Draw Media

( درەو میدیا):  بڕیارە كاتژمێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نۆیەم سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای دروستبونی سیستمی كۆماریی لەساڵی 1958وە، لەعێراق هەڵبژێرێت. ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان پاڵاوتوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار 31 كەسن، 24 كاندیدیان مەرجە یاساییەكان تیادابووە بۆ خۆپاڵاوتن، 6 كاندید لە كێبڕكێكە دوورخراوەنەتەوە و كاندیدێكیش كشاوەتەوە. فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین چانسیان هەیە لەنێو كۆی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ ئەوەی دانوستەكانی یەكێتی و پارتی بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندید و كشانەوەی دووەمیان بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەكی گەیشتن بەڕێككەوتن نیە و بەهێزترین ئەگەرەكان ئەوەیە هەردوولا بەكاندیدێك داخڵی هەڵبژاردنی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق بن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە بەیانی ئەمڕۆوە بۆ كاتژمێر 8ی ئەمشەو بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتربوو بەلایەنە كوردییەكان و ئەنجامدانی دوایین كۆبونەوە لە نێوان هیزە كوردییەكان لەپێناو گەیشتن بەسازان و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و هەموو ئاماژەكانیش دەڵێن ئەگەر ڕێككەوتنی دواساتەكان نەبێت، ئەمشەو پەرلەمانی عێراق ناتوانێت كاندیدێك یەكلابكاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچكام لەكاندیدەكان بە هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتیشەوە ناتوانن دوو لەسەرسێی دەنگەكان بەدەستبهێنن و هەڵبژاردنی خولی دووەم  دەكەوێتە سبەینێ‌ كە دوا وادەی دەستورییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق .   ئەوە لەكاتێكدایە، هەریەك لە فوئاد حسێن و بەرهەم ساڵح تەئكید لەسەر سەركەوتنیان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لایەنە عێراقییەكان دەكەن، فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، بەدەنگدانی ناو فراكسیۆنە كوردییەكانبێت یان هەڵبژاردنی ناو پەرلەمانی عێراق سەركەوتنی مسۆگەرەو دەبێت بەسەرۆك كۆماری عێراق. لەبەرامبەردا بێستون عادل پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، كاندیدەكەیان (بەرهەم ساڵح) زۆرترین چانسی هەیە بۆئەوەی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت، بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەرهەم ساڵح هەموو ئەو خەسڵەتانەی تیادایە كە پێویستە بۆ گرتنەدەستی ئەو ئەركە، وێڕای ئەو پەیوەندییە فراوانەی كە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان هەیەتی. بەپێی ماددەی 70 لەدەستوری عێراق، سەرۆك كۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەرسێی كۆی ئەندامەكانی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و پێویستە كاندیدی سەركەوتوو لەكۆی 329 دەنگ  220  بەدەستبهێنێت لە خولی یەكەمی دەنگداندا، ئەگەر هەڵبژاردن چووە خولی دووەم ئەوا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار. یەكەم ئەركی سەرۆك كۆمار دوای سوێندخواردنی لەبەردەم سەرۆكی دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دیاریكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكەی و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.    


(درەو میدیا): نەوەی نوێ دەنگەكانی لە چاوەڕەوانی پێشبینی خۆیان نەبووە بەڵام لە هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولداو بەپێی ئەنجامە بەراییەكان نەوەی نوێ ( 8 بۆ 9 ) كورسی دەهێنێت، (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو نەوەی نوێ دەستی كەوتووە لیستی ناوی ئەو كاندیدانەی دەستكەوتووە كە دەنگی زۆریان هێناوە و چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هەیە. ناوی ئەو كاندیدانەی نەوەی نوێ كە دەرچون یان چانسی سەركەوتنیان هەیە: 1-    شاسوار عەبدولواحید 2-    د. كازم فاروق 3-    دیاری ئەنوەر  4-    شادی نەوزاد 5-    مژدە مەحمود 6-    سیروان بابان   


(درەو میدیا): یەكگرتووی ئیسلامی زەرەرمەندترین لایەنی سیاسی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم هێزە كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013دا توانی (10) كورسی پەرلەمان بباتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی دوێنێدا ژمارەی كورسییەكانی بەڕادەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان (5 بۆ 6) كورسی پەرلەمان دەباتەوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی لیستی ناوی ئەو كاندیدانەی دەستكەوتووە كە دەنگی زۆریان هێناوە و چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هەیە. ناوی ئەو كاندیدانەی یەكگرتوو كە چانسی سەركەوتنیان: 1-    ئەبوبەكر هەڵەدنی  2-    شێركۆ جەودەت 3-    ئیسماعیل سگێری 4-    ئیسلام كشانی 5-    هەڵس ئەحمەد 6-    سەرچنار ئەحمەد    


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی ناوی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی گۆڕانی دەستكەوتووە كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان چانسی سەركەوتنیان هەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان و دەنگی زۆریان هێناوە. ناوی ئەو كاندیدانەی چانسی سەركەوتنیان هەیە: 1-    عەلی حەمەساڵح 2-    گۆڕان عومەر (گۆڕانی ئینزیبات) 3-    شیرین ئەمین 4-    كاروان هاشم 5-    شایان عەسكەری 6-    یاسین خزر 7-    ئاشنا عەبدوڵا بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان (11 بۆ 13) كورسی پەرلەمانی كوردستانی بردوتەوە.  


(درەو میدیا): دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتوانی ئێستای عێراقی راگەیاند و ئاماژەیبەوەشداوە كە ژمارەی دانیشتوانی بەغدای پایتەخت هەشت ملیۆنی تێپەڕاندووە و پارێزگای موسەنناش كەمترین دانیشتوانی هەیە. دەزگای ناوەندیی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ئامارێكدا رایگەیاندووە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2018 گەیشتوەتە 38 ملیۆن و 124 هەزار و 182 كەس و لەو ژمارەیەش :19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51% لە رەگەزی نێرن  و 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49% لە رەگەزی مێن. دوای پارێزگا بەغدا پارێزگای نەینەوا بە پلەی دووەم و 10%ی كۆی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای بەسرەش لە پلەی سێیەمدا دێت و 8%ی كۆی دانیشتوان عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای موسەنناش كەمترین ژمارەی دانیشتونی هەیە كە 814 هەزار و 371 كەسە. وەزارەتی پلاندانی عێراق راشیگەیاندووە كە دانیشتوانی عێراق ساڵانە بە تێكڕا 850 هەزار كەس زیاددەكات و پێشبینیشدەكات ژمارەی دانیشتوانی عێراق ساڵی 2030 بگاتە 50 ملیۆن كەس. ئاماری دانیشتوانی عێراق بەژمارە: ژمارەی دانیشتوان: 38 ملیۆن و 14 هەزار و 182 كەس ژمارەی رەگەزی نێر: 19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51%. ژمارەی رەگەزی مێ: 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49%. ژمارەی دانیشتوانی بەغدا: 8 ملیۆن و 126 هەزار و 755 كەس ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمترە: 15 ملیۆن و 428 هەزار و 32 كەس بە رێژەی 45%.


(درەو میدیا): بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دەستیكەوتووە، هەشت كاندیدی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرترین دەنگیان هێناوە و چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمانی كوردستان هەیە، كە كۆمەڵی ئیسلامی 7 بۆ 8 كورسی مسۆگەر كردووە، هەندێكیشیان پێشبینی دەكەن ژمارەی كورسیەكانیان بۆ 9 بۆ 10 كورسی بەرز ببێتەوە. كاندیدەكانیش بریتین لە لەم ناوانە: 1- سۆران عومەر 2- عەبدولستار مەجید 3- روپاك ئەحمەد رەحمان 4- بەدریە ئیسماعیل مەحمود- یاخود كوردستان حەمەڕەشید رەحیم (ئەم دوو كاندیدە یەكێكیان سەردەكەون) 5- هەورامان گەچێنەیی 6-  كامەران بابان زادە 7- عومەر گوڵپی  8- عوسمان كانی كوردەیی


(درەو میدیا): فوئاد حسێن دەڵێت، بە هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە. فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كاندیدی مەسعود بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆك  عێراق و زۆرینەی سەركردە عێراقییەكانیش پشتیوانی لێدەكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. ڕەتیشیكردوەتەوە لەبەرامبەر پۆستی پارێزگای كەركوك لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە و ڕایگەیاندووە، پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە هەیە كە زۆربەی ئەندامەكانی پارتین و بە یەكێتییان وتووە، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسی پارێزگای كەركوكیش چارەسەردەكەن.   فوئاد حسێن ڕاشیگەیاندووە، پارتی و مەسعود بارزانی سورن لەسەر ئەو میكانیزمە كە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە كاندیدێك دیاریبكرێت، تەئكیدیشی كردووە، بەهەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە.


( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لیستی سەردەم كە لە ( حزبی سۆسیالیست و یەكێتی نەتەوەیی و پارتی كرێكاران و رەنجدەران) پێكهاتووە زیاتر لە ( 14 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەرچی ناگاتە بەهای كورسیەك چونكە كورسی بۆ ئەوە دەبێت كە زۆرترین دەنگی هەیە( باقی الاقوی) ، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، كاندیدی ژمارەیەك كە عەبدوڵای حاجی مەحمودەو سەر بە حزبی سۆسیالیستە ژمارەی یەكەمی دەنگی لیستی سەردەمی بەدەستهێناوەو كورسیەكەی مسۆگەركردووە.   


( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان و ئەو دەنگانەی ئاشكراكراوە، ژمارەی كورسی لایەنەكان دەردەكەوێت بە نزیكەیی، هەرچەندە سوتانی ژمارەیەك سندوق و گۆڕانكاری لە دەنگەكان گۆڕانكاری كەم لە كورسیەكانیش درووست دەكات بەپێ ئەو دەنگانەی كە بڵاوكراوتەوە: -    پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی بەشی 40 بۆ 42 كورسیە -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەنگەكانی بەشی 21  بۆ 23 كورسیە -    بزوتنەوەی گۆڕان  دەنگەكانی بەشی 11  بۆ 13 كورسیە -    نەوەی نوێ دەنگەكانی بەشی 7  بۆ 9 كورسیە -    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 7 بۆ 8 كورسی  -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی دەنگەكانی بەشی 5 بۆ 6 كورسیە -    ئەگەری هەیە لیستی سەردەم كورسیەك بەدەستبهێنێت   


( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان كە لە دەنگدانی گشتیدا ( 2 ملیۆن و 914 هەزارو 992 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووەو ( 58%) ی دەنگیاندا، بەو پێیەش ( یەك ملیۆن و 690 هەزار 695 ) كەس دەنگی داوەو ( یەك ملیۆن و 224 هەزارو 269) كەس دەنگیان نەداوە، كە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە كۆی هەڵبژاردنەكان لە خولی یەكەم تا خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان .   


 (درەو میدیا): هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، (درەەو میدیا) بەپشتبەستن بە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، لەم راپۆرتەدا بەنزیكەیی بەهای هەر كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات. لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا بەشێوەیەكی گشتی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 641) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (174 هەزارو 148) كەسیان دەنگدەری تایبەت بوون كە رۆژی هەینی دەنگیاندا.  دەنگدەرانی گشتی ژمارەیان بەمشێوەیە ژمارەیان دابەشبووە بەسەر پارێزگاكاندا: یەكەم: پارێزگای هەولێر   (ملیۆنێك و 36 هەزارو 419) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (611 هەزارو 487) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 59%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.   دووەم: پارێزگای سلێمانی  (ملیۆنێك و 134 هەزارو 760) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (623 هەزارو 123) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 55%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.   سێیەم: پارێزگای دهۆك (677 هەزارو 797) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (413 هەزارو 456) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 61%ی كۆی ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.  چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە (66 هەزارو 16) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (40 هەزارو 269) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 60%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. كۆی گشتی ئاستی بەشداری هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان  (2 ملیۆن و 914 هەزارو 992) كەس لە دەنگدانی گشتیدا مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (ملیۆنێك و 688 هەزارو 335) كەس بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. لە دەنگدانی تایبەتیشدا كە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، لە كۆی (170 هەزارو 469) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبوو، (156 هەزار 314) كەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. بەلێكدانی ئاستی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت و گشتی، دەردەكەوێت لە كۆی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە (ملیۆنێك و 709 هەزار و 472) كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كردووە. بەهای كورسییەك چەند دەنگە ؟ بەپێی لێكدانەوەی بەرایی (درەو میدیا) بۆ بەهای كورسی بەپێی رێژەی بەشداری، كە لە چوار پارێزگاكەی هەرێم ( 1 ملیۆن و 844 هەزارو 649 ) هەر كورسییەكی پەرلەمانی نوێی كوردستان (18 هەزارو 446) دەنگ دەبێت. ئەمانە لێكدانەوەی بەراین و بەنزیكەیی وەرگیراون، لەحاڵی جێگریبوونی ژمارەكان و ئاستی بەشداریدا، (درەو میدیا) زانیاری وردتر بڵاودەكاتەوە.   


(درەو میدیا): بەیانی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی لە وێستگەی ژمارە "5"ی بنكەی ئامادەیی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگیدا و بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست " درەو میدیا" كەوتوون ئەنجامی ئەو وێستگەیە بەمشێوەیە بووە: یەكێتی: 85 دەنگ گۆڕان: 55 دەنگ كۆمەڵ: 23 دەنگ بەرەو ئیسلاح: 19 دەنگ نەوەی نوێ‌: 15 دەنگ سەردەم: 3 دەنگ  


(درەو میدیا): بڕیارە پەرلەمانی عێراق سبەی دووشەممە دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، پارتی و یەكێتیش هێشتا لەسەر یەك كاندید رێكنەكەوتوون. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، م حەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە سبەینێ دەنگدان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: بەهۆی ئەو كێشمەكێشەی كە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی و پارتی دروستبووە، سەرۆكی پەرلەمان بەباشی دەزانێت سبەینێ پۆستەكە لەناو پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر سبەینێ نەتوانرا یەكلابكرێتەوە، رۆژی سێشەممە كە دواین وادەی دەستورییە بتوانرێت تێدا سەرۆك كۆمار هەڵببژێرێت. ئەمڕۆ دواین وادەی پێشكەشكردنی تانە بوو بۆ ئەو كاندیدانەی كە كاندیدبونیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتكرایەوە، بەپێی یاسا دادگای فیدراڵی دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا وەڵامی تانەكانیان بداتەوە، ئەگەر سبەینێ دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت، دەبێت بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان، دادگای فیدراڵی وەڵامی تانەكان بداتەوە.


(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر سایتی فەرمی خۆی داوای لە 24 کاندیدەی  پۆستی سەرۆک کۆمار کرد کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە ، سبەینێ1ی 10ی 2018 كاتژمێر 10ی بەیانی لە كۆشكی كۆنگرەكان لە پەرلەمان ئامادەبن. لە ئاگادارییەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هۆكاری بانگهێشتكردنی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار روننەكراوەتەوە. ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار: 1- سردار عبد الله محمود تايمز 2- عبد اللطيف جمال رشيد 3- عمر احمد كريم البرزنجي 4- سروة عبد الواحد قادر ابراهيم 5- عبد الكريم علي عبطان الجبوري 6- برهم احمد صالح قاسم 7- فؤاد محمد حسين بكي 8- نوار سعد محمود حسين الملا 9- سليم همزة صالح خضر 10- جبار شاطي عبد الحسن التميمي 11- كمال عزيز قيتولي 12- منذر منعم سعد جبر الباوي 13- منقذ عبد اللطيف مصطفى الصفار 14- محمد صالح حمه فرج الجاف 15- راضي سعيد بدر سلمان الفيلي 16- فيصل محسن عبود الكلابي 17- عماد كمال سعيد مولود 18- احمد موح عمران شبين 19- بدور عبد مرهج مارد 20- عباس محمد نوري بيات أوغلو 21- ثائر غانم محمد علي الشبكي 22- أيوب درباس موسى 23- رحيم ابوجري معين الساعدي 24- رياض محمد مزهر خلف الوزني


( درەو میدیا):  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی هەڵناوەشێنێتەوەو كاتی دەنگدانیش درێژناكاتەوە، هۆشداریش دەدات لە پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانیان. ڕێزان حەمەڕەشید سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كاتی دەنگدان بەهیچ شێوەیەك درێژناكرێتەوە و كاتژمێر 6ی سەر لەئێوارە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دادەخرێن و، هەر بنكەیەكیش پابەند نەبێت بەو وادەیەوە دەنگەكانی بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت. جەختیشیكردەوە كە پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی بەتەنها دەنگی پێدەدرێت، بەڵام  ڕەگەزنامە بەتەنیا دەنگی پێنادرێت و پێویستە دەنگدەر پێناسەی باری شارستانێتی پێبێت و وێنەی ئەسڵی بێت نەك كۆپی و لەبەرگیراوە. ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن وتیشی:" ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی كۆمیساران دەریكردووە بۆ شارێك و ناوچەیەكی كوردستان نیە و لەتەواوی ناوچەكان جێبەجێدەكرێن". ڕاشیگەیاند، لادان لەبڕیارەكانی كۆمسیۆن بەسەرپێچی هەژماردەكرێت  و ناوی سەرجەم بنكەكان تۆماركراوەو هەر بنكەیەك سەرپێچی بكات دەنگەكانی پوچوڵدەكەنەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand