گەنجێكی فەلەستینی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆردا سەركەوت

Draw Media

2019-02-05 12:51:21



ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  
نەجیب بوكیلە، كە بە زمانی ئیسپانیی بە " ناییب بوكیلی" ناودەبرێت، و بەرەگەز فەلەستینییە، سەركەوتنی خۆی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆر راگەیاند، دوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان.
بوكیلە كە پێشتر سەرۆكی شارەوانی "سان سلڤادۆر"ی پایتەخت بوو بەڵێنیدا  بە نەهێشتنی گەندەڵی و مافیاكانی تاوان لە وڵاتێكدا زۆترین رێژەی تاوانی كوشتنی تێدا تۆماركراوە.
بوكیلە پێش راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردن لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" ئێمە ئێستا مێژوو دروست دەكەین، دەتوانین بەوپەڕی متمانەوە سەركەوتنمان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار رابگەیەنین".

لە بەیت لەحمەوە بۆ سلڤادۆر
نەجیب بوكیلەی تەمەن 37 ساڵ لە باوكێكی فەلەستینی و دایكێكی سلڤادۆری لە دایكبووە و ئەحمەد بوكیلەی باوكی لە شاری بەیت لەحم لە كەرتی خۆرئاوای فەلەستین كۆچی كردووە بۆ سلڤادۆر كە دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی گواتیمالا و هندۆراسەوە لە ئەمریكای ناوەڕاست.
ئەحمەد بوكلیە وەك سەرمایەدارێكی بەناوبانگ لە نێوان رەوەندی فەلەستینیدا بەوە بەناوبانگ بووە كە كاری كردووە بۆ پرسی فەلەستین لە سلڤادۆر و پشتیوانی گەلەكەی بووە و مزگەوتێكیشی لە سان سلڤادۆر بونیادناوە و دواتر نازناوی " ئیمامی سلڤادۆر"ی پێدراوە.

                                              بوكیلە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنگرانی وێنەی سێڵفی دەگرێت

" مایەی مشتومڕ"
نەجیب بوكیلە جگە لەزمانەكانی عەرەبی و ئیسپانیی، زمانی ئینگلیزیش دەزانێت و ساڵی رابردوو وەك سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆر لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە رەسمی سەردانی ئیسرائیلی كرد و ئەوەش توڕەییو نیگەرانی فەلەستینییەكانی لێكەوتەوە.
بە گوێرەی فەرمانگەی كاروباری ئاوارەكانی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، سەردانەكەی بوكیلە ناڕەزایەتی توندی فەلەستینییەكانی وڵات و تاراوگەی لێكەوتوەتەوە، چونكە ناوبراو كوڕی پیاوێكە كە كاری زۆری لە پێناوی پرسی گەلی فەلەستیندا كردووە، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی كە بەشداری مەراسیمی ئاینی جولەكەكان دەكات لە دیواری بوراق و مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆست لە شاخی هێرتزل لە قودس.
فەلەستینییەكان باوەڕیان وایە كە ئەو رەفتاری بوكیلە دانپێدانانە بە مافی ئیسرائیل بەسەر شوێنە پیرۆزەكانەوە و هەروەها رەخنەی ئەوەشیان لێگرت كە لە لەبەردەم مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆستدا گریاوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە نەهامەتی فەلەستینییە مەسیحیی و موسوڵمانەكان بدات.

                                                                لایەنگرانی بوكیلە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن
" بردنەوەیەكی مێژوویی"
نەجیب بوكیلە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆردا، سەركەوتنیێکی مێژوویی بەسەر دوو حزبە تەقلیدییەكەی ئەو وڵاتەدا تۆماركرد، كە لە ساڵی 1992 ەوە و دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە نۆرە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست.
حزبەكەی نەجیب كە بە هاوپەیمانی نیشتمانی گەورە " گانا" ناودەبرێت،  لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا بەسەر هەریەك لە پارتی" بەرەی فارابۆندۆ مارتی" چەپڕەو و پارتی " هاوپەیمانی نیشتمانی كۆماری" كۆنسێرڤاتیڤدا سەركەوت و گەڕەی دووەمیش ئازاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
ساڵی 2015 بۆ 2018 بوكیلە وەك نوێنەری بەرەی فارابۆندۆ مارتی بۆ رزگاریی نیشمانی سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆری پایتەخت بوو، بەڵام دواتر لەو حزبە دەركرا و هاوپەیمانێكی نوێی بەناوی "بیری نوێ" پێكهێنا كە پارتێكی راستڕەوە و 11 كورسی پەرلەمانی هەیە.
ئەگەر بوكیلە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتەی سلڤادۆر بباتەوە، ئەوا دەبێتە شەشەم سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دوای كۆتاییهانی شەڕی ناوخۆوە.
بوكیلە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەهێشتنی گەندەڵی و بەهێزكردنی ئاسایشی وڵات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە بەدەست زۆری مافیاكانی تاوانكارییەوە دەناڵێنێت.
بوكیلە خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە بە تایبەتی نەوەی نوێی سلڤادۆر كە دەخوازن وڵاتەكەیان گرنگی بە كەرتی فێركردن و سەقامگیركردنی ئاسایش بدات.

رێژەی بەرزی تاوان
لە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی بوكیلە دەبێتەوە، سنوردانان و كەمكردنەوەی باند و مافیاكانە كە بەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبونەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر تاوانی جۆراوجۆ بە تایبەتی كوشتن تۆماردەكرێت.
وڵاتی سلڤادۆر، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین توندوتیژی و هەڕەشە و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی تێدایە و ساڵانە هەزاران كەس لە دانیشتوانەكەی كە ژمارەیان شەش ملیۆن كەسە بەرەو ئەمریكا كۆچدەكەن بەهۆی بڵابوونەوەی هەژاری و تاوانانەوە.
مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی 2018 كاروانێكی سێ‌ هەزار كەسی لە خەڵكی سلڤادۆر گەیشتە ئەمریكا و ئەوەش توڕەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە.

سەرچاوە: بی بی سی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand