پەرلەمان مەرجەكانی سەرۆك كۆماری راگەیاندو دەرگای خۆكاندیدكردنی كردەوە
2025-12-31 11:32:32
(درەو):
دوای هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی نوێی عێراق لە یەكەم هەنگاودا دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوەو مەرجەكانی خۆكاندیدكردنی راگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بڕیارێكی دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری قورس كرد، بەجۆرێك نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بە (دوو لەسەر سێ)ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان دیاریكرد، بەوهۆیەوە هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵوەشایەوەو سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە.
كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەفەرمی كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە.
پاڵپشت بە ماددەكانی (2و 3) لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012 لە یاسای حوكمەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمان دەرگای خۆكاندیكردنی كردەوەو رایگەیاند، ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان كاندید بكەن و ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە، نوسراو پێشكەش بكەن لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییە ئەسڵییەكان؛ كە بیسەلمێنێت ئەو مەرجانەیان تێدایە، ئەمانە لەگەڵ سیڤییەكانیان پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و رادەستی فەرمانگەی كارەباری یاسایی پەرلەمان/ كۆشی كۆنگرەكان بكرێت، لەماوەی دەوامی فەرمیدا لە 9ی بەیانییەوە تاوەكو 3ی پاشنیوەڕۆ (لە رۆژانی چوارشەممە، یەكشەممەو دوو شەممە) كە دەكاتە رۆژانی 31/12/2025و 4،5/1/2026، لەگەڵ وەرگرتنی پسوڵە كە بیسەلمێنێت داواكارییان پێشكەش كردووە لەگەڵ رێككەوتی پێشكەشكردن و بەڵگەنامە هاوپێچەكانی.
مەرجەكانی خۆكاندیدكردن
پشتبەست بە ماددەی (1)ی لە یاساكە، كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
- لە عێرق لەدایك بووبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی.
- لەڕووی عەقڵییەوە سەلامەت بێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
- ناوبانگی باش و ئەزمونی سیاسی هەبێت، دەستپاك و سەرڕاست و دادپەروەرو دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
- نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ "بەكالۆریۆس" كەمتربێت و دەبێت بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت.
- حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات.
- یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور).
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.
لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ساڵی 2022 پەرەسەندنێكی نوێ روویدا، لەم ساڵەدا و بە دیاریكراوی لە (3ی شوبات)دا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)، واتا دەبێت لە كۆی 329 ئەندام، 220 ئەندام ئامادە بن ئەوكاتە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەست بەكارەكانی بكات.
دیاریكردنی دوو لەسەر سێ وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە 2022دا كێشەی بۆ هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستكرد، بەوهۆیەوە نەیانتوانی بەبێ لایەنەكانی تر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوەو ئەمەش دواجار سەریكێشا بۆ كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (بارزانی و حەلبوسی)دا.
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە، تائێستا لەناو كورددا ئەم پۆستە لای یەكێتیی نیشتمانی بووە، ئەمجارەش پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی ناكۆكن و تائێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد لە نێوانیاندا نییە، بۆیە هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە بازی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە.
