Draw Media

 (درەو): بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی لە دانوستاندان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان داوای (7) كورسی‌و یەكگرتوو داوا (4) كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن، یەكێتی رازی نییە‌و بەڵێنی (4) كورسی بۆ گۆڕان‌و (2) كورسی بە یەكگرتوو داوە.   بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زنجیرەیەك كۆبونەوەی نوێ لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی هاوپەیمانێتیكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستی پێكردووە. (درەو) زانیویەتی، دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوە. لەو گفتوگۆیەدا باس لەوە كراوە یەكێتی‌و گۆڕان پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، لەچوارچێوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا، گۆڕان داوای (7) كورسی پەرلەمانی عێراق دەكات، (5) كورسی پارێزگای سلێمانی‌و كورسییەكی كەركوك‌و كورسییەكی هەولێر، بەڵام یەكێتی تائێستا بەڵێنی (4) كورسی بە گۆڕان داوە‌و بەوهۆیەشەوە تائێستا نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوتی دانوستانەكان بە (درەو)ی راگەیاند، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەنگی داوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانێتی بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سەركردایەتی بزوتنەوەكە زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانێتی سیقۆڵی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا بكرێت، ئەگەر ئەم هاوپەیمانێتییە دروست نەكرا، گۆڕان لەگەڵ پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە.  مەرجی قورسی گۆڕان بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی، وا لێكدەدرێتەوە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی‌و دەیەوێت بەمشێوەیە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی قایل بكات بەوەی پابەندی بڕیاری جڤات بووە، بەڵام یەكێتی نایەوێت هاوپەیمانێتی بكات.  لەكاتێكدا لەگەڵ یەكێتی لە دانوستاندایە، پارتی جارێكی تر لەرێگەی مستەفا سەید قادری جێگری سەرۆكی هەرێمەوە فشاری بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هێناوە‌و داوا دەكات بزوتنەوەكە هەڵوێستی خۆی لەسەر فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق یەكلابكاتەوە‌و بڕیاری دەركردنیان لە بزوتنەوەكە رابگەیەنێت. ئەوە تەنیا بزوتنەوەی گۆڕان نییە كە گفتوگۆی بۆ هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی دەستپێكردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكگرتووی ئیسلامیش چونەتە ناو دانوستان لەگەڵ یەكێتی. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوە بە لیستێكی هاوبەش بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە، ئەم هەوڵە شكستی هێنا.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی داوای (4) كورسی دەكات، واتە لە هەر پارێزگایەك (كەركوك، هەولێر، سلێمانی، دهۆك) داوای كورسییەك دەكات، بەڵام یەكێتی تائێستا بەڵێنی تەنیا (2) كورسی پێداون.


 درەو: ئەمڕۆ لە بازگەی تاسڵوجە شەڕ لە نێوان چەند كەسێكی لە هێزی كۆماندۆی سەربە بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و ئاساییشی بازگەی تاسڵوجە روویداو ئاسایشێك كوژراو بكوژانیش دەستگیركران. بە گوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو پێنج كەسەی سەر بە هێزەكەی شێخ جەعفەر كە پەلاماری ئاساییشی تاسڵوجەیان داوە ئۆتۆمبێلێكی تایبەتیان پێبووە، لە رێگەی چەمچەماڵ- سلێمانی دەستیان شكاندووەتەوە سەر ئۆتۆمبَلی ( حاكم مەمەند) بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە، دوای ئەم رووداوە حاكم مەمەند كاتێك گەیشتووەتە بازگەی تاسڵوجە ئاساییشی بازگەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە ئۆتۆمبێلێك لە رێگا دەستی شكاندووەتەوە سەری و شەڕیان پێفرۆشتووە، حاكم مەمەند ناونیشانی ئۆتۆمبێلەكەی داوە بە ئاساییشی بازگەكەو رۆیشتووە. ئاساییشی بازگەی تاسڵوجە لەسەر ناونیشانەكەی حاكم مەمەند چاوەڕەوانی هاتنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان كردووە، كاتێك ئۆتۆمبێلەكەی گەیشتووەتە بازگەكە ( پێنج ) كەسێكی سەربە هێزی كۆمپاندۆی و شێخ جەعفەری تێدابوو، ئاساییش رێوشوێنی لەگەڵ گرتوونەتە بەرو پرسیاری لەبارەی رووداوەكەوە لێكردوون، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەكردووەو پەلاماری ئاساییشەكەیان داوەو بە چەقۆیەكیان لەسەر دڵی ئاساییشێك داوەو گیانی لەدەستداوە، پێنج ئاسایشی تریان برینداركردووە، دواتر لەلایەن ئاساییشەكانی بازگەكەوە دەستگیركراون و رەوانەی دادگای سەربازی كراون، بە گوێرەی یاسای سەربازی سزا دەدرێن.     


(درەو): ئەمڕۆ جارێکی تر دادگای لەندەن لەسەر کەیسەکەی ئاشتی هەورامی و دایناستی پترلیۆم کۆدەبێتەوە، دوێنێ پارێزەرەکانی دیناستی  بەڵگەکانی خۆیان دژی هەورامی خستەڕوو. دوێنێ یەکەمین دانیشتنی گەڕێکی نوێی دادگایکردنی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ جارێکی تر دادگا بەشێوەی "ئۆنلاین" دادەنیشتێت و پرۆسەی دادگاکردنەکە تاوەکو رۆژی ١١ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئەمە پەیوەندی بە سکاڵایەکەوە هەیە کە کۆمپانیای (دیناستی پترلیۆم) وەکو کۆمپانیایەکی لۆکاڵی لە پارێزگای سلێمانی، لە دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماریکردووە، سەبارەت بە کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە کێڵگە نەوتییەکانی (تۆپخانە)و (کوردەمیر) لەناوچەی گەرمیان. کۆمپانیای (دایناستی) کە پشکەکانی کڕیوە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لێکردووە کار لە کێڵگەکاندا بکات و داوای بەرتیلی لێکردوون. دادوەری ئەم کەیسە لە دادگای لەندەن پیاوێکە بەناوی (بوچەر)، ئەم دادوەرە ئێستا دەیەوێت بزانێت پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەروەریی هەیە لەچوارچێوەی عێراقدا یاخود نا، بۆئەوەی بتوانێت حوکمی کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدات. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە دانیشتنی دوێنێدا، پارێزەرەکانی (دایناستی) بەڵگەکانی خۆیان لەسەر ئاشتی هەورامی و حکومەتی هەرێم خستوەتەڕوو، دادوەر وتەو گەواهیدانی سێ کەسی شارەزای بواری یاسای دەستوریی وەرگرتووە. دادگای لەندەن بەشێوەیەکی سەرەکی، بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئایا حکومەتی هەرێم سەروەری دەوڵەتی عێراقی لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و غازی خۆیدا بەکاردەهێنێت یان نا، لەم دانیشتنانەدا دادگا بەس گوێ لە پارێزەرو شایەتحاڵەکان و ئەو کەسانە دەگرێت کە لەم بوارەدا شارەزان، دواتر بڕیار دەدات. ئەگەر ئاشتی هەورامی لەم دادگایەدا بدۆڕێت، دەبێت (ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە کۆمپانیای (دایناستی) بدات. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم کەیسە، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە: نەوتی هەرێم لە دادگاكانی لەندەن‌و پاریسدا


(درەو): "پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی  چەند رۆژێک دوابخرێت تا حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر بودجەو نەوت دەگەنە رێککەوتن" ئەمە رێککەوتنی ئێوارەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بوو. محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەلەفۆن لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١وە گفتۆگۆیان کرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، لەو گفتوگۆیەدا سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق رێككەوتون لەسەر ئەوەی پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ تا رۆژی شەممەی داهاتوو دابخرێت. ئامانج لەدواخستی پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ لەلایەن سێ سەرۆکایەتییەکەوە بۆ ئەوەیە، دەرفەتێکی تر بە هەولێر و بەغداد بدرێت، بەر لە پەسەندکردنی بودجە بگەنە رێككەوتن. (درەو) زانیویەتی، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پشتگیری ئەو دەقەی حکومەت دەکەن کە لەبارەی پشکی هەرێمەوە لە رەشنوسی بودجەدا جێگیرکراوە. دەقەکەی حکومەتی کازمی لە رەشنوسی بودجەدا کە لایەنە شیعەکان دەیانەوێت دەستکاری بکەن دەڵێ"هەرێم مانگانە داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەردا پشکی خۆی لەبودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا زامن دەکات"، حکومەتی هەرێم و تەنانەت پەرلەمانتارانی  هاوپەیمانی هیوای کوردستانیش کە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمن، پاڵپشتی لەم دەقە دەکەن، بەڵام هەندێک لەلایەنە شیعەکان داوای رادەستکردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن و حکومەتی مەسرور بارزانی ئەمە رەتدەکاتەوە.


درەو: سۆران محەمەد – كەركوك ناو خەسرەو گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی حزبەكەی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای كەركوك راگەیاند و جەختیكردەوە "لەگەڵ یەكلیستیی و یەكڕیزی لایەنە كوردییەكاندان". ئەو پێشهاتە نوێیەی پارتی بۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی رابردودا رەتیكردەوە بەشداریی بكات و پارێزگاكەی "بە داگیركراو و عەسكارتاریەت" وەسفكرد، خەسرەو گۆران، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئێمە لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدایە لە عیراق بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، تەنانەت بە كەركوكیشەوە... بۆ ئەو مەبەستەش دوجار لەگەڵ لایەنە كوردییەكان كۆبوینەتەوە بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن لەو ناوچانە". لەبارەی هەوڵی حزب و لایەنە كوردییەكان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك، وتی "ئاگاداری ئەوە نین، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەکلیستیی و یەکڕیزی لایەنەکانی كەركوداین". پارتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 – گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك-، نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك و چەندینجار جەختیكردۆتەوە لەوەی تا دۆخی پارێزگاكە ئاسایی نەبێتەوە "بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەش ناكات". بڕیاری نوێی پارتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك، هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی كۆبونەوەی حزب و لایەنە كوردییەكان لە پارێزگای كەركوك كە یەكشەممە 7ی شوبات بەبێ بەشداریی پارتی و نەوەی نوێ بەڕێوەچوو. رەسوڵ رەئوف، لێپرسراوی مەڵبەندی شەشی حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەبارەی كۆبونەوەكەوە، وتی "بە بەشداریی 11 حزب و لایەنی سیاسی بەڕێوەچوو، ئامانج لێی تاوتوێکردنی هەڵبژاردن و بابەتی هاوپەیمانی بوو... هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت کورد لە کەرکوک و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك بە هاوپەیمانی بەشداربێت بەو پێی هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازە و بابەتەکە پەیوەستە بە نەتەوەی کوردەوە، هەمووان تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەین". هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازە و بابەتەکە پەیوەستە بە نەتەوەی کوردەوە بەپێی بەشێك لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە، كە دراوە بە (کەرکوک ناو)، لە كۆبونەوەكەدا، تاوتوێی دیارکردنی لۆگۆی هاوپەیمانێتیی و وتەبێژ و یەکلاییکردنەوەی پێگەی لایەنەکان لە ناو هاوپەیمانیەتییەکەدا كراوە. رەسوڵ رەئوف وتی "پێموایە پارتیش بۆچونی وایە کورد یەکڕیز بێت لە پارێزگای كەركوك... ئەمجارە ئەگەر وریا نەبین ئەوە بە زیان بۆ کورد دەشکێتەوە بە تایبەت ئەگەر بێت و ژمارەی کاندیدەکان لە حەوت کەس تێپەڕێت ئەوا زیانمان پێدەگات، بۆیە دەبێت ئەمجارە دوو لایەنی زۆرینە کە لە پارتیی و یەکێتی پێکدێن نەرمی زیاتر بنوێن و لەسەر حەوت کاندید رێکبکەوین". لە 28ی كانونی دووەمی رابردوو، لە بینای پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی حزبە كوردییەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو. ئەوكات رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "كۆبونەوەكە بۆ خۆگونجاندنی حزبە كوردییەكان بوو لەگەڵ واقعی ئەو ناوچانە و تەكنیكە نوێیەكانی یاسای هەڵبژاردن لە چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكان". بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق؛ پارێزگاكان بەسەر چەند بازنەیەكی نوێی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێن، بۆ ئەوەش كورد دەیەوێت زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت و لەنێو بازنەكاندا دەنگی پەرشوبڵاونەبێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوپەیمانێتیی و یەكلیستییە.


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)     لە فیکری ھاوچەرخدا سیگمۆند فرۆید یەکەمین کەسە تیۆرییەکی تەواوی دەربارەی نوکتە ھەبێت. دوو ڕەھەندی ئەو تیۆرییە شوێنی سەرنجی شارەزایانن. یەکەمیان پێداگرتنە لەسەر گرنگیی ڕووکارە کۆمەڵایەتییەکانی نوکتە، گرنگیی ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان نوکتەکەر و نوکتەبۆکراودا دروستدەبێت. دووھەمیان گرێدان و بەستنەوەی نوکتەیە بە نەشیاو و حەرامە کۆمەڵایەتییەکانەوە. نوکتە وەک ئامرازێک بۆ خۆلادان و تێپەڕاندنی سانسۆر و سنوورەکانی. لە دوای فرۆیدەوە کەسانێکی زۆر لەسەر شیکردنەوەی دیاردەی نوکتەکردن ڕاوەستاون، دەکرێت زۆر بەخێرایی لەسەر دوو ئاراستەیان ڕاوەستین. یەکەمیان ئەو ئاراستەیە کە بە نوکتە ئەرکی خاوکردنەوەی گرژییەکان و مەوادی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی دەبەخشێت دووھەمیان، بە پێچەوانەی یەکەمیانەوە، نوکتە نەک تەنھا وەک تەنفیس و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوە گرژیی و ململانێ و خاوکردنەوەی کێشەکان نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی گرنگیی ناو ململانێکان و وەک جۆرێک لە خۆبەیانکردن و تەعبیرکردن لە پێگەیەکی ململانێئامێز دەیبینێت. ئەم دیدەیان نوکتە وەک چەمکێک بۆ ھێرشبردنە سەر ئەوانیتر، یان وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە خود خۆی، مامەڵەدەکات. بە بۆچوونی ئێمە نوکتە لە دونیای ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە دەبینێت؛ لەسەرێکەوە دەرچوونە لە سنوور و سانسۆر و حەرامەکان، بە دویوی ئەودیودا بەشێکە لە تەنفیسیی سیاسیی و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی، لەسەرێکی دیکەوە بەشێکە لە ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازی ھێرشبردنیشە بۆسەر ئەوانیتر. لە دونیای ئێمەدا نوکتە سەرجەمی ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەم دونیایە  بە تۆڕێکی گەورە لە حەرام و حەڵاڵ و سانسۆر، بە گەڕان بەدوای تەنفیس و ھەڵاتن لە گرژێتی و بە ململانێ و جەنگی واقیعیی و ڕەمزی تەنراوە. نوکتە بەشێکە لە ئاستە جیاوازەکانی ئامادەگیی ئەو واقیعە و لە فۆرمە جیاوازەکانی مامەڵەکردنیشی، بەتایبەتی نوکتەی سیاسیی. نوکتەی سیاسیی لە واقیعی ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە بەسەریەکەوە دەبینێت. واتە دەتوانێت ئامرازێکبێت بۆ دەرچوون لە سانسۆر و بەزاندنی سنوورەکان و تەحەداکردنی حەرامە سیاسیی و دینییەکان. دەشێت ئامرازێک بێت بۆ خاوکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان و لە فۆرمی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا ئامادەبێت، دەشێت چەکێکیش بێت بۆ ھێرشکردنە سەر کەسان و لایەنە جیاوازەکان، یان ئامرازی بەرگریکردن بێت لە خود خۆی بەرامبەر بە نەیارەکانی.  لە سیستەمێکی سوڵتانیی کۆنترۆڵکراو و ستەمگەری وەک ئەو سیستەمەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، نوکتە یەکێکە لەو کەرەستانەی کە خەڵک لە ڕیگایەوە توڕەیی و نائومێدیی خۆیان بەرامبەر بە گێلێتیی و گەمژەیی سیاسییەکانی، بەرامبەر بە بێباکیی و نابەرپرسیارێتییان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پلەی سەرۆکایەتییدان، دەردەبڕن. مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگای نوکتەوە و بەشێوەیەکی تەنزئامێز و گاڵتەکارییەوە، باس لە خەم و پەژارە و ناسۆرییەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی بکات و هەر لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێت ڕەخنە لە دەسەڵاتداران بگرێت و بە عەقڵیان پێبکەنێت. گاڵتەکردن بە دەسەڵاتداران بەشێکی گرنگیی نوکتەی سیاسییە، ئیتر لە گاڵتەکردن بە شێوازی قسە و گوتارەکانیانەوە بیگرە، تا بە لەھجە و ئاخاوتن و جوڵەی جەستە و ھەڵسوکەوتیان دەگات، لەمانەش گرنگتر گاڵتەکردن بە عەقڵیان و وێناکردنیان وەک گەمژە و نەزان و نابەرپرسیار.  نوکتەی سیاسیی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات و ببێت بە جۆرێک لە کردەی بەرگرییکردنێکی ڕۆژانە بەرامبەر بە مۆدێلێک لە حوکمڕانیی کە ئازاری کۆمەڵگا و تاکەکەسەکان دەدات. نوکتەچییە سیاسییەکان دەشێت مۆدێلێکی تایبەتی خەباتگێڕی پێکەنین بن، چونکە دەتوانن لەڕێگای بەرهەمهێنانی نوکتە و بڵاوکردنیەوە، وێنە و هەیبەتی دەسەڵاتدارن بە پێکەنین بشکێنن و ھەندێکجاریش بلەرزێنن. بەرهەمهێنەرانی نوکتەی سیاسیی دەتوانن پێکەنین بگۆڕن بۆ ھێزی وردوخاشکردنێکی ڕەمزیی ھەیبەت و خۆنمایشکردنی ئەو دەسەڵاتدارێتییەی نوکتەی لەسەر دروستدەکەن.  ئەم توانا تایبەتەیە وادەکات نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا هاوشێوەی دروستکردنی حیزب و چالاکیی سیاسیی، کردەیەکی یاساغ بێت و سزای لەسەربدرێت، ئەمەش وابکات نوکتەکردن چالاکییەکی نھێنیی و ژێرزەمینیی بێت و ئاکتێکی ڕەمزیی بێخاوەن بێت. بەڵام لەگەڵ هەموو گێڕانەوەیەکیدا زیاتر بڵاوببێتەوە و خاوەنەکانی زۆرتر و زیادتر ببێت. بە مانایەکی دیکە گێڕانەوەی نوکتە سیاسییەکە خودی گێڕەڕەوەکە دەگۆڕێت بۆ خاوەنی نوکتەکە و بۆ بڵاوکەرەوەکەشی. بەمەش نوکتەکە لەوە دەکەوێت کە خاوەنێکی تاکەکەسیی کۆنکریتی ھەبێت و دەگۆڕێت بۆ بەرھەمێکی کۆیی و دەستەجەمعیی. نووسەر و دروستکەرە سەرەکییەکەی دەمرێت و گێڕەڕەوەکانی دەبن بە نووسەر و دروستکەرە نوێیەکەی. لەگەڵ ھەر گێڕانەوەیەکیشدا خاوەن و دروستکەرێکی نوێ بەرهەمبهێنێت.  نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە دیکاتۆرەکاندا بەچەشنێک بەربڵاوە مرۆڤ واهەستدەکات لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا جگە لە نوکتەگێرانەوە و پێکەنین، مرۆڤەکان هیچ کار و خەمێکی تریان نییە. نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە دەوڵەتە ستەمگەرە داخراوەکاندا وادەکات خەڵک ڕێگای تر بدۆزێتەوە بۆئەوەی تەعبیر لە خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بکەن. نوکتەی سیاسیی تەنها دیوە کۆمیدییەکەی سیاسەت و سیاسەتمەداران نماییشناکات، بەڵکو دیوە تراژیدییەکەی پێگەی نوخبە و دیکتاتۆرەکانیش لەناو کۆمەڵگادا نیشاندەدات.  لە مێژووشدا دیکتاتۆرێک نییە نوکتەی لەسەر نەکرابێت و خۆشی بەشێک لەو نوکتانەی پێنەگەیشتبێت. جەمال عەبدولناسر یەکێک بوو لەو دیکتاتۆرانەی کە بە نوکتە زۆر ئیزعاج دەبوو، و هەندێک جار نوکتەیەک لەسەر دۆخێک وای لێکردوە هەنگاوی سیاسیی و ئیداریی بنێت بۆئەوەی نەبێت بە قەشمەری گەلەکەی. بۆ نموونە عەبدولناسر بە نوکتەی خەڵک لەسەر لەشکرەکەی هێندە قەڵس بوو، ناچار لەیەکێک لە خوتبەکانی داوا لە گەلی میسر دەکات چیتر نوکتە لەسەر سەرباز و لەشکری وڵاتەکەیان دروستنەکەن. دیارە لەشکری میسر فشەی دونیای کرد کە بە چەند سەعاتێک دەگەنە ناو دڵی ئیسرائیل لە تەلئەبیب، کەچی ڕێک لەوکاتەدا فرۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر قاهیرەوە بوون. نوکتەی سیاسیی بەچەشنێک جەمال عەبدولناسری هەراسان کردبوو کە بەرێوبەری موخابەراتی ڕاسپاردبوو، بەشێوەیەکی دەوریی هەرچی نوکتە هەیە بۆی بکات بە راپۆرت و بیخاتە بەردەستی، چونکە ترس و فۆبیایەکی گەورەی بەرامبەر بە نوکتەی خەڵک هەبوو. ترسی عەبدولناسر لە نوکتە ئەو ڕاستییەمان نیشاندەدات کە نوکتە دەشێت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گرنگی ململانێی سیاسیی و گاڵتەکردن بە عەقڵیەتی سیاسیی حوکمڕانان و فشە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانیان.  هاوشێوەی جەمال عەبدولناسر بارزانیش گەلەکەی خۆی بە سپڵە و چاکەنادیدە دەبینی. لەکاتێکدا هەموو میدیا حیزبیی و حکومیی و خێزانەکەی خەریکی ڕازانەوەی وێنەی ئەون وەک سەرۆکی نەتەوە، کەچی خەڵکێکی زۆر لە سەرۆک هەر ناڕازییە و خۆپیشاندان سازدەکەن و نوکتە لەسەر خۆی و دەسەڵاتدارێتییەکەی دەکەن. ئەم دۆخە بارزانیی بەچەشنێک توڕە کرد، لەیەکێک لە خوتبەکانیدا بڵێت با خەڵکی سلێمانی چی دەکەن با بیکەن، با بۆ خۆیان هەڵپەرن، قسەبکەن و پێبکەنن. نوکتەی خەڵکی کوردستان لەسەر ریفراندۆمەکەی بارزانی و لێدوانی هەندێک لە سەرکردەکانی پارتییش بۆ شەڕکردن لەگەڵ لەشکری عێراقیی گەیشتە ئاستێکی بێتام، کە بە زمانی شەعبی پێیدەڵێن ئاستی فشەکردن. ئەو فشانەی کە لەشکری میسری لە جەنگی ئیسرائیلدا کردیان، هەمان ئەو فشانە لە لایەن زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی و ھێزەکانی ترەوە لەکاتی ریفراندۆمدا کران. دروستکردنی دەوڵەتی کوردییان بەستبووەوە بە وەڵامدانەوەی پرسیارێک لەسەر پارچە کاغەزێک بە بەڵێ. میدیاکارێکی ناسراوی پارتی تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەی ئەکرد ئەگەر دەوڵەتە کوردییەکی دوای ڕیفراندۆم قبووڵنەکرێت، ئەوا تورکیا لەبەریەک ھەڵدەوەشێنرێتەوە و پارچەپارچەدەکرێت. فشەی نەتەوەیی گەورە و درۆی سیاسیی بەردەوام وایکرد هەم گەلی میسر و هەم گەلی کوردستان بەزەییان بەرامبەر بە سەرۆک و سیاسییەکانیان نەیەتەوە و بکەونە گاڵتەکردن بە توانا و لێهاتوویی و ئازایەتییان، بە عەقڵ و بیرکرندەوەیان ڕابوێرن.  نوکتەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها لەکاتی درۆ و فشە گەورەکانی هەڵبژاردندا بەرهەمنایەت کە سیاسەتمەدارەکان بێ پەردە بۆ خەڵکی دەکەن، بەڵکو لەکاتی خۆپیشاندان و روبەڕووبونەوە توندوتیژەکانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا ئامادەیە. گەورەترین فشەی هەڵبژاردن بریتیی بوو لە فشەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای هەرێم، نێچیروان بارزانی، کاتێک پەیمانی ئەوەی بە خەڵکی هەرێم دا، گەر لە هەڵبژاردندا دەنگ بە خۆی و حیزبەکەی بدەن، هەموویان دەکات بە خاوەن پشک لە داهاتی نەوتی هەرێمدا. دیارترین ڕەخنەی تەنزئامێزیش دەستەواژەی “مەعاشەکەو جوانە گەواد“ بوو، کە ئاراستەی گروپە چەکدارەکانی دەسەڵات کرا، چونکە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی مەدەنیی دەکرد و بێبەزییانە ئەشکەنجەیان دەدان. دیوێکی تری نوکتەی سیاسیی گاڵتەکردنی کەسایەتییە سیاسیی و سەرکردەکانە بە خەڵک و بەو کۆمەڵگایەی حوکمڕانیی دەکەن. ئەوان گەر شتێکیشیان دەستنەکەوێت پێی بکەنن، ئەوا یان بە گەلەکەیان پێدەکەنن یان بە خۆیان. ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی ئێستای ھەرێمەکە ڕۆژگارێک پێشمەرگە بوون. لە ئێستاشدا کە ئەزموون و مۆدێلی دەسەڵاتداریی و حوکمڕانییان هیچ هەیبەت و نرخێکی لای خەڵکی نەماوە و بوون بە مایەی ڕقلێبونەوە و پێپێکەنین، ھەندێک لەو سەرکردانە کەوتوونەتە فشەکردن و باسکردنی ئازایەتیی خۆیان لەکاتی پێشمەرگایەتییدا . باسی روبەڕوبونەوەی ڕامبۆئاسای خۆیان بەرامبەر بە لەشکری بەعس دەکەن. کێشەکە لەوەدایە ئەو حیکایەتانەی ئەم سیاسەتمەدارانە دەیگێڕنەوە هێندە کۆمیدییە، گەر ئازایەتییەکیش لەسەردەمی پێشمەرگایەتییدا هەبووبێت، ئەمان بە فشەکانی ئەمڕۆیان و لە سیاقی فەشەلی سەرتاسەری حوکمڕانییەکەیاندا، تەواو وێرانی دەکەن.  بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سیاسەت و سیاسییەکانی کورد هەر ئەوە نییە کە زۆرینەیان بوون بە قەشمەرجاڕی خەڵک، بەڵکو خۆشیان قەشمەرییان بە خەڵکی خۆیان و بە ڕکابەرە سیاسییەکانیشیان دێت. لەکاتێکدا مەیدانی ماستەکە لە سلێمانی یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی نهێنیی دژ بە ڕژێمی بەعس، ڕووبەرێکی گرنگیی بەرگریکردن و تەسلیمنەبوون بوو، لەکاتی پێشمەرگایەتیی ئەم سەرکردانەدا، کەچی ئێستا بۆئەوەی قەشمەریی بە بۆچوونێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، دەڵێن، ئەوەی دەگوترێت ڕای مەیدانی ماستەکەیە. لەکاتێکدا خەڵک داوای کارەبا و ئاو دەکات، ھەمان ئەو تایپە سیاسییە درۆی ئەوە دەکەن و دەڵێن کوردستان وەک سویسرایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  پێدەچێت لەپاڵ ئەم جۆرە سیاسییانەدا دۆخەکە لە کوردستاندا پێچەوانەبووبێتەوە. لە مێژوودا پادشا و حوکمڕانەکان بەردەوام موھەریج و لێبوک و بەھلولی تایبەتیان ھەبووە بۆ ئەوەی لە کۆشکەکانیاندا بیانخەنە پێکەنین. بەڵام ئەمڕۆ لە کوردستاندا ئەوە خەڵکە پێویستیان بەو جۆرە سیاسییە موھەریجانە ھەیە بۆئەوەی بیانخەنە پێکەنین و تەنفیسێکبن بۆ نائومێدیی و ڕەشبینییە مێژووییە گەورەکەی خۆیان. نوکتەبارانکردنی ئەم جۆرە سیاسیی و ھاوشێوەکانی بەشێکە لەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەستەجەمعییەی لە کوردستاندا دروستبووە. ئەرکێکی گرنگی ئەم نوکتەکردنەش خۆبەتاڵکردنەوەی کۆمەڵگایە لە خەم و ڕق و حەسرەتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان.  کێشەکە لەوەدایە کاتێک سیاسەت دەبێت بە قەشمەرییات و سیاسەتمەریش بە موهەریج، مانای ئەوەیە کۆمەڵگایەکی تەواو خەمبار دروستبووە کە پێویستی ھەم بە تەنفیس و ھەم بە بەرگریکردنە. سیاسیی موھەریج ھەردوو ئەگەرەکە مەیسەردەکات، بەڵام لەڕێگای گۆڕینی سیاسەت خۆیەوە بۆ گاڵتەجاڕیی و قەشمەریی. بوونی ئەم جۆرە لە سیاسەت و ئەم جۆرە لە سیاسیی وادەکات نوکتە بەشێک بێت لە کردەی سیاسیی ڕۆژانە بە زیاد لە دیو و ئاراستەیەکدا.  ئیبن خەلدون، کە یەکێک لە عەقڵە گەورەکانی ناو فیکری مرۆڤایەتیی، کاتێک باس لە ھۆکارەکانی گۆڕینی قەیران و زەحمەتییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ نوکتە دەکات، دەڵێت: ”ئەگەر بینیت خەڵک لە سەردەمی قەیران و نەھامەتییەکاندا قسەی خۆش و نوکتەی زۆر دەکەن، لەوە دەڵنیابە کە ھەژاریی بڕستی لەو خەڵکە بڕیوە، ئەوان خەڵکانێکی لەخشتەبراو و چەوسێنراو و ئیھانەکراون. لەوجۆرە کەسانە دەچن کە بەر لەبردنیان بۆ کوشتن سەرخۆشیان دەکەن.“ نوکتەی زۆر لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، ھەم نوکتەی خەڵک بە سیاسییەکان و ھەم نوکتەی سیاسیەکان بە خەڵک، ئەم دیدە ترسناک و تراژیدیەی ئیبن خەلدون دەسەلمێنێت.   بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی  بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا   بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو  بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


 (درەو): ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 كۆبووەوەو رایگەیاند بەهۆی هەڵەی حكومەتی هەرێمەوە خەڵكی برسی مەكەن، بۆیە تەبەنی دەقەكەی حكومەت بكەن. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی پشكی هەرێمەوە، مستەفا كازمی داوای لە لیژنەی دارایی كردووە تەبەنی ئەو دەقە بكەن كە لە رەشنوسی پرۆژەی بودجەدا لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە. ئەو دەقەی كە حكومەتی مستەفا كازمی لە رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراقدا لەبارەی پشكی هەرێمەوە ناردویەتی بۆ پەرلەمان، داوا دەكات هەرێم مانگانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت‌و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد بگێڕێتەوە لەبەرامبەر (14 ترلیۆن) دینار پشكی هەرێم لە بودجەدا بۆ هەموو ساڵەكە، لایەنە شیعەكان بەم دەقە رازی نین‌و داوا دەكەن هەرێم هەموو نەوتەكەی رادەست بكات، ئەمەش كێشەی دروستكردووە.  هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەكرد، كازمی داوای كردووە بە نەفەسی سیاسی بیر لە چارەسەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكەنەوە، بەڵكو وەكو چوارچێوەی دەوڵەت كێشەكە چارەسەر بكەن.  كازمی وتویەتی:" ناكرێت بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە خەڵك بێ موچە‌و برسی بكرێت.. خەڵك هەن نایانەوێت هەرێم‌و بەغداد بگەنە رێككەوتن".   


درەو: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سلێمانی (11%) ی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنێت، بەغداد چۆن ئامادەیە مانگانە (400 ملیۆن) دۆلاری بۆ بنێرێت.   قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراقی رایگەیاندووە:    "هەندێک کەس لە هەندێ پارێزگا ئەم پرسەیان ورووژاندووە. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە پارە بۆ یەک پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بنێرێت؟". "بۆ نموونە پارێزگای سلێمانی بە بودجەی بەکاربردن و مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە. پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە ئەو کارە بکات، لەکاتێکدا سنوورەکە نەوتی پێویستیشی نییە و تەنیا 11%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو سنوورەیە. بۆیە دیسان ئەو پرسیارە دەکەمەوە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە بەو شێوەیە راستەوخۆ پارە بۆ سلێمانی بنێرێ؟". قسەکانی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی بێ لێبڕین، مانگانە پێویستی بە 613 ملیۆن دۆلارە.  "ئەوەی کە دەگوترێت بۆ فرۆشتنی نەوتە راست نییە، ئێمە نەوتمان بۆ ماوەی 50 ساڵ نەفرۆشتەوە. رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنیا بۆ هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان". لە ساڵی 2020 رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام رێککەوتنەکە درێژەی نەکێشا و تەنیا دوو مانگ ئەو بڕە پارەیە بۆ هەولێر نێردراوە". جەختدەكەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، "بەڵام بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا لەبەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم شاییستە داراییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت


راپۆرتی: عەلی حەمەساڵح تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفر بوەو  دوو ملیار دۆلاریش لەسەری دۆڕاوین  " هەرێمی كوردستان لە گازی سروشتیدا لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە، بەڵام حكومەت لەبری ئەو سامانەی كە ئاییندەی هەرێمی كوردستانە، هێشتا چاوی لەسەر نەوت هەڵنەگرتووە، تاكە سودمەندی گازی سورشتی هەرێمی كوردستانە تەنها دانەگازە، سەرەرای ئەوەی ئەو كۆمپانیایە هیچ داهاتێكی نەخستووەتە خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام حكومەت دوو ملیار دۆلاریشی پێ دۆڕاندووە". بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەدیلی بەھێز (گازی سروشتی)ە، كە (٣٪‏ ) گازی سروشتی ھەموو جیھان لە هەرێمی كوردستانە، پلانێكی تۆكمە بۆ وەبەرھێنان لەو بوارەدا كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.. بەڵام ئەگەر سود لەو ھەڵە كوشندانەی دۆسیەی دانەگاز وەرنەگیرێت ئەم ڕەحمەتە دەبێتە نەفرەتێكی گەورە.. تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفرەو زیاتر لە (دوو ملیار) دۆلاریش بە دادگا دراوە بە دانەگاز.. مۆتەكەی دانەگاز.. كۆمپانیای دانەگاز ساڵی ٢٠٠٥ لە ئیمارات دامەزراوە سەرەتا لە ئیمارات كاریان دەكرد، دواتر ھاتنە ھەرێمی كوردستان..  كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات، كە  (٤٥ )كم لە كەركوكەوە دورە، لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، درێژی ئەم كێڵگە ٣٥ كم پانیەكەی ٤ كم ە.  ئەم كێڵگەیە ساڵی ١٩٢٩ دۆزراوەتەوە، تاوەكو ئابی ١٩٩٠ پێنج بیر لێدرا، واتە: قادر كەرەم كێڵگەیەكی دۆزراوە بوە، دانەگازو ھاوبەشەكانی تەنیا بە فراوانكردن و ئیدارەدان بون بە خاوەنی ئەو كێڵگەیە..  دانەگاز بەبێ گرێبەست دەستبەكاربوو؟  داناگازو ھاوبەشەكانی وەك خاوەنی كێڵگەی (قادر كەرەم) دەردەكەون، ئەوەی  ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی ھەرێمدا هەیەتی  بریتیە لە ڕەشنوسی گرێبەست(Heads of Agreement) ، لە ھیچ شوێنێكی یاسای نەوت و گازدا شتێك نیە بەناوی ڕەشنوسی گرێبەست؟ لە ھەموو جۆرە گرێبەستە نەوتی و گازیەكاندا بە چاك و بەخراپ شتێك نیە بە ناوی ڕەشنوسی گرێبەست!  كەواتە لە پێناو چیدا ئەمە كرا؟  كێڵگەی قادر كەرەم سێ جۆر بەرھەمی ھەیە  یەك: LPG (غازی ماڵان) ئەم بەرھەمە دانەگاز خۆی دەیفرۆشێت و كۆی پارەكەی بۆ خۆیەتی، بەرھەمی ڕۆژانەی (هەزارو 70) تەنەو ھەر تەنێك بە( 305) دۆلار دەفرۆشێت و داھاتی مانگانەی (٩ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار) دۆلارە!  پار ساڵ دانەگاز تەنی گازی بە (٢٨٥ دۆلار) فرۆشتووە و ئەم ساڵ كردویەتی بە (٣٠٥ )دۆلار، ئەم زیادكردنەو بەرزبونەوەی بەھای دۆلار بووە بەھۆكار بۆ گرانكردنی غازی ماڵان لەسەر ھاوڵاتیان لەم دۆخە قەیراناویەدا .. ھەرچەندە ئەمە موڵكی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئێستا بەروارد بەو گازەی  لە كەركوك بەرھەمدێت نرخی غازی ماڵانی قادر كەرەم گرانترە، بۆیە ئەركی حكومەتە سنورێك بۆ ئەم گرانكردنە دابنێ و بیگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوی و سیستمی فرۆشتنی دابنێ. دوو: كۆندێن سەیت، بەرھەمی ڕۆژانەی( هەزارو 753) تەنە، حكومەتی ھەرێم ھەمووی دەكڕێتەوە تەنی بە (370) دۆلار و دەیكاتە ناو بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی نەوت.. داھاتی مانگانەی (١٩ ملیۆن و ٤٥٨ ھەزار) دۆلارە.. سێ: ئەو گازی سروشتیەی بۆ كارەبا بەكاردێت.. بەرھەمی گازی سروشتی (٤٤٥ ملیۆن) پێ سێجایە، لەم بڕەیە (٣٠٥ ملیۆن) پێ سێ جا بێ بەرامبەر دەدەنە حكومەتی ھەرێم و ئەوی دیكەی بە پارەیە. جگە لەو بڕەی حكومەتی ھەرێم كوردستان بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا وەریدەگرێت تاوەكو ئێستا داھاتی حكومەت سفرە، دانەگازیش جگە لەوەی مانگانە (٣٠ ملیۆن) دۆلار قازانجیەتی و لە دادگاش (٢ ملیارو ٢٣٩ ملیۆن) دۆلاری لەحكومەتی ھەرێم بردەوەتەوە تاڕادەیەكی زۆریش دەتوانێت ھەڵسوكەوت بە بەرھەمی كێڵگەكەوە بكات، بەشێوەیەك ئەوەندە داناگاز وەك خاوەنی ئەم كێڵگە ھەڵسوكەوت دەكات، حكومەتی ھەرێم نایكات... دادگای واشنتۆن و بەڵایەكی تر  لە ٢٠١٧/٥/١ دانەگازو ھاوبەشەكانی لە دادگای واشنتۆن سكاڵایەكی دیكەیان لەسەر حكومەتی ھەرێم تۆماركرد، داوای (٢٦ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی ھەرێم كرد.. دانەگازو ھاوبەشەكانی سكاڵاكەیان كشاندەوە لە بەرامبەر، چەند دەستكەوتێكی دیكە بۆ دانەگاز.. یەك: ماوەی گرێبەستی داناگاز (١٧ )ساڵی دیكە درێژبكرێتەوە تاوكو ٢٠٤٩ .  دوو: فراوانكردنی ناوچەی گرێبەستەكە بە زیادكردنی ھەردوو بلۆكی (١٩و ٢٠) بۆ سەر ناوچەی ٢٠٠٧ . سێ: جگە لە LPG  و كۆندێن سەیت كە داناگاز بۆ خۆی دەفرۆشێت، حكومەتی ھەرێم ھەڵدەستێت بە كڕینی ٥٠٪‏ ئەو گازە زیادەی بەرھەم دەھێندرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا، ئەو (٥٠٪‏ )دەمێنێتەوە دانەگازو ھاوبەشەكانی بە بازاڕی دەكەن... لە ڕووی دارایی و ئیداری و حوكمڕانیەوە دانەگاز خراپترین گرێبەستە كە لە خزمەتی كۆمپانیادایە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی داناگاز، گرنگ و پێویستە  وەبەرھێنان لە كێڵگە گەورەكانی گاز دەستپێبكات.. ھێزی گەورەی ئابوری كوردستان گازی سروشتیە نەك نەوت.  ئێستا وەبەرھێنان لە خورمەڵە دەستی پێكر�وە، چەندین كێڵگەی گەورەھەن بۆ وەبەرھێنان..لەوانە: (میران و چەمچەماڵ و بنەباوی، عەربەت، تۆپخانە، كوردەمیر، شاكەل ... ) كوردەمیرو تۆپخانە دوو ھێندەی كۆرمۆر غازی پاكیان ھەیەو تۆپخانە ئامادەیە بۆ كاركردن..  یەدەگی گازی سروشتی كوردستان جێگای سەرنجە! بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگی ( 200 تریلیۆن) پێ سێجا یان بە واتایەكی تر ( 5 تریلیۆن و 700 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، ئەمەش 3%ی یەدەگی گازی دنیا پێك دەهێنێت. ئەگەر ئەم ئامارە وەك پێوەر وەربگرین، ھەرێمی كوردستان لە دوای رووسیا و ئێران و قەتەڕو و ئەمریكاو سعودیەو توركمانستان و ئیمارات ھەشتەم دەوڵەمندی دونیایە بە سامانی گازی سروشتی، ئەگەر ڕێژەی یەدەك بەراورد بە دانیشتوان دابنێین، ھەرێمی كوردستان لە لوتكەدایە.. دەزگای پشكنینی جیۆلۆجی ئەمریكا (USGS) بۆی دەركەوتوە كە سەرچاوە نەسەلمێنراونەكانی گازی سروشتی تەنھا لە ناوچەی زاگرۆس كە دەكەوێتە ھەرێمی كوردستان بڕەكەی دەگاتە (54) ترلیۆن پێ سێجا، ئەوەش پاڵپشت بەوەی سەرجەمی گێڵگە سەلمێنراوەكان لەو ناوچەیە كەمترە لە  (10) ترلیۆن پێ  سێجا گازی سروشتی بەبەراورد بە كێڵگە نەسەلمێنراوەكان كە (30) ترلیۆن پێ سێجایە،  ئەوەش جگە لە بونی یەدەگێكی زۆر زیاتر لە كێڵگەكانی  (بنەباوی ، خورمەڵە، چەمچەماڵ و میرانو تۆپخانەو شاكەل و عەرەبەت.)


(درەو): مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ نوری مالیکی و هادی عامری قسەی کردووەو دەیەوێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە. سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی فەتح بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح قسەی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا، بارزانی وتویەتی:" ئەگەر وەکو مەرجەعی بڕیاری سیاسی کورد مامەڵە لەگەڵ من بکەن، لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا دەنگی کورد لەگەڵ ئێوە دەبێت". لەبەرامبەر ئەم پشتیوانییەدا، بارزانی داوای لە مالیکی و عامری کردووە لە پەرلەمان پاڵپشتی لەوە بکەن هەرێمی کوردستان تەنیا داهاتی (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغداد بکات، وەکو ئەوەی لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١دا لەلایەن حکومەتی مستەفا کازمییەوە جێگیرکراوە. سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەری لەسەر کۆدەنگی کورد، بارزانی بە مالیکی و عامری راگەیاندووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوەو کێشەکان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر دەکەن و کورد یەکدەنگ دەکەنەوە. بڕیارە بارزانی لەچەند رۆژی داهاتوودا دوای ماوەیەک لە گرژی و ئاڵۆزی، چاوی بە هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەوێت و لەم دیدارەدا هەریەکە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بکەوێت. ئەگەر ئەم دیدارە روبدات، یەکەمجارە بارزانی بە فەرمی دان بە هاوسەرۆکایەتییەکەی لاهور شێخ جەنگیدا دەنێت و کاریگەری لەسەر پرۆژەکەی یەکێتی دەبێت بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە نەگەیشتنە رێککەوتن.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت  دووشەممەی ئەم هەفتەیە دادگای لەندەن قسەی خۆی دەكات لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی كە بەهاكەی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێم دەكەوێت، مانگی چواری ئەمساڵیش دادگای لەندەن بڕیار لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق دەدات دژی توركیا كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارە‌و پەیوەندی بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمەوە هەیە، ئێستا نەوتی هەرێم هەم لە بەغداد‌و هەم لە دەرەوە لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی سەروەریدایە.  سكاڵایەك لە دادگای لەندەن  رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای لەندەن جارێكی تر دانیشتنەكانی لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، دانیشتنەكانی ئەمجارە ماوەی (4) رۆژ دەخایەنێت.  ئەو كەیسەی كە دادگای لەندەن لەسەری كۆدەبێتەوە پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە.  كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد. ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات‌و دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە. (داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە‌و سنوردارە لە بواری نەوت‌و غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە: •    بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەم‌و ناوچەی جەبارە. •    بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوت‌و غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار. كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوە‌و دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆن‌و 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كرد‌و پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوام‌و نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیان‌و هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)‌و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) راوەستاوە‌و سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە.  دوای ئەم گرێبەستە‌و كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوە‌و دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی‌و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێلگانە دەستبەكاربن. بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) بدات بە(دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووە‌و سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە.  رۆژی 21ی ئابی ساڵی رابردوو، دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن لەسەر ئەم كەیسە كۆبووەوە، دانیشتنەكە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند، ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە). پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێت‌و لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتی‌و ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە. لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە. كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بوو، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریدا لە دانیشتنی داهاتوودا ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە.  دوو شەممەی ئەم هەفتەیە، دۆسیەكە لە دادگای لەندەن بەرەوپێشچونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی لەم كەیسەدا بدۆڕێت، لەدوولاوە زیان بە حكومەتی هەرێم دەگات، لەلایەك دەبێت بڕی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بۆ كۆمپانیای (دایناستی) بگەڕێنێتەوە، لەلایەكی ترەوە لەبەردەم دادگای لەندەندا، نەوتی هەرێم سەروەری لەدەستدەدات‌و ئەمەش كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوتەكە دەبێت.  نەوتەكە لە دادگای پاریس لەكاتێكدا لایەنە عێراقییەكان فشاریان هێناوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی:" رۆژی 15ی نیسانی ئەمساڵ، دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات لەسەر ئەو سكاڵایەی كە عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە لەسەر توركیا تۆماری كردووە". سەرباری دادگاكەی لەندەن، دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای پاریس سكاڵایەكی یاسایی زۆر گەورەتری لەسەرە كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارە. ئەمە سكاڵایەكە كە حكومەتی عێراق لەسەر توركیای تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی، بەبێ رەزامەندی بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستان بەناو بۆری عێراقدا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهان. عێراق لە سكاڵاكەیدا، حكومەتی توركیای تۆمەتبار كردووە بەوەی پێشێلی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، رێككەوتنێك كە سەرەتاكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1946‌و دووجار نوێكراوەتەوە كە دواینجاریان لە ساڵی 2010دا بووە كاتێك حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق بووە. ئەم كەیسە یەكلایبونەوەی لە كۆتایدایە، لەسەردەمی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، وادەی یەكلابونەوەی كەیسەكە لە دادگای پاریس كۆتایی هات، بەڵام عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەسعود بارزانی‌و فشارەكانی توركیا، بەلاداخستنی دۆسیەكەی دواخست. ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانەیە كە ئاگاداری وردەكاریی ئەم دۆسیەیە، "حاجی ئەحمەد" لە 13ی ئایاردا یاداشتێكی ئاڕاستەی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووە. لەو نوسراوەدا، حاجی ئەحمەد باسی لەوەكردووە، وەفدێكی پەرلەمانتارانی سوننە، لە توركیا چاویان بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای توركیا كەوتووە، یەكێك لەوانە (یاسین ئەقتای) جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا. بەگوێرەی یاداشتەكەی حاجی ئەحمەد، وەفدە پەرلەمانییەكەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باسیان لە راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، یاسین ئەقتای جێگری ئەردۆغان پێی وتوون، توركیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە رێككەوتن، ئەگەر عێراق سكاڵاكەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس بكێشێتەوە، ئەوا ئەنكەرە هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت. یەكلابونەوەی سكاڵاكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگای پاریس، سەرباری سزا داراییەكەی، توركیا لەسەر ئاستی جیهان‌و لەبەرچاوی كۆمپانیا گەورەكان دەخاتە ژێر گومانەوە، بەوپێیەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتی پێشێل كردووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە توركیا لێی دەترسێت‌و رەنگە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێمی تێدا بكات بە قوربانیی.  سكاڵایەكی دادگای بەغداد‌و تێكساس حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووە‌و سكاڵاكەی بردەوە، لە 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی تائێستا راوەستاوە.    


شرۆڤە: هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت)   ئیلهام لە یاداشتەکەی سەعیدەوە نووری سەعید(١٨٨٨-١٩٥٨)، کە ١٤جار سەرۆکوەزیرانێتی سەردەمی پاشایەتیی عێراقی وەرگرتووە، لە یەکێک لە دەستپێلەکارکێشانەوەکانیدا، ساڵی ١٩٤٤، هاوپێچ یاداشتێکی لەبارەی پرسی کوردەوە، پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، لەوێدا، سەرەڕای خستنەڕووی پێشینەیەکی مێژوویی پرسی کوردستان و لکاندنی بە عێراقەوە لەبارەی کێشەکانی ئەو دەمەی خۆیەوە و ئاماژەدان بەوەی کە کورد بەشداریی لە دامەزراندنی عێراقدا ڕەتکردووەتەوە، چەند خاڵێکی ڕیشەیی لە ئاڵۆزی پرسی کورد لە عێراق و دەستێوەردانی هەرێمی ڕووندەکاتەوە. یەکێک لە تەگەرەکانی بەردەم سەعید و ئەوانەی پێش و پاشیشی، هەر پرسی مافەکانی کوردستان بووە لە عێراقدا، لەو یاداشتەیدا، گەر بە وردی سەرنج بدرێت هەم تەکنیکی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ کوردستاندا و هەم هەندێ مۆدێلی باوی پرۆسەی سیاسیی تا هەنووکەش بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقەوە زاڵن. دەتوانرێت سێ فاکتەری سەرەکی لە مامەڵەی عێراق لەگەڵ پرسی کوردستاندا، لەو یاداشتەوە هەڵێنجرێت:  ١.خودی سازاندنی دەوڵەتی نوێی عێراق   ٢.ڕەتکردنەوەی بەشداریی کوردەکان و کاریگەریی هەرێمایەتیی چ لەسەر شۆڕشەکوردستانییەکان و چ دەوڵەتەکان(تورکیا و ئێران)  ٣.هەروەها جۆری بەڕێوەبردنی حکومەتی عێراق و نایەکسانی لە مافی هاووڵاتییبوون بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و ناوچەکانی عێراق. سەعید لەگەڵ ئەو دەرکە وردەی کە بۆ پرسی کورد هەیبووە، بەڵام لەمامەڵەدا، هەوڵی داوە بە دوو ڕێگە پرسەکە بخەوێنێت، ئەویش بچووکردنەوە و پۆلێنکردنی دانیشتووانی کوردستانە بۆ سێ دەستە: سەرۆک عەشیرەتەکان، بازرگانان و ڕۆشنبیران. سەعید لەو یاداشتەدا کە زیاتر وەک نەخشەڕێگای چارەسەر خۆی نواندووە، باوەڕی وابووە کە دەستەی یەکەم(سەرۆک عەشرەتەکان) تەنها مانەوەی دەسەڵاتە ناوچەییەکەیان لا گرنگە و ئامانجێکی سیاسیی دوورمەودایان نییە. دەستەی دووەم(بازرگانان) بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتێکیان دەوێت کە ئاسایش و شیرازەی سیاسیی جێگیر بکات تا پەرە بە سەرمایەکانیان بدەن. بەڵام بۆ دەستەی سێیەم(ڕۆشنبیران) دەڵێت کە داواکارییان داوای "سەرجەم ڕۆڵەکانی عێراق"ە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە. ئەم پۆلێنەی سەعید، خاڵی لە هەقیقەت نییە بەڵام بچووککردنەوە و تەکنیکیانە مامەڵەکردن و داپۆشینی ڕیشە ئاڵۆزەکانی پرسەکەیە. چونکە ئەو خۆی لە بەراییدا دەڵێت کوردەکان ڕەتیانکردەوە بەشداریی ڕاپرسیی دامەزراندنی عێراق بکەن، بەڵام لە کۆتاییشدا دەڵێت کوردستانی عێراق ئامانجی سیاسیی سەربەخۆیی نییە، چونکە ٨٠٪ی ناوچە کوردستانییەکان لە وڵاتانی دراوسێی عێراقن. سەعید لە مێژووی نوێی عێراقدا دەیزانی پرسەکە ڕاستەقینەیە، بەڵام لەبری مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی پرسەکەدا، خەڵکی ناڕازی کوردستانی دەکردە بناغە بۆ چارەسەر، لە کاتێکدا ئەمە کێشەیەکی ناوماڵی کورد بووە و ڕیشەییانە چارە نابێت، بۆ نموونە ئەو لە یاداشتەکەیدا، باوەڕی وایە خەڵکی سلێمانی ناڕازیی دژی شێخ مەحموود، داوایان کردووە لە حکومەتی عێراق کردووە ئەو فەوزایەی شێخ مەحموود کۆتایی پێبهێنێت! پێیووایە ئەمە چارەسەر بووە کە بەدەم خەڵکەوە بچن، لە کاتێکدا زۆری نەبرد و دیسان هەمان هەڵگەڕانەوەی کوردەکان بەهێزتر سەری هەڵدایەوە. ئەو سیاسییەکی قەیرانناس بوو، بۆچی ئەوە لەبەرچاو ناگرێت؟ کە هەر بچووک سەیرکردنێکی پرسی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەسەر حسێبی شوناس و ماف و داننان پێیدا، دەبێتەوە ژیلەمۆی قەیرانێکی نوێ تری پەیوەندییەکانی کورد و عەرەب و گەر بێدەنگیش خۆی بنوێنێت لە زەمەنێکی نەزۆردووردا، دیسانەوە دەردیسەر درووستدەکاتەوە و پایەکانی دەوڵەتداری دەلەرزێنێتەوە. زۆرینەی جارەکان پرسی کورد یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی سەد ساڵی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بووە، خودی سەعیدیش پاش ئەم وازهێنانەی لە سەرۆکوەزیری، شەش جاری دیکەش هەلی درایەوە و سەرۆکوەزیرانی گرتەوە دەست، بەڵام هیچکات نەیتووانی ڕیشەیی دۆسێی کورد ڕەچاوبکات و هەر ئەوەش بوو کە کورد و بزوتنەوە سیاسییەکەی بەر لە هەر پێکهیاتەیەکی دی پێشوازییان لە کودەتای ١٩٥٨ کرد و شەریکی سەرخواردنی شیرازەی پاشایەتی و خودی نوری سەعیدیش بوون، تەنانەت ماڵەکەشی لە بەغدا درایە مستەفا بارزانی ڕێبەری ئەودەمی جوڵانەوەی کوردستان. مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن پرسی کوردستان لە ئێستا هەم لە دیوی عێراقییەوە و هەم لە ڕووی تیۆریزەکردنی پرسەکەوە و داننان پێیدا هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیووە، دەستووری هەنووکەیی عێراق (بەراورد بە مێژووی بیرکردنەوە لە چارەسەری پرسەکە)، چارەسەرێکی باش و ڕێکخەری پەیوەندییەکان بووە، چونکە لەوێدا، وەک شوناس، خاک و ماف بەندی دەستووری جێهێڵراون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بەڵام فەرامۆشکردن و وەرنەگێڕانییان بۆ واقیع، خودی دەستووریشی کردووەتە بەشێک لە کێشە لەبری بەشێک لە چارەسەر. پرۆسەی سیاسیی بە گشتی و پێکهێنانی کابینە حکومییەکان، لە پاش ٢٠٠٣ەوە، بەدەست چەندین ئاستەنگەوە گیرۆدەیە و تا هەنووکەش بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی و درێژمەودا لە ئاستی هێزە عێراقییەکاندا نابینرێت بۆ چارەسەریی ڕیشەییان، كە بەشێكیان كەلێنی یاسایین و شێواندنی شیكار و حوكمە یاساییەكانن. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتەکان و لایەنەکانی پشتیوانی، سەرجەمییان درووشمییان چارەسەری ڕیشەیی پرسەکەیە، بەڵام سەرلەبەریان پەیڕەوکاری مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن بوون نەک ڕێککەوتن و شوێن ڕێگائەزمونکراوە شکستخواردووەکان دەکەونەوە. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دانوستاندنەکانی عێراق، دەتوانرێت چەند تەکنیکیك لە مامەڵەکانی بەغدا بەرامبەر پرسی کورد (بۆ ڕێککنەکەوتن) هەلبهێنجرێن: ١. مۆدێلی موماتەڵەکردن و گرەوکردن لەسەر کات، لەلایەنی عێراقییەوە، ئەمەش لە دانوستاندنی ١٩٦٨،١٩٨٣، ئەوانەی پاش ٢٠٠٣ەوە ببینرێن. ٢. سەرەکیکردنی پرسی لاوەکی، پشتکردنە دەستوور و ڕێککەوتنەکان: ئەمەش بەڕوونی لەدەورەی پاشایەتی و سەردەمی پاش ٢٠٠٣شدا دەبینرێت، بۆ نموونە گەر پرسی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، دابەشکردنی سامان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، کە پرسی دەستوورین و حکومەتە عێراقییەکان لە ٢٠٠٧ەوە خۆیانی لێدەبوێرن، لە ئانی خۆیاندا چارە بکرانایە، زۆرێکی ئەو کێشانەی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا نەدەمان و هەردوولا براوە-براوە عێراقییان دامەزراوتر دەکرد. هەم بەرامبەر داعش بۆشایی درووستنەدەبوو هەم ڕیفراندەم و ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧شی بەدوادا نەدەهات. ٣. مۆدێلی پەڕینەوە لە سنوور و هانا بۆ وڵاتە هەرێمیییەکان: حکومەتە عێراقییەکان، لەبری گەڕان بەدوای چارەسەریی ناوخۆییدا، بە ئەنقەست یان بە نائاگایی یان نەتوانین، بۆ چارەسەری پرسی کوردستان، زۆرجار گەڕاونەتەوە بۆ چارەسەری ئەمنی، سیاسیی و هەژموونی دراوسێکانی عێراق بەمەبەستی سەرکوتکاریی و خەواندنی کێشەکە یان فشار بۆ ڕازیکردنی کورد، وەک: پەیمانی١٩٣٧، تەوافوقەکانی فەیسەڵ و ڕەزاشا١٩٣٠، هاوقسەیی تاران-ئەنکەرە، ڕێککەوتنی جەزایر١٩٧٥، پرسەکانی پاش٢٠١٤، هەماهەنگی ئەمنی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری بەغا-تاران-ئانکارا. ئەم چارەسەرە ڕەنگە کورتخایەن حکومەتە عێراقییەکانی ڕزگارکردبێت بەڵام هیچکات نەیتووانیوە  پرسەکە یەکجاریی بخەوێنێت. تا هەنووکە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق و لایەنە هەڵبژێرەرەکانی، لەبری ئەوەی بنەمادەستوورییەکانی چارەسەرییان قوڵبکردایەتەوە، بەپێچەوانەوە پشتییان بە هەمان مۆدێلی نووری سەعید و هاوڕێکانی لەڕێگەی:  - بچووکناساندن و بە خزمەتگوزاریکردنی پرسی کورد لە بری ناساندنی وەک پرسی خاک و شوناس. - لەبری شەریککردن و یاساییکردنی پەیوەندییەکان، بە شەخسەنەکردن و پەراوێزکاریی پرسەکە. - لەبری پشتبەستن بە دەستوور و یاساییکردنی بەندەکانی، پشتتێکردنی دەستوور و بێبەشکردن و سزادانی مرۆیی خەڵک. لەمەی دواییدا حکومەتە نوێکانی عێراق زۆر نالەبارتر کارییان کرد و تەنانەت هەنگاوێک کەوتنە دوای بەعس و نووری سەعیدیش، ئەوان لەناساندنی کێشەکەدا پرسی ئامانجی سیاسیی جوڵانەوەی کوردییان لە خەڵکی کوردستان جیادەکردەوە و سزای گشتییان نەدەدان. نووری سەعید هەر خۆی نەبوو تا بتوانێت پرسەکە یەکلابکاتەوە، ئەوکات نەتەوەییەکان و شیوعییەکان و سوننە و شیعەکانیش هەر ڕێگربوون، دواجار سەعید هەر فریای دەستلەکارکێشانەوەکانی کەوت، مستەفا کازمیش زیاتر لە سەعید تەگەرەی هەیە و باشتریش پرسەکە دەبینێت و دەشزانێت ئاوا چارەسەر ناکرێت گەر کورتبکرێتەوە لە پەیوەندی حزبی و هاوپەیمانێتی و باڵباڵکردنی کورد، ئەوا پێش هەر لایەک سەرهەڵدانەوەی پرسەکە یەخەی خۆی دەگرێتەوە و وەک سەعید یان دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵنابژێردرێتەوە، کە یەک لە سیناریۆ بەهێزەکانیش چاوەڕێی بکات ڕەنگە هەر ئەوە بێت. بابەتی پێشتر: (مەلایانی خودا؛ دووجەمسەرییکردنی دەزگای ئایینی)


درەو: دڵشاد ئەنوەر  - دەنگی ئەمریكا  ئەو هێزەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاکەییەکان پێکیهێنا، کە ئەرکی ئەم هێزە پاراستنی ناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک و نەینەوا بوو، لە ئێستادا هێزەکە دابەشکراوە و وەکو هێزێکی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەشێکیان گواستراونەتەوە بۆ سەر هێزەکانی 80 ی سەربە پارتی، بەشەکەی تریشیان بۆ سەر هێزەکانی 70 ی سەر بە یەکێتی و لەوێشەوە خراونەتە سەر هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن. لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم مەریوان کاکەیی سەرپەرشتیاری هێزی کاکەییەکان، دەڵێت"هێزی کاکەییەکان دابەشکرا، جێگرەکەم کە پارتی بوو، بەخۆی و 120 کەسەوە، خراوەتە سەر هێزەکانی 80، منیش لەگەڵ 320 کەس، نەقڵی سەر هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن کراوم." جەختیشیکردەوە"گەر پەیوەندی لە نێو هێزی کاکەییەکان مابێت، پەیوەندی خزمایەتی و برادەری یە، نەک پەیوەندی سەربازی." دوای 16 ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کاکەیی لەناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک، هەوڵی پێکهێنانی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ کاکەییەکانی ئەو ناوچانە درا، لەو بارەیەوە موقەدەم فەرهاد کاکەیی دەڵێت"خەونێکی نەزۆک بوو، بۆیان نەکرا." سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی کاکەییەکان، ڕوونیشیکردەوە هیچ پەیوەندی و هەماهەنگیەکیان لەگەڵ ئەو هێزە عێراقیانەدا نیە، کە ئەرکی پاراستنی ناوچە کاکەیی نیشینەکانیان پێ سپێردراوە، وتی"وەزعی کاکەییەکان لەو ناوچانە باش نیە، بەڵام لە ساڵێک پێش ئێستا باشترە، پۆلیسی فیدرالی لەو ناوچانە نەماوە و سوپای بۆ نێردراوە، بەڵام ناوچەکە وەکو پێویست ئەمان نیە." ناوبەناو هێرش دەکرێتە سەر ناوچە کاکەیی نیشینەکانی کەرکوک و دیالە، بەشێک لە کاکەییەکان گومان دەکەن، هێرشەکان دەستی هێزی تری لە پشتەوە بێت و لەبەرگی داعش دا ئەنجام بدرێن، لەمبارەیەوە موقەدەم فەرهاد دەڵێت"زۆربەی هێرشەکان داعشە، هێزی تریش بیکات، بەناوی داعشەوە، دەیکات." لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم فەرهاد کاکەیی سەرپەرشتیاری هێزی کاکەییەکان، ئاماژەی بەوەکرد هەرچەندە ڕێکخراو و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر هێرشی سەر کاکەییەکان بەدەنگ هاتوون، بەڵام هەوڵەکانیان، ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.


(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی رادەستكردنی داهاتی تەواوی نەوت دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەم پێشنیازە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكان‌و دەرهێنانی نەوت لای حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە‌و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتەكەش لای بەغداد دەبێت، رۆژی دوو شەممە دواین وادەیە بۆ ئەوەی هەرێم وەڵامی ئەم پێشنیازە بداتەوە، ئەگەر هەرێم بەم پێشنیازە رازی بێت، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران‌و خەرجییەكانی تری خۆی دابین بكات. دواین چانس لەبەردەم هەرێمدا بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەزارەتی نەوتی عێراق دواین پێشنیازی لەبارەی كێشەی نەوت خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی وەكو دواین وادە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستپێشخەرییە خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێم. لەبارەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتەوە پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق فایلی نەوتی هەرێمی دابەشكردووە بۆ دوو بەش، بەمشێوەیە:  یەكەم: پرۆسەی دەرهێنانی نەوت‌و مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت. دووەم: دۆسیەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم لای وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای سۆمۆ بێت. بەگوێرەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو قەرزانەی كە لە پرۆسەی دەرهێنان‌و كۆمپانیاكانی نەوت دەكەوێتە سەر حكومەتی هەرێم، دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی دابینیان بكات، بەڵام كرێی پرۆسەی (گواستنەوە‌و فرۆشتن)ی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق دابینیان دەكات.  حكومەتی عێراق پێیوایە لە پرۆسەی گواستنەوەی نەوتدا، كۆمپانیاكان ستەمێكی گەورە لە نەوتی هەرێمدا دەكەن، چونكە بۆ گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بڕی (6 بۆ 9) دۆلار كرێ لە حكومەتی هەرێم وەردەگرن، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق هەر بەرمیلێك لە نەوتەكەی بەبڕی (1.3 بۆ 1.9) دۆلار دەگوازێتەوە. جگە لە رادەستكردنی دۆسیەی گواستنەوە‌و فرۆشتنی نەوت، حكومەتی عێراق داوای رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكانی هەرێم دەكات لەوانە (فڕۆكەخانەكان، دەروازە سنورییەكان، رەگەزنامە‌و نشینگە). داهاتی هەرێم لە پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتدا ئەگەر حكومەتی هەرێم بەم دابەشكارییەی وەزارەتی نەوتی عێراق قایل ببێت، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت كە ئێستا رێژەكەی لەناو بودجەی گشتی عێراقدا 12,67%وە بەرزكراوەتەوە بۆ 13,93%.  بودجەی 2021ی عێراق بە (130 ترلیۆن) دینار دیاریكراوە، لەم رێژەیە پشكی هەرێمی كوردستان دەگاتە (18 ترلیۆن‌و 200 ملیار) دینار، دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی‌و حاكیمە، ئەوەی بۆ هەرێم دەمێنێتەوە بڕەكەی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار دەبێت.  دۆخی موچە لە پێشنیازەكەدا لە حاڵی رێككەوتندا لەسەر پێشنیازەكە، حكومەتی هەرێم لە ساڵێكدا بڕی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار لە بەغداد وەردەگرێت، واتە بۆ هەر مانگێك حكومەتی عێراق بڕی (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت. حكومەتی هەرێم بەبێ لێبڕین، مانگانە پێویستە بە (894 ملیار) دینار هەیە بۆ خەرجی موچە، ساڵێكی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دینارە، ئەگەر هەرێم رازی بێت بە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران دابین بكات‌و سەرباری ئەمەش بڕی زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری لە پارەكەی عێراق بۆ دەمێنێتەوە كە دەتوانێت لەپاڵ یارمەتییە داراییەكەی ئەمریكا‌و داهاتەكانی تری ناوخۆدا، بۆ خەرجییەكانی تری سودی لێ ببینێت.  


(درەو): وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە گەیشتەوە هەولێر، سەدرییەكان پێشنیازێکی نوێیان بۆ وەفدی هەرێم هەیە، وەزیری نەوتی عێراقیش پێشنیازی رادەستكردنی تەواوی نەوتی هەرێم دەكات بەبێ كێلگە نەوتییەكان، پشكی هەرێم لە (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%). بەبێ رێککەوتن گەڕانەوە ئەمشەو وەفدی هەرێم گەڕایەوە هەولێرو بڕیارە یەكشەمەی داهاتوو جارێکی تر بگەڕێنەوە بەغداد، چونكە دووشەممە بودجەی2021ی عێراق لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە. تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، وەفدی هەرێمی كوردستان رەتیکردوەتەوە تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ رادەستکردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی ناوخۆ. پشکی هەرێم لە شەڕی نێوان لایەنە شیعەکاندا بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لایەنە شیعەکان لەدوای كۆبونەوەیەکی خۆیان لەماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، بڕیاریان داوە، دەبێت هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی خۆی لەڕێگەی کۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بفرۆشێت و دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات. بەڵام وەزیری نەوتی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازی جیاوازی كردووەو وتویەتی" با هەموو نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، بەڵام كێڵگە نەوتییەكان و نەوت لای حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە".  هەردوو پێشنیازی لایەنە شیعەکان و وەزیری نەوت بۆ وەفدی حکومەتی هەرێم نەرێنی بوون، تاكە خاڵی ئەرێنی كە دەستی وەفدەكەی هەرێم كەوتبێت پێشنیازێكی سەدرییەكانە بووە کە وتویانە" ئێمە چەند مەرج و داواكارییەكمان هەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا، ئێوە پشتیوانی ئەو داواکاریانەی ئێمە بکەن، ئێمەش پشتیوانی ئیوە دەكەین". ئەم هاتنەپێشەوەی سەدرییەكان بەپێی زانیارییەكان (درەو)، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر هاتووە، كە جۆرێك لێكتێگەیشتن دروستبووە لەنێوانیان هەردوولادا.  پشکی هەرێم زیاد دەکرێت ! چاوەڕوان دەكرێت لە دواین ساتەكاندا وەفدی هەرێم و لایەنە عێراقییەكان رێكبكەون لەسەر پێشنیازێكی هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق، كە هاوكات لە پرۆژە یاسای بودجەی ئامادەكراوی حكومەتیشدا هاتووە. پێشنیازەکە ئەوەیە" هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتەكانی رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر ئەمەدا شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا كە ئێستا  (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%).



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand