هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

Draw Media

2021-06-19 17:58:21



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە (10)


بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بەسەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەربە باڵی توندئاژۆکان و کەسایەتییەکی نزیک لە ڕێبەری ئێران، کۆتایی هات. ئەو لە کۆی ٢٨ ملیۆن و ٩٣٣ هەزار و ٤ کەس، ١٧ ملیۆن و ٩٢٦هەزار و ٣٤٥ دەنگی بۆ تۆمارکراوە. پاش رەئیسی، دەنگی پووچ پلەی دووەم و موحسین رەزایی بە پلەی سێیەم و هیممەتی لە باڵی ڕیفۆرمیستان بە پلەی چوارەم و قازی زادە هاشمی-یش بە پلەی پێنجەم دێت.(ئەڵبەت بە حسێبکردنی دەنگی پووچەوە). جیالەوەش نیوە زیاتری وەڵاتیانی ئەو وڵاتە بایکۆتی دەنگدانیان کرد.
لەڕوانگەی گوتاری هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان و بارگۆڕانی خواستی شەقامی ئێرانییەوە، یەکەمجارە خواستێکی کوردستانی شەقام و هێزە کوردییەکان، ببێتە خواستێکی سەرانسەریی نیوەی زیاتری سەرجەم ئێرانییەکان، چونکە ئەوە کوردەکان بوون لە ساڵی ١٩٧٩ەوە و لە پرسی پەسەندکردنی دەستووری ئێراندا باوەڕییان وابوو چەکی مەدەنیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان هیچی کەمتر نییە لە شێوازەکانی دیکەی ناڕەزایی. گەرنا زۆرێک لەئێرانییەکان ئەمجارەی لێدەربچێت بە چەپ و ڕاست و ئیسلامی و پان ئێرانیستەوە لەسەر سندووقەکان دەمانەوە. 
لەئەنجامەکانەوە، سێ تێبینی: 
- یەکەم: دەنگی پووچ (سپی) پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و نزیکەی ١٥٪ی دەنگدەران دەکات. لەکاتێکدا هیچ هێزێک نە ئۆپۆزسیۆن و نە دەسەڵات خواست و پێشنیارێکی سیاسیی وایان نەخستەڕوو. بەڵام بەشێکی خەڵک خۆی لەنێوان بایکۆت و دەنگداندا ڕێگای سێیەمی دۆزییەوە و کاریگەری و پرسی گەورەشی هەم لەسەر ڕەوایەتی کۆی پرۆسەکە و هەم لەسەر تێنەگەیشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەشەقامەکەی جێهێشت.


دووەم: لەم هەڵبژاردنەدا و بە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرجەم دەسەڵاتە کاریگەرەکان لەئێراندا یەکدەست دەبن و بواری ڕۆڵگۆڕێن و ڕۆڵ دابەشکردن لەسیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا نامێنێت، چونکە هەرسێ دەسەڵاتەکە (داد و پەرلەمان و حکومەت) و ڕێبەر و دەزگاکانی دیکەی وەک ئەنجومەنی شارەزایان و شورای پاسەوان و میدیای دەوڵەتی و...تاد، سەرلەبەر یەک تەوژمی سیاسیی بەڕێوەیان دەبات و بەمەش درزی نێوان دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان نامێنێت و بیانوو یان خۆدزینەوە لە بەجێگەیاندنی خواستی خەڵک یان هەر پرسێکی دیکە (وەک ڕێککەوتن لەگەڵ دەرەوەدا) بواری بۆ نامێنێت و چیتر هیچ دەزگایەک ناتوانێت ئەوی دی بە کەمتەرخەم لەقەڵەم بدات و خۆی بدزێتەوە، چونکە لەهەر بارێکی ئەرێنی و نەرێنیدا هەر تەوژمی توندئاژۆکانن لێی بەرپرسن.
- سێیەم: هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی سەرکۆماریی، بە یەکێک لەو هەڵبژاردنانە دادەنرێت کە لەمێژووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا کەمترین پێشوازی لێکرا بێت. بەسروشت لەم جۆرە هەڵبژاردنانەدا کە ئێران لە قولەی گۆڕانکاریی و ئەگەری گۆڕێنی ڕێبەرەکەیدایە، وا چاوەڕوان دەکرا زیاتر بەشداری پرسەکەیان بکردایە(وەک هەڵبژاردنی ١٩٨١ کە تێیدا عەلی خامینەیی بەبەشدارییەکی بەرچاوی خەڵک وەک سەرۆک هەڵبژێردراو و هەر ئەو دەنگ و پێشوازییە وایکرد ببێتە بەردەبازێک تا بگاتە پۆستی ڕێبەریش). لەم هەڵبژاردنەدا لە کۆی ٥٩ملیۆن کەس کە مافی بەشدارییان لەدەنگداندا هەبوو، نیوە کەمتر واتە (٢٨ملیۆن و ٩٣٣هەزار و ٤ کەس دەنگی تۆمارکراوە)، واتە نیوە کەمتری دەنگدەر ئەو مافەی خۆی بەکارهێنا (ئەڵبەت جیا لە گومانەکان لەسەر ساغڵەمی و ناستانداردی هەڵبژاردنەکان و شێوازی پەسەندکردنی کاندیدەکان). ئەمەش چەند فاکتەرێک دەکرێت دیاری بکرێن بۆ کەمی دەنگدەران:
١. هەڵمەتی بایکۆت: زیاتر لە شەش مانگە، کەمپەینی بایکۆت و هاندانی خەڵک بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی پێکردووە کە زۆرێک لە لایەنە ناکۆکەکانی دەرەوەی دەسەڵات (کورد، بەلوچ، موجاهیدین، پاشاییخوازەکان و ...تاد) و هەندێ ئاراستەی نێو دەسەڵاتیش وەک (باڵی ئەحمەدی نەژاد لە توندئاژۆکان، حسێن موسەوی و تاجزادە لە ڕیفۆرمیستەکان و زۆرێک لە نوخبە و گرووپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێو کۆمەڵگە)ی لە خۆدەگرت.
٢. هەریەک لە پرسە گەرمەکانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و خستنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکراینییەکە کە ١٧٩ کەس تێیدا گیانیان لەدەست دا، دابەزینی بەهای تمەن و بژێوی سەخت و گرانی نرخ کاریگەری لەسەر دڵساردیی ئێرانییەکان جێهێشت بوو، لەبری ئەوەی هەڵبژاردن وەک مەراسیم و فیستیڤاڵێکی نیشتمانی (وەک جاران) لێێ بڕوانن، وەک جۆرێک لە ململانێی توند  و نابەرابەر و خەمباریی پرۆسەکەیان بەڕێکرد، تەنانەت خودی لایەنگرانی دەسەڵاتیش وەک قۆناغێکی سەخت و دژوار لە هەڵبژاردنەکانیان دەڕوانی و وەک پرۆسەیەکی پاکسازیی نەیاری نێوخۆیی لەقەڵەمیان دەدا.
٣. کارنامەی هەشتساڵەی حکومەتی ڕۆحانی، ناڕەزایەتی بەدووی خۆیدا هێنا، چونکە پڕبوو لە بەجێنەهێنانی بەڵێنی زۆر و زەوەندە بە: خەڵک و بژێوی و گوزەرانیان (هەرزانی و خۆشگوزەرانی و بووژانەوەی بازاڕ) و لایەنەسیاسییەکان (ئازادیی سیاسیی)، پێکهاتەکان (ئازادیی کولتووریی و مەزهەبی و ئازادیی زمانەکان) و کرانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەتایبەت ئەمریکا، بەڵام سەرلەبەر هیچ یان نیوەچڵ دەرچوون و ئەمەش خەڵکی لە حکومەت و سیستەم نیگەرانتر کرد.


کێن براوە و دۆڕاوەکان؟
دەرئەنجام پاش کۆتایی پرۆسەکە، دەکرێت دوو لایەن بە براوەی سەرەکی دابنرێن، توندئاژۆکانی نێودەسەڵات، بەرەیەکی فراوانی خەڵک و هێزە ئۆپۆزسیۆنە بایکۆتییەکان: 
١.لەڕووی ئەنجامەوە، توندئاژۆکان جارێکی دیکە سەرجەمی دەسەڵاتەکانیان وەدەست گرتەوە و حکومەت و دەوڵەتیان خستەوە مشتی خۆ. بۆیە براوەی نێو تەوژمەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێران، ئەوانن.
٢. لایەنی دووەمی براوەکان، هەوادارانی بایکۆتن کە خۆیان لە خەڵکی توڕەی شەقام، هێزە سیاسییەکانی وەک کورد، پاشاییەکان، موجاهدین، گروپێکی بچووکی نێو ڕیفۆرمیستان و هەندێکی نێو توندئاژۆکانیش دەبیننەوە. ئەمانە ڕاستە لەسەر سندووق کاندیدیان نەبوو بەڵام لەڕێگەی بایکۆتەوە تاڕادەیەک هەژموونی خۆیان بەرامبەر شەقامی ئێرانی و دەسەڵات و وڵاتانی دەرەوە نیشاندا و ڕەنگە سەرەتای هەماهەنگی ئەو هیزانەش بێت بۆ کاری پێکەوەیی لەدواڕۆژدا و ئەمە بکەنە سەرەتای ئەزموونێکی هاوبەشی سەرکەوتوو و مۆدێلێک بۆ پیادەکردن، پێجەوانەی ڕابردوو کە پەرتەوازەیی لێدانی کوشندەی بە پەیکەری ئۆپۆزسیۆن گەیاند.
هەرچی لایەنی دۆڕاوی دەنگدانیشە، پشکی شێری بەر ڕیفۆرمیستەکان دەکەوێت، کە هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە کە کاندیدە ڕاستینەکانیان ڕەتکرانەوە، تا ئەنجامدان و دەرئەنجامی پرۆسەکە کە تێیدا کاندیدی دەستەدوویان پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، تەنانەت لەدەنگی سپیش کەمتریان لەسەر سندووقەکان مسۆگەر کرد. کێشەی ڕیفۆرمیستان تەنها دۆڕانێکی ئاسایی و لەدەستدانی پۆستێک نییە، بەڵکو گرفتەکە بەجێمانە لەشەقام و تاقیکردنەوەیەکی سەرنەکەوتووی سەرانی ڕێبەرانی وەک خاتەمی و کەڕووبی بوو کە قیبلەی ئەو باڵەن و داوای بەشداری دەنگدان و دەنگدانیان بە هیممەتی کرد، بەڵام ئەوە هیچ کە خەڵک نەچوو بەدەم داواکانیانەوە، بەڵکو تەوژمی سیاسیی ڕیفۆرمیستانیشی بەم هەنگاوە هەڵەیە کردە نەیاری سێ تەوژمی لەخۆی بەهێزتر: یەکەم جەماوەری بایکۆتچی نێوخۆ(٥٠٪زیاتری کۆمەڵگە)، دووەم: لایەنە ئۆپۆزسیۆنە دەرەکییەکان، سێیەمیش بەجۆرێک سەنگیان تاقیکرایەوە کە توندئاژۆکانیش منەتیان پێیان نەما و چیتر ناتوانن وەک جاران لەنێو دەسەڵاتدا ئەو ململانێیە بکەن کە هەم تەمەنی سیاسیی خۆیان و هەم تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشیان چەندجارێک درێژ کردەوە.

ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.
 

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand