئەشێ بەمجۆرەبێت، (ادخل فی العقل کافە) یان (اخرجوا من الایدولوجیات کافە). هەمووی هەر شەڕی ئەوەئەکات، کە بتباتە ناو ئایدۆلۆژیاکەی خۆی. تۆش ئەبێ تەنیا شەڕی ئەوەبکەیت کە بچیتە ناو عەقڵی خۆت. کە لە ئایدۆلۆجیا دەرچویت و داخڵی عەقڵبوویت، ئیتر لەوە تێئەگەیت، کە دانانی شتەکان لەسەر یەکتر شەڕەو بوونیان لە تەنیشت یەکا ئاشتییەو لێرەشدا ئیتر تۆ ئاشتییە ئاسۆییەکەت بۆ گرنگە، نەك سەرکەوتنە ستوونییەکان کە هی هەر لایەكبن، فەرقی نیەو هەر شەڕە.
عەبدولڕەزاق شەریف سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان، بەکەرکوکی کێشە لەسەریشەوە، بەدەستوری هەمیشەیی عێراق دیاریکراوەو نیوەی داوە بەئیدارەی حکومەتی هەرێم و نیوەکەی تریشی بەمادەی سەدوچل خستۆتە سەر ئیدارەی حکومەتی مەکەزی بەغداو گرەوی راپرسییەکەوە کە پانزەساڵە و ئەو راپرسییە نەکراوە، نوێنەرانی کورد لەبەغداو لە هەرێمیش فەرامۆشیانکردوەو فشاری جێبەجێکردنیان نەکردوە، لەباسکردنیشی بونەتەوە، هەمو ئاماژەکان پێماندەڵێن دەستیان لێشتوە دوای ئەزمونی بیست و نۆ ساڵی حوکمڕانی هەرێم و هەڤدە ساڵی حوکمڕانی کورد لەبەغدا، گەمژەییە بیر لەوەبکەینەوە بەو سیاسەت و ستراتیجەی حزبە کوردستانییەکان پیادەی ئەکەن بتوانین کێشەی خاک و سنوری جوگرافی شارەکانمان، چارەسەر بکەین، لەوەش گەمژەییتر بەردەوامییە بەو سیاسەتەی وەک بەنگ هەموو خەڵکیان پێ بێهۆش کردووە، هەر ئەو بێ هۆشییە وایکردوە خوێنەوارە حزبییەکان هەڵەکانی رابردو نەبینن و ئایندەی رووداوەکان، ناوەرۆکی کێشەکە و چارەسەر نەبینن و نەخوێننەوە. لەحەڤدە ساڵی حوکمڕانی عێراقی نوێدا، دەیان جارو پێکەوە و بەجیا لەلایەن دەیان وڵاتی زلهێزو تەنانەت لەلایەن تورکیا بەجیا و یونامی بەجیا، پێشنیازی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک بۆ نوێنەرەکانی کورد کراوەو هەموو جارێکیش پاڵپشت بەهەندێ شیعاری نامەوزوعی و نادەستوری، رای گشتی کوردیان لێ هانداوەو فکرەکەیان لەباربردووە . ئێستا دەرکەوت کەنوێنەرەکانی ئەو حزبانە کە بەناوی کوردەوە شیوەنی شیعاراتی کوردەوارییان ئەکرد، لەپێناوی هەریسەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و خێزانە سیاسییەکانیاندا بووە، نەک بەرژەوەندی باڵای خاک وخەڵکی کوردستان . ئاسانترین پرسیار ئەوەیە ئەگەر کەرکوک لەپێش شانزەی ئۆکتۆبەرو ساڵانی پێشوو بە رەزامەندی بەغداو پشتیوانی نێودەوڵەتی بکرایە بەهەرێمێکی سەربەخۆ، دەستورێکی بۆ بنووسرایەتەوەو ئیمتیازەکانی هەرێمی لەعێراقدا بەپێی دەستوری عێراق وەربگرتایە، راپرسی و رای خەڵکی هەر بەپێی ئەو دەستورە بکردایە بەبنەمای دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ سەربەخۆیی یان لکاندنی بەهەرێمی کوردستانەوە، ئایا کەرکوک و کوردو کوردستان لەهەموو روویەکەوە زەرەری دەکرد یان ئێستا زەرەری کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، کەرکوکیان بەو دەردە برد بافریای هەولێرو دهۆک و سلێمانی بکەوین! لەو فریا کەوتنەدا کەرکوکیش بەهەمان پرۆژەی بەفیدراڵیکردنی شارەکانی هەرێم ئەخەینەوە سەر باس و هەمان خەبات و هەمان داوا پێکەوە بۆ کەرکوکیش ئەکەین. بڵاوبونەوەو تەبەنیکردنی ئەم فکرە سیاسی و ستراتیژییە گۆڕانکارییەکی ریشەیی گەورەیە لەگوتاری گەلی کوردستاندا، مێژوی سەد ساڵی بیری سیاسی و حزبایەتی کورد ئەگۆڕێ و ئەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەدوایدا گۆڕانکاری گەورە لەکایەکانی ژیانی کودەواریدا، ئەکات، دەمانخاتە سەر رێگەیەکی راستی خەباتی دەستوری و یاسایی کەهیچ هێزێک لەدنیادا بەمەرکەزی عێراقیشەوە ناتوانێ دەستەواژەکانی یاخیبوون و بێ قانونی بخاتە پاڵمان، مافی چارەنووسیشمان ئەداتە دەست خەڵکی خۆمان و راپرسی گشتی و بۆ هەتایە لەدەستی بەرژەوەندی حزب و کاست و ماڵباتی سیاسی دەریدەهێنێ. ئێمە کەدەستمان داوەتە پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی، ئەو پرۆژەیە وەک وێستگەیەکی خەباتێکی فکری و ستراتیژی بۆ ئایندەی کوردو هەموو شارەکانی کورسستان دەبینین، بەڵام لەڕووی دەستورو یاسا بەرکارەکانی عێراقەوە، دانیشتوانی پارێزگایەک ناتوانن لەبری پارێزگاکانی تر هەمان داوا و پرۆژە پێشکەش بکەن، بەئەرکیشی ئەزانین بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەمان و گۆڕانکاری سیستەمی حوکمڕانی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوانیش داوایان لێبکەین پشتیوانمان بن و تەبەنی هەمان پڕۆژە بۆ دیاریکردی چارەنووسی خۆیان لەکەرکوک ، هەولێرو دهۆکدا، بکەن و ئێمەش پشت و پەنای ئەوانین . ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی بیری کۆن و کۆنەپەرستی ، بەگژاچونەوەی رژێمی گەندەڵ و نادادی و بەرژەوەندیەکانی خێزان و کاستە سیاسییەکان، گۆڕانکاری گەورە لەکۆمەڵگەدا، زەمینەو زەمینی نوێ، بیری سیاسی نوێ و هیمەتی نەوەی نوێی ئەوێ . رێگەش دورو دژوار بێت یان نا، لەهەنگاوێکەوە دەستپێدەکات
سەرتیپ وەیسی له دانیشتنی ئهمڕۆی پهرلهمانی كوردستان خوێندنهوهی یهكهم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئهلیكترۆنی لهههرێمی كوردستان-عێراق) كرا . تاوهكو ئێستا ههرێمی كوردستان یاسایهكی تایبهت به( تهلهفیزۆن و رادیۆ) ی نییه، ئهوهی ههیه یاسایی ژماره 35ی ساڵی 2007 ی كاری رۆژنامهوانییه كه ئهویش زیاتر تایبهته به ڕۆژنامه و كاغهز، كه كاتی خۆی یهكێك بوو له یاسا باشهكان له پهرلهمان دهرچوو، بهو پێیهی لانیكهم جۆرێك له ئازادی بۆ رۆژنامهنووس تێدایه، بهڵام ئهو كات سهندیكای رۆژنامهنووسان و رێكخراوهكان و بهشێك زۆر له ڕۆژنامهنووسانی ئههلی و سهربهخۆش دهستیان ههبوو له دهرچوواندنی یاسایه، جگه لهوهش خولی ئهوكاتی پهرلهمانیش برادهرانی لیژنهی یاسایی خهڵكی به توانابوون. ئێستا پهرلهمانی كوردستان وهك ئهوهی هیچ كاری دیكهی نهبێت، دهستی بردوه بۆ یاسایهكی ههستیاری وهكو ڕێكخستنی میدیای ئهلیكترۆنی لهههرێمی كوردستان، له كاتێكدا دهركردنی یاسایهكی ئهوها گرینگ، نه له توانای لیژنهی رۆشنبیری و یاسایی ئێستای پهرلهمانی كوردستانه، نه پرسیش به كهسانی پهیوهندیدار بهو بابهته كراوه، دهركردنی یاسایهك بهم شێوازه و بهو پهلهیهی ئێستا چهندین گرفت دهخوڵقێنێت، كه مومكین نییه ئێمهی ئههلی ئهو كاره ئهو شته بهسهرماندا تێپهڕ بكرێت چونكه : 1. دڵنیابن ئهو یاسایه له خولهدا بهم شێوهیه تێپهڕی، كه زۆرینهی پارتی دهسهڵاتی بهسهریهوه ههیه، وهكو یاسایی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی مۆبایل رۆژی یهكێكمان دهچینه زیندان. 2. دهركردنی ئهو یاسایه له ئههمیهت و رۆڵی یاسای كاری رۆژنامهوانی ساڵی 2007 كهمدهكاتهوه، دادگاكان پهنا بۆ ئهو یاسایه دهبهن، ههروهك چۆن ئێستا پهنا بۆ یاسای ئامێری خراپ بهكارهێنانی مۆبایل و یاسایی سزادانی عێراقی دهبهن. 3. باشه ئهو یاسایه له ئێستا چ زهروورهتێكی ههیه؟ ههنوكه میدیایه له دوای دروست بوونی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، قۆناغی میدیای نوێشی تێپهڕاندووه چووینه قۆناغی دوای سهرههڵدانی تۆڕی كۆمهڵایهتی، نهك ڕۆژنامه ئێستا تهلهفیزۆنیش رۆڵی پێشووتری له دهستداوه. 4. دهركردنی ئهم ههموو یاسایه بهیهكهوه، دژ به یهك بوون له نێوانیان یاساكان دروست دهكات و ئهوكاتیش دادگاكان چۆنیان بووێت له نێوان ئهو ههموو یاسایه یهكێكیان ههڵدهبژێرن. دهكرێ ههموومان له دژی ئهو یاسایه بووهستینهوه، چونكه زۆرجار ئهوانهی یاسا دهردهكهن ئهگهر نیهتیشیان باش بێت، زۆر بهخراپی یاساكه دهردهكهن، لهبهرئهوهی ئههل و پسپۆری بابهتهكه نین، زۆرجاریش مهرامی سیاسی له پشتیانهوه ههیه، به تایبهت ئهم خولهی پهرلهمان كه زۆرێك له ئهندامانی پهرلهمان جارێ جیاوازی له نێوان بڕیار و رێنمایی و یاسا و دهستوور ناكهن، چ جای یاسایهكی لهم جۆره ؟!!! مادام یاسا بۆ ئێمه دهردهكرێ دهبێ پرسیشمان پێبكرێت تكایه... تكایه... تكایه !!! قسهی زۆر ههن له دهرچوواندنی ئهم جۆره یاسایه، بهڵام من كاتم نییه و جاڕێ سهرقاڵم، ئهگهر نا لهگهڵ هاوپیشهكانم گهورهترین كهمپین له دژی یاسایهكی لهم جۆره دروست دهكهین، بهڵام پێویسته رۆژنامهنووسان و سهندیكا و رێكخراوی میترۆ و خهڵكی ئهكادیمی بواری راگهیاندن له ئێستاوه قسهی خۆیان ههبێت و لێی بێدهنگ نهبن.
پشتیوان زاهیر 13 ساڵ بهسهر رێككهوتنی ستراتیژی نێوان یهكێتی و پارتیدا تێپهڕی، ئهو رێككهوتنهی بووه هۆی كۆتایی هاتن به شهڕی ناخۆو بوژانهوهی ژێرخانی ئابووری و سیاسی له ههرێمی كوردستان. ئهگهرچی میدیای ئههلی ئهوكات و گۆڕانیش كه تازه دروستببوو بهجدی كاریان بۆ لهبهریهكههڵوهشانهوهی ئهو رێككهوتنه دهكرد، بهبیانووی ناشهفافی چهند خاڵێك له رێككهوتنهكهدا لهبارهی نهوت و داهاتی ههرێمی كوردستان، بهڵام دواتر شینی ئهوانه بۆ ههریسهكهبوو. (بهداخهوه ئێستا میدیای ئههلی نهماوه)و گۆڕانیش شهریك و برابهشی پارتییه. جگه لهوانهش من لهبیرمه بهشێكی زۆر له سهركردایهتی ئهوكاتی یهكێتی لهژێر لێوهوه گللهییان له سهرۆك مام جهلال دهكرد كه یهكێتی تهسلیمی پارتی كردووه، بهڵام مام دووربینانهتر بیری لهو بابهته دهكردهوه له كاتێكدا یهكێتی نیوهی لێی جیاببووهوه گۆڕانی پێ دروستكرابوو، بهڵام بههێزی رێككهوتنامهی ستراتیژی پارسهنگی هێز رێككرابۆوه، لاوازی جهماوهری یهكێتی تهواو شاردبووهوه، بهڵێ ئهوكاته بوو ئهگهر وهزیرێك پارتی بوایه مهرج بوو جێگرهكهشی یهكێتی بێت. تهنانهت له پێكهێنانی حكومهتی بنكهفراوانیش بههۆی رێككهوتنامهی ستراتیژی تاڕادهیهك ئهمه رهچاوكرا. سهرهڕای ئهوهی من خۆشم وهك ئهندامێكی یهكێتی تێبینیم لهبارهی رێككهوتنهكه ههبوو بهڵام ئێستا دهردهكهوێت كه رێككهوتنی ستراتیژی یهكێتی و پارتی زامنی پاراستنی ژیانی خهڵك و قووتی خهڵك بوو لهبهرئهم خاڵانهی خوارهوه: 1- یهكێتی و پارتی دوو هێزی سهرهكین و دهوڵهتانی دراوسێ و دهرهوهش مامهڵهیان لهگهڵ دهكهن.. به یهكگرتوویان بههێزتر لهوهی ئێستا دهردهكهون و ناتوانن بۆ زۆر مهسهلهی گرنگ به ئاسانی زهفهر بهو دوو حزبه ببهن، رهنگه ئهمهش هۆكارێك بێت بۆئهوهی له دهستێكی دهرهكییهوه بهردهوام كار بۆئهوه بكرێت نههێڵن پارتی و یهكێتی وهكجاران لهیهكتری نزیك ببنهوه. 2- یهكگرتوویی ئهم دوو هێزه سهرهكییه له بهغدا كاریگهری راستهوخۆی لهسهر ژیانی خهڵك ههبوو. ههم بههۆی وجودی مام له بهغداو ههروهها لایهنه عهرهبییهكانیش حسابی ئهو یهكگرتووییهیان دهكرد و كارتهكانی دهست یهكێتی و پارتی بههێزتر بوون نهیاندهتوانی بهئاسانی یاری به مووچهو قوتی ههرێمی كوردستان بكهن، بهڵام ئێستا بهغدا بهم پهرتهوازهییهی ناو ماڵی كورد خۆشحاڵه. 3- له كهركوك و ناوچهدابڕێندراوهكان یهكێتی و پارتی دهسهڵاتی باشیان درابوێ و هاوشێوهی ههرێمی كوردستان مامهڵهیان دهكرد، لهو بڕوایهدام له دوای ریفراندۆمیش بهو یهكگرتووییه بمانایهوه 16ی ئۆكتۆبهر رووینهدهدا. ئهمانهی باسم كرد بوون به رابردوو، پرسیار بۆ خهڵكی خهمخۆری ئهم وڵاته ئهوهیه چی بكرێت؟ چۆن وابكرێـت جارێكی تر پرسه نیشتمانی و نهتهوهیهكانمان له لێواری لهناوچوون راست بكهینهوه؟ چۆن وابكهین خهڵكی كوردستان لهم نههامهتییه رزگار بكهین؟ بهڵێ .. باشترین كار ئهوهیه ئهمجاره رێككهوتنامهی ستراتیژی فراوانتر ئهنجام بدرێت، بهڵام ئهمكارهش دیسان به رێككهوتنی پارتی و یهكێتی دێته بهرههم بهڵام ئهمجاره سهرجهم هێزو لایهنهكانیش بهێننه چوارچێوهی رێككهوتننامهكهیان، ئهوكات بهدڵنیاییهوه بهرهنجامی یهكڕیزی ناوماڵی كورد ههموومان لێی دهحهسێینهوه.
عادل باخەوان چەند پرسیارێکم لەسەر ڕوداوەکانی عێراق و کوردستان بۆ هاتوە و بەشێك لە خوێنەرەکانم چاوەڕوانی وەڵامن. من بە کورتی و لەم چوارچێوەیەی خوارەوەدا ڕوداوەکان دەبینم: 1. موستەفا کازمی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و پێیوایە ئەوە تاکە چارەسەرە بۆ دەرچوون لەو کۆڵانە داخراوە کە هەموو عێراقیەکانی تیادایە. 2. من پێموایە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەمانخەنە بەردەم گریمانەی جەنگێکی ناوخۆی خوێناویتر لەو جەنگەی کە لە نەوەدەکاندا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕویدا. 3. جەنگێکی ناوخۆی لەم جۆرە کۆتایی بەو عێراقە دێنێ کە سەد ساڵ لەمەوبەر پرسێ کۆکس دروستیکرد. 4. بەبۆچونی من تراژیدیای عێراق لە نەبونی گرێبەستێکدایە لەنێوان هەموو ئەوانەی کە بڕیارە عێراقی بن. بەریتانیەکانی بیستەکان و ئەمەریکیەکانی دوهەزارەکان سەرکەوتوبون لە دروستکردنی عێراقدا، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی عێراقی دروستبکەن. 5. ئەوەی تائێستا عێراقی وەک دەوڵەت هێشتوەتەوە، تەنها ئیرادەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە. لە گریمانەی جەنگی ناوخۆدا، ئەو ئیرادەیەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 6. ئەوەی جێگای تێبینیە مامەڵەکردنی سوننە و کوردە لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا. بەبۆچونی من هیچ یەکێک لەم دوو ئەکتەرە لە ئاستی تێگەشتن و دروستکردنی ستراتیژی نزیکە مەودادا نین لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی عێراقی شیعەدا. 7. سوننە گیرۆدەیە بەدەست پرسی نوێنەرایەتیکردن و داعش و خێڵ و وردوخاشبونی شار و گوندەکان و گەندەڵی و پاکتاوی مەزهەبیەوە. 8. کورد، تازە "دارە دارە هەستە پێبگرە بەهارەیەتی!" دوای بیست و هەشت ساڵ حکومەتی سەربەخۆ، تازە بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێن کە چۆن مەکتەبی سیاسی ڕێگا بە پەرلەمانبدات کۆببێتەوە! 9. لە نەبوونی ستراتیژی کاراو بەهێزی سوننی و کوردا، دڵخۆشبونی سوننە و کورد بە هەڵوەشانەوەی عێراق بێ بنمایە، چونکە لە کۆتاییدا ئەکتەرە گەورەکانی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ئەکتەرەکانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال، بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەدەن، نەک سوننە و کورد.