تەیب كەسنەزانی پەرلەمانی بەریتانیا لە گەرمەی موناقەشەکانی هاتنە دەرەوە لەیەکێتی ئەوروپا ( بریکست ) دوێنێ هۆڵی دانیشتنەکانی دڵۆپەی ئاویکردوو بە ناچاری بەهۆی کون بوونی بۆرییەکانیەوە دانیشتنەکانیان هەڵپەسارد، ئەم ڕوداوەش وایکرد کە ئەمڕۆ گفتوگۆی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت ...هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن بە ئەنقەست ئەو کارە کراوە چونکە سەرۆک وەزیران تریزە مەی دەبوایە ئەمڕۆ بەرنامەی کاری بدایەتە پەرلەمان و پێشکەش بکردایە بۆ ئەوەی ڕۆژی دووشەممە موناقەشەی بکرێت لە پەرلەمان تاوەکو بزانن چەند کات داوا بکەن لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دوا خستنی پرۆسەکە . چونکە ڕۆژی چوارشەممە ۱٠ ی ئەپرێڵ کۆبووەوەی نائاسایی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی دواخستنی (بریکست). بەمەش تریزە مەی پەرلەمان ناچار دەکات کە تەنیا ۳ شەممەیان لەبەردەست بێت بۆ موناقەشەکردن و بەپەلە دۆخەکە تێپەڕێنێت چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەو نیە. هەڵبەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەبێت ۲٤ کاتژمێری کارکردن پێشوەختە پێشکەش بکرێت . هەندێکی تر بە تەنزەوە بۆچونیان وایە کە ئەم کونە لەم کاتەدا لەپەرلەمان ڕوویداوە بۆ ئەوەیە پیشانی بدەن کە ئەوەتا بۆری چاککەرەوەکان ( پڵەمەر ) کە زۆربەیان خەڵکی ئەوروپای شەرقین لەم ووڵاتەدا ئەوتا ئێستا نەماون و ئێرەیان بەجێهێشتوە بەهۆی بریکستەوەو پەرلەمان ناتوانێت بۆرییەکانی خۆی چاک بکاتەوە بۆیە پەرلەمان نایەوێت بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەرچێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆرییەکانی خۆیان چاک بکەنەوە. ئەوەی کەهەیە سەبارەت بە ' چاڵەکەی' بەنداوی دوکانیش ، زۆر کەس پێی وایە کە ئەم بابەتە لەڕادە بەدەر گرنگی پێدراوە بۆ ئەوەیە کە سیاسیەکان و حیزبی دەسەڵات لەبیری خەڵکی کوردستانی بەرنەوە کە خەریکن یاسای سەرۆکایەتی زیندوو بکەنەوەو بەپەلە تێپەڕێنن لە بەرژەوەندی خۆیان و هەروەها ئەو ڕێکەوتنە سیاسیانەی کە لەنێوان لایەنە ڕکابەرەکان کراوە ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن ، چونکە بە بۆچونی ئەو سەرکردە سیاسیانە لە ئێستا دا خەمی ' چاڵەکەی ' دوکان مەترسیدارترە وەک لە ' چاڵە' سیاسیە گەورەکەی هەرێمی کوردستان کە بووە بە سێگۆشەی بەرمۆداو کە چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان لە نادیارەوە بۆ نادیارتر بردوە .... پرسیارەکە ئەوەیە ، ئایە بۆرییەکەی پەرلەمانی بەریتانیا و چاڵەکەی بەنداوی دووکان لەیەک دەچن ؟ وەڵامەکەی بۆ بەڕێزتان بەجێدێڵم ....
د. هەردی مێد له هه‌رێمی كوردستان دوو ئامرازی گرنگی هاوڵاتیان بۆ سیاسه‌تكردن و سه‌ركۆنه‌كردن، كه هه‌ڵبژاردن و خۆپیشاندانی شه‌قامن، تا راده‌یه‌كی زۆر له كاریگه‌ری و مانا و گوزارشته‌كانیان به‌تاڵكراونه‌ته‌وه. گره‌وی سه‌ره‌كی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئۆتۆریتێر بریتیه له كاریگه‌ریخستن و ناكاراكردنی فۆرمه‌كانی خه‌باتی مه‌ده‌نی. به‌ڵام، سه‌ڕه‌رای هه‌موو فشار و په‌له‌قاژه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ده‌ستپێشخه‌ری هاوڵاتیان و ئاگایی ئه‌فراندن له داهێنانی فۆرمی نوێی شاریی بۆ خه‌بات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له بره‌ودایه. ئه‌مڕۆ له دونیایه‌ك ده‌ژین كه به هۆی ئامرازه‌كانی گه‌یاندن و كۆمینیكاسیۆن هه‌م بیر و بیرۆكه، هه‌م ئامراز و مه‌یلی ئه‌فراندن خێرا به دونیادا ده‌خولێنه‌وه و خه‌ڵكی به گشتی سود له ئامراز و كه‌رسته‌كانی یه‌ك دی ده‌بینن بۆ خۆڕێكخستنه‌وه و كاراكردنی خه‌باتیان له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵات. له‌م ساڵانه‌ی دوایی له ئه‌وروپا كارێكی زۆر له مه‌ڕ تاگ، وێنه، ئیماژ، دروشمه نوسراوه‌كانی سه‌ر دیواره‌كانی شاره‌كان كراون و له‌م باره‌یه‌وه ئه‌ده‌بیاتێكی باش له به‌رده‌سته كه سه‌رقاڵی شه‌نوكه‌وكردنی گره‌وه (issue) سیاسی، كولتوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئێسته‌تیكی ئه‌م نوسرا و دروشمانه‌ن و وه‌ك به‌شێك له له ئامرازی هۆشیاركردنه‌وه، وه‌سیله‌ی كرده‌ی ده‌سته‌جه‌معی، سه‌ركۆنه‌كردن و به‌ره‌نگاری شار ته‌ماشایان ده‌كه‌ن. له‌م دیدگایه‌وه، له كوردستاش هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكان به‌م ئاقاره‌دا زۆرن هه‌ر له خانه‌قینه‌وه بگره كه لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی شاره‌كه ده‌ستێكی باڵایان له‌م ڕووه‌وه هه‌یه تا شوێنه‌كانی دی كوردستان هه‌ست به ئه‌فراندن و داهێنانی دی له فۆرمه‌كانی خه‌بات و به‌ره‌نگاری مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌تا له گه‌رمیان و له‌م چه‌ند رۆژه‌ی پێشوو خه‌ڵك و هاوڵاتی ساده بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات، هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و به‌گڕخستنی هه‌ست و وزه‌ییان، هاوتا دروستكردنی كۆئاگاییه‌ك له هه‌مبه‌ر كه‌موكوڕی و كه‌لێنه‌كانی نێو خزمه‌تگوزاری گشتی خه‌ڵك دێن له سه‌ر چاڵ و چه‌وێڵێكانی شه‌قام و ڕێگا گشتیه‌كان ناوی ئه‌و به‌رپرسانه ده‌نوسن كه به‌رپرسن له دۆخه‌كه. ئه‌م كاره تا بڵێی كاریگه‌ر و گرنگه له رووی ره‌مزی و كرده‌ییه‌وه چونكه دروستكردنی رایه‌ڵێكی راسته‌وخۆیه له نێوان كه‌موكوڕیه‌كه و ده‌سه‌ڵات. ئه‌م فۆرمه نوێییه له خه‌بات و به‌ره‌نگاری له راستیدا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی جێی ستایشه، ئه‌وه‌نده‌ش هاندان و بیركردنه‌وه له باره‌یانه‌وه له پێناو كاراكردن و به‌هێزكردنیان هه‌م له رووی كرده‌ییه‌وه، هه‌م له رووی ئاگایی و هزرییه‌وه.
یاسین تەها لەیاسای بودجەی گشتی 2019 عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاڕادەیەك شایستەو گونجاو جێگیر كراوەو ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە كە لێبڕان و جوهدی هەندێ خەڵكیشی تیایەو نابێت نادیدە بگیرێت، بەڵام بەو پێیەی عادل عەبدولمەهدی كەسێكی بێ لیستەو لەناو "دەوڵەتی قووڵ" دا حوكمڕانی دەكات لەسەر دۆسیەی نەوتی كوردستان لەژێر گوشاردایە كە بەشی زۆری لە ستافی حەیدەر عەبادییەوەیە كە بۆ یەكەمجار لەسەردەمی ئەودا دەرفەت ڕەخسا حكومەتی بەغدا زۆر دەسكەوت لە هەرێم وەرگرێتەوە چ لەكەركوك و چ لەبواری بودجەو دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و.....هتد (2017 _ 2018). لەماوەی ڕابردوودا هەندێ ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی عەرەبی و تەنانەت بیانیش ئەوەیان بەگەرمی وروژاند كە سەفقەیەكی گریمانكراو لەنێوان خودی بارزانی و عادل عەبدولمەهدیدا هەیە بۆ دواخستنی سكاڵایەكی نێودەوڵەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی سەردەمی مالیكی (ئایاری 2014) دژی توركیا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو دەكات بۆ بەغدا بەو پێیەی "توركیا بەقاچاغ نەوتی عێراق دەفرۆشێت بە كۆمپانیای دەوڵەتێكی دوژمن كە ئیسرائیلە". عادل عەبدولمەهدی سێ شەممە بەخێرایی ئەم هەواڵانەی رەتكردەوەو باسی لەوەكرد باشترین پارێزەریان گرتوەو بەردەوامن لەسكاڵا "كۆنەكە" و پاشەكشەیان نەكردووە. هاوكات لەگەڵ ئەم رێوشوێنە یاساییە كە ناوبەناو سەر هەڵدەدات، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەنگاوێك لەو سكاڵایە چووە پێش كە دەمێكە دژی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركراوە. لەدانیشتنی ئەمڕۆدا دادگا لائیحەی لەهەردوو وەزارەتی نەوتی هەولێر‌و بەغدا وەرگرت و چاوەڕوانی رونكردنەوەی سەرۆك وەزیرانەكانی هەردوولادا دەكات تا 7 ئایاری داهاتوو بۆ ئەوەی حوكمێك دەربكات كە ئایا ئەو پرۆسەیە شەرعییە یان نا، شتێكی ئاشكراشە دادگای فیدراڵی باڵاترین دەزگای دادوەریی بنجبڕە لە عێراق و حوكمەكانی قابیلی تانەلێدان نین و هەر ئەم دادگایەش ئەنجامی ریفراندۆمی سڕ كرد. هەردوو سكاڵاكە قابیلی دواخستن و موساوەمە لەسەر كردنن چونكە هیچ شتێك لەعێراق بەیاسا بەڕێوەناچێت ئەگینا زۆر شت ئێستا دەگۆڕان و یاسا تەنها بۆ گوشاركردنە، بەڵام ئەو بەشە بودجەو پەیوەندییە باشەی ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە ئەگەر كار بۆ پاراستنی نەكرێت و ئەو بنەمایە بەتەواوی نەچەسپێنرێت كە موچەی خەڵك لەگرێ و گۆڵە سیاسی و نەوتییەكان دوور بخرێتەوە كە بەس خودا ئەزانێت چەندە ئاڵۆزن و تەنانەت حكومەتەكانی بەغداو هەولێریش خۆیان دەرەقەتی نایەن، ئەوە ئەم گوشار‌و دووكەڵە بەردەوام زیاتر دەكات و ئەگەر زۆرە لە هاویندا كە بێكارەبایی و كێشەی ئاوی خواردنەوە لەباشور سەرهەڵدەدات زۆر زیاتر بكات و ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆی بەشە بودجەی كوردستان. با هێزە كوردییەكان لەسەر حوكمڕانی و سیستمی سیاسی و چۆنییەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەنگەر لەیەكتر بگرن، بەڵام ئەبێت بۆ ئاسایشی ئابووری كوردستان كە ئێستا بەشی زۆری لەسایەی بودجەی عێراقدایە هاوئاهەنگی و پلان و وەڵام و بژاردەیان هەبێت ـ بەتاك بێت یا كۆ ـ ئەگینا بارودۆخەكە وەك جاران نییە بەتەنها کەسێکی وەک مالیكی حوکمڕان بێت لەبەغداو پڕۆسەی بڕیاردان و ئامرازەكانی گوشار لەپایتەخت زۆر لەجاران فرە چەشنترو ئاڵۆزترەو كەس ناتوانێت تا دوو مانگی‌تر زامنی هیچ بكات و زۆر گرنگە كورد زوو زوو بچن بۆ بەغدا.
سیروان رەشید ئەو حەملەیەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەدژی گۆڕان لە پەیوەست بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کارێکی کورتبینانەیەو خەرمانی نزیک بە ۱٠ ساڵ کاری پێکەوەی دەسوتێنێت. یەکەم: ساڵی ۲٠٠٥ بە دەنگی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتووش یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان تێپەرێنراوە بۆ هەڵبژاردنی بارزانی بەسەرۆکی هەرێم بە کاملی دەسەڵاتەوە. دوو: ساڵی ۲٠٠۹ بە دەنگی کۆمەڵ و یەکگرتووش یاسای سەرۆکایەتی هەموار کرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵک واتە سیستمەکە تەواو کرا بە سەرۆکایەتی. سێ: بەدەنگی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتووش لە ۲۲‌ی ٦ی ۲٠٠۹ بڕیار لە پرۆژەی دەستوری هەرێم دراو بڕیاریش درا لە ۲٥ی ۷ی ۲٠٠۹ دەستورەکە راپرسی بۆ بکرێت. کە ئەگەر ئەوکاتە دەستورەکە تێبپەرێنرایە ئێستا بەدەستور دیکتاتۆرێکمان بۆ سەرۆکی هەرێم دەبوو. چوار: لە گەرمەی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم لە ۲٠۱٥ دا گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بۆ ئەوەی قەیرانەکە چارەسەر ببێت پارتییان سەر پشککرد لە رازیبون بە بە یەکێک لەم دوو ئۆپشنە: یەک: سەرۆک لە ناو خەڵک هەڵبژێردرێت بە دەسەڵاتی تەشریفاتی . دوو: سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت بە مانەوەی دەسەڵاتەکانی وەک خۆی. کەسەرەنجام ئەو کاتە پارتی هیچیانی قبوڵنەکردوو قەیرانەکە بە داخستنی پەرلەمان قوڵتربۆوە. (تێبینی بکەن ئەوکات یەکگرتوو و کۆمەڵ لەگەڵ گۆران ئەمەخواستیان بوە). سیستمی پەرلەمانی دوو کۆڵەکەی هەیە: یەک: سەرۆک لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت دوو: دەسەڵاتەکانی سنوردار‌و تەشریفاتی و رەمزی بێت ئێستا ئەوەی بەدەستهاتووە تەنها یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستمی پەرەلەمانی چەسپیوەو کۆڵەکەیەکی تری گرنگی ماوە. ئەم هەنگاوەو گرنگەو بەری رەنج و خەباتی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە لە دوای ۲٠٠۹ وە. یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕان زۆر کاری گەورەیان کردوە بە هاوبەشی. ئەڵبەتە لە داهاتوشدا زۆر کاری گەورە هەیە هەر دەبێ ئەو سێ لایەنە بەیەکەوە شان بدەنە ژێر باری. بۆیە بەردەوام بون لەسەر ئەو هێرشانە بۆسەر گۆڕان زیانی گەورە بە جەبهەی چاکسازیخواز دەگەیەنێت.
كەمال چۆمانی ئێستا هەمو هێزەکان بە پشکەکانیان رازین. چیتر کێشە لەسەر پۆستەکان نەما. لە بێچارەییشمان، قبوڵمانە کە تا ئێستا پرسی کارنامەی حکومەت، پلان و ستراتیژ جێی گرنگیپێدانی هیچ هێزێک نەبوە. دەی با بزانین کام هێز لە پارلەمان و حکومەت خەمی ٢٨٠٠ توشوی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دەخوات؟ ئایا بە راستیی شەڕی پۆست و سەرچاوەکانیان بو یان شەڕی خزمەت؟ بەڵام حکومەت نابێت پلان و ستراتیژی نەبێت. نابێت کارنامەی نەبێت. حکومەت ئەگەر وەک ئینسانیش مامەڵە لەگەڵ وڵاتییەکان ناکات، هەندێک کەس هەن لە کۆمەڵگادا پێویستییان بە مامەڵەی ئینسانییانەتر هەیە کە پشتگوێخستنیان ئەوپەڕی نائینسانییە. لە هەمو ئەو توێژ و گروپانە ماڵوێرانتر، ئەو منداڵ و کەسانەن توشی ئۆتیزم بونە -بێگومان نەخۆشیی تریش زۆرن-. دایک و باوکیان ئازاری زۆر دەچێژن، نە حکومەت و نە کۆمەڵگاش لە خەمەکانیان ناگات. بە پێی راپۆرتێکی ئێنئاڕتیی کە ئومێد چۆمانیی ئامادەیکردوە -ئومێد چونکە خۆی منداڵی ئۆتیستیکی هەیە بۆیە زیاتر لە ئازارەکانی ئەو منداڵانە و دایک و باوکیان تێدەگات، میدیا ئەو کەسانەی ئیهمال کردوە، بەداخەوە- زیاتر لە ٢٨٠٠ توشبو بە ئۆتئیزم هەن، ئۆتیستیک. لە تەواوی کوردستاندا، تەنها سێ سەنتەری راهێنان هەن. تەنها لە هەولێر، نزیکەی ١٠٠٠ ئۆتیستیک هەیە، کەچی سەنتەرەکە تەنها ٣٢ کەسی وەرگرتوە. سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم دەڵێ هەرێمی کوردستان پێویستی بە ١٥٠-٢٠٠ سەنتەر هەیە. دەشڵێت ١٠٠ خێزان کوردستانیان جێهێشتوە هیوابڕاوانە بەدوای ژیانێکی تر کەوتون بۆ منداڵەکانیان، بێگومان دیارە دەزانن لە ئەوڕوپا و باکوری ئەمریکا مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، وەک ئینسان. پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی دەڵێت بە هۆی قەیرانی دارایییەوە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە سەنتەری پێویست و پرۆفێشناڵ دروستبکات، ئەی حکومەت لە ٢٨ ساڵی رابردو چی کردوە؟ حکومەتی هەرێم ٢٨ ساڵە نەیتوانیوە ژیانێکی شاییستە بۆ ئەو توێژە بێگوناهە فەراهەم بکات. خەڵک و میدیا و رێکخراوەکانیش ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە. چیتر ناکرێ ئەو توێژە ئاوا ئیهمال بکرێت. پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێت. مەلاکان و وتاربێژان پێویستە واز لەوە بێنن خەڵک کافر بکەن، بەڵکو پێویستە قسە لەسەر ئەوە بکەن ئەگەر حکومەتیش فاشیلە لە گرنگیدان بەو منداڵانە، لای کەم خەڵک رێز و خۆشەویستیی نیشانی ئەو منداڵانە و بەخێوکەرانیان بدات. ئەگەر کابینەی نوێ توانی لای کەم نیوەی لەجیاتی ٢٠٠ سەنتەر تەنها ١٠٠ سەنتەر دروستبکا و ژیانی ئەو توێژە بگۆڕێت، دەکرێت بڵێین شتێکی کرد کە لە ٢٨ ساڵی رابردو کابینەکانی رابردو نەیانتوانی بیکەن. سیستەمی تەندروستیی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، سیستەمێکە کە حکومەت ئەرکی سەرەکییەتی ئەو سەنتەرانەی دروستکردبێتن. ئەوانەی لە ٢٨ ساڵی رابردو بەرپرسیار بونە لە سێکتەری تەندروستیی لەناو کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک حکومەت و جێگرەکەیی و وەزیری تەندروستیی، دەبێت خەجاڵەتیی بکێشن کە فاشیلترین کەس بونە کە بەڕاستی جگە لە ئازار و ناتەندروستیی شتێکیان نەکردوە لەبارەی تەندروستیی.
فارس نەورۆڵی ئەگەربڕیاربێت لەدنیای دیموکراتی و سیستەمی دیموکراتی دابژین و پێکەوە ، گەمەی دیموکراتی بەڕێوە بەرین دەبێ ڕێسایەک بۆڕێکخستنی بەڕێوەبردنی گەمەکان دابنێین ،کەبڕیارە پێکەوە بژین دەبێ یاسایەک بۆ ئەوجۆرە ژیانەھەبێت، کە تێیدا دەژین و ڕەچاوی چاکەی گشتی بکەین ، چونکە یاسا وەزیفەیەکی شەرعی ھەیە کە بریتییە لەڕێکخستنی کۆمەڵگا، بەتایبەتی میللەتێکی وەک کورد دەبێت لەگەمەی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان زۆر ھەستیاربێت چونکە لەقۆناغێکی ھەستیاردایە. ئێستا بابەتی گەرم مەسەلەی پێک‌ھێنانی حکومەتە کە لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە گفتوگۆکان دەستی پێکردوە، ھەمولایەکیش دەزانین ڕێژەی کورسی لایەنەکان چەندە، ئیتر لەژیانی دیموکراتیدا زۆرینە نەخشە ڕێگا دیاری دەکات، دیاریشە پارتی ھێزی یەکەمە کەچی ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆکان ئەنجام نادەن بەدەستەوە، ئەمەش بەھۆی کەم و زۆری پشکەکانەوە یاخود خەیاڵی پەنجا بە پەنجا، بەردەوامی ئەم شێوازە لە گفتوگۆ وادەکات خەڵک متمانەی بەدەنگدان نەمێنێت، ئاخر خەڵک پرسیاردەکات، کەدەنگدان سەنگی مەحەک نەبێت ھەڵبژاردن بۆچی، بۆبەشداربین لەھەڵبژاردن ، چونکە ئەوە ھێزە سیاسسیەکانن ھۆکارێکی یاریدەر دەبن، بۆدروستکردنی متمانە بۆبەشداربونی ھاوڵاتیان لەپرۆسەی سیاسی. ئەوەی سەرەوە یەکێکە لەمەرجەکانی، بنیاتنانی دیموکراتی جێگیر بەھۆی گرنگی ڕۆڵی حیزبەکان، لەبنیادنانی دیموکراتی بەڵام ئەگەر حیزبەکان ، لەپێوەرەکانی دیموکراتی دەرچن ، ئیتر ھاوڵاتی، چی بڕوایەکی بەھەڵبژاردن بمێنێت ، لەکاتێکدا چەپ و ڕاست و ناوەڕاست باس باسیان دیموکراتی و بەرژەوەندی گشتییە ، بەڵام واقع بۆ بەرژەوەندی حیزبییە. ئەگەر دورلە دیدی حزبی سەیری گفتوگۆکان بکەین ، پارتی سەرەڕای ئەوەی کە ھێزی یەکەمە بەڵام لەبەر ئەوەی واقیعی حاڵ دەخوێنێتەوە لە پشکی خۆی دەستی ھەڵگرتووە و بەخشیویەتی بەلایەنەکانی دیکە ، کەبەلای منەوە ئەمە کارێکی حەکیمانەیە وجۆری تێگەشتنی پارتی بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان نیشان دەدا وەک (کانت) بڕوای وابوو (ھۆشەکانمان جۆری تێگەشتنمان بۆ واقیع پێکدەھێنێ)، ئەمەش دروستی تێگەشتنی پارتی نیشان دەدا. لەلایەکی دیکەوە ئەم گفتوگۆ و مشتومڕەی لەسەر پێک‌ھێنانی حکومەت حاڵەتێکی دروستە وەک وەرزشێک بۆ دەربازبوون لەپەتای توندوتیژی لەھەمانکاتدا دەکرێت ئەم گفتوگۆیانە ببنەھۆی کرانەوەی لایەنەکان بۆئەوەی ، ببێتە ھۆی لەدایک بوونی دیدێکی نوێ بۆسیاسەت بۆ پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە ژیان بەڵام گفتوگۆکان ، بیزەنتی نەبێت دواجاردەکرێ ھەریەکە و ڕێگای خۆی بیرکردنەوەی خۆی ، ئەزمون بکات بەمەرجێ خاڵی ھاوبەش گەڵاڵە ببێت لامان ، گەر نەگەینە خاڵی ھاوبەش ، واتە کورتبینی لە سیاسەت و ناڕێک و پێکی لەژیان ، (ھێربێرت مارکۆزە) دەڵێ: (ھەموکۆمەڵگایەکی ڕێک و پێک پێویستی بەھێزێک ھەیە کە لە لایەن ھەمویانەوە پەسەندکرابێت) ، بۆ ئێستای کورد ئیرادەی خەڵک خاڵی ھاوبەشە ھێزی ھاوبەشە کە لە سندوقەکانی دەنگدان دەریانبڕی ، کەواتە چیتر پێویست ناکات یاری بەکات بکرێت دەرونی خەڵک ماندوترکەین ئەگەر لایەنەکان خەباتیان بۆ دیموکراتی کردوە دەبێت پابەند بن بە پێوەرەکانی دیموکراتی ، لەم گەمەی گفتوگۆیەدا قوربانیدان باشترە لەتێکچونی ڕەنگی تابلۆکە ، پێشموایە پارتی و یەکێتی بۆزەمەنێکی دیکە پێویستیان بەیەک ھەیە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن ئیتر دەکرێت ناویشی بنێین ڕێککەوتنی دەفعی بەڵا کەواتە پێویستە گەمەی پێکنەھێنان بگۆڕن بۆ بەرنامەی پێک‌ھێنانی.
ژوان ئەحمەد سەعید شەش مانگە ، 13 كۆبونەوە كراوە، سەدان كادری بێموچەی یەكێتی رەوانەی سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن كران تا داكۆكی لە ( گەڕانەوەی شكۆ، هاوسەنگی، شەراكەتی راستەقینە، ملنەدان بۆ پاشكۆی) بكەن. ئەمانە ئەو چەمكانە بون كە شەش مانگە سەركردایەتی یەكێتی دەرخواردی بنكەی جەماوەری خۆیانی دەدەن، زۆر بەدەنگی بەرز هاوار كرا ئیدی شوێن كەس ناكەوین، ڕێگە نادەین پارتی بە خواستی خۆی یاری بە موقەدەراتی خەڵك بكات، ناكرێ سەركایەتی تەسلیم بە پارتی بكرێتەوە. شەش مانگە واتان لە كادر گەیاند كە گرێكوێرەی ڕێك نەكەوتن لەگەڵ پارتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزیری دادی عێراق‌و سیستمە. بەڵام بە قودرەتی قادر، شەش مانگ هیچ نەكرا، 13 كۆبونەوە هیچی پێ نەكرا، كەچی بە قودرەتی تەكنەلۆژیا، بە یەك پەیوەندی تەلەفونی ڕێكەوتنەكە كرا. ئایا هەڕەشەكەی بارزانی بوو زەنگی مەترسی لێدا بۆ سەر پرۆژە‌و بەرژەوەندیەكانی هەولێر‌و ناوچەكانی ژێردەستی پارتی؟؟!!! گفتی داتاشینی پێگە بوو بۆ كوڕ‌و كچ‌و‌و خزم و خوێش ئەمەی كرد‌و بە چەند خولەكێك گرێكوێرەكە نەك نەكەوتە دەم بەڵكو بە دەمێ: كرایەوە؟؟؟!! چاوەروان بوم ئەوانەی كە زۆر توند بون‌و لە وەفدی دانوستانكار‌و سەركردایەتی یەكێتین، وەڵامێك بۆ هەرەشەكانی بارزانی بدەن بەخەڵك نەك بە خۆیان!!! چاوەروان بوم پارتی بێتە سەرچۆك چونكە دواجار حكومەت بەبێ یەكێتیش پێك بێت لە حكومەتێكی نیوە یان كەم ئەندام زیاتر نەدەبوو كە بارزانی ئامادە نیە ڕیسكی لەو شێ,ەیە بە كوڕەكەی بكات، مەگەر شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێنێت كە ئەوەش مەحاڵە بۆ هەردولا لە سایەی بەرژەوەندیەكان!! ئێتسا تەنیا یەك شت ماوە ئەوییش دەنگدانە بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كە بەم رەفتار‌و ئاكارانەتان دڵنیام فشار دەخەنە سەر فراكسیۆنی یەكێتی بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن ئەم ( كەوتنەتان بەبێ ( ڕێ) پیرۆز، ئەمە ڕێك - كەوتن بوو نەك ڕێكەوتن... ئەگەر بەو شێوەیەش بێت ئەوا حزبەكەمان توشی سزای قورس دەكەن بیریشتان نەچێ، جارەكانی پێشوو كادر لە پشتی رێكەوتنەكەتان بوو، بەڵام ئەم جارە تەنها خۆتانن‌و تەنها خۆیشتان بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەم ڕێكەوتنە زۆر خراپە، باجەكەشی هەر خۆتان دەیدەن دڵنیابن
چیا عەباس ماوەیەک پێش هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ لە کوردستان بوم، رۆژێک لە گەڵ کۆمەڵێک دۆست و ناسیاو لە ماڵەکەی کاک نەوشیروان لە گردەکەی عەلی ناجی بوین. دوای نانخوارنی نیوەرۆ و ماڵئاوایی کاک نەوشیروان داوای لێکردم لای بمێنمەوە. وەک هەمو جارێک لە سەر قەنەفە کۆنەکەی دەستی چەپی دەرگای ژورەکە دانیشت و بەندەش لە سەر قەنەفەیەک لە دەستی چەپیەوە. بەدەم چا خواردنەوە و جگەرە کێشانەوە کۆمەڵیک بابەتی وروژاند، تەوەرەکان گشتی و هەمە جۆر بون. دوای نزیکەی چارەکە سەعاتێک، نیشانەکانی جدی و خەمخۆری بە روخساریەوە دەبینرا، گوتی: دەزانیت تا ئێستا گۆڕان زۆر باشی هێناوە، بەرەو دامەزراوەبون هەنگاوی گەورەمان ناوە، گۆڕان بۆتە رەقەمێکی سیاسی گەورە لە هەرێم و عێراق، وڵاتانی دراوسێ دەیانەوێت پەیوەندی فراوان لە گەڵمان دروست بکەن و چەند عەرزێکی تەماع وروژێنەریان( ئەو دەستەواژەی موغری بەکارهێنا) بۆ کردوین، بۆ خۆم کاری جدیم لە سەریان نەکردوە چونکە ئەوان لە پەیوەندیەکاندا پێویستیان بە هێزی چەکدار و دەزگای جاسوسیە، من هەر دوکیانم نیە و گەر هەشم بێت نایان کەم بە دەسکەلای هیچ وڵات و هێزێک. هاوکات باسیشی لەوە کرد کە گۆڕان و هیچ هێزێکی تر ناتوانێت بە تایبەت حساب بۆ کاریگەری ئێران لە سەر کوردستان نەکات، چەند جارێک پەیوەندی پچرپچرمان لە گەڵ تاران هەبوە. لە درێژەی باسکردنەکەدا ئاماژەی کرد بەوەی سنورەکانی دەسەڵاتی گۆڕان دیارن، ئەوەی گۆڕانیش لە پەرڵەمان و لە ئاستی جەماوەریدا دەیکات بە ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە میللەت و جەماوەری گۆڕان دەبینین، کاریگەری خۆیان هەیە بەڵام یەکلاکەرەوە نین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی قۆناغەکە، گوتیشی گەر بەو شێوازە بەردەوام بین دابینکردنی زۆربەی پێداویستیە مرۆیی و داراییەکانی گۆڕان ئەستەم دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا سەدان هەڵسوراوی گۆڕان سزا دراون، لە کار لابراون و نانبراو کراون، زیادە بۆ ئەمانەش وڵاتانی دراوسێ دەتوانن ئەزیەتمان بدەن. لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەشی کرد کاتێک بگاتە سەنگی مەحەک پارتی و یەکێتی ملکەچی پرۆسەی پەرلەمانی نابن، بە پێچەوانەوە ئەوان سودیان لە ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردوە، چونکە هەمی سەرەکی زلهێزەکان لە عێراق پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە، ئوپزسیۆنی کوردستان ئەو سەقامگیریەی ئەم بەشە گرنگەی عێراقی بۆ دابین کردون. نایشارمەوە باسیشی لەوە کرد بۆ خۆی زۆر ماندوە و بۆ رەچاوکردنی باری تەندروستی پێویستی بە پشویەک هەیە. دەرباری ئەم خاڵە پێمگوت: کاک نەوشیروان پاسپۆرتەکەت بدە بە بەرێوەبەری نوسینگەکەت ( ئەو کات توانا فائق هوشیار بو کە پێشتر خۆم لە سەر ئەو بابەتە قسەم لە گەڵ کردبو)، لە گەڵ مامۆستا جمال بە سێ قۆڵی دەچین بۆ شوێنێک بۆ ماوەی یەک دو هەفتە تا پشویەکی باش بکەیت، پێشم گوت کە خۆم سەردانی ناوچەی نۆرماندی فەرەنسام کردوە، ناوچەیەک دڵگیر، هێمن، مێژویی و دور لە زومی کامیرا و فزوڵیەکان. لە وەڵامدا گوتی بیرۆکەکەم پێ باشە، ئەوە بۆ ماوەیەک دادی من دەدات بەڵام گۆڕان زیاتر لە من پێویستی بە پشو و خۆرێکخستنەوە و خۆدارشتنەوە و داهات و سەقامگیری هەیە. پاش نیو سەعات تێگەشتم وەڵامێکی کورت و موفیدی لێم دەوێت، بەو نەریتەی کاک نەوشیروان ئاشنا بوم و تێشگەیشتم ئەم پرسەی لە گەڵ چەند کەسێکی تر باسکردوە، منیش راستەوخۆ و بە کورتی پێم گوت: کاک نەوشیروان بەشێکی ئەوەی جەنابت دەتەوێت بە بەشداریبون لە حکومەتی هەرێمدا دەکرێت. بە کورتی وەڵامی دامەوە و گوتی: بیرێکی لێدەکەمەوە، بەیانی زو وەرە بۆ مەکۆی سەرەکی تا لە گەڵ برادەرانی تر باسی بکەین. بەیانی رۆژی داهاتو لە مەکۆی سەرەکی بوم، وەک نەریتی هەمو رۆژێک زۆربەی بەرپرسی ژورەکان و هەڵسواروە باڵاکان ( ئێستا بەشێکیان ئەندامی خانەی راپەراندنن) لە ژوری کۆبونەوەکان ئامادە بون. کاک نەوشیروان دەستی بە قسەکردن بە ئاراستەی قسەکانی رۆژی پێشوتر کرد، کت‌وپڕ تەلەفۆنێک بۆ کاک نەوشیروان هات، تێگەێشتم کاک کاردۆ محمد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانی ئەو خولەی پەرلەمانی کوردستان بو، پرسیارەکەی ئەوەبو کە فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە بۆ بریاردان لە کراوەیی یاخود داخراوەیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان. ئەم بابەتە کاتێکی زۆری برد. لە دوا ساتەکانی ئەو دانیشتنەدا کاک نەوشیروان ئاماژەی دا بەوەی بەشداریکردن لە کابینەی ئایندەدا ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەم گۆڕاندا. ئەوەندەی بیرم بێت گرژی نارەزایی بە روخساری کەمێکی ئامادەبوانەوە دەبینرا. رۆژانە دەمبینی کاک نەوشیروان بە خەستی سەرقاڵی رێکخستنی کەمپینی هەڵبژاردنەکە بو، لە دانیشتنەکانی بەیانیاندا جەختی دەکردەوە لەوەی دەبێت گۆڕان بە قەد بەرەی خۆی پێی رابکێشێت، نە دژایەتی کوێرانە و بێسەروبەر و نە دۆستایەتی و نزیکبونەوەی بێ بنەما بکات، پێویستە گۆڕان کەسایەتی سیاسی و مەعنەوی و جەماوەری خۆی بپارێزێت. گۆڕان بەشداری حکومەتی کرد، روداوەکانی دواتر لای هەموان ئاشکرایە. چەند مانگێک پێش وەفاتی کاک نەوشیروان بۆ ماوەیەک لە لەندەن لای بوم، دەرفەتێک بو دوبارە نابێتەوە، رۆژانە ورد و درشتی یادەوەریەکانی خۆی لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ و تا کەناری تایمس بە وردی باس دەکرد. ئەوەی لەم نوسینەدا مەبەستمە هەڵسەنگاندنی بەرێزی بو بۆ پرسی گۆڕان و حکومەت. وێرای ئەوەی کاک نەوشیروان چەندین نوسینی دەرباری حکومەت و حوکمرانی و حزب بڵاوکردۆتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا هەڵسەنگاندن و بۆچونی بۆ ئەزمونی گۆڕان و حوکمرانی لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە: یەکەم: گۆڕان پێویستی بە حوکمرانی بو تا بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کار بۆ ئامانجەکان و پەیامە بنەرەتیەکانی دەکات، لە پشت قسە و لێدوان و دروشمەکاندا خۆی کەنارگیر ناکات، دوەم: لە گەڵ کاک مسعود باسی خواست و بەرنامەکانی گۆڕانی کردوە، تایبەت لە چەند بوارێکی گرنگدا، وەک: رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە نیشتمانی کردنیان بە رێگەی تەجنیدی ئیجباری و مەشق و راهێنان و پڕ چەککردنیان بە سیستەمێکی سەربازی دیاریکراو، سێیەم: دارشتنی دامەزراوە و سیستەمێکی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن بە سەرچاوەکانی وزە لە کوردستان، چوارەم: پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی سەرەکی بێت بۆ پەیوەندیەکانی هەرێم لە گەڵ بەغدا و حزبەکان بە رێگەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی خۆیان ببینن، پێنجەم: پێویستە کوردستان پاش نزیکەی سەدەیەک لە ئەزمونی جۆرا و جۆر لە گەڵ سنورەکانی لە گەڵ بەشەکانی تری عێراقدا پشتێنێکی ئەمنی بۆ خۆی دروست بکات، ئەمەش بە رێگای پرۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێکردنی کورد لەو ناوچانە، ئاوادانکردنەوەیان، دروستکردنی دامەزراوەکانی فەرمانرەوایی، دابینکردنی هەلەکانی کار بۆیان، دابینکردندنی ئارامی و خزمەتگوزاریەکان بۆیان. شەشەم: پێرەوکردنی شەفافیەت و دادپەروەری و سەروەری یاسا لە حوکمرانیدا. کاک نەوشیروان بە وردی لە کرۆکی پرسی حوکمرانی هەرێم تێگەیشتبو، هێزی چەکدار و پارە و وەلا و بنەماڵەیی و مێژو و حزب و کەسایەتیە ناودارەکان کۆڵەکە بنەرەتیەکانی حوکمرانین، پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر ئارایشتەکردنێکی سەردەمانەیە بۆ ئەو پرۆسەیە، بۆیە بە لایەوە گرنگ بو بە وردی باسی یەکێک لەو خاڵانە بکات کە لە گەڵ کاک مسعود وروژاندبوی: ئەویش رێكخستنەوە و یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە بو. لەو روەوە گوتی: ئێمە وەک گۆڕان چەند پرۆژەیەکمان بۆ ئەو مەبەستانە ئامادە کردبو و دابومان بە پارتی، تایبەت دەرباری تەجنیدی ئیجباری و بە نیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. پێشتر ئەو وەزارەتە لە پشکی یەکێتی بو، گۆڕان و وەزیرەکەی لەو پۆستەدا تازە بون، کارمەند و بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتەکە کە زۆربەیان سەر بە یەکێتی بون رێگری سەختیان لەو کارانە دەکرد، کاک مسعودم لەو دۆخە ئاگادار کرد، ئەوەبو کاک مسعود پەیامێکی بۆ وەزیری پێشمەرگە نارد و تێیدا داوای لێکرد هەر کەسێک رێگری لە کارەکانی دەکات ئاگاداری کاتەوە تا ئیجرائاتی پێویستی بەرامبەر بکات. دوای دورخستنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە کابینەی هەشت وەزیرەکان و نوێنەرانی گۆڕان دەیان توانی بە لایەنی کەمەوە بێنە سەر تەلفزیۆن و راستیەکان بۆ خەڵک باس بکەن، مەخابن زۆر کەم لێیان و زۆر درەنگ ئەو کارەیان کرد. بۆیە چەندجار دەیگوت نازانم گلەیی لە کێ بکەم؟ ئەو سەردەمە گرێ کوێرەی بنەرەتی جۆری سیستەمی حوکمرانی بو، گۆڕان پێداگری سەختی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەکرد. کاک نەوشیروان لەو بارەوە نوسیویەتی: " هه‌رکه‌س چاودێری ره‌وتی سیاسی روداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی کرد بێ و، وتار و قسه‌کانی ئێمه‌ی له ده‌زگاکانی راگه‌یاندن دا خوێندبێته‌وه یا بیستبێتی، ئه‌زانێ ناکۆکیه‌کانی ئێمه له گه‌ڵ حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به هیچ جۆرێ له سه‌ر شتی شه‌خسی نیه به‌ڵکو له سه‌ر جۆری به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌یه". زیاتر لە ساڵێک دوای دورخستنەوەی گۆڕان لە حکومەت چەند جارێک پرسیار لە کاک نەوشیروان کراوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە چیە؟ لە وەڵامدانەوەدا دەگەرایەوە بۆ کارنامەی گۆڕان و جەختی دەکردەوە لەوەی ئەو باجەی گۆڕان داویەتی باجی پرەنسیپەکانیەتی، بەتایبەت پرسی جۆری سیستەمی حوکمرانی. لە دوا مانگەکانی ژیانیدا قەناعەتێکی لا دروستبوبو، لە کۆبونەوەیەکی فراوانی گۆڕان لە لەندەن راشکاوانە باسی لێکرد، ئەویش ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەم قەناعەتە بیرکردنەوەی بە ئاراستەیکی تر لە جۆری حوکمرانیدا بردبو، زۆر باسی دەکرد و تەنانەت نمای کوری بە پەرۆشیەوە چوبوە وردەکاری و قوڵایی ئەو ئاراستەیەوە، خوا یار بێت لە کاتی گونجاو‌دا باسی وردەکاریەکانی دەکرێت. کاتێک مرۆڤ بێ ئومێد بو لە هەر شتێکی ژیان بێگومان بە دوای ئەڵتەرنەتیڤەکاندا دەگەرێت، قەدەر و زەمانە ئەو دەرفەتەی بە کاک نەوشیروان نەبەخشی. ئێستا، تایبەت پاش شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم، کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، گەرانەوە بۆ بەغدا، شکستی چەمکی سەربەخۆیی ئابوری، باڵادەستی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە لە کاروباری باشور، مانەوەی مەترسیەکانی تیرۆریزم لە دەوروبەرمان، لاسەنگی هێز نێوان کورد و دەسەڵاتەکانی تر بە زەرەری کورد و لە هەموشیان گرنگتر کاڵبونی بەرچاوی متمانەی خەڵکی کوردستان بە پەرلەمان و حکومەت و فەرمانرەوایی، پرسیارەکە ئەوەیە پێویستمان بە چ جۆرە سیستەمێکی حوکمرانیە؟ ئەزمونەکانی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن لە ناوچەکەمان ساوان، بە تەنیشتیانەوە لە سایەی لاوازی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، هێزی دەسەڵاتی مێژو، حزب، کەسایەتیەکان، ئاین و بنەماڵە ناودارەکان رۆڵی زۆر کاریگەریان لە سەر پرۆسەکە هەیە. هەرچەندە تموحی سیستەمی دیموکراسی زۆر جوان و رەوایە، بەڵام ئەو ئەزمونانە سەلماندویانە بۆ ئەوەی نەبێت بە تموحێکی نەزۆک پێویستە لە کۆپیکردن و لاساییکردنەوە خۆمان دور رابگرین و بیر لە جۆرێک سیستەمی حوکمرانی بکرێتەوە کە بتوانێت هاوسەنگی نێوان پێکهاتە ناکۆک و رکابەر و ناحەزەکان بە یەکتر رابگرێت و کۆیان بکاتەوە تا سیستەمەکە هی هەموان بێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن. ئەزمونەکانی دیموکراسی تورکیا، چەند وڵاتێکی کەنداو، میسر، جەزائیر، لوبنان و تەنانەت ئەزمونی ئێرانیش سەلماندویانە کە بەرەو هەڵدێر دەرۆن و میللەتەکان باجەکەی دەدەن. کاتێک بە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی پرسی دیموکراسی ئاشنا دەبین: نوێنەرایەتیکردنی میللەت، هەڵبژاردنی ئازاد و پاک، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، یەکسانی سیاسی بۆ هەمو لایەک (دابینکردنی مافەکانی کەمینە)، بونی دەستور، ئازادی هاوڵاتیان پارێزراو بێت، بونی کاریگەریانەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد، دەتوانین نمونەی حوکمرانی و سیستەمەکەی لای خۆمان هەڵسەنگێنین. هەنگاو دراون بەڵام زۆرمان ماوە، چونکە هێشتا چەک و پارە و هاوکێشە سیاسیە ئاڵۆزەکان تەحەکوم بە ئێستا و ئایندەمان دەکەن. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٣ی ئەپریلی ٢٠١٩
عەدنان عوسمان - زۆرجار کە باس لە توراسی کاک نەوشیروان ئەکرێت، هەندێک ئەوە لەبیری خۆیان ئەبەنەوە کە نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی سیاسیی بو، قسەو رەفتار و کردارەکانی زادەی واقعێکی سیاسی دیاریکراون. بە گۆڕینی ئەو واقعانە، بیر و سیاسەت و تەکتیکی ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. - خۆ گەر ناچاربین باس لەو توراسە بکەین ئەبێ بزانین کۆکراوەی کرداری سیاسی ئەو، هەوڵدانە بۆ ئیتیفاق نەک دوبەرەکی و ئاڵۆزی. تەنانەت لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبونی گۆڕانیشدا، هەوڵدرا لەگەڵ لایەنەکانی تری دەرەوەی فەلەکی پارتی و یەکێتی هەماهەنگی و هاوکاری هەبێت و پێکەوە پرۆژەکان گەڵاڵە بکەین. دواتریش هەر لەسایەی رێبەرایەتی ئەو، رێکەوتنی هەمەلایەنە لەگەڵ یەکێتی و پارتی کرا. - ئەگەر ناچاریش بکرێین لە یەک دێڕدا باس لە شێوازی سیاسی نەوشیروان مستەفاو گۆڕانی سەردەمی ئەو بکەین ئەوە دەبێ بڵێین: ئۆپۆزسیۆن بونی ئازایانەو راشکاوانەو کورد گوتەنی تاسەرئێسقان، وەیا هاوپەیمانێتی راستگۆیانەو جدییانەو خەمخۆرانەو بێ هیچ دڵەراوکێ و سڵەمینەوەیەک. - قسەکردن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی هەرێم تەنها لە گۆڕانەوە دەست پێئەکات. پێشتریش تەنها کاک نەوشیروان لە ٢٠٠٥ نیگەرانیەکانی خۆی لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم خستە روو. تا ئەم ساتەوەختە، هیچ هۆکارێک نیە کە گۆڕان ناچار بکات پاشگەز بێتەوە لەو رەخنانەی خۆی. هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوەو سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی، نە لە پێگەکەی کەم ئەکاتەوەو نە بێنرخی ئەکات. بەپێچەوانەوە دەکرێ رۆڵێکی گرنگی هەبێت بەتایبەت لەنێوان بەغداو هەرێمدا. - کاک ئەرسەلان بایز ئەڵێ کە کاک نەوشێروان پێی وتم تەنها مەرجی ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکە لە نێو پەرلەماندا. لەوانەیە کەس بە قوڵی لەسەر ئەم ویستەی کاک نەوشیروان قسەی نەکردبێت. ئەبێ ئەو پێداگریە لەچیەوە هاتبێت؟ سەرباری قەناعەتی تەواوی کاک نەوشیروان بە سیستەمی پەرلەمانی و خۆی گوتەنی هاوتاکردنی ئێرە بەوەی بەغدا، بەڵام ئەو ئەیویست پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بخرێتە نێو ململانێ ودابەشکاریە سیاسیەکان، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە هیچ پۆستێک نەمێنێت بەشێک نەبێت لەرێکەوتنی لایەنەکان. - گۆڕان بزوتنەوەیەکی ئیسڵاحییە، کۆمپانیا نیە. گەورەترین کێشە کە روبەروی گۆڕان بێتەوە راوبۆچونی جیاواز نیە، بەڵکو زاڵبونی عەقڵییەتی بەکۆمپانیا تەماشاکردنی گۆڕانە. خەمی گۆڕان ریفۆرمە لە دەسەڵاتەکان و دژایەتیکردنی گەندەڵییە، ئیش دۆزینەوە نیە بۆ ئەم و ئەو. گۆڕان لە پێناوی هەڵوێست و پرەنسیپەکانی، پۆستەکانی کردە قوربانی، ئەبێ وریابین قەزیە سیاسیەکەمان نەکەینە قوربانیی پۆست. - گۆڕان نابێ لە میحوەری پارتی و ناشبێ لە میحوەری یەکێتی بێت. گۆڕان ئەبێ لە میحوەری خۆیدابێت و، لە کابینەی تازەو پەرلەمان، کار لەسەر ئەجینداو ئامانجی خۆی بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تردا. هەر حزبێک کە لەئەوی تری کرد: لە سیاسەت و پەیکەرەی حزبی و شێوازی بەرێوەبردن و رابەرایەتیدا، ئەوا ئیتر هۆکارەکانی بونی خۆی دەمرێنێت و هێڵەکانی جیاوازی کاڵئەکاتەوە تا ئاستی هاوتابون لەگەڵ ئەوی تردا، ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لە پێشیدا.
ئارێز عەبدوڵا ھەواڵی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی راگەیەندرا و بەو پێیەش یەکێتی بەشداری حکومەت دەکا. بێگومان لەم بارودۆخە رێککەوتن پێویستە، چونکە ھەلومەرجەکان ئەو رێککەوتنە دەخوازن. بەڵام ئایا بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەت دەبێتە مایەی چارەسەری تەواو، رێگەخۆشکردن بۆ چارەسەر یان ھەڵپەساردنی کێشە بنەڕەتیەکان؟ ئاشکرایە بەبێ یەکێتی ئاسان نییە حکومەت پێکبھێندرێ و بەشێوەیەکی ئاسای کاروبارەکان بەرێوەبچن، بەڵام خۆ ناکرێ بارودۆخی کوردستان ھەر بەو شێوە ناسەقامگیر و نا ئاساییە بمێنێتەوە. ئەگەر لەمڕۆ بەدواوە کاربکرێ بۆ جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانی، لەم خولەی پەرلەمانەدا پڕۆژەی دەستور ھەمواربکرێتەوە، بخرێتە ریفراندۆم لەلایەک و لە لایەکی دیکەش لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و نەھێشتنی سیمای دوو ئیدارەیی بەرنامەی کاربێ دیارە ئەم وڵاتە قۆناغێکی گەورە دەبڕێ و دەکرێ سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆماربکەین، بەڵام بەپێچەوانەوە کێشەکان لە ژێرەوە وەکو خۆیان و بگرە بەتەشەنەکراویش بمێنەوە و دوای سێ ساڵ و نیوی تر دەبێ ھەمان بالۆرە لێ بدەینەوە. ئەو کات لە جیاتی سەرکەوتن رێک کەوتن تۆماردەکەین. دەبێ لەبیرمان نەچێ رێککەوتن دوو مانای ھەیە یەکیان ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان یەکێتی و پارتی باسی لێوەکراوە یەکیشیان بە رێکی کەوتنە، کەوتنیش ھەر کەوتنە رێک بکەوێ یان نا رێک بکەوێ. ئەگەر ئەو رێککەوتنە ھەنگاوی تری بەدواوە نەبێ من لە ئێستاوە دەڵێم ئەوە نا رێک کەوتنە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش بێ.
مەریوان وریا قانیع - ئاراس فەتاح (١) یەکێک لە ئاکارە ھەرە سەرەکییەکانی ھەر کایەیەکی سیاسیی بریتییە لە جوڵە و جێگۆڕکێ و سەرلەنوێ ڕیزکردنەوەی پێگەکانی ناو کایەکه‌یە، بەجۆرێک کە دابەشکردنی دەسەڵات و پێگەی ھێزەکان و کارکردنی دەزگاکان و قورسایی بکەرە سیاسییەکان و جۆری پراکتیکە سیاسییەکان، فۆرمی تر و ناوەرۆکی تازە وەردەگرن. کایەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستانیشدا لەم جوڵە ناوەکەییە بەدەر نییە. لە چەند وتارێکی کورت‌دا ھەوڵدەدەین ھەندێک لەو گۆڕانکاریی و جێگۆڕکێی و سەرلەنوێ ڕیزکردنەوانە دەستنیشانبکەین کە لە ئێستادا ڕوودەدەن و پێویستیان بە قسەلەسەرکردن و ڕاڤەکردن ھەیە. دواھەمین ھەڵبژاردنی په‌رله‌مانی ھەرێم ھەندێک ڕاستیی تازەی ھێنایە پێشەوە، لە ھەموویان گرنگتر باوەڕنەمانی کۆمەڵگای ئێمەیە بەوەی کە ھەڵبژاردن بتوانێت شتێک لەو فۆرمی حوکمڕانییە بگۆڕێت کە بە چارەکە سەدەیەک قۆرخکاریی و پارچەپارچەکردن و توندوتیژیی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و به‌خێزانییكردن و تێکەڵکردنێکی ترسناک و ھەمەلایەنی سیاسەت و ئابوریی بەیەکتری، دروستکراوە. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا زیاد لە شه‌ست لە سەدی خەڵکانێک کە مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەشداریی ھەڵبژاردنیان نەکرد و پارتی و یەکێتیش بە یەکەوە، لەپاڵ تەزویرێکی ڕێکخراو و سیستماتیکدا، جگە لە بیست بۆ بیست و پێنج لە سەدی کۆی دەنگدەرانی ئەو کۆمەڵگایەیان نەبردوە. ئەو باوەڕەی کە ھەڵبژاردن میکانیزمێک نییە بۆ دەستکاریکردنی ئەو فۆرمە خراپە لە دەسەڵاتی سوڵتانیی لە ھەرێمدا، خەڵکی ئێمەی بەرەو ئەو بایکۆتکردنە برد کە بینیمان. ئەوەی ئێستا ھەیە و دروستدەکرێت دونیای دوای ئەو بایکۆتە گەورەیەیە، لەناویشیدا بەھێزکردنی پایەکانی ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵات کە هیچ پێگەیەکی جەماوەریی ڕاستەقینەی لەناو کۆمەڵگادا نەماوە و ھیچ پەتێکی متمانەش لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگادا نەماوەتەوە کە نەپچڕابێت. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا لە قۆناغی دوای بایکۆتکردنی ھەڵبژاردندا چ گۆڕانکارییەک دروستبووە و چیش بەڕێوەیە دروستببێت؟ با سەرەتا لە پەرلەمانەوە دەستپبکەین. پەرلەمانی کوردستان؟ بە پێچەوانەی ئەرک و ھێزی پەرلەمانەوە وەک دەزگایەکی مۆدێرن، پەرلەمانی کوردستان ھەرگیز گەمەکەری سیاسیی ژمارە یەکی ناو کایەی سیاسیی ئێمە نەبووە. پەرلەمانی کوردستان بە بەردەوامی تیمی چوارەم و پێنجەمی سیاسەتکردن و دەزگایەکی پەراوێزیی بووە کە ڕۆڵی دیکۆرێکی سیاسیی بینیوە. بەڵام لەدوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەم دەزگایە قورساییەکی سیاسیی و ڕەمزیی بۆ دروستبوو کە دەیتوانی لە پێگە پەراوێزییەکه‌ی خۆیەوە، کێشەی گەورە بۆ مۆدێلە حوکمڕانییە باڵادەستەکەی پارتی و یەکێتی دروستبکات. پەرلەمانی کوردستان بوو بە شوێنی پێکدادانی سیاسیی لە نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی حوکمڕانانی کوردستاندا. ئەم پێکدادانە گەرچی پێکدادانی ناو ڕووبەرێکی سیاسیی پەراوێزیی بوون و فشاری پێکدادانانەکانیش بۆسەر دەسەڵات، تەنھا فشارێکی رەمزیی و سایکۆلۆژیی بوو، بەڵام ھاوکات کێشەی گەورەی بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم دروستکرد. یەکەمجار بوو ”پەراوێز“ێک لە پەراوێزەکانی دەسەڵات بە ئاشکرا بەگژ ”سێنتەر“ی دەسەڵاتەکەدا بچێتەوە و بڕێکی زۆر لە خراپه‌و خهوشهكانی دەربخات و ھێماش بۆ فۆرمێکی تر لە سیسته‌می سیاسیی و مۆدێلێکی تری حکومڕانیکردن بکات ناکۆک بەوەی لە ھەرێمدا دروستکراوە. تا کار بەوە گەیشت مەسعود بارزانی، کە ھیچ مافێکی یاسایی و ئەخلاقیی نەمابوو وەک سەرۆکی ھەرێم بمێنێتەوە، دەرگای پەرلەمانەکەی داخست و بە دیار چاوی ھەمووانەوە پەکیخست. یەکەمین وانەیەک بکرێت لەو داخستن و ئاوتکردنەی پەرلەمانەوە بەدەستیبھێنین ئەوەیە کە سیستمە حوکمڕانییە باڵادەستەکەی ھەرێم بەڕادەیەک خێزانیی و شەخسیی و سوڵتانییە، بەڕادەیەک نایاسایی و نائەخلاقییە، تەنانەت گیر بەدەست ھەموو ئەو پەراوێزانەشەوە دەخوات کە لە بنەڕەتەوە بۆ به‌خشینی وێنەیەکی درۆزانە بە سیستمەکە دروستکراون، وێنەی سیستمێک کە گوایە دیموکراسییە، ھەڵبژاردنی ئازاد و پاکی تیادا ئەنجامدەدرێت و پەرلەمانێکی سەربەخۆ و بەھێزیش ئاراستەیدەکات. بە درێژایی قۆناغی دوای ڕاپەڕین ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبووە ئەم وێنە درۆزنانەیە بە ئەزموونە شەخسییە دەسەڵاتگەرە سوڵتانییەکەی ھەرێم ببەخشێت. پەرلەمان دیکۆرێکی سیاسیی بێت بۆ شاردنەوەی ڕووە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا. بۆیە لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا دۆخەکە دەگۆڕێت و پەرلەمان خۆی لە دۆخێکی تازەدا دەبینێتەوە کە لانیکەم ھەندێک لە بکەرەکانی کۆنترۆڵنەکراون و دەتوانێت لەو پێگە وێنەیی و پەراوێزییەی خۆشیەوە، کێشەی گەورە بۆ مۆدێلە سوڵتانییەکە دروستبکات. پەرلەمان لەو ساتەدا لەو ڕۆڵە دیکۆرییە لادەدات کە بۆی دەستنیشانکرابوو، بڕێك له وه‌زیفه‌كانی خۆی و په‌راوێزێكی گرنگ له‌سه‌ربه‌خۆیی ڕێژه‌یی به‌ده‌ستده‌ێنێته‌وه. بۆیە داخستنی په‌رله‌مان ته‌نها مانایەكی ره‌مزیی گه‌وره‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو مانا حه‌قیقییه‌كه‌ی ئه‌و ڕاستییه بوو كه هه‌موو سه‌ربه‌خۆییه‌كی ڕێژەیی ئەم دەزگایە، بۆ ھێزێکی وەک پارتی، مانای بوونی جوگرافیایه‌كی سیاسیی مه‌ترسییداره كه له‌گه‌ڵ ستراتیژ و خواسته مۆنۆپۆلخواز و سوڵتانییەکانی ئەودا نایەتەوە و دەبێت یان دابخرێت، یان بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. پەرلەمانی ئەم خولە تازەیە مۆدێلی دوای بەگەڕخستنی تاکتیکی داخستنی پەرلەمانە، واتە مۆدێلی پەرلەمانێکە کە دەبێت بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. پەرلەمانێک بەتاڵکراو لەو پێگە پەراوێزییە سەربەخۆیەی لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بۆی دروستبووبوو پەرلەمانی ئەمجارە پەرلەمانێکی تەواو کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراوە، ھێندەی لە لقێک لە لقەکانی پارتی دەچێت، ئەوەندە لە پەرلەمانی میللەتێک ناچێت کە ھێزی جیاواز لەناویدا بە دید و ڕوانین و بەرنامەی جیاوازەوە ئامادەبن. له داهاتووشدا هێنده‌ی ”باره‌گای بارزانی“ ئاراستەی سیاسیی و یاسایی په‌رله‌مان ده‌كات، ئه‌وه‌نده ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی حیزبه كۆن و نوێكان ئاراستەی ناكه‌ن. ئەرکی ژمارە یەک و ھەرەسەرەکیی ئەم پەرلەمانە تازه‌یە، پەرلەمانی دوای بایکۆت، بریتییه له چارەسەرکردنی کێشە ناوەکییەکانی ناو خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم و دۆزینەوەی پۆستی سیاسیی بۆ نەوەی دووھەمی خێزانە سوڵتانییەکان، لەپاڵ بەخشینی ڕەوایەتی یاسایی و سیاسیی بەو پۆستانە. پەرلەمانی ئەمجارە پەرلەمانی بەخشینی شەرعیەتە بە دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی نەوە سوڵتانییەکان لە نێوان خۆیاندا. پەرلەمانێکە سەرەتا دەیەوێت ململانێکانی ناو خێزانی بارزانیی، بە تایبەتی ململانێی نێوان دوو ئامۆزاکە و باوکیان، لەڕێگای چالاککردنەوەی دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە چاره‌سەربکات. چارەسەرێک كه دەخوازێت ده‌سه‌ڵاتی بنەماڵەی بارزانی ھەم لەڕێگای بەیاساییکردن و ھەم لەڕێگای بە دەزگاییکردنەوە بەئەبەدیی بکات. ئینجا دوای ئەوان پێگەی منداڵانی خێزانە سیاسییەكانی تری ناو ھەرێم بپارێزێت و بەھێز بکات. ئه‌م سیسته‌مه پیازئاسایه‌ی كه پارتی ده‌یه‌وێت دروستیبكات، مانای ئه‌وه‌یه پارتی ناوكی پیازەکە بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ بكات و توێژاڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌شی به‌پێی بڕ و توانای ملكه‌چیی سیاسیی، به منداڵانی خێزانه سیاسییه‌كانی تر ببەخشێت. به‌م ستراتیژه‌ش پارتی تەنها پێگه‌ی خۆی به‌هێز و جێگیر ناكات، به‌ڵكو وێنایه‌ك ده‌به‌خشێت به ده‌ره‌وه‌ی خۆی كه هه‌موو له ده‌وری ئه‌و كۆبوونه‌ته‌وه و بەبێ ئەو شتێک بەناوی سیاسەت و حوکمڕانییەوە لە کوردستاندا نامێنێت. لەم گەمەیەشدا پارتی خۆی وه‌ك ”میهره‌بانێكی سیاسیی“ نماییشده‌كات كه گوایە بۆ گۆڕان و یه‌كێتی له چه‌ند پۆستێكی خۆی خۆشده‌بێت، ته‌نها له‌به‌ر پاراستنی یه‌كڕیزیی سیاسیی وڵات و ڕێگاگرتن له مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر به‌رژەوەندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، لە کاتێکدا ئەوەی پارتی ئەنجامیدەدات داڕشتنەوەیەکی تازەی سیستمە سیاسییەکەیە بەپێی لۆژیکێکی سوڵتانیی ڕەھا و بێڕکابەر، کە جومگە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستمەکە لە دەستی خێزانی بارزانیدا دەھێڵێتەوە. ئەم داڕشتنەوە تازەیەش بەناو زیندوکردنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێگەکانی ناو پەرلەماندا تێدەپەڕێت. ئەم دۆخە تازەیە وادەکات پەرلەمانی ئەمڕۆ، پەرلەمانی قۆناغی دوای بایکۆت، ھەم خراپترین و ھەم ترسناکترین دەزگای ناو مۆدێلە حوکمڕانییەکەی ھەرێم بێت. پەرلەمانی ئەمجارە خەریکی چەسپاندن و بەیاسایی و بەدەزگایکردنی خواستە سوڵتانییە ترسناکەکانی بنەماڵە سیاسییەکانی ھەرێمە، ھەموو سیستمە سیاسییەکەشی کورتکردۆتەوە بۆ ئامرازی وەدیھێنانی خواست و ویست و تەماحی ئەو چەند خێزانە سیاسییە و منداڵەکانیان. ئه‌ركه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان زۆر ئاسان دەبێت، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه سیاسیییه‌كانی بۆ دواڕۆژی هه‌رێم و ئاساییشی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییمان ھێجگار قورس و گران ده‌كه‌وێته‌وه. وەک وتمان ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تیی و یه‌كه‌می په‌رله‌مانی داهاتوو بریتییه له به‌یعه‌ت بەخشین به سه‌رۆكێکی تازە بۆ ھەرێم بە بڕێکی زۆر گەورەوە لە دەسەڵات. ئەم بەیعەتدانەش وەیفەیەکی سیاسیی ئاسان و بێکێشەیە، چونکە سێنتەرە سەرەکییەکانی بەیعەتدانەکە لەناو پەرلەمان خۆیدا نین و لەدەرەوەی پەرلەماندا یارییە سیاسییەکانیان دەکەن. پارتی وەک براوەی ھەڵبژاردنێکی بایکۆتکراوی پڕتەزویر، له‌ڕێگای پەرلەمانه‌وه هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هەرێم دادەڕێژێتەوە و ھەم سەرۆکەکە لە خۆیان دادەنێت و هه‌م دووباره شه‌رعییه‌تیش به پێگه كه‌وتووه‌كه‌ی سەرۆکایەتی ھەرێم ده‌داته‌وه، ھەموو ئەمانەش له‌ڕێگای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و دووباره‌چالاككردنه‌وه‌ی ده‌زگای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمەوە. بە کورتییەکەی ئەوەی ئێستا دەیبینین گۆڕانی تەواوی پەرلەمانی کوردستانە، لە دەزگا پەراوێزییە نیمچە ئازادەکەی دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩، بۆ دەزگایەکی تەواو کۆنترۆڵ و ئاراستەکراو، کە ھەموو جوڵەکانی لەدەرەوەڕا ئاراستەدەکرێت. بەشداربوونی ھێزەکانی تریش لەم پەرلەماندا بەشداربوونە لە دەزگایەکدا کە نەک تەنھا لەڕووی ره‌مزیی و سیاسییه‌وه لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو شکاوە و بێ‌نرخ بووە، بەڵکو ڕۆڵێکی سیاسیی تەواو ترسناکیشی پێبەخشراوە. ئەم پەرلەمانە لە ساتەوەختێکدا ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان دەبەخشێت کە زۆرینەیەکی گەورەی ئەم کۆمەڵگایە بایکۆتی ھەڵبژاردنی کردەوە و قورسایی جەماوەری ھێزەکان لە نزمترین ئاستدایە.
نەبەز جەلال سیاسەتی چاڵ ھەڵکەندن و دووبارە خستنەوە سەر ڕێ و گرتنەوەبەری هەڵە تێپەڕیوەکانی سیاسییە سەپاوەکانی ڕابووردوو، لە پێناو لەیەکچوون و نەھێشتنی جیاوازییەکانی یەکتر و ناشرینکردنی بەرامبەر، جگە لەگەمەی خۆکوژی و دورخستنەوەو کۆتایهێنان، هیچ دەرئەنجامێکی تری ئەرێنی نوێ ناخاتە سەر ڕێژەی بەرزبونەوەی تێکۆشان و سەروەری هێزێک کە شکست لە دروستکردنەوەی قۆناغێکی تری شکستدا خەرج بکا بۆ بەرامبەر وەک نەیارێکی سیاسی. ململانێی سەختی خۆپەرستی و خۆفرۆشی " جاش " بوونی ڕابووردوو، چەندبارە بوونەوەیان لە مێژووی سیاسی کورددا، بە هۆکار و شێوازی جیاواز، بەڵگەی ئەو نەهامەتییە قورسەیە کە قاچی کورتی حیزب و ئاوەزی خێڵگەرایی کورد نەیتوانیوە لە داوی ببێتەوەو ڕۆژە ڕەشەکانی خۆی بە ڕۆژێکی گەشتر بسپێرێ.! سەرانی خۆپەرستی سیاسی ، ھەمیشە پرۆسەی بەخێوکردنی حیزب و ئەندامانی خۆیان کردۆتە ئامانج، چەمکی پەروەردەکردن و فێرکردنی نیشتیمانییان کووشتوە و شان و شەکەتی ئەو ماندوببون و بەخێوکردنەیان لەو پەندە کوردییەوە ئاڵاندوە کە دەڵێ دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە، بۆیە ئاوەزی گەشەکردن و پەروەردەکردنیان بۆ فێربوون نەهێشتووەو، تێرکردنی سکە برسییەکەیان کردووە بە ئاسودەیی و سەرکەوتنی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکە.! بێگومان دوای تێپەڕاندنی ئەو ھەموو خول و پێچانەی تێپەڕین ،بە ھەمان میتۆدی کۆنەوە، دەستبردنەوەی دووبارەی پرۆسە سیاسییەکە و گوڕی بەسیستماتیککردنی سیستمی سیاسی لە ئێستادا، جەگە لە خۆ دووبارە جیڕکردنەوەی سیاسی و ناچاربوونە بۆ خۆ دەربازکردن و خۆدزینەوە لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی چارەسەر بە بوێری باسەکە، کە بە دڵنیاییەوە هیچ جۆرە چەکەرەیەکی ئومێدمان بەو داری بەرییەدا بۆ هەڵناپێچی وەک دەرئەنجامێکی بەرجەستەی بە بەرھەم.! لەئێستادا بە شێوەیەکی زەقتر پەتای شەڕی دەستەو یەخەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کورسییەکانی دەسەڵات بۆ بژێوی دەردەکەون، ئەم ھەمە سەراپای کار و کاریزما کارتۆنەکانی حیزبیشی گرتۆتەوە، لەو کورسییەوە هەموو پێوەرەکان کەسی و ڕەوشتی و فیزیکیشان دەگۆڕدرێ، ئاسودەییان لەژێر شنە بای ئەو کورسییە گەرمەوە دەگات هەموو جێیەک بۆ خۆشبەختی.! بە هەمووان خەریکی لابردنی کورسییەکەی سەرۆکی بە ناو ھەرێمی کوردستان بووین، گەرچی بێتامیشی کردبوو، بەڵام کەسیشمان نەدی لەسەر کورسییەکەی خۆی بجمێ و نیەت خۆش بێ و بێ مەڵامەت و سەلامەت جێگەکەی چۆڵبکا گەر هەوڵی کورسییەکی گەرم تر لەوەی خۆی نەدابێ بۆ گیرفان.!؟ تەماح لەبوونی کورسی پۆستەکاندا، بۆتە دوا چانسی مانەوەو بەرگریکردن لە بژێووی سیاسی و دەستکەوتە کەسییەکان ،بۆیە تەواوی پرۆژە کەسییەکان سەری پرۆژە گشتییە سیاسی و نیشتیمانییەکانییان خواردووە، گەر سەری ئەو تەماحە کەسیانە نەخورێ و دانەمرکێتەوە، بەڵاکەشی دوور نەخەینەوە بە ھەموان، ئەوە بەدڵنیایی بێ مەڵامەت نابین و سەری میللەتەکەشمان بە کورسی یەکێک لەو خۆپەرستانەوە دەخورێ.
عەلی كەریمی دوای زیاتر لە شەش مانگ‌و پێكنەهاتن لەسەر حكومەتێكی هەرێمیی‌و لۆكاڵی لەناو دەوڵەتێكی وەك عێراق، دەمهەوێت چەند قسەیەك لەسەر ئەم بابەتە بكەم كە چەند رۆژێكە هەموو كۆمەڵانی خەڵك سەرقاڵ كردووە. مافیای دەسەڵات لە هەرێم، هەركات ویستیان بە جۆرەها حیلەی شەرعی‌و ناشەرعی، هێنانەپێشی خەڵكی ناشیا‌و و پڕكەرەوەی پۆستی سەرۆك‌و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، زۆر بەپەلە‌و بزۆزانە، خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەم‌و سێهەم‌و.. هتد لەماوەیەكی كورتدا دێننە كایەوە، بەبێ ئەوەی بیر لە بەرژ ەوەندی باڵای خەڵك‌و رازیبوون‌و ناڕازیبوونی لایەن‌و گروپەكانی دیكە بكەنەوە، بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكی هەرێمدا. وەرگرتنی ئەم پۆستە بەم حاڵە زەلیل‌و پاڕانەوە‌و بەبێ لایەكی گەورەی كوردستان، وەك سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان‌و قەڵادزێ‌و تەنانەت كەركوك، دەتوانێت چ ئەرزیش‌و بایەخێكی سیاسی‌و مەشروعییەتیی هەبێ. هیوادارم كەسایەتی وەك نێچیروان، كە گوایا تاقە كاندیدی ئەم پۆستەیە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، وە لایەكیشی لە بنەماڵەیەكی ناسراو و كۆنی وەكو (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا)یە، هەرگیز بەم هەموو سوكییەی كە تائێستا لەلایەن زۆربەی خەڵك‌و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆنی جاران‌و خودی شەخسی كاك نەوشیروان بەم پۆست‌و ئۆرگانەكراوە، رازی نەبێ‌و، قەبوڵی ئەوە نەكات بەم نرخە ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تەنیا بۆ رازیكردنی ژنبراكەی كە چاوەڕێیە بێسەبرانە بكرێتە سەرۆكی حكومەت‌و خەزوریشی بكرێتە مەرجەع بەناوی "بارەگای بارزانی". چەند مانگ پێش، دوای ئیعلانی نەتائیجی ئینتیخابات، بەئاشكرا ئەم سیناریۆیەم كە ئەمڕۆ شاهیدین‌و دەگوزەرێ، باسكرد، ئەوەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لە كردنەوەی پێشەنگای كتێب لە هەولێر گوتی، ئەم هەڵچونەم، رێك وەك هەڵچونەكەی سەردەمی ریفراندۆم هاتەپێش چاو، زیاتر لێم وەڕاست گەڕا، كە بەراست ئەم پیاوە زۆر سیاسی نییە‌و لەسەر ئینفیعال‌و هەستی دەمدەمی زۆرتر سیاسەت دەكات، تاوەكو مرۆڤێكی پڕ لە هەڵگری بەرپرسیارێتیی‌و كامڵ‌و سەرۆكی وڵاتێك، بۆیە حەقە بڵێین، بەڕاستی ئیتر بەسە‌و چیتر بەم لێدوان‌و ئیحساسات‌و تەحریك بوونە كاتییانە، تۆ نا‌توانیت سیاسەت بكەیت‌و چارەنوسی گەلێكی هەژار‌و بێدەرەتانی وەك كورد، لە دەستی نائەمینی وەك ئێوەدا بێت. حەقە بە گۆڕان بگوترێت، نەچێتە ژێر باری ئەو موئامەرە ناشەریفە‌و بیر لە دەنگدەرو داهاتووی زۆر زووی خۆی بكاتەوە، لە تۆڵەسەندنەوە‌و جەماوەری نیو میلیۆنی خۆیان بترسن، بێت‌و دەست لە سیاسەتی ئەمڕۆی خۆیان هەڵنەگرن! بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، دەكەونە بەر غەزەبی جەماوەری دڵسۆزی خۆیان، چیتر نەچنە ژێر باری فشاری چەند كەسێكی بەرژەوەندی تەڵەب، وە چاو لە كێكی دەسەڵات ببڕن، من بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، كاك نەوشیروان نەیگوت ئاوا تەسلیمی هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بەڵكو ئەو باسی لە پۆستی تەشریفاتی سەرۆكی هەرێم دەكرد‌و تەنانەت ئەم پۆستەی زۆر پێ زیاد‌و بە مەركەزی گەندەڵی دەزانی، بەڵگە بۆ ئەمە قسەكانی كاك نەوشیروانە دوای چونی سەرۆكی پەرلەمانی ئەوكات بۆ ماڵەكەی، كە لە دانیشتنێكی تایبەتدا بۆ هەڵسوڕاوانی باسكرد‌و جەخت كردەوە لەسەر تەشریفاتبوونی ئەو پۆستە.
پشكۆ حمەفەرەج قانونی هەڵپەساردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە نەخشەی ژمارە سێی پارتی بو لەبنەڕەتدا، بەڵام بەبەڵی كردن یان ڕاستر بڵێین بە ڕەدوكەوتنی هەندێ كەس‌و لایەنی لەخشتەبراو لەخۆڕاو لەپێناو بەرژەوەندی ژێربەژێر یان نەزانی‌و كاڵفامی سیاسی‌یان، ئەو نەخشەیەی پارتیان لەوە باشتر جێبەجێكرد كە پارتی دەیویست‌و دڵخوازی پارتی‌و ماڵباتی بارزانی بوو! نەخشەی ژمارە یەكی پارتی‌و هەر هێزێكی دیكەی سیاسی ئەوەیە بەتەنها بتوانێت پۆستە سیادی‌و گرنگەكان بۆخۆی مسۆگەر بكات لەڕێگەی بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان‌و بردنەوەی هەڵبژاردنەوە مافی دەسەڵاتدارێتی بۆخۆی بەدەست بێنێت، بەڵام پارتی بەخوێندنەوەی دۆخی پارتەكەیان لەناو خەڵكداو ئاستی ناڕەزایی خەڵك لەسیاسەتی چەند ساڵی رابردوی ئەوان لەم خەیاڵە دەستی هەڵگرت‌و نەخشەی ژمارە دوی هێنایەپێشەوەو زۆر پراگماتیانە بەدوای هاوپەیمانێكدا دەگەڕاو دەگەڕێ كە پارتی بێت بەناو و لۆگۆی جیاوازەوە! لەم سەردەمەشدا پارتی كە مام جەلالیان بەدەستەوە نەمابو، شارەو شار‌و بارەگا بە بارەگای یەكێتی تەژی بكات لەوێنەی كاندیدی بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، خۆیان لەبەردەم دەرگایەكی داخراودا بینیەوە بۆ چونە ژورەوە بۆ ناو بەشێكی زۆر لەخەڵكی ناڕازی لە سیاسەتی پارتی‌و خەونی بنەماڵەگەرایی ماڵی بارزانی، لەم دۆخەدا پارتییەكان لەوە دڵنیابون كە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ببەنەوە ناو خەڵك بەڕێژەیەكی زۆر لەئەگەری بونی كاندیدێكی بەهێزدا نەك كاندیدەكەیان بەدەنگی زۆر دەرنەئەچو، بەڵكو ئەگەری دۆڕاندنیشی ئەگەرێكی زۆر نزیك‌و واقیعی بو! ئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و رێژەی زۆر بایكۆت كە لەسەرو نیوەی خەڵكی كوردستان دژ بە شكستی حوكمڕانی هەرێم نەفرەتیان لەبەشداری هەڵبژاردن كرد، سەرئەنجام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و بایكۆت رادەی واقیعی بونی ترسەكەی پارتییەكانیان باشتر بەرجەستە كرد! نەخشەی ژمارە سێی پارتی مسۆگركردنی زۆرینەی پەرلەمانی بو، نیوە زائید یەك بە بەدەستهێنانی ٤٥ كورسی پارتی ١ كورسی سۆسیالیست ١١ كورسی كۆتاكان ئەو خەونەی پارتی بەدیهێنا كە لەڕێگەی زۆرینەی پارتی‌و دۆستە پلە یەكەكانییەوە لە پەرلەمان چیان بوێت ئەنجامی دەدەن‌و پێویستیان بەهێزی خاوەن نفوز‌و بەرژەوەندی‌و خواستی تاڕادەیەك جیاواز نەما وەك شەریكی راستەقینەو هاوپەیمانی حوكمڕانی قبوڵی بكەن، هەر ئەمەش بوو وای كرد پارتی بەئاشكرا كۆتایی سەردەمی پەنجا بەپەنجاو دابەشكردنی نیوە بەنیوەی حوكمڕانی هەرێمی ڕاگەیاندو بەدوای وردە شەریك‌و پاشكۆدا گەڕاو لە هەنگاوی یەكەمدا سەركەوتوبو! تاڕادەیەكی زۆر لەم چوارساڵەدا لەڕێگەی پەرلەمانەوە هەرچی بوێت دەیكات‌و لایەنەكانی دیكەش جگە لە تەماشاكەرێكی بێ رۆڵ، یان ڕەدوكەوتنێكی هەرزان بۆ سیاسەتە چەوتەكانی پارتی، شتێكیان لەدەست نایەت كە مرۆڤی ناڕازی بەو دۆخەی هەرێم دڵی پێی خۆشببێت! رەنگە هەندی فەریكە سیاسی دەرەوەی پارتی كە درۆ، كردونی بە سیاسی یان هەندی كەسی ناسیاسی كە بەزۆر خۆیان بەسیاسەتدا هەڵواسیوە، ئاوەزیان پێی نەشكێت یان لەژێرەوە خۆیان بەخەڵكی ترەوە گرێدابێت! بێن‌و ڕوقایمانە باسی سیستەمی پەرلەمانی بكەن‌و خۆیان سورو شێن بكەنەوە كە ئەوان سیستەمیان گۆڕیوەو سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرن، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، سیستەمی ئێستای هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوی هەرێم، پارتایەتییە بەئیمتیاز، نەك پەرلەمانیی! مرۆڤ نازانێت ئەوانەی باسی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن مەبەستیان چ جۆرە سیستەمێكی پەرلەمانییە، ئەكرێت ئەو پێڕە پاشكۆیەی سیاسەتەكانی پارتی یەك خاڵ یان یەك دەقی قانونی پیشانبدەن كە سەرۆك لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارەو لەئەگەری لادانی یان كەمتەرخەمیدا پەرلەمان مافی لێپێچینەوەو لادانی هەیە لە پۆستەكەی! رەنگە برادەران لەم وشەگەلە بتۆقن‌و بە كوفری بزانن وەها دەقێك بەرامبەر بە سەرۆكە پەرلەمانییەكەیان! مەترسییە هەر گەورەكە ئەو دەستورەیە كە پارتی بەدڵی خۆی پڕبەبەری ماڵی بارزانی ئەیدورێت، بێگومان ئەم كورتە نوسینە جێگای باسكردنی ئەو مەترسیە گەورانە نیە كە لەساڵانی داهاتودا روبەڕوی هەرێم‌و خەڵكە بەش مەینەتەكەی دەكرێتەوە، بێگومان ئێمەمانان لەبەرەی خەڵكی ناڕازیی هەرێمدا هەر ئەمێنینەوەو هەمو ئەو كەس‌و لایەنانە شەرمەزارو ریسوا ئەكەین كە بەرەی خەڵكی ناڕازی بەسودی دەسەڵاتی ستەمكارو شكستخواردو لاواز دەكەن! چوار ساڵی داهاتو ئەوەندە مێژویەكی دور نیە تا چاوەڕێ بكەین بۆئەوەی روی زەردی ئەم هەموو قازە سیاسییە دەربكەوێت كە بێشەرمانە نەرابردوی خۆیان بیرماوە نەئاوەزیان بەوەش دەشكێت پێشبیبنی سبەینێ بكەن! پەرلەمانێك توانای لێپرسینەوەی لەسەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی نەبێت بڵێیت بتوانێت لێپرسینەوە لەو سۆپەر سەرۆك هەرێمە بكات كە لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی ئەم سەرۆكە پەرلەمانییەدا دەرگای پەرلەمان داخراو سەرۆكی پەرلەمان‌و دەست‌و پێوەندەكەی وەك مەلی بێ لانە رەوانەی ئەو دیو سنوری دەسەڵاتی زەرد كرایەوەو تەنانەت سەرۆكی پەرلەمان لەكاتی دەركردنیدا لەهەولێر بەقەرزو قۆڵەی برادەرانی خۆی نوسینگە مردوەكەی بەڕێوەدەبرد! پەرلەمان لەسایەی دەسەڵاتی ئەو پێڕە سیاسییەدا بەجۆرێك ئەتك‌و سوك كرا ئەستەمە لەداهاتوی نزیكدا لەزیهنی خەڵكدا ئەم دا‌و دەزگا كارتۆنییە وێنە راستەقینەكەی بۆ دروست ببێتەوە! مرۆڤ توشی شۆك ئەبێت كاتێك هەندێ مرۆڤی هەرزە سیاسی‌و پۆپۆلیستی دەرەوەی پارتی ئەبینێت كە بەهاری تائەژنۆ هێناوەو باس لەسیستەمی پەرلەمانی دەكات لەسایەی عەقڵیەتی خۆسەپێنی خێڵ‌و دیوەخاندا! لەم كورتە نوسینەدا دورو نزیك بەلای هەڵوێستی لاواز‌و شەرمهێنەرانەی یەكێتیدا نەچوم، لەبەرئەوەی یەكێتی‌و پارتی پێكەوە دو دیوی ناشیرینی دراوی حوكمڕانی هەرێمن! رێك بكەون پێكەوە یان دژی یەك بن دواجار ئەوە دەكەن كە لەسودی كۆی گشتی خەڵكی كوردستان نیە! نەشەڕكردنیان دژی یەك، نەدەست لەملان‌و زەواجی سیاسیان، دورو نزیك پەیوەندی بەخزمەتی خەڵكی كوردستانەوە نیە! وەك چۆن ڕەنگ كردنی هێلكە بەڕەنگی جیاواز هیچ لە ڕاستی و ناوەڕۆكی هێلكەكە ناگۆڕێت‌و خەسڵەتە بنەڕەتیەكانی لەدەست نادات، ئەم قاوقیژو هات‌و هاوارەش بۆ سیستەمی پەرلەمانیی هەرێم هیچ لەو راستییە دورمان ناخاتەوە كە سیستەمی هەرێم پارتایەتییە نەك پەرلەمانیی!
دانا سه‌عید سۆفی هه‌ڵبژاردنی یه‌كسان ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه كه به هه‌لومه‌رجی یه‌كسان ئه‌نجام ده‌درێت، واته ركابه‌ران، چ ئه‌وانه‌ی كاندیدن یان ده‌نگده‌رن، هه‌لی یه‌كسانیان هه‌یه بۆ قۆناغه جیاوازه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. من لێره‌دا باس له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م یاسایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چوارچوه‌یه‌ك نیه بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسیانه، چونكه هه‌لی یه‌كسان نادات نه به ئه‌كتۆره سیاسییه‌كان نه به هاوڵاتییان. به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌م یاسایه‌ی ئێستا سه‌نگی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان نیشان نادات و گوزارشت له ئیراده‌ی سیاسی هاوڵاتیان ناكات به شێوه‌یه‌كی دروست. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان به شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه به‌رێوه‌بچێ و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان نیشانده‌ری ئیراده‌ی هاوڵاتیان بێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان قه‌یرانی سیاسی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنێ، پێویسته گۆڕانكاری له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێ. دیاره ئه‌مه له‌پاڵ پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و رێكاره‌كانی تری نه‌زاهه‌ت و شه‌فافیه‌ت له هه‌ڵبژاردندا. من لێره‌دا هه‌ندێ پێشنیار ده‌خه‌مه‌روو بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن. ١. په‌یڕه‌ویكردن له سیستمی فره‌بازنه‌یی. ئێستا هه‌رێمی كوردستان بریتییه له یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، واته هه‌ر كاندیدێك ده‌توانرێ له‌هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌نگی پێبدرێ، ئه‌مه واده‌كات به‌ده‌نگی ده‌نگده‌ری كه‌لار بتوانیت كاندیدێك له زاخۆ سه‌ربخه‌یت، ئه‌مه له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه ئه‌و كاندیده به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كه‌لار نه‌كات، له‌وانه‌یه هه‌ر نه‌شیبینیبێ. گرفتێكی دیكه‌ی یه‌كبازنه‌یی په‌یوه‌ندی به جیاوازی رێژه‌ی ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی ده‌نگده‌ر له كه‌لار دووبه‌قه‌د زاخۆ بێ ئه‌وا دوو هێنده‌ی زاخۆ، كه‌لار نوێنه‌ر سه‌رده‌خات، ئه‌مه له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ رێژه‌ی دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه ناگونجێ. ده‌بێ ئه‌مه‌ش بڵێیین كه فره‌بازنه‌یی كاریگه‌ری ته‌زویریش سنوردارده‌كات، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ته‌زویر له هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجام بدرێت، كاریگه‌ری بۆ دهۆك نابێ. پێشنیاره‌كه ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان بكرێت به فره‌بازه‌نه‌ی هه‌ڵبژاردن. بازنه‌كان هه‌رچه‌ند بچوكتر بن، دیموكراسیانه‌تر ده‌بێ، واته ئه‌گه‌ر ئیمكان بێ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی قه‌زاو ناحیه‌كان بن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ئیمكان نه‌بێ، ئه‌وا لانیكه‌م ده‌بێ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان بێ. ٢. پێداچوونه‌وه به سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان (كه‌مینه‌كان). ئێستا یازده كورسی له سه‌دو یازده كورسی په‌رله‌مانی بۆ پێكهاته‌كان دانراوه، دیاره دلفراوانییه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر له‌و سیستمی كۆتایه‌دا هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌رواردی رێژه‌ی پێكهاته‌كان بكه‌ین له هه‌رێم به رێژه‌ی ئه‌و یازده كورسییه له په‌رله‌مان. له ١٩٩٢ كورد ویستی به‌دنیای نیشانبدات كه، ئێمه به پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر‌و رژێمه‌كانی ناوچه‌كه، پارێزه‌ری مافی كه‌مینه‌كانین. دیاره ئه‌مه گوتارێكی خراپ نیه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان نه‌بۆته هۆی سه‌رخستنی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان، به‌لكو بوونه‌ته به‌شێك له ململانێی سیاسی نێوان حیزبه كوردییه باڵاده‌سه‌ته‌كان و به‌داخه‌وه ده‌سكه‌لای هه‌ندێ لایه‌ن. ئه‌م دۆخه وای كردووه كه به‌شداری سیاسی پێكهاته‌كان زۆر سنورداربێ، چونكه رێگه ته‌نیا به‌وانه‌ده‌درێ كه ئینتیمایان بۆ حیزبێكی كوردی باڵاده‌ست هه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر له رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پێكهاته‌كان بڕوانین له هه‌ڵبژاردنه جیاوازه‌كان، نرخی ئه‌و یازده كورسییه هه‌ندێ جار به نرخی یه‌ك كورسی ئاسایی به‌ده‌ستهاتووه، هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار نرخی یه‌ك كورسی پێكهاته‌كان ده‌وروبه‌ری ٢٠٠ ده‌نگ بووه، ئه‌مه له‌كاتێكدا كورسییه‌كی ئاسایی نرخه‌كه‌ی سه‌رووی ١٥ هه‌زار ده‌نگ بێ . ئه‌مه‌ش به‌هیچ پێوه‌رێك و لۆجیكێك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی یه‌كناگرێته‌وه. گرفتێكی دیكه‌ی ئه‌و سیستمی كۆتایه ئه‌وه‌یه كه نوێنه‌ری پێكهاته‌كان به‌ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد له‌و شوێنانه‌ی كه ئه‌سله‌ن ئه‌و پێكهاتانه‌ی لێناژێ ده‌رده‌چوێندرێن. ئه‌گه‌ر وا بڕوات له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كورسی پێكهاته‌كان ده‌بێته جێی كێبڕكێی نێوان حیزبه كوردییه‌كان، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی، بۆ ئیسغلالكردنی كورسییه‌كان له‌رێی ده‌نگده‌ری خۆیانه‌وه. پێشنیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه گۆڕانگاری له‌و سیستمه بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه مافی پێكهاته‌كان زامن بكات و له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی گونجاوبێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سێ رێگه‌چاره ده‌خه‌مه‌روو: یه‌كه‌م: ته‌نها پێكهاته‌كان خۆیان بتوانن ده‌نگ به‌خۆیان بده‌ن و بنكه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بتوانن نوێنه‌ره راسته‌قینه‌كانی خۆیان دیاری بكه‌ن. هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تیش كه بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان و كارمه‌ندانی هه‌ندێ فه‌رمانگه‌یه، نه‌توانرێ ده‌نگ بۆ پێكهاته‌كان بدرێ، چونكه له‌وێوه به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو ده‌توانرێ ده‌نگ بۆ كاندیدی پێكهاته‌كان كۆبكرێته‌وه به‌بێ بوونی هیچ متمانه‌و كارلێكێك له‌نێوانی ده‌نگده‌رو كاندید، واته ئه‌و ته‌زویره قانونییه ده‌بێ رێگه‌ی لێبگیردرێ. گرفتی ئه‌و پێشنیاره ئاماده‌كردنی تۆمارێكی تایبه‌ته بۆ پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌تی پێكهاته‌ی توركمان كه له ناسنامه‌یان نه‌ته‌وه نه‌نوسراوه، به‌ڵام ئیمكانی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش ده‌كرێ، له‌رێی ئماده‌كردنی تۆماری تایبه‌ت. دووه‌م: رێژه‌ی كورسی پێكهاته‌كان كه‌مبكرێته‌وه بۆ رێژه‌ی دانیشتوانی پێكهاته‌كان له هه‌رێم، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌رێم بكرێ به فره‌بازنه‌یی، ئه‌وكات پێكهاته‌كان ته‌نیا له‌و بازنانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ن، رێژه‌كه‌یان بۆ دیاری بكرێ. ئه‌وكات رێژه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی له‌گه‌ڵ رێژه‌ی دانیشتوان ده‌گونجێنرێت. سێیه‌م: كۆتای پێكهاته‌كان وه‌ك كۆتای ژنان له‌ناو لیسته‌كان دیاری بكرێ، بۆ نمونه ئێستا ٣٠ له‌سه‌دای كۆتای ژنان هه‌یه، ده‌كرێ ١٠ له‌سه‌دای كۆتا بۆ پێكهاته‌كان هه‌بێ، ئه‌و كات پێكهاته‌كان نوێنه‌رایه‌تیان له‌ناو زۆربه‌ی لیسته‌كان ده‌بێ، هیچ حیزبێكی كوردیش ناتوانێ به خۆڕایی كورسی كۆتای پێكهاته‌كان بۆخۆی قۆرخ بكا. هه‌روه‌ها له‌رووی دیموكراسیشه‌وه كورسییه‌كان یه‌ك نرخیان ده‌بێ و هیچ كورسییه‌ك به كه‌متر سه‌یری ناكرێت. ٣. دانانی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن. رێژه‌یه‌كی نزمی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن سوودی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستێكی به‌رز بێ ئه‌وا مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه هه‌ندێ گروپ بكه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی سیستمی نوێنه‌رایه‌تییه‌وه. ئێستا له هه‌رێم هیچ به‌ربه‌ستێكی هه‌ڵبژاتدن نیه، واته ئه‌و لایه‌نه‌ی كه یه‌ك له‌سه‌دای ده‌نگه‌كان بێنێ، ده‌توانی نوێنه‌رێك بۆ په‌رله‌مان سه‌ربخات. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و تاكه نوێنه‌ره كاریگه‌ری چی ده‌بێ له پرۆسه‌ی سیاسی و له‌نێو كاروباره‌كانی په‌رله‌مان لێژنه‌كانی. به‌پێی ئه‌زمون گرپی زۆر بچوكی په‌رله‌مان نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان نابێ، به‌ڵكو ده‌بنه مایه‌ی گرفتیش له‌رووی ئیداره‌دانی كاروباره‌كانی په‌رله‌مان و له‌رووی سیاسیشه‌وه له‌لایه‌ن هێزێكی گه‌وره‌وه قوت ده‌درێن. بوونی چه‌ند هێزێكی دیاریكراوی خاوه‌ن ئیراده‌و پێگه‌ی سیاسی له په‌رله‌مان پرۆسه‌ی سیاسی له‌رووی دانوستان و گفتوگۆ باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چێ. بۆیه بوونی به‌ربه‌ستێكی هه‌ڵبژاردن، ده‌بێته هۆی رێكخستنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ. پێشنیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌ربستێكی هه‌ڵبژاردن هه‌بێ له سێ له‌سه‌دا كه‌متر نه‌بێ و له پێنج له‌سه‌داش زیاتر نه‌بێ. ئه‌مه هانی هێزه بچوكه‌كان ده‌دات كه لێكنزیكببنه‌وه و هاوپه‌یمانی ببه‌ستن، له په‌رله‌مانیش ئه‌م هه‌موو ورده لیسته دروست نابێ كه‌ناتوانن خاوه‌ن ئیراده و كاریگه‌ری سیاسی بن. دواجار ده‌كرێ قسه له‌سه‌ر شێوازی لیسته‌كان و هه‌ژماركردنی كورسیه‌كانی ناو لیسته‌كان بكرێ، داخروا بێ یان وه‌ك ئێستا كراوه‌ی سنوردار بێ، كورسییه‌كان به ته‌سه‌لسولی ده‌نگی كاندیده‌كان یه‌كلابكرێته‌وه یان به‌ربه‌ستێكی هه‌ڵبژاردن هه‌بێ له‌ناو لیسته‌كانش، ئه‌مانه هه‌موویان قابیلی لێكۆڵینه‌وه‌و گفتوگۆ كردنن. به‌ڵام بۆ ئێستا به گۆڕینی سیستمی هه‌ڵبژاردن له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بۆ فره‌بازنه‌یی، پێداچوونه‌وه به كۆتای پێكهاته‌كان و دانانی به‌ربه‌ستێكی هه‌ڵبژاردن، له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئاینده ده‌توانین پرۆسه‌ی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی تر رێكبخه‌ینه‌وه كه دیموكراسیانه بێ و گوزارشت له ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی هاوڵاتیان بكات.