رێککەوتنی ناچاری (لەبارەی رێککەوتنی "هەسەدە" – "دیمەشق")

2019-10-14 13:38:52

 د.جەعفەر عەلی  
                                                                                                                                             

     لە ئێوارەی ١٣ی ئەم مانگەدا، دوای ٥ رۆژ لە لەشکرکێشی فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی هێزەکانی سوپای سوریای ئازادی سەر بە ئەردۆغان، بۆ سەر ناوچەکانی بندەستی هەسەدە. ئەم ئێوارەیە هەسەدە رایگەیاند لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئیدی ئەرکی سوپای دەوڵەتی سوریایە سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بپارێزێت، سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا، ئەو سنورانەی کە چەند رۆژێکە کەوتووەتە بەردەم شاڵاوی داگیرکاری هێزەکانی دەوڵەتی ئاکەپە و مورتەزیقەکانی.
     لە ئێستادا دیوە شاراوەکانی رێککەوتنەکە دیار نییە، نازانین بە تەواوی چۆنە و لەسەرچی رێککەوتوون، ئایا رێککەوتنێکی فرەلایەن و گشتگیرە، یان بە تەنها رێککەوتنێکی سەربازی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوە زیاتر رووندەبێتەوە، بەڵام روونە ئەم رێککەوتنە بە پلەی یەکەم بۆ هەسەدە "رێککەوتنی ناچارییە". 
     هەسەدە بە هۆی پشتگیری ئەمریکا بۆ دەوڵەتی تورکیا، گەورەترین و سەرەکیترین هاوپەیمانی خۆی لە دەستدابوو، هاوپەیمانێک کە بە بوونی چەند راوێژکارێک، یان بوونی چەند بنکەیەکی سەربازی بچووک، یان تیمێکی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا، دڵنیایی پاراستنی ناوچەکەی دەدا لە هەر پەلامارێكی دەرەکیدا. کاتێک ئەمریکا دەچێتە بەرەی دەوڵەتی تورکیاوە و گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان هەڵدەکات تا پەلامار بدات، ئیدی سادەترین شیکەرەوەی سیاسی و سەربازی دونیا دەتوانێ ئەو راستییە ببینێت، کە تۆ چەندیش جەنگاوەری ئازا و دڵسۆز و خۆڕاگر بیت، سەرەنجام نابەرامبەری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ناهاوسەنگی لە بوونی تەکنۆلۆژیای سەربازی مۆدێرن، دەتوانێ وا بکات لایەنی پەلاماردەر جەنگەکە بە قازانجی خۆی لە رووی سەربازییەوە بە کۆتا بێنێت. ئەم راستییە وایکرد، هەسەدە لەبەردەم گەورەیی پەلامارەکە و هەڵوێستی ئەمریکا، بیر لە "چارەسەری ناچاری" و "رێککەوتنی ناچاری"  بکاتەوە. چارەسەری ناچاری، واتە دۆزینەوەی هاوپەیمانێکی نوێ بە ناچاری، کە هێزی راگرتن، یان لانیکەم بچووککردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر ژیان و سامانی خەڵک لە ناوچەکەدا هەبێت، لێرەوە هەسەدە بە نێوەندگیری روسیا روو بە دیمەشق دەگاتە "رێککەوتنی ناچاری".
     هەسەدە دوو بژاردەی لەبەردەستدا بوو، بژاردەی سێیەم بوونی نەبوو. یان بەپشتبەستن بە هێز و ئیرادەی خۆیان، بەردەوام دەبن لە بەرگری و ئەنجامدانی دژەهێرش، واتە درێژەدان بۆ ماوەیەکی درێژتر بە شەڕێکی نابەرامبەر، کە ئەنجامەکەی لە رووی عەسکەرییەوە بۆ فەرماندەکانی هەسەدە و هەر چاودێرێکی سیاسی، وەک رۆژی روون دیاربوون، یان رووکردنە بەرەی دیمەشق-روسیا، واتە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی کۆنی تازەدا، "ئاڵتەرناتیڤی ناچاری"، چونکە دەبێ بزانین پێشتریش چەند مانگ بەر لە ئێستا کاتێک ئەمریکا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا دەکرد، قسەکردن لەبارەی رووکردنە ئەم ئاڵتەرناتیڤە ناچارییە بوونی هەبوو، بەڵام دڕدۆنگی و راڕایی ئەمریکا لە بارەی پرسی کشانەوەکەی و دواخستنی بۆ ئێستا، هەنگاوەکانی ئەم رووتێکردنەی سست و لاوازتر کرد. 
    هەسەدە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، بژاردەی دووەم، "بژاردەی ناچاری" هەڵبژارد، واتە بە ناچاری رووکردنە دیمەشق. ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنەش بریتییە لە ستراتیژی "پاراستنی ئەوەی دەتوانرێ بپارێزرێ، بپارێزرێت" باشترە لەوەی هەموو شتێک لە دەست بدەی. 
     مەزڵوم کۆبانێ یەکێک لە فەرماندەکانی هەسەدە ورد و لۆژیکی ئاماژەی بە دۆخەکە کرد و گوتی: "لە نێوان جینۆساید و سازشکردندا، ئێمە خەڵکەکەمان هەڵبژارد"، رستەیەک ئەگەر بە دیوە هیومانیستییەکەی سەیری بکەین، پڕیەتی لە ئینسانیەت و پەرۆشی بۆ ژیانی ئینسان، رستەیەک لەبەردەم بێ مۆڕاڵی دونیای گڵۆباڵ و بە بایەخگرتنی سەرمایە و پەیوەندی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارەدا، هەرچی زیاتر بێبەهاکردنی ئینسانمان لە نێو پرۆسەی ململانێ جیهانییەکە و بە یەکدادانی بەرژەوەندیەکاندا بۆ دەخاتە روو. ترەمپ روون و ئاشکرا، راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی شاڵاوی داگیرکارییەکەی تورکیا، گوتی: "ئێمە سەربازی زیاتر بۆ سعودیە دەنێرین، چونکە سعودیە پارەمان دەداتێ". واتە هۆکاری بنەڕەتی بڕیاری ئەمریکا بۆ پاشەکشەی سەربازی لە سوریا، هێندەی پەیوەندیدارە بەوەی، کە ئەوەی لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لە تورکیا دەستیان دەکەوێت لە سوریا دەستیان ناکەوێت، پەیوەندی بە بابەتێکی دیکەوە نییە. بڕیاری هەڵبژاردنەکەی هەسەدە چەندیش لە رووی سیاسییەوە ناچاری بێت، لە رووی ئینسانی و ژیاندۆستییەوە، بڕیارێکە تەواو لە جێگەی خۆێدایە. مرۆڤ نابێت لەو چرکەساتەی دەرفەتی رزگاربوون بە زەرەری کەمتری بۆ دەڕەخسێت، بە ناوی گوتاری حەماسی، هەڵچوونی هەرزەکارانە، بە ناوی ئازایەتی و خۆڕاگرییەوە، بە قاچەکانی خۆی رێگە بەرەو ناو زاری ئەو ئەژدیهایە ببڕێت، کە فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی ئەو دونیا بێ مۆڕاڵە لەبەردەم دەروازەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا لە رۆژئاوا وەک دڕندەیەکی تینوو بە خوێن نوێنەرایەتی دەکات.
     کورت و پوخت، بازنەکانی ململانێ و دابەشبوونی ناوچەکانی نفوز و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رۆژهەڵاتیش، تایبەت لە سوریا، هەمیشە هێزەکانی خستۆتە بەردەم بژاردە و بڕیاری تازەوە. بە گوێرەی ئەوەی ململانێکان بەردەوامن، بە یەکدادانی بەرژەوەندییەکان درێژەیان هەیە، هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری لە گۆڕاندان، زۆر ئاساییە کۆی ئەو ململانێ و بەریەککەوتنانە، هەسەدە بخاتە بەردەم بڕیار و بژاردەی نوێوە بە رووکردنە دیمەشقیشەوە. 
     ئێمە دەزانین و کوردانی رۆژئاواش لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر لەوە ئاگادارن، کە دەوڵەتی سوریای ئەسەد بە درێژایی مێژوو بۆ کورد جێگەی ئومێد نەبووە، وەکچۆن ئەمریکا و روسیا و کۆی وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و ئیسلامیش جێگەی ئومێد نەبوون، برینەکانی ناو مێژووی ئێمەش زەبر و جێ پەنجەی هەموویانی بەسەرەوەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، کە نە ئەسەد و نە کوردانی رۆژئاواش لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی، تەنانەت ئابووری، پێش ساڵی ٢٠١١دا ناژین. بۆیە کاتێک ناچاری دەتباتە سەر مێزی گفتوگۆ، دواتریش دەتگەیەنێت بە رێککەوتن، دوور نییە هەندێک دەرەنجامیشت هەر لە ژێر باری ناچاریدا بەسەردا بسەپێنێت، ئەگەر بەشێک لەو دەرەنجامانە وەک خواردنەوەی پیاڵەیەک لە ژەهریش وابێت، ئەم خواردنەوەی پیاڵەی ژەهرە، چەند بۆ هەسەدە تاڵە، هێندەش بۆ دیمەشق، لە کاتێکدا ئەگەر تەنها یەک خاڵی رێککەوتنەکە لە ئایندەدا بە قازانجی کورد و زەرەری تێزی روانینی کۆنی دیمەشق بۆ کورد، تەواو بێت. 
     با چاوەڕوان بین، بزانین ئەمجارەش چاوچنۆکی بێ سنوری سیاسەتی دەرەئەخلاقی جیهان بۆ پارە و راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکان، پرسیار لەسەر مرۆڤبوونی ئێمە و ئەوان، بەرەو کوێ دەبات.  
   
           
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand