ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم گلەیی لەسەر نییە!

Draw Media

2019-12-13 12:29:54



شيلان رةئوف

دەستپێك، پێویستە ئەوە بڵێم وەكو مێینەیەك هەرگیز دروشمە باق وبریقەدارەكانی ڕێكخراوەكانی پەیوەندیدار بەژنان، جا لەژێر هەر ناوێكدا بن ولەسێبەری هەر پارت ولایەن وكەسێكدا لەدایك بووبێتن، كاریگەری نەبووە لەسەر بیروباوەڕ وبیركردنەوەم لەبابەتەكانی پەیوەندیدار بەمێینە، پێم وانییە لەداهاتووشدا كاریگەری هەبێت، چونكە پێم وابووە وپێم وایە ئەم ڕێكخراوانە لەناوەڕۆكدا گوزارشت ناكەن لەڕێكخراوی كۆمەڵگای شارستانی وبەتاڵن لەو ئامانجەی كەوا پێویستە كاری بۆ بكەن، بەڵكو ئەم ڕێكخراوانەش هاوشێوەی پارتە ڕامیارییەكان وڕێكخراو ودەزگا جۆربەجۆر و فرە ناو وزۆر وبۆرەكانی تر تەنها ئامانجیان دابەش كردن ولێكترازاندنی كۆمەڵگا وبردنیەتی بەرەو نادیاری ولێڵی، جا بەئاگاییەوە بێت یان بەبێ‌ ئاگایی، بەگوفتار وبەكردار ئەمە بكەن یان گوفتار وكرداریان پێچەوانەی یەكتری بێت وبەكرداریان ئامانجە ڕاستەقینەكەی پشتی دروست بونیانمان بۆ نمایش بكەن. ئەم ڕێكخراوانە مەبەستیانە مێینە دابەش بكەن بەسەر علمانی وئیسلامی، ئازادیخواز ونائازادیخواز، پێشكەوتوو ودواكەوتوو، بیركراوە وبیرتەسك وداخراو، وە بەسەر چەندین زاراوەی تردا پۆلێنیان بكەن، هەر بەمەشەوە وازناهێنن بەڵكو لەدوای یەكەم قۆناغی پۆلێنكردن قۆناغی دووەمی پۆلێنكردن دەستپێدەكات كەلەناو هەریەكێك لەو زاراوانەدا پۆلێنیان بكەن بۆ گروپی بچوكتر، واتا بەتەنها بەپۆلێنكردنت بۆ علمانی وازناهێنن ئەبێت دوای ئەوە پارتە سیاسیەكەشت ڕوون وئاشكرابێت، تەنها علمانیبوون بەس نییە ئەوەی گرنگە لەدوای علمانی بوونەكەوە لەكام پارتی سیاسیدا خۆت ئەبینیتەوە؟ خۆ بۆ ئیسلامییەكەش هەمان شتە، تەنها پۆلێنكردنت بەئیسلامی بەس نییە بەڵكو لەدوای ئەوە دەبێت ناسنامەی پارتە سیاسیەكەش كەلەپاڵیدای ئاشكرا بێت، دواتریش لەناو پارتە سیاسیەكەشدا دابەشت ئەكەن بۆ گروپ وباڵ وزاراوەی تر، جا ئەوە باسی ئامانجە ئابورییەكەی پشتی دروستبوونی ڕێكخراوەكان ودۆزینەوەی ئیش وپلە وپۆست وناو وناوبانگ بۆ كەسەكان هەر ناكەین چونكە ئەوە ئامانجێكی هێندە ڕوونە پێویستی بەدیسان شەن وكەوكردنەوەی نییە.
وەك مێینەیەك كەباوەڕم بەمرۆڤبوونی مێینە هەیە، بەهەمان ئەندازەی كەباوەڕم بەیەكسانی هەموو تاكەكان هەیە لەئەركەكانیاندا لەبەرامبەر یاسادا، بێگومان هەر یەكە بەپێی سروشت وپێگە وپلەی خۆی، كاتێك لەهەمان پێگەی یاسایدا بن، بەهەمان ئەندازەش باوەڕم نییە بەپێویست بوونی جیاكاری ئەرێنی لەمافدا بۆ مێینە، تەنها ئەو جیاكاریە ئەرێنیانە نەبێت كەسروشتی مێینە بوون فەرزی ئەكات، ناگونجێت لەلایەك باسی یەكسانی بكەیت لەماف وئەركدا لەنێوان مرۆڤەكاندا ولەلایەكی تریشەوە باسی جیاكاری ئەرێنی بكەیت لەمافدا بۆ مێینە، تەنها ئەو جیاكاریە ئەرێنیانە نەبێت كەسروشتی مێینە بوون وپێگەی كۆمەڵایەتی مێینەكە دەیخوازێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە دژم لەگەڵ ئەوەی مێینە بەتەنها هۆكاری گیروگرفت وكێشەیەك سەیربكرێت كەبەرۆكی كۆمەڵگای گرتووە، جا كێشەكە هەرچیەك بێت، كەلەبنچینەدا كێشەكە فرە لایەن وفرە ڕەهەند وفرە هۆكارە، وە دژم لەگەڵ ئەوەی مێینە بەئامڕازێك بۆ چارەسەركردنی یان دروستتر بڵێین بۆ پینەوپەڕۆكردنی كێشە وگرفتێك بەكاربهێنرێت كەئەو تەنها هۆكار نییە لەخوڵقاندنیدا یان لەوانەشە هەر لێی بێبەری بێت.
كاتێك فەتوای ژمارە (1022ی دەرچوو لەڕێكەوتی 4/12/2019)ی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دەخوێنینەوە ڕێك ئەو وێنایە لەخەیاڵماندا دەكێشێت كەتەنها مێینە هۆكاری ئەو دەستدرێژی ولادانە ئەخلاقییانەیە كەبەهۆی كاری تاكسییەوە دروست دەبێت وئەبێت مێینەش ئامڕازی پینەوپەڕۆكردنی بێت، بەواتایەكی تر ئەم فەتوایە ئۆباڵی سەرجەم ئەو كێشە وگرفت ولادانانەی كەشۆفێریكردنی تاكسی ئامڕازی ڕوودانیان بووە ودەبێت كردی بەملوانكەیەك وكردیە ملی مێینەوە.
بەڵام خۆ ئەگەر بەویژدانیشەوە قسەبكەین ئەوا ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم گلەیی لەسەر نییە، چونكە ئەویش هەڵقوڵاوی ئەم ژینگەیە وئەم كۆمەڵگایەیە، لەم هەرێمەی ئێمەدا پەرلەمان خەریكی وشەكارییە، پەرلەمانتار (نوێنەری هاوڵاتی!) پارێزەری حكومەتە، حكومەت یاسادانەرە وهەر خۆشی جێبەجێی ناكات وەلەجیاتی خزمەتكاری هاوڵاتیان سەنگەری گرتووە لەهاوڵاتی بەئاڕاستەی زیادكردنی ئەرك لەسەری بەبێ‌ زیادكردنی ماف لەبەرامبەریدا، دەسەڵاتی دادوەری هەر كەبابەتەكە هاتە سەر موچە وإمتیازات ئینجا بیری ئەكەوێتەوە كەئەویش دەسەڵاتە، ئەنجومەنی پارێزگا وپارێزگار وكۆی دام ودەزگا وناوە جۆربەجۆرەكانی تر خزمەتەكانیان كوا؟ كارەكانیان كامانەن؟ چیان كردووە؟ ئەسڵەن چی ئەكەن؟ جیاوازی لەنێوان بوون ونەبوونیاندا چیە؟ بۆیە كەسەیری ئەمانە ئەكەیت وهەڵسەنگاندنیان بۆ ئەكەیت ئەوا ناكرێت ئەنجومەنی باڵای فەتوا وەكو سۆپەر مان وفریادڕەسی كۆمەڵگا ببینیت وخەیاڵی لێبكەیتەوە وە بتەوێت فەتواكانی واقیع بینانە وگونجاو وهاوتەریب بێت لەگەڵ ڕۆیشتنی كۆمەڵگادا چونكە زۆر بەسادەیی ئەویش بەشێكە لەچیرۆكی كۆمەڵگاكە.
بەڵێ‌ لەكۆمەڵگای ئێمەدا كێشە وگرفتی هاتوچۆكردن لەڕێگای تاكسیەوە هەیە، نەك تەنها تاكسی بەڵكو كۆی سیستەمی گواستنەوەی گشتی پڕاوپڕە لەكێشە وگرفت، بەڵام بەهۆكار زانینی مێینە وبەئامڕاز وەرگرتنی بۆ پینەوپەڕۆكردنی كێشەكە هیچ لەگەورەی كێشەكە كەم ناكاتەوە وچارەسەریشی ناكات بەپێچەوانەوە تەركیز خستنە سەر هۆكاری سەرەكی كێشە وگرفتەكە دەشێوێنێت وبچوكی دەكاتەوە لەشتی لاوەكیدا، هەربۆیە پێویستە ئەوە ڕوون بێت كەبوونی كێشە وگرفتێك لەكۆمەڵگادا بەوە بنبڕناكرێت، یان لانی كەم كەم ناكرێتەوە، كەبیكەیتە ملوانكە وبیكەیتە ملی چین وتوێژێكی دیاریكراو وهەموو هۆكار وشتێكی تر پشتگوێ‌ بخەیت یان لەبیریبكەیت.
كێشە سەرەكیەكە ڕێكنەخستنی كاری شۆفێری تاكسی وهێڵەكانی گواستنەوەی گشتییە، بەجۆرێك بەتەواوی ئەم بوارە بێسەرەوبەرەیە، شۆفێریكردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتی وبەتایبەتیش تاكسی لەلایەك پێویستی بەڕێكخستنی یاسایی هەیە لەلایەكی تریشەوە پێویستی بەبڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری هەیە لەسەر كارەكە لەنێو خاوەنكارانیدا، واتا تەنها ڕێكخستنیشی بەیاسا بەس نییە بەڵكو ئەبێت لەگەڵیدا ڕۆشنبیری تەواو لەناو خاوەنكارانی گواستنەوەی گشتیدا بڵاوبكرێتەوە، بێگومان ئەمەش ئەبێت لەڕێگای كۆمپانیای تایبەتمەند وپسپۆڕەوە بكرێت، واتا دەبێت ئامڕازەكانی گواستنەوەی گشتی لەپەیوەندییەكی دوو لایەنە لەنێوان شۆفێر وسەرنشیندا بگوازرێتەوە بۆ پەیوەندی لەنێوان سەرنشین لەگەڵ كۆمپانیایەكی گواستنەوەی دیاریكراودا كەئامانج وشوێن وكارمەندەكانی وڕێگاكانی گەیشتن وپەیوەندیكردن بەكۆمپانیاكە و..... هتد ڕوون وئاشكرا ودیاریكراوبن ئەو كاتە شۆفێر لایەنی سەرەكی پەیوەندیەكە نابێت كەناڕوون بێت ئامانجی پشت شۆفێریكردنەكەی لەهێڵی گشتیدا چییە؟ كێ‌ ئەو مافەی یاوەتێ‌؟ ڕۆشنبیری هەیە لەسەر كارەكەی یان نا؟ ئەوكاتەش ئەگەر گرفتێك دروست بوو ناڕوون ونادیار نابێت كێ‌ بەرپرسیارە چونكە كارەكە تاكەكەسی نابێت بەڵكو ڕێكخراو دەبێت.
ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ كاری ئەنجومەنی باڵای فەتوا، ڕوونە ڕێكخستنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی كاری ئەم ئەنجومەنە نییە، ئەو بێسەرەوبەرەییەی لەهۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیدا هەن ئەم ئەنجومەنە لێی بەرپرسیار نییە، كاری ئەم ئەنجومەنە دەرچواندنی یاسایەك نییە بۆ ڕێكخستنی شۆفێری كردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتیدا، وە بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری لەنێو شۆفێرانی هێڵی گواستنەوەی گشتیدا كاری ئەم ئەنجومەنە نییە، هەروەك چۆن كاری ئەم ئەنجومەنەش نییە شۆفێریكردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتیدا لەتاكەكەسییەوە بگوازێتەوە بۆ كاری دەستەجەمعی وكۆمپانیا تاوەكو بەرپرسیارێتی ون نەبێت لەكاتی ڕوودانی گیروگرفت وكاری نەخوازراودا، ئەمانە وچەندینی تریش ئەم ئەنجومەنە لێی بەرپرسیار نییە، بەڵام وەكو لایەنێك كەوا پێویستە بەتەنگ پاراستنی كۆمەڵگاوە بێت لەسەرجەمی تاوانەكان، مادام ئەنجومەنەكە دركی بەبوونی كێشە وگرفت كردووە كەبەهۆی تاكسیەوە ڕوودەدات، هەروەكو لەپێشەكی فەتواكەدا ئاماژەیان پێكردووە، وا پێویست بوو دەنگی خۆیان هەڵبڕن ڕووەو لایەنی پەیوەندیدار وداوای ڕێكخستنی شۆفێریكردن بكەن لەهێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا، خۆیان واتەنی: " بەمەبەستی .... ئیستغلال نەكردنی ئەم كاسبیە شەرعیە لەلایەن هەندێك كەسی نابەرپرسەوە "، لەپاش ئەوەی كارەكە بەیاسایەكی گونجاو ڕێكخرا ئینجا حوكمیان بدایە لەسەر ئەو لادانانەی كەلەدوای قۆناغی ڕێكخستنی یاسایی كارەكەوە دێنە ئاراوە، نەك لەپێش قۆناغی ڕێكخستن ولەقۆناغی بێسەرەوبەرەی كارەكەدا بەجۆرێك حوكم بدەن كەمێینە بەهۆكاری سەرەكی گرفتەكە وبەئامڕازی چارەسەر وێنا بكەن، پێویستیشە بوونی دوو ڕاستی لەبەرچاوبگیرێت، یەكەمیان ئەوەیە ناكرێت ئەو تاوانانەی ڕوودەدەن لەناو هێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا یان ئەو هەوڵانەی دەدرێت تا تاوان ئەنجام بدرێت تەنها كورت بكرێتەوە لەلادانی ئەخلاقیدا ڕاستە ڕەنگە زۆرینەیان لادانی ئەخلاقی بن بەڵام ئەنجامدانی تاوانی تر یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تریش بوونیان هەبووە وهەیە لەهێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا جا بەرامبەر بەنێرینە بێت یان بەرامبەر بەمێینە، ئەنجومەنی فەتواش پێویستە ئامانجی پشت فەتواكانی پاراستنی كۆی كۆمەڵگا بێت لەكۆی تاوانەكان نەك تەنها زەقكردنەوە وتەركیز خستنە سەر لادانە ئەخلاقییەكان بەتەنها. ڕاستی دووەمیان ئەوەیە دەكرێت ئیستغلال كردن لەهەر دوو لایەنی پەیوەندیەكەوە هەبێت چ شۆفێر چ سەرنشین ئەگەرچی هی یەكەمیان بێگومان زیاترە لەدووەمیان، هەروەك چۆن دەشكرێت لەهەر دوو لایەنی پەیوەندیەكەدا كەسی نابەرپرسیار هەبێت.
 

* مامۆستای زانكۆ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand