واژۆ کــــردنی گرێبەستی نێوان هــــەرێم و ئەمـــــریکا

2025-05-22 15:25:27
ئاسۆ فەرەیدون- پەرلەمانتاری عێراق
چەند رۆژێک لەمەوبەر ، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو هەر لەوێش بڵاویان کردوە کە گرێبەستێکیان واژۆ کردوە بۆ وەبەرهێنان و دەرهێنانی غاز لە هەردوو کێڵگەی میران و تۆپخانە (گردەمێر) کە هەردوو کێڵگەکە دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە .
دیارە کە کێڵگەی غازی میران درێژکراوەی کێڵگەی کۆرمۆرە کەلەم کێڵگەیە غازی وشک بەرهەم ئەهێنریت کەبۆ بەرهەم هێنانی وزەی کارەبای هەرێم بەکاردەبرێ ، لەگەڵ بەرهەم هێنانی غازی شل (LPG) و نەفتا ، وە داهاتەکەشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (دانە غازە) .
توانای بەرهەم هێنانی ئەو غازە بەپێی لێکدانەوەکانی شارەزا بەرێز (فواد قاسم الأمير) کەلە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی ( الجديد في عقود النفط والغاز، الموقعة من قبل حكومة إقليم كردستان ، والسياسة النفطية للإقليم ) ئاماژەی پێکردوە : غازی ئەم کێڵگەیە تەنها بەشی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هەرێم خۆی دەکات ، بەڵام دەکرا ئەو گرێبەستە کێڵگەی غازی میرانیشی تێدابێت کە ئێستا واژۆ کراوە کە ئەوکاتە تواناکەی دوو هێندەی بەرهەمهێنانی غازی ئێستای دەبوو لە کێڵگەی کۆرمۆر ، بەو واتایەی نەک تەنها بەتەواوی پێداویستی غازی هەرێمی کوردستان لە غازی وشکدا دابین ئەکات ، بەڵکو توانای هەناردەکردنی غازی وشکی بۆ دەرەوەی هەرێمیش ئەبێت .
لەپاش ڕاگەیاندنی ئەو گرێبەستە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆی کرد ، دەست بەجێ حکومەتی ناوەند لە بەغدا لەسەر زاری وەزارەتی نەوت بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاوکردەوە کە : ئەو گرێبەستەی بە ناشەرعی و نایاسایی ناوهێنا لەسەر بنەمای دستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقەوە ، پاشان هەریەک لە حکومەتی هەرێم و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەڵامی بەغدایان دایەوە .
بەرهەم هێنانی غاز لە کێڵگەی میران و تۆپخانە کە دەکەوێتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی نەک تەنها کاریگەری ئابووری هەیە بەڵکو مانای سیاسی زۆری هەیە .
هیچ گومانێکیش نیە کە بەرهەم هێنانی غاز لەو سنورەوە بەبێ رەزامەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جێبەجێ ناکرێت ،
دەبێت پرسیارێک بکرێت ، کە ئایا بڕیاری ئەم گرێبەستە کۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی سیاسی و هەژموونی کاریگەرە لەم ناوچەیە کە ئەمرێکی واقعی نوێیە ، یان بەرێکەوتنە لەگەڵ وڵاتی دراوسێ ؟
پرسیارێکی تریش لە ئێستادا ئەوەیە کە ئایا حکومەتی ناوەندی عێراق تەنها بە بەیاننامەیەک ڕادەوستێت ، یان واژۆکردنی ئەم کرێبەستە دەبێتە گرژیی و ناکۆکیەکی تر لە نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەنددا ؟
یان ئەوەتا حکومەتی ناوەند دەکەوێتە ژێر کاریگەریی و گۆرانکاری ناوچەیی و رەزامەند دەبێت بەم گرێبەستە ؟
دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوو وەڵامەکانمان دەست بکەوێت .
ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
