نێچيرڤان بارزانى لە دیداری لەگەڵ كەناڵی شەرقیە: 🔻سه‌رۆك كۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكه‌م، ئاماده‌م 🔻كه‌ركووك شارێكی عێراقییه، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ولێریش شارێكی عێراقییه، سلێمانیش شارێكی عێراقه 🔻منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له ژیانی سیاسیی خۆمدا هه‌ندێك شتی باشم كردووه، هه‌ڵه‌شم زۆر بووه 🔻زۆر حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ردانی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌م سه‌ردانى به‌سرا و ئه‌نبار بكه‌م و له‌و شوێنانه خه‌ڵك ببینم ده‌قى ديداره‌كه‌ى ئه‌لشه‌رقييه نيووز له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى: به‌شى يه‌كه‌م.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سڵاوی خواتان لێبێت له هه‌ولێره‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ك كه ره‌زامه‌ندی دا له یه‌كه‌م شاشه‌ی عه‌ره‌بی ده‌ربچێت و ئه‌مه يه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیه‌تی له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی. له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له دایك بووی، ئه‌و كاته عێراق دامه‌زراندنی كۆماری عێراقی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌خۆیه‌وه بینی، به‌رچاوترین رووداوی سیاسی كه له‌گه‌ڵی ژیابیت له‌و كاته جه‌نابى سه‌رۆك؟ نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس بۆ كه‌ناڵی شه‌رقییه، به‌خێربێن، هاتنی مانگی ره‌مه‌زان له ئێوه و هه‌موو گه‌لی عێراق و له هه‌موو موسڵمانان پیرۆز ده‌كه‌م. ساڵی 1966 له عێراق له حاجى ئۆمه‌ران له كوردستانی عێراق له دایك بووم. له دایكمه‌وه خه‌ڵكی سلێمانی و له باوكیشمه‌وه ئیدریس بارزانی بووه. ژیانم به منداڵی تا ساڵی 1974 و 1975 له عێراق بووین و دوای نسكۆی شۆڕش ئاواره‌ی ئێران بووین. قۆناغی منداڵیم له ئێران بووین. باوكم سه‌رقاڵى كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران بووه ئه‌وانه‌ی دوای نسكۆی شۆڕش بوون به په‌نابه‌ر له ئێران. ژیانمان به منداڵی له‌وێ بووه. تا ساڵی 1979 دوای شۆڕشی ئێران ورده ورده شته‌كان گۆڕان و هاتینه‌وه ناوچه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ش هه‌ر له شاخ بووین. قۆناغی منداڵیم قۆناغێك بووه دوای ئاواره‌یی بوو له ئێران و هه‌ر له‌وێش قوتابخانه‌مان خوێندووه و چووینه‌ته قوتابخانه. سه‌باره‌ت به ژیانی سیاسیم، من له یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه ده‌ستم پێكرد، به‌ڵام زیاتر هاتنم بۆ ناو سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌كی گشتی دوای ساڵی 1987 بوو كه باوكم كۆچى دوايى كرد و دوای ئه‌وه زیاتر كه‌وتینه ناو بواری سیاسه‌ت و كار‌كر‌ن. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م ژیانه تا راده‌یه‌ك ئاڵۆزه و گواستنه‌وه‌ت له شاری دایك بۆ وڵاتێكی دیكه بێگومان منداڵيی كه‌سه‌كان یان مرۆڤه‌كان ده‌بات، ئایا ژیانی منداڵیی راسته‌قینه‌ت بینیوه؟ نێچيرڤان بارزانى: به راستی نا. واته قۆناغی منداڵیمان وه‌ك پێویست نه‌بینی، كاتی منداڵیمان قۆناغێك بوو كه ئاواره‌ی ئێران ببووین وه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێكی دیكه كه ئاواره ده‌بێت، واته نه‌ك بۆ ئێمه ئاسان نه‌بوو، بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی كه ئاواره بوون له ئه‌نجامی نسكۆى شۆڕش سه‌خت بوو، به‌تایبه‌تی باوكم و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كه ده‌كاته مامم ئه‌وان زیاتر سه‌رقاڵى كارى رێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی دووباره بوون له عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ك پێویست ژیانی منداڵیمان نه‌دیوه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌رێز نێچیرڤان بارزانی ره‌مه‌زانتان پیرۆز بێت. پێش ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌ر میوانێك ده‌ستپێ بكه‌م، سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه به ژیاننامه له مناڵییه‌وه تا ماوه‌ی خوێندن و فێربوون له‌وێشه‌وه بۆ ژیانی سیاسی و ئه‌وانی تر ده‌ستپێ ده‌كه‌ین. به‌ڵام من به‌په‌له‌م بۆ زانینی وه‌ڵامی پرسیارێكی گرنگ، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره بێمه كوردستان و به بنيادنان و ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنی ئێوه شۆك بووم، ئه‌مه هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ چۆن توانیتان به ماوه‌یه‌كی كورت بنیادنان و ئاوه‌دانی وا پێشبخه‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: له راستيدا عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی وڵاتێكی ئاوه‌دان نییه. ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له كوردستان ده‌یبینین، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانى و بنیاتنان دوای ساڵی 2004 ده‌ستی پێكرد. دوای ساڵی 2004 ئومێد بۆ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئاوه‌دانی و بنياتنان بكات، ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌ستپێكدا ئه‌نجاممان دا، زۆر فۆكه‌سمان خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پێویسته كه‌رتی تایبه‌ت له كوردستان دووباره بنیات بنرێته‌وه، كه‌رتی تایبه‌ت داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێكه. فۆكه‌سمان له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌ستپێكرنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه له كوردستان بوو، خه‌ڵكیش یارمه‌تی داين به‌تایبه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵێكى سه‌ره‌كی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه ده‌یبینین ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی ده‌وروبه‌ری خۆمان به‌راوردى بكه‌ین، ده‌بینین پێشكه‌وتنه‌كان زۆر خێرا و وه‌ك پێویست نین. پێویسته ئه‌و پێشكه‌وتنانه نه‌ك ته‌نها له كوردستان، به‌ڵكو له هه‌موو عێراقدا باشتر بكرێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با بگه‌ڕێینه‌وه ژیانی كه‌سيتان، نه‌وه به‌شێكی گرنگی ناسنامه و كه‌سایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاكێكی كورده، نێچیرڤان بارزانی چیاكان به‌تایبه‌تی له كاتی خه‌بات و تێكۆشاندا چی ده‌گه‌یه‌نن؟ نێچيرڤان بارزانى: كورد هه‌ميشه قسه‌يه‌كى هه‌یه ده‌ڵێت “هیچ دۆستێكمان نییه چیاكان نه‌بێت”. بۆ كورد هه‌میشه وا بووه، خه‌بات و به‌رخۆدانی خۆی هه‌میشه له چیاكان ده‌ستپێكردووه. ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی كه له چیا و كێ‌و بووین و به‌شدار بووین، هه‌ر له گه‌نجێتییه‌وه باوكم و مامم ئێمه‌یان فێركردووه كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ينه‌تيى خه‌ڵكدا بژین، ئێمه قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تیمان بینیوه، ئه‌و شانازييه‌م نه‌بووه وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بین، به‌ڵام قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تیشمان بینیوه و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بووین. له چیاكان بووین و ئه‌م قۆناغانه‌مان هه‌مووی له ژیاندا بینیوه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له‌وانه‌یه جه‌نابت گه‌وره‌ترین نه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بیت، كه‌سایه‌تيی نێچیرڤان بارزانی و باوكی ئیدریس بارزانی، مامی مه‌سعوود بارزانی و باپیری مه‌لا مسته‌فا بارزانی، لای كه‌سایه‌تيی كۆتایی ده‌وه‌ستین، ئایا مه‌لا مسته‌فای بارزانی كه‌سایه‌تيی ئیلهامبه‌خشی نێچیرڤان بارزانییه؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه مه‌لا مسته‌فا له ژیاندا بووه وه‌ك باپیرم، قۆناغی منداڵیم بوو. مه‌لا مسته‌فا له ساڵی 1976ه‌وه كه تووشی نه‌خۆشی بوو، بۆ چاره‌سه‌رى چووه ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ئێمه له‌گه‌ڵ باپیرى خوالێخۆشبوومان ده‌ژیاین، ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی سیاسیم كردووه و وای كردووه كه له‌ژێر سێبه‌ر و رێبه‌رایه‌تیی ئه‌ودا گه‌وره ببم، مامم مه‌سعوود بارزانی بووه. زیاتر ئه‌و بووه وه‌ك ئیلهامێك، وه‌ك كه‌سايه‌تييه‌ك، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، وه‌ك مامێك و وه‌ك باوكێكیش سه‌یرم كردووه، زیاتر ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانم له گه‌نجێتی و تا ئێستاش هه‌بووه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با بڵێین چی له مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێر بوویت؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی هه‌موومان له مه‌لا مسته‌فا بارزنی فێری بووین ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت به دڵسۆزییه‌وه تێ‌بكۆشین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بتوانم به دوو وشه بڵێم، ده‌ڵێم رێبازی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، رێبازی خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ى بووه، رێبازی خزمه‌تكردنی وڵات بووه، ئێمه له‌و كه‌سايه‌تييه‌وه فێری ئه‌وه بووین كه هه‌وڵی جددی بده‌ین بۆ خزمه‌تكردنی دۆزی گه‌له‌كه‌مان. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: هه‌روه‌ك ده‌رباره‌ی رۆڵی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی باست كرد جه‌نابى سه‌رۆك، له كاتی باسكردنی كۆچی دوایيی باوكتدا جه‌نابت هه‌ستئامێز بووی، با باسی ماوه‌ی خه‌باتی بكه‌ین، رۆڵی ئه‌و له دۆزی كورد و هه‌روه‌ها لێكنزیككردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورددا چی بوو؟ نێچيرڤان بارزانى: له پرسی كورديدا روون بوو كه له‌ژێر سێبه‌ری باپیرم مه‌لا مسته‌فای بارزانيدا، هه‌م كاك ئیدریس خوا لێى خۆش بێت، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌ردووكیان له شۆڕشدا یاریده‌ده‌ری بوون. كاك ئیدریس له‌و ماوه‌یه‌ی كه له شۆڕشدا بووه زیاتر پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی به‌ده‌سته‌وه بووه. یارمه‌تيی مه‌لا مسته‌فای داوه و خۆیشی رۆڵكى زۆری بینی له رێككه‌وتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌وكات و چه‌ندین جار سه‌ردانى به‌غدای كردووه تا ئه‌و لێكگه‌یشتنه دروست ببێت، هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه دوای رێككه‌وتنی ساڵی 1970 گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه له به‌سره‌وه تا هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر به گه‌رمی پێشوازییان له‌و رێككه‌وتنه كرد، دوای چه‌ندین ساڵ خه‌بات و ماندبووبوون گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی پێشوازییان له‌و رێككه‌وتنه كرد. یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی رۆڵی بینی و ئه‌وانی دیكه‌ش جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و براده‌رانی دیكه‌ش زۆر رۆڵيان بينى، به‌ڵام ئه‌و خۆی شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه رۆڵی له‌و رێككه‌وتنه‌دا هه‌بووه له نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی به كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه، چونكه ئێمه زۆر بڕوامان به‌وه‌یه كه پرسی كورد پێویستی به چاره‌سه‌ر هه‌یه له چوارچێوه‌ی عێراقدا. ساڵی 1970 هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ساڵی 1975یش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ئێستاش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌یه كه پێویسته له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بۆ پرس و كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م چیرۆكانه هی ساڵانی حه‌فتاكانن و ئێستاش له‌سه‌ر مێزی دانوستانن، هۆكاره‌كانی چین كه هه‌ولێر داوای كاڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان بكات و رۆڵی ده‌ستپێشخه‌ر بگێڕێت، له‌وانه‌یه داوای له به‌غداش كردبێت هه‌مان رێگه بگرێته به‌ر، هۆكاره‌كان چین؟ نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای من كێشه‌كان زیاتر كێشه‌ی چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌یه، بڕوام وایه كێشه‌كانی عێراق به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت ئاخۆ كێ به‌هێزه و كێ لاوازه، كێشه‌كانی عێراق كێشه‌ی یه‌ك خێزانه، كێشه‌ی یه‌ك خێزانیش پێویستی به دانیشتن و گفتوگۆ هه‌يه، پێویسته له‌سه‌ر مێزی دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن. بیركردنه‌وه‌ی كێ به‌هێزه و كێ لاوازه عێراقی تووشی زۆر كاره‌ساتی گه‌وره كردووه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه وانه له رابردوو وه‌رگرین، وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین كه هه‌موومان كردوومانه، به‌غداش هه‌ڵه‌ی كردووه و بێگومان هه‌ولێریش زۆر هه‌ڵه‌ی كردووه، له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه سه‌قامگیریی عێراقه، سه‌قامگیریی عێراق له رووی سیاسییه‌وه، سه‌قامگیریی عێراق له رووی ئابوورییه‌وه گرنگه. ده‌بێت بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م كێشانه چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن؟ كێشه‌ی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌غدا ئه‌گه‌ر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازى بێت بۆ هه‌ولێر، یان هه‌ولێر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازييه بۆ به‌غدا! ئێمه ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، به‌غدا و هه‌ولێر، كورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ن. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین یه‌كه‌م هاووڵاتیبوونی عێراقی له‌م وڵاته‌دا به‌هێز بكه‌ین، دووهه‌م هاوبه‌شييه‌كى دروست بنیاد بنێین تا بتوانین پێكه‌وه له ئاینده‌دا به‌شدار بین. كێشه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له عێراق له ئاینده‌ی خۆی دڵنيا نییه! ده‌بێت ئه‌مه كۆتایی پێ بهێنین، گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی و به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشترن له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه. ده‌بێت هه‌موومان، هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق له‌م پێناوه‌دا پێكه‌وه كار بكه‌ین. له هه‌رێمی كوردستان له‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌ركمان له‌سه‌ر شانه و ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین. ئه‌رك و مافيشمان هه‌یه، ئاماده‌ین له هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م پره‌نسيپه له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یڕه‌و بكه‌ین تا بگه‌ینه لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ی عێراق. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه و باسی به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ین، ئه‌و چۆن له یه‌كێتیی عێراق و برایه‌تيی كورد و عه‌ره‌بی ده‌ڕوانی؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو قسه‌كانی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ی، داكۆكيى ئه‌و له‌سه‌ر برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌به، داكۆكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت كێشه‌كانى گه‌لی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌میشه به توندوتیژی و چه‌ك وه‌ڵامی پرسی كوردیان داوه‌ته‌وه. پرسی كورد له عێراق پرسێكی جددییه و ده‌بێت چاره‌سه‌ركه‌یشی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بێت. وه‌ك نموونه‌یه‌ك باسی ده‌كه‌م، دوای ساڵی 1970 هه‌وڵی كوشتنی مه‌لا مسته‌فا درا، ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئایینی‌یان نارده لای و هه‌وڵی كوشتنی درا، ئه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی خۆی بۆ ئێمه‌ی باس كردووه، دوای ئه‌وه زۆر باس له‌وه ده‌كرێت كه به چ شێوه‌یه‌ك تۆڵه بكرێته‌وه، باس له‌وه ده‌كرا كه له‌وانه‌یه خه‌ڵكى مه‌ده‌نيش تيايدا ببنه قوربانی، جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا یه‌كسه‌ر ره‌تی كرده‌وه و گوتی نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ببێته مه‌سه‌له‌ی كورد و عه‌ره‌ب و له‌سه‌ر من شه‌ڕ دروست ببێت، به هيچ شێوه‌يه‌ك ناكرێت. مه‌لا مسته‌فا، دوای مه‌لا مسته‌فا جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ئێمه‌ش هه‌موومان باوه‌ڕی ته‌واومان به پرسی برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب هه‌یه و ده‌مانه‌وێ ئه‌و گه‌لانه‌ی له عێراقدان، پێكه‌وه فۆرمۆلێك بۆ پێكه‌وه‌ژيان بدۆزینه‌وه. یه‌كێتیی عێراق و پرسی پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق هێزێكه بۆ عێراق، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه له مه‌لا مسته‌فا فێری بووین، فێری ئه‌وه بووین كه كورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت برا بن. نموونه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئه‌وه باس ده‌كرێت جارێكیان پارێزگارێكی عه‌ره‌ب هه‌بووه له هه‌ولێر و دواتر به‌و لێكدانه‌وه‌يه كه مه‌لا مسته‌فا پێی خۆش بێت پارێزگاره‌كه‌یان گۆڕیوه و پارێزگارێكی كوردیان له شوێنی داناوه، له دیدارێكدا خوا لێى خۆش بێت به به‌غدای گوتووه زۆر پێم باشتره ئه‌و پارێزگاره عه‌ره‌به بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر، چونكه بۆ ئێمه ئه‌وه بابه‌تێك نییه كێ عه‌ره‌ب و كێ كورده، ئه‌وه‌ی گرنگه بتوانین پێكه‌وه هه‌موو لایه‌ك له‌م وڵاته‌دا به ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بژین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئێوه په‌يامى به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانیتان وه‌رگرت و ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، وا تێده‌گه‌م ئه‌و په‌يامه له كاتی هاتنی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كاندا كه له پارێزگاكانه‌وه هاتبوون ره‌نگى دايه‌وه. من هێشتا باس له چوارچێوه‌ی برایه‌تی و یه‌كێتیی عێراق ده‌كه‌م؟ نێچيرڤان بارزانى: نامه‌وێت وه‌ك منه‌تێك ئه‌و بابه‌ته باس بكه‌م، چونكه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆمان به‌جێ گه‌یاندووه. ساڵی 2014 زۆر به‌داخه‌وه كه داعش هات و زۆر ناوچه‌ی له مووسڵ و ئه‌نبار داگیر كرد، خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه هاتنه هه‌رێمی كوردستان، ئێمه به ئه‌ركمان زانی ده‌رگایان بۆ بكه‌ینه‌وه و لێره بن. له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و په‌نابه‌ری سووریامان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شانازییه، به سوپاسه‌وه ده‌مه‌وێت خه‌ڵكی عێراق ئه‌وه بزانن له‌و ماوه‌یه‌دا و تا ئێستاش ئێمه یه‌ك كێشه‌ى ئه‌منیمان له‌و ئاوارانه نه‌بینی وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له هیچ يه‌كێك له وان نه‌مانبینی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببێت له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا، به پێچه‌وانه‌وه زۆر به خۆشی بوو، ئێستايش ئه‌وه‌ی گوێم لێ ده‌بێت زۆرێك له‌وانه‌ی به خۆشحاڵييه‌وه توانيويانه بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان له فه‌للووجه و ئه‌نبار و مووسڵ و شوێنه‌كانی دیكه، ئه‌و په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیيان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك له هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ماوه، ئه‌وه بۆ ئێمه جێگه‌ی شانازییه. ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجاممان داوه ئه‌ركه و ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌موكوڕییه‌ك هه‌بووبێت، داوای لێبوردنیان لێده‌كه‌ین. ئێمه ئه‌ركمان به‌جێ گه‌یاندووه، ئه‌و ئه‌رك و تێگه‌يشتنه‌ى له‌سه‌رى په‌روه‌رده كراوين جێبه‌جێمان كردووه كه ده‌بێت رێز له برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه بگرین. به‌شى دووه‌م.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاتێك باسی چیا ده‌كه‌م، په‌ندێك هه‌یه كه ده‌ڵێن چیاكان په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوون بۆ سیاسییه‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌ترسێن، به هه‌مان شێوه چیاكان بوونه په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئاواره‌كان دوای ساڵی 2014، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا چیاكان هه‌ر به په‌ناگه‌ی ئارام بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ترسێن و ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی داوای ژیانێكی باشتر ده‌كه‌ن، ده‌مێننه‌وه؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه، هیوادارین په‌نابردن بۆ چیا، په‌نابردن بۆ شاخ له هه‌موو عێراقدا نه‌مینێت و پێویست به‌وه نه‌كات. با سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌وه بكه‌ینه‌وه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به شێوه‌یه‌كی وا بیر بكه‌ینه‌وه كه وانه له هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌رگرین، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌موومان كردوومانن، با ئه‌مه هێزێك بداته ئێمه بۆ ئاينده‌ى عێراق، هیوادارم هیچ كاتێك هیچ عێراقییه‌ك پێویستی به‌وه نه‌بێت و پێى وابێت كه ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاخه‌كان و وا بزانێت ته‌نها شوێنێكی ئارام بۆ ئه‌وان شاخه‌كانن، هيوادارم عێراق له‌و قۆناغه ده‌رباز ببێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام له میانه‌ی قسه‌كانتاندا پێش كه‌مێك فه‌رمووتان له‌وانه‌یه ئێمه هه‌ندێك له لایه‌نی ژیانمان باس كرد، به‌ڵام گوتتان كه به‌غدا هه‌ڵه‌ی كرد و سیاسییه‌كانی عێراق هه‌ڵه‌یان كرد و ئێمه‌ش هه‌ڵه‌مان كرد، ئێستا به زمانێك قسه ده‌كه‌ن كه له هه‌ڵه‌كانی رابردوومان فێر بین، هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه یه‌كه‌م جاره ئه‌م زمانه له نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسی گوێبیست ببم، واته جه‌نابتان له نه‌وه‌ی دووه‌می نه‌ك نه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ئێستا نازانم ئایا نه‌وه‌ی یه‌كه‌م خاوه‌نی عه‌قلیه‌تێكی كلاسیكی بوون و جیا بوون له نه‌وه‌ی دوه‌م؟ ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی جه‌نابتان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه ده‌بێت كه ژیانێكی باشتر بۆ عێراقییه‌كان بێت و هه‌موو دۆسیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن؟ نێچيرڤان بارزانى: كێشه له چۆنیه‌تيی بیركردنه‌وه‌دایه، سه‌یركه‌ن به شێوه‌یه‌كی گشتی له عێراقدا دوو جۆره بیركردنه‌وه هه‌یه، بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت له كوێ هه‌ڵه‌مان كرد وامان به‌سه‌رهات؟ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات؟ ده‌بێ “خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات” بخه‌ینه لایه‌كه‌وه. ده‌بێ له عێراق یه‌ك شت بزانین، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه له كوێ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان كرد كه ئه‌مڕۆ دۆخی عێراق به‌م شێوه‌یه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان دایه‌وه، بێگومان ژیانێكی خۆشتر چاوه‌ڕێی هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كات. له سه‌ردانمدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق په‌يامم ئه‌وه بوو (ئێمه هه‌ڵه‌مان كردووه، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌تان كردووه، با دانیشین و وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین بۆ ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان) تا به‌و شێوه‌یه بیر نه‌كه‌ینه‌وه عێراق نابێته وڵاتێك كه هه‌موومان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشتره له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه، ئه‌م شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی له عێراق ده‌كرێت له‌سه‌ر چییه؟ باشتر نییه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه چۆن ئابووریی عێراق به‌هێز بكه‌ن؟ ئايا ده‌كرێت عێراق تا ئێستا هه‌رچی شتومه‌كی هه‌یه به كوردستانیشه‌وه هه‌مووی له وڵاتانی دراوسێ هاورده‌ى ده‌كات؟ عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده كه نه‌ك ته‌نها سامانی سروشتی هه‌یه، سامانی مرۆییشی هه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه سیاسییه بكرێت، با شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بێت چۆن عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین؟ چۆن عێراق وا لێ بكه‌ین ببێته وڵاتێكی وه‌به‌رهێن و خۆمان پێداويستييه‌كانمان دابين بكه‌ين. ئه‌مه زۆر گرنگتره له‌و شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی كه ئێستا له عێراق خه‌ریكین و خه‌ڵكمان پێوه‌ى ماندوو كردووه. له‌پێناو چی؟ به رای من ده‌بێت فۆكه‌س بخرێته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه، چۆن ئێمه هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین متمانه‌ى گه‌لی عێراق بۆ سیاسییه‌كانی عێراق بگه‌ڕێته‌وه؟ ئه‌مڕۆ متمانه نه‌ماوه، هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه، رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌موو عێراق چه‌ند بوو؟ زۆر زياده‌ڕۆييشى تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام رێژه‌كه زۆر كه‌م بوو، بۆچى كه‌م بوو؟ خه‌ڵك متمانه‌ى به‌وه نه‌ماوه كه سندووقی ده‌نگدان ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ئێمه باسی سیستمێكی دیموكراتی ده‌كه‌ین، دیموكراتی به‌س ئه‌وه نییه هه‌موو چوار ساڵ جارێك ئه‌و خه‌ڵكه ببه‌یت و پێی بڵێی وه‌ره ده‌نگ بده، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی له سیاسییه‌كانی عێراق هه‌یه، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ژیانێكی باشتر ببینێت، خه‌ڵك ده‌یه‌وێ له‌م دۆخه ناخۆش و نه‌هامه‌تييه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق، ده‌ربچێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام جه‌نابى سه‌رۆك، ته‌نیا داننان به هه‌ڵه‌كان به‌س نییه، پێویسته هه‌وڵی جددی هه‌بێت به شێوه‌یه‌ك هاووڵاتیی عێراقی هه‌ستی پێی بكات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت و بڵێت به راستی من به‌ره‌و ژیانێكی باشتر ده‌چم؟ نێچيرڤان بارزانى: پیموایه عێراقییه‌كان ورده ورده و نه‌وه‌ی تازه‌ى وڵات ئێستا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قۆناغه. نه‌وه‌ی ئێستای عێراق، نه‌وه‌ی پێش ده ساڵ نییه، ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 له‌دایك بووه، ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه و قبووڵی ناكات، گه‌لی عێراق مومكین نییه هه‌ر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆك له سیاسییه‌كانی عێراقی قبووڵ بكات و ژیانی ده‌وێت، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش به‌شێكن له‌و سه‌قامگیرییه سیاسییه‌ی كه عێراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه بیبینێت. ئه‌مڕۆ راستييه‌ك له عێراق هه‌یه، ده‌مه‌وێت راشكاوانه باسی بكه‌م، سه‌یری عێراق بكه، به به‌رده‌وامی پێكهاته‌یه‌كی عێراق ترسی له رابردوو هه‌یه، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه ترسی له ئاینده هه‌یه، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه ترسی له رابردوو، له ئێستا و له ئاينده‌ش هه‌یه كه ئه‌وه‌یان كورده. تا كه‌ی ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین؟ ده‌ڵێین قۆناغێكی راگوزه‌ره، له 2003 ئێستا ساڵی 2021ه، ئه‌م قۆناغی راگوزه‌ره تا كه‌ی؟ 18 ساڵه، 18 ساڵ ته‌مه‌نێكه، ئه‌وه‌ی له 2003 له‌دایك بووه ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئيتر ته‌واو، ده‌بێت دابنیشین و چاره‌سه‌ری بكه‌ین، كه پێداگیری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ین، ته‌نها مه‌به‌ستمان بۆ هه‌ولێر نییه، ئێمه مه‌به‌ستمان بۆ سه‌قامگیریی هه‌موو عێراقه، بۆ سه‌قامگیریی عێراق به‌شێك له كێشه‌كان كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدان، تا كه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوان بین؟ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌ڵێن تا كه‌ی چاوه‌ڕوان بین؟! دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی 2003 وه‌ك ئێستا بوو. ساڵی 2002 ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاتنه لامان و باوه‌ڕیان به ئێمه هێنا كه یارمه‌تییان بده‌ین چونكه عێراق به‌ره‌و وڵاتێكی دیموكراتی ده‌چێت و بڕیاری خۆیان دابوو رژێمی ئه‌وكاته لابده‌ن و بیڕووخێنن، داوای یارمه‌تییان ده‌كرد بۆ عێراقی نوێ، ئێمه به هه‌زاران هیواوه به‌شداریمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا كرد بۆ عێراقێكی نوێ، عێراقێك كه بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌م عێراقه‌مان بنیات نا؟ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شى، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، ئه‌و چه‌مكانه‌ى عێراقمان له‌سه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و هاوبه‌شييه هه‌یه؟! ئه‌و پێكه‌وه‌بوونه هه‌یه؟ نییه! ئه‌مڕۆ له عێراق واقعێك هه‌یه، ئه‌م شتانه نییه، به‌شێكی زۆر له عێراقییه‌كان ئه‌مڕۆ تووشی نائومێدى بوون، پێيان وايه به‌شێك نين له پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته. داعش له ئه‌نجامی ئه‌مه دروست بووه، داعش له مه‌ریخه‌وه نه‌هاتووه، له ئه‌نجامی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته دروست بوو! نابێت ئه‌م هه‌ڵانه دووباره بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌مڕۆ دیسان زه‌مینه‌یه‌كی دیكه په‌یدا ده‌بێت بۆ ئه‌م توندڕه‌وییه، به ناوی داعش نا به ناوێكی دیكه، خه‌می ئێمه خه‌می ته‌نيا كوردستان نییه، خه‌می ئێمه خه‌می هه‌موو عێراقه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و جوگرافیایه‌دا كه پێی ده‌ڵێن عێراق، داوای ژیانێكی باش بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین. له ساڵی 2003ه‌وه خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌رچی له توانایاندا بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌رپێی خۆی، كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كرد و هه‌رچی له توانایاندا بوو كردیان. رۆڵی ئێمه له عێراق رۆڵی تێكده‌رانه نییه، رۆڵمان رۆڵێكی بونیاتنه‌ره له عێراق، ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی عێراق به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌مه بۆ سه‌قامگیریی عێراق گرنگه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: باشه له‌وانه‌یه ئه‌م گوتاره سه‌رنجڕاكێش و نوێ بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به زمانی یه‌كێتيی وڵات له‌وانه‌یه پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو بێت ده‌رباره‌ى ئه‌م كێشه‌یه. كاك نێچیرڤان با باس له كۆتا شت بكه‌ین، له‌وانه‌یه ئه‌وه به‌رده‌وامیی ئه‌وه بێت كه باسی ده‌كه‌ی كه ئه‌ویش كه‌ركووكه و گرێ و چاره‌سه‌ره، كاتێك سه‌یری هه‌واڵه‌كانم ده‌كرد چاوم به هه‌واڵێك كه‌وت ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی جه‌نابتان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و ئه‌م مانشێتانه گه‌یشتنه میديای عێراقی، به‌ڵام له میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه زیاتر شرۆڤه بكه‌ن و چۆن ده‌توانرێت ئه‌م كێشه‌یه بگه‌یه‌نرێت كه زیاتر له جارێك له هه‌وڵه سیاسییه‌كانی كوردی یان عه‌ره‌بی باس كراوه، چ شتێكی نوێ له دۆسیه‌ی كه‌ركووكدا هه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: كه‌ركووك شارێكی عێراقییه، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ولێریش شارێكی عێراقییه، سلێمانیش شارێكی عێراقه له‌و جوگرافیایه‌دا كه پێی ده‌ڵێن عێراق، كێشه‌ی كه‌ركووك چییه؟ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ركووك كێشه‌یه‌كه، به‌ڵام ئاماده نین ده‌ستی بۆ ببه‌ین تا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ببێت. به رای من كێشه‌كه دوو به‌شه، یه‌كه‌میان پرسی سامانی سروشتییه، ئه‌و سامان و خێره له هه‌موو عێراق هه‌یه ته‌نیا له كه‌ركووك نییه، له به‌سره هه‌یه، له هه‌ولێر هه‌یه، له سلێمانیش هه‌یه و له هه‌موو شوێنه‌كان هه‌یه، ئه‌مه‌یان به‌شێكه. ئه‌گه‌ر ئێمه یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بوایه له عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك پرسی نه‌وت نه‌ده‌بوو به كێشه، چونكه یاسایه‌كمان ده‌بوو و به‌پێی ئه‌و یاسایه هه‌رێمی كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق دڵنیا ده‌بوون له‌وه‌ی كه بودجه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن. كه‌واته چاره‌سه‌ری كه‌ركووك ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت رێككه‌وتنێكی ته‌واو بكه‌ین له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز. كێشه‌ی دووه‌م پرسی خاكه، كێشه‌كه به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت هه‌رێمی كوردستان بڵێت كه‌ركووك يان فلانه شوێن كوردستانه، به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت، پێداگیریی به‌غداش له‌وه‌ی كه كورد هیچ مافێكی له كه‌ركووك نییه، به‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت. پێویسته هه‌ردوولا نه‌رمییان بۆ چاره‌سه‌ريی كێشه‌كه هه‌بێت. مادده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراقدا كه زیاتر له سه‌دا هه‌شتای گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، مادده‌یه‌ك هه‌یه كه جێبه‌جێ ببێت، رێگه‌چاره‌ی بۆ كێشه‌كه داناوه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده ده‌ستوورییه‌یه و هیچی دیكه نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مادده ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم نه كورد و نه هیچ پێكهاته‌یه‌كی دیكه له كه‌ركووك كێشه‌یان نامێنێت، به‌ڵام پاشخستنی چاره‌سه‌ریی پرسی كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه نابێت، بێگومان بابه‌ته‌كه ته‌نیا كه‌ركووك نییه، بابه‌ته‌كه شوێنه‌كانی دیكه‌شن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئیمڕۆ پێی ده‌ڵین ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئه‌مه ده‌بێت به لێكگه‌یشتن و دانیشتن چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، له‌وه زیاتر هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه نابینین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌م دۆسیایه‌دا چییه؟ له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا باستان له‌وه كرد كه له‌م كێشانه‌دا مێزی گفتوگۆی عێراقی دادوه‌ر ده‌بێت، كه‌واته رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له دۆسیای كه‌ركووكدا چییه؟ نێچيرڤان بارزانى: نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UNAMI) له عێراقدا هه‌یه، رۆڵی (UNAMI) یارمه‌تیدانی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. سروشتی ئێمه له عێراقدا وایه كه ناتوانین خۆمان كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و نازانین. رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌و پرسه‌دا ده‌توانێت ته‌نیا رۆڵێكی یارمه‌تیده‌ر بێت، له ئه‌نجامدا ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆمان، بۆ عێراقییه‌كان كه ده‌بێت دانیشین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له رووی ته‌كنیكییه‌وه ده‌توانن زۆر زۆر یارمه‌تیمان بده‌ن، یارمه‌تيی ئێمه بده‌ن به‌وه‌ی هه‌ردوولا هان بده‌ن. باوه‌ڕ ناكه‌م نه به‌غدا و نه هه‌ولێر حه‌ز بكه‌ن هيچ لايه‌نێك رۆڵێكی له‌مه زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ببينێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با پرسیار له‌وه بكه‌م وه‌ك هاوكارم ده‌ستی پێكرد. جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، بۆچی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌ن وای داده‌نێن كه ئه‌م ماده‌یه ماده‌یه‌كی مردووه؟ نێچيرڤان بارزانى: چونكه نایانه‌وێت واقع ببینن، نایانه‌وێت واقعی عێراق ببینن، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ك وا بیر بكاته‌وه ئه‌وا تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق. با نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه، شۆڕشی كورد ساڵی 1961 ده‌ستی پێكرد، ساڵی 1970 رێككه‌وتنی 11ی ئازار له‌نێوان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حكوومه‌تی ئه‌و كاتی عێراقدا ئیمزا كرا، له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو سه‌ددام خۆی هاته ناوپردان بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ بارزانی ئاماده بكات و دوای ئه‌وه له به‌غدا رێككه‌وتنی 11ی ئازار راگه‌یه‌نرا، هه‌روه‌ك باسم كرد هه‌موو لایه‌ك به عه‌ره‌ب و كورد و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه پێیان خۆش بوو، ساڵی 1974 كه به‌غدا پێى وابوو به‌هێزه، دووباره شه‌ڕی له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد و بارزانی كرده‌وه، نه‌یتوانی شۆڕشی كورد بشكێنێت ناچار بوو چوو له‌گه‌ڵ شای ئێران رێككه‌وتنی كرد و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دا به ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌به‌ش بگه‌ڕێنێته‌وه، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران كرد، قه‌رزدار بوو كوێتی داگیركرد، ئه‌م مه‌ينه‌تييه، ئه‌مه مێژووی دوێنێیه، به‌ڵام چییه؟ بیركردنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ڵه بوو! شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌كه ئه‌وه بوو كێ به‌هێزه و كێ لاوازه؟ پرسی كورد، مادده‌ی 140، كێشه‌كان به‌م فه‌رهه‌نگه، به‌م عه‌قلیه‌ته له عێراق چاره‌سه‌ر ناكرێن و مومكین نییه! كێشه‌ی خێزانێكه، ده‌بێ دانیشین به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت مادده‌ی 140 مردووه، ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی زۆر هه‌ڵه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵی مردووه، با بڵێت وه‌رن دانیشین و چاره‌سه‌رێكی دروستی واقعیانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه، چاره‌سه‌رێك كه له خزمه‌تی هه‌موو عێراقدا بێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: تایبه‌ت به ده‌ستوور و مادده‌ی 140 و به‌شداریتان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و كاتدا. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه هه‌موو كات له لێدوانه‌كانتاندا ده‌بینم باسی گه‌ڕان به‌دوای هاوبه‌شيدا ده‌كه‌ن، ئایا لایه‌ن هه‌ن كه به شێوه‌یه‌كی گشتی هاوبه‌شيى سیاسیی ئێوه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فيدراڵدا دا به‌رته‌سك بكاته‌وه؟ بۆچی ئه‌م لایه‌نانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوبه‌شيتان له پرۆسه‌ى سیاسی كه‌م بكه‌نه‌وه؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و هاوبه‌شييه، ته‌نیا باسی هاوبه‌شيى خۆمان ناكه‌ین وه‌ك كورد، پێمان وایه پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه به‌شێكن له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا و ته‌نيا باسی كورد ناكه‌م، چونكه ئه‌و هاوبه‌شييه و گه‌یشتن به‌و بۆچوونه كه هه‌موومان به‌شێكین له‌م وڵاته، ئه‌مه ته‌نها كێشه‌ی كورد نییه، پێكهاته‌كانی دیكه‌ش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه، بۆیه پێم وايه تا ئێستا گوتوومانه قۆناغی راگوزه‌ره، به‌ڵام ته‌واو قۆناغی راگوزه‌ر نییه. له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی زۆر گرنگى ئاینده‌داين، ده‌زانین زۆر هۆكاریش هه‌بووه كه پێشتر نه‌یانهێشووه به راستی و به جددی فۆكه‌س بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانیش، داعش بووه. ساڵی 2014 له هه‌رێمی كوردستان (1100) كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، نزیكه‌ی (10000) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئێمه بریندار بوون، نزیكه‌ی (2000) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدمان هه‌یه، بێگومان ئه‌مه ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان نا، هه‌موو عێراقییه‌كان وایان به‌سه‌رهاتووه و قوربانییان داوه، ئه‌مڕۆ پێمان وایه دۆخێكی دیكه هاتۆته پێش، دۆخێك كه ده‌بێت پێكه‌وه دانیشین و ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به‌شى سێيه‌م.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: زۆر باسی گفتوگۆی سیاسیم كرد و هیوادار بووین به ریزبه‌ندی و به‌پێی مێژووی ژیان بچینه ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام باسی سیاسه‌تمان كرد. به هه‌رحاڵ با كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه قۆناغی حه‌فتاكان، له حه‌فتاكان گوازرانه‌وه تاران و له زانكۆی تاران خوێندووتانه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى شای ئێران ژیاون. باسمان بۆ بكه خوێندنتان چۆن بوو و ژیان له كاتی ده‌سه‌ڵاتى شا چۆن بوو؟ نێچيرڤان بارزانى: ساڵی 1974 دوای نسكۆی شۆڕش چووینه ئێران، دوای شۆڕشى ئێران له ساڵی 1979 كه ئه‌و كاته ته‌مه‌نم 12 – 13 ساڵان بوو، دوو رووداو روویان دا یه‌كه‌میان شۆڕشى ئێران بوو و دووهه‌میش له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو باپیرم مه‌لا مسته‌فا كۆچى دوايى كرد. دوای شۆڕشى ئێران كه له ئه‌مه‌ریكا له نه‌خۆشخانه بوو، به‌ته‌ما بوو بگه‌ڕێته‌وه، له‌و كاته‌شدا باوكم ئیدریس له‌گه‌ڵيدا بوو، ئه‌و كاته كاك مه‌سعوود له‌وێ نه‌بوو، گه‌ڕابووه‌وه، له ئێران بوو، بێگومان بۆ من تێگه‌یشتنم كه‌م بوو، ئه‌وه نه‌بوو به ته‌واوی بزانم چی روویداوه، به‌ڵام ده‌مزانی خۆشییه‌كی زۆر هه‌یه به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه شا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ما. شا یه‌كێك له‌وانه بوو كه رێككه‌وتنی جه‌زائیرى كردبوو، يه‌كێك له هۆكاره‌كانى نسكۆی شۆڕشی كورد بوو، بێگومان بۆ خه‌ڵكی كورد به شێوه‌یه‌كی گشتی رووداوێكی زۆر گه‌وره بوو، زۆریش گرنگ بوو. له‌و ماوه‌يه‌دا له ئێران چووینه قوتابخانه و خوێندمان، من زانكۆم ته‌واو نه‌كرد، من به‌ته‌ما بووم بچمه ئه‌مه‌ریكا. یه‌كێك كه زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دام و كاره‌كانى بۆ رايى ده‌كردم تا بچمه ئه‌مه‌ريكا بخوێنم، خوالێخۆشبوو د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بوو یادی به‌خێر. به‌ڕێزيان زۆر تێكه‌ڵى خێزانمان بوو، به‌تایبه‌تیش دۆستێكی زۆر نزیكى باوكم بوو، ئه‌و زۆر حه‌زی ده‌كرد و زۆر مه‌به‌ستی بوو كه بۆ به‌رده‌وامیی خوێندن بچمه ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو كاره‌كان ته‌واو بوون. ئه‌و رۆژه‌ی كه به‌ته‌ما بووم بچم، رۆژی دوایی باوكم كۆچى دوايى كرد. كاك ئیدریس له ته‌مه‌نی 43 ـ 44 ساڵان به وه‌ستانى دڵ كۆچی دوایی كرد، دوای ئه‌وه به‌رپرسیاريه‌تيى خێزان و به‌رپرسیاريه‌تيى منداڵه‌كان زیاتر وای كرد كه نه‌متوانی بچمه ده‌ره‌وه. ئه‌و كاته جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانیی مامم له پێشمه‌رگایه‌تی بوو، ئه‌ویش نه‌یده‌توانی بگه‌ڕێته‌وه له‌به‌ر ئه‌ركى پێشمه‌رگایه‌تی و حزب و ماوه‌یه‌كی زۆری پێچوو تا گه‌ڕایه‌وه. قوتابییه‌كی زۆر زیره‌ك نه‌بووم له قوتابخانه، به‌ڵام خراپیش نه‌بووم، له بیركاری خراپ بووم، به‌ڵام له وانه‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه و مێژوو و جوگرافیا و وانه‌كانی دیكه، قوتابییه‌كی زیره‌ك بووم. كه ده‌هاته سه‌ر بیركاری و ئه‌وانه زۆر باش نه‌بووم، خه‌ریكی وه‌رزشیش بووم كه له‌وساوه تا ئێستاش به‌شێكه له ژیانم. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: خاڵێكى گرنگتان باس كرد، به‌پرسياريه‌تيى له ته‌مه‌نێكى زووه‌وه، ده‌بێته‌هۆى پێگه‌يشتنێكى زياتريش ده‌داتێ، وايه؟ نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك پێم گوتن له ته‌مه‌نێكی زۆر گه‌نجييه‌وه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و فه‌رمانه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تييه‌م وه‌رگرت. له ژیانی سیاسیمدا كه ده‌ستم پێكردووه، هه‌میشه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵم خه‌ریك بووه و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له‌وه‌ی بێمه ناو ژیانی سیاسی و به‌رپرسیاريه‌تی وه‌رگرم. هه‌موو كه‌سێكیش له ژیانی خۆي‌دا هه‌ڵه ده‌كات و شتی باشیش ده‌كات، منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له ژیانی سیاسیی خۆمدا هه‌ندێك شتی باشم كردووه، هه‌ڵه‌شم زۆر بووه، بێگومان ئه‌وه نییه هه‌ر شتی باشم كردووه و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌بووه، مرۆڤ هه‌ندێك جار سه‌یری ده‌كاته‌وه ده‌بینێت. گرنگ ئه‌وه‌يه مرۆڤ له ژیانی خۆی له‌و هه‌ڵانه فێر ببێت و بیكاته هێزێك بۆ ئاينده. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سه‌ره‌تایه‌كتان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام به پرسیارێكی خێرا، جه‌نابتان زمانی ئینگلیزی و فارسی ده‌زانن، نهێنی ئه‌وه چییه كه به زمانی عه‌ره‌بی قسه ناكه‌ن؟ بۆچی؟ قورسه؟ نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه یه‌كێك له‌و شتانه‌یه كه من زۆر گله‌یی له خۆم ده‌كه‌م، ناڵێم سه‌ختيشه چونكه ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ر شتێك بكاته ئیراده‌ی ده‌توانێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ نموونه بۆ منداڵه‌كانم ئامۆژگارييان ده‌كه‌م پێیان ده‌ڵێم فێری عه‌ره‌بی ببن، به نه‌وه‌ی تازه‌ی كوردستانیش ده‌ڵێم خۆتان فێری زمانی عه‌ره‌بی بكه‌ن، په‌نا به‌خوا منیش خۆم فێر ده‌كه‌م. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: زمانی عەرەبی قورسە؟ نێچيرڤان بارزانى: قورسه، ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، به‌ڵام پێویسته، زۆريش پێویسته. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوكارم ئێمه‌ى برده‌وه رابردوو و بۆ مێژووی پێگه‌یشتنتانى گه‌ڕاندینه‌وه، له‌وانه‌یه باس له گواستنه‌وه‌كانتان بۆ شاره عێراقییه‌كان بكه‌ین، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان جه‌نابتان له‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه‌ن كه سه‌ردانی به‌غداتان كردووه پێش رووخانی رژێمی پێشوو، هیچ شارێكی دیكه‌ی عێراق هه‌یه كه سه‌ردانتان كردبێت، هه‌روه‌ها هه‌ستتان چۆن بوو كه سه‌ردانی به‌غداتان كرد له كاتی رژێمی سه‌دام حسێندا؟ پێش 2003ێش له شێوه‌ی بیركردنه‌وه و سیاسه‌تی ئێمه‌دا یه‌ك بنه‌مای گرنگ هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه ئێمه عێراقین و سه‌رئه‌نجام كێشه‌كانمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا ئێمه هیچ كات په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌پچڕاند، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مى رژێمی پێشووش په‌يوه‌ندييه‌كانمان به‌رده‌وام بوون. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه پرسی كورد له عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌و كات ئه‌و حكوومه‌ته نوێنه‌رایه‌تيی سه‌روه‌ريى عێراقی ده‌كرد ئه‌وه‌ی له به‌غدا بوو، سه‌دام حسێن سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته بوو، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه به‌رده‌وام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌بووه، خۆم چه‌ندین جار سه‌ردانى به‌غدا و مووسڵم كردووه له‌و كاته‌دا. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: نيازتان هه‌يه سه‌ردانى پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق بكه‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: زۆر حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ردانی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌م و چه‌ندین جاریش چوومه‌ته نه‌جه‌ف و ئه‌و شه‌ره‌فه‌م به‌ركه‌وتووه له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا سیستانیيش دانیشتنم هه‌بووه، دانیشتنێك كه هیچ كات وه‌ك كه‌سێك له یادی ناكه‌م، له‌م سه‌ردانه‌شدا كه له به‌غدا بووم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌نابی حه‌لبووسی و سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی قسه‌مان كرد و له به‌رنامه‌مدایه له داهاتوودا سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌ش بكه‌م، سه‌ردانى به‌سرا و ئه‌نبار بكه‌م و له‌و شوێنانه خه‌ڵك ببینم، حه‌ز ده‌كه‌ین له نزیكه‌وه خه‌ڵك له په‌یامی ئێمه تێبگه‌ن، ئێمه خێری هه‌موو عێراقمان ده‌وێت، پێشكه‌وتنێكی هه‌ر شارێكی عێراق بۆ ئێمه، بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنه، به‌هێزبوونی ئابووریی عێراق به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستانه و پێچه‌وانه نییه. با له ته‌له‌ڤزیۆنی ئێوه‌وه ئه‌و قسه‌یه بكه‌م، زۆر به‌داخه‌وه سیاسییه‌كانی عێراق له رابردوودا نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ خه‌ڵك به‌جێ بگه‌یه‌نن، هه‌میشه خه‌ڵكی عێراقیان وا تێگه‌یاندووه كه خه‌تای هه‌رێمی كوردستانه. هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستووری عێراق و به‌پێی عێراقیبوونی خۆی كه مافى خۆیه‌تی، له‌وه زیاتر داوا ناكات و هیچ كاتێكیش له بودجه‌ى عێراق ئه‌وه‌نده‌ی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام خه‌ریك بوو ئه‌وه ده‌چووه ناو شه‌قام كه ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزاری له فلان شوێنی عێراق و له فلان شاری عێراق نه‌بێت، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان پاره‌كه‌ی بردووه و هه‌میشه هه‌وڵیان داوه شكستی خۆیان بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیانی عێراق بخه‌نه ملی هه‌رێمی كوردستان. لێره‌وه به هه‌موو گه‌لی عێراق ده‌ڵێم پێشكه‌وتنی هه‌ر شارێكی عێراق به پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كه‌ين. كاتێك ده‌چینه ده‌ره‌وه و وڵاتانی دیكه ده‌بینین زۆر پێمان ناخۆشه كه ده‌بینین وڵاتانى ديكه له عێراق پێشكه‌وتووترن، ده‌ڵێین عێراق چی له‌م وڵاتانه كه‌متره؟! بۆچى عێراق له دۆخێكی وادا بێت كه ئيره‌يى به وڵاتانی دیكه‌دا ببه‌ین، گه‌لی عێراق با له‌وه دڵنیا بێت كه هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت هه‌موو عێراق پێشكه‌وتوو بێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ده‌مه‌وێت پرسیار ده‌باره‌ی ده‌ستوور و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له رێگه‌ی به‌رپرسه‌كان پێشكه‌ش به هاووڵاتیان ده‌كرێت بكه‌م، به‌ڵام پێش ئه‌وه ده‌مه‌وێت پرسیارێك بكه‌م. باستان له‌وه كرد كه له ژیانی خوێندن و قوتابخانه زیره‌ك نه‌بوون، به‌ڵام چۆن له ژیانی سیاسیتاندا سه‌ركه‌وتوو بوون به‌تایبه‌تی له په‌یوه‌ندییه‌كانتاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان؟ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئابڵۆقه‌كه‌ی شكاند كاتێك سه‌ردانی باریستان كرد و دیدارتان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسی ماكرۆن ئه‌نجام دا، باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه و سه‌ركه‌وتنه سیاسییه‌كانتان و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به جیهانم بۆ بكه‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمی كوردستانی عێراق وه‌ك به‌شێك له عێراق، له سیاسه‌تدا په‌یڕه‌وی یه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی كردووه، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێت فاكته‌ری سه‌قامگیری و ئارامی بێت بۆ هه‌موو عێراق، ده‌یه‌وێت فاكته‌ری سه‌قامگیری بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ده‌یه‌وێت فاكته‌رێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی عێراق باشتر بكات له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌وه ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌ومان كردووه. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری نین له ناوچه‌كه‌دا، به پێچه‌وانه‌وه یارمه‌تیده‌رین تا سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا دروست ببێت. فه‌ره‌نسا دوای رووداوه‌كانی ساڵی 2017 یه‌كێك له‌و وڵاتانه بوو، به سوپاسه‌وه سه‌رۆك ماكرۆن یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه به راستی یارمه‌تیی عێراقی دا و یارمه‌تيی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای دا. ده‌توانم بڵێم له رووی سیاسییه‌وه گه‌ر رۆڵی ئه‌و نه‌بوایه، له‌وانه بوو زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌بووبان، به‌ڵام ئه‌و رۆڵێكی سه‌ركی بینی، هه‌ر له‌و كاته‌وه تا ئێستا ديداره‌كانى ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه كه چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین. وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه و په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ديكه به‌كار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین، چۆن یارمه‌تيی چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه بده‌ین كه تا ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ماونه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه؟ ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌م، ده‌ستوور پێشكه‌شكردنی خزمه‌نگوزارییه به هاووڵاتیان ئه‌مه‌تان پێش كه‌مێك باس كرد. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه، ده‌م نا ده‌مێك هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه و ده‌بيستين كه لایه‌نێك هه‌یه ده‌یه‌وێت ببێته هه‌رێم وه‌ك به‌سرا، یان گوێمان له هه‌رێمی ئه‌نبار ده‌بێت، ئێستا ئێمه راستيی ئه‌و زانیارییانه نازانین، ئایا ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه هه‌یه یان نا؟ پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌زموونی هه‌رێم لای ئێوه له هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بوو، چۆن ئامۆژگاری لایه‌نه‌كانی دیكه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌یان هه‌بوو بۆ دروستكردنی هه‌رێم؟ نێچيرڤان بارزانى: پرسی هه‌رێم بابه‌تێكی ده‌ستوورییه و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه، ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی داوه هه‌رێمه‌كان دروست ببن، ئێمه ئه‌زموونێكى تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوومان هه‌یه له هه‌رێم، ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌رێمیش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه له‌وه ده‌كات چۆن ده‌سه‌ڵاتی لامه‌ركه‌زی بداته پارێزگاكان، جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته ده‌كه‌ن، كه‌واته بۆ خۆمان به مۆدێلێكی سه‌ركه‌وتووی ده‌زانین و كارێكی ده‌ستووریشه و هه‌ر پارێزگایه‌ك له پارێزگاكانی عێراق پێى وابێت بكات كه خزمه‌تی زیاتر و خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیانی عێراق بكات، بۆچى نا؟ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق شتێكمان نه‌كردووه و هه‌ر هه‌رێمێكیش دروست ببێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه و له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه ده‌ستووری عێراق دیاری كردووه، جا له‌سه‌ر كاته‌كه ده‌مێنێته‌وه ئاخۆ ئه‌و كاته هاوكاره یان له داهاتوودا، یان هه‌ریه‌ك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی دۆخی خۆیان بكه‌ن تا بزانن باشترین مۆدێل چییه بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زیاترى هاووڵاتیانی پارێزگای خۆیان بكه‌ن. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان، له قسه‌كردن ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا یه‌كه‌م كه‌س بوو كه بیرۆكه‌ی گرێبه‌ستى سیاسی له لوبنان و عێراق پێشكه‌ش كرد، زۆرێك له كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان ده‌ستیان به پێشكه‌شكردنی ئه‌م بیرۆكه‌یه كردووه، بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێویسته گرێبه‌ستى سیاسیی نوێ هه‌بێت ئه‌گينا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌ڕۆین، یان به‌ره‌و پشێوی و یان له‌وانه‌یه شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕۆین. له میانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كردتان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه داننان به هه‌ڵه‌كان و به‌ره‌وپێشوه‌چوون، سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی سیاسییه؟ نێچيرڤان بارزانى: پێم وایه ته‌واو ئه‌وه‌یه، من له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م كه قۆناغ و كاتى په‌يمانێكى نوێیه. 18 ساڵ به ماوه‌یه‌كی راگوزه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت و هه‌ر گوتوومانه راگوزه‌ر، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه لێكۆڵینه‌وه‌ی دیدێكی نوێ بكه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و كوێ؟ بینینی سیاسییه‌كانی عێراق چییه بۆ داهاتووى عێراق؟ ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینم له به‌غدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی، ئه‌و خۆیشی باسی ئه‌وه ده‌كات و باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه كه پێویسته شتێكی نوێ بكه‌ین و سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش هه‌مان باسیان كردووه، بێگومان هه‌ریه‌ك به تێگه‌یشتن و بۆچوونی خۆی باسی ده‌كات، به‌ڵام بێگومان كاتی ئه‌وه هاتووه، كاتی ئه‌وه هاتووه بڵێین به‌سه، به‌سه با دانیشین، به‌سه با بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه دیدێكی هاوبه‌ش پێناسه بكه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ 18 ساڵ به‌سه هه‌ر باسی ئه‌وه بكه‌ین ئێمه له قۆناغی راگوزه‌رداين. ته‌واو، ئه‌وه‌ی 2003 له دایك بووه ئێستا 18 ساڵه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت به راستی عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌ڕوات. با نموونه‌یه‌كی ساده بهێنمه‌وه، مه‌عقووله ئێستاش خه‌ڵكی عێراق هه‌بێ له كه‌مپه‌كاندا بن و له‌وێ بژین؟ چۆن ده‌كرێت تا كه‌ی؟ نه‌وه‌یه‌ك له‌ناو كه‌مپه‌كان له‌دایك ده‌بێت بێ هیوا، بێ داهاتوو، بێ خوێندن، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه كه توندڕه‌وی و داعش دروست ده‌كات، هه‌ر ئه‌و شتانه‌یه كه داعش دروست ده‌كات و زه‌مینه بۆ توندڕه‌وی خۆش ده‌بێت! ده‌بێت له‌مانه بكۆڵينه‌وه و به جددی هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م كێشانه‌ی له عێراق هه‌ن چاره‌سه‌ر بكه‌ين. وه‌ك عێراقی و وه‌ك وڵاتێك كه پێی ده‌گوترێت عێراق، زۆر وڵات هه‌یه ده‌یانه‌وێت یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام به‌رله هه‌موو شتێك ده‌بێت عێراقییه‌كان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، ئه‌م هه‌موو وڵاتانه‌ى ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی داعشدا یارمه‌تیی عێراقیان دا، ئێستاش به‌رده‌وامن و حه‌ز ده‌كه‌ن یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام یه‌كه‌م شت ده‌بێت عێراقییه‌كان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، له‌سه‌ر شتی بێ مانا چوار پێنج كاتژمێر گفتوگۆ ده‌كه‌ن. ساڵی پار له به‌غدا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شدار بووم، بابه‌ته‌كه ئه‌و كات خۆپیشاندان بوو له شوێنه‌كانی دیكه، ئه‌و مۆدێله‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێشكه‌شیان ده‌كرد بۆ من زۆر سه‌یر بوو! گوتيان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه داده‌مه‌زرێنین، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی عێراق ئه‌م هه‌موو دامه‌زراندنه‌یه، بودجه‌ى عێراق مانگانه نزیكه‌ی چوار تا پێنج ملیارد دۆلار ته‌نیا بۆ مووچه‌یه، چ حكوومه‌تێك ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت و چۆن ده‌كرێت و له چ وڵاتێكدا ئه‌مه هه‌یه؟ ئه‌مه تا كه‌ی؟ گفتوگۆيه‌كى زۆرمان كرد، یه‌ك پرسیارم كرد و گوتم ئێوه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه داده‌مه‌زرێنن، پێتان وایه ئه‌مه چاره‌سه‌ره؟ پێم وایه ئه‌مه چاره‌سه‌ر نییه، پرسیار له وه‌زیری دارایی بكه‌ن ئاخۆ پاره‌ی هه‌یه؟ جارێ ئه‌و پرسیاره بكه‌ن له بودجه‌ى عێراقدا پاره بۆ ئه‌و شتانه هه‌یه؟ نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له پێكهاته‌كان، هه‌ریه‌ك له حزبه سیاسییه‌كان بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ستی تایبه‌تی بۆ خۆیان، هه‌ندێك چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ عێراق، خه‌می خۆیانه، خه‌می حزبی خۆیانه، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، عێراق ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه به‌شی هه‌مووان ده‌كات، خێر و سامانی عێراق به‌شی هه‌مووان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایلێهات ته‌نیا بیر له حزب و له پێكهاته‌ى خۆت بكه‌یته‌وه، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م عێراقه نابێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ده‌توانن پێمان بڵين له سه‌ردانه دووباره‌كانتاندا بۆ به‌غدا و دیداره‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه سیاسییه‌كان، ئایا به راستی هه‌ستتان كرد دیدێكی راسته‌قینه بۆ ئه‌م قۆناغه سیاسییه و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه هه‌يه؟ دوای ناوبڕێك گوێمان له وه‌ڵامه‌كه‌ت ده‌بێت؟ نێچيرڤان بارزانى: باوه‌ڕ ناكه‌م ئێستا ئێمه له‌و خاڵه بین. به‌شى چواره‌م.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له خاڵێك وه‌ستاین كه هاوپه‌یمانیی سیاسی و سه‌ردانه‌كانت بۆ به‌غدا و دیداره‌كانت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسیی عێراق بوو، ئایا هه‌ستت به‌وه كرد كه ئه‌وان ئه‌رێنی بن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و كاكردن له‌گه‌ڵ عه‌قلی سیاسیی نوێ؟ نێچيرڤان بارزانى: هەموویان باسی لێوه ده‌كه‌ن، بەڵام پێناچێت هیچ بیرۆكه‌یه‌كی دروست هەبێ کە بە چ شێوەیەک بێت، جارێ هێشتا هەر قسەیە. وەک بیرۆكه‌یه‌ك کەسێک پێشكه‌شی بكات و بڵێت بیرۆكه‌كه بەم شێوەیە، تا ئێستا نەمبینیوە و نییە! ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان ئه‌مڕۆ باسی كێشه‌ی زۆر هه‌ستیار و گرنگ ده‌كرێت كه ئه‌ویش ده‌ستووره، سوننه ده‌ڵێت ده‌ستوور بۆ كورد و شیعه نووسراوه، ئایا كورد له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه و گۆڕانكاریكردن له ده‌ستووره كه داوای شه‌قام و داوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرینیشه؟ نێچيرڤان بارزانى: وەک بنه‌ما هەر گۆڕانکارییەک خزمەتی عێراق و دۆخی عێراق بکات، وەک کورد بە هیچ شێوەیەک رێگر نین و پێمانخۆشە، دەبێت دابنیشین بزانين ئایا ئەو مادە دەستووریانە چین کە رێگرن؟ کام مادەی دەستووری رێگرە لەوەی خزمه‌تگوزاری بۆ عێراق پێشكه‌ش بكرێت؟ کام مادەی دەستووری رێگرە عێراق بەرەو پیشەوە بڕوات؟ ئەگەر دابنیشین و قسه له‌سه‌ر ئه‌مانه بكه‌ین، بێگومان وەک کورد به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقمان دەوێت، به‌رژه‌وه‌ندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقمان دەوێت. لەبەر ئەوە بۆ ئێمە زۆر ئاساییه دانیشین و قسەيشی لەسەر بکەین بزانین ئەو مادانەی ئەگەر بیانگۆڕین به راستی خزمەتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەکەن؟ گه‌ر وابێت بێگومان دەیکەین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی دیكه بكه‌ین، ئایا به‌ڕێزتان له‌و بڕوایه‌دان كه ده‌ستووری عێراق به سیغه و ماده‌ی ئێستایه‌وه مافه‌كانی عێراق له زاخۆ تا فاو دابین ده‌كات؟ نێچيرڤان بارزانى: تەنها شتێک کە هەمانە ئەو دەستوورەیە، ئەوەی هەمانە وەک به‌ڵگه‌نامه لەبەر دەستمان هەبێت ئەو دەستوورەیە، ئینجا ئەگەر دەستوورەکە کەموکوڕی تێدایە با چاره‌سه‌ری بکەین، ئەگەر کەموکوڕی تێدا نییە با جێبەجێی بکەین، بەڵام ئیستا بەدیلی دەستوورمان نییە لە عێراق، ئەوەی هەیە وەک گرێبه‌ستێك و به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى سیاسی، هەر ئەو دەستوورەمان هەیە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، هاوكارم هیشام پرسیارێكی زۆر گرنگی ورووژاند كه ئه‌ویش بابه‌تی قۆناغی سیاسیی نوێ بوو، ده‌مه‌وێ پرسیاره‌كه‌م به گوتنه‌كانی كه‌مێك پێش ئێستای جه‌ناتبانه‌وه ببستمه‌وه كاتێك ناوی سه‌ددام حوسێنت هێنا گوتت (خوا لێی خۆش بێت) به راستی ئه‌مه سه‌رنجی راكێشام، ئه‌مه ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئێوه جددیه‌تێكی واقعیتان بۆ به‌جێهێشتنی رابردوو هه‌یه و ده‌ست به قۆناغێكی سیاسیی نوێ بكه‌ن كه له هه‌موو ركابه‌رییه‌كی سیاسیی داشۆراو بێت؟ نێچيرڤان بارزانى: دروست وایه، هه‌ر کەسێک بمرێت و دنیای جێهیشت، زۆر ئاساییه خه‌ڵك پێی بڵی خوا لێی خۆش بێت، جا هه‌ر كه‌سێك بێت. لە هەرێمی کوردستان و سیاسیانی ئێمە دەمانەوێت فۆكه‌س لەسەر ئاينده‌ى عێراق بكه‌ین، ئاينده‌يه‌ك هەموو هاووڵاتییەکی عێراق تێیدا هەست بکات بەشێکە لەو ئایندەیە، ئەو ئایندەیەش بتوانێت خۆشگۆزەرانی و خۆشی بۆ هەموو گەلی عێراق بەدی بهێنیت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به ئاراسته‌یه‌كی راستدا رۆیشت، هه‌ندێك كێشه دروست ده‌بن، ئایا ده‌توانین بابه‌تی زیاتر له جارێك بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر كه پێشوه‌چوونی تێدا كرا و فڕۆكه‌ی درۆنی تیادا به‌كارهێنرا، به‌وه‌وه ببه‌ستینه‌وه كه هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن رێگری له باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌ولێر ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كان تێك ده‌ده‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای ئێمه بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، پێشهاتێكى زۆر مه‌ترسيدار بوو بۆ سه‌قامگیریی سیاسیی هەموو عێراق. با جارێ روونكردنه‌وه‌یه‌ك لەسەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا بدەم، ئه‌و هێزانه‌ی ئەمه‌ریکا کە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان هەن، لە چوارچێوەی رێکكەوتنێکدا لێرەن کە لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا کراوە، نەك لەنێوان هەولێر و واشنتۆندا، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق سەیری ئەم بابەتە دەکات، واته لە هەرێمی کوردستان شتێکی تایبەت و جیاواز نييه لەوەی لە بەغدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمه‌ریکا هەیه. بابه‌ته جه‌وهه‌ریه‌كه چییه، ره‌نگه بیروبۆچوونەکان جیاواز بن، لە هەرێمی کوردستان له‌و باوه‌ڕه‌داین كه تا ئێستاش عێراق بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، پێویستی بەوە هەیە ئەمه‌ریکا و وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیی عێراق بدەن. ره‌نگه خەڵکی دیكه بۆچوونێکی جیاوازیان هەبی، ئەوەی دەمەوێ بڵێم ئەوەیە، هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لەسەر بنه‌مای ئەو رێکكەوتنه‌ی لەگەڵ بەغدا کراوە لە عێراقن. بۆ زانیاریتان لە هەموو ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا هەن، هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هەیە، تەنها ئەوە نییە هەرێمی کورستان لەوێ بێت، نوینەری بەغدا لەو لیژنه‌يەدا هەیە، نوێنەری هەرێم هەیە، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانانیش هەیە، کەواتە هەرچی هەیە پێکەوە دەکرێت و ئه‌ركه‌كه‌شیان ئاشكرایه كه یارمەتیدانی عێراقە لە شەڕی داعشدا. ئەوەی کراوە، ئەم هێزانە زۆر بەداخەوە دەیانەوێ هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئەمنیيه‌كانی دەوڵەتی عێراق بخه‌نه ژێر پرسیار و به کەم ببینرێن، مەعقوول نییە ئەمڕۆ تاقمێک لە دەرەوەی حکوومەتی عێراق و لە دەرەوەی په‌يكه‌رى ئەمنی و سەربازيی عێراق هه‌بێت ئەو مافه بە خۆی بدات ئه‌م كاره لە هەرێمی کوردستان بکات. ئەو تەکنەلۆژیایه‌ی بەکاریش هاتووە، ئەو تەکنەلۆژيایه نییە تەنها حزبێکی سیاسی هەیبێت، تەکنەلۆژیایەکە لایه‌نێك لە پشتييه‌وه‌يه‌تى، بەتایبەتی هێرشی ئه‌م دوايييه درۆنێکی زۆر گەورە بووە. بەداخەوە پێمان وا نییە ئەم پێشهاته خزمەتی عێراق و سه‌قامگیریی عێراق بکات. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییيه‌كان گه‌یشتنه ئاشكراكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستیان له پشت بۆردومانی كۆتایی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و ئه‌وه‌ی پێشتریشه‌وه هه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: له‌سه‌ر هه‌ردوو بۆردومانی پیش‌تر و ئەوەی ئێستايش بۆ سه‌ر هەولێر، پێشتر خەڵکێک هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر ده‌ستگیر كراون، هاوكارییه‌كی ئەمنیمان لەگەڵ بەغدا هه‌یه بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەم هێرشه‌یان ئه‌نجام داوه. لەڕووی هه‌ماهه‌نگيشه‌وه، هه‌ماهه‌نگيى زۆر باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر ئەم بابەتە و ڵێكۆڵینه‌وه‌ش تا ئێستا بەردەوامە. ناتوانم بڵێم چ لایه‌نێك ئەمەی کردووە، چونکە لێكۆڵینه‌وه لە هەردوو هێرشه‌كه تا ئەم ساته‌ش بەردەوامە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: پێش كه‌مێك باست له قۆناغی نوێی سیاسی كرد، ئایا باوه‌ڕت به لادانی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م پرۆسه سیاسییه‌ی دوای 2003 هه‌یه و نه‌وه‌یه‌كی نوێی گه‌نج بێنه ناو وێنه‌كه و توانیان هه‌بێت پرۆسه‌يه‌كى نوێی سیاسی دروست بكه‌ن و به دیدێكی نوێوه خزمه‌تی گه‌ل بكه‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: تا ئێستا گه‌ر بڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م له به‌غدا بینیوه؟ نه‌مبینیوه! بەڵام ئەوەی گرنگه گۆڕانکاریەکیش هەیە، هه‌ر ئه‌وه نییه بڵیی هەموو شتەکان هیچ نییە و هیچ ناكرێت، جۆره گۆڕانکاریییه‌ك لە شێوەی بیركردنه‌وه هه‌يه. ئێستا لە بەغدا دەبینم خەریکە نه‌وه‌یه‌كی سیاسیی عێراقی بیردەکاتەوە كه تا کەی ئێمە بەردەوام بین، تا کەی دەبێ دۆخه‌كه بەردەوام بێت؟ له‌گه‌ڵ رێزم ته‌نانه‌ت ئەوانەی پیشتریش خەباتیان کردووە، ماندوو بوون بەو مەسەلەیەوه، عێراقی نوێ هەموو پێكه‌وه دامانمەزراندووە، ئێمەش بەشێک بووین لەو عێراقە، هیوادارین بە هاوکاریی نه‌وه‌ی کۆن و نه‌وه‌ی ئێستا بتوانین پێكه‌وه لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکانی عیراق چارەسەر بکەین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام باوه‌ڕتان به‌و لادانه هه‌یه یان هێشتا كاتی نه‌هاتووه؟ نێچيرڤان بارزانى: مرۆڤ ده‌بێت گه‌شبین بێت، جارێكی دیكه ده‌ڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م دیوە؟ نەمدیوە، بەڵام لە عێراقدا كاركردن ئاسان نییە، زۆر سه‌خته، تا شتێك به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت، مرۆڤ ده‌بێت زۆر زۆر هەوڵی بۆ بدات، هەموو هه‌وڵه‌كانمان به‌كار ده‌هێنین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئێوه دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌ڕێز كازمی ده‌كه‌ن، ئامرازه‌كانی به‌رێز كازمی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م وتاره جیاوازه له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو چییه؟ نێچيرڤان بارزانى: کێشەیەکی جەوهەری هەیە لە عێراق، ده‌زگاكانی حکوومەتی عیراق هه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیران و وەزیر هەن، زۆر بەداخەوە لەپاڵ ئەمانە لە دەرەوەی حکوومەت و لە دەرەوەی ئەم په‌يكه‌ره شتێکی دیكه‌شمان هەیە کە بە راستی لەجیاتی ئەوەی هاوکار بێت بۆ ده‌زگاكانی حکوومەت، هەندێک جار رێگرن، هەموو جارێك پێیان دەڵێم مەعقوول نییە و ناکرێت لەناو حکوومەت حکوومەتێک هەیە و لە دەرەوەی حکوومەتیش شتێکی دیكه هەبێت، دەبێ هەموویان یەک بن، گەرەوترین کێشە ئەوەیه ئاخۆ بڕیار لە کوێیە؟ ئەرێ بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه؟ پرسیارەکە ئەوەیە بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه؟ بڕیار لای سه‌رۆك كۆماره؟ ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سه‌رچاوه‌ی بڕیار لای به‌رێز كازمییه یان هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەگەر ئێستا ئەم پرسیارە لە جه‌نابی سەرۆک وەزیران کازمی و سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌رله کازمیيش بکەیت، هەموو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی عێراق ئەو موعاناته‌يان هەبووە، پێویسته ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت، دەبی ئەمە ببێتە یەک دەست، ناکرێت تۆ لە ده‌سه‌ڵات بی و لە ده‌سه‌ڵات نەبی. سه‌یركه ئه‌مانه هەموویان چیان کردووە، لە ده‌سه‌ڵات بەشدارن، بەڵام بۆ نموونه خەڵکی پله دوو و سێی خۆیان وەک کادر ناردووه‌تە ناو حكوومه‌ت بۆچى؟ با بۆ خۆیان به‌رپرسیاريه‌تيیه‌كه هه‌ڵگرن، بڕوام وایه ئێستا دەبوا ئێمە ئەم هێزە سیاسیيانە باشتر وابوو كه‌سى یەکەمیان لەناو حکوومەت بن، بۆچى حکوومەت بەکەم دەبینن؟ با وەزیر بن، با به‌رپرسیاريه‌تی وەربگرن، ئێستا هەم به‌رپرسن و هەم به‌رپرس نین، ئەمە خراپترین حاڵەتە. لە لایەک به‌رپرسن و لە لایەک لەپێش چاوی خەڵک خۆیان به به‌رپرس نازانن، هەمووشمان دەزانین بژارده‌كانى هەر سه‌رۆك وه‌زیرانێك لە عێراق سنوورداره، قسەکەم ئەوەیە پێداچوونەوە پێویسته بۆ ئه‌م سیستەمە سیاسییەی عێراق، سیستەمەکە هەر لە جێی خۆی دەجوولێتەوە، له‌به‌ر ئه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن. بۆ چاره‌سه‌ر دەبێ هێزە سیاسیيه‌كانی عێراق دانیشن و بە جددی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بكه‌ن. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: بۆ وا پیشانی جیهان ده‌درێت كه به‌ڕێز مسته‌فا كازمی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكانی هه‌ولێر نازی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌گرێت، كه هاوبه‌شه‌كانى كازمی ئه‌مه به پێشێلكردنی ده‌ستوور ده‌بینن؟ نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەوه بۆ مەبەستی سیاسی دژی سه‌رۆك وه‌زیران بەکار دێت، ئه‌گينا هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. بێگومان وه‌ك كه‌س ساڵەهای ساڵە به‌ڕێز كازمی دەناسین، یەکێک لەو کەسانە بووە لە سه‌رده‌مى رژێمی پیشوو وەک كه‌س ئەوکاتە لەگەڵ پێشمەرگە بووە، مه‌ينه‌تييه‌كانى ئەنفالی بەچاوی خۆی دیوە، لە کۆچڕەوەکە مه‌ينه‌تييه‌كانى خەڵکی کوردستانی دیوە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەسەر ئەنفال لە ئەڵمانیا گه‌واهی دا، چونکە ئەو پرۆسەیه‌ی هەمووی بە چاوی خۆی بینیبوو. وەک كه‌سێكی عیراقی لەگەڵ پیشمەرگە بەشدار بووە لە خەبات، هەرچی بەسەر کورددا هاتووە لەو ماوه‌یه‌دا سەرۆک وەزیران بینیویه‌تی. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووش هه‌مان په‌یوه‌ندیی باشمان هەبووە، به‌ڕێز عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆک وەزیرانی پێشتر ساڵەهای ساڵ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان لەگەڵی هەبووە، ئەمە کە بەکار دەهێنرێت گوایه ئه‌وان گرنگيى زياتر به هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. نەیارانی سیاسيی ئه‌و دەیانەوێ له دژی ئه‌و سوود له‌م بابه‌ته وه‌رگرن، جەنابی سەرۆک وەزیران ئەوپەڕی هاوکار بوو بۆ ئەوەی ناكۆكییه‌كان کەمتر ببێتەوە، بەڵام لە ئه‌نجامدا لەسەر یاسای بودجه، هەموو لایەک تێگەیشتن کە ئەم یاسای بودجه‌يه تا راده‌یه‌كی زۆر به‌رژه‌وه‌نديى هەموو لایەک رەچاو دەکات. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ده‌مه‌وێ زیاتر بچمه بنج و بناوانی بۆردومانكردنی هه‌ولێر، به‌ڕێزتان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا به‌رله چه‌ند رۆژێك گوتتان داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق ده‌كه‌ن، ئایا هه‌رێمی كوردستان بۆ رێگریكردن له هه‌ر هێرشێكی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانكراو، داوای پشتگیری له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات؟ نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك گوتم ئێمه به‌و شێوه‌یه‌ی نایبینین، ئه‌ركی ئەمه‌ریکییەکان لە عیراق روونه كه یارمەتیدانی عێراقە له شەڕی داعش، بەڵام كێشه‌كانی دیكه ئێمه وەک عێراقی دەبێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه پێویسته ئه‌و چه‌كه لە چوارچێوەى ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بەکار بێت، ناکرێت هەرکەسێ بە ئاره‌زووی خۆی بڕیار بدات درۆن بنێرێتە هەولێر و رۆكێت بگرێته بەلەد و شوێنەکانی دیكه بۆردومان بكات. ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه، من دڵنیام ئەگەر ئیرادەیەکی جددی هەبێت لە بەغدا، سه‌خت نییە ده‌ستنیشان بكرێت کامه و کێ ئەم كارانه‌ی ئه‌نجام داوه، روونه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: قبووڵی ناكه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان ببێته گۆڕه‌پانی یه‌كلاییه‌كردنه‌وه‌ی حساباته‌كان؟ نێچيرڤان بارزانى: هیچ كاتێك ئه‌مه لە تێگه‌یشتنی ئێمەدا نییە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، سیاسەتی هەرێمیش بەشێکە لە سیاسەتی عێراق، قووڵاييى ستراتيژيى هەرێمی کوردستانیش بەغدایە، هه‌رێمی كوردستان به ته‌نها هیچ بڕیارێک لەگەڵ هیچ وڵاتێکی بیانی نادات، تەنها لە چوار چێوەی عیراق دەيدات، هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری له گفتوگۆى ستراتیژيی نێوان ئەمه‌ریکا و عێراقدا هەیە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا هه‌واڵێك بڵاو بوویه‌وه گوایه چه‌ند رۆكێتێك به‌مه‌به‌ستی بۆردومانكردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له هه‌رێمی كوردستان هاویژراون، ئایا هیچ پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له كوردستان هه‌ن؟ هه‌روه‌ها بیروبۆچوونی ئێوه له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی چییه؟ نێچيرڤان بارزانى: جارێ هه‌واڵه‌كه هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، نە هیچ پێگه‌ی ئیسرئیلی لە کوردستان هەیە و نە بووە، راستیش نییە، ئه‌و هه‌واڵه هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، هەندێک ماڵپه‌ڕ لە بەغدا و هەندێک ئاژانسى هه‌واڵ وەک هه‌واڵێك ئه‌مه‌یان بەکاررهێنا و لە میدیای هه‌ندێک وڵاتی دیكه زۆر گەورە کرا کە گوایه ئیسرائیل یان بنكه‌ی ئیسرائیليیان بۆردومان كردووه. بۆ زانیاريتان هیچ کەسێک لە دەرەوە هه‌ر ئاوا نایه‌ته ناو عێراقه‌وه، ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە هەموو ده‌روازه سنوورییه‌كان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، پێی دەڵێن “بایسس”. ئەمە سیستەمێکە ئەمه‌ریکییەکان كاتی خۆی بۆ عێراقیان دامەزراندووە، هەر کەسێک لە هەر شوێنێک، لە هەر خاڵێكه‌وه بێته هەرێمی کوردستان، بەغدا دەزانێت، بۆ زانیاریشتان به‌غدا نوێنه‌ری خۆی له هه‌موو خاڵه سنوورییه‌كان هه‌یه، له‌وانه‌یه خەڵک باوه‌ڕ نه‌كات و پێیان وابێ نییه. لە هەموو خاڵه سنوورییه‌كانی هەرێمی کوردستان و له فڕۆكه‌خانه‌كان هه‌واڵگیریی عێراقی هه‌یه و دەزانن کێ دێ و کێ دەڕوا، ئەم شتانە زۆر بێ بنەمان. خاڵێكی دیكه کە باستان کرد، به رای ئێمه پێویست نییه عێراق دوژمنایه‌تيی هیچ كه‌س و وڵاتێک بکات، عێراق ئەوەندە كێشه‌ی هه‌یه جارێ ده‌بێت دا‌نیشێت كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. له عێراق هه‌ر باسی سیاسەت دەکەن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به خه‌ڵك نه‌كه‌ن، ئێستا ژیانی هەموو عێراقییەک ته‌نیا بۆتە سیاسەت، بۆچى؟ دەیانەوێ شتەکانی ديكه بشارنەوە، دەیانەێ بۆ نموونه لەجیاتی ئەوەی فۆكه‌س لەسەر خزمه‌تگوزارییه‌كان بکەن، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن ئاخۆ عێراق چۆن پیشدەکەوەێ، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن كه مەعقوول نییە هه‌تا هه‌تا وڵاتێکی هاوردەکەربین، لەجیاتی ئەوە هەموو شتەکە ئیستا بۆتە سیاسی، هەمووان بەس ته‌نيا سیاسەت دەکەن. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له چوارچێوه‌ی قسه‌كانتدا وا ده‌ركه‌وت كه مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ناده‌وڵه‌تدا قورسه، دواتر قسه‌كانت به بابه‌تی دیالۆگ و چاره‌سه‌ریی ناوخۆییه‌وه به‌سته‌وه، دیدی راسته‌قينه‌ى كاك نێچیرڤان و هه‌ولێر ده‌رباره‌ی دیالۆگ و دانیشتنی هه‌مووان له‌سه‌ر مێزی دانوستان چییه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌ناوخۆ بێت؟ ئه‌و دیالۆگه گرووپی كاتیۆشه‌كانیش ده‌گرێته‌وه؟ نێچيرڤان بارزانى: لاریمان نییە هەرکەس بەشدار بێت، لە ئه‌نجامدا دەمانەوێ دانیشتن هەبێت بۆ ئەوەی بگەینە تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئەمجارە کە لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانم بينى، گوتی هه‌ندێك بیرۆكه‌م هەیە، باسی له‌وه كرد کە سەرەدانی هەولێر دەکات و ئەو ئه‌و بیرۆكانه پێشكه‌ش ده‌كات، ئێمەش یارمەتیدەر دەبین بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیه بە شێوەیەکی جددی دەستپێ بکات. ئەو ده‌ستپێشخه‌رییه لە هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئامادەین، لەگەڵ هەر کەسێکیش بیت ئێمە ئاماده‌ين، چونکە لە ئه‌نجامدا رای ئێمه ئەوەیە کە پێویستیمان بە سه‌قامگیری هەیە، سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق پێش هەموو شتێک، ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیه. به‌شى پێنجه‌م.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: هاوپه‌یمانیی كوردى ـ شیعی، ئه‌م هاوپه‌یمانییه مێژووییيه و دامه‌زرێنه‌رانی پرۆسه‌ى سیاسی بنیاتیانناوه، ئه‌وانه‌ی له نه‌وه‌ی دووه‌من كه مه‌به‌ستم جه‌نابتانه، به پێویستی ده‌زانن ئه‌م هاوپه‌یمانییه به‌رده‌وام بێت و له‌سه‌ر رێچكه‌ی باوك و باپیران بڕوات، یان دیدێكی جیاواز هه‌یه كه دۆخه‌كه پێویستی به قۆناغێكی سیاسی و تێگه‌یشتنێكی سیاسیی نوێ هه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: پێش رووخانی رژێمی پیشوو، پێویست بوو لێكگه‌یشتنێك له‌سه‌ر چۆنیه‌تيی دیدی ئاینده بۆ عێراق بكرێت، ئه‌و كات هاوپه‌یمانییه‌ك لەنێوان چوار حزبی بنه‌ڕه‌تيدا دروست بوو کە لە یەکێتیی نیشتیمانيی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌نجومه‌نى باڵا (مه‌جلسى ئه‌علا) و حزبی دەعوە پێكهاتبوو، تا راده‌یه‌كی زۆر له‌و كاته‌دا توانیان پێکەوە بۆ نوسینەوەی دەستوور کار بکەن، ئه‌و كاته پێكه‌وه كار بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور كرا و هاوپه‌یمانییه‌ك و لێكگه‌یشتنێك هەبوو. بێگومان ئێستا ئه‌و شته گۆڕاوه، ئەو سه‌رده‌مه‌ى هەژدە ساڵ بەرلە ئیستا نيیە، شتەکان ئێستا گۆڕانکاريی زۆری بەسەردا هاتووە. لەو کاتەدا من یەکێک لەو کەسانە بووم كه زۆر هانی برایانی سوننەم دەدا لە پرۆسەی سیاسيدا بەشدار بن، بەشدارییان نەدەکرد. لە بیرمە گفتوگۆیه‌كی زۆرمان لەگەڵ به‌ڕێز تارق هاشمی هه‌بوو و داومان لێدەکرد کە دەبێت ئه‌وانیش بەشدار بن، زۆر بەداخەوه سه‌ره‌تا بایکۆتی پرۆسه‌ى سیاسی‌یان کرد، بەڵام ئەمڕۆ شتەکان هەمووی گۆڕاوە، ئەمڕۆ شتێک بەو مانايه و بەو ناوە کە هاوپه‌يمانييه‌ك له‌نێوان کورد و شیعەدا هه‌يه، ئەو شتە نەماوە و ئێستا ئەوە نییە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌و هاوپه‌یمانییه نییه یان كۆتایی پێهاتووه؟ نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە بۆ ئەو ماوه‌یه‌ی هەمانبوو، بۆ ئەو ماوه‌یه پێکەوە ئیشمان کرد، بەڵام ئێستا دوای هەموو ئەو رووداوانه، پێویستیمان بەوەیە سوننه و شیعە و کورد و پێکهاتەکانی دیكه هەموومان دانیشین دیدێكی دیكه بۆ ئاينده‌ى عێراق پێناسه بكه‌ین، هەم لەگەڵ برایانمان لە سوننەکان، هەم برايانمان له شیعە و هەم کورديش، هەموو لایەکمان دەبێ پێكه‌وه دیدێكی هاوبه‌شمان هەبێ كه چۆن بتوانین ئاینده‌ی عێراق پێناسه بکەین به شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی و خێری هەموو پێکهاتەکاندا بێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌بێ بوونی هاوپه‌یمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه هه‌موومان له‌و وڵاته هاوبه‌شين و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك نییه؟ نێچيرڤان بارزانى: بنه‌ماكانی هاوسه‌نگى و سازان و هاوبه‌شى، سێ بنه‌مای گرنگن بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە سوننەوە و شیعەوە و کورد و بە هەموو پێکهاتەکانی ديكه‌وه، لەم وڵاتەدا ئەم سێ بنه‌مایه گرنگن. دەبێت دانیشین و لەسەر بنه‌ماى ئەم سێ پره‌نسيپه بڵێین بيرۆكه و دیدی داهاتوومان بۆ عێراق ئەمەیە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م دیده نوێیه له‌سه‌ر ئاستی گوتاره‌كان له‌وانه‌یه ببێته هۆی خێر، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ چواڕیانه‌كانی نێوان كوتله و حزبه‌كان له به‌غدا و هه‌ولێر پێچه‌وانه بێت، هه‌ریه‌كه‌یان گوتارێكی جیاوازیان هه‌یه بۆ نموونه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزی بیانی و رووداوی فڕۆكه‌خانه و كوشتنی موهه‌ندیس و سوله‌یمانی. وه‌ك خۆت ده‌یزانی بڕیارێكی په‌رله‌مان هه‌بوو بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی بیانی، به‌ڵام هه‌ولێر خۆی له‌و بڕیاره دوورخسته‌وه ئه‌مه جیا له‌وه‌ی كه بنكه‌كانی توركی و ئه‌مه‌ریكی به‌مه‌به‌ستی راهێنان و راوێژكاری له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ئه‌م چواڕیانانه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌كاتێكدا ئێمه باس له عێراقێكی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین؟ نێچيرڤان بارزانى: به رای من ئەوەی لە پەرلەمانی عیراق روویدا حاڵەتێکی زیاتر سۆزدارى بوو هەتا واقعبینی، دوور بوو لە سیاسیەتێکی واقعبین کە تۆ شتەکان وەک خۆی ببینی. بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکێ واقعبینانەیە لەسەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا. ئەمه‌ریکا هیزێکە هاتووتە ئەم وڵاتە بۆ یارمەتیدان و ئەم وڵاتەش جێده‌هێڵێت و رۆژێک هەر دەبێ به‌جێى بهێڵێت لە ئاینده‌دا، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا عێراق گەیشتۆتە ئەو قۆناغه‌ى پێویستی بە هێزە بیانييه‌كان نەبێت بۆ یارمەتی؟ پرسیارەکە ئەوەیە. هیچ شتێکی تایبەتیمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا نییە، هیچ ئەجێندایەکی شاراوەشمان لەگەڵیان نییە، کە دەنگمان بەو مەسەلەیە نەدا، تەنها لەبەر یەک هۆكار بوو، بۆچوونمان ئەوەیە کە عیراق پێویستی بە یارمەتیی هاوپەیمانان و ئەمه‌ریکا هەیە. لە ئه‌نجامی ئەو بۆشايييه‌ى لە پارێزگای سەلاحەدین دەستپێ دەکات تا دیالا تا دێتە کەرکووک و لە کەرکووکیشەوە تا دەچێتە مووسل، بۆشاییه‌كی زۆر گەورە هەیە کە لە ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پیشمەرگە و هێزە عیراقییه‌كان و سوپای عیراقی دروست بووه، ئیستا داعش لەو کۆریدۆرە، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو رۆژ، هەر دوو سێ رۆژ جارێک چالاكی هەیە، شتێک نییە به‌و ناوه‌ی كه داعش نەمابێت، ئەگەر داعش نەما و هەموومان گەیشتینە ئەو باوه‌ڕه کە پێویستیمان بە هێزە بیانييه‌كان نییە، بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات ئەوەی کە له بەغدا دەدرێت، یەکلایەنە داوا لە هێزەکانی ئەمه‌ریکا ناکات لە هەولێر بمێننەوە، شتی وا ناکات، لە چوارچێوەی بڕیاری عێراق هەرێمێ کوردستانیش پەیڕەوی ئەو بڕایارە دەکات. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له‌گه‌ڵ بڕیاری عێراقدان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی جه‌نابتان بێت؟ نێچيرڤان بارزانى: بێگومان لە ئه‌نجامدا پابەندی بڕیاری عیراقین وەک وڵات هەر بریارێک بدرێ. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابی سه‌رۆك پێشتر باسی پاشه‌ڕۆژی پرۆسه‌ى سیاسی و هاوپه‌یمانییه‌كان و شتی وات كرد، ناوی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی زیاتر له جارێك ده‌هێنرێت له پرۆسه‌ى سیاسی و زیاتر له جارێك ناوتان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق هاتووه، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له پرۆسه‌ى سیاسیی داهاتوودا ده‌بینین وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق یان نا؟ نێچيرڤان بارزانى: بۆچى نا؟ منیش عێراقیم و دەستووری عێراق و یاسای عێراقیش مۆڵه‌ت دەدات، به‌ڵام لەم قۆناغه‌دا بە راستی بیرم لێنەکردۆتەوە، بەڵام بۆچى نا؟ ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق به‌ڕێز نووری مالكی يان به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی بێت لاریتان ده‌بێت؟ نێچيرڤان بارزانى: جارێ کیشەمان لەگەڵ هیچ كه‌سێك نییە، به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی هەیە کە خزمەتی هەموو عیراق بکات، ئینجا ئەو سەرۆک وەزیرانە وەک كه‌س هەر کەسێک بێت، بێگومان ئاماده‌ين كاری لەگەڵ بکەین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: پێشبینی ده‌كه‌ن به‌ڕێز مسته‌فا كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بمێنێته‌وه یان نا؟ نێچيرڤان بارزانى: پێموایە ئه‌نجامی هەڵبژاردن ئەو بڕیارە دەدات، هێشتا ماوە بۆ ئەو بڕیارەی ئایا به‌ڕێز كازمى دەمێنێته‌وه یان نا؟ بەڵام بێگومان هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان ئەو بڕیارە یەکلايى دەکاتەوە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: چاودێران له‌وباوه‌ڕه‌دان كاك نێچیرڤان بارزانی له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوو به سه‌رۆكی حكوومه‌تی فيدراڵى، ئایا له‌و ئه‌ركه‌یدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ نێچيرڤان بارزانى: تەحەدیاتی عیراق گەورەن و کەم نین، ئەوەی ئێستا جه‌نابى سه‌رۆك كۆمار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ده‌یكات، کارێکی زۆر باش ده‌كات، ئەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح پیێ كرابێت تا ئێستا کردوویەتی، بێگومان هەرکەسێکیش ببێتە سه‌رۆك كۆمار چاوەڕوانی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه ده‌كات، بەڵام هەموومان دەبێت پێكه‌وه یارمەتیی سه‌رۆك كۆمار بدەین، یارمەتيی سه‌رۆك وه‌زیران بدەین بۆ ئەوەی بتوانن كاره‌كانیان بە رێک‌وپێکی جێبەجێ بکەن. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: چاودێران وای ده‌بینن كه هه‌وڵ بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ده‌يت، ناوی جه‌نابتان له زۆرێك له كۆڕه سیاسییه‌كان هاتووه و ئه‌و پێشنیازانه‌ی كه پێشكه‌شتان كردووه، ئه‌مانه هه‌مووی به خوێندنه‌وه‌ی چاودێران پێشه‌كین بۆ ئه‌وه‌ی كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌بێته سه‌رۆكی كۆماری داهاتووى عێراق؟ نێچيرڤان بارزانى: سه‌رۆك كۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكه‌م، ئاماده‌م، بەڵام به راستى ئێستا و له‌م كاته‌دا بەرنامەیەکی وا لە ئارادا نیيە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان بارزانی وا بینراوه كه پشتگیریی ئافره‌تان ده‌كات و له‌مباره‌یه‌شه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی هه‌بووه له كاتی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئه‌نجامی ئه‌م چالاكییانه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع چییه؟ نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای من بە شێوەیەکی گشتی لە عیراق زوڵمێکی گەورە لە ژنان دەکرێت، کاتی خۆی کە سه‌رۆك وه‌زیران بووم، کومەڵێک یاسای هەرێمی کوردستانم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ژن گۆڕی، چونکە بە ناوی زۆر، لەژێر زۆر ناو و لەژێر زۆر پەردە زوڵمێکی گەورە لە ژن دەکرێت. بەپێی هەندێک یاسای عێراقی کوشتنی ژن تاوان نەبوو، دەیانگوت ئەمە لەسەر شەرەفە و نازانم چی و ئەو شتانە! ئەوە زوڵمێکی گەورەیە لە ژن دەکرێت، پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی پێویستە یاساكانی عێراقی بگۆڕدرێت، چونکە زۆر دادپه‌روه‌ر نین. لەسەر ئەم بابەتە كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان بووم، کۆمەڵێک لەم یاسایانه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌نديى ژن گۆڕیوە، لەبیرمە بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانه بە سوپاسەوە ماموستایانی ئایينی لە کوردستان لە سەرووی هەموشیانەوە یادی بەخیر مامۆستا مستەفا زەڵمی زۆر زۆر یارمەتی دام. سوپاسی هەموو مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان دەکەم کە پشتگیریی ئەو پرۆژەیان کرد، به‌ڵام ئەوە به‌س نییە، پێویستە ئێمە هۆشاری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دروست بکەین، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دە ساڵی رابردوو تا ئێستا، دەبینین لەو بواره‌دا کوردستان پیشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆریش ماوە بگەینە ئەو قۆناغه. به‌ڕێزت باسی ئەوە دەکەی دەڵێی خۆكوشتن لە کوردستان زیادی کردووە، جیاوازیەکەی لەگەڵ پێشتر یەک شتە، حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی ناوخۆ بەشێکی تایبەت هەیە کە پێی دەڵین بەشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژى ئافرەت، زۆر چالاكن، ئەمانە لە هەر شوینێکی کوردستان کە ببینن شتێک روودەدات، بە زووی لێى به‌ده‌نگ دێن، کە دەبینن ئه‌مڕۆ ژماره‌كان لە سەرەوەن، لەبەر ئەوەیە خەڵک وەک جاران ترسی نیە لەوەی راپۆرت بدات، جاران ترسێکی زۆر هەبوو کەس نەیدەوێرا ئەو بڵێ كه توندوتیژی بەرامبەری کراوە، ئێستا جیاوازیەکەی ئەوەیە لە کوردستاندا ئافرەتان هەست بە ئازاديی زیاتر دەکەن، بۆیه دەبینی ژماره‌كان له سه‌ره‌وه‌ن، چونکە راپۆرتەکان زیاديان کردووە. بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجه‌ی مەبەستمانە، رێگەیەکی زۆر دوورمان لەپێشە، بەڵام ئەو پابه‌ندييه بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم هەیە، به نموونه چەند رۆژێك لەمەوبەر له رووداوێكدا په‌رچه‌كردارێكی زۆر لەلایەن حکوومەت و به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانیشەوە پیشاندرا، کەواتە ئه‌وه بۆ ئێمه پره‌نسيپێكه لەسەری دەڕۆین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له ژێر رۆشنایی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌دا ده‌رباره‌ی ئافره‌تان، ده‌توانین له هه‌رێمی كوردستان ئافره‌تێك له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، یان سه‌رۆكی هه‌رێمدا ببینین؟ نێچيرڤان بارزانى: زۆر ئاسایيیه، لە هەرێمی کوردستان ده‌توانين بڵيين ئەو قۆناغه‌مان جێهێشتووە. بۆ زانیاریتان ئێستا نیوەی كارمه‌ندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژنان پێکدێت، ئەو بابه‌ته له كوردستان هیچ جێگه‌ی پرسیار نییه، هه‌روه‌ها جێی پرسیار نییە کە ئایا ژن دەتوانێ بگاتە ئەو پله‌یه یان نا؟ پێموایە ئەگەر رۆژێک ژنێک بگاتە پله‌ی سه‌رۆك وه‌زیران یان ببێتە سەرۆکی هەرێم، لێره زۆر به سروشتى و زۆر بە ئاسایی وه‌رده‌گیرێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، له‌نێوان ئێوه و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت؟ نێچيرڤان بارزانى: یه‌كێتیی نیشتیمانيی كوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئێمەیە لەم حکوومەتەدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه وەک هەر حزبێکی دیكه هه‌ندێك جار باشە و هه‌ندێک جار خراپە و هه‌ندێک جار ساردە و هه‌ندێك جار گەرمە، به بڕوای من ئه‌مه‌ش زۆر ئاسایییه لە كه‌شی سیاسیی کوردستاندا، بەڵام په‌یوه‌ندیی ئەم دوو حزبە و ئەم دوولایەنە، نەگەیشتۆتە ئەوەی کێشەیەکی گەورە لەنێوانیان رووبدات، گفتوگۆ هەیە، رەخنەگرتن هەیە، گرژى هەیە، ئەمانە هەمووی هەیە، بەڵام لەو شوێنانەدا، لە قۆناغه‌كانی بڕیاردان له‌سه‌ر بابەتی چارەنووسساز بۆ هەرێمی کوردستان، دەبینن لێكگه‌یشتنێكی زۆر باش لەنێوان ئەم دوولایەنەدا هەیە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: باسی راستيی ئه‌و داوایه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌م بۆ بكه. ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ناوه‌ندييه. راستيی ئه‌وه چییه كه باس له هاندانی دروستبوونی هه‌رێمی سلێمانی ده‌كرێت؟ نێچيرڤان بارزانى: یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای هه‌رێمی سلێمانی نەکردووە، ئەوەی کە یەکێتی لە پرۆژەی خۆیاندا هەیانە، پرسی لامه‌ركه‌زیيه‌تی زیاتر بۆ پارێزگاكانه. بۆ زانیاریتان لە پرۆگرامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ئەو بەرنامەیه‌ی پێشكه‌ش كردووه كه لامەرکەزيیەتی زیاتر بۆ پارێزگاكان لە هەرێمی کوردستان هه‌بێت، کەواتە مەبەست شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە، ئەو شتەیه كه ئێمه زۆر پشتگیری دەکەین و به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانیش هەر ئەوەیە. به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانی کە دەیەوێ دەسەڵاتی زیاتر بۆ پارێزگاكان هەبیت، ئەو پرۆژەیە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەرنامەی به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانەیه كه لە حکوومەت بەشدارن، لەسەر ئەم بەرنامەیە پێکهاتوون وتا ئێستا پیشکەوتنیش له‌مباره‌یه‌وه هەیە، ره‌نگه ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام وەکو پره‌نسيپ هەموومان قبووڵمانە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونى هه‌موو كوردێكه، كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دروست ده‌بێت؟ ئایا كاتێكی دیاریكراو بۆ به‌ده‌سته‌وه‌هێنانی هه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: واقعێک هەیە، کورد ملله‌تێكن لە ناوچەکەدا و لەڕووی زمان و فەرهەنگ و کولتوورەوە جیاوازن، لە هەموو شتێک جیاوازن، ته‌نانه‌ت لەڕووی مۆسیقاشه‌وە جیاوازی زۆره، وەک به‌ڕێزت ئاماژه‌ت بۆ كرد ئەوە خەونی هەر کوردێکە، خەونی هەر کوردێکە کە ئەوە ببینێت. ئه‌و واقعه‌ی ئێستا تێیدا دەژین جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە هەمانە، مادەم جیاوازە بە بڕوای من دەبێت هەنگاوەکانمان بەپێی دۆخى ئێستا بێت كه تێیداین، سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چاره‌سه‌ری کێشەکانمانه له چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و بەغدا قووڵاييى ستراتیژیی ئێمەیە بۆ هەر بژارده‌يه‌كى دیكه بچین، ئەوە هەر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌مه قسه‌یه‌كی قووڵ و قسه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت به‌غدا قووڵاييى ستراتیژیمانه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر هه‌موو كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر كران و هه‌موو ناكۆكییه‌كان نه‌مان، ئه‌و كاته ده‌توانین بڵێین كاتی سه‌ربه‌خۆیی هات؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەگەر سەیری بزووتنه‌وه‌ی کوردی بکەین، بۆچى کورد پەنای بردووه‌تە بەر چەک؟ چونکە داوای مافه‌كانی خۆی کردووە و پێی نەدراوە، داوای شتێکی زیاتری نەکردووە، سەیری هەموو مێژووی کورد بکە هەر لە کۆنەوە، باسی شۆڕشی ئەیلوول دەکەم، ناكۆكییه‌كان هەمیشە لەگەڵ مللەتان نەبووە، ناكۆكییه‌كان به مانای ناكۆكی له‌نێوان کورد و عەرەبدا نەبووە، ناكۆكییه‌كه ده‌سه‌ڵاتداران بوون، داوای مافی خۆمانمان کردووە و مافمان نەدراوە. ئەگەر کورد هه‌ست بكات هاووڵاتيی پله یه‌كه و مافه‌كانی لەم وڵاتەدا پارێزراوه و هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى هەیە، بە دڵنیاییەوە بە ئارامى دەژیێت و پێویست بەوە ناکات بچیتە چیا و چه‌ك هەڵگرێت و ده‌یه‌وێت لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا مافه‌كانی خۆی ببینێت. به‌شى شه‌شه‌م و كۆتايى.. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: بینه‌رانمان هه‌موویان هیوا ده‌خوازن ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی لێره باس كران جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام كاتێك باسی هه‌ڕه‌شه و ته‌حه‌ددییه گه‌وره‌كان ده‌كه‌ین ته‌نیا كاتیۆشا نییه، له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراق بێت وه‌ك بۆردومانی دووباره‌ی ئێران و توركیا كه ئه‌مه به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراقه و به‌زاندنی مافی هاووڵاتیانی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستانه. بۆچی تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێك نییه، مێزی دانوستان بۆچی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆنه‌كردۆته‌وه هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له گونده‌كان؟ نێچيرڤان بارزانى: بێگومان ئه‌مه شتیکە هەیە، به‌ڵام پێش ئەوەی باسی ئەم بابه‌ته بکەین، هۆكاره‌كان چییە؟ وڵاتانی دراوسێ مافی خۆیانە داوا لە عێراق بکەن و بە شێوەیەکی گشتی داوا لە هه‌ریمیش بكه‌ن کە نابێ و مەعقوول نییە خاکی عێراق بەکار بێت بۆ ئەوەی كێشه بۆ دراوسێکان دروست ببێت بەتایبەتی لەڕووی ئەمنییەوە. ئێران و تورکیا وەک دراوسێی ئێمه مافی خۆیانە ئەم داوایە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بکەن بە شێوەیەکی گشتی. بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە، هەرێمی کوردستان وەک پەناگه‌یه‌كی ئارام دەبینن لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، بۆ ئەوەی كێشه بۆ دراوسێکانی ئێمە دروست ببێت چ ئێران چ تورکیا، ئەم پره‌سيپه هه‌ڵه‌یه، ئەمەیه دەبێتە هۆكاری ئەوەی بۆردومان دەکرێت، ده‌ستێوه‌ردان دەکرێت، کەواتە یەکەم شت دەبێ ئەو كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ببێت، ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە پەناگه یان شوێنێک وەک ناوچه‌یه‌كی ئارام سەیر بکرێت بۆ ئەوەی كێشه بۆ دراوسێکانمان دروست ببێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له‌وانه‌یه ئه‌مه دیدی پارتی ديموكراتى كوردستان بێت كه سنوورێك بۆ نموونه بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا دابنرێت، به‌ڵام ئایا دیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وه‌ك دیدی ئێوه‌یه له‌باره‌ی بوونی په‌كه‌كه لسه‌ر خاكی عێراق؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەم بابه‌ته پەیوەندی بە پارتی و یەکێتییه‌وه نییە، به‌ڵكو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، بەغداش بەشێکە لەو بابه‌ته، ئه‌م بابه‌ته بەبێ بەغدا چارەسەر ناکرێت، ئەوەی گرنگه لێرەدا بۆچوونی بەغدایە، پێویسته بەغدا و هەرێمێ کوردستان دیدێكی هاوبه‌شیان لەسەر پرسی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هه‌بێت، ئەمانە دەبێ رێز له خاکی کوردستانی عێراق و عێراق بگرن و ناکرێ عیراق و هەرێمی کوردستان ببنە پەناگایه‌ک بۆ كێشه لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تا ئێستا ئەو بۆچوون و سیاسەتە لە بەغدا نابینین. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با باسی دۆسیه‌ی ئابووريی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، مه‌رجتان داناوه كه نابێت نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت به‌بێ بوونی نوێنه‌رێكی كورد به‌پێی ده‌ستوور؟ نێچيرڤان بارزانى: ئێمە ئەوه‌مان وه‌ك مه‌رج دانه‌ناوه، به‌ڵام سۆمۆ دامه‌زراوه‌يه‌كى عێراقییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بڵێت دەمەوێ نوێنه‌رێكم هەبێت لەو لیژنه‌يەی سۆمۆدا بۆ مەسەلەی فرۆشنی نەوت، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی بە راستی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستوورییدا ئه‌نجامی داوه، شتێک لە ده‌ره‌وه‌ی دەستوور نەبووە، هەرچی لە هەریمی کوردستان كردوومانه بەپێی دەستوور ئه‌نجاممان داوه و پرۆسەکەش پرۆسەیەکی زۆر زۆر شەفافە، دەمانەوێ ئێمەش بەشدار بین، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق مافی خۆیەتی بەشدار بێت و نوێنەری له سۆمۆ هەبێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سه‌باره‌ت به كارمه‌ندانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئایا چاره‌سه‌رێكتان بۆ مووچه‌كانی كارمه‌ندان دۆزیوه‌ته‌وه و له هه‌مان كاتدا كارمه‌ندان داوای مووچه‌ی چه‌ند مانگ ده‌كه‌ن؟ نێچيرڤان بارزانى: زۆر بەداخەوە بابەتی مووچه‌ی كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان زۆر بە سیاسی کرا کە نەدەبوو به هيچ شێوه‌يه‌ك ئەم بابه‌ته ببێتە بابه‌تێكی سیاسی. كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان بەپێی یاسا و دەستوور بەشێکن لە كارمه‌ندانی هه‌موو عێراق، بەپێی یاسا بەغدا و حکوومەتی فيدراڵ ئەو ئەرکەی لەسەر شانە کە مووچه‌ی كارمه‌ندانی بدات، ئەم بابه‌ته زۆر بوو بە بابه‌تێكی سیاسی. ئه‌و مشتومڕەی کە لەسەر بودجه لەناو پەرلەماندا کرا، تا ئێستا هیچ شتێکیان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووه، نە مانگی یەک، نە مانگی دوو، نە مانگی سێ و نە مانگی چواریش ئەوا ئێمە تێیداین هیچ مووچه‌یه‌ك لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نه‌هاتووه. ئەو مووچه‌ی كه دراوه بەپێی ئەو ئیمکانیاتە بووە کە لەناو هەرێمی کوردستاندا هەبووە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ده‌رباره‌ی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، پێش ماوه‌يه‌ك رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال كرا، ئایا هاریكاریی ئێوه و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه به‌رده‌وامه ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان؟ نێچيرڤان بارزانى: رێککەوتنی شه‌نگال كه له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادا كرا، رێکكەوتنێکی زۆر باشبوو، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع ئێمە نابینین ئەم رێکكەوتنە جێبەجێ دەکرێت، هیچ جێبەجێکردنی ئەم رێکكەوتنە نییە. هیوامان ده‌خواست جێبه‌جێكردنی رێکكەوتنی شه‌نگال ببێتە سەرەتایەک بۆ چاره‌سه‌ركردنی هەموو كێشه‌كانی دیكه، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا ئەو رێکكەوتنەی کە کراویشە، لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كێ رێگری له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شه‌نگال ده‌كات؟ نێچيرڤان بارزانى: من پێم باشە له‌سه‌ر ئه‌وه پرسیار لە بەغدا بکرێت، چونکە به راستى ئێمە وەک خۆمان، وەک هەرێمی کوردستان ئەو پابه‌ندييه‌ى لەسەرمانه، تا راده‌یه‌كی زۆر جێبەجێمان کردووە، بەڵام ئه‌مه زیاتر بۆ بەغدا دەگەرێتەوە، پێم وایە لە به‌ڕێز سەرۆک وەزیران بپرسن، لە بەڕێز وەزیری ناوخۆ، لە بەڕێز قاسم ئە‌لئه‌عرەجی بپرسن لەوانەیە ئه‌وان زیاتر زانیاری‌یان هەبێت. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له رێگه‌ی زانیارییه‌كانی ئێوه‌وه، ئێوه هه‌موو زانیارییه‌كتان هه‌یه؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەو زانیارییه‌ی کە من هەمە، تا ئێستا ئەو رێکكەوتنە جێبەجێ نەکراوە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌ستمان پێكرد، با به به‌ڕێز ئیدریس بارزانی كۆتایی پێ بهێنین كه به ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایيی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ناسرا. ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان له‌سه‌ر رێچكه‌ی باوكی ده‌ڕوات و به ئاراسته‌ی ئاشته‌وایى كار ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌وره‌وه؟ نێچيرڤان بارزانى: لەو پێگەیه‌ی هەمە پەیڕەوی سیاسەتێک دەکەم یەکەم شت سیاسەتی حزبه‌كه‌مه وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەیەوێ په‌یوه‌ندیی خۆی لەگەڵ هەموو حیزبه‌كان باش بێت. وەک سه‌رۆكی هه‌رێم و ئەو پێگەیه‌ی هەمە، بێگومان ئه‌ركمه، منیش كارمه‌ندی ئەو حکوومەتەم لەوە زیاتر نییە. دەمەوێ سەرۆکایەتیی هەرێم چەترێک بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو حزبانە، تا راده‌یه‌كی زۆر ئێمە لەوەدا سەرکەوتووین، به‌ڵام بە گشتی بابه‌ته‌كه كه‌سى من نییە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەمانەوێت فاکتەرێک بین بۆ سەقامگیری لە ناوچه‌كه لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ حزبه كوردییه‌كان و لەگەڵ حزبه عێراقییه‌كانیش، ئەمە سیاسەتێکە په‌يڕه‌وى دەکەین نەک وەک كه‌س، به‌ڵكو وەک دامه‌زراوه. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م زنجیره‌یه له‌گه‌ڵ جه‌نابتان كۆتایی پێ بهێنین، هیوادارین په‌يامێك بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عێراق پێشكه‌ش بكه‌ی هه‌ر له به‌سراوه تا به‌غدای پایته‌خت و هه‌رێمی كوردستان؟ نێچيرڤان بارزانى: پەیامی من بۆ هەموو گەلی عێراق ئەوەیە، هەروەک پێشتر گوتم، پەیامی من پەیامی برایەتییە، پەیامی پێکەوەژیانە، پەیامی یەکترقبووڵکردنە، پەیامی ئەوەیە کە هەموومان پێكه‌وه هەوڵ بدەین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئەم وڵاتە پێكه‌وه کار بکەین، چونکە بە دڵنیاییيەوە دەمەوێ بە هەموو گەلێ عێراق بڵێم، هەر پیشکەوتنێک، هەر خۆشگوزەرانییەک بۆ هەر عێراقییەک لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتە بێت، ئێمە بە پیشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستانی دەزانین. ئەوەی بۆ بەسرەمان دەوێ، ئەوەی بۆ سلێمانی و زاخۆ و هەولێرمان دەوێ، هه‌مان شتمان بۆ ره‌مادی و مووسڵ و بەسرە و نەجەف و کەربەلامان دەوێ. ئەمە شتێکە حەز دەکەین هەموو خەڵکی عێراق باوەڕ بەوە بکات، هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌وه بكات کە پەیامی کوردستان بۆ ئەوان پەیامی برایەتی و پێکەوەبوون و یەکترقبووڵکردنەوە. ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م دیداره ده‌رفه‌تێكی مێژوویيی گرنگه جه‌نابى سه‌رۆك، سوپاستان ده‌كه‌م، زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و شیرۆڤانه‌ى بۆ ئێمه كردت، هه‌روه‌ها زۆر سوپاس بۆ قبووڵكردنی ئه‌م داوه‌ته و ئه‌م دیداره. جارێكی دیكه زۆر سوپاست ده‌كه‌م. نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس. منیش زۆر سوپاستان دەکەم کە ئەو ده‌رفه‌ته‌تان بەمن دا لە چوارچێوەی شاشەی ئەلشەرقییە بتوانم پەیامی خۆم بگەیه‌نم بە هەموو گەلی عێراق و زۆر سپاس بۆ هاتنتان.
درەو: رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی جیهانی (هیومان رایتس وۆچ)، راپۆرتێكی نوێ لەبارەی پرۆسەی دادگاییكردنی سزادراوانی بادینان بڵاودەكاتەوە و دەڵێت: دەبێت دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ڕەچاوی ئەو هەموو ناڕێكیە بكات كە لە پرۆسەكەدا هەبووەو سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی كوردستان خراپتر دەكات". راپۆرتەكە ئاماژەی بە خراپی پرۆسەی دادگاییەكە كردووە، كە پرەنسیپەكانی دادگاییكردنێكی دادگەرانەی پشتگوێخستووە بەتایبەت كە گوایە پلانیان بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان داڕشتووە ئەمە نزمترین ئاستی دادگاییكردن دەردەخات. دەقی راپۆرتەكە هەرێمی كوردستانی عێراق: دادگاییەكی پڕلە كەموكورتی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان دەبێت دادگای پێداچوونەوە ڕەچاوی ئەو هەموو ناڕێكیە لە پرۆسەكەدا بكات (بەیروت)— هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگایەكی هەرێمی كوردستانی عێراق لە پرۆسەیەكی پڕ لە كەموكورتیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەوان و دوو چالاكواندا سەپاند. بەرپرسان هێشتا دوو كەسی تریان لە زیندان ئازاد نەكردووە سەرەڕای بڕیاری دادگا لە نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ دادگایكردنیان. هیومان ڕایتس ۆوچ لەم كاتەدا تۆێژینەوەكەی لەسەر دادگایكردنەكان بڵاودەكاتەوە لەبەرئەوەی ئەگەری زۆر هەیە لە دەركردنی بڕیاری پێداچوونەوەی كەیسەكان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە. پرۆسەی دادگایكردنی ئەم كەسانە لە دادگای تاوانەكانی هەولێر پێشێلكاری یاسایی و دەستتێوەردانی سیاسی زۆری تێدا بوو. دەبێت ئەو بەرپرسانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەی كەیسەكان بڕیاریان هەیە ئەم پێشێلكارییانە ڕەچاو بكەن لە كاتی بڕیاردان لە پێداچوونەوەی كەیسەكان. بەرپرسانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە هەرێمی كوردستان هەستان بە دەستگیركردنی دوو پیاو لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵ دەستگیركردنی پێنچ كەسی تر لە مانگی تشرینی یەكەم بە بیانووی پلاندانان بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت. لە مانگی مایس تاوەكو تشرینی یەكەم، چالاكوانان و مامۆستایان لە ناوچەی دهۆك هەستان بە ئەنجامدانی چەند خۆپیشاندانێك بۆ داواكردنی موچەكانیان؛ كە لەلایەن بەرپرسانەوە دواخرابوو. بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "پرۆسەی دادگایكردنی پركەموكورتی لە هەرێمی كوردستانی عێراق شتێكی نوێ نیە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەكانی دادگایكردنێكی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵك بەهۆی ئەوەی گوایە پلانیان داڕشتووە بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەكی نوێ و لەڕادەبەدەر دەردەخات." پارێزەرێك كە ناسیاوی یەكێك لە دەستگیركراوەكانە لەگەڵ سەرچاوەیەكی تری سەربەخۆ كە لە پرۆسەی دادگایكردنەكاندا ئامادەبوون چەند زانیاریەكیان لەسەر پرۆسەكە باسكرد كە جێگەی نیگەرانی بوو. ئەو ڕۆژنامەنوسانەی سزادران پێكهاتبوون لە ئەیاز كەرەم بروشكی، گۆهدار محەمەد زێباری، لەگەڵ شیروان ئەمین شیروانی. دووانەكەی تر، شڤان سەعید عومەر بروشكی و هەرویان عیسا ئەحمەد كە دوو چالاكوانن بەردەوام ڕەخنە لە كارەكانی حكومەت دەگرن و داوای چاكسازی دەكەن. هەر پێنچ كەسەكە لە دادگایكردنێكی هاوبەشدا سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا بەپێی ماددەكانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و ماددەی ١٥٦ی هەمواركراوی یاسای سزادانی عێراقی ؛ كە كاری بەئەنقەست بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەكانی حكومەت بە تاوان دەكات. دەستگیركراوەكان داوایان بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەكەی دادگای تاوانەكان پێشكەشكردووە. هەروەها سێ سەرچاوەكە ووتیان كە حكومەت بەڵگەی پێویستی لە دژی دوو كەسی تر بەناوەكانی بەدەل بەرواری چالاكوان و ئومێد حاجی ڕۆژنامەنووس نەخستۆتەڕوو بۆ سزادانیان و كەیسەكانیانی گەڕاندۆتەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوە. بەڵام، بەرپرسان هێشتا ئازادیان نەكردوون لەكاتێكدا لە چاوەڕوانی داواكارانن بۆ پێشكەشكردنی بەڵگە لەدژیان. سەرچاوەكان ووتیان شیروانی كە لە ٧ی تشرینی یەكەم دەستگیركرا بۆماوەی یەك هەفتە ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بە جیهانی دەرەوە پێنەدراوە لە زینداندا. ناسیاوێكی شڤان بروشكی ووتی لە پاش ئەوەی هێزە ئەمنیەكان دەستگیریان كردووە لە ماڵەكەیدا لە ٢٣ ی تشرینی یەكەم، خێزانەكەی بۆ ماوەی دوو مانگ هەوڵیان داوە سۆراخ و شوێنی دەستگیركردنی بزانن. لە كۆتایدا، ڕیگەی پێدراوە تەلەفۆن بۆ هاوسەرەكەی بكات و پێی بڵێ كە لەلایەن ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە هەولێر دەستبەسەرە. سێ سەرچاوەكە ووتیان كە هەر حەوت كەسەكە بۆماوەی چەندین مانگ لەكاتی زیندانیدا پارێزەریان نەبووە، بەوكاتانەشەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەلایەن ئاسایشەوە لەگەڵ كراوە و لەبەردەم دادوەری لێكۆڵەر كەیسەكانیان بیستراوە. لە مانگی مارس، لە پاش ئەوەی ڕێكخراوی كۆمیتەی پارێزگاریكردن لە ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا نیگەرانی لەبەرامبەر كەیسی دادگایكردنی دوو لە پیاوەكان دەربڕی، دیندار زێباری ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكیكردنی نێودەوڵەتی لە ئیمەیڵێكدا لە ١٤ی مارس وەڵامی ڕاپۆرتەكەی دایەوە و وەڵامەكەی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچیش نارد كە تێیدا گووتی، " ئەوان [شیروانی و زێباری] پارێزەریان هەبووە لەكاتی چاوەڕوانی دادگایكردندا." بەڵام، سێ سەرچاوەكە ئەم بانگەشەیەی زێباریان ڕەتكردەوە و ووتیان كە بەرپرسان بۆ یەكەم جار‌و تەنها بۆماوەی چەند خولەكێك ڕیگەیان بە پاریزەرەكان داوە قسەیان لەگەڵ بكەن بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنەكانی دادگا لە بەرواری ١٥ و ١٦ شوبات. هەروەها ووتیشیان كە دەستگیركراوان زۆر بەكەمی ڕێگەیان پێدراوە خێزان و كەس و كاریان ببینن و تەنها یەك جار ڕێگەیان پێدراوە كە كەس وكاریان ببینن بۆ ماوەی چەند خولەكێك لە سەرەتای دەستگیركردنیانەوە. ناسیاوێكی شڤان بروشكی ووتی كە باوكی ڕیگەی پێدراوە یەك جار بۆماوەی پێنج خولەك سەردانی بكات لە كانوونی دووەم بەڵام ئەفسەرانی ئاسایش لەناو ژوورەكەدا بوون لەكاتی سەردانەكەدا. پارێزەرەكە ووتی خۆیی و چەند پارێزەرێكی تر كە بەرگریان لە كەیسی پیاوەكان كردووە هەوڵی وەرگرتنی فایلەكانیان داوە بەرلە دەستپێكردنی دادگایكردنەكان، بەڵام ئاسایش ڕەتی كردۆتەوە كە فایلەكانیان ڕادەستی پاریزەرەكان بكات سەرەڕایی نامەی دادگا لە پێدانی مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فایلەكان لە ئاسایش. ئەو ووتی، تەنها حەوت ڕۆژ بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی دادگایكردنەكە، پارێزەرەكان ڕۆژی دەستپێكردنی دادگایكردنەكەیان پێگوترا. پارێزەرەكە ووتی، "پێمان گوترا كە دادوەر نەخۆشەو دەبێت چاوەڕوانی دواخستنی دادگایكردنەكە بكەین، بەڵام لە ناكاو ڕۆژی دادگایكردنەكە ڕاگەیەنراو هیچ كەسمان خۆمان ئامادە نەكردبوو." ناسیاوەكەی بروشكی ووتیشی،كە خێزانەكەی بروشكی نەیانتوانی ئامادەی دادگایكردنەكە بن لەبەرنەبوونی كاتی پێویست. هەروەها ناسیاوەكەی بروشكی ووتی كاتێك ئەندامانی هێزەكانی ئاسایش بروشكییان دەستگیركرد، بەبەرچاوی خێزانەكەیی و منداڵەكانیەوە لێیاندا. پارێزەرەكە ووتی، لەكاتی دادگایكردنەكەدا، شێروانی نەیدەتوانی بەپێوە بووەستێ، دەردەكەوت بەهۆی برینداری جەستەییەوەیە. ئەو بە دادوەری ووت كە هێزەكانی ئاسایش هەڕەشەیان لێكردووە، هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسیان بۆسەرهاوسەرەكەی و دایكی كردووە ئەگەر نوسراوی دانپێدانانەكە واژوو نەكات. ئەو ووتی، "دادوەر هیچ وەڵامێكی نەدایەوە تەنانەت كاتێك دەیبینی كە ناتوانێت بەپێوە بووەستێت." پارێزەرەكە و سەرچاوە بێلایەنەكە ووتیان دادوەر و داواكاران بەردەوام و دووبارە باسی زانیاری‌یان "لە سەرچاوەی نهێنیەوە" دەكرد كە گوایە دەستگیركراوان سیخوڕن، بەڵام هیچ لەم سەرچاوانە لە دادگادا ئامادەنەبوون. لەبەرئەوەی ئەم سەرچاوانە لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوون، پارێزەرانی بەرگریكار چانسی ئەوەیان نەبوو كە پرسیاریان لێبكەن لێكۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەكانیان بكەن. هەردوو سەرچاوەكە كە لە دادگایكردنەكەدا ئامادەبوون ووتیان كە ئەفسەرێكی ئاسایش كە بەشێك نەبوو لە تیمی داواكاران ناوە ناوە هەڵدەستاو دەستی بەرزدەكردەوە؛ پاشان دادوەر ڕێگەی پێدەدا كە بەڵگەی نوێ بخاتە ڕوو كە پارێزەرانی بەرگریكار پێشتر‌و بەهیچ شیوەیەك ئەو بەڵگانەیان نەبینی بوو. دادوەر ڕێگەی بە پارێزەرانی بەرگریكار نەدەدا پرسیاری لێبكەن و لێكۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەو بەڵگەكانی بكەن. هەرسێ سەرچاوەكە نیگەرانیان دەربارەی پاشكۆیی تۆمەتەكان لەدژی بەرگریكاران دەربڕی. بۆ نموونە، ئەو دوو سەرچاوەیەی ئامادەی دادگایكردنەكە بوون ووتیان كە ئەندامەكەی ئاسایش ئاماژەی بە وێنەیەك دەكرد كە شێروانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پۆستی كردبوو لەگەڵ ژێرنووسێك كە دەڵێت گەشتی ئاسمانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كە بۆماوەیەك هەڵپەسێردرابوو دەستی پێكردۆتەوە و ئەندامەكەی ئاسایش جەختی دەكردەوە كە ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی كە شێروانی سیخوڕ بووە. هەرسێ سەرچاوەكە ووتیان كە زۆرینەی ئەو بەڵگانەی لەلایەن داواكاران و نوێنەرێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو لەكاتی دادگایكردنەكەدا گریمانەبوون و لەسەربنەمای بەڵگەی ڕاستەقینە نەبوون و پارێزەرانی بەرگریكار ڕێگەیان پێنەدرا پێداچوونەوەیان بۆ بكەن. لە ١٦ی نیسان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیگەرانی لەبارەی دادگایكردنەكانەوە دەربڕی. ئاسۆس هەردی كە ڕۆژنامەنوسێكی ناودار و چالاكوانێكی مافەكانی میدیاكارانە ووتی كە ئەو لەو باوەڕەدایە هەر حەوت كەسەكە دەستگیركراوون و دادگایكراون و بەندكراون تەنها لەبەرئەوەی هەوڵی خۆپیشاندانیان لەدژی حكومەتی هەرێم داوە: "یاسایەك هەیە كە گرەنتی مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەدات، ئەگەر ئەو یاسایەیان پێشێلكردووە، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایی بكرێن،" ئەو ووتی. "یان ئەگەر پێشێلی یاسای ڕۆژنامەوانیان كردووە وەك ڕۆژنامەنووس، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایبكرێن. هیچ هۆكارێك نیە لەپشت ئەوەی كە ئەم كەسانە تاوانبار بكرێن بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمەكە بەهاوكاری لایەنی دەرەوە. داواكاران هیچ بەڵگەیەكی ڕاستەقینەیان بۆ ئەو تۆمەتە نەخستۆتەڕوو. لە كۆتایدا، ئەم دادگایكردنە ئەوە دەسەلمێنێ كە پارێزگاریكردن لە ئازادی ڕادەربڕین چەندە كەمبۆتەوەو هاتۆتە خوارەوە لە هەرێمی كوردستان." هەروەها هەرسێ سەرچاوەكە نیگەرانیان لەسەر دەستتێوەردانی سیاسی خستەڕوو. زێباری لە ئیمەیڵەكەی مانگی مارسیدا ووتی كە دادگا سەربەخۆیە لە حكومەت و سیاسی نیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردانی لە پرۆسەكەدا نەكردووە. بەڵام، هەفتەیەك بەرلە دادگایكردنەكە، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی كە دەستگیركراوان "نە چالاكوانن و نە ڕۆژنامەنووسن." هەندێكیان سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ ووڵاتانی تر كردووە....هەندێكی تریان ئاژاوەگێڕبوون." هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ئەم ووتەیە بە ماوەیەكی كەم بەرلەدەستپێكردنی دادگایكردنەكان دەستتێوەردانێكی سیاسی نەشیاوە لە ئاستێكی باڵا لە كەیسەكان و پێشیلكارییە لە ئەگەری بێتاوانی بەرگریكاران. پارێزەرەكە ووتی كە تیمەكەی چاوەڕوانی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەن بۆ داواكەیان لە پێداچوونەوەی كەیسەكان. ئەو بەرپرسانەی حكومەت كە بڕیاریان هەیە لە داوای پێداچوونەوەی كەیسەكان دەبێت ڕەچاوی هەموو ئەو پێشیلكاریانە بكەن كە لە پرۆسەی دادگایكردنەكاندا كراوە لەكاتی بڕیاردان لەوەی كە داوای پێداچوونەوەكە پەسەند بكەن یان پشتگیری بڕیارەكەی دادگای تاوانەكان بكەن. وویڵی ووتی، "سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی كوردستان خراپتر دەكات وەك ناوچەیەك كە تێیدا خەڵك ڕووبەڕووی دادگایكردنی نادادپەروەرانە دەبنەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە سیاسەتەكانی حكومەت و دەربڕینی نیگەرانیەكانیان دەربارەی نوخبە سیاسیەكان."
(درەو): لەمساڵدا كۆمپانیای (بێرل پترلیۆم هاوپشكی كۆمپانیای دانەغاز) بڕی (151 ملیۆن) دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە‌و هێشتا بڕی (42 ملیۆن) دۆلار قەرزی لای حكومەتەوە‌و چاوەڕوانە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو پارەیە وەربگرێتەوە. كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی ئاشكرایكرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا كۆمپانیای (بێل پترلیۆم) لە فرۆشی غازی شلی هەرێمی كوردستان بڕی (151 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە. كۆمپانیای داناغاز رێژەی 35%ی پشكی كۆمپانیای (بێرل پترلیۆم)ی هەیە، لەو بڕە پارەیەی كە (بێرل پترلیۆم) ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بڕی (53 ملیۆن) دۆلاری بۆ داناغاز بووە. داناغاز دەڵێ: حكومەتی هەرێم شایستە داراییەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتی‌و لەكاتی خۆیدا دەدات. بەمدواییە (بێرل پترلیۆم) بڕی (24 ملیۆن‌و 600 هەزار) دۆلار قەرزی پێشتری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوەتەوە، لەم پارەیە بڕی (8 ملیۆن‌و 600 هەزار) دۆلاری بۆ داناغاز بووە. سەرباری ئەمە، هێشتا كۆمپانیای (بێرل پترلیۆم) بڕی (42 ملیۆن) دۆلار قەرزی لای حكومەتی هەرێمە، لەم بڕەش داناغاز (14 هەزار‌و 800 هەزار) دۆلاری بەردەكەوێت. داناغاز پێشبینی دەكات لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێمی قەرزەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. بەرهەمهێنانی غاز زیادی كردووە بەگوێرەی بەیاننامەی (داناغاز)، بەهۆی ئەو پەرەپێدانەی كە لە چارەكی كۆتایی ساڵی 2020دا لە وێستگەی (كۆرمۆر) لەناوچەی قادر كەرەم كراوە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داناغاز ئاستی وەبەرهێنانی غازی لەو كێڵگەیە بەرێژەی 12% بەرزكردوەتەوە.
راپۆرتی: درەو سەرەڕای پاڵنەر و ڕێ و شوێنی زۆری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان، بەردەوام رێژەی بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزینە. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەروو لە (٨٧%) خەڵکی کوردستان دەنگیان دا‌و بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و لە دواین خولیشدا سەرەڕای ساختەکاری گەورە ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ (٥٩%)، ئەمە بۆ هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕاستە. بەم نەفەسەی ئێستای حوکمڕانانی هەرێم، بێ ئومێدی و بێ متمانەیی هاوڵاتیان قوڵتر دەبێتەوە. خۆ دزینەوە لە چاکسازی ڕاستەقینەو جددی وهەمەلایەن، هێندەی دیکە هەڵبژاردن بە کارتۆنی تر و بێ بایەختر دەکات و لەسەر ڕێڕەوی دیموکراسی لایدەبات. هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەدوای دروستبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هاووڵاتیانی هەرێم دەیانجار بەشداری هەڵبژاردنی گشتیان کردوو ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و پرسە چارەنوسسازەکانی وەکو دەستور و ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لەوانەش؛ یەکەم: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان 1. خولی یەکەم لە 19ی 5ی 1992 ئاستی بەشداری: 84.4% 2. خولی دووەم لە 30ی 1ی 2005 ئاستی بەشداری: 75.6% 3. خولی سێهەم لە 25ی7ی 2009 ئاستی بەشداری: 74.5% 4. خولی چوارەم لە 21ی 9ی 2013 ئاستی بەشداری: 73.9% 5. خولی پێنجه‌م لە 30ی 9ی 2018 ئاستی بەشداری: 59.8% جار لەدوای جار متمانەی هاووڵاتیان و ئاستی بەشدارییان ڕووی لە دابەزینە، ئەگەر ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نمونە وەربگرین (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) چارتی ژمارە (١) دووەم: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 1. رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە 19ی 5ی 1992 2. خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی7ی 2009 سێیەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان هەرێمی کوردستان 1. خولی یەکەم لە 30ی 1ی 2005 2. خولی دووەم لە 30ی 4ی 2014 چوارەم: ڕیفراندۆمی گشتی 1. دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ٣٠ی ١ی ٢٠٠٥ 2. سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ پێنجەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. خولی یەکەم لە 30ی 1ی ٢٠٠٥ ئاستی بەشداری: 79.6% 2. خولی دووەم لە ٧ی ٣ی 20١٠ ئاستی بەشداری: 60% 3. خولی سێهەم لە 30ی4ی 20١٤ ئاستی بەشداری: 62.4% 4. خولی چوارەم لە ١٢ی ٥ی 20١٨ ئاستی بەشداری: 44.5% 5. خولی پێنجه‌م (کەوا بڕیارە لە ١0ی ١٠ی 20٢١ ئەنجام بدرێت). ئەم دابەزینە لە ئاستی رێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕاستە، لە راپۆرتێکی پێشووی درەو میدیادا بە وردی ئەوەمان خستووەتە ڕوو، بڕوانە (چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) دەنگدەران و ئامارەکانی پارێزگانی هەرێم کوردستان بۆ هەڵبژادنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئێستاشدا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو دەنێین و بڕیارە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە بچێت، بەڵام سەرباری ئەوەی بەشداری هاوڵاتیان بە بەشێوەیەکی گشتی بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکهاتەی کورد گرنگە، بەڵام لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پرسەکە نەبووە بە پرسێکی گەرم و جدی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. هەر بۆ نمونە لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەرقاڵی ئامادەکاری تەواو کردنی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنە، لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەش نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەترییە بۆ دەنگدەران لە ١٥ی ٤ی ٢٠٢١یەوە پرۆسەکە کۆتایی پێهات، بەپێی دواین ئامارەکان، کە لە ٨ی ٤ی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە ئەنجامەکانی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم بەم جۆرەیە؛ 1. پارێزگای هەولێر: لە دوای هەردوو پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانەوەیەو (١٢٢٨٠٣٠) یەک ملیۆن و دووسەدو بیست و هەشت هەزار و سی کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٤١٥٣٤) حەوت سەدو چل و یەک هەزار و پێنج سەدو سی و چوار کەس و بەڕێژەی (٦٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٥٩٤٧٣٥) پێنج سەدو نەوەد و چوار هەزار و حەوت سەد و سی و پێنج کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٨٠٣٢٣) هەشتا هەزار و سێ سەدو بیست و سێ کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٤٨٦٤٩٦) چوار سەدو هەشتاو شەش هەزار و چوار سەدو نەوەد و شەش کەس و بە ڕیژەی (٤٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێ نەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٣)). چارتی ژمارە (٣) 2. پارێزگای سلێمانی: (١٣٦١٩٧١) یەک ملیۆن سێ سەدو شەست و یەک هەزار‌و نۆسەدو حەفتاو یەک کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١٣١٩٩) نۆسەدو سیانزە هەزار و سەدو نەوەدو نۆ کەس و بە ڕیژەی (٦٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٦٤٠٠٧٨) شەش سەدو چل هەزار و حەفتاو هەشت کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٣٠١٧) سێ هەزار و حەڤدە کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٤٤٨٧٧٢) چوار سەدو چل و هەشت هەزار و حەوت سەدو حەفتاو دوو، بە ڕیژەی (٣٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٤)). چارتی ژمارە (4) 3. پارێزگای دهۆک: (٨٢٧٦٥٨) هەشت سەد و بیست و حەوت هەزار‌و شەش سەدو پەنجا و هەشت کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٥٨٣٢١٦) پێنج سەدو هەشتاو سێ هەزار و دوو سەدو شانزە کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە،لەو ژمارەیەش کە تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە (٤٤٨٩٤٧) چوار سەد و چل و هەشت هەزار‌و نۆسەدو چل و حەوت کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوەو (٤٦٢٨٢) چل و شەش هەزار و دوو سەدو هەشتاو دوو کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٢٤٤٤٤٢) دوو سەدو چل و چوار هەزار و چوار سەدو چل و دوو، بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (٥)). چارتی ژمارە (٥) بێ ئومێدبوون لە هەڵبژاردن ئەگەر چی ئەو ئامارانەی سەرەوە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە پاشەکشەی گەورە هەیە، لە بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەو ڕێژانەش جێگەی گومانن، بە چەندین هەوڵی نادیموکراتییانە ڕێژەکان بەرزکراونەتەوەو بوون بە بەشێک لە سەرچاوە نائومێدی لە دەنگدان و بەشداریکردن تێیدا، ئەوانیش؛ یەکەم: ساختەکاری لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشێکی گەورەی ئەو ڕێژانەی پێکهێناوە، بەردەوام بەشێک بووە لە مۆتەکەی هەڵبژاردن کە بە چەندین ڕێگە ئەنجام دراون، لەوانە؛ 1. زیادکردنی ڕێژەی بەشداری بە شێوەی ڕاستەوخۆو یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 2. بەشێک لە کادری پارتە سیاسییەکان چەندە بۆیان لوابێت لە دەنگێک زیاتر و هەندێک جار بە لێشاو دەنگیان داوە. 3. بەکارهێنانی فشار و هەڕەشەی جۆراو جۆر بۆ گۆڕینی ئاراستەی دەنگی دەنگدەر. 4. بەکارهێنانی سزای سیاسی دەنگدەر. 5. کڕینی دەنگ لە ڕێگەی بەخشینی پارەو چەک و پۆست و پایە. 6. بەکارهێنانی کەل و پەل و موڵک و ماڵ و پۆست و دامەزراوە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. 7. بەکارهێنانی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی. دووەم: چەقبەستوویی سیستمی سیاسی و ئاڵوگۆڕی کارتۆنیانەی دەسەڵاتی سیاسی. سێیەم: بێ بەڵێنی و خۆدزینەوە لە بەرنامەو دروشمی کاندید و پارتە سیاسییەکان، دەوڵەمەندبوونی پارت و کاندیدە هەڵبژێردراوەکانیان لەسەر بودجەی گشتی. چوارەم: بەکارتۆنی کردنی دامەزراوەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی هەرێمی کوردستان، زاڵبوونی دەسەڵاتی قوڵی حیزب بنەماڵە و کەسایەتییەکان بەسەر دامەزراوە فەرمییەکان. پێنجەم: لە باربردنی خەمی گشتی و ئەولەویەتدانی پارتە سیاسییەکان بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و کادرەکانیان. شەشەم: دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک (موچە، ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان، تەندروستی و پەروەردە ...) حەوتەم: بەرتەسکبوونەوەی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پێشێل کردنی سەروەری یاسا. هەشتەم: بەردەوامی گەورەبوونی قەبارەی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە داهات وخەرجی لە هەرێمی کوردستان. نۆیەم: درێژەدان بە قەیرانە بەردەوامەکان، بەجێهێشتنیان لە کەبینەیەکەوە بۆ کابینەیەکی تر و لە بۆ حکومەتێکی تر و خۆ دزینەوە لە چارەسەر و یەکتر تۆمەتبارکردن بە کەمتەرخەمی. دەیەم: ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، هەر بۆ نمونە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا تەنها دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دراوە، لە ساڵی (١٩٩٢-٢٠٠٥) تەنها یەک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەشێکشیان لە کاتی خۆی ئەنجام نەدراوە، هەر لەو سی ساڵەدا هەرێمی کوردستان تەنها دوو سەرۆکی هەبووە، کەم مام و برازان، بەردەوامیش سەرۆکایەتییەکانی حکومەت لای یەکێتی و پارتی بووە، تەنها (٢) ساڵ نەبێت سەرۆکی پەرلەمان لەدەرەوەی ئەو دوو هێزە نەبووە، ئەویش بە زەبری هێز پەکخرا. یانزەیەم: نادادپەروەری لە زۆربەی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی و کارگێڕی و پەروەردەیی و وەزشی و هونەری و سەربازی شوڕبوونەوەی بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگاو دروستبوونی بۆشایی گەورە لە نێوان بەرپرسانی سیاسی و منداڵەکانیان بەراورد بە خەڵک ئاسایی و منداڵەکانیان، سەرچاوەیەکی گەورەی نا ئومێدییە لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی هەرێمدا دوانزەیەم: چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە بوارەکانی (وەزە، پێشمەرگە، دەستور، ماددەی ١٤٠...) دابەزینی ئاستی ململانێکان بۆ دەستکەوتی بچوک و کاتی وەک وەرگرتنی پشک و پۆستی حیزبی و پارەو بودجەو ... هەموو ئەو هۆکارانە و دەکرێت دەیان هۆکاری دیکەی بچوک و گەورە لەپاڵ ئەو پاشەکشەو بێ ئومێدییەوە بێت، کەبەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، وایکردووە باوەڕایان بە بەشداری لە هەڵبژاردن لەق ببێت و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی بەرپاکردنی پرۆسەی دیموکراسی لێی نەڕوانن، بەم نەفەسەی ئێستای حوکڕانانی هەرێم بێ متمانەییەکە قوڵتر دەبێتەوە، خۆ دزینەوە لە چاکسازی ڕاستەقینەو جددی هێندەی دیکە هەڵبژاردن بە کارتۆنی تر و بێ بایەختر دەکات و لەسەر ڕێڕەوی دیموکراسی لایدەبات.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) دۆخی ئەمڕۆکەی عێراق دۆخێکی تەواو شەکەت و ماندوە، وڵاتەکە گیری بەدەست دەیان کێشەی گەورە و کوشندەی ھەمەجۆرەوە خواردوە. عێراق لە ئێستادا لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقییەوە وڵاتێکی بیمارە، تێکەڵێکی تەواو نەخۆشە لە کۆرۆنا و گەندەڵیی وتاڵانیی و میلیشیا و گەمەی ترسناکی ھێزە ئیقلیمیەکان. نوخبەیەکی سیاسیی بەدفەڕ و دەیان بازنەی دەسەڵاتی بەهێزی نهێنیی و نادەوڵەتیی کە لە دەرەوەی هەموو میکانیزمێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدان، حوکمی وڵاتەکە دەکەن. هاوکات ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا و گەشەکردنێکی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان و کۆچی جوتیاران و گەورەبوونی بێپلانی شارەکان و دروستبوونی کارەساتی ژینگەییی گەورە و ھەمەجۆر، کێشە بونیادییەکانی دەوڵەتی عێراقیان قووڵتر و ئاڵۆزتر کردووە. ئەم گشتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بیمارە پێویستیی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بنەڕەتیی ھەیە. تاکە کاندیدێکیش کە توانا و ئەگەری ھەندێک گۆڕانکاریی هەڵگتربوو، ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییە بوو کە تەنھالە خوارو و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا دروستبوو. ئەو بزوتنەوەیە نەیتوانی بۆ بەشەکانی تری وڵاتەکە بپەڕێتەوە و لە دوو ساڵی ڕابردووداشدا بە چەندان میکانیزمی جیاواز گەمارۆدرا و بەدەیان شێوە پەلاماردرا، کەسە چالاک و بوێرەکانیان گیران‌و ڕفێندران و تەنانەت تیرۆرکران. لە ئێستاشدا ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی گەشەکردن و بەھێزبوونیان لەبەردەمدا نییە. گەندەڵیی و تاڵانیی سیستماتیک و بەکارھێنانی بەشێکی ئەو سامەنەی لە وڵاتەکەدا ھەیە بۆ دروستکردنی میلیشیای حیزبیی و ناحیزبیی لە تەحەدا سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق و ناوچەکەیە. ئەگەرچی کەس بە وردیی بڕی ئەو پارەیەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا دزراوە نازانێت، بەڵام ھەموو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باس لە بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلار دەکەن. ئەوانەشی بەشی شێری ئەو تاڵانییەیان بەردەکەوێت ئەو نوخبە سیاسییە تائفییەیە کە لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لە وڵاتەکەدا حوکمڕانن. لە مێژە گەندەڵیی و تاڵانیی لە عێراقدا بەتەنھا ئاکاری ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو دەزگا، یاخود ئەم یان ئەو گروپ و پارتی سیاسیی، نییە، بەڵکو سیستەمێکی سەربەخۆیەوە و چەندەھا کەسایەتی سیاسیی و پارت و گروپی سەر بە ھەموو پێکھاتە ئەتنیی و ئایینییەکانی تێدایە، لە زاخۆوە بۆ بەسرە، لە ئیبراھیم خەلیل و باشماخەوە بۆ فاو و ئوم قەسر. عێراق لەپاڵ ئەو ھەموو کێشە سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییانەدا، کێشەی گەشەکردنێکی خێرا و گەورەی دانیشتوانیشی ھەیە. ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە چل ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە، لەکاتێکدا تا ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتا ئەم ژمارەیە سیانزە ملێۆن کەس بوو. گەرچی عێراق لەڕووی مێژووییەوە ئەو سەرزەمینەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتییدا کشتوکاڵیی تیادا بەرھەمھاتوە، بەڵام لەمڕۆدا توانای دابینکردنی خۆراکی بۆ دانیشتوانەکەی خۆشی نییە. ھەتاکو ئەم چرکەساتە جگە لە بۆڵەبۆڵی سیاسیی، ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابووریی دژ بە بەهەدەردانی بەردەوامی سامانی نەتەوەیی لەڕێگای گەندەڵییەوە لە ئارادا نییە. حیکایەتەکانی گەندەڵیی لە عێراقدا ھێجگار ترسناکن و دۆخێک نیشانئەدەن کە لە مێژووی وڵاتانەدا کەموێنەیە. با بۆ نموونە حیکایەتی ”نۆژەنکردنەوەی شانۆی ڕەشید“ لە بەغدا وەربگرین. ساڵی 2013 ڕێکخراوی یۆنسکۆ بەغدای وەک ”پایتەختی کولتوریی جیھانی عەرەب“ ھەڵبژارد و بڕی 21 ملیۆن دۆلاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی ”مسرح الرشید“ لە بەغدا، تەرخانکرد. حکومەتی عێراق بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە 21 ملیۆن دۆلارەکەی بە کۆمپانیایەکی تورکیی دا، بەناوی ڕۆتام. تەنانەت پێش ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ پلانێک بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەکە پێشکەش بە حکومەت بکات. ساڵەکە تێدەپەڕێت و کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ کارێک ئەنجامنادات، ھیچ کەسێکی سەر بە کۆمپانیاکەش بۆ جارێکیش لە شوێنی کارکردنەکە دەرناکەوێت. دواتر کۆمەڵێک لە قوتابیانی ئەکادیمیای ھونەر لە بەغدا، بە ھاوکاری ژمارەیەک خۆبەخش دەست بە ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوەی شانۆکە دەکەن. سێ ساڵ دواتر، ساڵی 2016، کۆمەڵێک ھونەرمەندی عێراقیی دەرگای شانۆکە دەکەنەوە و دەیخەنەوە کار. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە نە وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق، کە پێشتر و لە سەردەمی داگیرکردنی موسڵدا لەلایەن داعشەوە وەزیری بەرگریی بوو، نە ھیچ بەرپرسێکی تری حکومیی، ڕووبەڕووی ھیچ جۆرە بەرپرسیاریەتێک نەکراونەوە، بە بەرچاوی ھەموو جیهانەوە ئەو 21 ملیۆن دۆلارە لە عێراق وونبوو کە یۆنسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شانۆکە تەرخانیکردبوو. بێگومان گەندەڵیی لە عێراقدا تەنھا دزینی پارەی گشتیی و سامانی نیشتیمانی نییە لەلایەن ھێزە سیاسیی و میلیشیا سەربازیی و خێزانە سوڵتانییە دەسەڵاتداراکانەوە، بەڵکو نەخۆشییەکی گەورەیە کە ھەم لەناو سەرجەمی دەزگاکانی دەوڵەتدا ئامادەیە، ھەم لەناو کۆمەڵگاکە خۆشی‌دا. بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی نیشتیمانیی لە عێراقدا پارەی نەوتە، بەشی ھەرەزۆری گەندەڵییەکان لەناو دەزگاکانی دەوڵەت و پێگە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەدا پیادەدەکرێت. بڕ و ڕادەی بەتاڵانبردنی ئەم پارەیە لە ئاستێکدایە وڵاتەکەی تەواو وێرانکردوە؛ نە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکە، نە سیستەمی پەروەردە و فێربوون، نە کارەبا، نە ئاو، نە ھیچ خزمەتگوزارییەکی گشتیی لە ئاستی دابینکردنی ئەو لانی ھەرەکەمەدا نییە کە خەڵکی وڵاتەکە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێویستیان پێیەتی. ھێزە سەرەکیی و سەرە گەورەکانی ناو حوکمڕانییەکەش، چونکە لە ھەمووان زیاتر لە سەرچاوەی داھاتی نەوتەوە نزیکن، بۆیە لە ھەمووان گەندەڵتر و تاڵانچیترن. ئەمانە ئەوانەن لە عێراقدا پێیان دەگوترێت ”الحیتان“، واتە نەھەنگەکان و لە کوردستانیشدا پێیان دەگوترێت ”فیرعەونەکان“. ھەریەکێک لەمانە چەندەھا کۆشک و تەلاری تایبەت و گرانبەھایان لە پایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی تری دونیادا کڕیوە، سوپەرمارکێت و بازاڕی گەورەیان لە زیاد لە شوێنێکی جیھاندا دروستکردوە، کەشتیی و فڕۆکەی تایبەتان ھەیە، پارەی زۆریان لە سەر ژمارەی بانکی نھێنیی لە زیاد لە وڵاتێکی دونیادا ھەیە. ئەمانە یان خۆیان سیاسییە گەورە و حوکمڕانەکانی وڵاتەکەن، یاخود کەسوکارەکانیانن، یان کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەوەی ئەم سیاسییە تاڵانچییانە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە ئەنجامیانداوە، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگا و ئۆرگانە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیە بە ئاراستەی گۆڕینیان بۆ مەقاشی دەستی خۆیان و بەکارھێنانیان بەوشێوەیە بتوانن ھەم درێژە بەو دۆخە پڕ تاڵاناکرییەبدەن و ھەم پێگە سەرەکییەکانی خۆیان لەناویدا بەھێزتر بکەن. بۆ نموونە پارتە سیاسییەکان، کە پێویستە ئۆرگانێکی خاوەن پلان و بەرنامەی ڕیفۆرمکردنی وڵاتەکە بن، گۆڕاون بۆ موڵکی شەخسیی کەس و خێزان و بنەماڵە سیاسییەکان و ئەوانن دەستنیشانی چۆنیەتی کارکردن و ھەڵسوکەوتی ئەو پارتانە دەکەن. ئەم پارتە سیاسییانە لەوە کەوتون ئۆرگانێک بن بۆ تەعبیرکردن لە دونیابینییەکی سیاسیی و ئامرازێک بۆ دروستکردنی واقیعێکی باشتر و کەمکێشەتر. ئەوەی لە عێراق و بێگومان لە کوردستانیشدا ڕوودەدات، پرۆسەیەکی ھەمەلایەنی ”لەحیزبخستنی حیزب“ و بەتاڵکردنەوەیەتی لە ئەرک و پلانی ڕێکخستن و داڕشتنەوەی کۆمەڵگا بەرەو باشتر. دەزگای حیزب گۆڕاوە بۆ ماشێنێکی گەورەی بەرگریکردن لەو بنەماڵە و خێزانە حوکمڕانانە و سەپاندنی پێگەکانیان بەسەر ھەموواندا. چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستاندا، حیزب بووە بە دەزگایەکی بەهێز و کاریگەری خێزانیی و بنەماڵەیی کە توانا و هەیبەتی لە پێگەی ئۆرگانە دەستوورییەکانی ناو دەزگای دەوڵەت گەورەتر و بەهێزترە. حیزب لەم مۆدێلە ترسناکەی دەسەڵاتدارێتییدا خاوەنی کۆمپانیا و میلیشیا و ئابووریی و دارایی و بانک و میدیایە، کە دەوڵەت وەک ئامراز و ئامێرێک بۆ پاراستنی ماڵە سیاسییەکەی خۆی و ئەندامانی خێزانە داخراوەکەی خۆی تەماشادەکات. دەزگای دەوڵەت لەلایەن حیزبەوە تەنها ئەو کاتە شەرعییەتی هەیە کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەسکەوت و داهاتەکانی حیزب زامنبکات. لە ڕاستیدا دەوڵەت لە عێراقی دوای بەعسدا، لەسەر ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی ھەرێمی کوردستان، بووە بە نێچیرێک کە حیزب و خێزانە سوڵتانییەکان ڕاویدەکەن. لەناو ئەو ھاوکێشە تایبەتەی دەسەڵات لە عێراقدا یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ”لەحیزبخستنی حیزب“، بریتییە لە دروستکردنی لەشکری تایبەت بۆ حیزب. بڕێکی ئەو تاڵانکارییەی کە ڕوودەدات، بۆ دروستکردن و پاراستنی ئەو سوپا و میلیشیا تایبەتانە تەرخاندەکرێت، کە حیزبەکان خاوەنیانن. بوونی ئەو ھەموو میلیشیا و سوپا تایبەتانە لە باکور و باشور و ناوەڕستی وڵاتەکەدا، کە لەناو واقیعدا ھەن و پڕچەک و بەھێزن، یەکێکە لە کێشە ھەرە قووڵ و سەرەکییەکانی وڵاتەکە. لە زۆر ڕووشەوە یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو ژێرکەوتنە ئابڕوبەرەی سوپای عێراق لەبەرامبەر داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە داعش لە ماوەیەکی ھێجگار کورت‌دا سێ یەکی خاکی عێراقی داگیرکرد، پەیوەندیی بەم کردەی بە میلیشیاکردنەی سوپاوە ھەیە. لەسەر کاغەز سوپای عێراق سوپایەکی گەورەیە و سەدان ھەزار چەکداری ھەیە، بەڵام بەردەوام دەردەکەوێت چەندان یەکە لەو یەکە سەربازییانەی لەسەر کاغەز ھەن و پڕچەکن، لە واقیعدا بوونیان نییە. موچە و مەسروفی ئەو یەکە وەھمیانە دەچێتە گیرفانی ئەفسەرە گەورەکانی سوپاوە، کە ئەوانیش بەسەدان ڕایەڵەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و بەحیزبە سەرەکییەکانی وڵاتەکەوە، گرێدراون. بەبێ گۆڕینی ئەو نەخشە سیاسییە لە وڵاتەکەدا، بەبێ لێپرسینەوەیەکی بەرفراوان لەو ھێزانەی لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لەو وڵاتەدا حوکمڕانبوون، مانایەک بۆ ھەڵبژاردن لە عێراقدا نامێنێتەوە. ھەڵبژاردن لەناو ئەم سیستەمە وێرانەدا چاوەڕوانی شتێکی ئەوتۆی لێناکرێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا ھەڵبژاردندەشێت ئەم یان ئەو ھێز و بلۆکی سیاسیی بەرپرس لەو ھەموو تاوانە، گەورە بکات، ئەمانیش چەند گەورەتربن، ئەوەندە لە قاسەکانی پارەی نەوتەوە نزیکدەبنەوە و ئەوەندەش توانای دزیکردن و تاڵانکردنیان زیاددەکات. عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی خاوەنی کۆمەڵگایەکی گەنجە، گەنجان زۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. ئەم گەنجانە شەری داعشیان کرد، شەڕی بێکاریی و بێمووچەیی و بێ دامەزراندنیان کرد، شەڕی خۆیان بۆ بەخشینی مانایەک بە ژیانی خۆیان کرد. گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو حیزبە تەقلیدییەکان ناڕازین، هەم لە وەهمی تائیفییەت ناڕازین و هەم لە درۆ و خورافەتەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە ئەتنییەش کە بە لۆژیکی سوڵتانیی چەند بنەماڵەیەکی بازرگانی سیاسیی کاردەکەن. بۆیە ئەوەی ئەم نەوەیە لە ئێستادا دەجوڵێنێت، نائومێدییە؛ نائومێدییەک دابڕاو لە خەونێکی سیاسیی بەرجەستە و لە ئامادەگیی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی کۆنکریت. بۆیە ئەم نائومێدییە دەشێت هۆکارێک بێت، هەم خۆپیشاندان و توندوتیژیی گەورتری لێبکەوێتەوە، هەم ناشتنێکی یەکجارەکی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا، وەک رێگایەک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی. بابەتی پێشتر بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرت: درەو هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدایە، هەڵبژاردنێك كە پێناچێت گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی پلەی یەكەم‌و دووەم بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات، كێبركێكە لەسەر پلەی سێیەمە لەنێوان (گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی). كورتەیەكی مێژوویی بزوتنەوەی گۆڕان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی، كێبەركێ لەسەر پلەی سێیەمی دەكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە واتە لەیەكەم هەڵبژاردنەوە تائێستا، جگە لە هەڵبژاردنی (2005)، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان) لەپلەی یەكەمدا بووە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جگە لە هەڵبژاردنەكانی (2005) كە پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی تردا لە پلەی دووەمدا بووە لە دوای پارتییەوە، ساڵی 2009 یەكێتی دووەمی لەدەستدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و بوو بە سێیەم گەورە حزبی هەرێمی كوردستان، لەدواین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و عێراقدا كە هەردووكیانم ساڵی 2018 بەڕێوەچوون، یەكێتی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ پلەی دووەم‌و پێش بزوتنەوەی گۆڕان كەوتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە لە ساڵی 2009، لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بوو بە دووەم گەورە هێزی سیاسی هەرێمی كوردستان لەدوای پارتی، بەڵام لەدواین هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقدا دەنگەكانی پاشەكشێی گەورەی كرد‌و بوو بە هێزی سێیەم لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لە پەرلەمان. جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی (كۆمەڵی ئیسلامی پێشوو) لە پلەی چوارەم‌و پێنجەمدان، یەكگرتووی ئیسلامیش كە رۆژگارێك دوای پارتی‌و یەكێتی، لەڕووی ژمارەی دەنگدەرەوە سێیەمین هێزی سیاسی كوردستان بوو، ئەمساڵانەی دوایی پاشەكشێی گەورەی كردووە‌و بووە بە هێزی شەشەم. یەكەمی كوردستان سەرباری ساختەكاری و هەموو ئەو تێبینییانەی كە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەن لە هەرێمی كوردستان، مێژووی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان دەریدەخەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرو كورسییەكانەوە، حزبی ژمارە یەكی هەرێمی كوردستانە: • لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پارتی (437 هەزار‌و 879) دەنگی بەدەستهێنا، بە رێژەی (45%) لە پلەی یەكەمدا بوو، یەكێتی (423 هەزار‌و 833) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (43.6%) لە پلەی دووەمدا بوو، بزوتنەوەی ئیسلامی (49 هەزار‌و 108) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (5%) لە پلەی سێیەمدا بوو. یەكێتی لە پلەی یەكەمدا ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار گۆڕانكارییەك لە تەرازووی هێزدا دروست بوو، لەم ساڵەدا سێ هەڵبژاردن بەڕێوەچوو (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان)، پارتی‌و یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراقدا بە یەك لیست بەشداربوون، بۆیە دەنگەكانیان تێكەڵ بوو، نازانرێت كامیان زیاتریان هێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە جیا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی هەرێم بەدەستهێنا. یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا (765 هەزار‌و 736) دەنگی بەدەستهێناو پلەی یەكەمی هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان (741 هەزار‌و 483) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی دووەمدا بوو، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (133 هەزار‌و 206) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی سێیەمدا بوو. گۆڕان پلەی دووەم دەگرێت لە دوای هەڵبژاردنی 2009ی پەرلەمانی كوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دەگرێت، ئەمە گۆڕانكارییەكی تربوو كە لە هاوكێشەی هێزدا دروستبوو، لەمساڵەدا یەكێتی‌و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، ئەم شەراكەكە یەكێتی كرد بە هێزی سێیەم‌و گۆڕان بوو بە هێزی دووەم دوای پارتی. ساڵی 2010 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم ساڵەشدا گۆڕان جارێكی تر پێش یەكێتی كەوتەوە‌و بووە بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێم لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2010دا بەمشێوەیە بوو: • پارتی (670 هەزار‌و 965) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (34.6%)، پلەی یەكەم. • بزوتنەوەی گۆڕان (425 هەزار‌و 793) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (22%)، لە پلەی دووەمدایە. • یەكێتی (397 هەزار‌و 929) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (20.5%)، پلەی سێیەم. • یەكگرتووی ئیسلامی (214 هەزار‌و 222) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (11.5%)، لە پلەی چوارەم. ساڵی 2013 جارێكی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، ریزبەندی هێزەكان لەم هەڵبژاردنەدا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهات، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان بووەوە بە هێزی دووەم، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكان بەمشێوەیە بوون: • پارتی (743 هەزار‌و 984) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (38%)، پلەی یەكەم‌و (38) كورسی. • بزوتنەوەی گۆڕان (476 هەزار‌و 736) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (24.4%)، لە پلەی دووەمدایەو (24) كورسی. • یەكێتی (350 هەزار‌و 500) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (18%)، پلەی سێیەم‌و (18) كورسی. • یەكگرتووی ئیسلامی (186 هەزار‌و 741) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (10%)، لە پلەی چوارەمدایەو (10) كورسی. گۆڕان‌و یەكگرتوو پاشەكشێیان كرد لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 2018 بەڕێوەچوو، هاوسەنگی هێز جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا هاتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی لەدەستدا‌و یەكێتی پلەی دووەمی وەرگرتەوە، دەنگی لایەنەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەم شێوەیە بوو: • پارتی (686 هەزار‌و 70) دەنگی بەدەستهێنا، (45) كورسی پلەی یەكەم. • یەكێتی (319 هەزار‌و 912) دەنگی بەدەستهێنا، (21) كورسی، لە پلەی دووەمدا. • بزوتنەوەی گۆڕان (186 هەزار‌و 903) دەنگی بەدەستهێنا، (12) كورسی‌و پلەی سێیەم. • جوڵانەوەی نەوەی نوێ (127 هەزار‌و 115) دەنگی بەدەستهێنا، (8) كورسی‌و پلەی چوارەم. • كۆمەڵی ئیسلامی (109 هەزار‌و 494) دەنگی بەدەستهێنا، (7) كورسی‌و پلەی پێنجەم. • یەكگرتووی ئیسلامی (79 هەزار‌و 434) دەنگی بەدەستهێنا، (5) كورسی‌و پلەی شەشەم. كێ دەچێتە پلەی سێیەم ؟ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان ناكرێت لەسەر پلەی یەكەم‌و دووەم گۆڕانكاری لە ریزبەندی هێزە سیاسییەكاندا روبدات، واتە پارتی‌و یەكێتی لە پلەی یەكەم‌و دووەمدا دەمێننەوە، گۆڕانكاری لەسەر ئاستی پلەی سێیەم بۆ سەرەوە رودەدات. هێزی سێیەمی هەرێمی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە دەكەوێتە كێبركێی نێوان (بزوتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی). • بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونیەوە لە 2009 تا دواین هەڵبژاردن لە پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بووە بە دەنگ‌و بە ژمارەی كورسی، بەڵام لەدواین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بە رێژەیەكی بەرچاو دەنگ‌و كورسیەكانی كەمیكرد، كورسییەكانی لە (24) كورسیەوە بۆ (12) كورسی بەڕێژەی (50%) دابەزی، دەنگەكانیشی لە (476 هەزار) دەنگەوە بۆ (186 هەزار) دەنگ دابەزی بەڕێژەی (61%)، ئێستا كە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و تاقیكردنەوەیەكی نوێدایە، بزوتنەوەی گۆڕان بەدەست كۆمەڵێك كێشە‌و گرفتی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بەشێك لە هەڵسوڕاوەكانی ناڕازین‌و لەماڵەوە دانیشتوون‌و كار بۆ بزوتنەوەكە ناكەن، فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق لە كێشە‌و ململانێدایە لەگەڵ رێكخەری گشتی، نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان لە كێشەدان لەگەڵ حزبەكەیان، بزوتنەوەكە بەشدارە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بووەتەوە لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەران‌و پرسی چاكسازیی، هەموو ئەم بارودۆخانە رەنگە بەشێوەیەنی نەرێنی كاریگەرییان لەسەر پێگەی گۆڕان هەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە سەركردەكانی گۆڕان لەبری ئەوەی بیری لەوە بكەنەوە بەتەنیا بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە، بەدوای هاوپەیمانێتیدا دەگەڕێن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیدا. • جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەم خولەدا (4) كورسی خۆی لە پەرلەمانی عێراق لەدەستدا‌و لە پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندامی فراكسیۆنەكەی جیابونەوە، جوڵانەوەكە هۆشداری ئەم لێبونەوەیە بۆ دەستوەردانی پارتی‌و یەكێتی‌و كڕینی ئەندامەكانی ناودەبات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر ئەم دابەشبونە ناوخۆییەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خراپی بەڕێوەبردنی حزبەكە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە ناودەبەن، لەڕووی رێكخستنەوە ئەم حزبە لەم ساڵانەی دوایی گورزی گەورەی بەركەوتووە، بەڵام چەكی بەهێزی دەستی بۆ هەڵبژاردن گروپێك كەناڵی راگەیاندنە (ئێن ئاڕ تی) كە دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی باش سودیان لێ ببینێت، سەرباری ئەمە لەكابینەی نۆیەمدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردووە‌و ناكەوێتە بەر گلەیی دەنگدەران سەبارەت بە ئەدای كاری حكومەت لەم خولەدا. • كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئێستا خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان‌و لە پەرلەمانی عێراقیش (2) كورسی هەیە، ئەم هێزە بەمدواییە لە كۆنگرەی خۆیدا هەندێك گۆڕانكاری كردووە، پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی خۆی لابردووە، ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕیوە بۆ (كۆمەڵی دادگەریی)، بەم گۆڕانكارییانەوە هیواخوازە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، سنوری دەنگدەرانی ئیسلامی تێپەڕێنێت‌و لەناو هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەدا دەنگ كۆبكاتەوە‌و لەدوای پارتی‌و یەكێتییەوە پلەی سێیەم بگرێت، بەتایبەتیش كە حزبەكە لەم كابینەیەدا بەشدار نییە لە حكومەت‌و پەرلەمانتارو میدیاكەی دژی هەنگاوەكانی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچە‌و چاكسازییەوە قسە دەكات. • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سەرەتای راگەیاندنیەوە لە ساڵی 1994 بۆ 2009 پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانی گرتبوو، لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پاشەكشێی گەورەی كردووە، لەدواین هەڵبژاردندا دابەزی بۆ پلەی شەشەم، ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنە‌و بەشدار نییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەدای كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی لەبەردەم جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریدا دواكەوتووە‌و وەكو پێویست توانای راكێشانی سەرەنجی شەقامی دەنگدەری نییە. بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەریی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی كێبركێ لەسەر پلەی سێیەم دەكەن، چانسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەهێزترە بۆ ئەوەی پلەی سێیەم بگرن.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە (2) زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران‌دا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو. سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی لە مێژووی ئێران‌دا و لە ٤٢ساڵی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ئەو وڵاتە حەوت سەرکۆماری بە خۆیەوە دیووە: بەنی سەدر(٨٠-١٩٨١)، ڕەجایی(٨١-١٩٨١)٢٨ڕۆژ سەرکۆماریی کرد و کوژرا، خامینەیی(٨١-١٩٨٩)، رەفسەنجانی(٨٩-١٩٩٧)، خاتەمی(١٩٩٧-٢٠٠٥)، ئەحمەدینەژاد(٢٠٠٥-٢٠١٣) و حەسەن ڕۆحانی(٢٠١٣-٢٠٢١) و واش چاوەڕێ دەکرێت دوومانگی دیکە هەشتەمین سەرۆک بچێتە پاستۆرەوە(شوێنی دەزگای سەرۆکایەتی). بەرلەوی لە دەسەڵات و پێگەی سەرکۆمار باس بکەین، گرنگە بزانرێت ئەو پۆستە کەی دانرا و مێژووی هەوڵەکانی بە کۆمارییکردنی ئێران بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ مێژووی هەوڵەکانی بەکۆمارییکردنی ئێران تا هەنووکە وا دەرکەوتووە، کە یەکەمین ئاماژەی ئێرانییەک بە سیستەمی کۆماریی بگەڕێتەوە بۆ سەفەرنامەکەی میرزا ساڵحی شیرازی لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا و لەسەردەمی دەوڵەتی قاجاردا، کە تێیدا باسی لە سیستەمێکی سیاسیی بێ پادشا و کۆمارەکەی پاش شۆڕشی فەرەنسی کردووە، دیارە لەو سەردەمەدا پێناسەی کۆماریی، ئیلهامەکەی لە کۆماری فەرەنساوە وەرگیراوە. جیا لەمەش هاوچەرخی شیرازی و پاشتریش چەندین مونەویر و نوخبەی خوێندەواری سیاسیی کەم تا زۆر باسی سیستەمی کۆماری و چەسپاندنیان پێشنیار کردووە و هەندێکیان هەوڵیشیان بۆ داوە، وەک صەدرولمەمالیک، تاڵبوف، نازیمودەولە، ئەحمەد کرمانی و حەسەن ساحێبزەمانی، نازیمولئیسلام کرمانی، حەسەن تەباتەبایی و ..تاد. وەک جوڵەی سیاسی و بەئامانجی چەسپاندنیشی، چەندین هەوڵی ناکام بەر لە ساڵی ١٩٧٩دا دراوە، یەکەمینیان دەگەڕێتەوە بۆ صەدرولمەمالیکی ئەردەبیلی و بە هاندانی وەزیری موختاری فەرەنسا لە ئیران (دۆسێ تێرباز)، کە یەکەمین هەنگاو بووە بەمەبەستی چەسپاندنی سیستەمی کۆماریی لە ئێران‌دا هاوێژرابێت، جیا لەوەی سەرنەکەوت بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی قاجار و فەرەنساش لە سەردەمی ناسرەدین شادا. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی سەردەمی قاجاردا و لە ئانی سەرۆکوەزیرانی ڕەزاخان-دا، شەپۆلێکی کۆمارییخوازیی جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە، کە لەژێرەوە ڕەزاخان(شای دواتر) هاندەری بوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران لە ساڵی ١٩٢٤دا، پرۆژەی سیستەمێکی کۆماری و کۆتاییهێنان بە پادشایەتی قاجاریان پێشنیار کرد، هێندەی نەمابوو دەنگدانی بۆ بکرێت و سیستەمەکە جێگیر بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کەمینەیەکەوە دەمەقاڵەیەک لەنێوان لایەنگرانی کۆماریی و نەیارانیدا، درووست بوو، یەکێک لە پەرلەمانتاران زللەیەکی لە ئاخوندێکی پەرلەمانتار(حەسەن مودەڕیس) دا و بەوشێوەیە ململانێکە لەنێو خەڵکدا وەک شەڕی سوکایەتی بە پیاوی ئاینی لەقەڵەمدرا و لەدەرەوەی پەرلەمان خەڵکیان هێنایەسەرشەقام و لەپەنای ئەو پۆپۆلیزمە ئاینییەدا، پرۆژەی کۆمارییخوازی لە پەرلەماندا سەرکپ کرا. جیا لەم هەوڵەش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، سێ کۆماری وەک گیلان-ی میرزا کوچەک خان و هاوپەیمانە چەپەکانی(١٩٢١)، کۆماری کوردستان-ی قازی محەمەد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات(١٩٤٦) و حکومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان(گەرچی ئەم ناوی کۆماری هەڵنەگرت) دامەزران، کە بە هەوڵەکانی کۆماریی لەقەڵەم دەدرێن، بەڵام هەر زوو لەنێوبران. لەسەردەمی حکومەتەکەی موسەدەقوسەڵتەنە ١٩٥٣شدا، حسێنی فاتیمی(وەزیری دەرەوە) بە بانگەشەکاری هەڵوەشاندنەوەی پاشایەتی دادەنرێت و لایەنگرانی بە شەهیدی کۆمارییخوازیی دەناسێنن. بەڵام ئەزموونی درێژخایەنی کۆماریش(ئەڵبەت بەتامی مەزهەبی و ئیسلامییەوە)، دەگەڕێتەوە بۆ پاش هەرەسی سیستەمی پاشایەتی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا، کە زۆری نەبرد بەهۆی ڕاپرسییەکەوە، سیستەمی سیاسیی ئێران لە پاشایەتییەوە (دەوڵەتی شاهەنشایی ئێران) گۆڕدرا بۆ کۆماریی(کۆماری ئیسلامیی ئێران) (بڕوانە: ئێراننامەی ١). هەر بەپێی جۆری سیستەمەکەش پۆستی سەرۆک کۆمار دانرا، یەکەمین سەرکۆماریش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا لە ١٥ی کانوونی دووەمی١٩٨٠دا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر بوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ٢١ی حوزەیرانی١٩٨١دا لەسەر کار لادرا و پاشتر بەرەو پاریس هەڵهات. دوایەمین سەرکۆماریش حەسەن ڕۆحانییە و تا تەمووزی دادێ دواکاتەکانی نێو شەقامی پاستۆر (سەرۆکایەتی کۆمار) بەڕێدەکات. پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەدەستوری ئێرانی‌دا بەپێی ماددەی ١١٣، پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش پۆستی ڕێبەر، بە دووەمین پۆستی دەوڵەت دادەنرێت و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (بێجگە لەو کاروبارانەی ڕاستەوخۆ بە ڕێبەری باڵاوە پەیوەستن) لەدەستدایە. بەپێی ماددەی ١١٤ش، سەرکۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و بە دوای یەکدا تەنها یەکجاری دی بۆی هەیە خۆی هەڵبژێرێتەوە. لەبارەی مەرجەکانی پاڵێوراوی بۆ سەرکۆماربوونیش ماددەی ١١٥ بەمشێوەیە ڕوونی کردووەتەوە: پێویستە بە ڕەچەڵەک و رەگەزنامە ئێرانی بێت، بەڕێوەبەر و چارەساز، خاوەن پێشینەیەکی چاک، ئەمانەتپارێز و بەتەقوا بێت، ئیماندار و باوەڕدار(مومن و معتقد) بێت بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمی ئێران(دوانزەئیمامی شیعە)، پێویستە بەر لە هەڵبژاردن پاڵێوراوێتی خۆی ڕابگەیەنێت(ماددەکانی ١١٥و١١٦ی دەستوور). سەرکۆماریی زۆرینەی دەنگی ڕەهای بەشداربووانی لەهەڵبژاردندا پێویستە، لە ئەگەری نەهێنانی ئەو ڕێژەیە، پێویستە هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەمەوە ،کە لەم دەنگدانەدا تەنها دوو کاندیدی یەکەم و دووەم بەشدار دەبن و سەرکەوتوویان دەبێتە سەرکۆمار(ماددەی١١٧دەستوور). هەڵبژاردن پێویستە لانیکەم مانگێک بەر لە کۆتایی وادەی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی سەرکۆماری پێشوو ئەنجام بدرێت(ماددەی١٢٠)، بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونیشی دەبێت بچێتە تەلاری پەرلەمان و بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی شورای نیگەهبان، سوێندی یاسایی بخوات، لێرەوە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت و بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم خەڵک و ڕێبەری باڵا و پەرلەماندا(ماددەکانی١٢١و١٢٢). دیارترین دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار ئەمانەن: دیاریکردنی ئەنجومەنی وەزیران و لابردنی هەر وەزیرێکی کابینەکەی هەیە، بەڵام بۆ دانانی هەر وەزیرێک پێویستە وەزیری پێشنیارکراو متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، هەروەها دەسەڵاتی دانانی سەرۆکەکانی دامەزراوەکانی بودجە، میراتی کولتووری، پیشەی دەستی و گەشتوگوزاریی، وزەی ئەتۆم، ژینگە و بانکی ناوەندی هەیە. ئیمزای پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەستۆیدایە(پاش ئەوەی لە پەرلەمان پەسەند دەکرێن). دەتوانێت داوای دانیشتنی نهێنیی پەرلەمان بکات، مافی هەیە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات(بەبێ دەنگدان). سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەکات، بەڵام پێویستە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە پەسەندنامەی ڕێبەری باڵای شۆڕش وەربگرن.(ماددەکانی ١٢٢-١٢٩، ١٣٣-١٣٦و١٣٨) لەئەگەری مردن، لادان، دەستلەکارکێشانەوە و نەخۆشییەک لە دوومانگی زیاتر دەوام نەکات، یاخود لەئەگەری هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ‌دا بە هەر هۆیەک بێت، یاریدەدەری یەکەمی سەرکۆمار کارووبارەکان لەئەستۆ دەگرێت و ئەنجومەنێک لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و یاریدەدەری یەکەمی سەرۆک پێکدەهێنرێت، تا لەماوەی ٥٠ ڕۆژدا(نەک زیاتر) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامادە بکەن و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێردرێت.(ماددەی١٣١) بۆ لێپێچینەوە و پرساندنیشی، ئەوا بە دەنگی یەک لەسەرچواری ئەندامانی پەرلەمان پێویستە بچێتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، بۆ دەستپێلەکارکێشانەوەش بە دەنگدانی سێ لەسەرچواری ئەندامان و بە ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵا لەکاردەخرێت.(ماددەکانی١٣٠-١٣٢). پێگە و تەگەرەی بەردەم سەرکۆمار هەڵسەنگێنەرانی سیستەمی سیاسیی و بەتایبەت پۆستی سەرۆکایەتی، لەباوەڕەدان کێشە و کۆسپی بەردەم دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بریتیە لە پەیوەستییەکانی ئەم پۆستە لە سێ ئاستدا: ١.هەر لە پاڵفتەی پاڵێوراوەکانییەوە تا دەگاتە سوێندخواردن و لادان یان تەواوبوونی ئەرکەکەی، کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتێکی سەرووی خۆیەوە(ڕێبەر)، ٢.هەروەها پرۆسەی چاودێریی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن و پەسەندکردنی دەنگەکانی(شورای نیگەهبان)، ٣.لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتییەتی لەبەردەم دەزگایەکدا لەکاتێکدا ئەو هەڵینەبژاردووە(پەرلەمان)، لەمەدا گەرچی سیستەم لەسەربنەمای ویلایەتی فەقیه و کۆمارییە بەڵام بۆ لادان و لێپرسینەوەی سەرکۆمار بووەتە پەرلەمانی! گرفتێکی دیکەی سەرەکی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی، لە ماددەی١١٨دایە، کە تێیدا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری(بە پێی ماددەی٩٩) خستووەتە ئەستۆی شورای نیگەهبان (ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) کە دەزگایەکی هەڵنبژێردراوە(لە زۆرێک وڵات ئەم پرۆسەیە کۆمسیۆن و دەسەڵاتی دادوەریی ڕێکی دەخەن). کە تێیدا لە پرۆسەی پاڵفتەکردن و پشکنینی باوەڕەکانی کاندیدەکانەوە دەستپیدەکات تا پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. دەسەڵاتێکی کاریگەری ئەم شورایە، ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانە. لە نۆ خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا، هەشت خولی چاودێری کردووە(لە خولی یەکەمدا دانەمەزرابوو)، لە دووەمین خولی هەڵبژاردنەوە بەمشێوەیە خۆپاڵێوەکانی رەتکردووەتەوە و کەمینەیەکی وەک پاڵێوراو پەسەندکردووە: خولی دووەم لە ٧١ کەس سەرۆکایەتی تەنها ٤پیان پاڵیوران، خولی سێیەم لە ٤٥کەس ٤پاڵێوراو، خولی چوارەم لە٥٠کەس ٣پاڵێوراو. خولی پێنجەم لە ٨٠ کەس٢ پاڵێوراو. خولی شەشەم لە ١٢٨کەس ٤ پاڵێوراو، خولی حەوتەم لە ٢٣٨کەس ٤پاڵێوراو، خولی هەشتەم لە ٨١٤کەس ١٠ پاڵێوراو، خولی نۆیەم لە ١٠١٤کەس ٦ پاڵێوراو، لەخولی دەیەمیشدا تەنها ٤ پاڵێوراو، خولی یانزەش لە ٦٨٦کەس ٩ پاڵێوراو و لە دوا خولیشدا(دوانزەیەم) لە ١٦٣٦کەس تەنها ٦پاڵێوراو پەسەندکران و ململانێ‌یان کرد، لە کاتێکدا بەشێکی دیاری پاڵێوراوە ڕەتکراوەکان لە سەرانی شۆڕش و بەشداری بڕیاری سیاسیی و لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدا بوون، وەک ڕەفسەنجانی، خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و تاد. گرفتێکی دیکەی دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بەکردەیی هەندێ دۆسێی لەدەستدا نییە، وەک وەزارەتی بەرگریی، دەرەوە، سوپا، ئەتۆم، ئیمام جومعەکان (کە لەهاندان و ئاراستەکردنی خەڵکدا کاریگەرن و ڕێبەر دایان دەنێت)، دانووستاندن و داهاتی شوێنەپیرۆزەکان و دەزگائایینەکان، کە ئەمانە ڕاستەوخۆ پەیوەستکراون بە دەسەڵات و هەژموونی ڕێبەرایەتییەوە. بۆیە وەک نەریتێکی سیاسی لێهاتووە کە زۆبەی کات لە کۆتایی خولەکانیاندا کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی ڕێبەر و لایەنگرانی، ئەم پشتتێکردنەی ڕێبەریش لەبەنی سەدرەوە تا ڕۆحانی بەدی دەکرێت تەنها سەردەمی سەرۆکایەتی ڕەجایی و خامینەییدا نەبێت، یەکەم لەبەرئەوەی لە مانگی یەکەمیدا کوژراو و دووەمیش خومەینی مرد و خۆی بوویە رێبەری باڵا. ئەم گرفتانە کێشەی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکان و پلانەکانیشی درووستکردووە، تەنانەت بەهۆی بەرپرسیارێتی و چاودێریی شورای نیگەهبانەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار، ئاراستەی پرۆسەی سیاسیی و کاڵکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی و پەراوێزخستنی چەندین حزب و ئاراستەی سیاسیی لێکوتووەتەوە و بەجۆرێک بەهۆی پاڵفەتەکردنی کاندیدەکانی سەرکۆمارییەوە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەڵاحییاتەکانیشیان تێکەڵبوون، چونکە لەڕووی ئاراستەی سیاسییەوە نزیکبوونەتەوە لەیەکتر و ناتوانن چاودێری سەر یەکتر بن و ئەگەرەکانی بەردەم خەڵک لە دەنگدان زۆر بەرتەسک و سنووردار کراوە، چونکە کاندیدەکانی سەرکۆماریی بە جۆرێک ئەندازیاریی دەکرێن ئەو کەسانە دەردەچن کە لایەنگریی نوخبەی دەسەڵات و دەوڵەتی قوڵی ئێرانن. ئەمەش لە هەڵبژاردەنەکانی ٢٠٠٩دا بەڕوونی دەرکەوت و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣شدا نیوەی باڵی شۆڕشی ئیسلامیی(ڕیفۆرمخوازان) پاسیڤ کرا و کاندیدەکانیان ڕەتکرانەوە و بەشدارییان پێنەکرا. ئێراننامە (١) .. هەڵبژاردن لەئێراندا
راپۆرت: درەو بەهۆی ئەوەی قسەی شكێندراوە، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی شورا)ی حزبەكەی هەڵوەشاندوەتەوە‌و هەڕەشەی سزادانی "عومەر مەلائیكە" دەكات لە حزب كە سەرۆكی ئەنجومەنەكەیە، ئەمیندار دەیەوێت ئەو لاسەنگییە راستبكاتەوە كە لە كۆنگرەی هەشتەمی حزبدا لەپێگەی هەولێرییەكاندا دروستبووە، بەڵام بۆ راستكردنەوەی ئەم لاسەنگییە، پەنای بۆ رێگەی نادەستوریی بردووە، ئەمەش یەكگرتووی لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دوچاری كێشەیەكی گەورەی ناوخۆیی كردوەتەوە. هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و ناكۆكی ناوخۆیی چەند مانگێگە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوچاری كێشەیەكی ناوخۆیی نوێ بوەتەوە، كێشەكە پەیوەندی بە دانانی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی حزبەوە هەیە. كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019و چەند رۆژێك دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی هەشتەمی خۆی گرێدا، ئەمە كۆنگرەی دوای ئەو شكستانە بوو كە یەكگرتووە لە هەڵبژاردنەكان دوچاری هات. ئێستا یەكگرتوو كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەكات‌و دەیەوێت لە دەرەوەی خۆی هاوپەیمان بدۆزێتەوە، لەناوخۆیدا لەناو كێشەیەكی قوڵدا دەژی كە لەدوای كۆنگرەی هەشتەمەوە سەریهەڵداوە. كێشەی ئەنجومەنی شورا ئەنجومەنی شورای گشتی یەكێك لەو ئۆرگانانەیە كە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی ئەنجومەنێكی راوێژكارییە‌و توانای بڕیاردانی نییە‌و تەنیا دەتوانێت راسپاردە بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەركردایەتی حزب بەرزبكاتەوە، ئەوانەی لەناو ئەم ئەنجومەنەدان، سەركردە دێرینەكانی حزب‌و بەرپرسانی حكومین كە پێشتر لەسەر پشكی یەكگرتوو پۆستیان وەرگرتووە. لەدوای كۆنگرەوە بۆ ماوەی ساڵێك ئەم ئەنجومەنە دروست نەكرا، بەگوێرەی نامەیەكی عومەر محەمەد ناوسراو بە "عومەر مەلائیكە" كە بۆ ئەندامانی یەكگرتووی نوسیوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو "دروستكردنی ئەنجومەنی شورای بەپاساوی جیاجیا دواخستووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی شورا بێزار ببن‌و بڕیاربدەن بەشداری ئەو ئەنجومەنە نەكەن‌و بایكۆتی بكەن". دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی پاش كۆنگرە، لەبارەی ئەنجومەنی شورای گشتییەوە لەناو یەگكرتوودا دروستبووە، دواجار لە رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2020دا بڕیاردراوە بەوشێوەیەی لە "لائیحە"ی حزبدا هاتووە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شورا بكرێت. "ئەمیندار خۆی هەواڵەكەی نوسی" دوای مانگێك‌و 21 رۆژ لە بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2020 لە هەولێر هەڵبژاردن كرا، ئەمینداری یەكگرتوو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و دەستەی باڵای چاودێری حزب سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكەیان كرد، دوو كەس كاندیدبوون بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كە بریتی بوون لە (فەرهاد مەلا ساڵح)و (عومەر محەمەد)، بەزۆرینەی دەنگ (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتوو هەڵبژێردرا‌و بەفەرمی راگەیەندرا. تەلەفزیۆنی (سپێدە) زمانحاڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوكات هەواڵەكەی بەمشێوەیە بڵاوكردەوە:" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/12/2020 بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری ئەنجومەنی شورای گشتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەربارودۆخی هەرێم‌و ناوچەكە‌و كێشە‌و قەیرانە سەختەكانی هاوڵاتیان‌و هەڵوێستی نەگۆڕی یەكگرتوو لە پشتگیری‌و هاوخەباتی لەگەڵ شەقامی مەدەنی‌و ناڕازی‌و داكۆكی لە ماف‌و قوت‌و موچەی هاوڵاتیان. لەتەوەرەیەكی تردا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی شورا هەڵبژێردرا‌و وێڕای پیرۆزبایی لە بەرێزان (د. عومەر محەممەد، بەهزاد دەروێش، بەهائەدین عارف) ئاڕاستەكران بۆ بەرێوەبردنی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان". ئەم هەواڵە هێشتا لە سایتی تەلەفزیۆنی (سپێدە)دا ماوە‌و نەسڕاوەتەوە، بەپێی ئەوەی "عومەر مەلائیكە" لەنامەكەیدا باسی كردووە، ئەم هەواڵە خودی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین نوسیویەتییەوە‌و لە میدیای فەرمی یەكگرتوودا بڵاوبوەتەوە. ئەمیندار پەشیمان دەبێتەوە ! دوای (40) رۆژ لە هەڵبژاردنی (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا پاشگەز بوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" لەم هەڵبژاردنەدا قسەی من شكاوە"، لەمەشدا مەبەستی ئەوە بووە (فەرهاد مەلا ساڵح) كاندیدی ئەو بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا‌و دەرنەچووە. فەرهاد مەلا ساڵح یەكێكە لە سەركردە هەولێرییەكانی ناو یەكگرتوو، بەر لە كۆنگرەی هەشتەمی حزب، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو بوو، واتە بەگوێرەی فەرهەنگە كۆنەكەی یەكگرتوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە (چونكە ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەشوێنی مەكتەبی سیاسی كۆنی حزب دروستكراوە). فەرهاد مەلاساڵح لە كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوودا خۆی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد، بەڵام دەرنەچوو، كۆنگرەی هەشتەم ناڕەزایەتی هەولێرییەكانی ناو یەكگرتووی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلای ئەمیندار سكاڵایان كرد لەبارەی ئەوەی كەمترین كەسیان بۆ سەركردایەتی سەركەتووە، ئەمیندار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو باڵانسە ناوچەییەی كە لە كۆنگرەدا تێكچوو بوو، بڕیاریدا، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا بدات بە فەرهاد مەلاساڵح، ئەمەیە كە عومەر مەلائیكە دەڵێ" ئەمیندار بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای رەتكردەوە، چونكە كاندیدی دڵخوازی خۆی دەرنەچوو". سەركردایەتی دژی ئەمیندار بڕیاریدا لەناوخۆی حزبدا، تەكلیفی زۆر لە ئەمیندار كراوە، كێشە بۆ ئەنجومەنی شورا دروست نەكات، چونكە هەڵبژاردن كراوە‌و باش نییە‌و كێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەمیندار سوربووە لەسەر بڕیارەكەی، داوای لە سەركردایەتی كردووە، ئەنجومەنی شورا رابگرن، سەركردایەتی وەكو بەرزترین دەسەڵاتی ناو یەكگرتووی ئیسلامی رۆژی رۆژی 16ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆبوەتەوە بۆ تاوتوێكردنی داوای ئەمینداری حزب سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا، سەركردایەتی داواكەی سەلاحەدین محەمەد بەهادینی رەتكردەوە. كۆبونەوەكەی مێرگەپان ! دوای بڕیارەكەی سەركردایەتی دژی ئەمیندار‌و هێشتنەوەی ئەنجوممەنی شورا وەكو خۆی، ئیتر عومەر مەلائیكە‌و ئەندامانی شورا پشتئەستور بوون، سەرباری ناڕەزایەتییەكانی ئەمیندار، بڕیاریاندا رۆژی 13ی ئازاری ئەمساڵ لە هاوینەهەواری "مێرگەپان" لە سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شورا بەڕێوەبچێت، هۆڵی كۆبونەوەیان گرت، بەرنامەی كۆبونەوەیان دانا، وێنەیەكی بەرنامەی كاریان نارد بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە ئەمینداری توڕەكرد، دژی كۆبونەوەكە راوەستا، نەیهێشت كۆبونەوە بكرێت، بەگوێرەی نامەكەی (عومەر محەمەد)، كاتێك ئەمینداری بەرنامەی كۆبونەوەكەی بینیوە وتویەتی:" من رازی نیم"، بەمشێوەیە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای یەكگرتوو لەباربرا. "سەددام داكۆكی لەخۆی كرد" ئەوانەی ناڕازین لە بڕیاری ئەمیندار بۆ راگرتنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی شورا دەڵێن ئەمیندار "لائیحە"و پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، چونكە تەنیا سەركردایەتی بڕیاری را‌گرتن یان هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانێكی حزبی هەیە، سەركردایەتیش دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا بووە. عومەر مەلائیكە كە خۆی بەبراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دەزانێت، دوای رێگریكردن لە كۆبونەوەی شورا لەلایەن ئەمیندارەوە، پەنا بۆ دەستەی باڵای چاودێریی حزب دەبات، دەیەوێت بەگوێرەی ماددەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆ كە دەڵێ "ئەندام مافی سكاڵاكردن‌و داكۆكی كردنی لەخۆی هەیە" سكاڵا لەسەر كەسی یەكەمی حزبەكەی تۆمار بكات‌و تۆمەتباری بكات بەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، بەڵام بەوتەی خۆی، دەستەی باڵا سكاڵاكەی رەتكردوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" چۆن كەس دەتوانێت سكاڵا لەسەر من تۆمار بكات". لەنامەكەیدا بۆ ئەندامانی یەكگرتوو، عومەر مەلائیكە نوسیویەتی:" بەندە سەرۆكی شەرعی‌و هەڵبژێردراوی شورای گشتی ئەو مافەیان لێ زەوتكردم داكۆكی لەخۆم بكەم، سەددامێك بەو موجریمیەی خۆی زیاتر لە چوار مانگ داكۆكی لەخۆی كرد". "قسەم شكاوە" سەرباری ئەوەی، سەركردیەتی بڕیاری ئەمینداری گشتی حزبی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا رەتكردوەتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین سورە لەسەر ئەوەی ئەنجومەنەكە هەڵوەشێتەوە، رۆژی 8ی ئازاری ئەمساڵ، عومەر مەلائیكە چاوی بە سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەكەوێت، لەم دیدارەدا ئەمیندار بە سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دەڵێ:" چیت پێدەكرێت؟! سێ جاری تریش هەر دەیبەمەوە سەركردایەتی، چونكە قسەی من شكاوە". بەوتەی خۆی، بەپێی ئەوەی لەنامەكەیدا بۆ یەكگرتوو نوسیویەتی، لەم دیدارەدا عومەر مەلائیكە بە ئەمینداری وتوە:" مامۆستا گیان تكات لێ دەكەم ئەمە مەكە، چونكە بۆ مەقامی خۆت باش نییە، شكاندنی لائیحەی تێدایە، بەڕێزت دەبێت (حامی) پارێزەری لائیحە بێت". دیدارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا‌و ئەمینداری یەكگرتوو بەبێ گەیشتن بە چارەسەر، كۆتایی هات، رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، كۆدەبێتەوە، ئەمیندار جارێكی تر باسی كێشەی ئەنجومەنی شورا دەكاتەوە، دەیەوێت جارێكی تر پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنە بباتەوە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەوتەی (عومەر محەمەد)، چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە كۆبونەوەكەدا وتویانە:" بەخوا ئەمجارەش عەیبدار دەبین، با نەیبەینەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، چونكە دڵنیاین ئەمجارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا لە سەركردایەتی دەنگ ناهێنێتەوە". ئەمیندار رێگەیەكی نوێ دەدۆزێنەوە ! دوای ئەوەی دڵنیا دەبێت لەوەی لەڕێگەی سەركردایەتی حزبەوە ناتوانێت ئەنجومەنی شورا هەڵوەشێنێتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین پەنا بۆ (دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو) دەبات، دەیەوێت لەڕێگەی ئەم دەستەیەوە ئەنجومەنی شورای حزب هەڵوەشێنێتەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوودا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانی حزب بەم دەستەیە نەدراوە. دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو، دوای چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لەژێری فشاری ئەمینداری حزبدا، رۆژی 6ی نیسانی ئەمساڵ نوسراوێك دەردەكات‌و دەڵێ:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دروست نەبوو". رۆژی 11ی نیسان، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە سەلاحەدین محەمەد بەهادین سەرۆكایەتی دەكات، بەپشتبەستن بە نوسراوەكەی دەستەی باڵای چاودێریی، نوسراوێك بۆ سەركردایەتی‌و هەموو مەڵبەندەكانی حزب دەكات، دەقی ئەم نوسراوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەبەردەستی (درەو)دایە، كە تێیدا هۆشداری توند بە (عومەر محەمەد) سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دراوە. نوسراوەكەی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، لەبارەی ئەنجومەنی شوراوە ئەم بڕیارانەی دەركردووە: • هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كە لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2021دا بەڕێوەچووە، بەهۆی ئەوەی (نیساب)ی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە (ئەمینداری گشتی خۆی لەم كۆبونەوەیەدا بەشداربووەو نەیوتووە كێشەی نیساب هەیە). • هەڵپەساردنی ئەم ئەنجومەنە كە بووەتە مایەی كێشە‌و ناتەبایی‌و دووبەرەكی. • سەركردایەتی میكانیزمی تر بۆ ئەنجومەنی شورا بدۆزێتەوە. • ئەو بەڕێزانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بەرێكوپێكی پابەند بن، هەموو نافەرمانی‌و پابەندنەبونێك، سەرپێچییە‌و لێپێچینەوەی لەسەر دەبێت. • یەكڕیزی‌و ئاسایشی ناوخۆی حزب، ئەولەویەتی ئەم قۆناغەیە‌و دەرفەتی هیچ لادان‌و سەركەشی‌و تەكەتولێك نادرێت‌و هەر جوڵەیەكی لەوجۆرە سزای پەیڕەوی ئەیگرێتەوە.
درەو: كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پرسی بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلیمانی ، هەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان)ی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقكرد. لە نوسراوێكدا كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، نوسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردووە تایبەت بە بە هەرێمكردنی سلێمانی. لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوە كرا دامەزراوەی حامورابی بۆ كاری پارێزەرایەتی و كاری راوێژكاری یاسایی نوسراوێكیان ئاراستەكردوون بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی سەربەو پارێزگایانە)و پایتەختەكەشی سلێمانی بێت. بە پێی ئەو تایبەتمەندیانەی هەتانە تەماشای ئەو داواكاری درووستكردنی هەرێمی سلێمانی بكەن، لە رووی یاساییەوە. دووشەمەی رابردوو بەیار عومەر عەبدوڵا سەرۆكی دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی بڵاویكردەوە ئیمزاكانی بەهەرێمكردنی پارێزگاكانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین) پێشكەش بە بە (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) لە بەغداد كرد‌و چاوەڕوانی وەڵامین، لە ئایندەدا كۆمسیۆن وەڵاممان دەدەنەوە بۆ ئەوەی پرسی بەهەرێمكردنی ئەم دەڤەرە بخەنە ڕاپرسی گشتیەوە. دەستەی بە هەرێمكردنی سلێمانی لە ماوەی رابردوودا واژۆی (150 هەزار) كەسیان كۆكردنەوە بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگای ( سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی گەرمیان)
(درەو): حزبەكان بەنهێنی سەرقاڵی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقن لە هەرێمی كوردستان، پارتی لە هەولێر و دهۆك لەكۆی (25) كورسی چاوی لەبەدەستهێنانی (20) كورسیە، یەكێتیش لە سلێمانی دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان كورسیەكان یەكلابكاتەوە، ( 10 بۆ یەكێتی، 4 بۆ گۆڕان، 2 بۆ كۆمەڵ). بڕیار بوو 17ی ئەم مانگە دواین وادە بێت بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتیەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران و تۆماری هاوپەیمانێتیەكانی بۆ 1ی ئایار درێژكردەوە. یەكێتی مامەڵە بە (18) كورسی پەرلەمانی عێراقەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە دەكات، دەیەوێت لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كورسییەكان بەمشێوەیە دابەش بكات: ٭ (10) كورسی بۆ یەكێتی ٭ (4) كورسی بۆ گۆڕا ٭ (2) كورسی بۆ كۆمەڵی دادگەریی هاوپەیمانێتی لە سلێمانی چەند رۆژێكە كۆبونەوەی پشتی پەردەی حزبەكان بۆ هاوپەیمانێتیی بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمە بۆ هاوپەیمانێتیكردنە لەسەر (18) كورسی پارێزگای سلێمانی. یەكێتی دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە. یەكێتی نیازی وایە، ئەگەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكان بكات، (10) كورسی پارێزگای سلێمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و (8) كورسی بدات بە لایەنەكانی تر. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕانداوە (4) كورسی لە كۆی (18) كورسیەكەی پارێزگای سلێمانی بۆ مسۆگەر بكات، هاوكات بەڵێنی بە كۆمەڵی ئیسلامی داوە (2) كورسی بۆ مسۆگەر بكات. لەم حاڵەتەدا تەنیا (2) كورسی دەمێنێتەوە، ئەگەر یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رێكبكەوێت، (1) كورسی پێ دەدات و (1) كورسی دەمێنێتەوە بۆ حزبەكانی تر‌و ئەوانەی بەشێوەی كاندیدی سەربەخۆ دەچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ نایەوێت بچێتە هاوپەیمانێتیەوە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانش رەتناكاتەوە. نەوەی نوێ چاوی لە (3 بۆ 4) كورسی پارێزگای سلێمانیە، بەڵام ئەگەر رێككەوتن و ساختەكاری بكرێت، پێدەچێت (1 بۆ 2) كورسی بەدەستبهێنێت. هەرچی هاوپەیمانی هیوا و ناڕازیەكانە، ئەگەرچی بە بێ میدیایەكی بەهێزو پشتیوانی مادی و مەعنەوی بەدەستهێنانی كورسی قورس دەبێت بۆیان، بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارانیان خۆیان كاندید بكەن پێدەچێت لە بازنەكانی گەرمیان و رانیە، ریسی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بكەنەوە بە خۆری. هاوپەیمانێتی لە هەولێر سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، تائێستا لەگەڵ حزبەكان لەسەر كورسیەكانی پارێزگای هەولێر كە (14) كورسییە هەروەها كورسییەكانی پارێزگای دهۆك كە (11) كورسییە، هیچ رێككەوتنێكی نەكردووە. پارتی بە نیازە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان نەكات، خۆی بەتەنیا لانی كەم ( 8 بۆ 10) كورسی هەولێرو (11) كورسیەكەی پارێزگای دهۆك ببات. پارتی ئەگەر رێككەوتن بكات، لە پارێزگای هەولێر كە گفتوگۆی ژێر بەژێری لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لەسەر زامنكردنی (2) كورسی بۆی لەو پارێزگایە، ئەگەر رێككەوتنیش نەكات ئەوا لە سودی یەكێتی و نەوەی نوێ تەواو دەبێت. یەكێتی لە پارێزگای هەولێر چاوی لە بەدەستهێنانی (4) كورسییە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 79 هەزار‌و 745) دەنگی بەدەستهێنابوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش (50 هەزار‌و 537) دەنگی، بەدەستهێنابوو، كە بە هەردوكیان دەكاتە ( 130 هەزار‌و 282) دەنگ، ئەگەری بەدەستهێنانی (2 بۆ 3) كورسی هەیە، بەو پێیەی لە بازنەی كۆیە – دەشتی هەولێر لە هەڵبژاردنی رابردوو، یەكێتی ( 37 هەزار‌و 631) دەنگی هەبووە، پارتی ( 23 هەزار‌و 987) دەنگی هەبووە، بۆیە لە (4) كورسیەكەی ئەو بازنەیە یەكێتی چاوی لە (2) كورسیە. لە بازنەی (1)ی هەولێر كە چۆمان و رەواندوزو شەقڵاوە دەگرێتەوە، لە هەڵبژاردنی پێشوو لەو بازنەیە دەنگی یەكێتی ( 25 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوەو پارتی (34 هەزار‌و 753) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسییەك بۆ یەكێتی زەحمەت نیە. هەرچی نەوەی نوێیە كە چاوی لە (2) كورسی پارێزگای هەولێرە، لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 70 هەزار‌و 833) دەنگی بەدەستهێنابوو، ( 2) كورسی مسۆگەر كردبوو، بەڵام دەنگەكانی دابەشی چوار بازنە دەبن، زۆرترین دەنگی لە بازنەی (4) ی هەولێرە كە ( 19 هەزار‌و 949) دەنگ بووە، دوای ئەوەیش بازنەی (2)ی كۆیەو دەشتی هەولێرە كە (15 هەزار‌و 24) دەنگی بەدەستهێنابوو، خۆ ئەگەر پارتی بە رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی نیگەران بێت، ئەوا پێناچێت گۆڕان لە پارێزگای هەولێر هیچ كورسیەك مسۆگەر بكات، هەرچی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیە، ئەستەمە بتوانن كورسی مسۆگەر بكەن جگە لەوەی تەركیزیان لەسەر یەك كاندید‌و یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت. لە پارێزگای دهۆكیش لە كۆی (11) كورسیەكە، كە پێشتر یەكگرتوو (1) كورسیەكی بەدەستهێنا، بۆ ئەم جارە ئەویش ئەگەرێكی لاوازە، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەكۆی دەنگەكانی لەو پارێزگایە (43 هەزار‌و 525) دەنگ كورسیەكی مسۆگەر كرد، ئێستا ئەو دەنگانەی بۆ (3) بازنە دابەشبووە، بۆیە ئەگەری مسۆگەركردنەوەی كورسییەكەی دهۆك بۆ یەكگرتوو لاوازە. یەكێتی كە لە هەڵبژاردنی رابردوو (25 هەزار 515) دەنگی بەدەستهێنابوو، نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات، بەڵام هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سێەم دەنگی پارێزگای دهۆكی بەدەستهێنا (25 هەزار و 664) بەدەستهێنابوو، لە ئێستادا بە كۆی دەنگەكانی یەكێتی و هاوپەیمانی ( 51 هەزار‌و 179) دەنگ دەكات، ئەم دەنگانە دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە یەكێتی چاوی لە بەدەستهێنانی كورسیەكە لەو پارێزگایە. نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای دهۆك (18 هەزار‌و 52 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگەكانی دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە بەدەستهێنانی كورسی ئەستەم دەبێت، ئەگەر بە هەمان رێژەی پێشووی دەنگ بەدەستبهێنێت. چانسی سەربەخۆكان ئەگەرچی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بەمەبەستی رەخساندنی چانس بۆ كەسانی سەربەخۆ و كاندیدی دەرەوەی حزبەكان، پەسەندكرا، بەڵام پێناچێت ئەم چانسە فەراهەم بكات، بەتایبەتی كە دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی حزبەكان بە وردی سەرقاڵی خوێندنەوەو دۆزینەوەی كەلێنەكانی ناو یاساكەن و دەیانەوێت دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە.
راپۆرتی: درەو تا دێت هاووڵاتیانی عێراقی متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 2005 ئاستی بەشداری (79%) بووە لە دواین خول لە 2018 دا تەنیا (44%) دەنگدەران بەشداریانكردووەو (56%) بەشداریان نەكردووە، ملیۆنان هاووڵاتی عێراقی دەرەوەی وڵاتیش لە مافی دەنگدان بێبەشدەكرێن و دەیان ملیۆنیش دەستبەرداری مافی دەنگدان بوونەو ئامادەییان تێدا نییە تەنانەت كارتی بایۆمەتریش نوێ بكەنەوە، وردەكاری لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا بخوێنەوە... سەرەتایەکی گشتی ئەگەرچی دەیان کەرەستەو ڕێگەی جیاوازی تەقلیدی و مۆدێرن هەیە بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسی‌دا لە ڕێگەی (پارتی سیاسی و گروپی فشار‌و ڕاگەیاندن، ڕای گشتی، خۆپیشاندان، مانگرتن ...) بە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر، بەڵام بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا وەک مافێکی بنەڕەتی بایەخێکی تایبەتی هەیە بەراورد بە سەرجەم ڕێگاکانی دیکەی بەشداری سیاسی، پایەیەکی سەرەکی بنەڕەتی پرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزە کردنە لە وڵات‌دا. چونکە زامنی پاراستنی پرۆسەی دیموکراتی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و تاڕادەیەکی باش ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی و زۆر پرسی ناتەندروستی دیکە دەکات و حکومەت و حکومڕانی دەخاتە سەر ڕێڕەوێکی تەندروست. هەڵبەت ئەگەر پرۆسەکان بە ڕێوشوێنی گونجاو و لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوەبچن. بەڵام ئەگەر لە ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕوانین دەبینین هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان ڕوی لە پاشەکشەیە، بۆ نمونە (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ - یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرزترین ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیانی عێراقی تێدا تۆمار کراوە (%79.6) دەنگدەران بەشداری پرۆسەکەیان کردووە. - لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەکە دابەزیوە بۆ (60%)ى بەشداری هاووڵاتیان. - لە خولی سێیەم و ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بەشداری بڕێک بەرزبووەتەوەو (%62.4) ڕێژەی بەشداربووان بووە. - لە خولی چوارەم و ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەکە بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوەو هاوڵاتیان بە ڕێژەی (%44.5) بەشداری دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە. چارتی ژمارە (١) لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان دابەزیوە، بە هۆکاری؛ 1. بێ بەڵێنی پارت و بەربژێرەکان لەگەڵ بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردن. 2. لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن. 3. کارتۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن، ڕونەدانی گۆڕانکاری جدی لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامی چەقبەستوویی ژیانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان. 4. بەردەوامی ساختەکردنی دەنگی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا. لەپاڵ ئەو هۆکارانەدا دەیان پاڵنەری دیکە هەیە کە وایکردووە هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردن لاواز ببێت. بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامارەکانی بایۆمەتری سستی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا دێت لاوازتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا ڕوو لە لاوازی بکات، سەرباری ئەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردنی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتى دەرکرد، کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (٥) ملیۆن عێراقی بێبەش بن لە مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١. ئامارەکانی بایۆمتری ڕۆژی ٨ی ٤ی ٢٠٢١ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دواین ئامارەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانى بڵاوکردەوە، ئەوە لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی ١ی ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە، بڕیار بوو لە ١ی ٤ی ٢٠٢١ کۆتایی بێت، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری (١٥) ڕۆژو تا ١٥ی ٤ی ٢٠٢١ درێژکرایەوە. لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان (25139375) بیست و پێنج ملیۆن و سەدو سی و نۆ هەزار و سێ سەدو حەفتاو پێنج دەنگدەرە، تەنها (16025909) شانزە ملیۆن و بیست و پێنج هەزار‌و نۆ سەدو نۆ دەنگدەر تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە ڕێژەی (٦٤%) لەو ژمارەیەش (١٧٨٣١٧٤) یەک ملیۆن و حەوت سەد و هەشتاو سێ هەزار و سەدو حەفتاو چوار کەس بە ڕێژەی (12%)یان کارتەکانی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە. (٩١١٣٤٦٦) نۆ ملیۆن و سەدو سیانزە هەزار و چوارسەدو شەست و شەش دەنگدەر و بە ڕێژەی (٣٦%) بەدەم پرۆسەکەوە نەچوون. بڕوانە چارتی ژمارە (2). ئەوە لە کاتێکدایە چەندین ڕێ و شوێنی پێویست و هەمەلایەنە گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە، لەوانەش؛ 1. پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری پێشینەی هەیە‌و لە ساڵی 2017ەوە دەستی پێکردووە، هەوڵ هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018 تۆمارەکە نوێبکرێتەوە. 2. ناچارکردن بە نوێکردنەوە، یەکێکی ترە لە هەوڵانەی گیراوەتەبەر، لە زۆرێک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لەکاتی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان تۆماری بایۆمەتری کرابوو بە مەرج وەک لە فەرمانگەکانی (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، هاتووچۆ، خانووبەرە...هتد) 3. بەشێک لە (هێزە چەکدارەکان) ناچار بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری کراون و داوای وێنەیەک لە کارتە نوێیەکەیان لێ کراوە. 4. بەشێکی زۆری ئەوانەی تۆمارەکان نوێکردووەتەوە کادری حیزبە سیاسییەکان و بە فشاری حیزبەکانیان بایۆمەتریان ئەنجامداوە. چارتی ژمارە (2) ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تا ٨ی٤ی٢٠٢١ ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق (بڕوانە چارتی ژمارە 3) یەکەم: پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 1. پارێزگای هەولێر: (١٢٢٨٠٣٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٤١٥٣٤) و بەڕێژەی (٦٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٨٦٤٩٦) و بە ڕیژەی (٤٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2. پارێزگای سلێمانی: (١٣٦١٩٧١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١٣١٩٩) کەس و بە ڕیژەی (٦٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٤٨٧٧٢) و بە ڕیژەی (٣٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3. پارێزگای دهۆک: (٨٢٧٦٥٨) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٥٨٣٢١٦) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٤٤٤٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. دووەم: ناوچە جێناکۆکەکان 1. پارێزگای کەرکوک: (١٠٧٥٥١٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٥٧٨٢٣) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣١٧٦٨٧) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2. پارێزگای نەینەوە(موسڵ): لەدوای سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە دێت، (٢٥٢٠٩٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٢٠٨٦٢٢) کەس و بە ڕیژەی (٤٨%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٣١٢٣٢٢) و بە ڕیژەی (٥٢%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3. پارێزگای دیالە: بەرزترین ئاستی سەر پارێزگاکانی عێراقی تۆمار کردووە، (1111464) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١١٦٤٢) کەس و بە ڕیژەی (٨٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٩٩٨٢٢) و بە ڕیژەی (١٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 4. پارێزگای سەڵاحەدین: (٩٧٢٠٠٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠١٨٠٦) کەس و بە ڕیژەی (٦٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣٧٠٢٠١) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. سێیەم پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق 1. بەغدای پایتەخت: ئەگەر چی وەک دوو پارێزگا بە ناوەکانی (کەرخ و رەسافە) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێکەوە(٥٥٨٦٣٤٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٣٠٦٢٩٣٥) کەس و بە ڕیژەی (٥٥%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٥٢٣٤١٢) و بە ڕیژەی (٤٥%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 2. پارێزگای ئەنبار: (١١٢٥٦٨٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٦١٧١٧) کەس و بە ڕیژەی (٥٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٦٣٩٧٠) و بە ڕیژەی (٤١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 3. پارێزگای بابل: (١٣٤١٩٩٦) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٢٢١٩٧) کەس و بە ڕیژەی (٦٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤١٩٧٩٩) و بە ڕیژەی (٣١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 4. پارێزگای کەربەلا: (٧٨٤٨٨٦) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٦٣%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٨٩٢٦١) و ڕیژەی (٣٧%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 5. پارێزگای واست: (٨٨٧١٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٠٤١٣٥) و بە ڕیژەی (٢٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 6. پارێزگای بەسرە: (١٨٦٨٩٢٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٣٤٦٠٥٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٥٢٢٨٧٢) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 7. پارێزگای ميسان: (751427) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (518913) کەس و بە ڕیژەی (69%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (232514) و بە ڕیژەی (31%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 8. پارێزگای زیقار: (١٣٤٢٢٨٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٣٥٦٩٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٠٦٥٩٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 9. پارێزگای نەجەف: (966239) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (657570) کەس و بە ڕیژەی (68%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (308669) و بە ڕیژەی (32%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 10. پارێزگای موسەنا: (536610) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (414415) کەس و بە ڕیژەی (٧7%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (122195) و بە ڕیژەی (23%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. 11. پارێزگای قادسیە: (٨٥٠١٩١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠٩٨٨٦٦) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٠٣٠٥) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە. چارتی ژمارە (3) نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا 8ی 4ی 2021 سەرچاوەکان؛ المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، نـص قرار مجلس المفوضيـن رقم (1) للمحضر الاستثنائي المرقم (17) المـؤرخ فـــي 22/3/2021؛ https://ihec.iq/elementor-7691/ المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، الموقف العملياتي الاسبوعي لنسبة التسجيل البايومتري + توزيع البطاقة العام، 8/٤/2021؛ https://ihec.iq/%d8%a7%d9%84%d9%85%d9%88%d9%82%d9%81-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%85%d9%84%d9%8a%d8%a7%d8%aa%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%a7%d8%b3%d8%a8%d9%88%d8%b9%d9%8a-%d9%84%d9%86%d8%b3%d8%a8%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%aa%d8%b3/ العراق يسجل أعلى نسبة عزوف في أول انتخابات تشريعية بعد دحر الجهاديين؛ https://www.dw.com/ar/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%8A%D8%B3%D8%AC%D9%84-%D8%A3%D8%B9%D9%84%D9%89-%D9%86%D8%B3%D8%A8%D8%A9-%D8%B9%D8%B2%D9%88%D9%81-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%A8%D8%B9%D8%AF-%D8%AF%D8%AD%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AF%D9%8A%D9%8A%D9%86/a-43759741
درەو: جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (ریسپۆنسبڵ ستەیت كرافت)ی ئەمریكی رایگەیاندووە: لە رێگەی نێوەندگیرییەكانەوە نامەمان بۆ هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا نادرووە، لەسەر ئاستی خۆجێیش هێزەكانمان چەندین جار لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كۆبونەتەوە. پوختەی قسەكانی جەمیل بایك بۆ سایتی (Responsible Statecraft) ئەمریكی: • لەگەڵ ئەمریكییەكان پەیوەندیمان هەیە‌و ئامادەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا چاكبكەینەوە. • ئێمە پێشتر لەرێگەی رۆژاڤا‌و شەنگالەوە پەیاممان بۆ ئەمریكییەكان ناردووە‌و لەرێگەی كەسانی نێوەندگیرەوە نامەمان بۆ هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا ناردووە. • لەسەر ئاستی خۆجێی هێزەكانمان چەندینجار لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كۆبونەتەوە. • رەنگە ئەمریكییەكان ویستبێتیان تێڕوانینی ئێمە بزانن. • پەكەكە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی رێكخراوەیی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا نییە، بەڵام هەزاران كەس لە لایەنگرانمان كە خەڵكی سوریا بوون، گەڕاوەنەتەوە بۆ بەرگریكردن لە خاكی خۆیان. • هێزەكانمان هیچ جۆرە كارێكی سەربازی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆیان دژی ئەمریكا ئەنجام نەداوە. • ئەگەر ئەمریكا سیاسەتەكانی بە ئاڕاستەی چارەسەری دۆزی كورد‌و پرسی بە دیموكراتیزەكردن بێت، ئێمە هەرگیز دژی نابین. • سەرۆك بایدن دەزانێت ئێمە چوینەتە ناو گەورەترین جەنگەوە دژی داعش. • ئێمە ئێستا لەجێی "دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا" بانگەشە بۆ "سۆسیال دیموكراتی" دەكەین. • لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە جوڵانەوەكەمان گۆڕانكاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەمریكا تاڕادەیەكی زۆر هەر پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی سەردەمی جەنگی سارد كردووە. • پەكەكە خوازیاری چارەسەرێكی دیموكراتیانەیە بۆ توركیا، بەڵام توركیا تەنیا دەیەوێت كورد پاكتاو بكات. • توركیا سود لە چەكەكانی ناتۆ وەردەگرێت، ئەمریكا‌و هەندێكی وڵاتی تریش پشتیوانی لێ دەكەن، سەرباری ئەمەش ئێمە چەندینجار دەوڵەتی توركیامان تا كەناری داڕمان بردووە. • دیموكراتیزەكردنی عێراق وادەكات دەستوەردانی وڵاتانی تر لە عێراق سەخت بێت، بەڵام مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توانای ئەوەی نییە بەڕووی ئێران‌و توركیادا راوەستێت. • دیموكراتیزەكردن باشترین چارەسەرە بۆ كێشەكانی ئێران، رایگشتی چ لە ناوخۆ‌و چ لە دەرەوە نابێت تەنیا چاویان لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بێت، ئێران پێویستی بە پرۆسەی دیموكراتیزەكردن هەیە.
خالد ڕەزا لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا ئەتان بەمەوە بۆ مانگێک بەر لەدەستپێکردنی ڕاپەڕین! لێرەشەوە ئەگەڕێینەوە بۆ مێژویەکی دورتر بەڵام پڕ لە تراژیدیا ئەویش کاتی ئازادکردنی هەڵەبجە و، کاتی خنکاندنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکانە بە گازی کیمیایی لەلایەن سەدام حسین ی جەللاد و حیزبی بەعسی فاشی یەوە! مادام قسە لە گێرانەوەی روداوە مێژوییەکان ئەکەین، ئەبێ بە ئامەنەتەوە بیانگێڕینەوە و بیان نوسینەوە، تۆمارکردنی ڕوداوە مێژوییەکانیش بۆ ئەوەیە تا دەرس و پەندی لێ وەربگرین. مادام لێرەدا باسەکەمان لەسەر هەڵەبجەیە بەپێویستی ئەزانم وەکو پێشمەرگەیەک کە لەناو ڕوداوەکان دا ژیاوم بەپێی ئاگاداری خۆم و نزیکیم لە سەرکردە و بەرنامەکانەوە بەو پەڕی ڕاستگۆیی و بە بەڵگەوە یاداشتیان بکەم. تا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بێلایەنەوە لێکۆڵینەوە لەم روداوانە کرا، بەو هیوایەی ئەم چەند دێڕەی منیش جیگەیەک لەو شوێنەدا بگرێ! بە ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەنفال سەرکردایەتی یەکێتیی بیری لە ئازادکردنی چەند ناوچەیەک کردبوەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کاری کۆکردنەوەی زانیاری و لۆجستیک و پەیوەندیکردنی بە هەندێک لە سەرۆک جاشەکانەوە تەواو کردبو، ئەو شوێنانەش بریتی بون لە: هەڵەبجە، دوکان، رانیە و قەلادزە. لە ڕێکخراوی سلێمانی یەوە نەخشەی بەنداوی دوکان و بەشەکانی و چواردەوری بەجوانی رەسمکرابو بۆ ناوەندی کۆمەڵەیان ناردبو، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرۆک جاشەکانی ناوچەی پشدەر پەیوەندیکرابو، بۆ گرتنی فرقەی ٢٤ (قوات المعتصم)لە ناوچەی ڕانیە... هەتا ئەهات مەترسی هێرشی گەورەی بەعس بۆسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی لە دۆڵی جافەیەتی زیاتر ئەبو، بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی ئەو رێکەوتنە سیاسیە نەبو کە لەگەڵ یەکێتیی لەساڵی ٨٦ دا کردبوی. ترسی گرتنی بارەگاکانی سەرکردایەتی تا ئەهات زیاترئەبو بەتایبەت کە رژێم بەرەیەکی دورو درێژی ٧٠ کیلۆمەتری لە یەکێتیی نیشتمانیی کردبوەوە و هەموو جۆرە چەکێکی دژی پێشمەرگە بەکاردەهێنا بە گازی کیمییایشەوە. بۆیە یەکێتیی ئەبو بەشێک لە نەخشە کۆنەکەی خۆی جێبەجێ بکات، کە یەکێ لەوانە ئازادکردنی هەڵەبجە بو، لەو سەروبەندەدا کاک نەوشیروان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی لە دۆڵی جافەتی بون، کاک دکتۆر فوئاد مەعسوم و کاک فەرەیدون عەبدولقادر کە هەردوکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بون لە ئێران بون، ئەرکی پرۆسەی ئازادکردنی هەڵەبجە وەک یەکێتیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر بەوان سپیردرابو، دەستبردن بۆ هەڵەبجە بۆ ئەوە بو تا ئەگەر لە دۆڵی جافەتی پاشەکشە کرا، جێگەیەکی تر هەبێ بارەگاکانی لێ دابنرێ. لەچاوەڕوانی سەرکردایەتی یەکێتییش دا نەبو، هەڵەبجە بەو خێراییە ئازاد بکرێ و، وا مەزەندە کرابو، کە بەشێکی زۆر لە هێزەکانی رژیم بە هەڵەبجەوە مەشغول ئەبن و فشار لەسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی کەم دەبێتەوە. بەلام وا دەرنەچو، ڕژیم تەرکیزی زیاتر لەسەر سەرکردایەتی بو، کە بەسەری مارەکە ناوی ئەبرد. توانی لە پرۆسەی ئەنفالی یەکدا تەواوی ناوچەکە داگیربکات. کاک نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خولانەوە لە ناو بازنەدا باسی ئەوە دەکات کە دکتۆر فوئاد و کاک فەرەیدون عەبدولقادر سەبارەت بە ئازاد کردنی هەڵەبجە لەگەڵ لایەنەکان قسەیان کردوە و هێزەکانیان بەم جۆرە دابەشکردوە: "هێزەکانی یەکێتیی بەرپرسی گرتنی تۆپخانەی دەڵەمەڕ و ناوهەڵەبجە بێ و، هێزەکانی فەیلەقی بەدر بەرپرسی گرتنی شاخی شنروێ و بالانبۆ، هێزەکانی حسک بەرپرسی پردی زەڵم و، هێزەکانی پارتی بەرپرسی گرتنی خورماڵ بێ و، هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرپرسی کاروباری لۆجستی بن". # پێش نیوەڕۆی رۆژی ١٥ مارتی ساڵی ١٩٨٨ کاک شەوکەتی حاجی مشیر کە فەرماندەی مەیدانی هێزەکانی یەکێتیی بو بە بروسکە کاک نەوشیروانی لە ئازاد کردنی هەڵەبجە ئاگادار کردەوە. کاک نەوشیروان یەکسەر وەڵامی دایەوە. ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەو بروسکەیەیە کە کاک نەوشیروان ناردی بۆ کاک شەوکەتی حاجی مشیر: له/ نه‌وشیروانه‌وه بۆ / کاک شه‌وکه‌ت سڵاوێکی گه‌رم سەرەتا پێرۆزبایی ئازاد کردنی هەڵەبجەتان لێ ئەکەم. تکایه پێڕەوی ئەم خاڵانە بکەن: ١ - ده‌بیت خۆتان بۆ هه‌موو جۆره کاردانه‌وه‌یه‌کی رژیم ئاماده‌بکه‌ن. ئه‌وچە‌کانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا دابه‌شی بکه‌ن، بۆ به‌رگریکردن له ناوچه‌که‌ی خۆیان. ٢ - بانگه‌واز بکه‌ن بۆ خه‌ڵک و رێگریان لی مه‌که‌ن با بچنه ده‌ره‌وه‌ی شار تا وه‌زعه‌که هێمن وئاسایی ده‌بیته‌وه. ٣ - کتیبخانه‌ی گشتی شاره‌که بپارێزن. ٤ - بانک ی شاره‌که بپارێزن. هه‌ر سامانیکی هاوڵاتیان که له‌بانک دایه، به‌پێی به‌ڵگه‌و پسوڵە بیده‌نه‌وه به خاوه‌نه‌کانیان. ئه‌وی تری وه‌ک ماڵی شۆڕش پارێزگاری لی بکه‌ن. ٥- ده‌ستبگرن به‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌من، مخابرات ، ئیستیخبارات ومونەزەمە دا و، بیپارێزن. ٦ - سه‌روماڵی هاوڵاتیان بپاریزن. ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ناوه‌رۆکی ئه‌و بروسکه‌یه‌بوو ، که کاک نه‌وشیروان بۆ فه‌رماندی هێزه‌کانی یه‌کیتی نیشتمانی کوردستانی نارد که کاک شه‌وکه‌تی حاجی موشیر بو. عەدەد جیهازەکان بەتایبەت ئەوانەی لەو کاتەدا لەگەڵ کاک نەوشیروان و کاک شەوکەت دا بون خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون لەوانە: کاک بەختیار مستەفا، مامۆستا عوسمان عومەر، کاک سەرکەوت محەمەد فەتاح و بەندە (خالید رەزا)، لەگەل کاک محەمەد رۆستەم (حەمە سیاسی) عەدەد جیهازی کاک شەوکەت. دەقی بروسکەکە لە دەفتەری بروسکەکانی ئەو ساڵەدایە کە بەداخەوە ئێستە لەبەردەستم دا نیە بەڵام پارێزراوە. ناوەڕۆکی ئەو بروسکەکەی سەرەوەم لەساڵی ١٩٩٢ بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەڵەبجەوە لە گۆڤاریک کە بۆ ئەو بۆنەیە تەرخان کرابو، لیژنەی سەرپەرشتی یادکە بەڕێزان مامۆستا رەئوف عوسمان و دکتۆرە پەروین و.. بڵاوکردوەتەوە. بەداخەوە ئازادکردنی هەڵەبجە بو بە کارەساتێکی نەتەوەیی گەورە و دڕندەیی بەعسی فاشی زیاتر دەرخست. # لە دوای کشانەوە لە ئەنفالی یەک، لە نیوەی دوەمی مانگی نیسان دا، کاک نەوشیروان سەردانێکی ناوچەی هەڵەبجەی کرد و خێمەیەکمان لە نزیک گوندی جەڵیڵە هەڵدا، ماوەیەک لەوێ مایەوە و کارەسات و وێرانیەکەی بەچاوی خۆی بینی. لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبونەوەیکرد و، لەسەر ئەو دەنگوباسانەی کە پێێ گەیشتبو سەرزەنشت ولێپرسینەوەی لەهەندێک بەرپرس کرد. لەو ماوەیەی لەوێ ماینەوە چەند جارێک لەگەڵ مامۆستا شاهۆ سەردانی ناو هەڵەبجەم کرد، بەچاوی خۆم زۆرکارەسات و تەرمی هاوڵاتیان و تەنانەت هەندێک ماڵ سفرەی نانخواردن یان وەکوخۆی جێ هێشتبوو بەچاوی خۆم بینی، کە بەردیان ئەکرد بە ئاو. لەو کاتەدا هەڵەبجە بەتەنها جێهێڵرابو، ویژدانی مرۆڤایەتی لەناو سەهۆڵبەندا بوو! # لەدوای کارەساتی هەڵەبجە ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەکرایەوە، تیپی مۆسیقای شەهید کارزان لەشارەکانی کوردستان چالاکیان ئەکرد، تیپی بالە و تۆپی پێی پیشمەرگەکان بەو بۆنەیەوە خولی یاریکردنیان لەگەل تیپی شارەکان ئەکرد، چالاکی جۆراو جۆری تر. # لەساڵی ١٩٩١دا وەک ساڵەکانی تر ئێران لە نوێنەرەکانی یەکێتی ییان پرسیوە کە ئاخۆ هیچ بۆنەیەک بۆ یادی هەڵەبجە ساز ئەکەن؟ لێرەدا بڵاوکردنەوەی ئەم دوو بروسکەیە بە پێویست ئەزانم: یەکەم: کاک بەکر فەتاح کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی بو لە تاران لە ڕۆژی ٤-٢-١٩٩١ واتە نزیکەی مانگێک بەر لە ڕاپەڕین ئەم بروسکەیە ئەنێرێ بۆ کۆمیتەی کارگێڕی سەرکردایەتی : لە/ کاک بکر فتاح بۆ/ ک.ک.س ٤/٢ سڵاوێکی گەرم خزمان هیچیان بەدەستەوە نیە بۆ ساڵڕۆژی هەڵەبجە، ئەمان ئەپرسن کە ئێمە چ بەرنامەیەکمان هەیە، ئەویش بەستراوەتەوە بە ضروف. کاک نەوشیروان لە ژیر بروسکەکەدا بەم جۆرە وەڵامی کاک بەکر ی داوەتەوە: پێ یان بڵێ: ئێمە بەتەمای هیچ نین، بە ئومێدی خوا ئەمساڵ یادی هەڵەبجە لە وڵاتی خۆمان ئەکەینەوە. بروسکەی ژمارە (١) # هەروەها بۆ هەمان مەبەست کاک دانای ئەحمەد مەجید کە لەوکاتەدا نوێنەری یەکێتییی بو لە باختەران (کرماشان)، لە بەرواری ١٥-٣ دا ئەم بروسکەیە بۆ کاک نەوشیروان ئەنێرێ لەم کاتەدا کاک نەوشیروان لە مەسیف سەلاحەدین ئەبێ. لە/ کاک دانا بۆ/ کاک نەوشیروان ١٥-٣ سڵاو خزمان/ بە بۆنەی یادی هەڵەبجەوە داوایان لێ کردوین شتێک بکەین ئایە ئەمرتان بە چی یە. لەژێر بروسکەکەدا کاک نەوشیروان بە دەستوخەتی خۆی وەڵامی داوەتەوە و نوسیوێتی: ئێوە لە هیچ یادێکی هەڵەبجەدا بەشداری مەکەن، یادی هەڵەبجە بە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکەینەوە. بروسکەی ژمارە (٢) بەرنامەی ئازاد کردنی کەرکوک وابو کە شەوی ١٥/١٦/٣ کە بۆ بەیانیەکەی یادی هەڵەبجە یە، جێ بەجێ بکرێ، لەوەلامەکەی کاک نەوشیروان دا بۆ کاک دانا هەروای نوسیوە. لە بروسکەیەکی تریش دا کە وەلامی بروسکەیەکی تری مام جەلالە، دیسان باسی زەماوەندی کەرکوک دەکات. بەڵام بەداخەوە بەهۆی دواکەوتنی یەکێ لە میحوەرەکان لە کاتی دیاریکراو ئەوشەوە کارەکە جێ بەجێ نەکرا و پێنج رۆژ پرۆسەی ئازادکردنی کەرکوک دواکەوت، کە لەو کاتەدا سپای بەعس لە داتەپین و هەڵهاتن دا بو. ئەم دواکەوتنە هەلێکی زێرین بوو بۆ سپای ئیحتلالی بەعس تا خۆی ڕێکبخاتەوە و کەرکوک بەهێزتر بکات و هێزی ناوچەکانی تری بۆ بنێرێ بەتایبەت مەعەسکەر خالید بکاتە خاڵی بەرگری و دژە هێرش بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لەم بروسکەیەی خوارەوەدا کە بەدەستوخەتی کاک نەوشیروان بۆ مام جەلال نوسراوە جەخت لە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکاتەوە لە ١٦ ی مانگی سێ دا: بروسکەی ژمارە (٣) بۆ مام جەلال ١٥-٣ ١ – زۆرم پێ خۆش و باشە هەرچی زوتر بگەڕێنەوە. ٢ – ئەمشەو زەماوەندی ئازادی کەرکوک دەس پێ ئەکا وهیوادارم زۆر نەخایەنێ تەوابێ و بیکەین بە عاصمەی اقلیمی کوردستان. ٣ – وەزعی ژیانی خەڵک زۆرخراپە بۆ خواردن و سوتەمەنی و پارە. ٤ – لەمەولا ئەبێ بیر لە میزانیەی ادارەی کوردستان و فەوجەکانی دفاعی وطنی بکەینەوە، کە میزانیەیەکی زۆر گەورەی ئەوێ. ٥ – پاش گەڕانەوەت پێوسیت ئەکا مجلسی تنفیزی موقت دابنرێ بۆ ادارەی کوردستان تا کاتی هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی اقلیمی کوردستان. ٦- مقڕی خۆمان و جبهەی کوردستانی لە مصیف صلاح‌الدین و سەری ڕەش دا ئەنێێن. ئێستە خۆم لە مصیفم و جێگەی هەموان ئەبێتەوە. # کاک نەوشیروان بە ڵێنەکەی خۆی جێ بەجێکرد و لەناوجەرگەی کەرکوکەوە رۆژی ٢٠ مانگی ٣ مژدەی ئازادکردنی کەرکوکی ڕاگەیاند، ئەمە دەقی پیرۆزباییەکەیەتی: بروسکەی ژمارە (٤) لە کاک نەوشیروانەوە ٢٠/٣/١٩٩٠ بۆ جەماوەری گەلی کوردی قارەمان بەبۆنەی ڕزگارکردنی شاری داگیرکراوی کەرکوکەوە لەدەسەڵاتی پیسی بەعس، پیرۆزبایی لەگەلی کورد و هەمو نەتەوەی کورد ئەکەم کە ڕۆژێک بەر لە هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان‌و چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و جەماوەری ڕاپەڕیوی کورد، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی ڕۆلەکانی میلەتەکەمان توانی شاری پیرۆزی کرکوک لە دەسەڵاتی پیسی بەعس ڕزگار بکەن. بەم بۆنەیەوە کە ڕۆژێکی مێژویی و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری ڕاپەڕینی گەلی کورد لە عیراق دا داوا لە میلەتەکەمان ئەکەین کە بەیەک گرتن و یەکێتی ڕیزەکانی و بە ووریایی و هۆشیاری پاریزگاری ئەم سەرکەوتنە بکەن. کەرکوک بۆ یەکەمین جار لە مێژوی باشوری کوردستان دا بە شەڕئازاد کرا. بە کۆڕەوی ملێۆنی کۆتایی هات. سەرکەوتن و کارەساتە نەتەوەییەکان ئەڵقەی پێکەوە گرێ دراوی یەکترن و هەریەکەیان کار لەوێ تریان دەکات و یەکتر تەواو دەکەن. ئەگەر کورد خاوەنی تێزی دەوڵەت داری بوایە، ئەیتوانی کارەساتە نەتەوەییەکان بگۆڕێ بۆ قەڵغانی مانەوە و دروستکردنی دەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەرچۆن جولەکە هۆلۆکۆست (جینۆسایدکردنی جولەکە لەلایەن نازیەکانەوە)ی کرد بە هەوێنێ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئێستەشی لەگەڵ دا بێ بەدوای تاوانبارانی هۆلۆکۆست دا ئەگەڕێن. هەردوو زلحیزبەکەی کوردستانیش تاوانبارانی ئەنفال داڵدە ئەدەن و ئەیان پارێزن و ساڵانە لە یادی ئەنفالەکاندا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی ئەنفال، بەڵێنی درۆزنانە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەدەن، بەشێکی زۆر لە تاوانبارانی ئەنفال کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی بەغداوە داواکراون، لەلای پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، داڵدە دراون. سەرچاوەکان: + کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا نوسینی کاک نەوشیروان مستەفا. + کتێبی تۆڕی پەیوەندیەکانی پیشمەرگە لەشاخ. کە بەشێک لە بروسکەکانی تیا کۆکراوەتەوە. ئامادەکردنی کاک بەختیار مستەفا ئەمین و کاک خالید حسین. تێبێنی: + خزمان: مەبەست لە ئێرانیەکانە. + تۆمارکردنی بروسکەی ژمارە (١) لەدەفتەری بروسکەکاندا. خەتی کاک نەوزاد حسین عەدەد جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٢) دەستوخەتی کاک سەرکەوتی جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٤) خەتی مامۆستا عوسمان عومەر ە. + وەڵامەکان کە لە ژێر بروسکەکانی ژمارە (١) و (٢) دا نوسراون، لەگەڵ بروسکەی ژمارەی (٣) دەستوخەتی کاک نەوشیروان مستەفایە. + شوێنی وەڵام دانەوەی بروسکەکان: وەڵامی بروسکەی یەکەم قاسمەڕەش ە. هێ دوەم و سێیەم لە مەسیف سەڵاحەدین بوە. مژدەی ئازاد کردنی شاری کەرکوک یش لەناو جەرگەی شارەکەوە کاک نەوشیروان بەجیهازە ڕاکاڵەکەی ناردوێتی بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان. + مامجەلال لە قامیشلۆ ی ڕۆژئاوای کوردستان بوە.
راپۆرت: درەو نامەو نامەكاری بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ وادەی مۆڵەتێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كۆتایی دێت، كە تێیدا داوای كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەردەم چوار بژاردەدایە، هیچ یەكێك لە بژاردەكان توانانی زامنكردنی كورسییەكانی ئێستا بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق ناكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مۆڵەتێكی نوێ ! فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق نامەیەكی نوێی ئاڕاستەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە‌و ماوەی دوو رۆژ مۆڵەتی پێداوە وەڵام بداتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم نامە نوێیەدا كە دوو شەممەی ئەم هەفتەیە ئاڕاستە كراوە، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەچەند مەرجێك ئامادەی خۆیان نیشانداوە دەست لە ئەندامێتی پەرلەمان بكێشنەوە‌و بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خۆیان كاندید نەكەنەوە‌و دەست بە كاركردن بكەنەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا‌و لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بزوتنەوەكەیان هەڵبدەنەوە، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، وەكو خۆیان دەڵێن:" جێگەی ئەوان ناو خەڵك‌و بەرەی خەڵك دەبێت"، واتە بزوتنەوەی گۆڕان بەجێدەهێڵن، ئەگەر ئەمە روبدات، گۆڕان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا دوچارێكی لێكترازانیكی نوێ دەبێتەوە. مەرجەكانی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی ئەمانەن: • بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە. • بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە بۆناو هاوپەیمانێتی پێشتری خۆی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)و هاوپەیمانێتییەكی گەورەتر لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دروست بكات. ئێوارەی ئەمڕۆ وادەكەی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی دێت، فراكسیۆن دەیەوێت پێشوەختە بابەتی هاوپەیمانێتی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكلابكاتەوە، چونكە ئێوارەی رۆژی 17ی ئەم مانگە، واتە رۆژی شەممەی داهاتوو، وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی دێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان نەگەنە رێككەوتن، بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەشێوەی سەربەخۆ یاخود لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ لایەنەكانی تر لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، جارێكی تر خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید دەكەنەوە. تەقینەوەی ناكۆكییەكان رۆژی 7ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا بەفەرمی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵپەسارد، ئەمە دوای ناكۆكییەك هات كە لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا لەنێوان (غالب محەمەد بە نوێنەرایەتی فراكسیۆن)و بەرپرسانی باڵای گۆڕاندا رویدا. ئەوكاتیش ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو دەست لە كاری پەرلەمانتاری بكێشنەوە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بەوپێیەی بەوتەی ئەمان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی شكستی هێناوە‌و ئەجێنداكانی دژی خەڵك‌و فەرمانبەران‌و ئازادیخوازانە‌و ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەڵام نەیارانی فراكسیۆنەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان قسەی تر دەكەن‌و دەڵێن" ئەندامانی فراكسیۆنەكە لەسەرەتاوە دژی رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی‌و بەشداری گۆڕان لە حكومەت نەبوون‌و پابەند بوون بە رێككەوتنەكەوە، تا ئەو رادەیەی ئامادەییان نیشانداوە لە بەغداد دەنگ بە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەغداد هیچ پۆستێكی حكومی بەر بزوتنەوەی گۆڕان نەكەوتووە، كەوتونەتە دژایەتی رێككەوتنەكە". لەبەرامبەردا ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان، فشارەكانی رێكخەری گشتی بۆسەریان، وەكو جێبەجێكردنی داواكاری پارتی لە بزوتنەوەی گۆڕان ناودەبەن. ناكۆكییەكان لە دوو نامەدا سەرەتای ئەم ناكۆكییە (نوێ)یەی نێوان رێكخەری گشتی‌و فراكسیۆنی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ نامەیەكی رێكخەری گشتی كە رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەناوی بزوتنەوەكەوە بۆ فراكسیۆنی ناردبوو، تێیدا ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی پێدابوون وەڵام بدەنەوە. لەم نامەیەدا رێكخەری گشتی چەند داواكارییەكی خستبووە بەردەم فراكسیۆنەكە كە ئەمانە بوون: • بە راگەیەندراوێكی فەرمی، بڕیاری هەڵپەساردنی كاركردنیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێننەوە. • فراكسیۆنەكە لە هاوپەیمانی (هیوای كوردستانی) بهێننە دەرەوە، چونكە ئەمە دژی پرەنسیپی رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە‌و لە پشتی بزوتنەوەكەوە چونەتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە. • بەزوترین كات لەڕێگەی ژوری پەرلەمانەوە پەیوەندی بە بزوتنەوەكەوە بكەنەوە. • ئەركە داراییەكان بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێ بكەن (مەبەست لەو بڕە پارەیەیە كە دەبێت پەرلەمانتارەكان مانگانە لە موچەی خۆیان بیدەن بە بزوتنەوەكە). • لیستی ناوی پاسەوانەكان بنێرن بۆ ژوری كارگێڕی‌و دارایی. • چیتان كردووە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عێراق بەبەڵگە بیخەنەڕوو. • هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز. • هەوڵدان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵ. • لە عێراق گەندەڵی، نەبوونی ئازادی، گرتن‌و كوشتن‌و تیرۆر، خۆپیشاندان هەیە، چیتان كردووە‌و چیتان وتووە ؟ • دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمی فشاری خۆپیشاندەران بوو، (700) كەس شەهیدبوون‌و (20 هەزار) كەس برینداربوون، ئەمە گۆڕانكاری بوو، كەچی ئێوە دەنگتان بۆ بە كابینەی مستەفا كازمی نەدا. • چەند گەندەڵی لە هەرێم هەیە، دوو ئەوەندە گەندەڵی لە حكومەتی عێراقدا هەیە، كوا دەنگتان لەسەر ئەم مەسەلانە. • ئایا ئێستا ناكۆكی سەرەكی ئێوە لە هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا بووە بە بزوتنەوەی گۆڕان‌و خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتەكانی ؟ سێ رۆژ دوای ئەم نامەیە، بەدیاریكراوی لە رۆژی (7)ی ئەم مانگەدا، فراكسیۆنەكە بە نامەیەك‌و لە (13) خاڵدا وەڵامی نوسراوەكەی رێكخەری گشتی دایەوە، دیارترین خاڵەكانی وەڵامەكە ئەمانە بوون: • رێكخەری گشتی بەبێ پرسی جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی ئەم نامەیەی بۆ فراكسیۆن ناردووە. • رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی بەلاڕێدا بردووە‌و هەرزانفرۆشی كردووە. • بزوتنەوەی گۆڕان مانگانە (25 هەزار) دۆلار لە پارتی وەردەگرێت. • بزوتنەوەی گۆڕان نەیاری پارتی‌و یەكێتی نییە‌و لە دەسەڵات‌و قاچاخچێتیدا شەریكی ئەو دوو حزبەیە. • مانگانە تاوەكو ئێستا پابەندین بە پێدانی بەشێك لە موچەكانمان بە بزوتنەوەی گۆڕان. • بە فشاری پارتی ناتانەوێت هیچ پرۆژەیەكی چاككردنی گۆڕان سەربگرێ. • هەڕەشەكانی پارتیمان لەرێگەی ئێوەوە پێدەگات، تێگەیشتمان هەیە بۆ فشارەكانی پارتی لەسەرتان. • حزبەكە بۆ ئێوە‌و فیكری گۆڕانخوازی‌و بەرنامە سیاسییەكەی بۆ ئێمە. گۆڕان لەگەڵ كێ هاوپەیمانێتی دەكات ؟ رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو واتەی دوای شەش مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەریەكەیان بەدوای هاوپەیمانێتی دڵخوازی خۆیدا دەگەڕێت، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەیاسایەكی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت كە یەكەمینجارە لە عێراق تاقیدەكرێتەوە‌و شێوازی فرەبازنەی هەڵبژاردنە‌و دەنگێكی زۆری حزبەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا دەفەوتێت. بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەبەردەم چەند بژاردەیەكدایە: • بژاردەی یەكەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی هەندێك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لەگەڵ ئەوەدان، گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بكات، بەوپێیەی بنكەی جەماوەری هەردوو حزب لە سنوری سلێمانیدایە‌و هەردوولایان پێشتر لەچوارچێوەی یەك حزبدا پێكەوە كاریان كردووە. هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چەندجارێك بیرۆكەی هاوپەیمانێتیكردنیان خستوەتە بەردەم بەرپرسانی گۆڕان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەر ژمارەی كورسییەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن، گۆڕان داوای (5) كورسی سنوری سلێمانی دەكات، یەكێتی تەنیا گەرەنتی (3) كورسی بۆ گۆڕان كردووە. رەوتی دانوستانەكانی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە نیشانی دەدات، سەركردەكانی بزوتنەوەكە دەخوازن گۆڕان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە هاوپەیمانێتی بكەن، گۆڕان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەوە، زامنی كورسی خۆی هەم لە سنوری یەكێتی‌و هەم لە سنوری پارتی بكات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە یەكێتی نایەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكات، بەتایبەت كە چاوی لەوەیە، بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگەكانی لە سنوری سلێمانی زیاد بكات. • بژاردەی دووەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ پارتی هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانی بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی ئەوە دەكەن، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بكات‌و پارێزگاری لە رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، پێیانوایە ناكرێت گۆڕان لەگەڵ پارتی لە حكومەتی هەرێم هاوبەش بێت، بەڵام بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بكەن، كێشەی ئەم بیرۆكەیە ئەوەیە كە پارتی تائێستا زەمانەتی كورسییەكانی گۆڕانی لە پەرلەمانی عێراق نەكردووە بەو رێژەیەی كە گۆڕان دەیەوێت، واتە لانی كەم لەرێژەی كورسییەكانی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق كەمتر نەبێت كە پێنج كورسییە. • بژاردەی سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بژاردەیەكی تریش لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، كە بژاردەی هاوپەیمانێتیكردنە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدیاریكراویش (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان‌و یەكگرتووی ئیسلامی)و خەڵكانی ناڕازیی دەرەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئەمە ئەو بژاردەیەیە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوای دەكات. بەمدواییە لەسەردانێكدا بۆ گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ئەم بیرۆكەیەی خستە بەردەم عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام رێكخەری گشتی بەشێوەیەكی خێرا دەستپێشخەرییەكەی رەتكردەوە، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە زیان لە رێككەوتنی سیاسی گۆڕان‌و پارتی دەدات لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا. • بژاردەی چوارەم: بەشداری سەربەخۆ بژاردەی بەهێز لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەوەیە، بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، لەم بژاردەیەدا گۆڕان ناتوانێت پێشبینی ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەتایبەت لەكاتێكدا هەموان پێشبینی دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر ژمارەی دەنگ‌و كورسییەكانی گۆڕان دابەزینی بەرچاو بەخۆوە ببینێت، ئەم بژاردەیە هیچ گەرەنتییەك بە گۆڕان نادات بەبێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكانی تر دەتوانێت پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەڵام كلیك كردن لەسەر ئەم بژاردەیە، بۆ نەیارە ناوخۆییەكانی گۆڕان كارتێكی بەهێز دەبێت‌و هەندێك لە بایەخی هێرشە میدیاییەكانیان لەبارەی ئەوەی گۆڕان خۆی رادەستی پارتی كردووە، كەمدەكاتەوە.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، ئەم رۆژە بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كراوە بە پشوو. ئێزدییەكان كێن ؟ زمان‌و ئاینیان چییە ؟ چوارشەمبا سۆر چییە ؟ تاووس مەلەك كێیە ؟ مەسحەفا رەش چییە ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەن‌و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، باوەڕدارانی ئەم ئاینە، باسی ئاین‌و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال‌و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا، كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژراو هەزاران ژن‌و كچ‌و منداڵیشان كرانە كۆیلەو كەنیزەك. ئێزدییەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر رووبەڕووی ستەم‌و چەوساندنەوەو پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن، باوەڕیان وایە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لەبەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە (300 هەزار بۆ 750 هەزار) كەس دەخەمڵێنن، بەزۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق‌و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە "لە ئەزەلەوە هەن‌و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن"، بڕوایان وایە "ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوەو پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە، دواتر خودا حەوای خەڵقكردووەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە، مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە"، بەوەش خۆیان بە "وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند" دادەنێن. چیرۆكی " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی شەیتان "ئیبلیس" بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی (34)ی سورەتی "البقرە"دا ئاماژەی بەو چیرۆكە داوەو هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاواز‌و ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە "خودا ئیبلیسی خەڵات كردووە‌و كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەن‌و دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووەو جگە لە ئیبلیس، كەسیان لەو تاقیكردنەوەیەدا دەرنەچوون، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان"، كە ئێزدییەكان بە "تاووس مەلەك" ناویدەبەن‌و هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. بانگەواز لە ئاینی ئێزدی‌دا ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە، هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی، بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت، واتە لە دایك‌و باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت، ئەوان خۆیان بە "خواپەرست" وەسفدەكەن‌و دەڵێن ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت، خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوەو پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان، بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شاراوەی لەبن نەهاتووەو لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە، بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزارو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدیی ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن‌و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری "شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای "لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ‌و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایەو زۆربەی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمان‌و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن، زمانی رەسمی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی‌و ئیداریی دێرینن، كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها چەند نەریت‌و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی "مەسحەفا رەش"، بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی تر‌و ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆر‌و مانگدا لە ئایینی زەردەشتی‌و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكەو لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی‌و لە نوێژ‌و زەكات‌و حەج‌و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ‌و چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە (40 رۆژ لە هاوین‌و 40 رۆژ لە زستان)، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە، واتە (رۆژووی ئێزید) كە سێ رۆژە لە ساڵێكدا (سێشەممە، چوارشەممەو پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك)، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. ئێزدییەكان سێ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن‌و دەبێت بكەوێتە (دووشەممەو سێشەممەو چوارشەممە)و بە رۆژووی "خدر ئەلیاس" ناودەبرێت، پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. چوارشەمبا سۆر چییە ؟ هاوشێوەی ئاینەكانی تر، ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێك لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە، كە پێی دەڵێن جەژنی "چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ جیاواز‌و درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی‌و بەمشێوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. پلەو پایە لە ئاینی ئێزدی‌دا ئێزدییەكان بەگوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوەو بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ (عادی بن مسافر) ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتوانن جگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: • شێخ شەمش • شێخ حەسەن • شێخ بەكر • شێخ ناسرەدین‌و .. هتد 3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن‌و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیە‌و قژێكی درێژیان هەیە. 4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك (خواپەرست‌و باوەڕدار)یان هەیە، قەواڵ ئەو كەسانەن كە سرودە ئاینییەكان دەڵێن‌و سەربە یەك عەشیرەتن، ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیك‌و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی "كوچك"ە كە بە مانای دیوەخان دێت، چینێكن لە خەڵكی گشتی‌و پۆشاكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتییە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستا‌و داهاتوو"، دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانەو لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیە‌و زۆر ملكەچ نین‌و زەكات نادەن، مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ چیندا دابەشدەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك‌و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن‌و چینی "پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی "شێخ"، بەڵام ئەوە راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە هاوسەرگیری لەنێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێ‌نادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی سەربە شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات.