بەرهەمی کاری کۆمپانیاکانی (دی ئێن ئۆ، گەنێڵ ئێنێرجی و شاماران)
.jpg)
2025-05-22 12:42:25
شیكاری: درەو
نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2025)دا
🔻 دی ئێن ئۆ: قازانجی کارکردنمان بڕی (28 ملیۆن) دۆلار بووە، لەکۆی داهاتی (188 ملیۆن) دۆلار، لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە بە ڕێژەی (11%) بەرهەم زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ناوچەی گرێبەستی تاوکێ بریتی بووە لە (82 هەزار و 81) بەرميل نەوت، هەر بەرمیلێک بە (35) دۆلار فرۆشراوەو پارەی پێشوەختە وەرگیراوە.
🔹 کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی: کێڵگە نەوتییانەی کاری تێدا دەکات، بە تایبەتیش کێڵگەی نەوتی تاوکێ تێکڕای ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە گەیشتووە بە (82 هەزار و 81) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاستی تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)دا (71 هەزار و 140) بەرمیل بووە، نرخی فرۆشتنی بەرملێک نەوت لەگەڵ چارەکی پێشوودا یەکدەگرێتەوەو لە دەوروبەری (35) دۆلاربووە.
🔹 کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە بریتی بووە لە (35 ملیۆن و 885 هەزار) دۆلار، تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025) بریتی بووە لە (65 هەزار و 200) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، واتا کۆی ئەو نەوتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2025) لەو دوو کێڵگەیە بەرهەم هاتووە (5 ملیۆن و 880 هەزار) بەرمیل بووە.
یەکەم؛ بەرهەمی کاری کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی لە چارەکی یەکەمی (2025)
رۆژی (15/5/2025) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەمی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی (2025) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛
قازانجی کارکردنی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2025ی بە بڕی (28 ملیۆن) دۆلار ڕاگەیاند، لەسەر داهاتی (188 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی.
بەرهەمهێنانی گشتی لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کە کۆمپانیای (DNO) پشکی (75%)ی تێدا هەیە، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئازاری (2023)ەوە تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتەوە سەر پێ.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆمپانیاكە، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە لە چارەکی یەکەمی (2025) بە ڕێژەی (11%) بەرهەم زیادی کردووە، بەراورد بە چارەکی پێشتر، بەجۆرێک تێکرای بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکێ بریتی بووە لە (82 هەزار و 81) بەرميل نەوتی خاوی ڕۆژانە، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (74 هەزار و 143) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کێڵگەی تاوکێ بە (29 هەزار و 304) بەرمیل و کێڵگەی فیشخابور بە (52 هەزار و 778) بەرمیل بەشدار بووە لە کۆی بەرهەم، لە کاتێکدا هەمان ئەو کێڵگانە لە چارەکی چوارەمی (2024) تاوکێ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی (27 هەزار و 864) بەرمیل بووەو فیشخابور بەرهەمی ڕۆژانەی (46 هەزار و 279) بەرمیل نەوتی خاو بووە.
کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پشکی کۆمپانیای DNO لە بەرهەمهێنانی نەوت لە تێرمیناڵی فیشخابور بە کڕیارە ناوخۆییەکان بە نرخی (35) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشراوەو پارەی پێشوەختە وەرگیراوە.
دووەم؛ بەرهەمی کاری کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی لە کێڵگەی نەوتی (تاوکێ) لە چارەکی یەکەمی (2025)
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی: لەو کێڵگە نەوتییانەی کاری تێدا دەکات، بە تایبەتیش کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025)دا، تێکڕای ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە گەیشتووە بە (82 هەزار و 81) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاستی تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)دا (71 هەزار و 140) بەرمیل بووە، بەم پێیەش بە نزیکەی (11%) و بە بڕی (7 هەزار و 941) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمهێنان زیادی کردووە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە نرخی فرۆشتنی بەرملێک نەوت لە چارەکی یەکەمی (2025) لەگەڵ چارەکی پێشوودا یەکدەگرێتەوە لە دەوروبەری 35 دۆلاربووە.
سێیەم؛ بەرهەمی کاری کۆمپانیای شاماران لە کێڵگەکانی (سەرسەنگ و ئەتروش) لە چارەکی یەکەمی (2025)
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی: لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025)دا، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە بریتی بووە لە (35 ملیۆن و 885 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) داهاتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (13 ملیۆن و 297 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (59%) زیادی کردووە.
کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەندی کە پشکی لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش) هەیە، ڕاگەیاندووە؛ تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025) بریتی بووە لە (65 هەزار و 200) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (57 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (7 هەزار 800) بەرمیل بە ڕێژەی (13.6%) زیادی کردووە.
بە مانایەکی دیکە، کۆی ئەو نەوتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2025) لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ بەرهەم هاتووە (5 ملیۆن و 880 هەزار) بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆی بەرهەمی هەردوو کێڵگەکە (5 ملیۆن و 162 هەزار) بەرمیل نەوت بووە.
کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەندی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025) (وەک لە خشتەی هاوپێچدا هاتووە) لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (29 هەزار و 900) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بەڵام بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا (37 هەزار و 400) بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەم هێنراوە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە بە ڕێژەی (20%) و بڕی (7 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە پاشەکشەی کردووە.
بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2025) لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (35 هەزار 300) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا هەمان ماوەی ساڵی (2024)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە (20 هەزار) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە بەتێکڕای ڕۆژانە (15 هەزار و 300) بەرمیل بە ڕێژەی (76.5%) زیادی کردووە.
خشتە
سەرچاوەکان؛
- DNO Reports Solid First Quarter Results; Prepares Deeper Dive into Norwegian Waters;
https://ml-eu.globenewswire.com/Resource/Download/8c72109a-67b9-457d-938c-2ad1a6c0f555
- Genel Energy PLC: Trading and operations update Q1 2025, 08-May-2025;
https://irpages2.eqs.com/websites/genel/English/1720/uk-news.html?airportNewsID=6cf9b1a0-55fb-43d9-ab8c-7bf34a93db2b
- ShaMaran Reports First Quarter 2025 Results, May 7, 2025;
https://mma.prnewswire.com/media/2681745/ShaMaran_Petroleum_Corp__ShaMaran_Reports_First_Quarter_2025_Res.pdf
