Draw Media

بونیادنانی ژێرخانی کوردستان لە ڕێگەی پیشەسازیی گازی سرووشتییەوە: ڕوانگەیەک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

بونیادنانی ژێرخانی کوردستان لە ڕێگەی پیشەسازیی گازی سرووشتییەوە:  ڕوانگەیەک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

2025-05-11 16:55:22


درەو:
• ئامادەكردنی:   د. بەهرۆز جەعفەر
پوختەیەک
هەرێمی کوردستان خاوەنی نیزیکەی (١٠) دە کێڵگەی گازییە، هەندێکیان گازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنن، بە هەموویانەوە نیزیکەی (٣٠) تریلیۆن یەدەگ گازی سرووشتیان تێدایە، بەڵام تاکە کێڵگەیەک کە بەرهەمی هەیەو گەورەترینیانە کێڵگەی کۆرمۆرە؛ ئەم کێڵگەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای چەمچەماڵە، بەمدواییە لە کێڵگەی چەمچەماڵیش دەست بە وەبەرهێنانی گاز کراوە. دەرفەتێکی گەورە هاتۆتە پێش هەرێمی کوردستان دەست بکات بە بونیادنانی پیشەسازیی گازیی سرووشتی لە ڕێگەی فرۆشتنی بڕێکی کەم لەم گازە و گۆڕینی بۆ پەینی کیمیاویی و ماددە کیمیاوییەکانی تر، ئەوەش وا دەکات نیزیکەی (١٠٠.٠٠٠) سەت هەزار دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و بە بەهای سەروو (١٢٠) ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تیا بکرێت. ئەم نووسینە چۆنێتی بەرزڕاگرتنی ئاسایشی وزە، باشترکردنی ژیان و خێراکردنی چالاکییە ئابورییەکان لە ڕێگەی بە پیشەسازییکردنی گازی سرووشتییەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.


یەکەم: هەوڵەکانی داناگاز پێویستی بە تەواوکارییە
هەر یەکە لە داناگاز، کرێسنت پیترۆلیۆم و پێرڵ پیترۆلیۆم وەک کیانێک خاوەندارێتییەکەیان بۆ یەک خێزان دەگەڕێتەوە کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نیشتەجێن. کێڵگەی کۆرمۆر لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، ساڵی (١٩٢٨) گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها کێڵگەو بیرەکانی چەمچەماڵ لە ساڵی (١٩٢٩) گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە. کاتێک ڕژێمی بەعس لە عێراق دەڕوخێت، گوندی کۆرمۆر کە سەر بە ناحیەی قادرەکەرەمی کۆنە لە دەست ڕەبیەو زیلە عەسکەرییەکانی حکومەتی عێراقی ڕزگاری دەبێت و، دەبێتە بەشێک لە ئیدارەی هەرێمی هەرێمی کوردستان. ساڵی (٢٠٠٥) کۆمپانیای داناگاز دادەمەزرێت، یەکەم کاری ئەوەیە دوای گفتوگۆ و ئاسانکارییەکان، گرێبەستێک بۆ بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگەکە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم واژۆ دەکات و ساڵی (٢٠٠٨) دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن.
لە (٢٠٢٥) دا، دامەزراوەکانی پرۆژەی کۆرمۆر ڕۆژانە (٥٢٥ ملیۆن) پێ سێجا غاز بۆ چوار وێستگەی کارەبا دابین دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی (٢ هەزار و ٨٠٠) مێگاوات کارەبا، کە (٧٥٪) ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێکدەهێنێت. ئێستا ئیتر بەرەو ئەوە دەچێت لە سێ بیری چەمچەماڵدا دەست بە دەرهێنانی گازی سرووشتی بکرێت.
تا ئەوەی لەسەرەوە وترا، لوغزێکی تیانییە، کێشەکەمان ئەوەیە کە:
یەک: کەرتە پیشەسازییەکان پێویستیان بە دابینکردنی وزەی بەردەوام و جێگیر هەیە بۆ پاراستنی کارایی بەرهەمهێنان. هەر پچڕانێک لە دابینکردنی وزەدا- بەهۆی کارەساتی سروشتی، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان، یان ناجێگیری بازاڕ- دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمی پیشەسازی هەبێت. کێڵگەکانی وەک کۆرمۆر و چەمچەماڵ کە نیزیکەی (٨٠٪) غازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەن و، سەرچاوەی سێ بەشی کارەبای کوردستانن، هەروەها (١٥)هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانەیان هەیەو، پلان هەیە لە (٢٠٢٧) دا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی گازی سرووشتی تیایاندا بگاتە (١) ملیار پێ سێجا، هێشتا ئەم کێڵگانە نەک کەرتی پیشەسازییان بۆ کوردستان فراوانتر نەکردوە، بەڵکو بۆ سنوری لادێکانی دەوروبەری کێڵگەکە و قەزای چەمچەماڵیش نەبونەتە نیعمەتێکی گەورە!
دووەم: ئەگەرچی کرێسنت پیترۆلیۆم لە (١٩٧١) دامەرزاوە، داناگاز وەک باڵێک لەو کۆنسیرتیۆمە (٢٠٠٥) دامەزراوە، پێرڵ پێترۆلیۆم وەک هەوڵێک بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم لە ٢٠٠٩ دامەزراوە (مرۆڤ هەست دەکات زۆربەی کۆمپانیا نەوتیەکانی دیکەش ئاوها بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان درووستکراون!)، یەکەمین ئیشی داناگاز ئەوەبو، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی گەورە لە کێڵگەیەکی گەورە (کۆرمۆر) لە (٢٠٠٦) واژۆ دەکات. بەڵام لە  ساڵی (٢٠١٣) لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە باشترین دۆخی دارایی خۆیدا بوو، داناگاز سکاڵای لە دادگای نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستان  لە لەندەن تۆمارکرد، گوایە حکومەتی هەرێم ڕێزی لە گرێبەستەکەی نێوانیان نەگرتوەو، دەستهەقی دارایی پێ نەدراوە! کێ و چی لە پشت ئەمەوە بوو، ئەوە قسەیەکی ترە.  لە مانگی ٧ ی ٢٠١٥ ، دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەرکرد کۆمپانیاکە دەبێت لە جیاتی بەرهەمەکانی، بە بڕی ( ١ ملیارو ٩٦ ملیۆن دۆلار) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە زیانێکی گەورەبوو لە ئابوریی هەرێمی کوردستان، کە داناگاز لەئەنجامی پشوکورتی خۆیەوە سکاڵای تۆمارکرد. ئێستاو جارێکی دیکەش ڕێوییەکان و گورگەکان نەنووستوون، دوور نییە لەم ئانوساتی فراوانسازییەی کەرتی وزەی هەرێمداو لەناو داینامیکییەتی ڕووداوە- ناوچەییەکاندا جارێکی تر لە سەرە پێچێکدا ڕووداوێکی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە!
سێهەم؛ هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ داناگاز کردوە، کەچی ئەوان ڕێز لەو دۆخە ناگرن کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، دەچن لە دیالەو بەغداو بەسرە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەن.

چوارەم: داناگاز و هاوبەشەکانی تری لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەموو وەرزێک دەیان ملیۆن (هەندێک جار سەدان ملیۆن) دۆلار قازانجی پەتییان هەیە، بەڵام شکستیان خواردوە لە بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) و خزمەتکردنی ناوچەکەدا. تەنانەت لە ماوەی سێ ساڵدا نیزیکەی شەش جار لەلایەن میلیشیاکانەوە بە درۆن و کاتیۆشا پەلاماری کێڵگەی کۆرمۆر دراوە، نەیانتوانیوە لەو سێ ساڵەدا سیستەمێکی بەرگریی پێشکەوتووی ئاسمانی بۆ کێڵگەکەو دەوروبەری دابین بکەن!
چوارەم: داهاتی کوردستان ئەگەر کەمێک بە دامەزراوەیی و نیشتیمانییانە ئیدارە بدرێت، هەموان تیایدا سوودمەند دەبن، لە پێش هەموویانەوە دەستەڵاتداران، ئەو  شێوازە بەڕێوەبردنەی پێشوو خزمەتی بە خودی دەستەڵاتی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان نەکردوە. بۆئەوەی ئەمە چێ بکرێت و کێشە ناوخۆییەکان و ناوچەییەکان چارەسەر بکرێت، دەبێت بیر لە "پیشەسازیی" بکرێتەوە؛ هەرچەندە کاتەکە کەمێک درەنگە:
دووەم: کەی پی ئێم (KPM) شۆڕشی پیشەسازیی و دارایی لە هەرێم درووست دەکات
کۆرییەکان بەشداریی گەورەی پیشەسازیی و ئابوریی و کەلتورییان لە عێراق و کوردستان هەبوەو هەیە. بە پێی ئەو پڕۆپۆزەڵەی لە بەردەستی منە، گەورە کۆمپانیایەکی کۆری، کە لەچەندین وڵات کار لە پیشەسازیی وزەو ژێرخاندا دەکات، نیزیکەی ساڵێکە ئامادەیی دەربڕیوە ئەگەر کەمێک گازی سرووشتی ناوچەی چەمچەماڵ و کۆرمۆریان پێ بفرۆشرێت، ئەوا:
یەک: گاز بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی پێوانەی یەکگرتوو (Integrated Fertilizer) واتە ئەم بەرهەمە وەک پەیینی کیمیاویی، هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵی بەهێز بکات. ئەوەش نەک زەوی لەکارکەوتووی کوردستان بەڵکو عێراق و وڵاتانی دیکەش لە ڕووی بەرهەمە خۆراکییەکان و کشتوکاڵییەوە دەبوژێنێتەوە، چوونکە پلانەکە وایە کە هەناردەی شارەکانی عێراق و دەرەوەش بکرێت. جگە لەمە دەیان ماددەی کیمیاویی وەکو ئامۆنیا، فۆسفات و یۆریاو..تادوایی بەرهەم بهێنن کە نرخیان لەبازاڕی جیهانی دا جێگیرترو گرانترە. بەگشتی، توێژینەوە و پەرەپێدان کە بەهۆی پیشەسازییەوە دەجووڵێتەوە، پەرە بە داهێنان دەدات کە دەتوانرێت هەناردە بکرێت یان بەکاربهێنرێت بۆ کەرتەکانی تر (بۆ نموونە، هایدرۆجین لە غازی سروشتیەوە بەرهەم بهێندرێت).
دووەم: کەی پی ئێم بە سپۆنسەریی بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکیی جەی پی مۆرگان (J.P. Morgan) و پارتنەرە لۆکاڵییەکەیان (کۆمپانیای گرۆس)، بە بەهای سەروو (١٢٢) سەتو بیستو دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو سێکتەرە پیشەسازییەدا دەکەن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ.
سێهەم: بە پێی پرۆپۆزەڵەکە کە لە بەردەستدایە، پێنج ناوچەی پیشەسازی درووست دەکرێت کە (١٠٥) هەزار دەرفەتی کار بە مووچەی مامناوەندو بەرز دەڕەخسێنێت.  
چوارەم؛ کاتەکەی گونجاوە، ئەگەر ئێستا هەرێمی کوردستان بەهاوکاری کرێسنت پێترۆلیۆم و لقەکانی ئەم گرێبەستە واژۆ نەکەن، ئەوا ڕەنگە سبەینێ عێراق ئەم پلانە واژۆ بکات، یان بارودۆخی ناوچەیی بە جۆرێکی دیکە وەربچەرخێت، تا هەتایە ئەم دەرفەتە لە دەرگای هەرێمی کوردستان ناداتەوە!
پێنجەم: پرۆژەکەی کەی پی ئێم، بڕی (٦) ملیار دۆلاری داناوە بۆ خێرخوازیی، ئەمە دەرفەتێکە نەک بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی، کەسی دیکە ئەوە ناکات. چەمچەماڵ کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناسراوەو گەورەترین قەزایە لە هەرێمی کوردستان؛ ئەوە دوو دەیەیە بە دەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، کامە کۆمپانیا ئامادەیی دەربڕیوە کە ئەو بچوکترین کێشەیە بۆ ئەو قەزایە چارەسەر بکات، کە چەند ملیۆن دۆلارێکی پێویستە؟!
شەشەم: کاتێک دەست دەکەیت بە "پیشەسازیی"، ئەوا هەمیشە وڵاتانی پیشەسازی پشکێکی بەرچاویان لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا هەیە. ئەو وڵات یان هەرێمانە بەشداری دیپلۆماسی وزە دەکەن و بەشداری لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development). زیاتر لەوەش، بەهۆی ئەم پرۆژەیەی کە "کەی پی ئێم- KPM" پێشکەشی کردوە؛ خزمەتی بەرچاو بە ئاسایشی وزە و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی دەکات، چوونکە ئەمە تەنها پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە؛ بگرە هەمەچەشنەکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە بووەتە پرسێکی مانەوە بۆ هەموو وڵاتێک.
حەوتەم: ئەمە بەگشتی ئاست و پێکهاتەی وزەی نیشتمانی هەمەچەشن دەکات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر شۆکی نرخی جیهانی بەرز دەکاتەوە.
سێهەم: هاریکاریی هاوبەش توانا مرۆیی و سرووشتییەکان بوێرتر دەکات
وەک چۆن بەپاڵپشتی ئیدارەی سلێمانی یان داناگاز بەرهەمەکەی دەفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وەکو قەیوان، پێویستە هەمان شت بە زیادەوە بۆ وەها کۆمپانیایەکی بیانی وەکو (کەی پی ئێم-KPM) بکات، چوونکە وەک لەسەرەوە ڕوونکرایەوە پیشەسازیی ئاستی ژیان باشتر دەکات، چالاکییە ئابورییەکان خێراتر دەکات، ژێرخان بەهێزتر دەکات، پاڵپشتی جیهانیی مسۆگەرتر دەکات. بەتایبەتی بە پێی ئەو شێوازی گرێبەستەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان لە کێڵگەی کۆرمۆر واژۆی کردوە، حکومەتی هەرێم مافی تەواوەتی لە دەستوەردان هەیە.
هەروەک چۆن لە ئەیلولی ٢٠٢٤ دا، کۆمپانیای دانا غاز لەگەڵ کۆمپانیای لیڤیدیانی بەریتانی کە تایبەتمەندە لە چارەسەری تەکنەلۆژیای کەشوهەوا، هاوبەشییەکی کرد بۆ جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیای "LOOP"، کە یارمەتیدەر دەبێت لە گۆڕینی گازی میسان "Methane" بۆ هایدرۆجینی پاک و گرافینی "Graphene" کوالیتی بەرز، ئەمە هەوڵێکی گرینگە، پێویستە لە چەندین لای دیکەوە ئەم هەوڵانە فراوانتر و هەمەچەشنتر بکەن.
پیشەسازیی کۆڵەگە گەورەکەی نیشتیمانسازییە
 پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ئەبرامۆ فیمۆ کینێس ئۆرگانسکی- A.F.K. Organski لە زانکۆی میشیگان بە فۆرمیولەکردنی تیۆری "گواستنەوەی دەستەڵات- Power Transition Theory" بەناوبانگە. ئۆرگانسکی ئەم تیۆرە گرینگەی لە میانەی کتێبەکەی "سیاسەتی جیهانی" خستە ناو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە؛ لێرەدا سێ پرەنسیبی گرینگ دەستنیشان دەکات؛ پیشەسازیی بوون، ژمارەی دانیشتوان و بوونی حکومەتێکی کاریگەر. ئەگەرچی ئەو زیاتر تیشک دەخاتە سەر گرینگی پیشەسازیی، بەڵام ئەوە بەتەنها گرینگ نییە، بەڵکو لێهاتوویی سیاسیی و ژمارەی دانیشتوان (سەرچاوەی مرۆیی پێویست) دەبێتە هۆی سەرچاوەی هێزێکی ئەوتۆ کە دەشێت وەرچەرخانێکی گەورە لە پۆلێن بەندیی هێزدا درووست بکات:
ئۆرگانسکی، وڵاتان بە پێی باڵادەستی و هێز لە سیستەمی جیهانی دا دابەش دەکات بۆ سێ ئاست: زلهێز (Great Power)، هێزە مامناوەندییەکان (Middle-Powers)، وڵاتانی لاوازو داگیرکراو (Weak State/ Colonies). بۆ ئەوەی تۆ دەستەڵاتی لاوازی خۆت لە پۆلێن بەندییەکەدا لە لاوازەوە بگوێزیتەوە بۆ ئاستی مامناوەندیی و دواتریش ببیتە هێزێکی گەورە، پیشەسازیی یەکێکە لە فاکتەرە گەورەکان. هیندستان بۆ ماوەی (١٩٠) ساڵ لەژێر کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانیادا بوو، بەهەمان شێوە نموونەی چین لە "سەدەی زەلیلبوون-Humiliation Century" دا، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٣٩ بۆ ١٩٤٩ نیزیکەی (١١٠ ساڵ) چین تووشی شکستی دووبارە و پەیماننامەی نا-یەکسان و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە بوو. ئەمانە بە چی ئاست و توانای خۆیان لە قۆناخێکی وا لاواز و ناهەموارەوە گواستەوە بۆ ئەوەی ببن بە زلهێزێکی ئامادە لەسەر گۆڕەپانی جیهانی دا؟ بێگومان پیشەسازیی.
هەر کۆمپانیا یان گرووپێک کۆمپانیا دەبێ لە پێش دا، ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی هەرێمی کوردستان بکاتەوە؛ لە کوردستاندا دەیان کەرت و بواری دیکە هەیە کە تۆ سەرمایەگوزاریی تیا بکەیت؛ لە پێش هەموویانەوە لە ڕووی پیشەسازییەوە، چوونکە یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی "ناسیۆنالیزم" بریتی یە لە "پیشەسازیی بوون"، ئەگەر تۆ هەرێمێک یان وڵاتێکی پیشەسازیی نەبیت، دەبێ پشت بەوانی دیکە ببەستی و، بەوەش هەرگیز ناتوانی کێبڕكێی لەگەڵ وڵاتان یان گەلانی دیکەدا بکەی.
هەمیشە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابوریی دا هەیە: یه‌كێك له‌ پێشه‌نگه‌كانی قوتابخانه‌ی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا “فریدریچ لیست –Friedrich List” ه‌ ساڵی (1841) له‌ ئه‌ڵمانیا كتێبی (The National System of Political Economy) نووسی، باس له‌ سیسته‌مێكی نیشتیمانی ده‌كات له‌ ئابوریی سیاسی دا، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن نه‌ته‌وه‌- نیشتیمانێك ده‌توانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی به‌رزبكاته‌وه‌؟
لیست، بانگه‌شه‌ی ئابورییه‌كی كۆزمۆپۆلیتی ئه‌كات (كۆزمۆپۆله‌تیك یانی ئایدۆلۆجیایه‌كه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی به‌ ڕابردوو، بە ئاینده‌وه‌، به‌ هه‌ر نه‌ته‌وایه‌تی و ناسنامه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ ئینتیمایان بۆ یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌و یه‌ك بازنه‌ هه‌بێت، به‌مانایه‌كی تر هه‌موو ئه‌خلاقیاتێك له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ بێت، به‌ كورتیه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌های هاوبه‌شه‌؛ ئابوری ده‌بێت له‌ناوخۆدا گرێ نه‌درێ به‌ باج ه‌وه‌و قازانجی ئابوری بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌رییه‌). له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌ڵمانیا زیندانی كردو ناچاریان كرد واز له‌ ناسنامه‌كه‌ی بهێنێت. فریدریچ لیست، زۆر هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر لیبراڵیسته‌كان، ناسیۆنالیزمی ئابوری گرێ ده‌دا به‌ مانیفاكتۆر ” وه‌رشه‌ی بچووك” ه‌وه‌، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت یان كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان بوون به‌ خاوه‌نی كه‌ره‌سته‌ی بچوكی خۆیان یان پیشه‌سازییه‌كی سه‌ره‌تایی، ئیتر ده‌توانن خۆیان به‌هێز بكه‌ن و كێبڕكێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بکەن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێ به‌ریتانیا وه‌ك لانكه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازی وه‌رشه‌ و پیشه‌سازی بچووك هه‌نارده‌ی ئه‌ڵمانیا بكات، ئه‌ڵمانیه‌كانیش خۆیان به‌هێز بكه‌ن و كێبڕكێی ئه‌وانی تری پێ بكه‌ن!


دەرئەنجام
هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیار لەسەر پلاتفۆڕمێکی دیکە بۆ ئاسایشی وزە  بدات، کە لەلایەک پێداچوونەوە بە هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکات پێشووتر کاریان لە هەرێم کردوە، لەلایەکی دیکە پیشەسازیی وزە لە شێوەی ئەو پرۆپۆزەڵەی کەی پی ئێم-KPM پێشکەشی کردوە سەر پێ بخات؛ ئەمە ڕێگایەکی سەلامەت و ستراتیژییە بۆ هەستانەوەو گەشەکردن و بازدان لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە. دوای دووەمین جه‌نگی جیهانی، وەک ئەوەی فریسریچ لیست سەدەیەک پێشووتر خستبووییە ڕوو، به‌و ئایدیایه‌ی كه‌ "حكومه‌ت پاڵپشتی سێكته‌ری مانیفاكتۆر و پیشەسازیی" كرد، یابان بوو به‌ وڵاتێكی پیشه‌سازی و گەشەسەندوو. لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک هه‌رێمی كوردستان، پێگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ پیشه‌سازی و، هه‌موو كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات، هه‌موو كرێیه‌كی وه‌به‌رهێنان خۆی ده‌یدات، نه‌یتوانیوه‌ سێكته‌ری وزه‌ و پیشه‌سازی نه‌وت و غاز له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی نیشتیمانی دا به‌رجه‌سته‌بكات. کۆمەڵێک خەڵک لەدەرەوەی سیاسەتی نیشتیمانسازیی و بەرنامەکانی حکومەت لەبری دەست بۆ بە پیشەسازیی کردنی وڵات ببەن، لە پڕێکدا بوون بە ملیۆنێر و بوون بە سەردەستە و بەناوی بە بەرهەمهێنانەوە هاتوون؛ هەڵئاوسان و جیاوازیی چینایەتی درووست کردوە!

بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری ئیسنتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. بەمدواییانە کتێبەکەی " شیکردنەوەی داینامیکی هایدرۆکاربۆنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: هەڵدانەوەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان" لە لایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە ١٤٠ وڵات بڵاوکراوەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand