بافڵ تاڵەبانی داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كردووە

2021-04-08 19:48:24



 (درەو):
بافڵ تاڵەبانی داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كردووەو وتویەتی یەكێتی لەم حكومەتەدا جێگەی نابێتەوە، عومەر سەید عەلی داوای رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی كردووە، سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش لیستی داواكارییان داوەتە نێچیرڤان بارزانی.

كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم
ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەركردەی حزبە سیاسییەكان بەسەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
ئەم كۆبونەوەی لەچوارچێوەی هەوڵێكی دوو هەفتەیی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەڕێوەچوو، كۆبونەوەكە بۆ زانینی بۆچونی لایەنەكان بوو لەبارەی پێشهاتە نوێیەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق.

بافڵ تاڵەبانی: من جارێكی تر بەشداری ناكەم
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم سەركەوتوو نەبووە‌و كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتی باڵی بەسەر كۆبونەوەكەدا كێشاوە‌و سەرۆكی لایەنەكانی تر تەنیا تەماشاكەر بوون. 
(درەو) زانیویەتی، لەكۆبونەوەكەدا، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كۆمەڵێك قسەوباسی گشتی كردووە لەبارەی یەكڕیزی كوردەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی قسەی كردووە پەیامێكی توندی بەگوێی نێچیرڤان بارزانی‌و پارتیدا داوە.
بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" ئێمە لە حكومەتدا هاوبەش نین، هەر داواكارییەكمان هەبێت جێ بەجێ ناكرێت، ئێمە جێگەمان لەم حكومەتەدا نابێتەوە".
بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كۆبونەوەكەدا جەختی كردووە لەسەر ئەوەی، قسەكانی تەنیا گوزارشت لەخۆی ناكات، بەڵكو ئەم قسانە بۆچوونی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و قوباد تاڵەبانیشە. 
هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لەوەكردووە، پارتی نایەوێت لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت، چونكە ئەوان چەندجارێك هەوڵیانداوە مەسعود بارزانی ببینن بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان هەردوو حزب، بەڵام بارزانی وەڵامی نەداوەتەوە. 
بافڵ تاڵەبانی، لەبەرچاوی سەرۆكی حزبەكان، بە ئاشكرا داوای هەڵوەشاندنەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووە‌و وتویەتی:" چەند رۆژی داهاتوودا یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی خۆی دەنێرێتە لای مەسرور بارزانی‌و پەیامی كۆتایی خۆیان بە سەرۆك وەزیران دەگەیەنن".

ئەنجومەنێك بۆ حزبەكان
لە كۆبونەوەكەدا، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادوەریی كوردستان قسەی كردووە‌و قسەكانی گشتی بوون‌و لەچوارچێوەی ئامۆژگاریدا بوون. 
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیش قسەی كردووە‌و وتویەتی:" پێویستە كۆتایی بە گرژییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بهێنرێت، چونكە ئەگەر پارتی‌و یەكێتی رێكبكەون، كێشەكان چارەسەر دەبن". 
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان پیشنیازی دروستكردنی ئەنجومەنێكی باڵای بۆ حزبە سیاسییەكان كردووە كە رۆڵی ئەنجومەنی پیران بگێڕێت.

لەسەر بەیاننامە رێكنەكەوتن
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەشداربوانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم تەنانەت لەسەر دەركردنی بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكەش هاودەنگ نەبوون، بۆیە دواتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بەناوی خۆیەوە بەیاننامەی بڵاوكردوەتەوە، نەك حزبە سیاسییەكان.

دوو لیست داواكاریی 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، دوای تەوابوونی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی‌و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كە نوێنەرایەتی دوو پارتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیان كردووە لە كۆبونەوەكەدا، بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبونەتەوە. 
دیداری تایبەتی سەلاحەدین محەمەد بەهادین‌و عەلی باپیر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا، كۆتایهاتنی كۆبونەوەكەی هەندێك دواخستووە، بەوپێیەی هەریەكەیان لیستێك داواكارییان داوەتە نێچیرڤان بارزانی، كە (درەو) لە ئێستادا نازانێت ناوەڕۆكی داواكارییەكانیان چی بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

متمانەت بە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم هەیە ؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand