ڤەنزوێلا؛ نەگبەتی نەوت یان قوربانی سزاکانی ئەمریکا؟
2026-01-10 18:22:39
راپۆرتی: درەو
🔹 ڤەنزوێلا ئەو وڵاتەی زۆرترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا، بووەتە قوربانی سامانە سروشتییە زۆرەکانی. ئەم زۆرییە بووەتە هۆی مسۆگەرکردنی ڕەوتی داهاتی گەرەنتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هەندێکجار زیاتر لە (90%)ی داهاتەکەی پێکێناوە، ئەمەش کەرتە ئابوورییەکانی دیکەی لە وەبەرهێنان و گەشەکردن بێبەش کردبوو.
🔹 لە ساڵی 2016دا بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی (23 ساڵ)دا، لە کاتێکدا هەڵاوسان بەرزبووەوە بۆ سەرووی (700%) لە ئەنجامی سیاسەتی حکومەت بۆ چاپکردنی پارە بۆ بەرپەرچدانەوەی دابەزینی داهاتی نەوت.
🔹 لە دۆسیەی ڤەنزوێلادا، سزاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەر بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا خاوەنی گەورەترین یەدەگی جیهانییە. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا زیاتر لە (70%) دابەزیوە ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەناردەکەی ڕۆژانە (3 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیلی تێپەڕاندبوو.
🔹 ئێستا ڤەنزوێلا تەنها لە پلەی بیست و یەکەمی بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهاندایە و بە تێکڕا ڕۆژانە (900 هەزار) بەرمیل هەناردە دەکات.
🔹 دەستێوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا نابێتە هۆی هەڵاوسانی توند لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیدا. لەسەر ئەو بنەمایەی کە ساڵانێکە بەردەوامی گرژییە سیاسییەکان، کە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وەک ئێران، ڕووسیا و ڤەنزوێلا تێیدا بەشدارن، خۆڕاگریی بازاڕیان بۆ دۆخی ناجێگیر ڕاهێناوە.
سەرەتا
نەوت سەرچاوەیەکی سروشتی گرنگە بۆ ڤەنزوێلا، کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی جیهانە. دۆزینەوەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا خاڵی وەرچەرخانێکی سەرەکی بوو، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسییەوە، وڵاتەکەی لە ئابوورییەکی کشتوکاڵی تەقلیدییەوە گۆڕی بۆ ئابوورییەکی کرێخۆر کە بە تەواوی وابەستەی داهاتی نەوت بوو.
دەیان ساڵە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا ناوەندی گەشەپێدانی نیشتمانی و سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەروا لە بەرامبەر هەڵاوسانی نرخە جیهانییەکان و قەیرانی پێکهاتەیی لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا ماوەتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابووری وڵات و سیاسەتی ناوخۆیی دروستکردووە.
مێژووی نەوت لە ڤەنزوێلا
ڤەنزوێلاییەکان لە سەردەمی پێش کۆلۆنیالیزمدا ئاشنای نەوت و گازی سروشتی بوون، بۆ دەرمانی نەریتی و ڕووناکی و چاککردنەوەی بەلەم بەکاریان دەهێنا. لەگەڵ هاتنی کۆلۆنیالیزمی ئیسپانیا لە سەرەتای سەدەی 16دا، ئەم زانیارییە گواسترایەوە بۆ ئەوروپییەکان، کە لە چاککردنەوەی کەشتی و چاککردنەوەی ئامێرە سەربازییەکان بەکاریان هێنا.
یەکەم هەناردەکردنی نەوتی فەرمی کە بەڵگەی لەسەرە لە ڤەنزوێلاوە، ناردنی بەرمیلێک نەوتی ڤەنزوێلایە بۆ ئیسپانیا لە ساڵی (1539) بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشییە زراوەی کە تووشی ئیمپراتۆر کارلی پێنجەم بووە.
هەرچەندە دانیشتووانی وڵاتەکە بۆ چەندین سەدە لەبارەت بوونی نەوتەوە لە ڤەنزوێلا زانیارییان هەبوو، بەڵام تا سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو کارەکانی هەڵکەندن بۆ بیری نەوت دەستی پێنەکرد.
خوان ڤیسێنتی گۆمێز لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا (1908-1935) ئیمتیازاتی گەڕان و بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوتی بەخشی بە هاوکارە نزیکەکانی، دواتر ئەو ئیمتیازانە گواسترانەوە بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە توانای پەرەپێدانی زیاتریان هەبوو.
لە 15ی نیسانی 1914 هەوڵەکان بووە هۆی دۆزینەوەی کێڵگەی مینی گراندی لە حەوزی ماراکایبۆ لە باکووری ڕۆژئاوای ڤەنزوێلا. ئەمە یەکەم کێڵگەی نەوتی وڵاتەکە بوو کە لە ڕووی بازرگانییەوە گرنگ بوو، کە خاڵی وەرچەرخانێکی سەرەکی بوو، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای نەوتی بیانی ڕوو لە ڤەنزوێلا بکەن، بە دوای وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی تازەپێگەیشتووی وڵاتەکەدا.
لە نێوان ساڵانی 1914 بۆ 1917 کێڵگە نەوتییەکانی دیکە دۆزرانەوە، بەڵام جەنگی جیهانی یەکەم ئاستەنگی بۆ فراوانبوونی پیشەسازییەکە دروستکرد، چونکە کۆمپانیاکان لە کڕین و گواستنەوەی ئامێرەکانی کونکردندا تووشی کێشە بوون. سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە، یەکەم کارەکانی پاڵاوتنی نەوت لە کۆتاییەکانی ساڵی 1917 لە پاڵاوگەی سان لۆرێنزۆ دەستیپێکرد، کە تایبەتە بە پرۆسێسکردنی بەرهەمەکانی کێڵگەی مینی گراندە.
لەم دامەزراوەیەوە یەکەم هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا دەستی پێکرد. بۆ یەکەمجار نەوت لە ئاماری فەرمی هەناردەکردنی وڵاتەکەدا لە ساڵی 1918 تۆمارکرا کە بڕی (21 هەزار و 194) تۆن مەتری بووە.
تەقینەوەی بیری ژمارە دووی بارۆسۆ لە شاری کابیماس لە ساڵی 1922دا، وەرچەرخانێکی نوێی لە مێژووی پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلادا تۆمارکرد. ئەم ڕووداوە سەرنجی بەرفراوانی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشا و بووە هۆی لێشاوی دەیان کۆمپانیای نەوتی بیانی بۆ وەبەرهێنان لەو زەوییە دەوڵەمەندە بەو سەرچاوەیە.
تا ساڵی 1928 ڤەنزوێلا بوو بە گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا و تا کۆتاییەکانی 1930 خۆی وەک سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت جێگیر کرد و ڕۆڵی خۆی وەک بەردی بناغەی ئابووری وزەی جیهانی چەسپاند.
پیشەسازی نەوت لە ڤەنزوێلا بوو بە کەرتی باڵادەستی چالاکییە ئابوورییەکان، سێبەری لەسەر هەموو کەرتە بەرهەمدارەکانی دیکە، بەتایبەتی کشتوکاڵ، کە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم گۆڕانکارییە خێرای پێکهاتەیی کە بە چڕبوونەوەی وەبەرهێنان و سەرچاوەکان لە کەرتی نەوتدا لەسەر حیسابی کەرتە تەقلیدییەکان تایبەتمەند بوو، بووە هۆی ئەوەی کە دواتر بە "نەخۆشی هۆڵەندی" ناسرا.
ئەم دیاردەیە بە زیادبوونی بەرچاوی داهاتەکانی یەک کەرت دەناسرێتەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دراوی نیشتمانی، ئەمەش توانای کێبڕکێی هەناردەکردنی غەیرە نەوت لاواز دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و کەرتەکانی دیکە دەبێت.
بەرەو بە نیشتمانیکردن (خۆماڵی)
لە ساڵی 1941 ئیزیاس مەدینە ئەنگاریتا بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی سەرۆکایەتییەکەی، پەسەندکردنی یاسای هایدرۆکاربۆنەکان بوو لە ساڵی 1943، کە نوێنەرایەتی یەکەم هەنگاوی سیاسی گەورەی دەکرد بەرەو چەسپاندنی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کەرتی نەوتدا بە دامەزراندنی ڕێککەوتنێکی نیوە بە نیوەی قازانج لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکانی کارپێکردندا.
ئەم چوارچێوە یاساییە بەبێ هەموارکردنەوەیەکی گەورە تا ساڵی 1976، ئەو ساڵەی پیشەسازی نەوت بە نیشتمانی کرا، کاری پێکرا. ئەمەش بە واتای گواستنەوەی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و سەرچاوەکان لە کەرتی تایبەتەوە بۆ دەوڵەت، جگە لە دوو پێداچوونەوەی سنووردار لە ساڵانی 1955 و 1967.
لە ساڵی 1944 حکومەتی ڤەنزوێلا ئیمتیازاتی نوێی نەوتی بەخشی، ئەمەش بووە هۆی خێراترکردنی گەڕان و دۆزینەوەی کێڵگەی زیادە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوت لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم (1938-1945)دا بوو.
تا ساڵی 1945 بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا گەیشتە نزیکەی (ملیۆنێک) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە یەکسانە بە نزیکەی (160 هەزار) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.
دوای شەڕەکە خواست لەسەر نەوتی جیهانی بەردەوام بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە ئەمریکا، کە لە نێوان ساڵانی 1945 بۆ 1950 لە (26 ملیۆن)ەوە بۆ (40 ملیۆن) بەرزبووەوە.
بەڵام لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، بازاڕی جیهانی وزە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاریگەری چوونە ناو بازاڕی نێودەوڵەتی و زیادبوونی دابینکردن، لەگەڵ جێبەجێکردنی کۆتایی هاوردەکردنی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە. ئەم پێشهاتانە بووە هۆی زیادبوونی دابینکردنی نەوت لە جیهاندا و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، ئەمەش تەحەددایەکی نوێی بۆ ئابووریی وابەستە بە نەوتی ڤەنزوێلا دروستکرد.
لە ساڵی 1960 ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە نێوان دابەزینی درێژخایەنی نرخی نەوتدا دامەزرا. ئەمەش وایکرد وڵاتانی بەرهەمهێنەر و دیارترینیان ڤەنزوێلا هەوڵەکانیان یەکبخەن و سیاسەتی نەوتی خۆیان هەماهەنگ بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان.
قەیرانی نەوتی ساڵی 1973 خاڵی وەرچەرخانێکی لە مێژووی بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا تۆمارکرد، ئەمەش دوای بڕیارەکەی وڵاتانی کەنداو کە ئەندامی ئۆپێکن، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و سەپاندنی گەمارۆ لە وەڵامی فراوانبوونی ئیسرائیل بۆ ناو خاکە عەرەبییەکان.
ئەم پێشهاتانە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر ڤەنزوێلا هەبوو کە ڕاستەوخۆ سوودی لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان وەرگرت، داهاتی حکومەتەکەی زیاتر لە دوو هێندە زیادی کرد.
ئەم باشتربوونی دۆخی دارایییە وایکرد حکومەتی ڤەنزوێلا بتوانێت بەرنامەی گەشەپێدانی بەرفراوان دەستپێبکات، پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەمەچەشنکردنی بنکەی بەرهەمهێنانی.
بەڵام ئەم بوومەلەرزەیە بەردەوام نەبوو. ناهاوسەنگی لە بازاڕی نەوت و گەڕانەوەی زیادەی دابینکردن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە هۆی دابەزینی نرخەکان، ئەمەش کاریگەری درێژخایەنی ئەم سیاسەتە گەشەپێدانانەی سنووردار کرد.
بە نیشتمانیکردنی تەواوی کەرتی پیشەسازی
بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا پرۆسەیەکی وردە وردە بوو. پێش ڕاگەیاندنی فەرمی، کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا پەسەند کران، کە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات، لەوانە بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی غازی سروشتی و بەهێزکردنی چاودێری حکومەت لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە وڵاتدا کاردەکەن.
ئەم پرۆسەیە لە 1ی کانونی دووەمی 1976 بە نیشتیمانیکردنی فەرمی پیشەسازی نەوت و دامەزراندنی کۆمپانیای پێترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا PDVSA) ) گەیشتە لوتکە، کە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز وەک موڵکی نیشتمانی لە ژێر سەروەری دەوڵەتدا پێسپێردرا.
لەگەڵ پەسەندکردنی سیاسەتی فراوانکردنی نێودەوڵەتی لەلایەن کۆمپانیای PDVSA لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەڕێگەی بەدەستهێنانی پاڵاوگەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، کۆمپانیاکە وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوت لە جیهاندا دەرکەوت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی هوگۆ چاڤێز لە ساڵی 1999دا پۆستی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا، کەرتی نەوت کەوتە قۆناغێکی نوێ کە بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دەوڵەت و تێکەڵکردنی پیشەسازی نەوت لە پرۆژەی سیاسی ڕژێمدا کە بە "شۆڕشی بۆلیڤاری" ناسراوە.
ئەم قۆناغە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی، PDVSAی لەخۆگرتبوو، کە بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی ئاراستەی داراییکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی حکومەت بوو. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای کارکردن و وەبەرهێنانی درێژخایەنی هەبوو.
ئەم کاریگەرییە لە سنووردارکردن و سنووردارکردنی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییە نوێیەکان دەستی بە دەرکەوتن کرد، بەتایبەتی دوای بە نیشتمانیکردنی پڕۆژە نەوتییە قورسەکان لە پشتێنەی نەوتی ئۆرینۆکۆ کە لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرا.
ئەو سیاسەتانەی لەسەر بنەمای پشتبەستنێکی زۆر بە داهاتی نەوت و خەرجییە کۆمەڵایەتییە چڕەکان، ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی لە ئابووری ڤەنزوێلادا گەورەتر کرد، لەوانەش سەرهەڵدانی یەکێک لە توندترین حاڵەتەکانی "نەخۆشی هۆڵەندی" لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم ناهاوسەنگییانە لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسانی بێ وێنە و کەمیی بەربڵاوی کاڵا سەرەتاییەکان و دابەزینی پێوەرەکانی ئەدای کارکردن لە کەرتی نەوتدا بوو. ئەم ڕەوتە لە سەردەمی سەرۆکایەتی نیکۆلاس مادۆرۆدا بەردەوام بوو و قووڵتر بووەوە لە ئەنجامی بەردەوامی جێبەجێکردنی هەمان سیاسەتەکان.
چاڤێز هەوڵیدا ڤەنزوێلا بگەڕێنێتەوە بۆ پێگەیەکی پێشەنگ لەناو ئۆپێکدا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بە تایبەتی میوانداری دووەمین کۆبوونەوەی ئۆپێک لە کاراکاس لە ساڵی 2000دا، بەشدارییان کرد لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێن و پشتیوانیکردنی نرخی نەوتی جیهانی.
مانگرین پیشەسازی نەوت دەهەژێنن
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا تەنیا لە ئەنجامی هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسەتی ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو لە ژێر کاریگەری فاکتەرە جیۆپۆلەتیک و ئابوورییەکاندا بووە، دیارترینیان هێرشەکانی 11ی ئەیلولی 2001 و لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و زیادبوونی خواست لە وڵاتانی گەشەسەندووی ئابووری وەک چین و هیندستان بوو.
لەم چوارچێوەیەدا ڤەنزوێلا لە ساڵی 2002دا هەناردەکرانی نەوتی ڕاگرت، کە بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی (3 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەرهەمهێناندا. ئەم مانگرتنە کە مەبەست لێی فشارخستنە سەر چاڤێز بوو بۆ دەستلەکارکێشانەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، نزیکەی دوو مانگ و نیوی خایاند و بووە هۆی دەرکردنی نزیکەی (12 هەزار) فەرمانبەر، کە دڵسۆزانی حکومەت جێگەیان گرتەوە.
هەر لەو ساڵەدا ئەو وڵاتە شاهیدی هەوڵی کودەتای سەربازی بوو بۆ ڕووخاندنی چاڤێز. بەڵام کودەتاکە شکستی هێنا و دوای ماوەیەکی کەم چاڤێز گەڕایەوە سەر دەسەڵات.
ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی وەستانی نزیکەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزبوونەوەی بێکاری بۆ زیاتر لە 20% تا مانگی ئازاری 2003.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی مانگرتنەکان، چاڤێز دەستی بە پلانی دووبارە نەتەوەسازی کرد بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی، PDVSA و باشترکردنی کارایی کارکردنی، لە هەمان کاتدا بەشێکی زیاتر لە داهاتەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی خەرجییەکانی حکومەت و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان تەرخانکرد.
تا ساڵی 2006 پشکی حکومەت لە کۆمپانیاکە گەیشتبووە 40%، لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمی پلانی زیادکردنی ئەم پشکە بەڕێژەی 20%ی دیکە لە داهاتوودا.
ئیدارەی چاڤێز بەردەوام بوو لە پشتبەستنی نزیکەی تەواوی بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی، ئەمەش خراپترکردنی ئەوەی کە بە نەخۆشی سێیەمی هۆڵەندا ناسرا. پشکی داهاتی نەوت لە کۆی داهاتی حکومەت لە (51%) لە ساڵی 2000 بۆ (56%) لە ساڵی 2006 بەرزبووەتەوە، هەناردەکردنی نەوتیش لە (77%) لە ساڵی 1997 بۆ (89%) لە ساڵی 2006 بەرزبووەتەوە.
ئەم پشتبەستنە زۆرە بووە هۆی دابەزینی هەناردەکردنی غەیرە نەوت و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و هەژاری و کەمی بودجە بۆ کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. هاوکات حکومەت بەردەوام بوو لە دابینکردنی پارەی ڕاستەوخۆی بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بە بەکارهێنانی داهاتی نەوت.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی مادۆرۆدا سیاسەتی ئابووری و نەوتی پێشوو بەردەوام بوو، ئەمەش قەیرانی ئابووری ڤەنزوێلا زیاتر قووڵتر کردەوە. لە ساڵی 2014ەوە بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و تێکچوونی ژێرخانی پترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا PDVSA))، حکومەت نەیتوانیوە پشتبەستنی وڵات بە بازاڕە تەقلیدییەکان و هاوردەکارە گەورەکانی نەوت کەم بکاتەوە.
لە ساڵی 2016دا بەرهەمهێنان گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی (23 ساڵ)دا، لە کاتێکدا هەڵاوسان بەرزبووەوە بۆ سەرووی (700%) لە ئەنجامی سیاسەتی حکومەت بۆ چاپکردنی پارە بۆ بەرپەرچدانەوەی دابەزینی داهاتی نەوت.
تا ساڵی 2017 کۆمپانیای پێترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا PDVSA) ) نەیتوانی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەوت هەناردە بکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بەلەمەکانی لە کاریبیدا زەمینەسازی بکات و لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا بەرهەمهێنانی بۆ (ملیۆنێک و 863) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت، کۆمپانیاکە قەرزەکانی بۆ نزیکەی (5 ملیار) دۆلاری ئەمریکی کەڵەکە بوو.
کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی ڤەنزوێلا
ڤەنزوێلا خاوەنی هەندێک لە گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهانە، کە بەسەر چەندین حەوزی سەرەکیدا دابەشکراون، کە لە قەبارە و بەرهەمهێنان و جۆری نەوتی دەرهێنراودا جیاوازن. ئەم حەوزانە بڕبڕەی پشتی ئابووری نەوت پێکدەهێنن و لە دیارترینیان بریتین لە:
1. حەوزی کەنداوی ڤەنزوێلا
دەکەوێتە باکووری وڵات لە ناوچەی دەریایی ویلایەتی زولیا، سەرەڕای گرنگی ستراتیژییەکەی، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی لە دەریاوە، ئیستغلالکردنی سنووردار بووە. هەروەها ناوچەکە شاهیدی هەندێک ناکۆکی بووە لەگەڵ کۆڵۆمبیا بەهۆی نزیکی لە سنووری هاوبەشی دەریایی نێوان هەردوو وڵات.
2. حەوزی دەریاچەی ماراکایبۆ
لە ناوچەی دەریاچەی ماراکایبۆ و ڕووبەرەکەی نزیکەی (67 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بە دڵی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دادەنرێت، بەتایبەتی لە کەناری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەکەدا، کە گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی لێیە.
3. حەوزی فالکۆن
درێژدەبێتەوە بەسەر ویلایەتی فالکۆن و باکووری ویلایەتی لارا، نوێنەرایەتی درێژبوونەوەی جیۆلۆجی حەوزی دەریاچەی ماراکایبۆ دەکات. چەندین حەوزی لاوەکی لەخۆدەگرێت و یەدەگی نەوتی بەرچاوی تێدایە، هەرچەندە ئیستغلالکردنی تاڕادەیەک سنووردار ماوەتەوە.
4. لانۆس ئەلیانوس
ئەم حەوزە سێیەم گرنگترین حەوزە لەسەر ئاستی نیشتمانی دوای حەوزی دەریاچەی ماراکایبۆ و حەوزی ڕۆژهەڵات. ڕووبەرەکەی نزیکەی (87 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چەندین کێڵگەی نەوتی دیار لەخۆدەگرێت، کە هەندێکیان درێژدەبنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کۆڵۆمبیا، ئەمەش گرنگی ستراتیژی حەوزەکە زیاتر دەکات لە ڕووی ئابووری و جوگرافییەوە.
5. حەوزی کاریاکۆ
ئەم حەوزە دەکەوێتە نێوان ویلایەتی میراندا و سوکری و ڕووبەرەکەی نزیکەی (14 هەزار) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەپێی ئەنجامی گەڕانەکان بە یەدەگی غازی سروشتی بەرچاو تایبەتمەندە.
6. حەوزی ڕۆژهەڵات
ئەم حەوزە لە دوای حەوزی دەریاچەی ماراکایبۆ دووەم ناوچەی بەرهەمهێنەری نەوت لە ڤەنزوێلادا دووەم گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنەری نەوتە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (150 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ڕووی جوگرافییەوە دابەشکراوە بەسەر حەوزی ماتورین و گارکۆ. کێڵگەیەکی تێدایە کە لە جۆری نەوت و شێوازی دەرهێنانیدا جیاوازە.
7. پشتێنەی نەوتی ئۆرینۆکۆ
ڕووبەرەکەی نزیکەی (45 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە کە بە نزیکەی (700 ملیار) بەرمیل مەزەندە دەکرێت. ڕۆنی زۆر قورسی تێدایە کە پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی Oremulsion بەکارهاتووە کە جۆرێکی تایبەتی سووتەمەنی پیشەسازییە کە لە تێکەڵەیەک لە ڕۆن و ئاوی زۆر قورس دروستکراوە، ئیمۆلیۆنێک دروست دەکات کە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە وێستگەکانی کارەبادا بسوتێنرێت.
گەمارۆی نەوتی ڤەنزوێلا
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا پێی نایە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلا کە بەرەو ڤەنزوێلا دەڕۆن یان دەردەچن لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە گەمارۆی ئەمەریکایان بەسەردا سەپێنرا.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەم ڕێوشوێنە بەشێک بووە لە پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی مادۆرۆ، هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کاریبی.
ترەمپ ڕایگەیاند کە ڤەنزوێلا "بەتەواوی لەلایەن گەورەترین هێزی دەریایی لە مێژووی ئەمریکای باشووردا گەمارۆدراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێمی ڤەنزوێلا ڕووبەڕووی "شۆکێکی بێ وێنە" دەبێتەوە، هەروەها تۆمەتباریشی کرد بە بەکارهێنانی داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە نایاساییەکان.
لای خۆیەوە حکومەتی ڤەنزوێلا ئەو ڕێوشوێنانەی ڕەتکردەوە و بە هەڕەشەیەکی ناعەقڵانی و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی زانی. مافی تەواوی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکانی دووپاتکردەوە و گەمارۆدانی بە هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی بەرفراوانی نەوتی خۆی وەسفکرد.
دۆخی ڤەنزوێلا لە نێوان دوو تێڕوانیندا
لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ناوەندەکانی توێژینەوە لە ئەمریا ئەو تیۆرییەیان بەرەوپێش بردووە، کە ڤەنزوێلا ئەو وڵاتەی زۆرترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا، بووەتە قوربانی سامانە سروشتییە زۆرەکانی، بە پلەی یەکەم نەوت. ئەم زۆرییە بووەتە هۆی مسۆگەرکردنی ڕەوتی داهاتی گەرەنتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هەندێکجار زیاتر لە (90%)ی داهاتەکەی پێکدەهێنێت، ئەمەش کەرتە ئابوورییەکانی دیکەی لە وەبەرهێنان و گەشەکردن بێبەش کردووە. هەروەها وەک جۆرێک لە دەوڵەتی کرێخۆر کاری کردووە، ئەو داهاتەشی بەدەستهاتووە، حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پاداشتکردنی دڵسۆزان و سزادانی نەیاران بەکاریانهێناوە. لەم ڕووەوە پێدەچێت تیۆری "نەگبەتی سەرچاوەسروشتییەکان" سنووردار بێت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی سامانی سروشتییان دۆزیوەتەوە گەشەیانپێداوەو پشتیان پێ بەستووە، پێش دامەزراندنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، کە گەرەنتی حوکمڕانی باش و شەفافیەت بکات.
لە دۆخی ڤەنزوێلادا بە تایبەتی، ڕەنگە ئەم تێڕوانینە ڕاست دەرکەوێت، ئەگەر مێژووی دوور و درێژی دەستێوەردانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئێستا، هەندێکجار بە پاساو و زۆرجار بەبێ هیچ پاساوێک. دەستێوەردانەکابی ئەمریکا بەبەرگی میدیایی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر یان سەرکوتکردنی دیکتاتۆریەتی گرتووەتەبەر، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر ئامانجی لابردنی ئەو ڕژێمانەبووە، کە بەیعەتیان بە ئەمریکا نەداوە و پڕۆژە نیشتمانییەکانیان لە ئامانجە ئابوورییەکانی ئەمریکا یان هەژموونی ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا دورخستووەتەوە، کە ئەمریکا بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دەزانێ و پێی وایە نابێت هیچ زلهێزێکی دیکە لەو ناوچەیە ڕکابەری بکات.
سیاسەتە ئابوورییەکان
ئەمریکا بە توندی دژی ئەو سیاسەتە ئابوورییە وەستایەوە کە ڤەنزوێلا لە سەردەمی هوگۆ چاڤێز و نیکۆلاس مادۆرۆدا پەسەندیان کردبوو، کە جیاوازیەکی زۆریان هەبوو لەگەڵ سیاسەتەکانی بازاڕی ئەمریکا و لە سۆسیالیزمەوە نزیکتر بوون تا لە سیستمی سەرمایەداری. لە ساڵی (1999)ەوە حکومەتەکانی ڤەنزوێلا کۆنترۆڵی توندیان بەسەر ئابووریدا سەپاندبوو و دوژمنایەتییەکی ڕوونیان بەرامبەر بە بازاڕەکان و موڵک و ماڵی تایبەت نیشان دا. ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەستێوەردانی حکومەت بڵاوکردنەوەی خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی تێچووی ژیان بوو، بەڵام لەبری ئەوە، ئابووری ناوخۆیی غەیرە نەوتی پەکخست.
لە ساڵی (1999)ەوە حکومەت کەرتە گەورەکانی ئابووریی زەوت کردووە، ئەمەش متمانەی بازرگانی و وەبەرهێنانی لەناوبردووە. زیاتر لە هەزار کۆمپانیا و چەند ملیۆن هێکتار زەوی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، بانکی، چیمەنتۆ، ئاسن، نەوت، بەرهەمهێنان، فرۆشتنی تاکەکەسی، پەیوەندییەکانی بە نیشتمانی کردووە. زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە داخراون و ئەوانەی کە ماونەتەوە بە بەشێکی کەم لە توانای پێشوویان کاردەکەن.
هەروەها لە ساڵی (2003)دا ڤەنزوێلا کۆنترۆڵی سەرمایە و سیستەمێکی ئاڵۆزی بۆ کڕینی دراوی بیانی سەپاند. یەک یان چەند نرخێکی فەرمی ئاڵوگۆڕ هەبوو، حکومەت پاڵپشتی کڕینی دۆلاری دەکرد، لە کاتێکدا خواست زۆر لە دابینکردن زیاتر بوو، شانبەشانی بازاڕێکی ڕەش کە نرخی ئاڵوگۆڕی بازاڕی ئازادی خۆی هەبوو، کە لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە دیاریکرابوو.
کۆچی دوایی هوگۆ چاڤێزی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ساڵی 2013 هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت کە لەو کاتەدا 80%ی داهاتی وڵاتەکەی پێکدەهێنا. نرخی بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2014)دا لە نزیکەی (100) دۆلارەوە بۆ نزیکەی (40) دۆلار دابەزی، ئەو وڵاتە کە بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردبوو، ئامادە نەبوو بۆ ئەم شۆکە. قەرزەکانی بۆ زیاتر لە (100 ملیار) دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش حکومەتی ناچارکرد تەرخانکردنی دراوی بیانی بۆ هاوردەکردن زیاتر لەوە کەم بکاتەوە کە داهاتی هەناردەکردن کەمیکردووە. ئەمەش بێهودە بوو، چونکە وڵاتەکە چەند ساڵێک دواتر بە هەر شێوەیەک بێت قەرزەکانی بۆ نەدەدرایەوە، ئەمەش قۆناغێکی نائارامی و ململانێی ناوخۆیی لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا هێنایە ئاراوە.
سزاکانی ئەمریکا
لە ساڵی (2019) ئەمریکا سەرکردایەتی هەوڵێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ دوورخستنەوەی مادۆرۆ لە دەسەڵات دوای تەواوبوونی ماوەی شەش ساڵەی "مادۆرۆ". هەڵمەتی "زۆرترین فشار" بریتی بوو لە ناساندنی "خوان گوایدۆ" سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی وەک سەرۆکی شەرعی ڤەنزوێلا و سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتەکە و کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی ڤەنزوێلا (PDVSA)، سزا سەرەتاییەکان ئەوەبوو سەروەت و سامانی ڤەنزوێلایان لە ئەمریکا بلۆک کرد و لە بازاڕی نەوتی ئەمریکادا بێ بەشی کرد. لەوەش گرنگتر، سزای لاوەکی دوای ساڵێک سەپێنران، هەر وڵاتێک یان کۆمپانیایەک کە مامەڵە لەگەڵ (PDVSA) بکات، کەوتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە.
ئەم سزا لاوەکییانە بە شێوەیەکی کاریگەر ڤەنزوێلایان لە بازاڕە فەرمییەکانی نەوتی جیهانی دابڕاند و کۆمپانیای (PDVSA)ی ناچار کرد نەوتەکەی لە بازاڕی ڕەشدا بفرۆشێت، لە ڕێگەی کۆمەڵێک ناوەندەوە کە ڕێژەی قازانجێکی زۆریان لە سپیکردنەوەی نەوتی گەمارۆدراو وەرگرتبوو. کاریگەری ئەم سزایانە دەستبەجێ بوو. بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری لە ساڵی (2020)دا بۆ نزمترین خاڵ دابەزی، لە نێوان ساڵانی (2013) بۆ (2023) ئاستی ژیان لە ڤەنزوێلای دەوڵەمەند بە نەوت بە ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر (74%) دابەزیوە، کە پێنجەم گەورەترین دابەزینە لە مێژووی ئابووری هاوچەرخدا.
دەستێوەردانی ئەمریکا، بە تایبەتی لە ڕێگەی سزا ئابوورییەکانەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی ڕێڕەوی ئابووریی ڤەنزوێلا. واشنتۆن سنووردارکردنی بۆ هەناردەکردنی نەوت و مامەڵەی دارایی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان سەپاند بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ تاکو هەڵوێستی سیاسی ئەو وڵاتە بگۆڕێت. لەکاتێکدا ئەم سزایانە بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی دەوڵەتی کەمکردووەتەوە، بەڵام گۆڕانکاری سیاسی بەرجەستەی بەدی نەهێنا و لەبری ئەوە ئەو سەختییە ئابورییەی ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا بووەتەوە، گەورەتری کرد. سووککردنی کاتی سزاکان لە ساڵی (2023)دا بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت و تیشکێکی هیوا بۆ بوژانەوەی نەوت، بەڵام دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان لە ساڵی (2024) جارێکی تر هیواکان بۆ خاڵی نزیک لە سفر نزیک بوونەوە، هەموو ئەم دۆخانەش ناسکی ئابووری وڵاتەکەی چەسپاندووە. لە داهاتوودا پێگەی ئەمریکا وەک هۆکارێکی گرنگ دەمێنێتەوە بۆ ئاسۆی بوژانەوەی ڤەنزوێلا، چونکە هەر بوژانەوەیەکی ڕاستەقینە پێویستی بە هەڵگرتنی بەردەوامی سزاکان و چاکسازی سیاسی و وەبەرهێنانی بەرفراوان لە کەرتی نەوتدا هەیە بەڵام ئەمەش هێشتا خاڵێکی گەرەنتی نەکراوە.
بازاڕەکانی نەوت
هەندێک لە چاودێران پێیان وایە پێناچێت دەستێوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا ببێتە هۆی هەڵاوسانی توند لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیدا. چاودێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ساڵانێک بەردەوامی گرژییە سیاسییەکان، کە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وەک ئێران، ڕووسیا و ڤەنزوێلا تێیدا بەشدارن، خۆڕاگریی بازاڕیان بۆ دۆخی ناجێگیر ڕاهێناوە، بە هاندانی ستراتیژییە بەدیلەکانی وەک زیادکردنی یەدەگی ستراتیژی و پەنابردن بۆ کڕینی بازاڕی ڕەش لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە توانای دەربازبوونیان لە سزاکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی هەیە.
لە دۆسیەی ڤەنزوێلادا، سزاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەر بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا خاوەنی گەورەترین یەدەگی جیهانییە. بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا زیاتر لە (70%) دابەزیوە ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەناردەکەی ڕۆژانە (3 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیلی تێپەڕاندبوو. ئێستا ڤەنزوێلا تەنها لە پلەی بیست و یەکەمی بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهاندایە و بە تێکڕا ڕۆژانە (900 هەزار) بەرمیل هەناردە دەکات. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن بلومبێرگەوە کۆکراونەتەوە، نزیکەی (750 هەزار) بەرمیل، واتە (80%)ی ئەم قەبارەیە، دەچێتە دەست کڕیارە چینییەکان. کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە مانگی ڕابردوودا تەنها نزیکەی (590 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ هەناردەکردن بارکردووە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی جیهانی لە ڕۆژێکدا زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل بووە. نزیکەی 30%ی ئەم بارانە بەناو کەشتییە نافەرمییەکاندا تێدەپەڕن کە سزایان لەسەرە.
سەرچاوەکان
احمد السيد، النفط في فنزويلا.. أكبر مخزون من "الذهب الأسود" عالميا، الجزیرة، 28/12/2025؛
https://shorturl.at/8WirY
العربي الجدید؛ فنزويلا: لعنة النفط أم ضحية العقوبات الأميركية؟ اقتصاد دولي لندن، 03 يناير 2026؛
https://shorturl.at/xVyez
