لە یەككاتدا پەلاماری بارەگای هاوپەیمانی و گردی زەرگەتە دراوە 

Draw Media

2018-05-16 19:07:41



( درەو میدیا)
لە ساتی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە، هێزێك چواردەوری بارەگای سەرەكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری دەدات لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی یەكێتیەوە تەوقەكە تێكدەشكێنرێت و رێگە نادرێت بچنە ناو بارەگای هاوپەیمانیەوە، هێرش و گرژیەكەی سەر گردی زەرگەتەش بە كۆبونەوەیەكی نیوەشەوی نێوانیان كۆتایی هات. 
هێرشی سەر بارەگای هاوپەیمانی:
بە پێی زانیاریەكانی "درەو میدیا"  لە ساتی هێرش  بۆسەر گردی زەرگەتە هێزێكی دیكە جیاواز لەو هێزەی سەر گردی زەرگەتە، دەچنە سەر بینای بارەگای هاوپەیمانی لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، هێزەكە بەدەوری بارەگاكەدا بڵاوەیان پێدەكرێت و دەیانەوێت بچنە سەر بارەگاكە، بەڵام د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە نایەوێت ئەم هێرشە  لە كەناڵەكانیەوە بڵاویبكاتەوە و پەیوەندییەكانی دەخاتە گەڕ، هێزێكی دێكەی یەكێتی كە سەربە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەگاتە شوێنەكە و رێگری دەكات و رێگە نادات ئەو هێزە بچنە سەر بارەگاكە و هەڕەشەی روبەرووبونەوە دەكات، بۆیە هێزەكە پلانەكە جێبەجێناكەن و دەگەڕێنەوە، زانیارییەكان دەڵێن ئەم هێزە چاوەڕێی هێرشەكەی سەرگردەی زەرگەتەی كردووە، ئەگەر ئەوان سەركەوتوبن لە چونە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانیش ئەركەكەیان جێبەجێ دەكەن، هەندێكی دیكەش پێیان وایە نیەتی ئەو هێرش و پشێویان تەنها بۆ چاوترساندن و دروستكردنی پشێوی بووە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵەی لە هەڵبژاردنەكاندا داویانە پەردەپۆشی بكەن.   
هێرشی سەرگردی زەرگەتە:
جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، تەلەفۆن بۆ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، بەڵام سكرتێرەكەی عومەری سەید عەلی تەلەفۆنەكە دەاتە دەست قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان وەڵامی بداتەوە، ئەڵێت بۆچی ئەو هەڵایەتان دروستكردووە بۆچی ئەنجامەكە قبوڵناكەن، قسەی توند و شەڕە قسە لە نێوان هەردوولا دا دروست دەبێت، شێخ جەعفەر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە دەكات و قادری حاجی عەلیش بە توندی وەڵامی هەڕەشەكانی دەداتەوە و پێی دەڵێت " ئەگەر ئازای وەرە" جەعفەر شێخ مستەفا لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ دەبێت و بەرەو گردی زەرگەتە دەچێت، بەوتەی خۆی دەڵێت بۆلای عومەری سەید عەلی دەچم بۆیە لە نزیك گردی زەرگەتە دادەبەزێت و دەچێت بەرەو گردی زەرگەتە پاسەوانەكانی دەیگرن و رێگری لێدەكەن و شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە هەردوولاوە ئەوان تەقە بە ئاراستەی گردی زەرگەتەدا دەكەن و لە گردەكەشەوە تەقە لەوان دەكرێت و دەوترێت ئۆتۆمبێلە درعەكەی شێخ جەعفەر چەند گوللەكی پێوەیە و بریندار لە هەردوولا دەبێت، لەو ماوەیەدا تەلەفۆن دەكرێت هێزی دیكە دێت و بە ئاربیجی و دۆشكە تەقە لە گردەكە دەكرێت و تەنانەت لە شوێنی دوورتریشەوە تەقە بە ئاراستەی گردەكە دەكرێت.

هەندێك زانیاریش ئاماژە بەوە دەكەن هێرشەكەی شێخ جەعفەر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، چونكە پێشتر بافڵ تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕانكردووەو وتویەتی دەبێت قبوڵی بكەن، بەڵام ئەوان رەتیدەكەنەوە و ئەویش توڕە دەبێت و پەیوەندی بە شێخ جەعفەرەوە دەكات، زانیاریەكان دەڵێن هێزێكی زۆری رێكخراو لە دەوری گردەكە و شوقەكانی بەردەمی كۆبونەتەوە و ویستویانە بچنە سەر شوقەكان و لەوێوە تەقە لە گردەكە بكەن، چونكە لەو كاتەدا سەرەڕای ئەوەی كۆبونەوەی سەركردەكانی گۆڕان بووە، كۆبونەوەی چوار حزبیش لەوێ بووە، تەقەكان راستەوخۆ ئاراستەی ژووری كۆبونەوەكان كراوە. تەنانەت وەفدەكە بە پەلە ژوورەكەیان جێهێشتووە، كە شوێنی كۆبونەوە و دانیشتنی نەوشیروان مستەفا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە مەكۆی سەرەكی بوونە لە چاوەڕوانی ئەنجامەكان و نارەزایی لەسەر ئەنجامەكان بۆیە روبەرووی هێرشبەران بونەتەوە و رێگریان لێكردوون، دواتر لە میدیای گۆڕانەوە داوای بەهاناوە چوون كراوە و ژمارەیەكی زۆری لایەنگری گۆڕان بەچەكەوە چونەتە گردی زەرگەتە بۆ بەرگریكردن، بەڵام دواتر سەركردەكانی هەردوولا پەیوەندیەكانیان چڕكردوەتەوە و لە كاتژمێر 12 بۆ یەكی شەو وەفدێكی یەكێتی كە لە حاكم قادر و دلێری سەید مەجید پێكهاتوون هاتونەتە ماڵی كاك نەوشیروان لە گردی عەلی ناجی و لەوێ لەگەل عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق رەحیم و كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە كۆبونەتەوە و گرژییوەكان رەویونەتەوە. 
لەدوای ئەو روداوەوە خواستی پێکهێنانی هێزی چەكدار لەناو گۆڕاندا زیادیكردووە و بەشێك لە لایەنگرانی گۆڕان لەگەڵ هەبوونی هێزی چەكدارن و بەشێكیشیان رەتیدەكەنەوە، بەڵام لە ئاستی سەركردایەتی گۆڕاندا بەتەواوی ئەو هەنگاوە رەتدەكرێتەوە.    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand