.jpg)
2025-05-15 13:04:29
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
(بەشی دووهەم)
لەبەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا هەم باسم لە ناوەرۆکی سەرەکیی «مەسەلەی کورد» کرد و هەم باسم لەو هەلومەرجە مێژییە کرد کە تیایدا خەباتی چەکدار دەبێت بە شێوە سەرەکییەکەی خەباتکردن لە پەیوەندیدا بە «مەسەلەی کورد»ەوە. لە دوای ڕاپەرینیشەوە پرسیاری ئەوە هاتۆتەکایەوە ئایا خەباتی چەکداریی شێوەیەکی گونجا و راستەقینەی خەبات بووە یان شێوەیەکی هەڵە؟
بە بۆچوونی من کردنی پرسیاری لەو بابەتە سەبارەت بە مێژووی خەباتی جەکداریی لە دونیای ئێمەدا، راست نییە. لە بەشی پێشودا ئەو ژینگە سیاسیی و کۆمەلایەتیی و فەرهەنگیی و ئایدیۆلۆژییەم باسکرد کە تیایدا پەنابراوەتە بەر خەباتی چەکداریی. پرسیاری ئەوەی ئایا خەباتی چەکداریی باشە یان خراپ، بەشێک نییە لەو پارادیمە سیاسییەی لەو ژینگەیەدا بەگشتیی و لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزم و شۆڕشە رزگاریخوازەکانی میلەتان و باڵادەستی ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێرەکاندا، بەتایبەتی دروستدەبێت. پرسیار سەبارەت بە باشی یان خراپی خەباتی چەکداریی لەو ژینگە تایبەدا دەچێتە قاڵبی «پرسیاری مەحاڵ» و «شتی بیرلێنەکراوە» وە. بە زۆر مانا پرسیاری راستیی و دروستیی خەباتی چەکداری پرسیاری ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمە. ساڵانێک تیایدا شتگەلێکی زۆر لە جیهان و ناوچەکەدا دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەشدا ئەگەر و شێوازی تری خەباتکردن دێنەکایەوە.
زۆر بە کوریی، ھەموو سەردەمێکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژیی و فیکریی، سنووری تایبەتی خۆیان بۆ پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، بۆ بەرهەمهێنانی گوتار و پراکتیک ھەیە، کە هەم شێوازە جیاوازەکانی بیرکردنەوە و تێفکرین سنووردار و ئاراستە دەکەن و هەم شێوازی جوڵە و هەڵسوکەوت و پراکتیکە ئینسانییەکانیش. بۆیە پرسیاری ئەوەی ئایا ڕاستبووە لە مێژووی ئێمەدا پەنابراوەتە بەر خەباتی چەکداریی یان نا؟ پرسیاری ئێمەیە لە ساڵانی نەوەد بە دوا تا بە ئێستا و ئەمڕۆ دەگات، نەک پرسیاری ساڵانی چل تا کۆتایی هەفتا و سەرەتای هەشتاکان. پرسیاری دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵە سەخت و خوێناوییانە و دوای بینینی کارەساتە گەورەکان و دوای گەورەبوون و قووڵبوونەوەی ئەو ھەستە مێژووییەی پێیوایە دەشێت ئامراز و ڕێگای دیکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، ھەبێت.
ئەمڕۆ، دوای هاتنەکایەی دونیایەکی جیاواز، لە دوای کۆتایی جەنگی سارد و لەدایکبوونی فۆرمە تازەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی و دروستبوونی سیستمی سیاسیی تازە و گەشەکردنی زیاتری رۆڵی کۆمەڵگای مەدەنیی و دروستبوونی دیاسپۆرا و هاتنەکایەی بیرۆکەی پلورالیزمی سیاسیی هتد... دۆخێک دروستبووە، دەشێت خەباتی سیاسیی و نیشتیمانی فۆرمی تر و ستراتیژەیتی دیکە بگرێتەبەر. راستە بەشی هەرەزۆری دەوڵەتان و حوکمڕانانی ناوچەکە، دەوڵەت و حوکمڕانیی دەسەڵاتگەر و توندوتیژ و پەلاماردەرن، بەڵام سەر بەو جۆرانەشن لە سیستمی دەسەڵاتەگریی، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئەکادیمیدا بە «دەسەڵاتگەرێتی خۆگونجێن» adaptive authoritarianism" ناودەبرێن، لەناویشیاندا «دەسەڵاتگەرێتی هەڵبژاردن» electoral authoritarianism و «دەسەڵاتەگرێتی لیبرال» liberal autocracy. ئەمانە بە هیچ مانایەک سیستمی دیموکراسیی نین، بەڵام هاوکات ئەو فۆرمە لە سیستمە دیکتاتۆرییە تاکحیزبیانەش نین کە لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمدا دروستدەبن، بە تایبەتی لە شێوەی سیستەمە سیاسییەکەی بەعس لە عێراقی سەردەمی سەدام حوسەیندا. ئەمانە ئەو جۆرانە لە دەسەڵاتگەرێتیان کە هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆرانکارییە ناوەکیی و دەرەکییەکاندا ئەدەن و لەمەشدا زۆرجار رووبەری تازە بۆ فۆرمی تازەی خەباتکردن دەکرێتەوە.
هەموو ئەمانە وادەکەن ئەمرۆ ئاسانبێت لەخۆمان بپڕسین ئایا بەراستیی خەباتی چەکدارانە شێوازی گونجاو و ڕاستەقینەی خەباتە بۆ گەیشتن بە مافە کولتوریی و سیاسیی و نەتەوەییەکان لە دونیای ئەمڕۆدا؟ داخۆ ئەم خەباتە لە دونیای ئەمڕۆدا ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە دۆخێک تیایدا لانی هەرەکەمی مافەکانی مرۆڤ پارێزراوبێت؟
ئایا ئەو ژینگە و پێکھاتە کۆمەڵایەتیییانەش لەئاراداماون کە دەیانتوانی خەباتی چەکداریی لەئامێزبگرن و بیژیەنن و داڵدەی بدەن؟ مەبەستم ئەو ژینگە جوتیارییە سەربەخۆیەیە کە لە دەیەکانی پێشوتردا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەبووە. ئایا دەوڵەتەکانی ئەمڕۆش دەوڵەتێکن دەکرێت لەڕێگای خەباتی چەکدارییەوە بروخێنرێن و نوچیان پێبدرێت؟ بە تایبەتی دوای گەشەکردنێکی تۆقێنەرانەی تەکنۆلۆژیای کوشتن و لەناوبردنی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی؟ هەموو ئەمانە وادەکەن ئاسانبێت لە خۆمان بپرسین ئایا بەراستیی بەردەوامیدان بە خەباتی چەکداریی ھەڵەیەک نییە ئێمە لە ئێستا و لێرەدا ئەنجامیئەدەین؟
بێگومان ڕاستە خەباتی چەکداریی لە وڵاتێکی وەک جەزائیردا لە پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەمدا توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسیی بھێنێت. لە ڤێتنامدا توانی لە ساڵی ١٩٧٥دا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمریکا بھێنێت. لە کوبادا لە پەنجاکاندا پاتیستای روخاند. لە گواتیمالادا ساندینیستییەکانی لە ساڵی ١٩٧٩دا گەیاندە دەسەڵات. لە ئەفگانستاندا سۆڤیەتی دەرپەڕاند و ڕژێمە کۆمۆنیستییەکەی ڕوخاند. واتە ڕاستە خەباتی چەکدار لە چەند دەیەیەکی تایبەتی سەدەی بیستەمدا توانی ھەندێک دەسکەوتی سیاسیی گرنگ لە ھەندێک ناوچەی دونیادا و لەژێر کاریگەری ھەندێک ھاوکێشەی جیھانیی و ناوچەیی تایبەتی قۆناغی «جەنگی سارد» دا، بەدەستبھێنێت. بەڵام بە درێژایی زیاد سێ دەیەی ڕابردوو خەباتی چەکدار لە ھیچ شوێنێکی دونیادا سەرکەوتنی بەدەستنەھێناوە.
ڕەنگە کەوتنی ”پڵنگەکانی تامیل“ کە بۆ ماوەی دەیان ساڵ، لە ساڵی ١٩٧٦ تا ساڵی ٢٠٠٩، وەک بزوتنەوەیەکی چەکداری هێجگار بەهێز و رێکخراو، ناوچەیەکی گەورەی ڕزگاراویان لە سریلانکا لەژێردەستابوو، ئەو فاتیحا مێژووییەبێت کە لەسەر گۆڕی خەباتی چەکداریی خوێندرابێت. پڵنگەکانی تامیل، بە پێچەوانەی زۆربەی بزوتنەوە چەکدارییەکانی وڵاتی ئێمەوە، تەنھا لەسەر سنوورەکان خەریکی چالاکی چەکداریی نەبوون، بەڵکو ڕووبەرێکی جوگرافی ھێجگار گەورەشیان ڕزگارکردبو و لەناو ئەو شوێناێشدا حوکمڕان بوون. گرتنەوەی ئەو ناوچە ڕزگاراوانە لەلایەن لەشکری دەوڵەتی سریلانکاوە و کوشتنی سەرۆکی بزوتنەوەی تامیلەکان و بەدیلگرتنی ژمارەیکی زۆر لە چەکدارەکانی و وێرانکردنی ئەو ژێرخانە مادییەی کە بزوتنەوەکەی ڕاگرتبوو، گومانێکی ھێجگار گەورە بەرامبەر بە مانا کردەییەکانی خەباتی چەکداریی و تواناکانی لە گەیشتن بە خواست و داخوازییە سیاسییەکان، لە دونیای ئەمڕۆدا، دروستدەکات.
لە ڕاستیدا لەبەردەم توانا تەکنیکی و سەربازیی و ڕێکخراوەییەکانی دەوڵەتی مۆدێرندا و لەبەردەم ئەو گۆڕانکارییە گەورانەدا کە لە سی ساڵی ڕابردوودا بەسەر جیهاندا ھاتوە، زەحمەتە خەباتی چەکداریی بتوانێت بەوشێوەیە بەردەوامبێت کە تا کۆتایی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا بەردەوامبوو. بەکارھێنانی چەکی کیمیاویی، درۆن، رۆکێتی دوورهاوێژ، جەنگی کۆمپیوتەری، هتد،،، کوشتنی سەدان ھەزار ئینسان و دەرپەڕاندن و ڕاگوساتنی بەزۆری ملیۆنەھای دیکە لە ژینگە کۆمەڵایەتیی و سروشتییەکەی خۆیان بۆ کۆتاییھێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی لەزیاد لە شوێنێکدا دەبینین. لە ئەزمانی باشوردا پەلامارەکانی ”ئەنفال“ ی ساڵی ١٩٨٨، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شێوازی ھەڵسوکەوتە وێرانکەرەی دەوڵەتە لەگەڵ ئەوانەدا کە بە دوژمن و ناحەزیان دەزانێت. ئەو ژینگەیەی میلەتێک بە سەدەھا ساڵ دروستیدەکات، دەوڵەتی مۆدێرن لەمڕۆدا لەچەند ڕۆژ یان چەند کاتژمێردا ئەتوانێت وێرانیبکات. ڕۆژگاری زێڕینی خەباتی چەکداریی دەکەوێتە نێوان ساڵانی چل و ناوەراست و کۆتایی سالانی هەفتای سەدەی رابردووەوە.
لەدوای ئەو مێژووەوە بە دەگمەن نەبێت، ھیچ بزوتنەوەیەکی چەکداری لە ھیچ شوێنێکی دونیادا نەیتوانیوە لەڕێگای خەباتی چەکدارییەوە بە سەرکەوتنی کۆتایی بگات. مۆدێلی شۆڕشی چەکداریی کوبیی و شۆڕشی چەکداریی ڤێتنامی و بەرگریکردنیی چەکداریی ئەفغانییەکان، کۆتاییانپێھاتووە. بەتایبەتی گەر هیچ هێزێک لە هێزە جیهانیی و ناوچەییە کاریگەرەکان لە پشتی ئەو بەرگریکردن و خەباتە چەکدارییەوە نەبن.
ھۆکارێکی دیکە کە ئەنجامدانی خەباتی چەکدار زەحمەت دەکات پوکانەوە و ھەندێکجاڕ وێرانبوونی بەرچاوی ئەو ژینگە جوتیارییەیە کە خەباتی چەکداریی لەڕووی کردەییەوە، بەخێودەکات. وەک ئیڕیک ھوبزباوم دەڵێت جوتیاران ھەمیشە ئەو ھێزە بوون کە شۆڕشە چەکدارەکانیان لەئامێزگرتوە و ژیاندوە. بە بۆچونی من جوتیاران لەمڕۆکەی کوردستاندا ئەم توانایەیان لەدەستداوە. بەعس لە کوردستانی عێراقدا ئەو ژینگە جوتیارییەی بەتەواوی وێران کرد. یەکێک لە ئامانجەکانی پەلامارەکانی ئەنفاڵ لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەوە بوو ئەو ژینگە جوتیارییە نەمێنێت کە شۆڕشی چەکداریی کوردی لە عێراقدا لە ئامێزگرتبوو. ئەم دۆخە لە تورکییاشدا پیادەکراوە و زۆربەی ھەرەزۆری گوندە کوردییەکان لە ساڵانی نەوەدا لەلایەن لەشکری تورکییاوە وێرانکران، زیاد لە ٤٠٠٠ گوند.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە لەیادمانبێت ئەوەیە کە خەباتی چەکداریی لە کوردستاندا زۆربەی کات خەباتێکی سنوورداربووە، بەدەگمەن نەبێت سەرکەوتنی چەکداریی گەورە و ستراتیژیی بەدەستنەھێناوە. شەڕی ڕزگاریی بەتەنھا شەڕی ناوچە سنوورییە ڕزگاراوەکان نییە، بەڵکو شەڕی ئازادکردنی ھەموو سەرزەمینی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، شەڕی گۆڕینی ھێزە چەکدارەکانە لە شەڕی نوخبەیەکی شۆڕشگێڕی بچووکەوە بۆ شەڕی لەشکرێکی نەتەوەیی گەورە کە بتوانێت لەم سەری وڵاتەوە بۆ ئەو سەری وڵات سەرکەوتنی گەورە و ستراتیژیی بەدەستبھێنێت، وەک پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا. لەو ئەزموونانەدا کە خەباتی چەکداریی سەرکەوتنی بەدەستھێناوە شەڕی چەکدارانە تەنھا لەشوێنە دوورەکان و لە ناوچە سنوورییەکاندا قەتیس نەبووە، وەک لە کوردستاندا قەتیس بووە. خەباتی چەکدار لە کوردستاندا بەدرێژایی تەمەنی نەیتوانیوە ببێتە شەڕی ڕزگاردنی نیشتیمان وەک گشتێک، ببێتە شەڕی ڕاماڵینی دەسەڵاتی دەوڵەت لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی نیشتیماندا، یان دەوڵەت ناچاربکات بەشێکی گەورە و گرنگی نیشتیمان بەجێبھێڵێت. شەڕی چەکداریی لە مێژووی ئێمەدا بەڕادەیەکی گەورە شەڕی ناو ناوچە سنوورییەکان بووە، مانا رەمزییەکانی لە مانا سەربازییەکانی گەورەتر بووە. ئەمە جگە لەوەی لە ئەزموونی کوردستاندا شتێک بەناوی لەشکری نەتەوەیی یان لەشکری نیشتیمانییەوە بوونی نەبووە و تا ئەمڕۆش بوونی نییە، ئەو ھێزە چەکدارانەی کە ھەبوون و ھەن ھێزی حیزبیی و ڕێکخراوەیی تایبەتن، زۆربەی کات لە پەیوەندییەکی دوژمنانەشدان لەگەڵیەکدا.
لە ھەموو ئەمانەش بترازێت پرسیارێک کە پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا ئەو ئەزموونانەی دوای سەرکەوتنی خەباتی چەکداریی و دوای دەرکردنی داگیرکەران ھاتونەتە سەرکار، بەراستیی ئەزموونی دابینکردنی دادپەروەریی و پاراستنی مافە مرۆییە سادەکان بوون؟ ئایا بەراستی« دونیای دوای داگیکردن» دونیای سەروەریی ئینسانە داگیرکراوەکان بووە؟ ئایا ئەو سیستمەی دوای خەباتی چەکداریی دامەزراوە چەندە لەگەڵ لانی ھەرەکەمیی پرنیسیپە دیموکراسییەکان و لانی ھەرەکەمی پیادەکردنی دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتدا تەبابوون؟ بێ دوودڵییەکی زۆر دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بە نەخێر بدەینەوە. ھەموو شۆڕشە چەکدارەکانی دونیا لە قۆناغی دوای سەرکەوتنیاندا دونیایان لەسەر ھەمان مۆدێلی بەر لەسەرکەوتن دروستکردۆتەوە. ھەموویان ڕژێمی نادیموکراسییبوون، ھەموویان «نوخبەیەکی شۆڕشگێڕ» یان گەیاندە دەسەڵات کە لە درێژەی دەسەڵاتی خۆیاندا بوونە نوخبەیەکی دەسەڵاتگەر و گەندەڵ و داخراو.
فرانز فانون ھەر زوو لە کتێبی ”چەوساوەکانی زەویدا“ کە ساڵی ١٩٦١ چاپکرا، ھەستی بە ئەگەری خیانەتی ئەو شۆڕشانە لە پرنسیپە دیموکراسیی و ئینسانیی و شۆڕشگێڕەکانی خۆیان کردبوو. فانون زۆر دووربینانە گۆڕانی نوخبەی شۆڕشگێڕی بۆ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر بەدیکرد و لە مەترسییەکانی ئەم گۆڕانە ئاگاداریکردینەوە.
ئەمڕۆ دوای نزیکەی حەفتا ساڵ لە نووسینەکانی فانون لەسەر ئەم مەسەلەیە، دەتوانین ئاشکراتر و شێڵلگیرانتر ئەو ڕاستییە بسەڵمێنین کە دونیای دوای خەباتی چەکداریی دونیای ئازادیی و مافی ئینسانەکان نەبووە، بەڵکو سەرزەمنی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بڕێکی زۆری ھەمان ئەو بونیادە سیاسیی و دەسەڵاتگەرییانە بوو کە لە دونیا کۆنەکەدا ئامادەبوو.
هەموو ئەمانە وادەکەن خەباتی چەکداریی نەک تەنها لەژێر پرسیاری گرنگ و سەختدا بێت، بەڵکو گرنگی وەستاندن و کۆتاییپێهێنانی لە هەمووکاتێک ئێستاییتر بێت.
