هاوردەكردنی لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە چەند دەكەوێت ؟

Draw Media

2021-06-14 16:30:12




(درەو):
بازرگانان، لیترێك بەنزین لە ئێران بە (487) دینار دەكڕن، لە دەروازە سنورییەكان (133) دیناری دەكەوێتە سەر، لە گۆڕەپان‌و بەنزینخانەكانیش نزیكەی (100 بۆ 150) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە تێكڕای هێنانی لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا بە نزینخانەكان دەكرێتە زیاتر لە (720) دینار. 


هاوكێشەی بەنزین لە كوردستان
یەكێك لەو بازرگانانەی كە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەكات، وردەكاری هێنانی بەنزین‌و نرخەكەی بۆ (درەو) ئاشكراكرد. 
ئەو بازرگانە كە ناوی لای (درەو) پارێزراوە، بەمشێوەیە وردەكاری نرخی بەنزینی خستەڕوو:
ئێمە تەنێك بەنزین (1355 لیتر) لە ئێران بە (440) دۆلار واتە (660 هەزار) دینار دەكڕین، ئەم نرخە بۆ هەر لیترێك لەناو ئێران دەكاتە (487) دینار.
هاوكێشەكە بەمشێوەیە: (440 دۆلار 150 x دینار = 660 هەزار دینار، دابەش 1355 لیتر = 487 دینار).

بەنزین بە دوو شێوە هاوردە دەكرێت
بەنزین ئەگەر وەك بەنزینی پوخت هاوردە بكرێت، بۆ هەر تەنێك لەخاڵی سنوری باشماخ (70) دۆلار وەك گومرگ دەدەین، واتا تەنێك بەنزین (440 دۆلار + 70 دۆلاری گومرگ = 510 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (765 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك (78) دیناری دەخرێتە سەر‌و هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: (487 + 78 = 565) دینار. 
خۆ ئەگەر وەك بەنزین داخڵ نەكرێت‌و وەكو مەواد ئەژماربكرێت، ئەوا لە باشماخ بۆ هەر تەنێك (120) دۆلاری گومرگ دەسەنرێت، واتا (50) دۆلار زیاتر دەسەنرێت لەوەی وەكو بەنزینی پوخت هاوردەبكرێت، لەم حاڵەتەدا هاوكێشەكە بۆ تەنێك بەنزین بەمشێوەیە دەبێت: (440 دۆلار + 120 دۆلاری گومرگ = 560 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (840 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك بەنزین لەم حاڵەتەدا بڕی (133) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە: (487 + 133 = 620) دینار.
ئەم هاوكێشانە دەریدەخەن، تاوەكو خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، لیترێك بەنزین بە دوو جۆر نرخ هاوردە دەكرێت:
•    ئەگەر بە بەنزین هاوردە بكرێت: 565 دینار دەكەوێت
•    ئەگەر بە مەواد  هاوردە بكرێت: 620 دینار دەكەوێت
ئەو (50) دۆلارەی كە لە دەخرێتەسەر هەر تەنێك لە خاڵە سنورییەكان، بڕی (55) دیناری دەكەوێتە سەر هەر لیترێك، واتا (50 دۆلار 1500 x دینار = 75 هەزار دینار دابەش 1355 لیتر = 55 دینار) بۆ هەر لیترێك.

لە سنورەوە بۆ گۆڕەپانەكان
هەر لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا خاڵە سنورییەكان (620) دینار دەكەوێت، لەدوای خاڵە سنورییەكان بەنزین بەتەنكەر دەهێنرێت بۆ گۆڕەپانەكانی تایبەت بە بەنزین، لەم گۆڕەپانانە "نەفتا" تێكەڵی بەنزینەكە دەكرێت، كوالێتی بەنزینەكە دادەبەزێنن‌و خراپی دەكەن، سەرباری ئەمە لەم قۆناغەدا ماددەی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت، نەفتا تەنی بە (400) دۆلارە‌و لیترەكەشی زیاترە، پاشان رەوانەی  بەنزینخانەكان دەكرێت، لەناو گۆڕەپانەكان‌و تێكەڵكردنی نەفتاوە تادەگاتە بەنزینخانەكان، نزیكەی (100 بۆ 150 ) دیناری نرخی تر بۆ هەر لیترێك بەنزین زیاد دەكرێت، بەمشێوەیە لیترێك بەنزین بە (700 بۆ 800) دینار دەفرۆشرێت.  
واتا لیترێك لە ئێران بە (487 دینار + 133 دیناری لە سنور دەخرێتە سەر + 100 بۆ 150 دیناری لە گۆڕەپان‌و بەنزینخانەكان دەخرێتە سەر دەكاتە = 720 بۆ 800 دینار.  

حكومەت دەتوانێت چی بكات؟
ئەم پرۆسەی هێنانی بەنزین‌و فرۆشتن‌و ساغكردنەوەیە، زیاتر بازرگانان‌و خاوەن بەنزینخانەكان دەیكەن، حكومەت دەتوانێت ئەم پرۆسەیە رێكبخاتەوەو زیاتر لە (100) دینار بۆ هەر لیترێك كەمبكاتەوە، چۆن ؟
ئەو (50) دۆلارە زیادەیەی لە خاڵە سنورییەكان دەخرێتەسەر نرخی بەنزین لاببرێت، بڕی (55) دینار بۆ هەر لیترێك كەمدەبێتەوە، سەبارەت بە گۆڕەپانەكان‌و بەنزینخانەكانیش، حكومەت‌و ئیدارە خۆجێییەكان دەتواننن بڕی (50) دینار كەمبكەنەوە، چونكە ئێستا بەنزینخانەكان بە رێككەوتنی نێوان خۆیان نرخەكە زیاد دەكەن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق دەستوەردان دەكات‌و خۆی نرخی دیاری كردووە، لە عێراق، حكومەت لیترێك بەنزین بە (425) دینار دەداتە بەنزینخانەكان، ئەوانیش ناچار دەكات تەنیا (25) دیناری بخەنەسەر، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پرۆسەكە بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت. 
بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر، دەتوانێت بڕی (100) دینار نرخ لە هەر لیترێك بەنزین بكاتەوەو نرخەكە بۆ (600 بۆ 625) دابەزێنێت. 

راپۆرتی پەیوەندیدار:
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە زاری بازرگانێکەوە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand