Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

ئەنجامی دەنگدان لە پارێزگای هەولێر كۆی گشتی دەنگدەران: 642437 پارتی: 321833 دەنگ و 8 كورسی  یەكێتی: 79727 دەنگ و 2 كورسی  نەوەی نوێ: 70848 دەنگ و 2 كورسی هاوپەیمانی: 50561 دەنگ و 1 كورسی  گۆڕان: 40914دەنگ و 1كورسی  كۆمەڵ: 36855دەنگ و 1 كورسی   


ئەنجامی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی كۆی گشتی دەنگدەران: 679966 یەكێت: 267442 دەنگ و 8 كورسی  گۆڕان: 156973 دەنگ و 4 كورسی  نەوەی نوێ: 64388 دەنگ و 2 كورسی  كۆمەڵ: 51763 دەنگ و 1 كورسی  پارتی : 348820 دەنگ  و 1 كورسی  هاوپەیمانی: 46967 دەنگ و 1 كورسی  یەكگرتوو: 30297 دەنگ و  1 كورسی 


ئەنجامی دەنگدان لە پارێزگای دهۆك  كۆی گشتی دەنگدەران: 488306  پارتی : 353177 دەنگ  و 10 كورسی  یەكگرتوو: 43417 دەنك و  1 كورسی 


لە كۆنگرەیەی رۆژنانامەنوسیدا كۆمسیۆنی باڵای هەلچبژاژردنەكانە ئەنجامی كۆتایی راگەیاندن و تیایدا ناوی ئاڵا تەحسین تاڵەبانی خوێندنەوە كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی بەغداد دەرچووەو  ( 2904 ) دەنگی بەدەستهێناوە . ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی هاوپەیمانی بەغداد ژمارە 5 بووەو خۆ كاندیدی كردنی كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە    


درەو میدیا:  ئەنجامی دەنگەكان لە سندوفێكی دهۆك بەشێوەی ئەلكترۆن تەنیا (19)دەنگ بۆ یەكگرتوو ئەژمار كراوە ،بەڵام دوای ئەوە دەنگەكان بەدەست ئەژمار كراونەتەوە دەركەتووە (239)دەنگمان هێناوە  نەك (19) دەنگ واتا لەیەك سندوق (220)دەنگمان دزراوە" ئەمە وتەی جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووە لە پارێزگای دهۆك. ئەمە هەمان ئەو ئەنجامەیە كە شەش لایەنەكە لە پارێزگای سلێمانی و كەركوك ئاماژەی بۆ دەكەن كە دەنگەكانیان گۆڕاوە، دەوترێت پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری هەولێر دهۆك بە هەمان شێوەی یەكێتی لە سلێمانی دەستكاری دەنگەكانی كردووەو ساختەكاری كردووە، بەڵام پارتی بە مونەزەمتر و رێكخراوتر ساختەكاریەكەی كردووە وەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،      شەوی هەڵبژاردن ئێران دڵنیایی بە یەكێتی دەدات و پارتیش ئاگادار دەبێت بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەو شەوەی كە بەیانییەكەی هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەگەڵ حەسەنی دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغداد لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەبوون لە سلێمانی. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: هەمان شەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوەتەوە و قاسمی سلێمانی و دانایی فەڕ پەیامی دڵنیاییان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە لەباری هەڵبژاردنەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هیچ یەكێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو پەیامەی ئێران نەبوون بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پارتیش بێدەنگ بووە، بەوپێیەی هەمان كات وەفدێكی ئێرانی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە كۆبونەوەدا بووە. بەو مانایەكی كە دڵنیایەكەی وەفدی ئێران لە سلێمانی بۆ یەكێتی، هەمان دڵنیاییش دراوە بە پارتی لە هەولێر، واتا پارتیش بە هەمان شێوەیەی یەكێتی و ساختەكاری ووردی كردووە، بەڵام ئەوەی یەكێتی ئاشكراتر بووە، ئەویش بەهۆی باڵی جیاوازو ململانێی جیاوازی ناو باڵەكانی یەكێتیەوە هەرزوو پلانەكە ئاشكرا بوو، بەڵام بەهۆی مونەزەمی و رێكخراوەیی پارتیەوە پرسەكە ئاشكرا نەبووە. پارتی لە پارێزگای دهۆك 10 كورسی لە كۆی 11 كورسی بەدەستهێناوە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا تەنها 8 كورسی بەدەستهێنابوو لەو پارێزگایە، یەكگرتوو پێشتر 2 كورسی و یەكێتی 1 كورسی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بەزەحمەت كورسیەكی بەدەستهێناوە كە چاوەڕوانی سێ كورسی بوو، یەكێتیش هیچ. خەلیل ئیبراهیم ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بە كەناڵی سپێدە ڕایگەیاندووە" بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی كە دەستمان كەوتن لیستی 175ی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك زیاترلە120هەزاردەنگمان هێناوە بەڵام بەسیستمی پاشەكەوت لە63%دەنگەكانمان براوە و تەنها لە37%دەنگەكانمان بۆ ئەژماركراوە" هەریەك لە یەكێتی و هاوپەیمانی و گۆڕان و نەوەی نوێش چاوەڕوان بوون بە ئاسانی كورسی بەدەستبهێنن بەڵام پارتی تەواوی كورسیەكانی چنیەوەو یەك دانەی بۆ یەكگرتوو بە جێهێت، واتا پارتی لەبری كەمكردنی كورسیەكانی دوو كورسی زیادیكردووە بەرێژەی  18%ی كورسیەكانی دهۆك، زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی جیاواز لە یەكێتی و بە هەموو جۆرەكانیەوە ساختەكاری كردووە، واتا بە شێوەی پرۆگرامكردنی ئامێرەكانی ئەلكترۆنی و بە كڕینی كارت و دەنگی ئەوانەی بایكۆتیان كردووەو دەنگی ئاوارەكان.  سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەندێك لایەن قسە لەسەر ئەو تەزویر و پێشێلكاریە ناكەن، كە پارتی لە هەولێر و دهۆك و نەینەوا كردویەتی، ئەگەر پێشێلكاری نەبوایە هەرگیز پارتی لە كەمپی ئێزدیەكان چوار كورسی نەدەهێنا كە سیانیان زیادەن. لەبەرامبەریشدا خەسرەو گۆران بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو هێز ولایەنانەی ئەنجامە بەراییەكان ڕەد دەكەنەوە ، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو كەركوك و ئیدارەی سنوری گەرمیان. وەك ئاماژەیەكی بۆ بوونی ساختەكاری زۆر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی.  ئەم لێدوانانە لێدوانی رەسمین و دەرخەری ئەو راستیەیەن كە پارتی و یەكێتی هەردووكیان ساختەكاریان كردووە،، لەلایەكی تریش دەرخەری ئەو راستیەیە كە ساختەكاریەكە گشتگیر بووە تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو پارتی و یەكێتیش هەریەكەو لە ناوچەی خۆی تەزویری كردووە، موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت"هەردوو لایەنی یەكێتی و پارتی ساختەكارییان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كردووە لەدهۆك و موسڵ-ەوە ساختەكاری كراوە تا دەگاتە كەركوك و خانەقین، ئەمە بەڕوونی وئاشكرای دیارە، پێویست ناكات خۆیان لەڕاستییەكان لابدەن". تەنها شەش لایەنەكە نیە كە ئاماژە بە ساختەكاری دەكەن و پێیان وایە دەستكاری دەنگەكانیان كراوە، بەڵكو پێكهاتەكانیش ئاماژە بە ساختەكاری دەكەن، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرەی توركمانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە و داوا لە كۆمسیۆن دەكات دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكاتەوە، وتیشی" بەداخەوە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان وەك پێویست بەكارنەهێنرا، پرۆسەی دەنگدانەكەش رووبەڕووی ساختەكاری بەرنامەدار بووەوە". دەشڵێت: بەرەی توركمانی رایگەیاند، رێژەی ساختەكارییەكان لە هەژمارنەكردنی دەنگەكانیان زۆرە و لە هەندێك بنكە لە كۆی  30 دەنگ تەنها 4 دەنگیان بۆ هەژماركراوە و، ئەوە راست نییە خەڵك دەنگی بەو حیزبانە دابێت كە چوار ساڵە لە دەسەڵات دەیانچەوسێننەوە. ئەنجامی هەموو ئەو لێدوان و ناڕەزایانە ئەوەیە كە ساختەكاری لە هەرێمی كوردستان كراوەو ساختەكاریەكەش تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە، بەڵام فشارەكان زیاتر لەسەر یەكێتیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی گۆڕانكاری لە دەنگی لیستەكاندا زۆر لە ئساتێكی بەرزدا بووە، بۆ نمونە گۆڕان چاوەڕوان 7 كورسی بووە لە سلێمانی 4 كورسی بەدەستهێناوەو هاوپەیمانی بە نیازی 4 كورسی بووە 1 كورسی بەدەستهێناوە، لەسەروی ئەوانیشەوە لە هەڵبژاردنی 1992 تا ئێستا لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی لە دەڤەری سلێمانی نزیكەی 90 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا ( 46567 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەمە بۆ پارتی زۆر سەختە چونكە ئەم ئەنجامە پارتی كردۆتە كەمینەیەكی بچوك لە سلێمانی كە بۆ پارتی لەكەداركردنی خەباتی پارتیە.    


دره‌و میدیا به‌ره‌ی توركمانی رایگه‌یاند، رێژه‌ی ساخته‌كارییه‌كان له‌ هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگه‌كانیان زۆره‌ و له‌ هه‌ندێك بنكه‌ له‌ كۆی  30 ده‌نگ چوار ده‌نگیان بۆ هه‌ژماركراوه‌ و، ئه‌وه‌ راست نییه‌ خه‌ڵك ده‌نگی به‌و حیزبانه‌ دابێت كه‌ چوار ساڵه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یانچه‌وسێننه‌وه‌. رۆژی 18ی ئایار به‌ره‌ی توركمانی له‌گه‌ڵ شه‌ش هێزی سیاسی ناڕازی دژ به‌‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یونامی) كۆبوونه‌وه‌. سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی ئایدن مه‌عروف له‌ لێدوانێكی بۆ (دره‌و میدیا) وتی "به‌هۆی ناڕاستی هه‌ژماركردنه‌كان ده‌نگه‌كانمان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر جیاوازه‌، بۆ نموونه‌ بنكه‌ هه‌یه‌‌ ئێمه‌ ئه‌ندامه‌كانی خۆمان 30 كه‌س ده‌نگمان داوه،‌ به‌ڵام چوار ده‌نگمان بۆ حیساب كراوه‌، له‌ زۆرینه‌ی بنكه‌كانیش به‌م جۆره‌ ده‌نگه‌كانمان حیساب كراوه، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر و كه‌ركوك و موسڵ كراوه‌". به‌ره‌ی توركمانی له‌گه‌ڵ شه‌ش هێزی سیاسی كوردی و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ په‌یوه‌ندیدان و فشار ده‌كه‌ن به‌ رێكارێكی یاسایی ده‌نگه‌كانیان بگه‌ڕێندرێته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئایدن مه‌عروف وتی "هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك و هه‌ولێر و موسڵ و به‌غداد، بۆئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر كۆمسیۆن دروست بكرێت تا بڕیاری هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست بدرێت، چاوه‌ڕوانین كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامی هه‌بێت". به‌ره‌ی توركمانی له‌ شاری كه‌ركوك سێ كورسی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گومانی له‌سه‌ر رێژه‌ی زۆری ده‌نگی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ و پێی وایه‌ "چوار ساڵه‌ خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێم كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌هۆی ئه‌وه‌ی كیشه‌یان بۆ هاووڵاتی دروست كردووه‌ و هاووڵاتیانیش له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناڕازی بوونه‌، ئێستا ماقول چییه‌ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق ده‌نگیان داوه‌ته‌وه‌ به‌و حیزبانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ له‌ خۆیدا گوومانه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان". جگه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به ساخته‌كردنی ئه‌نجامی هیزه‌ سیاسیه‌كان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان گومانی له‌ به‌كارهێنانی كورسی كۆتاكانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كورسی كۆتاكانیش كراوه‌ نه‌ك به‌ ته‌نیا به‌ره‌ی توركمانی، ئێمه‌ وای ده‌بینین حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ كوێ ده‌ست رۆیشتووبووبن له‌ هه‌رێم یان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌نگی كورسییه‌كانیان یه‌كلا كردۆته‌وه"‌. بۆیه‌ ئه‌و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێژه‌ی ده‌نگانه‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وان ناكات و "ده‌بێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێته‌وه، چونكه‌‌ ئاشكرابوو ئه‌م سیسته‌مه‌‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌تواندرێت فێڵی تێدا بكرێت له‌ ئه‌نجامی كۆتایی و به‌مه‌ش حیزبه‌ گه‌وره‌كان بۆ به‌رژوه‌نده‌ی خۆیان گۆڕانكاری گه‌وره‌یان تێدا كردووه‌".  دوای سكاڵای حه‌وت لایه‌نی سیاسی له‌ ئۆفیسی هه‌ولێری یونامی، هه‌مان رۆژ 18ی ئایار یان كۆبیچ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "پێویسته‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ خێرایی جوڵه‌ بكات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو سكاڵاكان و ئه‌گه‌ر پێویست به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ ئه‌نجامه‌كانی چه‌ند بنكه‌یه‌كی دیاریكراو بكات به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك، پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت".


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت شەش لایەنی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانن و دەڵێن ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كراوە، ئەو لایەنەكان لە كۆبونەوە و گفتوگۆدان بۆئەوەی پێكەوە هەنگاوی هاوبەش بنێن. ئەو شەش لایەنە سیاسییە كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) یەكێك لە بژاردەكانی بەردەمیان دژ بە "ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن" وەكو خۆیان دەڵێن، بژاردەی كشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لە باشترین حاڵەتدا بریتییە لە بایكۆتكردن و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەو شەش لایەنە سیاسییە بە هەمویانەوە (11) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان هەیە، واتە بە كشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی (11) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتاڵ دەكەن. وەكو دەردەكەوێت لە حاڵەتی كشانەوەیاندا لە پرۆسەی سیاسی، ئەو لایەنانە هەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرەكانیان نانێرن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتە نوێنەرەكانیان سوێندی یاسایی دەستبەركابونیان وەكو پەرلەمانتار ناخۆن، بۆیە ئەو رێوشوێنانە نایانگرێتەوە كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتی دەستلەكاركێشانەی پەرلەمانتار دانراون. لە دەستوری عێراق و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەهیچ جۆرێك باس لە ئەگەری روودانی حاڵەتی كشانەوەی هێزێكی سیاسی بەشداری ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی سیاسیی نەكراوە. خاڵی (یەكەم) لە ماددەی (49)ی دەستوری عێراق كردویەتی بەمەرج هەموو كورسییەكانی پەرلەمان پڕبكرێنەوە بەرێژەی هەر كورسییەك بۆ (100 هەزار) كەس لە دانیشتوانی عێراق. خاڵی (پێنجەم)ی هەمان ماددە دەڵێت" ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەك دەردەكات بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی گۆڕینی ئەندامان لە حاڵەتی دەستلەكاركێشانەوە یان لابردن یان مردنی ئەنداماندا". لەبەر رۆشنایی ئەم ماددەیەی دەستوردا، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (6)ی ساڵی 2006ی دەركرد، ئەم یاسایە ساڵی 2007 هەمواركرایەوە. بەپێی خاڵی (یەكەم)ی ماددەی (یەكەم)ی ئەم یاسایە، بەهۆی یەكێك لەم هۆكارانەوە ئەندامی پەرلەمان ئەندامێتییەكەی كۆتایی دێت: 1-    ئەندامی ئەنجومەن پۆست لە سەرۆكایەتی دەوڵەت یان ئەنجومەنی وەزیران یاخود هەر پۆستێكی فەرمی تر وەربگرێت. 2-    یەكێك لەو مەرجانەی ئەندامێتی لەدەستبدات كە لە دەستور و یاسای هەڵبژاردنەكاندا هاتووە. 3-    دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام لە ئەنجومەن لە حاڵەتێك جگە لەو حاڵەتەی كە لە بڕگەی سێیەمی ئەم ماددەیەدا هاتووە.. بڕگەی سێیەم دەڵێ" پێویستە لەسەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی لە حاڵەتی پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوە و قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەیان، ماوەی ئەندامێتییان لە ئەنجومەن لە ساڵێك كەمتر نەبێت". 4-    مردن. 5-    دەرچوونی حوكمی یاسایی تاوان لەدژی بەپێی حوكمەكانی دەستور. 6-    توشبون بە نوخۆشی كوشندە یان پەككەوتن یاخود هەر شتێك كە رێگر بێت لەبەردەم راپەڕاندنی ئەركەكەی لە ئەنجومەن و پاڵپشتیكردنی ئەوە بە بڕیاری لیژنەی پزیشكی تایبەتمەند بەجۆرێك ماوەی كۆی گشتی مۆڵەتی نەخۆشییەكەی (سێ مانگ) تێپەڕ نەكات لەماوەی دوو وەرزی یەك لەدوای یەكی یاساداناندا، لە حاڵەتی تێپەراندنی ئەو ماوەیەدا رەوانەی خانەنشینی دەكرێت و ئەنجومەنی مافی ئەوەی هەیە تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەكانی لیژنەی تەندروستی بكات. 7-    لەكارخستنی ئەندام بەهۆی زۆری غیاباتەكانی بەبێ بوونی هیچ بەهانەیەكی گونجاو بۆ زیاتر لە یەك لەسەر سێی دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە كۆی یەك وەرزی یاساداناندا. وەك دەردەكەوێت لەم رێوشوێنە یاساییانەشدا هیچ ئاماژەیەك بە حاڵەتی ئەگەری بایكۆتكردن و كشانەوەی پرۆسەی سیاسی و ئەگەری كشانەوەی پەرلەمانتار بەو هۆكارە نەكراوە، بۆیە رێوشوێن بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی حاڵەتەكەش دیاری نەكراوە. بەگوێرەی ماددەی (50)ی دەستوری عێراق دەبێت پەرلەمانتار بەر لە دەستبەكاربوونی لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا سوێندی یاسایی بخوات. ماددەی (14) پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت" لە رۆژی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەن و هەموو مافەكانی ئەندامێتی پێدەدرێت، دوای سوێندی دەستوریش دەستبەكاردەبێت". بەپێی ئەم دوو ماددە یاساییە، كاندیدی هەڵبژێردراو تاوەكو سوێندنی یاسایی نەخوات بە دەستبەكاربوو ئەژمار ناكرێت، واتە هیچ مافی پارێزبەندی (حصانە)ی پەرلەمانتاری و پاداشتە داراییەكانی پێنادرێت. لە حاڵەتی كشانەوەی نوێنەرانی ئەو شەش لایەنە سیاسییەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران دیار نییە بەچ یاسایەك مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكەیان دەكرێت، ئایا كورسییەكانیان هەر بە بەتاڵی دەمێننەوە یاخود پڕ دەكرێنەوە. ئەگەر كورسی ئەو لایەنانە بە بەتاڵی بمێنێتەوە، دەبێت بە سیمبوڵێك لەناو پەرلەمان و بەردەوام ئەوە بەبیری خەڵك و چاودێرانی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەهێنێتەوە كە ئەو كورسییانە وەكو ناڕەزایەتی دژی "ساختەكردنی هەڵبژاردن" بە بەتاڵی ماونەتەوە. سەبارەت بە تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، كشانەوەی ئەو شەش لایەنە سیاسییە لە ئەنجومەن بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشە بۆ نیسابی یاسایی دروستناكات مەگەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا كە مشتومڕ لەناو ئەنجومەن لە نێوان فراكسیۆنە جیاوازەكان هەبێت. بەپێی خاڵی (یەكەم)ی ماددەی (59)ی دەستوری عێراق، نیسابی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبونی زۆرینەی رەهای ئەندامان پێكدێت، واتە زۆرینەی رەهای (329) كورسی پەرلەمان. لە حاڵەتی دەرچونی بڕیارەكانیشدا بەهەمان شێوە نائامادەیی نوێنەرانی ئەو شەش لایەنە كاریگەری بنەڕەتی نابێت مەگەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا كە كێشمەكێش و بایكۆتكردن لە ناو پەرلەمان هەبێت، چونكە بەگوێرەی خاڵی دووەمی هەمان ماددەی (59)ی دەستور، ئەگەر نیساب بە زۆرینەی رەها پێكهات، بڕیارەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی سادە تێدەپەڕن. بەڵام بەپێی قسەی حاكم شێخ لەتیف یاساناس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر ئەو شەش لایەنە سیاسییە لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە، كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە بەتاڵی نامێننەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی نوێنەران شوێنەكان پڕدەكەنەوە، چونكە دەبێت هەموو كورسییەكانی ئەنجومەن پڕبكرێنەوە. حاكم شێخ لەتیف دەڵێ: ئەو لیستانەی كاندیدیان دەرچووە بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسییەوە ناچنە بەغداد، لەماوەیەكی دیاریكراودا كاندیدی ئەو لیستانە دەخرێتە شوێنی نوێنەرەكانیانیان، كە لەدوای ئەوان دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێناوە. بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، لە حاڵەتی كشانەوە ئەو لایەنانە لە پرۆسەی سیاسی، كورسییەكانیان بەپێی یاسای هەڵبژاردن و سیستمی سانت لیگۆ دابەش دەكرێت بەسەر لایەنە براوەكانی تردا، نەك ئەو لایەنانەی كە لەدوای ئەوان دەنگی زۆرینەیان هێناوە. لەم حاڵەتەدا كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەو شەش لایەنە كوردییە بە زیان كۆتایی دێت، چونكە بەوەی كورسییەكانیان بە كەسانی تر پڕ دەكرێتەوە، پەیامە سیاسییەكەیان وەكو پێویست ناگات وەك لەوەی كورسییەكانیان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بە بەتاڵی بمێنێتەوە. بەهۆی ئەوەی هیچ پێشینەیەك نییە لە عێراق كە حزبێك یان چەند حزبێك لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە و كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، دیارنییە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كۆمسیۆن بە دیاریكراوی چۆن چارەسەری حاڵەتی كشانەوەی شەش لایەنە سیاسییەكەی كوردستان دەكەن (هەڵبەت ئەگەر كشانەوە)، بۆیە پێدەچێت هاوشێوەی ئەو پرسانەی كە جێناكۆكن دواجار پرسی پڕكردنەوە یان نەكردنەوەی كورسی ئەو لایەنانە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتەبەردەم دادگای فیدراڵی عێراق و ئەو دادگایە بابەتەكە یەكلابكاتەوە. بەكشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی كورسی نوێنەرەكانیان لە بەغداد لەدەستدەدەن، هاوكات مافی بەشداریكردن و وەرگرتنی هەر پۆستێكیش لە حكومەتی داهاتووی عێراق لەدەستدەدەن، چونكە سیستمی حوكمڕانی عێراق پەرلەمانییە و كابینەی حكومەت لە پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت و لەلایەن لایەنە بەشدارەكانی ناو پەرلەمانەوە پێكدەهێنرێت.


( درەو میدیا) " من ئیمزام لەسەر ئەو نوسراوە كردووە، بەڵام جەختم كردەوە كە بۆ بڵاوكردنەوە نیە، جەختیشدەكەمەوە كە ئەو ژمارەیەی بڵاوكراوەتەوە ژمارەی دەنگی من نیە و دەنگەكانی من زۆر لەوە زیاترن" ئەمە وتەی مامۆستا جەعفەر یەكێك لەو كاندیدانەیە كە ئیمزای كردووە و لە ریزبەندی كاندیدەكاندا ( 2415 ) دەنگی هێناوە، بەڵام رێزان دلێر كاندیدی یەكێتی كە ( 4258 ) دەنگی بەدەستهێناوە دەڵێت:" ئەو نوسراوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە و ئەو نوسراوەش ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە". لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ژمارەیەك لەو كاندیدانەی ناویان لە نوسراوەكەدا هاتووە ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یاداشتیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كردبێت و داوایان كردبێت كه‌ ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌و یاداشته‌ دروستكراوه‌ و مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كاری رای خه‌ڵكی هه‌رێمی كردستانی له‌ پشته‌وه‌یه‌. ئەمەش دوای بڵاوكردنەوەی نوسراوی 14كاندیدی لیستی یەكێتی بۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كە داوای ژمارەی راستی دەنگەكانیان دەكەن، لە نوسراوێكەدا كە 14 كاندیدی لیستی ژمارە 162 یەكێتی لە سلێمانی ئیمزایان لەسەركردووە رایدەگەیەنن ئەوەی ئاشكراكراوە دەنگی راستەقینەی ئەوان نییە و ئەوەی لە بنكەكانی دەنگدانەوە پێیان گەیشتووە لەگەڵ ئەوەی كۆمسیۆن جیاوازی هەیە و داوادەكەن: یەكەم: ژمارەی راستی دەنگەكانیان پێبدرێت. دووەم: كردنەوەی چەند سندوقێكی دەنگدان لە شارو شارۆچكەكا ن وبەراورد بكرێت لەگەڵ ئەنجامە نافەرمییەكان كە راگەیەنراوە. ئەم نوسراوە كاردانەوەی زۆری بەدوایخۆیدا هێناوە و بەتایبەتیش لای حزبە ناڕازییەكان كە پێیانوایە ئەو نوسراوە بەڵگەی سەلماندنی قسەكانیانە كە دەنگەكان دەستكاریكراون و گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكانی یەكێتی بە رونكردنەوەیەك نوسراوەكەیان رەتكردوەتەوە و بە ساختە ناویان بردووە. شیراز میراودەلی كە ( 3128 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە رونكردنەوەیەكدا لە ئاكاونتی لە فەیسبوک خۆی نوسیویەتی: " نوسراوێكی نافەرمی بڵاوكراوەتەوە ناوی من هێنراوە سەرلە بەری دوورە لە ڕاستیەوە من بە هیچ شیوەیەك ئاگادار نیم لەو نوسراوە پەیوەندی نیە بە منەوە دوژمنان چاویان هەڵنایە بە سەركەوتنی یە كێتی نیشتمانی كوردستان بۆیە دەست بۆ كاری لەو شێوەیە دەبەن"   بەڵام رێزان دلێر كە ( 4258 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی" كە ئەو نوسراوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە، ئێمە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق،   بە هەموو لایەك بەتایبەتی هەڤاڵانی خۆشەویستی یەكێتی رادەگەیەنم، هێشتا ئەنجامی كۆمسیۆن بۆ كاندیدەكان بە رەسمی دەرنەچووە و ئەو نوسراوەش ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە"  فازل كەریم ( مامۆستا جەعفەر) لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی کوردستان 24 دەڵێت: " من بەڵگەم هەیە كە زۆر لەو ژمارەیەی بڵاوكراوەتەوە دەنگم هێناوە و بەڵگەم بەدەستەوەیە كە ئەو ژمارانەی بڵاوكراونەتەوە دەنگی من نیە، سەبارەت بە راست و دروستی نوسراوەكەش مامۆستا جەعفەر دەڵێت: من ئیمزام لەسەر ئەو نوسراوە كردووە بەڵام پێم وتون كە ئەمە بۆ بڵاوكردنەوە نیە.    


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت ئەم رۆژانە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە لوتكەی ئاڵۆزیدایە، ئەم ئاڵۆزییانە لە كاتێكدایە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا رێككەوتنێكی سیاسی هەیە و هێشتا ئەو رێككەوتنە بەشێوەی فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە. بەر لە دوو ساڵ و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە لە (11) بەش و (25) ماددە پێكهاتووە.  نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییە، بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە لە رۆژی 20/12/2017 كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد. رێككەوتنەكە بە ئامادەبوونی دوو كەس ئیمزا كرا كە ئێستا هەردووكیان لە ژیاندا نەماون كە ئەوانیش هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا)ن، دوای چەند ساڵێك ململانێی سیاسی توند، ئەوكات رێككەوتنەكە وەكو دەروازەیەك بۆ ئارامی و سەقامگیری بەتایبەت لە زۆنی سلێمانی تەماشا دەكرا، بەڵام وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا وادەرنەچوو، دوای ساڵێك لە ئیمزا كردنی تەنیا یەك خاڵی رێككەوتنەكە خرایە بواری جێبەجێكردن كە ئەویش خاڵی (2) ی ماددەی (بیست و پێنج)ە كە دەڵێ"دەقی تەواوی رێككەوتنەكە لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە و رایگشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە". شكستهێنانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بەر لە ئیمزاكردنی پێشبینی كراو بوو، لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆتایی وتارەكەیدا وتی" عیبرەت لە نوسیندا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردندایە". ئەوكات كە رێككەوتنەكە ئیمزا كرا، میدیاكانی هەردوو حزب وەكو هەنگاوێكی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لە كوردستان وێنای رێككەوتنەكەیان دەكرد، لەمەشدا مەبەستیان هاوسەنگی هێز بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دوای دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە، هێشتا تەرازووی هێز لاسەنگە و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەی بەدەستهێنا و لە ناوخۆی كوردستانیش پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین پۆستی سیادی تری بەدەستەوەیە. دوای دوو ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەدا (درەو میدیا) هەندێك زانیاری لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییە و هۆكاری شكستهێنانی ئاشكرادەكات. دواین وێستگەی سیاسی نەوشیروان مستەفا ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دواین وێستگەی ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا بوو وەكو یەكێك لە سیاسەتمەدارە كاریگەرەكانی كوردستان. ئەوانەی لە كۆچكردوو نەوشیروان مستەفاوە نزیكن لەبارەی ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەوە دەڵێن" ئامانجی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو لەدواین وێستگەی ژیانیدا كارێك بۆ ناوچەی سلێمانی بكات و ئارامی و سەقامگیری سیاسی لەم ناوچەیە دروستبكات، هەر ئەوەش هۆكارەكە بووە كە لە رێككەوتنەكەدا دەرگا بە كراوەیی هێڵراوەیەوە بۆ بەشداربوونی حزبەكانی تر تێیدا". بەپێی هەندێك زانیاری كە لەبارەی پشتی پەردەی ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا لە ئیمزاكردنی ئەم ریككەوتنەدا خوازیاری دووبارەكردنەوەی رێككەوتنی دروستبونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە لە ساڵی 1976دا، كە پێكهاتبوو لە چەند لایەنێكی جیاواز لەژێر چەترێكدا، بە مەرجێك سێ پایەی سەرەكی هاوپەیمانێتییەكە یەكبخرێت: یەكەم: یەكخستنی هێزی پێشمەرگە دووەم: یەكخستنی پەیوەندییەكان سێیەم: یەكخستنی دارایی شكستی یەكخستنی فراكسیۆنەكان یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی رێككەوتنەكە كە هەرگیز نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، دروستكردنی ئیئتیلافێكی هاوبەش بوو بۆ فراكسیۆنەكانی هەردوو حزب لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هۆكاری شكستهێنانی یەكخستنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە یەكێتی نیشتمانی داوای كردووە سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی هەردوو حزب لە بەغداد و كوردستان بۆ ئەوان بێت، بۆ ئەمەش بەهانەیان بەوە هێناوەتەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و لە كوردستانیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاوەی ئامادە نەبوو سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكانی بەغداد و هەولێر بە یەكێتی بدات، بەڵام دواتر ئامادەبووە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان بە یەكێتی بدات، بەڵام سەرباری ئەوەش كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رێگربوون لەوەی فراكسیۆنەكان یەكبخرێن. پارتی و هەوڵی رێگری لە نوێنەری وڵاتان سەرەتای شكستی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتی و گۆڕان لەو مەراسیمەدا دەركەوت كە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی (هۆتێل شاری جوان) لە سلێمانی رێكخرا، یەكێتی و گۆڕان نوێنەر و كونسوڵی هەموو وڵاتانی جیهانیان بانگهێشت كرد بۆ بەشداریكردن لەو مەراسیمە، بەڵام تەنیا نوێنەری ئێران و ئەمریكا وەك دوو وڵاتی دژ بەشدارییان كرد، ئەمریكاش لە ئاستێكی باڵادا بەشداری نەكرد و تەنیا كارمەندێكی كوردی كونسوڵگەری خۆی نارد بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمەكەدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوكات فشاری لە نوێنەری وڵاتان كردووە بەشداری لەو مەراسیمەدا نەكەن. ئەوەی جێگەی پرسیاربوو، دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە زۆرینەی لایەنە كوردی و عێراقییەكان و وڵاتانی بیانی پیرۆزباییان لە یەكێتی و گۆڕان كرد، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان. شكستی كاری لیژنە هاوبەشەكان دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە، چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ بوارەكانی میدیا و دارایی و پەیوەندییەكان.. دروستكرا، بەڵام پاش ماوەیەك كاری ئەو لیژنانە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان یەكێتییەوە بە هیواشی بەڕێوەدەچوون. یەكێك لەو رەخانەی كە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت ئەوەیە، خوێندنەوەیەكی دروستی نەبووە بۆ قەبارەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی و كاریگەرییان لەسەر رێككەوتنەكە. ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی هەر لە رۆژی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەوە باڵی بەسەر رێككەوتنەكەدا كێشا، بڕیار بوو لە رۆژی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە هەریەكە لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی هەردووكیان لە یەك كاتدا دەنگی لەسەر بدەن و پەسەندی بكەن، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كاتژمێر 11 ی ئەو رۆژە رێككەوتنەكەی پەسەندكرد، بەڵام كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی بەهۆی ناكۆكییەوە پەسەندكردنەكەی بۆ ئێوارە دواخست. هەر دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەش مەلا بەختیار بەرپرسی پێشووی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەدا كە رێككەوتنەكە شكستدەهێنێت. ناوەندی بڕیار و نیگەرانییەكان لە رێككەوتنەكە پارتی كە ئەوكات رێككەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی هەبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان، بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ رێككەوتنەكە راگەیاند، ئەمەش بوو بە فشار لەسەر یەكێتی و گۆڕان، چەند مانگێك دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەش، باڵی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی راگەیەندرا كە (كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح) سەرۆكایەتییان دەكرد. ناوەندی بڕیار بەپێی زۆربەی بۆچونەكان كاردانەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتی و گۆڕان بوو، ناوەندی بڕیار بە ئاشكرا و نهێنی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفایان تۆمەتباردەكرد بەوەی لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە پشتیوانی لە بەهێزبونی ماڵباتی مام جەلال دەكات. سەركردایەتی هاوبەش یەكێكی تر لەو خاڵە گرنگانەی رێككەوتنەكە كە جێبەجێكردنی دوچاری ئاستەنگ بوو، دروستكردنی سەركردایەتی هاوبەش بوو، بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر درابوو، دەبوو سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان دوو هەفتە جارێك كۆبونەوە بكات بۆ جێبەجێكردنی كرۆكی رێككەوتنەكە، بەڵام لە ساڵی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، سەركردایەتی هاوبەش لە بری ئەوەی (24) كۆبونەوە بكات، تەنیا (8) كۆبونەوەی كرد. پرسی پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش هەر لە بنەڕەتەوە بارگاوی بوو بە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای كرد سەركردایەتییەكە لە (6) كەس پێكبهێنرێت، واتە (3) كەس لە یەكێتی و (3) كەس لە گۆڕان، بەڵام یەكێتی بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی و قایلكردنی باڵە ناڕەزییەكان داوای كرد سەركردایەتی هاوبەش لە (10) كەس پێكبێت، واتە (5) كەس لە یەكێتی و (5) كەس لە گۆڕان، دواجاریش پێشنیازەكەی یەكێتی خرایەبواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو پاشكۆیەی كە بۆ پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش ئامادەكرابوو، تێیدا بڕیاردرابوو لەسەر ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش بەهیچ جۆرێك زیاد نەكرێت، تەنانەت ئەگەر یەكێك یان چەند كەسێكیش لەو سەركردایەتییە هاوبەشە واز بهێنن یاخود كۆچی دوایی بكەن. هەر لە بارەی پرسی پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەشەوە، بڕیاربوو ئەم سەركردایەتییە لە هەموو ناوچەكانی كوردستانیش دروستبكرێت، بەڵام ئەوەش نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. پێشێلكردنی رێككەوتنەكە خەرقی گەورەی رێككەوتنەكە كە دواجار وایكرد گۆڕان رێككەوتنەكە هەڵپەسێرێ ئەوكاتە رویدا كە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران و یەكێتی هەڵوێستی نەبووە، لە كاتێكدا بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەبوو هەڵوێستی هاوبەشیان لەگەڵ گۆڕان هەبێت. دواتریش لە رۆژی 29/9/2016 كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار وەكو نوێنەری هەردوو باڵەكەی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لەگەڵ بارزانی سەردانی بەغدادیان كرد، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ئاگادارییەكی لەو گەشتە و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان نەبوو، لە كاتێكدا بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەبوو بەیەكەوە بڕیار لەسەر هەموو پرسە گرنگەكان بدەن، ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بەرپرسانی گۆڕانی نیگەران كرد. رێككەوتنێكی مردوو بەپێی هەموو پێوەرەكان رێككەوتنی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی مردووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە هیچ یەكێك لەو دوو حزبە ئامادەنین هەواڵی مردنەكەی رابگەیەنن. ناكۆكی نێوان یەكێتی و گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتە ئاستی روبەڕوبونەوە و پێكدادانی چەكداری، بەڵام بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە ئەوەی باسی لێوەنەكرا رێككەوتنە سیاسییەكە بوو. بەشێوەیەكی گشتی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان هەر لە بنەڕەتەوە مەحكوم بوو بە شكست، ئەوەش لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەم: ناكۆكی ناوخۆیی یەكێتی و دووەم: ناڕەزایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتیدا هەیە وتائێستا بە رەسمی هەڵنەوەشێنراوەتەوە.


هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی نامەیەكی خێرا ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و هاوڵاتیان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری وڵاتانی جیهان دەكات. لە نامەكەیدا هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت: " ئێمە لە پارێزگای سلێمانی، بێلایەنانەو یاساییانەو ئیدارییانەو بەرپرسانەو دەوڵەتییانە، چاوەڕوانی بەڵێن و لێدوانە ڕەسمییەكانتان بووین دەرهەق بەو هەموو گومان و كەمتەرخەمیی و ساختەكارییانەی لە ئەنجامی دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 12/5/2018كرابوون، بەڵام بەنیگەرانییەكی زۆرەوە سوربوونی خۆتان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەكان و گوێنەدان بە نووسراوە ڕەسمیی و تانەو سكاڵاكان دووپاتكردەوە، لە بری ڕەواندنەوەی گومانەكان، پانتایی گومانەكانتان زیاتركرد". دەشڵێت:" بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەمانە؛ داوای لێكۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ئەنجامەكانی دەنگدان دەكەین و داوا دەكەین سكاڵای لایەنەكان بەهێند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە مانایەك بۆ دەنگی ڕەوای خەڵك و بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوەو ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی قەیرانگەلێكی سەخت و دژوارو ئاڵۆزتر دەبێتەوە، متمانەی خەڵك بە دامەزراوە دەستوریی و دەوڵەتییەكان نامێنێت، زەمینەی بەریەككەوتنی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی دەهێنێتەكایەوە. گۆڕینی دەنگی ڕەوای خەڵك و قەبارەی قەوارەكان و نوێنەرایەتیی كاندیداكان، گۆڕینی شادیی هاووڵاتیان بەشین، سەركەوتن بە كەوتن، ئاشتیی بە شەڕ، ڕاستیی بە ساختە، تاوانگەلێكی گەورەن، ڕێ بۆ دوبارەبونەوەی هاوشێوەی پەلاماردانە ناڕەواكان بۆ سەر بارەگای سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ناڕازییەكانی تر، خۆشدەكەن. بۆیە پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ بەخێرایی كۆتایی بە گەمەی دەنگەكان بهێنێت، یان بەدەست ئەژماریانبكاتەوە، یان كۆپیی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەكان. هەر لێكەوتەیەكی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بكەوێتەوە، بەر لەهەر لایەنێكی گلاو لەم لادانانە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسیارە". دەقی نامەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی: نامەیەكی خێرا بۆ؛ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەناوی خودای مەزنی میهرەبان - هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق.. - نوێنەرایەتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا.. - ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان.. - سەرجەم باڵیۆزخانەو كونسڵخانەكانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا.. ئێمە لە پارێزگای سلێمانی، بێلایەنانەو یاساییانەو ئیدارییانەو بەرپرسانەو دەوڵەتییانە، چاوەڕوانی بەڵێن و لێدوانە ڕەسمییەكانتان بووین دەرهەق بەو هەموو گومان و كەمتەرخەمیی و ساختەكارییانەی لە ئەنجامی دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 12/5/2018كرابوون، بەڵام بەنیگەرانییەكی زۆرەوە سوربوونی خۆتان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەكان و گوێنەدان بە نووسراوە ڕەسمیی و تانەو سكاڵاكان دووپاتكردەوە، لە بری ڕەواندنەوەی گومانەكان، پانتایی گومانەكانتان زیاتركرد. لەم بارەیەوە بەڕونیی و ڕاشكاویی پێتان ڕادەگەیەنین، كە ئەگەر ئەركی یاسایی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوا ئەركی پاراستنی هاووڵاتیان و ئاسایش و ئارامیی و ژیان و شكۆو ماف و دەنگ و زەمینەی بەشداریكردنیان لە ئەستۆی ئێمەدایە، لەم ڕوانگەیەوە كەمتەرخەمیی و خەمساردیی و بێباكیی هەندێك لە كەسانی ناو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لەهەندێك شوێن، دۆخێكی مەترسیداریی نەخوازراویان هێناوەتەكایەوە. بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەمانە؛ داوای لێكۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ئەنجامەكانی دەنگدان دەكەین و داوا دەكەین سكاڵای لایەنەكان بەهێند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە مانایەك بۆ دەنگی ڕەوای خەڵك و بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوەو ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی قەیرانگەلێكی سەخت و دژوارو ئاڵۆزتر دەبێتەوە، متمانەی خەڵك بە دامەزراوە دەستوریی و دەوڵەتییەكان نامێنێت، زەمینەی بەریەككەوتنی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی دەهێنێتەكایەوە. گۆڕینی دەنگی ڕەوای خەڵك و قەبارەی قەوارەكان و نوێنەرایەتیی كاندیداكان، گۆڕینی شادیی هاووڵاتیان بەشین، سەركەوتن بە كەوتن، ئاشتیی بە شەڕ، ڕاستیی بە ساختە، تاوانگەلێكی گەورەن، ڕێ بۆ دوبارەبونەوەی هاوشێوەی پەلاماردانە ناڕەواكان بۆ سەر بارەگای سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ناڕازییەكانی تر، خۆشدەكەن. بۆیە پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ بەخێرایی كۆتایی بە گەمەی دەنگەكان بهێنێت، یان بەدەست ئەژماریانبكاتەوە، یان كۆپیی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەكان. هەر لێكەوتەیەكی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بكەوێتەوە، بەر لەهەر لایەنێكی گلاو لەم لادانانە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسیارە. لەگەڵ ڕێزدا.. د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی 17/5/2018


(درەو میدیا) ژمارەیەك لە كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان حزبەكەیان تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. دوێنێ چوارشەممە لە مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوەیەك لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتی بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەستیكەوتووە، دوای كۆبونەوەكەی مەڵبەندی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی كاندیدەكانی یەكێتی كردووە بۆ خوانێك لە دوكان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: لە خوانەكەدا فازل كەریم (مامۆستا جەعفەر) و كاندیدێكی دەرنەچووی تری یەكێتی لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا وتویانە:" یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كردووە و ساختەكارییەكەش گەیشتوەتە ئەو ئاستەی تەنانەت دەنگی ئەوانیش وەكو كاندیدەكانی یەكێتی بدرێت بە كاندیدی تر لە لیستەكەی خۆیان". سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو قسانەی مامۆستا جەعفەرەوە مشتومڕ دروستبووە و خوانەكەی قوباد تاڵەبانی تێكچووە. 14كاندیدی لیستی یەكێتی داوای ژمارەی راستی دەنگەكانیان دەكەن لە نوسراوێكیشدا كە 14 كاندیدی لیستی ژمارە 162 یەكێتی لە سلێمانی ئیمزایان رایدەگەیەنن ئەوەی ئاشكراكراوە دەنگی راستەقینەی ئەوان نییە و ئەوەی لە بنكەكانی دەنگدانەوە پێیان گەیشتووە لەگەڵ ئەوەی كۆمسیۆن جیاوازی هەیە و داوادەكەن: یەكەم: ژمارەی راستی دەنگەكانیان پێبدرێت. دووەم: كردنەوەی چەند سندوقێكی دەنگدان لە شارو شارۆچكەكا ن وبەراورد بكرێت لەگەڵ ئەنجامە نافەرمییەكان كە راگەیەنراوە.


(درەو میدیا) سەرەتای ئەم هەفتەیە  لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی كۆبوەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێدوانێكیدا بۆ " درەو میدیا" ناوەرۆكی كۆبوونەوەی مەكگۆرك و بەرهەم ساڵحی ئاشكراكرد و رایگەیاند مەكگۆرك پێشنیاری ئەوەی كردووە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت و ئەوانیش وەك ئەمریكا پشتیوانی لێدەكەن. سەرچاوەكە كە نەیویسیت ناو و ناونیشانی ئاشكرابكرێت، راشیگەیاند، دواتر مەكگۆرك ئەو پێشنیارەی خستوەتە بەردەم یەكێتی و ماڵی تاڵەبانی بە تایبەتی و ئەوانیش بۆئەوە چەند مەرجێكیان هەیە و وتویانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە ناو یەكێتی و مەرجی دووەمیشیان ئەوەبووە كە بەرهەم ساڵح لە بەغدا بێت و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكێتیدا نەكات. بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی تائێستا وەڵامی ئەو پێشنیارەی مەککۆرگی نەداوەتەوە.


( درەو میدیا )  بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا"  كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەستی كەوتووە ناوی كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە 4 كاندیدە  بەم شێوەییە: لە پارێزگای سلێمانی  بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 149930 ) دەنگی بەدەستهێناوە: یوسف محەمەد سادق          65390 غالب محەمەد                21548  هۆشیار عەبدوڵا             8564 بەهار مەحمود              1478  بەڵام زنجیرەی  كاندیدەكان بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان بەم شێوەیەیە:  یوسف محەمەد سادق          65390 غالب محەمەد                21548  هۆشیار عەبدوڵا             8564 كامەران عەلی               8119 عەدنان عوسمان             4750 ئەمین بەكر                 3833 هەڵەت رشید                3570 محمود وەهاب               3099 قادر ئەبوبەكر              3070 عەلی قادر                  1753 محەمەد برایم               1482 بەهرۆز عەلی              1480 بەهار مەحمود              1478 دلشاد رەشید                1434 شاناز محەمەد              1408 حسێن تاهر                1193 كۆراڵ حمەنوری           808 چیمەن محەمەد             755 ژیان عەلی                695 كامل محەمەد              578 چنار كەمال               377 بەختیار مەحمود           259    لە پارێزگای هەولێر بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 23417 ) دەنگی بەدەستهێناوە. كاوە محەمەد، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.   دەكرێت بەهۆی كۆتای ژنان و گۆڕانی دەنگەكانەوە ناوی كاندیدە دەرچووەكان گۆڕانی بەسەردا بێت.


( درەو میدیا )  بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا"  كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە، یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای سلێمانی 1 كەسی دەرچووە بەڵام ئەشێت كۆتای ژنان گۆڕانكاری تیا دروست بكات كە كێ دەردەچێت بەم شێوەیە: لە پارێزگای سلێمانی یەكگرتوو ئیسلامی كە ( 29161 ) دەنگی بەدەستهێناوە: د. موسەنا ئەمین    (   12088   )  دەنگ  د. شێركۆ جەودەت         (      2438)  دەنگ لوقمان حسین        (   2398   )  دەنگ فاتح محەمەد    (   2398   )  دەنگ ناسك تۆفیق (   2024   )  دەنگ  


( درەو میدیا )  بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا"  كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی كەوتووە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی  1 كەسیان دەرچووە، بەپێی رێژەی دەنگ دانا محەمەد جەزا دەنگی یەكەمی هێناوە و سەرۆكی لیستەكە رزگار ئەژی گۆران دەنگی سێیەمی بەدەستهێناوە  بەم شێوەیە: لە پارێزگای سلێمانی  پارتی ( 46567 ) دەنگی بەدەستهێناوە: دانا محەمەد جەزا    (   4588   )  دەنگ  عومەر خدر خدر        (      3880)  دەنگ رزگار ئەژی گۆران       (   3771   )  دەنگ هێشوو رێبوار   (   3165   )  دەنگ - ئەم ژمارانە ژمارەی كۆتایی نین و لەوانەیە گۆڕانکاریان بەسەردا بێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand