ئیسرائیل.. چوار هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا

2021-03-23 10:34:36



 
(درەو):
بەیانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئیسرائیلی بۆ جاری چوارەم لەماوەی دوو ساڵدا، جارێكی تر روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردەوە، چاودێران ئەم هەڵبژاردنە وەكو راپرسییەك لەبارەی چارەنوسی سیاسی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل تەماشا دەكەن.
پرۆسەی دەنگدان لە سێ هەڵبژاردنی پێشوودا نەیتوانی زۆرینە لەبەرژەوەندی هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە، هاوكات حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی كە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە سیاسییە دروستكرا، مانگی كانونی یەكەمی رابردوو توشی داڕمان هات. 
بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی كە بەمدواییە كراون، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنی ئەمڕۆ جارێكی تر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشتر دووبارە بكاتەوە‌و ئەنجامەكەی نەتوانێت زۆرینە بۆ یەكێك لە پارتە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە. 
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا، زیاتر لە (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) هاوڵاتی ئیسرائیلیی مافی دەنگدانیان هەیە. 
هەڵبژاردنی ئەمڕۆ لەكاتێكدا بەڕێوەچێت كە ئیسرائیلییەكان لە كەرەنتینە دەردەچن، كە دەسەڵاتداران بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەر خەڵكدا جێبەجێیان كرد، هەروەك هەڵبژاردنەكە بەر لە دوو هەفتە دێت لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دادگایكردنی بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی. 
ناتانیاهۆ روبەڕووی تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل‌و خیانەتكردن لە ئەمانەت دەبێتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك تۆمەتن كە ناتانیاهۆ رەتیاندەكاتەوە‌و دەڵێت پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە. 
لە مانگی ئازاری رابردووەوە، حكومەتی ئیسرائیل سێجار قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، سەرباری ئەمە، نەیارە سیاسییەكان، ناتانیاهۆ تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەشێوەیەكی خراپ ئیدارەی دۆسیەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنای داوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئابوری ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا هاوكات لەگەڵ كەمبونەوەی ژمارەی توشبوان‌و مردن بە كۆرۆنا، هەندێك بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە. 
لەگەڵ ئەمەشدا، ناتانیاهۆ، پرۆگرامی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆناو خێرایی پرۆسەی بەكارهێنانی ڤاكسینەكە وەكو دەستكەوتێكی گەورە بۆ حكومەتەكەی ناودەبات. 
كاتێك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە لوتكە، ئیسرائیل یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە زۆرترین زیانی بەركەوت، بەڵام ئێستا هاوڵاتیانی ئیسرائیلی یەكەمین كەسن لەسەر ئاستی جیهان كە ڤاكسینیان وەرگرتووە. 
سەرباری قەیرانی كۆرۆنا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان باسلە هەژمونی سیاسی ناتانیاهۆ دەكەن، كە لەمێژووی ئیسرائیلدا زۆرترین ماوە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماوەتەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێن وڵات پێویستی بە گۆڕانكاریی‌و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتە. 
ناتانیاهۆ لە ساڵی 2009وە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندایە، پێشترو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لەم پۆستەدا بووە. 

ئیفلیجیی سیاسی
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی (لیكۆد)ی راستڕەو كە ناتانیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەمجارەش زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمان (كە لە ئیسرائیل پێی دەوترێت كنێست) بباتەوە، بەڵام پێناچێت سەركەوتوو بێت لە دروستكردنی زۆرینەیەك لەناو پەرلەماندا كە رێگەی پێبدات بەبێ پاڵپشتی پارتەكانی تر بتوانێت خۆی بەتەنیا كابینەیەكی نوێی حكومەت دروست بكات، زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانی ئیسرائیلدا پێویستی بە دەنگی (61) كورسییە.
لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948، سیستمی هەڵبژاردن ئیئتیلافی حوكمڕانی دروستكردووە یاخود لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا بووتە هۆی دروستبوونی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی.
سەرباری ئەمە، راپرسییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانێتییەكیش لەنێوان پارتە راستڕەوەكاندا دروستبكرێت، هێشتا ئەو هاوپەیمانێتییە ناتوانێت كورسی پێویست لەناو پەرلەمان كۆبكاتەوە بەمەبەستی هێشتنەوەی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا. 
پێشبینی دەكرێت، پارتە نەیارەكانی حكومەتی ناتانیاهۆ، بەسەر ئەو پارتانەدا سەركەون كە لایەنگریی ناتانیاهۆ دەكەن، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، تەنانەت ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە (61) كورسی پەرلەمان كۆبكەنەوە، بەهۆی ناكۆكی لەنێوان خۆیاندا، هێشتا ناتوانن پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافیی دروست بكەن. 
خۆ ئەگەر هیچ یەكێك لە هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان نەیانتوانی زۆرینە لەناو پەرلەمان دروست بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، ئەوكاتە دەبێت جارێكی تر بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكرێتەوە، كە ئەوەش دەبێتە گەڕی پێنجەمی هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا. 
لە هەڵبژاردنی نیسانی 2019وە كە پارتی لیكۆد زۆرترین دەنگی تێدا بەدەستهێنا‌و سەرباری ئەوە نەیتوانی ئیئتیلافێكی حكومی دروستبكات، ئیسرائیل توشی جۆرێك لە ئیفلیجی سیاسی بووەتەوە، سەرباری ئەوەی پارتی لیكۆد زۆر بەتوندی پاڵپشتی لە ناتانیاهۆ دەكات، بەڵام بەردەوام هەفتانە لەبەردەم ماڵەكەی ناتانیاهۆ لە قودس خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبووە، تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كە كەرەنتینەی تەواوەتی راگەیەندراوە. 
شەوی شەممەی رابردوو خۆپیشاندانێك لەدژی ناتانیاهۆ رێكخرا دەیان هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد، لەوكاتەوە كە هەفتانە خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ دەكرێت، ئەمە یەكێك لە گەورەترین خۆپیشاندانەكان بوو. 
 

سەرچاوە: BBC

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

متمانەت بە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم هەیە ؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand