كەی كابینەی نوێی حكومەت رادەگەیەنرێت ؟

Draw Media

2018-12-11 19:52:57



راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
كەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت؟ پارتی چۆن وەزارەتەكان دابەشدەكات ؟ پارتی بە چ شێوەیەك بەشداری بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات؟ چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەبێت؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵاون‌و (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. 
ئەمڕۆ لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لەسەر داوای یەكێتی بەڕێوەچوو.

شوێنی كۆبونەوەكە ! 
كۆبونەوەكە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بەڕێوەچوو، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا بڕیاربووە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی یەكێتی وتویانە ئەگەر كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بەڕێوەبچێت، ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن كێ لەسەركردەكانی یەكێتی بەشداری بكات‌و كێی تر بەشداری نەكات، بەتایبەتیش پارتی بەیەكێتی راگەیاندووە كە رازی نابن هەندێك سەركردەی یەكێتی بەشداری ئەو كۆبونەوەیە بكات، بۆیە بڕیاردراوە كۆبونەوەكە ببرێتە ماڵی نێچیرڤان بارزانی.

كۆبونەوە بۆچی ؟
(درەو میدیا) زانیویەتی، كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی زیاتر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان‌و گلەیی‌و گازندە بووە لە یەكتر، نەك بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكان‌و یەكلاكردنەوەی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا.

پۆستەكان چۆن دابەشدەكرێن ؟
پارتی نایەوێت وەكو جاران بەشێوەیەكی "فیفتی بە فیفتی" پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بەڵكو دەیەوێت بەپێی رێژە یاخود خاڵ پۆستەكان دابەشبكرێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لە كۆی (19) وەزارەتی سەرەكی و دوو وەزارەتی هەرێم پۆستەكان بەمشێوەیەدا دابەشبكرێن:
* پارتی: (10) وەزارەت  
* یەكێتی: (6) وەزارەت
* بزوتنەوەی گۆڕان: 3 وەزارەت
* پێكهاتەكان: 2 وەزارەت 

موگناتیسەكەی پارتی !
پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی دەستپێبكات، بەڵام موگناتیسی كێكی حكومەت وایكرد، هێشتا وەفدی پارتی نەگەیشتووەتە سلێمانی بۆ لای لایەنەكان، وەفدی یەكێتی چووە هەولێر‌و بڕیارە سبەینێش وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هەولێرو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كۆبونەوانەی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان، لەپێناو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەو پارتی نایەوێت لەم كۆبونەوانەدا بەهیچ شێوەیەك باس لە دابەشكاری پۆستەكان بكات، چونكە پارتی دەیەوێت بە پلان هەنگاو بنێت‌و پلانەكەشی دابەشكردووە بۆ چەند قۆناغێك لەوانە (سەقامگیری سیاسی- سەقامگیری ئەمنی- سەقامگیری ئابوری- روبەڕووبونەوەی گەندەڵی)، پارتی پێیوایە هەرێم سەقامگیری ئەمنی هەیە، پێویستە سەقامگیری سیاسی بەدی بهێنرێت، بۆ ئەمە پێویستیان بەوەیە لەگەڵ لایەنەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە‌و دوای ئەوە دەست بە قۆناغی سەقامگیری ئابوری بكرێت لەرێگەی چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد‌و زامنكردنی بەشەبودجەی هەرێم، ئەگەر پارتی بتوانێت سەقامگیری سیاسی‌و ئابوری بەدیبهێنێت، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی (درەو میدیا) لە قۆناغی كۆتایدا دەستدەكات بە چاكسازیكردن‌و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران.

پارتی دەست لە گۆڕان بەرنادات
پارتی بەجدی كار بۆ ئەوە دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بۆ چی پارتی سورە لەسەر بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی لەپێناو نەهێشتنی مۆركی دوو ئیدارەیی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، چونكە ئەگەر حكومەت تەنها لە پارتی‌و یەكێتی پێكبێت، ئەوە تۆخكردنەوەی مۆركی دوو ئیدارەیی دەبێت".
سەرباری ئەمە" پارتی بەڕوونی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، جێگرەكەش وەك حكومەتی پێشوو نابێت، كە سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بێت، بەڵكو دەبێت سەرۆكی حكومەتی داهاتوو سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت".
پارتی هەرچەندە هەوڵی جدی دەدات بۆ بەشداریپێكردنی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام هاوكات نایەوێت هیچ پۆستێكی باڵا بە گۆڕان بدات.
بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لای پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە، چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری‌و دەستەیەكە، دەنگۆی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت راست نییە.
سەرچاوەیەكی تر لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێویستی بە گۆڕانكارییە لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، پارتی پێیوایە گۆڕان ئەو سەنگە گەورەیەی نییە خۆی توشی ئەو هەموو سەر ئێشەیە بكات بۆی.

دابەشكردنی پۆستەكان بەمشێوەیە دەبێت:
•     سەرۆكی حكومەت جێگرێكی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی زۆری نابێت‌و ئەو پۆستە دەدرێت بە یەكێتی.
•    سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت‌و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی‌و جێگری دووەم بۆ پێكهاتەكان دەبێت.
•    سەرۆكی هەرێم لای پارتی دەبێت‌و جێگرەكەی كە دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (پێشمەرگە) دەدرێتە یەكێتی، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە گۆڕان هێزی چەكداری نیە. 

سێ سەرۆكایەتییەكە !
شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتن دەبێت، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) پێكەوە رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت.
بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، یەكەمجار سەرۆكایەتی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات‌و دەستبەكاردەبێت، دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكاتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت بەوەش دڵی گۆڕان رازی دەكات كە پێشتر داوای كردبوو، دوای سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەرێم (واتە بەر لە راگەیاندنی كابینەی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات)، پاشان سەرۆكی حكومەت (مەسرور بارزانی) كە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێندی یاسایی دەخوات. 

چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی؟
سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، پارتی بڕیاریداوە بەشداری بە كۆمەڵی ئیسلامی نەكات لە كابینەی نوێی حكومەت ( هەرچەندە ئێرانیەكان لەسەر خەتن بۆ رازیكردنی پارتی بە بەشداریپێكردنی كۆمەڵ)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا  بڕیاردراوە ئەو پەیامە بە كۆمەڵی ئیسلامی بدرێت، بەڵام سەركردایەتی كۆمەڵ دابەشبووە بەسەر دوو بۆچوندا، بۆچونێك لەگەڵ ئەوەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن و رایبگەیەنن بەرلەوەی پارتی پێیان رابگەیەنێت، بۆچونێكی تر داوا دەكەن بەشداری لە دەسەڵات بكەن.

كابینەی نوێ كەی رادەگەیەنرێت؟
چاوەڕەوان دەكرێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێم تا سەرەتای مانگی دوو بخایەنێت، بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەكە پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، كە رەنگە نەتوانن بەئاسانی لەناو خۆیاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكبكەون.

كەركوك چۆن چارەسەردەكەن؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە، پارتی پێیوایە نابێت پارێزگارێك لە كەركوك دابنرێت كە ئەندامی سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێت، بەڵكو دەبێت كەسێكی بێلایەنی سەربەخۆی كورد دابنرێت، هاوشێوەی (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووتری كەركوك. 
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا یەكێتی بەم مەرجەی پارتی لە كەركوك قایل دەبێت یاخود نا؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand