بەرهەم و داهاتی کۆمپانیای (DNO) لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ
2024-11-08 18:45:58
راپۆرتی: درەو
🔻 رۆژی (7/11/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛
🔹 کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (170.5 ملیۆن) دۆلار بووە، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 تەنها لە هەرێمی کوردستان داهاتەکەی (59.2 ملیۆن) دۆلار بووەو نزیکەی (75%)ی پوختەی قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمدا بووە.
🔹 لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (84 هەزار و 212) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ، ئەو بەرهەمەش بەڕێژەی (5.6%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەمساڵ.
🔹 رۆژانە (29 هەزار و 693) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (54 هەزار و 520) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و هیچ بەرهەمێکی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە نەبووە.
یەکەم؛ پوختەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی
رۆژی (7/11/2024) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی (2024) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (170 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووەو (20 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە، بەشی گەورەی داهات و قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمەوە دەستی کەوتووە، بەجۆریک تەنها لە هەرێمی کوردستان داهاتەکەی (59.2 ملیۆن) دۆلار بووەو نزیکەی (75%)ی پوختەی قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمدا بووە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی ناوبراودا بە تێکڕای رۆژانە (84 هەزار و 212) بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە.
دووەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛
1. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان، بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
2. کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان.
سێیەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە چارەکی سێیەمی (2024)دا
پاڵپشت بەو داتایانەی کۆمپانیای (DNO) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕابردووشدا وەرزانە ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکانی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە سەرجەم ئەو ناوچەو کێڵگانەی پشکدارە تێیدا، لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بە تێکڕای رۆژانە (84 هەزار و 212) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک؛ رۆژانە (29 هەزار و 693) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (54 هەزار و 520) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و هیچ بەرهەمێکی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە نەبووە.
لەم خشتانەی خوارەوەدا، رونکراوەتەوە، کە بەشێوەی وەرزی (چارەکە ساڵ)ەکانی ڕابردوو بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدا بووەو پوختەو پشکی کۆمپانیاکە تێدا تێیدا رونکراوەتەوە.