درەو: (درەو) خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراستی)و ئەم پاڵپشتییە داراییە بەكاردەهێنێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەی بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)و راپۆرت و كارە رۆژنامەوانییەكانی. سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی كە بە (NED) ناسراوەو بارەگا سەرەكییەكەی لە واشنتۆنە، بۆ ماوەی دووساڵو لە مانگی (1/2/2024) بۆ (31/1/2026).. بڕی (60 هەزار) دۆلاری بۆ پشتیوانی (درەو) تەرخان كردووە. (درەو) خۆشحاڵە، لەرێگەی وەرگرتنی ئەم پاڵپشتییەی (NED)ەوە، بۆ دامەزراوەكانی درەوەو ناوەوەی كوردستانی سەلماندووە، میدیایەكی (ئازاد، سەربەخۆ، بێلایەنە)و لەم تاقیكردنەوەیەشدا لەلای رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەكو (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا)وە بەسەركەوتوویی هاتوەتە دەرەوە. پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراتی) بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەدەچێتو وەكو هەموو ئەو دامەزراوانەی تری عێراقو هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتییەكەیان وەرگرتووە، (درەو) دەخاتە ژێر چاودێری شەفافیەتەوە لەسەر ئاستی كۆنگرێسی ئەمریكا، ئەمەش (درەو) زیاتر بەرەو دامەزراوەیبوون دەبات. (درەو) بەهەوڵی چەند رۆژنامەنوسێك دامەزراوەو بەڵێنی ئەوەی بەخوێنەرانی داوە بەشێوەیەكی بێلایەنانە كاربكات، لەم پێناوەشدا لەماوەی رابردوودا دوچاری قەیرانی دارایی زۆر بوەتەوە، بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە، لەسەرەتای دامەزراندیدا، ماڵپەڕەكە هیچ ئۆفیسێكی نەبووەو رۆژنامەنوسەكانی بەشێوەی ئۆنلاین لەماڵەكانی خۆیانەوە كاریان كردووە، سەرباری ئەمە نەیتوانیوە وەكو پێویست گەشە بە كارە رۆژنامەوانییەكانی بدات. ئێستاو دوای وەرگرتنی پشتیوانی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی)، (درەو) كاركردنی خۆی دەباتە قۆناغێكی نوێو سود لە پشتیوانییە دارایی و مەعنەویەكەی (NED) وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەو بڵاوكردنەوەی هەواڵو راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی بە هەردوو زمانی (عەرەبیو ئینگلیزی). لەچوارچێوەی ئەم پاڵپشتییە داراییە، (درەو)، بەشێكی كارەكانی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری لەبارەی چاودێریكردنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە ئاڕاستەی شەفافیەتی زیاتر لەم كەرتەدا. (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی) دامەزراوەیەكی تایبەتی قازانج نەویستە، پاڵپشتی گەشەكردنو بەهێزبوونی دامەزراوە دیموكراتییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان، ئەم سندوقە ساڵی 1983 دامەزراوەو ئێستا لە عێراقو هەرێمی كوردستان چەندین دامەزراوە سودمەندن لە پشتیوانییە داراییەكانی ئەم سندوقە.
درەو: خالد سلێمان - گۆڤاری ئاییندە ناسی بەرایی خەڵکی کوردستان لە ناکاوێکدا بۆیان دەرکەوت ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورەی ئاو بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژەکانی بێئاوی زیاتر لە دەیەیەکە دەرکەوتوون و لە هەندێ ناوەندی میدیادا باس کراون. دەزگاکانی حکومەت، ناوەندەکانی زانکۆ و توێژینەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا، هەروەها کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی، بەبێ پێشینە و بەبێ ئاماری پێویست دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەش و دەرەنجامەکانی، لەبەردەم واقیعێکی ژینگەیی بێوێنەدا خۆیان بینییەوە. بێئاوییەکی دەگمەن، بەرزبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما، زەقبوونەوەی سیاسەتاکانی ئێران و تورکیا لە تینووکردندا، نەبوونی پلانێکی دوورمەودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دۆخێکی لەم شێوەیە، خەسڵەتی دیمەنی ئێستای هەرێمی کوردستانن. ئەم باسە هەوڵ دەدات لەسەر فاکتەرەکانی پشت وشکەساڵی، کەمبوونەوەی دابارین و دەرەنجامەکانی بوەستێت و لێیان تێبگات، هەروەها سیناریۆ و چارەسەر و پێشنیارەکان بۆ زامنکردنی داهاتووی کوردستان. کوردستان و حەوزە گەرمەکە کەشی([1]) هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری باشوور و ڕۆژئاوای عێراق، لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی دەریاری سپیی ناوەڕاستدایە کە لە زستاندا سارد و باراناوییە و پلەی گەرما لەنێوان (2-13)دایە، لە هاوینیشدا وشک و گەرمە و پلەی گەرما لەنێوان (35-40)دایە. تێکڕای پلەی گەرما لە بەهاردا لەنێوان (13-32) پلە و لە پاییزیشدا لەنێوان (24-29) پلەی سیلیزیدایە. ئەم دۆخەی کەشوهەوای کوردستان، بەبێ وەرگرتنی گۆڕانکاری و ناجێگیریی ڕێژەکانی دابارین لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر وەک پێوەرێکی جێگیر، مەزەندە دەکرێت لە سێ دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ بەخۆیەوە ببینێت و پلەکانی گەرما بەو شێوەیە نەمێنن. ئەویش بەگوێرەی چەند مۆدێلێکی لاساییکردنەوە لە زانستی کەش و بەرگەهەوادا لەسەر گۆڕانەکان، هەروەها لە ڕێگەی وێنەی سەتەلایتەوە لەسەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی و ئاسمانیی ئەمەریکا (ناسا)، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مارسی 2016 بڵاوی کردەوە، باسی لە تەوژمێکی توندڕەویی وشکانی کرد کە لەنێوان ساڵانی (1998-2012) ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. بەگوێرەی “ناسا”، لە ماوەی 900 ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە تەوژمی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە کە دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی قووڵ لە پاشەکشێی ئاوی سازگاردا و هەڵکشانی دیاردەی وشکانی([2]) لە هەرێمەکەدا. جگە لە چاودێری و ڕاپۆرتەکانی ناسا لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، سەنتەرەکانی تایبەت بە کەشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەیان بڵاو کردووەتەوە، نزیکترینیان لێکۆڵینەوەیەکی ئەنستیتوتی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) بوو، کە ڕێکەوتی ئەنجامدان و ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020. لێکۆڵینەوەکەی “MIT” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست بە شێوەیەکی خێرا و فراوان بەر گۆڕانکارییەکانی کەش کەوتووە و بووەتە گومەزێکی ڕاگرتنی گەرمەهەوا، واتە تەوژمی گەرما لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون؛ وەک میلی کاتژمێر دەخولێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی لێوەی دەست پێ دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، وەک توێژینەوەکەی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا بۆی دەچێت، مەزەندە دەکرێت هەردوو بەری حەوزەکە لە سێ دەیەی داهاتوودا، 40% یان 60% ڕێژەی دابارین لەدەست بدات([3]). بەپێی ئەو مێتۆدەی توێژینەوەکەی لەسەر نووسراوە، ئەوەی کە ڕوو دەدات قەتیسبوونی تەوژمێکی گەرمە لە ئاسمانی ئەم هەرێمەدا بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر. گەرمەهەواکە لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون، وەک میلی کاتژمێر دەسووڕێتەوە. هۆکاری ئەمەش بەپێی پشکنین و ئانالیزەی پڕۆفیسۆر “الفاتح التاهیر([4])” لە “MIT” کە لە هەمان کاتدا نووسەری هاوبەشی لێکۆڵینەوەی ئاماژەپێکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش کە ناوچەکەیان تووشی گۆڕانێکی دەگمەن کردووەتەوە: یەکەم: فاکتەری یەکەم گۆڕانە لە ناوچەیەکدا لە بۆشایی ئاسمان پێی دەوترێت “Tropopause”، بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە. ئەمەش ئەو ناوچەیەیە کە گۆڕانی کەشی تیا ڕوو دەدات، هەروەها خولانەوەی با. سروشتی گۆڕانەکەش پاڵەپەستۆیەکی بەرزی با بەسەر هەرێمی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت. فاکتەری دووەم ئەوەیە کە دەریای سپی گۆماوێکی گەورەی ئاوە بە زەوی چواردەوری گیراوە و ڕاڕەوێکی بچووکی هەیە، لەگەڵ گۆڕانی کەشدا، لە زستاندا خاکەکەی دەوروبەری لە ئاوی دەریاکە گەرمتر دەبێت، لە دۆخی سروشتیدا ئاوەکە لە خاکەکە گەرمترە، ئەمەش وا دەکات کە پلەی گەرمای گۆماوەکە لە چواردەوری ساردتر بێت و لە دەرەنجامدا پاڵەپەستۆیەکی بەرز بەسەر دەریاکەوە دروست بکات. ئەو فاکتەرانەش وایان کردووە ئەم حەوزە ببێتە خاڵێکی گەرم لەسەر نەخشەی کەشی جیهان، گڵۆباڵن و دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دەردانی گازەکانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میتانن لەلایەن دەوڵە پیشەسازییە پەرەسەندووەکانەوە. بەپێی هەندێ ناوەندی ئەکادیمی، ئەگەر جیهان لە ساڵی (2010)ەوە هەنگاوی بنایە بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەی 3.3% لە هەر ساڵێکدا، دەتوانرا لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا پلەی گەرما لە سنووری (1.5)دا بهێڵرێتەوە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە پلەی گەرمای هەسارەی زەوی لە کۆتایی سەدەدا بگاتە 2.7 پلەی سیلیزی([5]). بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات و قەرەبووی ئەو ساڵانە بکرێتەوە کە لەدەست چوون، ڕزگارکردنی زەوی بەگشتی و هەرێمە بەرکەوتووەکان بەدیاریکراوی، پێویستیان بە کەمکردنەوەیەکی زۆرە لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان. پڕۆفێسۆری جوگرافیا فرێدریک دووران لە زانکۆی تولوز لە فەڕەنسا، پێی وایە کە ئێستا باری جیهان لەژێر گازەکاندا کە هۆکاری گۆڕانکارین لە کەشدا، گرانتر بووە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە دەست بکرێت بە کەمکردنەوەیان([6]) بە ڕێژەی 7% لە هەر ساڵێکدا. بە پێچەوانەی هەر کەمکردنێکی لەم شێوەیە و گەیشتنی گەرما بە سەرووی 2 پلەی سیلیزی، وەک ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک”ی فەڕەنسی پێشبینیی دەکات، لە هەر پەنجا ساڵێکدا زەوی ڕووبەڕووی نزیکەی چواردە تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، واتە لە هەر 10 ساڵێکدا ڕووبەڕووی نزیکەی سێ وەرزی گەماری چڕ و خنکێنەر دەبینەوە، ئەوەش بە بەراورد بە دۆخی پلەی گەرمای ئێستای زەوی کە (1.1) سیلیزییە و هەر پەنجا ساڵێک نزیکەی پێنج جار زەوی ڕووبەڕووی تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، لە کاتێکدا زەوی لە ساڵی 1900دا هەر پەنجا ساڵێک یەک جار ڕوبەڕووی تەوژمی گەرمیی خنکێنەر بووەتەوە (گرافیکی ژمارە 1). گرافیکی ژمارە (1) کوردستان لەسەر نەخشەی گۆڕانکارییەکانی کەش بەگوێرەی ئەو بەرایەی سەرەوە لەسەر نەخشەی کەشی باشووری حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست کە وەک خاڵی گەرمی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش ئەژمار دەکرێت، دەبێ پێشبینی و ئاکاری گۆڕانەکان لە کوردستاندا لەسەر ڕۆشنایی هەمان نەخشە بخوێنرێنەوە. لەوانەیە لە خاڵێکیشدا مەزەندەی زیاتری کاریگەرییەکان لەسەر دابارین بکرێت، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکەی “MIT”، ئەو بایەی لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، پێش پەڕینەوە بەسەر چیا و ناوچە بەرزەکاندا، بارگاوییە بە هەور و هەڵم و دابارین دروست دەبێت. بەڵام دوای پەڕینەوەی بەرەو نزماییەکان، ڕێژەیەکی کەم هەڵم لە تەوژمەکاندا دەمێنێت، ئەمە جگە لەوەی کە بای بیابانی گەورە کە لە ڕۆژئاوای حەوزی سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، وشک و گەرمە و کاریگەریی زیاتری لەسەر ئاستی داچۆڕین دەبێت، ئیتر لێرەوە بەشێکی ناوچەکە دەبێتە “Rain Shadow”، واتە سێبەرەباران. کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر کەشوهەوای حەوزی سپی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، فاکتەری ئەمەش وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق کە لەژێر کاریگەریی کەشی مەداری یان نیمچەمەداریدان، بەستراوە بە کەشی حەوزی ناوەڕاستەوە. ئەگەر تا سەردەمانێک لەژێر ئەم کارگەرییەدا زستانی کوردستان بە دابارین و بەفرەوە دەناسرا، ئێستا کەشی میدیتێرانێ (ناوەڕاست) گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش وا دەکات چیتر دابارین و بەفری زستان ئەو بڕە ئاوە لە کوردستاندا دابین نەکەن لە ڕابردوودا هەبوو. هۆکاری ئەمەش بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی دابارین، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابارینی پچڕپچڕ و ناجێگیر، یان تارماییەباران وەک ئەوەی لە نزماییەکانی کوردستاندا ڕوو دەدات. بە تەماشاکردنێکی ئەم تابلۆیەی خوارەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نزماییەکانی باشووری سلێمانی لە دیوی گەرمیانی زنجیرەچیاکانی قەرەداغەوە، بە بەراورد لەگەڵ بەرزاییەکاندا، کەمترین دابارینیان بەر کەوتووە. هەڵبەتە بە بەراورد لەنێوان هەردوو وەرزی دابارینی (2020-2021)دا، وەک لە تابلۆی خوارەوەدا دەردەکەوێت (ڕەنگی سوور)، نزمترین ئاستی دابارین؛ ساڵی دووەم واتە 2021 بووە. لێرەدا حەوزی دەربەندیخان وەک لە تابلۆکەدا دەستنیشان کراوە، تەنها دەریاچەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ئاوڕێژانە دەگرێتەوە کە ئاو دەگەیەننە دەریاچەکە. گرافیكی ژمارە 2 ([7]) ساڵی 2008 کە وەرزێکی وشکی بەخۆوە بینی و ڕێژەی دابارین کەمتر بووە لەوەی ساڵی 2021، بەڵام لەبەر ئەوەی عەمارەکانی ئاو وەرزی پێشووتری وشکی هاوشێوەیان بەخۆوە نەبینیبوو، کاریگەرییەکەی لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و سروشتی کوردستان کەمتر بوو. لێرەدا یەکێک لە دەریاچەکانی کوردستان وەک نموونە وەردەگرین کە ئەویش دەریاچەی دەربەندیخان و دەوروبەریەتی. بەگوێرەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ڕەحمان خانی، ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2008دا تەنها 224.8 میلیمەتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی دابارین لە 2021دا زیاتر بووە، کەمترین داهاتی ئاو هەبووە. ئەم بەراوردە بە پلەی یەکەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە جیاوازییەکان لە داباریندا پەیوەستن بە گۆڕانی کەشەوە نەک ئاوهەوا، کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا چۆن دەرەنجامەکانی بەڕوونی دەردەکەون، واتە لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی وادا هەبووە کە ڕێژەی دابارین بە بەراورد لە وەرزی ئاسایی زیاتر بووە (وەزری 2018-2019 به نموونە)، بەڵام ئامارەکانی ئاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. ئەگەر ئەم چوار ساڵەی دوایی لە ڕووی دابارینەوە وەک نموونە لە کوردستاندا وەربگرین، تەماشا دەکەین ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2019دا دوو ئەوەندە و نیوی ڕێژەی ئاسایی ساڵانە بووە، چوار جاریش زیاتر بووە لە ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2021دا، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو. خاڵێکی تر کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەیە کە سێ ڕووباری سەرەکی و چڵوپۆکانیان (سیروان، زێی بچووک و زێی گەورە) لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەم پێگە جوگرافییەی ئاویش وای کردووە کە هەرێمەکە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت، بەتایبەتی لە سایەی سیاسەتەکانی ئێران و تورکیادا و دان نەنان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنی ئاودا و ڕەتکردنەوەی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبارە هاوبەشەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە ساڵی 1997 دانراوە([8]). ئەوانەش لەم سێ خاڵەدا کۆ دەبنەوە: یەکەم: قەدەغەکردنی کاریگەریی ئاوە سنووربڕەکان و کۆنترۆڵکردنیان بە شێوەیەک کە زیانی بۆ سەر لایەنەکانی سەر ڕووبارەکان و ژینگە و تەندروستی و سەلامەتی و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەبێت. دووەم: لایەنەکان زامنی بەکارهێنانی ڕێکوپێک و یەکسانی ئاوە سنووربڕەکان بکەن، ئەویش بەپێی خەسڵەتەکانی حەوزە ئاوییەکان و بەرژەوەندیی دانیشتووان. سێیەم: هاوکاری لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دەستەی هاوبەش، گۆڕینەوەی زانیاری، لێکتێگەیشتنی بەردەوام، ڕوانگەی هاوبەش و هەڵسەنگاندن. هەردوو وڵاتی دراوسێ (ئێران، تورکیا) نەک تەنها کار بە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە ناکەن، بەڵکوو دانیشی پێدا نانێن. لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان حەسەن جەنابی ئامادەی بوو (مانگی ئۆکتۆبەری 2017)، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەئاشکرا بە وەفدەکەی عێراقی وت کە ئەوان دان بە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا نانێن لە بارەی ئاوەوە. لەسەر هەمان ڕێچکەی تورکیا، ئێرانیش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات و دانیان پێدا نانێت. لە کۆنگرەیەکدا لەسەر ئاو، کە لە مانگی فێبریوەری (شوبات)ی ساڵی 2018 لە تاران بەسترا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی بەئاشکرا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە لە دەرچوونی ڕووبارەکان دەگرێت و لەناو خاکی ئێراندا “حەپسیان” دەکات. کاریگەریی ئەم سیاسەتەی ئێران و تورکیا کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، چونکە زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان لە دەرەوە هەڵدەقوڵن. لە 70%-ی زیاتری سەرچاوەکانی ڕووباری سیروان لە دەرەوەی کوردستانەوەن، هەر چی سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری زێی بچووکە، تەنها لە 20% لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵدەقوڵن و بڕەکەی تر لە چیاکانی مەهاباد و سەردەشتەوە دەچۆڕێن و بەرەو کوردستان شۆڕ دەبنەوە. موحسین حسێن([9]) بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزە، ترسی ئەوە ناشارێتەوە کە ساڵی 2030 كۆتایی تەمەنی زێی بچووک بێت. هەر چی ڕووباری زێی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی لە 62%-ی ڕووبەرە گشتییەکەی لەناو خاکی کوردستان و عێراقدایە، بەڵام بەشی زۆری هەڵقوڵانی ئاوەکەی لەناو کوردستانی باکووری کوردستانەوەیە و تورکیا کۆنترۆڵی دەکات. ئالەنگاری و سیناریۆکان لەگەڵ ئەم نەخشە جوگرافییەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی سەر زەوی لە کوردستاندا، هێشتا زمان و گوتاری سیاسی و ئەکادیمیی فەرمی باس لەوە دەکات کە هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکان دەبێتەوە، لە کاتێکدا مەترسییەکان ڕیاڵن و بەرۆکیان بە دانیشتووانی کوردستان گرتووە. لە ناوچەکانی کشتوکاڵ، چەم و دۆڵ و ناوچە ئاودارەکان و ڕووبەری سەوزایی و چیاکاندا، بێئاوی بووەتە سیمای وەرزەکان. بەگوێرەی سەردانی مەیدانی و پشکنینی ڕۆژنامەوانیم کە لە هاوینی 2021-دا ئەنجامم داون، لە هەندێ چەمی کوێستانەکانی پشدەردا بێئاوییەکی بێوێنە هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە زێی بچووک لەو ناوچەیەدا، لە دەرەنجامی گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە، لە هاوینی 2021-دا وەک جۆگەلەیەک دیار بوو. نیوەی جووتیارانی چەمی گەورە لە دیوی گەرمیانی چیای زەردە لە باشووری ڕۆژئاوای دەربەندیخان، لەبەر بێئاوی دەستیان لە مەرەزە بەر داوە([10]). لەنزیک گوندی سازان، لە مانگی یۆلیۆ (تەممووز)ی 2021-دا، دیسانەوە بە هۆی سیاسەتی “حەپس”کردنی ئاوەوە لەلایەن ئێرانەوە، سیروان وەک جۆگەلەیەک دەردەکەوێت. هەڵبەتە گرفتی سیروان تەنها لەوەدا نییە کە ئێران لە ڕێگەی بەنداوەوە ڕووبارەکە و چڵەکانی دەخنکێنێت، بەڵکوو ڕێڕەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ ناوچەکانی تری ئێران، ئەمەش بۆخۆی ئاکتێکی تاوانکارییە نەک تەنها دژی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو دژی کۆی سیستمی ژینگەیی ناوچەکە، چونکە هەر ڕووبارێک بۆ خۆی حەوزێکە و لە ڕووی سروشتییەوە سیستمێکی ژینگەیی تەواوی هەیە. واتە حەپسکردن و گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووبارەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی سروشتی و هەموو ئەو خەسڵەتانەی حەوزەکە پێک دەهێنن. بەگوێرەی ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان کە سەرچاوەکەی سیروانە، دەریاچەکە لە ساڵی 2021-دا کەمترین ڕێژەی ئاوی تیا بووە. بەکورتی: هەموو ئەو هۆکارانەی گرێ دراون بە گۆڕانکاریی کەش و دەرەنجامەکانی، کە لە کەمبوونەوەی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەردەکەون، هەروەها سیاسەتی “حەپس”کردنی سەرچاوەکانی ئاو و خنکاندنیان لەلایەن ئێران و تورکیاوە، کوردستان ڕووبەڕووی ئالەنگاریی سەخت دەکەنەوە. جگە لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە، سیستمی سروشتیی وڵاتەکەش دەخەنە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەتییش سیستمی ژینگەیی و میکرۆئۆرگانیزم([11]). لەپێش ئابووری و سەرچاوەکانی ژیان و خۆراکی خەڵکی کوردستانەوە، ژیانی کێوییانە و کۆی ئیکۆسیستم زیانیان بەر دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، چونکە بێئاوی جگە لەوەی دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی سەرچاوەی ئابووریی کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان، کۆچوڕەویشی لێ دەکەوێتەوە بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. دەرەنجامی هەر ڕەوێکی لۆکاڵییش بە هۆی گەرما و نەبوونی ئاوەوە، ململانێی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە زۆر شوێندا، گەرمیان وەک نموونە، جگە لە وشکانی و بێئاویی سەرزەوی، سەرچاوەکانی ژێرزەمینیش لە کەمبوونەوەیەکی بەردەوامدان و بەشی پێداویستیی ڕۆژانەی لادێنشینەکان ناکەن، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ڕەوکردن بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. شارەکانی کوردستان، بەو پێیەی لە گەشەسەندن و فراوانبوونێکی بەردەوامدان، داخوازییان لەسەر وزە و ئاو و خۆراک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات، ئەمەش فاکتەرێکی تری پاڵەپەستۆ و دڵەڕاوکێیە لەسەر ئەم دەرامەتە سروشتییە دەگمەنە کە کێشی ژیان و بوونی هەیە، بەڵام بە هەرزانترین بەها لەناو دەبرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بە پشتبەستن بەو پێشبینییە زانستییانەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا باس کران، کوردستان بە پلەی یەکەم لەبەردەم سیناریۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین و بەرزتربوونەوەی پلەی گەرمادایە. بۆ ئەوەی باسکردن لە هەر سیناریۆیەک بەشێک نەبێت لە مەزەندە و خەمڵاندن، لێرەدا پشت بەو سیناریۆیە دەبەستم کە پلاتفۆرمی حکومی-نێودەڵەتی لەسەر هەمەچەشنی و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستم (IPBES([12])) دایناوە و پێی وایە لە حاڵەتی گەیشتنی پلەی گەرمای گشتی بە 1.5 لە ساڵی 2050دا، گۆی زەمین لە 8%-ی ڕووەکەکان لەدەست دەدات، لە 6%-ی مێرووەکان و هەروەها لە 4%-ی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان لەناو دەچن. وەرز و تەوژمی گەرماش وەک لە تابلۆی یەکەمدا خراونەتە ڕوو، دەبنە فاکتێکی دووبارەبووەوە. ئەم سیناریۆیە وا دانراوە کە پلەی گەرما لەسەرووی ئەوەوە نەبێت کە دانراوە. لە هەموو بارێکیشدا گەیشتن بەو پلەیە وەک فاکتێکی لێ هاتووە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە گازی گەرمکەرەوەی خستووەتە ئاسمانەوە، دوای سێ دەیە گەرمای زەوی بگەیەنێتە پلە و نیوێک، تەنانەت گەر لەم ساتەوە دەردانی کاربۆن و گازە گەرمکەرەوەکانی تر بگەنە سفر. بەو پێیەی کوردستان لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی سپیی ناوەڕاستدایە، پلەی گەرما لەوە بەرزتر دەبێت کە لە سیناریۆکەدا هاتووە، کەمبارانییش لە ئێستاوە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کەشی ناوچەکە، کەواتە دەکرێ کەمێک لەو سیناریۆیە دوورتر بڕوانین و بیر لەوە بکەینەوە کە لەبریی هەر وەرزێکی قاتوقڕیی ئاو لە هەر 10 ساڵێکدا، ڕووبەڕووی دوو وەرزی قاتوقڕی دەبینەوە. بەڵام ئەی چی بکەین و چۆن ڕووبەڕووی کەمئاوی ببینەوە؟ ڕاسپاردەکان ئێمە لە کوردستاندا هاوینێکی گەرم و وشکمان بەڕێ کرد، خەڵک هەموو چاوەڕوانی وەرزی دابارینن، توێژینەوەکان لەسەر کەشی ناوچە و کاریگەربوونی بە شێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ بە دەرەنجامی گۆڕانی کەش، هەروەها ئاماژەکانی کەشوهەواش وا دەردەخەن کە ئەگەری ئەوە هەیە زستانی ئەمساڵیش زۆر جیاواز نەبێت لەوەی پێشوو، ئەی چی بکەین؟ هەموو لایەکمان دەزانین باسی گرفتەکان بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پلانی کەمکردنەوەی زیان و لێکەوتەکانە نەک تەنها دووبارەکردنەوەی وێنەکانی وشکەساڵی. زۆربەی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە ژینگە و ئاو لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکاندا، ئاراستەی حکومەت و دەزگاکانی دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتیش، بەبێ پلانێکی دوورمەودا، هەر لە چاوەڕوانیی وەرزی داباریندایە و هیچ ستراتیژێکی دوورمەودای نییە، باشترە ڕاسپاردەکان بۆ خەڵک بن و چۆن یارمەتی بدرێت بگەڕێتەوە بۆ چارەسەری وەها لە وەرزی گەرمی داهاتوودا لە پێناو گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئاودا، تووشی زیان و ڕەوی بەکۆمەڵ نەبێت. یەکەم: لەبەر ئەوەی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاوی بەنداوەکانیش دەگەیەننە ئاستی نەداری و هەژاری، باشترە لە ئاستی لۆکاڵی و سنووری نیشتەجێبوونیاندا دانیشتووان دەست بکەن بە دروستکردنی گۆماوی ژێرزەوی، واتە سەرگیراو، ئەوەش لە پێناو گلدانەوەی بڕێک لەو دابارینەی لە زستاندا هەیە. ئەم میکانیزمە سادەیە دەبێتە هۆی دروستکرنی عەمباری ئاو بۆ ئاودێری و ئاژەڵ و کاروباری ڕۆژانە لە هاویندا. دووەم: سکگوشین و دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاودا لە ئاستی ماڵانەوە بگرە تا دەگاتە ئاودێری و کاری ڕۆژانە و پیشەسازی. سێیەم: بۆ وەرزێکیش بێت، پێویست دەکات ئەو جۆرە بەروبوومە کشتوکاڵییانە بوەستێنرێن کە پێوستیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاوە و پەنا ببرێتە بەر ئەو بەروبوومانەی کەمترین ئاویان پێویستە. چوارەم: دروستکردنی گۆماوی ئاو لەناو دۆڵ و چیا و دەشتەکاندا بۆ زامنکردنی مانەوەی ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە توندوتۆڵکردنی یاسای دارستان و چاککردن و پاراستنی ژینگە هەیە لە “بکوژانی ئاژەڵە کێوییەکان”، چونکە وەرزی تینووێتی لغاوی ڕاوی نایاسایی و تاوان دژی سیستمی سروشتی زیاد دەکات. پێنجەم: دیاریکردنی ڕێژەی ئاوی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک، وەک چۆن ساڵی 2018 شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفەریقا پیادەی کرد و توانیی ئیدارەی تینووێتییەکی بێوێنە لە وڵاتەکەدا بکات، چونکە لەو ساڵەدا بە هۆی دانەبارینەوە، بۆ چەند وەرزێک عەمبارەکانی ئاو گەیشتنە ئاستی مەترسیدار لە کەمیدا. شەشەم: پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەنداوە لۆکاڵییانەی لە قۆناغی کۆتاییدان و دەستیان لێ هەڵگیراوە. بۆ نموونە: بەنداوی خۆرنەوەزان لە سنووری گەرمیان بۆ چەند ساڵێکە لە قۆناغی کۆتاییدا ڕاگیراوە. ئەم بەنداوە و بە گلدانەوەی ئەو بڕە دابارینەی هەیە، بەشێکی زۆری گرفتەکانی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر دەکات. حەوتەم: لابردن و نەهێشتنی هەموو ئەو کار و بزنسانەی ئاو بۆ مەبەستی “خۆشگوزەرانی” بەکار دەهێنن، وەک شوێنی شتن و پاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و مەلوانگە… هتد. هەشتەم: پەیڕەوکردنی یاسایەکی توندوتۆڵ لەبەرامبەر بەفیڕۆدانی ئاودا لە شارەکاندا، وەک دانانی واتەر پەمب بۆ تانکیی سەربانەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوی پاک بۆ پاککردنەوەی جادە و بەر ماڵان، هەروەها لە دوکان و ڕیستۆرانت و قاوەخانە و شوێنە گشتییەکانیشدا. نۆیەم: بەدڵۆپەکردنی ئاودێری بۆ کشتوکاڵ و باخچە و هەموو بوارەکانی ئاودان. دەیەم: سەپاندنی مەرج بەسەر شوێنە گشتییەکانی وەک کۆمپانیا و باخی کەسی و تایبەتدا، هەروەها شوێنەکانی خواپەرستی لە بەکارهێنانی ئاودا و دۆزینەوەی چارەسەری خۆبەخۆیی بۆ ئیدارەکردنی ئەو بڕە ئاوەی وەریدەگرن، هەروەها دانانی مەرجی توندوتۆڵ لە هەڵکردنی بیردا. بەبێ ئەم ڕێکارانە کە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە سیاسەتی حکومەتەوە و بەشێکیان بە سەلیقە و ڕەفتاری ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە لە بەکارهێنانی ئاودا، هیچ شتێکی تر دادمان نادات. دەبێت لەمڕۆوە بکەوینە خۆمان و هاوینی داهاتوو پەشیمانی دەرنەبڕین. لەوانەیە دابارینی چەند ڕۆژێک سەرجەم ئەم قسانە لەبیری خەڵک بباتەوە، بەڵام واقیعی بێئاوی، تەنانەت ئەگەر وەرزێکی تەڕیشمان هەبێت، پێمان دەڵێت پێویستمان بە هەر دڵۆپە ئاوێکە بەفیڕۆ دەدرێت. ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ چارەسەری کاتی بن، ئەوا لە ئاستی دوورمەودادا، بە پلەی یەکەم کوردستان پێویستی بەوەیە ڕۆڵی زانکۆ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە کارا بکات. ئەنجامدانی پلانی دوورمەودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاویدا، لەگەڵ ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، بە پلەی یەکەم کاری زانایان و پسپۆڕانی بواری زانستە سروشتییەکان و ئاوە، بە شێوەیەکی دیاریکراویش لە بواری گلدانەوەی ئاودا (Water Harvesting). تا ئەمڕۆ سیاسەتی بنیادنانی بەنداو لە کوردستاندا بە شێوازی کۆن و باو جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا خێرایی گۆڕانکارییەکانی کەش بەردەوام بۆچوون و ئانالیزەکان دەگۆڕن و میکانیزم و میتۆدی تر دەهێننە کایەوە. بە کورتییەکەی: کوردستان پێویستی بە پلانێکی هەشتا ساڵەیی (تا کۆتایی سەدە) هەیە، کە لە توانایدا هەبێت مانەوەی خەڵک و وڵات بپارێزێت. سەرچاوەكان (1) لەم نووسینەدا کەش لەبەرامبەر “Climate”دا بەکار دەهێنرێت، ئاوهەواش لەبەرامبەر “Weather”دا. گۆڕانکارییەکان لە کەشی هەرێمێکدا یان لە جیهاندا بەگشتی، لە ڕۆژێک، مانگێک، وەرزێک و دوو وەرزدا دەرناکەون، بەڵکوو دەیەیەک یان زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت. بۆ نموونە؛ ڕێژەی دابارین و بەفر لە کوردستاندا پێش 40 ساڵ، جیاوازییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی ئێستا هەیە. ئەمە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشە. لەبەرامبەردا گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوا (الطقس) کورتخایەنن و لۆکاڵین، بۆ نموونە ئەمڕۆ زنجیرەچیاکانی قەرەداغ دابارین بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ڕۆژی دواتر ساماڵ و هەتاوە، ئەمەیان گۆڕانکارییە لە ئاوهەوادا نەک کەش. (2) Journal of Geophysical research: Atmospheres, March 4, 2016, https://agupubs.onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/2015JD023929 (3) Chandler, David L. (17/6/2020), “Why the Mediterranean is a climate change hotspot”, https://news.mit.edu/2020/why-mediterranean-climate-change-hotspot-0617. (4) خالد سلیمان (28/7/2020)، ” البحر الأبيض المتوسط يشتعل: انخفاض حاد في الأمطار”، https://daraj.com/50999/. (5) Rannard, Georgina (9/11/2021), “COP26: World headed for 2.4C warming despite climate summit – report”, https://www.bbc.com/news/science-environment-59220687. (6) Frédéric Durand, Climat, une conférence à la recherche du temps perdu, LE MONDE diplomatique, Novembre 2021. (7) گرافیكی ژمارە (2) لەلایەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان؛ “ڕەحمان خانی”یەوە دروست کراوە. (8) لجنة الأمم المتحدة الاقتصادية لأوروبا: اتفاقية حماية واستخدام المجاري المائية العابرة للحدود والبحيرات الدولية. اتفاقية المياه: الاستجابة للتحديات العالمية للمياه، https://unece.org/sites/default/files/2021-07/ECE_MP_WAT_52_Arabic_WEB.pdf (9) بختیار قادر (5/7/2021)، “مخاوف من اختفاء الزاب الصغير في 2030″، https://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/050720216. (10) ژمارەی ئەو خێزانانەی کە دانیشتووی گوندی چرچەقەڵان و لە چەمی گەورە کشتوکاڵ و کاری مەرەزە دەکەن؛ نزیکەی 20 خێزانە، ئەمساڵ لەبەر بێئاوی ژمارەکە کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 10 خێزان. (11) سیستمی میکرۆئۆرگانیزم لەو بوونەوەرانە پێک دێت کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەردەوامبوونی ژیانی سروشتی و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کۆی سیستمی ژینگەیی. (12) Intergovernmental Platform on Biodiversity & Ecosystem Services.
راپۆرت: درەو ئیمارات خەریكە شوێنی توركیا دەگرێتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی یەكجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام دووجار چوەتە ئیمارات، لەم سەردانانەدا مەسرور بارزانی كەسی لە تیمی یەكێتیو گۆڕان لەگەڵ خۆی نەبردووە، پارتیو یەكێتی دەیانەوێت سەرمایەگوزاری خۆیان بگوازنەوە بۆ (دوبەی)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ئارین لەبری یەكێتیو گۆڕان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەردانێكی یەك رۆژە چووە ئیماراتی عەرەبیو گەڕایەوە، هیچ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتیو گۆڕانی لەگەڵ خۆی نەبرد، لەم گەشتەدا (ئارین)ی كوڕی هاوەڵێتی دەكرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تیمی یەكێتیو گۆڕان تەنانەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاگاداری سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی نەبوون، وا دەردەكەوێت سەردانەكەی سەرۆك وەزیران سەردانێكی خێزانی بوبێت، بەتایبەتیش كە ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی خێزانییەو لەلایەن چەند بنەماڵەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت. پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانیو بنەماڵەی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی نوێ نییە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا، یەكەم سەردانی دەرەوەی بۆ توركیا بوو، سەردانی دووەمی بۆ ئیماراتی عەرەبی بوو. 1ی كانونی دووەمی 2019 مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا سەردانی ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتیان كرد بۆ بینینی پێشبڕكێی ئۆتۆمبیبلی "فۆرمێلا وەن"، لەوێ بەرپرسانی باڵای ئیماراتو محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەیان بینی. سەردانكردنی ئیمارات بەمەبەستی بینینی پێشبڕكێی "فۆرمێلا وەن"و لەپاڵ ئەمەشدا سازدانی دیداری سیاسی، لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، بارزانی ئەوكاتەی سەرۆكی هەرێم بوو، ساڵانە سەردانی ئیماراتی دەكرد بۆ بینینی "فۆرمێلا وەن"، دواین سەردانی بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی لە رۆژی 23/11/2018دا بوو. حوكمی خێزانیی لە ئیماراتەوە بۆ هەرێم ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی فیدراڵی سەرۆكایەتی خێزانییە، لە حەوت ئیمارەت پێكدێت (ئەبو زەبی، دوبەی، شارقە، عەجمان، ئوم قەیوین، رەئس خەیمە، فوجێرە)، هەر ئیمارەتێك لەلایەن بنەماڵەیەكەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرۆكی ئەم ئیمارەتانە هەموویان ئەندامن لە ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵ)، لەم ئەنجومەنەدا سەرۆكی وڵاتو سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێردێت، تائێستا نەریت وابووە حاكمی ئەبوزەبی پایتەخت سەرۆكی وڵاتو حاكمی شاری (دوبەی) سەرۆك وەزیران بێت، ئەبوزەبی كە لەلایەن بنەماڵەی (ئال نەهەیان)ەوە بەڕێوەدەبرێت، (دوبەی) لەلایەن بنەماڵەی (ئال مەكتوم)، واتە سیستمێكی بنەماڵەیی رێكخراوە. هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، تائێستا دەستوری نییە، سیستمی حوكمڕانییەكەی هێشتا دیار نییە، لەماوەی 12 ساڵی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا، جارێك سەرۆك لەناو پەرلەمانو جاری دووەم سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا، واتە روون نەبوو ئایا سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتییە یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ، بارزانی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، نێچیرڤان بارزانی برازای شوێنی گرتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە. هاوشێوەی ئیمارات، هەرێمی كوردستان لەلایەن بنەماڵە سیاسییەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم سیستمە بنەماڵەییە بەپێچەوانەی ئیماراتەوە رێك نەخراوە، لەروخساردا پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لە واقیدا دوو بنەماڵە (بارزانیو تاڵەبانی) جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە، سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕینو گەرمیان لەژێر كۆنترۆڵی تاڵەبانییەكاندایە، هەولێری پایتەختو دهۆكو ئیدارەكانی سۆرانو زاخۆ لەژێر كۆنترۆڵی بارزانییەكاندایە. بەپێچەوانەی بنەماڵە فەرمانڕەواكانی ئیماراتەوە، لەنێوان دوو بنەماڵە فەرمانڕەواكەی هەرێمدا ئێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم بوونی نییە، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەساڵی (1994)، هەرێمی كوردستانی دابەشكرد بەسەر دوو حكومەتدا (حكومەتی یەكێتیو حكومەتی پارتی)، دوای روخانی رژێمی سەددامو دروستبوونی گۆڕانكاری لەناوچەكە، دواجار تاڵەبانیو بارزانی بەناچاریی لە ساڵی 2005دا رێككەوتنێكیان كرد بۆ دروستكردنی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی"، بەپێی ئەم رێككەوتن تاڵەبانیو بارزانی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بردو تاڵەبانیش پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورد بوو، لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی لە 2017دا، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی لاواز بوو، ئێستا ئەو رێككەوتنە بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیەو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش پێشكەش كردووەو دەیەوێت ئەو پۆستەش لە یەكێتی وەربگرێتەوە. هەرێمو ئیمارات لەڕووی ئابورییەوە ئێستا ئیماراتی عەرەبی، لەدوای توركیاو ئێرانو چینەوە، بە چوارەمین هاوبەشی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئیمارات ساڵانە (یەك ملیار) دۆلارە، (120) كۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، قەبارەی سەرمایەگوزاری ئەم كۆمپانیایانە ساڵانە دەگاتە (3 ملیار) دۆلار. یەكێك لە دیارترین كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكات كۆمپانیای (دانەغاز)ە كە لە كێڵگە نەوتیو غازییەكانی هەرێمدا كاردەكات، ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە ساڵانی رابردوودا دوو سكاڵای یاسایی لە حكومەتی هەرێم بردەوەو حكومەتی خستە ژێر قەرزەوە. بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئابوری ئیمارات، لە ساڵی 2019دا قەبارەی بازرگانی ئیمارات لەگەڵ عێراق بەگشتی گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا. ساڵی رابردوو ئیماراتییەكانی بەڵێنیان دا بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕی (3 ملیار) دۆلاری تر بۆ وەبەرهێنانی خۆیان لە عێراق زیاد بكەن. ئەمساڵانەی دوایی ئیماراتی عەرەبی بووە بە روخسارێكی نوێی بزنس بۆ سەرمایەدارو سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆیی یەكێتی، ئیدارەی گشتی یەكێتی لە هەوڵی ئەوەدابووە، فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەستی چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی بكاتو گرێبەستی لەمبارەیەوە واژۆ كردووە، لە پاڵ ئەمەدا، زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، بۆ ماوەیەك، بەشێك لە پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان چوەتە ناو یەكێك لە بانكەكانی شاری (دوبەی) ئیمارات. بەم دواییە رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كرد لە تۆماری خانووبەرەدا لە دووبەی دەركەوتووە كە بنەماڵەی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی (خەلیفە)و دوورگەی (نەخلە)دا موڵكو ماڵی گرانبەهایان هەیە. ئێستا (دوبەی) بۆ زۆرێك لە بەرپرسانی باڵای حزبیو حكومی هەرێمی كوردستان شوێنی پایتەختەكانی ئەمریكاو ئەوروپای گرتوەتەوە، سەرباری ئەوەی سەروەتو سامانی خۆیان لەوێ دەخەنەگەڕ، ساڵانەو لە پشووەكاندا بۆ كاتبەسەربردن روو لە دوبەی دەكەن. سەرسامی بەرپرسانی هەرێم بە گەشەكردنی دوبەی لەڕووی بیناسازیو ئابورییەوە، وایكرد هەولێر وەكو (دوبەی) عێراق ناوزەد بكرێت، بەڵام هەرگیز هەولێر نەبوو بە (دوبەی)، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە هەولێر ئاو بردی. هەرێمو ئیمارات لەڕووی سیاسییەوە ئیماراتی عەرەبی بەمدواییە وەكو یەكەمین وڵاتی عەرەبی، بەشێوەیەكی ئاشكراو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە. بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە، ئێستا ئیمارات بووە بە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە كە لەلایەك دەیەوێت سنوری بۆ هەژمونی ئێران دابنێتو لەلایەكی ترەوە شەڕی توركیا دەكات، لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئیماراتییەكان بەردەوام رۆڵیان لەناو عێراقدا هەبووە، بەمدواییە ئیماراتییەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە یەكخستنی ماڵی سوننەكانی عێراقو یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بارزانی ئێستا لەسەر ئەم خەتە گەمەی سیاسی دەكات، بارزانی لەگەڵ سوننەكاندا چوەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، ئەم رێككەوتنە ئێرانییەكانی توڕەو ماڵی شیعەكانیشی پەرتكردووە. رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە شیعە دۆستەكانی ئێران دۆڕان، ئەم لایەنانە یەكسەر پەنجەی تۆمەتبار بۆ ئیماراتی عەرەبی راكێشاو تۆمەتباریان كرد بەوەی دەستی هەبووە لە ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا لەرێگەی تەكنەلۆژییەوە، ئێستا عێراق لەناو كاردانەوەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا دەژیو دیارنییە داهاتووی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ترس دۆخێكی زۆر تایبەتی دروستكراوی سروشت و مرۆڤە. مۆدێرنە بە پەیمانێكی گەورەوە هاتە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە، پەیمانی رزگاركردنی عەقڵی ڕاگەیاند لە مەترسییەكانی دین و خورافەت و زاڵبوون بەسەر سروشت و پاراستنی ئینسان لە كارەسات و مەترسییە سروشتییەكان. پەیمانی مۆدێرنە سەروەركردنی زانست و نەهێشتنی مەترسییەكانی نەخۆشیی و دۆزینەوەی چارەسەر بوو بۆ پەتا كوشندەكان. مۆدێرنە واتە دۆزینەوەی ئەنتیبیۆتیكا بۆ نەخۆشییە مەترسییدارەكان لەبری خواردنەوەی ئاوی نوشتە و زیكر و دوعا. لەدوای ئەزموونی سەدان ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی ئایین و کەنیسەوە کە ترس لە سزای ئەم دونیا و ئەو دونیا سەرچاوەی پاراستنی دەسەڵات بوو و شەخسی پاپاش نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا بوو لەسەر زەوی، دەوڵەتی مۆدێرن سەرهەڵدەدات. دەوڵەتی مۆدێرنیش کە لەسەر بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت، هەم مرۆڤی لە زۆر مەترسیی پاراست و هەم چەندین مەترسیی نوێشی بۆ بەرهەمهێنا. دەوڵەتی تۆتالیتاری لەسەدەی بیستەمدا باڵاترین ئاستی دروستکردنی ترس و جەور بوو بۆ ئینسان. هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژییش ماشێنی گۆڕینی زانست و عەقڵ و بیرۆکراسییەت بوو بۆ خزمەتی ئایدیۆلۆژیا وەحشەتگەرەکان لە نموونەی فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم. لە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە ستەمگەرەکاندا ترس بەناوەکیی دەکرێت و دەبێت بە دۆخێکی ئاسایی کە مرۆڤ تیایدا هێندەی لە ناوەوەی خۆی دەترسێت، ئەوەندە لە دەرەوەی خۆی ناترسێت. لە سەدەی دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارییەکاندا ترس دەبێت بە دۆخێک کە مرۆڤ سانسۆری ناوەکیی خۆی دەکات و رێگەبەخۆی نادات، تەنانەت بەنهێنیش لەناوەوەی خۆیدا جیاواز لە حیزب و سەرۆک و دەوڵەت، بیربکاتەوە. دەوڵەتی سۆسیالیستییش نموونەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەک بوو کە هەروەکو چۆن لە ئاستی ئابوورییدا نەوتی بەخۆماڵییکرد، ئاوهاش لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا ترسی بەخۆماڵییکرد. واتە ترس لە دەوڵەتی سۆسیالیستیی یان کۆمۆنیستییدا بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەشکرا، ئەم یەکسانییە بەهایەکی دادپەروەرانەی نییە، بەڵکو بەهایەکی ماتماتیکیی هەیە، واتە بڕ و هێزی ئەو ترسە بەسەر کۆی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگادا دابەشکرابوو. کۆمەڵگا لەم جۆرە سیستەمانەدا بەسەر دوژمن و دۆستدا دابەشدەکرێت. ئەوانەی دۆستن و بەشێکن لە راگرتنی سیستەمەکە ترسی هیچیان نییە، ئەوانەی دوژمنیشن دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین، چونکە شوێنێک نییە خۆیانی تێدا حەشاربدەن و ژیانی خۆیان بپارێزن. چ لە دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان و چ لە دەوڵەتی بەعسیشدا ترس بەپلەی یەکەم رەهەندێکی سیاسیی هەبوو، نەک کۆمەڵایەتیی، چونکە لەم سیستەمەدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستیی و پەروەردە و فێرکردن و خانوو و کار، بەشێوەیەکی گشتیی فەراهەمکرابوون، تاکە مەترسییەک کە مرۆڤ هەیبوو ژیانی بکەوێتە بەر هەڕەشەوە، ترسی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بوو. جۆری ترسەکان کە دەبوونە مەترسیی بۆ سەر ژیان، بریتیی بوون لە بیرکردنەوەی جیاواز و دونیابینییەکی جیاواز لەو دونیابینییەی کە دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی پێ دروستکردووە. ترس لە سیستەمی سەرمایەداریی و بەتایبەت دوای داڕمانی سیستەمی سۆسیالیستیی، ترسێکە بە قسەی سیگمۆند باومان شلدەبێتەوە و دابەشدەبێت. لە ئێستادا ترس وەک کۆمپانیایەک بەپرایڤت و بەتایبەتدەکرێت، سەرمایەیەکە و دەوڵەت و کۆمپانیا ئەهلییەکان سەرمایەگوزاریی تێدا دەکەن. بە بۆچوونی باومان لەم سەردەمەماندا تاک خۆی بەپرس دەبێت لە پاراستنی زیاتر و توندوتوڵکردنی ژیان و ماڵی خۆی. لەپاڵ خزمەتگوزاریی گشتیی دەوڵەتیی کە بۆ پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگا تەرخانکراوە، چەندین سێکتەر و هەلی تر دروستبوون کە مرۆڤ دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بۆئەوەی ژیانی پارێزراوبێت و مەترسییەکانی کەمتر ببنەوە. بۆ نموونە لەبری ڕاگرتنی سەگ کە کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی تەقلیدیی خۆپاراستنە لە مەترسیی و هەڕەشەی دەرەکیی، ئێستا خانووی تایبەت و دەرگا و پەنجەرەی تایبەت، دانانی سیستەمی چاودێریی کامێرا و تەنانەت تیشکی سەرووی وەنەوشەیی هەیە، هەموو ئەمانە تادەگات بە کرێگرتنی خزمەتگوزاریی دەزگای سێکیوریتی تایبەتەکان بۆ پارەداران و هەبووان، بەشێکن لە خزمەتگوزاریی پاراستن و ڕەواندنەوەی مەترسیی. باومان باس لە مەترسییەکانی سروشت ناکات کە مەترسییگەلێکن لەدەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێمەدان، بەڵکو باس لە شکستی مۆدێرنە دەکات لە نەتوانینی پاراستنی مرۆڤ لە هەڕەشەی سروشت. لەمڕۆشدا دەتوانین باس لە پەتای کۆرۆنا بکەین کە فەشەلی مۆدێرنە لە پاراستنی مرۆڤ، جارێکی تر دەخاتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نوێوە. باومان باس لە رەهەندێکی مەترسییدار دەکات کە دەسەڵات چ لە فۆرمە تۆتالیتارییەکەی و چ لە فۆرمە سەرمایەدارییەکەی دەتوانێت بەشێوەیەکی وەحشەتگەرا خۆی نماییشبکات. ئەو نموونەی ساڵی ٢٠٠٥ی ئەمریکا دەهێنێتەوە کە چۆن تۆفانی کاترینا، باشووری ئەمریکای وێرانکرد و لەدوتوێیەوە بەهێزترین دەوڵەتی جیهان و گەورەترین دیموکراسییەتی ئەم سەردەمەمان ڕووە تاریکەکەی خۆی نماییشکرد. فەشەلی ئەمریکا لە پاراستنی هاونیشتیمانیان و خراپی ئیدارەدانی ئەو کارەساتەدا بوو. دوای ئەوەی دۆخێکی فەوزا و لەدەستدەرچوو دروستبوو، دەوڵەت جەبەروتی خۆی نارد، بۆئەوەی نیزام بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی. ئەم نیزامەش بەڕای باومان ناردنی گاردی نیشتیمانی بوو بە فرمانی کوشتنەوە، بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو ئەوانەی نیزام تێکدەدەن. ئەمەش مانای جیاوازیینەکردنە لە نێوان کەسێکدا کە کەرەسەی تەلەفیزیۆنێک دەدزێت و کەسێکیش کە لە برسانا خواردن دەدزێت. واتە دەوڵەت پێشئەوەی بڕوات ئەوانە بنێژێت کە لەبرسانا مردوون و جێگەوڕێگاش بۆئەوانە دابینبکات کە ئاوارە و دەربەدەرن، فەرمانی تەقەکردن و کوشتنی دەرکرد. بەم چەشنە بۆ دەوڵەتی سەرمایەدارییش وەک هەر دەوڵەتێکی تر، ترس لە فەوزا و نەمانی دەسەڵات گەورەترە لە ترسی مردنی هاونیشتیمانیان و شکستی دەوڵەتی مۆدێرن لە پاراستنیان. پرسیارەکە بۆ کۆمەڵگای کوردیی ئەوەیە: ترس چ خەسڵەت و ڕۆڵێک لەناو ستراتیژی دەسەڵاتدا دەگێڕێت؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی چۆن سەرمایەگوزاریی لە ترسدا دەکات؟ ماویەتی
رانانی: بارام سوبحی مام جەلال پێش نەخۆش كەوتنی زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی، بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، ئەمە وتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. هەروەها دەڵێت: كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵنین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستانو ئێستاش پشتگیری ڕاكان جبوری دەكەن.. پارتی لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت. مستەفا چاڵاوی جێگری سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەكتێبی بیرەوەرییەكانیدا كە لەم رۆژانەدا بڵاوكرایەوە، دەنووسێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن، پارتیو سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو، زۆربەی كاتەكان عودەیو قوسەی دەچوونە هەولێرو دەمانەوە.. لە خەباتی شاخەوە جاشو مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون. لەبارەی ریفراندۆمیشەوە دەڵێت: پاراستنو حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كرد. هەروەها دەڵێت: ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، داعش هەولێریشی دەگرت. كتێبی (كڵپەیەك لە كۆمیتەی ئاگرەوە: چلو حەوت ساڵ بێ دابڕان)، بیرەوەرییەكانی مستەفا چاڵاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە لە دووتوێی (240) لاپەڕەدا بڵاوكراوەتەوە، لە كتێبەكەیدا باس لە سەرەتای پەیوەندی خۆی بە یەكێتیو سەردەمی شاخو راپەڕینو قۆناغی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا دەكات. حەفتاو پێنج ملیۆنەكەی بنەماڵەی بارزانی مستەفا محەمەد عەبدوڵا ئەحمەد (مستەفا چاڵاوی)، دەنووسێت: لە ساڵی (1978) مام جەلال نامەی بۆ (حەمایلەخانو ئیدریسو ماڵی بارزانی) نارد كە بەیەكەوە شۆڕش دەست پێبكەنەوە، ئەو چەكانەی یەكێتیش بە تەمابوو بیهێنێت نیوەی بدات بە پارتی چونكە واڕێكەوتبوون، یەكێتی چەك پەیدابكاتو بنەماڵەی بارزانیش ئەو حەفتاو پێنج ملیۆن دینارەی لە ئاشبەتاڵ بردبوویانە ئێران بەو پارەیە پێداویستی شۆڕش پڕبكرێتەوە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی ئەو بڕە پارەیەیان نەگێڕایەوەو لای خۆیان هێشتیانەوەو بۆ خۆیان بەكاریان هێنا. لە درێژەی باسەكەیدا، دەنوسێت: دوای ساڵی (1976) كە شۆڕش دروستبووەوە ئەوان لەلایەن ئێرانەوە چەكدار كرابوون بۆ لێدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد كە یەكێتی نیشتیمانیو هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال رابەرایەتی دەكرد. هەر لە رۆژی دروستبوونەوەی شۆڕش لە كوردستان، ئەوان هەمیشە پلانو بەرنامەیان داناوە بۆ لێدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. بۆ بەڵگاندنی قسەكانیشی، دەڵێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن پارتی و سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو. زۆربەی كاتەكان عودەیو قوسەی دەچوونە هەولێر و دەمانەوە. پارتی لە مێژووی دروستبوونیەوە ئەوەی گرنگ بووە بەلایەوە مانەوەی پارتی و بنەماڵەكەیان بووە، كورد وەسیلەی مانەوەیان بووە. هەمیشە لەهەر شوێنێ خەباتی ڕزگاریخوازی كورد سەریهەڵدابێت، بۆ لەناوبردنو سەركوتكردنی جوڵانەوەكانی پارچەكانی تری كوردستان، پارتی ئامادەبووە هاوكاری داگیركەرانی كوردستان بكات. پارتی هیچ كات ڕازی نەبووە لە پارچەیەكی كوردستان شۆڕش هەبێت بە ئێستاشەوە. هەڵوەشانەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران لاوازبوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەست پێدەكات، چاڵاوی بەم جۆرە باس لە گرنگی كۆمەڵە دەكات. ئەو كە سەرەتای خەباتی بە پەیوەندیكردنی بە كۆمەڵەوە دەستپێكردوە، دەڵێت: كۆمەڵە ڕێكخراوی چەپ بوو خاوەن فیكرو فەلسەفەی خۆی بوو، زۆر جیاواز بوو لە فیكرو دنیابینی لایەنەكانی تری ناو یەكێتی. ئەگەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی لێ جیابكرایەتەوە شتێكی زۆر بچوك دەمایەوە. دەربارەی ململانێی نێوان باڵەكانی یەكێتی، دەڵێت: باڵەكانی تری یەكێتی تەكەتولی شەخسی بوون بۆ بەرژەوەندی برادەرانی سەرەوە بوو، بۆ خزمەتكردنی خۆیانۆ وێرانكردنی یەكێتی بوو، (چونكە) ململانێی كۆمەڵە لەگەڵ باڵەكانی تری یەكێتی ململانێی فیكری بوو نەك تەكەتولاتی شەخسی. (تەنانەت) هەموو داهێنانەكانی شۆڕش لەسەر دەستی سەركردەو فەرماندەكانی كۆمەڵە بووە. ناوبراو كاتێك دێتە سەر باسی هەڵوەشانەوەی كۆمەڵە، دەنوسێت: لاوازبوونی یەكێتی لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەستپێدەكات، بۆیە ئێستا خەڵك بە جیاواز لە پارتی سەیرمان ناكات. كۆمەڵە حەل نەكرایا قەت ئەم هەموو ناعەدالەتیەیەی ناو یەكێتی قبوڵ نەدەكرا، تاكو كۆمەڵە هەبوو یەكێتی حزبی خوێندەوارو خەڵك بوو، هەموو حزبە سیاسیەكان حسابیان بۆ كادری كۆمەڵە دەكرد. لەڕووی فیكریو سیاسیەوە كۆمەڵە نوێنەری خەڵكی هەژارو ئەو خانووە قوڕانە بوو كە هەمووجار مام جەلال دەیوت دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خانووە قوڕەكان. مام جەلال خۆشی باشیو گرنگی كۆمەڵەی دەزانی. لەو ڕۆژەی كۆمەڵە وەكو فیكرو ڕێباز نەما كەسێتی كادریش شێوێنرا. بەرێوەبردن كەوتە دەست ئەو هەڤاڵانەی كە ڕۆژانە لەباتی پەروەردەكردنی كادر فێری ماستاوكردنیان دەكردن، بۆ ئەوەی پارچەیەك زەوی پێبدەن یان پۆستێكی پێبدەن.. هیچ كات دابەشــكردنی پۆستو پلە لەسەر لێهاتووییو خەباتو دڵسۆزی حساب نەدەكرا. بەرەی كوردستانیو راپەڕینو یەكەم هەڵبژاردن نووسەر كاتێك دێتە سەر باسی دروستكردنی بەرەی كوردستانی، دەڵێت: پێموایە بەرەی كوردستانیو هێنانەوەی بەرەی كوردستانیش كە پارتی ئامادەیە بێتە ناویەوە، لەژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران بوو... بەداخەوە پارتی زۆرجار جڵەوی لەلای خۆی نییە، لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت. سەبارەت بە ئەنجامدانی راپەڕین-یش دەڵێت: دەبوو بە هیچ شێوەیەك داوا لە پارتی نەكرایە ئامادەكاری بكەن بۆ راپەڕینی ساڵی (1991). ئەوان ئەو كاتەی هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال داوای لە سەركردایەتی یەكێتیو هێزی پێشمەرگە كرد خۆیان ئامادەبكەن بۆ راپەڕینو چوونە ناو شارەكان، دەیانووت: یەكێتی خەوی دیوە راپەڕین دەبێت لە كوردستان. ئەوكاتەش بڕوایان بە خەباتو تێكۆشان نەبوو لە كوردستان. لەبارەی یەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەرۆژی (19/5/1992)، چاڵاوی دەڵێت: بە بڕوای من هەڵبژاردن لە كوردستان كرا یەكەم هەڵەبوو یەكێتی كردی، هەڵەیەكە تاكو ئێستا خەڵك پێوەی دەناڵێنێت. چونكە لەكاتێكدا چوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە كە بەرامبەرەكەی پارتی بوو، بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە هەڵبژاردن نەدەكرد كە پاك بێتو بێ غەش نەبوو، هەر لە سەرەتاوە بیریان لەوە كردبویەوە كە چۆن دەنگی خەڵكی بە تەزویر بەدەست بهێنن. ئەو لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی رۆژانی هەڵبژاردندا، دەنووسێت: هەر كە دەستكرا بە هەرای هەڵبژادن ئیتر كڕینی خەڵك دەستی پێكرد. لە سنوری ئێمە ئەو كات كاك مەسعود هەر ماڵەی پەنجا دیناری بۆ كردنە زەرفەوەو بە دیاری بۆی ناردن، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵكی پێ بكڕێت لە هەڵبژاردندا (واتە دەتوانم بڵێم یەكەم هێز كە مرۆڤی ئێمەی والێكرد دەنگی بفرۆشێتو لەو رێگەیەوە لە مەبدەئی كوردایەتیو نیشتیمانی درا، پارتی بوو). چونكە بەو دەنگ كڕینە مەبدەئی نیشتیمانی نەماو حیزب هاتە سەرەوە كە توانیشی پێی سەربكەوێت. ئەو كاتە كەس تەزویری نەدەزانی ئەوان كردیان. ناوبراو كە لەو كاتەدا لە سنوری چەمچەماڵ بووە، دەڵێت: بە بیرم رۆژی هەڵبژاردن كە (19/5/1992) بوو، نیوەڕۆكەی ئێمە زانیمان پارتیەكان چۆن مرەكەبی پەنجەیان دەسڕنەوەو دەستیانكردوە بە تەزویركردن، واتە نیوەی رۆژ تەواوببوو پارتی هەڵبژاردنی خۆی بە تەزویر یەكلایی كردبوویەوە، سەرەڕای پارە دابەشكردنو ئەو هەموو ئەو جاشو كۆنە مستەشارو خۆفرۆشانەی كە دەنگیان بەوان دەدا. لە خەباتی شاخەوە جاشو مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون، جاری واهەبوو جاشەكانو مستەشارەكان پارتیەكانیان لەلا جاشترو مستەشارتر بوو بۆ بەعسو بەپێچەوانەشەوە خۆیان بە پارتی دادەنا، واتە لەمێژەوە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ پارتی نەبوو... بۆ مێژوو دەیڵێم لە سنوری كەركوك – گەرمیاندا بەتایبەت هیچ جاشو خۆفرۆشێك كێشەی لەگەڵ پارتی نەبوو، بەڵكو هەر زۆر پەیوەندییەكی باشیان هەبوو. هەموو مەفرەزە خاسەكان خۆیان بە پارتی دەزانیو بە ئاشكراش خۆیان ئەوەیان دەوت. چاڵاوی لە باسكردنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، دەڵێت: دەبوو یەك هێز حكومڕانی بكردایە تاكو چەند دەیەیەك، تاوەكو كۆمەڵگا دابەشی ئەم حزبیبونە نەبێ، فرە حزبی هەرچەندە داهێنانی یەكێتیە، بەڵام بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین نەدەبوو چەند حزبێ لە حكومەتدا بن. حكومەتی فرەیی نەك لە كوردستان لە هەموو دنیا لاوازترین حكومەتە، توانای پێشــكەوتنی نیە، بەس بەناو جوانە نەك بە كردار. مام جەلالو پارتی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی، چاڵاوی دەڵێت: ئێمە زۆرجار لەگەڵ مام جەلال كە قسەمان دەكرد بۆچی ئەوەندە تەنازول بۆ پارتیو مەسعود بارزانی دەكات؟ دەیوت: ئێوە نایانناسن، ئەوان باكیان بەم هەرێمە نیە. لەپێناوی خۆیان ئامادەن ئەم هەرێمە لەناوبەرن. ئەگەر ئێوەش دەتانەوێ ئەم هەرێمە لەناوبچێت ئەوە لەگەڵ پارتی تێكیبدەن، بەڵام من ئەوەم ناوێ. هەرێمەكەو دەســتكەوتەكەی بۆ من لە یەكێتی گرنگترە. یەكێتی لاوازیش بێ، لەناو ناچێت، بەڵام هەرێمەكە لەناوبچێت بۆ هەشتا ساڵی تر كورد ئەم دەستكەوتەی لە دەست دەچێت، بۆیە من هەرچی پێویست بكات بۆ پارێزگاری لەم هەرێمە دەیكەم، چونكە بوونی كوردی پێوە بەندە. خۆشتان دەزانن كەم فیداكاری نەكراوە بۆ دروستكردنی هەرێمەكە. پاشان چاڵاوی دەڵێت: بەڕاستی ئێمە زۆرمان پێناخۆش بوو كە پارتی لەپێناو سەرۆكو حزبەكەیان هەموو شتێكیان دەكرد، وڵات نەماوە لە ناوچەكەدا بۆ پارێزگاری لە خۆیان نەیهێننە سەر ئەم هەرێمە. لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا، چاڵاوی دەڵێت: پێش نەخۆش كەوتنی، مام جەلال زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی. بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، هەم لەسەر هەرێمو هەم لەسەر بەغداد، بۆ پەیوەندیەكان لەگەڵ عێراق، هەندێ لە هەڵسوكەوتی بارزانی پێچەوانەی سیاسەتی مام جەلال بوو... بە ئاشكرا لەسەر عێراقو شــیعەكان ڕای زۆر جیاوازیان هەبوو، مام جەلال دەیزانی هەرچیەك بكەن بارزانی بۆ خۆییو حزبەكەی هەر زیاتری دەوێ، كاك نەوشیروانیش ئەو ڕاستیەی دەزانی. جیابوونەوەی گۆڕانو رێككەوتنی دەباشان یەكێك لە رووداوە دیارەكانی دە ساڵی رابردوو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانە، چونكە دامەزرێنەرو بەشێكی زۆری سەركردەكانی لە هەناوی یەكتێیەوە هاتنەدەر. چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو كادرو تێكۆشەرانەی لە ناو یەكێتی نیشتیمانی ببوون بە گۆڕان، بەشێكیان لە داخی نادادپەروەری ناو یەكێتیو لادانی یەكێتی لە مەبادیئەكانی یەكێتی بوو، بەشێكی تریان پێیانوابوو یەكێتی دەڕواتو گۆڕان دەبێتە شوێنگرەوەی یەكێتی، بۆیە گۆڕانیان پێ باش بوو تاكو لە كاتی ڕووخانی یەكێتی ئەوان جێگایان بۆ خۆیان گرتبێتو شوێنیان بۆ خۆیان ئامادەكردبێت لەناو گۆڕان. لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان، یەكێك لەو رووداوانەی زۆر باس دەكرێت، رێككەوتنی دەباشانە لەنێوان مام جەلالو نەوشیروان مستەفادا، چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: لەناو یەكێتی بەشێك لە دەسەڵاتداری ناو یەكێتی بە كاك مەلا بەختیاریشــەوە زۆر دژی ڕێكەوتنەكە بوون، بۆیە ئەوانەی ناو یەكێتی كە زۆر لە پارتی نزیكبوون بە دڵی پارتی دژی ڕێكەوتنەكە بوون، چونكە پارتیش هەر لەسەرەتاوە دژی ڕێكەتنەكەبوو، بەوەی دەزانی ڕێكەوتنەكە دەبێتە هۆی ڕێكەوتنی ترو ڕەنگە یەكگرتنەوەش ڕووبدات. ئەوكات ژمارەی كورسیەكانی یەكێتیو گۆران زۆر لەوەی ئەو زیاتر دەبوو، ڕەنگە ببوایەتە هۆی ئەوەی بەرەیەك دروست بێت كە هەندێ لە حیزبەكانی تریش بچنە ناو ئەو بەرەیە، چونكە دۆخەكە وا دەخوازێت. بۆیە پاش ماوەیەك ئەوانەی ناو یەكێتی بە ئاشكرا دژی ئەو ڕێكەوتنەبوون كاریان دەكرد بۆ تێكدانی. لەگێڕانەوەی ئەو قۆناغەدا، درێژە بە باسەكەی دەداتو دەڵێت: ئەوانەی كە لە دژی چاكسازی بوون، هەر ئەوان بوون دژی رێكەوتنەكەبوون.. هەر ئەوان بوون وایان دەكرد مام جەلال لەگەڵ نەوشیروان ڕێكنەبێ. هەر ئەوانیش بوون لە كۆنگرە وایانكرد مام هەندێ قسە لەسەر نەوشیروان بكات. ئەوە بوو دوای كۆنگرە، گوێی لێیان نەگرت و قسەكانی چاككردەوە. زۆر لەو برادەرانە وایان لە مام جەلال گەیاندبوو كە گۆڕان سێ كورسی دێنێت نەك (25)، ئەوانەش زۆر هەوڵیاندەدا یەكێتی بەو شێوەیە بێت كە پارتی وای دەخوازێ هەرواشیان لێكرد. لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە كۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسیی ئێمە هەموو نهێنیەكانی لای پارتی بوو، لەگەڵ تەواوبوونی كۆبونەوەكەدا وەك ئەوە وابوو پارتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان بكات. ئێستاكە چەند كەسێكمان هەن ئەو كات ئەندامی مەكتەب سیاسیی بوون، ئێستا لای پارتی مستەشارن بۆ كاروباری میوانداری، پاش ئەوەی بەو دەسەڵاتەی هەیانبوو لەناو یەكێتی بوون بە بازرگان. ریفراندۆمو كەركوك لەبارەی ریفراندۆمی (25/ئەیلول/2017)، چاڵاوی دەڵێت: كەس نازانێ داهاتی ئەم هەرێمە چەندەو چۆن سەرف دەكرێت، تەنها پارتیو توركیا دەزانن، چونكە هەردوولا ڕێكەوتوون بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بفرۆشن. بەبڕوای من پاراستنو حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كردوە، چونكە توركیا قەت قبوڵ ناكات لەم هەرێمە ئەو هەموو دەسەڵاتە سەربەخۆیە هەبێت. بۆیە هانی بەرزانیان دا ڕیفرانۆم بكات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم بچوكبكەنەوەو پێی بڵێن كورد نابێت ئەم هەموو سەربەخۆییەی هەبێ، چونكە هەموو هاوڵاتیەكی كوردستان ئەوەی قەت سیاسەتی نەكردبوو دەیزانی ئەگەر ئەمریكاو ئەوروپا پشتگیریمان نەكەن، هەموو ئەو وڵاتانەی كوردیان تیایە یان بڵێن كوردستانیان داگیركردووە ڕازی نابن نەك لەوەی هەیە زیاتری هەبێت بەڵكو ئەوەی هەشیەتی لەناوی دەبەن، ئەی چۆن بارزانی نەیزانی وایلێدێت! دەربارەی رووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر كە پارتی بە "خیانەت" ناوی دەبات، چاڵاوی دەڵێت: ســوپای عێراق ئەو ســوپایەی كە بارزانی دەستی هەبوو لە دروستكردنیدا، چەندین جار ناڵێت سەر بە حزبەكەی خۆیان سەرۆكی ئەو عەمەلیە بوون بۆ گرتنەوەی كەركوك، بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیەی لە ڕیفراندۆم كرا، باسی خیانەتو خیانەتكاری دەكەن. سەبارەت بە دۆخی ئێستای كەركوكیش دەڵێت: پارتی پێی باش بوو عەرەب پارێزگاری كەركوك بێ نەك ئەندامی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ئەوەی یەكێتی كەركوك لەدەست بدات، هەرچەندە لەدوای نەمانی هێزی كورد لە كەركوك بە بەرچاوی كاك مەسعودو پارتیەوە ڕۆژانە عەرەبی هاوردە دێتەوە كەركوك بەنوسراوی ڕاكان، بەڵام ئێستاش پشتگیری ڕاكان دەكەن نەك یەكێتی. ئەو لەبارەی پرسی كەركوكەوە دەڵێت: ئەوەی بەكێشەی خۆی دەزانی لە هەرێمی كوردستان لە حزبەكان تەنها یەكێتیو مام جەلال بووە. كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵ نین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە مێژوو ئەو ڕاستیەی سەلماندووە لەوكاتەی بەرژەوەندییەكانی پارتیو بارزانی دەكەوێتە مەترسیەوە، ئەوان پارتیان لەلا گرنگتر بووە لە كوردو كەركوك. لەبەرئەوەی باڵانسی هێز لە كوردستان نەگۆڕێ كە ئەوان نفوزیان لە كەركوك زۆر كەمەو كەركوك زۆربەی یەكێتییە، هەرگیز نایانەوێ كەركوك بێتەوە سەر هەرێم بۆ ئەوەی باڵانسی هێز نەگوڕێ. بۆ نمونە كاتێك كتۆر نەجمەدین پارێزگاری كەركوك بوو لەسەر لیستی یەكێتیو ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی بوو، كە ئاشكرا بوو یەكێتی ویستی سزای بدات، لەسەر گەندەڵیەكانی حكومەتی عێراق مەلەفی دزیەكانی دەركرد، د.نەجمەدین ڕایكردوو چووە هەولێر كە خۆشی ئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتی بوو نەهاتەوە سنوری یەكێتی، پاشان لەلایەن یەكێتی قبوڵ نەكرا وەكو پارێزگاری كەركوك بمێنێتەوە. داعشو ئایندەی كوردستان لەبارەی پەلامارەكانی داعشەوە، چاڵاوی دەڵێت: پارتی پێیانوابوو كە داعش پەیوەندی نیە بەسەر ئەوانەوە. تا ئەو كاتەی پەلاماری شەنگالیانداو شەنگال لەلایەن داعشەوە گیراو هێزەكانیان بەرەو هەولێر هەڵهاتن، ئەو كارەساتە ڕوویدا، ئینجا پارتیو بارزانی تێگەیشتن كە داعش درۆی لەگەڵیان كردوە. ئەو هەموو هێزەی پارتی لە شەنگال بەشێوەیەك شكا تاكو دهۆكو هەولێر نەوەستانەوەو ئەو كارەساتە بەسەر كوردی ئێزدی هات لە شەنگال، كە لە مێژووی مرۆڤایەتی كەم وێنە بوو. دەیان هەزار لە هێزی چەكداری پارتی لەو سنورە بوون نەیانتوانی بۆ یەك سەعاتیش بەرگری لە خەڵكی شەنگال بكەن، تاكو لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریان بێت، ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، هەولێریش دەگیرا. (هەرچەندە) هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن ژمارەی ئەو داعشانەی پەلاماری شەنگالیان داوە كەمتر لە سەد كەس بوون، لەكاتێكدا دە بۆ پازدە هەزار چەكداری پارتی لەو سنورە بوون بەهێزی بەرزانیشەوە. لەكۆبەندی باسەكانیداو لە رونكردنەوەی تێڕوانینی بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی كوردستان، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت: ئەگەر هێزێك بیەوێت لە ڕێگای خەباتی سیاسیو پەرلەمانی لە كوردستان گۆڕانكاری بكات ئەوە لەهەڵەدا دەژین، ئەوەی ئێستاكە لە كوردستان حكومڕانی دەكات خەباتی پەرلەمانیو دەسەڵات لە دەست ئەودایە. ئێستا چلو پێنج كورسی پەرلەمانی هەبێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەچێتە پەنجا كورسی، لەبەرئەوەی بە دەست خۆیەتی چەند كورسی هەبێ، چونكە هەر چەندی بوێت بە تەزویر بەدەستی دێنێت. ئەگەر بە ئازادی هەڵبژاردن بكرایە ئەو (45) كورسیە هەر (25) كورسی دەنگی ڕاستەقینەی خۆیەتیو بیست كوردسی تەزویرە. هەرچی كردبێت بۆی چۆتە سەر، هەرچەندە پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی نیە، هەر ڕۆژێك پارتی بە چاكی بزانێ دایدەخاتو سەرۆكەكەشی دەردەكات وەكو لە ڕابردوودا كردیان.
درەو: مەسعود بارزانی پەیام بۆ سەڵاحەدین بەهادین و شاسوار عەبدولواحید و عەلی باپیر دەنێرێت و داوایان لێدەكات بێلایەن بن، بافڵ تاڵەبانیش داوای لێیانكردووە دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن. (درەو) زانیویەتی لە دوو رۆژی رابردوودا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی بۆ هەریەك لە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی دادگەری ناردووە، كە پێی راگەیاندوون پێویستە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا بێلایەن بن، بەڵام لە دانیشتنی پەرلەماندا پێویستە بچنە ژوورەوەو نیسابی یاسایی تەواو بكەن. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیامی بۆ نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ ناردووەو داوای لێكردوون دەنگ بە كاندیدی یەكێتی (بەرهەم ساڵح) بدەن.
درەو: هەر هاوڵاتیەكی عێراق و هەرێمی كوردستان داهاتی رۆژانەی (1.9) دۆلار كەمتر بێت، دەچێتە خانەی ئەوانەی کە لەخوار هێڵی هەژارییەوە ژیان بەسەر دەبەن، لەسەر ئاستی خێزانیش ھەر خێزانێك داهاتی رۆژانەی (9.5) دۆلار كەمتر بێت، لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. لەبارەی ھێڵی ھەژارییەوە رێژەی هەژاریی لەسەر بنەمای داهاتی تاک و خێزان دیاری دەكرێت، نەك خەرجی رۆژانەیان. بڵابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرزكردووەتەوە، لە عێراق رێژەی هەژاری لە (20%)ەوە بۆ سەرو (30%) بەرزبووەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش لە (5%)ەوە بۆ نزیكەی (13%)ە بەرزكردووەتەوە. بەپێی ئەو ستانداردەی كە لە عێراق دیاریكراوە، کەمترین ئاستی داھات کە بۆ ھەر تاکێک لە رۆژێکدا بڕی (1.9) دۆلار واتا (2 هەزارو 800 دینار) دینارە، ئەم بڕە پارە مانگانە دەكاتە (57) دۆلار واتا (84) هەزار دینار. کەمترین بڕی داھات لەسەر ئاستی خێزان لە عێراق، رۆژانە بە بڕی (9.5) دۆلارە کە دەکاتە (14 هەزارو 60) دینار، ئەم بڕە پارە مانگانە دەکاتە (285) دۆلار واتا (421 هەزار) دینار. پێشتر حكومەتی عێراق (105) هەزار دیناری دیاریكردبوو وەکو کەمترین ئاست داھاتی مانگانە بۆ هەر تاكێك، ساڵی 2014 نسار روبێعی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق وتی" هەر هاووڵاتییەك داهاتی مانگانەی (105 هەزار) دینار بێ، ئەوا لە ژێر هێڵی هەژاری دایە".كە سەرچاوەكانی داهات (موچە، كرێی كاركردن، سودی بانكی، كرێی هەبوو....) کۆرۆناو ھەژاریی بڵابونەوەی پەتای کۆرۆنا رێژەی هەژاریی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزكردووەوە، بە وتەی خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عێراق ساڵی 2021: 🔹 رێژەی هەژاریی لە عێراق بۆ ٣١٫٧٪ بەرزبوەتەوە،ساڵی ٢٠١٨ ئەم رێژەیە ٢٠٪ بووە. 🔹 ژمارەی هەژاران لە عێراق بەرزبوەتەوە بۆ (١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار) كەس، بەر لە قەیرانی كۆرۆنا ژمارەی هەژاران نزیكەی (١٠ ملیۆن) كەس بووە. 🔹 رێژەی هەژاریی لەنێو منداڵانی خوارو تەمەن ١٨ ساڵ لەدوای قەیرانی كۆرۆناوە گەیشتوەتە ٣٨٪. هەژاری لە هەرێم: بەپێی ئامارە نافەرمیەكان، رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان بۆ (13%) نزیك بووەتەوە بەتایبەتی ئامارەكە لەدوای هاتنی كۆرۆناوە زۆر زیادی كردووە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم (6 ملیۆن و 270هەزار) كەسە، بەوپێیەش ژمارەی ئەوانەی هەرێمی كوردستان هەژارن (815هەزار) كەسە بەرێژەی (13%). ئۆفیسی هاوكاریی پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO ) لە راپۆرتێكیدا تایبەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە 2020 بڵاویكردەوە، دەڵێت: 🔹 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان (12.5% بۆ 13%)ە. بەڵام بەوتەی عەبدولزەهرە هندوای وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق: 🔹 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان (12.5% بۆ 13%)ە. سیروان محەممەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند، هەر بەپێی دواین رووپێویی لە ساڵی 2018، رێژەی هەژارییان دەرهێناوە بە ستانداردی بانكی نێودەوڵەتی كە لە ( 5.45% )بووە. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی بێكاری لە ساڵی 2019دا (9%) بووە و بەهۆی كۆرۆناوە لە لە ساڵی 2020 بۆ (12%-13%) بەرزبووەتەوە. رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی عێراق بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2020دا: رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی هەرێم: هەولێر: 6.7% سلێمانی: 4.5% دهۆك: 8.5% پارێزگاكانی عێراق: موسەنا:52% دیوانیە:48% میسان:45% زیقار: 44% بەسرە:16% واست:19% نەجەف: 12.5% كەربەلا:12% بابل: 11% بەغداد:10% دیالە: 22.5% ئەنبار:17% سەڵاحەدین: 18% نەینەوا: 37.7% كەركوك: 7.6% رێژەی هەژاری لەو وڵاتانەی كە جەنگ و ململانێی تیایە بۆ 2021: سوریا: 90% غەزە:85% یەمەن/ 78% سودان: 77% سوماڵ: 73% لوبنان: 55% لیبیا:45% عێراق:30%
درەو: پارتی و یەكێتی لە ئاستی باڵا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار پەیوەندی بە نەوەی نوێوە دەكەن، ئێرانیەكان داوا دەكەن نەوەی نوێ دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن، هاوپەیمانی (لە پێناو خەڵك) هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئیمتیداد و بەشێك لە سەربەخۆكان هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێنا بەناوی هاوپەیمانێتی (لەپێناو خەڵك) سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە (شاسوار عەبدولواحید)ە، ژمارەی كورسیەكانیان وەك خۆیان رایانگەیاندووە (28) كورسیە لە پەرلەمانی عێراقداو، كاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (رێبوار ئەورەحمان) پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە، ئەو هاوپەیمانێتیە بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كاندیدەكەیان (34) دەنگی بەدەستهێنا. ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە نەیویست ناوی بهێندرێت بە (درەو)ی راگەیاند: لەسەر ئاستی باڵا یەكێتی و پارتی پەیوەندیان بە نەوەی نوێوە كردووە، هەریەكەیان داوایان كردووە هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەنگ بە كاندیدەكەیان بدات، لەسەر ئاستی ئیقلیمیش ئێرانیەكان و ئەمریكیەكان بەرەسمی سەردانی نەوەی نوێیان كردووە، ئێرانیەكان داوایان لە نەوەی نوێ كردووە، كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوەو دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدەن كە (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە، كە چی دەكەن و هەڵوێستیان چی دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی دەدەن. ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئەوەشی وت: لە گەڕی دووەمدا یەكێتی و پارتی پێویستیان بە دەنگی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەبێت، جیا لەوەش هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەتوانێت نیسابی كۆبونەوەكە تەواو بكات یاخود نیساب بشكێنێت، بەو پێیەی نیسابی پێویست بە گەڕی یەكەمی دەنگدان بۆ سەرۆك كۆمار پێویستی بە ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە، هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر و حەلبوسی و پارتی) و هەموو ئەوانەی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشدار بوون لە دانیشتنی یەكەم، ٢٢٨ پەرلەمانتار بوون، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێویستی بە (220) ئەندام هەیە، ئەگەر هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك نەچێتە ژوورەوە نیساب تەواو نابێت. رۆژی 8ی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی) كردووە كاندیدێكیان هەیە (هۆشیار زێباری)، نزیكەی (180) دەنگیان هەیە، كاندیدەكەیان بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان (180) دەنگی بەدەستهێناوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بە فەرمی (بەرهەم ساڵح)یان كاندید كردووە، دەنگی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر كردووە، هەریەك لە ئێران و ئەمریكاش پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. بەپێی نەخشەی ناو پەرلەمانی عێراق، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پێویستی بە دەنگی (دوولەسەر سێ)ی ئەندامان هەیە واتا (220) ئەندام هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ناتوانێت ئەو دەنگە بەدەستبهێنێت و دەكەوێتە گەڕی دووەم كە بە دەنگی زۆرینەی سادە سەرۆك كۆمار هەڵدەبژرێدرێت.
راپۆرت: درەو "پێم وت هەموو رێگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە باسی لە گفتوگۆی خۆیو مەسعود بارزانی كردووە لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە،لەلایەن ئەندانمانی سەركردایەتیەوە بە چەپڵە رێزان پێشوازی لە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی كرا، كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوەیەكی دژە پارتیانە بوو، راگەیەندراوی كۆبونەوەكەش بەتوندی هێرشی كردە سەر پارتی، بەڵام هێشتا پارتی وەڵامی نەداوەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی چی كرا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. تێكچوونی یەكڕیزیی ! دوای هەشت مانگ لە رووداوەكانی (8)ی تەموزو دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ریزەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە. ئەم كۆبونەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، تێیدا بە تێكڕا سەرلەنوێ (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرایەوە. ئەمڕۆ رۆژی راگەیاندنی تێكچوونی ئەو یەكڕیزییە بوو، كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا یارتیو یەكێتی بانگەشەیان بۆ دەكرد، ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە نەك نەیانتوانی هێزە كوردییەكانی تر لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، خۆشیان نەیانتوانی بە یەكڕیزی بچنە بەغداد، رەنگە ئەمە سەرەتای كۆتایی چیرۆكی یەكڕیزی كورد بێت لە بەغداد. لە كۆبونەوەكەدا چی وترا ؟ بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لە هەوڵەكانی خۆی كردووە سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا. بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" داوام لە مەسعود بارزانی كردووە پارتیو یەكێتی پێكەوە بچینە بەغدادو یەك كاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێموت ئامادەم بەرهەم ساڵح بهێنمە لات چی تێبینیەكت هەیە لەسەری، چی رێنماییو رەخنەو قسەیەكت هەیە پێی دەڵێنو وا دەكەین پەیوەست بێت بە هەموو بڕیارو هەڵوێستێكی ئێوەوە، بەڵام بارزانی رازی نەبووە". بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، دوای ئەوەی بارزانی وتویەتی من بەرهەم ساڵحم ناوێت پۆستەكەیم دەوێت و سوربووە لەسەر ئەوەی پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناكشێنێتەوە ، بە بارزانی وتووە:" ئەگەر كاندیدی تۆ دەرچوو پیرۆزبایت لێدەكەین، ئەگەر كاندیدی ئێمەش دەرچوو پیرۆزباییمان لێبكەن.. چونكە ئێمە هەموو ریگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ سەرخستنی كاندیدەكەمان". كاتێك بافڵ تاڵەبانی باسی لە توندی و حەدی قسەكانی كرد لەگەڵ مەسعود بارزانی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە دوو جار چەپڵە بۆ بافڵ تاڵەبانی لێدراوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پاڵپشتیان لە كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جگە لە چەند تێبینییەكی كەم كە هەبووە لەبارەی ئەدای كاركردنی بەرهەم ساڵح لە رابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەكی ئەوتۆ لەبارەی كاندیدكردنەوەی نەبووە. دیارترین كەس كە دژی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بووە، تەنیا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بووە كە لە كۆبونەوەكەدا لە چوارچێوەی قسەكانیدا وتویەیەتی" كاندیدێكتان بەسەرماندا سەپاندووە"، لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك لەو كەسانەیە كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا باسی لەتیف رەشید وەكو كاندیدی بەدیلی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە. "شەڕی ئیرادە" بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوون شەڕی سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێتو هەموو رێگایەك بگیرێتە بەر، پێشنیازكراوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح ناوی لێبنرێت"شەڕی ئیرادە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی پارتی دەیەوێت ئیرادەی یەكێتی بشكێنێت. كۆبونەوەی دژە پارتی بەگشتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوە بوو دژ بە پارتی، تا ئەو رادەیەی دەكرێت ناوی لێبنرێت "كۆبونەوەی دژە پارتی". (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەەوە كراوە، یەكێتی شەڕی بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا بكاتو بیدۆڕێنێت زۆر باشترە لەوەی تەسلیمی ئیرادەی پارتی و بارزانی ببێت. بەیاننامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە، بەڕوونی گوزارشتی لە توڕەیی كۆبونەوەكە لە پارتی كرد، بەیاننامەكە جەخت لەسەر چەند خالێك دەكات كە ئەمانەن: • پارتی تاكڕەوانەو لە دەرەوەی یەكڕیزی كورد رێككەوتنی لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی كردووە (سەدرو حەلبوسی). • پارتی تاكڕەوانە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش كردووە. • پارتی كێشەی لەگەڵ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح نەبووە، بەڵكو بۆ چاوبەستەكی یەكێتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵحی كردووە، بۆ یەكێتی دەركەوتووە تەنانەت ئەگەر بەرهەم ساڵحیش بكشێتەوە، پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە هۆشیار زێبارییە، ناكێشێتەوە. پارتی وەڵام ناداتەوە ! دوای زیاتر لە پێنج كاتژمێر لە بڵاوبونەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیو ئەو هێرشانەی كە تێیدا كراوەتەسەر پارتی، تائێستا پارتی وەڵامی نەداتەوە. وا دەردەكەوێت پارتی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەگەڵ سەدرو سوننەكاندا یەكلاكردوەتەوەو یەكێتی بەجێهێشتووە. ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی نوێ روونەداتو هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لاواز دەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەدرییەكان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چاویان لەوەیە سەرۆك كۆماری نوێ لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، لەماوەی دیاریكراودا پرسی كوتلەی گەورە لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكلابكاتەوە. سەرباری رەخنەی شەقامو لایەنە عێراقییەكان لە هۆشیار زێباری سەبارەت بە تێوەگلانی لە گەندەڵیو لێسەندنەوەی متمانە لێی وەكو وەزیر لە كابینەی حەیدەر عەبادیدا، بەڵام رێككەوتنی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) زامنی سەركەوتنی زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەربكێشێت بۆ گەڕی دووەمیش. لەبەرامبەردا كاندیدی یەكێتی كە بەرهەم ساڵحە، گرەوەكەی لەسەر دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم)ە، ئەم لایەنانەش ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانەوەیان بەهێزترە لە مانەوەیان بە یەكگرتوویی، سەرباری ئەمەش ژمارەی كورسییەكانیان زۆر كەمترە لە بەرەكەی (سەدر+ بارزان+ حەلبوسی). یەكێتی وەكو ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نەكردووە، رێككەوتنی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەكردووە، لەئەگەری بەشدارنەبوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كابینەی نوێی حكومەت، پێشبینی ناكرێت، ئەم لایەنانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەنو دەنگ بدەن، چونكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرنو دەنگدانیان بە كاندیدی سەرۆك كۆمار، وەكو بەشداریكردنیانە لە دەسەڵاتدا. بەم بارودۆخەوە، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بەسەر كاندیدی پارتیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر لاوازە، ریفراندۆمو لێكەوتنەكانی كۆتاییان هاتووەو بارزانی بڕیاریداوە بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لە یەكەم هەنگاویشدا پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە. دوای لێسەندنی پۆستی سەرۆك كۆمار هێشتا دەرفەتی ئەوە لەبەردەم یەكێتیدا دەمێنێتەوە بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام هەرجۆرە بەشداریكردنێكی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بێتو پارتی پشكی وەزارەتو پۆستەكانی بەغدادی بۆ دیاری دەكات، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتییە وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان، دوو هێز كە لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، لەچوارچێوەی رێككەتنی ستراتیژیدا پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردبوو، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، ئەم هاوكێشەیە كاتێك كاری پێدەكرا كە هێشتا جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەرو سكرتێری یەكێتی لە ژیاندا بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بوو، بەڵام ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە لە پێگەی سیاسی پێشتری خۆیاندا نینو رێككەوتنی ستراتیژی لەكاركەوتووە، پارتی بەگوێرەی ژمارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، یەكێتی كورسییەكانی كەمیكردووەو بەدەست كێشە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێت.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا ڤیدیۆیەکی کورت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە تیایدا باوەڕدارێکی سەلەفی لە ئۆتۆمۆبێلەکەی دادەبەزێت و بەرەو پەیکەرێکی لە بەفر دروستکراو دەڕوات و بە لەقە دەیشکێنێت. دوای ئەوە سواری ئۆتۆمۆبێلەکە دەبێتەوە و دەڕوات. ھەواڵی شکاندنی چەندان شێرەبەفریننەش لەلایەن کەسانی باوەڕداری سەلەفی تری لەو جۆرەوە، بیسترا. شکاندنی ئەو پەیکەرە لە بەفردروستکراوانە وەک نمایشکردنی دینداریی ڕاستەقینە و وەک ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆ خودا، ئەو بیرۆکەیەیە لە پشتی ئەم جۆرە کردەوەیەوە ئامادەیە. ئەمانە ئەو جۆرە دیندارەن پێیانوایە بەو شکاندنە ”خودا“ لە شەریک بۆدروستکردن ڕزگاردەکەن. لەو باوەڕەدان خودا پێیوستی بەوانە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆی، با ئەو شەریکەش منداڵێک بە بەفر دروستیکردبێت. ئەم جۆرە ئیماندارانە کەسانێکن پێیانوایە دەتوانن ھەم دین و ھەم خودی خودا خۆیشی لە دوژمنە گریمانکاوەکانی خودا بپارێزن. لە دیدی ئەمانەدا ھەموو ئەوانەی تێگەیشتنێکی تریان بۆ دین و بۆ خودا ھەیە جیاواز لە تێگەیشتنی ئەمان، گومڕا و سەرلێشێواون، ئەوان لە. ڕێگای شکاندنی ئەو پەیکەرە بەفرینانەوە دەیانھێننەوە سەر ڕێگای ڕاست، یان لانیکەم نیشانیانئەدەن ڕێگای ڕاستی گەیشتن بە خودا و دینداریی پاکژ چییە و کامەیە. شکاندنی ئەو پەیکەرە بە بەفردروستکراوانە، کۆپیەکی کوردانەی شکاندنی ئەو پەیکەرە گەورەیەی بودایە کە لە ساڵی ٢٠٠١دا تاڵەبان لە ئەفغانستان وێرانیانکرد. ئەودەمیش تاڵەبان، وەک ھێزێکی سەلەفیی، بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە و ڕێگرتن لە دروستکردنی شەریک بۆی ،ئەو پەیکەرە مێژووییەی بودایان وێرانکرد. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و دینداریی و ئەم شێوازە لە ھەڵسوکەوت بەناوی دینەوە، سەر بەو شێوازەیە لە دینداریی کە جگە لە بەرجەستەکردنی دیدێکی تەواو بەرتەسک و ترسناک بۆ دین، نارسیزمێکی گەورە ژێرخانە فیکرییی و ئەخلاقیی و دەرونییەکەی پێکدەھێنێت، نارسیسزمێک کە بیمار و ترسناکە و مەیلێکی گەورەی وێرانکردنی کەسانی لەخۆیان نەچووی، ھەڵگرتوە. وێرانکردنی سەرجەمی ئەو شتانەی لەم خودە نارسیستییە ناچن، یان باوەڕیان بە دینداریەکە جیاواز لە باوەڕی ئەو خودە نارسیستییە. ئەم نارسیزمە دینییە کۆمەڵێک باوەڕ دروست و ئاراستەی دەکرن. کە دەشێت گرنگترینیان ئەمانەبێت. باوەڕ بەوەی کە ھەم دینییەکەت و ھەم شێوازی دینداریەکەت تاقە دین و دینداری ڕاستەقینەن لە جیھاندا و ھەموو دین و ھەموو شێوازەکانی تری دینداریی ھەڵە و ناڕاست و گومڕاییە، تۆش وەک ھەڵگری ئەو دینە تایبەتە باشترین دینداری جیھانیت، ئومەتەکەت باشترین ئومەتی سەرزەوییە، کتێبە دینیەکانت باشترین کتێبەکانی جیھانن و کەسایەتییە دینییەکانی ناوی دینەکەت مرۆڤە ھەرە باشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتین. ھیچ دین و دینداریەکی دیکە نەک بە دین و دینداریی تۆ ناگەن، بەڵکو کوفر و نەزانیی و گۆمڕایین. ھاوکات پێشتوابێت ھەم خۆت و ھەم دینەکەت وەڵامی سەرجەمی پرسیارەکانی مرۆڤ و چارەسەری سەرجەمی کێشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیان، پێیە. لەو باوەڕەدابیت سەرجەمی ھەقیقەتەکان لەناو دینەکەی تۆدا و لەناو ئەو دەقە کۆن و بەئەبەدیکراوەکاندان کە بەر لەم سەردەم و ڕۆژگارە نووسراون. پێتوابێت بەختەوەریی مرۆڤەکان تەنھا ئەو کاتە بەدەستدێت کە ھەمووان وەکو تۆ ببن بە ئەندامی ئەو دینە و ژیانیان بۆ لاساییکرنەوەی ژیانی کەسانی ڕابردووی ئەو دینە، کورتبکەنەوە. تا ئەو شوێنەی پێتوابێت پێویستە مرۆڤەکانی جیھانی ئەمڕۆ ببن بە کۆپی ئەو مرۆڤە کۆنانەی لە سەدەکانی ڕابوردودا وردەکارییەکانی ئەم دینەیان داڕشتوە و ژیاون. لەسەروی ھەموو ئەمانەشەوە پێتوابێت ئەو دینە ئەسڵێکی پاکژە و پێویستە ھەموو مرۆڤایەتی دوای بکەوێت و ئەو ئەسڵە بپەرستێت. ئەم خۆ بە پاکژ زانینە ڕەھایە، کە دیوی ئەودیوی، بە گڵاوزانینی ھەموو ئەوانەیە لەتۆ ناچن، یان جیاواز و ناکۆکن بە تۆ، ئەو خاڵەیە ئەم فۆرمە لە نارسیزمی دینیی تەواو ترسناک و وێرانکەر دەکات. لە ڕێگای گڵاو و گومڕاکردنی جیھانەوە خودی خۆت پاکژ و بێھەڵە بزانیت و وێنابکەیت. ئەم فۆرمە لە نارسیزم بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ھەمووشوێنێکدا بەدوای سێبەر ق کۆپیەکانی خۆیدا دەگەڕێت، پێشیوایە دەتوانێت لەڕێگای سەپاندنی ئەو وێنانای خۆیشیەوە ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات. ئەم فۆرمە لە دینداریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیشی بە ترس و دڵەلەرزەی گەورەوە ھەیە، لە ھەناوی ھەموو نارسیستێکدا بوونەوەرێکی ترسنۆکیش ئامادەیە، ترس لەوانیتر و لە بەشێکی گەورەی ئەو جیھانەی لەگەڵ ئەوانیتردا لەناویدا دەژیی. لە ڕاستیدا ئەم فۆرمە لە نارسیزمیی دینداریی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دەبێت بە ئامرازێک بۆ گۆڕینی خودی دین خۆی، بۆ کولتوریی ترس و تۆقاندنی مرۆڤەکان. چ ئەوانەی ھەڵگری ئەم دیدەن بۆ دینداریی دەبێت بترسن و چ ئەوانەیش ھەڵگری ئەم تێگەیشتنە نین، ھەردوولا پێویستە بترسن. سەلەفیەتی دینیی وێنەیەکی بۆ خودا ھەیە تەواو بێبەزەیی و دڵڕەق و تۆڵەخواز، ھاوکات خودایەکی لاواز و پشێبەستوو بە توانای ئینسان بۆ پاراستنی. خودایەک، بۆ نموونە، منداڵێک یان مێردمنداڵێک دەشێت لە ڕێگای دروستکردنی بوکەڵەیەک بە بەفر شەریکی بۆ پەیدابکات و ئەمانیش بۆ پاراستنی ئەو خودایە ئەو بوکەڵە بەفرینە بشکێنن. ئەمجۆرە لە دینداریی ناتوانێت دیندارییەک بێت بۆ ئەو کەسە بە تەنھا خۆی، ناتوانێت باوەڕە دینییەکەی وەک باوەڕێکی شەخسیی تایبەت ببینێت، بەڵکو دەیەوێت بەسەر ھەموو دونیایدا ھەموو مرۆڤایەتیدا بیسەپێنێت. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، لە ساتێک لە ساتەکاندا پێویستی بە ھێزیی چەکدار و سوپای ڕێکخراو دەبێت. مەسەلەکە لە شکاندنی پەیکەرێکی بەفرەوە دەپەڕێتەوە بۆ شکاندنی ژیانی ئەوانەی لە حیساباتی ئەودا دیندارنین. دین لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەبێت بە ھێزێکی چەکدار، وەک پۆلیس، بە تایبەتیی پۆلیسی ڕاونان و پشکنین و لێپرسینەوە. دەبێت بە ئۆفیسێکیش بۆ سانسۆر و پشکنینی بیروباوەڕ. لە ساتێکیشدا دەشێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بڕیار لەسەر ژیان و مەرگریی مرۆڤەکان بدات. شتێک لە ئیرادەی بەخودابوون لەناو ئەم فۆرمە ترسناکەی نارسیزمی دینیدا ئامادەیە.
راپۆرت: درەو ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سیناریۆكەی 2018 دووبارە نابێتەوە، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستبدات، پرسیاری گەورە لەسەر پرسی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەبێت، گفتوگۆكانی بارزانی و تاڵەبانی بە بنبەست گەیشت لە كاندیدی سەرۆك كۆماردا، یەكێتی بە بەرهەم ساڵح و پارتی بە هۆشیار زێباریەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە هەموو حاڵێكدا بارزانی سەرۆك كۆماری دەوێت ! پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەگەیشتنە رێككەوتنو هەردوولا كاندیدی خۆیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە لە دیداری ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا بەدی كرا. یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتیش (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە. سەرەتا وا دەركەوت پارتی بۆ دورخستنەوەی (بەرهەم ساڵح) لە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی عێراق، (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتیو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندید بەسەرچوو، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆخۆی بەرێت و تەنانەت ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵحیش لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، وەكو عورفێك سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا دابەشكراون، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە، سەرۆك كۆماریش بۆ كورد. بەگوێرەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی كە بەشێكی زۆری رێككەوتنەكە تایبەت كرابوو بە دابەشكردنی پۆستە باڵاكات، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بردو لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا لە ساڵی 2005وە تاوەكو 2018 پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بوو، دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی مام جەلالو ویلایەتێكی فوئاد مەعسومو ویلایەتێكی بەرهەم ساڵح، بەڵام ساڵی 2018 درزێكی گەورە كەوتە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەوكات مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو بوو، بۆیە دەیویست پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەر كاندیدی یەكێتیدا كە (بەرهەم ساڵح) بوو، پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی (فوئاد حسێن)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خستە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە. سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟ ئێستا دۆخی كورد لە بەغداد لەبەردەم دوبارەبونەوەی سیناریۆكەی 2018دایە، پارتیو یەكێتی كۆك نین لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان بەجیا كاندیدی خۆی هەیە، تا ئێرە دوبارە بونەوەی سیناریۆكەیە وەكو خۆی، بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەم دۆخەی ئێستاوە دەریدەخات، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوەو تۆڵەی رووداوەكانی 2018ی لێدەكاتەوە. رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو یاساییە یاخود نا. ئەگەر دادگا بڕیار بدات دانیشتنەكە بەپێچەوانەی یاساو دەستورەوە بەڕێوەچوو، ئەوا دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت سەرلەنوێ دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوەو دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێردرێت، ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك چاوەڕوان نەكراوە. خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەسەر دەستوریبوونی دانیشتنی یەكەم، ئەوان رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو خۆی بەردەوام دەبێتو دەبێت تاوەكو رۆژی 8ی شوبات پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرێت. لەم نێوەندەدا ئەگەر هەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێك دادگای فیدراڵی عێراق ماوەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار درێژبكاتەوە، ئەمە دەرفەتی ئەوە دەدات بە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستەكە بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لە هەموو حاڵێكدا پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، ناكێشێتەوە. ساڵی 2018 بافڵ تاڵەبانی توانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە مەسعود بارزانی بباتەوە، كاندیدی بافڵ تاڵەبانی كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا (بەرهەم ساڵح) بوو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بەجیاوازی (219) دەنگ بەرامبەر بە (22) دەنگ بەسەر كاندیدی بارزانیدا كە (فوئاد حسێن) بوو، سەركەوت، بەڵام دووبارەبونەوەی ئەم سیناریۆیە لە 2022دا هەندێك ئەستەمە، چونكە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەوكات بارزانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان نەكردبوو، تازە لە دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هاتبووە دەرەوە، لایەنە عێراقییەكان بە توندی دژایەتی بارزانیان دەكرد، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وڵاتانی ناوچەكەو تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش كێشەی تێكەوتبوو، بارزانی سەرپێچی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو لەبارەی سازدانی ریفراندۆمەوە، بۆیە بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتیو بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد، لێكەوتەكانی ریفراندۆم كۆتاییان هاتووە، بارزانی بەر لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا ئیمزا كردووە، سەدر ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو ئەو كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەكات، سەرباری ئەمە بارزانی پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ سوننەكان دروستكردووە. بارزانی چۆن سەرۆك كۆمار دەباتەوە ؟ رۆژی 9ی ئەم مانگە لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا پارتی هێزی خۆی نیشاندا، ئەم دانیشتنە سیمای هاوپەیمانێتییەكی نوێی سیاسی لە عێراق نیشاندا كە هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یەو لانی كەم ئەم هاوپەیمانێتییە لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق، خاوەنی (180) كورسییە. لەبەرامبەردا بەرەی نەیارانی هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كە بریتین لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوونو بریتین لە مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم)، ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (70) كورسی. ئەگەر بارزانیو حەلبوسی لەسەر هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ سەدر بەردەوام بن، هیچ چانسێك لەبەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناهێڵنەوە. یەكێتی وەكو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنی 10لا ئۆكتۆبەردا (18) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە، هێشتا چاوی لەوەیە بەگوێرەی نەریتی باو، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەم پۆستە نەناوە، یەكێتی لەنێوان موقتەدا سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆی یەكلا نەكردوەتەوە، سەرباری ئەمەش لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەنگی بە محەمەد حەلبوسی نەداوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە سوننەكانی لە یەكێتی نیگەران كردووە، بەڵام رەنگە بەم خۆ بەدورگرتنە لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، یەكێتی هەندێك ئێرانییەكانی لەخۆی قایلتر كردبێت. ئێستا ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی) لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا، بەزۆرینەی دەنگ كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، سەردەخەن، بەڵام چۆن ؟ بەپێی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆماری بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، دوو لەسەر سێ بەگوێرەی ژمارەی كورسیییەكانی ئێستا پەرلەمانی عێراق كە (329) كورسییە، دەكاتە (220) دەنگ، بەڵام ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بۆ سەرۆك كۆمار هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەم (220) دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار بە دەنگی زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت، لەمەشدا كاندیدی بارزانی بەسەر كاندیدەكەی بافڵ تاڵەبانیدا سەردەكەوێت، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەركەوت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)و هاوپەیمانەكانیان خاوەنی لانی كەم (180) دەنگی پەرلەمانن، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بچێتە رێككەوتنەوە، بە (18) كورسییەكەی خۆیەوە هێشتا كۆی ژمارەی دەنگەكانیان لە (100) دەنگ تێناپەرێت، لە دۆخێكی وەهادا، دەنگی لایەنەكانی تر، ئەوانەی كە خۆیان لەنێوان سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلانەكردوەتەوە بایەخی گەورەی دەبێت، لەوانە دەنگی جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەرییو دەنگی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق. سەرباری ئەوەی سەدریەكان ناچارن پەیوەستبن بە رێككەوانیان لەگەڵ پارتی و دەنگ بە هۆشیار زێباری بدەن، چونكە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران كە لە پشكی سەدریەكان دەبێت دەكەوێتە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆیە ئەگەر سەدریەكان دەنگ بە كاندیدەكەی بارزانی نەدەن، پارتیش دەنگ بە كاندیدی سەرۆك وەزیران نادات. یەكێتی بەشداری حكومەت دەكات ؟ ئەگەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر كاندیدی پارتیدا شكست بهێنێت، پرۆسەی بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەوێتە بەردەم پرسیاری گەورەوە، چونكە دوای لە دەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی دەبێت ئەوە روون بكاتەوە ئایا قایلە لەبەرامبەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی وزاری باڵا لە حكومەتی عێراق وەربگرێت یاخود نا ؟ سەرباری ئەمە، لە هەموو حاڵەكاندا ئەگەر كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق هاوپەیمانێتییەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستی بكات، یەكێتی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بەشداری حكومەتی نوێی عێراق بكات، چونكە یەكێتی هیچ رێككەوتنو لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردندا نییەو هەرجۆرە بەشدارییەكی دەبێت لەرێگەی رێككەوتنەكەی پارتییەوە بێت. پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كشایەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت، ئایا یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكشێتەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ (پارتی+ گۆڕان) دروستی كردووە، ئایا كاردانەوەی ئێران چی دەبێت كە بۆ جاری یەكەم لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەوێتە دەست پارتی، ئەمانە چەند پرسیارێكن كە رۆژانی داهاتوو ئاسۆی وەڵامەكانیان دەردەكەوێت.
درەو: بارزانی جدیە لە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری و نایكشێنێتەوە، دەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی بسەننەوە، لە ئێستادا قۆناغی گۆڕینی كاندید و كشانەوەی كۆتایی هاتووە، یەكێتی بەشدار نیە لە هاوپەیمانێتیە سێقۆڵیەكە (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) بۆیە یەكێتی بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك یان دەبێت بچێتە هاوپەیمانێتیەكەوە یاخود لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار یان پۆستی وزاری و بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە بری حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان، بارەگای بارزانی بڕیار لەسەر بەشداری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق دەدات. پارتی نایكشێنێتەوە مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی 18ی ئەم مانگە كە لە بارەگای بارزانی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی ، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری) تیایدا بەشداربوون.، پارتی جدی بوونی خۆیان لەسەر كاندیدكردنی هۆشیار زێباری دوپاتكردەوەو رایانگەیاندووە: چەندین ساڵە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە ئێستا بارودۆخە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان وا دەخوازێت ئەو پۆستە لای پارتی بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیە ئامادەنین هۆشیار زێباری بكشێننەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو) راگەیاند: پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەم خولەدا بۆ كاندیدەكەی (هۆشیار زێباری) بێت، ئەمە لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی جەختی لەسەركراوەتەوە، كاتی ئەوەش بەسەرچوو كە یەكێتی كاندیدەكەی (بەرهەم ساڵح) بگۆڕێت و پارتی كاندیدی خۆی بكشێنێتەوە، بەڵكو پارتی ئەو قۆناغەی بەجێهێشتوو ئێستا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ سەدرو سونەكان هەیە، دەتوانین بە ئاسانی دەنگی پێویست كۆبكەینەوە ئیتر بۆچی ئەو چانسە لەدەست بدەین و بیدەینەوە بە یەكێتی، كە لەگەڵمان نیە لە بەغداد، سەبارەت بەوەی لایەنە شیعەكان دەنگ بە هۆشیار زێباری نادەن چونكە كەیسی گەندەڵی لەسەرە، ئەو سەرچاوەیە وتی: هۆشیار زێباری خۆی لە بەغداد لەگەڵ زۆربەی لایەنە شیعەكان قسەی كردووەو پێیان راگەیاندووە هیچ كێشەیەكیان نیە، بارزانی هەر كاندیدێك دیاری بكات ئەوان دەنگ بەو كاندیدە دەدەن. قۆناغی گۆڕینی كاندید تەواو بوو پێش كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئاسایی بوو رێكبكەون و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت، بەمەرجێك بەرهەم ساڵح كاندید نەكەن، چونكە بارزانی ڤیتۆی لەسەر داناوە، بەڵام لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان و سەركەوتنی هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) لە دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی بە دڵخوازی خۆیان، ئیتر پارتی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق: • پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەیان لەگەڵ سەدرو حەلبوسی و خەنجەر سەركەوتووبون و بە ئاسانی دەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەربخەن، چونكە خاوەنی (180 بۆ 200) دەنگی پەرلەمانین، ئیتر بۆچی ئەو كارتە بەكار نەهێنن و بیدەنە یەكێتی لە كاتێكدا یەكێتی ئامادە نەبوو بەشداری كۆبونەوەكە بكات، پارلەمانتارانی سەدر و سونەكان ناچارن دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن (هۆشیار زێباری) چونكە ئەگەر پەرلەمانتارانی سەدر دەنگ بە هۆشیار زێباری نەدەن پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران دوای سەرۆك كۆمارە پێویستیان بە دەنگی پارتی دەبێت، بۆیە سەدریەكان بەوە ناسراون كە لەژێر فەرمانی سەدردان و سەدر هەر بڕیارێك بدات ئەوان جێبەجێی دەكەن. • یەكێتی ئامادەنەبوو گوێ لە رای بارزانی بگرێت و سوربوو لەسەر پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح (ئەگەرچی تا ئێستا بەرەسمی راینەگەیاندووە)، بۆیە بارزانی دەیەوێت تۆڵەی شكستەكەی بكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە 2018 روبەرووی كاندیدەكەی بووەوە (فوئاد حسێن)، تا ئێستا رووداوەكان بەو ئاراستەیە بڕۆن كە هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری بكەونە بەرامبەر یەك. • ئێستا زۆربەی لایەنە عێراقیەكان و گوێ لە بارزانی دەگرن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دەكەن، بۆیە پارتی ئەمجارە بە پلانێكی ووردەوە چووەتە بەغداد و دەیەوێت سەرجەم جومگە هەستیارەكانی (پشكی كورد لە بەغداد) لای خۆی بێت یان لانی كەم لەژێر فەرمان و كۆنترۆڵی خۆیدا بێت. • یەكێتی بەشدار نیە لەو هاوپەیمانێتیەی كە دەیەوێت حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت، بۆیە ناكرێت بەشدار نەبێت و پۆستی سەرۆك كۆماریشی لابێت، ئەمە كێشە بۆ هاوپەیمانێتیەكە درووست دەكات، لەو حاڵەتەدا یەكێتی ئەگەر بەشدار نەبێت لەو هاوپەیمانێتیە ناتوانێت وەزارەتیش وەربگرێت، تەنیا دەبێت لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت و وەزارەت لە پارتی وەربگرێت. • پارتی و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت پێكەوە بە سێقۆڵی سێ سەرۆكایەتیەكە پڕبكەنەوە. - سەرۆكی پەرلەمان سونە جێگرەكانی پارتی و سەدری - سەرۆكی كۆمار كورد جێگرەكانی سونە و سەدری - سەرۆكی حكومەت سەدری جێگرەكانی كورد و سونە - وەزارەتەكان دابەشبكەن بەسەر خۆیاندا قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار كۆتایی هاتووە، تا یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكەن یەكێتی نەك پۆستی سەرۆك كۆمار ناتوانێت هیچ پۆستێكی دیكە لە حكومەتی داهاتووی عێراق وەربگرێت، پشكی كورد لە حكومەتی داهاتویی عێراق ( سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سێ بۆ چوار وەزارەت)، بە پێی رێككەوتن و لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە یەكلا دەكرێتەوە. نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە حكومەت و نە پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هیچ رۆڵیان نیەو بەشدار نین لە داڕشتنی بەرنامەو خواستەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە ئێستادا پرسی گفتوگۆ و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەرنامەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراق تەنیا لە بارەگای بارزانیەوە دەدرێت، كە پێشتر حزبەكانی بەشدار لە حكومەت پێكەوە بڕیاریان لە بەشداری كورد دەدات لە حكومەتەكانی عێراق، تا ئێستا ئەوەی باسی لێوە دەكرێت نە بەرنامەو نە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو تەنیا رێككەوتنە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان. ئەگەر پارتی سەرجەم پۆستەكانی بەغداد بۆخۆی ببات كاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم نابێت؟
درەو: راپۆرتی/ دەنگی ئەمریكا دوای بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک پەیجی پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان سیروان بابان و ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری داخست بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. وتەبێژێکی فەیسبووک لە واشنتن کە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "مێتا بڕیاریداوە کە هەردوو پەیجەکە پێشێلی یاساکانی ئێمەیان کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، و داخراون لە ژێر سایەی پێوەرە کۆمەڵایەتیـیەکانی مێتا دژ بە توندوتیژی و هاندان." دەنگی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆی دەرکەوت چەند کەسێک لە ناوڕەاستی مانگی یازدەی 2021 لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵەوە کە گوایە "یەکێتی ئەوروپا سنوور بۆ پەنابەران دەکاتەوە"، بوونە هۆی دروستکردنی ' لێشاوێکی' گەورەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کە سەرەنجام بە توندوتیژی کۆتایی هات. ڕەنج مستەفا ئەحمەد ڕەنج مستەفا ئەحمەد، یەکێک لە بڵاوکەرەوە سەرەکیەکانی بانگەشەکە، ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی 2021 لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبووک بە ناوی "هەواڵی خۆشم پێیە" مژدەی ئەوەی بە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس دا کە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو سنوورەکانی پۆڵەندا بکەنەوە. سێ رۆژ دواتر، ڕەنج لە پەخشێکی تر بە ناوی 'دانی پێدادەنێم شکستمان ھێنا' وردەکاری ئەم بانگەشەیەی بەم شێوەیە باسکرد: "من لێتان نەشارمەوە ڕێکخەری ئەو لێشاوە بووم... ڕۆژی هەینی [12 ی یازدەی 2021] ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانی پەنابەران دانیشتین، وە لە کاتی گفتوگۆکانمان بینیمان کە پۆلیسی بێلاڕووس گەنجێکی زۆریان دەبرد و لێیان دەدان و ئازاریان دەدان.... هیچ دەرفەتێکی تێدا نەبوو دەبوو ئەو خەڵکە هانبدرێت بۆ ئەوەی سیمەکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی کوردەکان، ئەو گەنجانەی لەوێن، وەکو تاوانبار ئەشکەنجە بدرێن... وتیان ڕەنجە تۆ پەیجێکت هەیە، وەکو ڕێکخەری لێشاوەکە پۆستێک بکە بڵێ کە ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت. وە دووبارە یەکشەممەش هەمان پۆست بکەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پشتسارد نەبێتەوە." ڕەنجی تەمەن 32 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بە ڕەنج پشدەری ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری قەڵادزێ یە لە هەرێمی کوردستان و ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی یۆنان نیشتەجێیە. ئەو لە ڕێگەی چالاکیەکانی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد هەزاران بینەری هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردی وەکو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پەنابەران چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە. سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی بانگەشەکە، ڕەنج ڕایگەیاند کە ئەو لەگەڵ 'نوێنەرانی پەنابەران' پێشبینیان دەکرد کە بارودۆخی سەختی پەنابەران، بە تایبەتی منداڵ و ژن و بە تەمەن، وە لە هەمان کاتدا سەرنجی میدیا جیهانیەکان ببێتە هۆی ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا بە کردنەوەی سنوورەکانی. ئەو ئاماژەی دا کە هێزە سنووریـیەکانی بێلاڕووس هاوکاری پلانەکە بوون لە ڕێگەی کردنەوەی خاڵە سنووریـیەکانیان و بەڵێنیان دا کە یارمەتی پەنابەران بدەن بە پچڕاندنی بەربەستە تەلەکانی پۆڵەندا. ڕەنج ڕایگەیاند، " پلانەکەمان زۆر بە تۆکمەیی داڕشت.... بەڵام ئەی هاوار گەر ئەوروپا ئەو ئینسافەی تێدانەبێت ئەو هەموو ژن و منداڵە نەبینێت ئێمە چی بکەین؟" شکستی پلانەکە سەرئەنجام لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی 2021 نزیکی 5 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کورد بوون بەرەو سنووری پۆڵەندا ڕۆیشتن. بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکەی ڕەنج، هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان هەتا 16 ی ئەو مانگە توندوتیژی دروست بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا ئاو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ ڕێگری لە بڕینی تەلەکان و لە وەڵامدا پەنابەران بە بەرد و دار ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە. پۆلیسی پۆڵەندا ڕایگەیاند کە 7 لە ئەندامانی برینداربوون بەهۆی پێکانیان لە لایەن پەنابەرانەوە. ئەوەی بارودۆخی پەنابەرانی بەرەو ئاڵۆزتر برد بریتی بوو لە ڕێگری هێزەکانی بێلاڕووس بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران پەنابەر لە کەشی ساردی سنووری نێوان هەردوو وڵات بۆ چەندین ڕۆژ گیربخۆن. یەکێتی ئەوروپا بێلاڕووسی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە هاندانی وڵاتی ڕووسیا پەنابەران بەکاردەهێنێت وەک کارتێکی سیاسی و ئابوری. ڕەنج دوای شکستهێنانی 'پیلانەکە' دەڵێت هەمان بۆچونی بۆ دروست بوو. ئەو ڕایگەیاند، " بە کوردیـیەکەی ئەو خەڵکە بوونە قوربانی ئەو سیاسەتەی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا... ئێستا دوای ئەوەی ئەو لێشاوەمان دروستکرد و خەڵکەکەمان هان دا، چارەسەر ئەوەیە کە یان ئەوەی خەڵکەکە لەوێ بمێنێتەوە بە مانگ و بە ساڵ یا ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن و بگەڕێنەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەنج بانگەشەکەی بە "سەرکەشیەکی گەورە" ناوبرد و پاساوی بەوە هێنایەوە کە ویستویەتی هاوکاری پەنابەران بێت. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئومێدێکی زۆرم هەبوو کە ئەڵمانیا ئەو دەرگایە بکاتەوە چونکە ژن و منداڵێکی زۆر هەبوو لە نێوان پەنابەران." ئەو دوای لێکەوتەکانی بانگەشە هەڵبەستراوەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. سەدان هاوڵاتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەویان تۆمەتباردەکرد بە هۆکاری ئازارگەیاندن بە پەنابەران. لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایی ئەو هاوڵاتیانە، ڕەنج ڕایگەیاند، "ئەوان ڕەخنە لە خوداش دەگرن. بە هیچ شتێک ڕازی نین." تێوەگلانی بەرپرسان ڕەنج تەنیا کەسێک نیـیە کە بانگەشەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەلایەن ئەوروپاوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، گەنجێکی تری کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی کاروان ڕەواندزی بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برەوی بەو دەنگۆیانە داوە کە بە فەرمی لە لایەن دەستەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی ئەم بانگەشانە پەیجی گەنجەکەی داخستووە. بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە تەنانەت بەرپرسانیشی گرتۆتەوە سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان بەردەوام ئاماژەی دەدا بە "هەواڵی خۆش" تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە. لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو لە ڕێکەوتی 8 ی مانگی یازدە، سیروان بابان بە گریانەوە خۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێستا نامەیەکم بۆ هات کە یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە کە لەو دوو ڕۆژەدا دەبێت هەموو ئەو پەنابەرانەی لەوێن لەو تراژیدیایە ڕزگاریان بێت و بچنە ئەوروپا و تەواو." سیروان بابان بابان لە ڕێگەی فەیسبوکەوە چەندین بابەتی بڵاوکردۆتەوە کە جەخت لەسەر بانگەشەکە دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە پەنابەرن و سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن بۆ هەوڵیان لە کردنەوەی سنوورەکانی ئەوروپا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان، منداڵێکی بچوک بە ناوی سایە دەردەکەوێت کە گوایە لە دارستانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە و دەڵێت، " کاک سیروان بابانی ئەندام پەرلەمان، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو هەواڵە خۆشە.... دێم لە ئەڵمانیا ئەتبینمەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سیروان بابان بە توندی ڕەتیکردەوە کە بەشداربووبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و ڕایگەیاند، "ئەم بابەتە بە ئەنقەست لە کوردستان بەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بخەنە ملی من." ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند کە ئەو تەنیا ئاماژەی بەوەداوە کە "ڕاسپاردە هەیە نەک بڕیار" بۆ کردنەوەی سنووری یەکێتی ئەوروپا بە ڕووی پەنابەرانەوە. لە هەمان کاتدا ئەو بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە دروستکردنی بانگەشەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پەنابەران بۆ فشارخستنە سەر هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. سیروان بابان گوتیشی "دوایی کە بڕیارەکە دەگۆڕێت، حکومەتی پۆڵەندا دەچێتە ژێر کاریگەری یەکێتی ئەوروپا و ئەویش سنووری لە مرۆڤ پێ گرنگترە و مافی مرۆڤ دەچێتە ژێر پۆستاڵی بێلاڕووس و پۆڵەندییەوە، ئیتر ئەوە لە دەستەڵاتی من نامێنێت." سیروان بابان پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. 8 ی مانگی دوازدە لە لایەن پەرلەمانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە ئەندامێتی لیژنەکە پەسەندکرا. لیژنەکە پێشتر و لە 2021/11/10 لە ڕاگەیەندراوێکیدا سیروان بابانی بەوە تۆمەتبارد کە "بێگوێدان بە هەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەران و دوور لە ئیتیکی پەرلەمانتاری هەواڵێکی دوور لە ڕاستی بڵاوکردەوە." لیژنەکە ڕایگەیاند، "وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانەی سیروان بابان کە دوور و نزیک گوزارشت لە ڕای لیژنەکە و پەرلەمان ناکات، پێشمانوایە ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی خراپ هانی گەنجان دەدات کە ڕێگەی هاتونەهات بگرنەبەر و تووشی نەهامەتی و مەرگەسات بن". نەهامەتی بۆ کۆچبەرانی کورد ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەکە، لە لێدوانێک دا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سیروان بابان لە ژێر گوشاری ڕێوشوێنە پەرلەمانیەکان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە لە لیژنەکە. دەستەلەکار کێشانەوەکە، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە بۆ ئەوەیە کە "ببێتە پەند بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خەڵکێک تووشی ئازار بکات." ڕێبوار بابکەیی ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من وەکو سەرۆکی ئەو لیژنەیە، کەسوکاری هەندێک لەو گەنجانەی کە نیازیان هەبوو بچن بۆ بێلاڕووس، دوای ئەوەی کە ئەو هەواڵە نادروستەیان پێگەیشت و هاندران، پەیوەندیان پێوەکردم و گوتیان، 'ئەرێ باشە ئێوە لەبری ئەوەی هۆکاری چاکە بن بۆ گەنجانی ئێمە و باوەڕیان پێبهێنن کە بێلاڕووس بریتییە لە مەرگەسات، پەرلەمانتار و ئەندامێکی لیژنەی ئێوە بە ناوی سیروان بابان گەنجەکانی ئێمە هاندەدات.'" شایەنی باسە، پێشتر لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەرانی لە زاری وەزیرێکی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕەتدکردەو و ڕایگەیاند" ئەو وەزیرە پێی وتین ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە." ئەمەش ببینە سەفین دزەیی: وەزیرێکی ئەڵمانی بەفەرمی پێی وتین وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لەلایەن ئەڵمانیەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا لە چەندین بۆنەدا ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە کە ئاماژەدەکەن بە کردنەوەی سنوورەکانیان بۆ پەنابەران. هۆرست زیگوفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی 18ی مانگی یازدە لە شاری وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا، ڕایگەیاند، "ئێمە پەنابەران وەرناگرین و ملکەچی ئەو فشارانە نابین بۆ سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا." دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە بکات کە بە نوێنەری پەنابەران ناسرابوون. یەکێک لەو کەسانەی کە گوماندەکرێت ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە گێڕابێت کۆتایی مانگی 11 لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانی لەدەستدا و پاشان تەرمەکەی گەڕیەندرایەوە بۆ شارەزوور. بەهادین موحسن قادر، کە ناسراوە بە بەهادینی سەرای ئازادی، یەکێکی ترە لەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی وەرگێڕان ڕۆڵی چالاکی هەبووە لە گەیاندنی پەیام لە نێوان هێزە سنووریەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەهادین بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە دەربڕی و ڕەتیکردەوە کە هاوکار بووبێت لە هاندانی پەنابەران بۆ توندوتیژی. بەهادین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا لەنێو پەنابەران دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا لە ڕێی بڵندگۆوە مژدەی ئەوەیان داوە کە "15ی مانگ سنوورەکان دەکرێنەوە." بەهادین ڕایگەیاند، "یەکێک وتی 'وەڵا کاکە ئەڵێن 15ی مانگ دەرگاتان بۆ ئەکرێتەوە.' منیش پرسیم، ' کێ وای وت؟' .... ڕۆیشتمە خوارەوە، یەک بە یەک، دانە بە دانە، پرسیم کاکە ئێوە خۆتان گوێتان لە بڵدگۆکەبوو؟ گشتیان وتیان نەوەڵا. دواتر سێ بۆ چوار کەس لە نزیک بڵنگۆکە وتیان گوێمان لێبووە." ئەو جەختی کردەوە کە هاوکار بووە لە ئاڕاستەکردنی پەنابەران بۆ یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام دژی بەکارهێنانی توندوتیژی بوو بەرامبەر بە هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "من بە خەڵکەکەم وت، 'خەڵکینە لەگەڵ بێلاڕووس ڕێککەوتوین ئەچینە سەر جادەکە. ئەگەر خوا کردی ئەڵمانیا بۆی کردینەوە ئەوە زۆر باشە. ئەگەر نەشیان کردەوە لەوێ دائەنیشین و کامێرا و ڕۆژنامەوان دەمانبینن.'... بەڵام خەڵکەکە ئارامی نەگرت. من لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژی توندوتیژی بووم. من شاعیرم، شاعیر بەرد دەهاوێت؟" بەشێک لە کۆچبەرانی کورد تا ئێستا لە بێلاڕووس ماونەتەوە هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نیـیە بۆ زانینی زیانەکانی پەنابەران لە پشێویـیەکەی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لە 21 ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند کە تیمێکی ناردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی پەنابەران بەڵام هەردوو وڵات ڕێگرییان کردووە لە چوونی تیمەکە بۆ سەر سنووری نێوانیان. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دەزگاکەیان هەتا ئێستا ناوی دوو کەسی کوردی تۆمارکردووە کە لەسەر سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ڕایگەیاند کە نزیکی 4 هەزار پەنابەری کورد گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و نزیکی 1100 هاووڵاتی تر لە کەمپی پەنابەرانی بێلاڕووس ماونەتەوە. ئاری جەلال سەبارەت بە هۆکاری خێرایی بڵاوبوونەوەی بانگەشەکەی مانگی یازدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاری جەلال ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی کە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردەوە خەڵکانی دەستی گروپی قاچاخچیەکانن و چۆن بیانەوێت هەڵیاندەسوڕێنن. بە داخەوە گەنجی کوردیش ساویلکەیە دوای پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەکەوێت. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراق و وڵاتانی ترمان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە دەستێکە بۆ بازرگانی بە مرۆڤەوە." ئەو ڕایگەیاند کە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس جگە لە زیانی جەستەیی و ماددی، " لە ڕووی دەرونیشەوە تەواو تێکشکاون." هێرش سەعید ئەحمەد دانیشتوی سلێمانییە و یەکێكە لە کوردەکان کە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە چوار ساڵەکەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " کاروان ڕەواندزی ئێمەی هەڵخەڵەتاند و لە خشتەی بردین بەوەی وتی دوای لێشاو بکەون. ئێمەش کە چوین هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قوڕبەسەری و ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە. ئەو ڕایگەیاند، "بارودۆخمان دوای لێشاوەکە خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە. وەرگرتنمان لە لایەن ئەڵمانیاوە لە لایەن فەیسبوک و درۆ و دەلەسەی ئەم و ئەو بوو ئەگینا هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبوو." بۆچونی شارەزایان هەندێک لە شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە سەرەڕای چاکسازی لە کاری کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی. دڵشاد عوسمان، شارەزایەکی سایبەرسکیوریتی لە واشنتن، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "جێگەی داخە کە کۆمەڵگە هەتا ئێستا توانای ئەوەی نیـیە هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ناڕاست جیابکاتەوە و گومان بخاتە سەر دروستی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێیدەگات." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای فەیسبوک کەمتر گرنگی دەدات بەو زمانانەی کەمتر بەکاردەهێنرێن بەراورد بە زمانەکانی دیکە، وەکو زمانی کوردی بەراورد بە زمانی عەرەبی . ئەو پێداگری کرد لەوەی کۆمپانیای فەیسبوک پێویستە کارمەندانی شارەزای زمانی کوردی زیاتری هەبێت بۆ چاودێری و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی هەواڵی ناڕاست. لە هەمان کاتدا، دڵشاد عوسمان ڕایگەیاند کە پێویستە بەکارهێنەرانی کورد زیاتر بە زمانی کوردی بنووسن و نووسینی کوردی ڕێکبخەن بۆ ئەوەی خوارزمیـیەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و زیرەکی دەستکرد Artificial Intelligence کاریگەری زیاتریان هەبێت. سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگا دەوڵەتیـیەکان، ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، " لێرەدا من پێموانیـیە تەنیا فەیسبوک بەرپرسیاربێت. ئەو کەسانەی کە هاووڵاتیانیان چەواشەکردووە و بە ناڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بمرن لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا دەبێت لە کوردستان دادگایی بکرێن." بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆشیاری دەدەن کە زیادبوونی دەستێوەردانی دەزگا حکومیـیەکان لە کاری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسی دەخاتە سەر ئازادی بیروڕا. موستەفا ئەیاد، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا لە ڕێکخراوی گفتوگۆی ستراتیژی لە وڵاتی بەریتانیا، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە حکومەت خۆی یەکێکە لە دەزگا سەرەکیـیەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، "پێویستە کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبوک لە نزیکەوە کار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی قۆڵتر دروستبکەن لەسەر کلتور و جیاوازی سیاسی و ناوچەیی ئەو هەرێمە."
(درەو): خەڵكی لەبەر سەرما لەسەرەی وەرگرتنی بوتڵی غازدان، لەم وەرزەدا پێویستی رۆژانەی هەولێر(17 هەزار) و سلێمانی (18 هەزار) و دهۆك (12 هەزار) بوتڵ غازە ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێ" كێشەی كەمی غاز بوونی نیە"، كۆمپانیای گواستنەوەی غاز دەڵێت "دابەشكردنی غاز زیاد كراوە"، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ غاز لە سلێمانی رۆژانە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە (12) تەنكەر غازی شڵی ماڵان ھەیە، بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا ئەم بڕە بۆ (15) تەنكەر زیادكراوە، بەھۆی ئەوەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز زیادیكردووە، كەواتا هۆكاری كەمی غاز چیە؟ غازی هەموو هەرێمی كوردستان لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بەرهەم دێت، رۆژانە (هەزار) تەن غاز دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی گرێبەستێكی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)و كۆمپانیای (ساوس كوردستان)، ئەو ( هەزار) تەن غازە (700 تەن)ی بۆ ناوخۆ و (300) تەنی بۆ دەرەوە دەنێردرێت. غاز بە ژمارە رۆژانە بۆ غازی ماڵان بڕی (700) تەن دابین دەكرێت، لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر غاز زۆر كەمدەبێتەوە، بەڵام لە وەرزی سەرماو سۆڵە خواست زیاد دەبێت بۆ سەرو (700) تەن. تەنێك غاز (هەزار) كیلۆیە، بوتڵێك غازی ماڵان (16) كیلۆیە، واتا تەنێك غاز (62) بوتڵ غازی ماڵان دابین دەکات. تەنكەرێك غاز (20) تەن غاز هەڵدەگرێت، واتا (20 هەزار) كیلۆ غاز، بوتڵێك غازی ماڵان (LPG) نزیكەی (16) كیلۆ غاز دەگرێت، واتا تەنكەرێك غاز (1250) بوتڵ غاز دەبێت. دابەشبوونی غاز لە ھەرێمی کوردستان ئێستادا رۆژانە بەمشێوەیە غاز بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت: * بۆ پارێزگای هەولێر (14) تەنكەر واتا (17 هەزارو 500) بوتڵ * بۆ پارێزگای سلێمانی (12) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (15) تەنكەر واتا ( 18هەزارو 750) بوتڵ غاز * بۆ پارێزگای دهۆك(8) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (10) تەنكەر واتا (12 هەزارو 500) بوتڵ بەڵام ئەم رێژەیە كەم و زیاد دەكات، رۆژی 14ی ئەم مانگە (40) تەنكەر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەشكراوە، رۆژی 15ی مانگ بڕەکە كەمبووەتەوە بۆ (35) تەنكەر. لەمانگی (12)ی ساڵی رابردوو تەنكەری غاز بەمشێوەیە دابەشكراوە: * هەولێر: 460 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (15) تەنكەر * سلێمانی : 401 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (13) تەنكەر * دهۆك: 240 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (8) تەنكەر کێشەکە لە کوێدایە ؟ ئێستا لەسەرجەم ناوچەكانی سنوری سلێمانی كێشەی كەمی غازی ماڵان هەیەو هاوڵاتیان لەسەری وەرگرتنی غازدان. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەسلێمانی كێشەی كەمی غاز بونی نیە و كێشەی غازمان چارەسەركردووە، چونكە پشكی پارێزگاكە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادكراوە، بەڵام هۆكاری كێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێكدا كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی زستان، چونكە هاوڵاتیان وەك هۆكارێكی سەرەكی خۆگەرمكردنەوەی سودی لێوەردەگرن". (درەو) پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی كۆمپانیای (ساوس كوردستان)ەوە، ئەوان رایانگەیاند" هیچ شتێك رووی نەداوە كە ببێتە هۆی درووستبونی كێشەی غاز، بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز نەك كەمی نەكردووەو بەڵكو زیادیش كراوە بۆ نمونە رۆژانی پێشوو (12) تەنكەر غاز بۆ سلێمانی دابین دەكرا، ئێستا كردوومانە بە (15) تەنكەر". بەرپرسانی کۆمپانیاکە ھۆکاری کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ: * زیادبوونی خواستی زۆر لەسەر غاز بەهۆی وەرزی سەرماو سۆڵەوە. * خاوەن كارگەكان نەیانتوانیوە بەهۆی بەفر و سەرماوە وەك پێویست غاز دابەشبكەن. * نەبوونی چاودێری وورد و لێپرسینەوە لەسەر كارگەكان و دابەشكردنی غاز، كە هەندێكیان هەلەكە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە. ئەوەی ئێستا هەیە لە كێشەی كەمی غازی ماڵان و دەستنەكەوتن و سەرەگرتنی هاولاتیان لەم وەرزەدا بۆ بوتڵێك غاز بەشێكی تری پەیوەندی بە فرۆشتنی غازە لەلایەن كارگەكانەوە بە شوێنە بازرگانیەكان و چونكە ئەوان بە نرخێكی گرانتر دەیكڕن و لە شوێنە بازرگانیەكان دەیفرۆشنەوە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەروەکو چۆن خودا یەکە و نابێت بە دوو، لە ژیانی حیزبایەتییشدا سەرۆک یەکە و نابێت بە دوو، لە مۆدێلی حوکمڕانییشدا حیزبی قائید یەکە و نابێت بە دوو، گەر یەک دوو حیزبی تریش داڵدەی سیاسیی بدرێن، تەنها بۆ ئەوەیە حیزبەکەی سەرۆک بەهێزتربێت، نەک دوانەکەی تر. گەر کەمەکێک بە وردییەوە تەماشای مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیزم لە هەردوو زۆنەکەی هەرێمدا بکەین، دەبینین براگەورەکان بەردەوام تارماییەکیان بەسەرەوەیە کە بە سێبەرەکەی خۆیانەوە دەبن بە دوو. سێبەرە دووەمەکان لە نەخشەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێمەدا، هێزە ئێقلیمییەکانن. تارمایی سیاسەتی تورکیا باڵی بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی پارتییدا کێشاوە، هاوشێوەی تورکیا، سێبەری ئێرانیش بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی یەکێتییەوە ئامادەیە. هاوکات بە هەیمەنەی تورکیی و ئێرانیی، هەم پارتیی و هەم یەکێتی لەژێر سێبەری ئەمر و نەهی ئەمریکادان. لەناو عێراقیشدا هەمان هاوکێشە ڕۆڵی گەورە لە کۆی پرۆسەی سیاسییدا دەگێڕێت. بەشێکی گەورەی ئەو فەوزایەی لە دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێڕاقدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ئەو هاوکێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەیە کە نەخشەی داهاتووی سیاسیی لە عێراقدا دیاریدەکەن. دابەشبوونی ماڵی سیاسیی هێزە شیعییەکان و دابەشبوونی بەرەی سوننی و بەرەی کوردییش بەسەر ئەم هێزانەدا یەک مانای هەیە، هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندییە باڵاحیزبیی و خێزانییەکانی خۆی و ئەو پاترۆن و هێزە ئیقلیمییەی کە دەیپارێزێت، بڕیاری سیاسیی دەدات. ئەم خولەی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کوکتێلێکی نوێی ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای سەدام و لاوازبوونی هەیمەنەی ئێرانە. سەدرییەکان وەک گەورەترین هێزی ئایدیۆلۆژیی شیعیی، بە دروشمی „لاشەرقییە، لاغەربییە“ بانگەشەی سەرەوەرییەکی نوێ بۆ دەوڵەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرێتییەکی عێراقیی نوێی دوای قۆناغی بەعسیزم دەکەن. سەدر و هێزەکەی چەندە هێمان بۆ کۆتایی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی عروبەی عەلمانیی سونیی، هێندەش نیشانەن بۆ سەرەتای دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای بەعسیزم کە سەرچاوە کۆمەڵایەتیی و ئایدیۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمێکی دینیی شیعییە. خولی پێنجەم بە رێککەوتنی پڕۆگرام نادیاری سێ کوتلەی سەدری و بارزانی و حەلبوسی دەستیپێکرد و بە نماییشکردنی سروتی ئایینیی و فۆلکلۆریی کۆتاییهات. چ شێوازی بەشداریکردنی سەدرییەکان بە کفنی سپی و چ خۆنماییشکردنی هەندێ لە پەرلەمانتاران بە جلی کوردییەوە، مانا و دەلالاتی ڕەمزیی خۆی هەیە کە لەجەوهەردا دژ بەیەک نین، بەڵکو لە کولتووری سەرۆکپەرستیی و تەقدیسکردنی کەسدا یەکدەگرنەوە. لەکاتێکدا سەدرییەکانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هوتافیان بەسەر سەرۆکە پیرۆزەکەیان دەکێشا، پارتییەکانیش لەناو هۆڵی پەرلەماندا دروشمی پێشڕەوی کورد پارتییە و سەرۆکمان بەرزانییەیان دەگوتەوە، نەک دروشمی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کە خۆیان بە نوێنەری پاکوبێگەردی کوردایەتیی نماییشدەکەن. ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات دواپێشهاتی دوای ریفراندۆم نابێت لە بەتاڵبوونەوەی زنجیرەی درۆی یەکڕیزیی نەتەوەیی و خەبات بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەڵکو سەرەتایەکی نوێشە بۆ بوونەوەی پارتی و بارزانیی بە حیزب و سیاسەتمەدارێکی عێراقیی ڕەسەن. پارتی تەنها دەستی لە سەرچۆپی یەکڕیزیی نیشتیمانیی کوردان بەرنەداوە، بەڵکو دەیەوێت بەتەنهاش نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی هەرێم بکات و بە خواست و ئیملای ئەو هەموو پۆستە سیاسییەکانیش پڕبکرێنەوە. پارتی هێزێکە لە مێژووی سیاسیی کوردستانی عێراقدا بە بەردەوام موفاجەئەی سیاسیی و سەربازیی بۆ نەیارەکانی بەرهەمهێناوە. لە ٣١ی ئابەوە تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ، پارتی هێزە سیاسییەکانی تری تووشی موفاجەئەی گەورە و بچووک کردووە و دەکات. ئەوە پارتییە سنوور و هێڵی سووری نەتەوەیی بۆ هێزەکانی تر دادەنێت و خۆشی هیچ ڕەنگ و سنوورێک ناناسێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە خێزانیی و سیاسییەکانی. تاکە شەرمێکی سیاسیی کە پارتی هەیبوو ترس بوو لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و درۆ سیاسییەکانی لەناو ڕووبەری گشتییدا و شکانی هەیبەتی خێزانیی و سیاسییەکەی، بەڵام ئەم شەرمەش ڕوو لە نەمان دەکات. پارتی هەیبەت و خەرمانەیەکی سیاسیی بۆ بارزانی و بارزانییەکان دروستکردووە کە هەڵە بە کاری باش و درۆ بە کردەی ڕاست نماییشدەکات. ئەم حیزبە دەتوانێت بەبێ کێشە ئەندامەکانی بە هەمان زمان و کەرەسەکانی بەعسیزم و ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارییەکان، گۆشبکات و ئەو وەهمەیان لادروستبکات کە هەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشە و هەرچییەکیش بارزانیی بیکات لەخزمەت گەلی کوردایە. لەکاتێکدا پارتی پرسی نەتەوەیی کردووە بە موڵکی شەخسیی خۆی و بەتەنها کوالیسیۆن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر دروستدەکات، بەتەنها نوێنەرایەتی هەموو کورد دەکات و بەتەنها دەیەوێت ئیملای پۆستە سیاسییەکانیش بکات، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش سیاسەتی بەتەواوەتی بیرچووەتەوە. مامەڵەی بارزانی لەگەڵ بەشەپۆستە سیاسیی و سیادییەکانی کورد لە بەغدا وەک مامەڵەی وایە لەگەڵ پرسی نەوتدا، واتە پارتی دەیەوێت هەم داهات و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خۆی بێت و هەم بەشە بوجەکەشی لە بەغدا وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەوەی پارتی و بارزانی لە بەغدا کردیان و دەیکەن پەیامێکە بۆ هەموو هێزەکان و کۆمەڵگای کوردیی، کە کورد تەنھا پارتی و ماڵباتی بارزانییەکانی شایستەیە حوکمڕانیان بێت. هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکانی پارتی و یەکێتیی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ پێ لەسەر یەکڕیزیی نیشتیمانی و کوردایەتیی دادەگرن و پاشان هەریەکەیان لەژێر سێبەری پاترۆنە ئیقلیمییەکانیان بەسەر پڕۆژەی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی ناکۆک و جیاوازی عێراقییبوونی دوای سەدامدا دابەشدەبن، قسە کۆمیدییە بەناوبانگەکەی سەدامم بیردەکەوێتەوە کە دەیگوت: „ڕاستە من جگەرەی ئەمریکیی دەکێشم، بەڵام بە شقارتەی عێراقیی دەیسوتێم“. بەبۆچوونی من رزگارکردنی ئینسانی ئێمە بە پاکژبوونەوەی عەقڵی تێدەپەڕێت لە کۆی ئەو وەهم و درۆ ناسیۆنالیستییانەی کە هەم ریفراندۆم و هەم شانزەی ئۆکتۆبەری بەرهەمهێنا. عێراقییبوونەکەی پارتی دوای ریفراندۆم لەبەغدا لە پرسی سیاسییەوە بووە بە نماییشی فۆلکلۆریی، لە یەکڕیزیی نیشتیمانییەوە بووە بە ملشکاندنی نیشتیمانیی و لە داکۆکییکردن لە مافە نیشتیمانییەکانەوە بووە بە داکۆکییکردن لە بەشە حیزبیی و بنەماڵەییەکان لە داهات و پۆست.