(درەو میدیا): تا ئێستا بەشێك لە خۆپیشاندەران و چالاكانی مەدەنی لە دهۆك لە زینداندان و ژمارەیەكیان شوێنی زیندانیەكەیان دیار نیەو حەوتیشیان لەسەر لایككردنی پەیج دەستگیركراون. بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" كە لە شاری دهۆكەوە دەستی كەوتووە، تا ئێستا شوێنی زیندانیكردنی پێنج لە چالاكان و رۆژنامەنووسان دیارنیەو دەوترێت لای ئاساییشەو ئاساییشیش رایدەگەیەنێت كە لای ئەوان نیە. ئەو كەسانەش بریتین لە ( شێروان شێروانی، تاکور زەردەشت، سەباح ئەتروشی، مەلا ئەمین ئۆرەماری) كە گومان دەكرێت بۆ شوێنی تر برابن، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی ئاشكرای ناكەن لە كوێ زیندانی كراون؟. بەشێكی تر لە چالاكان لە زیندانی "زەركا" ن كە ژمارەیان حەوت كەسەو لەسەر لایککردنی ئەو پەیجە دەستگیركراون كە ئاگاداری كردووە بۆ گردبوونەوەكەی شاری دهۆك. لەدوای خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ و دواتر هەوڵی گردبونەوە لە دهۆك بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەرانی شیلادزێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك ژمارەیەك چالاك و رۆژنامەنووس دەستگیركران.
(درەو میدیا): لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی هاوپەیمانی نیشتمانییدا كە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانییەكە هەڵبژێردران. عوسمان گوڵپی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: لە دەنگدانەكەدا زیاتر لە 239 هاودید بەشداربوون و دەنگیان بە ٢١ كاندید دا بۆ ئەوەی نۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی. لە هەڵبژاردنەكەدا ئەمانە وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی هەڵبژێردران: سهرگوڵ رهزا حهسهن قهرهداغی 191 دهنگ كاروان حەمەساڵح 173 دهنگ خهتاب عومهر 172 دهنگ شۆخان ڕهزا 163 دهنگ محهمهد عهبدوڵا 147 دهنگ موئمین یاسین زهڵمی 142 دهنگ عوسمان گوڵپی 140 دهنگ ئومێد حهمه رهشید جاف 135 دهنگ ڤالانتینا عهبدولڕهحمان 86 دهنگ عوسمان گوڵپی ئاماژەی بەوەشكرد " ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دوو ئەركی سەرەكی خراوەتە سەرشان كە بریتییە لە دروستكردنی پەیوەندی ناوخۆیی و دیپلۆماسییە لەگەڵ دابینكردنی سەرچااوەی داهات بۆ حزب" هاوپەیمانی نۆ دامەزراوە و حەوت دەڤەر و چەند بازنەیەك و سێ ئەنجومەنی هەیە: (ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی جێبەجێكردن، ئەنجومەنی سیاسی ) و دەسەڵاتەكانی ناو حزبەكە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دابەشكراون بەسەر ئۆرگانەكاندا.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا لەدوای روداوەكانی شیلادزێ و سوتانی بنكەیەكی سەربازی توركیا، بارودۆخی بادینان ناجێگیرەو هێزە ئەمنیەكانیش بەدەیان رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنیان دەستگیركردووە، سەید ئەكرەم چالاكی سیاسی بادینان لە چاوپێكەوتنێكی درەو میدیادا گلەیی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشوو دەكات كە بونەتە یەك بەرگ و یەك قوماش لەگەڵ دەسەڵات، ئەو دەشڵێت توركیا لە ئێستادا فشاری زۆری لەسەر دەسەڵاتدارانی باشور درووستكردووە، لەبەرامبەر خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ چونكە خۆپیشاندانەكەی شێلادزێ، سەرهەڵدان و شوڕەش و وانەیەكی گەورەبوو بۆ دەسەڵاتی توركیا بەتایبەتی و خەڵكی توركیا بەگشتی. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەنوسیەكەی درەو میدیا لەگەڵ سەید ئەكرەم خالید چاودێری سیاسی لە بادینان درەو میدیا: روداوەكانی شیلادزی لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، ئێوە پێتان وایە ئەو هۆكارەكانی چین و بۆچی رویدا؟ سەید ئەكرەم: دەڤەری شێلادزێ زور لەمێژە لە خورۆشان و ئاڵوزیدایە، خەڵكی ئەو دەڤەرە، خەڵكێكی كوردپەروەرو نیشتیمان خازن، هەمیش چالاك و روشنفكر و بەجەرگن، لەلایەكی تر دەستهەڵاتێكی حزبی، عەشائیری، بنەماڵەسی شەخسەنەكرا و تەنگ نەفەسی بیرورا و بژێوی ژیانی دروست كردوە، خەڵكەكە توشی زور قەیران بونەتەوە(قەیرانی هزری، قەیرانی ئیداری و دارایی، قەیرانی جڤاكی و سیاسی...)، ئەوەی پێی دەلێن دەستهەڵات زور خراب و پاشكەوتی و بێ ئیدارەدانە...لەسەر ئەمەش نێزیك بیست ساڵە توشی داگیركارییەكی دی بوینەتەوە لە لایەن لەشكەر و تیم ئوزەلەكانی دەوڵەتی توركیایی ئەردوغانی...لە گوند و دێهاتەكانیش بێ بەش بوینە، روژانە توپ باران و قەسفی فروكە جەنگیەكانی توركیا ئەم دەڤەرەی بێزار كردووە، كوشتن و سوتن، برینداری و ترساندن بوتەوە كارێكێ روژانە...لەبەر زور ئەگەر لەوانەیە خەڵكەكە فشاری زوڵم و زورداری دەستهەلاتدارانی كوردی قەبول بكەن، بەڵام ئیتر خەڵكە كە دەرەقەتی ئەوەی نەماوە زولمی دەولەتی توركیا قەبوڵ بكەن...زولمی توركەكان دوو قات و سێ قاتە، چونكە چۆن لەلایی ئێمە كوشتن و زولم بەردەوامە، لە ناوخویی توركیاش كوشتن و گرتن و دەربەدەری و زولم چەندین قات لە سەر كەس و كاریان بەردەوامە، خەلكەكەش لە هەردوو لا(عێراق – توركیا) خەلكی یەكن و كەس و كارن، گوندەكانیان هاوبەشن و خەم و خولیاشیان دیسان هاوبەشن، ئیتر دەوڵەتی تورك لەلایان بوتە قەسابی كورد و بەراستیش سەردەمی ئەوە هاتوە، خەڵكەكە كەمێك بحەسێتن و ئاسودە ببن...باشترین حەسانەوە و ئاسویەیی لایی من 1- دەركرنی لەشكەر و تیمەكانی توركی 2- ساخ كردنەوەی پروژەی ئاشتی كورد و تورك(بەین قەندیل و دەولەتی توركیا 3- گرنگیدان بەبژێوی خەلك و دیموكراسی كردنی دەستهەلات و فەراهەم كردنی ئازادیە بنەرەتیەكان 4- گورینكاری جەزەری ئیداری و حزبی و پەرەپێدانی مەدەنیەت 5- ئاوەدانكردنەوەی گوند و دێهاتەكان 6- پشتگیریەكی تەواو بو هەڵسانی ژێرخانی ئابوری و نەخاسم كشتوكال و ئاودێر، بەخێوكردنی مەڕوماڵات و بوژاندنەوەی كەرتی كەشتیاری 7- كردنەوەی دەرگایەكی سنوری بوبازرگانی . درەو میدیا: لە سنوری بادینان كەمترین مۆڵەت بە خۆپیشاندان و گردبونەوە دراوە، چۆن ئەو خۆپیشاندانەی شیلادزی مۆڵەتی پێدرا؟ سەید ئەكرەم: من نازانم خۆپیشاندانی شێلادزێ موڵەت پێدراوبو یان نا! بەڵام خەڵكی ئەو دەڤەرە خەڵكێكی قارەمان و بەرخودەرە، توڕەبون بێزاری خەڵكەكە گەیشتوتەوە لوتەكەی بێزاری! گەل بریاری خوی داوە و برواناكەم قەدەری راگرتنی هەبایە لای دەستهەلاتی ناوچەكە، برینی خەڵكەكە كولاون و دەری برینەكە پەقیایە و راگرتنی مەحاڵ بو، لەلاییەكی تر، خەڵكەكە بو ئەوە چبون نامەیەكی توندی نەرازیبوون بدەن بەدەستهەلاتی توركیایی تورانی، دیارە ئەم تورانیانە گوێگری باش نەبوینە، بویە خەڵكەكە دایە سەرخو و پەلاماری دام و دەزگا لەشكەریەكانی توركیا داوە، وەك دەزانن لەشكەری توركی هەم زالمَە و هەمیش ترسنوكە و بێ زەڤەرە! خویان رانەگرتوە و بەتەواوی روخاون، خەڵكەكەش لەخروشان و لوتكەی تورە بوون دا بوینە و دەست و بازوی خویان داوەشاندوتەوە و دوژمنی تورك كرویانە قەل و مریشك. لەبەر زۆر هۆكار خەڵكی شیلادزێ ئەگەر زوڵمی دەسەڵاتی كوردی قبوڵكردبێت، بەڵام ناتوانن زوڵمی دەوڵەتی توركیا قبوڵبكەن درەو میدیا: رەوشی بادینان دوای ئەو رەشبگیریانە لە چی ئاستێكدایە و دۆخەكە چۆنە؟ سەید ئەكرەم: رەوشی بادینان بەتەواوی لە جەوێكی نادیموكراسی و پشێوی دایە، خەڵك بێ كار و بێ حاڵە، دەستهەلات غەدار و بێ باكە، ژیان لە خرابی دایە، جوداكاری و بێ عەدالەتی خەریكە هێڵەكانی سور ببەزێنێتن، میرەكانی دەستهەڵات بەتەنها ئاگایان لە خۆیان و لە دیكتاتورە كردی دەستهەڵاتدانە، رەوش لە هەمی لایەكی زور خرابە، خەڵك ئینتیمای جارانی نەماوە، پرسی هاووڵاتیبوون سوك و رسوا بوتەوە، دەستهەڵات و ئەوەی پێیان دەگوترا ئۆپۆزیسیون خەریكە دەبنە یەك هاوبەش، واتە دەبنە یەك بەرگ و یەك قوماش...تاكی هاووڵاتی لەژیان و سەردەری كردنی ژیان بێ زار بوتەوە...خەڵكەكە بەراستی و بەگشتی چاوەرێی گورانكارین، بەم دەستودارە و بەم ئیدارەدانە برواناكەم خەڵك ئاسودەبێتن...بەگشتی خەڵكەكە چاوەرێی گۆرینكاریەكی جەزری و حەقیقیە...رەوشەكە لە ئالەزییەوە بو ئالوزترێ دەچێتن....!! درەو میدیا: ئایا ئەو رەشبگیریانەی بادینان ترسە لە خۆپیشاندەران یاخود بۆ رازیكردنی دڵی توركیایە؟ سەید ئەكرەم: وەڵاهی هەردووكن، من وا دەبینم دەستهەڵات توشی هەلاكی ترس بوتەوە، خەریكە پانورامایی ئەو مەئاسی و زوڵم و زورداریەی لەسەر گەل پادەكردوتەوە، بەبیردادێتن و دەچیتن و توشی بیڤەلەرزە بونەتەوە...دیسان توركیاش بەردەوام فشاری هەیە و لەم ئات و ساتەدا زورترین فشار دەكاتن، لە سەر دەستهەڵاتی باشور، چونكە خۆپیشاندانی خەڵكی بەشەرەفی شێلادزێ، سەرهەڵدان و شوڕەشەك و دەرسەك زور مەزن بویە، بۆ دەستهەڵاتی توركی و بۆ خەڵكی توركیا بەگشتی، من بروام وایە بەرونی و بەراستی كێرفی دەستهەڵی ئەردوگان، بەتەواوەتی لە دابەزیندایە، خەڵكی ئەمەكداری شێلادزێ، ئەم دابەزینە لەناو توركیا كردە فوڵ دابەزین و ئابڕوی موئەسەسەی سەربازی توركیا، بەتەواوی لەناو خەلك چووتەوە و بێ ورە بونەتەوە. رەوشی بادینان بەتەواوی لە بارودۆخێكی نادیموكراسی و پشێوی دایە درەو میدیا: دەوترێت زۆرینەی ئەوانەی حزبی بوون ئازادكران و ئەوانەی سەربەخۆشن لە زیندان مانەوە چۆن لەمە دەروانی؟ سەید ئەكرەم: بەڵێ ئەوەش راستیەكە، حزبەكانی بادینان خاوەنداری لە كەسی خۆی كردۆتەوە، ئەمەش جێگایی بێزاری و ئابڕوبردنەوەیە، دەڵێم مخابن دەبێ ئەمەنەباوەیە، لەبەر ئەوە داواكارم لەخەڵكی بەشەرەفی كوردی، خەلكی ئازاد و روشنبیر و خاوەن پەروەردە و ئازادی پارێز، هەمویان پێكەوە خاوەنداری لەم مروڤە ئازاد و پاڵەوانانە بكەن، من بەراستی دەڵێم ئەوانەی ئێستا لەناو زینداندان، لە سەر بویەری شێلادزێ، ئەمانە هەموی و بێ هیچ جیاوازیەك پاڵەوانی حەقیقی و بەچكەشێری ئەم گەلە و ئەم مللەتەنە، تەنها ئەمانە خاوەن سوز و سوزدارین بۆ وەتەن، بۆ گەل بۆ مروڤایەتی...بۆیە داوا دەكەم گشت مرۆڤایەتی، گشت مرۆڤە حەقیقیەكان، شەو روژ بكەن یەك، بو ئازاد كردنی ئەم چالاكڤانە راست و رەوانانە، خاوەنداری لەم گرتیانە خاوەنداریە لەخاك، لەگەل، لە مروڤبون، لەنیشتیمان. درەو میدیا: ئێستا دەنگی ناڕازی لە شەقامی بادینان لە چی ئاستێكدایە؟ سەید ئەكرەم: خەڵك بەگشتی نارازیە و نارازین لەم وەزعە، بەڵام نارەزایەكە كپ و بێ دەنگە و هیوا بەخش نییە، چونكە سومبول و سەركێشی نییە و لاوازە، هەروەها سیاسەت بوتە بازرگانی و گیرفان بازی روڵی هەیە و ئەو كەسانەی پێشەنگایەتی هەڵبژاردوە یان بەش ناكەن یان جێگای هیوانین. دەستەڵات و ئەوەی پێیان دەگوترا ئۆپۆزیسیون خەریكە دەبنە یەك هاوبەش، واتە دەبنە یەك بەرگ و یەك قوماش درەو میدیا: لە كاتێكدا پارتی زۆرینەی دەنگ و كورسی لە ناوچەی بادینان بەدەستهێناوە پێت وایە ئەمە لەرازی بونی خەڵكی ئەو ناوچەیەی لە دەسەڵاتدرانی ئەو ناوچەیە یاخود دەنگی نارازی زیاتر بووە؟ سەید ئەكرەم: ئەوەی راستی بێ پارتیەكانیش نارازین و هەمو خەڵك دەزانن دەنگەكان ساختە و ناراستن و پروسەی دەنگدان بوتە فێلبازی، وتەیەك هەیە دەڵێتن گرنگ نییە كێ دەنگدەداتن، گرنگ ئەوەیە كێ دەنگەكان دەژمێرێتن...من گوێوم لێ بویە بنگەهی دەنگدان هەبویە بەقەد پەنجەی دەست دەنگدەر بەشدا بوتەوە، بەڵام لە هژمار كرن سەروی 90% دەنگی هێناوە، خەڵك بەگشتی ئەمە دەزانن، ئەدی چۆن بروا دەكەن...!! درەو میدیا: بۆچونی ئیوە لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چیە؟ پێتان وایە بە رۆیشتنی نێچیرڤان بارزانی و دانانی مەسرور بارزانی گۆڕانكاری روو دەدات؟ سەید ئەكرەم: گوتنەكی كوردی هەیە، دەلێتن هێش نەبویە دخوینت! برای خوم ئەمە زیاد لە سێ مانگ، بەسەرپروسەی دەنگ دان دا دەرباز بوون، هیشتا دانوستاندن لە سەر كابینەی نوێ جدی نییە، قەوارەكان پێك ناكەن، لەناو خویانیش ناكوك و ناتەبان، شەری پلە و پوست و دابەشكردنی كێكەكەیە، ئەگەر تەبایی و یەكریزیەك پەیدا نەبیتن، برواناكەم كابینەی نوێ سەركەوتوو بێتن، بەڵام من بە گرنگ دەبینم، لەم ئان و ساتە تەبایی و یەك ریزیەك، لە هەرێم دروست ببێتن، لەگەڵ بەغدا چارەسەری كێشەكان بكەن، نەخاسم هەرسێ سەروكایەتی، لە بەغدا تاكو ئاستێكی باش لەگەڵ یەكتر رێك و تەبان، سەركومار كوردە و كەٍسێكێ بەتوانا و بەئەزمونە و كاریگەری خوی هەیە، ئەگەر هەولێر پشتگیری بەرهەم ساڵح بكەتن، من وا دەبینم كورد مفادار دەبێتن...!! درەو میدیا: ئێوە پێتان وایە چوار ساڵی ئاییندە باشتر دەبێت لە رووی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرَینەوە یاخود خراپ؟ سەید ئەكرەم: دیارە دەستهەڵاتدارانی هەرێم نەفسی تاس و حەمام دەبن، هیوادارم باشتر و كراوەتر بن، ببن جێگایی ئومێدی ئەم گەلە، ئەگەر لوجیكی و ئەقلانە كار بكەن، دەبێ دەست بەپروسەی چاكسازی و پاكسازی بكەن، كار و خرمەت بۆ ئەم گەلە پێشكێش بكەن، بەخودا بچن و دەردەكانی خویان و دەرەكانی كومەڵگە چارەسەر بكە، بەراستی ژی بویەری شێلادزێ ترس و سەهەم رەواندن و ئاگەهداریەك بو، بۆ دەستهەڵاتی هەرێم و پێیان گوت ئیتر بەسە و بەخودا بچن و خزمەت بكەن...!! خەڵكی بادینان بە گشتی چاوەڕێی گۆڕانكارین درەو میدیا: ئێوە درك بەوە دەكەن كە كەمتەرخەمی هەیە بەرامبەر بە روداوەكانی بادینان و دەستگیركردنی چالاكوانان؟ سەید ئەكرەم: بەڵێ ئێمە درك بەكەمتەرخەمی دەكەین، هەر وا هەستیش دەكەین دەستی دەرەكی لەپشت دەستهەڵاتدایە و ئەوەی پێی دەڵێن دەستهەڵات، بەراستی بێ دەستهەڵاتیە و بونەتە داردەستی دەوڵەتی داگیركەری توركیا، باشە كەی رەوایە لەناو ماڵ و حاڵی ئێمە كەس و كاری ئێمە بێتە كوشتن... بەرخودانەكەیش ببێتن سزادان و گرتن و لێدان و بزركردن، بەراستی ئەمە بێ ئەمەكی و ئەرك بزر كردنە و ئیسباتە كورد لەم دەمەدا بێ كەس و بێ دەستهەڵات و بێ خاوەنە. مایە بلێم:- گەلی ئێمە خەریكە هوشیار دەبێتن، هەست بە بێخاوەنی دەكاتن، دەزانێتن بەرژەوەندی و كەسایەتی كورد لە كویێ دروست دەبێتن، هەروا دۆست و دوژمن خەریكە لێك جیا دەبن...مایە بێژم، چۆن باشور بۆتە سەنتەری خەبات و بنگەهی نەخشەدانان و خورا گری لە هەر چوار پارچەی كوردستان، دەبێ ئەوەش بزانین گرنگی باشور لە دەڤەری بادیناندایە، بادینان وەكی فكر و رامان و وەكی جەماوەر و شوێنی جوگرافی گرنگی زوری هەیە، هەردیسان مەلبەندی ئابوریەكی زور بەهێز و خاوەن جەماوەرێكی ئارام و بەهێزە، هیچ هێزێك و هیچ سەركردێك بەبێ بادینان ناتوانێتن خەوەنداری رزگاری و دەستەبەری ماف و ئازادیەكانی گەل تێفكرین بكاتن، هەرهیچ نەبێتن بادینان سێ پارچ و سێ دەوڵەت و جیهانی دەرەوە و ئەوروپا بەیەك گەیاندن... لەبادینان سەرچاوە دەگرێتن، بویە گرنگی دان بە بادینان و بە كەسایەتی مادی و مەعنەوی ئەم خەڵكە و ئەم دەڤەرە وەك نوێژعەصر فەرز و گرنگە. هەردیسان داكوكی لەوەش دەكەم، گەل حەزی یەك گرتن و یەكرێزی هەیە لە هەرچوار پارچە، هەردیسان زور ئەگەر و ئیشاراتی یەكێتی ریزەكانی كورد بەدی دەكرێ، ئەوەی دژە و تەبانینە حزبەكانن، سەركردەكانن، دەستهەڵاتە، دوژمنەكانی ئەقلیمین، بویە گرنگە كارێكی جدی هەبێ بو سەرگرتنی ئەم یەك گرتنە.
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا هەڕەشەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 26ی كانوونی دووەم بەوەی "دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوە دەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن" بووە هۆكار بۆ دەستگیركردنی زیاتر لە 30 رۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی لە دهۆك و دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەری تر لە شێلادزێ و كۆمەڵگەی سیرێ. یەكێك لەو دەستگیركراوانە بەدەل بەرواری چالاكوانی مەدەنی و كارمەندی رێكخراوی فریاكەوتنی میللییە لە دهۆك. ئاری كوڕی بەدەل بەرواری چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی گێڕایەوە و بە (درەو میدیا)ی وت "ئەوان نزیكەی 10 كەسی سەر بە دەزگای ئاسایش بوون، بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە بەردەرگامان و باوكمیان لەگەڵ خۆیان برد بەبی ئەوەی فەرمانی دادوەری پیشانبدەن یان پێشتر ئاگاداركردنەوەی لە پۆلیسەوە بۆ هاتبێت". ئاری تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ گێڕانەوەی چۆنییەتی چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی زوو زوو نیگەرانییەكانی دایكی و خێزانەكەی تێكەڵ بە قسەكانی دەكرد و دەیوت "دایكم زۆر نیگەرانە، چونكە ئاسایش ناهێڵێت بۆ یەك دەقیقە باوكم بیبینین یان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بكەین" و وتیشی "من باوكی خۆم دەناسم بەهیچ شێوەیەك تەنازوول بۆ شتی غەڵەت ناكات، بەڵام لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن". ئاری كوڕی بەدەل بەرواری: لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن بەپێی قسەكانی كوڕەكەی بەدەلی باوك دوای خۆیشاندانەكەی شێلادزێ و لێكەوتنەوەی شەهیدێك و 10 بریندار، لە دهۆكەوە چووە بۆ شێلادزێ بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی حوسێن رێكانی تەمەن 12ساڵ كە بە گوللەی هێزەكانی سوپای توركەكان شەهید كرا. بەڵام دوای ئەوەی لە هەژماری فەیسبوكی خۆی نووسیبووی "گروپێ خۆبەخشێن كوردستانێ دگەل گروپێ ماف ل رۆژا دووشەمبی 28-1 ل دەمژمێر 4ی ئیڤارێ ل نیڤا بازاڕێ دهۆك پاركا نەورۆز... خرڤەبوونەكێ دژی بۆمبارانكرنا خەڵكێ سڤیل ژ بالفرۆكێن توركی" ئەنجامدەدەن، خۆی و ئەو هاوڕێیانەی دەیانویست بەشداری بكەن بەر لە دەستپێكردنی گردبوونەوەكە لە شوێنی جیاوازی دهۆك دەستگیركران و لە شوێنی جیاوازی زیندانەكانی ئاسایش لە دهۆك دەستگیركراون. شێروان شێروانی رۆژنامەنووس لەگەڵ هەریەك لە هاوڕێیانی چالاكوانی رێكان بەرواری و تاكوور بە مەبەستی بەشداریكردن لە گردبوونەوەكەی پاركی نەورۆز بەڕێوە بوون، بەڵام پێش گەیشتنە شاری دهۆك لە بازگەكەی دهۆك دەستگیركران و ئێستا لە زیندانی ئاسایشی زرگا زیندانیكراون. رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتووە "من ئەڕۆم لەوانەیە دەستگیریشم بكەن و نەگەڕێمەوە"، رووگەشی خێزانی پێوتووە "كەواتە بۆ ئەڕۆی ئەی منداڵەكانمان؟" ئەویش وتوویەتی "ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر". رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی: شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتم ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن كە پێشتر بەشێوەی جۆراو جۆر بە ئامانج كراون لەلایەن پارتی دیموكرات و سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە. ویداد رەشید هاوژینی دلۆڤان زێباری دەستگیركراو كە لەشاری دهۆك نیشتەجێن، مەترسییەكانی خۆی بۆ (درەو میدیا) خستەڕوو و رایگەیاند "ئەمڕۆ لێكۆلینەوە لەگەڵ دلۆڤان و هاوڕێكانی دەستیپێكردووە و بڕیارە رۆژی یەك شەممە دادگایی بكرێن، بەڵام مەترسی و نیگەرانییەكان ئەوەن ئەوان بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێ و تێكدانی وڵات تاوانباركراون، لەكاتێك ئەو هیچ پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانەوە نەبووە و خەمی ئەو باشی وڵاتە نەك تێكدانی". دوای بەدواداچوونەكانی بۆ رەوشی دەستگیركراوانی بادینان سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری كوردستان رایگەیاند "زیاتر لە ١٠٠ كەس داواكراو بوون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و بەشێكیشیان ئازادكراون بەشێكی دیكەش لە دەستگیركراوان مانیان لەخواردن گرتووە كە رەنگە راگرتنی زیاتری ئەوان لە زیندان مەترسی لەسەر رەوشی تەندروستییان دروستبكات". لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن سیپان ئامێدی ئەو ماددە یاساییەی كە دەستگیركراوان پێی تۆمەتباركراون روونكردۆتەوە و وتوویەتی "ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەپێی ماددەی ١٥٦ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی و لە سێدارەدانی تێدایە، ئەوەش ماددەیەكی زۆر قورسە، چونكە ئەوان داوای مافێكی رەوای خۆیانیان كردووە و، داوا دەكەین پێداچوونەوە بەو ماددەیەدا بكرێت".
درەو میدیا: ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و چالاكان و مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا داوای راگرتنی ئەو رەشبگیریەی دەڤەری بادینان و ئازادكردنی گیراوەكان دەكەن. لەو بەیاننامەیەدا كە ناوی 161 كەسی لەسەرە رایانگەیاندووە". تورەیی خەڵكی شێلادزێ، لەبەرامبەر بێدەنگی حكومەتی هەرێم لەسەر بێ باكی بەرامبەر بە پاراستنی سەرو گیانی خۆیان و خێزانەكانیان و بۆ تەمێكردن و راوەستاندنی ئەو بۆردومانانەی توركیا، خەڵك تورەیی خۆیان بەو بنكەیە دەربری. بەڵام بەداخەوە لەباتی ئەوەی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەو تورە بوونە بكەنە كارتی گوشار بەسەر توركیاوە بۆ راگرتنی گوشارەكانی، بەپێەوانەوە دەستیان داوەتە رەشبگیری خەڵكی ناوچەكەو ئەو رووداوەیان كردۆتە بەهانە بۆ پەلاماردانی دەنگی نارازی و بەلێشاو خەڵكیان راپێچی زیندانەكانیان كردوە، لەم هەڵمەتەدا جگە لە دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر و نادیار لە خۆپیشاندەرانی شێلادزێ و كۆمەڵگەی سیرێ، لە دهۆكیش لەهەڵمەتێكی گرتندا 32 رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی دەستگركراون، لە نێویاندا 9 رۆژنامەنووس و 12 چالاكوانی مەدەنی و چەند مامۆستایەكی زانكۆش لەناو گیراوەكاندایە و مەترسی لەسەر گیانی دەستگیركراوەكان هەیە" هۆشداریشیان داوە لەوەی "ناكرێ و نابێت، بەشداریكردنێكی میتی توركی لە رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ دەستگیركراوەكان ئامادەییان هەبێت و بەكارێكی مەترسیداریشی دەزانین، هیچ كام لەگیراوەكان رادەست بە توركیا بكرێت، ئێمە بە توندی هەرجۆرە كارێكی وا رەتدەكەینەوە و ئەو هەنگاوانەش بەپێی هەمان ئەو یاسایەی خۆپیشاندەرانی پێ دەستگیركراوە بەخیانەتی گەورەی نیشتیمانی دەزانین و سەلامەتی گیان و ژیانی دەستگراوەكان دەخەیەنە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەقی بەیاننامەكە بهياننامهى 167 رۆژنامهوان و چالاكوان و مامۆستاى زانكۆ.. . . گیراوەكان ئازاد بكەن .. نا بۆ رەشبگیری لەچەند رۆژی رابردوودا لەبەرامبەر شەهید كردنی چەند هاوڵاتیەك و بەهۆی دەستدرێژی چەند بارەبووەی بۆردومانكردنی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، خەڵكی شێلادزێ لەبەردەم بنكەیەكی سوپای جێگیركراوی توركیا لەناوچەكە نارەزایەتیان دەربری. تورەیی خەڵكی شێلادزێ، لەبەرامبەر بێدەنگی حكومەتی هەرێم لەسەر بێ باكی بەرامبەر بە پاراستنی سەرو گیانی خۆیان و خێزانەكانیان و بۆ تەمێكردن و راوەستاندنی ئەو بۆردومانانەی توركیا، خەڵك تورەیی خۆیان بەو بنكەیە دەربری. بەڵام بەداخەوە لەباتی ئەوەی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەو تورە بوونە بكەنە كارتی گوشار بەسەر توركیاوە بۆ راگرتنی گوشارەكانی، بەپێەوانەوە دەستیان داوەتە رەشبگیری خەڵكی ناوچەكەو ئەو رووداوەیان كردۆتە بەهانە بۆ پەلاماردانی دەنگی نارازی و بەلێشاو خەڵكیان راپێچی زیندانەكانیان كردوە، لەم هەڵمەتەدا جگە لە دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر و نادیار لە خۆپیشاندەرانی شێلادزێ و كۆمەڵگەی سیرێ، لە دهۆكیش لەهەڵمەتێكی گرتندا 32 رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی دەستگركراون، لە نێویاندا 9 رۆژنامەنووس و 12 چالاكوانی مەدەنی و چەند مامۆستایەكی زانكۆش لەناو گیراوەكاندایە و مەترسی لەسەر گیانی دەستگیركراوەكان هەیە، چونكە زانیارییەكانی خێزانی دەستگیركراوەكان و بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی كوردستان كە بەدواداچوونیان بۆئەو دۆسیەیە كردووە، دەڵێن "دەستگیركراوەكان بە ماددەی 156ی یاسای سزادای عێراقی تۆمەتباركراون كە سزای لە سێدارەدانی تێدایە". ئەم گرتن و پەلاماردانە لەكاتێكدایە، بەپێی لێدوانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ماوەی چوار ساڵدا "دەوڵەتی توركیا 820 جار گوند و ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای بۆردوومان كردووە، كە 398 جار لە رێگای فڕۆكە و 425 جاریش لە رێگای تۆپخانەكانییەوە هێرشەكانی ئەنجامداوە و بەوهۆكارەش 288 گوند لەو ماوەیە بۆردومانكراوە". زانیاری سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەردوو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرایانكردووە زیاتر لە 18 بنكەی سەربازی و بنكەی میتی توركی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی ماددەكانی 157،158،159،160،161،162 "هەركەسێك سوپای بێگانە بهێنێتە ناو عێراق و ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی بنكە سیخوڕییەكانی و پێدانی زانیاری بكات پێیان، ئەوا سزای لەسێدارەدان دەیگرێتەوە". ئێمە وێرای ئەوەی داوای ئازاد كردنی هەموو گیراوەكان دەكەین، داوای ئازاد كردنی رۆژنامەنووسان و هەڵسوراوانی مەدەنی دەكەین و داوكارین بەهیچ شێوەیەك بەرەو رووی ئازاردان و ئەشكەنجەدانە نەبنەوە، هەروەها هۆشیاری ئەوەش دەدەین ناكرێ و نابێت، بەشداریكردنێكی میتی توركی لە رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ دەستگیركراوەكان ئامادەییان هەبێت و بەكارێكی مەترسیداریشی دەزانین، هیچ كام لەگیراوەكان رادەست بە توركیا بكرێت، ئێمە بە توندی هەرجۆرە كارێكی وا رەتدەكەینەوە و ئەو هەنگاوانەش بەپێی هەمان ئەو یاسایەی خۆپیشاندەرانی پێ دەستگیركراوە بەخیانەتی گەورەی نیشتیمانی دەزانین و سەلامەتی گیان و ژیانی دەستگراوەكان دەخەیەنە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 31/1/2019 وێنەیەك بۆ : 1- دەسەڵاتی دادوەری 2- پەرلەمانی كوردستان 3- حكومەتی هەرێم 4- رایگشتی 5- قونسڵ و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم 6- رێكخراو و ئاژانسە جیهانیەكان ناوەكان: 1- مامۆستا بەهادین نوری 2- نیاز عەبدوڵا 3- مەسعود عەبدولخاق 4- مەریوان وریا قانع 5- فواد قەرەداغی 6- كەمال رەئوف 7- دڵشاد ئەنوەر 8- د. رەعد رەفعەت 9- ئیسماعیل حەمە ئەمین 10- سەید ئەكرەم خالید 11- د. كامەران بەرواری 12- ئاسۆس هەردی 13- د. سەروەر عەبدولرحمان 14- گەشە حەفید 15- د. محەمەد كیانی 16- د. سالار باسیرە 17- هەڤاڵا كوێستانی 18- یەحیا عومەر ریشاوی 19- د. موحسین ئەدیب 20- رەحمان غەریب 21- هۆزان مەحمود 22- سەردار عەزیز 23- د. حەكیم عەبدولكەریم 24- ستارە عارف 25- عەلی ئۆرەماری 26- عارف قوربانی 27- كامەران وریا قانع 28- ئازاد عوسمان 29- كاردۆ محەمەد 30- لەنجە عەبدوڵا 31- ئاسۆ كەمال 32- هەڵاڵە رافع 33- ئارام مەحمود 34- دانا مەنمی 35- وریا حەمەتاهیر 36- دڵشاد حسێن 37- تارا حسێن 38- ئەردەڵان عەبدوڵا 39- سیروان غەریب 40- دیاری محەمەد 41- د. شێركۆ كرمانج 42- ئارام هادی 43- سەرتیپ وەیسی 44- خالید عەبدولكەریم 45- دانا محەمەد رەزا 46- هێمن مامەند 47- ئیبراهیم عەباس 48- هوشیار شێركاوەیی 49- دانا رەزگەیی 50- هێمن مەحمود 51- شۆرش ئەنوەر 52- زۆران كۆچەر 53- سامان عومەر 54- پەروین عەزیز 55- مژدە عەباس 56- ئیراهیم ئەمین سەعید 57- بەختیار عومەر 58- دەشتی یوسف 59- مەهدی عەبدولرەحمان 60- سەرهەنگ فەرەج 61- شۆرش خدر تۆفیق 62- عەلی محەمەد ئەمین 63- ئەمین جاف 64- ئیماعیل حاجی زەڵمی 65- قادر وەرتێیی 66- سعود هاشم 67- خەندە جەزا 68- هاوكار گۆران 69- فاروق عەبدوڵا 70- نەبەز جەلال 71- كامەران سوبحان 72- فواد نوری ژوان جەمال 73- محەمەد رەئوف 74- شۆرش خالید 75- شەماڵ عەلی 76- زەبەنگ بەهادین 77- یادگار عەلی 78- سیروان رەشید 79- خالید حاجی وادی 80- هیوا سەید سەلیم 81- سەلام عەبدوڵا ئیبراهیم 82- كارۆخ عومەر 83- عەتا موفتی 84- كەنێر عوسمان 85- دەلیل جەمال 86- كاوە بێسارانی 87- دانا حامد 88- شوكرەڵا حەمەدەمین 89- كارزان عەلی عوسمان 90- رەنجدەر گراوی 91- جەمال فەتحوڵا 92- فەرمان حەسەن 93- ئیسماعیل قادر 94- زاهیر تۆفیق 95- شێركۆ محەمەد رەزا 96- یوسف مینا 97- ئاری ئیسماعیل 98- كەیوان بێسارانی 99- هونەر تۆفیق 100- كارۆخ عوسمان 101- ئامانج ئەحمەد 102- رەگەز كەمال 103- هێرش عەبدولرەحمان 104- تێكۆشەر حسێن 105- ئومێد جاف 106- شیروان سابیر 107- لوقمان حەسەن 108- كاروان مورتەزا یاوەر 109- دانا رەشید 110- فەرەیدون كونجرینی 111- كارزان كەریم 112- ئازادە رەش 113- د. كارزان محەمەد 114- عەدنان عوسمان 115- جەوهەر شوكر خزەیەر 116- شۆرش محەمەد 117- پەیكار عوسمان 118- بەرزان حەمەخورشید 119- رزگار عەبدوڵا قەسرەیی 120- مەریوان مەلا حەسەن 121- ئەمیر عەلی ئیسماعیل 122- هادی حەمە رەشید 123- دلێر عەبدوڵا 124- هەڵگورد سەمەد 125- یەحیا بەرزنجی 126- هاوژین عەلی 127- د. حیلمی رەسوڵا 128- خالید گرونی 129- هیوا رەسوڵا 130- لەتیف فاتیح فەرەج 131- عەبدوڵا گۆران 132- بەیاد عەلی 133- فەرما سادق 134- د.ئیسماعیل نامیق 135- سیفی نهێلی 136- د.ئومێد حەمە عەلی 137- د. شێركۆ حەمە ئەمین 138- د.ئەمین بەكر 139- عەبدوڵای مەلا نوری 140- لوقمان حاجی قادر 141- بەكر سدیق 142- گۆران عەلی كەریم 143- كەژاڵا نوری 144- بێستون ژاڵەیی 145- محەمەد حسێن 146- د. دارا حەمید 147- هەژار خوداداد 148- ئاریان رەئوف 149- ئاراز محەمەد 150- عەلی حسێن 151- رەنجدەر شێخ خالید 152- والی محەمەد 153- ئەیوب حەسەن 154- گوهدار زێباری 155- سەلاح خدر 156- بەشدار عوسمان 157- قادر نادر 158- سەرتیپ جەوهەر 159- بەڵێن ساڵح 160- ساڵح هەركی 161- ئارام ئەحمەد 162-ئارام شوانى 163-لهتيف فاتيح فرج 164-عامر سهلاح 165- ئاکۆ شیخ محەمەد 166- کاروان بێسارانى 167- د. شوان عەبدوڵا
راپۆرتی: درەو میدیا بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان چونەسەر ماڵی بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارۆچكەی كۆڕێی سەربە مەسیف سەڵاحەدین. ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە هێزەكەی ئاسایش چونەتەسەر ماڵەكەی ناوی (هونەر عومەر كۆڕێ)یەو بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، هونەر عومەر وتی:" هێزەكەی ئاسایش چونەتە سەر ماڵی باوكمو سوكایەتی زۆریان بە دایكم كردووەو ماڵەكەیان پشكنیوە، هێزەكە بۆ دەستگیركردنی من هاتبوون، بەڵام من لەوێ نەبووم". لە كۆبونەوەكەی مەسیفدا باسكرا ! هونەر عومەر ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە بۆ شارۆچكەكەی، وەكو خۆی دەڵێ، پێشترو لە ساڵی 2013دا ئاسایشی ناوچەكە دەستگیریان كردووەو بۆ ماوەی 42 رۆژ زیندانیان كردووە، دوای ئازادكردنی ناچاریان كردووە لە كۆڕێ دانەنیشێت. بەپێی زانیارییەكان لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە مەسیف سەلاحەدین بەڕێوەچوو، باسی سزای سیاسی كراوە، لەوچوارچێوەیەدا وەفدی دانوسانكاری بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە رێگە بە (هونەر عومەر) بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت بگەڕێتەوە بۆ شارۆچكەكەیو كاری سیاسی خۆی بكات. لەسەر داوای وەفدەكەی گۆڕان، هونەر عومەر سەردانی فازل میرانی كردووەو میرانی لەگەڵیدا دانیشووەو ژمارەی تەلەفۆنی خۆی پێداوە بۆئەوەی ئاگاداری بكات لە هەر كێشەیەك كە دووچاری دەبێت، هاوكات فازل میرانی هێزە ئەمنییەكانی مەسیفی ئاگاداركردووە لەوەی كێشە بۆ هونەر عومەر دروست نەكەنو رێگری نەكەن لە گەڕانەوەی بۆ شارۆچكەكەی. فازل میرانی وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە دوای هەفتەیەك لەو بەڵێنە، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە جارێكی تر چونەتەوە سەر ماڵی باوكی ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان. لەدوای روداوەكەی ئەمڕۆوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی كە پێی دراوە، هونەر عومەر چەندجارێك پەیوەندی بە فازل میرانییەوە كردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە لە رووداوی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵی باوكی، بەڵام میرانی وەڵامی پەیوەندییەكەی نەداوەتەوە. هونەر عومەر بە (درەو میدیا)ی وت:" دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانییەوە چەندجارێك لەسەر دۆسیەكەی پەیوەندییان بە فازل میرانییەوە كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەنەتەوە". ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە، هۆكاری هێرشكردنەسەر ماڵەكەیو وەڵامنەدانەوەی فازل میرانی بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆیی پارتییەوە هەیە، بەوپێیەی "فازل میرانی سەربە نێچیرڤان بارزانییەو هێزەكانی ئاسایشی ناوچەكەش لەژێر كۆنترۆڵی مەسرور بارزانیدان". هونەر عومەر لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە. پارتیو گۆڕان لە مانگی هەنگوینیدا لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی ئاسایشی پارتی ژمارەیەك هەڵسوڕاوی تری بزوتنەوەی گۆڕانیان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستگیركرد، ئەم روداوانە لەكاتێكدان ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی بە قۆناغی "مانگی هەنگوینی"دا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، هەردوولا بۆچونەكانیان لە یەكتر نزیكە. لە چوار ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی لە خراپترین دۆخدا بوو، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیانەوە، پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركردو رێگری كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
(درەو میدیا): دوای ماوەیەكی زۆر چاوەڕەوانی كۆمەڵی ئیسلامی، دواجار وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆمەڵی كردو لە بارەگای ئەمیری كۆمەڵ لە شاری هەولێر هەردوولا پێكەوە كۆبونەوە. لەدوای دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمینجارە وەفدی پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات. كۆمەڵی ئیسلامی كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (7) كورسی بەدەستهێناو كورسییەكانی زیادی كرد، تائێستا یەكلانەبووەتەوە بۆ ئەوەی ئاخۆ بەشداری لە كابینەی نوێی دەكات یاخود بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. (درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی پارتیو كۆمەڵی ئیسلامیدا بەهیچ جۆرێك باسی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو بەشداری كۆمەڵ لە كابینەكەدا نەكراوە. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆبونەوەكە دوای دەستپێشخەرییەك هاتووە كە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی خستویەتیەڕوو بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵو پارتی. لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا تەنیا باسی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب كراوە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك بە قۆناغێكی گرژدا تێپەڕی. دوای كۆبونەوەكە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" پارتی مێژویەكی درێژی هەیە لە خەباتدا، ئێستاش پێگەو رێگەی بەرچاوی هەیەو دەبێت ئەوان زیاتر بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكەن، پارتی دەبێت باخەڵفەراحانەتر مامەڵە بكات". لەبەرامبەردا فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی:" ئێمە پێمان وایە هەمومان بیر لەوە بكەینەوە كە دوێنێ نەمان كردووە بۆ ئەم میللەتو ئەم وڵاتە، ئەمڕۆ هەوڵبدەین بیكەین، ئایا هیچ نەكراوە، بەڵێ كراوە، ئایا هەمو شتێك كراوە، نەخێر نەكراوە".
درەو میدیا بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیای دەزگا ئەمنیەكان بۆ هێوركردنەوەی شەقام و میدیا ژمارەیەك لە دەستگركراوەكانی شیلادزێ و دهۆكیان ئازادكردووە بەڵام تا ئێستا زیاتر لە 30 گەنجی شیلادزێ و شێروان شێروانی و هاوڕێكانی ئازاد نەكراون. سەرچاوەیەك ناوی بەشێك لە دەستگیركراوەكانی بۆ درەو میدیا ئاشكرا كرد كە تا ئێستا ئازاد نەكراون و لە زینداندان ( فیزی رەمەزان ریكانی، نزار سیتەی ریكانی، سەفر شاجی ریكانی، یوسف بیدەی ریكانی، نیجیرڤان بەدیع ریكانی، فەلاح رێكانی، زێدان رێكانی، خالد بانسری، ئەمین ئورەماری، ئەركان هیتیتی، محەمەد رێكانی، شوكری محەمەد صدیق، بیزەلی ریكانی... ) هاوكات بەپێی زانیاریەكان هەریەك لە شێروان شێروانی و بەدەل رێكانی وەك دوو چالاكی مەدەنی لە ناوچەكەدا بەهۆی ئازادنەكردنیان لەگەڵ ژمارەیەك زیندانی تر مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە. لە ئێستاشدا ژمارەیەكی زۆری هێزی سەربازی ( كە پێكهاتوون لە هێزەكانی زێرەڤانی و فەرماندەیی دهۆك و فەرماندەیی بارزان) هێنراونەتە ناوچەكەو هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەی نیگەرانكردووە لە گومەڵگای سێریی سەر بە شێلادزێ، خوپێشاندەران و خانەوادەی قوربانیانی بوردومانەكانی توركیا هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سوپای توركیا و سوتاندیان و جگە لە بریندار بوونی چەند خۆپیشاندەرێك ( حسێن رێكانی) تەمەن 13 ساڵ بە گوللەی جەندرمەكانی توركیا شەهید كرا، كە ئەمەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو رۆژی دواتر ژمارەیەك چالاكی مەدەنی ویستیان گردبونەوەیەك لە شاری دهۆك ئەنجامبدەن بەڵام زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.
درەو میدیا: بەپێی ئەو ئامارانەی لای وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە ژمارەی ئەو دەزگایانەی كە تاوەكو ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە بریتین لە: - هەزار و 329 دەزگای راگەیاندن كە - 40 كەناڵی ئاسمانی - 122 كەناڵی لۆكاڵی - 180 رادیۆ ، 987 گۆڤار و رۆژنامە. - 30 نوسینگەی كەناڵی بیانی لە هەرێمی كوردستان هەیە - تاوەكو ئێستاش تەنها 3 ماڵپەر مۆڵەتیان لە سەندیكای رۆژنامەنووسان وەرگرتووە - لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 5 كەناڵی تەلەڤزیۆنی داخراون - ئەمساڵیش 35 كەناڵی لۆكاڵی ئاگاداركراونەتەوە گەر مۆڵەت تازە نەكەنەوە دادەخرێن. - لە كۆی زیاتر لە 987 رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی كوردستان كە مۆڵەتیان هەیە لە سەندیكا، تەنها 30 بۆ 40 رۆژنامە و گۆڤار بەردەوامن لە دەرچوون دوارۆژ
لەدوای ئەو قەیرانە داراییەی كە ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵدا، جارێكی تر هاوشێوەی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو شەپۆلی كۆچكردن بۆ دەرەوە دەستیپێكردەوە، هەزاران كەس رێگای هاتو نەهاتیان تاقیكردەوەو بە كەناری مەرگدا تێپەڕین تا لە مەرگەساتی موچەو سیستمی "پاشەكەوتنی موچە" لە كوردستان رزگاریان ببێت. لەناو ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا كوردستانیان بەجێهێشت ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنوس هەبوون، هەندێك لەوانە دوای گەیشتنیان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چیرۆكی گەشتكردنی خۆیان بە ناو ترسی دەریاو پۆلیسدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گێڕایەوە، هێمن مەحمودی رۆژنامەنوس دواین كەسە كە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرگوزشتەی خۆی بڵاوكردەوە، (درەو میدیا) دەقی چیرۆكی گەشتەكەی ئەو گەنجە كوردە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە كە ئێستا لە كەمپێكدا لە ئەڵمانیا دەژی. نوسینی: هێمن مەحمود بەشی (1) زرم... دەنگی پیاكێشانی مۆری چونەدەرەوەكەی ئیبراهیم خەلیل لەسەر پاسپۆرتەكەم خەیاڵەكانی تێكدام و ئەفسەرەكە بە زەردەخەنەیەكەوە لەژێر پەنجەرەكەوە پاسپۆرتەكەی دا بەدەستمەوەو وتی بەخێرچیت سەیدا..! هۆڵەكە پێچەوانەی جارێ پێشوتر چۆڵبوو، گەرماكەشی شكابوو، كە لەهۆڵەكە دەهاتیتە دەر، هەوایەكی ساردی پایزەی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر دەیكێشا بەناوچاوتا.. خۆریش خەریكبوو وردە وردە ئاوا دەبوو. جاری پێشوترو دوو مانگێك بەرلەوساتە، خێزانيی و لەگەڵ ماڵی هاوڕێیەكمدا لەهەمان شوێندا بووین. ماوەیەكی زۆر دەمویست بەماڵ و مناڵەوە بڕۆم، بڕۆم و هێندە دووربكەومەوە بەڵكو ئەگەر نەگەمە ئەوسەری دنیاش، لەناوەڕاستی دنیا بدەم لە ئەرز..دەمویست هەم مێشكم لەدەست هەواڵ و سیاسەت و هاتونەهاتی موچەو داعش و حەشدی شەعبی رزگاری بێت و هەم ژیانێكی هێمن و جێگریش بۆ مناڵەكانم دابین بكەم بۆ ئەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان نەبنە خۆراكی سیاسەت و جەنگ و شتە بێ ماناو پڕوپوچەكانی ئەو وڵاتە.. ئەوەی دۆخی 2015و 2016و 2017ی ئەو وڵاتەی دیبێ و تیایا ژیابێ لەوە تێدەگا من باسی چیدەكەم، بەشێك لەو كەسانەشی لەدوورەوە تەماشای كردبین و خۆی ئیشی هەبووبێ و موچەی نەهاتبێتە چارەك و شەست رۆژ جارێك وەرینەگرتبێ، وەك ئەوەیە ئێستا گوێزی بۆ بژمێرم و بەلایەوە سەیردەبێ وڵات لەبەر ئەوشتانە جێبهێڵدرێت. ئیبراهیم خەلیل ئەو دەروازەیەی سەدان كوڕی گەنجی لەپێناو پارەكەیدا درا بەكوشت، ناوێكە بیرەوەری خۆشی لای كەسمان نیە و حەز بە بیستنی ناكەین. جارێ پێشووتر هاوین بوو، هۆڵەكە جمەی دەهات لەخەڵك، چی بەرووی ئەوانەی لە باكورەوە دەهاتن و چی بەرووی ئەوانەی لەباشورەوە دەڕۆشتن، گەرمایەكی ناخۆشی هەبوو. چەند ئەفسەرێك لەو دیو پەنجەرەكانەوە دانیشتبون و هەوای ساردی سپلیتەكەیان ئارامی كردبوونەوەو لەگەڵ سوڕانەوەی هەواكەشدا و لاپەڕەكانی بەردەستیان بەرز دەبوویەوە، كەچی خەڵكەكەی ئەم دیوی پەنجەرەكان لەگەرما خەریكبوو دەبورانەوە، پۆلیسەكان هەر لەداخا هەوای سپلیتەكانیان بۆ ئەو خەڵكە پێ نەدەكرد..لەدڵی خۆما وتم داهاتی ئەم ئیبراهیم خەلیلە بدە سوریا و ئوردون فەلەستین پێكەوە پێی دەژین، كەچی جادەو شوستەو هوڵەكانی خۆی پێچاكناكرێت.. ئەوجارە ڕۆشتین و بەهۆی درۆی قاچاخچی و ئەمڕۆ نا بەیانیەكەیانەوە پانزە ڕۆژێك لە ئەستەنبوڵ ماینەوەو دواتر بەدەستی خاڵی گەڕاینەوە. دووبارەو دوای مانگ و نیوێكی تر جارێكی تر ڕۆشتمەوە.. زرم.. جەندرمەكە مۆری چونە ناوەوەی توركیای دا لەە پاسپۆرتەكەم و بەتوركی وتی خۆش هاتن..ئیتر چوینە توركیاو دوای ئەوەی لەگومرگەكە تێپەڕین، شۆفێری پاسەكەی ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی سەربكەوین و دوانەكەوین هۆڕینێكی سەركەوتنی بۆ لێداین .. هێشتا دنیا تەواو تاریك نەبوبوو، هەواكەی ساردتری كردبوو.. پێش ئەوەی سواری پاسەكە ببم، بۆ دواین جار تەماشایەكی كوردستانم كردو لەدڵی خۆما دێڕە شیعرەكەی شێركۆم بیركەوتەوە كە دەڵێت من چیم دەویست لەنیشتیمان..! هەر بە ڕاست ئێمە چیمان نەدەویست لە نیشتیمان...؟ بەشی (2) - بخۆ كوڕم.. خۆی مۆن كردۆتەوەو قسەلەگەڵ كەس ناكات... باوكەكە دەیەوێت هەرچۆنێك بێت كێك و شەربەتێك بداتە مناڵەكەی بیخوات، بەڵام ئەو چووەتە ڕق و لەپەنجەرەكەوە تەماشای دەرەوە دەكات و بەبێ ئەوەی لابكاتەوە بە لایاندا دەست ڕادەوەشێنێ كە هیچ ناخوات. لەوەتەی لەسلێمانی دەرچووین ئەو مناڵە بێتاقەتە. كاك سیروان خۆی و خێزانی و ئەو مناڵە دەساڵانە بۆ ئەستەنبوڵ دێن. دوای ئەوەی لەئیبراهیم خەلیل دەرچوین ئیتر شەومان بەسەردا هات و دوای یەكجار وەستان ئیتر پاسەكە تا بەیانی نەوەستا. ڕێگای سلێمانی- ئەستەنبوڵ بەپاس نزیكەی 38 كاتژمێرە، ڕێگایەكی دوورو درێژو تاقەت پڕوكێنە. پاسەكە تا دەگاتە ئەستەنبوڵ لەچەندین شوێن لادەدات، هاوكات كارمەندەكانی ناو پاسەكە هەر چەند سەعات جارێك بەعەرەبانەیەكەوە خواردن و ساردەمەنی دەگێڕن. بەیانیەكەی بە كاك سیروان دەڵێم ئەوە بۆ ئەو مناڵە هیچ ناخوات، دەڵێت ئەوە بێتاقەتی ئەوەیە لەمەكتەب دەرمانكردووەو ئەمانەوێت لەئەستەنبوڵ بژین. سیروان پیاوێكی پەنجا ساڵە دەبێت، خێزانەكەشی شتێك لەخۆی بچوكتر دیارە، وەك خۆی بۆی گێڕامەوە ساڵانێك پێشتر لە ئەستەنبوڵ كاری كردووە، دواتر گەڕاوەتە كوردستان و ماڵ و مناڵی پێكەوەناوە، بەڵام ئێستا دەوامی خێزانەكەی كردووە بە مۆڵەت و مناڵەكەی لەمەكتەب دەرهێناوە و بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ توركیا، لەوێ دەستبكاتەوە بەئیش. پاسەكە هەر دەڕوات و ڕێگایەش هەر تەواو نابێ. لەدڵی خۆما دەڵێم باشە ئەم دایك و باوكە تاوانبارن ئەم مناڵە ئاوا تەنیا دەكەن و لە مەكتەب و ناو هاوڕێكانی دەریدەكەن..؟ خەتای ئەوانە یان خەتای نیشتیمان كە ناتوانێت ئەو خێزانە بگرێتەوە باوەش و ئاوا دڵیان نەشكێنێ..؟ لەخۆم دەپرسمەوە ئەی باشە بەیانی ئەو مناڵە ناڵێت هەموو دنیا گەشتنە خاریج ئەم باوكەی منە بۆ ئێمەی لەم دۆزەخە بەتەنیا جێهێشت..! لەدڵی خۆما دەڵێم بیهێنە پێش چاوی خۆت سی ساڵی تر هاوڕێ مناڵەكانی ئەم مناڵە بەشێكی زۆریان لەخاریج دێنەوەو دنیا گەڕاون، ئەمیش تازە بەدوای ئەم مەسئول و ئەو مەسئولەدا راكە راكەیەتی لەشوێنێك بیكەن بە حیمایەك یان بەردەستییەك یان شتێكی لەو بابەتە..! مناڵەكە سەرخەوێكی بۆ دەشكێنێت و ئێمەش هەر لەناو پاسەكەداین.. هەزار خەیاڵ بەمێشكمدا دێت و دەچن..لەلایەك سەرزەنشتی خۆم دەكەم و لەلایەكی تریش ئەو ئامانجەی بۆی هاتوم زۆر بە گەورەی دەزانم..قوربانی تەنهایی و بێتاقەتی و ئازار و خەم و خەفەتی دەوێ.. پاسەكە هەردەڕوات و من بەجەستە تیایدام..دڵم لەشوێنێكی تره..لەدەرەوە نمەنمە بارانی پایزە دەبارێ، هەمووی چەند كاتژمێرێكی ماوە بگەین، توركیاو ئەستەنبوڵ بوونەتە ئەو چاڵە قوڵەی لەبنەوە تەماشای ئاسمانی پێدەكەم و هیچ كوێم لێوە دیار نیە، ناشزانم كوێم لێوە دیار دەبێ.. دواتر كە دەبینم مناڵەكە شت دەخوات..ئیسراحەت دەكەم..سەر دەنێم بەجامی پاسەكەوەو تەماشای دەرەوە دەكەم و زۆر لە دوور دەڕوانم... لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئێرە بۆ ماڵەوە چەنێك دووربێ..! ئاخر بەڕاست ئێمە چیمان دەویست لەنیشتیمان..؟ بەشی (3) -اللە اكبر...اللە اكبر... مەلای مزگەوتەكەی ئەكسەرای، ئەوەی بەرامبەر پاركی سورییەكانە بانگی عیشای دەدا كاتێك ئێمە لەپاسەكە دادەبەزین و گەیشتینە ئەستەنبوڵ. پاركەكانی ئەكسەرای بە شەوان بەتایبەت كەهێشتا سەرماكەی توندی نەكردووە جمەی دەهات لەخەڵك، شوێنی كۆبوونەوەی پەنابەرو ئەوانەی بەتەمای ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا تۆ ئەگەر سوڕێك بخۆی بێتاقەتی لەو ناوەدا هەر بەدەم رۆشتنەوە گوێت لەدەمەتەقێ ی دەیان خێزانی كورد دەبێت كەلەو پاركانەدا دانیشتون و شەوگار بەسەردەبەن. جیا لەوەی چەندین چێشتخانەی عێراقی و سوری لەو نێوەندەدا هەیە وهێندەی تر ئەكسەرایان قەرەباڵغكردووە، دەیان هۆتێلی هەرزان بایش لەو ناوەدا هەیە كە بووەتە شوێن و پەناگەی پەنابەران یاخود ئەوانەی بەنیازی ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەكسەرای شوێنی دەیان قاچاخچیە و بەئاسانی دەتوانی قاچاخچیەكت دەستبكەوێت و كوێت بوێ بتنێرن. پێش روداوەكانی ساڵی 2011ی سوریا بەتاك و تەرا دوكانی عەرەب و سوری لە ئەكسەرایدا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ناوە یەكپارچە بووەتە شوێنی عەرەب و بەئاستەم هاونیشتیمانیەكی تورك یاخود كوردێكت دەستدەكەوێت دوكانێكی هەبێت . ئێمە هاوین نزیكەی 16 شەو لەوێ بووین هەموو شەوێك لەگەڵ ماڵ ئەرسەلانی هاوڕێم لەو پاركانەدا لەچاوەڕوانی دەرچون و بەڵێنی قاچاخچیدا دادەنیشتین، دەیان خێزانی كوردمان دەبینی كە هەریەكەو چیرۆكێكی تراژیدیان هەبوو، هەبوو گیرابوو، هەبوو هێندە مابویەوە پارەی پێنەمابوو، هەشبوو هەرچی هەبوو لەكوردستان فرۆشتبووی نەیدەتوانی بگەڕێتەوەو لێرەش درۆیان لەگەڵ كردبوو، وەكچۆن درۆیان كرد لەگەڵ ئێمەداو بەناچاری دوای 16 رۆژ گەڕاینەوە. كە لەپاسەكە دابەزین زۆرماندوو بووم، كوڕە پورێكم لەكافتریایەك ئیشی دەكرد لەو ناوەدا سەرێكم لێداو دواتر نانێكم خواردو ڕۆشتم لە هوتێلكی هەرزان بایی ژورێكم گرت و تابەیانی لێی خەوتم. دوو رۆژ لەئەستەنبوڵ مامەوە، لەڕێگای هاوڕێیەكمەوە بە 2000 دۆلار ڕێكەوتین بمانبەن بۆ یۆنان. من و كوڕە پورەكەم چوینە وەجبەیەكەوەو بڕیاربوو ئێوارەی چواردەی مانگی ئۆكتۆبەر دەربچین، بەو مەرجەی ئەوەی نە لەتوركیا بگیرێین و نە لە یۆنانیش سنورداشی توركیا بكرێینەوە چونكە وتیان بەڕێككەوتن لەگەڵ پۆلیس توركی و یۆنانیدا دەتانێرین و ڕێگاكە گرەنتییە. ئێوارەی چواردەی ئۆكتۆبەر تەلەفونێكیان بۆ كردین وتیان حازربن. لەپاركێكەوە بەپێ بردینیان بۆ شوقەیەكی ئەو نزیكانە، دوو دەربەنی (حاجی و هاوبیر) و خێزانێكی كفری و دوو برادەری سلێمانی لێ بوو، دوای چەند كاتژمێرێك دانیشتن لەشوقەكەدا بۆ ئەوەی كەشف نەبین وپۆلیس نەمانگرێت، جارێكی تر بردینیانەوە بۆ پاركێكی نزیك ئەكسەرای. دواتر لەگەراجێكی پشت هۆتێلێك، نزیكەی كاتژمێر 8ی شەو، نزیكەی پانزە كەس دەبووین كردینیانە سەیارەیەكی دۆڵمشەوە بەرەو ئەدرنە و لەوێشەوە بۆ یۆنان. دواوەی دۆڵمش پڕكرا لە نەفەر، جێگای من نەمایەوە، بۆیە لەپێشەوە لەنێوان شۆفێرەكەو ڕێبەرەكەدا دانیشتم. ئەستەنبوڵ بۆ ئەدرنە كە سەرسنورەو نزیكی یۆنانە و شوێنی پەڕینەوەی نەفەرە، ڕەنگە بەڕۆشتنی ئاسایی پێنج سەعاتێك ببێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەقاچاخ ئەو دۆڵمشانە لێدەخوڕن، ڕەنگە چوارسەعاتێك بخایەنێت. ڕێبەرەكە كوڕێكی گەنجی هەڵەبجەیی تەمەن 32 ساڵان بوو، تا حەزبكەی گەنجێكی بەحورمەت و بەڕێزبوو. وتم : خێزانداریت..؟ - جارێ ژنم بۆچیە..ئیشەكەم؟ پرسیم :چەند ساڵە ئەم ئیشە دەكەیت..؟ -4 ساڵە خەریكی ئەم ئیشەم..ماوەیەك گیرام و دواتر بەربووم.. - ناڕۆیتەوە..؟ - بۆ كوێ بڕۆمەوە...؟ چیم هەیە تا لەپێناویدا بڕۆمەوە..؟ خەریكبوو بڵێم نیشتیمان...تەریقبوومەوە..! نەموت..ئەی خۆم چی..!! وتم ڕێگاكە قورسە..؟ وتی نا خەمتنەبێ ..ئیتیفاقیەیە..ئیشاڵا سبەی لەیۆنانن.. شۆفێرەكە لەسەدو شەست ، سەدو هەشتا لێی دەخوڕی.. دۆڵمشەكە باڵیگرتبوویەوە...بەدەم تەلەفونكردنەوە بتڵێك بیرەی دەرهێناو هێندەی تر خێراییەكەی زیاتركرد. نەفەرەكانی دواوە هەمویان كپ و بێدەنگ وهەریەكەو كەوتبونە خەیاڵێك ...هەرچەندە جێگاشیان ناخۆشبو بەڵام بەهۆی ترس و نیگەرانی و نەزانینی چارەنوس، كەس دەنگی لێوە نەدەهات.. منیش تەماشای بەرزی گێچی ئۆتۆمبیلەكە هەموو شتێكی بیربردبومەوە و تەنها لەدڵی خۆمدا دوعام دەكرد هەر ئەم شۆفێرە و ئەم دۆڵمەشە نەعلەتیە كەهەردەتوت میزەڵدانە فووی تێكراوە هیچمان لێ نەكات ئیتر قەینا چی ترمان لێ دێت. ویستم بە ڕێبەرە گەنجەكە بڵێم بەشۆفێرەكە بڵێت هێندە خێرا لێ نەخوڕێ توشی شتێكمان دەكات و لەم ڕێگایەدا دەمانكوژێت كەچی ڕێبەرەكە لەماندوێتیدا سەری خستبوە سەر شانم و خەوی لێكەوتبوو..!!دڵم نەهات خەبەری كەمەوە ناچار خۆمان دایە دەست چارەنوسی خۆمان و بتڵە بیرەكەو سوكانی سەیارەكە...! مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت ئەو شەوەمان چۆن لێ ڕۆشت..! بەشی (4) -سەری خۆ كزكە.. كڕبن...زارۆكان دەگرین ئەی گەوران لۆ قسان دەكەن..ئەخی بكوژێنە..ئیتفی سیغارە.. شتششش ..شششش...!. شەش ڕێبەرە كوردەكە بەردەوام بۆ ماوەی ئەو دوو شەو ڕۆژەی كە پێكەوەبوین لەڕێگاو بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بمانگەیەننە یۆنان، بەو قسانەی سەرەوە ڕێنمایی 150 نەفەری كوردو عەرەب و فارسیان دەكرد، دواتر لەزیندانەكەی یۆنان تا ماوەیەكی زۆر ئێمەش لەبەرخۆمانەوە بۆ خۆشی وسوعبەت بەیەكتریمان دەوتەوە و دووبارەمان دەكردەوە. كاتێك لەئەستەنبوڵ سەركەوتین، نزیكەی چوار كاتژمێری پێچوو تا هاتینە ئەدرنە و سەر سنور. شۆفێرەكە دوای ئەوەی بەسەلامەتی گەیاندینی بەپەلە لەسەر رێگایەكی خۆڵ دایبەزاندین. ڕێبەرێك و چەند نەفەرێكی تر لەسەر رێگاكە چاوەڕێمان بوون. نیو كاتژمێری تر بەپێ ڕۆشتین، ڕێبەرێكی ترو وەجبەیەكی تر لەتاریكیدا چاوەڕوانمان بون كە لەلابەلایەكی كراوەدا كە بۆ كەشفبوون زۆر ئاسانبوو دایاننیشاندین. هەرچەندە ئاسمان ساماڵ و سایەقە بوو، بەڵام هەوایەكی سارد ساردی دەهات، لەو تاریكییەدا كەس كەسی نەدەناسی. رێبەرێكیان وتی تاسەعات دوانزە چاوەڕێ دەكەین وەجبەیەكی تر ماون با بگەن پێكەوە دەڕۆین تا ئەو كاتە كڕ بن. ئەو شەوە ئەوانەی نەبێت كە خەڵكی یەكشاربوین و بەیەكەوە هاتبوین، كەسمان نەدەناسی، دەموچاوەكان هەمویان لە تاریكیدا زیاتر نامۆتر دەردەكەوتن، بیرم لەوەدەكردەوە دەبێت ئەمانە كێبن واچارەنوسمان پێكەوەیە؟ لەكوێوە هاتبن و چی خەیاڵێك سەری پێهەڵگرتبن..؟ گریانی مناڵە ساواكان بەقەترەی خەو كپ دەكران، ئەوەی سەیربوو خێزانێكی فارس لەتەنیشت مندابوون، پیاوێك و ژنێك و دوو منداڵ، منداڵێكی ساواو یەكێكی حەوت هەشت ساڵ، پیاوەكە قاچی پلاتینی تیادابوو، بە دوو وەلەكی دەستیەوە، ترسام دەرنەچێ، كەچی ئەو پیاوە هەمیشە لەپێشەوە بەو دوو وەلەكەی دەستی پێشی هەموانی دەدایەوەو لەو سەرەوە چاوەڕێی دەكردین. گڵوپی سەر ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی توركیا دەسوڕانەوەو هەمووی چەند سەد مەترێك دووربون لێمانەوە و هاتوچۆیان بوو. بە قسەی ڕێبەرەكان هەموویان كڕدرابوون، هەربۆیە حسابی نەبویان بۆ ئێمە لەو شوێنەدا دەكرد و ئێمەش حسابی نەبونمان بۆ ئەوان دەكرد. وەجبەكەی تر گەیشتن و ژمارەمان چەن قات زیادیكرد كە دەیان خێزانی تیدابوو، بەشێكی زۆری ئەو خێزانانە وەك دواتر زانیمان خەڵكی شەنگال بوون كە دیاربوو یەكێك بە بەرنامە هێناونی و دەریاندەكات، بەپێ بەناو زەوییە كشتوكاڵیەكاندا چەند كاتژمێرێك تێپەڕین سنورمان لێوەدیارنەبوو. رێبەرەكان لەپێشەوەو ناوەڕاست دواوە دابەشبووبن، بۆ ئەوەی نەكەس جێ بمێنێت و نەكەسیش ون ببێت بەو تاریكە، ئینجا هەر كەسیش پەكی بكەوێت هەڵیگرن، هەرواشبو خەڵك جێما دۆزیانەوەو پیرەژنێكیش پەكی كەوت هەڵیانگرت. هەواكە ساردتر بوو، بۆنی تەڕایی دەهات، هەستمكرد گەیشتوینەتە سەر سنور، ڕێبەرەك وتی: ئەوە ئاوەكەیە ،لێرە لەبن ئەو دارانەدا دەمێننەوە تا ڕۆژ دەبێتەوە دوایی دەتانپەڕێنینەوە بۆ ئەو بەر. كاتژمێر چوارونیوی بەیانی بوو، دەبوو تا ڕۆژ دەبێتەوە لەنزیك دواین گوندی توركیاو لەبن كۆمەڵە دارێك دانیشین، بەشێكی زۆر لەماندوێتیدا خەوتن، لەبەر سەرماو لەبەر دڵەڕاوكێ تا ڕۆژ بویەوە خەوم لێ نەكەوت..بیرم دەكردەوە ئەرێ بەڕاست ئەم خەڵكە بۆ كوێ سەری خۆی هەڵدەگرێت؟ ئێمە بەدوای چی كەوتوین..؟. ئەم مناڵانە چاوەڕوانی چی دەكەن لەداهاتویان..؟ ئەم میللەتە بۆ ڕەو دەكا؟ ئەم شەنگالیانە بۆ ناگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.. پاڵمدا بەكۆڵە پشتەكەمەوەو لەچاوەڕوانی ڕۆژبوونەوەدا كه شەوگار نەیدەهێشت بەزوویی بێت لەسەرما كڵاوەكەم كردە دەموچاوم و ڕووبەروی یۆنان لێی دانیشتم. - الصلاە خیر من النوم مەلای گوندە توركیەكە كە هەموی سێ سەد چوار سەد مەترێك لێمانەوە دووربوو بانگی بەیانی داو دەیوت نوێژكردن خێرترە لە خەوتن .. مەلاكەی گوندەكە نەیدەزانی میللەتێكی سەر هەڵگرتوو... میللەتێكی نەگبەت نیشتیمانیان جێهشتووەو هەر ئێستا لە لەتەنیشتیدان ولەشەوەوە تا بەیانی نەخەوتون. اللە اكبر.. اللە اكبر بەشی (5) - ئەگەر چوپەكە بەر درەختەكانی ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی خنكانی نەفەرەكان زۆرە. وردە وردە ڕۆژ بویەوە، ڕێبەرەكانیش شەش كەس ، شەش كەس و لەسەرەتادا خێزانەكانیان بە دوو چوپ لە ئاوەكەی نێوان توركیا و یۆنان پەڕاندەوە. ئەو ڕێبەرە هەڵەبجەیەیی لەناو دۆڵمەشەكەدا پێكەوەبوین وتی پەلەمەكە خۆمان ئاخیر چوپ دەڕۆین، كاتێكیش لێمپرسی ئاوەكەی ترسناكە، وتی نا بەڵام ئەگەر چوپەكە بەر پارچە داری ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی زۆرە. ئەو ئاوە هەر بەقەدەر روباری (سیروان)دەبێت ئەگەر یەكێك ئەو روبارەی دیبێت، رێبەرەكان پەتێك لەمبەرەوە تا ئەوبەر دەبەستن و دواتر بۆ ئەوەی ئاوەكە چوپەكان نەبا دەستی پێوەدەگرن و نەفەرەكان دەپەڕێننەوە، لەناو ئاوەكەشدا لەكاتی كەمبونەوەو زیادبونی ئاوەكە پارچە درەخت دەردەكەون و زۆجار چوپەكان كون دەكەن یاخود هەڵی دەگەڕێننەوەو نەفەرەكان دەخەنە ناو ئاوەكەوە، ئەوەی مەلە نەزانێ زەحمەتە رزگاری بێت، ئاوێكی هێندە ئاسان نیەو تا ئێستا چەندین نەفەریش بەو جۆرە لەو ئاوەدا خنكاون. كاتێك دەگەی بەدیوی یۆنان ئیتر دەچیتە ناو چڕە دارستانێكەوە كە كورد پێی دەڵێت جەنگەڵ كە هێندە چڕەو بەیەكدا چوە خۆشاردنەوە تیایدا ئاسانە. ئێمەیان زۆر دوورنەخستەوە، هەر لەودیوی ئاوەكەوە وتیان تاشەو لێرە دەبین تا ئەو وەجبەیەێ تر دەگات و دواتر پێكەوە دەڕۆین. ئێمە 6 دەربەنی بووین، دوو پارچە نایلۆنی كۆنەمان دۆزیەوە كە پێشوتر نەفەر لەو شوێنەدا بەكاریانهێنابوو، یەكێكمان راخست و یەكێكیشمان دا بەسەری خۆماندا، وردە باران و سەرمایەكی توندبوو، تەنها ئاوو خورما و نانمان پێبوو، بەوریاییەوە بۆ ئەوەی بەشی هەمومان و ڕێگاكە بكا كەم كەم لێمان دەخوارد. لەو جەنگەڵە خێزانە شەنگالیەكان بەشێكی زۆریان هیچیان پێنەبوو، مناڵی زۆریان پێبوو ، گریانی مناڵ و تینوێتی و برسێتی ناڕەحەتی كردبوون، جیا لەوەی رێبەرەكانیش توڕەدەبون بۆ ئەوەی دەنگیان نەڕوات و كەشف نەبن..دەتوت جارێكی تر ئەنفالی داعش كراونەتەوەو لەدەستی كوشتن و بەكۆیلەكردن هەڵدێن. سەرماكەی تادەهات زیاتر دەبوو، بارانیش هەردەباری، ئێمەش لە ژێر نایلۆنەكانەوە پاڵكەوتبوین، كاتێك هاتین نزیكەی حەوتی بەیانی بوو، دەبوو تا یانزەی شەو لەو شوێنەدابین. ئەوەی سەرنجی منی راكێشا شوێنەكە بوو كە دڵنیام ئەوەی یەكەمجار دۆزیویەتیەوە كورد بووە، چونكە لەچاڵێكدا بوو مەگەر بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كەشفببوایە، لەدڵی خۆما دەموت تۆ بڵێی چەندین هەزار كورد لەو شوێنەدا ئیسراحەتی كردبێ و دواتر گەیشتبێتە دەرەوە. یانزەی شەو جوڵەمان كرد، بەپێی قسەی ڕێبەرەكان وەجبەكەی تر بەڕێگاوەن و لەسەر سكەی قیتارەكە پێك دەگەین، هەر وەك كۆڕەكەو بەئیسراحەت و بەبێ ترس بەناو باخ و رەزی یۆنانیەكاندا سێ سەعاتێكی تر بەپێی ئەو حەشاماتە رێمانكرد تا گەیشتینە سەر سكەی قیتارەكە ، یەكسەر ئەوەم بیركەوتەوە ئەوەی كوردبێ و بەپێ ڕۆشتبێ بۆ دەرەوە ئەو سكەی قیتارەی دیوەو باسیكردووە. لەناو چڕە دارستانەكەی تەنیشت سكەی قیتارەكە دایانناین، چاو چاوی نەدەبینی، بەلایتی مۆبایلی ڕێبەرەكان جێگایەكیان دۆزیەوەو دایانناین دوای نیوسەعاتێك وەجبەكەی تر هاتن وەك دواتر لەبنكەی پۆلیس بۆمان دەركەوت ژمارەمان بو بە 150 كەس. - زۆرمان نەماوە، ئەوە گڵوپەكانە، گەشتینە ئەوێ تەواو. ڕێبەرەكە كاتێك كەوتینە رێ و لە دارستانەكە دەرچوین وای وت. نیوسەعاتی تر رێمانكرد، گەشتینە لابەلایەك لەتەنیشت ڕێگایەكی دوو سایدی سەرەكی، لادێیەكیش چەن سەد مەترێك دووربوو لێمانەوە. ئێمە بەو بەرزیەوە زۆر بەئاسانی ئۆتومبیلەكانمان دەبینی كە هاتوچۆیان دەكرد ئەوان ئێمەیان نەدەبینی، رێبەرەكان وتیان لێرە دانیشن، ئیتیفاقیەكەمان وەهایە كە بوو بە سەعات شەش دەڕۆنە سەر ئەو ڕێگا سەرەكیەو دەیگرن، تا پۆلیس دێت دەتانبەن بۆ كەمپ ئیتر سنور داشی توركیا ناكرێنەوە، بەڵام هەتا پێتان دەكرێ بەتەلەفون داوای هاوكاری لە هێڵی فریاكەوتن بكەن و لایڤ بكەنەوە با دنیا بزانێ. كاتژمێر شەشی رێك رۆشتینە سەڕ رێگا سەرەكیەكەو هەر دوو سایدەكەمان گرت. بەڵام ئەوەی بەئێمە وتراو دڵنیایمان پێ درا نەك هەر وا دەرنەچوو، بەڵكو خەریكبوو ژیانیشمان دانێین و تیابچین، ئەگەر رەحمی ژنەحاكمێك نەبوایە. بەشی (كۆتایی) حاكمە ژنە یۆنانیەكە كە رەسمێكی مەسیح بەپشت سەریەوە هەڵواسرابوو چەكوشەكەی دەستی دا بەمێزەكەداو وتی:ٚ ئێوە ڕێگای سەرەكیتان گرتووە و زیانتان لەموڵكی گشتی داوەو دەوامی فەرمانبەرانتان دواخستووە، بۆیە یان دەبێت غەرامە بدەن یان ساڵێك زیندانی بكرێن..! ئەو بەیانیەی كە ڕێگاكەمان گرت، هەڵایەكی گەورە دروستبوو، هەندێك یۆنانی كە بۆ كاردەچوون لەناو ئۆتۆمبیلەكانیانەوە دەستیانكرد بەجنێودان، ئێمەش نەماندەویست كەس بڕوات، بەشێكی زۆر لەئێمە بەمۆبایلەكانی دەستیانەوە لایڤیان كردبویەوەو تەلەفونیان بۆ هێڵی فریاكەوتن دەكرد، پۆلیس هاتن و نەیانهێشت كەس پەلامارمان بدات. دواتر دوو ئۆتۆمبیلی گەورەیان هێناو هەموو نەفەرەكانیان باركرد بۆ بنكەی پۆلیس. 16ی ئۆكتۆبەر... پۆلیسەكە لەتەنیشتی ناوەكە بەرواری دەستگیركردنەكەی نوسین..ئیتر بەبۆنەی 16ی ئۆكتۆبەرەكەوە هەمومان مێژووی ئەو ڕۆژەی بنكەی پۆلیسمان لەبیرمابو. نزیك كاتژمێر هەشتی بەیانی هێنایناین، نەماندەزانی ئایا قاچاخچیەكان راستیانكرد، یاخود نا درۆیانكرد ودەماندەنەوە توركیا..پۆلیسەكان بە ئیسراحەت یەكە یەكە 230 كەسیان ناونوسكرد و پەنجەمۆریان پێكردین، ئەم پرۆسەیە تا 2ی شەوی خایاند. دواتر گواستینیانەوە بۆ زیندانێك و نەیانداینەوە توركیا..بۆ یەكەمجار قاچاخچی راستیكرد. زیندانەكە چەند هۆڵێكی گەورەبوو، هەر هۆڵەو 70 تا 80 كەسیان بەتێكەڵاوی تێدەكرد فەرقی ژن و پیاو و خێزان و؟سەڵت نەبو، هەموی پێكەوە دەخەوت وعاشقە شەنگاڵی و ژن پیاوەكانیشیان پەردەیان لەقەرەوێڵەكاندەدا و پێكەوە دەخەوتن. هۆڵەكەی ئێمە نزیكەی 75 كەسی تیابوو، سێ تەوالێت و دوو حەمامی پیسیشی تیابوو، ڕۆژانە دوو ژنە یۆنانی دەهاتن كەمێك خاوێنیان دەكردەوەو دەڕۆشتن.سێ ژەمەش پۆلیسەكان بە كارتۆن خواردنیان دەهێناو لەشیشەكانەوە دەیانخستە ئەو دیو بۆمان، گەنجەكانیش لەمدیوەوە تەوزیعیان دەكرد بەسەرمانا. ئەو زیندانە كە حەوت شەو و ڕۆژ تیایدا بووین، هەرچەنە ناخۆشبوو، نەیاندەكردینە دەرەوەو مۆبایلمان پێ نەبوو ،ئاگاشمان لەكەس نەبوو، بەڵام دواتر هەموو شتەكانی ناوی بونە بیرەوەری خۆش بۆمان. لەزیندانەكە شتی سەیر هەبوو، كوڕێكی سۆماڵی هەبوو ناومان نابو بلاك بۆی، برادەران بانگیان دەكرد بە جگەرەیەك لاسایی چی باڵندەبوو دەیكردەوە، ژنێكی سۆماڵیش هەبوو لەڕێگا پێڵاوەكانی دڕابوو، ئیتر ئەو هەموو ڕێگایەی بەپێی پەتی بڕیبوو لەوێش پێڵاو نەبوو بیكاتە پێی، لەهەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو كەس هیچی پێ نەدەوتین چیمان لێ دەكەن. لەدیواری زیندانەكە كەناوی (ئۆرستیادە)بوو زیندانیانی پێشوتر بیرەوەرییان نوسیبوو، هەموجار بەبرادەرەكانم دەوت بێ ئەمەل نەبن ئەوانەی لێرە زیندانی بوون هەمویان بەربوون بۆیە بیرەوەرییەكانیان ماوە. دوای حەوت ڕۆژ بەیانیەك زوو ئازادیانكردین و خستینیانە كەمپەوە، لە كەمپەكە زانیمان بەهۆی ئەوەی رەنگە هەمومان پارەمان پێ نەبێ، حاكمە ژنەكە سزای زیندانی ساڵێك (بەبێ جێبەجێكردن)ی داوین و ئەگەر تاوانی دووەم ئەنجامبدەین ئەوا سزای ساڵەكەشمان بەسەردا دەسەپێنن. ئێوارەیەكیش لەكەمپا بووین و بەیانی دواتر وەرەقەیان بۆ كردین و لەسەر حسابی خۆمان ڕۆشتین بۆ ئەسینا. پێش ئەوەی ئازادمانبكەن ڕۆژێك لەزیندانیەكە بردینیان بۆ لای ژنە حاكمێك، لەبەیانیەوە لە حەوشەی دادگاكە بەبێ ئەوەی قەترەیەك ئاو یان پارچە سەمونێك بدەن بەو خەڵكە تا ئێوارە دایناین، دەیان مناڵ سەرماو تینوو برسیان بوو دەگریان یەك پۆلیس، یەك كارمەندی یۆنانی كە ئێمە واماندانابوو ئەوانە مرۆڤی ئەوروپین و جیاوازن هەستیان نەدەجوڵا، بگرە زۆرجاریش قسەیان پێ دەوتین، كەچی لەولاوە دوو سێ ژنی بەتەمەن كە ئەو حەشاماتەیان بینی بەوسەرما و بەبێ نان و ئاو رۆژێكە وەستێنراون هەستیان جوڵاو رۆشتن یەك دوو دەبە ئاو و هەندێك خواردنیان بۆ مناڵەكان هێنا. لەبەردەمی ژنە حاكمەكەدا وەجبە وەجبە ریزیان كردین، یەك پرسیاری دەكرد، بۆ ڕێگاكەتان گرت..؟ هەمومان یەك وەڵاممان هەبوو، بۆئەوەی فریامان بكەون.. وێنە و خاچەكەی مەسیح لەهۆڵەكەدا سامێكی تایبەتی هەبوو. خۆمانمان وەك تاوانبارێكی گەورە دەهاتە پێشچاو كە رەنگە لەشەڕی سەلیبەكانەوە بەدیل گیرابین و هاكا سزای ملپەڕاندنیان بۆ دەركردین، دادگای ئەوروپا و وێنەی مەسیح ...! دوو دڵبووم وتم رەنگە مەسیح فریامان بكەوێت، بەڵام كاتێك ئەو ژنە سۆماڵیەم بینی بەپێی پەتی هێنایانە ژوور و ژنە حاكمەكە هیچ هەستێكی بەرامبەری نەجوڵا و هەروا بەپێی پەتی بەڕێیكردەوە بۆ زیندانەكە، بۆم دەركەوت مەسیح لە مێژە لەجیهاندا مردووە..! تێ بینی: - هەندێك بەشی مابوو تا ئەڵمانیا، بەڵام بۆ ئێستا هەر ئەوەندەم بە باشزانی، رەنگە لەداهاتوویەكی دوور بیكەمە كتێبێك یاخود هەر لێرەوە بڵاویبكەمەوە. - ئەو ناوانەی لێرە دێن ناوی ڕاستەقینەی كەسەكان نیە
(درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی باڵیۆزخانەكەیەوە لە بەغداد، یەكەم هەنگاوی كردەیی وەكو نێوەندگیر بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك هەڵگرت. بەپێی هەواڵێك كە سایتی رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كۆبونەوەیەكی هاوبەشی بۆ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە (كوردو عەرەبو توركمان) رێكخستووە، لە كۆبونەوەكەدا باسی كێشەكانی پارێزگاكە كراوە لە ڕووی سیاسیو ئابوریو ئەمنییەوە. رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی سیاسی ئاگادارەوە ئاشكرایكردووە، لە كۆبونەوەكەدا باس لەم تەوەرانە كراوە: • پرسی ئیدارەی هاوبەش لە پارێزگای كەركوكو ئەگەری جێبەجێكردنی وەكو چارەسەرێكی ناوەندی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات. • تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی كەركوك بۆ پارێزگاكە خۆی. • دۆسیەی ئەمنی لە دەستی حكومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە. ئەمریكییەكان جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەیان وەكو بنەڕەتێك باسكردووە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەركوك وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لەنێوان هەرێمی كوردستانو بەغداددا. گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك ! هەمان سەرچاوە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە" كورد داوادەكەن بە رێككەوتن بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ كەركوك، بەڵام عەرەبو توركمان رەتیانكردوەتەوە". نێوەندگیرییەكەی ئەمریكا بەردەوامەو پێشبینی دەكرێت كۆبونەوەكان لەبارەی دۆخی كەركوك بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن. مەحمود جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی بە رۆژنامەكەی وتووە:" ناكرێت گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك قبوڵ بكرێت، فشاركردن بەو ئاڕاستەیە، رەوتی دیالۆگەكە تێكدەداتو دەرفەتی گەیشتن بە رێككەوتن كەمدەكاتەوە، دەبێت كورد درك بەوە بكەن". ئیدارەی هاوبەش جبوری ئاماژە بەوەدەكات، پرسی ئیدارەی هاوبەش لە كەركوك لەلایەن عەرەبو توركمانەوە قبوڵكراوە، سەرباری ئەوەی هەندێك ناكۆكی بچوك هەیە، بەڵام كورد سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگارو بە پشكی خۆیانی دەزانن". رێككەوتنی بارزانی- عەبدولمەهدی - ئەمریكا ! مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوكو گەڕانەوەی پارتییەكان بۆ ئەو شارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكانو عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووەو دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوەو رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن. هەفتەی رابردوو هەمان رۆژنامەی قەتەری، لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە. ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوكو ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت. بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێتو لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووەو ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".
(درەو میدیا): رۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی كەریم بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی كە هەندێك بە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە ناویان دەبرد بۆ سێ هۆكار دەگەڕێنێتەوە لەوانە:. - مەسەلەی یەكلایبوونەوەی پرسی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی، لە لایەن پارتیەوە هەریەك لە ( عیماد ئەحمەد، حاكم قادر، ئەرسەلان بایز ) توڕەدەكات، چونكە ئەو سێ كەسە خەونی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەبوو، بەڵام دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی بێهیوابوون، ئەو سێ كەسەش بیانوی جیاوازیان دۆزیەوە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە نەكرێت، یەكێك لە بیانوەكانیش ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی "ڕووداو" بوو لەسەر حاكم قادر. - دوێنێ دووشەممە، 28ی كانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دوو بەپرسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بەم هەوڵەی ئەو دوو بەرپرسە تووڕەدەبن، پێیانوابووە ناكرێ لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی دوو كەس كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجامبدەن، بەبێ مەكتەبی سیاسی. - بەشێكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی، تازە بۆیان ڕوونبوەتەوە، كە لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە ئێوارەخوانێكدا لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، هەریەك له ( نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی و مەلا بەختیارو قوباد تاڵەبانی ) لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی بێت. دوێنێ شەو، هەوڵی زۆر هەبوو لە لایەن پارتیەوە ئەو بیانوانە نەهێلن، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سووربوون لەسەر نەهاتن بۆ كۆبوونەوەكە . لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوە باڵایەی نێوان هەردوولا، دوای نەهێشتنی بەشێك لە بیانووەكان ئەنجامدەدرێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی دركی بە پەلهاویشتنو كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی جێنفوزی خۆی كردووە لەلایەن پارتی كریكارانی كوردستانەوە (پەكەكە). پەكەكە سەرەڕای باكوری كوردستان كە پێگەی بەهێزو شوێنی سەرەكی ئامانجەكانیەتی، تەواوی ناوچەی ئازادكراوەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كە سەربە خۆیەتی، لە باشوری كوردستانیش دەیان پێگەو ناوچەی بەرفراوانی لەبەردەستدایە، كە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسیو یەكلاكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان هەبێت، بەتایبەتیش كە لە ئێستادا شەڕی ساردو ململانێی توندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندایە. ئێستا زۆرینەی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارتی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، ئەو هێزە حوكمرانی ئەو ناوچانە دەكات. ئەگەر پارتی كارتی توركیا بەرامبەر بە پەكەكە بەكاربهێنێت، ئەوا پەكەكە كارتی فراوانبوونی سنوری جوگرافیای پەڵەمڕەوییەكەی لە هەرێمی كوردستانو بەتایبەتیش لە ناوچەی جێنفوزی پارتی بەكاردەهێنێت. پەكەكەو باشوری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوەو پەكەكە لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی پەكەكە تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوەو ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان جموجوڵی سیاسیو مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران، ناوچەیەكی فراوانو ناوەندی دەسەڵاتی پەكەكەی لێیە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری ناوچەكانی قەزای قەڵادزێ، قەزای رانیە، قەزای چۆمان، قەزای رەواندوز، قەزای سۆران، پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتیو سیدەكانو حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا زیاتر لە (50) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی پەكەكەدایە. بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی پەكەكە لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی پەكەكەیە، چونكە زۆرینەی خاكی ئەو قەزایە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، بەو پێیەی لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی پەكەكەدایە، واتە 35% خاكی ئەو قەزایە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی ئەو قەزایەش لەژێر دەستی پەكەكەدایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك بەوپێیە هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، پەكەكە پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێ، واتا تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی بارزانو پیرانو شیروان دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی پەكەكەی لێیە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوانو دەیان گوندو بەرزایی بەدەست پەكەكەوەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، كە ئەتوانرێت بوترێت پەكەكە بەتەواوی پارتی گەمارۆداوە. هەژمونی پەكەكە بەسەر پارتییەوە پارتی بەتەواوی دركی بەو مەترسییەی هەژمونی پەكەكە كردووە لەسەر ناوچەی جێنفوزی، لەبەرامبەر ئەو هەژمونەی پەكەكە، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێز كردووە، رەنگە بەتەواوی پشتی بە هێزی توركیا ببەستبێت بۆ سنورداركردنی هەژموونی پەكەكە. • جگە لە شارو رێگەی ئۆتۆمبیلی حاجی ئۆمەران بەرەو ئێران، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران بەدەستی پەكەكەوەیە، تەواوی سنورو شاخەكانی چۆمان، سۆران، سیدەكانو باڵەكایەتیو زۆرینەی ناوچەكانی ئامێدیو سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەدەستی پەكەكەدایە. • لە سنوری پارێزگای دهۆكو توركیاش، جگە لە رێگەی ئۆتۆمبیل، زۆرینەی شاخو سنورەكانی ئەو ناوچەیە لە دەستی پەكەكەدایە. • لە رۆژئاوای دهۆكیشەوە لە خاپورەوە تا سنوری شەنگال پارتی هاوسنورە لەگەڵ یەپەگەدا (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە رۆژئاوای كوردستان. • رۆژئاوای كوردستانو زۆرینەی گوندەكانی رۆژئاوای شەنگالیش لەدەستی پەكەكەدایە. پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دورە مەترسییەكانی پارتی لە پەكەكە تەواو لە جێگەی خۆیدایە، چونكە پەكەكە بەتەواوی گەمارۆی ناوچەكانی پارتی داوە، بە وتەی بەرپرسێكی پەكەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت" پەكەكە تەنها كاتژمێرێك لە گوندی بارزانی زێدی بارزانییەوە دوورە"، زۆر نزیكن لە بنكەی سەربازی بامەڕنێو كانی ماسیو دێرەلوك. رەنگە لە داهاتوودا بەهێزبوونی پێگەی پەكەكە لە ناوچەكەدا، مەترسی گەورە لەسەر پێگەو ناوچەی جێنفوزی پارتی دروستبكات، چونكە تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ توركیا لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی ناوچەی جێنفوزی پارتی لە رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی یەپەگەو پەكەكەدایە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بەتەواوی سنوری جوگرافی پارتی بكەوێتە ژێر هەژمونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
(درەو میدیا): ژمارەیەك گەنجو چالاكی سیاسی كورد لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا هێرشیانكردە سەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمو ئاڵای كوردستانیان لەسەر بارەگاكە داگرت. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، رەنجدەر گڕاوی یەكێك لەو گەنجانەی بەشداری لە هێرشەدا كرد، وتی:" دژ بە دەستگیركردنی چالاكانی سیاسیو رۆژنامەنوسانی دەڤەری دهۆك لەلایەن هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەو كارەمان كرد". گڕاوی ئاماژەی بەوەكرد" كاتێك چونەتەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتیی هەرێم، كەسێك لەوێ بووەو رایكردووەو دوو كەسیش لە ناو باڵەخانەكەدا بوون". باسی لەوەكرد" ئەمە یەكەم چالاكیانە كە ئەنجامیانداوە، بۆیە بەوشێوەیە كردویانەو خۆپیشاندانیان نەكردووە، چونكە خۆپیشاندان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتە لە دەسەڵاتدارانی بەلجیكا، ئەو جۆرە چالاكیانە پێویستی بە مۆڵەت نیە". رەنجدەر گڕاوی هۆشداریدا، ئەگەر ئەو چالاكە سیاسیانەی لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە دەستگركراون، ئازاد نەكرێن، هەنگاوی تر دەگرنەبەر. رۆژی 27ی ئەم مانگە خەڵكی ناوچەی شیلادزێ خۆپیشاندانیان لەدژی هێزەكانی سوپای توركیا كرد لەناوچەكە، خۆپیشاندەران چونە ناو بنكەیەكی سوپای توركیاوە، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركیاوە كەسێك شەهید بوو، 10 كەسی تر برینداربوون، لەدوای رووداوەكە هێزە ئەمنییەكانی سنورەكە 25 كەسیان لە شاری دهۆك دەستگیركرد. رەنجدەر گڕاوی كە بەشداری ئەو چالاكیەی كردووە بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕانە لە بەلجیكا
راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 26ی كانونی دووەم، خۆپیشاندەرانی كورد لە پارێزگای دهۆك لە كوردستان، دوو تانكو كەلوپەلی سەربازی تریان سوتاند، كاتێك وەكو ناڕەزایەتی لەدژی كوژرانی چوار كەس لە خەڵكی ناوچەكە لە هێرشێكی ئاسمانی توركیا لە 20 ئەم مانگەدا، هەڵیانكوتایەسەر بنكەیەكی سەربازی توركیا. كاتێك خۆپیشاندەران چونەناو بنكەی سەربازی "شیلادزێ" لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركەوە، دوو خۆپیشاندەر كوژرانو دەیانی تر برینداربوون. توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی قەندیلیان كردووە بە بارەگای خۆیانو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە كوردستان رۆژی 27ی ئەم مانگە وتی:" ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێم لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە 398 هێرش، ئەمە سەرباری 425 هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، زیاتر لە 20 كەسی مەدەنی كوژراون، هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكانو نەخۆشخانەو رێگاو پرد خوێندنگەكان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم كە لە ساڵی 2007وە دەستیپێكردووە، تائێستا كۆتایی نەهاتووە". سەربازانی توركیا لە بنكەی سەربازی هەكاری- 20ی كانونی دووەمی 2019 زیادبونێكی زۆر كوردەكان دەڵێن زیاتر لە 27 بنكەی سەربازی لەنێویاندا بنكەی راهێنانی سەربازانی تورك لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەمە لەكاتێكدایە بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد لە حوزەیرانی 2018دا دانی بەوەدا نا 11 بنكەی سەربازی هەن، وتی:" 11 بنكەی سەربازیمان دروستكردووەو ژمارەی سەربازو هێزەكانمان لەو بنكانە زیادكردووە بەمەبەستی راوەدونانی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەر لەوەی بێنە ناو سنورەكەمانەوە". لەناوچەكانی (بامەڕنێ، شیلادزێ، باتۆفان، كانی ماسی، كیریبی، سینكی، زیری، كوبكی، قومری، كوخی سپی، سەری زیری، دۆڵی زاخۆۆ ئامێدی) بنكەی سەربازی توركیا هەیە. لە سەرەتای دەركەوتنی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ساڵی 2014دا، توركیا بنكەی تری لە بەعشیقەو سۆرانو قەڵاچۆلان دروستكردو بارەگای سەربازی لە ناوچەی "حەریر"ی نزیك هەولێر كرد بە بنكەی سەربازی، ئەمە لەپاڵ كەمپی "زوممار" بۆ راهێنان بە سەربازەكانی. ناوچەی بڵابونەوەی بنكەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەدرێژایی سنور لە "رێڕەوی خاپور"ەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی "سۆران". هەروەها توركیا هەستاوە بە دروستكردنی "بنكەی سیدەكان"و چەند بارەگایەكی سەربازی لە هەردوو ناوچەی "دیاناو چۆمان"ی نزیك لە چیاكانی قەندیل، ئەمەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی "خنێرو خواكوركو كێلاشین". گەریلاكانی پەكەكە لە شوێنی ئاسەواری یەكێك لە هێرشەكانی توركیا لە چیای قەندیل- تەموزی 2015 ئامانجەكانی ئامانجی راستەوخۆی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش بە باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "حەفتانینو مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە جەنگاوەرانی كورد. هەروەك توركیا بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەی "دێرەلوكو شیلادزێ" زیادكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی ناوچە شاخاوییە سەختەكانی زابو زاگرۆس كە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان تێدا بڵاوبوەتەوە. بارەگا سەربازییەكەی "دێرەلوك"یش ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی رێگای نێوان ناوچەكانی زابو هەكاری-یە بۆ گەمارۆدانی گەریلایكانی پارتی كرێكارانی كوردستان. توركیا لەسەر سنورەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەناوچەی زاب، بنكەی سەربازی (49)ی دروستكردووە، كە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی "ئیلیا جیلی و كری و شیكیر و سیفری تەپە و سەری سیفە و كەتیبەی هێرشی موشەكی و سریەكانی دەوروبەری بیلیجانۆخان تەپە و ئارتوش"ی پێوە بەستراوەتەوە. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری توركیاو لە دەرەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان. لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقو هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان تێدا كرد. لە تشرینی یەكەمی 1984 و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری كرد، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكاران. دوای ماوەیەك بێدەنگی، ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا تورگوت ئۆزال نامەیەكی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو 15 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای 20 رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993 و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری "پارتی دیموكراتی كوردستان" 30 هەزار سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی 45 رۆژی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی حەفتانین، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە 24 ئۆپراسیۆن، لە ساڵەكانی 2000 و 2007 و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. توركیا بەهانەی بۆ بوونی سەربازی چڕی خۆی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەوە دەهێنێتەوە كە ئامانج لێی راوەدونانی جەنگاوەرانی كوردە، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984وە لە ململانێی چەكداریدان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لەپێناو ئەوەی كوردەكان مافەكانیان لە توركیا بەدەستبهێنن كە ژمارەیان لە 20 ملیۆن كەس زیاترە، لە نمونەی مافەكانی خوێندن بە زمانی كوردیو خۆبەڕێوەبەریی.