Draw Media

(درەو میدیا): مینگ هۆنگۆی سەرۆكی پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ" دیارنامێنێت و فەرەنساش بۆ دیاریكردنی چارەنوسی لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە. چەند سەرچاوەیەك لە پۆلیسی فەرەنسا رایانگەیاند مینگ هۆنگۆی هەفتەیەك لەمەوبەر گەشتێكی بۆ چین دەستپێكردووە و لەو كاتەوەی كە بارەگای سەرەكی ئینتەرپوڵی لە شاری لیۆنی فەرەنسا بەجێهێشتووە پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە. سەرچاوەیەكی نزیك لەو لایەنە پەیوەندیدارەی فەرەنسا كە لێكۆڵینەوە دەكات قسەی بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" كردووە و رایگەیاند هۆنگۆی لە فەرەنسا بێسەروشوێن نەبووە. مینگ هۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ بەرپرسێكی دیاری حزبی شیوعی چینە و دوو ساڵە بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدراوە. لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی هۆنگۆی كاتێك دەستیپێكرد كە هاوسەرەكەی پۆلیسی لە دیارنەمانی ئاگاداركردەوە و پۆلیسی ئینتەرپوڵیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئاگاداری دیارنەمانی هۆنگۆین و جەختیشیكردەوە كە ئەو پرسە پەیوەستەبە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەریەك لە فەرەنسا و چینەوە. مینگ هۆنگۆی وەك سەرۆكی ئینتەرپوڵن سەركردایەتی لیژنەی جێبەجێكردنی دەزگاكە دەكات كە بڕیاری لە سیاسەتی گشتی دەدات و رێنمایی ئاراستەی رێكخراوەكە دەكات. مینگ هۆنگۆی پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ، جێگری وەزیری كاروباری ئاسایشی گشتی بوو لە چین و ساڵی 2016 بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدرا و ئەو كاتەش چالاكان و رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند ئەو پۆستەی  لە چین هەیبووە هاوكار دەبێت بۆ ڕاوەدوونانی ئەو كەسانەی كە ئۆپۆزسیۆنی چینن و ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، بەڵام مینگ هۆنگۆی رایگەیاند ئامادەیە هەرچی لە توانایدایە بیكات لە پێناوی پرسی پاراستی سیستم لە جیهاندا. مینگۆ هۆنگۆی سەرۆكی ئینتەرپوڵ، خزمەت و شارەزایی 40 ساڵی بواری دادپەروەریی تاوان و پۆلیسدا لە چین هەیە، بە تایبەتی لە بوارەكانی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان و تیرۆر و چاودێری سنور، ئەوەش بە گوێرەی پۆلیسی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ".


( درەو میدیا): لە 2013  پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگی هێناوەو لە 2018 دا  (743984 )دەنگی هێناوە (148,392) كەمیكردووە 2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگی بەدەستهێناوەو لە رابردودا 350500 دەنگی هێناوە (62,925) كەمیكردووە 3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگی بەدەستهێناوە لە رابردوو 476736 دەنگی هێناوە (312,400) كەمیكردووە 4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگی بەدەستهێناوەو 118574 دەنگی هێناوە (23,582) كەمیكردووە 5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ 186741 دەنگی هێناوە (117,264) كەمیكردووە  


(درەو میدیا): رامۆن بلیكوا، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند لە بەسرە دووچاری حاڵەتی ژەهراویبوون بووە، و ئەو ئازارە زۆرەی كە بەهۆیەوە چەشتوێتی وایلێكردووە هەست بە نەهامەتی دانیشتوانی بەسرە بكات. بلیكوا لە لێدوانێكیدا بۆ پەیامنێری كەناڵی " ئەلحوڕە" ئاشكراشیكرد بەهۆی ژەهراویبوونەوە نەیتوانیوە لە چەند چالاكییەكی بڕیارلێدراو لە بەسرە ئامادەبێت. هەروەها ئاماژەیبەوەشدا پزیشكی چارەسەركردنی پێی راگەیاندووە كە خواردنی خۆراكێك لە قاپێكدا كە ئەو ئاوە شۆرابێت بەسە بۆئەوەی تووشی  ژەهراویبوون ببیت و جەختیشیكردەوە دوای وەرگرتنی چارەسەر ئێستا باری تەندروستی باش بوووە.


( درەو میدیا) : ئومێد جاف كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی 85%ـی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە 1355760 دەنگدەر بەشداربووە، بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ كورسیەک 13557.6 بەم شێوەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگ واتە 43 كورسی و 9304 ماوەی هەیە.  2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگ واتە 21 كورسی و 2113 ماوەی هەیە.  3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگ واتە 12 كورسی و 1213 ماوەی هەیە.  5- جووڵانەوەی نەوەی نوێ 113297 دەنگ واتە 8 كورسی و 3567 ماوەی هەیە.  4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگ واتە 7 و 65 ماوەی هەیە.  5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ واتە 5 كورسی و 1245 ماوەی هەیە.  6- لیستی سەردەم 13708 دەنگ واتە 1 كورسی و 110 ماوەی هەیە.  7- لیستی ئازادی 7069 دەنگ  8-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 6886 دەنگ 9- پارتی پارێزگارانی كوردستان 3028 دەنگ بەگشتی 97 كورسی هاتووە و 3 كورسی بە ماوەی زۆرینە دەڕوات بەم شێوەیە: - پارتی دیموكرات 1 كورسی كۆی كورسیەكانی دەبێت بە 44 كورسی - ئازادی 1 كورسی  - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 1 كورسی    


( درەو میدیا)  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژژاردن و راپرسی هەرێم ئەنجامی 85%ی دەنگدانی هەڵبژاردنی گشتی و تایبەتی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند بەم شێوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان: 595592 دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: 287585 دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان: 164336 دەنگ نەوەی نوێ : 113297 دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 94992 دەنگ بەرەو ئیسڵاح : 69477 دەنگ لیستی سەردەم: 13708 دەنگ لیستی ئازادی: 7069 دەنگ هاوپەیمانی: 6886 دەنگ پارێزگاران: 3028 دەنگ


(درەو میدیا): پارتی بریندارە، بەڵام هێشتا خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووش ئەو بڕیاردەدات كام یاریزانە تاكۆتایی یارییەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبێ‌ و لەكوێدا یاریدەكات، كام هێزەش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت، یان ڕۆڵێكی پەراوێزی پێدەدرێت.  لە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی خواستی پارتی، لەبری یەكلاكردنەوەی بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك ئەو دوایدەكرد، یەكلاكردنەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق كە خواستی یەكێتی بوو و هەرواش تێپەڕی، پارتی پێیوایە یەكێتی تەوافوق و یەكڕیزی كوردی تێكداوە، لەكاردانەوەی ئەمەشدا زمانی سیاسی گۆڕیوە و  ئیتر كار بەو بنەمایە ناكات كە پێشتر كاری پێكردووە لەگەڵ یەكێتی، كە مەبەست لە دابەشكردنی پۆستەكانە لە حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان. پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو ئەمڕۆ زیاد لەبەرپرسێكی پارتی لەسەر ئەو پرسە قسەیكردوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی داوە، كە دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و، ڕەنگە لە زۆرینەی بەرپرسانی پارتی نەرمتر دوابێت، بەڵام بەهەمان مانا و ناوەڕۆك. ئەكرێت ئەمە بەناونیشانی دیارترین پێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەی  یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت لەنێوان یەكێتی پارتیدا كە ڕەنگە سەرەتای ململانێكی نوێ بێت.    ئومێد خۆشناو سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت"زەمەنی پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو"، عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕاشكاوانەتر ڕوودەكاتە یەكێتی و دەڵێت"دەركەوت قەبارەی یەكێتی لەنیوەی پارتی كەمترە، لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین". نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتی: وەك خۆتان مامەڵەتان دەكەین نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكخستبوو، پەیامێكی ڕەسمی پارتی دا بەگوێی (یەكێتی)دا، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە،" ئیتر لەمەودوا وەك خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین". نێچیرڤان بارزانی وتی:" ئەو هەنگاوە تاكلایەنەی یەكێتی زۆر جێگەی نیگەرانیە و دەستپێكێكی مەترسیدارە" كە مەبەستی شێوازی  هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، ڕاشیگەیاند: لەمەودوا پارتی لەسەر بنەڕەتێكی نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، وتیشی:" لە هەموو ئەو قۆناغانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بڕیاریداوە، لە كاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی كەمتربووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و كەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات". پارتی بێبەرامبەر موراعاتی یەكێتی نەكردووە بەڕای زۆرێك ئەو قسانەی پارتی لەبارەی موراعاتكردنی یەكێتی دەیكات ڕاستی زۆری تیادایە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی خاوەنی تەنها 18كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج وەزیر و چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری لە حكومەت وەرگرت، بەڵام وەك دەوترێت ئەم سەخاوات و سنگفراوانییەی پارتی لە بڕوابونی بە بەشداری تەواوی لایەنەكان وەك شەریك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە پارتی دەزانێت كە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن چەك و ئابوری كە كۆنترۆڵی نزیكەی نیوەی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، پەراوێزخستنی هەروا ئاسان نیە و لە باشترین حاڵەتدا هەر حكومەتێك لە دەرەوەی ڕەزامەندی ئەو پێكبهێنرێت لە هەولێرەوە، دەسەڵاتی لە سنوری ئەو دیوی دێگەڵە زیاتر بڕناكات،  جگە لەوەش ڕاستییەكی تر هەیە كە پێویست بە بەڵگە هێناوە ناكات، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ پارتی كردووە هیچ هێزێك نە ئامادەبووە و نەتوانیویەتی بیكات، یەكێتی هەمیشە پایەكی تەواوكردنی ئەو كارانەبووە كە پارتی دەستیپێكردووە یان پێكەوە لەزۆر پرسدا یەكتریان تەواوكردووە، بۆیە وەك دەوترێت سنگفراوانییەكەی پارتی بۆ یەكێتی بێبەرامبەر نەبووە.  خۆیان لە كورسی پەرلەمان گەورەتر دەبینن دیوێكی تری ئەم مەسەلە هەستیارەی  پارتی وروژاندویەتی، وەلاخستنی پرسی تەوافوق و كاركردن بەسیستمی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانیی ڕەنگە  هەروا بەئاسانی بەشەریكە دێرینەكەی هەزم نەكرێت و كاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە چی پارتی و چی یەكێتیش وەك دوو هێزی چەكداری خاوەن شەرعیەتی شاخ، خۆیان لەژمارەی كورسی و دەنگی خەڵك گەورەتر و بەرزتر دەبین، بۆیە هەرگیز قەبارەی خۆیان بەكورسی و ڕێژەی دەنگی خەڵك ناپێون، هەرچەندە ئامادەشن هەموو چوارساڵ جارێك خۆیان تاقیبكەنەوە.  


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە، ناوی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی یەكێتی نیشتمانی دەستكەوتووە كە بەهۆی زۆری دەنگەكانیان سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە: ناوی كاندیدە پیاوەكان كە سەركەوتوون: 1-    قوباد تاڵەبانی- رێژەی 60%ی دەنگەكانی یەكێتی بەدەستهێناوە 2-    زیاد شەهید جەبار/ سلێمانی 3-    فەیسەڵ عەباس/ هەولێر 4-    شەمۆڵ ئاشتی سابیر/ كۆیە 5-    عەباس فەتاح/ كۆیە  6-    سامان تاهیر قادر/ كەلار 7-    شادمان مەلا حەسەن/ هەولێر 8- عوسمان سێدەری / شارباژێڕ 9-    سەركۆ ئازاد گەلاڵی/ شارەزوور 10-    هیوا عەلی سدیق/ سلێمانی 11-    لوقمان حەمەد حاجی مستەفا (لوقمان وەردی)/ باڵەكایەتی   ناوی ژنە كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی: 1-    بێگەرد دڵشاد شوكروڵا (بێگەرد تاڵەبانی)/ سلێمانی  2-    رێواز فایەق/ هەولێر 3-    رۆژان حەمەڕەش/ سلێمانی 4-    شنۆ ئەشقی سورچی/ ئاكرێ 5- سەلمە فاتیح/ سلێمانی  6-    تەلار لەتیف/ سلێمانی 7-    هەژان حەسەن كوێستانی/ سلێمانی


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لیستی ناوی ئەو كاندیدە ژنانەی یەكێتی دەستكەوتووە، دەنگی پێویستیان هێناوە و سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە: ناوی كاندیدە دەرچووەكان: 1-    بێگەرد تاڵەبانی 2-    رێواز فایەق 3-    رۆژان حەمەڕەش 4-    شنۆ ئەشقی سورچی 5- سەلمە فاتیح 6-    تەلار لەتیف  7-    هەژان حەسەن كوێستانی


(درەو میدیا): بەپێی دەستوری عێراق كە ماوەی مانگێك دەرفەتی داوە بە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیيەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق (28) ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ ڕاگەیاندنی كابینەكەی، ئەوەش ناچاریكردووە پەلەبكات لە پوەندیكردن بە كوتلە سیاسیيە براوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عەبدولمەهدی لە دوێنی چوارشەممەوە دەستیكردووە بەپەیوەنديكردن بە كوتلە سیاسیيە كاریگەرەكان بۆ زانینی هەڵوێست و ئاستی داواكارییەكانیان لە پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو، ئەم پەیوەندییانەش لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانیدایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەوبارەیەوە. سەرچاوەكە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆكانی عەبدولمەهدی لەگەڵ كوتلە سیاسیيەكان ئاسان نابێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم كوتلەكان هیچ خالێكیان لەدەستنەداوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەش دوای ڕاسپاردنی عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ ئەوەی سەر بە هیچ كوتلەیەكی سیاسی نەبووە، پێشبینیشكردووە، ململانێی نێوان هێزە براوەكان بگاتە توندترین ئاست لەسەر وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییە گرنگەكان. ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەكەیەوە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، گەورەترین ئاستەنگ كە ڕوبەڕوی عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە دابەشبونی ناوماڵی شیعەیە بۆ دوو سەربازگە، ناوماڵی كوردو سوننەش بەهەمان شێوەیە، ئەوەش وایكردووە ڕازیكردنی هەموان كارێكی زۆر قورس بێت.  عەباس علیوی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنان ڕایگەیاندووە، سەرجەم كوتلەكان بەشداری دەكەن لە حكومەتی نوێ‌، هەر لایەنێك كۆمەڵێك ناو پێشكەش دەكات، دواتر سەرۆك وەزیران شیاوترینیان هەڵدەبژێرێت، بەوەش سەرۆك وەزیران بەرپرسیار دەبێت ئەگەر حكومەتەكەی شكستیهێنا لە ئیدارەدانی عێراق. علیوی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، حكومەت تەوافوقی دەبێت و هەموو چاوەكانیشی لەسەر دەبێت، پەرلەمانیش چاودێری كارەكانی دەكات، بەڕای ئەو، حكومەتی داهاتوو جیاواز دەبێت لەوانەی پێشخۆی، ئەوەش دوای ئەوەی هەموان ڕێككەوتون لەسەر پێشكەشكردنی كاندیدی شیاو و پێدانی ئازادی تەواو بەسەرۆك وەزیران بۆ دورخستنەوەی هەر كاندیدێك لە حكومەتەكەی. هەر لەوچوارچێوەیەدا، مایك پۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هیوای خواستووە حكومەتی داهاتوو بایەخ بدات بە یەكێتی خاكی عێراق و ئایندەی گەلەكەی، بەپێویستیشی زانیوە حكومەتی نوێی لەلایەن ئێرانیيەكانەوە تەحەكومی پێوەنەكریت. ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو 2ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد و هەر ئەو ڕۆژە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی كەسایەتی سیاسی عێراقی بێلایەنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕاسپارد. 


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 كورسیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیادی كردووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 115 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 45%) و 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 پارتی دیموكراتی كوردستان كە (743984) دەنگ و بەڕێژەی (38% ) و (38) كورسی بەدەستهێنابوو، بەو پێیەش ئەگەر بەراوردی دەنگەكانی پارتی بكرێت ( 738 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە ژمارەی دەنگەكانی كەمیكردووە بەڵام وەك رێژە ( 7%) زیادیكردووەو ژمارەی كورسیەكانیشی 7 كورسی زیادیكردووە.  


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 كورسیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیادی كردووە كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 115 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 7 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 كۆمەڵ كە (118574) دەنگ و بەڕێژەی (6% ) و (6) كورسی بەدەستهێنابوو، بەو پێیەش ئەگەر بەراوردی دەنگەكانی كۆمەڵ بكرێت لە نێوان دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگەكانی كەمیكردووە بەڵام یەك كورسی زیادیكردووە.  


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دەنگ و كورسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیاتر لە نیوە دابەزیوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 195 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 12%) و 12 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 بزوتنەوەی گۆڕان كە (476736) دەنگ و بەڕێژەی (24.4% ) و (24) كورسی بەدەستهێناوە ، بەو پێیەش 50% ی كورسیەكانی كەمیكردووەو دەنگەكانیشی (59%) كەمیكردووە بەزیاتر ( 280 هەزار ) دەنگ كەمیكردووە.    


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دەنگ و كورسیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیاتر لە نیوە دابەزیوە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشە بە لیستی ( بەرەو ئیسلاحیان) بەشداری هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستانیانكرد بەڵام بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 83 هەزار ) دەنگیان بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 5%) دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەتەنها خۆی بەبێ لایەنەكانی دیكەش  (186741 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 9.6%) و ( 10 ) كورسی، لە كاتێكدا بزووتنەوەی ئیسلامیش لە هەڵبژاردنی رابردودا (21834) دەنگ و بەرێژەی ( 1.1% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی. بەتەنها یەكگرتوو كورسیەكانی 50% كەمیكردووەو دەنگەكانیشی (55%) كەمیكردووە بە نزیكەی ( 103 هەزار ) دەنگ، بەڵام لیستی بەرەو ئیسڵاح كە لە یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشە پێكهاتووە كە ( 83 هەزار ) دەنگ و بەرێژەی 5% و 5 كورسی بەدەستهێناوە كە بە یەكگرتوو بزووتنەوەی ئیسلامی ( 207 هەزار) دەنگیان بەدەستهێنابوو بەرێژەی 11% بەهەردوكیان 11 كورسیان بەدەستهێنابوو واتا 6كورسی كەمیان كردووە و دەنگەكانیشیان ( 124 هەزار ) كەمیكردووە.   


 (درەو میدیا): قسەیەك هەیە دەڵێت" لەسیاسەتدا ئەنجام حسابە" بەم پێوەربێت، هەرچییەك لەبارەی هۆكارەكانەوە بوترێت بەهای نیە و دەچێتە چوارچێوەی پاساوەوە، ئەنجامیش لەسەر زەمینی واقیع دەڵێت" بارزانی یارییەكەی دۆڕاند" و ڕۆیشتن بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی، لەبری سەری ڕەش، بە دەباشاندا تێپەڕی. بەهۆی كورتیهێنانی خوێندنەوەكانی بارزانی بۆ دۆخی عێراق و ناوچەكە، لەماوەی ساڵێكدا دووجار پشتی درا بەزەویدا، هەردوو جارەكەش لەسەر دەستی نەوەكانی تاڵەبانی بوو، ڕەنگە پاساوی "خیانەت" كە زوو زوو لە قاموسی سیاسی كوردا دەردەهێنرێت و پارتی و یەكێتی دەیكێشن بەدەمووچاوی یەكدا، هیچ لە واقیعی ئەو شكستە نەگۆرێت كە بارزانی دووچاری بووە، چونكە ئەگەر "خیانەت" وەك هۆكار بۆ شكستە یەك لەدوای یەكەكانی بارزانی ڕاستبێت، دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرێت خۆی و پارتەكەی، لەسەر بنەمای 31 ئاب هاوكێشەی هێزیان لە كوردستان گۆڕی و تائێستاش لەسەر ئەو بنەمایە حوكمی كوردستان دەكەن كە  زۆرێك بە "خیانەتی عوزما"ی لەقەڵمدەدەن.    لە پەرلەمانی عێراق چی ڕوویدا؟ "درەو میدیا" لەبەدواداچونێكی ورددا بۆ ڕوداوەكانی پشت پەردەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و دواین ساتەكانی پێش هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار و ململانێكانی ناو پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵێك زانیاری گرنگی دەستكەوتووە، كە لێرەدا دەیخاتەڕوو. بەپێی زانیارییەكان، پارتی تا دواساتەكان نەیویستووە نیسابی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تەواوبێت، چونكە ترسی جدی هەبووە بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێن بباتەوە، بەڵام یەكێتی جۆرێك لەنەرمی پیشانداوە و بەهاوكاری ئێرانییەكان قەناعەتیان بە پارتی و هاوپەیمانەكانی كردووە كە داخڵی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بن، كاتێك چونەتە دانیشتنەكە توشی شۆك بوون و كورد وتەنی دەستیان لەبنی هەمانەكەوە دەرچووە و، ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕونبوەتەوە كە (تیمەكەی یەكێتی) لەسەر چەندین ئاست كاری بۆ دەرچوونی بەرهەم ساڵح كردووە، لەكاتێكدا بارزانی تەنها لەڕێی چەند سەرۆك هێزێكی سوننە و شیعەو و هەڕەشەكردن بەكشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە یەكێتی، كاری بۆ سەرخستنی فوئاد حسێن كرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت متمانەبوونی لەڕادەبەری بارزانی بە پێگەو نفوزی خۆی دووچاری ئەو شكستە گەورەیەی كردووە.  سەرچاوەیەك لە تیمەكەی یەكێتی بە (درەو میدیا)ی وت:" ئێوارەی دوێنێ‌ و لەكاتی توندبونەوەی ململانێكاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفون قسەی لەگەڵ بەرپرسانی تیمەكەی یەكێتی كردووە و دوای لێكردوون بەرهەم ساڵح بكشێننەوە، لەترسی ئاڵۆزبونی دیمەنی سیاسی لەبەغدادو هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیش پێشنیازی كردووە قوباد تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەربگرێت، بەڵام یەكێتی هەردوو داواكەی ڕەتكردوەتەوە". بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پارەیەكی زۆری بەخشیوەتەوە بەسەر هێزو لایەنە عێراقییەكاندا بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی.   هاوكات سەرچاوەیەك لە تیمەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی، وت" یەكێتی پێشنیازی كردووە دووساڵ بە دووساڵ پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرن، پارتی ئەو پێشنیازەی ڕەتیكردوەتەوە. بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە لە وەفدی پارتی، بەرپرسەكانی یەكێتی بە پەرلەمانتارانی عێراقیان وتووە، "ئێوە چۆن دەنگ بە كاندیدی یەكێتی نادەن لەكاتێكدا ئێمە بێ شەڕ كەركوكمان ڕادەستكردن، دەنگ بە كاندیدی لایەنێكی تر دەدەن، كە پێوایە كەركوك داگیركراوە". لەبارەی بەخشینەوەی پارەوە، سەرچاوەكەی تیمی پارتی بە (درەو میدیا) وت:" یەكێتی زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتەوە بۆ دەرچواندنی بەرهەم ساڵح".  شكستی شەخسی بارزانییە دەكرێت هەردوو شكستەكە، چی پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەم ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار بە شكستی شەخسی بارزانی دابنرێت و، شرۆڤەی ئەوەی بۆ بكرێت كە نەوەكانی تاڵەبانی لە گۆڕەپانی شەڕو ململانێی سیاسیشدا پشتی (مەسعود بارزانی)یان لەزەویدا، بەوپێیەی بارزانی لەهەردوو پرسەكەدا بەشەخسی ئیدارەی ململانێكانی داوەو، زیاتر لە سیاسەتكردن عینادی و بردنە سەری قسەی خۆی، بەسەریدا زاڵبووەو هەرئەوەش توشی هەڵەی گەورەی كردووە، كە ڕەنگە وەك شەخس تەنها لەڕووی مەعنەوییەوە باجەكەی دابێت، لەكاتێكدا لەسەر زەمین وێڕایی پەرتكردنی زیاتری ناوماڵی كورد و دورستكردنی مەترسی جدی لەسەر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەی سیاسی، خەڵكی كوردستانیشی دوچاری كارەساتی تراژیدی كردووە. بارزانی ویستی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار شكستی ڕیفراندۆم و هەموو لێكەوتەكانی داپۆشێت و جارێكی تر بەبەهێزی بگەڕێتەوە بەغداد، ئەم دەستكەوتە بخاتە پاڵ ئەو سەركەوتنەی كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا بەدەستیهێناوە، لەو ڕێیەوە وەك بڕیاردەری یەكەم و ڕەها دەربكەوێت و ئەو پەیامەش لەبەغدادەوە بگەیەنێت بەهەموو لایەك، بەڵام ئەنجامی یارییەكە لەبری سەركەوتن بووە شكست و چووە پاڵ شكستەكەی پێشووی لەڕیفراندۆمدا، لەبری ئەوەی ئەو پەیامە بدات بەهەموو لایەك، زۆرینەی شیعەو سوننەكان، تەنات یاریزانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانیش پێیانوت، تۆ تادوێنێ‌ بەتەمابویت عێراق پارچە بكەیت، ئەمڕۆ مافی ئەوەت نیە سەرۆك كۆماری عێراق كە سیمبوڵی و ڕەمزی دەوڵەتە تەعین بكەیت.  


(درەو میدیا): دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای بڕیارێكی دەركرد و تێیدا فەرمانیدا بە ئەمریكا تا سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرێت، كە لە دوای كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە سزاكانی بەسەردا سەپێنراوەتەوە. دادگاكە لە بڕیارەكەیدا رایگەیاندووە سزاكان پێشێلكردنی پەیماننامەی ئیمزاكراوی ساڵی 1956 ەو بونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵك. لە بەرامبەرشدا ئەمریكا رایگەیاند دادگاكە دەسەڵاتی ئەو بابەتەی نییە، چونكە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەدات. دادگای دادی نێودەوڵەتی كە بارەگای سەرەكی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، بڕیارەكانی مولەزمن، بەڵام هیچ ئامرازێكی نییە بۆ جێبەجێكردنیان و دادگاكە تاكە دامەزراوەی دادوەریی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتانی ئەندام، بەڵام پەیامنێری بی بی سی لە لاهای دەڵێت هەردوو لایەنی دۆسیەكە لە پێشوودا چەندینجار بڕیاری ئەم دادگایەیان پشتگوێخستووە. عەبدولقەوی یوسف سەرۆكی دادگاكە لەكاتی راگەیاندنی بڕیارەكەدا وتی:" دادگا باوەڕی وایە كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەموو بەربەرست و تەگەرەیەك لەسەر رێگای هەناردەكردنی ئازای كەلوپەل و شمەك لابدات كە پێداویستییە مرۆییەكانی ئێران پڕدەكەنەوە". مانگی ئایاری رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە گەڕاندنەوەی سزاكان بۆسەر ئێران و بەوەش بەهای دراوی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەی سەختكرد. وردەكاری بڕیارەكەی دادگا ئێران دەڵێت گەمارۆی بازرگانی ئەمریكا، پەیماننامەیەكی بازرگانی نێودەوڵەتی پێشێلدەكات كە ساڵی 1955 ئیمزاكراوە و پەیوەستە بە پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و بەوەش مافی ئەوە بە دادگای دادی نێودەوڵەتی دەدات بڕیار لەسەر ناكۆییەكانی نێوان هەردوو وڵات بدات. هەروەها ئاماژەبەوەشدەدات كە ئەو هۆكارانەی كە دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ گەڕاندنەوەی سزاكان بانگەشەیان بۆدەكات، هیچ بنەمایەكییان نییە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چەندینجار جەختیكردوەتەوە كە ئێران پابەندی مەرجەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە كە ساڵی 2015 لەگەڵ شەش وڵاتی گەورەدا ئیمزایكردووە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand