(درەو) بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی

Draw Media

2022-01-29 10:17:20



درەو:
(درەو) خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراستی)‌و ئەم پاڵپشتییە داراییە بەكاردەهێنێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەی بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)و راپۆرت و كارە رۆژنامەوانییەكانی.
سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی كە بە (NED) ناسراوە‌و بارەگا سەرەكییەكەی لە واشنتۆنە، بۆ ماوەی دووساڵ‌و لە مانگی (1/2/2024) بۆ (31/1/2026).. بڕی (60 هەزار) دۆلاری بۆ پشتیوانی (درەو) تەرخان كردووە.
(درەو) خۆشحاڵە، لەرێگەی وەرگرتنی ئەم پاڵپشتییەی (NED)ەوە، بۆ دامەزراوەكانی درەوەو ناوەوەی كوردستانی سەلماندووە، میدیایەكی (ئازاد، سەربەخۆ، بێلایەنە)و لەم تاقیكردنەوەیەشدا لەلای رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەكو (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا)وە بەسەركەوتوویی هاتوەتە دەرەوە.
پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراتی) بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەدەچێت‌و وەكو هەموو ئەو دامەزراوانەی تری عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتییەكەیان وەرگرتووە، (درەو) دەخاتە ژێر چاودێری شەفافیەتەوە لەسەر ئاستی كۆنگرێسی ئەمریكا، ئەمەش (درەو) زیاتر بەرەو دامەزراوەیبوون دەبات.
(درەو) بەهەوڵی چەند رۆژنامەنوسێك دامەزراوە‌و بەڵێنی ئەوەی بەخوێنەرانی داوە بەشێوەیەكی بێلایەنانە كاربكات، لەم پێناوەشدا لەماوەی رابردوودا دوچاری قەیرانی دارایی زۆر بوەتەوە، بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە، لەسەرەتای دامەزراندیدا، ماڵپەڕەكە هیچ ئۆفیسێكی نەبووە‌و رۆژنامەنوسەكانی بەشێوەی ئۆنلاین لەماڵەكانی خۆیانەوە كاریان كردووە، سەرباری ئەمە نەیتوانیوە وەكو پێویست گەشە بە كارە رۆژنامەوانییەكانی بدات.
ئێستا‌و دوای وەرگرتنی پشتیوانی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی)، (درەو) كاركردنی خۆی دەباتە قۆناغێكی نوێ‌و سود لە پشتیوانییە دارایی و مەعنەویەكەی (NED) وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكە‌و بڵاوكردنەوەی هەواڵ‌و راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی بە هەردوو زمانی (عەرەبی‌و ئینگلیزی).
لەچوارچێوەی ئەم پاڵپشتییە داراییە، (درەو)، بەشێكی كارەكانی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری لەبارەی چاودێریكردنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە ئاڕاستەی شەفافیەتی زیاتر لەم كەرتەدا.
(سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی) دامەزراوەیەكی تایبەتی قازانج نەویستە، پاڵپشتی گەشەكردن‌و بەهێزبوونی دامەزراوە دیموكراتییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان، ئەم سندوقە ساڵی 1983 دامەزراوە‌و ئێستا لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان چەندین دامەزراوە سودمەندن لە پشتیوانییە داراییەكانی ئەم سندوقە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand