سعودیە داوای ئاگربەست دەكات‌و حوسییەكان رەتیدەكەنەوە

Draw Media

2021-03-22 20:15:26



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
حوسییەكان سەلماندیان ئیرادە دەتوانێت بەسەر تەكنەلۆژیادا سەركەوێت، ئەو بۆچونەیان پوچەڵكردەوە كە پێیوایە، جەنگی نوێ لە جیهاندا تەكنەلۆژیا یەكلایی دەكاتەوە، نەك جەنگاوەرەكان، سعودیە بە كەڵك وەرگرتن لە نوێترین جۆرەكانی چەك، دوای شەش ساڵ شەڕ، بەرامبەر حوسییەكان چۆكی داداو داوای ئاگربەست دەكات، بەڵام حوسییەكان رەتیدەكەنەوە. 

پێشنیازێكی نوێ بۆ راگرتنی شەڕ
ئەمڕۆ سعودیە پێشنیازی "ئاگربەستی تەواوەتی" خستە بەردەم بزوتنەوەی حوسییەكان لە یەمەن، ئەمە یەكێكە لە كۆمەڵێك پێشنیاز بۆ كۆتایهێنان بە ململانێكانی یەمەن كە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە. 
فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، دەستپێشخەرییەكە "ئاگربەستی گشتگیر لەسەرتاسەری یەمەن لەخۆدەگرێت، لەژێر سەرپەرەشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا". 
فەیسەڵ بن فەرحانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ریازی پایتەختی وڵاتەكەی، ئاشكرایكرد، سعودیە پێشنیازی ئەوەشی كردووە سەرلەنوێ فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن بكرێتەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی حوسییەكاندایە، هەروەها دانوستانی سیاسی نێوان حكومەتی یەمەن (كە سعودیە پاڵپشتی دەكات)و حوسییەكان (كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن) دەستپێبكاتەوە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی:" دەمانەوێت بەتەواوەتی تۆبخانەكان بێدەنگ بكرێن.. تەنیا بە نیشاندانی رەزامەندی لەلایەن حوسییەكانەوە، دەستپێشخەرییەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە". 
سعودیە سەركردایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات بۆ پاڵپشتیكردن لە عەبدرەبە مەنسور هادی سەرۆكی یەمەن لەدژی حوسییەكان. 
ئەم دەستپێشخەرییەی سعودیە بۆ ئاگربەست لە یەمەن، هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی هێرشی حوسییەكان بۆسەر سعودیە لەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و موشەكەوە، هێرشەكانیش دامەزراوەی وزەی سعودیە دەكەنە ئامانج كە شادەماری ئابوری وڵاتەكەیە. 
سەرباری ئەمە، حوسییەكان لە شەڕدان دژی حكومەتی یەمەنیی لە پارێزگای مەئریبی باكوری وڵات، دەیانەوێت دواین پێگەی لایەنگرانی سعودیە لە یەمەن كۆنترۆڵ بكەن، ئەمەش فشارێكی ترە بۆ سەر سعودیە لە یەمەندا. 
نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ یەمەن روبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە لەسەر ئاستی جیهان‌و هۆشداری دەدات لە ئاكامی كارەساتبار لەسەر ژیانی خەڵكی سیڤیل ئەگەر شەڕ بەمشێوەیە لە پارێزگای مەئریب بەردەوام بێت.

حوسییەكان ئاگربەست رەتدەكەنەوە
لە یەكەمین كاردانەوەدا، حوسییەكان بەشێوەیەكی خێرا دەستپێشخەرییەكەی سعودیەیان بۆ ئاگربەست رەتكردەوە‌و لە بایەخی هەوڵەكەیان بۆ كۆتایهێنان بەشەڕ كەمكردەوە، بەقسەی حوسییەكان، ئەم دەستپێشخەرییەی سعودیە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە.
بەڵام محەمەد عەبدولسەلام گەورە دانوستانكاری حوسییەكان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز وتی:" بزوتنەوەكەمان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ ریاز‌و مەسقەت‌و واشنتۆن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتیی".
عەبدولسەلام ئاماژەی بەوەكرد، كردنەوەی فڕۆكەخانە‌و بەندەرەكان مافێكی مرۆییە‌و نابێت وەكو كارتی فشار بەكاربهێنرێن.
هاوكات حكومەتی یەمەن كە عەبدرەبە مەنسور هادی سەرۆكایەتی دەكات‌و ئێستا تەنیا پارێزگای مەئریبی بەدەستەوە ماوەو لەوێش لەژێر فشاری حوسییەكاندایە، لە بەیاننامەیەكدا پێشوازیكردنی خۆی لە دەستپێشخەرییەكەی سعودیە راگەیاند.

دەستپێشخەرییەك كە رەتكرایەوە
ئەمە یەكەمجار نییە حوسییەكان دەستپێشخەری سعودیە بۆ راگرتنی شەڕ رەتدەكەنەوە، نیسانی ساڵی رابردوو هاوپەیمانی سەربازیی بە سەركردایەتی سعودیە، بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە، بەشێوەیەكی كاتی ئاگربەستی لە یەمەن راگەیاند، بەڵام ئەوكاتیش حوسییەكان ئەم دەستپێشخەرییەیان بۆ راگرتنی شەڕ رەتكردەوە‌و وەكو مانۆڕی سیاسی سعودیە ناویان برد. 
لەسەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، حوسییەكان هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی پارێزگای مەئریب دواین پێگەی حكومەتی یەمەن لە باكوری وڵات دەستپێكردووە، ئەگەر ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكەن، ئیتر تەواوی خاكی باكوری وڵاتیان دەكەوێتە ژێر دەست، ئەمەش گورزێكە بەهێز دەبێت بۆ حكومەتەی كە ئازاری 2015وە لەلایەن هاوپەیمانێتییە سەربازییەكەی سعودیە پاڵپشتی لێدەكرێت.  
شاری مەئریب بە دوری نزیكەی (120 كیلۆمەتر) دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری سەنعای پایتەختەوە، لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە لە ساڵی 2014، حوسییەكان سەنعای پایتەختیان كۆنترۆڵكردووە. 

مەئریب وەكو مەرجی دانوستان
ماوەی ساڵ‌و نیوێكە حوسییەكان كە شیعە مەزهەبن‌و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هەوڵی كۆنترۆڵكردنی شاری مەئریب دەدەن، ئەم شارە دەوڵەمەندە بە نەوت، بەر لە دەستپێكردنی هەر دانوستانێك لەگەڵ حكومەتی دانپێدانراوی یەمەندا، بۆ راگرتنی شەڕ، دەیانەوێت ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكەن، بەتایبەتیش كە دەزانن ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن فشار دەكات بۆ راگرتنی شەڕ لە یەمەن‌و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە.  
چەند رۆژی رابردوو شەڕ لە مەئریب زۆر توند بووەوە، حوسییەكان توانییان چەند ناوچەیەكی ستراتیژی كۆنترۆڵ بكەن، تا ئەو رادەیەی بەرپرسێكی سەربازیی سەربە حكومەتی یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وت:" مەئریب لە مەترسیدایە". 
فڕۆكە جەنگییەكانی سەربە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگەی حوسییەكان ئەنجامدا، حوسییەكانیش بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان وەڵامیاندایەوە‌و ئاگریان لە پاڵاوگەیەكی نەوتی سعودیە بەردا. 

قەیرانی یەمەن‌و قوربانییەكانی
جەنگی یەمەن كە لە ساڵی 2014وە بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بووەتە هۆی كوژرانی دەیان هەزارو كەس‌و ئاوارەبوونی ملیۆنانی كەسی تر، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی 80%ی دانیشتوانی یەمەن كە ژمارەیان (29 ملیۆن) كەسە، روبەڕووی قەیرانی مرۆیی بونەتەوە‌و بۆ بژێوییان پشت بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان دەبەستن. 

شەڕی ئیرادە بەرامبەر بە تەكنەلۆژیا
ئەو شەڕەی حوسییەكان لە شەش ساڵی رابردوودا لەبەرامبەر سعودیە كردویانە، شەڕی ئیدارەی جەنگاوەر بوو بەرامبەر بە نوێترین جۆری چەك‌و تەكنەلۆژیا.
سەرباری ئەوەی راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، بەردەوام یارمەتی سەربازییان لە ئێران وەرگرتووە‌و بەرپرسانی ئێرانیی چاوساغییان بۆ كردوون، بەڵام هیچ كاتێك ئەو چەكانەی كە شەڕیان پێكردووە هاوتا نەبووە لەو چەك‌و فڕۆكە نوێیانەی كە سعودیە‌و هاوپەیمانەكانی بەكاریان هێناوە، لە نمونەی فڕۆكەی ئێف 16ی ئەمریكی‌و سودوەرگرتن لە هاوكارییە سەربازییەكانی تری ئەمریكا لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا.
چەكدارانی حوسی، كە پیاوانی هەڵكەوتووی ناو كلتوری یەمەنین‌و لە منداڵییەوە چاویان لەگەڵ بەكارهێنانی چەكدا كردوەتەوەو بە عەشقەوە شەڕ دەكەن، توانییان ئەو بیرۆكەیە پوچەڵبكەنەوە كە دەڵێ ئیتر ئەوەی جەنگەكان یەكلادەكاتەوە ئیرادەی جەنگاوەران نییە، بەڵكو تەكنەلۆژیایە.
گەڕانەوەی دیموكراتەكان بۆ ئیدارەی ئەمریكا، سەردەمی نەهامەتیی بوو بۆ سعودیە، جۆ بایدن بەپێچەوانەی ترەمپەوە چاوی لەسەر راگرتنی شەڕەكان‌و دۆسیەی مافەكانی مرۆڤە، سعودیە لە هەردوو بوارەكەدا كێشەی هەیە، بۆیە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەیەوێت خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسییە نوێیەكان لە واشنتۆن رابهێنێت، بەمدواییە كێشەی وڵاتەكەی لەگەڵ قەتەر سفر كردەوە‌و ئاڵبۆقەی ئابوری لەسەر دەوحە هەڵگرت، ئێستاش دەیەوێت هەناسەیەكی تر بدات‌و بەرەی شەڕی یەمەن راگرێت‌و هەندێك وڵاتەكەی لە بەرچاوی ئیدارەی جۆ بایدن دوربخاتەوە‌و سزاكانی دوربخاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand