دۆخی جیهان لە کۆتایی ساڵی 2025
2025-12-31 19:35:42
نوسینی: لوقمان حەوێز
ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار، کوردەواری ئەم قسەیەی بۆ حاڵی زۆربەی تاکی مرۆڤەکان وتووە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوساڵەی وا تێدەپەڕێ قسەکە بۆ هەموو جیهان ڕاستە.
ئێستا کە لە کۆتا ساتەکانی ساڵی 2025 داین پتر لە 117 ملیۆن مرۆڤ لەسەرانسەری جیهان ئاوارەن دور لە ماڵ و حاڵ و شار و وڵاتی خۆیان دەژین، کۆمەڵێک شەڕ و قەیرانی گەورە لە جیهان هێشا بەردەوامە و هەندێکیان گەرمتربوون و هەندێکی تریشی هاتۆتەسەر بەبەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا، ڕۆژانە سەدەها مرۆڤ بەهۆی ئەو شەڕ و ڤەیرانانەوە بەدەستی یەکتر دەکوژێن، لایەنی کەم ئێستا شەڕ و قەیرانی گەرم لە 22 وڵات و هەرێم و شوێنی سەر ئەم هەسارەیە هەیە، ژمارەی هەموو ئەوانەی ئەمساڵ بەڕاستەوخۆیی لەو شەڕ وقەیرانانە کوژراون بە پتر لە 240 هەزار دەخەمڵێنرێت، هەندێک ڕێکخراو ژمارەکە بە زۆرتر لەوە دەخەمڵێنن.
نزیکەی 893 ملیۆن مرۆڤ لە هەموو جیهان لە ئەمڕۆدا توشی بەدخۆراکی بوون واتە خۆراکی پێویستیان لە ماڵدا نیە، تەنیا ئەمڕۆش ئەوانەی لەهەموو جیهان بەهۆی برسیەتیەوە مردون و دەمرن نزیکەی 15 هەزار کەس دەبن، لەهەمان کاتدا 1.78 ملیار کەس قەڵەون و بەدەست زۆرخۆری و قەڵەویەوە دەناڵێنن، نزیکەی 750 ملیۆن کەس لەهەموو جیهان ئاوی پاکی خورادنەوەیان نیە، ئەمساڵەی تێپەڕی نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس بەدەستی خۆی خۆی کوشت و پتر لە 3 ملیۆن هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
دۆخی ژینگەی هەسارەکەشمان لە دۆخی مرۆڤەکان باشتر نیە، بڕی هەموو ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی مرۆڤ بەهۆی چالاکیەکانی خستیە نێو بەرگە هەوا ئەمساڵیش گەیشتە نزیکەی 40 ملیار تۆن، مرۆڤ ئەمساڵ ڕووبەری 5.2 ملیۆن هێکتار دارستانی سروشتی تەخت کرد، دیارەی گۆڕانی ئاو و هەوا و توند بوونی کەش و لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان لە جیهان بەردەوامە، زێدەڕۆیی لە ڕاوکردنی ماسی لە دەریاکان و زەریاکان بەردەوامە، ڕێژەی زۆربوونی ترشەڵۆکی لە زەریاکان لە زۆربوونە.
ژمارەی هەموو مرۆڤەکان ئەمڕۆ بوو بە 8 ملیار و 267 ملیۆن کەس، ئەمساڵ نزیکەی 132 ملیۆن منداڵ لە دایک بوون، نزیکەی 62 ملیۆن مرۆڤیش مردن، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت گەیشتووە بە 6.98 ملیار کەس، ژمارەی مۆبایلەکان لە ژمارەی مرۆڤەکان تێپەڕیوە و لە 9 ملیار مۆبایل زیاترە، ژمارەی ئەکاونتەکانی فەیسبوکیش لە 3.65 ملیار ئەکاونت تێپەڕیوە.
ئومێدەوارم ساڵی داهاتوو ساڵێکی باشتر بێت لەوەی تێپەڕی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، مرۆڤەکان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە ئاشتی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستیە.
