سەید ئەكرەم: دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بونەتە یەك بەرگ و یەك قوماش

Draw Media

2019-02-01 09:38:35



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا
لەدوای روداوەكانی شیلادزێ و سوتانی بنكەیەكی سەربازی توركیا، بارودۆخی بادینان ناجێگیرەو هێزە ئەمنیەكانیش بەدەیان رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنیان دەستگیركردووە، سەید ئەكرەم چالاكی سیاسی بادینان لە چاوپێكەوتنێكی درەو میدیادا گلەیی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشوو دەكات كە بونەتە یەك بەرگ و یەك قوماش لەگەڵ دەسەڵات، ئەو دەشڵێت  توركیا لە ئێستادا فشاری زۆری لەسەر دەسەڵاتدارانی باشور درووستكردووە، لەبەرامبەر خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ  چونكە خۆپیشاندانەكەی شێلادزێ، سەرهەڵدان و شوڕەش و وانەیەكی گەورەبوو بۆ دەسەڵاتی توركیا بەتایبەتی و خەڵكی توركیا بەگشتی.


دەقی گفتوگۆ رۆژنامەنوسیەكەی درەو میدیا لەگەڵ سەید ئەكرەم خالید چاودێری سیاسی لە بادینان

درەو میدیا:  روداوەكانی شیلادزی لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، ئێوە پێتان وایە ئەو هۆكارەكانی چین و بۆچی رویدا؟

سەید ئەكرەم: دەڤەری شێلادزێ زور لەمێژە لە خورۆشان و ئاڵوزیدایە، خەڵكی ئەو دەڤەرە، خەڵكێكی كوردپەروەرو نیشتیمان خازن، هەمیش چالاك و روشنفكر و بەجەرگن، لەلایەكی تر دەستهەڵاتێكی حزبی، عەشائیری، بنەماڵەسی شەخسەنەكرا و تەنگ نەفەسی بیرورا و بژێوی ژیانی دروست كردوە، خەڵكەكە توشی زور قەیران بونەتەوە(قەیرانی هزری، قەیرانی ئیداری و دارایی، قەیرانی جڤاكی و سیاسی...)، ئەوەی پێی دەلێن دەستهەڵات زور خراب و پاشكەوتی و بێ ئیدارەدانە...لەسەر ئەمەش نێزیك بیست ساڵە توشی داگیركارییەكی دی بوینەتەوە لە لایەن لەشكەر و تیم ئوزەلەكانی دەوڵەتی توركیایی ئەردوغانی...لە گوند و دێهاتەكانیش بێ بەش بوینە، روژانە توپ باران و قەسفی فروكە جەنگیەكانی توركیا ئەم دەڤەرەی بێزار كردووە، كوشتن و سوتن، برینداری و ترساندن بوتەوە كارێكێ روژانە...لەبەر زور ئەگەر لەوانەیە خەڵكەكە فشاری زوڵم و زورداری دەستهەلاتدارانی كوردی قەبول بكەن، بەڵام ئیتر خەڵكە كە دەرەقەتی ئەوەی نەماوە زولمی دەولەتی توركیا قەبوڵ بكەن...زولمی توركەكان دوو قات و سێ قاتە، چونكە چۆن لەلایی ئێمە كوشتن و زولم بەردەوامە، لە ناوخویی توركیاش كوشتن و گرتن و دەربەدەری و زولم چەندین قات لە سەر كەس و كاریان بەردەوامە، خەلكەكەش لە هەردوو لا(عێراق – توركیا) خەلكی یەكن و كەس و كارن، گوندەكانیان هاوبەشن و خەم و خولیاشیان دیسان هاوبەشن، ئیتر دەوڵەتی تورك لەلایان بوتە قەسابی كورد و بەراستیش سەردەمی ئەوە هاتوە،‌ خەڵكەكە كەمێك بحەسێتن و ئاسودە ببن...باشترین حەسانەوە و ئاسویەیی لایی من
1-    دەركرنی لەشكەر و تیمەكانی توركی
2-      ساخ كردنەوەی پروژەی ئاشتی كورد و تورك(بەین قەندیل و دەولەتی توركیا
3-     گرنگیدان بەبژێوی خەلك و دیموكراسی كردنی دەستهەلات و فەراهەم كردنی ئازادیە بنەرەتیەكان
4-     گورینكاری جەزەری ئیداری و حزبی و پەرەپێدانی مەدەنیەت 
5-    ئاوەدانكردنەوەی گوند و دێهاتەكان
6-     پشتگیریەكی تەواو بو هەڵسانی ژێرخانی ئابوری و نەخاسم كشتوكال و ئاودێر، بەخێوكردنی مەڕوماڵات و بوژاندنەوەی كەرتی كەشتیاری
7-     كردنەوەی دەرگایەكی سنوری بوبازرگانی .

درەو میدیا: لە سنوری بادینان كەمترین مۆڵەت بە خۆپیشاندان و گردبونەوە دراوە، چۆن ئەو خۆپیشاندانەی شیلادزی مۆڵەتی پێدرا؟

سەید ئەكرەم: من نازانم خۆپیشاندانی شێلادزێ موڵەت پێدراوبو یان نا! بەڵام خەڵكی ئەو دەڤەرە خەڵكێكی قارەمان و بەرخودەرە، توڕەبون بێزاری خەڵكەكە گەیشتوتەوە لوتەكەی بێزاری! گەل بریاری خوی داوە و برواناكەم قەدەری راگرتنی هەبایە لای دەستهەلاتی ناوچەكە، برینی خەڵكەكە كولاون و دەری برینەكە پەقیایە و راگرتنی مەحاڵ بو، لەلاییەكی تر، خەڵكەكە بو ئەوە چبون نامەیەكی توندی نەرازیبوون بدەن بەدەستهەلاتی توركیایی تورانی، دیارە ئەم تورانیانە گوێگری باش نەبوینە، بویە خەڵكەكە دایە سەرخو و پەلاماری دام و دەزگا لەشكەریەكانی توركیا داوە، وەك دەزانن لەشكەری توركی هەم زالمَە و هەمیش ترسنوكە و بێ زەڤەرە! خویان رانەگرتوە و بەتەواوی روخاون، خەڵكەكەش لەخروشان و لوتكەی تورە بوون دا بوینە و دەست و بازوی خویان داوەشاندوتەوە و دوژمنی تورك كرویانە قەل و مریشك.

لەبەر زۆر هۆكار خەڵكی شیلادزێ ئەگەر زوڵمی دەسەڵاتی كوردی قبوڵكردبێت، بەڵام  ناتوانن زوڵمی دەوڵەتی توركیا قبوڵبكەن 

 

 

درەو میدیا: رەوشی بادینان دوای ئەو رەشبگیریانە لە چی ئاستێكدایە و دۆخەكە چۆنە؟

سەید ئەكرەم: رەوشی بادینان بەتەواوی لە جەوێكی نادیموكراسی و پشێوی دایە، خەڵك بێ كار و بێ حاڵە، دەستهەلات غەدار و بێ باكە، ژیان لە خرابی دایە، جوداكاری و بێ عەدالەتی خەریكە هێڵەكانی سور ببەزێنێتن، میرەكانی دەستهەڵات بەتەنها ئاگایان لە خۆیان و لە دیكتاتورە كردی دەستهەڵاتدانە، رەوش لە هەمی لایەكی زور خرابە، خەڵك ئینتیمای جارانی نەماوە، پرسی هاووڵاتیبوون سوك و رسوا بوتەوە، دەستهەڵات و ئەوەی پێیان دەگوترا ئۆپۆزیسیون خەریكە دەبنە یەك هاوبەش، واتە دەبنە یەك بەرگ و یەك قوماش...تاكی هاووڵاتی لەژیان و سەردەری كردنی ژیان بێ زار بوتەوە...خەڵكەكە بەراستی و بەگشتی چاوەرێی گورانكارین، بەم دەستودارە و بەم ئیدارەدانە برواناكەم خەڵك ئاسودەبێتن...بەگشتی خەڵكەكە چاوەرێی گۆرینكاریەكی جەزری و حەقیقیە...رەوشەكە لە ئالەزییەوە بو ئالوزترێ دەچێتن....!!

درەو میدیا:  ئایا ئەو رەشبگیریانەی بادینان ترسە لە خۆپیشاندەران یاخود بۆ رازیكردنی دڵی توركیایە؟

سەید ئەكرەم: وەڵاهی هەردووكن، من وا دەبینم دەستهەڵات توشی هەلاكی ترس بوتەوە، خەریكە پانورامایی ئەو مەئاسی و زوڵم و زورداریەی لەسەر گەل پادەكردوتەوە، بەبیردادێتن و دەچیتن و توشی بیڤەلەرزە بونەتەوە...دیسان توركیاش بەردەوام فشاری هەیە و لەم ئات و ساتەدا زورترین فشار دەكاتن، لە سەر دەستهەڵاتی باشور، چونكە خۆپیشاندانی خەڵكی بەشەرەفی شێلادزێ، سەرهەڵدان و شوڕەشەك و دەرسەك زور مەزن بویە، بۆ دەستهەڵاتی توركی و بۆ خەڵكی توركیا بەگشتی، من بروام وایە بەرونی و بەراستی كێرفی دەستهەڵی ئەردوگان، بەتەواوەتی لە دابەزیندایە، خەڵكی ئەمەكداری شێلادزێ، ئەم دابەزینە لەناو توركیا كردە فوڵ دابەزین و ئابڕوی موئەسەسەی سەربازی توركیا، بەتەواوی لەناو خەلك چووتەوە و بێ ورە بونەتەوە.

رەوشی بادینان بەتەواوی لە بارودۆخێكی نادیموكراسی و پشێوی دایە

 

درەو میدیا: دەوترێت زۆرینەی ئەوانەی حزبی بوون ئازادكران و ئەوانەی سەربەخۆشن لە زیندان مانەوە چۆن لەمە دەروانی؟

سەید ئەكرەم: بەڵێ ئەوەش راستیەكە، حزبەكانی بادینان خاوەنداری لە كەسی خۆی كردۆتەوە، ئەمەش جێگایی بێزاری و ئابڕوبردنەوەیە، دەڵێم مخابن دەبێ ئەمەنەباوەیە، لەبەر ئەوە داواكارم لەخەڵكی بەشەرەفی كوردی، خەلكی ئازاد و روشنبیر و خاوەن پەروەردە و ئازادی پارێز، هەمویان پێكەوە خاوەنداری لەم مروڤە ئازاد و پاڵەوانانە بكەن، من بەراستی دەڵێم ئەوانەی ئێستا لەناو زینداندان، لە سەر بویەری شێلادزێ، ئەمانە هەموی و بێ هیچ جیاوازیەك پاڵەوانی حەقیقی و بەچكەشێری ئەم گەلە و ئەم مللەتەنە، تەنها ئەمانە خاوەن سوز و سوزدارین بۆ وەتەن، بۆ گەل بۆ مروڤایەتی...بۆیە داوا دەكەم گشت مرۆڤایەتی، گشت مرۆڤە حەقیقیەكان، شەو روژ بكەن یەك، بو ئازاد كردنی ئەم چالاكڤانە راست و رەوانانە، خاوەنداری لەم گرتیانە خاوەنداریە لەخاك، لەگەل، لە مروڤبون، لەنیشتیمان.

درەو میدیا: ئێستا دەنگی ناڕازی لە شەقامی بادینان لە چی ئاستێكدایە؟
سەید ئەكرەم: خەڵك بەگشتی نارازیە و نارازین لەم وەزعە، بەڵام نارەزایەكە كپ و بێ دەنگە و هیوا بەخش نییە، چونكە سومبول و سەركێشی نییە و لاوازە، هەروەها سیاسەت بوتە بازرگانی و گیرفان بازی روڵی هەیە و ئەو كەسانەی پێشەنگایەتی هەڵبژاردوە یان بەش ناكەن یان جێگای هیوانین.

دەستەڵات و ئەوەی پێیان دەگوترا ئۆپۆزیسیون خەریكە دەبنە یەك هاوبەش، واتە دەبنە یەك بەرگ و یەك قوماش

 

درەو میدیا: لە كاتێكدا پارتی زۆرینەی دەنگ و كورسی لە ناوچەی بادینان بەدەستهێناوە پێت وایە ئەمە لەرازی بونی خەڵكی ئەو ناوچەیەی لە دەسەڵاتدرانی ئەو ناوچەیە یاخود دەنگی نارازی زیاتر بووە؟

سەید ئەكرەم: ئەوەی راستی بێ پارتیەكانیش نارازین و هەمو خەڵك دەزانن دەنگەكان ساختە و ناراستن و پروسەی دەنگدان بوتە فێلبازی، وتەیەك هەیە دەڵێتن گرنگ نییە كێ دەنگدەداتن، گرنگ ئەوەیە كێ دەنگەكان دەژمێرێتن...من گوێوم لێ بویە بنگەهی دەنگدان هەبویە بەقەد پەنجەی دەست دەنگدەر بەشدا بوتەوە، بەڵام لە هژمار كرن سەروی 90% دەنگی هێناوە، خەڵك بەگشتی ئەمە دەزانن، ئەدی چۆن بروا دەكەن...!!

درەو میدیا: بۆچونی ئیوە لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چیە؟ پێتان وایە بە رۆیشتنی نێچیرڤان بارزانی و دانانی مەسرور بارزانی گۆڕانكاری روو دەدات؟

سەید ئەكرەم: گوتنەكی كوردی هەیە، دەلێتن هێش نەبویە دخوینت! برای خوم ئەمە زیاد لە سێ مانگ، بەسەرپروسەی دەنگ دان دا دەرباز بوون، هیشتا دانوستاندن لە سەر كابینەی نوێ جدی نییە، قەوارەكان پێك ناكەن، لەناو خویانیش ناكوك و ناتەبان، شەری پلە و پوست و دابەشكردنی كێكەكەیە، ئەگەر تەبایی و یەكریزیەك پەیدا نەبیتن، برواناكەم كابینەی نوێ سەركەوتوو بێتن، بەڵام من بە گرنگ دەبینم، لەم ئان و ساتە تەبایی و یەك ریزیەك، لە هەرێم دروست ببێتن، لەگەڵ بەغدا چارەسەری كێشەكان بكەن، نەخاسم هەرسێ سەروكایەتی، لە بەغدا تاكو ئاستێكی باش لەگەڵ یەكتر رێك و تەبان، سەركومار كوردە و كەٍسێكێ بەتوانا و بەئەزمونە و كاریگەری خوی هەیە، ئەگەر هەولێر پشتگیری بەرهەم ساڵح بكەتن، من وا دەبینم كورد مفادار دەبێتن...!!

درەو میدیا:  ئێوە پێتان وایە چوار ساڵی ئاییندە باشتر دەبێت لە رووی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرَینەوە یاخود خراپ؟
سەید ئەكرەم: دیارە دەستهەڵاتدارانی هەرێم نەفسی تاس و حەمام دەبن، هیوادارم باشتر و كراوەتر بن، ببن جێگایی ئومێدی ئەم گەلە، ئەگەر لوجیكی و ئەقلانە كار بكەن، دەبێ دەست بەپروسەی چاكسازی و پاكسازی بكەن، كار و خرمەت بۆ ئەم گەلە پێشكێش بكەن، بەخودا بچن و دەردەكانی خویان و دەرەكانی كومەڵگە چارەسەر بكە، بەراستی ژی بویەری شێلادزێ ترس و سەهەم رەواندن و ئاگەهداریەك بو، بۆ دەستهەڵاتی هەرێم و پێیان گوت ئیتر بەسە و بەخودا بچن و خزمەت بكەن...!!

خەڵكی بادینان بە گشتی چاوەڕێی گۆڕانكارین 

 

درەو میدیا:  ئێوە درك بەوە دەكەن كە كەمتەرخەمی هەیە بەرامبەر بە روداوەكانی بادینان و دەستگیركردنی چالاكوانان؟

سەید ئەكرەم: بەڵێ ئێمە درك بەكەمتەرخەمی دەكەین، هەر وا هەستیش دەكەین دەستی دەرەكی لەپشت دەستهەڵاتدایە و ئەوەی پێی دەڵێن دەستهەڵات، بەراستی بێ دەستهەڵاتیە و بونەتە داردەستی دەوڵەتی داگیركەری توركیا، باشە كەی رەوایە لەناو ماڵ و حاڵی ئێمە كەس و كاری ئێمە بێتە كوشتن... بەرخودانەكەیش ببێتن سزادان و گرتن و لێدان و بزركردن، بەراستی ئەمە بێ ئەمەكی و ئەرك بزر كردنە و ئیسباتە كورد لەم دەمەدا بێ كەس و بێ دەستهەڵات و بێ خاوەنە.

      مایە بلێم:- گەلی ئێمە خەریكە هوشیار دەبێتن، هەست بە بێخاوەنی دەكاتن، دەزانێتن بەرژەوەندی و كەسایەتی كورد لە كویێ دروست دەبێتن، هەروا دۆست و دوژمن خەریكە لێك جیا دەبن...مایە بێژم، چۆن باشور بۆتە سەنتەری خەبات و بنگەهی نەخشەدانان و خورا گری لە هەر چوار پارچەی كوردستان، دەبێ ئەوەش بزانین گرنگی باشور لە دەڤەری بادیناندایە، بادینان وەكی فكر و رامان و وەكی جەماوەر و شوێنی جوگرافی گرنگی زوری هەیە، هەردیسان مەلبەندی ئابوریەكی زور بەهێز و خاوەن جەماوەرێكی ئارام و بەهێزە، هیچ هێزێك و هیچ سەركردێك بەبێ بادینان ناتوانێتن خەوەنداری رزگاری و دەستەبەری ماف و ئازادیەكانی گەل تێفكرین بكاتن، هەرهیچ نەبێتن بادینان سێ پارچ و سێ دەوڵەت و جیهانی دەرەوە و ئەوروپا بەیەك گەیاندن... لەبادینان سەرچاوە دەگرێتن، بویە گرنگی دان بە بادینان و بە كەسایەتی مادی و مەعنەوی ئەم خەڵكە و ئەم دەڤەرە وەك نوێژعەصر فەرز و گرنگە.
هەردیسان داكوكی لەوەش دەكەم، گەل حەزی یەك گرتن و یەكرێزی هەیە لە هەرچوار پارچە، هەردیسان زور ئەگەر و ئیشاراتی یەكێتی ریزەكانی كورد بەدی دەكرێ، ئەوەی دژە و تەبانینە حزبەكانن، سەركردەكانن، دەستهەڵاتە، دوژمنەكانی ئەقلیمین، بویە گرنگە كارێكی جدی هەبێ بو سەرگرتنی ئەم یەك گرتنە.
 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand